Friday, June 1, 2018

KURD U MARTIN کورد و مارتین


Pirtuka  KURD  U  MARTÎN komelek lêkolîn u  nivîsarên atropologê Holendî Martîn van Birawnêsin [Bruinessen] e   kû Hesenê Qazî wergerandiye ser zimanê Kurdî u Ekedûmiya Kurdî li Hewlêrê di dawiya sala 2017an de  weşandîye.
Di beşek li pêşgotinê pirtûkê de Van Birawnêsin dinîvîse: “ Ji bo min şanazîyek mezine ku dibînim komelek ji wergerên Kurdî ya Hesenê Qazî li nivîsên min li Kurdistanê tên  weşandin. Ez mîna lêkolerek biyanî  her tim bi vatinî ya exlaqî  ya xwe hesbandîye  ku nivîsên min li ser ew xelkên ku li ser wan dinivîsim , bi wan zimanan ku ew dizanin bikewin destên wan. Ez li kûrahîya dilê xwe  pêzanîn u sipasiya xwe li hember Hesen Qazî didem ragehandin  ku ew derfet pêk hanîye xwêndewanan  li  Kurdistana Iraqê karên min nas bikin”.
KURD U MARTIN , KOMELEK LÊKOLÎN U WUTARÊN ANTROPOLOJÎ LI SER KURD U KURDISTAN, werger ji Englisîwe Hesen Qazî, Çapxana Zanîngeha Selahadin, Weşana Ekadêmiya Kurdî ,Hewlêr 2017, 400 rûper




 کورد و مارتین ، کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە و وتاری مەردمناسی هۆلەندی مارتین ڤان بڕاونێسن سەبارەت بە کورد و کوردستان، وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە حەسەن قازی، چاپخانەی زانکۆی سەلاحەدین، لە بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی هەولێر ٢٠١٧ ، ٤٠٠ لاپەڕە

سەرەتای نووسەر
 ئەمن نزیکەی چل ساڵە لە کۆمەڵ و مێژووی کوردەکان دەکۆڵمەوە  و بابەت دەنووسم ، و زیاتر لە بیست ساڵە  نووسینەکانی من بەردەوام لە دیالۆگ دا بووە لەگەڵ حەسەن قازی. یەکەم وەرگێڕانەکانی حەسەن لە نووسینەکانی من لەو گۆوارە کوردیانەی دا  وا لە ساڵانی ١٩٩٠ کان لە سوێد بڵاو دەبوونەوە چاپ کران و کارەکانی منی بە  کوردەکانی عێڕاق و ئێران لە تاراوگە چاکتر ناساند. حەسەن هەر وەها ئەمنی لە کاردانەوەی خوێنەرەوان لە ئاست نووسینەکانم ئاگادار دەکردەوە و وەک پردێکی پێوەندیی بوو لە نێوان من و  خوێنەرەوەکانمدا  و بە دەربرینی بۆچوون و پرسیار لێ داهێنانم درێژەی دەدا بە بەردەوامی ئەو دیالۆگە. دواتر حەسەن چاوپێکەوتنی شی لەگەڵ کردم بۆ ئەو بەرنامە تێلێڤیزیۆنی یانەی بەڕێوەی دەبرد و لە سەری بەردەوامە، پرسیارەکانی لە من زۆرجار بووەنەتە هۆی ئەوەی ئەمن بە شیکردنەوەکانمدا بێمەوە. حەسەن خۆی ئاگاداری باشی هەیە لە سەر مێژووی کوردەکان و لە بەشکردنی زانست و بۆچوونەکانی دا کەسێکی سەخی یە.
 بۆ من شانازییەکی گەورەیە ببینم کە کۆکراوەیەک لە وەرگێڕانە کوردییەکانی حەسەن لە کارەکانی من لە کوردستاندا بڵاو دەبێتەوە . وەکوو لێکۆلەرەوەیەکی بێگانە، ئەمن هەمیشە بە بەرعۆدەیی ئەخلاقیم زانیوە کارەکانم لە بەر دەست ئەو خەڵکەی دا بێ کە لە سەریان دەنووسم،بەو زمانانەی کە ئەوان لێیان تێ دەگەن.  ئەمن لە قووڵایی دڵەوە پێزانی خۆم لە ئاست حەسەن قازی دەردەبڕم بۆ ئەوەی ئەو هەلەی ڕەخساندووە خوێنەرەوان لە کوردستانی عێڕاق  لە گەڵ هێندێک لە  کارەکانی مندا ناسیاوی پەیدا بکەن.
  وا بزانم لە ساڵی ١٩٩٥ بوو ، لە کۆنفڕانسێکدا لە ستۆکهۆڵم بۆ ڕێز لێنان لە ئەحمەدی خانی کە ئەمن بۆ یەکەم جار لە نزیکەوە حەسەنم دی، بەڵام پێشتر ئێمە لە مێژ بوو بە نامە پێوەندیمان هەبوو، و ئەو دەبێ  هێندێک لە وەرگێڕانەکانی کارەکانمی بۆ نارد بم، چونکە باشم وەبیر دێ لەو کۆنفڕانسە دا بە بەشدارانم گوت کە وەرگێڕانەکانی حەسەن جارو بار باشترن لە دەقی ماکی کارەکانی من.
 ووتارەکەی من لە ستۆکهۆڵم لە ١٩٩٥،کە حەسەن هاوکات وەری دەگێڕا، و دواتر پێی داهاتمەوە و لەم کۆکرایەوەیە لە (بەندی ٧) دا بڵاو کراوەتەوە، مشتومڕێکی زۆری  ورووژاند. ئەمن دەوێدا دەڵێم هێندێک بەشی دیباچەی مەم و زین ی خانی  زۆر مۆدێڕن وەبەر گوێیان دەکەوێ ، بە تایبەتی لەوجێیەی دا کە دەڵێ:


           گەر دێ هەبوا مە پادیشاهەک (...)
           غالیب نەدەبوو ل سەر مە ئەڤ ڕۆم
           گەر دێ هەبوا مە ئیتیفاقەک
           ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەک
           ڕۆم و عەڕەب و عەجەم تەمامی

 ئەو قسانە وە قسەی ناسیۆنالیستێکی سەدەی بیستەم دەچن. و وا وێدەچێ خانی داوای دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کوردەکان بکا، ئەویش دوو سەد ساڵ بەر لە پەیدا بوون و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی مۆدێڕن. بۆ من دژوار بوو باوەر بکەم خانی بیری لە دەوڵەت نەتەوەیەکی مۆدێڕن  کردبێتەوە و دەمگوت ڕەنگە دواتر نووسەرێک ئەو قسانەی لە کارەکەی خانی ترینجاندبێ. بەڵام ئەو ووشانە لە کۆنترین نوسخەی دەستنووسی مەم و زینیش دا هەن، ئەو جۆرەی مارگارێت ڕۆدێنکۆ و دواتر تەحسین ئیبراهیم دۆسکی نیشانیان داوە.

جا ئەو پرسیارەی لە بەر من قوت بووەوە ئەوە بوو، ئێمە بە چ شێوەیەک و بە ووردی دەکرێ ئەوە لێک بدەینەوە کە مەبەستی خانی لەو ووشانە چییە. گەلۆ ئێمە دەبێ  لە ڕۆم ، عەڕەب و عەجەم وەک نەتەوە تێ بگەین یان وەک دەوڵەت؟ ئەمن پێم وایە مەبەستی ئەوەی دواییی بووە. ڕۆم ، واتە ئێمپراتۆری عوسمانی ، دەوڵەتێک بوو کە خەڵکێکی زۆری وەبەر دەگرت ، ئێران و هەرێمی عەڕەبیش هەر وا بوو. ئایا دە تەسەوری خانی دا فەرمانڕەوایی شایەکی کورد بە سەر دەوڵەت دا چۆن بوو؟  لە سەروبەندی خانی دا هەبوونی چ جۆرە فکری سیاسی دەلوا؟  گەلۆ ئەو بیری لە کەسێکی وەک سەلاحەدین ئەیووبی کردووەتەوە، کە کوردێک بوو بەڵام ئەڕتەش و سەربازەکانی تورک و کورد و عەڕەب بوون، و دەوڵەتەکەیان بە پێی زمان ناوزەد نەدەکرا بەڵکوو بە پێی ئیسلامی سوننی؟

