Monday, August 1, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمرێکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ٢٥، سێشەمە ٢٦ ، چوارشەمە ٢٧ و جومعە ٢٩-ی ژووییە

دووشەمە ٢٥ –ی ژووییەی ٢٠١٦
جان کیربی
 قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی 
 پرسیار: باشە. پرسیارەکەم لە سەر عێڕاقە، و وەزیری بەرگری عێڕاق گوتوویەتی پێشمەرگەی کورد لە شەڕی ڕزگار کردنی مووسڵ دا بەشدار نابن – و ئەوان تەنێ دەوری پشتیوانی و تەداروکاتییان دەبێ. دەکرێ ڕوونی کەیەوە بۆچوون و ڕوانگەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە سەر ئەو قسەیە چییە؟

 ئاغای کیربی: بۆچوونی ئێمە هەر زۆر لە سەرەتاوە ئەوە بووە کە ئێمە پشتیوانی دەکەین لە پلانێکی بەربەرەکانی عێڕاقی و ستڕاتێژی عێڕاقی بۆ تێک شکاندنی داعش لە ووڵات دا . و ئێمە درێژە دەدەین بە دانی پشتیوانی بەو بەربەرەکانی و بەو ستڕاتێژییە بەڕێگای ڕاهێنان، ئامۆژگاری، و میسیۆنی یارمەتی و ، هەڵبەت، ئاشکرایە بە ڕێگای هێزی هەوایی ئیتیلاف و سەرچاوەی دیکە. بەڵام ئەوە پلانێکی عێڕاقی یە، و ئەمن لێرە دا قسە لە سەر ستراتێژییەکی عەمەلییاتی عێڕاقی ناکەم. ئەوەی کە ئێمە جەختی لە سەر دەکەین پشتیوانی کردنە لە حکوومەتی عێڕاق کە بەردەوامە لە خاک ئەستاندنەوە لە داعش. و ئێمە پشتیوانی دەکەین لە حەولەکانیان، حەول دەدەین بۆ باشتر کردنی توانایی و لێهاتوویی هێزە ئەمنیەتییەکانی عێڕاق لە مەیدانی نەبەرد دا.

 پرسیار: کە وا بێ ئەتۆ ئەوە قەبووڵ دەکەی – ئەو جۆرەی عێڕاقییەکان باسی لێوە دەکەن ، یانی ئێوە ئەوە دەپەژرێنن و قۆڵی لێ هەڵدەکێشن سەبارەت بەوەی کە عێڕاق دەیڵێ لەمەر دەوری پێشمەرگە بۆ ڕزگاری مووسل کە ئەو دەورە هەر دەورێکی پشتیوانی و لۆجێستی دەبێ ئەو جۆرەی کە عێڕاقییەکان دەیڵێن؟

ئاغای کیربی: ئەوەی ئەمن دیڵێم ئەوەیە کە ئەو بڕیارانە - واتە ئەوەی کە مووسڵ بە پێی چ ستڕاتێژییەک بگیرێتەوە - ئەو بریارانە دەبێ ڕێبەرانی عێڕاق بیاندەن. کاری ئێمە ئەوەیە پشتیوانی لە حکوومەتی عێڕاق بکەین . ئاشکرایە ، ئێمە دەمانەوێ ببینین مووسڵ بگیرێتەوە. هەموو لایەک بەرعۆدەن لە پێناو ئەو ئامانجە دا، بەڵام ئەوە پلانێکی عێڕاقی یە ، ستراتێژییەکی عێڕاقی یە، و ئێمە پشتیوانییان لێ دەکەین لە کاتێکدا ئەوان خەریکی بەڕێوەبردنی ئەو پلانە دەبن.

پرسیار: پرسیارێکم هەیە هەر لە درێژەی ئەو پرسیارەی پێشوو دا.

 ئاغای کیربی: ئەمن دڵنیا بووم کە دیسان دەپرسی.

