كێ ڕاسته کێ هه‌ڵه‌یه ؟
دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ د. هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌دا
زانایان و شاره‌زایانی زمان هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ كێشه و گرفتی زماندا ڕووبه‌ڕوو ده‌بنه‌وه و له هه‌وڵی باشتركردن و په‌ره‌پێداندان، به‌ڵام هاوكات گرفتی دیكه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن و جاروباریش گرفته‌كان له‌نێوان خودی شاره‌زایاندا ده‌بنه كێشه و له ئاكامدا شتی چاوه‌ڕوان نه‌كراو ڕووده‌ده‌ن.به‌دوای هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌ی فه‌رهاد شاكه‌لی له دیمانه‌دا، ده‌نگی ڕه‌خنه و گازه‌نده له چه‌ند لاوه به‌رز بۆته‌وه و له‌مه‌ڕ بۆچوونه‌كانی شاكه‌لی له‌سه‌ر ئه‌لفوبێی كوردی و هه‌روه‌ها ڕۆڵی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌كان له‌م بواره‌دا بابه‌ت و نووسینی زۆر بڵاوبوونه‌ته‌وه كه تێیاندا تووڕه‌بوون و بێزارییه‌كی زۆر له‌سه‌ر قسه‌كانی شاكه‌لی به‌دیده‌كرێت.[1]
به پێویستم زانی جارێكی دیكه له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا و بۆ ڕاست و دروستی ئه‌م بۆچوونانه، له‌گه‌ڵ شاره‌زایه‌كی دیكه‌ی زمان بكه‌ومه هه‌ڤپه‌یڤین و وه‌ڵامی هه‌ندێك له پرسیاره سهرههڵدراوهكان وه‌ربگرینه‌وه. د. هاشمی ئه‌حمه‌دزاده، مامۆستای لێکۆڵینه‌وه‌ی كوردی (Kurdish Studies) له زانستگه‌ی ئێگزێتر (بریتانیا)، وه‌ڵامی پرسیاره‌كانمان ده‌داته‌وه و بۆچوونی خۆیشی سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌یه ده‌رده‌بڕێت.
كاك هاشم، با له‌م ده‌ربڕینه‌ی كاك فه‌رهاد شاكه‌لییه‌وه ده‌ستپێبكه‌ین؛ ئه‌و ئه‌لفوبێی لاتینی به هه‌وڵی ئیمپه‌ریالیست به مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی كوردستان گرێده‌دات. به بۆچوونی تۆ ئه‌مه ته‌نیا ڕوانگه و بۆچوونه یان لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی و به‌ڵگه‌ی باوه‌ڕپێكراو له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه؟-
به‌ر له هه‌ر شتێک سپاستان ده‌که‌م بۆ ڕه‌خساندنی ئه‌م ده‌رفه‌ته. ده‌بێ به‌ر له وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌که‌تان ئاماژه به چه‌ند خاڵی پێویست بکه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ڕێ له به‌رده‌م هه‌ر چه‌شنه تێگه‌یشتنێک و خوێندنه‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه له‌م هه‌ڤپه‌یڤینه بگیرێ. یه‌که‌م، ئه‌وه‌ی که من حه‌زم نه‌ده‌کرد پرسیاره‌کانی ئێوه به ئاماژه به قسه‌کانی کاک فه‌رهاد ده‌ستیان پێکرا با. ده‌کرا پرسیاره‌کان سیمایه‌کی سه‌ربه‌خۆتر، گشتی‌تر و هزرییانهتریان هه‌بوایه. به واتایه‌کی تر ئێمه به‌بێ بنه‌مایه‌کی قایمی تیۆریی له‌سه‌ر زانستی زمان‌ناسی ئه‌سته‌مه بتوانین خۆمان له قه‌ره‌ی باسێک بده‌ین که تێیدا به‌رده‌وام ئاماژه به "زانست" و "زمان‌ناسی" ده‌کرێ. خاڵی دووه‌م که پێمخۆشه ئاماژه‌ی پێ بکه‌م ئه‌وه‌یه که من له‌گه‌ڵ کاک فه‌رهاد شاکه‌لی دۆستم و ماوه‌یه‌کی زۆر له زانکۆی ئوپسالا هاوکار بووینه و ته‌نانه‌ت ژووری کاره‌که‌شمان هاوبه‌ش بووه. خۆیایه له هه‌موو ئه‌و باسانه‌ی که له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا دێنه ئاراوه، به له‌به‌رچاوگرتنی داڕشتن و سروشتی پرسیاره‌کان، من ده‌بێ له‌گه‌ڵ کاک فه‌رهاددا بکه‌ومه گفتوگۆ و ده‌ربڕی ڕا و تێبینییه‌کانی خۆم بم که زۆر جاران له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌کانی ئه‌ودا یه‌ک ناگرنه‌وه. مـن به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم که جیاوازیی بیروبۆچوون به لای منه‌وه شتێکه ته‌واو پێویست و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌شم دڵنیام که جیاوازییه‌کان به هیچ شێوه‌یه‌ک نابنه ڕێگری ڕێز و حورمه‌تی من بۆ که‌سانێک، لێره‌دا کاک فه‌رهاد، که وه‌ک من بیر ناکه‌نه‌وه یاخود من وه‌ک ئه‌وان بیر ناکه‌مه‌وه. من بنه‌مای بیری جیاواز و ڕێزگرتن له جیاوازیی له ئه‌ندێشه‌کانی ئیبنی خه‌لدوون و تیۆریی "عهسهبییهی" جیاوازی ئه‌و، له گه‌وره‌یی ڤۆلته‌ر بۆ پێشوازیی و ته‌نانه‌ت قوربانی‌کردنی خۆی بۆ هه‌موارکردنی ده‌ربڕینی بیری جیاواز، له ڤیکۆ و له دێریدا و هتد ده‌دۆزمه‌وه و جیهانی یه‌کده‌نگی و یهکڕاییم پێ جیهانێکی جه‌هه‌ننه‌مییه. له ڕاستیدا بۆچوونه‌کانی کاک فه‌رهاد له‌م وتووێژه‌دا له کاراکتێری باسێکی به به‌ڵگه و سه‌لماندنی جهدهلییانه و بابه‌تییانه‌ی باو له دونیای ئاکادێمیدا دوورن. چۆن و له‌به‌ر چی وا ده‌ڵێم؟ له‌م پرسیاره‌ی ئێوه‌دا، سه‌ره‌ڕای کورتبوونی، چه‌ند باسی گرنگی وه‌ک "ئه‌لفوبێ"، "لاتینی"، "ئیمپریالیزم" و "دابه‌شکردنی کوردستان" شاراوه‌ن. ئه‌م لایه‌نانه هه‌موویان قسه و باسی زۆر هه‌ڵده‌گرن. مرۆڤ ده‌کرێ بپرسێ که‌ی کوردستان دابه‌ش کرا، که‌ی ئه‌لفوبێی لاتینی هاته ئاراوه، که‌ی ئیمپریالیزم ئه‌و ناماقووڵییهی کرد؟ ئایا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه ده‌توانێ بمانگه‌یه‌نێته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی که کاک فه‌رهاد ئاوا به تێڕادیوی ده‌ریده‌بڕێ؟ له‌وه‌ش گرنگتر "ئه‌لفوبێی" لاتینی چ پێوه‌ندییه‌کی به ئیمپریالیزمه‌وه هه‌یه؟ کاک فه‌رهاد کاتێک باسی زمان‌ناسی ده‌کات و ژماره‌ی زمانناسانی کورد له خۆی زیاتر تێناپه‌ڕێنێ، ده‌بێ به ئاماژه‌یه‌کی سه‌رپێییش بێت بۆ خوێنه‌ره‌وه‌ی ڕوون کاته‌وه که زمان‌ناسی چۆن له پێوه‌ندیی فۆڕمی نووسین و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی زمانێکی دیاریکراو ده‌دوێ. من به دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێم نه کاک فه‌رهاد و نه هیچ که‌سێکی تر ناتوانێ به‌ڵگه‌یه‌کی بنه‌ماداری زمانناسییانه بهێنێته‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی که له نێوان زمانێکی دیاریکراودا و فۆڕمی نووسینی یاخود ئۆرتۆگرافیی ئه‌م زمانه‌دا پێوه‌ندییه‌کی جه‌وهه‌ری یان کاکڵگرانه هه‌یه. مرۆڤ پێویست ناکا چامسکی یان یاکوبسێن بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌م فۆرموله تێبگات. خوێندنی کۆرسێکی بیست وانه‌یی (units, credits, points) له زانکۆیه‌کی ڕۆژاوایی بایی ئه‌وه‌نده ده‌دات به خوێندکار که بزانێ "نیشانه" چییه، "دال" چییه، "مه‌دلول" چییه و بزانێ که پێوه‌ندیی نێوان ئه‌لفوبێ و زمان پێوه‌ندییه‌کی دڵخوازه و له ئاکامی کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رجی جۆغرافیایی، مێژوویی، کولتوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و هێندێک جار ئایدۆلۆژیک و سیاسییه‌وه دێته ئاراوه. هیچ زمانێک له ئه‌زه‌له‌وه ئه‌لفوبێیه‌کی تایبه‌تیی بۆ دیاری نه‌کراوه. ئه‌لفوبێ ده‌ستکردی مرۆڤه و له زه‌مه‌ن و شوێنی جیاوازدا شێوه و ڕواڵه‌تی جیاوازی به خۆیه‌وه گرتووه. باشه ڕه‌چاوکردنی ئه‌لفوبێی لاتین له لایه‌ن قوتابخانه‌ی هاواره‌وه له سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چ پێوه‌ندییه‌کی به دابه‌شکردنی کوردستانه‌وه هه‌یه؟ وه‌ک ده‌زانین دوو ڕێکه‌وتی مێژوویی دابه‌شکردنی کوردستان، واتا شه‌ڕی چالدرانی نێوان سه‌فه‌وی و عوسمانییه‌کان له 1514دا و دواتر شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانی و هه‌ره‌سهێنانی ئیمپراتۆریی عوسمانی، به‌ر له کرده‌وه‌ی ڕه‌چاوکردنی ئه‌لفوبێی لاتین له لایه‌ن سه‌یدا جه‌لاده‌ت به‌درخانه‌وه ڕوویان داوه. که واته له‌باری مێژووییه‌وه ئه‌م قسه‌ی کاک فه‌رهاد ڕاست نییه. له هه‌مان کاتدا به دوای شه‌ڕی یه‌که‌مدا ده‌زانین که ئیمپریالیسته‌کانی بریتانیایی له باشووری کوردستان بوون و ته‌نانه‌ت له به‌غداش گۆڤاری کوردی‌یان ده‌رده‌کرد و هانی نووسه‌رانی کوردیان ده‌دا به کوردی بنووسن و زۆر له ئه‌فسه‌رانی ئینگلیسی خۆیان فێری زمانی کوردی به ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی کرد. باشه ئه‌م ئیمپریالیستانه بۆ ئه‌وکات ئه‌م ئه‌لفوبێی لاتینییهیان به‌سه‌ر کورددا دانهسهپاند؟ له کاتێکدا که ئێدمۆندز و سۆنی ئیمپریالیست هاریکاری ڕێنووسی دهستتێوهردراوی ئارامی یان عه‌ره‌بی بۆ نووسینی کوردی بوون، ساتعهلعوسریی موسڵمان و ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌کرد لادان له ڕێنووسی قورئان کوفره و ده‌ستنیشانکردنی چه‌ند پیت بۆ نوێنه‌رایه‌تیکردنی ئه‌و ده‌نگه کوردییانه‌ی له زمانی عه‌ره‌بیدا نیین به لای جه‌نابییه‌وه گوناهی که‌بیره بوو. هاوکات ده‌بێ ئه‌وه‌ش بپرسین که گۆڕینی ئه‌لفوبێ ده‌یتوانی بۆ ئیمپریالیزم چ سوودێکی هه‌بێ؟ باشه بۆچی ئه‌م دێ‌و و درنجانه له ڕۆژهه‌ڵاتی دوور، وه‌ک میناک له هیندوستان ئه‌م کاره‌یان نه‌کرد؟ بۆچی له خودی عێراق ئه‌م کاره‌یان نه‌کرد؟ ئایا کورد هێنده فاکتۆرێکی گه‌وره بوو له هاوکێشیی هێزی ئیمپریالیستیدا که خه‌و و خۆراکی له ئه‌ندازیارانی ئیمپریالیزم هه‌ڵگرتبوو، و ئه‌وان ده‌بوایه بۆ دابه‌شکردنیان ئه‌م ئه‌لفوبێیه‌یان به‌سه‌ردا سهپاندبان؟ من هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ دروستبوونی بۆچوونێکی له‌م چه‌شنه نابینم. مرۆڤ ده‌کرێ له خۆی بپرسێ باشه مه‌به‌ستی میر جه‌لاده‌ت به‌درخان له ئاراسته‌کردنی نووسینی کوردی به ئه‌لفوبێی لاتینی چی بوو؟ ئه‌و له چ هه‌لومه‌رجێکدا ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌ڵێناوه؟ ئه‌و کات به دڵنیایییه‌وه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت دژی ده‌کارهێنانی ئه‌م ڕێنووسه‌ش بێ، ناتوانێ ئه‌وا سووک و هاسان هێرش بکاته سه‌ر ناسراوترین ڕووناکبیرانی مێژووی هاوچه‌رخی کورد و به جاسووسیان ناوزه‌د بکات. باشه کاک فه‌رهاد بۆچی نابێ سه‌ره‌داوی ئه‌م جاسووسییه به‌ده‌سته‌وه بدات که ئێمه‌ش لێی تێبگه‌ین؟ جه‌لاده‌ت به‌درخان به ڕێنوێنیی کام "ئیمپریالیست" ئه‌م هه‌نگاوه‌ی هه‌ڵێناوه؟ ئه‌م هه‌ڵسوکه‌وته ئایدۆلۆژیکه زۆر دووره له باسێکی ڕوونکه‌ره‌وه‌ی به به‌ڵگه. من پێشنیار ده‌که‌م ئه‌گه‌ر قه‌راره ئه‌م باسه درێژه‌ی هه‌بێ با به وردی و به شێنه‌یی قۆڵی لێهه‌ڵماڵین و بنه‌ما تیۆریکییه‌کانی بۆچوونه‌کانمان ڕاڤه بکه‌ین. بۆ ئه‌م ئه‌رکه گرنگه ده‌کرێ کۆڕ و سێمینار وهڕێخرێن و له ئامرازه‌کانی ڕاگه‌یاندنی کوردی که‌ڵکی پێویست و شیاو وه‌رگیرێ. ژیانی پڕ له چه‌رمه‌سه‌ریی جه‌لاده‌ت به‌درخان و مه‌رگی ئه‌م کورده هێژایه له "بیری قه‌ده‌ری" تاراوگه‌دا زۆر به‌نرختره له‌وه‌ی که ئاوا سووک و هاسان به جاسووسی ئیمپریالیستان له‌قه‌ڵه‌م بدرێت.
كورمانجی سه‌روو و كورمانجی خواروو هه‌ردووكیان كوردین. له ڕوانگه‌ی شاكه‌لییه‌وه ئه‌لفوبێی یه‌كیان "لاتینی"یه و ئه‌وی دیكه‌یان "كوردی". بۆچوونی تۆ له‌سه‌ر ئه‌م ده‌ربڕینه چییه؟
- بڕوانه کاک مه‌جید، ئه‌گه‌ر مرۆڤ بیهه‌وێ هه‌موو ئه‌و ئه‌لفوبێیانه‌ی که له‌م جیهانه‌دا ده‌کار ده‌هێندرێن پۆلینه بکات، تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر فۆڕمی سه‌ره‌کیی ئه‌م ئه‌لفوبێیانه نه‌ک لقوپۆپیان، ناتوانێ ژماره‌یان بگه‌یه‌نێته ده فۆڕمی سه‌ره‌کی. ئه‌گه‌ر ئه‌لفوبێی لاتینی له‌به‌رچاو بگرین، به دوای هاتنه ئارای نووسین و بڵاوکردنه‌وه به زمانه ناوچه‌ییه‌کانی ئوروپا، به‌ره‌به‌ره هه‌وڵی گۆڕانکاریی له‌م ئه‌لفوبێیه په‌ره‌ی ساند و هه‌ر زمانه‌ی به گوێره‌ی هه‌لومه‌رجی خۆی ده‌ستێکی له‌م ئه‌لفوبێیه وه‌ردا و ئێستا جیاوازییه‌کانی نێوان ئه‌لفوبێی سویدی و ئینگلیسی و فه‌رانسه‌وی، ئه‌گه‌رچی زۆر که‌من، به‌ڵام مۆرکی ئه‌و زمانانه‌یان به‌خۆیانه‌وه گرتووه و که‌س ناتوانێ بڵێ ئه‌مه هه‌مان ئه‌لفوبێیه که لاتینیی پێ ده‌نووسرا و له هه‌مان کاتیش‌دا هه‌ر زمانه‌ی ئه‌م ئه‌لفوبێیه به هی خۆی ده‌زانێ. وه‌ک ده‌زانین ئه‌لفوبێی لاتینیی ڕه‌چاوکراو بۆ نووسینی کوردی ئێستا ئیتر کوردییه و له تورکیا له‌به‌ر بواری ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستی به سه‌دان کوردی له‌سه‌ر ده‌گرن و هه‌تا چه‌ند ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر هه‌ر ته‌واو قه‌ده‌غه‌ش بوو. هه‌ر ئێستا له زیندانه‌کانی تورکیادا کورد هه‌ن که به "تاوانی" ده‌کارهێنانی پیتی W بۆ نووسینی وشه‌ی نه‌ورۆز (Newroz) گیراون. له دادگاکانی تورکیادا دۆسییه‌ی خه‌ڵکانێکی زۆر که ویستوویانه ناوی مناڵه‌کانیان بنێن "خه‌زاڵ" به پاساوی ئه‌وه‌ی که پیتی X له ئه‌لفوبێی زمانی تورکیدا نییه، بێ وه‌ڵام ماونه‌ته‌وه. ئه‌مه چاره‌نووسی پیتی Q شه له تورکیا. باشه بۆ ده‌بێ ئه‌لفوبێی ده‌ستکاریکراوی ئارامی یان عه‌ره‌بی "کوردی" بێ و هی لاتینی کوردی نه‌بێ؟ ئه‌م پێوه‌ندییه جه‌وهه‌رییه کامه‌یه که ئێمه نایزانین؟ کاک فه‌رهاد پشت به چ زمانناسێک و قوتابخانه‌یه‌کی زمان‌ناسی ده‌به‌ستێته‌وه بۆ ئه‌م ده‌ربڕینه‌ی؟ به باوه‌ڕی من ئه‌م ئه‌لفوبێیانه هه‌ردووکیان کوردیین. دیسان مرۆڤ پێویست ناکات که ماکس وێبێر یان کارل مارکس بێ بۆ تێگه‌یشتن له هۆکاره‌کانی ئه‌م دیارده‌یه له کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی‌دا که ده‌ره‌نجامی دابڕانی پارچه‌کانی کوردستانه له یه‌کتر. با من له‌وه‌ش ئه‌ولاتر بڕۆم و بڵێم که ئه‌لفوبێی سیریلییش که پێشتر له سۆڤیه‌تی پێشوودا ده‌کار ده‌هات کوردییه و ماتریالێکی کولتوریی زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند به‌م ئه‌لفوبێیه به‌رهه‌م هاتووه که من به‌ش به حاڵی خۆم شانازیی پێوه ده‌که‌م. زمان‌ناسان به‌تایبه‌تی زمانناسانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌میشه خولیای ئه‌م دیاردانه‌ن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن له هۆکاره‌کانی ئه‌م دیاردانه بکۆڵنه‌وه و بزانن چۆن کۆمه‌ڵه خه‌ڵکانێک که خاوه‌نی هه‌ستی هاوبه‌شی نه‌ته‌وه‌یین ئاوا تووشی دابڕانی زمانی و کولتوریی له یه‌کتر بوونه. له هه‌مان کاتدا دیارده‌ی دوو ستانداردی دیارده‌یه‌که نامۆ نییه له جیهانی ئه‌مڕۆدا. ئه‌م دیارده‌یه له ئالبانی و له ئاستێک‌دا له نۆروێژ دێته به‌رچاو و زمانی کوردییش ده‌کرێ، ئه‌گه‌رچی ڕه‌نگه ناخۆش بێ و ئیدیالی من و تۆش نه‌بێ، ئاوا سه‌یری بکردرێ: زمانێک به دوو ستاندارده‌وه. لێره‌دا نامهه‌وێ بچمه سه‌ر باسی ستاندارد و چبوونی ئه‌م چه‌مکه. ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم که زۆر جار ده‌کارهێنانی ئه‌م تێرمه له لایه‌ن هێندێک که‌سه‌وه بۆ ترساندنی نه‌یارانه نه‌ک بۆ شیکردنه‌وه‌ی زمان. زمانی ستاندارد خۆی له خۆیدا هه‌بوونی نییه و ده‌ره‌نجامی پلانداڕێژییهکی دیاریکراو و پسپۆڕانه‌یه.
شاكه‌لی زێده‌تر له ئه‌لفوبێی لاتینی ده‌دوێت و له‌و باوه‌ڕه‌دایه كه "سه‌قه‌ت و نازانستی و ناكوردییه" و ته‌نانه‌ت "به‌كه‌ڵكی زاراوه‌ی كورمانجی خۆیشی نایه‌ت". ئایا ئه‌م ئه‌لفوبێیه هێنده شاشه كه بۆ نووسینی كوردی ده‌ست نادات؟ ئه‌گه‌ر وا بێت، كورده‌كانی باكووری كوردستان له نووسینه‌كانیاندا سه‌ركه‌وتوو نیین و ئه‌وه‌ی هه‌یانه نیوه‌چڵه؟
- به ڕاشکاوییه‌وه ده‌ڵێم ئه‌م پێناسانه‌ی کاک فه‌رهاد خاوه‌نی هیچ پشتیوانه‌یه‌کی زمانناسییانه نین. "سه‌قه‌ت"؟ باشه با کاک فه‌رهاد ئه‌م وشه‌یه وه‌رگێڕێته سه‌ر زمانی ئینگلیسی و له ئینسیکلۆپێدیای زمانی داوید کریستالدا به شوێنی‌دا بگه‌ڕێ، بزانێ له زمانناسیدا تێرم یاخود چه‌مکێکی وا هه‌یه؟ ئه‌وه له‌و قسانه ده‌چێت که ئێمه عومرێک له ناسیۆنالیستی عه‌ره‌ب و موسڵمانی ده‌مارگیر بیستوومانه که گوایه زمانی عه‌ره‌بی کامڵترین زمانه و یان ناسیۆنالیستی فارس بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که فارسی شیرین‌ترین زمانه و خاوه‌نی هێزێکی ئێعجازئامێزه و ناسیۆنالیستانی تورک تا دێرزه‌مانێک زمانی تورکییان به زمانی هه‌تاو داده‌نا که شه‌به‌ق ده‌به‌خشێته سه‌ر هه‌موو زمانه‌کانی دونیا. ئه‌م قسانه و قسه‌کانی کاک فه‌رهاد له‌سه‌ر کوردینهبوونی ئه‌لفوبێی لاتینی هه‌موویان به‌قه‌د یه‌ک دوورن له زانستی زمان‌ناسی. "نازانستی" ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست Unscientific بێ ده‌توانم به‌ڵێنیی پێبده‌م که له هه‌ر 12 جڵده‌که‌ی یاکوبسۆندا نایدۆزێته‌وه. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌لفوبێ هه‌ر فڕی به‌سه‌ر زانسته‌وه نییه. ئه‌و ڕۆژه‌ی که میسرییه‌کان به کێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی کوندێک ئاماژه‌یان به کوند ده‌دا و ئه‌م وێنه‌یه ده‌بوو به نیشانه‌ی ده‌نگێک، وه ئه‌و ڕۆژه‌ی سۆمه‌رییه‌کان ئه‌لفوبێیان له‌سه‌ر به‌رد و قوڕ هه‌ڵده‌کۆڵی، هه‌تا ئه‌مڕۆ که تۆ به "پڕۆگرامی وردز" ئه‌م پرسیارانه‌ت نووسیوه و بۆ منت ناردوون، قه‌ت پێوه‌ری هه‌ڵبژاردنی ئه‌لفوبێ "زانست" نه‌بووه. پێمخۆشه زۆر خێرا بڵێم که له‌ناو هێندێک له کوردان‌دا زۆر جار ئه‌م وشه‌ی زانسته بووه‌ته بنێشته خۆشکه. له هه‌موو شوێنێک و له هه‌موو بۆنه‌یه‌کدا ده‌کاری ده‌هێنن و خه‌ڵکی پێ چاوترسێن ده‌که‌ن. ئه‌وه وه‌ک پۆلینکردنهکهی مارکسیستانه له سۆسیالیزم به دوو جۆری خه‌یاڵی و زانستی که من به‌ش به حاڵی خۆم حه‌سره‌ت بۆ ئه‌وی خیاڵییان هه‌ڵده‌کێشم کاتێک ئاسه‌واری ئه‌وی زانستی‌یان له سۆڤیه‌ت و وڵاتانی تری سۆسیالیستی‌دا ده‌بینم. جاری وایشه ئه‌م "زانستییه" ده‌مخاته یادی سییه‌کانی ده‌یه‌ی ڕابردوو و لێکدانه‌وه "زانستییه‌کانی" مرۆڤناسه ئاڵمانییه‌کان بۆ هه‌ڵاواردنی مرۆڤی سپیی ئاریایی ڕه‌سه‌ن له مرۆڤی ڕه‌شی مێشک چکۆله. کاک فه‌رهاد له‌پێشدا ده‌بێ بڵێ مه‌به‌ستی له زانست چییه و ئه‌لفوبێی زانستی کامه‌یه که دواتر بڵێ ئه‌م ئه‌لفوبێیه یان ئه‌وی تر نازانستییه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که له ئه‌لفوبێی هاواردا جێگای هێندێک فۆنێمی کوردی به‌تاڵه، باشه ئه‌مه‌یان به ڕێفۆرمێک چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. هه‌روه‌ک چۆن ئه‌لفوبێی "کوردیی" کاک فه‌رهاد پێویستی به‌م ڕێفۆرم یان چاکسازییه هه‌یه. بۆ نموونه له ئه‌لفوبێی دهستتێوهردراو و گۆڕدراوی ئارامی یان عه‌ره‌بیدا که ئێستا ئیتر کوردییه، مرۆڤ کۆمه‌ڵێک گرفت ده‌بینێ. وه‌ک نموونه ده‌توانم بڵێم که پیتگه‌لی "و" و "ی" هه‌م نوێنه‌رایه‌تیی ده‌نگگه‌لی بزوێن ده‌که‌ن و هه‌میش ده‌نگگه‌لی چه‌قیو. ئه‌مه‌ش قه‌ت نه‌بووه‌ته هۆی به کوردی ناوزهدنهکردنی ئه‌م ئه‌لفوبێیه‌وه. یان ده‌زانین که فۆنێمێکی (ده‌نگێکی) زۆر گرنگی کوردی، کورته بزوێن، بزرۆکه، له‌م ئه‌لفوبێیه‌دا له لایه‌ن هیچ پیتێکه‌وه نوێنه‌رایه‌تی ناکرێت و ئه‌مه‌ش نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی کوردی له‌م ئه‌لفوبێیه. نه‌بوونی پیتگه‌لی "ح"، "ڕ"، "ڵ"، "غ" و "ع" له ئه‌لفوبێی هاواردا ئه‌گه‌ر پێویست بێت به هاسانی چاره‌سه‌ر ده‌کرێت و که‌س ناتوانێ بڵێت بۆ نموونه شیعری خانی به‌م ئه‌لفوبێیه نانووسرێ. ئه‌مه وه‌ک ئه‌وه وایه که بڵێین جگه‌رخوێن کورد نییه و شیعره‌کانیشی چونکی به ئه‌لفوبێیه‌کی "ناکوردی" نووسراون کوردی نین و ئاینوریش که "كچا کوردان" به‌م ئه‌لفوبێیه فێر بووه و به چڕینی گۆرانییه‌که‌ی گوێی فه‌له‌ک که‌ڕ ده‌کات، کورد نییه. تۆ ده‌توانی حه‌ز له ئه‌لفوبێی لاتینی نه‌که‌ی، به‌س ناتوانی به وشه‌گه‌لی له‌م جۆره پێناسه‌ی بکه‌ی و تازه نێوی بابه‌ته‌که‌شت بنێی زمان‌ناسی و هه‌موو خوێنده‌وارانی کورد به گه‌مژه له قه‌ڵه‌م بده‌ی. ئه‌مه نه "زانستییه" و نه جوانیشه و باوه‌ڕکه‌ن نه کوردانهیشه و نه له به‌رژه‌وه‌ندیی کوردانیشدایه.
