Saturday, August 13, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ٨ ، سێشەمە ٩ و پێنجشەمە ١١ ی ئووتی ٢٠١٦

دووشەمە ٨-ی ئووتی ٢٠١٦
ئێلیزابێت ترودۆ
بەڕێوەبەری ئیدارەی چاپەمەنی
 وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
واشنگتن، دی سی
خانمی ترودٶ: فەرموو!
 پرسیار: سەرۆک کۆمار ئەردۆغان ، وەک تۆ دەزانی، بە دوای حەولی کودەتا دا شانی وەبەر ئاشتی نەتەوەیی تورک داوە لەگەڵ هەموو پارتییە سیاسییەکان جگە لە پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەڵان نەبێ کە لایەنگری لە کورد دەکا، ئەو پارتییە بە شێوەیەکی زەق و بەرچاو لەو ئاشتییە نەتەوەییە وەلا نراوە. داخودا لەو بارەیەوە لێکدانەوەت چییە؟ ئایا پێت وایە ئەوە فکرێکی عاقڵانەیە؟
 خانمی ترودۆ: ئەمن بە هیچجور لە سەر ئەوە هیچ ناڵێم. ئەمن پێم وایە ئەوەی کە پرێزیدێنت ئەردۆغان دەیکا و بەردەوام دەبێ لە سەر ئاشتبوونەوە و بەردەوام دەبێ لە سەر دامەزراندنی دێمۆکڕاسی تورک ئەوانە ئەو خۆی دەبێ قسەی لە سەر بکا.
پرسیار: ئایا بە ڕاستی پێت وایە ئەو ئاشتبوونەوە دا دەمەزرێنێ؟
خانمی ترودۆ: ئەمن دەڵێم کە –
پرسیار: دەزانی، لەوەتا کودەتا کراوە ، ٦٠٠٠٠ هەزار کەسیان گرتووە .
خانمی ترودۆ: ئێمە لەوە ئاگادارین.
پرسیار: ئایا ئەوە دەکرێ ئاشتبوونەوە بێ ؟
 خانمی ترودٶ: ئەوەی ئەمن دەیڵێم ئەوەیە ئێمە لە سەر ئەوە زۆرمان قسە کردووە. ئێمە باسی نیگەرانییەکانی خۆمان کردووە لە مەڕ تورکییە چ بە گشتی و چ بە شێوەی خسووسی، و ئەوەی کە ئەو لەگەڵ کام پارتی قسە دەکا و شێوەی ئەوە و لە کوێ و کەنگێ ئەوە شتێک نییە ئەمن بە هیچجۆر بە شێوەی تایبەتی قسەی لێوە بکەم.
پرسیار: باشە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەتۆ پێت واهەیە بەو جۆرە ئەو ئاشتبوونەوەیە دا دامەزرێنێ؟
خانمی ترودۆ: ئەمن پێم وایە کە –
 پرسیار: چونکە زۆر کەس هەن لەو باوەڕە دان ئەردۆغان هەر کەسێکی کە پێی وابێ دژی حوکمەکەیەتی ڕاو دەنێ.
خانمی ترودۆ: ئەمن پێم وایە کە – ئێمە هەین ؟ ئێمە ٢٠ ڕۆژ لەو ڕووداوە دوور کەوتووینەوە کە حەولێک بوو بۆ کودەتایەکی ناسەرکەوتوو. ئەمن پێم وایە ئەوە بە قووڵی – سەروبەندێکی گرینگ بوو بۆ تورکییە ، و ئەمن پێم وایە تورکییە هێشتا خەریکە لێکی دەداتەوە بزانێ چ بووە، ئێمە لە پشت تورکییەیەین لە کاتێکدا لەو بار و دۆخە دەکۆڵێتەوە، لە کاتێک دا بەردەوامن لە سەر ئەوەی بزانن چ ڕوویداوە، ئێمە دەنگی خۆمان بەرز کردووەتەوە سەبارەت بە – ئەوەی کە ئەوان ڕێز لە پێوەرە نێونەتەوەییەکان و مافی مرۆڤ لەناوخۆی تورکییە دا بگرن.
پرسیار: بەڵام بەئاسایی ئەگەر کەمایەتییەک هەبێ ، چ ئێتنیکی یان دینی ، کە لە هێندێک ووڵات دا فەرق و جیاوازی لەگەڵ بکرێ، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە دروستی هێندێک دژایەتی نیشان دەدەا . سەبارەت بە وەزعی کوردەکان لە تورکییە، کە ئەوان لە دوور و نزیکەوە چ پێوەندییان بە کودەتاکەوە نییە – تەنانەت ئەردۆغانیش ئەوە ناڵێ – بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەو ئاشتبوونە نەتەوەییەی کە ئەردۆغان شانی وەبەر داوە وەلا دەنرێن و فت دەکرێن . کە وا وێدەچێ ئەوە بەلای ئێوەوە چ موشکیلە و گرفتێک نەبێ؟
خانمی ترودۆ: نا، ئەمن پێم وایە ئەوە گرفتێکە، هەر وەک گوتم ، پێویستە لەو بارەیەوە لە تورکییە پرسیار بکەی.

سێشەمە ٩-ی ئووتی ٢٠١٦
 ئێلیزابێت ترودۆ
 بەڕێوەبەری ئیدارەی چاپەمەنی
 وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
 پرسیار: عێڕاق. حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای لە ووڵاتانی ئیتلافی دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام کردووە کە یارمەتی بدەن بۆ پێداویستییەکانی پزیشکی وبەتایبەتی چارەسەر کردنی پێشمەرگەی بریندار لە دەرەوەی ووڵات کاتێک کە پێویستی بە پێوەچارانی ئەوتۆ هەبێ کە لە هەرێمی کوردستان یان لە عێڕاق دەرفەتی ئەوە نەبێ. لیستێکی ڕەسمی هەیە لەمەڕ ئەو جۆرە پێشمەرگە بریندارانە. جا بۆیە پرسیارەکەم ئەوەیە داخودا وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا هیچ بەرنامەیەکی هەیە یان هیچ نییەتی ئەوەی هەیە بەرنامەی ئەوتۆ دابمەزرێنێ کە یارمەتی بکا بەو جەنگاوەرە بریندارانە؟
خانمی ترودۆ: ئێمە یارمەتییەکی گەورە دەکەین بە پێشمەرگە ، کە ئەوە زۆر لە ئامراز و کەلوپەلی پێویستی پزشکی دەگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەمن سەرنجت ڕادەکێشم ئێمە هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ ڕاگوێستنی پێشمەرگەی بریندار بۆ دەرەوەی کوردستان. بە لە بەرچاو گرتنی ، ئەو یارمەتییەی ، کە لە ١١-ی ژووییەی ڕاگەیێندرا، ، بە پەسند و قەبووڵی تەواوی حکوومەتی عێڕاق، و لە یادداشتێکی لەیەک تێگەیشتن دا لە نێوان وەزیری بەرگری کارتر لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێمزا کرا کە ئەوە ڕێگە خۆش دەکا بۆ بەکارهێنانی ٤١٥ میلیۆن دۆڵار. بۆ ووڵامدانەوەی پرسیارەکەی تۆ ، ئەو یارمەتییە ، یاریدەی کورتخایەنی کەلوپەلی پزشکی و هەر وەها خۆراک، گولە، مووچە، و یارمەتی دیکە وەبەر دەگرێ. ئەمن هەر وەها ئەوەشی لێ زیاد کەم هاوینی ڕابردوو، لە هاوئاهەنگی لەگەڵ شەریکەکان لە ئیتلاف و لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق دا ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەلوپەل و پێداویستیی وەرگرت بۆ یاریدەدانی پێشمەرگەی بریندار . لەوانە ١٥٠ ئامرازی گواستنەوە ، ئامبووڵانسیش دە ناویان دا.
پرسیار: ببوورە، دراوەکە چەند بوو؟ خانمی ترودۆ: ٤١٥ میلیۆن
پرسیار: ٤١٥ میلیۆن؟
خانمی ترودۆ: لە ١١هەمی ژووییە.
 پرسیار: بە هاتنە گۆڕی هێرش بۆ سەر مووسڵ، ئایا ئێوە بیرتان لێ کردووەتەوە ئەو بەرنامەی یارمەتییە پەرە پێبدەن بۆ لەبەرچاوگرتنی جێ بە جێ کردنی پێداویستی بەو چارەسەرکردنانە –
 خانمی ترودۆ: ئەمن هیچ بەرنامەیەکی نوێ نییە ڕایبگەیێنم. هەروەک ئێمە پەیتا پەیتا و زۆر جار لەم سەکۆیەوە گوتوومانە ، ئێمە زۆر بە چاکی ئاگامان لە گرینگی پێشمەرگە لەو شەڕە دا هەیە ، و هەر وەها ئێمە زۆر باشیش لە گرینگی ئەو یارمەتییە تێ دەگەین کە هەلومەرجەکە پێی دەوێ.

پێنجشەمە ١١-ی ئووتی ٢٠١٦
 ئێلیزابێت ترودۆ
 بەڕێوەبەری، ئیدارەی چاپەمەنی
 وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی
پرسیار: باشە. دوێنێ ، لەو ڕاپۆرتەی وا لەمەڕ ئازادیی دینی بڵاوتان کردەوە، سەفیر ساپرستاین بار و دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی بە خراپ دادەنێ ، کە ئەو قسەیە خۆی خۆی ئیسپات دەکا. هەرێمی کوردستان زۆربەی پەنابەران و ئەو کەسانەی لەبەر شەڕی داعش لەجێی خۆیان هەڵکەندراون دەحاوێنێتەوە ، و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمرێکا ڕایگەیاندووە بەشێک لەو خەڵکەی کە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دەحاوێندرێنەوە کەوتوونەتە بەر هێرشی جێنۆسایدانە لە لایەن داعشەوە دە ناو ئەوانەدا ئێزیدییەکان . جا بۆیە لەم پێوەندییە دا پرسیارەکەی من ئەوەیە : ئێوە ئەو یارمەتییەی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەو ژووربردنی تولێرانس (دەربردن) تان پێ چۆنە و چۆنی دەنرخێنن؟ - مەبەستم تۆلێرانسی دینی یە – لە هەرێمەکە دا؟
 خانمی ترودۆ: باشە، سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی ئەوە ، ئەمن داوات لێ دەکەم بچییەوە سەر ڕاپۆرتی ئازادیی دینی لە ئاستی نێونەتەوەیی دا. با ئەوەش بڵێن کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر لە نزیکەوە کار دەکا لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێگا خۆش کردن و پشتیوانی کردن لەوانەی کە لە لایەن داعشەوە لە زێد و شوێنی خۆیان هەڵکەندراون، بەڵام سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی ڕوانگەی ئەوان لە مەڕ تۆلێرانس ، هەڵسەنگاندنی ڕوانگەی ئەوان لەمەڕ ئازادیی دینی ، ئەمن داوات لێ دەکەم بۆ ئەوەی بەوە بزانی تەماشای ڕاپۆرتەکە بکە. پرسیار: ئەمن لەو بارەیەوە لە ڕاپۆرتەکە دا هیچم نەدیت.
 خانمی ترودۆ: باشە.
پرسیار: ( پێ دەکەنێ .) باشەی چی -
خانمی ترودۆ: ئێ ، مەبەستم ئەوەیە – ئەمن – هەیە – دەتوانین چاوێک لە ڕاپۆرتەکە بکەین، بەڵام ئەمن لەوە زیاتر چم پێ نییە لەو بارەیەوە بیڵێم. پرسیار: باشە، ئەتۆ هەر ئێستا – پرسیار: دەکرێ لە داییرەی ئازادیی دینی داوا بکەی ووڵامێک بداتەوە بەو پرسیارە؟.
خانمی ترودۆ : بە خۆشحالییەوە پرسیارەکەت حەواڵەی ئەوان دەکەم
پرسیار: سپاست دەکەم
پرسیار: یان هەر دەکرێ بڵێی " ئەمن ووڵامی پرسیارەکە نادەمەوە " .
 خانمی ترودۆ : سپاس
 پرسیار: داوای لێ مەکە تەماشای ڕاپۆرتێک بکا کە باسی ئەوە ناکا.

خانمی ترودۆ: باشە، ڕاستت بوێ، ئەمن نەمدەزانی لە ڕپۆرتەکە دا باس نەکراوە. سپاس بۆ تێبینییەکەت.

No comments: