باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی "آذربایجان" دا -19
باسی کوردستان له ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا، 19
حه‌سه‌نی قازی
به‌رنامه‌ی کوردی له ڕادیۆی ئازه‌ربایجان دا
پێشتر له ڕوانگه دا ئه‌و بابه‌ته‌مان بڵاو کرده‌وه که ڕۆژنامه‌ی آذربایجان سه‌باره‌ت به کرانه‌وه‌ی ستاسیۆنی ڕادیۆی ئازه‌ربایجان و به‌شداری پێشه‌وا قازیی محه‌مه‌د له‌و ڕێوڕه‌سمه دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه.ئه‌و قسانه‌ی هه‌ژاریشمان ڕاگوێسته ئێره که باسی کارکردن له‌و ڕادیۆیه دا ده‌کا. له ژماره‌ی 315 و 317ی ڕۆژنامه‌ی آذربایجان دا دوو ئاگاداری سه‌باره‌ت به کات و به‌رنامه‌کانی ڕادیۆی ئازه‌ربایجان بڵاو کراونه‌ته‌وه که زانیاری زیاترمان سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌ی کوردی ئه‌و ڕادیۆیه له به‌ر ده‌ست ده‌نێ. به‌رنامه‌ی کوردی ڕۆژێ سه‌عاتێک بووه و بابه‌تی جۆر به جۆری تێدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.ئه‌و زانیارییه بۆ به دواچوونی مێژووی ڕادیۆی کوردی زۆر گرینگه و له‌وانه‌یه پێشتر به باشی پێی نه‌زاندرا بێ.
ڕادیۆی ئازه‌ربایجان له سه‌ر شه‌پۆلی کورت بڵاو کراوه‌ته‌وه و به پێی نووسێنێکی ڕۆژنامه‌که ده‌ر ده‌که‌وێ، ڕادیۆیه‌کی به‌هێز بووه و له‌و سه‌روبه‌ندی دا ده‌نگی گه‌یشتووه‌ته ئوڕووپاش. ڕۆژنامه‌ی آذربایجان وه‌رگێڕاوی نامه‌ی گوێگرێکی بڵاو کردووه‌ته‌وه که ده‌ڵێ له فه‌ڕانسه به ڕێکوپێکی گوێ له به‌رنامه‌ی ئه‌و ڕادیۆیه به زمانی فه‌ڕانسه‌یی ده‌گرێ.
ئاگاداری سه‌باره‌ت به به‌رنامه‌کانی ڕادیۆی ئازه‌ربایجان ئاوایه:
آذربایجان ژماره‌ی 315، جومعه 12ی ڕه‌زبه‌ری 1325ی هه‌تاوی
سه‌رنج بده‌ن – سه‌رنج بده‌ن
ڕادیۆی ئازه‌ربایجان له به‌رواری 10ی مانگی ڕه‌زبه‌ره‌وه هه‌موو ڕۆژێک ئێواران ڕاست له سه‌عات 5ی ته‌واوه‌وه
(سه‌عات 17) هه‌تا سه‌عات 10ی شه‌و (22) له سه‌ر شه‌پۆلی کورتی 34/49 میتر کار ده‌کا.
به‌رنامه‌ی کاری ڕادیۆی ئازه‌ربایجان به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌بێ:
سه‌عات 4 و 40 ده‌قیقه به ڕێگه‌ی ڕادیۆ سووت لێده‌درێ.
سه‌عات 4 و 55 ده‌قیقه ئارمی ده‌ستپێکردنی ڕادیۆ بڵاو ده‌کرێته‌وه.
له سه‌عات 5ی ته‌واو زه‌نگ لێده‌درێ، له دوای زه‌نگ سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئازه‌ربایجان بڵاو ده‌کرێته‌وه، له دوای سروود قسه کردن ده‌ستپێده‌کا.
سه‌عات 17 و 5 ده‌قیقه ده‌نگوباسی نێوخۆ و ده‌ره‌وه به زمانی ئازه‌ربایجانی
سه‌عات 17 و 15 ده‌قیقه بڵاوکردنه‌وه‌ی کۆنسێرت
سه‌عات 17 و 45 ده‌قیقه خوێندنه‌وه‌ی ووتار
سه‌عات 18ی ته‌واو، به‌رنامه به زمانی کوردی
سه‌عات 18 و 15 ده‌قیقه، پارچه‌ی موسیقای کوردی
سه‌عات 18 و 25 ده‌قیقه، قسه‌کردنی ئه‌ده‌بی،کۆمه‌ڵایه‌تی،مێژوویی و زانستی
سه‌عات 18 و 55 ده‌قیقه، پارچه موسیقای کوردی
سه‌عات 19 و 10 ده‌قیقه، به‌رنامه به زمانی فارسی
سه‌عات 19 و 40 ده‌قیقه، ده‌نگوباسی نێوخۆ و ده‌ره‌وه و ووتار به زمانی ئازه‌ربایجانی
سه‌عات 20ی ته‌واو، کۆنسێرت
سه‌عات 20 و 40 ده‌قیقه به‌رنامه به زمانی ڕووسی
سه‌عات 21ی ته‌واو، به‌رنامه به زمانی فه‌رانسه‌یی
سه‌عات 21 و 20 ده‌قیقه به‌رنامه به زمانی هه‌رمه‌نی و ئاسۆری
موسیقای هه‌ڵپه‌ڕکێ، هه‌وا فێر کردن
سه‌عات 21 و 35 ده‌قیقه سه‌ردێڕی ڕۆژنامه‌کان به زمانی ئازه‌ربایجانی
له سه‌عات 22ی ته‌واو دا به‌رنامه‌ی ڕادیۆی ئازه‌ربایجان کۆتایی دێ
سه‌دری کۆمیته‌ی ڕادیۆی ئازه‌ربایجان
قاسمی چێشم ئازه‌ر
No comments:
Post a Comment