ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری ئا.موڵیر له سابڵاغه‌وه 4
ده‌ستچنێکی نامه‌کانی هێنری ئا.موڵیر له سابڵاغه‌وه ( 4)
حه‌سه‌نی قازی
له ژماره‌ی 1ی، ساڵی 26ی ' لووتێران ئۆریانت می‌شن' ژانڤییه‌ی 1934 پاشماوه‌ی گه‌شتی هێنری ئا. مولێر و هاوڕێیه‌کانی بۆ نێو مامه‌شان، مه‌نگوڕان، گه‌ورکان و سه‌رده‌شت بڵاو کراوه‌ته‌وه
پشت به خوڵای ، به‌ره‌و پێشه‌وه
چه‌ند منداڵه شوانێکمان نارد بچن و ئاغا ببیننه‌وه. دا پیره‌یه‌ک که مالاریا لێی کۆن کردبوو و بڕستی لێ بڕیبوو له‌به‌ر دوکتور پاڕاوه هێندێک ده‌رمانی بداتێ، به‌ڵام دوکتور هه‌تا ئاغا نه‌گاته‌وه داوخوازییه‌کی به جێ نه‌هێنا. له‌وێ پێیان گوتین هیچ نانیان نییه جا بۆیه ئێمه بۆ ئه‌وه‌ی برسێتی خۆمان بشکێنین هه‌ر به خواردنه‌وه‌ی دۆیه‌کی خه‌ستی ترش ڕازی بووین. که‌م خۆراکی، له به‌رزاییه‌کی نزیکه‌ی 10000 فیتی دابوون، سه‌رباقی گه‌نه‌ی مه‌ڕی، بۆن و به‌رامه‌ی توندی بزنان و، سی سه‌گێکی که هه‌ر به له‌رانه‌وه‌ی گه‌ڵای دارێک ئه‌وه‌نده‌ی پێیان کرابا ده‌وه‌ڕێن، هه‌موو ده‌ستیان دابووه ده‌ست یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌وه خه‌وێکی که‌ممان بچێ ده‌چاوییه‌وه.دیاره نابێ له به‌ر گۆڕه‌وییه که‌سکه‌کانی دوکتور بووبێێ، چونکه هێشتا هه‌وا تاریک بوو که یه‌کێک له ئه‌سپه‌کان قه‌پێکی باشی به لاقی دوکتور دا کرد. دیاره ئه‌وه ئیدی بۆ قورمیش کردنی سه‌عاتی بۆ ئه‌وه‌ی پێی وه‌خه‌به‌ر بێن هه‌ڵوه‌شانده‌وه.به‌ره‌و کانیاوێکی سارد چووین و ئاوژه‌نی سه‌ری به‌یانیمان تێدا کرد. ئاغا زۆر داوای لێبوردنی لێ‌کردین له به‌ر ئه‌وه‌ی لهوزهی دانییه به باشی میوانداریمان لێ بکا. به‌هارێ نزیکه‌ی گشت ماڵاته‌که‌ی له‌برسان مندارببوونه‌وه و، ئێستا ئاردیان لێ ته‌واو ببوو و هێشتاش خه‌له و خه‌رمانی تازه هه‌ڵنه‌گیرابوو. ئه‌وان ئه‌و "نانی جۆ" یه‌ی بوویان له پێشیان داناین که دوکتور کاکران نموونه‌یه‌کی له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵگرت. دیاره ئه‌گه‌ر ئه‌و نانه له پێستی داری سازکرابا به دڵنیاییه‌وه جووین و هه‌زم کردنی زۆر هاسانتر ده‌بوو. جارێکیان میسیۆنێرییه‌ک گوتبووی: " ئێمه نه‌ک هه‌ر ده‌بێ بۆ نانی ڕۆژانه‌مان شوکرانه بژێر بین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویست بکا ته‌نه‌نات ده‌بێ بۆ هه‌بوونی په‌رده‌یه‌کی دیکه له گه‌ده‌مان دا بپاڕێینه‌وه!" به ده‌م ڕێوه ئیسوپرووسکی به هه‌زاران ماڵاتمان دی که له ماوه‌ی به‌هاری ڕابردوو له‌سه‌رتاسه‌ری کوردستان دا ته‌له‌ف ببوون له‌به‌ر زستانی دره‌نگ وه‌خت کاتێک که 'کا و گیا و جۆ' له دانگه‌یان بڕابوو [ ئه‌وه هه‌ر ئه‌و زستانه‌یه که سه‌یفولقوزات باسی لێوه کردووه. ح.ق]. ئه‌و کوردانه، له عه‌شیره‌تی گه‌ورک بوون، نه‌خوێنده‌وار و نه‌دار به‌ڵام هه‌تا بڵێی ڕێزی خۆیان له‌به‌ر بوو. کاتێک ده‌ڕۆیشتین پیاوێکی پیر ده‌سته ناتوانایه‌کانی هه‌ڵێنا و له به‌ڕێ کردن دا پێی گوتین " خودا‌و ده‌گه‌ڵ بێ " [ ئه‌م ڕسته‌یه‌ی به کوردی نووسیوه. ح،ق.]
هه‌ر ڕێبوارێکی به ئێرانێ دا تێبپه‌ڕێ به‌شی خۆی له زانیاری هه‌ڵه که ده‌بێته هۆی جاڕز بوونی مرۆ، پێ ده‌بڕێ. دوایه بۆمان ده‌رکه‌وت ئێمه مه‌ودای سه‌رده‌شتمان له‌و جێیه‌وه‌ی لێی بووین 12 سه‌عات خراپ حیساب کردبوو. هه‌رکه‌سه‌ی تووشی دێی و لێی ده‌پرسی وڵامێکی جیاوازت ده‌داته‌وه؛ یه‌ک گوتی سێ سه‌عاته ڕێیه، یه‌کی دی گوتی شه‌ش سه‌عات، ته‌نانه‌ت یه‌کی دیکه پێکێشی ده‌کرد که دوو ڕۆژه ڕێیه. له ڕاستیدا هیچ کامیان نه‌یان ده‌زانی سه‌عات چییه و له‌وانه‌یه پێیان وابووبێ ڕۆژێک شه‌ش سه‌عاته بۆ سه‌ردانی دۆستێک له دێیه‌کی قه‌راغ ڕێ. دیاره ئه‌وه له ڕوویه‌ک زیاتره‌وه کارێکی پێشه‌نگانه‌یه و ئه‌من هیوادارم ڕۆژێک خه‌ڵکی دیکه‌ی که ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی من ده‌خوێننه‌وه ئه‌و قسانه‌یان که‌متر پێ ناکۆک بێ له‌و زانیاری و نه‌خشه بوومیانه‌ی که به‌ده‌سته‌وه‌ن.
ئێره یه‌ک له دۆڵه هه‌ره‌قووڵه‌کانی ئێرانه، نزیکه‌ی دووهێنده‌ی به‌رزایی نیاگارا. له تاوهه‌ڵاتی به‌ری به‌یانی دا ئه‌و ڕووباره‌ی به ته‌ڕکی ته‌نگه‌به‌ری دۆڵه‌که دا ده‌خوشێ وه تاڵه زێو ێک ده‌چێ که به سه‌ر زه‌وی دا قه‌ڵبه‌زی به‌ستووه.ئێمه به‌شی خۆمان له تووی شیرن خوارد که به ده‌م ئاژۆتنه‌وه ده‌ستمان ده‌یانگه‌یشتێ و لێمان ده‌کرده‌وه.
گای قه‌ڵه‌و
بۆ نیوه‌ڕۆ گه‌یشتینه " گا کوژه" . ئه‌و دێیه که تازه دروست کراوه، خانووه‌کانی وه‌ک ئه‌وانی دیکه وایه و، له قه‌دی شاخی سازکراوه به شێوه‌یه‌کی ئاوا که سه‌ربانی ماڵێک ده‌بێته هه‌یوانی ئه‌و خانووه‌ی به‌رزتره. ئه‌و شێوازه له خانوو سازکردنه خه‌تی ته‌له‌فون و ده‌ستوێڕاگه‌یشتنی خۆماڵی کوردیش پێک ده‌هێنێ و ده‌کرێ به‌هاسانی برینج، ڕۆن، مریشکێکی زیندوو، یان تاقه که‌وچکێکی که له دێیه‌که‌دا بۆ میوانی به‌وه‌ج له‌به‌رچاو گیراوه پێیدا ده‌ستاوده‌ست بکا. ئه‌وه‌ش به‌و ڕێگایه‌دا هه‌ر دراوسێیه‌ی به مست له دیواره‌که‌ی ده‌دا یان به کونێکی پچووک ڕا که به‌ره‌و ماڵی دراوسێ کراوه‌ته‌وه قسه ده‌کا یان له سه‌ربانییه‌وه هه‌را ده‌کا تا ئه‌وه‌ی په‌یامی مه‌به‌ست ده‌گه‌یێنێ یان ئه‌و شته‌ی داوای ده‌کا ده‌گاتێ. ئه‌وه زۆر هاسانه، و زۆر چاک هه‌ڵده‌سووڕێ.له زۆر ڕووه‌وه ئه‌و سه‌رۆکه جه‌نگاوه‌رانه به شێوه‌ی ژیان، داب و شوێن، و نه‌ریتی خۆیان وه ئێندیانه ئه‌مریکاییه‌کانی خۆمان ده‌چن. ئاغای ئه‌و دێیه تا ڕاده‌یه‌ک به شه‌رمه‌وه بۆی گێڕاینه‌وه، هه‌ر له‌و شوێنه کاتێک خه‌ریکی ڕاو بووه له بن ده‌وه‌نێک دا شتێکی ڕه‌شی دیوه و پێی وابووه ورچێکی ڕه‌شی گه‌وره‌یه و گرم ته‌قه‌ی لێکردووه و دوایه زانیویه ئه‌وه گا قه‌ڵه‌وه‌که‌ی خۆیه‌تی ئه‌نگاوتوویه بۆیه ئه‌و نێوه له‌م دێیه نراوه.
ئێمه له بن چارداخێک دا نانمان خوارد و حه‌ساینه‌وه. خه‌ڵکی ئه‌و ناوچه‌یه له جیات شه‌کر شتێک به کار ده‌هێنن که پێی ده‌ڵێن " گه‌زۆ" [ گه‌زۆی به کوردی نووسیوه. ح.ق.] گه‌زۆ له ئاونگی شیرنی گه‌ڵای داربه‌ڕوو ساز ده‌کرێ .دوای ماوه‌یه‌ک " ئاو تێوه‌گه‌ڕان" شێوه‌ی کڵۆ قه‌ندی پچووک به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ، گه‌ڵاکان دوای ویشک بوونه‌وه ده‌هاڕدرێن. ئه‌وه تاڕاده‌یه‌ک وه‌ک جۆره‌یه‌ک شه‌کری مه‌یله‌و که‌سکی زووری لێ دێ و ته‌واو ئیشتیای مرۆی بۆ ده‌چێ. به‌ساڵانی زۆر لهمهوپێش ئاغای ئه‌و دێیه هێندێک چاپه‌مه‌نی عیسایی له شوێنێکی دیکه کڕیبوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به نێوه‌رۆکی ئه‌وان له بیری دا مابوو له گه‌ڵ نهریتگهلی ئیسلامی تێکه‌ڵی کردبوو. ئه‌و به‌خۆشییه‌وه ئینجیله‌کانی لوقا و یوحه‌نای به جوێی وه‌رگرت. ئاغایه‌کی دیکه‌ش که له‌وێ میوان بوو به‌شی خۆی درایێ.
بۆ سه‌عات سێی دوای نیوه‌ڕو دیسان هاتینه‌وه سه‌ر چۆمه سه‌رکێشه‌که، که‌س ئاماده نه‌بوو یه‌که‌م که‌س بێ لێی بپه‌ڕێته‌وه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌وێدا ڕێگای سه‌رده‌شت نزیکتر ده‌بووه‌وه و ئێمه دامان نابوو بۆ ئێوارێ له‌وێ بین ده‌بوو له چۆمه‌که ده‌ین. ئێمه وامان پێ باشتر بوو له پێشدا ئه‌سپه‌کان به باروبه‌ندیله‌کانمانه‌وه له‌چۆمی نه‌ده‌ن له ترسی له کیس دانی ئه‌و ده‌رمان و چاپه‌مه‌نییه به‌نرخانه‌ی پێمان بوون، جا چ ده‌گا به نوێن و بانه‌که‌مان.
یه‌که‌م که‌سی که وێرای بپه‌ڕێته‌وه بۆخۆم بووم و کاتی په‌ڕینه‌وه‌ی ئه‌وانیدی وێنه‌م گرتن. ڕۆژێک ئێمه حه‌وجێمان به کۆداکێکی سینه‌مایی ده‌بێ. تاوپه‌ڕان گه‌یشتینه "باسکه‌دوو"، که ده‌کرێ نێوی لێبنێن ده‌روازه‌ی سه‌رده‌شت، شوێنێکی پچووک که به قه‌د پاڵی شاخییه‌وه دروست کراوه و به‌رزایی هه‌زار فیته و ده‌ڕوانێته دۆلی چۆمی که‌ڵوێ به لای ڕۆژهه‌ڵات دا.
به‌خێر بێن بۆ سه‌رده‌شت
له ڕۆژی پێنجه‌می ده‌رکه‌وتنمان له ماڵێ ( سابڵا‌غ) گه‌یشتینه سه‌رده‌شتێ. به کورتی ئه‌وه شارێکه له سه‌ر کوتێکی سنووری نێوان ئێران - عێراق هه‌ڵکه‌وتووه، چه‌ندین هه‌زار دانیشتووی هه‌یه و، له‌و ماوانه‌ی دوایی دا له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌ور و به‌ری قاییم کراوه دووجار به‌ده‌ست کورده پژده‌رییه‌کان سووتێندراوه و تاڵان کراوه.چما بێگانه به بێ پاسه‌وانی نیزامی بۆیان هه‌یه بێنه نێو شاری ؟! بۆیه ده‌ستبه‌جێ ئێمه‌یان بۆ لێپرسینه‌وه برده قه‌رارگای فه‌رمانده‌ری نیزامی، ئه‌فسه‌رێک لێمان هاته پێشێ و داوای پاسپۆرته‌کانی لێ کردین.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فه‌رمانده‌ره‌که خۆی، پیاوێکی زۆر له سه‌ردڵان بوو و ده‌ستبه‌جێ به‌خێرهاتنی کردین و دڵنیایی پێ داین. هێنده‌ی پێ نه‌چوو پێی گوتین له مه‌دره‌سه‌ی ئه‌مریکایی له ته‌ورێز خوێندکار بووه و له به‌ر ئه‌وه‌ی زۆر به‌دفه‌ڕ بووه له‌وێ ده‌رکراوه.چاوه‌کانی هێشتا ڕچه‌یه‌کی به‌دفه‌ڕایه‌تی پێوه دیار بوو، پێی گوتین ئه‌و خۆشی سه‌ربازه‌کانی ده‌ر ده‌کا بێتوو ئه‌و به‌دفه‌ڕییه‌ی بۆخۆی کردوویه‌تی بیکه‌ن. ئه‌و زۆرێک له میسیۆنێرییه ئه‌مریکاییه‌کانی به شه‌خسه ده‌ناسی. ئه‌مریکاییه‌کان میراتێکی ده‌وڵه‌مه‌ندیان له ئێران له دوای خۆیانه‌وه به‌جێ هێشتووه و بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه هه‌ر ده‌بێ سپاسی خوڵای بکه‌ین و شوکرانه‌ی ببژێرین.
ژماره‌یه‌ک له ئه‌فسه‌رانی ئێرانی له سه‌رده‌شت له ساڵی 1308ی هه‌تاوی. ڕه‌نگه ئه‌وه هه‌ر ئه‌و ئه‌فسه‌ره ئێرانییانه بن که هێنری ئا. مولێر باسیان ده‌کا. ئه‌م وێنه‌یه له ئاڵبۆمی سه‌رتیپ سه‌یفی ئه‌فشاری قاسملوو وه‌رگیراوه
خه‌به‌ری ئه‌وه‌ی که دوکتورێکی ئه‌مریکایی گه‌یوه‌ته شاری زۆر به خێرایی بڵاو بووه‌وه. داب و شوێنی ئێرانی ناچاری کردین بچین و سه‌ر له هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی شاره‌که بده‌ین و ئه‌وانیش وڵامی سه‌ردانی ئێمه بده‌نه‌وه و بێنه لامان،له‌و چاوپێکه‌وتنانه دا هه‌ر پیاڵه‌چایی بوو و فڕمان ده‌کرد. چه‌ند که‌سێک له دۆستانی سابڵاغی هاتنه سه‌ردانمان، خه‌به‌ر و باسی خزم و که‌سوکاری خۆیان و "دنیای ده‌ره‌وه" یان لێ پرسین.ئه‌وان ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕی بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌ر پێداویستییه‌کی که له‌وانه‌بوو هه‌مان بێ. چه‌ندین ئێرانی مه‌سیحی (موسوڵمانی پێشوو) هاتنه لامان و داوای دوایین چاپه‌مه‌نیان لێ‌کردین. ئێمه هه‌موو ڕۆژه‌که له‌و دیوه چکۆڵه‌یه‌ی به‌کرێمان گرتبوو و وه‌ک ده‌رمانگه، دیوی چاوه‌ڕوانی و نێوه‌ندی کاری ئینجیلی به‌کارمان ده‌هێنا، سه‌رمان قاڵ بوو. لێره دا ده‌بێ هێندێک زیاتر باسی هاووڵاتییه ئه‌مریکاییه‌که‌مان ئاغای وێست Mr. West تان بۆ بکه‌م. هه‌ر که گه‌یشتینێ ئه‌و داوای کرد ته‌خته سه‌فه‌رییه‌کی بۆ په‌یدا که‌ین چونکه "چه‌ق و تا" پرزه‌ی لێ بڕیوه و ده‌بێ لێی بکه‌وێ. تین و تای هه‌ر زۆرتر ده‌بوو و ڕۆژی دووه‌م دوکتور ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوو تووشی نه‌خۆشی که‌وتوویی بووبێ. سه‌رله‌به‌یانی یه‌کشه‌مۆ دوکتور گوتی به داخه‌وه ئاغای وێست تووشی ئه‌و نه‌خۆشییه هاتووه و ئێمه ده‌ستبه‌جێ ده‌بێ به‌ره‌و ماڵ ببینه‌وه، چونکه له‌و هه‌لومه‌رجه دا نه نه‌خۆشه‌که و نه دوکتور ده‌یانتوانی مانگێک بمێننه‌وه.
ئێره به‌ڕاستی شوێنێکه بۆ کار کردنی دوکتوران!
دۆستانی خۆشه‌ویست، دیاره مرۆ له هه‌ر کوێیه‌کی بێ ساغ و سڵامه‌تی له‌ش شتێکی باشه، به تایبه‌تی له ئێران. دیاره کاتێک مرۆ نه‌خۆش بێ، هیچ جێیه‌ک وه‌ک ماڵی خۆی. لێره ده‌ست که‌وتنی ماشێنێک بۆ ئه‌وه‌ی ئاغای وێست ی پێ ببه‌ینه‌وه هه‌ڵناسوورێ. ئه‌ی فڕۆکه‌یه‌ک چی؟ به سه‌دان دۆڵاری تێده‌چێ بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ فڕۆکه‌یه‌ک له تارانه‌وه به کرێ بگرێ، سه‌رباقی ئه‌وه‌ش لێره که‌سی مه‌ده‌نی ناتوانن خه‌تی پێوه‌ندی نیزامی به کار بهێنن. بێتوو فڕۆکه‌ش ده‌ست بکه‌وێ داخودا له‌م هه‌ڵدێرانه‌دا جێیه‌ک بۆ دابه‌زین و هه‌ڵنیشتنی په‌یدا ده‌بێ؟ داخودا ده‌توانین نه‌خۆشه‌که بۆ مه‌ودای 50 میل له سه‌ر داربه‌ستێکی ته‌قوله‌ق ڕاگوێزین. له نێو خۆمان دا باسی گشت ئه‌و پشکانه‌مان کرد.بۆ وێنه که‌یسی برامان پفیفێر Pfeifer وه بیر بهێننه‌وه، ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌جێ ده‌رفه‌تێکی باشی ده‌رمانی له به‌رده‌ست دا بووبا، ئه‌و ئاوا زوو نه ده‌بووه قوربانی ئه‌و مالاریایه نگریسه.چه‌ندین ساڵ لهمهوپێش یه‌کێک له باشترین کرێکارانی ئینجیلی له ورمێ له گه‌شتێک دا نه‌خۆش که‌وت، به په‌له گه‌یاندراوه ماڵێ و برا بۆ نه‌خۆشخانه، به‌ڵام له پێگه‌که‌ماندا لێره مرد.چه‌ند که‌س له ئێوه له قووڵایی دڵه‌وه بیرتان له‌و ڕاستیه کردووه‌ته‌وه که دوکتورێک بۆ کرێکارانی خۆشتان پێویسته؟ ئه‌و گه‌شتانه ئه‌وه‌نده زۆر بوون وه‌ک ئه‌وه وایه مرۆ گه‌یبێته لووتکه‌ی وڵاتی ئی نه هیچکه‌س . به‌ڵام ئێمه درێژه ده‌ده‌ین به ئه‌وه‌ی بوێرین شه‌ڕی خێر نه‌خوازان بکه‌ین.
له‌و گه‌شته دا دوکتور زیاتر له سه‌د نه‌خۆشی موداوا کرد. چه‌ندین عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی چکۆڵه‌ی به‌ڕێوه‌برد و ڕه‌چه‌ته‌ی بۆ ژماره‌یه‌کی له‌وه‌ش زیاتر نووسی. به‌ڕاستیش بۆ من زۆر خۆش بوو به زمانی خۆیان قسه له گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه بکه‌م. ئه‌گه‌رچی ئه‌وان سه‌ر به عه‌شیره‌تی جیاواز بوون به‌ڵام کوردیی موکری کلیلی گشت له‌هجه‌کانی ئه‌و شوێنانه‌یه که ئێمه سه‌رمان لێدان. له به‌ر ئه‌وه‌ی دوکتور کاکران به ترکی، فارسی، و سریانی، جگه له ئینگلیسی و ئه‌ڵمانی قسه ده‌کا، هه‌موو جارێ داوای یارمه‌تی لێده‌کردم بۆ قسه وه‌رگێڕان له گه‌ڵ ئه‌و کوردانه‌ی که هیچ فارسییان نه‌ده‌زانی. ئێستا قسه‌کردنی ئاسایی به کوردی بۆ من هاسان بووه به‌ڵام له کاتی قسه کردن له گه‌ڵ چینی مه‌لایان دا له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و وشه و زاراوهیانهی به‌کاری ده‌هێنن زۆری عه‌ڕه‌بین و ڕسته‌به‌ندی ئیسلامیان لێ ده‌بارێ ده‌بێ پشت به یاریده‌ده‌ر ئینجیلییه‌که‌م ببه‌ستم.
مه‌به‌ستی دوکتور له‌و گه‌شته بۆ هه‌موان ئاشکرا بوو، زیاتر له به‌ر بوونی وی، ئه‌من چ دوودڵ نه‌بووم له‌وه‌ی به ئازادانه باشترین ئه‌ده‌بییات و چاپه‌مه‌نی خۆمان له‌وانه ئینجیله‌کان بده‌م به فه‌رمانده‌ر، فه‌رماندار، به‌ڕێوه‌به‌ری مه‌دره‌سه، کاربه‌ده‌ستانی گومرک، و ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی که زیاتر سه‌ر به چینی خوێنده‌وار بوون. هه‌موو ده‌رگاکان به‌ڕووی دوکتور دا ده‌کرێنه‌وه‌و ئه‌و ده‌توانێ په‌یامی پێویست به خه‌ڵک بگه‌یێنێ، خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که به‌که‌سری شانی ده‌زانن ته‌نانه‌ت وڵامی سڵاویشمان بده‌نه‌وه. بۆ وێنه داخودا ئه‌وه باش نییه مرۆ ببیستێ دوکتورێکی عیسایی ڕاسته‌وڕاست به سه‌ر مه‌لایه‌کی پایه‌به‌رز دا بگوڕێنێ و پێی بڵێ: " ئه‌تۆ نابێ له‌وه دڵپه‌شێو بی داخودا شه‌ڕاب نه‌خۆشی سیفلیسه‌که‌ت خراپتر ده‌کا یان نا، له گه‌ڵ خوڵای خۆت ڕاست به و به خاوێنی بژی." (" من گشت ئه‌وانه‌م له تافی لاوێتیمه‌وه ڕاگرتووه") " هێنری، داده‌ی ده‌قی ئه‌و وه‌عزه‌ی سه‌ر شاخیم بده‌یه، سووچ و گوناح چییه، و بڵاڤۆکێک له سه‌ر خواردنه‌وه‌ی ئه‌ڵکۆڵ. فه‌رموو کاکی مه‌لا، ئه‌وانه بگره و بیانخوێنه‌وه و بڕۆ ئه‌وه‌ی پێت ده‌ڵێن بیکه".
سه‌باره‌ت به چوونی سه‌رده‌شت ئه‌من ده‌بێ بڵێم به ڕاستی به‌خێریان هێناین، و ژماره‌یه‌کمان له دۆستانی نوێ زیاد کرد. له به‌ر ئه‌وه‌ی دوکتورمان له گه‌ڵ بوو کاربه‌ده‌ستان ده‌ستیان وه‌به‌ر نه‌هێناین و گه‌شتی ئاوایان پێ باش بوو. به لێبڕاوی داوایان لێ‌کردین له‌وێ پێگه‌یه‌کی ڕێکوپێک و هه‌میشه‌یی دامه‌زرێنین و، چه‌ندین کوردی پژده‌ریش ئی به‌ری عێڕاقی سنوور تکایان لێ‌کردین سه‌ر له ئه‌وانیش بده‌ین.
په‌له کردن بۆ گه‌یشتن به نه‌خۆشخانه
نه‌خۆشه‌که‌مان که تیفۆئید دایگرتبوو ئه‌وه‌نده‌ی هێز ده‌به‌ر دا مابوو خۆی له سه‌ر ئه‌سپ ڕابگرێ.بۆیه ئێمه سه‌عات 3:30 دوای نیوه‌رۆ له گه‌ڵ پۆلیسی نیزامی که ئێسکۆرتیان ده‌کردین به‌ره‌و ماڵێ (سابڵا‌غ) وه‌رێ که‌وتین. هه‌موو کاربه‌ده‌ستانی سه‌رده‌شت هاتبوون بۆ به‌ڕێکردنمان. ده‌مانه‌ویست حه‌وتوویه‌ک زیاتر بمێنینه‌وه، به‌ڵام ئه‌و جاره‌یان ئه‌وه نه‌کرا. بۆ شه‌وێ، له ته‌نیشت چۆمی که‌ڵوێ له پردی وه‌تمان ئاوا چادرمان هه‌ڵدا. ڕۆژی دووشه‌مۆ: یازده سه‌عات به سه‌ر زینی ئهسپانهوه بووین، له ڕێیه ئێرانییه‌کی نیوه مردوومان دیتوه که چه‌نه‌گه‌ی شکا بوو ، قوربانی جه‌رده‌یه‌کی کوردی پژده‌ری بوو. ئه‌و قوربانییه چاره ڕه‌شه‌مان سواری ئه‌سپی خۆمان کرد و ڕێی نیوه‌ڕۆژێک هێنامان به‌ره‌و شاری. دراومان دا به ئه‌فسه‌رێک ئه‌سپێک په‌یدا کا و ده‌ستبه‌جێ ئه‌و پیاوه که له سه‌ر مردن بوو بنێرێ بۆ سابڵاغێ و له‌وێ دوکتور کاکران حه‌ول ده‌دا گیچ له چه‌نه‌ی بگرێ و بیهێنێته‌وه جێ. کابرای ئه‌فسه‌ر دراوه‌که‌ی "خوارد" [ هێنری مولێر نووسیویه: The officer ‘ate’ the money ] و ئه‌و پیاوه کۆڵه‌واره به چه‌نه‌یه‌کی چڵکردووی زامداراوه حه‌وتوویه‌ک دوای ئه‌وه‌ی دوکتور کاکران سابڵاغی به‌جێهێشتبوو گه‌یشته ئه‌وێ. شه‌وداهابوو و ئێمه هێشتا نه‌گه‌یشتبووینه‌وه سابڵاغێ. کاروانێکی تاک بۆ شه‌وێ له‌وێ چادری هه‌ڵدابوو و ئێمه بیرمان لێکرده‌وه لای ئه‌وان لاده‌ین. به‌ڵام هه‌ر که خه‌ریک بووین لێیان نزیک ببینه‌وه پیرێژنێکی ده‌م هه‌راشمان لێ وه‌ده‌ر که‌وت و به سه‌ر خزمه‌تکاره‌کانمان دا گوڕاندی: " نه نان، نه گیا، نه هیچ، و ته‌نانه‌ت کوتێکیشمان نییه بۆ سه‌ی کافر." سه‌عات 9ی شه‌وێ گه‌یشتینه " گوێچکه ده‌رێ" بێ ئه‌وه‌ی شێومان هه‌بێ، هه‌موو شه‌وه‌که بایه‌کی توند هه‌ڵی کردبوو.نانی به‌یانیشمان هه‌ر نه‌خوارد و وه‌ڕێکه‌وتین به‌و هیوایه‌ی دوای ماوه‌یه‌کی کورت له چاییخانه‌یه‌کی سه‌ر ڕێیه لاده‌ین. دووسه‌عات و نیو به سواری بێ ئه‌وه‌ی شه‌وی پێشوو هیچمان خواردبێ، فکری لێ بکه‌وێ ئه‌وه بۆ ئینسانێکی ئیشتیای له به‌رچایی بێ چۆن ڕاده‌برێ! لێره ئاغای وێست سه‌عاتێک حه‌ساوه و به‌و هه‌لومه‌رجه‌ی تێیدا بوو له هه‌موومان ئازاتر بوو. لای نیوه‌ڕۆیه، ئێمه وه‌سه‌ر شاخی به‌رزی لای باشووری سابڵا‌غ که‌وتین، و شاره‌که‌مان له بن پێ دابوو، له‌وێوه دیمه‌نی ده‌ریاچه‌ی گه‌وره‌ی خوێی ورمێ‌ش سی میلێک به‌ره‌و باکوور لێمانه‌وه دیار بوو.
دیسان له ماڵێ
هه‌ر چۆنێک بوو به سڵامه‌تی گه‌یشتینه‌وه ماڵێ. ببوره سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته زیاتر باسی " خۆم" کردووه، چونکه هیوا دار بووم ئێوه بکرێ بزانن که دوکتور کاکران چۆن باسی ئه‌و سه‌فه‌ره ده‌کا. دوکتور کاکران له هه‌موان زیاتر به‌وه فرووسماو بوو که ئێمه ده‌رگای کوردانمان به‌ڕوو دا کراوه‌ته‌وه. ئه‌و پێی گوتم: " مولێر، ئه‌تۆ کارێکی زۆر گه‌وره‌ت به ده‌سته‌وه‌یه!" ئه‌و گه‌شته بۆ دوکتور ده‌ستکه‌وتێکی دارایی نه‌بوو ( میسیۆنه‌کان قه‌ت به دووی ئه‌وه دا نین)، به‌ڵکوو ده‌رفه‌تێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌تی خۆی پێشکێش بکا.ئێمه‌ش به نۆره‌ی خۆمان 250 کتێب، چاپکراو و بڵاڤۆکمان بڵاو کرده‌وه، له‌وانه15 به‌رگ ئینجیل، چه‌ندین ده‌قی مه‌زموور، سێ ده‌قی چاخی نوێ، په‌نجاوپێنج مه‌وعیزه‌ی سه‌رشاخی، به نۆ ڕۆژان ، و گه‌ڕان به ڕووبه‌رێکی نزیک150 میلی دا. له سابڵاغێ دوکتور زۆر عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی دیکه‌ی کرد و چاوی له نه‌خۆشی دیکه کرد. بۆ ئاغای وێست: وڕێنه، کیسه‌ی سه‌هۆڵ و ماشێنێک بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌یێنێته نه‌خۆشخانه ( له ورمێ) که به‌زه‌حمه‌ت به‌رگه‌ی هێرشی چه‌ق و تایه‌کی 25 ڕۆژانه‌ی گرت. بۆ منیش: ئه‌سپێ پشکنین، حه‌مامێکی گه‌رم ، خواردنێکی باشتر و نوێن و بانێکی خاوێن.
ئێمزا: هێنری ئا. مولێر
No comments:
Post a Comment