 ئەمن  کاردانەوەیەکی زۆرم پێگەیشت سەبارەت بە وەرگێڕانی کوردیی ووتارەکەم لەمەڕ خانی.هێندێک لە خوێنەرەوان لەگەڵ ئەوە هاوڕا بوون کە ناسیۆنالیزم دیاردەیەکی تازەیە لە ناو کوردەکاندا و ئەوە هەڵەیە خانی  بە ناسیۆنالیستێکی  مۆدێڕن دابندرێ و ئاوا بخوێندرێتەوە؛ خەڵکی دی بەوە زۆر بریندار بوون و وایان دانا قسەکانی من هێرش بێ بۆسەر ڕەمزێکی سەرەکی  ناسێنە و مێژووی کورد. تەنانەت محەمەدی مەلا کەریم نامیلکەیەکیشی لە ووڵامی ئەو ووتارەی مندا نووسی ، و لە نووسینەکەیدا گوتی خانی کوردانی بە نەتەوە داناوە بە مانای مۆدێڕنی ئەو چەمکە. و وێدەچێ مشتومڕە و گەنگەشە سەبارەت بە مۆدێڕن بوون یان ئەزەلی بوونی ناسیونالیزمی کورد بەردەوام بێ. ئەگەر ووتارەکەی من یارمەتی ئەوەی دابێ کە خانی بە جیدی بخوێندرێتەوە وحەول بدرێ بۆ تێگەیشتن لە بیرە دینی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ، ئەوە ئەرکی خۆی بەجێ گەیاندووە.

لەکارەکانی مندا پرسیارگەلی لە مەڕ ناسێنە جێی سەرنجی ئیست کردن و لێوردبوونەوەی من بووە، هەر وەک لە چەندین بابەتی ناو ئەم کۆکراوەیە ڕا دەردەکەوێ. بە حەولدان بۆ تێگەیشتن لە پەیدا بوون و دەرکەوتنی ناسیونالیزم، ئەمن دەبوو سەرنج بدەمە سەر ئەو سەراوەرد یان سنوورانەی کە کوردەکان لە خەڵکی دیکە جوێ دەکەنەوە وەکوو تورکەکان، فارسەکان، عەڕەبەکان و ئەرمەنییەکان ، بەڵام هەر وەها ئەو لەمپەرانەش کە پێش بە کوردەکان دەگرن  بۆ ئەوەی ببن بە نەتەوەیەکی تاقانەی بێ ئەملاو وئەولا. عەشیرەتەکان  بەشێکی گرینگن لە کۆمەڵی کوردستان ، و زۆر کەس لەوانەیە ڕێک بن لەگەڵ ئەوەی کە عەشیرەتەکان بڕبڕە پشتی نەتەوەی کورد پێک دەهێنن. بەڵام  وەفاداری پتەو بە عەشیرەتێک لەوانەیە ڕێگە لە وەفاداری لە ئاست نەتەوەی کورد بگرێ؛ عەشیرەتە کوردەکان زۆرجار  پێوەندییان لەگەڵ هاوپەیمانە ناکوردەکانیان لە عەشیرەتە کوردە دراوسێیەکانیان باشتر بووە. جوگرافیا و زمان  ناسێنەی ئەوتۆ پێک دەهێنن کە لە نەتەوەی کورد پچووکترن. سۆران و بادینان لەکۆنەوە جووتێک بوون کە لە زمان و کولتوور دا لەیەک جیاوازن و نەریتی جیاوازی سیاسییان پێش خستووە. هەورامان و دەرسیم، سنجار و کورد داغ، حەکاری و دیاربەکر  گشتیان دیالێکت و مێژووی جوێ و تایبەتی لەمەر خۆیان هەیە و ئەوەش ناسینەی پتەوی داوە بە دانیشتووانیان.

 دین ڕەنگە زەقترین خەتی لێک جوێکەرەوەی هەرە  ئاشکرا بێ. کۆمەڵگەی عەلەوی و ئێزیدی لە بیرەوەری ناخۆش و دڵتەزینی سەرکوتکران بە دەست دراوسێ سونییەکانیان دا هاوبەشن. زۆر لە لاوانی عەلەوی و ئێزیدی لە ژێر تەئسیری  بزووتنەوەی کورد لە تورکییە و عێڕاق دا بوونە سیاسی و بڕیاریان دا لەمەڕ ناسێنەی یەکەمی خۆیان واتە کورد بوون، بەڵام نەبوونی باوەڕی لە نێوان ئەو کۆمەڵگەیانە و کوردە سونییەکانی کە لە ڕووی ئەژمارەوە زۆربەن هەر وا بەردەوام بووە. زۆر لە موسڵمانانی کۆنەپارێزی سوننی دەستیان لەوە گێڕاوەتەوە عەلەوییان و ئێزیدییان وەکوو برایانی یەکسان لە ناو هەمان نەتەوە دا بپەژرێنن. جا بۆیە سەیر نییە کە زۆر لە ئەندامانی ئەو کۆمەڵگەیانە ئەوەیان هەڵبژاردووە کە خۆیان نەک وەک کورد بەڵکوو وەکوو دیکە بناسێنن: وەکوو گەلێکی جیاوازی ئێزیدی ، ڕەنگە لە ئیتیلاف لە تەک کەمایەیەتی دیکەی دینی دا ، یان وەک گەلێکی دەرسیمی گەورەتر ، لە نموونەی عەلەوییەکاندا.

 لە ناو کوردە سونییەکاندا، دین و بەتایبەتی تەریقەتە سۆفییەکانی نەخشبەندی و قادری دەورێکی یەکگرانەیان پێک هێناوە. شێخەکانی نەهری ( بەندی پێنجی ئەم کتێبە) عەشیرەتەکانی هەرێمی حەکاری و تەنانەت دەرەوەی ئەوێشیان یەک خست.بنەماڵەی شێخ سەعید عەشیرەتە زازا زمانەکان و هێندێک لە عەشیرەتی کورمانجیان یەک خست لە هەرێمی نێوان ئەرزەڕۆم و دیاربەکر دا ( بەندی دووەم). بڵاوبوونەوەی ئەو تەریقەتانە زەمینەی بۆ سەرهەڵێنانی هەستی ناسیۆنالیستی خۆش کرد. بەڵام هەر وەها  ئەو قەڵشتەی قووڵتر کردەوە کە کوردە سونییەکان لە کورد عەلەوییەکان یان کوردە ئێزیدییەکان جوێ دەکاتەوە. هیچکام لە عەشیرەتە عەلەوییەکان داوایان لێ نەکرا لەگەڵ ڕاپەڕێنی شێخ سەعید بکەون. و کاتێک ئەڕتەشی تورک عەمەلیاتە توندو تیژەکانی خۆی بە دژی دەرسیم ئەنجام دا ، هیچکام لە عەشیرەتە سونییەکان بە دەنگ خەڵکی دەرسیمەوە نەهاتن و پشتیوانییان لێ نەکردن.
خەڵک چۆن خۆیان دەناسێنن و خۆیان بە چی دەزانن، کامەیەک لە ناسێنەکانیان زەق دەکەنەوە، و چ جۆرە سیاسەتێک هەڵدەبژێرن، گەلۆ ئەوان لە ئاست نەتەوەی کورد هەست بە بەرعۆدەییەک دەکەن یان نا، ئەوانە هەمووی بە دەم مێژووەوە گۆڕاوە و هەر لە ئاڵوگۆڕ دایە. زۆربەی ووتارەکانی ناو ئەم کتێبە لەمەڕ گۆڕانی ناسێنە و ئەو هۆکارانەیە کە شوێن لە سەر ناسێنە دەکەن. چین، گۆڕەری سەرەکی شیکردنەوەی مارکسیستی ، یەک لەو هۆکارانەیە. لە ڕووی مێژووییەوە بزووتنەوە نەتەوەییەکان بە ئاسایی بەدەست بورژوازیی نوێ باو ئەوەی کە پێی دەگوترێ ' چینە ناوەراستە نوێیەکان ': مامۆستای خوێندگایان، مووچەخۆران، پارێزەران و خوێندووی دیکەی زانکۆیان ڕێبەری کراون. بەڵام ئەندامانی ئەو چینانە زۆر جار بەرژەوەندییەکی پتەویان هەیە بۆ پاراستنی پێوەندیی خۆیان لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی تێیدا دەژین و چالاکییە ئابوورییەکانیان بەوان بەستراوەتەوە.  لە باکووری کوردستان ، بەشێکی زۆر لە چینی ناوەڕاستی شارنشین لەگەڵ پارتیی داد وگەشەپێدانی ئەردۆغان ڕێک کەوتن تا ئەو جێیەی کە پێیان وا بوو ئەو پارتییە دەتوانێ دەستەبەری ئاشتی و سەبات بێ. لە نێوان هەڵبژاردنەکانی یەک بە دوای یەکدا ، ئێمە شاهیدی گۆڕانێکی بەرچاویان لە وەفاداری سیاسی چینی ناوەڕاست دا، لە وەفاداری بە
ئاکەپەوە و بەرەو ( هادەپ ، بەدەپە و هەدەپە)ی لایەنگری کورد و بە پێچەوانە.

زۆر بە گشتیتر، دەوڵەتان – تورکییە، ئێران، عێڕاق، سوورییە، بەڵام هەر وەها دەوڵەتە ئیمپریالیستییەکان ڕووسییە و بریتانیا، هەر وەها دەوڵەتەکانی پێشووتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- شوێنێکی گەورەیان لە سەر ستروکتووری کوردستان و بۆچوونی خەڵک لە مەر خۆ –ناسینیان داناوە. لە ووتاری لەمەر عەشیرەتاندا ( بەندی ٦)، ئەمن حەولم داوە نیشان بدەم کە چۆن ڕێکخستنی ناوخۆیی و دەستەڵاتی ئابووری عەشیرەتەکان تا ڕادەیەکی زۆر بە ڕێگەی تەعامول لەگەڵ دەوڵەتە دراوسێیەکانیانەوە شکلی بەخۆیەوە گرتووە. بە شێوەیەکی زۆر بێ بەزەییانەتر ، سێاسەتە زاڵمانەکانی دەوڵەتەکان – هەر وەک لە نموونەی دەرسیم و ڕاپەڕینی شێخ سەعید دا دەیبینین (بەندەکانی ١ و ٢ ) – تا ڕادەیەکی زۆر ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی کۆمەلی کوردییان گۆڕی بەڵام هەر وەها شوێنیان لە سەر ئەوەش کرد کە کوردەکان چۆن وەک نەتەوەیەک بیر لە خۆیان بکەنەوە.

ئەو سیاسەتانە بریتی بوون لە دامەزراندنی عەشیرەتی کۆچەر، دروست کردنی خوێندنگە، پۆستی پۆلیس (کاراکۆل)، تا دەگاتە جوێ کردنەوەی بنەماڵەی ئاغاوەت لە عەشیرەتەکانیان و پاتراو کردنیان، نەفی بەلەد کردنی گشت عەشیرەتان، سووتاندن و وێران کردنی لادێیان و ، لە دەرسیم جێنۆساید. هەر وەها لە هێندێک سەروبەند دا سیاسەتی دۆستانەتر بەڕێوەچووە. بۆ ماوەیەکی کورت ، حکوومەتی ئاکەپە لە تورکییە بە ڕواڵەت زۆر حەولی جیدی دا بۆ دیالۆگ لەگەڵ کوردەکان و هەروەها عەلەوییەکان، و بەڵێنی دا ناسێنەی تایبەتییان بە ڕەسمی بناسێ (بەندی ١٣).

لە هێندێک هەرێماندا، کوردەکان بە چەندین سەدان بە تەنیشت گەلانی دیکەوە ژیاون. لە هەرێمی وەک کەرکووک، مەلەتی و مێردین ، چ دەستەیەکی زاڵی ئاشکرا بەرچاو ناکەوێ بەڵکوو چەندین کولتووری بەهێز هەنە و شانبەشانی یەکتری دەژین؛ دیارە کێشە لە ناو دەستە جیرانەکاندا هەبووە بەڵام زۆر جار ئەوان بە شێوەی جۆر بەجۆر لەگەڵ یەکتری هاتوونە ڕەدایێ. دوایین بەند (بەندی ١٤) لە نموونەی تایبەتی توور عابدین دەڕوانێ، بەشێک لە ویلایەتی مێردین، کە ئێمە لەوێ سێ دین و سێ یان چوار زمان دەبینین کە لە نزیکەوە بە تەنیشت یەکترییەوەن. کوردەکان، سوریانییەکان و عەڕەبەکان، موسوڵمانەکان، ئێزیدییەکان و مەسیحییەکان  کە لەتەک یەکتری دا ژنوشوویی ناکەن، کە ئەوە لە یەکدیان جوێ دەکاتەوە، بەڵام ئەوان یەکتری وەک کریڤ (کرڤە، کریف) دەپەژرێنن، پێوەندیی دۆستایەتی و یەکتر پاراستن دادەمەزرێنن لە ناو سنوورە ئێتنیکییەکاندا. و فەرهەنگەکانیان بە قووڵی شوێنیان لەسەر یەکتری داناوە. ئەوەش ڕەهەندێکی کۆمەڵی کوردی نیشان دەدا کە لەو دواییانە دا زۆر مرخی منی بۆ سەر خۆی ڕاکێشاوە: کوردستان کۆمەڵێکی فرە کولتوورییە، کە تێیدا جگە لە کوردەکان زۆر خەڵکی دیکەشی لێێە و یارمەتی گرینگیان کردووە.
سێ بەندی ئەم کتێبە ( ٩ ، ١٠ و ١١) ڕاستەو ڕاست لە مەڕ مێژوو و کۆمەڵی کورد نییە بەڵکوو سەبارەت بە لێکۆڵینەوە لەم بابەتانەیە. هەڵبەت کۆمەڵناسی تورک ئیسماعیل بەشیکچی پێویست ناکا بناسێندرێ، چونکوو ئەو لە ناو کوردەکان دا بە تەواوی ناسراوە. ووتاری ( بەندی ٩) تابڵۆیەک لە بەرەوپێشچوونی ڕووناکبیری وی ، کورتەیەکی گشتی کارەکانی، ئەو بەستێنە سیاسییەی تورکییە کە ئەو کاری تێدا کردووە، و ئەو زوڵم و زۆرە گەورەیەی کە هەر لە بەر نووسینەکانی لێی کراوە، باس دەکا. دوو بەندەکەی دیکە هەڤپەیڤینن لەگەڵ من  سەبارەت بە ئەزموونەکانم لەمەڕ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە کوردان و ئەو دەرسانەی لێیانەوە فێر بووم لە ماوەی ساڵانی درێژی تێکەڵاویم لەگەڵ کوردەکاندا. هەڤپەیڤینەکەی بەندی ١٠ لە لایەن حەسەن قازی را لەگەڵ من کراوە و خۆی نیشانەیەکە لەوەی کە چۆن پرسیارەکانی بوونە هۆی ووروژاندنی کاردانەوەکانی من.

ئەمن هیوادارم خوێنەرەوەی ئەم کتێبە هەر هەمان چێژ و خۆشی لێ وەربگرێ کە من لە لێکۆلێنەوەکانم و نووسینی ئەم ووتارانە وەرم گرتوون.

مارتین ڤان بڕاونێسن
زانکۆی ئوترێخت
١٣-ی ئۆکتۆبری  ٢٠١٧

No comments: