*******زمان و نه‌ته‌وه *****
زمان و نه‌ته‌وه
نووسینی : پرۆفێسۆر پیتر ترادگیل
وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه : حه‌سه‌نی قازی
له به‌ندی پێشووی ئه‌م کتێبه دا سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی کۆمه‌ڵناسی زمان له کامپالا و ئووگاندا له‌سه‌ر دووشت جه‌ختمان کرده‌وه. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه له‌وێ زۆر له تاکوته‌رایان یان دووزمانه یان فره زمانه‌ن _ واته ده‌توانن به زیاتر له زمانێک تا ئاستێکی ڕه‌وان قسه بکه‌ن. خاڵی دووهه‌م ئه‌وه‌یه، ئه‌و هه‌لومه‌رجه ئاکامی ئه‌و ڕاستییه‌یه ئه‌و کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وانی تێدا ده‌ژین کۆمه‌ڵێکی فره زمانییه. دووزمانه بوونی تاکه که‌سی به‌و شێوه‌یه ده‌ڕاستیدا ئاکامی پێویستیی فره‌زمانی کۆمه‌ڵایه‌تی یان نه‌ته‌وه‌یی نییه: کۆمه‌ڵه‌ی فره زمانی ئه‌وتۆ هه‌ن که تێیاندا زۆر له ئاخێوه‌ران نابن به دووزمانهیهک تا پله‌یه‌کی گرینگ – بۆ نموونه، سویس – و دووزمانه‌یی تاکه‌که‌سی ئه‌گه‌رچی زۆر له‌وه به‌ربڵاوتره بکرێ به‌زه‌ینی ئاخێوه‌رێکی ئینگلیسی بگا، به هیچجۆر دیارده‌یه‌کی دنیاگره‌وه نییه. به‌ڵام فره‌زمانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده ڕاستیدا، له ئاستی جیهانیدا دیارده‌یه‌کی زۆر به‌ربڵاوه. ئه‌و چلۆنایه‌تییه فره زمانییه‌ی که له ئووگاندا وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ زیاتر قاعیدیهکه تا ئه‌وه‌ی ڕێزپه‌ڕ بێ. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌کانی دنیا له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانیاندا زیاتر له زمانێکی خۆجێییان تێدایه که قسه‌یان پێده‌کرێ. له هێندێک نمووناندا وه‌کوو کامێروون یان له پاپوا گینه‌ی نوێ Papua New Guinea، ژماره‌ی زمانان له‌وانه‌یه بگاته سه‌دان زمان
( ئه‌گه‌رچی هاسان نییه به وردی دیاریی بکرێ زمانێک چییه، به‌له‌به‌چاوگرتنی ئه‌و دژوارییه‌ی له به‌ندی یه‌که‌مدا هێمامان پێ‌کرد، بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌کی ورد سه‌باره‌ت به‌و ناوچانه‌به ده‌سته‌وه بدرێ).
نه‌ته‌وه‌گه‌لی فره زمان له گشت به‌شه‌کانی دنیا دا هه‌ن، و مرۆ ده‌توانێ زۆر نموونان باس بکا. کێشه و دژواری ئه‌و ده‌می دێته گۆڕێ ئه‌گه‌ر مرۆ حه‌ول بدا شوێنگێڕی ولاتێک بکا که به‌ڕاستی تاک زمانه‌یه. وا وێده‌چێ وڵاتی ئه‌وتۆ له چه‌ند جێیه‌ک زیاتر نه‌بن. ته‌نانه‌ت له ئوڕووپاش زۆر نموونه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وتۆ نینه، ئه‌گه‌رچی ئێمه ده‌قمان پێگرتووه وا بیربکه‌ینه‌وه زۆربه‌ی ده‌وڵه‌ته ئوڕووپاییه‌کان تاک زمانه‌ن. زۆربه‌ی خه‌ڵک ئه‌وه به قسه‌یه‌کی ڕاست داده‌نێن ئه‌گه‌ر بگوترێ ئاڵمانییه‌کان به ئاڵمانی، فه‌ڕانسه‌ییه‌کان به فهرانسهییی و هتاد. ده‌دوێن. هۆ و سۆنگه‌ی باش بۆ ئه‌مه به‌ده‌سته‌وه‌یه، به‌ڵام ڕاستی ئه‌و بابه‌ته تاڕاده‌یه‌ک جیاوازه. ته‌قریبه‌ن گشت وڵاته ئوڕووپاییه‌کان که‌مایه‌تی زمانیی بوومی (خۆجێیی) یان تێدایه - ده‌سته‌ی ئاخێوه‌ران که شێوه‌زاری خۆجێییان زمانێکه جوێیه له‌و زمانه‌ی که زمانی ڕه‌سمی، زاڵ یان زمانی سه‌ره‌کی ئه‌و وڵاته‌یه که تێیدا ده‌ژین. ئیسله‌ند، که تێیدا له سه‌داسه‌دی دانیشتووانی خۆجێیی ئه‌وێ ئاخێوه‌رانی زمانی ئیسلهندین، ڕێزپهڕێکه له‌و قاعیده و پێوانه یه. له هێندێک نمووناندا، له‌و جێیانه‌ی که‌مایه‌تییه‌کان به‌ڕێژه گه‌وره‌نه، ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه به ئاسایی زیاتر له زمانێکی ڕه‌سمی هه‌یه. نموونه‌گه‌لی ئه‌وه بێلژیک ( زمانی هۆله‌ندی – که له بێلزێک به فلامانی به‌نێو ده‌کرێ- و زمانی فه‌ڕانسه‌یی)، سویس( ئاڵمانی، فه‌ڕانسه‌یی، ئیتالیایی و ڕۆمانش)، و فه‌نلاند ( فه‌نلاندی و سوێدی)ن.
له‌و جێیانه‌ی که که‌مایه‌تی پچووکتره یان که‌متر به ده‌سته‌ڵاته، وێناچێ زمانی که‌مایه‌تی یان زمانگه‌لی که‌مایه‌تی پله‌ی ڕه‌سمییان هه‌بێ ، و ئاخێوه‌رانیان ، زۆر جار ته‌نێ له به‌ر پێداویستی به‌کرده‌وه و پراتیکی، مه‌یلی دووزمانه بوونیان تێدابه دی ده‌کرێ. ئه‌م هۆکاره‌ی دوایی ئه‌و شته‌یه یارمهتیدهکا به‌و باوه‌ڕه‌ی که ئوڕووپا له ده‌ره‌وه‌ی خۆی ڕواڵه‌تێکی تاک زمانی په‌یدا بکا.زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هاووڵاتیانی فه‌ڕانسه ده‌توانن به فه‌رانسه‌یی بدوێن، سه‌ڕه ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که بۆ ژماره‌یه‌ک له‌وان ئه‌و زمانه زمانی دووه‌مه.هه‌ر ئه‌و جۆره هه‌لوومه‌رجه له شانشینی یه‌کگرتوو (بریتانیا)ش هه‌یه.شانشینی یه‌کگرتوو هه‌موو ڕواڵه‌تێک ده‌نوێنی بۆ ئه‌وه‌ی به وڵاتێکی تاک زمانه دابندرێ، و ئه‌وانه‌ی سه‌ری لێده‌ده‌ن به دڵنیاییه‌وه حه‌وجێیان به‌وه نییه جگه له ئینگلیسی نه‌بێ هیچ زمانێکی دیکه بزانن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و ڕواڵه‌ته تاڕاده‌یه‌ک هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ره. ئه‌وه ڕاسته ئینگلیستان له‌وه‌تا کووژانه‌وه و دامرکانی زمانی کۆڕنیش له سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا، هیچ زمانێکی که‌مایه‌تی خۆجێیی نه‌بووه، به‌ڵام ئێستا له‌و وڵاته دا ده‌سته‌ی ئاخێوه‌رانی به ئه‌ژمار زۆر له زمانانی تێدا ده‌ژین که له شوێنی جۆر به جۆری جیهانه‌وه هاتوون، له‌وانه، بۆ نموونه، له شێوه‌ی قاڕه‌ی باکووری هیندووستانه‌وه، وه‌کوو پونجابی و بهنگاڵی ( و هه‌ر وه‌ها مرۆ ده‌توانێ بڵێ زمانی یه‌که‌می زۆر له خه‌ڵکی بریتانیایی کۆن که ڕه‌چه‌ڵه‌کی هیندیی ڕۆژئاواییان هه‌یه ئینگلیسی نییه، ئه‌گه‌رچی زۆریشی وێده‌چێ – بڕوانه به‌ندی نۆیه‌می ئه‌م کتێبه). له نێو زمانه خۆجێییه‌کاندا وه‌یلزی ، زمانی یه‌که‌می یه‌ک له پێنجی دانیشتووانی وهیلزه، و گه‌یلیکی سکاتله‌ندی نزیکه‌ی 70000 خه‌ڵکی خۆجێیی قسه‌ی پێده‌که‌ن، زیاتر له به‌رزاییه‌کان Highlands و دوڕگه‌کانی هێبریدین Hebridean Islands ی سکاتله‌ند.
درێژبوونه‌وه و ڕاده‌ی فره‌زمانی نه‌ته‌وه‌یی (سه‌رتاسه‌ری) له ئوڕووپا له‌م لیستانه‌ی خواره‌وه دا نیشان دراوه. لیستی یه‌که‌م، که هه‌موو لایه‌نه نییه، تا ڕاده‌یه‌ک ئه‌وه نیشان ده‌دا تا چ ڕاده‌یه‌ک زمانگه‌لی بانده‌ستی ڕه‌سمی نه‌ته‌وه‌یی له وڵاتانی تایبه‌تیدا له لایه‌ن که‌مایه‌تی زمانی له جێی دیکه‌دا قسه‌یان پێده‌کرێ
زمان که‌مایه‌تی زمانیی خۆجێی قسه‌ی پێده‌که‌ن له
ئاڵمانی
دانمارک، بێلژیک، فه‌ڕانسه، ئیتالیا، سلۆڤێنیا، سڕبیا، ڕۆمانی،
ڕووسییه، ئۆکراین، قازاخستان، مه‌جارستان، چێک، له‌هیستان
ترکی
یۆنان، مه‌قدوونییه، سڕبیا، ئاڵبانی، بوڵغارستان، ڕۆمانی ، مۆڵداوی، ئۆکراین
یۆنانی
ئیتالیا، مه‌قدوونییه، ئاڵبانی، بوڵغارستان، ڕۆمانی، ئۆکڕاین، ترکییه
ئاڵبانیایی
یۆنان، سڕبیا، مۆنتێنێگرۆ، مه‌قدوونییه، ئیتالیا
مه‌جارستانی
ئوتریش، سڕبیا، ڕۆمانی، سلۆڤێنیا، سلۆڤاکیا، ئۆکراین
فه‌نلاندی
سوێد، نۆڕوێژ، ڕووسییه
سوێدی
فه‌نلاند
فه‌ڕانسه‌یی
ئیتالیا
له‌هیستانی
لیتوانی، چێک، ئۆکڕاین
بوڵغاری
ڕۆمانی، یۆنان ، ئۆکڕاین
هۆله‌ندی
فه‌ڕانسه
ئیتالیایی
سڵۆڤێنیا، کڕواتیا
ڕووسی
ئێستۆنی، لاتڤییا، لیتوانی، ئۆکڕاین
ئۆکراینیایی
ڕۆمانی، سلۆڤاکی، له‌هیستان
سڵۆڤاکیایی
مه‌جارستان، ڕۆمانی، چێک
چێکی
له‌هیستان، ڕۆمانی، سڵۆڤاکی
سڵۆڤێنیایی
ئوتریش، ئیتالیا
مه‌قدوونییه‌یی
یۆنان، ئاڵبانی
لێتوانیایی
له‌هیستان
ڕۆمانیایی
یۆنان، بوڵغارستان، ئاڵبانی، سڕبیا، مه‌قدوونییه
هه‌ڵبه‌ت ژماره‌یه‌کیش زمان له [ ئوڕووپا] هه‌ن له هه‌موو جێگایه‌ک زمانگه‌لی که‌مایه‌تین. هێندێک له‌مانه ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ن:
زمان له کوێ قسه‌ی پێده‌کرێ:
سامی (لاپله‌ندی)
نۆروێژ، سوێد، فه‌نلاند، ڕووسییه
فریسیایی
ئاڵمان، هۆله‌ند
باسک
ئێسپانیا، فه‌ڕانسه
کاتاڵان
ئێسپانیا، فه‌ڕانسه
برێتۆن
فه‌ڕانسه
سۆربیایی
ئاڵمان
کاشوبیایی
له‌هیستان
وه‌یلزی
شانشینی یه‌کگرتوو
گه‌یلیک
شانشینی یه‌کگرتوو
جگه له‌مانه، زمانی ییدیش ( جووله‌که‌یی ئه‌ڵمانی ) و ڕۆمانی ( زمانی خه‌ڵکی ڕۆما) وه‌کوو زمانگه‌لی که‌مایه‌تی له به‌شه جۆربه‌جۆره‌کانی ویشکاڕۆی [ ئوڕووپا] به به‌رىڵاوی قسه‌یان پێده‌کرێ. ( چلۆنایه‌تی نائاسایی گه‌یلیکی ئیرله‌ندی له خواره‌وه باسی لێوه ده‌که‌ین.)
که وابوو، گشت ده‌وڵه‌ته‌کانی ئوڕووپا تا ڕاهدهیهک فره زمانن. ڕه‌نگه فره زمانترین وڵاتی ئوڕووپا، جگه له ڕووسییه نه‌بێ ( که هه‌ڵبه‌ت ، هه‌رچۆنێک بێ زۆربه‌ی خاکه‌که‌ی ده‌که‌وێته ئاسیا)، ڕۆمانی بێ. ده‌سته‌ی زمانی هه‌ره گه‌وره ده‌ناو 24 میلیۆن دانیشتووانی ئه‌و وڵاته دا زمانی ڕۆمانیایی زمانی دایکیانه، به‌ڵام له‌و وڵاته دا به‌لانی که‌مه‌وه 14 زمانی دیکه‌ش وه‌کوو زمانی خۆجێیی قسه‌یان پێ ده‌کرێ. ژماره‌ی ورد و ته‌واو به ده‌سته‌وه نییه، به‌ڵام خه‌ڵکی ڕۆمای ڕۆمانیایی ئاخێوه‌ر گه‌وره‌ترین که‌مایه‌تین و به‌لانی که‌مه‌وه 10 له سه‌دی دانیشتووان پێک ده‌هێنن، ده‌سته‌ی گه‌وره‌تری که‌مایه‌تی بریتین له مهجارستانییهکان، ئاڵمانییه‌کان، و جووله‌که‌کان که به زمانی ییدیش یان، له هێندێک نموونه‌یاندا، لادینۆ واته جووله‌که‌یی ئێسپانیایی قسه ده‌که‌ن. زمانگه‌لی دیکه‌ی که‌مایه‌تی بریتین له ڕووسی، ئۆکراینایی، سربی، سلۆڤاکیایی، تارتاری، ترکی، بوڵغاری، چێکی، یۆنانی و هه‌رمه‌نی.
فره زمانی به‌و به‌ربڵاوییه ئاشکرایه بۆ حکوومه‌ته‌کان و ده‌سته‌ڵاتداریی جۆر به‌جۆری ڕێکخراوه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان کێشه و دژواری ساز ده‌کا، ئێمه دواتر باسی ئه‌م جۆره کێشه و گرفتانه ده‌که‌ین. فره زمانی به هه‌ر ڕاده‌یه‌ک بێ، له‌گه‌ڵ خۆی گیروگرفت بۆ تاکه‌که‌س یان ده‌سته‌ی تاکوته‌رایان ده‌خولقێنێ، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که ئه‌ندامی که‌مایه‌تییه زمانییه‌کانن.به پێچه‌وانه‌ی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی زۆربه‌ی زمانی، ئه‌وان ده‌بێ به‌لانی که‌مه‌وه دوو زمانان باش فێر ببن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن وه‌کوو ئه‌ندامی ته‌واوی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی سه‌رتاسه‌ری که له‌ناویاندا ده‌ژین به‌ڕه‌ی خۆیان له قوڕاوێ ده‌رکێشن. ڕه‌نگه گه‌وره‌ترین کێشه‌ی له‌به‌رده‌میان قوت بێته‌وه په‌روه‌رده بێ. له هێندێک نموونان دا، ڕه‌نگه، ئه‌و کێشه و گرفته زۆر توند نه‌بێ، چونکوو ئه‌و دووزمانه‌ی کاریان پێده‌کرێ له‌وانه‌یه به‌تایبه‌تی هێنده جیاواز نه‌بن. بۆ نموونه ئه‌و منداڵه فریسیایی زمانانه‌ی فێری هۆله‌ندی ده‌بن قه‌ت تووشی ئه‌و جۆره دژواریانه نایه‌ن که دێته سه‌ر ڕێی مندالانی سامی ئاخێوه‌ر بۆ فێر بوونی زمانی سوێدی، چونکوو فریسیایی و هۆله‌ندی زمانگه‌لی زۆر له‌یه‌که‌وه نزیکن. یان له‌وانه‌یه سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ی وڵاته پێوه‌ندیداره‌که له ڕوانگه‌ی زمانییه‌وه ئه‌وه‌نده ژێرانه و هه‌موولایه‌نه بێ، و منداڵان له قۆناخه به‌راییه‌کانی چوونه خوێندنگه دا ، که هه‌میشه ده‌بێ ئاوا بێ، خوێندنه‌وه و نووسین به ڕێگه‌ی زمانی خۆجێی خۆیان فێر بن، و زمانی زۆربه‌یان دواتر فێر بکرێ. ئه‌و شێوه بۆچوونه له زۆرێک له به‌شه‌کانی وڵاتی وه‌یلز دا ڕه‌چاو کراوه، هه‌ر وه‌ها له نۆروێژ و جێگای دیکه‌ش. ئامانج له به‌کارهێنانی ئه‌و جۆره شێوه په‌روه‌رده کردنه ئه‌وه‌یه منداڵان توانایی ئه‌وه‌یان هه‌بێ هه‌م به زمانی خۆجێیی خۆیان و هه‌م به زمانی زۆربه بخوێننه‌وه، بنووسن و قسه بکه‌ن.
له نموونه‌گه‌لی دیکه دا منداڵی سه‌ر به که‌مایه‌تی له‌وانه‌یه تووشی دژواری و کێشه‌ی گه‌وره بێ. ئه‌وه‌ش کاتێک دێته گۆڕێ ئه‌و دووزمانه‌ی کاریان پێده‌کرێ له یه‌کتری نزیک نه‌بن ، و هه‌ر وه‌ها له‌وه‌ش گرینگتر، کاتێک سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی یان پشتی زمانگه‌لی که‌مایه‌تی نه‌گرێ، یان لایان لێ نه‌کاته‌وه و چاویان لێ هه‌ڵبوێرێ و وه‌پشت گوێیان خا. له نموونه‌ی زۆر تیژپه‌ڕ دا زمانی که‌مایه‌تی له‌وانه‌یه قه‌ده‌غه بکرێ یان بۆ ده‌رس دادان له خوێندنگه به په‌سند نه‌زاندرێ. ئه‌و شێوه‌یه له پێشوو دا هه‌م سه‌باره‌ت به زمانی وه‌یلزی له وه‌یلز و هه‌م له‌مه‌ڕ زمانی گه‌یلیک له سکاتله‌ند به‌ڕێوه‌چووه – له ڕاستیدا سه‌رده‌مێک قانوونێک کاری پێده‌کرا به پێی ئه‌و قسه‌کردن به زمانی گه‌یلیک ناقانوونی بوو – و شێوه‌یه‌کی ئه‌وتۆش به ساڵانی دوورودرێژ سیاسه‌تی حکوومه‌تی ترکییه بووه سه‌باره‌ت به زمانی کوردی.
کارلێکه‌ری داسه‌پاندنی زۆره‌ملی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی ( سه‌رتاسه‌ری) بێگانه وه‌کوو ئینگلیسی یان ترکی ده‌کرێ زۆر جیدی بێ. لادانی زۆره ملی زمانێک و شوێنپڕکردنه‌وه‌ی به‌زمانێکی دیکه حه‌ولێکه بۆ بنه‌بڕ کردن و نه‌هێشتنی کولتوورێک به ته‌واوی، له‌وانه‌یه ئه‌وه نیشانه‌ی تێڕوانینێکی نامه‌تیقی ئێتنیکی بێ ( ' وه‌یلزییه‌کان له ئینگلیسییه‌کان ' که‌مترن' ؛ 'کورده‌کان هه‌ر نین')؛ و ئه‌وه زۆر به جیدی چه‌ت له پێشوه‌چوونی په‌روه‌رده‌یی منداڵان ده‌خا که ده‌بێ زمانێکی تازه فێر بن به‌ر له‌وه‌ی بتوانن له‌وه تێبگه‌ن مامۆستا باسی چ ده‌کا، چ ده‌گا به فێر بوونی خوێندنه‌وه و نووسین.
ئه‌و بۆچوونه به‌ساڵانی درێژیش سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی بوو له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، که هه‌ر نه‌بێ تا ڕاده‌یه‌ک له گه‌ڵ ڕوانگه‌ی به‌ربڵاوتری کۆمه‌لایه‌تی له‌مه‌ر زمانی که‌مایه‌تیدا، به‌رپرسی تواندنه‌وه‌ی خێرا و به‌ربڵاوی زمانه که‌مایه‌تییه‌کان بوو ده زمانی زۆربه‌ی ئینگلیسی ئاخێوه‌ر دا ( بۆ ئاگاداری زیاتر سه‌باره‌ت به بار‌و دۆخی تازه‌تری بزووتنه‌وه‌ی گۆیا ' ته‌نێ ئینگلیسی' له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بڕاونه به‌ندی 10ی ئه‌م کتێبه.) ئێستا، هه‌نگاوی به‌ربه‌چاو بۆ بۆژاندنه‌وه و به‌خۆداهاتنی زمانی هێندێک له ده‌سته که‌مایه‌تییه‌کان هه‌ڵهێندراوه‌ته‌وه، به تایبه‌تی ئێسپانیایی ئاخێوه‌ران و هێندییه‌کانی خۆجیی ئه‌مریکایی، که بۆ یان هه‌یه به زمانی خۆیان په‌روه‌رده ببینن، هێندێک هه‌نگاوی دیکه‌ش نراونه‌ته‌وه: بۆ وێنه ئاگاداری گشتی له شاری نیۆیۆرک، هه‌م به زمانی ئێسپانیایی و هه‌م به زمانی ئینگلیسی هه‌ڵداوه‌سرێن،ئه‌وه‌ش به مه‌به‌ستی کارهاسانیکردن بۆ جڤاتێکی گه‌وره‌ی پۆرتۆریکایی که له‌وێ ده‌ژین. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌مایه‌تییه زمانییانه‌ی دی که گه‌وره‌تر ، و زیاتر دانیشتووی ده‌ره‌وه‌ی شاره گه‌وره‌کانن وه‌ک ئه‌وانه‌ی که بریتین له ئاخێوه‌رانی زمانی فه‌ڕانسه‌یی ( له باکووری ڕۆژهه‌ڵات و له لوویزیانا) و ئاخێوه‌رانی هۆله‌ندی پێنسیلڤانیایی ( شێوه‌یه‌ک له زمانی ئاڵمانی) به خێرایی له ژماره‌یان که‌م ده‌بێته‌وه. له ساڵانی 1970 کاندا، 10 که‌مایه‌تی هه‌ره گه‌وره‌ی زمانی له ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ئاوا بوون:
ئێسپانیایی 7 میلیۆن و 900000
ئاڵمانی 6 میلیۆن و 200000
ئیتالیایی 4 میلیۆن
فه‌ڕانسه‌یی 2 میلیۆن و 600000
له‌هیستانی 2 میلیۆن و 300000
ییدیش 1میلیۆن و 500000
نۆڕوێژی 600000
سوێدی 600000
سلۆڤاکیایی 500000
مه‌جارستانی 500000
به‌گشتی ، نزیکه‌ی 34 میلیۆن ئه‌مریکایی ئێستا زمانی دایکیان زمانێکه جوێ له ئینگلیسی .
به‌خۆشییه‌وه، بۆچوونی ' هه‌ر ته‌نێ ئینگلیسی' و ئه‌و ڕوانگانه‌ی پێیه‌وه لکاون ئێستا به‌ته‌واوی له شانۆی په‌روه‌رده‌ی شانشینی یه‌کگرتوو ( بریتانیا) ش بزر بووه، ئه‌گه‌رچی زۆر له ئاخێوه‌رانی زمانی وه‌یلزی و گه‌یلیک هه‌ن وه‌نه‌بێ هێندیان دڵ به پله‌و ستاتوسی زمانه‌کانی خۆیانه‌وه خۆش بێ و لێی ڕازی بن. له وه‌تا 1918 ڕێگه دراوه به خوێندنی گه‌یلیک له خوێندنگه‌کانی گه‌یلێک ئاخێوه‌ری ناوچه‌کانی سکاتله‌ند، ئه‌گه‌رچی تا 1958ی خایاند بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کوو ئامرازی په‌روه‌رده و فێرکردن به‌کار بهێندرێ، ئه‌وه‌ش به‌شێوه‌ی سه‌ره‌کی بۆ منداڵانی پچووکتر له خوێندنگه سه‌ره‌تاییه‌کاندا. بۆ زۆربه‌ی منداڵان، به تایبه‌تی له خوێندنگه ناوه‌ندییه‌کاندا، ئینگلیسی هێشتا ئامرازی په‌روه‌رده‌ی ئاساییه، ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌بووه زۆر له ئاخێوه‌رانی زمانی گه‌یلیک ده‌چنه ئه‌و جۆره خوێندنگه‌یانه که زۆربه‌ی ئه‌ندام و شاگردانیان منداڵانی نا گه‌یلیک ئاخێوه‌ران.
وه‌زعی زمانی وه‌یلزی له شانشینی یه‌کگرتوو به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو زۆر له هه‌ڵوێستی زمانی گه‌یلیک پته‌وتره. ئه‌و زمانه ئاخێوه‌ری زیاتره، به ڕێژه کاتێکی باش بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی ڕادیۆیی و تلێڤیزیۆنی به زمانی وه‌یلزی ته‌رخان کراوه (ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌نده‌ش نییه مرۆ پێی خۆش بێ). هه‌ر وه‌ک نموونه‌ی گه‌یلیک، له مه‌ڕ وه‌یلزیش بۆچوونی سیاسه‌تی کۆنی په‌روه‌رده‌یی ئه‌گه‌رچی نه‌ماوه به‌ڵام به لینگه فرتهش بێ خۆی ده‌رده‌خا. ئێستا زۆر له خه‌ڵکی به‌ته‌مه‌نتر، له کاتێکدا به ڕه‌وانی به زمانی وه‌یلزی قسه ده‌که‌ن، به‌ڵام قه‌ت فێرنه‌بوون بینووسن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت ده‌بێ نامه‌ی زۆر تایبه‌تی خۆشیان به زمانی بێگانه، واته ئینگلیسی بنووسن، و زۆر جار بۆیان ئاسته‌مه وه‌یلزی ستاندارد بخوێننه‌وه. هه‌نووکه هه‌لومه‌رج زۆر باشتر بووه، و به تایبه‌تی له به‌راییه‌کانی ساڵانی 1930 یه‌کانه‌وه هه‌لومه‌رج گۆڕاوه. هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده دا به شێوه‌ی جیدی ده‌رس دادان به زمانی وه‌یلزی له زۆرێک له فێرگه سه‌ره‌تاییه‌کان له ناوچه وه‌یلزی ئاخێوه‌ر دا ده‌ستی پێ‌کرد، ئه‌گه‌رچی ده‌وری ئه‌و زمانه له خوێندنگه ناوه‌ندییه‌کاندا زۆر که‌م بوو. له ئاکامدا، له ساڵی 1953 ، ڕاپۆرتێک بڵاو کرایه‌وه که له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی بریتانیاوه په‌سند کرا: ئه‌و ڕاپۆرته پێشنیاری کرد له وه‌یلز گشت منداڵان ده‌بێ هه‌م فێری وه‌یلزی و هه‌م ئینگلیسی بکرێن. ئه‌و سیاسه‌تی دووزمانه‌ییه ئێستا به به‌ربڵاوی وه‌خۆ کراوه و پێڕۆیی لێده‌کرێ، ئه‌گه‌رچی چلۆنایه‌تی ڕاسته‌قینه تاڕاده‌یه‌ک ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچه چونکوو سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌یی له هه‌ر ناوچه‌یه‌ک دا له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتداریی ناوچه‌ییه‌وه بڕیاری له سه‌ر ده‌درێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، مرۆ به گشتی ده‌توانێ بڵێ له زۆر به‌شه‌کانی وه‌یلز دا، چ ئینگلیسێندرابن یان نا، مرۆ ده‌کرێ هێندێک خوێندنگه چ له ئاستی سه‌ره‌تایی و چ له پله‌ی ناوه‌ندی دا ببینێ که تێیاندا زمانی وه‌یلزی ته‌نێ وه‌کوو بابه‌تێک به ده‌رس ده‌کوترێته‌وه، و له هێندێکی دیکه‌یاندا به ته‌نیشت زمانی ئینگلیسییه‌وه وه‌کوو ئامرازی په‌روه‌رده به‌کار ده‌هێندرێ و ته‌نانه‌ت خوێندنگه‌ی ئه‌وتۆش هه‌ن که تێیاندا وه‌یلزی ته‌نیا زمانی په‌روه‌رده‌یه و ئینگلیسی هه‌ر وه‌ک بابه‌تێک ده‌خوێندرێ. پێشوه‌چوونێکی چاوڕاکێشی دیکه ده‌ستگای پۆلی ساوایان و پێشخوێندنگهیه که به‌ته‌واوی وه‌یلزی ئاخێوه‌رن به‌ڵام زۆر له دایکوباوکانی ئینگلیسی زمانیش منداڵه‌کانی خۆیان ده‌نێرنه ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک دوو زمانه گه‌وره بن. به ڕواڵه‌ت، وه‌کوو، زۆر له خه‌ڵکی ئیرله‌ندی هێندێک له‌و دایکوبابه وهیلزییانه هه‌ست ده‌که‌ن به وه‌خۆ کردنی زمانی ئینگلیسی ئه‌وان یان دایوباپیرانیان به‌شێوه‌یه‌ک له شێوان له ئاست نه‌ریتی کولتووری خۆیان وه‌فادار نه‌بوون، و هیوادارن منداڵه‌کانیان بتوانن تۆڵه‌ی ئه‌وه بکه‌نه‌وه و بارودۆخه‌که ڕاست که‌نه‌وه.وێده‌چی کاروباری خوێندنگه‌کان زۆر به‌باشی هه‌ڵسووڕێ ، و وا ده‌نوێنن که له وه‌جی داهاتوو دا له‌وانه‌یه ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ڕه‌وانی به زمانی وه‌یلزی قسه بکه‌ن زیاد بکا. له ڕاستی دا، ئه‌ژماری دوایین پێوانه‌کان نیشان ده‌ده‌ن داکشانی ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی زمانی وه‌یلزی ئیدی ئێستا پێشی پێگیراوه، و ئه‌و ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانه‌ی هه‌یانه ڕووی له زیاد بوونه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داهاتووی زمانه سێڵتیکه‌کان له بریتانیا هێشتا زۆر نادیار و ناڕوونه.له ساڵی 1831 ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی گه‌یلێک له سکاتله‌ند که 136000 که‌س بوو له ساڵی 1931 تا 81000 داکشا، هه‌ر له هه‌مان سه‌روبه‌ند دا ژماره‌ی ئاخێوه‌رانی زمانی وه‌یلزیش له 902000 که‌سه‌وه دابه‌زی بۆ 656000 که‌س. یه‌كێک له‌و کێشانه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئاخێوه‌رانی زمانی وه‌یلزی هات هاتنی ئینگلیسی زمانان بوو بۆ وه‌یلز که نه‌ک هه‌ر ئاماده نه‌بوون خۆیان فیڕی زمانی وه‌یلزی که‌ن به‌ڵکوو به‌وه‌ش ناقایل بوون منداڵه‌کانیان په‌روه‌رده‌ی زمانی وه‌یلزی ببینن، بۆچوونێک که هیچ لێی ناوه‌شێته‌وه په‌سن بدرێ.
فێرکردنی زمانگه‌لی که‌مایه‌تی به‌م شێوه‌یه به ئاشکرایی به قازانجی منداڵانی ده‌سته‌ی که‌مایه‌تییه، نه‌ک ته‌نێ له فێربوونی خوێندنه‌وه و نووسیندا، به‌ڵکوو له بابه‌ته‌کانی دیکه‌شدا. ئه‌وه هه‌روه‌ها کارلێکه‌ری ناسینی ناسێنه‌و یه‌کانگیربوونی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی منداڵه‌که‌ی به‌دوو دا دێ و ده‌بێته هۆی لالێکردنه‌وه و به‌ره‌وپێشچوون و به‌خۆداهاتنی کولتورگه‌لی که‌مایه‌تیش. له هه‌مان کات دا ده‌ستڕاگه‌یشتنی منداڵه‌که به زمانی زۆربه‌ش به‌ربه‌ست ناکا و لێی بێبه‌ش نابێ، که وێده‌چێ پێوویست بێ بۆ وه‌گه‌ڕکه‌وتنی به‌ره‌وژووری کۆمه‌ڵایه‌تی. ئه‌و ئاخێوه‌رانه‌ی گه‌یلیک و وه‌یلزی که زمانی ئینگلیسی ده‌زانن ده‌توانن زۆر ههڵسووڕاوانهتر وه‌کوو ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵێکی به‌رینتر بجووڵێنه‌وه. دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌وان ویستێکی ئه‌وتۆیان هه‌بێ.
چلۆنایه‌تی زمانگه‌لی که‌مایه‌تی دیکه‌ی ئوڕووپا له بواری په‌روه‌رده دا تا ڕاده‌یه‌کی به‌رچاو له‌یه‌ک جیاوازه،ئه‌و جۆره زمانانه‌ی، وه‌کوو ئاڵمانی، که له‌جێگای دیکه زمانی زۆربه‌ن ئیمتیازێکی ئاشکرا و ڕوونی کرده‌وه‌ییان هه‌یه به سه‌ر زمانگه‌لی وه‌ک گه‌یلیک و سامی (لاپله‌ندی) دا که که‌ره‌سته و بابه‌تی فێرکردن و خوێندن و خوێندنه‌وه‌یان یه‌کجار زۆرکه‌مه. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ئه‌وان ده‌کرێ له وڵاتانی ده‌رودراوسێ دا هه‌ڵکه‌وتێکی سیاسی لاواز و هه‌ژارانه‌یان هه‌بێ. زمانی ئاڵمانی له فه‌ڕانسه زۆرکه‌م لای لێده‌کرێته‌وه؛ زمانی مه‌قدوونییه‌یی له یۆنان چالاکانه پشت گوێ ده‌خرێ؛ و هه‌ڵکه‌وتی که‌مایه‌تی زۆر گه‌وره‌ی مه‌جارستانی له ڕۆمانی، سلۆڤاکیا وسربیا زۆر دژواره. له لایه‌کی دیکه‌وه زمانی فریسیایی له هۆله‌ند تا ڕاده‌یه‌ک پشتگیری لێ ده‌کرێ و ده‌ستی به‌سه‌ر دادێ، هه‌روه‌ها له وڵاتانی سکاندیناڤیاش حه‌ول دراوه بۆ پێشخه‌ستنی په‌روه‌رده به زمانی سامی (لاپله‌ندی).
یه‌ک له‌و زمانانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه به‌تایبه‌تی زۆر خراپ مامڵه‌ی له گه‌ڵ کراوه زمانی ڕۆمانی،واته زمانێکی به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک باکووری هیندووستانییه که خه‌ڵکی ڕۆما ( قه‌ره‌چییه‌کان)* قسه‌ی پێده‌که‌ن. ئه‌و چلۆنایه‌تییه به‌تایبه‌تی له‌و وڵاتانه دا وه‌به‌رچاو ده‌که‌وێ که تێیاندا خه‌ڵکی ڕۆما که‌مایه‌تی زۆر گه‌وره‌نه به‌ڵام ده‌ره‌تانێکی زۆر که‌م یان له‌جێدا هیچ ده‌رفه‌تێکیان نییه بۆ ئه‌وه‌ی به زمانی خۆیان په‌روه‌رده ببینن، وه‌ک له سلۆڤاکیا و مه‌جارستان. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له ساڵی 1999 وه له وڵاتی چێکه‌وه هاتوون، ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن له‌و وڵاته خه‌ڵکی ڕۆما به‌شێوه‌ی ئاسایی له‌و جۆره خوێندنگه‌یانه‌دا جێیان ده‌کرێته‌وه که بۆ که‌سانی دواکه‌وتوو له باری په‌روه‌رده‌ییه‌وه داندراون به بێ ئه‌وه‌ی هیچجۆره سرنجدانێک به‌و ڕاستییه بدرێ لاوازی ئه‌وان له خوێندندا له به‌ر ئه‌وه‌یه که هیچ زمانی چێکی نازانن. له لایه‌کی دیکه‌وه، له باکووری یۆنان، هێندێک به‌رنامه‌ی به‌رته‌سک بۆ خوێنده‌وارکردنی منداڵانی ڕۆمانی ئاخێوه‌ر پێش خراوه.
له‌و جێیه‌ی زمان خه‌سڵه‌تێکی دیارکه‌ری (بڕوانه لاپه‌ڕه‌ی 44ی ئه‌م کتێبه) ده‌سته‌یه‌کی ئێتنیکی یه که داوای سه‌ربه‌خۆیی ده‌کا،به‌تایبه‌تی له‌و شوێنه‌ی که خه‌سڵه‌ته‌کانی دیکه ( بۆ نموونه خه‌سڵه‌تی ته‌بیعی) گرینگ نین (وه‌ک نموونه‌ی زمانی وه‌یلزی)، له‌وانه‌یه هۆکاره زمانییه‌کان ده‌ورێکی گرینگ بگێڕن له هه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌کی جیاوازیخوازی دا که ئه‌و گرووپه وه‌ڕی ده‌خا. ئه‌وه به‌شێکی بۆ وڵامدانه‌وه‌ی گیروگرفته کردهوهییهکانه، وه‌کوو په‌روه‌رده، به‌ڵام به شێوه‌ی سه‌ره‌کی ئاکامێکی ئه‌و ڕاستییه‌یه که زمان، هه‌ر وه‌ک تا ئێستا له‌م کتێبه‌دا دیتوومانه (لاپه‌ڕه‌ی 12)، وه‌کوو ڕه‌مزێکی گرینگی هوشیاریی ده‌سته‌یی و هاوپێوه‌ندی هه‌ڵده‌سووڕێ. ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییه ده‌سه‌لمێنێ له‌و ده‌وره دا خۆی ده‌رده‌خا که ده‌سته زمانییه‌کان له به‌ره‌وپێشبردنی نه‌ته‌وه‌گه‌لی نوێی سه‌ربه‌خۆ له ئوڕووپا گێڕاویانه له دوای هه‌ڵوه‌شانی ئیمپراتۆرییه فره‌زمانییه‌کانی کۆنتر دا. به ده‌م گه‌شانه‌وه و بووژانه‌وه‌ی وشیاریی نه‌ته‌وه‌یی، زمانی وه‌کوو فه‌نلاندی و چه‌ندین زمانی دیکه، ئهدهبییاتێکیان پێشخست، ڕێبازی ستاندارد بوونیان گرته پێش، و وه‌ک زمانانی نه‌ته‌وه‌یی له‌و ناوچانه‌ی که تاڕاده‌یه‌کی زۆر تاکزمانی بوون سه‌ریان هه‌ڵهێنا، ئه‌وه کاته‌ی که سه‌ربه‌خۆیییان وه‌دست هێنا.
هه‌ر بۆیه‌یه سه‌رهه‌ڵهێنانی خێرای ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی ئوڕووپایی له ماوه‌ی سه‌د ساڵ و کسووری ڕابردوو دا هاو ته‌ریب بووه له گه‌ڵ به‌خۆداهاتنی خێرای ژماره‌ی زمانگه‌لی سه‌ربه‌خۆ،نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌سمیدا. له ماوه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مدا ژماره‌ی زمانان له [ئوڕووپا] له شازده زمانه‌وه گه‌یشته سی زمان، و له‌وه‌تا ئه‌وده‌می ئه‌و ژماره‌یه له 50ی تێپه‌ڕاندووه. به جێیه لێره دا هێندێک وێنه‌ی قۆناخه‌کانی ئه‌و پێشوه‌چوونه بکێشینه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئاراسته‌که به‌ته‌واوی هه‌ر به‌ره‌و لایه‌ک نه‌بووه. بۆ نموونه، له ماوه‌ی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاست دا ، هێندێک له زمانه‌کان – وه‌کوو پڕۆڤێنشاڵ و ئاڵمانی ته‌ختاییان ( بڕوانه خواره‌وه‌تر) و عه‌ڕه‌بی – ئیتر ده‌وری زمانانی ڕه‌سمیی ستانداردیان نه‌ما (ئه‌وه‌ی دواییان ته‌نێ له ئوڕووپا)، له کاتێکدا ئه‌وانیتر – ئینگلیسی و نۆروێژی – بوونه یه‌ک، ته‌نێ دواتر وه‌ک زمانی سه‌ربه‌خۆ سه‌ریان هه‌ڵداوه. تا ساڵی 1800 کان ئه‌و زمانانه‌ی خواره‌وه وه‌کوو زمانگه‌لی نه‌ته‌وه‌یی له ئوڕووپا هه‌ڵده‌سووڕان ( جگه له ڕووسییه نه‌بێ): ئیسله‌ندی ، سوێدی ، دانمارکی ، ئاڵمانی ، هۆله‌ندی ، ئینگلیسی ، فه‌ڕانسه‌یی ، ئێسپانیایی ، پورتوگاڵی، ئیتالیایی ، له‌هیستانی ، مه‌جارستانی، یۆنانی، و ترکی. تا ساڵی 1900 کان ئه‌م زمانانه‌ی خواره‌وه‌ش وه‌ک زمانگه‌لی ستانداردی نه‌ته‌وه‌یی، ڕه‌سمی یان نووسین ده‌رکه‌وتن ( یان دیسان سه‌ریان هه‌ڵهێناوه): نۆڕوێژی، فه‌نلاندی، وه‌یلزی ، ڕۆمانیایی ، و زمانه سڵاڤییه‌کان چێکی، سڵۆڤاکیایی، سڵۆڤێنیایی، سڕبو – کرۆواتی. و له ماوه‌ی پاشماوه‌ی
سه‌ده‌ی بیسته‌مدا گه‌یلیکی ئیرله‌ندی، گه‌یلیکی سکاتله‌ندی، برێتۆن، کاتاڵانی، ڕۆمانش، مه‌قدوونییه‌یی، ئاڵبانییایی و باسک گشتیان ستاندارد کران، بووژاندرانهوه یان په‌ڕه‌یان پێدرا. زمانێکی هه‌ره دوایی که‌له ساڵانی 1990 کاندا، له‌مانه زیاد بووه ، هه‌ر وه‌ک بینیومانه، زمانی لوگزامبورگیش بوو.
کێشه‌کانی بارودۆخی فره زمانێتی بۆ تاکه‌که‌س ده‌کرێ یان به‌ڕێگه‌ی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی، یان شێوه- سه‌ربه‌خۆیی، یان، که‌متر توندئاژۆیانه،به ڕێگه‌ی به‌رنامه و سیاسه‌تی به‌جێ و دروستی په‌روه‌رده‌یییه‌وه ده‌رده‌ست یان که‌م بکرێنه‌وه. باشه، کێشه‌گه‌لی فره‌زمانێتی بۆ حکوومه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌کان چن؟ مخابن زۆر له حکوومه‌ته‌کان ئه‌و ڕاستییه به کێشه‌یه‌کی گه‌وره داده‌نێن که زمان ده‌توانێ وه‌کوو چه‌قی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌و که‌مایه‌تییانه هه‌ڵسووڕێ که ده‌سته‌ڵات، سه‌ربه‌خۆیی، یان تیكه‌ڵ بوون و له‌گه‌ڵ که‌وتنی ده‌وڵه‌تێکی دراوسێیان ده‌وێ. له‌و جێگایانه‌ی حکوومه‌ته‌کان ئه‌وه به هه‌ڕه‌شه یان نه‌ویستوو و دڵنه‌خواز دانانێن، له‌وانه‌یه له‌گه‌ڵ که‌مایه‌تییه زمانییه‌کان به باشی بجووڵێنه‌وه ( یان به ساده‌یی هه‌ر خۆیان تێنهگهیێنن). بۆنموونه، حکوومه‌تی مۆدێڕنی بریتانیا، زۆر به‌جیدی هه‌ڵنه‌که‌ر نییه، ئه‌گه‌رچی به‌داخه‌وه له‌وانه‌یه چ گوێ نه‌داته ئاخێوه‌رانی زمانی گه‌یلیک. حکوومه‌ته‌کانی سکاندیناڤیا، هه‌ر ئاوا، ئاشکرایه ئه‌وان چ شتێکی نه‌ویستوو و دڵنه‌خواز له زمانی سامی دا نابینن و ترسیان لێی نییه. حکوومه‌تی کۆماری ئیرله‌ندیش،چالاکانه پشتیوانی له زمانی که‌مایه‌تی ده‌کا
( شتێک له ناو 1 تا 3 له‌سه‌دی دانیشتووانی ئه‌وێ زمانی خوجێییان ئیرله‌ندی یه و قسه‌ی پێده‌که‌ن)، وئه‌و حکوومه‌ته خوێندنی ئه‌و زمانه‌ی له خوێندنگه‌کاندا کردووته بابه‌تێکی تۆبزی. هه‌ڵبه‌ت، ئه‌وه‌ش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئیرله‌ندی له پێشوو دا زمانی گشت ئیرله‌ندییه‌کان بووه و به‌م چه‌شنه ڕه‌مزی کو‌لتوور و ناسێنه‌ی نه‌ته‌وه‌یی یه تا ئه‌وه‌ی که نیشانه‌ی هیچ جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌ک بێ.
له لایه‌کی دیکه‌وه، له‌و نموونانه‌یدا که حکوومه‌ته‌کان به‌داخه‌وه که‌مایه‌تییه زمانییه‌کان به توانایه‌کی به 'تێکده‌ر' داده‌نێن، ده‌کرێ زۆر جیاواز و گه‌وجانه بجووڵێنه‌وه و له راسته‌قینه‌ی کۆمه‌ڵگه‌لی که‌مایه‌تی زمان تێنه‌گه‌ن که له‌جێی دی ناسراون و باشیان مامڵه له‌گه‌ل کراوه، بۆ نموونه له په‌روه‌رده دا، و ئه‌وه‌ش ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی خولقاندووه که که‌متر ناڕازی بن. ترسی ئه‌و جۆره حکوومه‌تانه که ڕیشه‌ی له بۆچوونی نالیبێڕال و نێوهندخوازیان ئاو ده‌خواته‌وه، زۆر جار ده‌کرێ ئاوا پاساو بدرێ: وه‌فاداری و پێبه‌ندی زمانی ده‌کرێ چه‌کێکی به‌هێز بێ، و زۆر جار بۆ وه‌ده‌ست خستنی به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسی به‌کارهێندراوه.له زۆر نموونان دا زمانێکی که‌مایه‌تی سه‌رکوتکراو یان لا لێنه‌کراوه ده‌توانێ زمانی ده‌وڵه‌تێکی دراوسێی دژبه‌ریش بێ – ئه‌مه له‌مه‌ر مه‌قدوونییه‌یی له یۆنان، سڵوڤێنیایی له ئیتالیا، و ئاڵمانی له فه‌ڕانسه و ئیتالیا وه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێ - و ترس له‌وه دایه پێبه‌ندی زمانی له‌وانه‌یه به‌هێزتر بێ له به‌سترانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی (ده‌وڵه‌تی). له نموونه‌گه‌لی دیکه‌دا زمانگه‌لی لالێنهکراوهی که‌مایه‌تی له‌وانه‌یه به ساده‌یی وه‌کوو ئامرازێک بۆ ورووژاندنی ناڕه‌زایه‌تی به‌کاربهێندرێن، چونکوو ده‌سته که‌مایه‌تییه‌کان هۆیه‌کی زێدهبوویان به‌ده‌سته‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی له چاره‌نووسی خۆیان ناڕازی بن و پێی قایل نه‌بن.
یه‌ک له‌و زمانانه‌ی که مێژوویه‌کی ده‌مکوتکردنی له‌سۆنگه‌ی ئه‌وتۆ وه هه‌یه زمانی کاتاڵانی یه. کاتاڵانی زمانێکی ڕۆمی یه و ته‌قریبه‌ن هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی له فه‌ڕانسه‌یی نزیکه هه‌ر ئاواش له ئێسپانیایی. ئه‌و زمانه له ئێسپانیا نزیکه‌ی حه‌وت میلیۆن که‌س قسه‌ی پێده‌که‌ن- له کاتا‌لۆنیا، ڤالێنثیا و دوڕگه‌کانی بالیریک – هه‌ر وه‌ها نزیکه‌ی 250000 که‌سیش له ڕۆسیۆن له فه‌ڕانسه قسه‌ی پێده‌که‌ن، و ده‌سته‌یه‌کی زۆر پچووکیش له ساردینیا ( له ئیتالیا). ئه‌و زمانه یه‌كێک له دوو زمانی ڕه‌سمییه له ئاندۆڕا ( ئه‌وی دییان فه‌ڕانسه‌یی یه ). تا به‌راییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م ئه‌و زمانه له کاتا‌لۆنیا زمانی ڕه‌سمی، ئیداریی نووسین بوو تا ئه‌و ناوچه‌یه وه‌سه‌ر کاستیل
(ئێسپانیا) خرا. له‌ئاکامدا، له ساڵی 1768، به پێی فه‌رمانی حکوومه‌ت زمانی ئێسپانیایی له خوێندنگه کانی پێشووی کاتاڵانی دا سه‌پێندرا، و دواتر له ساڵی 1856 قانوونێک په‌سند کرا که ڕایگه‌یاند گشت سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی سیاسی و په‌یماننامه‌ی قانوونی ده‌بێ به زمانی ئێسپانیایی بنووسرێن. لیبێرالیزه کردنی ئه‌و سیاسه‌ته له ژێر حکوومه‌تی کۆماری دا له نێوان ساڵانی 1931 تا 1939 به‌ڕێوه‌چوو. منداڵانی کاتاڵانی زمان به زمانی کاتاڵانی په‌روه‌رده ده‌کران،له هه‌مان کاتدا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش ڕه‌خسێندرا منداڵانی ئێسپانیایی ئاخێوه‌ر له ناوچه‌ی کاتاڵان دا په‌روه‌رده‌ی خۆیان به زمانی ئێسپانیایی ده‌ست پێبکه‌ن، و له ته‌مه‌نی ده‌ساڵی دا هه‌رکام له ده‌سته‌کان ده‌ستیان کرد به فێربوونی زمانه‌که‌ی دیکه‌ش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له ژێر حوکمی دیکتاتۆری فڕانکۆ دا جارێکی دیکه زمانی کاتاڵانی له خوێندنگه‌یان به ته‌واوی قه‌ده‌غه کرا و کورسی زمان و ئه‌ده‌بییاتی کاتاڵانی له زانکۆی بارثلۆنا هه‌ڵوه‌شاوه. ده‌قی کتێبی کاتاڵانی شوینبزر کران، و منداڵانی کاتاڵان جارێکی دیکه ده‌بوو په‌روه‌رده و خوێندنی خۆیان به ئێسپانیایی ده‌ست پێبکه‌ن و ته‌واوی که‌ن. پشتیوانانی زمانی کاتاڵانی ئیدیعا ده‌که‌ن حکوومه‌تی فڕانکۆ له بناخه‌وه خه‌سڵه‌تێکی ' ناسیۆنالیستی کاستیلیانی' هه‌بوو، و به ئاشکرایی به‌کارهێنانی کاتاڵانی به مه‌یلی جیاوازیخوازی داده‌نا و لێی په‌شێو و نیگه‌ران بوو. زمان ڕه‌مزێکی ناسێنه‌ی ده‌سته‌یی یه، و هه‌رکه‌س حه‌ول بدا بۆ سازکردنی ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه‌کی یه‌کگرتوو، به تایبه‌تی له چه‌شنی یه‌کپارچه‌یی فڕانکۆ؛ هه‌ر جۆره نیشانه و مه‌یلێکی ناسێنه‌یه‌کی جیاواز به دڵنه‌خواز و نه‌ویستوو یان به مه‌ترسی داده‌نێ. ژێرده‌سته کردنی زمانی ( یان
یه‌کخستنه‌وه‌ی زمانی، به پێی ئه‌وه‌ی که مڕۆ چۆنی لێ بڕوانێ) بۆیه ستراتێژییه‌کی گرینگه له جێبه‌جێکردنی ژێرده‌سته‌کردنی سیاسی ( یان یه‌کخستنه‌وه‌ی سیاسی ) دا.
له ساڵه‌کانی کۆتایی ڕێژیمی فڕانکۆ دا بارودۆخی زمانی کاتاڵانی تاڕاده‌یه‌ک گوشاری له سه‌ر که‌م بووه‌وه. کتێبێکی زۆر به کاتاڵانی ده‌رکه‌وتن و دوو ڕۆژنامه‌ی میزاحی منداڵان و کۆوارێک به‌و زمانه ده‌ستیان به‌بڵاو کردنه‌وه کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،هێشتا هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک نه‌بوو و کاتی بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕادیو و تێلێڤیزیۆنی هه‌تابڵێی که‌م بوو. له‌هه‌موان گرینگتر ئه‌وه بوو له خوێندنگه‌یاندا، کاتاڵانی هێشتا قه‌ده‌غه بوو. ئه‌وه‌ش مانای ئاوا بوو منداڵانی کاتاڵان که بۆیه‌که‌م جار ده‌چوونه خوێندنگه، نه‌یان ده‌توانی له‌وه تێبگه‌ن مامۆستاکه ده‌ڵێ چی – به‌ڵانی که‌مه‌وه له چه‌ندین حه‌وتووی یه‌که‌م دا – و ئه‌وان به بێ ئه‌وه‌ی بتوانن زمانی خۆیان بخوێننه‌وه یان بنووسن گه‌وره ده‌بوون مه‌گین ئه‌وه‌ی دایکوباوکان زه‌حمه‌تیان دابایه به‌رخۆیان و له‌ماڵێ فێریان کردبان. کێشه‌ی زمانی تا ڕاده‌یه‌ک به‌و بڕگه‌یه‌ی خواره‌وه به زمانی کاتاڵانی و وه‌رگێراوه ئیسپانیاییه‌که‌ی ئاشکرا ده‌بێ.
کاتاڵانی:
Maigret escolta distret, tot pensant que la meitat de Paris està de vacances i que la resta, en
aquesta hora, beu begudes freques a les tauletes de les terrasses. Quina comtessa? Ah si! L’home trist s’explica.Una senyora que ha tingut més d’un revés de fortura i que ha obert ub salo de bridge al carrer Pyramides.Una dona ben bonica.Es nota que el pobre home n’stà enamorat.- Avui, a les quatre,he agafat un bitllet de mil de la caixa dels amos.
ئێسپانیایی:
Maigret escucha distraidemente, pensando que medio Paris està de vacaciones y que el resto a estas horas estarà tomando refrescos en las mesitas de las terrazas.Que condesa? Ah, si! El hombre
triste s’explica.Una senora que ha surfido màs de un contratiempo y que abrio un salon de bridge en la calle Piràmides.Una mujer muy guapa.Se conoce que el probre hombre està enamorado- Hoy, a las cuatro,he cogido un billete de mil de la caja de los duenos.
کوردیی نێوه‌ڕاست:
مایگرێت هه‌ر نیوه گوێ ده‌گرێ، پێی وایه نیوه‌ی پاریس له پشوو دایه، و ئه‌وانی دی، له‌م سه‌عاته‌دا، له ده‌ره‌وه له پیاده‌رۆ به‌ده‌وری مێزانه‌وه [دانیشتوون ] و خواردنه‌وه‌ی سارد ده‌خۆنه‌وه. کامه کۆنتێس؟ ئه‌ها ئه‌رێ ! پیاوه غه‌مباره‌که ده‌ڵێ. ئه‌و یایه‌ی که زیاتر له جارێک نه‌هامه‌تی تووش هات و له شه‌قامی پیرامیدێس یانه‌یه‌کی بریجی کردووه‌ته‌وه. ژنێکی تابڵێی جوانه. واوێده‌چێ ئه‌و پیاوه خه‌فه‌تباره دڵی پێوه‌یه‌تی. ئه‌مڕۆ، له سه‌عات چوار
ئه‌من ئه‌سکیناسێکی هه‌زار فڕانکیم له سه‌رکاره‌کان وه‌رگرت' بۆ'
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌وه‌تا دێمۆکڕات بوونی ئێسپانیا له ساڵانی 1970 کانه‌وه، بارودۆخه‌که هه‌تابڵێی گۆڕاوه. هه‌ڵکه‌وت و چلۆنایه‌تی زمانی کاتاڵانی یه‌کجار باش بووه و زۆر له‌و کێشانه‌ی له سه‌ره‌وه باسیان لێوه کرا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نه‌ماون و شوێن‌بزر بوون.کاتاڵانی گه‌ڕاوه‌ته‌وه بواری میدیا و په‌روه‌رده، ئه‌و بوارانه‌ی که لێی قه‌ده‌غه کرابوو.
هه‌ر ئه‌و جۆره ئه‌نگێزه و هۆکاره پاڵپێوه‌نه‌رانه‌ی سه‌باره‌ت به جووڵانه‌وه‌ی حکوومه‌تی پێشووی ئێسپانیا له مه‌ڕ زمانی کاتاڵانی باسمان کرد، به ئاشکرایی له نموونه‌ی حکوومه‌تی بریتانیاش دا ده‌بیندرا که به‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی 1745 دا زمانی گه‌یلیکی سکاتله‌ندی قه‌ده‌غه کرد. هه‌ر ئه‌و جۆره هۆکارانه هانده‌ری ئه‌و حکوومه‌تانه‌ی یۆنان بوون بۆ هێلێناندنی ( به یۆنانی کردنی) باکۆری یۆنان به قه‌ده‌غه کردنی به‌کارهێنانی مه‌قدوونییه‌یی له ناوچه‌که‌دا.
