ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری ئا. موڵێر له سابڵاغه‌وه 3
ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری ئا. موڵێر له سابڵاغه‌وه ( 3 )
سه‌ردانی قه‌ره‌نی ئاغای مامه‌ش
حه‌سه‌نی قازی
له ژماره‌ی 6ی ساڵی 25ی " لووتێران ئۆریانت می‌شن "، مانگی نۆڤامبری ساڵی 1933 ڕاپۆرتێکی درێژی جه‌نابی هێنری ئا. مولێر که له سابڵاغه‌وه ناردوویه بڵاو بووه‌ته‌وه.له‌و نووسراوه‌یه دا هێنری ئا.مولێر باسی گه‌شتی خۆی و دوکتور کاکران ده‌کا به ناوچه‌ی جۆر به‌جۆری هه‌رێمی موکریان دا و له‌وانه سه‌ردانی په‌سوێ و دیده‌نی له قه‌ره‌نی ئاغای مامه‌ش . دوکتور کاکران وه‌چی سێیه‌می ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه له میسیۆنێرییه‌کانی پرێسبێتێری له ورمێ بووه‌ڕاپۆرتی جه‌نابی هێنری ئا. مولێر ( 17 – 25 ی ژووییه‌ی 1933 )
دوکتور کاکران که سه‌ر به میسیۆنی ئه‌مریکایی یه له ورمێ ، و جه‌ڕاحێکی پسپۆڕ و کارامه‌یه و له وه‌چی سێیه‌می میسیۆنێرییه‌کانی ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌یه له ئێران، بانگه‌وازی من په‌ژراند بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شتێکم له گه‌ڵ بکا به کوردستان دا. ئه‌من هه‌ستم به شانازی و خۆشحالێیه‌کی زۆر کرد ئه‌و دوکتوره لێهاتوویه هاوڕێی سه‌فه‌رمان بوو؛ به تایبه‌تی له به‌ر ئه‌وه‌ی ئامانجی گه‌شته‌که‌مان چوونه ناوچه‌ی چیایی و خۆڕسکی ته‌نیشت سنووری عێڕاق تا ده‌گاته دۆڵی چۆمی که‌ڵوێ بوو که زیاتر له ده‌ساڵه هیچ میسیۆنێرییه‌ک پێی تێ نه‌ناوه. ئێمه نه‌خشه‌مان ئه‌وه بوو به‌ڵای ڕۆژئاوا دا یه‌کسه‌ر تا په‌سوێ بچین ،و له‌وێوه به‌ره‌و خوارووی ڕۆژهه‌ڵات تا ده‌گاته سه‌رده‌شت و له‌وێوه بگه‌ڕێینه‌وه سابڵاغێ و به ته‌خمین گه‌شته‌که‌مان ده‌بوو به150 میل ئه‌سپ ئاژۆتن. له به‌ر ئه‌وه‌ی قه‌ت به ده‌ستی به‌تاڵ ناچینه نێو ئه‌و خه‌ڵکه، ده‌بێ زۆر که‌س له‌وان پێیان وابێ ئێمه چ برسی لایه‌نی مه‌عنه‌وی نین له سه‌فه‌ره‌کانمان دا .ئه‌و جاره‌یان هه‌ر له به‌ر ئه‌وه نه‌چووین مه‌وعیزه بکه‌ین و بانگه‌شه بکه‌ین بۆ ئینجیلی شانشین، به‌ڵکوو بۆ ئه‌وه‌ش چووین " هه‌موو جۆره ناسازی و نه‌خۆشییه‌ک که به نێو خه‌ڵکدا بڵاو بووه‌ته‌وه چاره بکه‌ین" و ئاهێکیان به به‌ر دا بهێنینه‌وه. ئه‌من به دڵێکی خۆش و ڕوحێکی شاد ئه‌سپی خۆم داژۆت و له گه‌ڵ هاوڕێکانم به‌ره‌و پێش ده‌چووین. ئێمه له نزیک یه‌ک له سه‌رچاوه‌کانی چۆمی سابڵاغه‌که‌مان به خواره‌که‌و پێچه‌که، به قه‌دی لای ڕۆژهه‌ڵاتی چیای دێبۆکر دا، که 8000 فیت به‌رزه وه‌سه‌رکه‌وتین. له به‌رزایی هه‌ر شاخێکی ئه‌و ناوچه‌یه دا کانی ئاوی سارد هه‌ڵده‌قوڵێن و به دۆڵ و ده‌ران دا ده‌خوشێن و شۆڕ ده‌بنه‌وه و به‌ره‌و ڕووبار و چۆماوی هه‌ژاو ڕێگا ده‌رده‌که‌ن. بیست میل به لای دۆڵی لاجان دا ترۆپکی به‌رف داپۆشیو ده‌بیندرێن وه‌ک زۆر له‌و دیمه‌نانه‌ی که سنووری عێراق ( مێزۆپۆتامیا) ده‌پارێزن. مژێکی ته‌نک دۆڵه‌که‌ی داگرتووه و داوێنی چیاکان له تراویلکه‌ی شه‌پۆلی گه‌رما دا له به‌رچاو بزرن.
له چیا هاتینه خوارێ
شاخه که ئه‌وه‌نده نشێوی زۆر بوو ئێمه که ئه‌سپه‌کانمان داژۆت، جاڵه‌بوونه‌وه‌ی تاوێره به‌ردێک وای ده‌کرد خۆیان له سه‌ر نه‌گرین. ئێمه له نزیک دێی لگبن لامان دا ، مه‌له‌مان کرد و سه‌رخه‌وێکمان شکاند، ئه‌و دێیه‌ی که له‌و دواییانه‌دا سێ ئاغا له سه‌ر چه‌ند په‌ڵه زه‌وی و تووتن یه‌کتریان کوشتبوو. له کاتێکدا خه‌ریک بوو ئاوی چای بکوڵێ، نان و په‌نیریان بۆ هێناین ، و چه‌ند پیاوی گه‌ڕاوه هاتنه لامان. ئه‌و به‌ڕێزانه کوردی مه‌نگوڕ بوون و هاتنی ئێمه‌یان زۆر پێ خۆش بوو بۆیه نه‌یانهێشت بنووین و ده قسانیان گرتین. ئه‌و دوو سه‌عاته‌ی له‌وێ لامان دا زۆر خێرا تێپه‌ڕی. بابه‌تی سه‌ره‌کی قسه‌کردنمان له سه‌ر یه‌ک له‌و بڵاوکراوه فارسییانه بوو که پێمان بوو، ئه‌وه کاریکاتۆرێکی زۆر سرنج‌ڕاکێشی تێدا کێشرابووه‌وه پیاوێکی پیری ڕۆژهه‌ڵاتی نیشان ده‌دا که جلوبه‌رگێکی شڕی ده به‌ر دابوو و حه‌ولی ده‌دا له دارێکی مردوو سێ‌و لێکاته‌وه، له کاتێکدا فارسێکی مۆدێڕنی که جلوبه‌رگێکی قۆزی ده‌به‌ر دا بوو حه‌ولی ده‌دا پێش به‌و پیاوه پیره شڕپۆشه بگرێ. سه‌رنووسی بابه‌ته‌که‌ش ئه‌وه بوو: "داری خراپ و میوه‌ی چاک."
....... یه‌كێک له پیاوه‌کان که ئه‌و کاریکاتۆره‌ی زۆر پێ جوان بوو لێی پرسین داخودا ئینجیله‌که‌مان کاریکاتۆری دیکه‌ی ئاوای تێدایه؟ به دڵنیاییه‌وه گوتمان به‌ڵێ.....
ڕووداوێکی جێی سرنج
ئه‌م وێنه‌یه له ئاڵبۆمی سه‌رتیپ سه‌یفی ئه‌فشاری قاسملوو وه‌رگیراوه که چه‌ند ساڵ به‌ر له سه‌فه‌ری هێنری ئا.مولێر بۆ ناوچه‌ی مامه‌ش و مه‌نگوڕایه‌تی هه‌ڵگیراوه. له‌م وێنه‌یه دا قه‌ره‌نی ئاغای مامه‌ش یش ده‌بینین
له سه‌عات 6ی ده‌مه‌و ئێوارێ گه‌یشتینه په‌سوێ، دێی سه‌رۆک عه‌شیره‌تی گه‌وره‌ی مامه‌ش قه‌ره‌نی ئاغا، که سه‌رده‌مێک سه‌رۆکی ڕێگران بوو و له‌گه‌ڵ ترکه‌کان و کوردی دیکه که‌وت بۆ کوشت‌وبڕ و تاڵانی عیساییه‌کانی ورمێ.ئه‌و قه‌ره‌نی ئاغایه هه‌ر ئه‌و که‌سه‌یه که میسیۆنێری یه ئه‌مریکاییه‌کان به سه‌رکه‌وتووییه‌وه توانیان پێملی که‌ن بۆ به‌ردانی هه‌زار عیسایی خۆجێیی. په‌سوێ دێیه‌کی ڕووته‌نی بێ دار و خانووه‌کانی گڵێنه‌ن و ماڵی ئاغا له‌سه‌ر ته‌پۆڵکه‌یه‌ک به بڵیندایی 75 فیت هه‌ڵکه‌وتووه. هه‌ر به گه‌یشتنی به‌ر ده‌رگای ئه‌و کۆشکه کوردییه نه‌مان توانی باوه‌ر به چاوی خۆمان بکه‌ین به‌وه‌ی ده‌یبینین. دۆستێکی خێرخواز به‌وه ڕازی نه‌ببوو به ئاغای گه‌وره بسه‌لمێنێ که ماشێنێکی مۆدێڕن ده‌توانێ بگاته دێیه‌که‌ی به‌ڵکوو ده‌شتوانێ تا به‌ر ده‌رگای ماڵه‌که‌ی له ته‌پۆڵکه‌که وه‌سه‌ر که‌وێ. هه‌ر که ماشێنه‌که خه‌ریک بوو بگاته سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که شتێکی بۆهاته پێشێ و سێ جار سه‌رمه‌قولاتی لێ دا و که‌وته سه‌ربه‌یانی یه‌کێک له‌ماڵه‌کان له‌خواره‌وه، و بووه هۆی بریندار بوونی شوفێره‌که و سه‌ربازێک. به‌ر له‌وه‌ی که سه‌رۆکی گه‌وره ئێمه به خێرهاتن بکا، دوکتور کاکران گه‌یشته سه‌ر برینداره‌کان و خه‌ریکی ده‌رمان کردنی برینه‌کانیان بوو. له‌و ڕۆژه دا دوو موعجیزه ڕوویان دا، یه‌کیان ئه‌وه بوو له‌و ڕووداوه دا که‌س نه‌مرد و ئه‌وی دیکه‌شیان ئه‌وه بوو دوکتورێک ده‌ستبه‌جێ له شوێنی ڕووداوه‌که ئاماده بوو، ئه‌ویش له جێیه‌کی ئاوا که چاوه‌ڕوانی بۆ ئاگاداری لێکردنی ته‌واوی ده‌رمانی به سه‌دان میل دوور بو
وێنه‌یه‌کی کۆنی دێی په‌سوێ
زۆر باشیان میوانداری لێ کردین وه‌ک له ماڵی خۆمان بین وابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاغاوه‌ته‌ی له‌وێ بوون به ده‌وری یه‌کترییه‌وه دانیشتین و زۆر به‌گه‌رمه دواین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من ساڵی پێشووش [ له قه‌ره‌نی ئاغا] میوان ببووم، پێی گوتم له چاو پار کوردییه‌که‌م باشتر بووه. دیاره موجامه‌له (ته‌عاروف) ئه‌وه‌یه هه‌ر هیچ نه‌ڵێن، و وه‌ک که‌سێکت وه‌ربگرن که به زمانی خۆیان قسه ده‌کا.)چه‌ندین ئه‌فسه‌ری گه‌نجی ئێرانی که له‌مه‌جلیسه که‌دا بوون قاقا به کوردییه‌که‌ی من پێ ده‌که‌نین، " بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌مریکاییه‌ک ئه‌و زه‌حمه‌ته‌ی وه‌به‌رخۆی ناوه زمانی کورده‌کان فێربێ!" _ که ئه‌وان له قووڵایی دڵه‌وه نه‌فره‌ت له زمانی کورده‌کان ده‌که‌ن، له چاو ئه‌وان دا دوایین ئاواتێک بوو که ده‌بێ ئینسان له ڕووی کوره‌ی زه‌وی دا هه‌یبێ. دوای ئه‌وه‌ی به پڵاو و گۆشتی مریشک شێوێکی
حیسابییان داینێ که له سه‌ر سینی کانزا که هه‌ر یه‌که‌ی 36 ئینچ ئه‌ستوور بوون (مه‌به‌ست مجۆعمه‌یه.ح.ق) بۆیان هێناین، کاتی خه‌وتن بوو. به هه‌رچوارمان دوو لێفه‌مان وه‌به‌ر که‌وت و له‌نێوخۆماندا رێک که‌وتین به نۆره به خۆمانیان داده‌ین. زۆر ماندووبووین و گورج خه‌ومان لێ که‌وت.
نزیک سه‌عات 2:30 دوای نیوه‌شه‌و ئه‌من له پڕ به شۆقی فانۆسێک له سه‌ر ده‌موچاوم وه‌خه‌به‌ر هاتم. ئه‌وه‌ش سه‌رفه‌رمانده‌ی نیزامی خانێ بووه که هاتبوو بزانێ کێ کووژراوه و کووژراوه‌کان له کوێن.پێی وابوو ئه‌منی په‌شۆکاندووه، بۆیه داوای لێبوردنی کرد و به نێوی خۆم بانگی کردم و ده‌ستبه‌جێ ئه‌منی ناسییه‌وه.ئه‌و خه‌به‌رێکی وای پێگه‌یشتبوو که له ڕووداوی ماشێن وه‌رگه‌ڕانه‌که‌دا سه‌رباز کووژراون و هاتبووه له‌وه بکۆڵێته‌وه.
پێداویستی به دوکتوری عیسایی هه‌یه
بۆ به‌یانی دوکتور کاکران چه‌ندین سه‌عاتی ته‌رخان کرد بۆ دیتنی نه‌خۆشان، دانی ده‌رمان و ئامۆژگاری دیکه. مالاریا و نه‌خۆشی چاو نه‌خۆشیی هه‌ره زۆر بوون و هێندێکانیش پیداویستییان به عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی هه‌بوو که دوکتور داوای لێکردن بێن بۆ ورمێ. ئێمه نزیکه‌ی سه‌عاتێک به نێو کۆخ و قوڵیتان دا بۆ نه‌خۆشان گه‌ڕایین چونکه زۆریان ده‌ترسان له‌وه‌ی له ماڵی ئاغاکه‌یان نزیک ببنه‌وه.دوکتور له‌وێ چه‌ند نه‌خۆشییه‌کی جێی به‌زه‌یی دۆزییه‌وه که پێویستیان به عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی هه‌بوو و چ وێنه‌ده‌چوو قه‌ت بۆیان هه‌ڵسووڕێ سه‌فه‌ر بکه‌ن و خۆیان پێ بگه‌یێندرێته نه‌خۆشخانه. خوێنه‌ره‌وه‌ی خۆشه‌ویست، بۆ زۆرێک له‌وخه‌ڵکه هه‌ژاری داگرتووه‌ی چیایی پێشنیازی ئه‌وه‌ی خۆیان بێنه نه‌خۆشخانه، وه‌ک ئه‌وه وایه دوکتورێکی ئوڕووپایی سه‌ر له ئێوه بدا و پێتان بڵێ بۆ ته‌داوی وه‌رنه له‌نده‌ن یان وین.به قووڵی بیری لێبکه‌نه‌وه، وه‌رنه سه‌ر چۆکان و له به‌ر باریته‌عالا بپاڕێنه‌وه که دوکتورێکی جه‌ڕاحی تایبه‌تی بۆ کاری گه‌وره‌تان لێره په‌یدا بێ، وه‌بزانن خۆتان نه‌خۆشن و به ده‌م ئێش و ژانه‌وه ده‌ناڵێنن. ئه‌من ته‌نانه‌ت قه‌ت نامه‌وێ برا و خوشکی خۆشم له‌قووڵایی ئه‌و ده‌رد و کول و چارهڕهشییه ئینسانییه‌ی لێره هه‌یه نزیک ببنه‌وه. به‌ڵام پێمخۆشه عیساییه ئه‌مریکاییه خۆشه‌ویسته‌کانمان له‌و بارودۆخه تێبگه‌ن. ئه‌من ئه‌وه ده‌ڵێم سه‌ره‌ڕای گرژی و سه‌ختی زۆر، چونکه له ڕاستیدا به میلیۆنان له دنیای له‌مێژینه‌ی ئه‌مریکا [ له چاو خه‌ڵکی ئێره] له حه‌وت ته‌به‌قه‌ی ئاسمانان دا ده‌ژین.
سابڵا‌غ نێوه‌ندی خۆزایی ئه‌و خاکه مه‌زنه‌یه و نه‌خۆشه‌کانی شوێنی ده‌ور وبه‌ر ده‌کرێ بێنه لای ئێمه. ئه‌گه‌ر ئێمه دوکتورێکمان هه‌بووبایه ده‌یتوانی جار وبار به‌م ناوچانه‌ی ئێره دا بگه‌ڕێ و بۆ حه‌وتوویه‌ک و دوان خه‌ڵک ته‌داوی کا.ئه‌وان به ڕاستی له‌وه تێناگه‌ن بۆچی دوکتور دژی مێش و مه‌گه‌ز، جاڵجاڵووکه، تۆز و خۆڵ، پینه‌و په‌ڕۆێ چڵکن، و ئاوی گه‌ماره. خاوێنی و پارێزگاری له قامووسی وشه‌ی خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵات دا نییه. دوکتور ده‌توانێ بڵێ "باشه،" " ئه‌من به هاسانی ده‌توانم ئه‌م و ئه‌وت بۆ ببڕم و لێی که‌مه‌وه به‌ڵام ئه‌تۆ جێ برینه‌که‌ت خاوێن ڕاناگری و پێی ده‌مری." یه‌ک ده‌نگ وڵام ده‌ده‌نه‌وه " خوڵا گه‌وره‌یه، ئه‌تۆ گه‌وره‌ی، به دڵنیاییه‌وه ئینشاڵا نامرین." جا ئه‌وان ژیان و مردنیان وه‌ک ڕدێن سپی زه‌مانی کۆن وایه.
برسێتی بۆ فێر بوون و زانین
لێره کوڕانی ئاغا و چه‌ند کوڕی خوداپێداوی دیکه له لای مه‌لاکان به شێوه‌ی تایبه‌تی ده‌رس ده‌خوێنن. ئه‌من حه‌سره‌تی دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه باشه گه‌نجانه ده‌خۆم چونکه ئه‌وان له پاشه ڕۆژ دا ده‌بنه ئاغای دێیه‌که. سه‌ره‌ڕای تۆڕه‌بوون و به سه‌رداگوڕاندنی مامۆستایه‌کی پیر،کوڕه‌کان ( که ته‌مه‌نیان له نێوان 10 و 16 ساڵان دا بوو) ده‌رس و مه‌شقی خۆیان به جێهێشت و شه‌ڕی ئه‌وه‌یان بوو یه‌کیان له‌وی دیکه‌ین زووتر خۆی بگه‌یێنێته لای من که خه‌ریک بووم لاپه‌ڕه‌کانی کتێبێکی سرنجڕاکیشی چیرۆکی میسیۆنێری، ژیانی عیسا، و پاولی پیرۆزم هه‌ڵده‌داوه. هه‌رکامێکیان به ده‌نگی به‌رزتر و خێراتر فارسی به موسیقایه‌کی تایبه‌تییه‌وه ده‌خوێنده‌وه. یه‌کێک له‌وکتێبانه‌م دا به کوڕه ئاغایه‌ک.... هه‌تا ئێمه نه‌ڕۆیشتین ئه‌و کوڕانه ئێمه‌یان به جێ نه‌هێشت و نه‌چوونه‌وه سه‌ر ده‌رس و مه‌شقی خۆیان. ئه‌وان ئێره‌ییان پێ ده‌بردم ئه‌و هه‌موو شته ده‌زانم و چاوه‌ڕوانن دیسان سه‌ریان لێ بده‌مه‌وه. به‌گه‌رمی ماڵاوایی‌مان لێکردن و په‌سوێ مان به‌جێهێشت.
بۆ نانی نیوه‌ڕۆ له شنۆ زه‌نگ له ماڵی سێ برای باشی ته‌مه‌ن نێونجی لامان دا که خزمی نزیکی گه‌وره‌ی په‌سوێن، له‌کاتێکدا ئه‌وان ده‌ستووریان دا نان، ڕۆنی که‌ره، هیڵکه و دۆیه‌کی ترشی خه‌ستمان بۆ ئاماده‌که‌ن، له گه‌ڵ ئاغای وێست به هه‌لمان زانی له جۆگه‌ی ئاشی که له نزیک ماڵی ئاغا بوو ئاوێک به خۆمان داکه‌ین. پله‌ی گه‌رما له سێبه‌ر له سه‌ره‌وه‌ی سه‌د بوو و سه‌رخه‌و شکاندن له‌و ماڵه‌ی که دیواری ئه‌ستووری گڵێنه‌ی هه‌بوو حه‌سانه‌وه‌یه‌کی خۆش بوو
ده‌روێزه‌گه‌ر و چاو له ده‌ست نین
ئه‌وان زۆر سپاسیان لێکردم بۆ ئه‌وه‌ی حاڵی ئه‌و نه‌خۆشه‌م لێ پرسین که سێزده مانگ له‌وه‌پێش کاتێک له گه‌ڵ دوکتور لام هاتین بۆ ئێره ته‌ماشای کردبوو.دوکتور کاکران پێی گوتن نه‌خۆشه‌که‌یان ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ عه‌مه‌لییات بکرێ که زیاتر له ساڵێک بوو تووشی وه‌ره‌م هاتبوو. گوتیان باشه به‌ڵام " ئه‌مڕۆ بحه‌سێنه‌وه، سبه‌ینێ عه‌مه‌لیاتی بکه." دوکتور گوتی ئه‌وه نابێ ده‌بێ هه‌ر ئه‌وڕۆ ده‌ست به کار بم. دوایه گوتیان : " ئه‌م ژنه خزمی ئاغای گه‌وره‌یه و ئێمه ده‌بێ له پێشدا بچین و ئیزن له‌وی وه‌ربگرین." که دیتیان دوکتور کاکران واده‌نوێنێ کیفی که‌لوپه‌له‌کانی داخاته‌وه و چاو له نه‌خۆشه‌که نه‌کا، ئه‌و جار له به‌ر چاوی ئێمه ده‌ستیان کرد به سرته له گه‌ڵ یه‌کتری. له پڕ ئه‌وی گه‌ڕاوه‌تره‌که‌یان ئه‌منی بانگ کرده ده‌ره‌وه. ئه‌و له لای من درکاندی ڕاستی ئه‌وه‌یه ئه‌وان هیچ دراوی نه‌غدیان به‌ده‌سته‌وه نییه حه‌قده‌ستی دوکتوری لێ بده‌ن و ناردوویانه دراویان بۆبێ. ئه‌و بۆخۆی زۆر شه‌رمی ده‌کرد ئه‌وه به دوکتور بڵێ و به‌شێوه‌ی ئه‌رێیی که‌رامه‌تیان ناچاریان ده‌کا له پێشدا حه‌ق ده‌ستی کاره‌که بده‌ن. ( جا بزانه که‌سایه‌تی ئه‌و کوردانه چه‌نده جیاوازه له دراوسێیه ئێرانی و ترکه‌کانیان.) دیاره ئه‌وه زۆر هاسانتره مرۆ سه‌روکاری له گه‌ڵ موشته‌رییه‌ک بێ که پێکێشی ده‌کا پێشاوپێش دراو بدا، تا ئه‌و که‌سه‌ی که چاوه‌ڕوانی باشترین خزمه‌ت ده‌کا به‌ڵام هیچ دراوێکیش بۆ ئه‌و کاره نادا. له‌و ماوه‌یه‌ی دا که دوکتور نه‌خۆشه‌که‌ی عه‌مه‌لییات ده‌کرد ئه‌من له گه‌ڵ ئاغاکان دانیشتبووم و باسی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی سه‌ردانه‌که‌ی خۆمانم بۆ ده‌کردن. دوکتور شه‌فای پێیه بۆ له‌ش و منیش بۆ روح و ڕه‌وان.ڕابی فرانزا که له‌گه‌ڵمان بوو چیرۆکی خێرخوازی باشی بۆ خوێندنه‌وه. نوسخه‌یه‌ک له ئینجیلی لۆقا و چاپکراوی دیکه‌ی دانێ. "ئێمه پێشتر قه‌ت به‌و لایه‌نه‌ی مه‌سیحییه‌تمان نه‌ده‌زانی. داخودا له‌هیچ کوێیه‌کی دیکه ئینسانی وه‌ک ئه‌مریکاییه‌کان هه‌ن؟" ئێمه تا ڕاده‌یه‌ک بێ ئه‌ده‌بانه ئه‌وانمان به‌جێهێشت و ماڵاوایی‌مان لێکردن
