ڕۆژنووسەکانی ئێران (١٩٤٦ – ١٩٤٤) حەسەن مەمەدئۆغلوو حەسەنۆف. یەک لە کاربەدەستە هەرە باڵاکانی سۆڤیەت لە ئێران لە سەر دەمی جمهووری کوردستان دا وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی، دەستەیەکی سیاسی کەمتر پێ زانداوی کورد کە دەکرێ هەمان حیزبی ئازادیی کوردستانی عەزیز زەندی بێ *
ڕۆژنووسەکانی ئێران
(١٩٤٦
– ١٩٤٤)
حەسەن مەمەدئۆغلوو
حەسەنۆف. یەک لە کاربەدەستە هەرە باڵاکانی سۆڤیەت لە ئێران
لە سەر دەمی جمهووری
کوردستان دا
وەرگێڕان لە
ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی
دەستەیەکی سیاسی کەمتر پێ زانداوی کورد کە دەکرێ هەمان حیزبی ئازادیی کوردستانی عەزیز
زەندی بێ *
٦-ی نۆڤامبر ١٩٤٤
..... دوایە کوردێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی حەبیب هاتە لام. ئەو ڕاگەیاند لە ڕۆژی
یەکەمی هاتنی ئۆردووی سوور بۆ ئێران ، ئەو بە قازانج و لە بەرژەوەندی نوێنەرانی
سۆڤیەت دا کاری کردووە. باسی زۆرێک لە کارمەندە سۆڤیەتییەکانی کرد، لەوانە
ئاتاکیشییێڤ. حەبیب گوتی ئەو دواتر گیراوە و لە ڕەزائیە (ورمێ) زیندانی کراوە.
ئێستا ئەو و هاوڕێیانی بە خۆیان دەڵێن کۆمۆنیست و دەیانەوێ لە مەهاباد کلووبێک
بکەنەوە و داوای ڕەزایەتی ئێمە دەکەن.
ئەمن لە وڵام دا پێم گوت ئەوان بۆ ئەو کارە حەوجێیان بە ڕەزایەتی ئێمە نییە و لە
کاری خۆیاندا ئازادن، خۆیان بڕیار دەدەن چ ناوێک لە خۆیان دەنێن و چ جۆرە کلووبێک
دەکەنەوە.
لەمەڕ بار ودۆخی کوردستان، حەبیب ڕایگەیاند کە کەشوهەوای [سیاسی] زۆر گەرمە. هێشتا
زۆر لە ڕێبەرانی کورد لە ناو خۆیاندا ڕێک نەکەوتوون؛ عەشیرەتە بەهێزەکان خەڵکی
لاواز سەرکوت دەکەن. ڕووسەکان هیچ هەنگاوێک نانێنەوە بە دژی ئەو عەشیرەتە
بەهێزانە.
حەبیب زۆر بە خراپە باسی رێبەرە دەوڵەمەندە کوردەکان وەکوو ئەمیر ئەسعەد، قاسم
ئاغای ئێلخانیزادە ، عەوڵائاغای مەنگوور و ئەوانیدی کرد. ئەو بە گەرمی پەسنی کوردی
وەک سەید محەمەدی سەییدی، سەید محەمەدی ئیسحاقی. عەزیز ...، حەمەدەمین موعینی،
قادر بابانزادە و ئەوانی دیکەی دا. ئەو بەتایبەتی بەڕێزەوە پەسنی شێخ عەبدوڵای دا.
٢٨-ی دیسامبری ١٩٤٤
نوێنەری کورد حەبیب هاتە لام و ڕای گەیاند
ئەوە دوازدە ڕۆژە لە ناوچەی سەردەشت لە نێوان عەشیرەتەکانی گەورک و سوێسنی لە
لایەکەوە، و عەشیرەتی مەنگوڕ لەلایەکی دیکەوە شەڕێکی قورس لە ئارا دایە. ئەو
سەربازە ئێرانیانەی وا لە سەردەشت دامەزراون یارمەتی عەشیرەتی گەورک دەدەن. لە هەر دووک لا کووژراو و بریندار هەیە. لەوەش
دەرچێ، حەبیب پێی ڕاگەیاندم ئەو و هاوڕێیانی ڕێكخراوێکی تازەیان لە مەهاباد لە
خەڵکی لایەنگری ئازادی دامەزراندووە. ئەو ڕێکخراوەیە تا ئێستا ٣٠٠٠ ئەندامی هەیە.
ئەوانە هەر کورد نین، بەڵکوو خەڵکانی ئازادیخوازی
نەتەوەکانی دیکەشیان لەگەڵە. حەبیب هەر وەها گوتی ئێستا لە نێوان ئەوان و
کۆمەڵەی ژێکاف وتوێژ لە گۆڕێ دایە لەمەڕ دەرفەتی یەکگرتن. ڕێکخراوەکەیان دەستەیەکی
سەرۆکایەتی لەو کەسانەی خوارەوە هەڵبژاردووە.
سەید محەمەدی سەییدی
سەید محەمەد ئیسحاقی
حوسێن ....
حوسێن .....
حەمەدی مەولوود
موستەفای زینەتێ
کەریمی لاوان!!
٣٠ دیسامبری ١٩٤٤
..... دوایە زەبیحی هاتە لام . نامەیەکی کۆمەڵەی ژێکافی
دامێ کە بۆ وەزیری کاروباری دەرەوەی یەکەتی سۆڤیەت هاوڕێ مۆلۆتۆڤنووسرا بوو. زەبیحی گوتی نامەیەکی لە
عێراقەوە بە دەست گەیشتووە کە تێیدا بە
باشی باسی گۆوارەکەیان " نیشتمان" کراوە. زەبیحی هەر وەها ڕایگەیاند حەبیب لە
مەهاباد هێندێک کەسی لە دەوری خۆی
کۆکردووەتەوە و دەیەوێ حیزبێکی نوێ دامەزرێنێ . بەڵام ئەم حیزبە جگە
لە زیان هیچ شتێکی بۆ گەلی کورد پێ نییە . بۆیە ئێوە دەبێ بە ئیحتیاتەوە قسەکانی
وەرگرن. بە زەبیحیم گوت لە
دیدارەکانی داهاتوودا لەگەڵ حەبیب ئەوە لەبەر چاو
دەگرین...
====
نەمر مەناف کەریمی لە مێزیگردێک دا بە ناوی " ژێ کاف، مێژوو، بیروبۆچوون و
ئامانجەکانی" کە لە گۆواری
دوومانگان ڕوانگە ژمارەی ١١، چاپی تەورێز، ئۆکتۆبری ٢٠٠٢ دا بڵاو کراوەتەوە ئاوا باسی ئەو گرووپە دەکا
کە
حەبیب [ حەبیبە زەرد، حەبیبی ساڵحی] لای
حەسەنۆف خۆی وەک نوێنەریان ناساندووە
" ڕوانگە: لە هێندێک سەرچاوە دا عەزیزی زەندی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی ژێ –کاف
باسی لێوە کراوە. ئێوە ڕاتان چییە؟
مەناف کەریمی: ئەمڕۆکە، زۆر کەس خۆیان بە
دامەزرێنەر یان ئەندامی ژێ.کاف لە قەڵەم دەدەن، چونکە ژێ کاف ڕێکخراوەیەکی نهێنی
بوو قسە کردن لە سەر ڕاست بوون یا درۆ بوونی ئەو ئیدیعایانە کارێکی دژوارە. ئەمن بەش
بە حاڵی خۆم قەت عەزیز زەندیم نەناسیوە و لە هیچ دانیشتنێکی حیزبی دا نەم دیوە.
عەزیز زەندی لەگەڵ حەبیبە زەرد و چەند کەسی دیکە مەڕامی کۆمۆنیستییان هەبوو."
سەرچاوە:
حەسەن مەمەدئۆغڵوو حەسەنۆف
ڕۆژنووسەکانی ئێران
(١٩٤٦- ١٩٤٤)
وەشانخانەی عیلم ، باکۆ ٢٠٠٧
*سەردێڕی بابەتەکە لە لایەن وەرگێڕ ڕا داندراوە

No comments:
Post a Comment