ئه‌و چالاکیانه‌ی که حکوومه‌ته‌کان سه‌باره‌ت به زمان ده‌یکه‌ن ده‌کرێ وه‌ک حه‌ولدان بۆ پلانداڕشتنی زمانی نێوزه‌د بکرێن. له نموونه‌گه‌لی یه‌کجار زۆر دا چالاکی ئه‌و چه‌شنه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و شتانه‌ی له‌مه‌و پێش باسمان کردن، ده‌کرێ هه‌م به پێویست بن و هه‌م شیاوی ڕێز و ستایش بن- بۆ نموونه ئه‌و وڵاتانه‌ی له گه‌ڵ کێشه‌ی ده‌ستبژێر کردنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یان زمانگه‌لی نه‌ته‌وه‌یی و، له ئاکامدا، به‌ره‌وپێشبردن و ستاندارد کردنی ئه‌و/ ئه‌وان ڕووبه‌ڕوو بوون. ئه‌و جۆره بلانداڕشتنهی زمانییه، که بڕیار ده‌دا کامه زمان کامه ده‌ور بگێڕێ، به پلانداڕشتنی ستاتوس (پله) ناسراوه. ئێمه تائێستا باسی هێندێک له‌و کێشه و گرفتانه‌مان کرد که له فره‌زمانێتی له ئوڕووپا ده‌که‌ونه‌وه. له زۆر ناوچه‌ی دنیا دا کێشه و گیروگرفته‌کان تاڕاده‌یه‌کی به‌رچاو ئاڵۆزترن. بۆ نموونه، شێوه سه‌حرای ئه‌فریقا، هه‌رێمێکی زۆر فره زمانه‌که تێیدا کێشه‌گه‌لی زمانی زۆر خراپتر بوون چونکوو هێزه کۆلۆنیالییه‌کان سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌کانیان به بێ له‌به‌رچاوگرتنی بڵاو بوونه‌وه‌ی جوگرافیایی ده‌سته ئێتنیکی یان زمانییه‌کان دیاری کردووه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کێشه‌ی پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی له ناوچه‌ی ئه‌وتۆ دا به پێویستی ئه‌وه‌نده‌ش جیدی نین که مرۆ له‌وانه‌یه بیری لێبکاته‌وه. له نموونه‌ی کامپالا دا، که باسمان لێوه کرد (لاپه‌ڕه‌ی 106)، ئێمه بینیمان خه‌ڵک له وزه‌یان دایه زۆر به هاسانی پێوه‌ندی به‌یه‌کدییه‌وه بکه‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی زمانه‌کانی یه‌کدی نازانن، چونکه ئه‌وان ئاشناییان له گه‌ڵ زمانه‌کانی دیش وه‌ک لوگاندا، سواهیلی و ئینگلیسیش هه‌یه: هه‌ر کام له‌و سێ زمانانه ده‌توانن وه‌کوو زمانی هاوبه‌ش lingua franca یش ده‌ور بگێڕن. لینگوا فڕانکا ( زمانی هاوبه‌ش) زمانێکه وه‌کوو ئامرازێکی هاوبه‌شی پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی له نێوان ئه‌و خه‌ڵکانه دا به‌کارده‌هێندرێ که‌هیچ زمانێکی هاوبه‌شی خۆجێییان نییه. هێندێک له‌و زمانانه‌ی به‌و شێوه‌یه له ئه‌فریقا به‌کارده‌هێندرێن، وه‌ک ئینگلیسی و فه‌ڕانسه‌یی، زمانی خۆجێیی (بوومی) هه‌ڕێمه‌که‌ی به‌رباس نین و زۆر جار خه‌ڵک به ڕێگه‌ی په‌روه‌رده‌ی ڕه‌سمییه‌وه فێریان ده‌بن. ئه‌گه‌رچی، زۆر له لینگوا فرانکاکانی ئه‌فریقا، خۆجێین، و زۆریان له‌به‌ر زاڵبوون و بانده‌ستی ئاخێوه‌رانیان، ئاوا به‌کار ده‌هێندرێن، وه‌ک زمانی لوگاندا، یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه زمانی بازرگانانی هه‌ڵکه‌وتوو و بهڕمێنن له هه‌ڕیم دا، وه‌ک سواهیلی. له ئه‌فریقای ڕۆژئاوا یه‌ک له لینگوا فڕانکا هه‌ره گرینگه‌کان که هێشتا به شێوه‌ی سه‌ره‌کی له بواری بازرگانی و سات و سه‌ودا دا به‌کار ده‌هێندرێ زمانی هاوسا Hausa یه. هاوسا زمانێکی ئه‌فر و _ ئاسیاییه که له بناواندا له هه‌رێمی له‌یک چاد له باکووری نێوه‌ندی ئه‌فریقا قسه‌ی پێده‌کرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌نده به به‌ربڵاوی خه‌ڵک فێری بوون که له بواری بازرگانی و مه‌به‌ستگه‌لی دیکه دا به میلیۆنان ئاخێوه‌ر به‌کاری ده‌هێنن له شوێنگه‌لی وه‌کوو گانا، نیجێرییه و داهۆمهی. زۆرێک له زمانانی دیکه هه‌ر به‌و ڕێگه‌یه دا وه‌کوو لینگوا فڕانکا بڵاو بوونه‌ته‌وه، ته‌نێ دواتر له سونگه‌ی ئابووری یان سیاسه‌ت دیسان له کورتێیان داوه. بۆ نموونه، زمانی یۆنانی، له دنیای که‌ونارا دا، له سه‌ره‌تاوه، له به‌ر ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه عه‌سکه‌رییه‌کانی ئه‌سکه‌نده‌ر، بوو به لینگوا فرانکا، و سه‌رده‌مایه‌ک له ترکییه‌وه تا پورتوگاڵ به پانه‌وه به‌کار ده‌هێندرا. دواتر له دنیای ڕۆژئاوا زمانی لاتینی وه‌ک لینگوا فڕانکا ده‌کار کرا، به شێوه‌ی سه‌ره‌کی له‌ئاکامی په‌ره‌سه‌ندن و گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی ئیمپراتۆری ڕۆم، و پاشان هه‌ر وا مایه‌وه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و ڕاستییه‌ی که بۆ زۆر سه‌دان، هیچ ئاخێوه‌ری خۆجێیی نه‌بوو. ' لینگوا فڕانکا'ی ئه‌سڵی، که ئه‌و زاراوه‌یه‌ی لێکه‌وتووه‌ته‌وه ( که مانای ' زمانی فه‌ڕانسه‌یی ' یه) ، شێوه‌یه‌ک بوو له زمانی پڕۆڤێنشاڵ که‌وه‌کوو لینگوا فڕانکا له لایه‌ن خاچپه‌رستانی فره زمانه‌وه ده‌کار ده‌کرا.
کاتێک حکوومه‌تان کێشه‌که‌یان ده‌که‌وێته به‌ر ده‌م، وه‌ک ئه‌وه‌ی که بۆ زۆرێک له نه‌ته‌وه‌گه‌لی 'نوێ' ده‌ستبژێر کردنی زمانێک یان زمانگه‌لی نه‌ته‌وه‌یی دێته گۆڕێ، ئاشکرایه لینگوا فڕانکای له‌و چه‌شنه زۆر به‌که‌لکه. ده‌ستبژێر کردنی زمانێک که به نه‌غده‌ن خه‌ڵکێکی زۆر تێیده‌گه‌ن قازانجێکی زۆر ڕوونی لێ ده‌که‌وێته‌وه. ئه‌گه‌رچی، له هێندێک نمووناندا له‌وانه‌یه ئاڵۆزی و دژواری بێته گۆڕێ، له به‌ر هه‌بوونی لینگوافڕانکای ڕقه‌به‌ر یان به‌دیل. له هیندووستان، زمانی هیندی له زۆربه‌ی به‌شه باکوورییه‌کانی وڵات دا وه‌کوو لینگوا فڕانکا به‌کار ده‌هێندرێ. ئه‌و زمانه ئه‌و ئیمتیازه‌ی هه‌یه زمانێکی خۆجێییه ، تا ئه‌وه‌ی وه‌ک ئینگلیسی له بناوانه‌وه زمانێکی کۆلۆنیالی بێ، به‌ڵام ئه‌و خه‌وش و نالهبارییهشی هه‌یه که له به‌رژه‌وه‌ندی ئاخێوه‌ره خۆجێییهکانیدا دایه و به زه‌ره‌ری ئه‌وانه ده‌شکێته‌وه که ده‌بێ وه‌کوو زمانی دووهه‌م فێری بن. له لایه‌کی دیکه‌وه، ئینگلیسی، وه‌کوو لینگوا فڕانکا له سه‌رتاسه‌ری هیندووستاندا ده‌کارده‌کردرێ، به‌ڵام ته‌نێ له لایه‌ن ئاخێوه‌رانی خوێنده‌وار و په‌روه‌رده دیتوو ڕا. ئاخێوه‌رێکی خوێنده‌واری بێنگالی ڕه‌نگه له گه‌ڵ ئاخێوه‌رێکی خوێنده‌واری تامیل به زمانی ئینگلیسی تێکه‌ڵاوی و پێوه‌ندی دامه‌زرێنێ، ئه‌گه‌ر هیچیان زمانی یه‌که‌می ئه‌ویدیان نه‌زانێ، که وێناچێ بیزانێ.
کێشه‌یه‌کی دی هاوشێوه‌ی لینگوافڕانکای ڕقه‌به‌ر له مالایزیا دا هه‌یه. فێدراسیۆنی ماڵایزیا له ساڵی 1963 دامه‌زرا به حه‌شیمه‌تێکی ته‌نێ ده میلیۆن که‌سییه‌وه، به‌ڵام به بارودۆخێکی زمانییه‌وه که یه‌کجار زۆر پێچه‌ڵپێچ و ئالۆز بوو. له ماڵایزیا دا بۆخۆی زمانی مالایی ڕه‌نگه زمانی خۆجێیی 30 له سه‌دی دانیشتووان بێ، ئه‌گه‌رچی چه‌ندین شێوه‌ی جیاوازی هه‌یه، له‌وانه مالایی ستانداردی نوخبه‌ی خوێنده‌واری شارنشین؛ مالایی قسه پێکردن، که زۆر شێوه‌زاری له‌هجه‌یی هه‌یه؛ و ' مالایی بازاڕ'، که به به‌ربڵاوی له بواری بازرگانیدا وه‌کوو لینگوا فڕانکا ده‌کار ده‌کردرێ. 30 له‌سه‌دی دیکه‌ی دانیشتووانی مالایزیا به یه‌کێک له دوازده زمانگه‌له جیاوازه‌کانی چینی ده‌دوێن ، که چواری هه‌ره به‌ربڵاویان که له‌وێ به‌کار ده‌هێندرێن، بریتین له کانتۆنێز Cantonese ، هۆکییێن ,Hokkien هاکا Hakka و تێیچیو Tiechiu .(له هه‌ر کام له کۆمه‌ڵه چینییه‌کانی شارنشین دا به ئاسایی یه‌ک له‌و زمانانه وه‌کوو لینگوا فڕانکا ده‌کار ده‌کردرێ.)، نزیکه‌ی 10 له سه‌دی دانێشتووانیش به‌زمانانی جۆربه‌جۆری هیندووستانی قسه ده‌که‌ن، به شێوه‌ی سه‌ره‌کی تامیل،به‌ڵام به زمانه‌کانی دیکه‌ی دراڤیدیاییش وه‌کوو تێلوگۆ و مالایالام، و زمانی هیندوو ئوڕووپایی پونجابی؛ سه‌رباقی ئه‌مانه، زۆر له کۆمه‌ڵه ئوروئاسیاییهکان به شێوه‌یه‌ک له پورتوگالی ده‌دوێن، و ئینگلیسیش له لایه‌ن زۆرێک له که‌سانی خوێنده‌وار و په‌روه‌رده‌دیتوو وه‌ک لینگوافڕانکا کاری پێده‌کرێ. زمانی تایی و چه‌ندین زمانی ' بوومی' دیکه‌ش به‌کار ده‌هێندرێن. وێنه‌ی کۆمه‌ڵناسی زمانی له‌وێ به به‌کارهێنانی ئه‌و زمانانه‌ی له خوێندنگه‌یان دا وه‌کوو ئامرازی خوێندن و په‌روه‌رده به‌کار ده‌هێندرێن ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچی لێ دێ. ماڵایی، تامیل و ئینگلیسی گشتیان به‌و شێوه‌یه ده‌کار ده‌کردرێن، هه‌ر وه‌ها چینیی ماندارینیش، که یه‌ک له شێوه‌زاره سه‌ره‌کییه‌کانی زمانی چینی نییه که وه‌کوو زمانێکی خۆجێیی له‌و وڵاته‌دا قسه‌ی پێده‌کرێ،هه‌ر وه‌ها عه‌ڕه‌بیش به‌کار ده‌هێندرێ.
له جێگای دیکه، له‌و شوێنانه‌ی وڵات که له ڕابردوو دا باکووری بۆرنێئۆی پێک هێناوه، به زۆر زمانان قسه ده‌کرێ که خزمایه‌تیان له گه‌ڵ مالایی هه‌یه، هه‌ر وه‌ها هێندێک زمانی که له هێندێک له زمانه‌کانی فیلیپینس نزیکن، و هه‌ر وه‌ها چینی. جا بۆیه له مالایزیا به ئاشکرایی ئه‌و گیروگرفته له گۆڕێ دایه کامهیهیهک له زمانه‌کان ده‌ستبژێر بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌کوو زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی کاری پێ‌بکرێ. مالایی ئه‌و زمانه‌یه که له‌هه‌موو زمانه‌کان زیاتر وه‌ک لینگوا فڕانکا خه‌ڵک لێی تێده‌گه‌ن، و مالاییه‌کان له‌باری سیاسییه‌وه به سه‌ر وڵات‌دا زاڵ و بانده‌ستن و حه‌ول دان بۆ ئه‌وه‌ی زمانی مالایی بکرێ به ته‌نیا زمانی ڕه‌سمی له‌وانه‌یه ببێته هۆی دڵێشه و بێزاری چینییه‌کان و هیندووستانییهکان. هه‌ر وه‌ها ئه‌وه ده‌بێته هۆی که‌مبوونی که‌ره‌سته و کتێبی خوێندنیش، چونکوو ئێستا زۆریان به زمانی ئینگلیسین، و ئاکامێکی دیکه‌شی لێده‌که‌وێته‌وه ئه‌ویش تا ڕاده‌یه‌ک له ده‌ستچوون و هه‌ڵپسانی پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه، به هێچجۆر ناکرێ ئه‌و ئیدیعایه بکرێ که ئینگلیسی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی یه، به‌ڵام ئامرازی هه‌ره گه‌لویستی په‌روه‌رده‌یه، ئه‌وه‌ش زیاتر له‌به‌ر هۆی ئابووری. سه‌رکه‌وتن له کار و پیشه دا له مالایزیا وێده‌چێ پیداویستی به زانین و توانایی له زمانی ئینگلیسی‌دا هه‌بێ، له کاتێک دا له بواری خزمه‌تی گشتی دا پێداویستی به زمانی مالایی هه‌یه، و له بازرگانی و سات‌و سه‌ودا دا به زمانی چێنی. ئه‌و گیروگرفت و کێشه‌یه به‌ڕاستی هێشتا چاره‌سه‌ر نه‌کراوه، به‌ڵام له کاتێکدا ناسێنه‌ی ده‌سته‌یی ده‌ورێکی گرینگ ده‌گێڕێ له پاراستنی پێبه‌ندی و وه‌فاداری زمانی‌دا به‌ره‌و زمانگه‌لی وه‌ک تامیل، وا وێده‌چێ ئه‌و کۆمه‌ڵه له زمانانه به‌ره به‌ره گرینگایه‌تی خۆیان له ئاست زمانی مالایی ( ئه‌ویش له سۆنگه‌ی وه‌فاداریی نه‌ته‌وه‌یی) و زمانی ئینگلیسی ( له به‌ر هۆی ئابووریی نێونه‌ته‌وه‌یی) له زۆر بوار و هه‌لومه‌رجی ڕه‌سمیدا له ده‌ست بده‌ن. ئاڕاسته‌ی سیاسه‌تی حکوومه‌تی وێده‌چێ به‌ره ڕاهێزاندنی هه‌م مالایی و هه‌م ئینگلیسی بچێ.
جاروبار چاره‌سه‌رییه‌کی دیکه‌ش بۆ جێبه‌جێکردنی کێشه و گیروگرفتی فره‌زمانێتی پێش خراوه - ئه‌ویش ئه‌و بیره‌یه که زمانێکی ده‌سکرد وه‌کوو ئێسپێرانتۆ پێویسته وه‌کوو لینگوا فڕانکا وه‌خۆ بکرێ. له حاڵی حازر دا وێناچێ هیچ ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئاماده بێ ئێسپێڕانتۆ وه‌کوو زمانی ڕه‌سمی خۆی وه‌خۆ بکا ئه‌ویش له‌به‌ر کێشه‌ی کرده‌یی و پڕاتیکی، و هه‌ر وه‌ها، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زمانێکی بێلایه‌نه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانێ نه‌ته‌وه‌یی بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لایه‌نگر و پشتیوانانی ئێسپێڕانتۆ زۆریان پێ خۆشه ببینن ئه‌و زمانه له ئاستی جیهانی دا وه‌کوو لینگوا فڕانکایهک به‌کاربهێندرێ بۆ ئه‌وه‌ی کێشه و گرفتی فره‌زمانێتی نێونه‌ته‌وه‌یی چاره‌سه‌ر بکرێ. له کۆمه‌ڵه‌کانی فره زمانێتی، فره نه‌ته‌وه‌یی، وه‌کوو یه‌کێتیی ئوڕووپا دا، زۆرجار گێره و کێشه ده‌کرێ کاتێک سه‌رهه‌ڵبدا که کام زمان یان زمانگه‌ل ده‌بێ به ڕه‌سمی به‌کار بهێندرێن. لایه‌نگرانی ئێسپێرانتۆ ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر ئێسپێڕانتۆ بکرێ به زمانی ڕه‌سمیی یه‌کێتیی ئوڕووپا، ئیدی ئه‌و جۆره گێره و کێشانه نایه‌نه گۆڕێ. به پێچه‌وانه‌ی ئینگلیسی یان فه‌ڕانسه‌یی، ئێسپێڕانتۆ زمانی خۆجێیی و بوومی هیچ که‌س نییه، جا بۆیه ناکرێ به به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌کدا بشکێته‌وه، هه‌ر وه‌ک چۆن ئینگلیسی له هیندووستان له زۆر بارانه‌وه هه‌ڵبژاردنێکی ڕه‌واتره له زمانی هیندی وه‌کوو لینگوا فڕانکا.
ئه‌و پاساوهێناوهیه ڕه‌نگه له‌مه‌ڕ ڕێکخراوه گه‌وره‌تره‌کانی نێوه‌نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ڕاست ده‌رنه‌چێ. ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌یکه، ئێسپێڕانتۆ، ئه‌گه‌رچی فێربوونی له زمانه خۆڕسکییه‌کان هاسانتره، به‌ڵام به‌ئاشکرایی زمانێکی جۆری – ئوڕووپایی یه، و بۆیه به قازانجی ئاخێوه‌رانی خۆجێیی ئه‌و زمانانه ده‌كشێته‌وه که له بناوانه‌وه ئی ئه‌و ناوچه‌یه‌ن. هه‌رچونێک بێ، هێشتا هیچ نیشانه‌یه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌وتۆ ده‌رنه‌که‌وتووه ئێسپێڕانتۆ، یان زمانێکی دیکه‌ی هاوچه‌شنی له شانۆی ڕه‌سمی نێونه‌ته‌وه‌یی دا جێگه‌ی خۆیان بکه‌نه‌وه.
زۆرجار ده‌وری حکوومه‌تێکی نه‌ته‌وه‌یی پێش به ده‌ستبژێر کردنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی ناگرێ. هه‌رکه هه‌ڵبژێردرا، زمانه‌که ڕه‌نگه پێویست بێ دابمه‌زرێ، پێشبخرێ و ستاندارد بکرێ. بۆ نموونه، حکوومه‌ت له‌وانه‌یه بتوانێ ده‌ورێک بگێڕێ له به‌ره‌وپێشبردنی ڕێنووسێکی له‌بار و شیاو ، یان بڕیار بدا له‌هجه‌یه‌کی تایبه‌تی زمانه‌که یان زنجیره‌یه‌ک له شێوه‌گه‌لی که ڕێککه‌وتنیان له سه‌ر کراوه ده‌ستبژێر بکرێن. له‌وانه‌یه بییه‌وێ یارمه‌تیش بکا به به‌ره‌وپێشبردنی وشه و بڕیار بدا کامه له شێوه‌گه‌لی ڕێزمانی و ده‌نگسازی پێویسته له زمانی ستاندارد دا نوێنه‌رایه‌تی بکرێن. ئه‌و جۆره پلانداڕشتنهی زمانی که له سه‌ر خه‌سڵه‌ته زمانییه‌کانی شێوه‌زاره‌کان که ده‌خرێنه به‌ر پلاندانان جه‌خت ده‌کاته‌وه پێی ده‌گوترێ corpus plannig واته له نێو ته‌له‌فوزه جۆربه‌جۆره‌کانی وشه‌یه‌ک له زماندا کامه‌یان ههڵبژێردری و پێش بخرێ، کامه شێوه‌ی بناخه‌ی ڕسته‌سازی و ووشه ڕۆنان ڕه‌چاو بکرێ وڕێگه‌یان پێبدرێ؛ کامه‌یه‌ک له وشه هاوواتاکانی هه‌رێمه‌کان ده‌ستبژێر بکرێن و چ ڕێبازێک وه‌به‌ر بگیرێ بۆ په‌ره‌پێدانی وشه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه به پێویست بزاندرێ.
هه‌ڵبه‌ت، زمانی ئینگلیسی، شێوه‌زارێکی ستانداردی له ماوه‌یه‌ی به سه‌دان ساڵدا پێش خست ، به‌ڕێژه به‌ڕێگه‌ی ' خۆڕسکی ' و له سه‌ر بنه‌مای سازان، ئه‌وه‌ش له به‌ر هۆکاری جیاوازی کۆمه‌ڵایه‌تی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بۆ زۆرێک له وڵاته تازه‌تره‌کان، زمانێکی ستاندارد ده‌بوو زۆر به خێراتر پێش بخرێ، بۆیه ده‌ستتێوه‌ردانی حکوومه‌ت له‌و بواره دا پێویست بووه. پاساو ده‌هێنرێته‌وه و ده‌گوترێ، ستاندارد کردن، بۆ هاسانکردنی پێوه‌ندی و تێکه‌ڵاوی، بۆ ڕه‌خساندنی ڕێنووسێکی له سه‌ر رێککه‌وتوو ، و بۆ ڕێخۆشکردنی ئاماده کردنی کتێب و که‌ره‌سته‌ی خوێندن پێویسته.( هه‌ڵبه‌ت، دیاره ئه‌وه پرسیارێکی وڵامنهدراوهیه داخودا بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌رکام له‌و بابه‌تانه زمانی ستاندارد چه‌نده و له‌جێدا پێویسته یان نا. مرۆ ده‌کرێ به‌شێوه‌یه‌کی ته‌واو مهعقوولانه پاساو بهێنێته‌وه هێندێک جار ستانداردکردن هیچ ناگه‌یێنێ، وه‌ک زۆر جار له نێو کۆمه‌ڵگه‌لی ئینگلیسی ئاخێوه‌ر دا وایه، منداڵان سه‌عاتێکی زۆر به‌ختی فێر بوونی ڕێنووسێکی به ته‌واوی یه‌کگرتوو ده‌که‌ن، و هه‌ر جۆره هه‌ڵه‌یه‌ک له ڕێنووس دا ده‌بێته بابه‌تی سه‌رکۆنه یان گاڵته پێکردن، و لادان له ستاندارد وه‌کوو به‌ڵگه‌یه‌کی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای نه‌زانی لێک ده‌درێته‌وه.)
یه‌ک له نموونه هه‌ره چاوڕاکێشه‌کانی چالاکی حکوومه‌ت له بواری پلانداڕشتنی زمانی و ستاندارد کردنی زمان له نۆڕوێژی مۆدێڕن دا به‌ڕێوه‌چووه. ئێستا له نۆڕوێژ دوو زمانی ڕه‌سمیی ستانداردی نۆڕوێژی هه‌ن. به ڕواڵه‌ت ئه‌وه شتێکی سه‌یره بۆ کاروباری وڵاتێکی که هه‌ر چوار میلیۆن و کسوور دانیشتووی هه‌یه. دوو ستاندارده‌کان نی نۆرشک (' نۆروێژیی نوێ') و بووکمۆل (' نۆروێژیی کتێب') ن – هیچکامیان به تایبه‌تی نێوی به‌جێ نین – و هه‌ر دووکیان پله‌ی یه‌کسانی ڕه‌سمییان هه‌یه (به گوتنێکی دی پێوه‌ندیی ئه‌و دوانه پێوه‌ندییه‌کی دووزارێتی (diglossic) نییه به‌وجۆره‌ی له به‌ندی 5ی ئه‌م کتێبه باسی لێوه کرا.) بووکمۆل زمانی چاپه‌مه‌نی نه‌ته‌وه‌یی (سه‌رتاسه‌ری) ( ئه‌گه‌رچی هێندێک له‌ڕۆژنامه‌کان به نی نۆڕشک یش وتار بڵاو ده‌که‌نه‌وه)، زۆربه‌ی کتێبان،به تایبه‌تی کتێبی وه‌رگێڕدراو، و زمانی زۆربه‌ی منداڵه مهدرهسهییان، و ئامرازێکی په‌روه‌رده‌یه. نی نۆڕشک له هێندێک چاپه‌مه‌نی ناوچه‌یی،به‌تایبه‌تی له ڕۆژئاوای وڵات‌دا به‌کار ده‌هێندرێ؛ زمانی خوێندنی نزیکه‌ی 20 له‌سه‌دی منداڵانه؛ و له هۆنراوه و ئه‌ده‌بییات دا زۆر به‌کار ده‌هێندرێ، به‌تایبه‌تی له‌وکارانه‌ی دا که پشتێنه‌یه‌کی لادێیانهیان هه‌یه. هه‌موو به‌ڵگه ڕه‌سمییه‌کان به هه‌ر دوو ستانداردهکانن، منداڵان ده‌بێ هه‌ردووکیان چ به خوێندنه‌وه و چ به نووسین فێر بن؛ و هه‌ر دووکیان به به‌ربڵاوی له ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆن دا به‌کار ده‌هێندرێن. له هه‌ر ناوچه‌یه‌ک دا ئه‌نجومه‌نه‌کانی ناوچه‌یی بڕیار ده‌ده‌ن کامه‌یه‌ک له شێوه‌زاره‌کان له ئاگادارییه گشتییه‌کاندا به‌کار بهێندرێ، و به‌کارهێنانی هه‌رکام له ستاندارده‌کان له هه‌ر کام له خوێندنگه ناوچهییهکانیشدا به ڕێگه‌ی پێڤاژۆیه‌کی دێمۆکڕاتیک دا بڕیاری له سه‌ر ده‌درێ.
له باری زمانییه‌وه ئه‌و دوو شێوه‌زاره زۆر له‌یه‌کتری نزیکن، و هه‌ر دووکلا دوولایه‌نه به ته‌واوی له یه‌کتری تێده‌گه‌ن. ئه‌و دووبهڕێتییه ( dichotomy) ، زیاتر، له ستانداردی نووسین دا پیاده ده‌کرێ تا زمانی قسه پێکردن. زۆربه‌ی خه‌ڵک به له‌هجه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاران و گۆندانه یان به له‌هجه‌کانی ناستانداردی شارستانیانه قسه ده‌که‌ن، ئه‌گه‌رچی له‌هجه‌کانی ڕۆژئاوایی زۆر زیاتر و له نزیکتره‌وه وه نی نۆڕشک ده‌چن، و هێندێک له له‌هجه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی زۆر زیاتر وه‌ک بووکمۆل وان. ڕه‌نگه له ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسی زمانییه‌وه خاڵی هه‌ره چاوڕاکێش جیاوازی له نێو زمانه‌کان دا بێ تا جێاوازی ده‌نێو خۆی هه‌رکام له وان‌دا. هه‌م له بووکمۆل و هه‌م له نی نۆرشک دا چه‌شنه variant هه‌ن (ته‌له‌فوزکردنی جێگۆڕکێ پێکراو و بناخه‌ی ڕێزمانی) که به ڕادیکاڵ و خۆ پارێز به‌نێوبانگن conservative و radical. له شێوه‌زاری بووکمۆل دا، ڕۆژنامه ڕاستئاژۆیه‌کان شێوه‌کانی خۆپارێز به‌کارده‌هێنن، و له ڕۆژنامه چه‌پئاژۆیه‌کان دا شێوه‌ی ڕادیکاڵ. زۆر جاریش مرۆ ده‌توانێ به ڕێگه‌ی ئه‌وه‌یڕا ئاخێوه‌رانی په‌روه‌رده‌دیتوو و خوێنده‌وار کامه شێوه به‌کار ده‌هێنن بزانێ سه‌ر به چ سیاسه‌تێکن. ئه‌و چوون دهباڵیهکهوهی زمان و سیاسه‌ت، تا ڕاده‌یه‌کی نائاسایی به شێوه‌یه‌کی ئاشکرا، به‌و مانایه‌یه نۆروێژییه‌کی زۆر که‌م هه‌ن سه‌باره‌ت به بارودۆخی زمانی له وڵاته‌که‌یان دا ئۆبژێکتیڤ بن، و ئه‌وه‌ی که 'مه‌سه‌له‌ی زمان' زۆر جار مشتومڕێکی زۆر گه‌رمی له سه‌ر ده‌کرێ. داغی و گه‌رموگوڕی پاساوهێناوه و لێدوان له‌وباره‌یه‌وه ده‌کرێ به‌و ڕووداوه ڕا داوه‌ری له سه‌ر بکرێ که له ساڵی 1955 بێژه‌رێکی پێشبینی بارودۆخی که‌شوهه‌وا که به ' زه‌به‌لاحی به‌فری' نێوبانگی ده‌رکرد له ڕادیۆی نۆڕوێژ له سه‌ر کار لادرا چونکوو ئاماده نه‌بوو بڵێ سنوێ snø (به‌فر)( شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵی بووکمۆل)، له‌جیات sne ( شێوه‌یه‌کی خۆ پارێز).
بارودۆخی زمانی نوڕوێژی به ڕوونی نائاسایی یه، و ، زۆرێک له نۆڕوێژییه‌کان ده‌ڵێن، بارودۆخێکی ئاڵۆزه، چونکوو له وڵاتێک‌دا که دانیشتووانی ئه‌وه‌نده که‌من کتێبی خوێندن و سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی به هه‌ر دووک زمانه‌کان له چاپ دان به گران ته‌واو ده‌بێ ، و کاتێکی زۆر له خوێندنگه‌کان ده‌با ناچار بن به هه‌ر دووک زمانه‌کان ده‌رس گوتنه‌وه ڕێک بخه‌ن. به بۆچوونی من ئه‌و بارودۆخه له زۆر ڕووه‌وه یه‌کجار زۆریش باشه، چونکوو ئه‌وه مانای وایه ژماره‌یه‌کی زۆر زیاتر له‌خه‌ڵک بۆیان هه‌یه بخوێننه‌وه،و ئه‌گه‌ر پێیان خۆش بێ به زمانی ستاندارد بنووسن، قسه‌ی پێبکه‌ن و بۆچوونی خۆیان ده‌ربڕن، که ئه‌وه نه‌با ئاوا نه‌ده‌بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی ستاندارد زۆر له شێوه‌زاری خۆجێیی خۆیان نزیکه ( له نۆڕوێژ جۆراوجۆری له‌هجه‌یی یه‌کجار زۆر له‌به‌رچاوه).
ئه‌وه سرنجڕاکێشه به‌ره‌وپێشجوونی ئه‌م بارودۆخه شوێنگێڕی بکرێ، چونکوو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له ئوڕووپا بارودۆخێکی تاقانه‌یه ،هه‌رچۆنێک بێ نیشانه‌یه‌که له شێوازێک له چالاکی پلانداڕشتنی زمان که حکوومه‌تان ده‌توانن به‌شداری تێدا بکه‌ن. نۆڕوێژ له سه‌ده‌ی پازده‌هه‌مه‌وه تا ساڵی 1814 له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی دانمارک دابوو. له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا زمانی ڕه‌سمی زمانی دانمارکی بوو، ئاکامی ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌بوو له‌هجه‌گه‌لی نۆروێژی له گه‌ڵ ستاندرادی دانمارکی دهگونجێندران. ئه‌وه‌ش، هه‌ڵبه‌ت، ته‌نێ له‌به‌ر ئه‌وه هه‌ڵده‌سووڕا چونکوو دانمارکی و نۆروێژی زۆر وه‌یه‌ک ده‌چن. ئه‌و ده‌مه‌ی له ساڵی 1814 نۆڕوێژ سه‌ربه‌خۆیی له دانمارک ئه‌ستاند، چ زمانێکی تایبه‌تی ستانداردی نۆروێژی له گۆڕێ‌دا نه‌بوو. ژماره‌یه‌کی که‌م له غه‌واره‌یان ده ڕاستیدا به دانمارکی قسه‌یان ده‌کرد، دانمارکی زمانی تیاتریش بوو، له‌کاتێکدا زمانی ڕه‌سمی کاربه‌ده‌ستانی خۆجێیی حکوومه‌تیش له ڕاستیدا دانمارکییه‌ک بوو به ته‌له‌فوزی نۆڕوێژییه‌وه. له خوێندنگهیانیش دا خوێندنه‌وه به‌وجۆره فێری شاگردان ده‌کرا.
شێوه‌ی ئاخافتنی ڕۆژانه و ناڕه‌سمی ئاخێوه‌رانی سه‌ر به‌چینی سه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵ تێکه‌ڵاوێک بوو له ئه‌وه و شێوه‌زاره ناوچه‌ییه‌کان: له ڕاستیدا جۆره کارتێکه‌ریکی یه‌کپارچه‌ی دانمارکی به‌سه‌ر زمانی نۆروێژی دا هه‌بوو. ئاخێوه‌رانی چینه‌کانی خواره‌وه‌تر به‌و له‌هجه نۆڕوێژیانه قسه‌یان ده‌کرد که تاڕاده‌یه‌ک کارتێکه‌ری دانمارکییان پێوه دیار بوو، و وه‌رزێران وکشتوكێل کاران به له‌هجه‌گه‌لی لادێیانه‌ی نۆڕوێژی ده‌دوان.
بۆ وڵامدانه‌وه‌ی په‌ره‌گرتنی هه‌ست و داوخواز له وڵات دا بۆ دامه‌زراندنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی نۆڕوێژی، دوو ڕێبازی به ته‌واوی جیاواز له‌یه‌کتری وه‌به‌ر گێران . ستراتێژییه‌ک ئه‌وه بوو که‌م که‌م دانمارکی ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێ و به‌ڕه‌و ئاراسته‌ی زمانی خه‌ڵکی شارنشینی سه‌ر به چینی سه‌ره‌وه ببردرێ که به نۆروێژییه‌ک قسه‌یان ده‌کرد که له ژێر تاوی زمانی دانمارکی دابوو. ئه‌و زمانی نۆروێژیی دانمارکییه، به ریکسمۆل Riksmål ('زمانی ده‌وڵه‌ت ' ) نێوبانگی ده‌رکرد و، دوایه بوو به بووکمۆل. ڕێبازه‌که‌ی دیکه ئی ئیڤار ئاسێن Ivar Aasen بوو،که مامۆستایه‌کی مه‌دره‌سه بوو و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی هه‌موولایه‌نه‌ی سه‌باره‌ت به له‌هجه نۆڕوێژییه‌کان کردبوو. ئه‌و لایه‌نگری بۆچوونێکی زۆر شۆڕشگێڕانه‌ی زمانی بوو، و له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی له‌مه‌ڕ له‌هجه نۆڕوێژییه‌کان کردبووی زمانێکی له مه‌ڕ خۆی داڕشت . زمانه‌که له سه‌ر بنه‌مای له‌هجه لادێییه‌کان، به شێوه‌ی سه‌ره‌کی ئی ڕۆژئاوای وڵات هه‌ڵنرابوو ، که ئاسێن پێی وابوو لانی هه‌ری که‌م به دانمارکی 'ژاراوی کراون'، و ئه‌وه‌ش نێوی لێندرا له‌ندسمۆل Landsmål ('زمانی وڵات ')، که دواتر بوو به نی نۆرسک Nynorsk. له ساڵی 1885 دا بۆ وڵامدانه‌وه‌ی هه‌ست و سۆزی ناسیۆنالیستی له‌ندسمۆل هاوشانی زمانی دانمارکی (یان ڕیکسمۆل) وه‌کوو زمانی ڕه‌سمی ڕاگه‌یاندرا.به‌ڵام حکوومه‌ت نه‌یده‌توانی زمانی نۆروێژیی دانمارکی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه چونکوو ئه‌وه هێشتا زمانی نوخبه‌ی شارنشینی به‌ده‌سته‌ڵات بوو.له ڕاستیدا ، له ساڵی 1887 هه‌ڵکه‌وتی نوڕوێژیی دانمارکی به‌هێزتر بوو. کاتێک مامۆستایان ڕاسپێردران به ته‌له‌فوزی دانمارکی خوێندنه‌وه فێری منداڵان نه‌که‌ن به‌ڵکوو به ستانداردی زاره‌کی ، واته نوڕوێژیی دانمارکی ریکسمۆل بڵێنه‌وه. ئه‌و دوو کرده‌وه‌یه یه‌که‌م تێوه‌گلانی حکوومه‌ت بوو له پلانداڕشتنی زمانی‌دا.
ئه‌مڕۆ ڕیشه‌ی شێوه‌کانی خۆپارێز و ڕادیکاڵ له هه‌ر دوو زمانه ڕه‌سمییه‌که‌دا له ویستی حکوومه‌ته یه‌ک به دوای یه‌که‌کانه‌وه بۆ دامه‌زراندنی زمانێکی نه‌ته‌وه‌یی له جیات دوان ئاو ده‌خواته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی که هیچکام له‌وان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.جا ئه‌و ویسته زیاتر به‌ره‌و ئه‌وچووه هه‌ر دووکیان به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و له‌یه‌کدی نزیکترکردنهوه ڕێفۆرمیان تێدا بکرێ، بۆ نموونه، له له‌هجه نۆروێژییه‌کاندا، له‌وانه ئه‌و له‌هجانه‌ش که چینی کرێکاری شارنشین قسه‌یان پێده‌که‌ن، ناو سێ جینسی هه‌یه (نێر،مێ،و بێلایه‌ن)، له کاتێکدا له نوڕوێژیی دانمارکی، و به‌دوای ئه‌و لهریکسمۆل دا وه‌کوو دانمارکی ناو دووجینسی هه‌یه (گشتی و بێلایه‌ن). رێکسمۆل نیشانه‌ی ناسینه‌وه‌ی وه‌کوو یه‌کی هه‌بوو ( که له زمانی نۆڕوێژی دا به دوای ناو دا دێ) بۆ وشه‌ی نێر و مێی: mann ' پیاو'، ko ' گا'؛ واته ده‌بێته mannen ' پیاوه‌که' ، koen ' گایه‌که'، به‌ڵام له‌ندسمۆل شێوه‌ی جیاوازی هه‌بوو: kui واته ' گایه‌که'. له ساڵی 1917 دا حکوومه‌ت ڕێفۆرمێکی ڕه‌سمی کرد، یه‌کێک له ئاکامه‌کانی ئه‌و ڕێفۆرمه ئه‌وه بوو که له‌و باره‌یه‌وه (و له‌سه‌ر شتی دیش) پێکهاتنێک له نێوان هه‌ر دوو زمانه‌کاندا بکرێ. له له‌ندسمۆل دا نیشانه‌ی ناسینه‌وه‌ی مێیی له i- وه ده‌بوو بگۆڕدرێ به a- بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ له‌هجه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان بگونجێ، له هه‌مان کاتدا شێوه‌ی مێی a- بۆ هێندێک وشان کرا تۆبزی، به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره وشانه‌ی پێوه‌ندییان به لادێیانه‌وه هه‌بوو، وه‌کوو گا، و به شێوه‌ی هه‌ڵبژارده بۆ وشه‌ی دیش. ئه‌وه مانای وابوو که 'گایه‌که' ئیتر ئێستا له هه‌ر دووک زماناندا بوو به kua . لێره‌دا ('تۆبزی' به مانای تۆبزی بوون له کتێبی مه‌دره‌ساندا و له نووسینی شاگرد مه‌دره‌ساندا بوو.) له ئاکامی ئه‌و ڕێفۆرمه دا نیشانه‌ی ناسینه‌وه‌ی مێ که له‌هێندێک پێوه‌ندی له بووکمۆل دا له هێندێک ناو دا ده‌کارده‌کردرێ به شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ داده‌ندرێ، نیشانه‌ی ناسینه‌وه‌ی نێر ( یان گشتی) به شێوه‌یه‌کی خۆ پارێز داده‌ندرێ.
بهرهوپێشجوونێکی دیکه‌ی گرینگ له پلانداڕشتنی زمانیی حکوومه‌ت دا ڕێفۆرمێک بوو که له ساڵی 1938 دا کرا، و ئه‌وه‌ش له سه‌ر بنه‌مای لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆمیته‌یه‌ک که ڕاسپێردرابوو و ده‌سته‌لاتی درابوویه بۆ له‌یه‌ک نزیک کردنه‌وه‌ی زمانه‌کان له بواری ڕێنووس، شێوه‌ی وشه، و گهردانگردن دا، له سه‌ر بنچینه‌ی زمانی گه‌لیی نۆروێژی. ئه‌وان به‌تایبه‌تی ئامۆژگاری کرابوون زمانی ستانداردی قسه‌کردنی چینه سه‌ره‌وه خوێنده‌واره‌کان نه‌که‌ن به سه‌رمه‌شق، ههنگاوێکی نائاسایی و گرینگ له مێژووی ستاندارد کردنی زمان دا. زۆرێک له‌و گۆڕانانه‌ی که ده‌بوو له کتێبی خوێندنی بۆکمۆل دا بکرێن بریتی بوون له کردنه دیفتۆنگی (دوو ده‌نگی ڤاوێل) به مۆنۆفتۆنگ (یه‌ک ڤاوێلی) له زۆر وشاندا، وه‌ک له نی نۆڕشک و زۆر له‌هجاندا:
øst aust ‘ڕۆژهه‌ڵات' به دانمارکی stein ' øst ، ' به‌رد ' به دانمارکی sten
و هه‌ر وه‌ها گۆڕانێک له کۆتایی زه‌مانی ڕابردووی کردارانه‌وه له et- وه بۆ a- ، دیسان وه‌کوو زۆر له له‌هجه ڕۆژهه‌ڵاتییه که‌م پرێستیژترهکان، له‌هجه لادێیه‌کان و نی نۆرشک : vaknet < vakna ' له‌خه‌و هه‌ستان'
دابه‌زاندن و جێبهجێکردمی ئه‌و ڕێفۆڕمانه له به‌ر شه‌ڕی دووهه‌می دنیا گره‌وه وه‌دوایه که‌وت، به‌ڵام دوای بڕانه‌وه‌ی شهر کتێبی خوێندن به پێی ستاندارده تازه‌کان چاپ کران. گۆڕان له بووکمۆل دا به‌رهه‌ڵستی و کاردانه‌وه‌ی له نێو ئاخێوه‌رانی چینی سه‌ره‌وه و زۆر له تۆێژی چینی مامنێونجی له ڕۆژهه‌ڵات ورووژاند و زۆری پێ تووڕه بوون. زۆر له دایکوباوکان، به تایبه‌تی له ئۆسڵۆ، هه‌ستیان ده‌کرد ئه‌و ڕێفۆرمه نوێیانه زۆر هه‌ڕه‌مه‌کین، و له دژی ئه‌وه ده‌رکه‌وتن که ئه‌وشێوانه‌ی ئه‌وان حه‌ولیان دابوو له ئاخاوتنی منداڵه‌کانیاندا ' ڕاستیان که‌نه‌وه' ئێستا ئه‌وه ده ڕاستیدا به چاپکراوی ده‌که‌وتنه به‌رچاویان. بۆیه له ماوه‌ی به‌راییه‌کانی ساڵانی 1950 کاندا، کۆمپانیه گه‌وره‌کانی بازرگانی و سیاسه‌تمه‌داری کۆنه‌پارێز ده‌ستیانکرد به دانی دراو ویارمه‌تی دارایی بۆ وه‌ڕێخستنی به‌ربه‌ره‌کانی به دژی ڕێفۆرمه‌کان. ئه‌وه جه‌نجاڵ و هه‌رایه‌کی زۆری لێ ساز بوو، و له که‌شوهه‌وایه‌کی ئاوا دا بوو که ڕووداوی
' زه‌به‌لاحی به‌فری' قه‌وما.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و دژایه‌تی و به‌رهه‌ڵستکارییه، کۆمیسیۆنێکی نوێی زمانی پێک هات به هه‌مان ده‌سته‌ڵات و ڕاسپارده‌یه‌ی درابوو به‌و کۆمیته‌یه‌ی که ڕاپۆرتی ساڵی 1938ی ئاماده کردبوو، بۆ ئه‌وه‌ی چاوه‌دێری بکا به سه‌ر پێوانه و نۆرمه‌کانی کتێبی خوێندن دا به هه‌ر دووک زمانه‌کان. ( باڵی ڕاستئاژۆ ئه‌و کۆمیسیۆنه‌یان به نوێنه‌ری
' به قانوونیکردنی هه‌ڕه‌مه‌کی ' ده‌زانی، چهپئاژۆیانیش پێکهاتنی ئه‌و کۆمیسیۆنه‌یان به ' سه‌رکه‌وتنێک دا ده‌نا بۆ دێمۆکڕاسی'.) له ساڵی 1959 ئه‌و نۆڕمانه‌ی کتێبی خوێندن بڵاو بوونه‌وه، و ده‌رکه‌وت له جێ‌دا هه‌ر هه‌مان شێوه‌کانی 1938 ن، ئه‌گه‌رچی به ڕادیکاڵی ئه‌وانیشن نه‌بوون. له ئاکامی ئامۆژگارییه‌کانی ئه‌و پێوانانه ئێستا له کتێبی خوێندن دا سێ شێوه‌ی جیاواز به‌دی ده‌کرێ، هه‌م له بووکمۆل و هه‌م له نی نۆرشک دا: شێوه‌ی تۆبزی
( ته‌نێ ڕێگه ده‌دا به ده‌رفه‌تێک )؛ شێوه‌ی به‌دیل ( ڕێگه ده‌دا به دوو ده‌رفه‌ت )؛ و شێوه‌ی سه‌رپشکی ( له چاپ دا ڕێگه‌ی نادرێ، به‌ڵام منداڵان ده‌توانن له نووسینه‌کانی خۆیاندا به‌کاریان بهێنن). جا بۆیه ئاخێوه‌ران و نووسه‌رانی هه‌ر دوو زمانه نۆڕوێژییه‌کان هه‌ڵبژارده و پشکێکی به‌رچاویان له به‌ر ده‌ست دایه، که ئه‌مه‌ش له زۆر ڕووه‌وه شتێکی زۆر چاکه.
ئه‌و پێشنیازه دیاری و تایبه‌تییانه‌ی له لایه‌ن کۆمیسیۆنه‌وه کران بریتی بوون له‌وه‌ی که نیشانه‌ی ناسینه‌وه‌ی مێ له بووکمۆل دا ده‌بێ له ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له ناواندا تۆبزی بێ؛ ژماره‌ی ئه‌و شێوانه‌ی کردار له زه‌مانی ڕابردوو دا که کۆتایی هاتنیان به a- تۆبزی بوو یه‌کجار زۆر که‌م کرانه‌وه و a- و et- هه‌ر دووکیان وه‌ک به‌دیلی یه‌کتر په‌سند کران؛ و دیفتۆنگهکانیش له ژماره‌یه‌ک وشه‌ی که‌متر دا به تۆبزی داندران. بۆ نموونه، دیفتۆنگێک له وشه‌ی وه‌کوو sein 'دره‌نگ' دا تۆبزی یه( ئه‌گه‌رچی ڕۆژنامه خۆپارێزه‌کان هێشتا ده‌نووسن sen )؛ دوو وشه‌ی beisk/besk ' تال' وه‌ک به‌دیلی یه‌کتر په‌سندن؛ له به‌کار هێنانی وشه‌ی( eid )/ ed 'سوێند' دا مرۆ ده‌توانێ سه‌رپشک بێ؛ و له وشه‌ی en 'یه‌ک' ( ته‌نی له نی نۆرشک دا ein ه ) مۆنۆتۆنگ (تاک ڤاڤێلی) تۆبزی یه. ( هه‌ر ئاواش، سه‌یره، وشه‌ی daud ' مردوو' بۆ ئاژه‌ڵ باشه، به‌ڵام ده‌بێ بۆ ئینسان død به‌کار بهێندرێ.) ئه‌و نموونه‌ی خواره‌وه به‌که‌لکه بۆ ئاگادار بوون ولێک کردنه‌وه‌ی بنیچه‌ی بڵاوکراوه‌ی نووسراو له بووکمۆل دا"
' کتێبه‌که ' وهرهنگی که‌وت'
ڕاستی سیاسی ده‌نووسێ boken forsinket
چه‌پی سیاسی ده‌نووسێ boka forsinket
زۆر له کتێبه‌کانی خوێندن ده‌نووسن boka forsinka
په‌راوێزێکی کۆتایی سه‌باره‌ت به شانوی زمانیی نۆڕوێژی: له ڕاستیدا وڵاتی نۆڕوێژ به زمانی نۆڕوێژی دوونێوی هه‌یه، نۆرگ Noreg به نی نۆرشک ، و نۆرگێ Norge به بووکمۆل.
وه‌ک دیتمان، له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی دانمارک دا، له‌هجه نۆڕوێژییه‌کان له پێوه‌ندی له گه‌ڵ زمانی دانمارکیدا هاو گونج بوون – واته ئه‌وان به له‌هجه‌گه‌لی زمانی دانمارکی داده‌ندران. به‌ڵام ئێستا ئاوا چاو لێناکرێن – ئه‌وان ئێستا به له‌هجه‌گه‌لی زمانی نۆڕوێژی داده‌ندرێن ، چونکوو وه‌کوو زمانێکی سه‌ربه‌خۆ ئۆتۆنۆمی به‌ده‌ست هێناوه. وه‌ک له به‌ندی یه‌که‌می ئه‌م کتێبه دا هێمامان بۆ کرد، و هه‌ر وه‌ها دیسان له به‌ندی سێش دا له باس کردنی زمانی سڕبۆ کرۆواتی دا گوتمان چۆن بوو به سێ زمانی سڕبی، کڕۆواتی و بۆسنیایی، جیاوازی نێوان زمانێک و له‌هجه‌یه‌ک زۆر جار جیاوازییه‌کی سیاسییه. هه‌ر وه‌ک نموونه‌ی زمانی نۆڕوێژی به جوانی ده‌ری ده‌خا، له به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌ربه‌خۆیی دیارده‌یه‌کی کولتوورییه، هه‌م ده‌کرێ له ده‌ست بدرێ و هه‌میش ده‌کرێ وه‌ده‌ست بخرێ. نۆروێژی سه‌رده‌مێک له‌هجه بوو، ئێستا زمانه. ئه‌فریکانس زه‌مانێک له‌هجه‌یه‌کی هۆله‌ندی بوو؛ ئێستا وا نییه. هه‌ر هه‌مان شت له سه‌ر مه‌قدوونییه‌یی ڕاسته، که پێشتر به شتێک داده‌ندرا که بریتی بێ له له‌هجه‌گه‌لی بوڵغاری، به‌ڵام ئێستا له لایه‌ن مه‌قدوونییه‌کان خۆیانه‌وه و زوربه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌ش، ڕه‌نگه جگه له بوڵغارهکان نه‌بێ، به زمانێکی جیاواز داده‌ندرێ. ئێمه هه‌ر وه‌ها باسی ڕه‌وتی لوگزامبورگیشمان کرد له له‌هجه‌یه‌که‌وه به‌ره‌و وه‌ده‌ست هێنانی پله‌ی زمانێک.
له لایه‌کی دیکه‌وه، له سه‌رده‌مای پێشوو دا، پڕۆڤێنشاڵ و ئاڵمانی تهختانییان زمانگه‌لی ئۆتۆنۆم بوون، به‌ڵام ئێستا به گشتی به ڕیز به له‌هجه‌گه‌لی فه‌ڕانسه‌یی و ئاڵمانی داده‌ندرێن. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌ربه‌خۆیی و ئۆتۆنۆمی له ده‌ستچوو، ده‌کرێ دابمهزرێندڕێنهوه و، چونکوو ئۆتۆنۆمی دیارده‌یه‌کی کولتووری و سیاسییه، به‌تایبه‌تی گرینگه له‌و حه‌ولانه‌یدا که بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌درێ له سه‌ر هۆکارگه‌لی کولتووری، سیاسی و ڕه‌مزی کار بکرێ وه‌ک به‌ده‌ست خستنی ڕێنووسێکی قۆڵ له‌سه‌ر کێشراو و شێاوی ناسینه‌وه و به‌کار هێنانی شێوه‌زاری به‌رباس له زۆر بوار و هه‌لومه‌رجی کۆمه‌ڵایه‌تی دا، تا ئه‌وجێیه‌ی ده‌ست ده‌دا، به تایبه‌تی له بواری ڕه‌سمی و له نووسیندا. سکاتله‌ندی له پێشوو دا، وه‌ک پڕۆڤێنشیال، به سه‌ری خۆی زمانێک بوو، به‌ڵام ئێستا به به‌ربڵاوی وه‌کوو هاوگونجی ئینگلیسی داده‌ندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ژماره‌یه‌ک خه‌ڵک له سکاتله‌ند و ئێرله‌ندی باکووری
( که به‌شێکی سکاتله‌ندی ئاخێوه‌ره بۆ ماوه‌ی زیاتر له 300 ساڵ له ئاکامی کۆچ و کۆچباری له سکاتله‌ندی تهختانیانهوه) ئێستا حه‌ول ده‌ده‌ن سکاتله‌ندی وه‌کوو زمانێکی سه‌ربه‌خۆ ببووژێننه‌وه. ئه‌و حه‌ولانه هێندێک ناسین و پشتیوانی ڕه‌سمیشی به‌ده‌ست هێناوه. بۆ نموونه، سکاتله‌ندیی ئالستر له ئیرله‌ندی باکووری به ڕه‌سمی ناسراوه، و له ساڵی 1999 له ڕۆژنامه‌کانی ئیرله‌ندیی باکووری دا ئاگاداری بۆ پیشه‌یه‌ک بڵاو کراوه، که به‌شێکی وه‌ک ئه‌وه‌ی خواره‌وه بوو:
It’s noo apen fur taepit in jab foarms fur tha ontak o Unner-Editor (Inglis an Ulster-Scotch) wi tha Chaummer o tha Scrievit Account o tha New Ulster Semmlie sittin at tha Tolsel Biggins, Stormont, Bilfawst . A start wull be gien fur sax month, wi anither contraick aiblins forbye.
ئینگلیسییه‌که‌ی هه‌مان به‌شی ئاگادارییه‌که ئاوایه:
Applications are invited for the post of Sub- Editor ( English and Ulster- Scots) in the Official Report of the New Northern Ireland Assembly, which is located in the Parliament Buildings, Stormont, Belfast. The appointment will be for six months, with the possibility of renewal of contract.
داوخوازینامه بۆ کاری ئیدتۆری (به ئینگلیسی و سکاتله‌ندیی ئالستر ) وه‌رده‌گیرێ، له ئافیسی گوزاریشتی ڕه‌سمی سه‌باره‌ت به مه‌جلیسی نوێی ئیرله‌ندی باکووری دا، که له خانووه‌کانی پارلمان، ستۆرمۆنت، له بێلفاست هه‌ڵکه‌وتووه. دامه‌زراندنه‌که بۆ شه‌ش مانگان ده‌بێ، به ده‌ره‌تانی تازه‌کردنه‌وه‌ی کۆنتراکته‌که.
سه‌ربه‌خۆیی زمانی ده‌کرێ وه‌دواش درێته‌وه.له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی کاتاڵانی به‌شێک بوو له هه‌مان زنجیره‌ی له‌هجه‌یی وه‌کوو ئێسپانیایی، ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ ڕێژیمی فڕانکۆ ڕه‌خسا نه‌ک هه‌ر ئه‌وه‌ی کاتاڵانی ده‌مکوت بکا به‌ڵکوو ئیدیعاش بکا که ' له ڕاستیدا' له‌هجه‌یه‌کی زمانی ئێسپانیایی یه و به‌هیچجۆر زمانێکی سه‌ربه‌خۆ نییه.
لابردنی زمانی کاتاڵانی له بواره‌کانی گشتی و ڕه‌سمی دا، هه‌ر وه‌ک له سه‌ره‌وه‌تر ئاماژه‌مان پێدا، به مه‌به‌ستی به‌هێزکردن و پته‌وکردنی ئه‌و ئیدیعایه بوو. هه‌ر ئاواش، له یۆگۆسڵاوییای پێشوو دا، به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی حکوومه‌ت پێی خۆش بوو جه‌خت له سه‌ر یه‌کێتیی نه‌ته‌وه‌یی (سه‌رتاسه‌ری) بکاته‌وه، ئاسایی بوو که سڕبو-كرۆواتی به زمانێکی تاقانه دابندرێ به دوو نۆڕمی تا ڕاده‌یه‌ک جیاوازاهوه، نه‌ک وه‌کوو ئینگلیسیی بریتانیایی و ئینگلیسیی ئه‌مریکایی. به‌ڵام له به‌رایی ساڵانی 1990ه کانه‌وه ، هه‌ر وه‌ک تا ئێستا دیتوومانه، ئه‌وه بووه به سیاسه‌تێکی ڕه‌سمی – که دیاره به پێویستیش له لایه‌ن هه‌موو ئه‌وانه‌ی که پێوه‌ی عه‌لاقه‌دارن قۆڵی له سه‌ر نه‌کێشراوه - که سڕبی و كڕۆواتی و بۆسنیایی به زمانانی جیاواز دابندرێن ئه‌گه‌رچی هه‌موویان دوولایه‌نه له یه‌کتری تێده‌گه‌ن، وه‌کوو نۆڕوێژی و دانمارکی. سه‌رنج بده‌ن ناکرێ هیچ وڵامێکی زمانناسانه بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌بێ داخودا سڕبۆ-کرۆواتی زمانێکه یان سێ زمان. وڵامه‌که‌ی کولتووری و سیاسییه.
له ئوڕووپای مۆدێڕن دا زۆر مه‌سه‌له‌ی دیکه‌ی ئاوای سیاسی و کۆمه‌ڵناسی زمانانه هه‌ن. داخودا به‌ڕاستی مه‌قدوونییه‌یی زمانێکه؟ داخودا مۆڵدۆڤایی و ڕۆمانیایی عه‌ینی زمانن یان نا؟ گه‌لۆ فڵامانی و هۆله‌ندی یه‌ک یان دوو زمانن؟ داخودا کۆرسیکایی له‌هجه‌یه‌کی ئیتالیاییه؟ گه‌لۆ به‌ڕاستیش لوگزامبورگیش جوێیه له ئاڵمانی؟
له‌به‌ر ناپه‌یوه‌ست بوون و به‌رده‌وامبوونی ئه‌و کێشانه، هیچ ڕێگایه‌ک نییه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه بتوانین وڵامی ئه‌م پرسیارانه ته‌نێ له سه‌ر بنه‌مای زمانی بده‌ینه‌وه. و، خۆش ئه‌وه‌یه ئه‌وه ته‌نێ زمانناسانن که به‌ته‌واوی له‌وه تێده‌گه‌ن ئه‌و پرسیارانه تا چه‌نده پرسیارگه‌لی زمانی نین. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه زۆربه‌ی زمانه ئوڕووپاییه‌کان ئه‌وه‌ن که له کۆمه‌ڵناسیی زمان دا به ' زمان له ڕووی درێژ بوونه‌وه 'به‌نێوبانگن ( به ئاڵمانی زمانگه‌لی ئاوسباو Ausbau ). ئه‌وانه بریتین له شێوه‌زاره ستاندارده‌کان که له سه‌ر درێژه‌یه‌ک له له‌هجان داندراون و، له به‌ر هۆی کۆمه‌ڵایه‌تی و مێژوویی، له گه‌ڵ ئه‌و ستانداردانه خۆیان گونجاندووه. بۆیه زمانانی ئاوسباو له به‌ر هۆی سیاسی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ر وه‌ها خه‌سڵه‌ته‌کانی زمانی خۆیان زمانگه‌لی جیاواز لهیهکترینه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هێندێک زمانی ئه‌وتۆ هه‌ن، که ئه‌و پێوانه‌یه له‌گه‌ڵیان ناخوێنێته‌وه بۆیه ده‌کرێ به ته‌واوی له سه‌ربنه‌مای زمانناسانه به زمانانی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ دابندرێن. ئێمه بۆ نموونه ده‌توانین به زمانی باسک بڵێن
' زمانێک له ڕووی مه‌وداوه' ( به ئه‌ڵمانی زمانی ئابشتاند abstand ) چونکوو له ڕوانگه‌ی زمانییه‌وه ئه‌وه‌نده له هه‌موو زمانه‌کانی دیکه جیاوازه که ناکرێ سه‌باره‌ت به پله‌ی به‌ته‌واوی سه‌ربه‌خۆی وی هیچ دمه‌ته‌قه و مشتومڕێک بکرێ. ته‌نانه‌ت رێژیمی فڕانکۆش نه‌یده‌توانی ئیدیعا بکا زمانی باسک 'له ڕاستیدا' ئێسپانیاییه!
* نووسه‌ر له هه‌موو جێیه‌ک وشه‌ی Gypsies ی به‌کار هێناوه. ئه‌من وه‌کوو وه‌رگێڕ ئاگام له باری نه‌رێیی ئه‌م وشه و چه‌مکه ته‌نانه‌ت له شێوه‌زاره کوردییه‌کانیش داهه‌یه، به‌ڵام بۆ وه‌فاداری به ده‌قی ماک به پێویستم زانی جارێک له که‌وانه دا بنووسم (قه‌ره‌چییه‌کان)، ده‌نا وه‌کوو دی له‌م وه‌رگێڕانه دا Gypsiesم به خه‌ڵکی ڕۆما وه‌رگێڕاوه- تێبینی وه‌رگێر
سه‌رچاوه: ئه‌م نووسراوه‌یه له‌کتێبی
Peter Trudgill : Sociolinguistics , An introduction to language and society, Fourth Edition, 2000, Penguin Books, PP 119 – 149
وه‌رگیراوه و خشته‌ی لاپه‌ڕه‌ی 142 و 143 له مه‌ڕ جیاوازییه‌کانی به‌کار هێنان له شێوه‌زاره نۆڕوێژییهکاندا، له‌م ده‌قه کوردییه دا وه‌رنه‌گێڕدراوه.
No comments:
Post a Comment