Thursday, April 21, 2011

سەد ساڵ تەمەنی کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات



سەد ساڵ تەمەنی کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات

ماتیو هەند، بەڕێوەبەری کاروباری نێو نەتەوەیی
کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات




له‌ 27ی سێپتامبری 2010 "Lutheran Middleeast Development " کە خۆی بە میراتگری ڕاستەقینەی "کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات" دەزانێ لە جووتە شاری سەنت پۆل – مینا پۆلیس لە ئەیالەتی مینێسوتا کە پێگەی کەونارای ئەو کۆمەڵەیە بووە، جێژنی سەد ساڵەی دامەزرانی ئەو کۆمەڵەیەی پیرۆز کرد. بە پێی قسەی بەڕێز ماتیو هەند، وەرگێڕان،لێکۆڵینەوە و ناساندنی چالاکییەکانی مێسیۆنێرەکانی ئەو کۆمەڵەیە چ بە نووسین و چ وەک بەڵگە فیلم بە زمانی کوردی ، یەكێک لە دنە سەرەکییەکانی ئەوان بۆ بەڕێوە بردنی ئەو ڕێوە ڕەسمە بووە. بۆ ئەو بۆنەیە کۆمەڵەکە حەولی دا بوو تا ئەو جێیەی هەڵدەسووڕێ خزم و کەسوکاری مێسیۆنێرەکان بانگهێشتن بکا کە لە نێو ئەوان دا یای ئێستەر فاسووم و مووریس وی لە میوانانی دیاری و تایبەتی ئەو بۆنەیە بوون.
لەو پێوەندییە دا لە گەڵ ئەوەش کە چەند مانگێک بە سەر ئەو ڕێوڕەسمە دا تێپەڕیوە، بەڕێز ماتیو هەند بەڕێوەبەری کاروباری نێونەتەوەیی Lutheran Middleeast Develompent ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوەی بە تایبەتی بۆ " ڕوانگە" نووسیوە.
حەسەنی قازی



ماتیو هەند، بەڕێوەبەری کاروباری نێو نەتەوەیی
کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات



سەد ساڵ دوای ئەوەی ل.ۆ.فاسوم ئەو میسیۆنەی بۆ خزمەت بە کوردان دامەزراند، کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات لە ٢٧ی مانگی سێپتامبری ٢٠١٠ جێژنی ساڵوەگەری دامەزرانی خۆی گرت. لەو جێژن و پیرۆزباییە دا کە گشت ئەو ڕۆژە لە حەوزەی لوتێری لە جووتە شاری سەنت پاول – میناپۆلیس لە مینێسوتا بەڕێوەچوو ،سەرۆکی حەوزەی لوتێری دوکتور ڕیچارد بلیس، مامۆستایانی زانکۆکە و بە سەدان لە پشتیوانانی ئەو میسیۆنە مێژووییە بەشدارییان کرد. میوانانی تایبەتی لەو ڕێوڕەسمە دا بریتی بوون لە جەنابی مووریس وی، نەوەی م.ۆ. وی (هاو دامەزرێنەی کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات) و ئێستەر فاسووم و جان لیگرێ، کچ و نەوەی ل.ۆ.فاسووم.

جێژنەکە بە پاڕانەوە دەستی پێکرد و بەدوای ئەوە دا بەڕێز موبین دونەن کە لە کوردستانەوە بۆ بەشداری لەو جێژنە دا هاتبوو موسیقای کوردی پێشکێش کرد.دوایە نانی نێوەڕۆ خورا و ئارشیڤی زانکۆی لوتێری بە بەشداران ناسێندرا. لەو ئارشیڤە دا زۆر سەنەد و بەڵگەی گرینگی میسیۆنی کوردستان پارێزراون.

بە ڕێگەی نیشاندانی وێنە و بەڵگەکانی ئارشیڤ کورتەیەک لە مێژووی میسیۆن بۆ بەشداران باس کرا. لەو بەشەی بەرنامەی جێژنەکە دا هەڵبژاردەیەک لەو فیلمەبەڵگەییەی زانای کورد بەڕێز حەسەنی قازی بەهاوکاری گۆران مامەخەلانی سەبارەت بە مێژووی میسیۆن ئامادەی کردووە بە میوانان نیشان درا. بنەماڵەی بەڕێز قازی پێوەندی نیزیکیان هەبووە لە گەڵ دامەزرێنەران و هەلسووڕاوانی میسیۆنەکەمان.



دەمەو ئێوارە،حەوزەی لوتێری دارێکی ناشت بۆ بەرز ڕاگرتنی بیرەوەری فاسوم و میسیۆنێرە پێشەنگەکانی دیکە کە لە ساڵی ١٩١٠ بەملایەوە لە سابڵاغ، کە ئێستا نێوی کراوە بە مەهاباد خزمەتیان بە کوردان کرد.بەڕێز قوتبەدینی بەهادوڕ،کارمەندێکی کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات، لە کاتی دار ناشتنەکەدا دوای پاڕانەوە بە کوردی بە دەنگی بەرز دەقەکەی خوێندەوە:

ئەم دارە بە بۆنەی سەدەمین ساڵی دامەزرانی کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات ئەمڕۆ ٢٧ی سێپتامبری ٢٠١٠ دەنێژرێ بۆ ڕێزلێنان لەو پێشەنگ و دامەزرێنەرانەی لە ساڵی ١٩١٠ تا ساڵی ١٩٣٦ لە میسیۆنی کوردستانی ئێران لە سابڵاغێ خزمەتیان کرد.

ل.ۆ.فاسووم
دوکتور.ئی. ئێدمان
م،ۆ و ماری وی
ن.جەی. لۆر
ئاگوستا گودهارت
مێتا فۆن دێر شولێنبێرگ
هاننا شوێنهوود
ئێمێلیا ئەندرسۆن
هێرمان شاڵک
ئا.ک. بێورگر
جۆرج.ئێچ.باشیمۆن
مارتا داڵ
ئاڵما فاسووم
هێنری و مارگارێت مولێر
کلارەنس مولێر

لە هەموو ڕۆژەکە دا میوانان دەرفەتیان هەبوو چاو لە پێشانگای وێنەکانی میسیۆنێرەکان و دۆست و دراوسێیە کوردەکانیان بکەن و هەر وەها دەستخەتی ماکی نامەکانی میسیۆن و هێندێک لە دەستخەتەکانی ل.ۆ.فاسووم ببیین کە بەو بۆنەیەوە خرابوونە بەرچاو . ئەو جێژنە بە شێو و شاییەکی کە پشتیوانانی کۆمەڵەی لوتێری میسیۆنی ڕۆژهەڵات و کارمەندانی و خزم و کەسوکاری میسیۆنێرەکان بەشدارییان تێدا کرد کۆتایی هات.


No comments: