Sunday, August 28, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنئ، دووشەمە ٢٢، سێشەمە ٢٣، چوارشەمە ٢٤ و پێنجشەمە ٢٥-ی ئووتی ٢٠١٦

 دوشەمە ٢٢-ی ئووتی  ٢٠١٦                                                                                                                              مارک سی. تونر
 جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن ، دی سی
پرسیار: باشە،سەرۆکی کورد مەسعوود بارزانی لە تورکییە چاوی بە جێگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن دەکەوێ. دەکرێ پێمان بڵێی – دەکرێ زانیاریمان بدەیەی ڕۆژەڤی قسەکانی ئەوان چییە؟
 ئاغای تونر: نا ناتوانم، و داوای لێ بوردنت لێ دەکەم – ناچار بووی ماوەیەکی زۆر سەبر بکەی بۆ ئەوەی پرسیارەکەت بکەی. نا. مەبەستمە، بڕوانە، ئەمن دەبێ داوات لێ بکەم لەو بارەیەوە لە کۆشکی سپی بپرسی.
پرسیار: دەتوانی باشە. ڕەنگە ، لەبەر ئەوەی ناتوانی لەو بارەیەوە شتێکی هێندە زۆرم پێ بڵێی، و ئەمن ماومەوە و گومان کردن. ئەمن پێم وایە دە ساڵی ڕابردوو ، تەواو بە ئاوایەکی زەق، داوەرییەکانی جێگری سەرۆک کۆمار سەبارەت بە عێڕاقی وەڕاست گێڕاوە ئەوکاتەی ئەو لە لاپەڕەکانی ڕۆژنامەی ' نیویۆرک تایمز ' دا نووسی کە عێڕاق دەبێ لە حاڵەتی ناوەندی بێتە دەرێ و بە سێ هەرێمی جودا دابەش بکرێ. مرۆ دەکرێ بڵێ ئەوە تێڕوانینێکی وورد بوو. ئەو دەمی واتە دە ساڵ لەمەو بەر سونییەکان دژی ئەو دیتنە بوون، بەڵام ئێستا وەباڵی گەردنم ئەوان بۆچوونێکی تەواو پێچەوانەیان هەیە. ئەتۆ پێت وایە دەکرێ، ئەگەر بکرێ بە گومانەوە بۆی بچی گەلو ڕوحی لە ناوەند کردنەوە دەکرێ مژاری چاوپێکەوتنی نێوان جێگری سەرۆک کۆمار بایدن و ئاغای بارزانی بێ؟
ئاغای تونر: ئەمن بەهیچجۆر لەو بارەیەوە چ قسەم نییە بیلێم.
پرسیار: لە سەر سووریە
ئاغای تونر: فەرموو
پرسیار: سپاست دەکەم. جێف دەیڤیس، قسە وێژی پێنتاگۆن [ وەزاڕەتی کاروباری بەرگری ئەمریکا ] ، لە کۆتایی حەوتوو دا ئەوەی گوت سەبارەت بە بۆمبارانی هەوایی حەسەکە لە سوورییە لە لایەن رێژیمەوە. ئەو گوتی: قسەکانی وەک خۆی دەگێڕمەوە، " هەر وەک ئەوەی لە ڕابردوو دا گوتوومانە ، ڕێژێمی سوورییە ئاگادار دەکەینەوە دەست بپارێزێ لە موداخەلە لە کاری هێزەکانی ئیتیلاف یان شەریکەکانی ئێمە دا " و لەو سەکۆیەی ئێوەوە هێزەکانی یەپەگەی کورد وەک شەریک و ئازا بە ناو کراون. وەزیری کاروباری بەرگری کارتر یەپەگەی بە ‌هێزێکی بە زیپک و زاکوون، بەتوانا و یەک لە شەریکە هەرە کاریگەرەکان داناوە ، ئێستا ئەوە پێنتاگۆن جەختی کردووەتەوە کە هێرش کراوەتە سەر یەپەگە. گەلۆ " ئەو ئاگادار کردنەوەیە " مانای چییە و هەر بەو جۆرەی کە جێف دەیڤیس ئاماژەی پێ کردووە، ئێوە لە ڕابردوو دا ووشداریتان داوە بە ڕێژیم ، هەر وەک ئەو دەڵێ " هەر وەک ئەوەی لە ڕابردوو دا گوتوومانە". باشە هەتا ئێستا بۆچی ئێمە هیچ ووڵامێکی ئێوەمان نەبینیەوە بۆ ئەو هێرشە هەواییانەی ڕێژیمی سوورییە کردوویەتییە سەر هێزەکانی یەپەگە ، کە شەریکی ئێوەنە؟
 ئاغای تونر: باشە، ئەمن داوات لێ دەکەم پێوەندی بکەی بە وەزاڕەتی کاروباری بەرگرییەوە بۆ ئەوەی قسەکانیانت بۆ ڕوون کەنەوە سەبارەت بەو کارەی کە لەوانەیە بیکەن سەبارەت بەو هێرشە هەواییانە. بەڵام ئەمن پێم وایە ئەوەی لە پەیامەکە دا گەییێندرا ئەو ڕاستییە بوو کە – و ئێمە پێمان لەوە ناوە - کە ئێمە هێزی ئۆپێڕاسیۆنی تایبەتی ، ئێس ئۆ ئێف، مان لەوێندەرێ هەیە کە خەریکی دانی ئامۆژگاری و یارمەتی دانن بە هێندێک لەو هێزانەی کە لە باکووری سوورییە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام شەڕ دەکەن. وە ئەوەی کە زۆر بە ڕوونی گوترا ئەوە بوو ئەگەر بێتوو ئەو پێرسۆنێلە، ، ئەو خەڵکانە، بە ڕێگای ئەو هێرشە هەواییانە دا بە شێوەیەک لە شێوان سەدەمەیان پێ بگا، ئێمە ووڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە.
پرسیار: نەک هەر ئەوان. جێف دەیڤیس دەڵێ: "هێزەکانی ئیتیلاف یان شەریکەکانی ئێمە " کە وابوو مانای ئەو قسەیە ئەوەیە ئەگەر شەریکەکانی ئێوە – هەر وەک گوتم ، یەپەگە کە وەک شەریکی ئێوە باسی لێوە کراوە – هێرشی بکرێتە سەری ، ڕێژیمی سوورییە ئاگادار دەکەینەوە ئەو کارە نەکا. ئەمن مەبەستمە بپرسم، ئێوە چما ووشداری دەر دەکەن بەڵام لەو ڕوویەوە هیچ ناکەن – مەبەستم ئەوەیە ئاوا ڕێژیمی سوورییە چۆن دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە جیدی وەردەگرێ کە هەر جارەی شتێک قەوما هەڕەشەیەک دەکا و بەڵام دوایە لە ڕاستییدا ئەو هەڕەشەیە ناخەنە بواری پڕاتیکەوە؟
ئاغای تونر: باشە ، دیسان با بڵێم، یەکەم شتی ئێمە هەمیشە سەرەتی پێ دەدەین سڵامەتی پێرسۆنێلی خۆمانە. ئێمە ئاگامان لەوەیە کە ڕێژیمی سوورییە ئەو پێگەیەی لە حەسەکە هەبوو لەوەتا و بەر لە ئۆپێڕاسیۆنەکانی ئێمە لە وێندەرێ، بەر لە هاوکاری ئێمە لەگەڵ هێزە سوورییەیەکان – هێزە عەڕەبە سوورییەیەکان کە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دەکەن. بوونی هێزەکانی ئێمە لە باکووری سوورییە و جەختی کارەکانیان ڕووبەڕوو بوونەوە و بەگژداهاتنەوەی داعش ە لەوێ. ئێمە یارمەتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە دەدەین لەو ڕووەوە. و هەر وەک ئەتۆش ئاماژەت پێ کرد ، لە ئاکامی هێندێک لەو هێرشە هەواییانەی ڕێژیم ، هێزی هەوایی ئەمریکا چووە ناوچەکە بۆ دەستەبەر کردنی سڵامەتی پێرسۆنێلمان لەوێندەرێ. ئێمە بەردەوام دەبین کە زۆر لە نزیکەوە بارو دۆخی ئەوێ لەبەورچاو بگرین و لێی ئاگادار بین.، و ئێمە هەمیشە بە دەنگ پێرسۆنێلی خۆمانەوە دێین و بەرگریان لێ دەکەین هەر وەک ئێستا گوتم. ئێمە ئەوەمان بە ڕووسەکانیش ڕاگەیاند بە ڕێگای کاناڵی دەست لە کێشە هەڵگرتنمانەوە بۆ بەهێز کردنی گرینگی پاراستنی لەیەک جوێ کردنەوە و سەلامەتی هەڵفرێنی فڕۆکەکانمان بۆ هەر کام لە ئۆپێڕاسیۆنەکانمان. بەڵام حەوتووی ڕابردوو بینیمان کە هێرشە هەواییەکانی ڕێزێم بۆ ناوچەیەکی زۆر نزیکی شوێنی بوونی هێزەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو و ئەوە زۆر جێی مەترسی بوو، بەڵام لەمەڕ هەر قسەیەکی دیکەی کە ئەوان لە وەزاڕەتی کاروباری بەرگرییەوە کردوویانەوە ، ئەمن داوات لێ دەکەم لەگەڵ خۆیان بدوێی. پرسیار: بە دوا دا چوونێک بۆ ئەو پرسیارە – ئاغای تونر: بە دڵنیاییەوە
پرسیار: لە ڕاستییدا، ئەگەر هێزی ئەمریکایی هەن – لە هەر جێگایەک پێرسۆنێلی ئەمریکایی لێیە – لە ناوچەیەکی بەربڵاوە لە باکووری سوورییە – چونکە ئەو ڕووبەڕوو بوونەی کە تۆ باست لێوە کرد ، بەو مانایە نییە کە ئەوان لێیان دابێ یان بۆمبیان بە سەر دا بەردابێتەوە – چونکە ، لە ڕاستیدا، لەو بەشەی سوورییە دا – چ ناوچەی دژە فڕین نییە لەو جێیەی پێرسۆنێلی ئەمریکایی هەن، یان ناوچەیەکی وا بە پڕاتیک هەیە؟
ئاغای تونر: نا ، ئەمن بە هیچ جۆر ئەوە ناڵێم. چونکە ئەوە پێویستی بە زۆر شتی وەک لۆجێستی و شوێنپێ و بەڕێوە بردن لە زۆر ئاستی جیاواز دا هەیە . ئەوەی کە من دەیڵێم ئەوەیە ئێمە هەمیشە لە نزیکەوە چاومان بە سەر هێزەکانمان و جووڵەیانەوە هەیە – و ئەوان بە ڕێژە ژمارەیەکی کەمن و با لێرە گەورەیان نەکەینەوە – و لەوێن بۆ ئامۆژگاریکردن و یارمەتی دانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ] و ئەگەر ئێمە هێرشی هەوایی ببینین – یان نەبیندرێن ، بەڵام لە نزیک هێزەکانی ئێمە ڕوو بدا ، ئەو دەمێ بە دڵنیاییەوە ئێمە بە دەنگ هێزەکانمانەوە دێێن و بە دڵنیاییەوە ئەوە بە ڕوونی بە ڕووسەکان و رێژیمی سوورییە ڕادەگەینین کە ئێمە لە سەر هێزەکانی خۆمان دەکەینەوە و دەیانپارێزین.
پرسیار: ، باشە ، من لەوە تێ دەگەم ، بەڵام تەنێ –
ئاغای تونر: بەڵام ، ئەمن مەبەستمە بڵێم ، ئەتۆ باسی هەبوونی ناوچەی دژە فڕینت کرد لە پڕاتیک دا، و دیسان ، لەو بارەیەوە داوات لێ دەکەم لەگەڵ پێنتاگۆن قسە بکەی، بەڵام ئەمن پێم وایە جیاوازییەک هەیە لە ناو ئەو دوانە دا یانی هەبوونی ناوچەی دژە فڕین و خۆ پاراستن.