پرسیار: پرسیارەکە پێوەندی هەیە بە داخویانییەکی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ ئەو داخویانییەی بڵاو کردووەتەوە . و ئەمن – باشە – ئەوەی ئەو – ئێمە دەزانین ، باشە، ئێمە دەزانین کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، کوردەکان لە زومرەی هاوپەیمانانی هەرە وەفاداری ئەمریکا دان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. و ئەگەر ئەتۆ بیر بکەیەوە لە ناوچەیەکی هەراو لە نێوان ئۆردۆن و هیندووستان دا، بە حەق دەکرێ بگوترێ ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوپەیمانی هەرە بەئەمەگ و جێی باوەڕی ئەمریکایە. بەڵام ئەمڕۆ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسعوود بارزانی ، داخویانییەکی زۆر توندی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا لەگەڵ جەخت کردن لە سەر ئازایەتی و فیداکارییەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی بە دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دا، هەر وەها بەگشتی جەخت کردنەوە لە سەر ئازایەتی و فیداکاری گەلی کورد ، کە دوو لە سێی ئاوارەکانی شەڕ و خەڵکی لە جێ خۆهەڵکەندراو یان لە عێڕاق حاواندووەتەوە، ئەو گلەیی و گازندە دەکا کە سەڕەرای ئەوە عێڕاق گێرو گرفتی ساز کرد بۆ ئەوەی نوێنەری کورد لە دوایین کۆبوونەوەی لووتکەی دژی داعش لە واشنگتن بەشدار بێ و ئەمن لێرە عەینی قسەکانی خۆی دەگێڕمەوە: " بەداخەوە، مالخێوی ئەو لووتکەیە بە قسەی وەزیری کارو باری دەرەوەی عێڕاقی کرد. ئەوە تەنێ نموونەیەک لەو نموونە زۆرانەیە کە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ئاواتەکانیان بە ئانقەستە نکۆڵی لێ دەکرێ بە پێی خواستی هێندێک تاکوتەرا. " ئەتۆ ووڵامی ئەو قسەیە چۆن دەدەیەوە؟
ئاغای کیربی: ئەمن ئەو تێچنانەم نەدیتووە، جا بۆیە ئەمن خۆم ناخەمە هەڵوێستێکە بۆ ووڵامدانەوەی هێندێک ئاماژەی کە ئەمن نەم دیتوون یان ئاگام لێیان نییە. ڕێگام بدە هێندێک بگەڕێمەوە دوایە و کەمێک قسە بکەم لە سەر کۆبوونەوەی وەزیران لە حەوتووی ڕابردوو کە زۆر گرینگ بوو- مەبەستم کۆبوونەوەی وەزیرانە بۆ هەنگاو بە دژی داعش. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ، هەر دووک ڕۆژ – کۆنفڕانسی بەڵێنی باربوو دان – ئەوەش ئاشکرایە زۆر گرینگ بوو ، بەڵام ئەوانە دوو ڕووداوی جیاواز بوون. با دەقیقەیەک باسی کۆبوونەوەی وەزیران بکەین بە مەبەستی هەنگاونان بەدژی داعش. ئێستا ئیتیلاف ٦٧ ئەندامی هەیە ، ئینترپۆل یش لەگەڵ. ئیتیلافێکی بە ڕاستی نێونەتەوەیی بۆ تێکشکاندنی داعش. لەو کۆنفڕانسەی حەوتووی ڕابردوو دا ووتەی زۆر بە جێ، ئافرێنەر و ئەرێنی پێشکێش کران بۆ باشتر کردنی حەولەکانی ئیتیلاف لەهەموو بوارەکانی تێکۆشان دا بە دژی داعش. و لە وێدا ، هەڵبەت دەستەیەکی نوێنەرایەتی عێڕاق بەشدار بوو بە سەرۆکایەتی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەو ووڵاتە، کە دیارە هەیئەتەکە نوێنەرێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یشی تیدا بوو. جا – و دیسان – ئێمە بریارمان هێشتەوە ، وەک لەگەڵ هەموو ووڵاتێکی دیکەی ئەندامی ئەو ئیتیلافە دەیکەین، ئێمە بڕیاری چۆنیەتی بەشداری هەیئەتەکەمان هێشتەوە بۆ حکوومەت ، و حکوومەتی عێڕاقیش وای پێ باش بوو ئەندامێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەیئەتەکەی دابێ. ئیستا، ڕێگام بدە باسی خاڵێکیش بکەم لەمەر ئەوەی ئەتۆ سەبارەت بە حەولەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە باست کرد لە شەڕ دا – ئەوان زۆر کاریگەر بوون، ئەوان زۆر ئازا بوون، ئەوان لێهاتوو بون و ئێمە لە زۆر بۆنە دا گووتوومانە کە ئێمە چەندە لە ئاست ئەو لێهاتوویی و ئازایەتییە منەتباریانین.، مەهارەت لە مەیدانی نەبەرد دا، هەر لە بەر ئەوەشە ئێمە درێژە دەدەین بە پشتیوانی لە حکوومەتی عێڕاق لە بەغدا لەکاتێکدا حکوومەت حەول دەدا بۆ پێوەچاران بەو هەڕەشەیەوە. و ئێمە هەر لە زۆر سەرەتاوە حەولمان داوە دیالۆگ، هاوکاری، و کۆئۆردیناسیۆن هەبێ لە نێوان باکوور و باشوور دا ، لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێڕاق لە بەغدا و لەو ڕووەوە تەشویقمان کردوون، و لە سەر ئەو کارەمان بەردەوام دەبین. و ئەمن نازانم ئێمە چەندە لەوە زەقتر و ئاشکراتر بدوێێن هەر تەنێ چاو لەو سەفەرانە بکە کە نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار مەکگورک دەیانکا ، ئەو زۆر جار دەچێتە هەرێم ، و ماوەیەکی زۆر لە ئەربیل [ هەولێر، وەرگێڕ ] بە سەر دەبا بۆ قسە کردن لە گەڵ ڕێبەران سەبارەت بە ئەوەی کە پێشوەچوونەکانیان چۆنە و شتەکان چۆن بەرەو پێش دەچن.

 پرسیار: باشە . ئەمن وای بۆ دەچم ئەگەر داخویانییەک بدرێ – کە دەوڵەتە یەکگرتووەکان چاوەڕوانی ئەوە دەکا پێشمەرگە دەورێکی گرینگ بگێڕێ لە شەڕی ڕزگار کردنی مووسڵ دا ئەوە ئەو جۆرە نیگەرانیانە دەڕەوێنێتەوە

 ئاغای کیربی: ئەوان دەورێکی گرینگیان گێڕاوە لە شەڕ دا ، و سەبارەت بە بەربەرەکانی بۆ ڕزگار کردنی مووسڵ – ئەمن پێم وایە ئەتۆ لێم تێدەگەی – بەلانی کەمەوە هیوا دارم بتوانی تێی بگەی - کە بۆچی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا قسەناکا لە سەر تایبەتمەندییەکانی ستڕاتێژییەکی عەسکەری، و خاڵی دووهەم ئەوەیە تەنانەت ئەگەر ئەمن ئەوەش بکەم، بۆچی ئێمە بە ئاشکرا ناڵێین کە ئەو ستراتێژییە چۆن بڕیاری لە سەر دەدرێ و دیاری دەکرێ و چۆن دوژمنی کوژەر ڕاو دەنرێ . هەموو لایەک لە گرینگی مووسڵ تێدەگەن، ئاشکرایە حکوومەتی عێڕاق یەکەمە لەناو ئەوانەی دا کە لە گرینگی گرتنەوەی مووسڵ تێ دەگەن. ئەوان ستڕاتێژییەکیان هەیە، نەخشە ڕێیەکی ئەو بەربەرەکانییەیان هەیە.هەر چونێک بێ ئێستا ئەوە وەگەڕ کەتووە و وەزاڕەتی کاروباری بەرگری دەتوانێ زۆر زیاتر و زۆر تایبەتیتر لەمن باسی ئەوە بکا، بەڵام چەندین مانگە عەمەلیاتی ئامادەکردنی ئەو نەبەردە بەڕێوەیە و ئێستا لە دەورو بەری مووسڵ ئەوە چڕ بووەتەوە، ئێمە درێژە دەدەین بە پشتیوانی خۆمان لەو ستراتێژییە و ئەو نەخشەی ڕێیە. بەڵام ئەوە پلانێکی عێڕاقی یە ، و ئێمە لە هەوەڵەوە گوتوومانە پشتیوانی دەکەین لە حەولەکانی سەرۆک وەزیر عەبادی – چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی عەسکەرییەوە – بۆ ئەوەی تا ئەوجێی دەلوێ دەکرێ گشتگیر بێ بە دەم درێژە دانی حەولەکانی بە دژی داعش لەناوخۆی ووڵاتەکەی دا.

پرسیار: باشە، بەڵام دوایین تێچنی من سەبارەت بەوە دەبێ هێندە لەمێژ نییە کە دوەڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕاستییدا کاری کرد بۆ ئەوەی وەزیری کاروباری دەرەوەی عێڕاق، کە ئەو دەمی سەرۆک وەزیر بوو ، لە سەر پۆستەکەی لا بەرێ، و دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێندەش بێ تەفاوەت نەبووە لەهەمبەر حکوومەتی عێڕاق.

ئاغای کیربی: دەزانی ، ئەمن پێم وایە ئەمڕۆ زۆر بە دوورو درێژی لە سەر ئەو بابەتە قسەم کرد.
تێبینی: ئەو پرسیارانە ڕۆژنامەنووسی بە ئەزموونی ئەمریکایی یای لۆری میلرۆی کردوونی



سێشەمە ٢٦-ی ژووییەی ٢٠١٦
 ئێلیزابێت ترودۆ
بەڕێوەری ئیدارەی چاپەمەنی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی واشنگتن، دی سی
پرسیار: کوشتنی قەشەیەکی بەساڵداچوو. ساڵی ڕابردوو، حەوتەنامەی ' دێر شپیگل' شیکردنەوەیەکی لە سەر داعش بڵاو کردەوە کە ئەو زانیاریانە لە دەستگای ئیستیخباراتی ئەڵمانەوە دزەی کرد بو، و لەو ڕاپۆرتە دا هاتووە داعش کاتێک لە سوورییە ساز کرا کە دەستەڵاتی ڕێژیمە سوورییە لە کورتێی دا و ئەو ڕێکخستنە بە دەست ئەندامانی پێشووی دەستگای ئیستخباراتی عێڕاق لە سوورییە ساز کرا، و ئەوان لەوێوە ڕاشیانگوێست بۆ عێڕاق. و ڕێبەرایەتی کورد لە ناو و لە دەرەوەی حکوومەت دا کەمتا زۆر هەر هەمان قسە دەکەن. وەک ئەو بۆچوونەی ڕاوێژکاری چاپەمەنی سەرۆک بارزانی کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا ڕایگەیاند " زۆربەی خەڵک لە هەرێم لەو باوەڕەدان ئەو ڕێکخستنەی بەناوی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ناسراوە لە ڕاستی دا لە لایەن بەعسەوە داندراوە و ئەوان ئیدارەی دەکەن ". ئایا ئێوە ئەو شی کردنەوەیە بە ڕاست دەزانن و لەگەڵی ڕێکن، یان بۆچوونێکی دیکەتان هەیە لەو بارەیەوە؟

خانمی ترودۆ
: ئەتۆ بۆچوونی منت دەوێ لە سەر ئەو ڕاپۆرتە ئەڵمانییەی کە دزەی کردووە؟

پرسیار: با پرسیارەکەم ئاوا بکەم ، لە ڕوانگەی ئێوەوە قەوارەی ئەو ڕێکخستنە چۆنە کە تازە قشەیەکی کوشتووە؟

خانمی ترودۆ: باشە، بە دڵنییایەوە

پرسیار: دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام – ئێوە پێتان وایە قەوارەی ئەو ڕێکخستنە چۆنە؟ کێ بەڕێوەی دەبا؟

 خانمی ترودۆ: ئەمن ئەوە دەڵێم لەسەر ئەو بابەتە کتێب نووسراوە- لە سەر ئەوەی کە داعش چییە.، لە سەر قەوارەی داعش و ئەوەی کە ئەوان چۆن ئاڵوگۆڕ لە خۆیاندا پێک دەهێنن. بە دڵنیاییەوە، لەو بینایە وە ، لە سەر مێژووی داعش و ئەوەی کە ئەوان لە کوێوە دێن – هەستانی داعش ، لە ڕاستی دا زەبروزەنگی تیژپەڕیی زۆر گوتراوە و قسەی لە سەر کراوە. ئەمن پێم وایە ئەوەی گرینگ بێ ئەوەیە ئێمە لەم بینایەوە و لەگەڵ هاوکارانمان لە دەستگاکانی دیکە دا چۆن شەڕی دەکەین و بە دووی ئەوە دا دەچین بزانین بەرعۆدەیی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ نەبەرد بە دژی داعش چۆن دەڕوا. و هەر وەک حەوتووی ڕابردوو بینیت ، و ئێمە پێشتر لەو بارەیەوە قسەمان کرد. دەزانی – ئەمن وا بزانم ئێستا ئێمە ٦٧ ووڵات و ڕێکخستنی نێونەتەوەیین کە لەدەوری یەکدی کۆبووینەتەوە لە سەرتاسەری جیهان دا بۆ شەڕی داعش. ئەمن باسی ئەوە ناکەم ئەوان لە کوێوە دەستیان پێ کرد و بنچینە و بناغەیە یان چییە، بەڵام ئێمە سەرنجی خۆمان لە سەر ئەوە کۆ کردووتەوە و جەختی لە سەر دەکەین بزانین ئەوان چۆن ئالوگۆڕ دەخۆیان دا دەکەن و ئێمە چ ئامادەییەک مان پێویستە بۆ ڕوبەروووو بوونەوە لەگەڵ ئەو مەترسییە.

پرسیار: پێت وا نییە پێویستە مرۆڤ دوژمن بناسێ ، لە داعش تێ بگا – و بۆ ئەوەی بە شێوەی هەرە کاریگەر شەڕی بکرێ مرۆڤ دەبێ بزانێ کە قەوارەکەی چییە؟

 خانمی تردۆ: ئەدی، بەگردبڕی وایە، و ئەمن لەو ڕووەوە لەگەڵت ڕێکم، و هەر وەها چاولێکردن لەوەی ئەوان چۆن ئاڵۆگۆڕ دەکەن لە خۆیان دا بۆ درێژە دان بە کارەکانیان. ئێمە لەم سەکۆیەوە زۆر جار باسی ئەوەشمان کردووە، بە دەم ئەوەی ڕووبەری ئەو خاکەی لە عێڕاق و سوورییە داگیریان کردووە بەرتەنگتر دەبێتەوە، و ئێمە ئەو جۆرە هێرشانەیان لێوە دەبینین کە پێوێستی بە کۆئۆردیناسیۆن نییە، و ئەوان پێویستییان بە سەرچاوەیەکی زۆر نییە بۆ ئەو جۆرە کارانەیان. ڕاستت بوێ ئێمە سەبارەت بەوە قسە و تەگبیر دەکەین مانای ئەو هێرشانە بۆ داعش و یان کردنیان بە هاندانی داعش چییە. هەم بارو دۆخەکە و هەم ئەو دەستەیە، دەکرێ بڵێم داسەپاو نییە و گۆڕانی بە سەر دا دێ. جا بۆیە ئێمە بەرعۆدەییەکی زۆر مان هەیە سەبارەت بە وان بزانین . دەستگا جۆر بە جۆرە حکوومەتییەکان جەخت لە سەر ئەوە دەکەن

پرسیار: تەنێ پرسیارێکم هەیە لە سەر سوورییە، لە باکووری سوورییە ، لە هەرێمی ڕۆژئاوا ، ناوچەی کوردیی سوورییە، ماوەیەک لەوە پێش ڕاپۆرتی ئەوە هەبوو کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕەمیلان پێگەی هەوایی ساز دەکا. ئایا سەبارەت بە ساز کردنی ئەو پێگە هەواییە چ زانیاری تازەت لایە؟

خانمی ترودۆ: بە گردبڕی نا. ئەوە ئەرکی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا نییە لەو بارەیەوە قسە بکا. بەڵام ئەمن هیچ ڕاپۆرت  و زانیارییەکم  لەو بارەیەوە نەدیتووە.  ئایا سەبارەت بە ساز کردنی ئەو پێگە هەواییە چ زانیاری تازەت لایە؟
/////////////
چوارشەمە ٢٧ – ی ژووییەی ٢٠١٦
جان کیربی
 قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی

 پرسیار: سپاست دەکەم . پرسیارێک هەیە پێوەندی بە سوورییەوە هەیە بەر لەوەی بچمە سەر تورکییە. ئەمڕۆ، تەقینەوەیەکی خۆ کووژی لە قامشلۆ ، شارێکی کوردی لە سوورییە، ڕویدا کە بووە هۆی کووژرانی نزیکەی ٥٠ کەس و بریندار کردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس. – دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام بەرپرسیارەتی ئەو ڕوداوەی بە ئەستۆوە گرتووە، هیچت هەیە لەم بارەیەوە بیڵێی.

 ئاغای کیربی: بەڵێ. سپاست دەکەم. ئێمە بە دڵنیاییەوە زۆر بە توندیی ئەو هێرشە تێڕۆریستییە قێزەوەنەی ئەمڕۆ مەحکووم دەکەین کە بووە هۆی کووژرانی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی مەدەنی لە قامشلۆ، لە سوورییە و هەڵبەت ، بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی قووڵ دەکەین لە گشت ئەو بنەماڵانەی لەو ڕوداوە دا کەسوکاریان کووژراون ، و ، هەڵبەت ، ئێمە بیرمان و دۆعای خێرمان لای ئەوانەیە کە لەو ڕووداوە دا بریندار بوون. ئەو هێرشە، جارێکی دیکە، نموونەی جینایەتە قێزەوەنەکانی داعش دەنوێنێ کە بە دژی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بێ سووچ و تاوان لە سەرتاسەری سوورییە و عێڕاق دا کردوویەتی و ئەوە جەت دەکاتەوە – ئەمن دەبێ بڵێم – ئیرادەی نێونەتەوەیی دادەگرێتەوە بۆ ئەوەی ئێمە حەولەکانمان زیاتر پەرەپێ بدەین بۆ لاواز کردن و تێک شکاندنی داعش و پشتیوانی لەوانەش کە کار دەکەن و تێدەکۆشن بۆ لاواز کردن و تێک شکاندنی داعش. ئەو ئیرادەیە نەگۆڕە ، لە هەر جێگایەکی دنیا دەبێ باببێ. سەبارەت بە ووردە ڕیشاڵی ئەو ڕووداوە – ئەمن هەر هێندێک ڕاپۆرتم دیتووە . و ئێمە هیچ هۆیەکمان بەدەستەوە نییە گومان بکەین لە ئیدیعای داعش بۆ ئەنجام دانی ئەو کردەوەیە ، و – بۆ وەدەست هێنانی ووردە ڕیشاڵی زیاتر لەو بارەیەوە ، داوات لێ دەکەم پێوەندی بکەی بە کاربەدەستانی ئەوێوە [ قامیشلۆ وەوە ]

پرسیار: سەبارەت بە تورکییە. لە کۆتایی حەوتوو دا حوکمی گیرانی ٤٢ ڕۆژنامەنووس دەرکرا، هەر ئەمڕۆش حوکمی گیرانی ٤٧ ڕۆژنامەنووسی دیکە دراوە . ئاشکرایە ،لیستەی دیکەش بەڕێوەیە. وا وێدەچێ سەدان کەسی زیاتری دیکەش بگیرێن . هەتا ئێستا ١٥٠٠٠ هەزار کەس گیراون. ئەوە ژمارەی ڕەسمی یە. زیاتر لە ٦٠٠٠٠ کەس لە کارەکانیان دوور خراونەتەوە ، یان لە کارەکانیان هەڵپەسێردراون. ئەمن بیری لێدەکەمەوە ، یەکەم بۆچوونت لەو بارەیەوە چییە . و دووهەم، ئەتۆ حەوتووی ڕابردوو یان وا بزانم ڕۆژی دووشەمە بوو ئاماژەت پێکرد کە تورکییە نابێ کردەوەی زێدەڕۆیانە بکا دوای ئەو کۆدەتایە. داخودا پێت وا نییە ئەو کردەوانەی باسم کردن - دەکرێ بە کردەوەی زیادەڕۆیانە دابندرێن؟

 ئاغای کیربی: باشە، بەڵام ئێمە گوتیشمان کە ئێمە خۆمان لە هەموو شتێک و هەموو بڕیارێک هەڵناقورتێنین لەو دەمەی دا کە بڕیارێکی ئاوا دەدرێ. ئەمن داوات لێ دەکەم هەر بگەڕێیەوە سەر ئەو قسەیە و پشتی پێ ببەستی کە وەزیری کار وباری دەرەوە [ جان کێری] پەیتا پەیتا دووپاتەی کردووەتەوە. ئەویش ئەوەیە ئێمە بە توندی نیگەرانی قووڵی خۆمان دەردەبڕین لە ئاست ئەو کودەتا ناسەرکەوتووە. ئێمە چمان نەگوتووە جگە لەوەی نەبێ کە بە توندی و بێ ئەملاو وئەولا ئەو کودەتا سەرنەگرتووەمان شەرمەزار کردووە – و ئەو حەولەمان مەحکووم کردووە. ئاشکرایە ، نەک لە بەر ئەو ڕاستییەی کە تێک شکا و سەر نەکەوت – و پشتیوانی بێ ئەملاوئەولای خۆمان لە حکوومەتی مەدەنی تورکییە دەربڕیوە کە بە ڕێگای هەڵبژاردنەوە هاتووەتە سەرکار. سەرۆک کۆمار [ ئۆباما ]یش ئەو حەولەی کودەتای ناسەرکەوتووی مەحکووم کرد و پشتیوانی ئەمریکای لە داو و دەستگا دێمۆکڕاتیکەکانی تورکییە ڕاگەیاند. سەرۆک کۆمار سپاسی کاربەدەستانی تورکییەی کرد بۆ درێژە دان بە دەستەبەر کردنی ئەمنییەت و ساغوسڵامەتی کۆڕی دیپڵۆماتیک و پێرسۆنێلی ئێمە لە تورکییە. ژنان و پیاوانی کادری عەسکەری ئێمە لە وێندەرێ و هەر وەها کەسانی مەدەنی ئێمە لە سەرتاسەری تورکییە. و هەڵبەت ئێمە پێداگریمان کردووە لەگەڵ سەرکۆمار ئەردۆغان ددان بە جەرگی دا بگرێ ، و لە چوار چێوەی قانوون دا بجووڵێتەوە و دەست لە کردەوەی ئەوتۆ بپارێزێ کە ببێتە هۆی زەبرو زەنگی زیاتر و بێ سەباتی و ئاڵۆزی. ئاشکرایە ئێمە پشتیوانی دەکەین لە هێنانی بکەرانی ئەو کودەتایە بۆ بەردەم عەداڵەت و ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر پێداگری و پێشکێشی سەبارەت بە گرینگی پاراستن و ڕەچاو کردنی پڕێنسیپە دێمۆکڕاتیکەکان.

