باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا – 20
باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا – 20
آذربایجان ژماره‌ی 363، دووشه‌مۆ 11ی سه‌رماوه‌زی 1325ی هه‌تاوی
لاپه‌ڕه‌ی 1 و 4
دۆستایه‌تی گه‌لانی ئازه‌ربایجانی و کورد ئهبهدهییه.هیچ سیاسه‌تێکی ڕه‌ش ناتوانێ ئه‌و دۆستایه‌تییه له نێو به‌رێ. دۆستایه‌تی گه‌لانی کورد و ئازه‌ربایجانی له زه‌مانی کۆنه‌وه به‌رده‌وام بووه.
نووسینی: حه‌سه‌نی نه‌سیرزاده
وه‌رگێڕان:حه‌سه‌نی قازی
له نیزیکه‌وه به‌سترانه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و دوو گه‌له بهکدییهوه له ئاکامی ئازادی و دۆستایه‌تی نیزیک و مێهره‌وانانه‌ی ئه‌وان پێک هاتووه. به مه‌به‌ستی له نێو بردنی ئازادی و نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌و دوو گه‌له دراوسێیه،حه‌ول دراوه ئه‌وان له دۆخی کۆیله‌یه‌تی دا ڕابگیرێن و سیاسه‌تی ڕه‌شی هێزه‌کانی کۆنه‌په‌رست و ئیستیعماری که ئازادیی هه‌موو ئێرانیان خنکاندووه هه‌میشه ئه‌وه بووه کارێکی ئاوا بکه‌ن ئه‌و دوو گه‌له دراوسێیه وه‌ک دوژمن چاو له یه‌کدی بکه‌ن و حه‌ولیان داوه کاره‌ساتی خوێناوییان ده نێو دا ساز که‌ن.
ئه‌و کرده‌وه وهیشوومانهی هێزه کۆنه‌په‌رست و ئیستیعمارییه‌کان له زه‌مانی دیکتاتۆریی بیست ساڵه‌ی ڕه‌زا شا دا ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ش به زهبروزهنگتر بوو و به مه‌به‌ستی له گیانی یه‌کتر ڕۆهاتنی ئه‌و دوو گه‌له هه‌موو جۆره سیاسه‌تی ڕه‌ش و په‌ست و نه‌شیاوی عاله‌می مرۆڤایه‌تی ده‌کار کرا. له‌و 20 ساڵه دا ئازه‌ربایجان و به تایبه‌تی گه‌لی کورد ژیانی خۆی له به‌ندیخانه و دوور ووڵاتی، ئه‌شکه‌نجه‌ی دڵ تاوێن و کاره‌ساتی خوێناوی ، زوڵمی بێ سنوو و فرمێسکی نێو چاوان دا تێپه‌ر کرد.
ئێستا له به‌ر دۆستایه‌تی نیزیکی ئه‌و دوو گه‌له و ئه‌و ئازادییه‌ی که به خوێنی خۆیان به ده‌ستیان هێناوه،ژیانێکی هێور و ئاسووده‌یان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و دو گه‌له برایه دوای دابین کردنی ئازادی خۆیان، خۆیان له پچووککرانهوه، سووکایه‌تی پێکران و کرده‌وه‌ی ئه‌وتۆی که له عاله‌می مڕۆڤایه‌تی ناشێن ڕزگار کردووه.
گه‌لی کورد و ئازه‌ربایجانی که ئه‌م نێعمه‌ته ده‌بینن هیچ کاتێک ئه‌شکه‌نجه و زۆرداری بیست ساڵه‌یان له بیر نه‌کردووه و له‌بێر ناکه‌ن.ئه‌و گه‌لانه هه‌میشه به چاوی نه‌فره‌ته‌وه ته‌ماشای بکه‌رانی ئه‌و کاره‌ساتانه ده‌که‌ن.
ئێستا ئه‌و دوو گه‌له دراوسێ و برایه زۆر باش تێگه‌یشتوون بنچینه‌ی ئازادیی ئه‌وان ته‌نێ دۆستایه‌تی نیزیکی نێوانیان و یارمه‌تی یه‌کتر کردنیانه له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه.
گه‌لی ئازه‌ربایجان ئه‌و ڕێز و حورمه‌ته‌ی له ئازادی خۆی ده‌گرێ هه‌ر به‌و چاوی ڕێزه‌ش له ئازادیی گه‌لی کورد و زمانی دایکی وی ده‌ڕوانێ. گه‌لی ئازه‌ربایجان و له پێشدا فیرقهکهمان به‌هه‌موو جۆر له نیزیکه‌وه یارمه‌تی کردووه به کولتووری نه‌ته‌وه‌یی کورد و پێشکه‌وتنی. بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵه‌ی کورد وه‌کوو کادر په‌روه‌رده و ئاماده بکرێن له خوێندنگه‌کانی ئازه‌ربایجان دا به سه‌دان ڕۆڵه‌ی کورد وه‌رگیراون.چونکوو ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد زۆر باش له‌و ڕاستییه تێگه‌یشتوون که هێزه کۆنه‌په‌رست و ئیستیعمارییه‌کان هه‌میشه ویستوویانه ئێمه له دۆخی نه‌خوێنده‌واری و جه‌هاله‌ت دا ڕابگرن و ئه‌وه به‌کار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو برایه دۆژمنایه‌تی یه‌کدی بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌شه،ئه‌وان قه‌ت ده‌ره‌تانیان نه‌داوه له‌و ووڵاتانه دا وه‌جاغی کو‌لتوور و شارستانییه‌ت دابگیرسێ. ئێستا دیسان ده‌ڵاڵه کۆنه‌کاره‌کان خه‌ریکی دیتنه‌وه‌ی بازاڕن بۆ خورد کردنه‌وه‌ی سیاسه‌ته تێک ڕووخاوه‌کانیان.
حکوومه‌تی تاران له ژێر په‌رده‌ی "نیازپاکی" تیلگرافێکی پڕ له ده‌ک و دۆڵابی بۆ ڕێبه‌ری گه‌لی کورد ئاغای قازیی محه‌مه‌د ناردووه.ئازه‌ربایجان و گه‌لی کورد به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و تێلگرافه نه‌خشه وه‌یشوومه‌کانی تارانیان به ڕوونی لێ ئاشکرا ده‌بێ و به نه‌فره‌ته‌وه له‌و سیاسه‌ته ڕه‌شانه ده‌ڕوانن که به مه‌به‌ستی له نێو بردنی ئازادیی ئێران و به‌هێزکردنی پێگه‌ی دیکتاتۆری له ئێران‌دا به‌ڕێوه‌ده‌چن.
رێبه‌ی گه‌لی کورد ئاغای قازیی محه‌مه‌د، له لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه ووڵامێکی ددانشکێنی داوه‌ته‌وه به‌و تێلگرافه. با ئیدی ده‌ڵاڵ و دهسکیسهکانی سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستی و ئیستیعماری جوان بزانن که دۆستایه‌تی ئه‌و دووگه‌له پته‌وه و هه‌ڵناوه‌شێ.
تێلگرافه پڕ له ده‌ک و دۆڵابه‌کانیان و سیاسه‌ته منداربووهکانیان بووه‌ته هۆی په‌ره‌سه‌ندنی زیاتری قاره‌مانه‌تی و ئازایه‌تی ئه‌و گه‌له برایانه و ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی له نێوان ئه‌و دوو گه‌له دا هه‌یه. ئه‌و دوگهله برایه له پێناو ئازادیی و سه‌ربه‌خۆیی ڕاسته‌قینه‌ی ئێران‌دا ئاماده‌ی هه‌موو جۆره فیداکارییه‌کن.
دۆستایه‌تی نێوان گه‌له‌کانمان که ڕۆژ به ڕۆژ پته‌وتر ده‌بێ بووه‌ته هۆی نائارامی هێزه کۆنه‌په‌رست و ئیستیعمارییه‌کان و ده‌ڵاڵه سیآسییهکانیان و ده‌ستیان داوه‌ته هه‌موو جۆره فێڵ و ته‌ڵه‌که‌یه‌ک. په‌ندێکی جوانی پێشینیان ده‌ڵێ: " دار قاز، درین قاز، دیبده ئوزون دوشهجکسن" ( ئه‌وه‌ی چاڵ بۆ خه‌ڵکی هه‌ڵکه‌نی خۆی تێیده‌که‌وێ). ئه‌و ده‌ڵاڵ و دهستنێژانهی کۆنه‌په‌رستی و ئیستێعماریش که حه‌ولی دوژمنایه‌تی یه‌کدی کردنی گه‌لان ده‌ده‌ن و بۆ له نێو بردنی ئازادی ئاماده‌ن خوێنی برایان بڕژێ و به هه‌زاران خانوو وێران بکرێن و به هه‌زاران هه‌زار ئێرانی بێ سه‌ر له ده‌ریای خوێن دا نوقم بکه‌ن، بێگومان خۆیان له‌و خوێنه دا ده‌خنکێن و له نێو ده‌چن.
گه‌لانی ئازه‌ربایجانی و کورد وه‌ک هه‌میشه له هه‌مان کاتدا که ڕێز له ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی ئێران ده‌گرن هه‌ر ئاواش ئاماده‌نه ئازادیی خۆیان وه‌ک گلێنه‌ی چاویان بپارێزن.
با ئه‌وانه‌ی له به‌ر پهستێتی خۆیان له فکری له نێو بردنی ئازادی ئێمه دان باش بزانن ئه‌گه‌ر بێتوو ده‌ستدرێژی بکه‌ن بۆ سه‌ر ئازادیی گه‌لانی ئازه‌ربایجانی و کورد، له ئاست دۆستایه‌تی پته‌و و له هه‌ڵوه‌شان نه‌هاتووی ئه‌و دووگه‌له دا مه‌حو ده‌بنه‌وه و نامێنن. چونکوو ئه‌و دۆستایه‌تییه له ڕۆژانی هه‌ره دژوار و سه‌خت دا وه‌ده‌ست هاتووه و ئه‌و دۆستایه‌تییه بۆ به‌خته‌وه‌ری و خۆشبه‌ختی هه‌ر دووک گه‌ل له ده‌می بوونییه‌وه بووه به ئه‌به‌دی و هه‌ڵوه‌شانی بۆ نییه.
No comments:
Post a Comment