پرسیار: بەڵێ ، من لەگەڵت ڕێكم. بەڵام ئەگەر ئەوان بۆمبەکانیان بەر نەدەنەوە – ئەتۆ دەڵێی ئەگەر ئەوان ئەو هێرشە هەواییانە بکەن ، ئەمن تێ دەگەم فڕۆکەکانتان هەڵدەستن بۆ پێش لێ گرتنیان. ، بەڵام لەو ڕاپۆرتانەی دا کە لە سەر ڕووداوەکانی هەرە دواییدا هاتوون دەگوترێ ئەوان هێشتا هێچیان نەکردووە ، هەر تەنێ بە ئاسمانی ناوچەکە دا فڕیون، جا پرسیارەکەی من ئەوەیە داخو دا ئەمریکا وا هەست دەکا کە بوونی هێزی هەوایی سوورییە لەو ناوچانەی کە هێزی ئەمریکایی لێیە یان لەوانەیە لێی بێ ڕێگە پێ دراو نییە یان قەدەغەیە؟
 ئاغای تونر: نا، ئەمن پێم وایە ئەوەی ئێمە حەوتووی ڕابردوو دیتمان ئەوە بوو کە ڕێژیم هێرشی هەوایی کرد ، هەر نەبێ بە پێی ئاگاداری من، و ئێمە زۆر خێرا و دەستبەجێ ڕامانگەیاند ، ئەگەر ئێمە هێرشی دیکە ببینین ، ووڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە. پرسیار: مارک ، ئایا ئێوە حکوومەتی سوورییە ئاگادار دەکەن کە ڕاهێنەر و پێرسونێلی ئێوە لە کوێن؟
ئاغای تۆنر: نا، هەر لەو کەیسە دا، ئێمە دەبوو باسی لێوە بکەین ، چونکە هێرشە هەواییەکان لە جێی مانەوەی پێرسۆنێلی ئێمە زۆر نزیک بوون.
---------------------------
سێشەمە ٢٣-ی ئووتی ٢٠١٦
 مارک سی. تونر
 جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی

پرسیار: لە حەسەکە هەر ئێستا ئاگربەسێک کراوە یان ڕاگەیێندراوە لە شەڕی نێوان ڕێژیمی سووریە و هێزە کوردەکان دا. بەر لە هەموو شت، ئایا ئەتۆ چ لێکدانەوە و قسەیەکت هەیە سەبارەت بەو ئاگربەسە تازەیە؟ ئایا ئێوە چ دەورێکتان گێڕا بۆ ئەوەی ئەو ئاگر بەسە بکری؟ ئایا ئێوە پێتان وایە ئەو هەڕەشەیەی کە دەولەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هێزەکانی سوورییەی کرد چ دەورێکی گێڕاوە لە پێکهاتنی ئەو ئاگر بەسە دا ؟ چۆن – قسەت چییە؟

 ئاغای تونر: ئێ، من شتێکی زۆرم پێ نییە لەو بارەیەوە بیڵێم. مەبەستم ئەوەیە بڵێم. ئێمە ڕاپۆرتی سەبارەت بە ئاگر بەس لە دەورو بەری حەسەکەمان دیتووە هەر وەک ئەوەی کە تۆ باست کرد. لەو ناوچە تایبەتییە دا، و ئەمن پێم وایە دوێنێ ئەوەم گوت، هێزەکانی ئێمە لە ڕاستییدا لەو ناوچەیە تێوە نەگلاون. بەڵام ئاشکرایە ، هەرشتێکی کە ڕێگا بدا هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ] هێزی خۆیان لە سەر دوژمنی واقعی ، کە دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شامە کۆ بکەنەوە و شەری ئەو هێزە بکەن و تێکی بشکێنن ، هەنگاوێکی پیرۆزە. بەڵام لە لای ئێمەوە شتێک لەوە زیاتر نییە کە بیڵێین .

 پرسیار: کە وا بوو لەو کەیسە دا ، دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبوو خێرا بجووڵێتەوە لە بەر ئەوەی کە هاوپەیمانە کورد و تورکە [!!] کانی بوونە ئامانجی سێرەی ڕێژیمی سوورییە، بەڵام ئێوە هەست بە هەمان حەولدانی خێرا و دەستبەجێ ناکەن بە نیسبەت گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دی؟ چونکە لەو بارەیەوە ئێمە چ جووڵەی فڕۆکەی شەر یا هیچ شتێکی دیکەمان نەدی.

 ئاغای تونر: ئەم دڵنیا نیم لەوەی بە ووردی لەم پرسیارە تێ گەیشتبێتم

پرسیار: باشە، بەڵام پرسیارەکەی من زۆر سادەیە - ئاغای تونر: دە تکایە فەرموو دووبارەی کەوە پرسیار: - ئەوە بوو کە کاتێک هێزەکوردەکان هەڕەشەیان لێ کرا لە لایەن هێزەکانی سوورییەوە و کاتێک ئەوان لە لایەن هێزی هەوایی سوورییەوە بۆمباران کران ، ئێوە وە جووڵە کەوتن و هەڕەشەتان کرد و گوتتان ئەوانە هێزی ئێمەنە. ئایا ئەوە لە بەر ئەوەیە کە هێزەکانی ئێوە لەوێن، لە بەر ئەوەیە کە پێرسۆنێلی ئەمریکایی لەو ناوچەیە هەن. یان ئەوە لە بەر ئەوەیە کە ئێوە هاوپەیمانییەکی زۆر پتەوترتان لەگەڵ هێزە کوردەکان هەیە لە چاو هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن؟
ئاغای تونر:   باشە، ئەمن پێم وایە وەزارەتی کارو باری بەرگری لەوبارەیەوە قسەی کرد و هەڵوێستی تەواو ڕوون بوو کە هەر کاتێک هێزەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بە بێ ئەوەی کە دیاری بکرێ ئەو هێزانە لە کوێ کار دەکەن، بەڵام لە هەر جێگایەک کە بکەونە مەترسییەوە -

پرسیار: باشە

 ئاغای تونر: - ئێمە ئەوەی پێویست بێ دەکەین بۆ پاراستنی ئەو هێزانە. و ئەمن پێم وایە سەبارەت بە حەسەکە- هێندێک لە هێرشە هەواییەکان، زۆر نزیک بوو لەو جێیانەی کە هێزەکانی ئێمە کار دەکەن. بەڵام با دیسان بڵێمەوە، ئەوە بەمانای ئەوە نییە کە هێزەکانی ئێمە لە کێشەکانی ئەو ناوچەیەوە گلاون. بەڵام هەر وەک تۆ دەزانی، دەوری هێندێک لەو هێزانەی ئێمە لە باکووری سوورییە لە ڕاستییدا ئەوەیە کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئیس دی ئیف ] ڕابهێنین و ئامۆژگارییان بدەینێ ، و ئەو کارانە لە شوێن و ناوچەی جیاواز دەکرێن.

پرسیار: باشە ، ئایا ئەوە بوونی پێرسۆنێلی ئەمریکایی لە بەشی دیکەی خاکی سوورییەش وەبەر دەگرێ؟ ئاغای تونر: ئێمە لە سەر ئەوەی ئەوان لە کوێن و لە کوێ نین نادوێین!

پرسیار ، باشە ، سپاست دەکەم پرسیار: ببوورە، هەر لە سەر ئەو مژارە، ئەمڕۆ هێزە تورکەکان ‌هێزە عەڕەب و کوردەکانیان لە مەنبج تۆپپاران و بۆمباران کرد ، ئەو هێزانەی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانییان لێ دەکا، هیچت هەیە لەم بارەیەوە بیڵێی؟

 ئاغای تونر: باشە، ئێمە لە پێوەندی داین لەگەڵ کاربەدەستانی تورک، و هەر وەها لەگەڵ نوێنەرانی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ]، سەبارەت بەو ڕووداوە. ئەمن دەڵێم ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی دەستەبەر بین ئەو گرژییانە توندتر نەبن و وەبیر هەر دوو لا یان هەر دوو لایەن دەهێنینەوە کە دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ، لێرە دا دوژمنی سەرەکی یە و دوژمنی هاوبەشە کە دەبێ ڕووبەرووی ببنەوە، و حەولەکانی ئێمە دەبێ لە سەر ئەوە کۆ بکرێتەوە و بەرەو دەستەبەر کردنی ئەوە بڕوا کە هەموو شەریکەکانمان لە سەر ئەو ئامانجە جەخت بکەن.
پرسیار: لەماوەی دوایی حەوتوو دا، دوو کەسایەتی سەرەکی بە ئاشکرایی گلە وگازندیان کرد کە ئامادەکاری سیاسی بۆ ئازاد کردنی مووسڵ هەر نییە. ئەو کەسایەتییانە بریتین لە سەرۆکی کورد مەسعوود بارزانی و هەر وەها ئەیاد عەلاوی ، سەرۆکوەزیری پێشووی عێڕاق ، و لایەنگرێکی سەرلە پێناوی ئەمریکا، عەلاوی گوتی ئەمن دەزانم کار بە دەست بەغدایە و من قسەکانی وەک خۆی دەگێڕمەوە، " ئێمە هیچ هەنگاوی جیدی نابینین لە لایەن حکوومەتی عێڕاقەوە بۆ هاوئاهەنگ کردن و ئامادەکاری فەزا لەماوەی ڕزگار کردنی مووسڵ دا و بۆ دوای ڕزگار کردنی" ئایا ئەوە شتێکە – ئەو مەسەلەیەی موسڵ – کە ئێوە لەگەڵ بەغدا قسەی لێوە دەکەن؟ ئایا ئێوە یارمەتییان دەدەن بۆ گەڵاڵە کردنی نەخشەیەک بۆ مووسڵ بۆ دوای نەمانی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام؟

ئاغای تونر: بەڵێ. و ئەمن پێم وابێ حەوتووی ڕابردوو کەمێک لەم بارەیەوە قسەم کرد، و نوێنەری تایبەتی ئێمە برێت مەکگورک لە ڕاستیدا لەو دواییانە دا لە هەریم بوو و چاوی کەوت بە کاربەدەستانی کوردستان ، یان دروستتر ئەوەیە بڵێم کاربەدستانی کورد و هەر وەها کاربەدەستانی حکوومەتی عێڕاق سەبارەت بەو بابەتە تایبەتییە. ئێمە چاو لە ڕێین کە چ پێویستە بکرێ لە پێوەندی لەگەڵ ڕاونانی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕآق و شام لە عێڕاق و گوشار خستنە سەری. وەک گوتم ، ئێمە لە پێوەندی بەردەوام داین هەم لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی و هەم حکوومەتی هەرێمی لە ئەربیل [ هەولێر ] سەبارەت بە هەنگاوی پێویستی سیاسی و عەسکەری کە پێویستە هەڵبهێندرێنەوە بۆ ئەوەی دەستەبەر بین کە لە ڕزگار کردنی مووسڵ دا سەرکەتوو بین. و ئەمن دەتوانم بڵێم دوێنێ سەفیرەکەمان لەوێ ،ستوارت جۆنس، کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی هەبوو، کە لەو کۆنفڕانسە دا بەرعۆدەیی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی داگرتەوە بۆ دانی یارمەتی بە بەربەرەکانی عێڕاق بۆ تێکشکاندنی داعش لە مەیدانی نەبەرد دا بەڵام هەر وەها – و ئێمە لەم بارەیەوە بە ووردە ڕیشاڵێکی زۆرەوە قسەمان کردووە – لە مەر ئەوەی کە چۆن دەستەبەری بکرێ کە بە خێرایی یارمەتی ئینسانی بە دوو دا بێ و ئەو هەرێمە ڕزگارکراوانە ئارام بکرێن و سەباتیان هەبێ. جا خاڵی سەرەکی ئەوەیە ئێمە ئاگادارین لەو گرژی و پرسیار و بابەتانە لێرە دا. ئێمە لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو لایەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەرەیەکی شێلگیر بپارێزین کە بەردەوام بێ لە گوشار هێنان بۆ سەر داعش ، تێکشکاندن و نەهێشتی لە عێڕاق
 ----------------


چوارشەمە ٢٤-ی ئووتی ٢٠١٦
ئێلیزابێت ترودۆ
 بەڕێوەبەری ئیدارەی چاپەمەنی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن، دی سی
 پرسیار : لە مەڕ تورکییە / سوورییە
خانمی ترودۆ: باسی وان بکەین – باشە ئەگەر بچینە سەر تورکییە؟
پرسیار: سوورییە و هەر -
خانمی ترودۆ: ئێ .
پرسیار: لە ئانکارا، جۆ بایدن گوتی هێزە کوردەکان دەبێ بکشێنەوە و بچنەوە ئەو بەری چۆمی فرات. ئەو گوتی : " ئەوان ناتوانن و بۆیان نییە لە ژێر هەر هەلو مەرجێکدا دەبێ ببێ چاوەڕیی پشتیوانی ئەمریکا بن بێتوو بەرعۆدەیی خۆیان نەپارێزن " ئەمن دەمەوێ سەبارەت بەو جوگرافیایە پرسیارت لێ بکەم کە لێرە دا جۆ بایدن باسی لێوە دەکا. ئەوە ئەمن لێرە تەماشای نەخشە دەکەم و گەڕانەوە بۆ ئەو بەری چۆمی فرات واتە گەڕانەوە بۆ بەری لای کۆبانێ. و شاری مەنبج کە شەرڤانانی کورد یارمەتییان کرد بۆ ئەوەی لە چنگ دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ڕزگار بێ، لەو بەرەی چۆمەکەیە کە جۆ بایدن داوا لە شەڕڤانانی کورد دەکا بەجێی بێڵن. بە گوتنی ئەوە من دەمەوێ پرسم داخودا دەوڵەتە یەکگرتووەکان داوا لە شەڕڤانانی کورد دەکا کە شاری مەنبج یش بەجێ بهێڵن؟
خانمی ترودۆ: باشە، ئەوەی کە ئەمن لە ووڵام دا دەیڵێم ئەوەیە کە قسەکانی جێگری سەرۆک کۆمار زۆر ڕوون بوو لەو بارەیەوە، ئەوەی کە ئێمە هەمیشە گوتوومانە ئەوە بووە ، هەر کە ئێمە زەوییەک بە دەست دەهێنین و ئۆپێڕاسیۆنەکان خاک لە دەست داعش دەردەهێنن ، ئێمە دەمانەوێ هێزی خۆجێی – هێزی خۆجیی درێژە بدەن بە ئارامکردنەوە و پێکهێنانی سەبات لەو ناوچەیە دا، و ئێمە ئەوەمان زۆر بە ڕوونی باس کردووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر کارکردن لە گەڵ شەریکەکانمان واتە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ] لە کاتێکدا کە ئەوان خەریکی تەواو کردنی ئەو ئۆپێڕاسیۆنانەن . ئێس دی ئێف بەردەوامە لە سەر کار کردن بۆ ئارامکردنەوە و سەباتی ئەو ناوچانەی کە لە دەست دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دەر دەهێندرێن ، بۆ ئەوەی دانیشتوان بە سەلامەت بگەڕێنەوە سەر زێد و واری خۆیان. تا ئەو جێگایەی دەگەڕێتەوە سەر دانیشتوانی کورد، دیارە ئێمە لە لایەن ئەوانەوە بەرعۆدەییمان هەیە ، هەر وەک پێشتریش باسمان کردووە ، سەرۆکایەتی کورد بەرعۆدە بووە ئەو هێزانەی کە ناوچەکە ئارام دەکەنەوە و سەبات دادەمەزرێنن لە خەڵکی ناوچەیی خۆیان دەبن. ئێمە پێمان وایە ئەوە باشترین رێگە چارەیە بۆ ئاشتییەکی درێژخایەن و ماییندە کە خەڵکی خۆجێی بمێنێتەوە و ئەو ناوچەیە ساز کاتەوە و کۆنتڕۆڵی ناوچەیی دابمەزرێنێتەوە کاتێک ناوچەکە سەباتی تێدا پێک دێ.
پرسیار: هێزە کوردەکان بەشێکن لە -
پرسیار: (نا بیسترێ)
خانمی ترودۆ: سەبر کە. دەتوانین ئەوە تەواو کەین ، لۆری، فەرموو
پرسیار: هێزە کوردەکان بەشێکن لە هێزی خۆجێی لە وێندەرێ ، بەڵام جۆ بایدن – جێگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن بانگەوازی شەڕڤانانی کورد دەکا لە چۆمێ بپەڕنەوە دوایە – ئایا ئەو مە بەستی لەو بانگەوازە ئەوەیە شەرڤانانی کورد شاری مەنبج بە جێ ىێڵن کە لەو بەری چۆمە ؟
خانمی ترودۆ: ئەمن لێرە دا قسەکانی جێگری سەرکۆمار شی ناکەمەوە. ئەو شتەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە کە ئێمە لەو باوەڕە داین هێزە خۆجێیەکان دەبێ کۆنتڕۆڵی ئەو شوێنانەیان بەدەستەوە بێ کە لە دەست داعش ڕزگار کراون. لۆری، ئەتۆ پرسیارێکت هەبوو؟
پرسیار: چ ڕوودەدا ئەگەر یەپەگە لە بەری ڕۆژئاوای چۆمی فرات نەکشێتەوە و بەرەو ڕۆژهەڵات بچێ، وەک جێگری سەرۆک کۆمار گوتی کە دەبێ ئەوان ئەمڕۆ بکشێنەوە؟ ئەگەر ئەوە نەکەن تۆ چاوەڕێ دەکەی چ ڕوو بدا؟
خانمی ترودۆ: باشە، دەزانی ئەتۆ پرسیارێکی فەرزییم لێ دەکەی. فەرماندە کوردەکان بەڵێن و بەرعۆدەییان داوە. ئێمە چاوەڕوانیمان لەوان ئەوەیە کە بەرعۆدەییەکانی خۆیان بپاڕێزن و پێکیان بێنن
پرسیار: بەڵام --
خانمی ترودۆ: بەردەوام بە
پرسیار: لە ڕاستیدا – ئەوە بوو -
خانمی ترودۆ: بە دڵنیاییەوە. پرسیار: لە ڕاستییدا ئەوە پرسیارێکی زۆر تایبەتی و ڕوون بوو. ئایا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بانگەواز دەکا لە شەڕڤانانی کورد شاری مەنبج بەجێ بهێڵن ، کە ئەوان لەو دواییانەدا یارمەتییان کرد بۆ ئەوەی لە چنگ دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ڕزگار بێ؟
خانمی ترودۆ: جا فەرماندە کوردەکان بەرعۆدە بوون ئەوان ناوچەکان دەدەنە دەست دانیشتووانی خۆجێی لەکاتێکدا ئاوا بە سەرکەوتوویی گەورەوە ئەو ناوچانەیان لە دەست داعش ڕزگار کردووە. ئێمە چاوەڕوانیمان لەوان ئەوەیە ئەو بەرعۆدەییانەی بە ئێمەیان داوە ڕەچاو کەن. ئەمن لێرە دا باسی ئەم شاڕۆچکە و فڵان گوند ناکەم. جێگری سەرۆک کۆمار ،بایدن ئەمڕۆ باسی ئەوەی کرد ، و ئیدی ئەمن لە سەر قسەکانی ناڕۆم. سەعید پرسیار: ئێ، بەڵام دەزانی ئەم شارۆچکەیە یان فڵان گوندە، بە وروردی کێشە لە سەر ئەوەیە، چونکە ئێوە شەریکی خۆتان هەیە. لە لایەکەوە کوردەکان و لەلایەکی دیکەشەوە تورکەکان کە لە بەرانبەر یەکتری دان لە سەر زۆرێک لەو ناوچانە. باشە ئێوە بەچ شێوەیەک دەزانن کەنگێ دەبێ یارمەتی شەریکێکتان بدەن و کەنگێ دەبێ لە دانی هەر یارمەتییەکی کە ببێ دەست بگێڕنەوە کە ڕەنگە بیدەن بە شەریکەکەتان؟
خانمی ترودۆ: ئێ. مەبەستمە بڵێم، ئەوە بارودۆخێکی ئاڵٶز و پێچەڵپێچە. ئەمن پێم وایە قسەکەی تۆ بە ووردی ڕاستە، و ئەوە شتێکە کە ئێمە بە ڕەو ڕووی دەبین. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێزە خۆجییەکان لە سەر زەوی لە پێوەندی دابین و کاریان لەگەڵ بکەین و هەر وەها بەردەوام دەبین لە سەر کار کردن لەگەڵ شەریکەکانمان، تورکەکان، لەکاتێکدا ئێمە ئەو بارودۆخە ڕادەپەڕێنین. ئەو بەرعۆدەییەی ، کە ئەمن لە ووڵامی لۆری دا باسم کرد، واتە ئەوەی کە دانیشتووانی خۆجێیی کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان بە دەست دەبێ کە ئەوان لە چنگ داعشی ڕزگار دەکەن – فەرماندە کوردەکان ئەو بەرعۆدەییان داوە بە ئێمە.
پرسیار: ئێستا، لەکاتێکدا کە هێزە کوردەکان خەریکن کۆنتڕۆڵی هەموو حەسەکە بە دەستەو دەگرن، کە ئەوە هەموو هەرێمی حەسەکە دەگرێتەوە – ئێستا، ئەوە لەوانەیە، بۆ وێنە، مرخێک بێ بۆ تورکییە کە لەگەڵ ئەسەد پێک بێ. ئایا ئێوە لەوە نیگەران نین؟ ئایا بە بۆچوونی ئێوە ئەوە شتێکە ، سێناریۆیەکە کە لەوانەیە ڕوو بدا؟
خانمی ترودۆ: دیسان، ئەمن نامەوێ سەبارەت بە ووردەکارییەکانی ئۆپێڕاسیۆنان قسە بکەم. برادەران ئێوە دەزانن کە لەو بەری چۆمی وەزاڕەتخانەیەکی دیکە هەیە کە دەتوانێ بە ڕوونی لە سەر ئەو بابەتە بدوێ، ئەوەی من دەیڵێم ئەوەیە ، ئێمە درێژە دەدەین بە تێوەگلانی خۆمان. ئێمە دوان و ڕاوێژی زۆر چالاکمان هەیە لە تەک شەریکەکانمان دا. ئەوە شتێکە کە من پێم وایە هەموو کەس فەرقی پێ دەکا.
پرسیار: پرسیارێکی بەربڵاوتر لە سەر تورکان
خانمی ترودۆ: ئێمە لە سەر تورکان بدوێین؟
پرسیار: نا –
پرسیار: با
خانمی ترودۆ: باشە، سەبر کە
پرسیار: باشە
پرسیار: ئەمن هەر چەند پرسیارێکی دیکەم لە سەر ئەو مژارە هەیە
پرسیار: و ئەمنیش شتێکم هەیە -
پرسیار: هێندێک بە گشتی لە سەر سیاسەت
خانمی ترودۆ: باشە، باشە، بوێستە. ئایا پرسیار هەر لە سەر تورکییە/ سوورییە یە یان هەر تەنێ لە سەر تورکییە؟
پرسیار: تورکییە. تەنێ تورکییە
خانمی ترودۆ: دە باشە، باشە ، با ئەوەیان جێ بە جێ کەین، ئەمن دێمەوە لای تۆ باشە؟ لوری،
پرسیار: سەرۆکوەزیری تورکییە گوتی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێ چاوبخشێنێتەوە بە ڕوانگە و بریاری خۆی لە مەڕ یەپەگە . تا ئەو جێیەی تۆ لێی تێ دەگەی، ئایا دەربڕینی جێگری سەرۆک کۆمار بایدن لە مەر ئەوەی کە یەپەگە دەبێ لە ڕۆژهەلاتی بکشێتەوە – بکشێتەوە بەرەو ڕۆژهەڵاتی فرات – ئایا ئەوە بە بە هێند گرتنی ئەو قسەیەیە کە سەرۆکوەزیری تورکییە دەریبڕی ؟
خانمی ترودۆ: ڕوانگەی ئێمە سەبارەت بە یەپەگە نەگۆڕاوە
باشە
پرسیار: دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی دەکا لە ئۆپێڕاسیۆنەکانی تورکییە لە سوورییە ئەگەرچی تەنانەت سەرۆک کۆماری تورک دەڵێ ئەو تەنێ راوی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام نانێ بەڵکوو بە دووی شەڕڤانانی کوردیش دا دەگەڕێ لە سوورییە. هەر هەمان ئەو شەڕڤانە کوردانەی کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لێ کردبوون. باشە قسەی تۆ بۆ ئەو کوردانە چییە لە سوورییە کە لەو باوەڕە دان ئەمریکا پشتی بەتاڵ کردوون؟
خانمی ترودۆ: باشە، بزانە، ئەمن ئەو قسەیە بەرپەرچ دەدەمەوە کە ئەوان وا هەست دەکەن پشتیان بەر دراوە، ئێمە لەمەڕ پشتیوانی خۆمان هەڵوێستمان زۆر ڕوون بووە. ئەوانە شەڕڤانانی زۆر مەزن و جانانە بوون بە دژی دوژمنی هاوبەش ، کە داعشە. ئەوە وەک گوتوومە، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر تێکەڵاوی نزیک لە گەڵ تورکەکان و هەر وەها لەگەڵ فەرماندە خۆجێییە کوردەکان لەو بارەیەوە. ئەوە مژارێکی ئاڵۆزە. بابەتێکە بە خێرایی دەجووڵێ. ئەمن ناتوانم سەبارەت بە ووردەکارییەکانی ئۆپێڕاسیۆنی بدوێم. بەڵام ئێمە گوتوومانە و ئەوەمان لە مێژە گوتووە کە ئێمە لەو باوەڕەداین ئەوانە شەڕڤانانی زۆر بەتوانا و لێهاتوون و ئێمە هەموومان لە جیاتیان پێویستە جەخت بکەین لە سەر شەڕی دوژمنی هاوبەش، کە داعش ە.
پرسیار: هەر پرسیارێکی دوایی
خانمی ترودۆ: هەڵبەت . هەر یەکی دوایی
پرسیار: ئەمن ئەمڕۆ دەنگوباسم دەخوێندەوە و ئەوەم خوێندەوە: کاپیتان عەبدوسەلام عەبدولڕەزاق ، قسەوێژی دەستەی سەرهەڵداوی نوورەدین زینکی، بە ئاسۆشییەتدپرێسی گوت کە شەڕڤانەکانیان لە ڕۆژی چوارشەمە لە شەڕی هێندێک دەستەی میلیتانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دان لە جەرابلوس . ئەوە هەر هەمان گرووپە کە مانگی ڕابردوو منداڵێکی ١١ ساڵەیان سەر بڕی. و ئەمن دەمەوێ پرسم: ئایا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لەو گرووپە دەکا کە دەست بە سەر جەرابلوس دا بگرێ؟
خانمی ترودۆ: ئێمە بە دوورو درێژی لە سەر ئەوە قسەمان کردووە ، بە تایبەتی سەبارەت بەو گرووپە. ئیدیعای سەر بڕین، پشتیوانی کردن ، یا نەکردنی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لەو گرووپە. ئەوەی کە ئێمە لێی بەرعۆدەین شەڕی داعش ە، ئەمن لێرە دا لەسەر ئەو گرووپە تایبەتییە قسە ناکەم یان ئەوەی کە کێ لە سەر ئەرزی واقع تێوەگلاوە،. ئەمن ئەوەندە زانیارییەم نییە سەبارەت بە ووردەکارییەکانی ئۆپێڕاسیۆنی. ئاخر پرسیار لۆری ، جا ئەو جار ڕوو لە تۆ دەکەم مەت.
پرسیار: بێڵە با پرسیارەکەم زۆر بە گشتی گەڵاڵە بکەم. ئایا ئەتۆ لەو باوەڕە دای کە سەردانی جێگری سەرۆک کۆمار بایدن لە تورکییە ئەو کێشەیەی جێ بە جێ کردووە کە لە نێوان ئانکارا و واشنگتن دا هەبوو سەبارەت بە یەپەگە؟
خانمی ترودۆ: ئەمن پێم وایە ئێمە تێکەڵاویمان لەگەڵ دوست و هاوپەیمانمان ، تورکەکان، سەبارەت بە مژار و بابەتی زۆر بەردەوام دەبێ. بە دڵنیاییەوە سەفەری جێگری سەرۆک کۆمار بۆ وێندەرێ نیشانەیەکی گەورەیە لەو گرینگییەی کە ئێمە بە تورکییەی دەدەین نەک وەک هاوپەیمانێک لە ناتۆ دا، نەک لەبەر پێوەندییەکانی دوو لایەنەمان، بەڵکوو لە بەر گرینگی تورکییە لە شەر بە دژی داعش دا.
پرسیار: باشە ئێوە پارسەنگی پشتیوانی خۆتان لە تورکییە بۆ شەڕی بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام و پشتیوانی لە یەپەگە بۆ شەڕی بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام لە سوورییە چۆن ڕادەگرن،لە عەینی کاتدا؟
خانمی ترودۆ: ئەوەی کە ئێمە گوتوومانە ، هەر ئەوەیە کە من پێشتر گوتم، ئەویش ئەوەیە ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەو ڕاوێژ و قسەکردنانە بۆ ئەوەی کە بە تێگەیشتنێکی هاوبەش بگەین لە سەر ئەوەی کە هەڕەشەی واقعی کێ یە، دوژمنی ڕاستەقینە کێ یە، و کە ئەویش داعش ە..
پرسیار: بەڵام ئەوان لە سەر زەوی شەڕی یەکتری دەکەن.
خانمی ترودۆ: و ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەو ڕاوێژ و قسە لێ کردنانە بۆ ئەوەی جەخت بکرێ لە سەر دوژمنی ڕاستەقینە.
پرسیار: سپاس . تەنێ دو پرسیاری خیڕا. یەکیان ئەوەیە، وەک ئێمە هەموومان دەزانین لە تورکییە دا فەزایەکی زۆر بەرزی دژی ئەمریکایی ساز بووە. ئایا ئێوە چاوەڕوان دەکەن دوای سەردانی جێگری سەرۆک کۆمار دەراوی دەمێ ئانکاڕا بگۆڕدرێ؟
خانمی ترودۆ: ئێمە لەو بارەیە زۆر قسەمان کردووە. ئێمە باسی نیگەرانییەکانی خۆمانمان کردووە سەبارەت بە قسە و دەربرینی دژی ئەمریکایی. هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕاوە . تورکییە دۆستێکمانە.
