Thursday, October 3, 2024

Rawêj, Thursday 3 October 2024 at 20:00 hours CET

بەشێک لە قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە سەر قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست


بەشێک لە قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە سەر قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوتووێژ لەگەڵ دوکتور لەیلا مروەتی لە ڕادیۆ دیالۆگ، چوارشەمە ٢-ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤

...ئەمن فکر دەکەم ئێمەی کورد نابێ هێندە هیوا و هومێدمان بە نەزمی تازەی ئیسراییلی هەبێ. یەکەم، کەسانێکی کە ئێستا لە ئیسراییل حکوومەت دەکەن ئامانجی ئەوان دە ڕاستیدا ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێرانێ تەخت بکرێ. شتێک وەکوو ئەوەی کە هیچ هێزی نەمێنێ. وەکوو دووپاتەبوونەوەی ئەو وەزعەیە کە لە عێڕاقێ سازیان کرد پاش شەڕی کەنداوی. دەوڵەتی عێڕاقێ زۆر بێ هێز بوو بەڵام لە سەر کار ماوە. ئامانجی نەتەنیاهوو و تیمی نەتەنهاتوو دامەزرانی دێمۆکڕاسی لە ئێرانێ نییە و ئەو پەیامەشی دا بۆ کوردان و بەلووچ و عەڕەب و لوڕ و تورکەمەن و ئەوانە، بۆ خۆی زۆر گرینگە، بۆ خۆی ڕووی قسەی لە دەوڵەتی فارس بوو. هێندێک دەڵێن باشە ئەگەر بێتوو وەک زەمانی سەدامی لێ بێ چون هەریمێک لە کوردستانی دادەمەزرێ. ئەمن فکر دەکەم لە بارودۆخی ستراتێژیکی ئێرانێ دا و گرینگیی ستراتێژیکی کە ئێران هەیەتی بۆ ڕۆژئاوا ئیحتیمالێکی ئاوا زۆر زەعیفە، ناڵێم غەیری مومکینە بەڵام لاوازە. لە لایەکی دیکەشەوە ئەوەش بڵێم ئەو حەڕەکاتەی کە ئێستا دەوڵەتی ئیسرائیلی کردوویەتی بەرەو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێ ئەوە حاڵەتێکی تایبەتی هەیە. ئەوان گەڕانەوەی سیستمی پادشاییان لە ئێرانێ دەوێ و ئەوەش بڵێم ئەو سیستمی پادشاییەی کە بەر ئەساسی ئەوەی لە قسەکانی وتەبێژەکانی سیستمی سەلتەنەتی گوێمان لێ دەبێ هێندە بۆ کوردان و بۆ نەتەوەکانی غەیری فارس مزگێنی ئایەندەیەکی خۆش و باش نادا بە ئێمە. جا من فکردەکەم هێزە کوردییەکان نابێ لە بڕیاردان دا ئێستا پەلە بکەن. بە نەزەری من هەڵوێست دەربڕین لە سەر ئەو قەیرانەی کە داهاتووی مەعلووم نییە لە هەلومەرجی ئێستا دا کارێکی عاقڵانە نییە.

پرسیار: یانی کورد نابێ هیچ مەوزعێک بگرێ.

وەلی: نا نا، ئەلئان چەندین جوور موحاسەبە  دەبێ بکرێ. چەندین جوور موعادەلات بۆ حەڕەتەکە دابمەزرێندرێ. بزانین ئاکامەکەی کە دێتە پێشێ لەکام یەک لەو موحاسەباتەی نزیک دەبێ.ئەمن باوەڕم بە وەی نییە کە ئامانجی ئیسراییلی ئەوە بێ ڕێژیمی لە ئێرانێ بڕووخێنێ و بڵێ فەرموون ئەوە ئازادی، ئیسراییل هەدەفی ئێرانێکە کە بێ هێزە. ئێرانێکە کە ناتوانێ لە دەرەوەی خۆی ئیقدامات بکا. لە بیرتان بێ کە لە ساڵی ١٣٩١- ١٣٩٢ ش کە وەختێکی سەدام تەسلیم بوو ئەمریکا گەمارۆی لە سەر هێزی هەوایی عێڕاقێ دانا، هێزی هەوایی کە باڵی سابیتیان هەبوو هەمووی گەمارۆی لە سەر داندرا ئەوەی کە ئازاد ماوە لە دەست سەدامی دا ئەو هێزی هەواییەی بوو کە باڵی سابیتیان نەبوو. یانی فیکسد وینگ نەبوون. ئەوە تەئسیرێکی زۆر گەورەی هەبوو لە گەڕانەوەی سەدامی دا بۆ کوردستانێ. ئێمە دەبێ دیقەتێ بکەین دەوەی دا و هەموو شتێک موحاسەبە بکەین. ئیسراییل بۆ ئەوەی کە بتوانێ هێزێمۆنی نیزامی خۆی تەرجومە بکاتەوە بە هێژێمۆنی سیاسی دەستی ئاواڵە نییە. ئەوە ١٩٨٢ نییە کە ئیسراییل چووە لوبنانێ، سازمانی فەتحی دەرکرد، سازمانی فەتح مەجبوور بوو بچێتە تونێسێ، لە توونێسێ ماوە، لەوێ مەجبوور بوو چەک دابنێ، مەجبوور بوو ئیسراییلی بە ڕەسمیەت بناسێ، مەجبوور بوو بێتە ناو موزاکەراتی ئاشتی و لەو موزاکەراتی ئاشتییەش دا چی بە دەست نەهێنا.

ئەلئانەکە پاش وی ئەو حکوومەتانەی کە لە ئیسراییلی هاتوونە سەر کار بە شێوەیەکی زۆر سیستماتیک بەرەو ئەوە ڕۆیشتوون کە خودی پڕۆژەی دوو دەوڵەتی لە بەین بەرن. یانی تەواوی بنەمای ئەوەی فەلەستین سوڵحی لەگەڵ کردبوون لە بەینیان برد. ئەوە یەکێک لە ڕیشەکانی ئەم قەیرانەی ئێستایە. ئیسراییل وەکوو ساڵی ١٩٨٢ دە تەرجومانی هێژێمۆنی نیزامی و ئەمنییەتی خۆی بە هێژێمۆنی سیاسی خۆی دەستی بەو شێوەیەی ئاواڵە نییە و لەو بابەتەوە ئەمن فکر دەکەم  ئەو بابەتە درێژخایەنتر دەبێ، بەردەوام دەبێ و ئەوەی کە دەوری کلیلی دەبێ ئەو بڕیاریە کە ئێستا کابینەی ئیسراییل دەیەوێ بیدا بۆ ئەوەی کە چ سیاسەتێک دەربارەی ئێرانێ دا وەپێش بگرێ و چ جوورە عەمەلێکی تۆڵەئەستێنانە لە هەمبەر ئێرانێ دا بکا. چون ئەوە ئەگەر حیساب شودە موناسیب لەگەڵ عەمەلەکەی ئێرانێ بێ بەو مەعنایەیە کە ئەو قەیرانە دەو چوارچێوەیەی دا کە ئەلئان هەیە دەمێنێ. ئەگەر ئەوە جوورێک بێ کە واقعەن ئێرانی لە ڕووی ئابوورییەوە نابوود بکا بەومەعنایەیە کە ئەو قەیرانە دەچێتە قۆناغێکی سەرتر. ئەو دەمی ئێران مەجبوور دەبێ عەمەلیاتی نیزامی توندتر بکا بەڵام لە درێژخایەن دا ئێران ناتوانێ لە نەزەری نیزامییەوە حەریفی ئیسراییل بێ. ستراتێژی ئێرانێ لە هەمبەر ستراتێژی ئیسراییلێ کە ئامانجی ئەوە بوو کە ئیرانێ ئیزۆلە بکا و ئەو باسکانەی، ئەو هێزە پڕۆکسییەکان لە ناو بەرێ لە هەمبەر ئەوە دا ستڕاتێژی ئێرانێ ئەوەیە کە نەهێڵێ ئەو هێژێمۆنی نیزامی ئەمنییەتی ئیسراییلی ببێ بە هێژێمۆنی سیاسی لە مەنتەقە دا چون دەزانێ کە دەوڵەتە عەڕەبییەکان بە هیچجوور پێشی ئەوە ناگرن. ئەوان حازر دەبن لەگەڵ ئیسراییل سوڵح بکەن و حازر دەبن لەگەڵ ئیسراییلێ بڕۆن و هەم ئاهەنگ بن لەگەڵی و ئەو نەزمە بەرقەرار بێ. ئەمن زۆر زۆر تەردیدم هەیە نەزمێکی کە ئیسراییل باسی دەکا نەزمێکی دێمۆکڕاتیک بێ. چون ئیسراییل لە هەموو مەنتەقە دا بۆ ئەوەی هێژێمۆنی سیاسی خۆی بپارێزێ دەبێ دەگەڵ دەوڵەتە زیدی دێمۆکڕاتیک و غەیرە دێمۆکڕاتیکەکانی عەڕەبی بسازێ و ئەوانە تەقوییەت بکا. بۆ ئەوەی کە هێژێمۆنی خۆی ڕاگرێ ئێران لە وەزعێکی وا دا ڕابگرێ کە نموونەکەی وەک سەدامی پاش شەڕی ئەوەڵی خەلیجێ بێ. جا بۆیە ئەمن لەو باوەڕە دام هێزە کوردییەکان مەعقوول ئەوەیە لە نەزەر منەوە، ئەوان شایەد بلێن ئەمن هەمیشە قسەی بێ مەعنا دەکەم، بەڵام ئەمن فکر دەکەم وا چاکە هەموو بژاردەکانیان ئاواڵە ڕابگرن بزانن ئاکامی ئەو وەزعە چی لێ دێ. تازە ئەو ئاکامەش ، ئاکامێکی درێژخایەن نابێ، دەبێ ئەوەمان لەبەر چاو بێ کە ئاکامی درێژ خایەن چییە، ئاکامی دەستبەجێ چییە بەڵام ئەوەی کە بێ ئەوەی تەعەقولێکی سیاسی بکەن بێن بەیانییە بدەن و هەڵوێستی خۆیان لە سەر سیاسەتێکی کۆنکرێت کە هەتا ئێستا ئاکامەکەی مەعلووم نییە دەرببڕن بە نەزەری من کارێکی دروست نییە....

Tuesday, October 1, 2024

ژیاننامە نووسی ژنانی کورد.هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتورهاشم ئەحمەد زادە، پێنجشەمە ١٦-ی مەی ٢٠٢٤


هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور هاشم ئەحمەد زادە سەبارەت بە ژیاننامە نووسی، بیرەوەری نووسی ژنانی کورد. ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ پێنجشەمە ١٦-ی مەی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی ڕاستەوڕاست لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە.
حەسەن قازی: بینەرانی خۆشەویست بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەکی دیکەی ڕاوێژ، لە بەرنامە ئەمجارەمان دا میواندای دەکەین لە بەڕێز، زۆر خۆشەویست دوکتور هاشم ئەحمەدزادە کە زۆر جار لە بەرنامەی ڕاوێژ دا بەشداری کردووە، دوایین جار لە مانگی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٢١ بوو لەو بەرنامەیە دا باسی ئەدەبییاتی سەردەمی کۆماری کوردستانمان کرد، زۆر خۆشحاڵین بەڕێزیان جارێکی دیکە لەم بەرنامەیە دا بەشدارییان کردووە. بەڕێز ئەحمەد زادە مامۆستای زانکۆ و هەر وەها لێکۆلەرەوە و ڕەخنەگری ئەدەبی یە و لەو ساڵانەی دوایدا زۆر نووسراوە و کتێبی هەیە لەو بارەیەوە. لەم بەرنامەیەی ئەم جارە دا حەول دەدەین سەبارەت بە مژاری بیرەوەری نووسی و ژیاننامەنووسی لەلایەن ژنانی کوردەوە هێندێک بدوێین. دەزانین بەخۆشییەوە لەو ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی زۆر لە ژنانی کورد بە زمانی جۆر بەجۆر بەزمانی ئینگلیسی و بە تایبەتیش بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بە زمانی کوردی شەرحی ژیانی خۆیان نووسیوە کە دیارە هەموویان لە خەباتی سیاسی دا بەشدار بوون. زۆر زۆر بەخێر بێی بەڕێز ئەحمەدزادە.
دوکتورهاشم ئەحمەدزادە: زۆر سپاس کاک حەسەن سپاس بۆ میوانداریتان و بە هیوای ئەوەی کە باسێکی تێروتەسەل لەسەر ئەو مژارەی باستان کرد پێشکەشی بینەران بکەین .
قازی: لە بەرنامەی ئەمشەو دا زیاتر لە سەر ئەم دوو کتێبەی لێرەن ڕاوەستین، یەکیان " مانای ژیانم" [کتێبەکان نیشانی بینەران دەدا.ح.ق] ئی نەمر کۆبڕا عەزیمی و ئەویدەکەشیان ئی بەڕێز مەلەکە مستەفا سوڵتانی کە بەداخەوە تا ئێستا دەرفەت نەبووە بیخوێنمەوە، کە بەخۆشییەوە بەڕێز مستەفا سوڵتانی زیندووە. بەڵام پێش ئەوە پێم خۆش بوو بەگشتی هێندێک باسی جیاوازی نێوان ژانری ژیاننامەنووسی و بیرەوەری نووسی بکەی.
ئەحمەدزادە: بەشێوەیەکی زۆر گشتی هەر لە زەمانی زۆر کۆنەوە ژانرێک هەبووە کە دەکرێ مرۆ باسی بکا چۆن سەری هەڵداوە و چۆن لە ڕەوتێک دا گەشەی کردووە بە نێوی biography وەک دەبینی دوو وشەی لاتین لە تەنیشت یەکتر داندراون بایۆ و گڕافی یانی ژیان _ نووسین. لەم ساڵانەی دواییدا لەبەر هێندێک هۆکاری تێکنیکی لە باری لێکدانەوەی تایبەتمەندی ژانریانە و جۆری ئەدەبی ئەوەی کە ئەو شتانە کە لە سەر ژیان دەنووسرێن ئەدەبی گێڕانەوەیین، مێژوون، فیکشنن، نانفیکشنن، داستانن، غەیری داستانن چین هاتن زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوە کاک حەسەن تێڕمێکی ئینگلیسییان دانا کە دروست وەرگێڕانی بایۆگڕافی یە بەڵام بە وشەی ئینگلیسی ئەوڕۆ life writing بایۆ لایف، گڕافی ڕایتینگ بەڵام ئەم لایف ڕاتینگ ە بووە بە چەمکێکی زۆر بەڕبڵاو هەموو جۆرە گێڕانەوەکان، یان ڕەنگدانەوەی گێڕانەوەکان و بەسەرهاتەکان و بیرەوەرییەکان و ژیان و چی و چی دە خۆیدا کۆ دەکاتەوە. تەنانەت لە چەند ساڵی ڕابردوو دا هەر بە نێوی مێژووی ژیان نووسی ئەگەر لایف ڕایتینگی ئاوا وەرگێڕم زانکۆی ئاکسفۆرد ٧ بەرگ بە نێوی history of life writing لە سەدەکانی ناوەڕاست ڕا هەتاکوو ئێستا لە ٧ بەرگان دا  بڵاو کردووەتەوە یانی لە ٥٠٠ ەکانەوە دەستیان پێ کردووە و دوایە لە ١٥٠٠ ڕا بۆ ئەم لایە بۆ هەر سەدەیەک بەرگێکیان تەرخان کردووە بەس بۆ بیرەوەی نووسی، ژیان نووسی،لایف ڕاتینگ ی ئینگلیسی. جا ئێستا ئێمە ئەگەر بازێکی مێژوویی بدەین سەردەمانێک کە بۆ وێنە ئەرەستوو و ئەوانە باس دەکەن باس لە ژیاننامە نووسی ناکەن، لە ژیان نووسی. شتێک کە دواتر دێ و سەیرەکەشی ئەوەیە بە شێوەیەک لە شێوەکان پێوەندی بە ئایینەوە هەیە. یانی چی یانی ئەگەر لە ڕوانگەیەکی کڕۆنۆلۆژی بڵێین دایاکڕۆنییەوە چاولێ بکەین بڵێین لە زەمان دا لە کۆتاییەکانی سەدەی چوارەم ٣٩٧ کەسێک، قەشەیەک بە نێوی ئاگوستینی پاک Saint Agustin  یەکەم بیرەوەری دەنووسێ، جا ئێستا لێرە کێشەکە ئەوەیە بیرەوەری چییە، ژیاننامە چییە بەڵام ئەوە وەکوو یەکەم بوار، یەکەم کتێب کە سەیرەکەشی ئەوەیە ١٣ کتێبە ئەو دەمی دەینووسی بە نێوی دانپێدانان confessions ئەوەی کە بە عەڕەبی تەرجومە دەکرێتەوە، تەنانەت بە فارسیش بە " ئێعتڕافات " ئەمە کتێبێکی زۆر زۆر گرینگە لە ڕوانگەی عەرزم کردی هەم ئاینییەکەیەوە، هەم لە ڕوانگەی ئێستاش کە دوای دوو هەزارساڵێک قسە لە سەر  بیرەوەری دەکەین هەمیشە جوورێک لەباسکردن لە خۆت، self لە ئارا دایە بەڵام ئایا ئەودەمی چەمکی سێڵف، چەمکی خود هەبووە یان نەبووە کە نەبووە بەڵام بۆچی گرینگە لەبەر ئەوەی کە سێنت ئاگوستین یەکەم کەسە باس لەوە دەکا کە بیروڕای ئایینیەکەی چ بووە. لایەنگری دینی Manichaeism بووە. یانی لایەنگری ئایینی مانی. ئەگەر لە باری جوغرافیاییەوە ئێستا چاو لێ بکەین لە ئەلجەزاییری ئەمڕۆ لە دایک بووە، لە وڵاتی ئەلجەزاییر بەڵام ئەو دەمی ئەوە هەمووی دە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆری ڕۆم دایە. لەوێ کە باس لە باوەڕ و شتەکەی دەکا، لە خودی کتێبەکەی دا زۆر دانپێدانانی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە پەشیمانە لەو باوەڕی کە هەیبووە و ئێستا شانازی بەوەی دەکا کە باوەڕی مەسیحی هەیە. بەڵام ئەم قسانەی کە دەیکا لە سەر پەشیمانییەکەی، لە سەر هەست و باوەڕەکانی تەنانەت لەسەر ئەوەی کە گوناحەکانێتی ڕێچکەیەک دادەمەزرێنێ کە ڕیشەی بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەگەر دوایە ئێمە بێین باسی ڕۆژهەڵاتی جوغڕافیای جیهانی ئەوڕۆ بکەین بۆچی ئەم ژانرە ئەم جوورە لە نووسینە مێژوویەکی زۆر کوتتری هەیە. بە سێوەیەک لە شێوەکان کارتێکەری ڕاست ئەم وشەی کانفێشن ە یان دانپێدانان. چونکە وەک دەزانی لە ئایینی مەسیحییەت دا کابرای مەسیحی ڕوانگە و بۆچوونی لە سەر گوناح ئەو ڕوانگە و بۆچوونە نییە کە موسوڵمانێک هەیەتی. لەوێدا ئینسان ئەساسەن گوناحکارە و تۆ کە گوناحکاری بە چوونە کن قەشە، لە کلیسا دا باس لە گوناحەکانی خۆت دەکەی دەچی خەڵوەت دەکەی دانپێدادێنی. ئەمە دەبێتە بە شتێکی ئاسایی. بۆچی ئەو دانپێدانانە هەیە بۆ ئەوەی ئاسایی بکەیەوە کە گوناح بەڵێ مرۆ گوناحکارە و عیسا مەسیح خۆی فیدا دەکا بۆ ئەوەی گوناحانی ئێمە پاک بێتەوە. ئەمە لە ڕوانگەی هەستی ناسانەوە دەکرێ هەڵیسەنگێنین، لە ڕوانگەی مەعریفەت ناسی epistemology یەوە دەتوانین هەڵیسەنگێنین و دوایە لە درێژبوونەوەی باسەکەمان دا دەتوانین لە ڕوانگەی شێوازناسی methodology شەوە دەتوانین چاوی لێ بکەین کە ئەنجامەکانی دەبن بە چی. ئەمن ئەگەر زۆر بە کورتی بڵێم  ئەمە دەبێ بە سەرەتایەک کە دواتر هەر بە هەمان نێو لە زەمانی ژاک ژان ڕۆسۆی لە سەدەی ١٨ دوای سەردەمی رێنێسانس و ڕەوشەنگەری و ئەوانە هەر هەمان کتێب هەر هەمان نێو هەیە؛ ئێعترافات. بەڵام جیاوازییەکی زۆر گەورە هەیە، جیاوازییە گەورەکە چییە، جیاوازییەکە دەوەی دایە کە ئەگەر لەوێ ئاگوستین باس لەوەی دەکا هەوڵێ ئایینی چ بووە، دینی چ بووە و ئەلئان بووەتە مەسیحی لەم کتێبە دا هەر باسی دین نییە. یانی چی یانی پارادایم گۆڕاوە، شیفتێکی گەورە، گۆڕانکارییەکی گەورەی مێژوویی ساز بووە کە ژان ژاک ڕۆسۆی ئێمە تازە لە ئیندیڤید بوونی خۆی، لە تاکبوونی خۆی قسە دەکا، لە سێلفی خۆی قسە دەکا، لە خودی خۆی قسە دەکا و باس هێندێک لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی دەکا کە لە بواری فەلسەفیشەوە مەسەلەن بۆ کەسێکی وەکوو ژاک دەریدای دەبێتە ماتریالی فەلسەفە. مەسەلەن ژاک دەریدا تێز و تیۆرییەکی هەیە بە نێوی metaphysics of present The مێتا فیزیکی ئامادە بوون کە لە کۆپلەیەک لە ژیانی ڕۆسۆی وەرگرتووە لە کتێبەکەیدا. ئێمە ئەگەر ئەو دووانە بدەینە بەر هەڤ، دە بەرانبەر یەک دا ڕایانگرین دونیایەک ماتریاڵمان دەداتێ کە چ ڕووی داوە بەڵام ئەوەی کە عەرزم کردی زانکۆی ئاکسفۆرد ئەو ٧ بەرگەی بڵاو کردووەتەوە لایف ڕایتینگ بە شێوەیەکی گشتی ئێمە ئەگەر هەموو نووسراوەکان بڵێین ئەوانە داستانن، گێڕانەوەن، ئەوانە غەیری داستان و فاکچواڵن، ئەو دوو بەشە ئەو دایکۆتۆمی گەورەیە هەیە. دوایە جێگای ئەم بیرەوەرییانە، ئێمە یادگاریانە ئەم memoirs ە، ئەو لایف ڕایتینگانە کامەیانە فیکشن ە یان نانفیکشن ە باسێکی یەکجار تێر و تەسەلی تیۆریک هەیە کە لە ڕاستیدا هەم هەر دووکیانن هەم هیچیان نین.
قازی: ئەمن لێرە دا پرسیارێکم بۆ دێتە پێشێ بەڕێزت بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆربەی ئەو بیرەوەری و ژیاننامانەت کە لە ماوەی ئەو چەند ساڵانە دا کە بڵاو بوونەتەوە خوێندووتنەوە و دەرەتانی ئەوەشت هەیە کە بەراوەردی تێۆریک بکەی، ئەوە ئەگەر پێوند بدەیەوە بەو بابەتانەی کە لە ئەدەبی کوردی دا بەرهەم هێندراون دەتوانین ئەوانەی بە کوردین چ ناوێکیان لێ بنێین؟ ئایا ئەوانە لایف ڕایتنگ، ژیاننامە نووسین، یان بە شێوەیەک بیرەوەرین لە چ قالبێک دا جێ دەگرن؟
ئەحمەدزادە: ئەمانە بەشێوەیەکی گشتی لە چوارچێوەی لایف ڕایتنگ دا کە هەن بەڵام چ جوورە لایف ڕایتینگێک، چ جوورە لایفێک و چ جوورە ڕایتینگێک، چ جوورە ژیان نووسینێک. یەکەم شت ئەوەیە لە چوارچێوەی لێکدانەوە کوردییەکەی دا یەکەم ئەوەیە نوێ یە، زۆر نوێ یە یانی من ساڵی ٢٠٠١ وتارێکم بە ئینگلیسی چاپ بووە بە نێوی
Kurdish life writing  یانی ژیاننووسی کوردی بە ئینگلیزی چاپ بووە زۆر گرینگە ئەوە ئەو دەمی ساب چاپتڕێک بڵێین بەشێک لەو وتارەی نێوی ئەوەیە Kurdish Women Life Writing یانی ژیاننووسی ژنانی کورد یەک دانەش نەبوو ٢٤ ساڵ لەوەپێش بەڵام ئێستا کە لە خزمەت جەنابت دا قسە دەکەین لانی کەم چوار دانەی ڕاستەوخۆ وەکوو بیرەوەری هەیە. و چەند دانە شێوازی دیکەن لە چوارچێوەی ڕۆمان دان کە ڕەنگدانەوەی ژیانن. چونکێ لە بیرمان بێ ئەگەر ئاوتۆ بایۆگڕافی ئەمن بۆخۆم ژیانی خۆم بنووسم  وەکوو زانایەکی فەڕانسی فیلیپ لوێ ژێن دەڵێ پاکتێک، پەیمانێک، قەراردادێک هەیە کە ئەم جۆرە نووسینە  لە هەموو نووسینەکانی دیکە جیا دەکاتەوە. ئەویش چییە، ئەویش ئەوەیە کە من وەک خوێنەر کە دەست دەدەمە کتێبێکی لە سەر کتێبەکە ناوێک هەیە و لە ناو کتێبەکەش دا باسێک لە کەسێک کراوە بە پێی ئەم پاکتە، ئەم قەراردادە دەبی ناوی نووسەر و ناوی پڕۆتاگۆنیز یان کەسی یەکەم،ئەو کەسەی لە کتێبەکە دا باسی دەکرێ یەک بن. یانی مەسەلەن یای مەلەکەی مستەفا سوڵتانی ناوی لە سەر ئەو کتێبەی هەیە دەبی دەو کتێبەشدا هەر باسی وی بکرێ. ڕوانگەی وییە و زۆرتر لە ڕوانگەیەکی یەکەم کەسدا. بەڵام شێوازی ئەدەبی و ئەملاوئەولاش هەیە کە چۆن دەگێڕدرێتەوە. جا نرخی ئەدەبی و بواری ئەدەبی ئەوانەش باسێکە کە من حەتمەن باسی دەکەم.
قازی: بە گشتی دە کێهە قالب دا زیاتر جێ دەگرێ بەتایبەتی ئی نووسەرانی ژنی کورد؟
ئەحمەدزادە: دە چوارچێوەی گێڕانەوەی بیرەوەری دا چونکی ژیاننامە ئاوتۆ بایۆگڕافی لە ڕۆژی لە دایکبوونەوە هەتا مردن نابێ چونکێ ئەگەر مردی خۆ ناینووسی هەتا تەمەنێکت لێ تێپەڕ بووە. هەر لەبەر ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی خەڵکانێک، ئەڵبەتە لە کولتووری جیاواز دا جۆراوجۆرە بەڵام کە تەمەنیان زۆر دەچتە سەرێ دەینووسن. مەسەلەن حەفتا، هەشتا، نەوەد و لە مێژوو دا کوتم بە پێی کولتوور مەسەلەن ئێستا ئەگەر ئەمن ئاگوستینم باس کرد. ژان ژاک ڕۆسۆم باس کرد ئەوانە کەسایەتی فەلسەفی ئەدەبین بەڵام لە سەدەی هەژدە و نۆزدە بە تایبەتی بیست بەو لایەوە مەیدان دەبێتە مەیدانی سیاسەتمەداران دە بیرەوەری گێڕانەوە دا. مەسەلەن لە وڵاتی وەکوو ئەمریکا، لە ئەمریکاییان دا کەسێکی زۆر گرینگ فرانکلین ە.
قازی: ئەگەر نموونەکان دە کوردی دا باس بکەین.
ئەحمەدزادە: بە کوردی نیمانە.
قازی: لە کوردی دا بیرەوەرییەکانی کاک کەریمی حیسامی چۆن؟
ئەحمەدزادە: ئاخر ئەوە هەر دەبێتە کۆتاییەکانی قەڕنی بیستەم. ئەوەی کە عەرزم کردی بیست ساڵ لەوە پێش یەک ژنی کورد بە کوردی نەینووسیبوو، پیاوەکانیش زۆر نەبوون. یانی ئەمن لە وتارەکەم دا زۆر سەیرە مەسەلەن  مامۆستا هێمن " لە کوێ ڕا بۆ کوێ" وەکوو پێشەکی تاریک و ڕوون ی. مەسەلەن مامۆستا هێدی ..
قازی: هەڵبەت ژنی نووسەری کوردمان زۆر پێش لەو زەمانە هەیە کە مومکینە بە کوردییان نەنووسیبێ. مەسەلەن یەکەم ژنی کە لە ئێران تاریخی نووسیوە ژنێکی کورد بووە وەکوو مەستوورەی ئەردەڵان.
ئەحمەدزادە: مەستوورەی ئەردەڵان، بەڵام  ئێمە باسی بیرەوەری دەکەین.
قازی: هەر چۆنێک بێ مەبەستم ئەوەیە کە وا نەبووە کە کورد موداخەلەی نەبووبێ لە نووسین دا.
ئەحمەدزادە: نا، نا! ئەمە کەموکەسرییەک بۆ کوردان نییە چونکێ هەر ئەو دەمی کە من ئەو وتارەم دەنووسی، من لێکۆڵینەوەم لە سەر بیرەوەری نووسی ژنانی فارسیش کردووە، مەسەلەن هەتا کۆتایی سەدەی بیستەم، سەرەتاکانی سەدەی بیست و یەکەم بیست و چوار بیرەوەری ژنانی ئێرانی بە فارسی چاپ بووە، لەو ٢٤ شەش دانەیان لە ئێران چاپ بووە ئەویدیکەش لە دەرەوە. جا ئەمەش یارمەتییەکی گەورە دەدا بەئێمە هەموو ئەو ژنانەی کە تا ئێستا بیرەوەرییەکانیان چاپ بووە ڕیشەیان دە تاراوگە و دیاسپۆرای کوردی دایە. مەسەلەن  هەر دوو ئەو کتێبانەی لە خزمەت جەنابتە [ ئاماژە دەکا بۆ کتێبەکان. ح.ق]
قازی: پێش ئەوەی بگەینە ناوەرۆکی ئەو دووکتێبانە پێم خۆش بوو سەرەتایەکیش باس بکەی، بە کورتی باسی هێند کەسی دیکە بکەی بە کورتی. ئەو دوو کتێبە لەو ساڵانەی دواییدا بڵاو بوونەتەوە. چەندین چاوپێکەوتن کراوە لەگەڵ نەمر یای کوبڕای عەزیمی کە باسی دەکەم پێم خۆشە بینەرانیش لێی ئاگادار بن. ئەگەر دەکرێ ئاماژەیەکی کورت بکەی بەو شتانەی  کە پێشتر بڵاو بوونەتەوە.

ئەحمەدزادە: بەڵی لە چوارچێوەی بیرەوەری نووسی دا دەکرێ ئەڵبەتە ئاماژە بە ڕۆمانیش بکەین و پێوەندی ڕۆمان و بیرەوەریش، ئەساسەن لە ئوڕووپا دا خزمایەتییەکی زۆر سەیر و سەرنجڕاکێش، باڵکێش لە نێوان ڕۆمان و بیرەوەری دا هەیە هەم بۆ پیاوان، هەم بۆ ژنان. بە خۆشییەوە لە دوو دەیەی ڕابردوو دا ژمارەی ڕۆماننووسانی ژن کە بە جۆرێک لە جۆرەکان، بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەنگدانەوەی ژیانی ژنە، فاکتا و فیکشن بڵیین ڕابیتەیان چییە جۆرێک زۆرن. من دەتوانم ئێستا  دە پازدە بیست ڕۆمان باس بکەم کە بیست ساڵ لەوە پێش نەمدەتوانی. و لەو چەند ساڵەی ڕابردووش دا هەر بە نێوی بیرەوەری مەسەلەن شیلانی حەسەنپوور " دەچمەوە سابڵاغ" حەوت هەشت ساڵ لەوەپێش نووسیوە، یادی بەخێر ئێستا فەوتی کردووە یەک لە بیرەوەرییە باڵکێشەکانە، جوانە سەرەڕای ئەوەی کە ساڵانێکی زۆر لە ئەمریکا ژیاوە بە کوردییەکی زۆر جوانی موکریانی نووسیویەتی و بوارەکانیشی جۆرێک لە هەڵسەنگاندنی دەوێ و ئەو کتێبانە و هەموو بیرەوەرییەکانی دیکە دەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنی دەقیانە دا ئەوەی پێی دەڵێن textual analysis دەکرێ وەکوو شێواز چۆنە، وەکوو ناوەرۆک چۆنە و چی لەسەری بڕۆین. دوایە نەرمین عوسمان بیرەوەرییەکانی خۆی چاپ کردووە کە دەزانی یەکێک لە ژنە چالاکەکانی بزووتنەوەی کوردی بووە لە باشووری کوردستان لە کادرەکانی سەرەتایی و بەرایی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بووە و ئەویش لە دەرەوەی وڵات بووە لە سوێد ژیاوە بۆخۆی و هاوسەری و بە بنەماڵەیەوە دوایە دوای ڕاپەڕین چووەتەوە کوردستان. شیلانی حەسەنپوور و ئێستا یای مەلەکە و یای کوبڕای عەزیمی و چەند دانەی دیکە هەن . تەنانەت لە دەرەوەی وڵات بەشێک لە ژنان و کچانی کورد بە زمانگەلی ئوڕووپایی بە ئینگلیزی، بە سوێدی، بە ئاڵمانی کتێبیان نووسیوە کە ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆیانە. مەسەلەن لە سوێدێ ئاڵا ڕەییانی خانمێکی گەنجە کتێبێکی زۆر جوانی نووسیوە Krigets barn یانی مناڵی شەڕ.
قازی: خانمی دیانا نامی کە لەم بەرنامەش دا بەشداری کرد بە زمانی ئینگلیزی بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیوە.
Girl with a Gun
ئەحمەدزادە: " کچێک بە تفەنگەوە " ئەمن بەداخەوە ئەوم نەخوێندووەتەوە و یەکەم کارم ئەوە دەبێ کە چوومەوە بیخوێنمەوە چونکە ئەمن خەریکم لێکۆڵینەوەیەک بە زمانی ئینگلیزی بڵاو دەکەمەوە لە سەر ئەو شتانە حەتمەن دەبێ ئەو کتێبەی بخوێنمەوە. بەڵام ئەمە جێگای خۆشحالییە ئەگەر ئەم چەند دانە بیرەوەریی ژنان کە چاپ بووە لەگەڵ بیرەوەری پیاوان بەراوردی بکەین کەم ناهێنن بەڵام یەک شت خاڵی هاوبەشی هەموانە.

قازی: زۆر باشە ئێستا بە شێوەی کۆنکرێت بابێینە سەر ناوەرۆکی ئەم  دوو کتێبانە. [ کتێبەکە بەدەستەوە دەگرێ و نیشانی دەدا]، کتێبی " مانای ژیانم" لە نووسینی بەڕێز کوبڕا عەزیمی کە کچی بەڕێزیان سیمین ئیفتیخاری ئامادەی کردووە و کتێبخانەی ئەرزان لە سوێد چاپی کردووە. ئەمن دەمویست لە سەر ئەوە سەرەتایەک باس بکەم. ئەمن دەرەتانم هەبوو لە ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ نەمر مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور کە ماوەیەک لە زانکۆی ئووپسالا لە سوێد کاری دەکرد چاوپێکەوتنێکی دوورودرێژمان کرد لەگەڵ مەرحوومی یای کوبڕا عەزیمی و دیارە ئەو دەمی کاک ئەمیر دەیویست ماتریاڵ کۆبکاتەوە،کەرەستە کۆ بکاتەوە بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە پرۆفێسۆر شەهرزادی موجاب هەیبوو لە سەر ژنانی کورد لە سەردەمی کۆماری کوردستان دا. کە دوایە دیارە لە سەر ئەساسی ئەو چاوپێکەوتنەش  کتێبێکی ئێدیت کردووە کە نووسینی جۆر بەجۆر دەوێدا هەیە. و پاشان لەو ساڵانەی دواتریش دا یانی پێش ئەوەی کە ئەم کتێبە بڵاو بێتەوە وا بزانم کاکشار ئۆرامار چاوپێکەوتنێکی هەبووە لەگەڵ یای کوبڕا عەزیمی و هەر وەها کاک فاروقی فەرهاد کە ئەو لە ئاخرەکانی ژیانی دا پێم وایە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کرد بوو. و ئێوەش وا بزانم لە حەوتووی ڕابردوو دا هەم بەڕێزت وهەم بەڕێز دوکتور سوهەیلا قادری کە ئەویش زۆر جار لەم بەرنامەیە دا بەشداری کردووە و لەگەڵ سیمین خانمی ئیفتیخاری کۆبوونەوەیەکتان هەبوو بە تایبەتی لە سەر ئەو کتێبە لە کتێبخانەی کوردی ستۆکهۆڵم. پێم خۆش بوو لە پێشدا باسی ئەو کۆبوونەوەیە بکەی و دوایە پێوەندی بدەی بە ناوەرۆکی. دیارە من ئەو کتێبەم خوێندووەتەوە و ئەمنیش هێندێک بۆچوونم هەیە کە دەتوانم یارمەتیدەر بم باسی بکەم.