پرسیار: باشە، ئەی سەبارەت بەو ڕۆژنامە نووسانە – زیاتر لە سەد ڕۆژنامەنووس. لێرەوە ئەتۆ پێت وایە ڕێی تێدەچێ ئەو هەموو ڕۆژنامە نووسانە لە حەولی کودەتاوە گلا بن و بەشدارییان تێیدا بوو بێ؟ ئایا لە ڕووی واقعی یەوە شتێکی ئاوا مەیسەرە؟

 
ئا‌غای کیربی: باشە، بڕوانە، ئەمن – ئەو جۆرە کردەوانە – و ئێمە لە ڕابردوو دا سەبارەت بەوە قسەمان کردووە، واتە نیگەرانییەکانمان سەبارەت بە ئازادیی چاپەمەنی. ئەمن پێم وایە ئێمە ئەوە وەک درێژەدان دەبینین بەوەی کە قسەمان لە بارەیەوە کرد وەک مەیل و ڕەوتێکی جێی نیگەرانی لە تورکییە، کە داو ودەستگا ڕەسمییەکان – هێزەکانی ئەمنییەتی و بەشی قەزایی – بەکار دەهێندرێن بۆ پێشگیریی لە وێژیاکی ڕەوای سیاسی. مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئێمە لەو ڕووەوە زۆر شێلگیر بووین.

پرسیار: دەکرێ پەیوەست بەوە شتێک بپرسم؟ ئایا ئەتۆ لە سەر ئەو باوەرەی کە حکوومەتی تورکییە بە شێوەیەکی سیستماتیک داو ودەستگاکانی کۆمەڵ هەڵدەوەشێنێ ، بەشی قەزایی چاپەمەنی دەناو دا ، بۆ ئەوەی ئەوانە بخاتە ژێر دەستەڵاتی بەشی بەڕێوەبەرییەوە ؟
ئاغای کیربی: ئەمن پێم وایە وا باشە داوات لێ بکەم بگەڕێیەوە سەر ئەوەی کە چەند دەقیقە لەوە پێش گوتم. ئەویش ئەوەیە ، ئەوە کاری ئێمە نییە هەر هەنگاو و هەر جووڵەیەکی کە ڕوودەدا بقەبڵێنن . ئەوەی ئێمە - ئەمن -

پرسیار: ئەمن باسی گشت شتەکە دەکەم
ئاغای کیربی : ئەو شتەی کە ئێمە زۆر لە سەری شێلگیر بووین مەحکووم کردنی حەولی کودەتایە، کودەتا لە لایەن هێزی عەسکەرییەوە بۆ ڕووخاندنی حکوومەتێکی کە بەشێوەی دێمۆکڕاتیک هەڵبژێردراوە. ئەمن پێم وایە هەڵویستی ئێمە وەک ڕۆژ ڕووناک بووە لەوەتا ئەو شەوەی کە ئەو حەولە درا، و ئێمە هەر وەها لە پێوەندییەکانمان لەگەڵ کاربەدەستانی تورکییە لە ئاستی جۆر بە جۆر دا، پێداگریمان لەگەڵ کردوون ددان بە جەرگیان دا بگرن، بە پێی حوکمی قانوون ، و ئەو پرێنسیپە دێمۆکڕاتیکانە بجووڵێنەوە کە هەتاکوو ئێستا حکوومەتی هەڵبژێردراوی لە تورکییە پاراستووە. بەڵام دیسان –ئەمن ناڵێم – ئاشکرایە کە ئێمە پێشوەچوونەکان لە وێندەرێ دەشۆپپێنین و ئێمە لەگەڵ کاربەدەستانی تورک لە پێوەندی دا دەبین. سەفیری ئێمە لەوێ لە پێوەندی بەردەوام دا بووە لەگەڵ هاوتاکانی لە حکوومەتی تورکییە دا. و جا ئەمن نازانم ئایا دەکرێ لەوە زیاتر و قووڵتر لە مەر بۆچوونی خۆمان بدوێم .

 پرسیار: جان، بەلەبەر چاوگرتنی ئەو زانیارییە بەر بڵاوەی کە سەبارەت بە کاروبارەکانی دنیا هەتە ، وەک دەزانی زۆربەی دیکتاتۆرەکان لە مێژوو دا بە ڕێگای دێمۆکڕاتیکەوە هەڵبژێردراون. ئایا وا هەست دەکەی هێشتا دەکرێ بڵێی تورکییە دێمۆکڕاسییە لە کاتێکدا ئەو هەموو پاکسازی و وەلانانە لەوێ دەکرێ؟
ئاغای کیربی: جاندیڕ، با دیسان دووبارەی کەمەوە ، ئەوە حکوومەتێکە بە شیوەی دێمۆکڕاتیک هەڵبژێردراوە، و حکوومەتێک کە بەلانی کەمەوە هێندێک لە تاکوتەرای ئەڕتەشی تورکییە ویستیان سەرەونخوونی کەن. ئاشکرایە کە کار بەدەستانی تورکییە خەریکی لێکۆڵینەوەن لەوەی بزانن لەوێ بە ووردی چ ڕابرد، و ئەوە چۆن مەیسەر بوو بکرێ. ئێمەش، وەک لە سەرەتاوە گوتم، لەو حەولەی ئەوان تێ دەگەین بۆ ئەوەی بزانن ئەو کودەتا ناسەرکەوتووە چ بووە و بۆ ئەوەی حیساب لە بکەرانی بپرسنەوە، ئێمە هەر سەعاتی یەکەم و دووەمی کە ئەوە ڕوویدا ئەوەمان گوتووە. ئێمە ئەوەشمان گوتووە ، و بەردەوامین لەو باوەڕە دابین کە بۆچوونێکی بە حیساب و لەبار بۆ ڕاپەڕاندنی ئەوە – لەبەرچاو گرتنی حوکمی قانوون و ئەو پێواژۆیەی قانوون دیاری دەکا گرینگە. و ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر دەربڕینی نیگەرانییەکانمان.
////////////////// 
جومعە ٢٩ – ی ژووییەی ٢٠١٦
 جان کیربی
 قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی

پرسیار
: هەر وەک لێرە باسمان لێوە کرد ، وەزاڕەتی کار وباری دەرەوە کارێکی گەلێک باشی کرد بە وەڕێخستنی کۆنفڕانسی بەڵێنی باربوو دان بە عێڕاق و پشتوانی لێکردنی. ٢.١ بیلیۆن دۆڵار کۆ کراوە. ئەوە دراوێکی زۆرە. کارێکی گەورە بوو.

 ئاغای کیربی: سپاست دەکەم پرسیار: (پێ دەکەنێ.) بەڵام هەر وەک ئەوەش لێرە گوترا، ئەو دراوە بە ڕێگای بەغدا دا دەچێ. حکوومەتی هەرێمی کوردستان – کەی ئار جی – گوتوویە ئەوان چاوەڕوانی ئەوە ناکەن لەو دراوە چییان پێ ببڕێ. ئەوە ئەو قسەیەیە بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەیان پێشتر لەو حەفتەیە دا کردی- واتە ئەوەی کە ئەوان هێچیان لەو دراوە پێ ناکا ئەوەندەی من بزانم چونکە – لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان دوو لە سێی ئەو ٣ میلیۆن ئاوارە و ئەو خەڵکەیان کە لە ناوخۆی عێڕاق لە جێی خۆیان هەڵکەندراون حاواندووەتەوە ، و ئێستا چاوەڕوان دەکەن میلیۆنێکی دیکەش ڕوو لەوێ بکەن لە پێوەندی لەگەڵ پەلاماری سەر مووسڵ دا. جا پرسیارەکەم دوو بەشە یەکەم داخودا ئەوە لێکدانەوەیەکی بەجێیە ؟ و ئەگەر وایە ، ئایا ئێوە ئامادەن دەستڕۆیشتوویی خۆتان بەکار بهێنین بە سەر بەغدا دا بۆ دەستەبەر کردنی ئەوەی بەشێکی باش لەو دراوە بچێ بۆ هەرێمی کوردستان؟ و ئەگەر ئەوە ناکەن، هیچ ڕێگایەکی دیکە هەیە بۆ ئەوەی بەو کێشەیەوە بچارێن و جێ بە جێی کەن؟

ئاغای کیربی: ئەمن پێم وایە خراپ لێ تێگەیشتنێکی بنەڕەتی هەیە لەو داخویانییە دا. ئەو دراوەی کە کۆ کراوەتەوە بە ڕێگای بەغدا دا نانێردرێ. بەڵکوو ئەو دراوە باربوویە دەچێ بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و داو و دەستگاکان – داو ودەستگاکانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ، کە لەوێ بە پێی پێداویستی، بڕە دراوی موناسیب بۆ یارمەتیدانی مرۆڤی بڵاو بکەنەوە. جا کە وا بوو ئەو باربوویانە ، و یارمەتی ئێمەش لە ناویان دا ، دەچێ بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بڵاوی کاتەوە. و ئەوان کارێکی زۆر سەرنجڕاکێش دەکەن بۆ دیاری کردنی ئەوەی کێ پێویستە دراوی بدرێتێ ، ئەوانە لە کوێن، و ئاتاجی ئەوان چەندەیە. و ئێمە باوەڕی تەواومان بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە و دەزانین لە تواناییان دا هەیە ئەو کارە ڕاپەڕێنن.

 پرسیار: زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەو ڕوونکردنەوەیە، ئەوە جیاوازییەکی گرینگە. دیسان سپاست دەکەم.

ئاغای کیربی: سەر چاوان


No comments: