Saturday, April 23, 2016

وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا ، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی دووشەمە ١٨، سێشەمە ١٩ ، پێنجشەمە ٢١ و جومعە ٢٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦

  
دووشەمە ١٨-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسە کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: سپاس. ئەمڕۆ وەزیری بەرگری کارتر لە بەغدا بوو و لەوێ گوتی بڕیاری داوە ٤١٥ میلیۆن دۆڵار بدرێ بە کوردەکان بۆ پێشمەرگە. ئایا وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە پێواژۆی ئەو بڕیاردانە دا بەشدار بووە؟
ئاغای کیربی: بە دڵنیاییەوە بەشداریمان بووە – بۆ بەڕێوەبردنی ئەوە هەتا بڵێی هاوئاهەنگی لە نێوان دەستگاکان دا هەبووە- لە سەر ئەو بڕیار . و هەڵبەت ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەین.
پرسیار: باشە. و پرسیارێکی دیکە. و وەزاڕەتی بەرگری دەڵێ ئەو یارمەتییە دراوییە بەڕێگای حکوومەتی عێڕاق دا دەکرێ. ئەوە دراوە ، خۆ چەک نییە. ئەمن تەنێ لە ڕووی ڕاستییەوە دەمەوێ بزانم ئایا ئەو دراوە بە ڕێگای ژمارەیەکی حیسابی بانکی لە بەغدا دەنێردرێ و لەوێوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەولێر ، یان ئەوە چۆن هەڵدەسووڕێ؟
ئاغای کیربی: ئەمن نازانم ئەو یارمەتییە دراوییە چۆن و بە چ شێوەیەک دەگوێرێتەوە، ئەتۆ بە جۆرێک باسی ئەوە دەکەی وەک ئەوەی کە ئەوە شتێکی ڕێزپەڕ بێ. گشت ئەو یارمەتییانەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە حکوومەتی عێڕاقی دەکا لە کاتێکدا ئەوان نەخشەی بەربەرەکانی خۆیان بە دژی داعش لە نێو ووڵاتەکەیان دا بەڕێوە دەبەن. و وەک ئەوەی ئێمە لە ڕابردووشدا گوتوومانە ، هەمووشتێک، هەموو یارمەتی و دەستگرتنەکانمان بەردەوام دەبێ بە ڕێگای حکوومەت دا، واتە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا.ئەوەی کە بە ووردی ئەو یارمەتییانە دەگوێزرێنەوە و بە دۆڵار چەندن ، ئەمن بە ووردی لێی ئاگادار نیم ، و ڕاستت بوێ ، [ ئەو قسەیە] هێندەش لە جێ دا نییە. هەموو شتێک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سەرۆکوەزیر عەبادی کراوە.
پرسیار: بۆیە پرسیم، چونکە دەکرێ چەک بەڕێگای بەغداوە بنێردرێن بۆ پشکنین ، بەڵام ئەمن هەر دەمەوێ بزانم دراوەکە دەکرێ بچێ بۆ بەغدا و دوایە _
ئاغای کیربی: باشە – ئەگەر پێت خۆشە لەو ڕووەوە زانیاری تایبەتی وەر بگری ، ئەمن داوات لێ دەکەم لە وەزاڕەتی بەرگری بپرسی. ئەمن ئەو ئاستە لە زانیاریم نییە.
پرسیار: ببوورە ئەو دراوە، پرسیارێکی دی.
ئاغای کیربی: هەڵبەت
پرسیار: هەر تەنێ پرسیارێکی فاکتی. ئایا ئێوە دراوەکە بە نەغد دەنێرن وەک ئەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ کردتتان؟ چونکە ئەو دەمی پارەی نەغدتان نارد.
ئاغای کیربی: بەڕاستیش پێویستە ئەتۆ لەگەڵ وەزاڕەتی بەرگری قسە بکەی . ئەمن بە ووڕدەڕیشاڵی ئەوە نازانم. ئەوە ڕاگەیاندنێک بووە لە لایەن وەزاڕەتی بەرگری یەوە و ئەمن داوات لێ دەکەم بۆ زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە لەوان بپرسی.
پرسیار: لە ڕاستییدا، ئەوە گرینگە. بێتوو پارەکە بە نەغدی بنێردرێ دەکرێ بگاتە شوێنی ئاوای کە مەبەستی ئێوە نەبووە.
ئاغای کیربی: دڵپاکانە بڵێم ووڵامی پرسیارەکەی تۆ لای من نییە. ئەتۆ بەڕاستی دەبێ بچییە لای وەزاڕەتی بەرگری بۆ وەرگرتنی زانیاریی ووردە ڕیشاڵ لە سەر ئەو بابەتە.
پرسیار: باشە.
تێبینی: ئەو پرسیارانە پەیامنێر نامۆ عەبدوڵا لە جان کیربی کرد.

سێشەمە ١٩- ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن دی سی
پرسیار: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر یارمەتییە نیزامییەکانی ئەو دواییانە ، پێنتاگۆن ( وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا) دەڵێ ئەوان چاوەڕوان دەکەن پێشمەرگە "دەورێکی گرینگ " بگێڕن. ئایا ئێوە لێرە لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئەو بۆچوونە ڕێکن کە کوردەکان عونسورێکی گرینگن لە گرتنەوەی شارێکی عەڕەب دا؟ چونکە هێندێک دوژمنایەتی مێژوویی لە ئارا دا هەبووە. و ئێوە پێتان وایە بڵێی عەڕەبە مەدەنییەکانی خەڵکی ئەوێ پێشوازی لە پێشمەرگە بکەن؟
ئاغای کیربی: ناتوانم- بڕاونە ، ئەتۆ دیسان لە من دەپرسی کە من داهاتوویەک پێشبینی بکەم. پێشمەرگە تا ئێستا دەورێکی هەتا بڵێی گرینگیان گێڕاوە لە شەڕ بە دژی داعش دا.بەرعۆدەیی ئێمە لە ئاست ئەوان ماوەتەوە. ئەمن لەو بارەیەوە قسەم کردووە. ئێمە دوێنیش باسی ئەوەمان کرد. هیچ شتێک بەرعۆدەیی ئێمە ناگۆڕێ بۆ یارمەتیکردنیان لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق لە بەغدا . بەڵام سەبارەت بە پێشبینی کردنی سەرکەوتن لە مەیدانی نەبەرد دا یان ئەو ئاستەی کە خەڵک پێشوازییان لێ دەکەن ، ئەمن هیچ ناڵێم – ئەمن ئەوە ناکەم ، و ئەمن بە دڵنیاییەوە ناکەمەوە ناو باسێک بۆ قسە کردن لە سەر ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکان.
پرسیار: چونکە ئەوان [ خەڵکی مووسڵ] بە دڵنیاییەوە پێشوازی ناکەن لە میلیشیا شیعەکان و بەرەو پیلیان ناچن. ئەمن تەنێ پێم خۆش بوو بزانم داخودا بەبۆچوونی ئێوە لەگەڵ کوردەکانیش هەر ئاوا [ دەجووڵێنەوە ] -
ئاغای کیربی: ئەمن هەر ئەوەندە بڵێم کە من چ پێشبینییەک ناکەم سەبارەت بە ئاستی پێشوازی کردن و بەخێرهێنان یان نەهێنانی دانیشتوان. هێزگەلی پێشمەرگە لە شەر دا ئازا و وێرەک بوون. ئێمە، بە ڕێگای حکوومەتی عێڕاق دا، پشتیوانیمان لێ کردوون. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەو پشتیوانییە.بۆ وەدەستهێنانی زانیاری بە ووردە ڕیشاڵ لەو باەرەیەوە داوات لێ دەکەم بگەڕێیەوە سەر ڕاگەیاندنەکانی دوێنێ وەزاڕەتی بەرگری. هیچ شتێک بەرعۆدەیی ئێمە ناگۆڕێ بۆ یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەتییەکانی عێڕاق و هێزگەلی پێشمەرگە بۆ تێکشکاندنی داعش.

پێنجشەمە ٢١-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسە وێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: سێ [ چوار، وەرگێڕ] ئاکادێمیک – ئاکادێمیکی تورک ئێستا لە زیندان دان هەر لە بەر ئیمزا کردنی داخواینامەیەکی ئاشتی و داوای ئەوەی کە تورکییە و پ.ک.ک. بگەڕێنەوە سەر موزاکەرەی ئاشتی. بە سەدان ئاکادێمیسیەنی دیکە لە تورکییە ئێستا کەتوونەتە بەر لێپرسینەوە و ڕاوەدوونان. ئێوە لەو ڕووەوە لە پێشوو دا کاردانەوەتان هەبوو، بەڵام سبەینێ (جومعە) دادگایەک پێک دێ. پرسیار ئەوەیە: یەکەم بۆچوونی ئێوە لە سەر ئەو محاکەمەیە چییە؟ دووهەم داخودا هیچ دیپڵۆماتی ئەمریکایی بۆ چاوەدێری دادگەی سبەینێ لەوێ ئامادە دەبێ؟
ئاغای کیربی: باشە. بەر لەهەموو شت بڵێم ، ئێمە زۆر لە نزیکەوە بە دووی ئەو کەیسە دا دەچین . و هەر وەک پێشتر گوتوومانە ئێمە بەردەوامین لە سەر پێداگری لای حکوومەتی تورک کە بەرعۆدەیی خۆی لە ئاست پڕێنسیپە بنەڕەتییەکانی دێمۆکڕاسی ڕەچاو بکا، کە ئەوە بریتییە لە پێواژۆی محاکەمە و سەربەخۆیی دادوەری، گشت ئەوانە، وەک ئێمە گوتوومانە، لە قانوونی بنچینەیی تورکییە دا هەن. جا بۆیە ئێمە شێلگیرانە لە نزیکەوە چاومان بە سەر ئەو کەیسەوە بووە و لەسەر چاوەدێری کردنی بەردەوام دەبین.

لەمەڕ ئەوەی داخوادا بە تایبەتی لەوێ ئامادە دەبین یان نا، ئێستا ئەمن هیچم پێ نییە ڕایبگەیێنم. وەک تۆ دەزانی، ئەوە پڕاتیکێکی باوە کە دیپڵۆماتەکانی ئێمە لە دادگەی ئەوتۆ دا ئامادە بن. بەڵام ئەمن هیچ شتێکی تایبەتیم لا نییە ڕایبگەیێنم سەبارەت بەو دادگەیە.
پرسیار: پرسیارێکی دی لە پێوەندیی لەگەڵ تورکییە دا – ٢٤ی ئاوریل نزیکە ، ئەوە ساڵوەگەڕیی بیرەوەری کوشتاری ئەرمەنییەکانە، واتە ڕووداوە ناخۆشەکانی ساڵی ١٩١٥. ئایا ئیدارەی ئێوە ئەمساڵ – بە بۆچوونی تۆ ئیدارەی ئەمریکا ئەمساڵ ئەو ڕووداوانە چۆن پێناسە دەکا؟ هیچ گۆڕانێک بووە؟
ئاغای کیربی: لەو بارەیەوە ئەمن هیچی تازەم پێ نییە بیڵێم . نیمە.
پرسیار: دەکرێ لە تورکییە بمێنینەوە، پرسیارێکی کورت لە سەر تورکییە؟
ئاغای کیربی: بە دڵنیاییەوە.
پرسیار: ئەمن نازانم ئەتۆ چ ووڵامێک یان کاردانەوەیەکت لە ئاست ئەمە هەیە یان نا – ئەمڕۆ دادگەی پێداهاتنەوەی تورکییە حوکم بۆ بڕانەوەی چەند سەد کەسێکی پووچەڵ کردەوە – کە بەتاوانی کودەتا – حەولدان بۆ کودەتا کردن – حوکمیان بۆ بڕابووەوە. داخودا ئێوە مانان هیچ ئاگاتان لەوە هەیە؟

ئاغای کیربی: بەڵێ. ئەمن ڕاپۆرتی سەر ئەو بابەتەم دیتوون. دەمەوێ بڵێم ئەوە کەیسێکی محاکەمەیە کە جارێ بەر دەوامە ، بۆیە ئەمن دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی پێشتر گوتوومانە، ئەویش پێداگرییە لای حکوومەتی تورک دەستەبەر بێ بۆ ڕێز گرتنی تەواو لە پێواژۆی دادگە و جووڵانەوەی یەکسان بە پێی قانوون. بەڵام ئەوە جارێ هەر بەردەوامە، ئەمن پێم وایە جاری هەر ئەوەندە بڵێم بەس بێ.


جومعە ٢٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦
ئێلیزابێت تروودۆ
بەڕێوەبەری ، ئیدارەی چاپەمەنی لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی

پرسیار: سپاس. گرژی لە نێوان هێزە کوردەکان و ڕێژیمی ئەسەد لەو دواییانە دا زۆر زیادی کردووە. و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو دا ، تێکهەڵچوون لە نێوانیان دا قەوماوە و ئەوە بووەتە هۆی مردن و بریندار بوونی ژمارەیەک خەلک. داخودا دەوڵەتە  یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستێکی هەیە لەو بارەیەوە. واتە سەبارەت بە ئەو بارگرژییە نوێیە لە نێوان ئەسەد و کوردەکان دا، کە [ لە کێشەی سوورییە دا ] کەمتا زۆر لە بەرامبەر یەکتری دا بێ لایەن ماونەتەوە؟

خانمی تروودۆ : باشە، بە دڵنیاییەوە ئێمە دەڵێین پێشمەرگە – کوردەکان هێندێک لە شەرڤانە هەرەکاریگەرەکان بوون لە سەر زەوی بە دژی داعش ، و ئەوە شتێکە ئێمە پێشوازی لێ دەکەین و ئێمە پشتیوانیمان لێ کردووە و بەردەوام زەقمان کردووەتەوە. سەبارەت بەو بارگرژییە هەرەتازانە ، ئەمن ناتوانم بە تایبەتی بدوێم ، بەڵام ئەمن بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە  پێشمەرگە زۆر باش جەختیان کردووەتەوە لەو جێیەی ئێمە حەوجێمان پێیان بووە بیکەن .

پرسیار: ئەمن باسی کوردەکانی سوورییە دەکەم، نەک پێشمەرگە لە عێڕاق.

خانمی تروودۆ : چاکە

پرسیار: کوردەکانی سوورییە کە -

خانمی تروودۆ: شەری نێوان -

پرسیار: شەڕی نێوان هێزەکانی ئەسەد و کوردەکانی سوورییە . ئەوە لە سوورییە دەقەومێ
خانمی تروو دۆ : ئەها . باشە. لەو بارەیەوە، ئەمن ئاگاداری ڕاپۆرتی ئەو [تێکهەڵچوونانە ] هەم. لە ڕاستیدا ئەمن هیچم نییە لێی زیاد کەم . ئەوە نیگەرانییەکی دیکەیە کاتێک ئێمە تەماشای ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان دەکەین . باشە .
پرسیار: سپاس

تێبینی: ئەو پرسیارە پەیامنێر نامۆ عەبدوڵا کردی. بەڕاستی جێگای سەرنجە کە کاربەدەستێکی پایەبەرزی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەندە بێ ئاگایە کە فەرق بە جیاوازی نێوان پێشمەرگە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان ناکا و ووڵام دەداتەوە بە پرسیارێک کە لێی نەکرا




No comments: