ڕۆژنووسەکانی ئێران (١٩٤٦ – ١٩٤٤) حەسەن مەمەدئۆغلوو حەسەنۆف. یەک لە کاربەدەستە هەرە باڵاکانی سۆڤیەت لە ئێران لە سەر دەمی جمهووری کوردستان دا وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی فەرمانی چەک وەرگرتنەوە لە دێمۆکڕاتەکانی ئازەربایجان و سەفەری مەهاباد*
ڕۆژنووسەکانی
ئێران
(١٩٤٦ – ١٩٤٤)
حەسەن مەمەدئۆغلوو حەسەنۆف. یەک لە کاربەدەستە هەرە باڵاکانی سۆڤیەت
لە ئێران
لە سەر دەمی
جمهووری کوردستان دا
وەرگێڕان لە
ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
فەرمانی چەک وەرگرتنەوە لە دێمۆکڕاتەکانی ئازەربایجان و سەفەری مەهاباد*
١-ی ئاوریلی ١٩٤٦
ئاتاکیشێڤ و من بڕیار وابوو بچین بۆ مەهاباد. بەڵام لە بەر ئەوەی لە بەیانییەوە بەفرێکی قورس باریوە، سەفەرەکەمان
وەخرا. من دەمەویست نامەیەک بۆ باقرۆڤ بنووسم وتێیدا تووڕەیی و ناڕەزایەتی خۆم
دەرببڕم
و بڵێم کە ئێمە ناکرێ گەلی ئازەربایجان فیدای وەرگرتنی خاوەی نەوت بکەین، بەڵام
لەبەر ئەوەی کە بارودۆخەکە تەواو ڕوون نەبووەتەوە، ئەمن ڕەشنووسی نامەکەم بەلاوە نا ونەمنارد بەڵام لەدەروونی خۆمدا زۆر
نیگەرانم. چارەنووسی دێمۆکڕاتەکان هەتا بڵێی مایەی پەشێوەییە بۆ من.
ئێمە حکوومەتی نیشتمانیمان ئامۆژگاری کرد کە کار و حەولەکانیان بۆ ئامادە کردنی
خۆیان بۆ بەرگری و بەرخوەدان چڕتر کەنەوە. پێمان وایە خەڵک هەر وا بێ ئەوەی
دەستبکەنەوە تەسلیم نابن.
[....
٢-ی ئاوریلی ١٩٤٦
ئێمە ئەمڕۆ بەرەو مەهاباد دەچین، بەر لەوەی وەڕێ کەوین، ئاتاکیشیێێڤ و من چووینە
لای ژەنەڕال گلینسکی، ئەو تێلگرامێکی ماسلێنیکۆڤی نیشان داین کە تێێدا هاتووە کە
گشت ئەو چەکانەی کە بەدەست دێمۆکڕایەکانەوەن دەبێ کۆ بکرێنەوە وبنێردرێنەوە بۆ
یەکەتی سۆڤیەت. ئێمە بەتەواوی سەرمان سووڕمابوو ، هەر تەنێ دوو ڕۆژ لەمەوبەر باسی
ئەوەمان دەکرد چۆن حکوومەتی نیشتمانی پڕ چەکتر کەین و ئێستا فەرمان هاتووە ئەوەی
پێشیان دراوە وەربگیرێتەوە. ئەمن بە شەخسە ، بەتەواوی گێژ بووم. ئەو فەرمانە مانای
ئەوەیە ئێمە نامانەوێ دێمۆکڕاتەکان لە هەمبەر کۆنەپەرستی ئێراندا خۆڕاگری بکەن،
ئێمە نامانەوێ فشار بۆ شا بێنین کە پاشەکشە بکا و ئیمتیاز بدا بە دێمۆکڕاتەکان.
ئەگەر حکوومەتی سۆڤیەت نەیەڵێ ئەوان لە بەرامبەر قەوام دا بەرخوە بدەن، کەوابوو
بەلانی کەمەوە ڕێگا بدەن کە هەموو چالاکە
سیاسییەکان ڕابگوێزرێن بۆ یەکەتی سۆڤیەت.
ڕێگای مەهابادی زۆر ناخۆش و خراپ بوو، زۆری ئەزییەت کردین، چەندین جار
ئوتومبیلەکەمان پەکی کەوت. درەنگی شەوێ گەیشتئنە مەراغە. فەرماندەی ئەوێ نوسرەت
باقرۆڤ پێشوازی لێ کردین و بردینە شوێنی حاوانەوەی خۆی. شەوێ لەوێ بووین. باقرۆڤ
گوتی کە سەربازەکانی تیپی ئازەربایجان لە مەراغە خراپیان لەگەڵ ڕەفتار دەکرێ .
فەرماندەی تیپەکە دەخواتەوە و هتد. پێمان گوت پیشەوەری لە میاندواوە و لەوبارەیەوە
ئاگاداری دەکەین.
٣-ی ئاوریلی ١٩٤٦
ئەمن سەعات شەشی بەیانی وەخەبەر هاتم و هاوڕێکانیشم وەخەبەر هێنا. لە دوای خواردنی
نانی بەیانی چووین بۆ دیدەنی چۆمی مەراغە. ئەو چۆمە کە لە چیاوە دەخوشێ شارەکەی
کردووەتە دوو بەش، لە لایەکی چۆمەکە باغی میوەی بەناوبانگی مەراغە هەڵکەوتووە. لە
نزیک پردێ ئێمە چەند وێنەیەکی یادگاری ئەو شوێنانەمان گرت. لە سەعات ٧-ی بەیانی
بەرەو میاندواو وەڕێ کەوتین. چادەکە باشتر بوو، و ئوتومبیلەکان
خێراتر دەیان ئاژۆت، و لە مەراغەوە تەقریبەن ئێمە بە دو سەعات گەیشتینە میاندواو.
لەوێ زانیمان پیشەوەری لە کارخانەی قەندی یە. ئێمە چووینە ئەوێ. پێشەوەری لەگەڵ
کرێکارانی مەعمەلەکە قسەی دەکرد، ئەو بە گەرمی پێشوازی لێ کردین. دوای ئەوەی
قسەکانی تەواو بوو، ئێمەی بردە دیوێکی تر ، و لەوێ گوتی خەریکە حەول دەدا بۆ بەهێز
کردنی هێزی بەرگریی ئەو ناوچانە، باسی چۆنیەتی ئەو بابەتە و زیاد کردنی ژمارەی فیداییان،
و هتدی کرد. ئێمە پێمان ڕاگەیاند فەرمانێک لە لایەن فەرماندەییەوە هاتووە ئەو کاتەی
سەربازانی سۆڤیەت لە ئێران دەگەڕێنەوە بۆ سۆڤیەت دەبێ تۆپخانەکان لەگەڵ خۆیان
بەرنەوە. وەک ئەوە وابوو ئاوی کوڵیوی پێدا بکەی – ئەو دەموچاوی سوور هەڵگەڕا، سەری
داخست، و کوڵی گریانی دە ئەوکی دا بوو. من لەو بارودۆخە تێ دەگەیشتم. منیش دەمویست
بەکوڵ بگریم بۆ ئەوەی هێندێک دەروونم بحەسێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەمویست ئارامی
کەمەوە، و پێم کوت هیوا بڕاو نەبێ، خەڵک بۆ خەبات وەگەر بخا و هتد. ئەو کوتی جا چ
دەکرێ – ئەگەر لەو بارەیەوە فەرمانێک درابێ، ئێمە ناچارین بەجێی بێنین.
لەهەمان کات دا لە تێلگرامەکەی ماسلێنیکۆڤ دا هاتبوو ئەو فێرکار و کارناسانەی لە
بەر دەست حکوومەتی نیشتمانی نراون بانگ دەکرێنەوە بۆ سۆڤیەت. ئێمە نەمانویست
دەستبەجێ ئەوە بە پیشەوەری بڵێین، بەڵام ئەو هەستی پێکرد و گوتی ڕەنگە ئێوە
فەرمانێکیشتان بۆ بێ بۆ بردنەوەی فێرکار و کارناسەکان.
دوای ماڵاوایی لە پێشەوەری لە میاندواو ئێمە بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین. کاتێک
ئێمە گەیشتینە جێ، قازیی محەمەد لە ماڵ نەبوو، ئوتومبیلەکانمان لە نزیک ماڵی قازیی
ڕاگرت. ئەو هاتەوە و بانگێشتنی کردین بۆ
ماڵە خۆی. ئێمە چاومان بە ئەفسەری سۆڤیەتی خۆمان، قارەمانی یەکەتی سۆڤیەت
سەلاحەدین کازمۆڤ
( لێرە [مەهاباد] بە عیسازادە دەناسرێ) و برا گەنجترەکەی محەمەد حوسێن قازی [ سەیف
قازی]، ڕەحیم کەوت.
ئێمە هێندێک فیلمهەڵگر و سینەماتۆگڕافیشمان لەگەڵ بوو کە دەیانەویست هێندێک لە
ژیانی حکوومەتی دێمۆکڕاتیک، پێشکەوتنەکانی بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیک و هتد فیلم هەڵبگرن.
قازیی محەمەد گوتی ئەو کارەیان بۆ ڕێک دەخا و خانوەکەی بە جێهێشت. کوردەکان
کاریگەریی و ئامادەییەکی جێی سەرنجیان لە خۆیانەوە نیشان دا. ئێمە دوای چەند
دەقیقەیەک دەرکەوتین و چووینە خیابانێ و ئەوەی دیتمان باوەرمان بەچاومان نەدەکرد.
ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی نیزامی [ پێشمەرگە] و جەماوەری خەڵک بەرەو ئەو مەیدانە
دەهاتن کە هێندە لە ماڵی قازی دوور نەبوو. لە ماوەی سەعاتێک دا مەیدانەکە یەکی
دیکەشی نەدەبرد پێشمەرگەی سوار و یەکە پیادەکانی پێشمەرگەی کورد، منداڵە مەدرەسە
وشارومەندانی گەورە ساڵ لەوێ بوون و لە سەر سەکۆی مەیدانەکە قازیی محەمەد، محەمەد
حوسێن [ سەیف قازی] و ڕێبەرەکانی دیکەی بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی کوردستان ڕاوەستا
بوون.
لە پێشدا پێشمەرگە جەنگاوەرەکان کە ئەفسەرکانیان پێشەنگیان بوون ڕێژەیان دا، کە
یۆنیفۆڕمی نیزامیان دەبەر دەبوو و زۆر جوانیان لێ دەکاڵایەوە. منداڵە چکۆڵەکانیش
سەیر بوو ڕێژەکەیان زۆر ڕێک و پێک بوو.
بەدوای ئەواندا سوارەکان هاتن. ئەو ڕێوڕەسمە زۆر چاوڕاکێش بوو. هاوکارەکانمان
فیلمی هەموو ڕێوڕەسمەکەیان گرت و ئەو کارە زۆر وەستایانە کرابوو.
لە دوای ڕێژەکە چووینە ماڵی قازی و لەوێ نانی نیوەڕۆمان خوارد. ئەو چێشتەی لێ
نرابوو خۆش و زۆر بەچێژ بوو.
ڕەحیم قازی خزمەتی دەکردین و ئێمە زۆرمان
خۆش لێی هات. ئەمن تفەنگێکم بە دیاری دایە و پێشنیارم پێ کرد بۆ خوێندن بچێ بۆ
باکۆ و ئەویش ئەوەی پێ فکرێکی باش بوو.
دوایە ئێمە لەگەڵ قازی باسی پێداویستی بەهێزکردنی دۆستایەتی نێوان
ئازەربایجانییەکان و کوردەکانمان کرد. سەعات ٧ مەهابادمان بەجێهێشت. لە میاندواو
هێندێک ڕاوەستاین و سەرمان لە فەرماندەکەمان دا لەوێ نەماز عەلییێڤ. ئێمە سەبارەت
بە بارودۆخ ئاگادارمان کرد و ئامۆژگاریمان کرد یارمەتی بکا بە بەهێز کردنی توانایی
بەرگریی لەو ناوچەیە دا. نەماز عەلییێڤ کوتی ڕێبەری لقی فیداییەکانی ناوچەیی، ئارام زادێکیان
[سەرهەنگ ئارام] ، داوای ئیجازە دەکا بۆ گرتنی تیکان تەپەی هەوشار. ئێمە پێمان گوت
نابێ کارێکی وا بکا و ئەو بارودۆخەی هەیە نابێ ئاڵۆزتر بکرێ. سەعات ٣٠:٢
گەیشتینەوە تەورێز. ئەمن حاڵم هیچ خۆش نییە، نازانم ڕووداوەکان چییان لێ شین دەبێ.
١٣-ی ئاوریلی ١٩٤٦
پەیامێک لە مەهابادەوە هات کە حەمەڕەشید خان [ قادر خانزادە] لەوێ بووە. قازیی محەمەد کردووەیەتە فەرماندەی
گشتی هێزی پێشمەرگەی دێمۆکڕاتی کوردستان لە ناوچەی بۆکان و دەور وبەری.
لە کوردستانەوە، محەمەد حوسێن [ سەیف قازی] سەردانی کردین و داوای دانی تفەنگی
زیاتری دەکرد. ئەو پێی ڕاگەیاندین
کوردەکان لەگەڵ ئازەربایجانییەکان خەریکی خۆ ئامادەکردنن بۆ پاشەکشە پێکردنی هێزە
نیزامییەکانی ئێران. بۆیە، پێویستە یارمەتی کوردەکان بدرێ بۆ پڕچەککردنی
ئەڕتەشەکەیان.
[ ....]
سەرچاوە:
حەسەن مەمەدئۆغڵوو حەسەنۆف
ڕۆژنووسەکانی ئێران
(١٩٤٦- ١٩٤٤)
وەشانخانەی عیلم ،
باکۆ ٢٠٠٧
* سەردێڕی بابەتەکە لە
لایەن وەرگێڕ ڕا داندراوە