وه‌ك مێژوو پێمان ده‌ڵێ، سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژنامه‌وانیی كوردی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانی ماڵباتی به‌درخانییه‌كان، و یه‌كه‌م ڕۆژنامه‌ی كوردی، كوردستان (1898)، وه‌ك پێشه‌نگی ڕۆژنامه‌وانیی كوردی له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت. ده‌بینین كورد ئه‌م هه‌نگاوه‌ی به‌درخانییه‌كان به‌رز ده‌نرخێنێ و هه‌موو ساڵێك یادی ده‌كاته‌وه و جێی شانازی كورده له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستاندا. لێ بۆچوونی شاكه‌لی له‌سه‌ر به‌درخانییه‌كان جیاوازه. ئه‌و ده‌ڵێ: "له‌ناو کورددا که‌س هێنده‌ی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان دڵسۆزی بیروباوه‌ڕ و ئیدیۆلۆگیی ئه‌تاتورک نه‌بوو." وه‌ك ئاشكرایه، ده‌وڵه‌تی توركیا هه‌رده‌م له‌گه‌ڵ وشه‌ی كوردستان ناكۆكی هه‌بووه و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌شنه جووڵانه‌وه‌یه‌ك له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ كورد و كوردستاندا دژایه‌تی كردووه. ئایا بنه‌ماڵه‌ی به‌ردخان كه به وته‌ی فه‌رهاد شاكه‌لی "له دڵه‌وه سه‌رسامی كه‌سایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی ئه‌تاتورك بوون" ده‌كرێ پێشه‌نگی ڕۆژنامه‌وانیی كوردی بن و ناوی "كوردستان" له یه‌كه‌مین ڕۆژنامه‌ی كوردی بنێن؟
- ده‌ربڕینێکی ئاوا گشتی له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ستکه‌وته‌کانی مرۆڤی سه‌رده‌م ناکۆک و بێگانه‌یه. مرۆڤی دوای ڕۆشنگه‌ری به تاک ده‌ناسێندرێ و هه‌ڵگری که‌سایه‌تیی خۆیه‌تی. تێکه‌ڵاوکردنی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک و ناوزه‌دکردنی هه‌موویان به خیانه‌ت پتر له بۆچوونێکی عه‌شیره‌یی ده‌چێت هه‌تا باوه‌ڕهێنان به تاک و تاکبڕوایی. پێبه‌ندیی سه‌ره‌تایی و هاوچه‌شنکردنی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ک، ئه‌ویش بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان که ژماره‌یان ده‌گاته سه‌دان و بگره هه‌زاران، هی ئه‌م سه‌رده‌مه نییه. که‌سایه‌تی به‌درخان پاشا که له 1847دا کۆتایی به ئه‌ماره‌ته مه‌زنه‌که‌ی ده‌هێندرێت و دواتر له لایه‌ن سوڵتانی عوسمانییه‌وه بۆ کرێتا دوور ده‌خرێته‌وه، زۆر جیاوازه له که‌سایه‌تیی جه‌لاده‌ت به‌درخان که له سییه‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا له دیمه‌شق گۆڤاری هاوار داده‌مه‌زرێنێ و کامران به‌درخان که له ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له پاریس مامۆستایه‌تیی زمانی کوردی ده‌کات. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر کاک فه‌رهاد دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌لفوبێی لاتینی هه‌یه بۆ ده‌بێ میقداد میدحه‌ت به‌درخان تاوانبار بکات به لایه‌نگری له ئه‌تاتورک؟ زه‌مانێک که ئه‌تاتورک نێوی له کوله‌که‌ی ته‌ڕیشدا نه‌بوو میقداد به‌درخان پێشه‌نگیی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کوردی له شیاوترین شێوه‌ی خۆیدا که ده‌رکردنی ڕۆژنامه‌یه، ده‌کرد. باشه کاک فه‌رهاد ساڵانی عومری به‌پێزی حاجی قادر که ده‌رسی به ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخان له ئیستامبول ده‌دا چۆن ده‌بینێ؟ یانی حاجی ده‌رسی ئهتاتورکپهرهستیی فێری ئه‌م هێژایانه ده‌کرد؟ دوایه‌ش خۆ "کوردستان" به ئه‌لفوبێی لاتینی نه‌ده‌نووسرا، به‌ڵکو به ئه‌لفوبێیه‌ک ده‌نووسرا که ئه‌مڕۆ کاک فه‌رهاد پێی ده‌ڵێت ئه‌لفوبێی کوردی، هه‌رچه‌ند زۆر گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا هاتووه. دوایه کاک فه‌رهاد که باسی به‌درخان پاشا و بۆ نموونه بوونی ئه‌و له کرێتا ده‌کات مرۆڤ واده‌زانێ به‌درخان به پاره‌ی ده‌وڵه‌تی سوید و بۆ نووسینی بیره‌وه‌ری و شیعر چووه‌ته ئه‌م گڕاوه خۆش ئاووهه‌وایه. له ڕاستیدا ئه‌م زاته دوای تێکشکانی ئه‌ماره‌ته‌که‌ی وه‌ک ده‌ستبه‌سه‌رکراوێک یاخود نه‌فیکراوێک ناردراوه‌ته ئه‌وێ و بۆ ماوه‌ی ده ساڵان به‌تۆپزی له‌وێ ڕاگیراوه و ماڵی سوڵتانی عوسمانی ئاوه‌دان بێ که وه‌ک ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆی تورکیا به‌رهه‌ڵستکارانی خۆی له به‌نده ترسناکه‌کانی ئێفدا زیندانی نه‌ده‌کرد. به‌درخان پاشا که‌سایه‌تییه‌کی سه‌رده‌می پێشمۆدێڕنی کوردستانه و شێوه ژیان و خه‌باته‌که‌شی تایبه‌تمه‌ندیی ئه‌و سه‌رده‌می پێوه دیاره. کاتێک ئه‌و له تاراوگه، له دیمه‌شق، له ساڵی 1869دا ده‌مرێ، بیستویه‌ک کچ و بیستویه‌ک کوڕی له پاش به‌جێ ده‌مێنێ. ئه‌مه له‌گه‌ڵ ژیانی نه‌وه‌کانی، بۆ نموونه ئه‌مین عه‌لی به‌درخان و جه‌لاده‌ت و کامه‌ران و له‌یلا و سوره‌ییا که له سه‌رده‌می مۆدێرندا ده‌ژین زۆر جیاوازیی هه‌یه. ئه‌مین عالی به‌درخان ده‌بێته دامه‌زرێنه‌ری یه‌که‌م ڕێکخراوی مۆدێرنی کوردی، کۆمه‌ڵه‌ی هاوکاری و پێشکه‌وتنی کوردستان، له ئیستامبول له ساڵی 1908. له‌یلا ده‌بێت به یه‌کێک له باشترین سه‌ماکارانی باله‌ی ئاڵمان و ئامریکا. له ڕاستیدا لابردنی خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی به‌درخانییه‌کان و سڕینه‌وه‌ی ناوی ئه‌وان له مێژووی هاوچه‌رخی کوردی‌دا به مانای سڕینه‌وه‌ی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی کوردییه له کوردستان.
به‌گشتی بۆچوونی تۆ له‌سه‌ر ده‌ربڕینه‌كانی شاكه‌لی له‌مه‌ڕ ڕێزمان و ڕێنووسی كوردی چییه؟ ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌و قسه‌ی شاكهڵیدا هاوده‌نگی كه ده‌ڵێ تێكڕای بڵاوكراوه‌ی كوردی، به ڕۆژنامه و گۆڤار و كتێب و ... به شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه نووسراون و ده‌نووسرێن؟ ئه‌گه‌ر وابێت، ده‌بێ بڵێین "كورد به هه‌ڵه ده‌نووسێ" و چیدی ناوی ڕۆژنامه و بڵاڤۆكان نه‌هێنین بۆ بهههڵهنووسین.
- چاوپێداخشاندنێکی خێرا به‌سه‌ر مێژووی ڕێنووسی زمانی کوردی ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ده‌رده‌خات که له ده‌یه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا له باشووری کوردستان هه‌وڵی گۆنجاندنی ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی فۆنێتیکی ئه‌م زمانه گوڕێکی تایبه‌تی به خۆی گرت و ده‌بێ بڵێم به دوای چه‌ند ده‌یه‌دا ئێستا ئه‌لفوبێی کوردیی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی تا ڕاده‌یه‌کی زۆر جێگیر بووه. واتا ئێمه له باری دانانی پیتێک وه‌ک نیشانه‌یه‌ک بۆ هه‌ر فۆنێمێکی کوردی کێشه‌یه‌کی ئه‌وتۆمان نییه. لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه که به‌وردی ئاماژه به‌م هه‌وڵ و ماندووبوونانه بکه‌م که له‌م ڕێڕه‌وه‌دا به ئه‌نجام گه‌یشتوون و هه‌روه‌ها ناکرێ ورده‌کارییه‌کانی کۆمه‌ڵێک جیاوازیی بیر و بۆچوون که هێشتا هه‌ر له ئارادان باس بکه‌م. ئه‌گه‌ر ئه‌مه هه‌لومه‌رجی پیته‌کانی کوردی به ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی بێ، ده‌بێ بڵێم له ئاستی ئه‌و شته‌ی که پێی ده‌ڵێن "نووسین" یاخود "ڕێنووس" یان ئۆرتۆگرافی یان spelling گرفتی زۆرمان هه‌یه. ئه‌م گرفته هه‌ر هی کورد نییه به‌ڵکو بۆ نموونه زمانی فارسییش که له‌م ئه‌لفوبێیه که‌ڵک وه‌رده‌گرێ ئه‌م گرفته‌ی هه‌یه. بۆیه ده‌ڵێم گرفت چونکی ئێمه وا ڕاهاتووین که زۆر فۆنێتیکانه بیر بکه‌ینه‌وه وه‌ک دێریدا ده‌ڵێت دهنگناوهندین و پێمان وایه که ده‌بێ له نێوان نووسین و فۆنێمه‌کان واتا ده‌نگه‌کاندا پێوه‌ندییه‌کی یه‌ک به یه‌ک هه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بۆچوونه له‌به‌ر ڕۆشنایی ده‌ستکه‌وتگه‌لی زمان‌ناسی و تیۆرییه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا هیچ بنه‌مایه‌کی نییه. به واتایه‌کی تر ئه‌گه‌ر له ڕێنووسی زمانێکدا ئه‌م باوه‌ڕه ڕه‌چاو نه‌کرێ قیامه‌ت ڕانابێ و ئێمه به چاوی خۆمان ده‌بینین که چۆن چینییه‌کان و ئینگیسییهکان و فه‌رانسه‌وییه‌کان سه‌ره‌ڕای له ئارادانه‌بوونی ئه‌م هاوکێشییهی نێوان ده‌نگ و پیت چه‌نده له زمانه‌کانیاندا سه‌رکه‌وتوون. ته‌نیا خودا ده‌زانێ بۆ (why) به [وای] ده‌خوێندرێته‌وه و ته‌نیا ئاخێوه‌رێکی خۆجێی یان زمانزانێکی توانا ده‌توانێ له نێوان جیاوازیی شێوه‌ی نووسینی وشه‌یه‌ک به ئینگلیسی و شێوه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌م وشه‌یه تێبگات. به واتایه‌کی تر هیچ یاسا و ڕێسایه‌کی "زمانناسییانه" بۆ ئه‌م ڕێنووسه له ئارادا نییه و هه‌روه‌ها بۆ چینییش و فه‌رانسه‌ویش. ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری کاک فه‌رهاد بڕوانینه زمانی ئینگلیسی سه‌رتاپای ئه‌م ڕێنووسه هه‌ڵه‌یه. که‌چی به کرده‌وه ده‌بینین که‌س شتی وا ناڵێت. به‌گوێره‌ی دێکسیی زمان‌ناس پێوه‌ری یه‌ک ده‌نگ یه‌ک پیت له جێی خۆیدا نییه و له نێوان نووسین و ده‌نگدا ته‌نیا پێوه‌ندییه‌کی وه‌بیرهێنانه‌وه هه‌یه و هیچی تر. که وا بوو لێره‌دا جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی بنه‌ڕه‌تیی له نێوان ڕێنووسی فۆنێماتیک (له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌ک ده‌نگ یه‌ک پیت) و ڕێنووسی نافۆنێماتیکدا نییه و که مرۆڤ فێری ئه‌م ڕێنووسانه بوو ئه‌و کات به‌بێ گرفت به بینینی نیشانه‌کان مه‌دلوله‌کان ده‌هێنێته‌وه بیر خۆی و به دروستی ده‌یانخوێنێته‌وه. ڕه‌نگه لای ئێمه سه‌یر بێ که چۆن چینییه‌ک به بینینی نیشانه‌یه‌ک که لای ئێمه پتر وه تابڵۆیه‌ک ده‌چێ، کۆمه‌ڵێک ده‌نگ و دواتر وشه بدرکێنێ. ئه‌مه بۆ عه‌ره‌ب و فارسه‌کانیش که بزوێنه کورته‌کان له ڕێنووسهکانیاندا نیشان نادرێن هه‌مان شته. له‌بیرمان بێ که هه‌تا ساڵی 72ی هیجری و سه‌رده‌می خه‌لیفه‌ی چواره‌می موسڵمانان قورئان به ئه‌لفوبێیه‌ک ده‌نووسرا که هیچ نیشانه و خاڵی نه‌بوو. ته‌نیا له‌م سه‌رده‌مه‌دایه که که‌سێکی وه‌ک ئهبولئهسوهدی ئهلدوولی نیشانه‌کانی خوێندنه‌وه له‌سه‌ر پیته عه‌ره‌بییه‌کان زیاد ده‌کات. ئایا کاک فه‌رهاد ده‌توانێ بڵێت که قورئانی نووسراوی سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ر و سێ خه‌لیفه‌ی یه‌که‌م هه‌ڵه بووه؟ ئه‌من که ناوێرم وا بڵێم. ئه‌گه‌ر له نێوان نووسین و ئه‌لفوبێدا پێوهدنییهکی جه‌وهه‌ری هه‌بوایه، ده‌با که‌س نهیوێرابا نیشانه‌یه‌ک یان خاڵێک له ئه‌لفوبێی به ڕه‌گه‌ز نهبهتیی ئارامیی پاشان بۆ عه‌ره‌بی خۆشکراودا زیاد بکات. وه‌ک ده‌زانین فارسه‌کان هه‌موو پیته‌کانی ئه‌لفوبیی عه‌ره‌بییان وه‌رگرتووه و له نووسیندا ده‌کاریان ده‌هێنن، که چی له کاتی خوێندنه‌وه‌دا "ط" و "ت" هه‌ر وه‌ک "ت" ده‌خوێننه‌وه و "ص" و "ث" و "س" هه‌ر وه‌ک "س" ده‌خوێننه‌وه و "ذ" و "ض" و "ظ" و "ز" هه‌موو هه‌ر وه‌ک "ز" ده‌خوێندرێنه‌وه. لێره‌دا ده‌بینین له نێوان پیت و ده‌نگدا هیچ پێوه‌ندییه‌ک نییه و ناشکرێ مرۆڤ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی فارس به‌وه تاوانبار بکات که نازانن زمانی خۆیان بخوێننه‌وه. دیارده‌یه‌کی مێژوویی سه‌رنجڕاکێش له‌م باره‌وه هه‌یه که پێمخۆشه ئاماژه‌ی پێ بکه‌م، ئه‌ویش دیارده‌ی "هوزواریش"ه. له زمانی په‌هله‌ویی سه‌رده‌می ساسانییه‌کاندا وشه‌گه‌لی ئارامی هه‌روه‌ک خۆیان ده‌نووسران، به‌ڵام ده‌بوایه به شێوه‌ی په‌هله‌وی و به مانای په‌هله‌وی خوێندرابانهوه. ئه‌مه وه‌ک ئه‌وه وایه که ئێمه بۆ نموونه له نووسینی کوردی‌دا وشه‌ی water ی ئینگلیسی وه‌ک خۆی بنووسین به‌ڵام له خوێندنه‌وه‌دا بڵێین "ئاو". لێره‌دا ده‌بینین که چۆن خوێندنه‌وه ملکه‌چی بڕیار و پێکهاتنه، نه‌ک پێوه‌ندیی پیت و ده‌نگ.یه‌ک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بیی به‌کوردیکراو ئه‌وه‌یه که هێندێک له پیته‌کان به پیتی دوای خۆیان نالکێن و ئه‌مه‌ش ده‌توانێ گرفتێک بێ که ئایا له کاتی جیابوونه‌وه‌ی دوو پیت له یه‌کتر وشه‌یه‌کی نوێ ده‌ست پێده‌کات یان هێشتا ڕێنووسی وشه‌که به‌رده‌وامه. ئێمه ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر تایبه‌تمه‌ندیی زمانی کوردی که هه‌ڵگری ژماره‌یه‌کی زۆر پاشگر و پێشگر و نێوانگر و ورده‌وشه و وشه‌ی لێکدراو و کرداری تێکه‌ڵه، ده‌بینین که ئه‌م ڕێنووسه تووشی هێندێک گرفتمان ده‌کات که ده‌بێ چاره‌سه‌ریی بۆ بدۆزینه‌وه، شتێک که له زمانی کوردی‌دا هێشتا به‌ته‌واوی نه‌کراوه. ئه‌م گرفته سه‌رنجی زۆر زمان‌ناسی کورد و بیانی ڕاکێشاوه و له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوودا جێگای مشت‌ومڕ بووه. ئایا ئێمه ده‌بێ هه‌موو مۆرفێمه‌کانی وشه‌یه‌ک به‌سه‌ر یه‌که‌وه بنووسین، یان له یه‌کتر جیاوازیان بنووسین. ئه‌م دوو بۆچوونه هیچیان ناتوانن داوای ئه‌وه بکه‌ن که یه‌کییان زانستییه و ئه‌وی تریان زانستی نییه؛ یان وه‌ک کاک فه‌رهاد ده‌ڵێت له باری ڕێزمانییه‌وه پاساویان بۆ بهێندرێته‌وه. بۆ نموونه مامۆستا خاڵی مه‌زن که ڕه‌نگه به‌پێی بۆچوونی کاک فه‌رهاد نه‌یزانیبێ مۆرفێم چییه، له‌سه‌ر ئه‌م ڕایه‌یه که مۆرفێمه‌کانی وشه‌یه‌ک ده‌بێ به‌سه‌ریه‌که‌وه بنووسرێن و نێوانیان نهکهوێتێ. ئه‌مه بۆچوونێکه و ده‌کرێ مرۆڤ ڕه‌چاوی کات و له‌سه‌ری ساغ بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌مه به پلان ده‌کرێ. ده‌کرێ باس له ڕێنووس له‌سه‌ر بنه‌مای مۆرفێم، واتا بچووکترین به‌شی ماناداری وشه‌یه‌ک، بکه‌ین و بۆ نموونه بڕیار بده‌ین که مۆرفێمه‌کانی وشه‌یه‌ک به‌یه‌که‌وه بلکێنین، یان له ته‌نیشت یه‌کتر به‌بێ دانانی نێوان بیاننووسین و یان ته‌واو له یه‌کتر جیایان بنووسین. به‌ڵام وه‌ک مامۆستا ئه‌میری حه‌سه‌نپوور ده‌ڵێت نووسین له‌سه‌ر بنه‌مای مۆرفۆلۆجی کارێکی دژواره و نووسه‌ر ده‌بێ شاره‌زایییه‌کی باشی له‌سه‌ر ڕێزمان، مۆرفۆلۆجی، لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی ماناناسانه و ڕێزمان و کۆمه‌ڵێکی زۆر بناخه‌ی ئاڵوز له زمانی کوردی‌دا هه‌بێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کاره‌ش له کرده‌وه‌دا سوودێکی ئه‌وتۆ نابه‌خشێ، چونکی له کاتی خوێندنه‌وه‌دا خوێنه‌ره‌وه وشه‌ی نووسراو شی ناکاته‌وه، به‌ڵکو وه‌ک وێنه‌یه‌ک ده‌یبینێ و کاتێک فێری بوو به شێوه‌یه‌کی ئۆتۆماتیکی ده‌یباته‌وه سه‌ر مانا حهشاردراوهکهی گرێ‌دراو له‌م وێنه‌یه‌دا. له‌بیرمان بێ که ئامۆژگارییه‌کانی کۆڕی زانیاری کورد له حه‌فتاکان و دواتریشدا قه‌ت به ته‌واوی ڕه‌چاو نه‌کران و ناکرێن. زانایانی وه‌ک مامۆستا خاڵ و ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف و ئه‌میری حه‌سه‌نپوور و جه‌مال نه‌به‌ز و مه‌سعود محه‌ممه‌د و که‌سانی تر له‌م باره‌وه زۆر تێبینی و لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌نرخیان هه‌یه که ده‌بێ ببنه سه‌رچاوه‌ی هه‌ر هه‌وڵێکی جیددی له ئه‌مرۆ و داهاتوودا بۆ ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر ڕێنووسێکی یه‌کگرتوو. ئه‌گه‌ر ده‌بینین هه‌تا ئێستا ڕێنووسێکی یه‌کده‌ست وه‌دی نه‌هاتووه، له‌به‌ر ئه‌وه نییه که کورد هه‌موو نه‌خۆشیی زلکوێرییان هه‌یه و مه‌ودای پیتان نابینن و پیته‌کان تێکه‌ڵ ده‌که‌ن، هۆیه‌که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر یهکدهستنهبوونی بارهێنانی کوردی له خوێندنگه‌کاندا (با له‌وه بگوزه‌رێین که له به‌شی زۆری نیشتمانی کوردان‌دا هه‌ر خوێندنگه‌ی کوردی نییه). له نه‌بوونی سیستمێکی هاوبه‌شی بارهێنان و ڕاهێنان و فێرکردن‌دا مرۆڤ ئه‌سته‌مه بتوانێ چاوه‌ڕوانی ڕێنووسێکی یه‌کده‌ست بێ. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سیستمێکی واش له ئارادا بێ ناکرێ بڵێین ئامانجێکی وا به هاسانی ده‌پێکرێ. بڕوانه وڵاتی ئێران و گرفتی ڕێنووسی زمانی فارسی. سه‌ره‌ڕای هه‌زار ساڵ پێشینه‌ی نووسین، هه‌بوونی سه‌دان هه‌زار کتێبی ده‌ستنووس، مێژوویه‌کی دوو سه‌د ساڵه‌ی پیشه‌سازیی چاپ، هه‌بوونی چه‌ندین ئاکادێمیای زمان و ده‌یان زانکۆ و سه‌دان پسپۆڕی زمان و هه‌ستی ناسیۆنالیستیی به‌هێزی ئێرانییه‌کان و ملهوڕی و سه‌ره‌ڕۆیی شایانی په‌هله‌وی و چی و چی، گرفتی نووسینی لکێندراو یان لهیهکترازاو یان بێمهودا هێشتا هه‌ر جێگای مشتومڕه. هه‌ر له ده ساڵی ڕابردوودا پتر له بیست کتێبی ئامۆژگاریی نووسین له‌سه‌ر ڕێنووسی فارسی بڵاوبوونه‌ته‌وه. باشه ئه‌گه‌ر ئه‌مه حاڵی زمانی فارسی بێ بۆ ده‌بێ ئێمه‌ی لێکدابڕاوی پارچه‌پارچه‌کراو هێنده پشوومان سوار بێ و خه‌ڵک به نه‌فام و گه‌مژه دانێین که نازانن به کوردی بنووسن. ڕێنووس هیچ پێوه‌ندیی به ڕیزمان و زانسته‌وه نییه. ڕێنووسی ئه‌مڕۆی کوردی گرفتی هه‌یه. به واتایه‌کی تر کورده‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که چۆن ده‌بێ مۆرفێمه‌کانی وشه‌یه‌ک بنووسرێن هاوڕا نین و ئه‌گه‌ریش هه‌ن ئاگایان له یه‌کتر نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌ک من نه‌نووسێ به هه‌ڵه‌ی بزانین ئه‌و هه‌لومه‌رجه دێته ئاراوه که ئێستا هه‌مانه و هه‌موو هێرش ده‌که‌نه سه‌ر یه‌کتر و به نه‌زان و ههڵهنووس له‌قه‌ڵه‌میان ده‌ده‌ن. هه‌موومان له‌بیرمانه پاره‌کانه کاک فه‌رهاد و دوو له هاوڕێیانی لاپه‌ڕه‌یه‌کیان له‌سه‌ر ستیپێندیۆم نووسی بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دیارده‌یه له سوید ڕوون که‌نه‌وه. هه‌ر ئه‌وده‌م کاک حه‌مه‌سه‌عید ده‌ستی به بژاری ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه کرد و حوکمی هه‌ڵه‌بوونی به‌شێکی زۆری ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی دا که کاک فه‌رهاد و هه‌واڵانی نووسیبوویان. هه‌ر ئه‌م چاوپێکه‌وتنه‌ی ئه‌م جاره‌ی کاک فه‌رهاد بووه‌ته سووژه‌ی هه‌ڵه دۆزینه‌وه‌ی خه‌ڵکانێکی زۆر. ئه‌ی باشه په‌نا بۆ کوێ به‌رین. کێ ڕاسته و کێ هه‌ڵه‌یه؟ ڕێگای چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م کێشه‌یه ته‌نیا ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر ڕێنووسێکی دیاریکراوه و به‌س. پاشان مسۆگه‌رکردنی په‌ره‌پێدانی ئه‌م ڕێنووسه‌یه له‌ناو خوێنده‌واراندا و هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانکردنی ئێدیتۆره له هه‌موو ده‌زگاکانی چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی‌دا. ناوزه‌دکردنی نووسینی خه‌ڵکانی تر به هه‌ڵه له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا شێوه‌یه‌کی دیموکراتیک نییه. تۆ ناتوانی به گه‌نجی ئیلامی و کرماشانی که ئه‌مڕۆ کوردایه‌تی ده‌کات و له بێده‌ره‌تانیی ته‌واودا ده‌ست بۆ قه‌ڵه‌م ده‌بات بڵێی دانیشه و مه‌نووسه چونکی نازانی دای پاشگر نابێ وه‌ک دای کردار بنووسرێ، وه پێشگر ده‌بێ بلکێندرێ و لا غه‌یر. به باوه‌ڕی من ئه‌وه‌ی که ئێستا گرنگه ئافراندنه. کێشه‌ی ڕێنووس تێکنیکییه و دره‌نگ یا زوو چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. ئه‌گه‌ر له من بپرسن ڕێنووسی بێ هه‌ڵه‌ت ده‌وێ یا نووسه‌ری گه‌وره، من دووههمیانم ده‌وێ. تاوانبارکردنی به‌ختیار عه‌لی به‌وه‌ی که ته‌نانه‌ت ڕسته‌یه‌کی کتێبه‌کانی دروست نییه (ئه‌و جۆره‌ی که کاک حه‌مه‌سه‌عید ده‌ڵێ) له جێی خۆیدا نییه. ئه‌گه‌ر ئێمه به بیانییه‌کان بڵێین، ئه‌و جۆره‌ی کاک فه‌رهاد بۆی ده‌چێت، له‌ناو کوردان‌دا ته‌نیا چه‌ند کورد ده‌زانن به کوردی بنووسن، بێگومان ئه‌وان پێمان پێده‌که‌نن و مه‌رحه‌بایی له ئه‌تاتورک و ڕه‌زا خان ده‌که‌ن که ئه‌م نه‌ته‌وه نهزانهیان فێری نووسین به زمانی تر کردووه، ئه‌گینا نه‌خوێنده‌واریی ده‌بووه تایبه‌تمه‌ندیی سه‌ره‌کیی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ كوردستانێكی یه‌كپارچه هه‌بێت و پێویست به یه‌ك ئه‌لفوبێ و ڕێزمان و ڕێنووسی كوردی هه‌بێت، به له‌به‌رچاوگرتنی دانیشتوانی كوردستان به ئه‌لفوبێی جیاوازه‌وه، گه‌نجینه و مێژووی ئه‌ده‌بی كوردی و هه‌روه‌ها چۆنیه‌تی ئه‌و ئه‌لفوبێیانه‌ی هه‌مانن، به باوه‌ڕی تۆ چ جۆره ئه‌لفوبێیه‌ك بۆ كورد باشتر ده‌گونجێت؟
- من نازانم سبه‌ی چ ده‌بێت و توانایی پێشبینییشم نییه. ئه‌گه‌ر ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ی ئێوه باسی ده‌که‌ن وه‌دیهات، ئه‌وه ئه‌وده‌م خاوه‌نڕایانی ئه‌و سه‌رده‌م ده‌بێ بیری لێ بکه‌نه‌وه. ئێمه له ئێستادا ده‌ژین و ده‌بێت بیر له ئێستامان بکه‌ینه‌وه و بزانین چیمان پێده‌کرێت. به باوه‌ڕی من له هه‌لومه‌رجی ئێستادا یه‌کده‌ستکردنی زمانی کوردی له باری ڕێنووسه‌وه کارێکی ئه‌سته‌مه. نه لایه‌نی سیاسی و نه لایه‌نی کولتوریی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ده‌رفه‌ته‌مان پێ نابه‌خشن. گرنگ ئه‌وه‌یه که بزانین هیچ ئه‌لفوبێیه‌ک قه‌داسه‌تی نییه. هیچ ئه‌لفوبێیه‌ک تایبه‌ت به زمانێکی دیاریکراو نییه. له هه‌لومه‌رجی نه‌بوونی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییدا نابێ وا بیر بکه‌ینه‌وه که هه‌بوونی دوو ئه‌لفوبێ نیشانه‌ی بێبه‌ریبوونه له نه‌ته‌وه‌بوون. به باوه‌ڕی من ده‌کرێ به لانیکه‌م پێشه‌نگ و ئێ‌لیتی کوردی خۆی فێری خوێندنه‌وه و نووسین به هه‌ردوو ئه‌لفوبێ بکات. باوه‌ر بکه‌ن ئه‌مه شتێکه بۆ نموونه بۆ ئێمه که به ئه‌لفوبێی ئارامی یان ده‌ستکاریکراوی عه‌ره‌بی ده‌نووسین و شاره‌زاییمان له‌گه‌ڵ زمانێکی ئوروپایی هه‌یه، ته‌نیا چه‌ند کاتژمێر ده‌خایه‌نێ که خۆمان فێری ڕێنووسی ئه‌لفوبێی لاتینی بکه‌ین. ڕه‌نگه ئه‌مه له‌به‌ر شاره‌زانه‌بوونی کورده‌کانی باکوور به ئه‌لفوبێی عه‌ره‌بی، بۆ ئاخێوه‌رانی کوردی باکوور زه‌حمه‌تتر بێ، به‌ڵام کارێک نییه نه‌کرێت. ئێستا کورد له قه‌ده‌ر قه‌واره‌ی خۆی ئه‌وه‌نده‌ی ئامرازی ڕاگه‌یاندنی گشتی له‌ده‌ستدایه که ئه‌گه‌ر بتوانێ به شێوه‌یه‌کی دروست که‌ڵکیان لێ وه‌رگرێ، ده‌توانێ هه‌لومه‌رجی لێک نزیککردنه‌وه‌ی زاراوه‌کان پتر ده‌سته‌به‌ر بکات. تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر میراتی کولتوری، له ڕۆژگاری ئه‌مڕۆدا ئه‌م میراته به هه‌ردوو ئه‌لفوبێ به‌رهه‌م دێت و که‌س بۆی نییه ئه‌وه‌ی به ئه‌لفوبێی لاتینی به‌رهه‌م دێت به کوردی نه‌زانێت یان به پێچه‌وانه. بۆ کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ر جیاوازییه‌ک له‌م باره‌وه له نێوان مه‌مه‌د ئوزون، حه‌سه‌نی مه‌تێ، جگه‌رخوێن، فیرات جه‌وه‌ری، عه‌بدوڵڵا په‌شێو، شێرکۆ بێکه‌س، عه‌تای نه‌هایی، شێرزاد حه‌سه‌ن، به‌ختیار عه‌لی و حه‌لیم یوسف‌دا نییه. ئه‌وانه سه‌رمایه‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ن و شێواز و فۆڕمی ڕێنووسیان هیچ له گرنگیی و کوردبوونیان که‌م ناکاته‌وه.تا ئه‌و جێگایه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر میراتی کولتوریی پێشوومان به‌ر له سه‌ده‌ی بیسته‌م، ده‌بێ بڵێم به‌داخه‌وه ئێمه له باری چه‌ندایه‌تییه‌وه خاوه‌نی میراتێکی ئه‌وتۆ نین که بڵێم ناتوانین به ساڵان ئه‌م به‌رهه‌مانه بێنینه سه‌ر ڕێنووسی تازه. ئه‌مه بۆ هه‌ردووک ڕێنووسه‌که وایه. ئاخر خۆ خانیی مه‌زن و جزیریی هێژا و نالیی گه‌وره به ڕێنووسی ئه‌مڕۆی کوردی‌یان نه‌نووسیوه که پێمان وابێ ئه‌دی هه‌ر منداڵه مه‌دره‌سه‌ییه‌کی ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌توانێ به هاسانی بیانخوێنێته‌وه. له باری چاپه‌وه ئێمه مێژووی کتێبی چاپکراومان به‌ر له سه‌ده‌ی بیسته‌م ناگاته سه‌د کتێب. هه‌رچی هه‌یه ده‌ستنووسه و ده‌بێ ساغ کرێنه‌وه. خۆ له کوردایه‌تیمان که‌م نابێته‌وه ئه‌گه‌ر بڵێین ته‌واوی مێژووی په‌خشانی کوردی به‌ر له سه‌ده‌ی بیسته‌م له چه‌ند ده‌قێکی ئایینی تێناپه‌ڕێ. ئه‌ی باشه بۆ ده‌بێ بۆ داسه‌پاندنی ئه‌لفوبێی دڵخوازی خۆمان خه‌ڵک بترسێنین و بڵێین که به ڕه‌چاوکردنی ئه‌لفوبێی لاتینی ماڵمان کاول ده‌بێت و له میراتی ڕابردوومان بێ به‌هره ده‌بین؟ من پێموایه له جیاتی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه که ده‌کرێ بڵێین بنه‌مای ئایدۆلۆژیکییان هه‌یه، باشتره بیر له به‌رهه‌مهێنانی کۆمه‌ڵێک سه‌رچاوه‌ی کوردیی به‌که‌ڵک بکه‌ینه‌وه. من له‌گه‌ڵ کاک فه‌رهاد ته‌واو هاوڕام که گله‌یی له ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌کات له‌مه‌ڕ سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگییان. ئاکادێمیای کورد یاخود کۆڕی زانیاری کورد له چ که‌سانێک پێکهاتوون، چی ده‌که‌ن، کێ هه‌ڵیبژاردوون، چه‌نده ئاگاداری گرفته‌کانی زمانی کوردیین؟ ئێمه له دونیای ئینگلیسیزماندا ته‌نانه‌ت کتێبێکی فێرکردنی کوردیمان بۆ بیانییان نییه. ئه‌و چه‌ند سه‌رچاوه باوه‌ڕپێکراوه‌ی که هه‌شن ئه‌گه‌ر به پێوه‌ری کاک فه‌رهاد بیانپێوین هی "ئیمپریالیستانن". ئێمه فه‌رهه‌نگێکی تێروته‌سه‌لی یه‌کزمانه و دووزمانهمان نییه. ئێمه له باری فێرکردنی زمانی کوردی به شێوه‌ی ئه‌مڕۆیی کۆڵه‌وارین. ئێمه لێکدانه‌وه‌ی به‌رهه‌مه کلاسیکه‌کانی کوردییمان له ئاستی سفردایه. ئێستاش ڕاڤه و شه‌رحی هه‌ژار له جزیری تاقانه‌یه، ئه‌و هه‌ژاره‌ی کاک فه‌رهاد پێی وایه نه‌یده‌زانی فۆنێم چییه. ئه‌گه‌ر کاره‌کانی مه‌ککێنزی و مهککارۆس و شایه‌ت و رۆدێنکۆ له خه‌رمانی زمانی کوردی فڕێده‌ین هیچ نامێنێته‌وه. ئێمه شاکاره‌کانی ئه‌ده‌بی جیهانیمان به کوردی نییه. وه‌رگێڕانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی کوردی سه‌ره‌ڕای زۆربوونی له باری چلۆنایه‌تییه‌وه کاره‌ساته. ڕاسته هه‌ڵه‌ی ڕێنووس هه‌یه، به‌س ئه‌مه به‌شێکی بچووکی کێشه‌ی زمان و ئه‌ده‌بی کوردییه و ده‌کرێ به‌بێ تاوانبارکردنی خه‌ڵک به نه‌زان و نه‌خوێنده‌وار و جاسووس، چاره‌ی بۆ بدۆزرێته‌وه. من ڕێزم هه‌یه بۆ میراتی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بیمان. به‌ڵام من حه‌ز ده‌که‌م خاوه‌نی نووسه‌رێک بم له چه‌شنی ئۆرهان پاموک که هه‌رچه‌ند ده‌گوترێ له کولتوری خۆی بێگانه کراوه، خوڵقێنه‌ری به باوه‌ڕی من گه‌وره‌ترین شاکارگهلی رۆژهه‌ڵاته که ڕۆژاواش شانازی پێوه‌ده‌کات. ئه‌گه‌ر من نووسه‌رێکی وه‌ک هیدایه‌تم هه‌با، چاوپۆشیم ده‌کرد له هه‌موو هه‌ڵه‌کانی نووسینی "بۆمی کوێر" هه‌روه‌ک چۆن زانایانی ئێرانی ده‌یکه‌ن. ئه‌گه‌ر بێههڵهترین به‌رهه‌می دونیاشمان هه‌بێ، به‌ڵام له باری هزر و داهێنانه‌وه ئه‌وه نه‌بوو که گه‌لانی تر به‌رهه‌میان هێناوه، ته‌نیا ده‌توانین دڵی خۆمان خۆش که‌ین که به‌بێ هه‌ڵه ده‌نووسین. من دڵنیام ئه‌گه‌ر کاک فه‌رهاد له‌سه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌ی سوور بێ، غه‌یری خۆی و چه‌ند هه‌ڤاڵی خۆی که‌سی تر ناکه‌وێته ڕیزی ڕاستنووسان؛ شتێک که له ئاماژه‌که‌ی ئه‌و بۆ ئه‌و چه‌ند نێوه‌ی ده‌یانژمێرێت، ده‌رده‌که‌وێت.دیسانه‌وه ده‌ڵێم ده‌ستنیشانکردنی ڕێنووسێکی یه‌کگرتوو ته‌نیا یه‌ک له گرفته‌کانی زمانی کوردییه. ئه‌م گرفته هیچ پێوه‌ندیی به زانست و زمانزانییه‌وه نییه. به واتایه‌کی تر ناتوانین بڵێین چونکی کاک فه‌رهاد ڕێزمانی کوردی ده‌زانێ ئه‌وه بێ هه‌ڵه ده‌نووسێ و ئه‌وانه‌ی هه‌ڵه ده‌نووسن ئه‌وه ڕێزمانی کوردی نازانن. شوێنی تاقیکردنه‌وه‌ی زانینی ڕێزمان و زمان‌ناسی زانکۆیه و مرۆڤ ده‌بێ له‌وێ نیشانی بدات که ده‌زانێ یان نا. تاوانبارکردنی خه‌ڵک به نه‌زانی به پشتیوانه‌ی ئه‌م جۆره تێگه‌یشتنه له زمان‌ناسی کارێکی ڕه‌وا نییه. با باسی ده‌ستکه‌وته‌کانی خوێندنی کوردی له زانکۆکانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش هه‌ر نه‌که‌م و ڕایگرم بۆ گفتوگۆیه‌کی دۆستانه‌ی تر له هه‌لومه‌رجێکی دۆستانهتردا. ئاواتم ئه‌وه‌یه باسگه‌لی له‌م چه‌شنه به پشوویه‌کی ئاکادێمیک ئاراسته بکرێن و هه‌موو هه‌وڵه‌کان ته‌رخانی وه‌دیهێنانی ناسنامه‌یه‌کی دیموکراتیکی کوردی بکرێن. ئێمه بۆ سازکردنی ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی پێویستیمان به "زانین" هه‌یه و ده‌بێ ئه‌م ڕاستییه قه‌بووڵ بکه‌ین که زۆر له کاروانی "زانست" دوورین. با ئاوه‌که ڵێڵ نه‌که‌ین! دیسانیش سپاس بۆ دیمانه و سڵاو بۆ خوێنه‌رانی دیمانه!
* * *سازدانی دیمانه: مه‌جید ئه‌حمه‌دی
په‌راوێز:[1] له چه‌ند پێگه‌ی ئینته‌رنێتیدا به زاراوه‌ی كورمانجی ژووروو له‌سه‌ر قسه‌كانی فه‌رهاد شاكه‌لی بابه‌ت و بۆچوون بڵاوكراونه‌ته‌وه.تێبینی:- سه‌ردێڕ پێشنیازی هاشمی ئه‌حمه‌دزاده‌یه.- ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه تایبه‌ت بۆ هه‌فته‌نامه‌ی دیمانه چێكراوه و مافی هه‌ر جۆره له‌چاپدان و ههڵگرتنهوهیهكی پارێزراوه بۆ هه‌فته‌نامه‌ی دیمانه
تێبینی
به‌ئاگاداری به‌ڕێز ئه‌حمه‌د زاده و سپاس بۆ ماڵپه‌ڕی دیمانه که به‌داخه‌وه ئیتر نوێ ناکرێته‌وه ئه‌م دیمانه‌یه له ڕوانگه‌دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
No comments:
Post a Comment