زمانێکی یه‌کگرتووی کوردی، تێک‌شکاندن و هه‌ڵوه‌شاندنی پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی کورده
زمانێکی یەکگرتووری کوردی،تێک‌شکاندن و هەڵوەشاندنی پڕۆژەی نەتەوە سازی کوردە
ب، شوجاعی
له ماوه‌ی رابڕدوو دا مێدیای کوردی بۆته شاهیدی گه‌نگه‌شه و ده‌مه‌ته‌قیه‌کی چڕ که له لایه‌ن ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له ڕووناکبیرانی کورد، له لایه‌ک به دژ و له لایه‌کی دیکه‌وه بۆ لایه‌نگری له سازکردنی "زمانێکی" یه‌کگرتووی کوردی به‌ڕێوه ده‌چێ. ئه‌و دمه‌ته‌قه‌یه زیاتر له سه‌ر دوو شێوازی زمانی کوردی له باشووری کوردستان، واته کوردیی باکووری و نێوه‌ڕاست راوه‌سته ده‌کا که له زمانی ئاسایی خه‌ڵکی دا به بادینی/کرمانجی و سۆرانی ده‌ناسرێن. هه‌ر چه‌نده ئه‌م شێوه نێولێنانه خه‌ڵکیانه له جێی خۆیی دا نییه و جیگای سرنج و موناقشه‌یه.
به‌ر له‌وه‌ی بێمه سه‌ر ئه‌و پرسه هه‌ستیاره، ده‌بێ وه‌کوو زمانناسێک هێندێک ڕاستی له مه‌ڕ زمانی کوردی به‌پێی قه‌ناعه‌تی پسپۆڕی خۆم ڕوون بکه‌مه‌وه. ده‌نێو ئه‌م ده‌مه‌ته‌قه زمانناسیانه‌ی که له نێو کوردان دا، له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه به دروست داده‌ندرێن ته‌نیا باس له "دوو – سێ " شێوه‌زاری کوردی ده‌کرێ. به‌ڵام بۆ دیاریکردنی چۆارچێوه‌کانی ئه‌م باسه پێویسته ئێمه سنووری نێوان شێوه‌زار و زمان ده‌ست نیشان بکه‌ین.
زاراوه یان زمان
به پێی بۆچوونی هێندێک له زمان‌ناسان ئه‌گه‌ر دوو شێوازی زمانی، دوولایه‌نه له یه‌کدی تێبگه‌ن، ئه‌و کاته ئه‌م دوو شێوه‌زمانه به شێوه‌زار دادندرێن. له حاله‌تی پێچه‌وانه هه‌رکامه‌یان وه‌ک زمانی سه‌ربه‌خۆ پێناسه ده‌کرێن. ئه‌مه پێوه‌ری هه‌ری په‌سندکراوی له یه‌ک جوێکردنه‌وه‌ی شێوه‌زاره له زمان. به‌ڵام دیاره ئه‌و پۆلێن کردنه بێ کێشه نیه. بۆ نموونه سوێدی و نۆروێژی هه‌ر چه‌نده وه‌کوو دوو زمانی جیاواز داده‌ندرێن به‌ڵام ده ناو خۆیاندا له یه‌کتریش تێده‌گه‌ن. له هه‌مان کاتدا هێندێک شێوه‌زار له ناوچه‌ی داڵاڕنا یان هه‌رێمی یه‌متله‌ندی وڵاتی سوێد هه‌ن که به گۆڤه‌ری/ژێرزاراوه‌ی زمانی سوێدی داده‌ندرێن ئه‌گه‌رچی ده نێوان ئه‌و شێوه‌زارانه و سوێدی سته‌ندارد دا له‌یه‌ک تێگه‌یشتنی دوولایه‌نه نییه. به واته‌یه‌کی دیکه ئه‌مه هۆکاره سیاسییه‌کانن که به‌ر له پێوه‌ره زمانناسییه‌کان سنووری نێوان شێوه‌زاره و زمان دیاری ده‌که‌ن. زۆر جاران شێوازێک به زاراوه داده‌ندرێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی که شێوه‌یه‌کی ئه‌ده‌بی نییه، یان ئاخێوه‌رانی ئه‌م شێوازه خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆیان نین، یان له به‌ر ئه‌وه‌ی که پێز و پرێستیژی شێوازه‌که له زمانی سته‌نداردکراو که‌متره. به هه‌ر حال ئه‌م شێوازه‌ی که وه‌کوو زمان پێناسه ده‌کرێ به‌گشتی گرده‌وه‌کۆیی کراوه، که‌ره‌سته‌ی دیاریکراوی پێدراوه و به شێوه‌یه‌کی ده‌زگایی له لایه‌ن دام وده‌زگای ده‌وڵه‌ته‌وه پشتیوانی لێ ده‌کرێ.
پۆلێن‌کردنی زمانی کوردی
به پێچه‌وانه‌ی "زمان‌ناسی کورد"، زمانناسانی ڕۆژئاوایی کاتێک له سه‌ر زمانی کوردی ده‌دوێن، زیاتر باسی "چه‌ند زمانی هاوڕیشه" ده‌که‌ن تا " زاراوا کوردییه‌کان". هێندێک له‌و زمانناسانه له پۆلێن کردنه‌کانیاندا له‌وه‌شی تێده‌په‌ڕێنن. بۆ وێنه گۆرانی ( له لایه‌ن مه‌کێنزییه‌وه) و دملکی (له‌لایه‌ن لودوێگ پاوله‌وه) به دوو زمانی به ته‌واوی جیاواز له کوردی پێناسه ده‌کرێن.
له پارسه‌نگی نێوان ئه‌و دوو جه‌مسه‌ره تیژپه‌ڕه دا، واته ئه‌و کوردانه‌ی که هه‌موو زاراواکان به زمانێکی تاقانه ده‌زانن و زمانناسانی بیگانه‌ی وه‌کوو مه‌کێنزی و لودوێگ پاول دا ، ده‌بێ له ڕاستی ورد بێنه‌وه و قه‌بووڵ بکه‌ین که کوردی هه‌ر نێوی تاکه زمانێک نییه به‌ڵکوو نێوی گرووپێکه له زمانان، که له ڕوانگه‌ی ژێنێتیکییه‌وه زۆر له یه‌ک نزیکن. هه‌ر سێ شێوازی کوردی که له ئاستی وشه‌ییدا له یه‌ک نزیکن، بریتین له کوردیی باکوور ( بۆتی، بادینی، سه‌رحه‌دی، به‌رفراتی، دیاربه‌کری... و ئیدیکه)، کوردیی ناوه‌ڕاست ( سۆرانی، ئه‌رده‌ڵانی، موکریانی، بابانی ) و کوردیی باشووری ( ئیلامی، کرماشانی، فه‌یلی و ئیدیکه). لیره پێویسته بگۆترێ که کوردیی باکووری له بواری ڕێزمانی‌دا له هه‌ر دوو ده‌سته‌که‌ی دیکه جیاوازه، چونکه نیگارێکی رێزمانی کۆنی هه‌یه. دوو شێوازه‌که‌ی دیکه، که زۆر جار وه‌کوو یه‌ک زاراوا پێناسه ده‌کرێن، واته گۆرانی (هه‌ورامی، باجه‌ڵانی، زه‌نگه‌نه‌یی و ئیدیکه) و دملکی ( دێرسیمی ، پاڵوو/چه‌ولکی، سوێره‌گی و ئیدیکه) هه‌رچه‌ندی له باری وشه‌ییه‌وه له یه‌ک نزیکیش بن، له به‌ر دوورکه‌وتنه‌وه و مه‌ودای جوگرافیاییه‌وه و هه‌روه‌ها دراوسێیه‌تی له گه‌ڵ زمانی دیکه له باری ڕێزمانییه‌وه له یه‌کتری دوور که‌وتوونه‌ته‌وه. به کورتی، ئێستا پێنج شێوازی زمانی کوردی هه‌ن. هه‌موو شێوازه کوردییه‌کان سه‌ر به گرووپی باکووری ڕۆژئاوای زمانه ئێرانییه‌کانن. من پێم مه‌نتقیتره، که له جیاتی زمانه کوردیه‌کان، تێرمینۆلۆژی یان ده‌سته‌واژه‌ی زمانه‌وانی کۆمه‌لایه‌تی (سۆسیۆلینگویستیک) به‌کار بێنین و باسی شێوازه ئاخاوتنه‌کانی (speech variety) کوردی بکه‌ین، بۆیه ئه‌گه‌ر له رووی ئه‌م بۆچوونه‌وه‌وه، پێناسه‌ی پێنج شێوازه‌که بکه‌ین گونجاوتره.
دروستکردنی زمانی یه‌کگرتوو
هێندێک ڕووناک‌بیری نه‌ریتیی کورد ئیدیعا ده‌که‌ن که ده‌بێ له‌م پێنج شێوازانه زمانێکی یه‌کگرتوو دروست بکرێ. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره بکرێ دوو رێگا له به‌ر ده‌ستانه. یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که به پێی قانوونه ده‌نگسازییه‌کان و پێکهاته‌ی مۆرفۆلۆژیکی کوردی له چۆارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی پێی ده‌لین زمان‌ناسی دامه‌زراندنه‌وه (reconstruction linguistics)، له بنا‌وان ڕا " پرۆتۆ - کوردی" دامه‌زرێنین. واته فورم یان پرۆتۆتیپی زمانیکی کوردی دامه‌زرێنین، که هێشتا به‌سه‌ر شێواز و زاراوه‌ی جیاواز دا دابه‌ش نه‌کراوه. ریگای دووهه‌م ئه‌وه‌یه که یه‌ک له‌م پێنج شێوازانه‌ی که هه‌ن، هه‌تا ئاستی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی به‌رز بکریته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ببێته زمانێکی سه‌رناوچه‌یی (supralocal)، واته زمانیک له سه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شیوازه‌کانی دیکه. گرفتی ڕێگای یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که هه‌ڵبژاردنیکی به‌م شێوه‌یه، واته دروستکردنه‌وه‌ی پرۆتۆتیپی کوردی، ده‌بێته هۆی دروست بوونی کوردییه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره، که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کوردان ناتوانن لێی تێبگه‌ن. به‌دیلی دوویه‌م ئه‌م ڕێگایه‌یه، که بزووتنه‌وه ناسیۆنالیستیه‌کان له گه‌لێک وڵاتان دا هه‌ڵیان بژاردووه.
تێئۆریی زمانی یه‌کگرتوو و پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی
وه‌ک ئاور ده‌ڵێ : "ده پێڤاژۆی نه‌ته‌وه سازییدا گرده‌وه کۆیی و ڕێکپێدانی زمانی نه‌ته‌وه‌یی زۆرجاران نه‌ک به هه‌نگاوێکی گرینگ به‌ڵکوو وه‌کوو هه‌نگاوی جه‌وهه‌ری ته‌ماشا کراوه." ئه‌م بۆچوونه له پێڤاژۆی نه‌ته‌وه سازی له گه‌لێک وڵاتاندا سه‌رده‌ست بووه، به‌ڕێوه چووه و به بناخه‌ی سه‌ره‌کی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه داندراوه.
تێئۆریسییه‌نی لبێڕاڵ ویل کیملیکا ده‌ڵێ "ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه" له باری چه‌مکییه‌وه له سه‌ر بنه مای زمانی هاوبه‌ش بووه به پێناسه و هاو واتای "ده‌وڵه‌ت". ئه‌و بۆچوونه نه‌ک ته‌نیا له گه‌ل بۆچوونه لیبرالییه‌کان که ئه‌م بابه‌ته له چوارچێوه‌ی تێئۆری ئێکۆنۆمیستی دا تاوتوێ ده‌که‌ن نیزیکایه‌تی هه‌یه، به‌ڵکوو له گه‌ڵ ڕوانگه‌ی چه‌په‌کانیش که له چاو ئه‌وان دا مه‌سه‌له‌ی ناسێنه، واته هوییه‌ت و پێناسه به ده‌سته‌ڵاتی سیاسییه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، یه‌ک ده‌گرێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئێمه له به‌ر خێراتربوونی به‌گه‌ر که‌وتن و پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی نێوگرووپان بمانه‌وێ بۆچوونێکی ئه‌وتۆ دابڕ‌ێژین ئه‌و کاته ده‌که‌وینه هه‌ڵوێستێکی ئاسیمیلیاسیونیست واته هه‌موو شتێک ده خۆماندا ده‌توێنینه‌وه. ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت- نه‌ته‌وه‌ی مۆدێڕن له شکڵی کلاسیکی خۆیدا له سه‌ر بنه‌مای زمانێک داندراوه وه‌کوو نموونه‌یه‌ک بۆ پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه سازی کوردی دیارده‌یه‌کی تێکده‌ر و بێ که‌لکه، چونکه ده‌بێ پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی کورد له قیممه‌ی پۆست مۆدێرنیته‌دا، بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی خۆی له سه‌ر چه‌مکی مافی مرۆڤ، پلوورالیزم و دیموکراسی دامه‌زرینێ. ئه‌و کاته که پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه-ده‌وله‌ت سه‌ری هه‌ڵدا، سانترالیته و ناوه‌ندیه‌تیی شوێنیکی به‌هێزی له چارچێوه‌ی چه‌مکی ده‌وله‌تدا هه‌بوو و له به‌رامبه‌ر دا جه‌ماوه‌ری خه‌لکی توانایی وه‌گه‌رکه‌وتن و به‌سیجی نێو-گرووپیان (intergroup mobility) نه‌بوو که دژ به‌م ره‌وته راوه‌ستن. به‌ڵام ئێستا وا نیه، چونکه به هۆی گه‌شه‌سه‌ندن و به‌ره‌وه‌پێشچوونی ته‌کنۆلۆژی، توانایی وه‌گه‌رخستن و به‌سیجی نێو-گرووپی زۆر به‌هێزتره. چه‌مکێکی ئه‌وتۆ واته دروست کردنی یه‌ک زمان و یه‌ک نه‌ته‌وه که له سه‌رچاوه‌ی ژاکۆبێنیستی فه‌رانسه‌ییه‌وه ئاو ده‌خواته‌وه، هه‌نووکه نه‌ک ته‌نیا له ئاستی هه‌موو جیهاندا تووشی کێشه و گرفتی بناخه‌یی هاتووه به‌ڵکوو له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستیش ولامده‌ره‌وه‌ی راستی کولتوری و کومه‌لایه‌تی ئه‌م ناوچه‌یه نییه. له بیرمان نه‌چێ که ئێمه‌ی کورد زیاتر له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه به‌چنگ ئێش و ئازاری ئاکامه‌کانی ئه‌م چه‌مکه‌وه ناڵاندوومانه و ده‌ناڵێنین. هه‌رهه‌ولێکی سانتریپێتالی (ناوه‌ندیکردنی) یه‌کخستنی زمان، ئاکامی پێچه‌وانه‌ی ده‌بێ، چونکه خه‌لک به ئاست پرۆژه‌ی به مه‌رکه‌زه‌وه به‌ستندا هه‌میشه وه‌کوو دژکرده‌وه دینامیزمیکی سانتریفوگال واته هه‌ڵاتن له مه‌رکه‌ز له خۆیان نیشان ده‌ده‌ن.
به‌رزکردنه‌وه‌ی یه‌کێک له شێوازه‌کان ده‌رئه‌نجامیکی نیگاتیفی تری سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت قانوونیشی لێده‌که‌وێته‌وه. وه‌ک کۆمه‌ڵناسی فه‌رانسه‌یی، که زمانی ستاندارد یاخود زمانی یه‌کگرتوو به زمانی ڕه‌وا (langue légitime) نیوزه‌د ده‌کا، واته زمانێک که خاوه‌نی پشتیوانی قانوونی بێ، له خۆی دا به شیوازێکی ئۆتۆماتیک شێوازه‌کانی تری زمان ناڕه‌وا له‌قه‌له‌م ده‌دا و په‌راویزیان ده‌کا. چونکه سه‌رچاوه‌ی مه‌شرووعیه‌ت هه‌ر ده‌بێته زمانی ستاندارد هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ر هه‌ولێک بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی شێوازه‌کانی تر ده‌بێته نامه‌شرووع و ده‌بێ به پێی چه‌مکی ناوه‌ندخوازی وتاربێژیی سیاسیی ده‌سه‌ڵات بچه‌وسێندرێته‌وه.
زمان و په‌روه‌رده
به پێی پێناسه‌کردنی باسیل برنستاین، دوو شێوازی درکاندی زمان هه‌یه، کۆدی سنوورکراو و کۆدی پێشکه‌وتوو. زمانی کۆدی سنوورکراو ئه‌و زمانه‌یه، که ئێمه بۆ دانوستاندنی رۆژانه و نافه‌رمی به‌کار ده‌هێنین. ئه‌وی پێشکه‌وتوو زمانی بواری گشتی و فه‌رمییه و به زه‌مینه یان کۆنتێکسته‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه. زمانی فێرگه و زانکۆش کۆدی پێشکه‌وتووه. به نه‌ریتیش گرووپی سه‌رده‌ست زیاتر کۆدی پێشکه‌وتووی زمان به‌کار ده‌هێنن. زمانی نووسینی به هۆی کۆنتێکستوئێل بوون و ئاستی به‌رزی ئابستراکسیۆنی ده‌که‌ویته خانه‌ی زمانی کۆدی پێشکه‌وتوو. به بۆچوونی به‌رنستاین توانایی ئاخاوتنی مندال کاریگه‌ریی راسته‌وخۆی هه‌یه له‌سه‌ر توانایی وه‌رگرتن و تێگه‌یشتنی (cognitive) ئه‌و. بۆیه ئه‌و منداڵه‌ی خاوه‌نی کۆدی پێشکه‌وتووی زمان بێ ، توانایی ده‌ربڕینی بیر و هه‌ست و تاوتوێکردنی ناوخۆیی هزره‌کانی باشتره، ته‌نانه‌ت توانایی باشتریشی هه‌یه که بتوانێ ئاخاوتن، هزری ئابستراکت و تیۆریه‌کانی تاوتوێ بکا. به‌لام سه‌رنج بده‌ن، کاتێک که مندالێک له پڕڕا بچێته خوێندنگا و به شێوازێکی تر، که له‌سه‌ر بناغه‌ی کۆدی پێشکه‌وتووی شێوه‌زارێکی تر دارێژراوه په‌روه‌رده ببێ، بێ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی له قالبی کۆدی سنوورکراو دا هه‌بێ، ناتوانێ به ڕاده‌ی ئه‌وانه‌ی که کۆدی سنوورکراو و پێشکه‌وتوویان گرێدراوی یه‌ک شێوه و یه‌ک زمانن، سه‌رکه‌وتوو بێ.
من وه‌کوو مامۆستا له زانکۆی دهۆک، خوێندکاری بادینی و سۆرانیشم هه‌یه. هه‌رچه‌نده بابه‌ته‌که به گشتی به بادینی شی ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که له ناوچه‌کانی سۆرانی‌ئاخێو ڕا هاتوون، ئاسانتر شیکارییه‌کانم وه‌رده‌گرن، چونکه ئاستی هزری ئابستراکتیان به‌رزتره. له قوتابخانه دا مه‌جبوور نین شته‌کان له‌به‌ر بکه‌ن، چونکه تێده‌گه‌ن. ئه‌وه‌ی بادینی بێت، ده‌بێ بابه‌ته زانستیه‌کان، ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایییه‌تیه‌کانیش له‌به‌ر بکا، بێ ئه‌وه‌ی لێی تێ‌بگا. بۆ نموونه ڕێژه‌ی سه‌رکه‌وتنی خوێندکار، به پێی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی په‌روه‌رده‌ی دهۆک، له سه‌دا 38ه، ئه‌ویش دوای ده‌وره‌ی دووهه‌م، له کاتیک دا هه‌مان رێژه له هه‌ولێر 49 و له سلێمانی 51ه. ئه‌م ئاماره سه‌رسووڕهێنه‌رانه، چونکه ئاکامه‌کی راسته‌وخۆی ئه‌م دیارده‌یه که له سه‌ره‌وه دا باسم کرد راسته‌وخۆ ده‌بێته هۆی پێکهاتنی نابه‌رابه‌ری و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی (social uneven recruitment). پێویسته بزانین که ئه‌م ناعه‌داله‌تیه له ناو سیسته‌می خویندن له کوردستان دا هه‌ر له قۆناغی سه‌ره‌تایییه‌وه ده‌ست پێ ده‌کا. ئه‌مه له‌گه‌ل خۆی دا ڕێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تی کردن له بۆاره‌کانی ئابۆری، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ته‌نانه‌ت ده‌سه‌لات دا نایه‌کسان و نابه‌رابه‌ر ده‌کا. له‌م په‌یوه‌ندییه دا نایه‌کسانی و نابه‌رابه‌ری کومه‌ڵایه‌تی و چینایه‌تی ره‌نگی ئێتنیک و زمانی به خۆیه‌وه ده‌گرێ. نابه‌رابه‌ربوونی رێژه‌ی نوێنه‌رایه‌تی که‌مایه‌تی دیموکراسی و بێگومان پێشێللکرندی مافی مرۆڤیشی له‌گه‌لدایه.
ئه‌گه‌ر مرۆڤ به چاوێکی بی لایه‌ن بڕۆانێته واقعی کوردان، ئه‌و کێشه‌یه ئه‌وه‌نده‌ی تریش ئاڵۆزتر ده‌نوێنێ. لانی که‌م چونکه ئه‌مرۆ که‌م و زۆر هه‌موو شێوازه کوردییه‌کان شکڵی ئه‌ده‌بییان هه‌یه و هه‌ر بۆیه‌ش ئاخێوه‌رانی هه‌موو شێوازه‌کان داوخوازی زمانییان هه‌یه که له خۆی دا داوخوازێکی ره‌وایه. وه‌کوو پێشتریش باس کرا هه‌بوونی توانایی بزاو و وه‌گه‌رخستنی نێوگروویی (intergroup mobility) ئاخێوه‌رانی شێوازه‌کان، ئه‌و داوخوازییانه ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش به‌هێزتر و ڕوونتر ده‌کا. ته‌نانه‌ت هێندێک کۆمه‌لگای ئاخاوتنی کوردی، بۆ وێنه ئاخێوه‌رانی دملکی، داوخوازیی زمانی خۆیان ئه‌وه‌نده پێش خستووه که هێندێکیان خۆیان وه‌کوو گرووپێکی غه‌یری – کورد پێناسه ده‌که‌ن، که له ئاستی سیاسه‌ت دا خۆی له شکڵ و هه‌یبه‌تی ناسیۆنالیزمی زاز دا ده‌ر ده‌خا. هه‌روه‌ها هه‌ورامیی گۆران داوخوازی ئۆتۆنۆمییان – به بۆچوونی من ئه‌ویش ره‌وا – له حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردووه. له‌به‌ر زێهنییه‌تی سه‌رده‌ستی پارانۆیی و دڕدۆنگ بوون، هه‌ر چه‌شنه داوخوازیکی زمانی که له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی شێوازه غه‌یره سه‌رده‌سته‌کان دیته ئاراوه به گه‌له‌کۆمه‌ی بیگانه و دوژمنان له قه‌ڵه‌م ده‌درێ. ئه‌مه هه‌ر به مانای هه‌مان هه‌ڵوێسته که ترکه‌کان له به‌رامبه‌ر کوردان دا هه‌یانه. ڕاستی ئه‌وه‌یه که پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی نێو-گرووپی له مۆدێرنیته دا چه‌مکی گرووپه ئێتنیکی ، هه‌رێمی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی به‌رفراوانتر کردووه.
ئاکامی دروستکردنی زمانی "یه‌کگرتوو"
له ڕێبازی گۆیا سازکردنی زمانی یه‌کگرتوو دا، ئێمه ده‌سته‌یه‌ک زمانی ئاترۆفی واته کزۆڵکه و لاواز، و زمانێکی سۆپرا لۆکا‌ڵی سه‌رده‌ست دروست ده‌که‌ین. وه‌کوو پێشتر باسم کرد، ده‌سته‌ی کزۆڵکه و لاواز له به‌ر توانایی بزاو و به‌سیجی نێوگرووپی، خۆی له به‌رامبه‌ر زمانی سه‌رده‌ست دا- که به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی بکرێته زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی فه‌رمی سه‌رده‌ست کراوه - کاردانه‌وه نیشان ده‌دا و ملکه‌چی نابێ . له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دروست کردنی زمانیکی نه‌ته‌وه‌یی، که له‌سه‌ر بنچینه‌ی زاراوایه‌ک پێکدێ، ده‌بێته هۆی ده‌په‌راوێز هاویشتنی شێوازه‌کانی دیکه. لێره‌دا ده‌سته یان گرووپی په‌راوێزکراو له کۆمه‌لگا دا تووشی نامۆیی ده‌بێ. هۆی نامۆبوونی وه‌کوو پێشتریش باسم کرد ده‌گه‌رێته‌وه سه‌ر هه‌بوونی ده‌رفه‌تی به‌شداری کۆمه‌ڵایه‌تی (یاخود ڕێگه‌نه‌دان به به‌شداری کۆمه‌ڵایه‌تی) و ئاستی نوێنه‌رایه‌تی به پێی ناسێنه‌که‌ی خۆی. واته ئه‌گه‌ر بادینی بێ ده‌بێ به ناسێنه‌ی بادینی و ئه‌گه‌ر سۆران بێ ده‌بێ به ناسێنه‌ی سۆرانی خۆی و زمانه‌که‌ی له کۆمه‌لگادا به‌شداری بکا. نموونه‌ی پێچه‌وانه‌که‌ی تورکیایه، که کورد ده‌توانێ به ناسێنه‌ی تورکایه‌تی ببێته سه‌رۆک کۆماریش، له حالێک‌دا هه‌موو لایه‌نه‌کانی ناسێنه‌ی کوردی – ناسێنه‌ی زمانیشی له‌گه‌ل دا – کریمینالیزه کراوه، واته لامه‌شرووع کراوه و ته‌نانه‌ت بووه‌ته هۆی له‌ناوبردنی فیزیکیشی. دوور نیه ئه‌و هه‌ستی نامۆبوونه‌وه له کوردستانیش دا له‌به‌ر سه‌پاندنی شێوازێک به سه‌ر شیوازه‌کانی دیکه دا رووبدا، چونکه دابڕان له نێوان کۆدی سنووردار و کۆدی پێشکه‌وتووی زمان له ئاکامدا په‌راوێزکردنی گرووپێکی زمانی له‌گه‌ڵ خۆی دێنێ. نامۆبوونه‌که هه‌روه‌ها ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی ڕه‌ددی فیعلی کۆمه‌لگای ئاخاوتن (speech community)، که هه‌ست ده‌کا مافه بنه‌ره‌تییه‌کانی – له‌وانه مافی زمانییه‌که‌ی- پێشێل کراوه. دژکرده‌وه‌که ده‌بێته هۆی به‌رخۆدان له دژی وتاربێژی ناوه‌ندخوازی و هۆمۆژێنیستی (ته‌کفۆرم یا ته‌کره‌نگکردنه‌وه) ده‌سه‌لاتی سیاسی، که مه‌شرووعیه‌تی خۆی له چینی سه‌رده‌ست وه‌رگرتووه؛ واته ئه‌و چینه‌ی که زمانه‌که‌ی زمانی کۆدی پێشکه‌وتووه. به پێی ئه‌م وتاربێژیه هه‌رهه‌ولێکی سانتریفوگال[ له ناوه‌ند ته‌ره بوو] بۆ دابینکردنی مافی زمانیی گرووپی په‌ڕاوێزکراو وه‌کوو هه‌ولێک بۆ تێکدانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له قه‌له‌م ده‌درێ. لێره دا پێویست ده‌بینم باسی کۆبۆنه‌وه‌یه‌ک له په‌رله‌مانی کوردستان دا بکه‌م.
کۆمیسیۆنی په‌روه‌رده‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانی کوردستان بانگهێشتی چه‌ند پسپۆری بواری زمانی کردبوو، یه‌ک له‌وانه من که له‌گه‌ل دوو براده‌ر له دهۆک ڕا لێیان گێڕابووینه‌وه . باسه‌که له سه‌ر ده‌ستووری ئاکادێمیی کوردستان بوو. من دوو تێبینیم له‌سه‌ر ده‌ستوور هه‌بوو، یه‌کێک که ئه‌و به‌نده‌ی باسی ره‌سه‌نایه‌تی زمانی کوردی ده‌کا، لابدرێ، چونکه وه‌رگێرانی راسته‌وخۆی ده‌ستووری مجمع علمی عیراق بوو، که باسی سه‌لامه‌تی زمانی عه‌ره‌بی ده‌کرد. من هه‌روه‌ها ئه‌م بۆچوونه‌م پێ بووچونێکی ئێسێنسیالیستی واته جه‌وهه‌ریانه بوو. چونکه لیره دا پرسیار ئه‌وه‌یه که تێکه‌لبوونی زمان به هۆی جیاواز دیارده‌یه‌کی سروشتییه و ئه‌وه کێ یه ده‌ستنیشانی ده‌کا چ زمانێک ره‌سه‌نه و چ زمانێک ره‌سه‌ن نیه؟ به‌ندێکی دیکه که له ده‌ستووردا هاتبوو باسی خه‌بات بۆ دروستکردنی زمانی یه‌کگرتووی کوردی ده‌کرد که من به پێێ ئه‌م هۆیانه‌ی که لێره دا باس ده‌کرێن پێم دروست نه‌بوو. سه‌رۆکی کۆمیسیۆنه‌که، به هاوده‌نگی له‌گه‌ل به‌شدارانی تر، گوتی ئه‌مه ئه‌مری سه‌رۆکی هه‌رێمه و سه‌رۆکی هه‌رێم زمانی یه‌کگرتووی کوردی وه‌کوو ئه‌منی قه‌ومی ده‌بینێ. به هه‌رحاڵ من له‌گه‌ل ئه‌وه‌م که زمانی کوردی پێوه‌ندی ته‌واوی هه‌یه به ئه‌منی قه‌ومییه‌وه، به‌لام به پێچه‌وانه‌ی ئه‌م به‌رێزانه، من پێم وایه دروستبوونه‌که‌ی مه‌ترسیی هه‌یه بۆسه‌ر ئه‌منی قه‌ومی. چونکه ئه‌گه‌ر کۆمه‌لگای ئاخاوتنی په‌راوێزکراو مافه زمانییه‌کانی دابین نه‌کرێ و ته‌نانه‌ت له‌به‌ر خواسته ره‌واکانی بچه‌وسێندرێته‌وه، ئه‌و کاته ئێمه ده‌که‌وینه قۆناخێکی تر، که تێێدا گرووپه په‌ڕاوێزکراوه‌که، نامۆبووه‌که یان چه‌وسێندراوه‌که هه‌ستی جیاوازیخوازی له لا دروست ده‌بێ واته: په‌ڕاوێزکران --> نامۆبوون --> به‌رخۆدان --> چه‌وسانه‌وه --> جوداخوازی --> دابڕان.
به واته‌یه‌کیدیکه ئه‌و وزه و دینامیزمه‌ی که ئێمه‌ی کوردی له به‌رامبه‌ر " ئه‌وانیدی" دا وه‌گه‌رخستووه، ئه‌م جاره‌یان ده‌بێته وزه و دینامیزمێک که ئێمه به ده‌ستی خۆمان ده نێو خۆشمان‌دا له به‌رامبه‌ر یه‌کتری دا به‌کاری دێنین. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جیاوازیخوازی ( بۆ نمونه جیاوازیخوازی زازا و گۆرانان) به‌قه‌د وتاربێژیی توێنه‌ره‌وه‌ی ته‌تبیق کردنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو، که ئێمه هه‌ڵیده‌بژێرین، گرینگ نییه. به ڕه‌چاو کردن و هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وتاربێژیه ئێمه هه‌مان به‌ڵا به‌سه‌ر خۆمان دێنین که تاکوو ئێستا دوژمنانی ئێمه به سه‌ر ئێمه‌یان هێناوه.
کام ریگا باشه؟
به بوچوونی من بۆ خولادان و خۆبۆاردن له‌م مه‌ترسییه ڕێگه چاره‌یه‌کی نێونجی هه‌یه. له‌م ڕێبازه دا بێ ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی که‌سانی لایه‌نگری یه‌کپارچه‌یی و یه‌کگرتنی زمانی بوروژێنین و برینداری که‌ین، ده‌توانین به ڕه‌چاو کردنی وتاربێژیی زمانی دێمۆکراتیک، واته فره ناوه‌ندێتی زمانی (pluricentrism) کێشه‌کان به‌لادا بخه‌ین. فره‌ناوه‌ندێتی زمانی واته زمانێک که چه‌ندین سته‌نداردی هه‌بێ. و که هه‌موو شێوازه‌کانی کوردی به "زمانی کوردی" بزانێ. به ڕه‌چاو کردنی وتاربێژی فره‌ناوه‌ندێتی زمانی و پیاده کردنی ئیمه ده‌توانێن هه‌م فره‌چه‌شنی و پلورالیزمی زمانی بپاریزین و هه‌م ده‌توانین ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه به یه‌کگرتوویی ڕابگرین. کورت و کرمانجی، با هه‌ر پێنج شێوازه " کوردییه‌کان به ڕه‌سمی وه‌کوو شێوازی نه‌ته‌وه‌یی کوردی ددانیان پێدابهێندرێ و به ره‌سمی بناسرێن.
هێندێک که‌س له‌وانه‌یه ئیدیعا بکه‌ن به‌بێ زمانێکی هاوبه‌ش ئێمه چۆن ده‌کرێ پۆلیتییه‌کی (به‌ده‌نه‌ی سیاسی polity:) هاوبه‌ش واته " کوردستان" مان هه‌بێ. ڕاسته نه‌ته‌وه ده‌بێ بتوانێ به زمانێک له‌گه‌ڵ یه‌کدی دان و ستاندنی هه‌بێ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ بتوانین به‌ستێنێکی پێوه‌ندی هاوبه‌ش ساز بکه‌ین و هه‌روه‌ها وتاربێژی و خیتابێکی هاوبه‌شمان بۆ شکڵپێدانی پۆلیتیه‌کی هاوبه‌ش واته " کوردستان" هه‌بێ. ویست و ده‌ره‌تانی به‌شداری له وتاربێژی گشتی دا دوو بنه‌مای سه‌ره‌کی هاوولاتێتی دێمۆکراتیکن. به‌ڵام ئه‌و کێشه‌یه ده‌بێ له سیسته‌می په‌روه‌رده دا چاره‌سه‌ر بکرێ. وتاربێژیی فره ناوه‌ندێتی زمانی ده‌کرێ له‌و سیسته‌مه دا بپارێزدرێ. ئێمه ده‌بێ به گژ ئینحیسار و مۆنۆپۆلی زمانێک دا بچین و به دژی تێ‌بکۆشین و له‌جیاتی ئه‌وه له وڵاتی خۆمان – وه‌ک سیاسه‌ت ، که‌تێیدا هاووڵاتێتی به مانای هه‌بوونی چه‌ندین ناسێنه‌ی زمانی و بوونی ویست و توانای هه‌موو که‌س بۆ به‌شداری له وتاربێژیی گشتی دایه - فره‌زمانی هان بده‌ین.
فره‌زمانی تاکه که‌سی individual polyglossia)) - گه‌لێک له کوردان فره زمانن - پێشمه‌رجێکی گرینگه بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ناسێنه‌ی کوردستانێتی، با ئه‌و فره‌زمانییه ببێته دیارده‌یه‌کی نێو کوردی. لێره دا بۆیه ده‌بێ خوێندنگه‌ی کوردستانی بۆ یه‌کانگیرکردنی ناسێنه‌ی تێکه‌ڵاوی زمانی دابمه‌زرێندرێن بێ ئه‌وه‌ی ببن به ده‌زگای تواندنه‌وه و ئاسیمیلاسیۆنی کوردان به ده‌ستی کوردان.
هه‌روه‌ها لێره‌دا به پێویست ده‌زانم ده‌وری رۆشنبیر و ده‌سه‌لاتی سیاسی کوردستان له داڕژتنی کێشه‌ی زمان دا شی بکه‌مه‌وه. له سه‌رده‌می ڕێنێسانسه‌وه تا ئێستا ئه‌وه‌ی که ده‌وری هه‌بووه له گۆرانکاری بنه‌ره‌تی له کۆمه‌ڵگادا، زانین، ته‌عه‌هود و وه‌لائی رووناک‌بیر بووه که له بواره جوربه‌جوره‌کان دا بوونه‌ته هۆی به‌دیهاتنی رێفۆرمی کۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ڵام له هه‌مان کات پێویسته بزانین که هه‌ر ره‌وشه‌نبیرێک ناتوانرێ وه‌کی به‌رپرسیراگری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌قه‌له‌م بدرێ. بۆ نموونه کێشه‌ی دره‌یفوس و هه‌لوێستی رووناکبیرانی دیکه‌ی رۆژئاوایی له به‌رامبه‌ری ده‌سه‌لات له سه‌رده‌می خۆیان دا هه‌میشه له پێناوی پاراستنی مافی مرۆڤ و عه‌داله‌ت دا بووه. رووناکبیرانی کورد له باشوور به‌و هه‌لوێسته‌ی ئه‌م دواییه‌ی خۆیان، له ئیلیبه‌رالیته دا ده‌سه‌له‌لاتیان تێپه‌ر کرد. ئه‌مه جۆرێ ئیۆری و ته‌عنه یه بۆ چه‌مکی ناسیۆنالیزمی کوردی، که رۆناکبیر داوا له ده‌سه‌ڵات بکا – ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ی توندیشی لێ ده‌گرێ – بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات له ده‌ستی گرووپێکی دیاریکراو دا قه‌بزه بکرێ و ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌لات هه‌ر چی زووتر به که‌لک وه‌رگرتن له ئامرازی زمان سانترالیزه بکرێ. سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌یه، که ده‌سه‌لاتی سیاسیش له سه‌ر هه‌مان نۆت ده‌دوێ. له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک دا که ساڵی پار له‌گه‌ڵ رۆشنبیرانی شاری دهۆک کرا، من بۆچوونێکم ئاراسته‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم کرد و تێی دا جه‌ختم کرده‌وه که چونکه کێشه‌ی زمان به ماف و دیموکراسیه‌وه گرێدراوه بۆیه ئێمه ده‌بێ خیتابه‌ی فره‌ناوندێتی هه‌لبژێرین بۆ پاراستنی یه‌کگرتوویی نه‌ته‌وه‌یی و پێکه‌وه‌به‌ستراو بوونی خه‌لکی کورد هه‌ر چه‌ند به‌رێزیان له وڵام دا گوتیان که مه‌سه‌له‌ی زمانی عیلاقیه‌کی به زمانه‌وه نیه و ئه‌منی قه‌ومی ئێمه یه و وه‌کوو میلله‌تانی دیکه له ناوچه‌که‌دا ده‌بێ ئێمه‌ش زمانی یه‌کگرتوومان هه‌بێ. بۆچوونی ده‌سه‌لاتی سیاسی و بزووتنه‌وه‌ی ره‌وشه‌نبیری له کوردستان دا (به تایبه‌ت له باشووری کوردستان) ده‌ربڕی یه‌ک ویستن؛ جیاوازیه‌که‌ی ته‌نیا ئه‌مه‌یه که ره‌وشه‌نبیره‌که داوا ده‌کا ئه‌و ویسته نادیموکراتیکه زووتر جێ به جێ بێ.
زمان هه‌لگری ناوه‌رۆکی کولتووری یه، ئه‌گه‌ر شێوازی زمانی بخرێته په‌راوێز و مارژینال بکری کولتووره‌که‌ش ده‌رفه‌تی ژیانه‌وه و بووژانه‌وه‌ی نامێنێ. ئه‌مه جینۆسایدی کولتووری یه، ئه‌مه مۆنیسم (یه‌کفۆرمکردن) ی کولتووری یه؛ له حالێک‌دا دونیا به‌روه پلوورالیزمی کولتووری ده‌چێ. وتاربێژی زمانی پێوه‌ندی راسته‌وخۆی به شێوازی په‌ره‌سه‌ندی ناسیۆنالیزمی کورده‌وه (کوردایه‌تی) هه‌یه. دوو رێگامان له پێشه، یان نموونه‌ی جیرانه‌کان دووباره ده‌که‌ینه‌وه، واته وه‌کوو ئه‌و براده‌ره ره‌وشه‌نبیرانه‌ی کورد به عه‌بای عرووبه‌وه (ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب) کوردایه‌تی ده‌که‌ین و وه‌کوو عه‌ره‌بیش لایه‌زال پارچه پارچه ، نامودیرن و شموولی ده‌مێنینه‌وه و که ئینتاجی فیکریشمان نابێته یه‌ک له سه‌دی وه‌لاتێکی وه‌کوو سپانیا یان ئه‌وه‌ی رێگایه‌ک هه‌لده‌بژیرین که به‌ره‌و گه‌شه کردن و دیموکراسیمان ده‌با. به‌رهه‌رحال به پێچه‌وانه‌ی وتاربێژی ره‌سمی، من ده‌مه‌وێ به سه‌راحه‌ت بڵێم ئه‌و دووڕوویی و دێماگۆژییه دژه‌عه‌ره‌بییه، ئه‌م هه‌سته له لای مروڤ دروست ده‌کا که هه‌ر ده‌ڵێی له ناو رۆشنبیری کورد له باشوور دا عه‌ره‌ب و فه‌رهه‌نگه‌که‌ی ئه‌فزه‌ل ده‌بینرێ. ده‌نا بۆچی ده‌بێ بۆ ئه‌م وتاربێژییه زمانییه که زوریش نادیموکراتیکه له ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب و عرووبه کۆد-کۆپی بکرێ؟ به‌شی گه‌وره‌ی په‌ره‌سه‌ندنی دیموکراسی، پلوورالیزم و تۆلێرانس و موسامیحه سه‌رچاوه له مه‌عریفه و زانست وه‌رده‌گرێ. وه‌کوو ده‌زانین ژماره‌ی ئه‌و په‌رتووکانه‌ی ته‌رجومه‌ی عه‌ره‌بی ده‌کرێ ناگاته رێژه‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی بۆ زمانی لیتوانی ته‌رجومه ده‌کرێن. ئه‌مه له کاتیکدایه که نفووسی عه‌ره‌ب 200 میلیۆن ئینسان تێپه‌ر ده‌کا و نفووسی ولاتی لیتوانی که دوای هه‌ڵوه‌شانی سۆڤیه‌ت جیا بووه‌ته‌وه، پێنج میلیۆنیش تێپه‌ر ناکا. یه‌کێک له گه‌وره‌ترین موعزه‌لاتی کومه‌لگای کوردستان نه‌بوونی مه‌عریفه‌ی زانستی ئینسانییه. هه‌ر بۆیه‌ش سه‌یر نیه، که ده‌بینین ده‌سه‌لاتی سیاسی خیتابه‌یه‌کی ئا‌وا نادیموکراتیک هه‌لده‌بژێرێ. لیره دا به داخه‌وه ده‌سته‌لاتی سیاسی زانست و مه‌عریفه له‌و ره‌وشه‌نبیرانه وه‌رده‌گرێ، که ئه‌وانیش به داخه‌وه له کولتووری مۆنیست و تۆتالیتێری به‌عسی دا سۆسیالیزه کراون.
هه‌موو حه‌ول و تیکوشانێک بۆ دروست کردنی گۆیا زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یه‌کگرتوو یان کۆد – کۆپیکردنی سه‌قه‌تی ناسیۆنالیزمه‌کانی ده‌ر و جیرانانه واته کوردایه‌تی کردن به خیتابه‌ی به مێژووه‌ه‌وه نووسان له بن کلاوی په‌هله‌وی له رۆژهه‌ڵات، کوردایه‌تی کردن به پره‌نسیپه که‌مالیسته‌کان و به شه‌بقه‌ی ئاتاتورک له باکوور و کوردایه‌تی کردن به عه‌بای عرووبه له باشووردا - ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌یه که " ئێمه‌ش نه‌ته‌وه‌یه‌کین و زمان و کولتوورمان یه‌که". لێره دا پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ده‌بێ بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کورد ره‌نگدانه‌وه‌ی ناسیۆنالیسمه نالیبێراله‌کانی ده‌ر و جیران بێ؟ ئه‌وان مه‌زهه‌ب و دۆکترینێکی ناسیۆنالیستییان به پێی هه‌ندێ ئاشۆپ و خیتابه‌ی مێژوویی بۆ خۆیان دروست کردوه، ئێمه ئه‌و دۆکترینه‌مان نیه، ته‌نیا هه‌ندێ لایه‌نی سیاسی و رۆشنبیری هه‌ول ده‌ده‌ن به شێوه‌یه‌کی سه‌قه‌ت بنه‌مای ئه‌و دۆکترینه دامه‌زرێنین. له کاتێکدا ئه‌و خیتابه‌یه به که‌ڵکی دروست کردنی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی سه‌د یا دوسه‌د سالی پێشتر ده‌هات. پیویسته بگۆترێ که به بێ مه‌بدء و پره‌نسیپ وه‌رگرتن له مافی مرۆڤ و دیموکراسی، ئه‌ویش له سه‌رده‌می پۆست-ئیندۆستریالیست (پاش-پێشه‌سازی) دا پرۆژه‌ی نه‌ته‌وه سازی ئێمه فه‌شه‌ل دێنێ و هه‌ڵده‌وه‌شێ. ئه‌گه‌ر ئه‌و رێبازه نادیموکراتیک و نالیبه‌رالانه هه‌ڵبژێرین، ئیدی پێویستمان به دوژمن نییه؛ چونکه پڕۆژه‌ی نه‌ته‌وه‌سازی ئێمه خۆی له نێو خۆی دا دوژمنی خۆی داده‌تاشێ و له ئاکام دا له نێو خۆیدا هه‌ڵده‌وه‌شێ و ده‌پرووکێته‌وه.
به‌هرۆز شوجاعی
زانکۆی دهۆک
تێبینی: ئەم وتارەی مامۆستا بێهرووزی شوجاعی لە ژمارەی 454 و 455 ی ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت 16 و17ی ژوەنی2008 دابڵاو کراوەتەوە.لەگەڵ سپاس بۆ بەڕێزیان و ڕۆژنامەی کوردستان ڕاپۆرت لێرە دا بۆ کەلک لێوەرگرتنی خوێنەوەرانی ڕوانگە دیسان بڵاو دەکرێتەوە
No comments:
Post a Comment