پرسیار: پرسیاری دووەم، دوایین پرسیار. لەو ڕۆژانە دا دیدارێک هەبوو لە نێوان دوکتور هێنری بارکی و جێگری وەزیری کاروباری دەرەوە شانۆن. پێشتر ئاغای بارکی بەوە تاوانبار کرا بوو کە دەستی هەبوو بێ لە کودەتا دا، هیچ شتت هەیە لە سەر ئەوە بیڵێی؟
خانمی ترودۆ: نا. ئەوە دەڵێم کە جیگری وەزیر لە گەڵ ژمارەیەک خەڵک چاوپێکەوتنی دەبێ. دوکتور بارکی پسپۆڕێکی تورکییەیە. ئێمە پێ زانی خۆمان دەردەبڕین بۆ فێر بوون لە ئاکادێمیکان و ئەو کەسانەی لە تینک تانکان دا لەو بارەیەوە کار دەکەن. ئەمن پێم وایە " ناوەندی ویلسن" زۆر بەڕوونی ووڵامی ئەو تاوانبارکردنانەی دایەوە کە بە دژی دوکتور بارکی کران،. هەر جۆرە تاوانبارکردنێک کە هەر جۆرە کاربەدەستێکی ئەمریکایی چ دەورێکی هەبووبێ لە کودەتا دا بە گردبڕی هەڵەیە، و ئێمە ئەوەمان بە ئاشکرایی ڕاگەیاندووە.
پرسیار: دوکتور بارکی ئەندامێکی پێشووی دەستەی سیاسەت داڕشتنی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکایە ، وا نییە؟
خانمی ترودۆ: بەڵێ وایە ، و ئەو ئێستا حاڵی حازر لە ناوەندی ویلسن یش کار دەکا.
پرسیار: کە وابوو ئەتۆ لە سەر ئەو باوەڕەی کە ئەو چ دەستی تێدا نەبووە؟
خانمی ترودۆ: بەڵێ.
----
پێنجشەمە ٢٥-ی ئوتی  ٢٠١٦
ئیلیزابێت ترودۆ
 بەڕێوەبەری ئێدارەی چاپەمەنی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 واشنگتن ، دی سی
 خانمی ترودۆ: فەرموو لۆری.
 پرسیار: دەکرێ بە نووسراو شتێکمان بدەیەی سەبارەت بە وتووێژیی تەلەفۆنی وەزیری کاروباری دەرەوە کێری لە گەڵ وەزیری کاروباری دەرەوەی تورکییە، کە زانیاری دایە سەبارەت بە کشانەوەی یەپەگە بەرەو بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات؟
 خانمی ترودۆ: باشە. بەڵێ، ئەمن تەئید دەکەم کە وەزیری کاروباری دەرەوە لەگەڵ وەزیری کارو باری دەرەوەی تورکییە بە تەلەفوون قسەی کردووە. بەڵام ناتوانم ووردە ڕیشاڵی قسەکانی تەئید بکەم. تێگەیشتنی من ئەوەیە کە ئەوان بە گشتی سەبارەت بە بەرعۆدەیی ئەمریکا لە ئاست ئەمنییەتی تورکییە قسەیان کردووە و هەر وەها سەبارەت بە شەڕی دژی داعش و پیوەندییەکانی دوو لایەنەمان .
پرسیار: باشە، یەپەگە لە سەرەتاو ئعترازی کرد و گوتی ناکشێتەوە، دوایە قسەوێژی عەسکەری ئەمڕیکا بۆ عەمەلییاتی " ئینهێرنت ڕیزاڵف = چارەسەری زاتی " گوتی کە یەپەگە دەکشێتەوە، و دوای ئەوە گوزایشی ئەوە هاتووە کە یەپەگە داوای گارانتی و دەستەبەری دەکا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەتۆ دەزانی ئەوە چییە- بار و دۆخەکە چۆنە ؟ گەلۆ ئەوان دەکشێنەوە ، ناکشێنەوە؟.
خانمی ترودۆ: باشە، لە ڕاستیدا ، ئەمن داوات لێ دەکەم تەماشای ئەو داخویانییەی خۆیان [ ئی یەپەگە ] بکەی کە بڵاویان کردووەتەوە. ئێمە پشتیوانیان لێ دەکەین بۆ پێشوەچوون بۆ پێکهێنانی بەرعۆدەیی خۆیان. ناوەرۆکی داخویانییەکەیان زۆر ڕوون بوو. ئەمن دەمەوێ لێرە دا دایبگرمەوە ئێس دی ئێف [ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ] سەلماندوویەتی بە ئێمە کە شەرێکێکی جێی باوەر و هەتا بڵیی هێزێکی کاریگەر و توانایە، هەر وەک هەر لەو نزیکانە دا لە مەنبج دیتمان و وا بزانم دوێنێ لەو بارەیەوە قسەمان کرد. هەر وەها ئەوەش گرینگە جەخت بکرێتەوە کە هێزە کوردەکان بەشێکی هەرە گرینگ لە ئێس دێ ئێف پێک دەهێنن. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردن لە هەموو بەشەکانی ئێس دی ئێف – عەڕەب، کورد، تورکومان، گشتیان، بە دەم گوشار هێنان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام و دواجار ئازاد کردنی ڕەقەوە. پرسیار: باشە ، وپرسیارێکی دوایی.
خانمی ترودۆ: بە دڵنیاییەوە
پرسیار: ئایا دەتوانی ووردە ڕیشاڵی زیاترمان بدەیەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ئیتیلاف و ئێس دی ئێف [ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ] کە ئەوان ئێستا داوایان لێ دەکرێ ناوەرۆکی جێ بە جێی کەن سەبارەت بە کشانەوە هەر کە هات و لە ناوچەیەکی تایبەتی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام یان تێک شکاند؟ ئایا تورکییە – ڕێککەوتنێکی وا هەیە - خانمی ترودۆ: باشە، ئەمن – ئەمن تەنێ داوات لێ دەکەم چاو لەوە بکەی کە فەرماندە کوردەکان خۆیان گوتوویانە – پرسیار: ئەمن دەقی قسەکانی ئەوانم نەدیتووە خانمی ترودۆ: - کە – دەزانی – دوێنێ ئێمە باسی ئەوەمان کرد- ئەوان بەرعۆدە بوون و بەڵێنیان داوە ، هەر کە هات و ئەو ناوچانە لە چنگ داعش ڕزگار کران ، ئەوە ڕێبەر خۆجێییەکان دەبن، هێزە خۆ جێیەکان دەبن کە دەچنە ناوەوە و شوێنەکە ئارام دەکەنەوە و سەباتی تێدا پێک دێنن.
پرسیار: و – تورکییە قۆڵی لە سەر ئەو تێگەیشتنە کێشاوە ؟
خانمی ترودۆ: ئەمن داوات لێ دەکەم سەبارەت بە بەرعۆدەییەکانی تورکەکان لەگەڵ خۆیان قسە بکەی


No comments: