Monday, April 18, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی . پێنجشەمە ٧- ئاوریل ، دووشەمە ١١-ی ئاوریل، سێشەمە ١٢ ئاوریل و پێنجشەمە ١٤-ی ئاوریلی ٢٠١٦


وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی .  پێنجشەمە ٧- ئاوریل ،   دووشەمە  ١١-ی ئاوریل، سێشەمە  ١٢ ئاوریل و  پێنجشەمە  ١٤-ی ئاوریلی ٢٠١٦

پێنجشەمە ٧-ی ئاوریلی ٢٠١٦
 مارک سی. تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: ئایا ئاغای کێری کە لە بەحرەینەوە دەچێتە بەغدا، سەری هەولێریش دەدا؟
ئاغای تۆنر: نازانم
پرسیار: باشە، و پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە سەرۆک کۆمار ئەردۆغان. ئەمن دە ڕاستییدا  نازانم ئەتۆ چ ووڵامێکت بۆ ئەو پرسیارەش هەیە یان نا. سەرۆک کۆمار ئەردۆغان گوتی کە کوردەکان – نە کوردەکان – پشتیوانانی  گۆیا " تێڕۆریستەکان" – تێرۆریستەکانی پ.ک.ک. – دەبێ لە هاووڵاتێتی دابماڵدرێن. ئایا ئەتۆ چ لێکدانەوەیەکت لە سەر ئەو قسانە هەیە؟
ئاغای تۆنر: دەزانی، پێم وایە ئەمن دەبێ داوات لێ بکەم بۆ شیکردنەوەی قسە و دەربڕینەکانی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان پرسیار لە حکوومەتی تورکییە بکەی . ئەمن هەر ئەوەندە دەڵێم لە دێمۆکڕاسییەک دا کە لە سەر بنەمای قانوون دامەزرا بێ، ئەوە زۆر گرینگە کە پرسگەلی سەبارەت بە هاووڵاتییەتی لە چوارچێوەیەکی قانوونی دا لە بەرچاو بگیرین  ، بە شێوەیەک کە سەردەستی قانوون بپارێزدرێ و هەڵسوکەوت بەو پێیە دەستەبەر بکرێ
پرسیار: سپاس
تێبینی: ئەو پرسیارانە نامۆ عەبدوڵا ڕۆژنامەنووسی کورد هێنایە گۆڕێ.


دووشەمە ١١-ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی . تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروبارەی دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
 پرسیار:  نوێنەری سەرۆک کۆمار ئۆباما بۆ شەڕ بە دژی داعش لە چوارچێوەی ئیتیلافی دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام، بڕێت مەکگرک چاوپێکەوتنی هەبووە لەگەڵ پڕێزیدێنت بارزانی – پرێزیدێنت بارزانی کوردستان. هیچ زانیارییەکی نووسراوت هەیە لە سەر ئەو دیدارە؟
 ئاغای تۆنر: ئەمن نازانم ئەو لە عێڕاق ماوەتەوە – یا لەوێ مایەوە. ئاشکرایە ئەو لەکاتی سەردانی وەزیری کاروباری دەرەوە کێری لەوێ بوو.دیدارەکانی بریتی بوو لە چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی بەرزی حکوومەت و کاربەدەستانی ئەمنییەتی هەم ئی حکوومەتی عێڕاق و هەم ئی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بوون. ئەو سەبارەت بە قسە دەکا – ئەمن هیچ زانییارییەکی تایبەتی نووسراوم لە بەر دەست دا نییە [ بتدەمێ ].
 پرسیار: ئەی سەبارەت بە دیداری ئەمڕۆ چی ؟
ئاغای تۆنر: - سەبارەت بە دیدارەکەی ئەمڕۆی ، ئەمن بزانم تەماشا دەکەم . بە گشتی بڵێم – ئەو سەبارەت بە درێژە دان بە پشتیوانی کردن لە حەولەکانی عێڕاق بۆ تێکشکاندی داعش قسە دەکا، لە وانە بۆ وێنە، تاک هێشتنەوەی مووسڵ و دوایە حەولەکانی دیش بۆ پێوەچارانی قەیرانی ئێستای ئابووری عێڕاق
 پرسیار: ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان زانیارییەکی بڵاو کردووەتەوە سەبارەت [ بەو دیدارە ]
 ئاغای تۆنر: ئێ.
  پرسیار: و بەشێک لەو زانیارییە ئاوایە .دەڵێ " هەر دووک لا " – مەبەستی برێت مەکگرک و سەرۆک بارزانی یە -  لە سەر ئەوە ڕێکن درێژە بدەن بە وتووێژ بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی سیاسی". و ئەوێ ڕۆژێ وەزیری کارو باری دەرەوە کێری گوتی، " ئێمە ناوبژیوانێک نین لەو قەیرانییە سیاسییەی نێوان هەولێر و بەغدا دا " ئەمن نازانم بۆچی – بۆچی ئەو ئەوەی گوت . و هەر وەها، ئەو دەورەی کە ئێستا بێرت مەکگرک دەیگێڕێ لەو دیدارانەی دا دەیکا لە نێوان کاربەدستانی هەولێر و بەغدا دا؟
 ئاغای تۆنر: دەزانی ، ئەگەر بە  گشتی بڵێم، بڕوانە ،  مەبەستم ئەوەیە بڵێم  دیداری وەزیری کارو باری دەرەوە لەوێ بە مەبەستی بەهێزکردنی چەندین شت بوو. یەک لەوانە سەردەمێکی گرینگە بۆ عێڕاق، بۆ گشت عێڕاق ، کە دەیەوێ بە سەر داعش دا سەرکەوێ لە سەر زەوی ، بەڵام لە هەمان کات دا کاتی سەرهەڵدانی سیاسیشە لەنێوخۆی ووڵات دا. ئەو دەیەویست پشتیوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەرببڕێ بۆ عەبادی لەو قۆناغە دژوارە دا ، و ئەوەش ئەمن پێم وایە دەیەویست جەخت بکاتەوە  لە سەر گرینگی یەکێتی و ‌‌هێز چڕکردنەوەی هەموو عێڕاقییەکان لە شەڕی بە دژی داعش دا.
ئەمن هەر وەها لەو باوەڕە دام کە ئێمە – بە ڕوونی نرخ دادەنێین بۆ شەریکایەتی خۆمان لەگەڵ عێڕاق. ئێمە ڕێز دەگرین لە سەروەری یەکتری. و ئەوەی وەزیری کارو باری دەرەوە حەولی دا بینوێنێ ئەوە بوو کە ئێمە پشتیوانی دەکەین لە سەرۆکوەزیر عەبادی و حکوومەتەکەی لە پێوەچارانیان بە چالنجە گرینگەکانی ئەمنییەتی دا و هەر وەها چالنجە ئابووری و سیاسییەکان و ئێمە  درێژە دەدەین بەو پشتیوانییە. بەڵام دواجار ، ئەوانە بڕیاری ئەوتۆن کە عێڕاقییەکان خۆیان دەبێ بیاندەن.
 پرسیار: لە بەر ئەوەیە ئێوە نێوی نانێن ناوبژیوانی چونکوو  ڕێز دەگرن لە سەروەریی عێڕاق، وایە؟
 ئاغای تۆنر: ڕاستە.
 پرسیار: بەڵام -
ئاغای تۆنر: ئەوانە بڕیاری سیاسیی ناوخۆیین بۆ حکوومەتی عێڕاق کە بیاندا. لە گەڵ ئەوەشدا ، ئێستا عێڕاق لە دۆخێکی حەساس دایە. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە سەرۆکوەزیر. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە حەولەکانی  بۆ پەرەپێدانی شەڕ بەدژی – یان شەڕ دژی داعش و هەر وەها بۆ بریاری سەخت گرتن سەبارەت بە ئابووری و  ستروکتووری سیاسی.

پرسیار:  باشە ئێوە ، چ نێوێک دەنێن لە ئەو هاتوچوو و دیدارە پەیتا پەیتایانەی نێوان ئاغای مەککرگ و بارزانی ، ئاغای مەککرگ و عەبادی؟ و تەنانەت ئێمە لە زمان ئاغای مەککرگ خۆیەوە بیستوومانە کە گوتوویە هێندێک شتی کە بەغدا دەیکا بە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو بڕینی بوودجە ئەوە جێی قەبووڵ نییە. ئەتۆ نێوی ئەو بەیاناتە و ئەو دیدارانە دەنێی چی، ئەوانە ئەگەر ناوبژی کردن نەبن چن؟
 ئاغای تۆنر: باشە، بڕوانە ، مەبەستم ئەوەیە بڵێم .ئەو وەکوو نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئیتیلافی جیهانی بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دا ، بەشێک لە کارەکەی ئەوەیە کە زۆر زۆر لە نزیکەوە کار بکا لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق. و ئەوە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش دەگرێتەوە کە چلۆن بە باشترین شێوە پشتیوانی بکرێ لە حەولەکانیان بە دژی داعش لە سەر زەوی. ئەوە بە پێویستی بە مانای ئەوە نییە کە بڕیاری سیاسی بدرێ یان شوێن لە سەر ئەو بریارە سیاسییانە بکرێ کە ئەوان دەیاندەن ، بەڵام ئەوە – بەڵام  بەشێکی گرینگ لەو پێواژۆیە  دەستەبەر کردنی ئەوپشتیوانییەیە کە ئەوان پێداویستییان پێی هەیە و لە بەردەست نانی هەموو جۆرە ئامۆژگاری و ڕاوێژێکە کە ئێمە بتوانین پێیان بکەین بۆ ئەوەی ئەوە شەڕە بکەن و ووڵاتەکەیان وەدەست خەنەوە.
 پرسیار: دوایین پرسیاری من
 ئاغای تۆنر: فەرموو، تکایە
پرسیار:  شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنگتن ە، لە وانە جێگری سەرۆکوەزیری هەرێمەکە.
 داخودا ئەوان لەم بینایەیە دا دیداریان لەگەڵ هیچ کەس دەبێ؟
 ئاغای تۆنر: دەبێ تەماشا بکەم بزانم . ئەمن ئاگادار نەبووم کە شاندێک لێرەیە. داوای لێبوەردن دەکەم.
پرسیار: سپاس
 پرسیار: کاربەدەستی هەرە بەرزی کاروباری دەرەوەیان دیدارێکی هەبوو ئەو دوای نیوەڕۆیە پووچەلی کردەوە چونکە ئەو لە جێیەکی دی قەرار و بڕیەی هەبوو. ئایا لەگەڵ ئێوە بوو ؟
 ئاغای تۆنر : ( پێدەکەنێ ) باشە، ڕەنگە ئەو پلانی باشتری هەبوو بێ – ئەمن نازانم – پێشنیازی باشتر. ئەمن نازانم.  باوەرکە نازانم ، دەیڤید. ئەمن تەماشای دەکەم و دوایە ووڵامت دەدەمەوە.
تێبینی: ئەو پرسیارانە ڕۆژنامەنووسی کورد نامۆ عەبدوڵا کردی

سێشەمە ١٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسەبێژی وەزاڕەتی کاروباری ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن دی سی
 پرسیار: ئەمن هەر دەمەوێ لە سەر عێڕاق قسە بکەم
 ئاغای تۆنر: باشە ، پێم خۆشە باسی عێڕاق بکەین.
 پرسیار: ئێستا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێرە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانە. بەر لەوەی بگەنە ئێرە، قسەوێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی ئەوان بە پێی داوخوازی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لێرەنە. ئەمن پێم خۆشە بزانم داخودا لە ڕاستیدا دەوڵەتە یەکگرتووەکان بانگی کردوون بێنە ئێرە. و ئێستا کە لێرەن، ئاشکرایە، بە پێی ئەوەی کە دەیڵێن داوای یارمەتی ماڵیی زیاتر دەکەن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئازاد کردنی مووسڵ دا، ئەوە پرسیاری یەکەمی من بوو.
 پرسیاری دووەم: ئەمن پێم وایە ئەوە جومعەی ڕابردوو بوو کە وەزیری کاروباری دەرەوە کێری لە بەغدا بوو، و ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو – ئەو نەچوو بۆ هەولێر.ئایا ئەو بڕیارە لە لایەن وەزیری کارو باری دەرەوە کێری بۆ ئەوەی نەچێ بۆ هەولێر – ئەو بڕیارە چەندە لەبەر ئەوە بوو کە سەرۆک بارزانی ئامادە نییە لە کورسی سەرۆکایەتی بێتە خوارێ؟
 ئاغای تۆنر:  باشە، چەند شت. بەر لە هەموان سەبارەت بە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیر قوباد تاڵەبانی ، بڕیارە لە واشنگتن بێ. ئەمن پێم وایە ئەوان دوێنێ گەیشتوونە جێ. بڕیار وایە تا ١٥ی ئەم مانگە لێرە بن.ئەوان لێرە چاویان بە کاربەدەستانی ئیدارەی ئەمریکا دەکەوێ بۆ باسی ئەو قەیرانییە ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستانی عێڕاق لەگەڵی ڕووبەڕوو بووە و هەر وەها بۆ دوان لە سەر یارمەتی ئینسانی و هەڵبەت ، پشتیوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە شەڕ بە دژی داعش دا.
 سەبارەت بە ئەوەی کە کێ کێی بانگ کردووە، ئەمن ئەوە نازانم، بەڵام ئەوە دەزانم کە وا پلان داندراوە ئەوان چاویان بە چەندین کەس لە کاربەدەستانی  وەزاڕەتی کار و باری دەرەوە بکەوێ، لەوانە جێگری وەزیری وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە تۆنی بلینکن، جێگری یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری لە مەڕ عێڕاق جۆزێف پێنینینگتن ، نوێنەری تایبەتی و ڕێکخەری کاروباری نێونەتەوەیی ووزە ئامۆس هۆخستاین. و جێگری وەزیر بۆ کارو باری ئەمنییەتی مەدەنی، دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ سارا سێوال.
 لە ووڵامی پرسیاری دووەمی تۆ دا کە بۆچی وەزیری کاروباری دەرەوە نەچوو بۆ هەولێر، گشت ئەوەی من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە ئەو بۆ ماوەی ڕۆژێک لە سەر زەوی لە بەغدا بوو ، ئاشکرایە ، هەمیشە نیگەرانی ئەمنییەتی لە گۆڕێ دایە کاتێک ئەو سەفەری عێڕاق دەکا. ئەمن پێم وا نییە [ نەچوونی بۆ هەولێر ] بە مانای ناردنی هیچ  پەیامێک بووبێ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ، ڕاستتر، هەرێمی کوردستانی عێڕاق.ئێمە زۆرمان پشتیوانی کردووە لە حەولەکانی ئەوان بۆ نەبەرد بە دژی داعش. ئەوان بە گردبڕی دەورێکی گرینگیان گێڕاوە ، لە ڕاستیدا لە چوارچێوەی فەرماندەیی گشتی عێڕاق و قەوارەی کۆنتڕۆڵ دا بۆ ڕەتاندنی داعش لە بەشە کلیلییەکانی ووڵات.
و – ببوورە – نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار بڕێت مەکگرک لە عێڕاق مایەوە ، و ئەویش ، پێم وایە، چاوی بە  کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کەوت لە ماوەی چەندین ڕۆژی ڕابردوو دا. جا بۆیە ئێمە بە تەواوی هەرێمی کوردستان بە هێند دەگرین. ئێمە بەرعۆدەین بۆ یارمەتی کردنیان ئەوەندەی پێمان بکرێ و بە هەر جۆرە یارمەتییەکی لە دەستمان بێ.
پرسیار:  کە وابوو ئەتۆ دەڵێی ئەو مەسەلەیە هیچ پێوەندیی بە بابەتی سەرۆکایەتییەوە نییە لە هەرێمی کوردستان ؟
ئاغای تۆنر: نا نییەتی
 پرسیار: دەزانی چونکە جاری پێشوو ئەو چوو بۆ هەولێرێ.
ئاغای تۆنر: ئەمن ئەوە دەزانم. ئەو جارەیان ئەمن پێم وایە لە بەر سەرەتی دان بە پلانی سەفەر یان پێداویستی ئەو پلانە بووە.
 پرسیار: تەنێ هەر پرسیارێکی دیکە -
ئاغای تۆنر: فەرموو ، ئاغا.
 پرسیار: دوایین پرسیار لە سەر -
 ئاغای تۆنر: بەڵێ، ئاغا.
 پرسیار: - لە سەر شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئاغای تۆنر: بەڵێ.
 پرسیار: هیچ خەبەرت هەیە – سەبارەت بە پشتیوانی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان یان – ئەمن مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەوان لە بەغدا چاویان بە وەزیری کاروباری دەرەوە کەوت و ئێستا ئەوە لێرەن و داوایان یارمەتی زیاتری داراییە لە لایەن دەوڵەتە یەکگرتووەکانەوە. هیچ یارمەتییەکی تازەی ئینسانی یان عەسکەری یان دارایی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن؟ -
 ئاغای تۆنر: مەبەستمە بڵێم، ئەمن هیچم نییە ڕایگەیێنم جگە لەو ١٥٥ میلیۆنەی نەبێ کە وەزیری کاروباری دەرەوە کێری ڕایگەیاند کاتێک ئەو بۆ خۆی لە بەغدا بوو، کە دیارە ئەوەش بە مەبەستی یارمەتی ئینسانییە بۆ ئەو ناوچانەی کە تێیاندا خەڵک لە جێی خۆیان هەڵکەندراون، پێم وایە ، وەک بزانم ، ئەو بڕە  دەچێتە سەر نزیکەی ئەو ٨٠٠ میلیۆنە پشتیوانییەی کە لە دەسپێکی ساڵی ماڵی ٢٠١٤وە کراوە. بەڵام هەڵبەت ئێمە هەمیشە  لە  ڕێگای ئاوا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بتوانین پشتیوانیی زیاتر بکەین.
 پرسیار: سپاست دەکەم.
تێبینی : ئەو پرسیارانە لە لایەن  پەیامنێری تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ئێن ئار تی لە مارک تۆنر کران




پێنجشەمە ١٤ی ئاوریلی ٢٠١٦
 جان کیربی
یاریدەر و قسەبێژی وەزارەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

جان کیربی : لە سەرەتاوە چەند شتێک بوو بیڵێم:

.... لە عێڕاق ئەمڕۆ ئێمە بە پەژارەیەکی گەورەوە یادی قوربانییەکانی سەدام حوسێن دەکەینەوە لە کەمپەینی بابڕیانەی ئەنفال دا نزیکی ٢٨ ساڵ لەمەو پێش بە دژی کوردەکان، ئاسۆرییەکان، شەبەکەکان، تورکومانەکان، یەزیدییەکان و مەنداییەکانی عێڕاق و کەمایەتییە ئێتنیکییەکانی دیکە. لە ئاکامی کەمپەینی ترسێنەری عێڕاق دا بە هەزاران پیاو، ژن و منداڵی عێڕاقی – دە ڕاستییدا نیزیکەی ٥٠٠٠ کەس کووژران *– و زۆر خەڵکی دیکەش بریندار و سەقەت بوون. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بیرەوەری ئەو قوربانیانە دا دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگ خەڵکی دی لە عێڕاق و لە سەرانسەی جیهان بۆ یاد کردنەوەی قوربانییەکانی ئەو کەمپەینە بێ بەزەییەی توند و تیژی.  هەڵبەت، ئێمە جەخت دەکەینەوە لە سەر بەرعۆدەیی خۆمان بۆ ڕاوەستان شانبەشانی هەموو عێڕاقییەکان، لەوانە ئەوانەی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئێستا کار دەکەن بۆ تێکشکاندنی داعش و دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی  هێمن، دێمۆکڕاتیک و لەڕووی ئابوورییەوە بە ئێروو بۆ عێڕاق
 پرسیار: - سەبارەت بە جێنۆسایدی ئەنفال . و لەم ڕۆژە دا ، جێگری سەرۆکوەزیری کوردستان تاڵەبانی لێرە لە ویلسۆن سێنتری واشنگتن ، گوتی ئەو  بە هەڵپەوە داوا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکا قەرز لە سەر کوردستان سووک کەن. چونکە ئەو گوتی هەڕەشەی هەرە گەورە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە ئێستا ئەو هەڕەشانە نین لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شامەوە. ئەو هەڕەشەیە بارودۆخی ئێستای ئەوانە. ئایا  ئێوەش هەر ئەوەندە هەست بە نیگەرانی ئەوان دەکەن؟

ئاغای کیربی: ئێمە بە دڵنییایەوە دەیکەین –  نیگەرانییەکی کوتوپر بە مانای بوونی داعش لە عێڕاق . و هەر وەک ئەتۆ دەزانی ، وەزیری کاروباری دەرەوە هێندە لە مێژ نییە لە عێڕاق بوو و لەوێ چاوی بە ڕێبەرانی کورد کەوت. تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر بابەتە ئابوورییەکان ، ئێمە هەتا بڵێی بیر لە نیگەرانییە ئابوورییەکان لەوێ لە عێڕاق دەکەینەوە و سەرنجیان دەدەینێ ، تەنێ نەک هەر لە هەرێمی کوردستان. و ئێمە درێژە دەدەین بە نرخاندنی ئەو ڕێگایانەی کە پێیاندا بتوانین ئەو یارمەتییە بەرەو ژوور بەرین.  ئەمن هیچی تایبەتیم نییە ئەمڕۆ ڕایگەیێنم یان ووڵامی ئەو بانگەوازە بدەمەوە ، بەڵام ئێمە چالنجە ئابوورییەکان لە عێڕاق وە پشت گوێ ناخەین ، و هەر وەک وەزیری کار و باری دەرەوە لە گشت دیدارەکانی دا لەوێ لە بەغدا ڕایگەیاند ئێمە درێژە دەدەین بە دۆزینەوەی ڕێگای ئاوای بۆ ئەوەی حەول بدەین بۆ یارمەتی. باشە؟

پرسیار: ئەمن پێم وایە  ئەوان لێرە لەم بینایە چاویان بە هێندێک لە کاربەدەستان کەوتووە، بە پێی قسەی میدیاکانیان – و جریوەکانیان لە میدیاکان دا ، مێدیای جێیی. جاری پێشوو کە ئەوان لێرە بوون ، ئەتۆ هەمان شتت گوت. ئەتۆ گوتت ئێوە خەرێکی هەڵسەنگاندی – ئەو ڕێگایانەن کە بتوانن یارمەتی بکەن. ئایا دەکرێ ئەو جار زۆر خۆشبینانەتر لە جاری پێشوو بگەڕێنەوە؟
ئاغای کیربی: ئەوان بە دڵنیاییەوە دەتوانن – بە دڵنیاییەوە، ئەوە هیوای ئێمەیە کە ئەوان بە تێگەیشتێنی  قووڵ و باشەوە  بچنەوە ، هەر وەک وەزیری کارو باری دەرەوەش ئەو کاتەی لە بەغدا بوو بە ئاشکرایی ڕایگەیاند ، بەرعۆدەیی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانیان بەردەوامە لەکاتێکدا ئەوان  درێژە دەدەن بە گوشار  هێنان بۆ سەر داعش و شەڕ بەدژی و لە کاتێکدا ئەوان بەرەوڕووی چالنجی زۆر جیدی ئابووری هاتوون. ئێمە جگە لە شێلگیر بوون سەبارەت بە مەیلی خۆمان بۆ درێژە دان بە یارمەتی و پشتیوانی  چیدیکە نەبووین. بەڵام ئێستا ئەمن هیچ شتێکی تایبەتیم سەبارەت بە بابەتگەلی ئابووری لا نییە کە ئەمڕۆ باسیان لێوە بکەم.
 پرسیار: دوایین پرسیار – ئەمن پێشتریش ئەم پرسیارەم لێ کرد بووی – سەبارەت بە کاردانەوەی -
 ئاغای کیربی: کە وابێ ئەتۆ هەمان ووڵام وەردەگرییەوە. ( پێکەنین )
 پرسیار: ئەدی بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو وا وێدەچێ بڵێ کە لێرە هێندێک کاردانەوە هەبووە سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری لەو دواییانە دا سەبارەت بە بەرەکانی شەڕ دژی داعش لە لایەن پێشمەرگەوە. و وەزیری کاروباری ناوخۆ ، کە لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیر هاتووە ڕایگەیاند کە نزیکەی یەک لەسەد ڕیزەکانی پێشمەرگەیان بەجێ هێشتووە ، کە ڕەنگە ئێستا ژمارەیەکی گەورە نەبێ بەڵام دەتوانی زیاد بکا ئەگەر تا چەند مانگی دی مووچەکانیان نەدرێ.
 ئاغای کیربی: باشە، ئەمن ئەو ڕاپۆرتە تایبەتییەم سەبارەت بە ڕێژەی یەک لە سەد ڕیز بەجێهێشتن نەدیتووە و ناتوانم بڵێم ڕاستە – ئەتۆ دەبێ  پرسیار بکەی  لە  – ئەتۆ دەبێ ڕوو لە ڕایەدارانی کورد کەی و لەوان پرسی، ئەمن هەر دەگەڕێمەوە سەر ئەوە کە پێشتر گوتم، ئێمە بیر لە  چالنجە ئابوورییەکان دەکەینەوە و سەرنجیان دەدەینێ  و ئێمە لێرە دا بەردەوام دەبین لە سەر باشترین ڕێ بەرەو پێشەوە.

زۆر گشتی تر، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە هێزە ئەمنییەتیەکانی عێڕاق و پێشمەرگەی کورد لە کاتێکدا ئەوان گوشار دەهێننە سەر داعش و شەڕی دەکەن، و ئەو پشتیوانییە خەسار نابێ. مەبەستم ئەوەیە ، ئەمن لیستێکی درێژم لە بەر دەست دایە لەو شتانەی کە ئێمە داومانە بە حکوومەتی عێڕاق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان . ئەمن بۆت ناخووێنمەوە . بەڵام ئاشکرایە ئەوە لیستێکی درێژی یارمەتی عەسکەری و یارمەتی دیکەیە ، لەوانە لە بەردەست نانی ڕاوێژکار بۆ یارمەتی دان بۆ شەڕی داعش. و ئەو یارمەتییە ڕاناگیرێ. باشە؟
 پرسیار: سپاست دەکەم.
تێبینی وەرگێڕ : جان کیربی ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە ( سەرووی ٥٠٠٠ کەس)ی لەگەڵ قوربانیانی ئەنفال کە دەگوترێ ژمارەیان ١٨٠٠٠٠ کەس بووە لێ تاق و جووت بووە.  ئەو پرسیارانە ڕۆژنامەوان نامۆ عەبدوڵا لە کیربی کرد





No comments: