زمانه‌کانی هیندووستان
زمانه‌کانی هیندووستان
نووسینی ماڵپه‌ڕی Indiansaga
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
شێوه قاره‌ی هێند له ژماره‌یه‌ک کۆمه‌ڵگه‌ی جیاوازی زمانی پێک هاتووه که هه‌رکامه‌یان له زمان و کۆلتورێکی هاوبه‌شدا شه‌ریکن. خه‌ڵکی هیندووستان به زۆر زمان و دیالێکتان قسان ده‌که‌ن که زۆربه‌یان شێوه‌زاری 15 زمانی سه‌ره‌کین.
هێندێک له زمانه‌کانی هیندووستان مێژوویه‌کی درێژی ئه‌ده‌بییان هه‌یه - ته‌مه‌نی ئه‌ده‌بییاتی سانسکریت زیاتر له 5000 هه‌زار ساڵ و ته‌مه‌نی تامیل ده‌گاته 3000 ساڵ. هیندووستان هه‌ر وه‌ها زمانی ئه‌وتۆشی هه‌یه که شێوه‌زاری نووسینیان نییه. له هیندووستان 18 زمان به ڕه‌سمی ناسراون ( له ساڵی 1992 زمانانی کۆنکانی، مانیپیووری و نێپالی له‌و لیسته‌یه زیاد کران)و هه‌ر کام له‌و زمانانه ئه‌ده‌بییاتێکی زۆر گرینگ و ده‌وڵه‌مه‌ندیان به‌رهه‌م هێناوه.
ئه‌و زمانانه ئه‌گه‌رچی له زۆر ڕووه‌وه له یه‌ک جیاوازن، به‌ڵام هه‌موویان له پێناو کولتوورێکی یه‌کده‌ست دا کار ده‌که‌ن که جه‌وهه‌ری ئه‌ده‌بییاتی گه‌وره‌ی هیندووستان پێک ده‌هێنێ.ئه‌وه پێشکه‌وتنێکه‌له سه‌رزوه‌ینی له‌هجه‌ی زۆروزه‌وه‌ندی جۆر به جۆر دا.ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی هه‌ر کام له زمانه‌کان له یه‌کدی زۆر جیاوازن. بۆ نمونه، هیندی زیاتری له 250 میلیۆن که‌س ئاخێوه‌ری هه‌یه، به‌ڵام به ڕێژه خه‌ڵکێکی زۆر که‌م به زمانی ئاندامانێس قسه ده‌که‌ن.
ئه‌گه‌رچی به هێندێک له زمانه‌کان ده‌گوترێ زمانی " هۆزی " یان "خۆجێیی"، به‌ڵام ئه‌و حه‌شیمه‌ته‌ی قسه‌یان پێده‌که‌ن له‌وانه‌یه له‌و ئاخێوه‌رانه زیاتربن که به‌هێندێک له زمانه ئوڕووپاییه‌کان ده‌دوێن. بۆ نموونه به‌یلی و سانتالی که هه‌ردووکیان زمانی هۆزی ین، هه‌ر کامێکیان زیاتر له 4 میلیۆن که‌س قسه‌یان پێده‌که‌ن. نزیکه‌ی دوومیلیۆن که‌س به زمانی گۆندی قسه ده‌که‌ن. له فێرگه‌کانی هیندووستان دا به 58 زمانی جیاواز ده‌خوێندرێ. له هیندووستان به 87 زمان ڕۆژنامه ده‌رده‌چێ، به 71 زمان به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی هه‌یه و به 15 زمانان فیلم دروست ده‌کرێ.
زمانه‌کانی هیندووستان سه‌ر به چوار بنه‌ماڵه‌ی زمانیین: هیندو – ئوڕووپایی، دراڤیدیایی، مۆن – خمێر و چینی و- تیبه‌تی. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری دانیشتووانی هیندووستان به زمانه‌کانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی هیندو-ئوڕووپایی و دراڤیدییایی قسه ده‌که‌ن. بنه‌ماڵه زمانییه‌کان که‌متازۆر به سه‌ر گرووپه جوگرافییایه‌کاندا دابه‌ش ده‌بن. زمانه‌کانی سه‌ر به گرووپی هیندو-ئوڕووپایی به شێوه‌ی سه‌ره‌کی له هه‌رێمه‌کانی باکوور و نێوه‌ڕاست دا قسه‌یان پێ ده‌کرێ.
زمانه‌کانی خوارووی هیندووستان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی سه‌ر به گرووپی زمانانی دراڤیدیایین.هێندێک ده‌سته‌ی ئێتنیکی له ئاسام و هێندێک له به‌شه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی هیندووستان به زمانانی گرووپی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی مۆن-خمێر قسه ده‌که‌ن.ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له هه‌رێمی هیمالییای باکووری و له نزیک سنووری بورمه ده‌ژین به زمانه‌کانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی چینی و- تیبه‌تی قسه ده‌که‌ن. ئاخێوه‌رانی 54 زمانی جیاوازی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی هیندو – ئوڕووپایی سێ له چواری حه‌شیمه‌تی هیندووستان پێک ده‌هێنن. 20 زمانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی دراڤیدیایی له لایه‌ن یه‌ک له چواری دانیشتووانه‌وه قسه‌یان پێده‌کرێ. ئاخێوه‌رانی 20 زمانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی مۆن – خمێر و 98 زمانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی چینی و- تیبه‌تی دوو له سه‌دی دانیشتوانن
ئه‌ده‌بییاتی هیندووستان
ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئه‌ده‌بییاتی هێندووستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له 5000 هه‌زار ساڵ لهمهوپێش. ئه‌وه ده‌قه کلاسیکه‌کانی دینی هیندوویایه‌تی، بوودایه‌تی، جه‌ینییایه‌تی، و سیکایه‌تی ؛ ئه‌ده‌بییاتی دیوه‌خانی پادشاکانی هیندووستان؛ شێعری زاره‌کی و گۆرانی؛ شێعر و په‌خشانی تازه که بیر‌و هزری نوێ ده‌رده‌برن وه‌به‌ر ده‌گرێ.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و وه‌جانه‌ی به دووی یه‌کدیدا هاتوون هه‌رکامه‌یان ئه‌ده‌بییاتی هیندووستانیان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه و به‌شی خۆیان تێخستووه، ده‌قه که‌وناراکان هێشتاش کارلێکه‌رییان هه‌یه. تا سه‌روبه‌ندی مۆدێڕن،به ئاسایی ئه‌ده‌بییات به ڕێگه‌ی نواندن و گوتنه‌وه‌ی ده‌گه‌یشته بیسته‌ران. ده‌ق و چیرۆکه دینییه‌کان، که زۆریان زۆرجار زۆر دوورودرێژ بوون، له به‌ر ده‌کران و به شێوه‌ی زاره‌کی سینگ به سینگ له وه‌جێکه‌وه ڕاده‌گوێزران بۆ وه‌جێکی دیکه.جا بۆیه ئه‌گه‌رچی نزیکه‌ی نیوه‌ی دانیشتووانی خوارووی ئاسیا نه‌خوێنده‌وارن و ناتوانن بخوێننه‌وه و بنووسن، به‌ڵام کولتووری هه‌رێمه‌که هه‌تا بڵێی به‌ره‌وپێش چووه.
ئه‌ده‌بییاتی شێوه قاڕه‌ی هیندووستان به سه‌ر سێ سه‌روبه‌نداندا دابه‌ش ده‌کرێ. سه‌رده‌می که‌ونارا، که زمانی سانسکریت باڵا ده‌ست بوو ( تا نزیک 1000 سال دوای زایینی خایاند) سه‌روبه‌ندی نێوه‌ڕاست ، له نزیکه‌ی 1000 ساڵ دوای زایین تا به‌راییه‌کانی 1800 ( که له‌و ماوه‌یه‌دا زمانه هه‌رێمییه‌کان به‌ره‌وپێشچوون)؛ و سه‌روبه‌ندی مۆدێڕن، که فه‌رهه‌نگی ئوڕووپایی کارلێکه‌ری له‌سه‌ری هه‌بووه.له دوو سه‌روبه‌ندی یه‌که‌مدا، زۆربه‌ی ئه‌ده‌بییات شێعر بوو یان به شێوه‌ی ئێپیگرام ( شێعرێکی کورتی، به نێوه‌رۆک) ، ئه‌گه‌رچی په‌خشانیش ده‌کار ده‌کرا. له سه‌روبه‌ندی مۆدێرن دا، به‌کارهێنانی په‌خشان به ته‌واوی پێش خراوه.
ئه‌ده‌بییاتی هیندووستان به زۆر زمانان نووسراوه. هه‌ر زمانه‌ی به‌شی خۆی تێخستووه و تایبه‌تمه‌ندی له‌مه‌ڕ خۆی تێدا ده‌ربڕیوه.به‌ڵام له سه‌رتاسه‌ری مێژووی ئه‌ده‌بییاتی هیندووستاندا،زمانه‌کانی ئه‌وێ له یه‌کتریان وه‌رگرتووه و له بابه‌ت، شێواز، په‌شێوی، ئاڕاسته و جوڵانه‌وه‌کانیاندا هاوبه‌ش بوون.
ئه‌ده‌بییاتی هه‌ر زمانێکی تایبه‌تی، فۆڕم، ڕه‌مز و نیانسی له مه‌ڕ خۆی هه‌یه، جابویه زۆر مهنتیقیتره ئه‌گه‌ر بگوترێ له هیندووستان به ڕاده‌ی ئه‌ده‌بییات، زمان هه‌نه که له ئه‌ده‌بییات دا پشکووتوون و گوڵیان کردووه. وڵامی هاودڵی نووسه‌رانی ئافرێنه‌ری هێندووستان به زۆر زمانان بۆ گیروگرفتی هاوبه‌ش و ئه‌زموونی وه‌کوو یه‌ک بێ ئه‌ملاو ئه‌ولا ڕوون و ئاشکرایه.
سانسکریتی قسه پێکرتن ئه‌و کانییه‌یه که زمانه‌کانی ئاریایی هیندووستان له‌وه‌وه هه‌ڵقوڵیون؛ به‌شی سه‌ره‌کی وشه‌کان و سیستمی گه‌ردان کردنیان له‌و سه‌رچاوه‌یه‌وه دێ. ته‌نانه‌ت زمانانی دراڤیدیاییش که بناخه‌یه‌کی به ته‌واوی جیاوازی وشه‌ڕۆنانیان هه‌یه له بواری وشه و فۆنۆلۆژییه‌وه قه‌رزداری سانسکریتن جگه له ڕێزپه‌ڕی زمانی تامیل نه‌بێ.
له باری مێژینه‌ی سه‌رچاوه‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه به دوای سانسکریت دا تامیل دێ. زمانی ئۆردوو ته‌نێ خاوه‌نی میراتێکی نزیک پێنجسه‌دساڵه‌یه. هیندی شوێنێکی هه‌ڵکه‌وتووی هه‌یه له قه‌واره‌ی سه‌رتاسه‌ی دا وه‌کوو زمانی ڕه‌سمی یه‌کێتی هیندووستان و شه‌ش ده‌وڵه‌ته‌کانی.
سانسکریت
سانسکریتی کۆن پێی ده‌گوترا ڤێدیک یان سانسکریتی ڤێدیک و زۆر پێچه‌ڵپێچتر بوو له شێوه‌زاری دواتری ئه‌و زمانه، که نێوی سانسکریتی کلاسیک بوو. زمانی ڤێدێک به گۆڕانی به سانسکریتی کلاسیک هاسانتر بووه‌وه. له ساڵانی 400ی به‌ر له زایین، ڕێزماننووس پانینی شه‌رحێکی زۆر به ورده ڕیشاڵی له سه‌ر سانسکریتی کلاسیک نووسی،.ئیدی ئه‌وه پێشی به‌وه گرت زمانی ئه‌ده‌بی (زمانی نووسین) ئاڵوگۆڕی زیاتری تێدا بکرێ.
سانسکریت نوێنه‌رایه‌تی ده‌ستکه‌وتی هه‌ره گه‌وره‌ی زمانانی هیندو- ئاریایی ده‌کا. ئه‌گه‌رچی له‌م ڕۆژگاره دا زۆر که‌م قسه‌ی پێده‌کرێ، سانسکریت له قانوونی بنچینه‌یی دا وه‌کوو زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی په‌ژرێندراوه.
سانسکریت کۆنترین زمانی ئه‌ده‌بی هیندووستان و بنچینه‌ی زۆرێک له زمانه مۆدێڕنه‌کانی هه‌نووکه‌ی هیندووستانه،له وانه هیندی و ئۆردوو. شێوازی دیالێکتی هه‌ره به‌رایی ئه‌و زمانه، واته ڤێدیک، له لایه‌ن ئاریاییه‌کانه‌وه قسه‌ی پێده‌کرا.سانسکریت وه‌کوو زمانێکی زیندوو نزیکه‌ی ساڵی 100ی به‌ر له زایین دامرکا و کپ بوو، باوه‌کوو ئه‌وه‌ش، هه‌ر وه‌ک زمانی لاتین له ڕۆژئاوا، سانسکریت به‌رده‌وام بوو که زمانی ده‌ربار و شێعر و دراما بێ. هه‌ر وه‌ها وه‌ک زمانێکی زانین بوو بۆ زانست، فه‌لسه‌فه و ده‌قه دینییه‌کان. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش، هێندێک له زانایان له هیندووستان، به زمانی سانسکریت ده‌رس ده‌ڵێنه‌وه، قسه‌ی پێده‌که‌ن و پێی ده‌نووسن.
سانسکریت هه‌ڵبژارده‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌نگانی هه‌یه، ئه‌گه‌رچی له سانسکریتی ڤێدیک هاسانتره،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سانسکریتی کلاسیک زۆر له زمانانی مۆدێڕن پێچه‌ڵپێچتره. ئه‌و زمانه 10 واڤێل و 4 دیفتۆنگی هه‌یه.هه‌ر وه‌ها 25 ده‌نگی کۆنسۆنانت و 4 شێوه واڤێل، هه‌ر وه‌هاده‌نگی فیتوو ئامال ؛جگه له‌مه دوو ده‌نگی هه‌ناسه‌یی ، و ده‌نگێکی نێوکه‌پۆیی هه‌یه.
ڕێزمانی سانسکریت زۆر ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچه. بۆ نموونه ناو و ئاواڵناو سێ جینسییه‌تیان هه‌یه (نێر، مێ و بێلایه‌ن). ئه‌وان به سێ ژماره‌ی ڕێزمانی گه‌ردان ده‌کرێن ( تاک، دوویی و کۆ). ئه‌وان هه‌ر وه‌ها خاوه‌ن هه‌شت دۆخن (بکه‌ری، به‌رکاری، ئامرازی،دۆخی به‌رکاری بێ ناوگر،دۆخی به‌رکاری دراوه پال ،دۆخی خاوه‌نه‌تی، دۆخی جێگره‌وه،دۆخی نه‌دا) سیستمی کرداریش هه‌روا پێچه‌ڵپێچه.
ئه‌و زمانه، خاوه‌نی هه‌شت دۆخی ڕێزمانی به‌شه‌کانی ئاخافتنه ( شێوازی گه‌ردانکردنی ناو، جێناو و ئاوه‌ڵناو).
هه‌ر وه‌ها سێ دۆخی "هه‌ژماریی" هه‌یه -- واته تاک، کۆ و دوویی(دۆخێکی ناو، ئاوه‌ڵناو و کردار کاتێک بۆ ئاماژه به دوو که‌س یان دووشت ده‌کارده‌کردرێ). له‌و زمانه دا سیستمێکی گرینگی چۆن نووسین هه‌یه که پێی ده‌گوترێ ساندی، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که کۆتایی وشه به‌پێی ده‌نگی دراوسێ ئاڵوگۆڕی به سه‌ر دا دێ
دراڤیدیایی
زمانه‌کانی خوارووی هیندووستان له بنه‌ماڵه‌ی زمانه دراڤیدیاییه‌کان پێک دێن. ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی به زمانه‌کانی
بنه‌ماڵه‌ی زمانانی دراڤیدیایی قسه ده‌که‌ن له‌و به‌شانه‌ی هیندووستانیش ده‌ژین که زمانه باکوورییه‌کان بالاده‌ستن. نزیک 250 میلیۆن که‌س له خه‌ڵکی هیندووستان به زمانانی بنه‌ماڵه‌ی دراڤیدیایی قسه ده‌که‌ن.
زمانانی بنه‌ماڵه‌ی دراڤیدیایی بۆ خۆیان ده‌سته‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆن و به پێچه‌وانه‌ی ئاخاوتنه‌کانی ئاریایی، ئاوستری یان چینی و – تیبه‌تی، چ پێوه‌ندی و خزمایه‌تییان نییه له ده‌ره‌وه‌ی شێوه قاڕه‌ی هیندووستان، واته، هیندووستان، پاکستان و به‌نگالادێش. بنه‌ماڵه‌ی زمانانی دراڤیدییایی دووه‌مین ده‌سته‌ی هه‌ره گه‌وره‌ی زمانان له هیندووستان،و %25 گشت له دانیشتووانی هیندووستان قسه‌یان پێده‌که‌ن. له شێوه قاڕه‌ی هیندووستان دا ئه‌م بنه‌ماڵه‌ی زمانانه ده‌کرێ به سه‌ر سێ لک دا دابه‌ش بکرێن-
1. لکی باکووری له زمانی براهوویی پێک دێ که له به‌لووچستان قسه‌ی پێ ده‌کرێ و زمانانی کوروخ و ، ماڵتۆ که له به‌نگاڵ ئۆریسا قسه‌یان پێ ده‌کرێ.
2. لکی دووهه‌م بریتییه له زمانی تێلوگۆ و ژماره‌یه‌ک له‌هجه‌ی دیکه که له نێوه‌ڕاستی هیندووستان قسه‌یان پێ ده‌کرێ.
3. لکی باشووری له زمانانی تامیل، کانناندا، ماڵایاڵاما، توڵوو، باداگا، تۆدا،کۆتا و کۆداگۆ پێک دێ. زمانه هه‌ره چاوڕاکێشه‌کانی ده‌سته‌ی بنه‌ماڵه‌ی دڕاڤیدیایی بریتین له :
1. زمانی تێلوگۆ، که زمانی ده‌وڵه‌تییه له ئاندهرا پرادێش، و له باری ژماره‌وه گه‌وره‌ترین زمانی ناو بنه‌ماڵه‌ی زمانانی دڕاڤیدیایی یه.
2. تامیل، زمانی ده‌وڵه‌تی یه له تامیل نادوو، به ڕواڵه‌ت کۆنترین و پاکترین لکی زمانانی بنه‌ماڵه‌ی دراڤیدیایی یه.
3. کانناندا ( که کانارێسێ شی پێده‌ڵێن)، زمانی ده‌وڵه‌تییه له کارناتاکا، ئه‌مه‌ش زمانێکی که‌ونارای بنه‌ماڵه‌ی دراڤیدیایی یه که سه‌ربه‌خۆیانه پێش که‌وتووه.
4. ماڵایاڵام ، زمانی ده‌وڵه‌تییه له کێرالا، زمانی هه‌ره پچووک و هه‌ره که‌م ته‌مه‌نی ناو بنه‌ماڵه‌ی زمانانی دراڤیدیایی یه.
زمانانی دراڤیدیایی ده‌سته‌یه‌کی به ته‌واوی جیاوازن له زمانانی هیندو-ئوڕووپایی، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانیش زۆر وشه‌یان له زمانی سانسکریته‌وه خواستووه‌ته‌وه. چوار زمانی سه‌ره‌کی ناو بنه‌ماڵه‌ی زمانانی دراڤیدیایی واته تامیل، تێلوگۆ، کانناندا و ماڵایاڵام چوار له زمانانی فه‌رمی هیندووستانن. دراڤیدیاییه‌کان به‌لانی که‌مه‌وه 4500 ساڵه، له ناوچه‌که ژیاون، و زمانانی دراڤیدیایی میژوویه‌کی ئاسته‌کراوی (تۆمارکراوی) زیاتر له 2000 ساڵیان هه‌یه. ئاخێوه‌رانی زمانه دراڤیدیاییه‌کان هه‌ست به یه‌کێتییه‌کی کولتووری زۆر پته‌و له ناو یه‌کتری دا ده‌که‌ن.
زمانه‌کانی هیندو-ئاریایی
پسپۆڕانی زمان شوێنی سێ قۆناخی سه‌ره‌کییان له پێشوه‌چوونی زمانانی هیندو-ئاریاییدا دا هه‌ڵگرتووه. قۆناخی یه‌که‌م زمانی سانسکریت بوو. خه‌ڵکی کۆچه‌ری دانیشتووی باکووری ڕۆژئاوا له باکووری هیندووستان سه‌روبه‌ندێک به‌ر له ساڵی 1000ی زایینی زمانی سانسکریتیان به‌کار ده‌هێنا.
له قۆناخه‌که‌ی دیکه دا، زمانی پراکریت نزیکه‌ی ساڵی 250ی به‌ر له زایین له سانسکریته‌وه زاوه. پالی یه‌کێکی دیکه له زمانه‌کانی ئه‌و سه‌وبه‌نده بوو که ئه‌ویش له سانسکریته‌وه فرچکی گرت. له نزیکه‌ی ساڵی 1000ی دوای زایینه‌وه، شێوه‌زاره‌کانی دواتری پراکریت، که هه‌موو به‌یه‌که‌وه به ئاپابهرامشا نێودێر ده‌کران،زمانه جۆربه‌جۆره هه‌رێمییه‌کانیان لێ‌بوو که له‌م ڕۆژگاره دا ده‌کار ده‌کرێن.
زمانه مۆدێرنه سه‌ره‌کییه‌کانی که له شێوه‌زاره جۆربه‌جۆره‌کانی هه‌رێمی ئاپابهرامشا زاون بریتین له ئاسامه‌سێ، به‌نگالی، گوجاراتی، هیندی،که‌شمیری، کۆنکانی، ماراتی، نێپالی، ئۆرییا، پۆنجابی،ڕاجاستانی، و سیندی. ئه‌و زمانانه له ساڵی 1000ی دوای زایینه‌وه ده‌ستیان کرد به سه‌رهه‌ڵهێنان و په‌یدا بوون، به ده‌م به‌ره‌وپێشچوونیانه‌وه،ده‌ستیان کرد به وشه خواستنه‌وه له سانسکریت و هه‌ر وه‌ها زمانی فارسی ( یه‌کێک له زمانه‌کانی سلسله‌کانی موسوڵمانی هیندووستان). ئه‌و زمانانه‌ی باکووری هیندووستان ئێستا زمانانی سه‌ره‌کی هه‌رێمین ، و هه‌ر کامێکیان له لایه‌ن چه‌ندین میلیۆن که‌سه‌وه قسه‌یان پێ ده‌کرێ.
زمانی نێپالی، که خزمێکی نزیکی زمانی هیندی یه، زمانی نه‌ته‌وه‌یی نێپاله. به‌نگالی زمانی نه‌ته‌وه‌یی به‌نگالادێش و هه‌ر وه‌ها زمانی ڕۆژئاوای به‌نگاله له هیندووستان. زمانی هیندی مۆدێڕن، که له‌سه‌ر بنه‌مای له‌هجه‌ی ده‌لهی هه‌ڵنراوه به‌ڵام زۆر وشه‌شی له سانسکریت خواستووه‌ته‌وه، زمانی زۆربه‌ی خه‌ڵکه له هیندووستان. زمانی ده‌سته‌خوشکی هیندی، واته ئۆردوو هه‌ر هه‌مان ڕێزمانی هه‌یه به‌ڵام زۆر وشه‌ی له فارسی و عه‌ڕه‌بییه‌وه خواستووه‌ته‌وه. ئۆردوو زمانی نه‌ته‌وه‌یی یه له پاکستان.
زمانه مۆدێڕنه هیند و – ئاریاییه‌کان جگه له وشه‌ی خوازراوه له فارسی و عه‌ڕه‌بییه‌وه زۆر وشه‌شیان له زمانی ئینگلیسی و زمانانی دیکه‌ی ئوڕووپاییه‌وه خواستووه‌ته‌وه. زمانه مۆدێرنه سه‌ره‌کییه‌کانی که له شێوه‌زاره جۆربه‌جۆره‌کانی هه‌رێمی ئاپابهرامشا که‌وتوونه‌ته‌وه بریتین له ئاسامێسێ، به‌نگالی، گوجاراتی، هیندی، که‌شمیری، ماراتی،ئۆرییا، پونجابی، ڕاجاستانی، ئۆردوو و سیندی.
* ئاسسامێسێ، زمانێکی هێندو-ئاریایی و زمانی ڕه‌سمییه له ویلایه‌تی (ده‌وڵه‌تی) ئاسسام. ئاسسامێسێ له سه‌ده‌ی 13ی زایینی به‌مڵایه‌وه زمانێکی ئه‌ده‌بی پێش خستووه.
* به‌نگالی، یه‌ک له زمانه سه‌ره‌کییه‌کانی بنه‌ماڵه‌ی زمانانی هیندو-ئاریایی و زمانی ڕه‌سمییه له ڕۆژئاوای به‌نگاڵ، نزیکه‌ی 200 میلیۆن که‌س قسه‌ی پێده‌که‌ن، زۆربه‌ی ئه‌وان ئێستا له به‌نگالادێش واته ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستانی پێشوو ده‌ژین. ئه‌م زمانه ئێستا یه‌کێک له هه‌ره زمانه پێشوه‌چووه‌کانی هیندووستانه.
* گوجاراتی،یه‌ک له‌زمانانی ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌ی هیندو-ئاریایی و زمانی ڕه‌سمی ویلایه‌تی گوجاراته. له ده‌وروبه‌ری ساڵی 1200 ی دوای زایینه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد به‌وه‌ی که ببێ به زمانێکی سه‌ربه‌خۆ.
* هیندی، له باری ژماره‌ی ئاخێوه‌رانه‌وه گه‌وره‌ترین زمانی نێو بنه‌ماڵه‌ی زمانانی هیندو-ئاریایی و زمانی ڕه‌سمی هیندووستانه. له‌نێو له‌هجه‌جۆربه‌جۆره‌کانی هیندی دا، ئه‌و له‌هجه‌یه‌ی که وه‌کوو هیندیی ڕه‌سمی هه‌ڵبژێردراوه سته‌نداردی خاریبۆلی یه، که به ڕێنووسی دێڤاناگاری ده‌نووسرێ. هیندی دوو ئه‌ده‌بییاتی گه‌وره‌ی به‌رهه‌م هێناوه، ئۆردوو و هیندیی (به‌رز).هه‌ردووکیان عه‌ینی ڕێزمانیان هه‌یه و وشه بنچینه‌ییه‌کانیان وه‌ک یه‌ک وایه. جیاوازیان له ڕێنووس و ده‌کار کردنی وشه‌ی به‌رزتر دایه.زمانی ئۆردوو به خه‌تی ئاڵوگۆڕکراوی فارسی و- عه‌ڕه‌بی ده‌نووسرێ و بۆ نووسینی هیندی خه‌تی ناگاری به‌کار ده‌هێندرێ، شێوه‌زاری هیندی لای په‌سندتره وشه‌ی په‌تی هیندی به‌کار بهێنێ، به پێچه‌وانه له ئۆردوو دا ژماره‌یه‌کی زۆر وشه‌ی خوازراوه‌ی فارسی و عه‌ڕه‌بی هه‌ن.
* که‌شمیری، زمانێکه سه‌ر به ده‌سته‌ی بنه‌ماڵه‌ی هیندو-ئاریایی، زۆر جار به هه‌ڵه ده‌کوترێ که زمانی ده‌وڵه‌تی بێ له جاموو & که‌شمیر. له کاتێکدا له جاموو&که‌شمیر، ئۆردوو زمانی ده‌وڵه‌تییه. ئه‌ده‌بییاتی که‌شمیری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵانی 1200ی دوای زایین. به شێوه‌یه‌کی ڕێژه‌یی زمانێکی پێشوه‌چووه.
* ماراتی، سه‌ر به زمانانی کۆلکه‌ی هیندو-ئاریایییه و له مه‌ڵبه‌ندی ماهاراشترا زمانی ڕه‌سمییه. ئه‌گه‌رچی شێوه‌ی ئه‌ده‌بی ئه‌و زمانه ته‌نێ له سه‌ده‌ی 13ی زایینه‌وه ده‌ست پێده‌کا، به‌ڵام هه‌نووکه ئه‌ده‌بییاتێکی ته‌واو پێشوه‌چووی مۆدێڕنی هه‌یه.
* ئۆرییا، زمانی فه‌رمی ئه‌یاله‌تی ئۆریسسایه. ڕه‌چه‌ڵه‌کی ئاسته‌کراوی (تۆمارکراوی) زمانی ئۆرییا ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ده‌ی 10 هه‌می زایینی. به‌ڵام که‌سایه‌تی ئه‌ده‌بی ئه‌و زمانه ته‌نێ له سه‌ده‌ی 14 هه‌م به‌ملایه‌وه ده‌ست پێده‌کا.
* پونجابی، یه‌ک له زمانانی سه‌ر به بنه‌ماڵه‌ی هیندو- ئاریایی، و زمانی ڕه‌سمی ئه‌یاله‌تی پونجابه. پونجابی له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که زمانێکی له مێژینه‌یه، ته‌نێ له سه‌ده‌ی پازده‌هه‌مه‌وه بووه به زمانێکی ئه‌ده‌بی. ئه‌م زمانه به ڕێنووسی گورومووخی ده‌نووسرێ.
* ڕاجاستانی، لکێکه له کۆلکه‌ی زمانانی هیندو-ئاریایی و زمانی ڕه‌سمی ئه‌یاله‌تی ڕاجاستانه.
* سیندی، لکێکه له بنه‌ماڵه‌ی زمانانی هیندو- ئاریایی. نزیکه‌ی 16 میلیۆن که‌س قسه‌ی پێده‌که‌ن، که له‌وانه 6 میلیۆنیان له سیند (پاکستان)، و ئه‌وانی دیکه زۆربه‌یان له هیندووستان ده‌ژین. بۆ نووسینی زمانی سیندی له پاکستان ئه‌لفوپێتکه‌ی ئاڵوگۆڕکراوی فارسی و- عه‌ڕه‌بی ده‌کار ده‌کرێ. و ئاخێوه‌رانی سیندی له هیندووستان بۆ نووسینی زمانه‌که‌یان به شێوه‌ی سه‌ره‌کی ڕێنووسی دێڤاناگاری به‌کار ده‌هێنن.
* ئۆردوو، که زمانی ده‌وڵه‌تییه له جاموو&که‌شمیر، له هیندووستان نزیکه‌ی 20 میلیۆن که‌س قسه‌ی پێده‌که‌ن.
سه‌رچاوه:
Indiansaga.info.com
No comments:
Post a Comment