ئەحمەدزادە: ئەو کۆبوونەوەیە شەمەی ڕابردوو بوو پێم وایە دەبێتە ١١-ی مانگ ( مەی ٢٠٢٤)، هەر وەک فەرمووی دوکتور سوهەیلا قادری و یای سیمین ئیفتیخاری کە کچی یای کوبڕایە و منیش ئەو شانسەم هەبوو لەگەڵ ئەوان لایەنی جۆراوجۆری کتێبەکەمان هەڵسەنگاند، دیارە ئەوان هەم وەکوو کچ و خوارزا لایەنی نزێکی و ئەوانە و ئاگاداریەکانیان زۆر سەرنجڕاکێش بوو من هیوادارم بە زوویی بە ڤیدێئۆ بڵاو بێتەوە، هێندێک بەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە منیش لەوێ قسەم کرد هەر لەسەر ئەو تایبەتمەندیانە و ئاماژەی زۆر دیاریشم بە کتێبەکە کرد. مەسەلەن لەو کتێبە دا کوتم ئەوەی فیلیپ لۆ ژێنی پاکتا ئەو قەراردادە چییە کە کەسەکە، نووسەرەکە دەبێ باسی خۆی بکا، بە بەراورد لەگەڵ پیاوان یای کوبڕای عەزیمی زۆر جوان باسی خۆی دەکا، باسی هەستەکانی دەکا، کە تەنانەت لە بیرەوەرییەکانی پیاوان دا زۆر کەمە.
.قازی: باسی نموونەیەکیش دەکا کە پێشتر پێی نەزاندراوە یان زۆر کەم پێی زاندراوە
ئەحمەدزادە: مەسەلەن ئەو نموونەیە کە بۆ من زۆر سەرنجڕاکێش بوو لە کۆبوونەوەکەی ستۆکهۆلمیش دا کوتم دەزانن یای کوبڕا ئەو دەمی مامۆستا بووە دووساڵ بەر لە کۆمار، کۆماری کوردستان لە سابڵاغێ دەبێتە مامۆستا و لە سەردەمی کۆماریش دا هەر مامۆستایەتییەکەی درێژە پێ داوە و سەیرەکەی ئەوەیە ئەگەر پێشتر مامۆستا بووە بە زمانی فارسی و لە خوێندنگەکانی سابڵاغێ بە فارسی دەرسی دادەدا زۆر زوو هەستی کردووە، کە خوێندن بە کوردی بووە خۆی ڕاهێناوە و فێر بووە و بە کوردی دەرسی داداوە کە زۆر زۆر گرینگە ئەوە و لەوەش گرینگتر لە ڕۆژنامەی کوردستانی ئۆرگانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان یش دا چەند وتاری هەیە کە هەر لەو کتێبەش دا وەکوو پاشکۆ دایانناوە و ئەو وتارانە بە ڕاستی زۆر زۆر سەرنجڕاكێشن کاک حەسەن. لە سەر کولتوور، فەرهەنگ نووسیویەتی و چەندە جوان لەسەر گرینگی فەرهەنگ. لەوێ کە ئەو قسانە دەکا لە ڕەوتی گێڕانەوەکەی دا دەڵێ یەکەم جار یا دووەم جار یادی بەخێر پێشەوا قازیی محەمەدی دەبینێ کوبڕا خانم هەم بە گوێرەی قسەکانی خۆی و هەم لە کۆبوونەوەکەش دا سیمین خانم و سوهەیلا خانم گوتیان خانمێکی زۆر جوان بووە و پێشەوا قازیی محەمەد خوازبێنی لێ دەکا و ئەوە زۆر گرینگە تۆ تەقریبەن دوای شێست ساڵێک بێی ئەوەی بنووسییەوە. من کە ئەوەم دەگێڕاوە چونکە دەزانین شەخسییەت و کەسایەتی پێشەوا قازیی محەمەد ئەوەندە کاریزماتیکە  کە مرۆ پێی وایە سەبارەت بە کەسانی کاریزماتیک دا شتی شەخسی و لایەنی هەستی و ئەوانە نییە. ئەوەی دەڵێ و هەر جارێک نا، دووجار دووپاتی دەکاتەوە. دەڵێ جارێک کە من و دایکیشم چووین بۆ لای هەردووپاتی کردەوە و تەنانەت کە باس دەکرێ جەنابت ژنت هەیە دەڵێ جێبەجێی دەکەین. وە دوایە ئەمە هێندێک ئەنجامی لە سەر کەسایەتی خودی کوبڕا خانمی دەبێ. خەڵک دەبیسنەوە و قسە دەکەن و مەسەلەن کە دەڵێ بە شەقام دا دەڕۆیشتم خەڵک جوورێک چاویان لێ دەکردم تەنانەت باسی حەمام دەکا دەڵێ جۆرێک چاویان لێ کردووە. ئەمە لە زۆر کولتوور دا  بە ڕاستی ناکرێ، نەکوتراوە. و من لەو ڕوانگەیەوە کە بەراوەرد دەکەم، تەنانەت لەگەڵ بیرەوەری نووسیی فارسی، تا ڕادەیەک لە سەر بیرەوەریانم خوێندووەتەوە بە تورکی و عەڕەبیش  یەکجار زۆر تایبەتە و جێگای قەدرە.
قازی: لایەنێکی دیکەش کە لە بیرەوەرییەکانی بەڕێزیان دا هەیە و دەکرێ بڵێین وەک تڕاژێدی وایە بۆ ژنێکی کورد ئەویش ئەوەیە کە کوڕێکی گەنجی ئێعدام دەکرێ بە دەست جمهووری ئیسلامی و یان لە منداڵەکانی دوور دەبێ، بۆ وێنە خودی سیمین خانم لە لای نابێ. لەو بارەیەوە ئەوەی کە لایەنی ژین نووسی بێ چەندە ڕەنگی داوەتەوە لەو بیرەوەریانە دا.
ئەحمەدزادە: ئەمن پێم وایە ئەو لایەنەی لایەنی زاڵی هەموو بیرەوەرییە کوردییەکانە بە پیاو و ژنەوە. یانی چی یانی سیاسەت، یانی تڕاژێدیا، یانی نەهامەتی، یانی کورد بوون. بە چ مەعنا، بەو مەعنایەی کە بەشێکی زۆر لەو بیرەوەرییانە تەرخانی ژیانی کوڕەکانی و کچەکە سیمین خانم دەکا کە هەموویان سیاسی بوونە. سەر بە ڕێکخراوکی چەپ بوونە بە نێوی " ڕێکخراوی پەیکار لە ڕێگای ئازادیی چینی کرێکار " دا. سارمی کوڕی کە دەگیرێ لێرە دا ئەو لایەنی دایکایەتی، دایکبوون، فیداکاری ، جوانی دایکبوون و بۆ ئەملاوئەولا چوون. سارم لە سنەی گیراوە، دوایە یای کوبڕا ساڵانێک لە تاران مامۆستا بووە لەگەڵ هاوسەرەکەی، دوایە کە دەزانێتەوە وەرەوە سابڵاغ لەوێڕا بچووە سنەی، بچووە پێش سپای پاسداران کە لەوێ گیراوە، ناهێڵن بیبینێ هەموو ئەو نەهامەتییانەی کە دە کورد بوون دا هەیە، کوتم بە پیاو و ژنەوە و ئەو سیمای ستریۆتایپی ژنانە و دایکانەی کوردان. بۆ نموونە ئەمن لە کۆبوونەوەکەی ستۆکهۆڵم یش باسم کرد لە ڕۆمانی زۆر بە ناوودەنگی " کەلیدەر" کە مەحموودی دەوڵەت ئابادی نووسیویەتی لە سەر کوردانی قووچان، خۆراسان لە شیمالی ڕۆژهەڵاتی ئێرانێ.
قازی: ببوورە " کەلیدەر " کراوەتە کوردی یان نا؟
ئەحمەدزادە: بەڵێ بە کوردیی سۆرانی  وەرگێڕدراوە. درێژترین ڕۆمانی فارسییە لە دە بەرگ دا وەرگێڕێکی بۆکانی وەری گێڕاوە کاک شاسواری. من کوردییەکەیم نەخوێندووەتەوە بەداخەوە. بە کوردی بڵاو بووەتەوە. لە " کەلیدەر" دا دایک، بلقیس کەسایەتی سەرەکی یە. بلقیس کە دایکی گوڵ محەمەد و بەیگ محەمەد و براژنی خانەموو یە، ئەوە داستانێکی ڕاستییە، ئەوانە لە سەر ڕووداوێکی ڕاستەقینە نووسراوە، لەوێ گەورەیەتی و دایکایەتی و ئوستوورە بوونی دایکی کورد دەبینی. ڕۆمانێکی دیکەی کوردی هەیە بەناوی " سەردەمی گریانی بلقیس" ئی جەماڵ جەببار غەریب نووسەری باشووری کوردستانە لەوێش دا بلقیس دایک و منداڵەکانی لە بەغدا و بە تایبەتی چییان بەسەر دێ ئەمە ئەگەر دێیە سەر هەم " مانای ژیانم" و هەم کتێبەکەی یای مەلەکە مستەفا سوڵتانی لە هەر دووکیان دا بلقیس بوون دەبینی.  دوایە بە سەربەخۆییش باسی سێبەری قەلە بەرد دەکەین  بەڵام لەوێ دایە بەهییە کە دایکی مەلەکە خانمییە هەر دەڵێی بلقیس ە. جا ئەمە پرسی سیمین کە دەگیرێ کچەکەی، و سارم کە دەگیرێ و بەداخەوە هەرگیز نایبینێتەوە ئێعدام دەکرێ، و محەمەدی کوڕی دەبی دەرچێ لە ئێرانێ و ناردنی بۆخۆی لەگەڵ هاوسەری دێ لە ورمێ ڕا بینێرن بۆ دەرێ. هەمووی ئەوانە و زۆر بەسەرهاتی سیاسی دیکەش لە کتێبەکەی دا؛ ئەگەرچی دوای کۆماری کوردستان یای کوبڕا سیاسی ئەکتیڤ نەبووە، ئەندامی حیزب و شت کاری کردووە وەک مامۆستایەک، بەڵام لە سێبەری سیاسەت و لە تراژێدیای سیاسەت  نەجاتی و دەرچوونی نییە و تا دواجار دێ لە سوێدێ نیشتەجێ دەبێ.
قازی: شتێکی دیکەش کە لە کتێبەکە دا زۆر چاوڕاکێشە دە ڕاستیدا دیتنەوەی ژنێکی چالاکی سەردەمی کۆماری کوردستانە کە دیسان لە تاران یەکتری دەبیننەوە. وا بزانم یای ویڵمەی سەییادیان بووە باسێکی ئاوا لە کتێبەکەدا هەیە.
ئەحمەدزادە: لە سەر ئەو لایەنی هەست و تاکەکەسی و ئەوانە مەسەلەن زۆر بە بوێری ژنانە  کە دەتوانێ ئۆلگوویەک بێ باس دەکا؛ دەڵێ کاتێک کە مامۆستا بووم لە سابڵاغێ مامۆستایەکی عەجەم، ئازەری، تورک،ئی ورمێ  لە خوێندنگاکەی دەبێ و ئەویش خوازبێنی لێ دەکا، مێردی پێ ناکا بەڵام ساڵها دواتر، زۆر جوانە ئەوە دەڵێی ڕۆمان و فێکتیڤە لەکۆنفڕانسێک دا کە بۆ مامۆستایان گیراوە ژنێک دێ بۆ لای دەلێ تۆ کوبڕای، دەلێ بەڵێ ئەوە نییە ئەمن ناوم کوبڕایە. دەڵێ ئەتۆ خەڵکی سابڵاغێ نی کورد نی دەڵێ با ئەمن کوردم. دەڵێ دەزانی با شتێکت پێ بڵێم من هاوژینی کەسێکم کە لە سابڵاغێ بووە، منی هەڵبژارد چونکە ناوم کوبڕایە. جا ئەو شتانە ژنێکی کورد باس بکا، ئەمن دەڵێم لە پیاوەکان دا نایبینم.
قازی: ئەمن پێم وایە ئەو بەڕێز کوبڕا عەزیمی کاریزمایەکی زۆر تایبەتی هەبووە چونکە ئەمن زۆر چاکم لەبیرە وەختێک ئێمە لە ساڵی ١٩٩٤ لەگەڵ کاک ئەمیر چاوپێکەوتنمان لەگەڵ کرد نەمر سەید قادری ئیفتیخاری هاوسەریشی زیندوو بوو و لە سەر مۆبلێک دانیشتبوو و هیچ موداخەلەی نەبوو لە وتوێژەکە دا بەڵام زۆر بە دیقەت گوێی دەدایە بزانێ ئەو باسی چ دەکا، زۆری پێ خۆش بوو و لە پرێک ڕووی دەمن کرد و گوتی: " ئای قازی دەر زیمن ئێمەش ئەو دەمی پێشمەرگە بووین". یانی بە فەخرەوە گوێی لە قسەکانی دەگرت و ئەوە نیشانەی کاریزمای نەمر یای کوبڕا بوو. ئەگەر بە کورتیش بێ باسی تێبینی خۆت بکەی لەمەڕ کەمایەسی ئەو بەرهەمە؟
ئەحمەد زادە: من ڕاستییەکەی ئەگەر خوێندنەوەیەکی دەقیانە بکەم، بەس دەقەکەی هەڵسەنگێنم، کۆ دەق، کۆنتێکست، زەمینەکەی و بەستێنەکەی هەڵ نەسەنگێنم دوو جۆر ڕوانگەم دەبێ بۆ ئەو کتێبەی. ڕوانگەی ئەوەڵی لەباری دەقییەوە ئەم کەسایەتییە کوبڕای عەزیمی یە کە سیمینی کچی زەحمەتی کێشاوە یادداشتەکانی کۆ کردووەتەوە بە ڕاستی دەبێ زۆرتر سەرنجی پێ بدرێ و کتێبەکە بە شێوەیەکی جوانتر تەنانەت لە باری زمانییەوە بێ هەڵەتر و هێندێک تێهەڵکێش مەسەلەن ژێر نووس و ئەملاوئەولای هەبێ کە بۆ خوێنەری ئێستا بەستێنەکەی زۆر ڕوونتر بێ. چونکی لە میللەتان دا، لە نەتەوان دا کەم هەڵ دەکەوێ دەزانی کاک حەسەن بیرەوەری، ژیاننامە هەر کتێبێکی ئاسایی نییە ئێمە لەگەڵ کەسێکی حەقیقی ڕووبەڕووین کە مەسەلەن ڕۆمانی نەنووسیوە، خەیاڵی نەنووسییەوە، ئەگەرچی لە خەیاڵ بێ بەری نییە ئەو نووسینانە و بۆخۆی باسێکە خەیاڵ لێرە دا چ ڕۆڵێکی هەیە بەڵام زانایەک یان ئەدیبێکی گەورەی فەڕانسی پۆل ڤالێری دەڵێ تۆ ئەگەر بتهەوێ لە داهێنانەکانی ئەم دونیایە تێ بگەی، تەنانەت داهێنانە زانستییەکان، داهێنانە ئەدەبییەکان حەتمەن دەبی ژیاننامەکانیان بزانی. جا ئەگەر ئێمە ئەو ژیاننامەیەی لێک دەینەوە داهێنانی، دۆزینەوەی ژنێکی ئەو جوورە کە ئەم بوێرییەی هەبووە، ئەم توانایانەی هەبووە من عەرزم کردی وتارەکەی لە سەر فەرهەنگ خەڵک دەتوانن بیخوێننەوە کە ئەو دەمی لە سەر فەرهەنگ نووسیویە من شیست ساڵ دواتر بێ ئەوەی کە ئاگام لەوەی بێ ئێستا کتێبێکم چاپ کراوە نێوی
" فەرهەنگ و ڕزگاری" یە، یانی دەتوانم زۆر لە سەر ئەوەی قسە بکەم کە بە بێ فەرهەنگێکی دەوڵەمەند، بە بێ فەرهەنگێکی هەمە لایەنە ڕزگاری هەر ئیمکانی نییە.
قازی: ئێستا با بگەینە کتێبی دووەم، "سێبەری قەلە بەرد لە سەر ئاڵمانە و تاڵە سوار، بیرەوەرییەکانی مەلەکە مستەفا سوڵتانی". با لێرە دا بینەرانیش بیبینن [کتێبەکە نیشان دەدا. ح.ق.] ئەو کتێبە وابزانم لەلایەن وەشانخانەی ٤٩ کتێبەوە چاپ کراوە. وەک لە سەرەتای بەرنامەکەش دا باسم کرد بەداخەوە ئەمن ئەو کتێبەم نەخوێندووەتەوە بۆیە ناتوانم بە وردی لە پێوەندی لەگەڵ ناوەرۆکەکەی دا پرسیار بکەم. بەڵام ئەوە دەزانم کە بەڕێزی تڕاژێدییەکی زۆر گەورەی بنەماڵەیی هەبووە چوار لە براکانی شەهید بوون لە پێناو بیروباوەڕی خۆیان دا، و بە تایبەتی کاک فوئادی موستەفا سوڵتانی کە سەمبولێکە بۆ خەباتی ڕزگاریخوازی کورد لەو بەشەی کوردستان و دواتر هاوژینی بەڕێزیان دوکتور جەعفەر شەفیعی و هەر وەها کچەکەی کە ژیانی لە دەست داوە. ئەم  کتێبەی " سێبەری قەلەبەرد " یش ئەگەر هێندێک شی بکەیەوە باش دەبێ.
ئەحمەدزادە: من پێم وایە یەک لە کتێبە جوانەکانی ئەدەبییاتی کوردی، گێڕانەوەی کوردی و نووسینی کوردی بە تایبەتی بە قەڵەمی ژنان کتێبەکەی یای مەلەکەی مستەفا سوڵتانی یە. لەم کتێبە دا هەروەک کتێبەکەی یای کوبڕای عەزیمی و کتێبەکەی شیلانی حەسەنپووریش تەنانەت و کتێبەکەی نەرمین عوسمانیش ئێمە لەگەڵ ژنێک سەروکارمان هەیە کە سیاسی بووە. ئەمە زۆر زۆر گرینگە و سەیری ڕۆژگاران ئەوەیە مەلەکەش مامۆستا بووە، لە ئاستێکی بەرزتر دا و دووساڵ بەر لە شۆڕشی ئێرانێ دەستی بە مامۆستایەتی کردووە و شانسی ڕۆژگاران ئەوە بووە کە برای هەبووە، چەند برا هەمووی خوێندەوار و دانیشگایی لە زانکۆکان و یەکیان کەسایەتییەکی کاریزماتیک وەکوو  کاک فوئادی مستەفا سوڵتانی کە لەم کتێبە دا " سێبەری قەلەبەرد" بەڵام سێبەری کاک فوئادیش هەیە. با لێرە دا دەست بە نەغد ئاماژەیەک بکەم، یەک لە جۆرەکانی نووسینی ژیان ئاوتۆ بایۆگڕافی نییە، بایۆگڕافی یە کە بەداخەوە لە نێو کوردان دا نییە. یانی بایۆگڕافی ئەوەیە کە کەسێکی دی دێ بایۆگڕافی کەسێکی دیکە دەنووسێ. ئێمە لە کوردی دا ئەوەندە لاوازین دەتوانین بڵێین هەر نیمانە. مەسەلەن من لە وتارێک دا کە لەسەر ئەو کتێبەی نووسیومە دوو هەوڵی کەم و زۆر باش هەنە لە سەر کاک فوئادی کە کاک ڕەشاد و کاک حیشمەتی برای کردوویانە بەڵام ئەوە زۆر کەمە یانی ئێمە کەسایەتییە سیاسییەکانمان، کەسایەتییە ئەدەبییەکانمان، حەموو کەسایەتی کۆمەڵایەتی تەنانەت لە کوردەواری دا دەبی بیانناسین، بە چ مەعنا دەبێ بیانناسین بەو مەعنایە بیانناسین کە هەلومەرجی سەرهەڵدانیان، ژیانیان، گەورە بوونیان، کردەوەکانیان ئەخر لە کوێ ڕا هاتووە. یانی بەشێک دەبێ لە خۆ ناسین. ئەمە بایۆگڕافی دەیکا. لەم کتێبە دا ئەوە نییە بەڵام ئاوتۆبایۆگڕافییەک کە بۆخۆی دەینووسێ بەڵام وەک کوتم سیاسەت ئەوەندە زاڵە کە دەیبینین بەشێکی زۆر لە مێژووی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران هەر لە بیدایەتەوە پێشمەرگە بووە، بەڵام پێشمەرگە ژنەکان چۆن دەست پێ دەکەن، گلەییەکانی، هەڵسەنگاندنەکانی لەبەر زۆر بوونی ئەم کێشە سیاسییانە کەم توانیوێتی باس لە مەسەلەن هەستەکانی خۆی بکا. بەڵام لایەنێکی زۆر بەهێزی، زۆر لایەن هەیە ئەگەر باس بکەم، ئەو لایەنی جێندێرییە لە کۆمەڵگای کوردی دا. تۆ تەسەور بفەرموو پێشمەرگەیەک کە خەڵکی مەریوانە، مامۆستایە، خوێندەوارە، پێ گەیشتووە دەزانێ بنووسێ ڕێکخراوەی چکۆڵە چکۆڵەیان هەیە بۆ داکۆکی لە ژنان و دێ چەکدار دەبێ کاک فوئاد برایەتی. جارێ ئەم تڕاژێدییای لە کاک فوئادی ڕا دەست پێ دەکا کە شەهید دەبێ، کە دێتەوە زۆر جوان وەسفەکان دەبینی کە مەسەلەن جەنازەکەی دێننەوە برایەک هاوار دەکا بۆ وەی کە دایک ناڕەحەت نەبێ، یەک هاوار دەکا دەڵێ ئەوە کاک فوئاد نییە، یەک دەڵێ وەڵا کاک فوئادە. یانی ئەو سەحنانە دەڵێی تۆ لەگەڵ گێڕانەوەیەکی خەیاڵی ڕووبەڕووی بەڵام چونکێ ئێمە دەزانین و لە پاکتی ژیاننامەش دا بەراوەرد دەکەین لەگەڵ گێڕانەوەی دیکە ئەمە ڕاستین، برای دووەم، برای سێیەم، برای چوارەم و کاک دوکتور جەعفەری شەفیعی دیسان کادرێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی و دوایە هەندەران، تاراوگە یادگارێک ماوە؛ کچ بەیان چەند بە سۆز و تاڵی بەشێکی زۆر و بە باوەڕی من زۆر بەجوانی، زۆر زەحمەتە. لەو کتێبەدا دوو دایک هەن،دایە بەهییە هەیە  کە دایکی یای مەلەکەیە و ئەویش هەر بلقیسێکە بە ڕاستی شێعر دەزانێ، ڕووحییەکی سەیری هەیە، جەنازەی ئەو کوڕانەی نایەڵێ دوژمن پێی شاد بێ، دایکایەتی کوردانە و بڵێین پڕ لە حەماسی خۆی نیشان دەدا. دایکی دووەم بۆخۆیەتی کە بەیان کچێتی و لەوێشدا دیسان تۆ ئەو تڕاژێدیایە چاو لێ دەکەی هەر ئەوەی کە بوێرێ بیگێڕێتەوە و هەر ئەوەی کە ئەو وێنەیەی چاو لێ کە [ دەست بۆ کتێبەکە ڕادەکێشێ و بە دەستی خۆشی نیشانی دەدا. ح.ق] بەم پێکەنینە جوانەی. من لە وتارێک دا کە نووسیومە دەڵێم ئەم هەموو کێشەیە، ئەم هەموو ئازارە کە بۆ ئەم خانمە هاتووەتە پێشێ هەر ئەم پێکەنینە نیشان دەدا کە ئەو بە سەر هەموان دا زاڵ بووە.
قازی: پێم خۆش بوو ئەوەندە کاتەی ماومانە هێندێک باسی نووسین و بەرهەمەکانی خۆت بکەین لەو ساڵانەی دواییدا. دیارە ئەو تێزی دوکتورای بەڕێزت کە بە زمانی ئینگلیسی پێشکێشت کرد بوو دوایە وەک کتێب دەرکەوت و بە فارسی و تورکیش بڵاو بووەتەوە. ئەمنیش وەبیرم دا لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی دا هەمووم وەرگێڕا و خوێندمەوە بە کوردیی سۆرانی بەڵام لەبەر ئەوەی ڕاستەوڕاست وەرمدەگێڕا بە داخەوە نەمنووسیوەتەوە. پێم خۆشە هێندێک باسی بەرهەمە تازەکانت بکەی وەکوو " جەهانی ڕۆمان"، " هەرچی هەیە ڕاڤەیە"، " فەرهەنگ و ڕزگاری" کە ئەوە دوایین بەرهەمتە کە وابزانم دوای دەرکەوتنی لە چاپخانە هێشتا نەت دیتووە. هێندێک زانیاری لە سەر ئەوانە.
ئەحمەدزادە: چاپ بووە بەڵام هێشتا بۆخۆم نەمبینیوە. کاک حەسەن ئێستا باسەکە چونکە لە سەر ئەو کتێبانە بوو [بە دەست ئاماژە دەکا بە کتێبەکان. ح.ق] ئینسان پێی عەیبە باسی کاری خۆی بکا.
قازی: نا عەیب نییە. بۆ ئەوەی بینەرانیش کە عەلاقە پەیدا دەکەن بۆ خوێندنەوەی ئەو کتێبانە و بە تایبەتی زیاد بوونی نووسەری ژن لە کۆمەڵی کوردەوارییدا و هیوادارم شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیش تەئسیری خۆی هەبووبێ لەو بارەیەوە، زۆر پێویستە کە ئینسان قالبە تێۆرییەکانیش بزانێ جا ئەو کتێبانەی بەڕێزت لەو پێوەندییە دا زۆر یارمەتیدەرن بۆیە ئەو داوایەم لێ کردی.
ئەحمەدزادە: ئەمن لەو پێوەندییە دا دەتوانم بە خاكەڕاییەوە ئەوە بڵێم لە سی ساڵی ڕابردوو دا هیچم نەکردووە جگە لە کتێب خوێندنەوە نەبێ لە سەر ئەو بوارومژارانە. مەسەلەن گێڕانەوە چۆنە، لایەنی جێندێرییەکەی چییە، لایەنی نەتەوەییەکەی چییە، لایەنی سێلف چییە، خود، ئەم خودە چۆن دەگێڕدرێتەوە، بە شێوەی خەیاڵی، بە شێوەی فاکچواڵ یانی نان فیکشن، غەیری داستانی کە ئینسان هەر پێی خۆشە کتێبی هەبن و ئەمن ئەو تێز و تیوریانەم خورد کەمەوە چونکێ تز و تیۆرییەکان شتێکن و دەکارهێنانیان و بە پێوەری وان ئەوانە لێک دەیەوە. ئەگەر بە پێوەری ئەو تێز و تیۆرییانە ئەو کتێبانە لێک بدەیەوە ئێمە لە بەر دەم ئەزموونێکی زۆر تایبەتی داین. ئەزموونێک کە لایەنی تاڵی زۆرە ئەویش ئەوەی کە پێی دەڵێن timing، سەردەم زۆر لە دوایەین. تەنانەت بە بەراوەرد لەگەڵ نەتەوە دراوسێکانمان عەڕەب و فارس و تورک و ئەوانە، ئەمە هیچ گوناح نییە هۆکاری هەیە. یانی ئێمە لە زاتی خۆمان دا دواکەوتوو نین، هەلومەرجی سیاسی ئەو وەزعەی پێک هێناوە. ئەم کتێبانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی کە من نێوی دەنێم فەرهەنگ و ڕزگاری. و ئەو فەرهەنگ و ڕزگارییە چۆنە یانی کوردان شتێک نین لە دوڕگەیەک بن بێ پێوەندی لەگەڵ جەهانی دەورو بەریان. ئێمە کە لە ئاگوستینی پاکەوە دەست پێ دەکەین هەتا ئێستا. هەتا ئاگوستینی پاک نەزانین، هەتا روسۆی نەزانین، هەتاکوو بێنیامین فرانکلینی نەزانین کابرایەک کە چوارساڵ سەوادی هەبووە بەڵام یەکێک لە دامەزرێنەرانی وڵاتێکی وەکوو ئەمریکا بووە ناتوانین گرینگی تێکەڵبوونی سیاسی تێکەڵبوونی ئەدەبی و گێڕانەوەی خەیاڵی بۆ نەتەوەسازی خۆمان تێ بگەین. لەو ڕوانگەیەوە ئەمن هەمیشە هەوڵم ئەوە بووە مەسەلەن لە جیهانی ڕۆمان دا جیهانی ڕۆمانی مەسەلەن فارسان چۆنە، جیهانی ڕۆمانی ئێمە چۆنە. جیهانی ڕۆمانی ئێمە وەکوو بەسەرهاتە سیاسی و کولتووری و جوغڕافیاییەکەمان جیهانێکی لێک دابڕاوە، پچڕاوە.
قازی: بەڵام جەنابت لە ڕۆمانی کوردیی کورمانجیشت کۆڵیوەتەوە.
ئەحمەدزادە: بێگومان ئەمن کە دەڵێم ڕۆمانی کوردی، بەخۆشییەوە لەو کەسانەم سەرەڕای ئەوەی کە زمانی دایکیم. زگماکیم سۆرانییە هەمیشە هەوڵم داوە ئەگەر ڕۆمانێک بە سۆرانی بخوێنمەوە یەکی کورمانجیش حەتمەن بخوێنمەوە. و دەبێ ئەوەش بڵێم لە ڕۆژگاری ئێستا دا ڕۆمانی کورمانجی یا کوردی، ئەمن هەر دەڵێم کوردی یەکجار پێش کەوتووە. هەم لە وەرگێڕان دا، هەم لە چاپ دا و هەم لە کوالیتەی چاپ دا. بەداخەوە یەکێک لەو ئالنگاریانەی لە پێش نووسەری ژنی کورد دا هەیە ئالنگاری چاپە. مەسەلەن ئەو دوو کتێبانەی  لە پێش جەنابتن یەکیان کوالیتی چاپی زۆر باشە، ئەویدیکەیان کوالیتی چاپی زۆر خراپە. ئەوە کەمایەسییەکە و دوایە لایەنێکی دیکە ئەمن کە باسی ئەو شتانە دەکەم تۆ ئەگەر هەموو کتێبەکانی دنیایێ بنووسی ئەگەر نەخوێندرێنەوە بە کار نایە من دڕدۆنگم، گومانم هەیە لەوەی کتێبە کوردییەکان کە چاپ دەبن چەندە دەخوێندرێنەوە. جارێ ئەم دابەشبوونی جوغڕافیایی و سیاسی و فەرهەنگی و ڕێزمانی و ڕێنووسی وای کردووە کە ئێمە هەرلە ڕێوە نیوە یا بەشی زۆری کوردستانمان ئاگا لێ نییە. مەسەلەن مەگەر محەمەد ئوزوون لەو ساڵانە دا چەند کتێبی هاتوونەتە سەر ڕێنووسی کوردیی ناوەندی دەنا هەر نایناسین. فرات جەوهەری ناناسین. مەسەلە جەیمس جۆیسی کوردیی کورمانجی هەر نایخوێنینەوە بەر لە سۆرانی چاپ کراوە. زمانێک جەیمس جۆیسی پێ تەرجومە کرێتەوە " ئۆلیسس" ١٠٠٠ لاپەڕە ئیدی ئەوە ئینتیهایە یانی زۆر زۆر گرینگە. ئەگەر کەمێک هەلومەرجەکە ئارامتر بێتەوە، ئارامتر بە مەعنای نۆرماڵ بێتەوە هەر ئەو جۆرەی  کوردانی دەرەوەی وڵات بۆیان هەڵکەوتووە دەبینین [ئاماژە بە کتێبەکانی سەر مێزەکە دەکا. ح.ق] ئەوانە لە دەرەوەی وڵات کتێبەکان چاپ دەکەن، لە ناوخۆی وڵاتیش بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و لە باکووری کوردستان، بە خۆشییەوە لە باشووری کوردستان چاپ دەبێ. بەڵام من وەک لێکۆلەرەوەیەک هەمیشە کێشەم لەگەڵ ئەوەیە ئەم کتێبانەی ئێمە چەند دەخوێندرێنەوە. ئێستا لە تیۆری ئەدەبی دا قوتابخانەیەک هەیە نێوی reader response theory یانی هەڵسوکەوتی خوێنەرەوە لەگەڵ دەقێک و کارتێکەری ئەوەی پۆڵ ڤالێری دەیڵێ ئێمە دەیخوێنینەوە لە پشتەوەی داهێنانێک هەیە بە ژیاننامەکەی جۆرێک ئیلهام وەردەگرین مەسەلەن ئەمن شانسم نەبووە یای کوبڕای عەزیمی ببینم، یای مەلەکە لە نزیک ڕا بە خزمەتی گەیشتووم بەڵام بەو کتێبەی دەڵێی ئەمن یای کوبڕای دەناسم و ئەهەمییەتی ئەوانە ئەوەیە.
قازی: ناوەرۆکی  کتێبی " فەرهەنگ و ڕزگاری " زیاتر چییە؟
ئەحمەدزادە: فەرهەنگ و ڕزگاری کۆمەڵێک وتارە لە سەر ئەم بیرەوەرییانەی یای مەلەکەی وتارێکی تێدا کە پێشتر لە گۆڤارێک دا لە باشوور چاپ بووە بەخۆشییەوە  لەو کتێبەش دا چاپ بووەتەوە. کۆمەڵە وتارە لەو ڕوانگەیەوە ئەمن بۆم گرینگە، دیمانە و ئەوانەشی تێدا، کە پردێک لە نێوان لۆکاڵ و گڵۆباڵ دا ساز بکەم یانی ئەمن ئەوەندەی باسی ڕۆمانی کوردی و گێڕانەوەی کوردی دەکەم ڕەنگە یەک و نیو ئەوەندە یا دوو ئەوەندە باسی گێڕانەوەی ڕووسی بکەم باسی ئاننا کارینای مەسەلەن تۆلستۆی بکەم، باسی مادام بواری فەرانسی بکەم لەبەر چی لەبەر ئەوەی ئەمن پێم وایە هەتا ئەوان باش نەزانین ئەو پرسەی عەرزم کردی کات، یانی تۆ لە ئەدەبی ئوڕووپایی دا لە خۆڕا نییە ئەو ئوڕووپایەی کە ئێستا ئێمە دەیبینین ئاوایە. هەر لە " دۆن کیخۆتێ" را لە سەرەتاکانی سەدەی ١٧ را هەتا ئێستا  لە نێوان بیرەوەری نووسی، یادداشت نووسی، ئەوەی کە پێی دەڵێن کڕۆنیکا، ئەوەی کە پێی دەڵێن دایێری، ئەوەی کە پێی دەڵێن بایۆگڕافی و ڕۆمان و گێڕانەوە بەردەوام پێوەندی هەیە.
قازی: ببوورە کاک هاشم ئیدی کاتمان نەماوە ئەگەر دەکرێ بە یەک دوو ڕستەش باسەکە داکووژێنی فەرموو!
ئەحمەدزادە: بەیەک دوو ڕستە!! نازانم باسەکان لەگەڵ جەنابت هەمیشە زوو دەرباز دەبن. هیوادارم دەرفەت بۆ من و بۆ خەڵکانی دیکە کە لەو بوارە دا کار دەکەن بگونجێ  کەزیاترخوێندنەوەی هەم دەقیانە، هەم کۆ دەقیانە، بەستێنانەمان لەوکتێبانە هەبێ و ئەو لایەنەی کە باسم کرد لایەنی خوێندنەوە ئەو کتێبانە چەند چاپ دەبن، چەندە بڵاو دەبنەوە و گرینگی ئەو بڵاو بوونەوە و چاپ بوون و خوێندنەوەی لە سەر ئەو شتەی کە پێی دەڵێن سابجێکتیڤیتی، مێنتالیتی و ئێمە چۆن ببین بە نەتەوە چییە و چۆنە زیاتر باس بکەین.
قازی: زۆر سپاست دەکەم بەڕێز دوکتور هاشم ئەحمەدزادە بۆ بەشداریت لە ڕاوێژ و هاتنت بۆ تێلێڤیزیۆنی ستێرک.
ئەحمەد زادە: زۆر سپاس
قازی: بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی بەرنامەی ئەمجارەشمان. تاکوو دیدارێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش!
تێبینی: ئەم بەرنامەیەی ڕاوێژ سەبارەت بە ژیاننامە نووسی، بیرەوەری نووسی ژنانی کورد، دوو کتێبی کوبڕا عەزیمی و مەلەکە مستەفا سوڵتانی  پێنجشەمە ١٦-ی مەی ٢٠٢٤ بە شێوەیەکی ڕاستەوڕاست لە تێلێڤیزیۆنی ستێرکەوە بڵاو کراوەتەوە. ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە دەکرێ بە ڕێی ئەم لینکەی خوارەوە لە کاناڵی ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب دا تەماشا بکەن.