ئاو شتی چاکه
ئێستا ئێمه له ده‌شتی بێ داروده‌وه‌نی لاجانێ بووین، که له‌وێ چۆمی که‌ڵوێ وێشک هه‌ڵاتووه و له خوارتر پێی ده‌ڵێن زێی چکۆڵه و ده‌ڕژێته چۆمی ده‌جله و ئاخره‌که‌ی ده‌گاته‌وه که‌نداوی فارس. گشت دوای نیوه‌ڕۆکه گه‌رما ئه‌وه‌نده بڕستی لێ بڕیبووین به‌ده‌م ئاژۆتنه‌وه زۆر که‌م به‌یه‌که‌وه قسه‌مان ده‌کرد. ته‌ماشا کردنی لووتکه شاخه‌کانی به به‌فر داپۆشراو به لای ڕاستمانه‌وه ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش هه‌ستی تونێتی ده‌ورووژاندین. ده‌نگی خوشینی چومی که له پێشمان بوو زۆر خۆش بوو و هه‌ر که له کناری چۆمی نزیک بووینه‌وه خزمه‌تکاره‌کانمان دۆش دامابوون و نه‌یان ده‌زانی چۆن و له کوێ له‌و ڕووباره پڕ ته‌وژمه ده‌ین و لێی بپه‌ڕێینه‌وه.له‌و شوێنه چۆمه‌که پانایی نزیک سه‌د فیت و قووڵایی چوار فیت ده‌بوو. هه‌ر چۆنێک بوو ده‌بوو له چۆمی ده‌ین و خۆمان بگه‌یێنینه ئه‌و به‌ری. له ئه‌سپه‌کانمان دابه‌زین، جلوبه‌رگمان داکه‌ندن و خۆمان تێ هاویشت. به پێی تیۆرییه‌کی کۆن ئه‌گه‌ر مرۆ به‌ده‌ستان شتێکی قورس له سه‌ر سه‌ری ڕاگرێ ده‌توانێ له هه‌موو چۆمێکی خوڕێن بپه‌ڕێتوه ئه‌من دووبه‌ردی گه‌وره‌م هه‌ڵگرتن و به ئیحتیاته‌وه خۆم به ئاوێ دادا. کاتێک گه‌یشتبوومه نێوه‌ڕاست ئه‌و چۆمه سه‌رهه‌ژێنه، هه‌ستم کرد شتێکی تیژ وه گوێزینگی پێم که‌وت. ئه‌وه به‌س بوو بۆ ئه‌وه‌ی له‌نگه‌رم تێک چێ و تیوری کۆن و به‌رده‌کانم له بیر بکه‌م. هه‌رچۆنێک بوو ناچار بووم به‌ره‌و پێشه‌وه بچم ،به باسکه‌ی هه‌ره خێرا خۆم بگه‌ینمه ئه‌و به‌ری چۆمی. دیاره هاوڕێکانیشم وه‌نه‌بێ حاڵیان له من خۆشتر بووبێ ( ببووره بۆ ئه‌و تێهه‌ڵکێشه، ته‌نێ ئه‌مریکاییه‌کان ده‌توانن به گاڵته باسی ته‌جره‌به‌یه‌کی ئهوتو بکه‌ن.) وڵاغه بارهه‌ڵگره‌کانمان که" هه‌ستی ئه‌سپانه" یان باشتر بوو،به باشی دڕیان به ئاوه‌که دا و له‌و به‌ری گژو گیای به‌رز تۆڵه‌ی بۆ کردنه‌وه.له کاتێکدا ئه‌سپه‌کان خه‌ریکی له‌وه‌ڕین بوون، ئێمه به په‌له که‌فمان له ده‌موچاومان هه‌ڵسوو و له کاتێک دا لاقمان هه‌ر ده‌نێو ئاو ده‌بوو به ده‌ستێک ئاوێنه‌مان پێ بوو و به‌ده‌ستێکی دی رووی خۆمان ده‌تاشی. دوکتور کاکران گوتی: " بڵێی ئه‌گه‌ر ئێستا خه‌ڵکی سه‌ر به کلیسا له ئه‌مریکا ئێمه میسیۆنێرییه‌کان به‌وحاڵه ببینن چ بڵێن ؟" ئه‌من ئێستا پێتان ده‌ڵێم،
ئێمه که به‌گشتی هێندێک هاتبووینه‌وه سه‌رخۆ به‌ڵام هه‌ر ماندوو بووین نزیکه‌ی میلێک به شوێنپێی گاڕانان دا ڕۆیشتین هه‌تا گه‌یشتینه دێی ڕكاوێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وی شه‌وێ له‌وێ لاده‌ین. ڕۆژ ئاوا ببوو به‌ره‌و نه‌ینه‌وای کۆن و سێبه‌ری ترۆپکی کێوه‌کان زۆر به‌رزتر و زۆر ڕژدتری ده‌نواند له ئاسمانی تاوپه‌ڕان دا، __ ئه‌وه هه‌تا بڵێی دیمه‌نێکی دڵڕفێن بوو و ئارامی ده‌دا به مرۆ. بڵێی سه‌رله‌نگۆری ژیانیش هه‌ر ئاوا بێ ؟
ده‌مار گرژ نین
هه‌ر که گه‌یشتینه ڕکاوێ نزیکه‌ی هه‌زار مه‌ڕ و ڕه‌شه وڵاغ بۆ حاوانه‌وه‌ی شه‌وێ له چیایانه‌وه ده‌هاتنه‌وه؛ و له‌نێو تۆز وخۆڵ و هه‌را دا ژنانی کورد گۆچانی درێژ به ده‌سته‌وه هه‌رکامه‌یان خه‌ریک بوون حه‌یوانی خۆیان له ڕانه مه‌ڕه‌که جوێ ده‌کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بیانبه‌به ئاغه‌ڵی خۆیان. بزنی برسی جاڕزکه‌ر له باروبه‌ندیلی ئێمه ورووکابوون و ده‌یانخوارد به‌ڵام په‌یدا بوونی به وه‌ختی ئاغا وه‌زعه‌که‌ی گۆڕی و ئێمه‌ی برد بۆ سه‌ر بانی مزگه‌وتی دێیه‌که که ته‌خت بوو وبه‌شێوه‌یه‌کی نارێکوپێک به‌رز کرابووه‌وه. ئه‌من ئه‌وه‌م پێ به ودمێکی چاک بوو چونکه هیچ موسوڵمانێکی ڕاسته‌قینه " بێدینی، گڵاو" نابا و له سه‌ربانی شوێنی پارانه‌وه‌یدا داینامه‌زرێنێ. له سایه‌ی ئه‌و میوانداری لێکردنه له سه‌ربانی مزگه‌وتێ ئیمه له سه‌گی بێوێنه،باڕه‌ی مه‌ڕ، کێچ و چاوتێپرێنی خه‌ڵکی ده‌سته‌وه‌ستان و به‌سته‌زمانی دێیه‌که ڕزگارمان بوو. ئێمه وامان دانابوو ده‌ستبه‌جێ لێی بنووین و خۆمان بۆ خواردنی به‌رچاییه‌کی چاک ئاماده که‌ین، به‌ڵام خانه خوێیه‌که‌مان هاته سه‌ربانی، له ته‌نیشتمان هه‌ڵترووشکا به خۆی و یازده پیاوی به‌خۆوه و ته‌وه‌زه‌لییه‌وه، هه‌ڵبه‌ت ئاشکرایه که ده‌بوو یه‌کێکمان قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکا. ئه‌وه‌شمان ڕاپه‌ڕاند به‌وه‌ی که هه‌ر کامه‌مان به نۆره بنووین _ وابزانم له مه‌به‌ستم تێ بگه‌ی. دوایه بۆ نانی شه‌وێ به گۆشتی مریشک و پڵاو میواندارییان لێ‌کردین. نزیکه‌ی سه‌عات 10ی شه‌وێ خزمه‌تکاران که مجوعمه‌ی گه‌وره‌یان له سه‌ر سه‌ریان دا نابوو به نێردیوانه له‌رزۆکه‌که دا وه‌سه‌ربانی که‌وتن و له پێشیان داناین. ئێمه زۆر له‌وه ماندووتر بووین بتوانین به ڕێک‌و پێکی شێوه‌که بخۆین. ئاغای وێست هه‌ر هه‌ڵیش نه‌ستا و ئێمه‌ش دوای نانخواردن داوامان کرد چای مان نه‌ده‌نێ و له په‌شه‌به‌ندی که به‌شل وشه‌وێقی ئاماده کرا بوون خزاین، دیاره چ پێویستی به لای‌لایی بۆ کردنمان نه‌بوو، چونکه مێشووله به دڵئاواڵه‌ییه‌وه ئه‌وه‌یان ده‌کرد. دووه‌م ڕۆژی سه‌فه‌ره خۆشه‌که‌مان ئاوا کۆتایی هات،
قانوونی میوان به‌خێرهێنان
ده‌رجه‌ی هه‌وا له سه‌عات 4ی شه‌وێ له 110 وه داكشا بۆ 60 و 50 ده‌رجه ساردی کرد و به‌ر له‌وه‌ی ڕۆژ بێته‌وه ئێمه له سه‌رمان هه‌ڵده‌رزین سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی په‌تووی خوریشمان به خۆمان دادابوو بای سارد له به‌رزایه به‌فر داگرتووه‌کانه‌وه تێی هه‌ڵکردبوو. له تاو هه‌ڵاتێ، ئێمه خۆمان کۆ کرده‌وه بۆ ڕۆژێکی دیکه‌ی که به‌ڕێوه بوو. له‌و کاته‌ی دا که به‌رچایمان ده‌کرد له پڕ دیتمان ئاغای شنۆزه‌نگ که به پڕتاو به سواری ده‌هات لێمان په‌یدا بوو وگوتی: ئاغای گه‌وره خه‌به‌ری عه‌مه‌له جه‌ڕاحییه‌که‌ی پێ گه‌یشتووه، ده‌ستبه‌جێ بۆ خۆی هات و ئه‌وه ئه‌منی که نیوی شه‌وێ به سواری هاتووم به دوو دا ناردوون بۆ ئه‌وه‌ی بتان گێڕمه‌وه. ئێمه ده‌بێ میوانداریتان لێ بکه‌ین، قه‌درتان بگرین، به هیچ جۆر نابێ بڕۆن و له‌گه‌ڵم نه‌یه‌نه‌وه. داب و شوێنی کوردستان شتی ئاوا هه‌ڵناگرێ!" نزیکه‌ی سه‌عاتێک پێکێشی وی و نابێ و ناکرێی ئێمه له‌وانه بوو بگاته نوخته‌ی به مه‌ترسی له دڵ گرانهاتنی خانه خوێیه پێشوویه‌که‌مان. ئه‌وه میوان به‌خێرهێنانی کوردی ئه‌وپه‌ڕی خۆی و بێ سنوور بوو. زه‌مان و وه‌خت بۆ ئه‌وان چ نرخی نییه. کاتێک دوکتور به دڵنزمییه‌وه پێی گوت ئه‌و به‌رنامه‌ی دیکه‌ی هه‌یه و زیاتر له سه‌د نه‌خۆشی نه‌خۆشخانه‌که‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌که‌ن، ئاغای شنو زه‌نگ گوتی:" جا چبوو با حه‌وتوویه‌کی دیکه‌ش چاوه‌ڕێ بن ". له ساڵانی پێشوو دا وه‌دوادانه‌وه‌ی به‌خێرهێنان و میواندارییه‌کی ئه‌وتۆ زۆر جار ده‌گه‌یشته پێش‌گرتن و ڕووتکردنی میوانان له سه‌ر ڕێگا له لایه‌ن خانه خوێوه. له نێو عه‌ڕه‌بان دا وه‌دوادانه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆ وه‌ک ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ وایه. ئه‌وه‌ش فه‌لسه‌فه‌یه‌کی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه! به‌ڵام ئه‌و ئاغا نییه‌ت باشه، غازی نه‌بوو، به پێچه‌وانه دراوی بۆ دوکتور هێنابوو. " ئه‌گه‌ر له گه‌ڵم بێنه‌وه و میوانمان بن پێنچ تمه‌ن، و ئه‌گه‌ریش نه‌یه‌نه‌وه و بڕۆن سێ تمه‌نتان ده‌ده‌مێ." ئێمه پشکی سێ تمه‌نه‌که‌مان هه‌ڵبژارد.
ده‌رفه‌تێکی باش
ئێسکێکی سیلاوی له باسکی ئاغا ژنی دێیه‌که دا هه‌بوو و ئاغا به‌ڵێنی دا به دوکتور و گفتی خۆشی پاراست که ده‌یهێنێ بۆ عه‌مه‌لییات بۆ میسیۆنه‌که‌ی ئێمه. ئه‌وه زۆر هه‌ستی مرۆی ده‌بزوواند ده‌ت دی خه‌ڵکی کوێر و ئیفلیجیش دێن، و پێیان وابوو ئه‌و دوکتوره گه‌وره ئه‌مریکاییه به دڵنیاییه‌وه ده‌توانێ چاره‌یان بکا. له‌وکه‌سانه‌ی له‌ده‌ورمان کۆببوونه‌وه ته‌نێ چه‌ندکه‌سێکیان خوێنده‌وارییان هه‌بوو و هێندێک بڵاوکراوه‌م دانێ. مه‌لای ئه‌و دێیه چه‌ندین ساڵ له‌مه‌وبه‌رکۆچی دوایی کردبوو، بۆیه وه‌زعی مزگه‌وته‌که ئاوا شه‌ق و شڕ بوو. ئاغای دێیه‌که که له‌و ده‌مییه‌وه سه‌رمان لێدان تا ئێستا چه‌ندین جار له شاری بووه‌ته میوانی من، زۆری حه‌ز لێ بوو له سه‌ر مه‌سیحییه‌ت بزانێ و به تایبه‌تی زۆری پێ خۆش بوو گوێی لێ بێ ئینجیل به زمانی خۆی بۆی بخوێندرێته‌وه. له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو حه‌وتوویه‌ی دا که له شاری بوو دۆستایه‌تییه‌کی گه‌رممان له نێودا ساز بوو و ئه‌و له‌به‌رم ده‌پاڕاوه دیسان بچمه‌وه دێیه‌که‌ی و ماوه‌یه‌کی درێژتر له‌وێ بمێنمه‌وه. سه‌باره‌ت به مه‌لاکان ده‌یگوت: " هیچ مه‌لایه‌ک به‌کارو زه‌حمه‌تی خۆی نان په‌یدا ناکا چونکه خه‌ڵک له نه‌زانی و تاریکایی دا ڕاده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی نانی ئه‌وان وه‌ده‌ست بهێنێ". هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و له دێیه‌که‌ی دا به دوای مردنی مه‌لای پێشوو دا چ مه‌لای تازه‌ی ڕانه‌ده‌گرت.ئێستا ماده‌په‌رستی جێی ئیمان ده‌گرێته‌وه.......
ڕۆژی سێیه‌م ئێمه به ڕێپێڵگه‌ی ته‌نگه‌ر به‌ر و ته‌بیعه‌تی خۆڕسک دا، به به‌رزایی و به نێو دۆڵ و ده‌ره‌ی قووڵ و باریک دا درێژه‌مان به گه‌شته‌که‌مان دا. ئێمه به دیتنی ئه‌و هه‌موو چاوه‌خانووه په‌ڕپووتانه‌ی که له‌و به‌ری چۆمی به دووی یه‌کدی دا ڕیز ببوون سه‌رمان سووڕما و، وا وێده‌چوو زۆریان چۆل بن و که‌سیان تێدا نه‌ژی. بۆ ئێمه کاری وه‌رزێکی ته‌واو هه‌یه، ئه‌گه‌ر مرۆ هه‌رجارێکیش بێ سه‌ری دێیه‌ک بدا، که دیاره ئه‌وه‌ش سیاسه‌تێکی میسیۆنێری لاوازه.
وه فریا هاتن
بۆ نیوه‌ڕۆیه گه‌یشتینه به‌ستام به‌گ که پۆستی عه‌سکه‌ریشی لێیه. خانووه‌کانی گڵێنه و په‌ڕپووت و خه‌ڵکه‌که‌ی برسی وه‌به‌رچاو ده‌هاتن و ڕه‌نگیان زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕابوو و دیار بوو مالاریا دایگرتوون. له‌وێ خواردنی تایبه‌تیمان شیری داغی بزن و هاروێ بوو. ئه‌وه‌نده نانه‌ی هه‌بوو بۆ ئێمه نه‌ده‌بوو به نانی ڕۆژانه‌مان. نزیکه‌ی ده‌رزه‌نێک کوردی مه‌نگوڕی گه‌نج له‌وێ گوێیان دایه باسێکی خۆمانه و ناڕه‌سمی سه‌باره‌ت به دین. دواتر، یه‌ک له‌وان بێ ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان بم ده‌ستی به قسان کرد و به ئه‌وانی دیکه‌ی ده‌گوت ئه‌وانه پیاوی به‌ئیمان و دۆعا خوێنن چونکه له کاتی دیوار ڕاکێشان به ده‌وری خانووبه‌ره‌که‌ماندا کاری بۆ من کردبوو و پێی گوتن ئه‌و پیاوه ڕێگه‌ی نه‌ده‌دا که‌س ڕۆژی یه‌کشه‌مۆیان کار بکا چونکه هه‌ر نوێژی ده‌کرد ( مولێر به کوردی وشه‌ی 'نوێژ' ی نووسیوه.ح.ق.) دیاره ئه‌و مه‌به‌ستی له دروستکردنی دیواره گه‌وره‌که‌ی پاره‌که‌مان بوو که بۆ دروستکردنی سه‌د کرێکارمان ده‌به‌ر کار نابوو. دوکتور ده‌ستبه‌جێ وه‌فریای ئاغایه‌کی گه‌نجی دیکه هات که له‌به‌ر ده‌ردی مالاریا حه‌جمینی لێ بڕابوو.
هه‌ر ئه‌و دوای نیوه‌ڕۆیه زوو گه‌یشتینه ئه‌و شوێنه‌ی که له ناوچه دا به جه‌نگه‌ڵ (وشه‌ی جه‌نگه‌ڵی به کوردی نووسیوه.ح.ق.) به نێوبانگه.له به‌ر ئه‌وه‌ی نزیکه‌ی گشت ئێران بێ دار‌و ده‌وه‌نه و شاخه‌کانی ڕووته‌نن، ئه‌م "جه‌نگه‌ڵ" ه له سه‌ر لێوی شاعیرانه و باسی لێوه ده‌که‌ن. بازاڕی سابڵاغی ئێمه دار‌و ڕه‌ژی خۆی لێره‌وه دابین ده‌کا. گوێنی، ناره‌وه‌ن، دارهه‌رمێی وه‌حشی، و جۆره‌ی وه‌حشی داری سێوی ترش، و چه‌ندین داری جۆربه‌جۆری دیکه‌ی کورته‌ڵه‌ش لێره ده‌ڕوێن. ئێستا ئێمه ده‌هاتینه نێو ته‌بیعه‌تێکی خۆڕسکتر، چۆم خێراتر ده‌خوشی، خواره‌که و پێچه‌که‌ی زیاتر بوو و شاخه گه‌ردنکه‌شه‌کان به‌رزتر ده‌بوون. لێره نه‌مان ده‌توانی به نه‌رمه‌غار بڕۆین چونکه به‌ردو چێوی جاڵه وه‌بوو ڕێگه‌ی لێ ده‌گرتین. ئێمه به دۆڵی ته‌نگ و باریک دا ده‌رباز بووین ، به سه‌ر که‌نداڵی چۆمی دا که نزیکه‌ی سێسه‌د فیت له ته‌ڕکی ئاوه‌که‌وه به‌رز بوو، زۆر به وریایی ئه‌سپه‌کانمان داژۆت. ئێره جێی بزنه کێوییانه، هه‌ر وه‌ها ئاسک، ورچ، پڵنگ، و ڕێوی. هه‌ڵبه‌ت گورگیش زۆر و بێ ئه‌ژمارن.
ڕێگه بڕین
ئه‌و شوێنه‌ی ده‌بوو بیبینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بۆ شه‌وێ بۆ حه‌سانه‌وه لێی لاده‌ین سه‌لماندی جیاوازییه‌کی نییه له گه‌ڵ ئه‌و ڕێگایه‌ی که ئێمه هه‌موو دوای نێوه‌ڕۆیه پێیدا هاتبووین. چه‌ند که‌سێکی که خه‌رێکی دارسووتاندن و ڕه‌ژی دروست کردن بوون ڕێنوێنییان کردین بچینه " نزیکترین" دێ، که له‌وێوه سه‌عاته ڕێیه‌ک بوو. دواتر ئێمه بیستمانه‌وه ئه‌و خه‌ڵووز چێکه‌رانه وایان زانیوه ئێمه پیاوی حکوومه‌تین و بۆ چاوه دێری هاتووین ؛ و به فێڵ کردن له ئێمه و دوورخستنه‌وه‌مان له دێیه‌که‌یان و به‌و درۆیه‌ی له‌گه‌ڵیان کردین خزمه‌تی به‌که‌لکی دوکتورێکی گه‌وره‌یان له کیس خۆیان دا. دره‌نگانێک گه‌یشتینه دێیه‌که، به‌ڵام بۆمان ده‌رکه‌وت چۆله و که‌سی تێدا ناژی. تاو له مێژ بوو په‌ڕیبوو، به‌ڵام له به‌ر برسێتی و سڵامه‌تی خۆمان هه‌رچۆنێک بوو به‌ره‌و ئاورێک چووین که چه‌ندین سه‌د فیت له ژوورتر داییسا و بڵێسه‌ی ده‌ده‌دا. ده‌رزه‌نێک ، سه گورگی زلی، دڕ که دیار بوو سه‌گی شوانن پێمان ده‌وڕین وئاوا به پیلمانه‌وه هاتن. له‌هه‌موو شوێنێک مه‌ڕ و بزن تێکیان داویشت و خۆیان به ده‌وه‌نان دا ده‌کرد. له‌وێ بار‌و به‌ندیلمان داگرت و له به‌ر ڕووناکایی هۆبه‌که دا ته‌خته سه‌فه‌رییه‌کانمان کرده‌وه.سێ یان چوار ژنی که‌ڵه‌گه‌تی تۆکمه له تاوڵه ڕه‌شه‌کانیان هاتنه ده‌رێ و به ده‌نگی گێراو وبه‌رز به‌خێرهاتنیان کردین و له گه‌ڵ هه‌رقسه‌یه‌کی ده‌یان کرد ده‌ستی ڕاستی خۆیان له سه‌ر چاویان داده‌نا " یاره‌ببی به‌خێرن، سه‌رچاوی ده‌مه هاتن!" ئێمه پرسیمان کوا مه‌زن و ئاغایان له کوێیه؟: و‌ڵامیان داینه‌وه: " وه‌ڵڵا ئێره چ پیاوی لێ نییه." دیاره هیچ ژنێکی ئێرانی قه‌ت قسه‌یه‌کی ئه‌وتۆ ناکا، به‌ڵام ئه‌و خه‌ڵکه زه‌حمه‌تکێشه چیایی یه له قسه کردن و ئاکاریان دا ئازادن و له باری ئه‌خلاقییه‌وه خاوێن و پاکن. ئه‌و ژنانه ئیدی چبڕ چادری ئیسلامی به‌کار ناهێنن وه‌ک ئه‌وه‌ی ژنان له شاری ده‌یکه‌ین
(زیاتر دواتر.)
No comments:
Post a Comment