Monday, September 12, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمرێکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی سێشەمە ٦ ، چوارشەمە ٧ و پێنجشەمە ٨ -ی سێپتامبری ٢٠١٦


 سێشەمە ٦- ی سێپتامبری ٢٠١٦
 مارک سی .تونر
 جێگری ووتەبێژی وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
 واشنگتن ، دی سی

 پرسیار: سپاس ، مارک . لە ماوەی دوایی حەوتوو دا ، ئەمن وا بزانم سەفیر مەکگورک دیسان سەری لە کۆبانی دا و هێندێک ڕاپۆرت دەڵێن چووەتە قامشلۆش، ئایا دەکرێ پێمان بڵێی لەوێ دیدارەکانی چۆن بوون و هۆی ئەو سەردانە چ بوو؟

 ئاغای تونر: دیارە ئەمن ئاوا ووردە رێشاڵی سەفەرەکەیت بۆ باس ناکەم ، بەڵام هەر وا بەخێرایی بڵێم. ئەو چووە ئەڵمان ، لەوێوە چووە سوورییە و هەر وەها چوو بۆ تورکییەش – بە گشتی بۆ ئەوەی سەبارەت بە حەولەکانمان بۆ تێکشکاندنی ئایسیل قسە بکا؛ بە تایبەتی ، جەختی سەفەرەکەی لە سەر پێشگیری و تێکدانی ئۆپێڕاسیۆنەکانی ئایسیل لە هەندەران و تۆرەکانی بوو. بەڵام ئاشکرایە ، بە لەبەر چاو گرتنی کاتی سەفەرەکەی ، ئەوە دەرفەتێک بوو بۆ ئەو – هەم لە تورکییە، و هەم لە سوورییە – بۆ ئەوەی لەگەڵ شەریکەکانمان قسە بکا لەوێندرێ لە سەر زەوی کە خەریکی هێرش بردن و لێدانی داعش یان ئایسیلن لەوێ لە سەر زەوی. لە تورکییە – یان راستتر بڵێم لە ئەڵمان ، ئەو چاوی کەوت بە کاربەدەستانی پایە بەرزی ئەڵمانی ، ئەو هەر وەها دیداری کرد لە سکرتێری گشتی ئینترپۆل [ پۆلیسی ناونەتەوەیی ] یۆرگن ستۆک سەبارەت بە ئەو ڕێگایانەی کە ئێمە دەتوانین باشتر هاوکاری یەکتری بکەین – و لەگەڵ ئەویش قسەی کرد سەبارەت بە تۆڕەکانی ئاسیل لە دەرەوە ، و هەر وەها ئەو ڕێگایانەی کە ئێمە دەتوانین باشتر لە گەڵ ئیترپۆل هاوکاری بکەین بۆ پێوشوێن هەڵگرتنی جووڵە و هاتووچووی شەڕکەرانی بێگانە. ، لە سوورییە ئەو چاوی کەوت بە دەستەی جۆراوجۆری ناو هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ، یان ڕێبەرانی ئێس دی ئێف؛ و ڕاستت بوێ پیرۆزبایی ڕزگاری کردنی ئەو دواییانەی مەنبج ی لێ کردن لە دەست ئایسیل. ئەو هەر وەها دەستەبەر بوو سەبارەت بە بەردەوامی پشتیوانییەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئێس دی ئێف لە شەڕیان دا بە دژی ئایسیل. و هەر وەها جەختیشی لە سەر پێویستی پاپەند بوونی تەواو کردەوە لەمەڕ ئەو بەرعۆدەیی و بەڵێنانەی کە پێشتر ئێس دی ئێف داویەتی. بەڵام لە هەموو چاوپێکەوتنەکانی دا بانگەوازی کرد بۆ یەکەتی هەول و کێشە کەمکردنەوە. لە تورکییە ئەو چاوی کەوت بە کاربەدەستانی پایە بەرزی تورک و باسی پشتیوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی بۆ کردن لەو هەوڵانەی کە دەدرێن بۆ پاک کردنەوەی هەرێمی سنووری نێوان سوورییە و تورکییە. وئەوان هە وەها سەبارەت بەو پێشەوچوونانەی تائێستا کراون قسەیان کرد و پێرۆزبایی ئەوەی لێ کردن کە تا ئێستا لەو بارەیەوە کراوە، . و هەر وەها کەمێکیش قسەیان کرد سەبارەت بە نەخشەی بەربەرەکانی بۆ ڕزگار کردنی مووسڵ، ئەو بەربەرەکانییەی دواجار بۆ ڕزگار کردنی مووسڵ دەکرێ لە عێڕاق، و هێندێک گشتی تر سەبارەت بە هاوکاریی نزیکتر لەگەڵ تورکییە لەمەڕ خەباتی دژی ئایسیل.

پرسیار: پرێزیدێنت ئەردۆغان، دوای کۆبوونەوەی لووتکەی جی ٢٠ ، گوتی باشە ئێستا کە هێزی کوردیی سوورییە مەنبچ یان بە جێ هێشتووە ئیستا هێزەکانی ئەڕتەشی ئازادی سوورییە کە تورکییە پشتیوانیان لێ دەکا دەتوانن ببزوون و بچنە ناو مەنبج . ئایا ئێوەش پێتان وایە ئەوە بکرێ؟ ئایا پێتان وایە هێزەکانی ئەڕتەشی ئازادی سوورییە ئێف ئێس ئەی لەوانەیە ئێستا بجووڵێن و بچنە ناو مەنبج.

ئاغای تونر: باشە ، بڕوانە ، ئەمن – مەبەستمە بڵێم ، لە مەڕ پرسیاری یەکەمت ، ئێمە لەو باوەڕە داین کە تاکوتەراکی کوردیی ناو ئێس دی ئێف کە بەشدارییان کرد لە ئۆپێڕاسیۆنی مەنبج دا بەڵێن و بەرعۆدەییەکانی خۆیان بە جێ هێناوە و کشاونەتەوە بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات. بە شێوەیەکی گشتی لەمەڕ ئەوەی کە دەبێ لە مەنبج بێ – بڕوانە، ئەوەی ، کە ئێمە هەمیشە لێرە گوتوومانەو دووپاتەمان کردووەتەوە ئەو ڕاستییەیە کە، ئێمە دەمانەوێ دەستەڵاتدارانی جێیی و حکوومەتی ناوچەیی ، هەرچەندی خێراتری کە بکرێ، کۆنتڕۆڵی خۆیان بە سەر ئەو شار و شارۆچکانەی دا کە لە چەنگ ئایسیل ڕزگار دەکرێن دامەزرێننەوە، چونکە دواجار لێرە دا ئامانج ئەوەیە ئەو خەڵکەی لە ماڵ و زێدی خۆیان ‌هەڵکەندراون ، یان ئەو خەڵکەی لەوێن و لە ژێر تێڕۆڕی ئایسیل دا ژیاون، پشتیوانی بکرێن بۆ ئیدارەی شارەکە و هەڵسووڕانی .

 پرسیار: هەر گرێدراو بەو پرسیارەوە، تکایە. ئەڕتەشی ئازادی سوورییە (ئێس ئێف ئەی) و ئەو هێزانەی تورکییە لە سوورییە پشتیوانییان لێ دەکا دەڵێن بۆ هەبوونی هەر ناوچەیەکی هێمن حەوجێ بەوەیە کە نەک هەر دەولەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڕووسییە لە سەری ڕێک کەون ، بەڵکوو ڕێککەوتن لەگەڵ تورکییەش پێویستە. باشە ئەوە چەند دەبێ بە هۆکارێکی ئاڵۆز کردنی زیاتری بارودۆخەکە؟

 ئاغای تونر: ستیڤ، ئەمن ئەو ڕاپۆرتانەم دیتووە. شتێکی وام نییە لە سەریان بیڵێم. جگە لەوەی کە بڵێم تورکییە هەمیشە بەشێکە لەو لایەنانەی کە قسەیان لەگەڵ دەکرێ. هەڵبەت دەبێ وابێ. ئەوان بەشێکن لە گرووپی نێونەتەوەیی پشتیوانی لە سوورییە ئای ئێس ئێس جی. هەر وەک گوتم – هەر ئێستا گوتم ، برێت مەکگورگ هەر تازە لەوێ بوو بۆ ڕاوێژ لەگەڵ کردنیان لە سەر ئۆپێڕاسیۆنەکان. جا بۆیە هیچ شتێک ناکرێ بە بێ ئەوەی کە تورکییە لێی ئاگادار بێ و لە سەری ڕازی بێ.

پرسیار: بەڵام تورکەکان سەرهەڵداوی بەستراواە بەخۆیان ، ئەڕتەشی ئازادی سوورییە ، ئێف ئێس ئەی ، یان هێناوەتە ناو مەنبج و دەیانەوێ بڵێن کە ئەوانە نوێنەرایەتی خەڵکی جێیی دەکەن. ئێوە چۆن بڕیار دەدەن کە کێ نوێنەرایەتی خەڵکی جێیی دەکا؟

ئاغای تونر: باشە، ئێمە هەست و نەستێکمان لە سەر ئەوە هەیە کە کێ نوێنەرایەتی خەڵکی جێیی دەکا. مەبەستمە بڵێم هێندێک لەوانە – و ئێمە لەو بارەیەوە زۆر دواوین بە دەم درێژە کێشانی ئۆێڕاسیۆنەکان لە باکووری سوورییە ، کە هێزە شەڕڤانە خۆجێیەکان ڕاستت بوێ هێندێک لە هەرە کاریگەرترین گرووپەکان بوون بۆ شەڕ و لێدان و تێکشکاندنی ئایسیل. لە هێندێک کەیس دا ئەوانە عەڕەبەکانی سوورییە بوون و لە هێندێک نموونەی دیکە دا کوردەکانی سوورییە. لەگەڵ ئەوەش ، ئەوەی کە ئێمە هەمیشە جەختمان لە سەر کردووەتەوە ، ئەوە بووە کە هیچ کەس نابێ ئەوە بەکار بهێنێ وەک بیانوویەک بۆ گرتن و دەستخستنی خاک ، بۆ ئەوە پێویستیمانە کە هێزی جێیی ، خەڵک و دانیشتووانی جێیی – یان دروستتر، حکوومەتی جێیی بێتەوە سەر کار لەو شوێنە ئازاد کراوانە دا بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی کە لە بەڕ شەڕ لە شوێنی خۆیان هەڵکەندراون ، و یان ئەوانەی وا لەماوەی شەڕ دا لەو شارانە دا دەژین ، بتوانن بگەڕێنەوە ، پشتیوانییان لێ بکرێ و دەست بکەنەوە بە ژیانی ئاسایی خۆیان.

 پرسیار: وا وێدەچێ کە مەنبج - -

ئاغای تونر : بەڵام هەیە – بەڵام هەمیشە هەیە – ببوورە ، ئەمن مەبەستم ئەوە نەبوو – بەڵام مەبەستم ئەوەیە ، ئەوی ڕۆژێ پرێزیدێنت لە کۆبوونەوەی لووتکەی جی ٢٠ باسی ئەوەی کرد. ئەگەر لانی کەمی بڵێین ، ئەوە بار و دۆخێکی پێچەڵپێچ و ئاڵۆزە ، ژمارەیەکی زۆر لە هێزان لە باکووری سوورییە شەڕ دەکەن. گرووپی جۆر بە جۆر دۆزی هاوبەشیان هەیە ، بۆ تێکشکاندن ، لە جێ خۆ هەڵکەندن و لەناو بردنی ئایسیل ، ئەگەر مرۆڤ بییەوێ وا بڵێ . ئێمە لەوە تێ دەگەین. ئێمە لەگەڵ ئەو گرووپانە کار دەکەین، بەڵام بۆ ئەوەی جێ بە جێ بێ پێواژۆیەکی دژوار لە گۆڕێ دایە. بەڵام ئەوشتەی کە ئێمە ئامانجمانە بیکەین ئەوەیە کە چۆن حەولەکانی ئەو گرووپانە لە پێناو دۆزێکی هاوبەش بە ئاڕاستەیەکی هاوبەش دا بەرین. و ئەوە تا ڕادەیەکیش تورکییە و حەولەکانی بۆ پاک کردنەوەی سنوورەکەی وەبەر دەگرێ. ئێمە دەبێ هەموومان کار بکەین ، و ئێمە لە سەر ئەوە قسە دەکەین – ببوورە با ئەوە تەواو کەم ، ( نابیسترێ ) - حەوتووی ڕابردوو لە سەر ئەوە قسەمان کرد ئەو دەمەی خەبەری کێشەی نێوان هێزە تورکەکان و هێندێک لە کوردەکانی سوورییە هات، ئەوەێ کە پێویست بوو لە کێشە کەم کەینەوە ، ئێمە پێویستیمان – پێویستی هەیە کە بزانین لە ناو ئەو فەزایە دا کێ لە کوێ یە و ئەوە، دیسان بیڵیمەوە حەوجیێی بەوەیە کە بەرعۆدەیی و بەڵێنەکانی پێشوو ڕێزیان لێ بگیرێ و لە بەر چاو بگیرێن.

 پرسیار: تکایە قسەکەم ڕاست کەوە ئەگەر من هەڵە تێگەیشتووم ، بەڵام وێدەچێ ئەوە ڕوویدا بێ – چونکە لە حەوتووی ڕابردوو وە ، کاربەدەستانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان ، ئێوە خۆتان و پێنتاگۆن هەموو ڕاتان گەیاندووە کە ئێس دی ئێف ( هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ) مەنبج ی بە جێ هێشتووە بەو جۆرەی بەڵێنی دابوو و ئێستا لەوێ کۆنسەیەکی عەسکەری دامەزرێندراوە. وا وێدەچێ کە حکوومەتی تورک ئەو فکرەی بەلاوە باش نەبووە و پێی خۆش نەبوو تاکوتەرایەک لە مەنبج ببینێ کە ئەوێ بەڕێوە ببا و ئەوە سیمپاتی و لایەنگری بۆ ئێس دی ئێف هەبێ ، جا بۆیە ڕەپاڵی نان و بە سەرهەڵداوی لەمەڕ خۆیەوە هاتە پێشەوە. ئایا ئەوە لێکدانەوەیەکی مەعقوولە لەسەر شتەکان ؟

ئاغای تونر: بڕوانە، ئەمن هەر ئەو فاکتە دا دەگرمەوە کە مەبەست لە ئۆپێڕاسیۆنی مەنبج دەرپەڕاندن و دەرکردنی ئایسیل و گەڕاندنەوەی کۆنتڕۆڵی شارەکە و ئیدارە کردنی بۆ دانیشتووانی جێیی بوو. ئەوە ئەو شتەیە کە ئێمە کاری بۆ دەکەین

 پرسیار: مارک -

ئاغای تونر: تکایە

 پرسیار: - خەبەری ئاوا لە ئانکاراوە هاتوون کە دەڵێن شاندێکی پارتیی داد و گەشە پێدان دێن بۆ واشنگتن بۆ قسە کردن لە سەر ڕادەست کردنەوەی فەتحوڵا گولەن . ئاگات لەو خەبەرە هەیە ؟

ئاغای تونر: ئەوە یەکەمجارە ئەوە دەبیسم . ئەگەر ووردە ڕیشاڵەکەیمان دەست کەوێ - پرسیار: ئەوان بە ڕێوەن. ئاغای تونر: دەی ، ئەمن ئاگام لێ نییە – ئەمن چ بەرتەکم نییە . تەماشای ڕاپۆرتەکان دەکەم ئەگەر شتێک هەبێ پێت دەڵێم..
پرسیار: سپاست دەکەم. ووتەبێژی پڕێزیدێنت ئەردۆغان ئیبڕاهیم کالن ڕایگەیاند کە دوو چاوپێکەوتن لە نێوان پڕێزیدێنت ئەردۆغان و پڕێزیدێنت ئۆباما دا کراوە لە کاتی لووتکەی جی ٢٠ دا. چ شتی نووسراوەت هەیە سەبارەت بەو دیدارە دووەمەی کە ووتەبێژ باسی لێوە دەکا؟

 ئاغای تونر: نا نیمە . ئاشکرایە ئەمن ئاگام لەو چاوپێکەوتنە هەیە کە ئەوان دوێنێ بوویان، بەڵام لە ڕاستیدا ئێمە هەڵفری بووین کە ئەوان چاویان بەیەک کەوت .ئێمە بەر لە چاوپێکەوتنەکە ئەوێمان جێ هێشت – تازە دەیەویست دەست پێ بکا. جا بۆیە من هیچی نووسراوم لا نییە. ڕەنگە کورتە چاوپێکەوتنێکیان بووبێ لە گۆشەیەک – لەو بارەیەوە داوات لێ دەکەم لە کۆشکی سپی پرسیار بکەی .

پرسیار : دوایین پرسیار لە سەر تورکییە . هەم جێگری سەرۆک کۆمار جۆ بایدن – لە سەفەرەکەی دا بۆ ئانکارا دوو حەوتوو لەمەو بەر ، و چەند ڕۆژ لەمەو بەر سەرۆک کۆمار ئۆباما - کاتێک چاویان بە پرێزیدێنت ئەردۆغان کەوت ، ئەوان باسی ئەو ڕۆژنامە نووسانەیان نەکرد کە ئێستا لە زیندان دان ، کە ئەتۆ لەم سەکۆیەوە هەمیشە گوتووتە کە بە قووڵی لایان لێ دەکەنەوە و لەوە و لە زۆر پێشێلکاری دیکەی مافی مرۆڤ. ئەمن بیری لێ دەکەمەوە خەڵکی تورک داخودا دەبێ چۆنی لێ تێ بگەن کە هەم جێگری سەرۆک کۆمار و هەم سەرۆک کۆمار ئۆباما هیچ باسی ئەو کێشەو گیروگرفتانەی مافی مرۆڤیان نەکرد لە تورکییە ئەو کاتەی ئەوان چاویان بە پرێزیدێنت ئەردۆغان کەوت

ئاغای تونر: باشە، ئەمن دەمەوێ خەڵکی تورک ئەوە بزانن کە ئێمە قەت بێدەنگ نابین لە باس کردنی نیگەرانییەکانی لە مەڕ مافی مرۆڤ و پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنووسان. هەر وەک ئەتۆ دەزانی و هەر وەک ئاماژەشت پێ کرد ئەمن زۆر جار لەم سەکۆیەوە باسم کردووە، ئێمە لەپێوەندی دوولایەنە دا – بە ڕێگای پێوەندییە دوو لایەنەکانمان بە ڕێگای سەفیرەکەمان لەوێ، سەفیر جان باس بە بەردەوامی ئەو مژارانە دەهێنینە گۆڕێ کاتێک ئەو نیگەرانیانەمان هەبێ، و ئێمە نیگەرانیمان هەبووە سەبارەت بە هەڵسولەوت لەگەڵ هێندێک لە ڕۆژنامەنووسان لە تورکییە.

پرسیار: بەڵام ئەگەر ئێوە نیگەرانیتان هەیە ، بۆچی سەرۆک کۆمار ئۆباما باسی ئەوە ناکا کاتێک چاوی بە پرێزیدێنت ئەردۆغان دەکەوێ؟ ئایا ئەوە تەسەوری ئەوە ساز ناکا کە ئێوە لە ڕاستیدا چ لایەک لەوانە ناکەنەوە ئەگەر چی ئەتۆش گوتووتە کە ئێوە ئەوانە بە هێند دەگرن؟

ئاغای تونر: بە هیچ جۆر وا نییە. و دیسان ئەمن دەڵێمەوە ئەمن باس ناکەم - لە ڕاستییدا ئەوە بۆ کۆشکی سپی یە کە قسەی لێوە بکا کە سەرۆک کۆمار ئۆباما باسی چی لەگەڵ پڕێزیدێنت ئەردۆغان کردووە – بەڵام نابێ هیچ تەسەورێکی ئاوا هەبێ کە ئێمە بە جیدی بەجۆرێک ئەو مژارانە بە هێند ناگرین.

پرسیار: مارک ، زۆر بە خێرایی لە سەر سوورییە، ئەو هێزانەی تورکییە پشتیان دەگرێ ئێستا بەرەو ئەلباب دەجووڵێن . ئایا هێزەکانی ئیتیلاف پشتیوانی هەوایی دەکەن لەو هێزانەی تورکییە پشتیان دەگرێ -

ئاغای تونر : ئەمن نازانم ، داوات لێ دەکەم لەو بارەیەوە لە وەزاڕەتی کاروباری بەرگری پرسیار بکەی.

پرسیار: و لە سەر هەمان مژار سەبارەت بە سەرۆک کۆمار ئۆباما کە هیچ باسی لە بابەتەکانی لەمەڕ مافی مرۆڤی نەکرد ، بە لە بەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە زۆر وێدەچێ ئەوە دوایین چاوپێکەتن بێ لە نێوان سەرۆک کۆمار ئۆباما و پرێزیدێنت ئەردۆغان . – ئەمن لە سەر هێڵی مێدیای کۆمەڵایەتی ئێستا کاردانەوەی زۆر توندم بۆ هاتووە ، لە سەر ئەوەی ئێوە لە لایەکەوە دەڵێن ئێوە سڵ ناکەنەوە لەوەی کە باسی ئەو مژارانە بکەن ، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە قڕ و قەپی لێ دەکەن. ئایا دەتوانی هۆیەکم بۆ باس بکەی بۆچی تورکە دێمۆکڕاتەکان دەبێ هەست بکەن ئێوە تورکە دێمۆکڕاتەکان نافرۆشن لەو چاوپێکەوتنەی دوایی دا بە باس نەکردنی چارەنووسی ١١٥ ڕۆژنامەنووس کە ئێستا لە زێندانەکان تورک لە سەرتاسەری تورکییە دا بەند کراون؟

 ئاغای تونر: بڕوانە، ئەمن پێم وایە سەرۆک کۆمار باسی ئەوەی کرد ، یان باسی بارودۆخی کرد لە تورکییە – باسی هەلومەرجی دوای کودەتا لە تورکییە – و سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئێمە لەمەڕ هێندێک لەو کردەوە و هەنگاوانەی کە حکوومەتی تورک ناویەتەوە لە ووڵامی ئەو کودەتایە دا. هەڵوێستی ئێمە لەم سەکۆیەوە لەو بارەیەوە زۆر ڕوون بووە - بۆ

پرسیار: بەڵام لە دیدارەکە دا نا .

ئاغای تونر: ئەمن باسی دەکەم- بەڵام ئەتۆ دەتەوێ ئەمن بە تایبەتی باسی چاوپێکەوتنی نێوان سەرۆک کۆمار و پڕێزیدێنت ئەردۆغان بکەم. ئەمن حەواڵەت دەکەم قسە لەگەڵ کۆشکی سپی بکەی و لێیان پرسی کە ئەوان لەو چاوپێکەوتنە دا باسی چییان کردووە.بەڵام هەڵوێستی من دەکرێ زۆر ڕوون بێ کە ئێمە سڵ ناکەینەوە لە باس کردن و هێنانە گۆڕی ئەو نیگەرانیانە لە مەڕ ئازادیی چاپەمەنی لە تورکییە هەر کاتێک کە نیگەرانییەکی ئەوتۆمان هەبێ.

چوارشەمە  ٧- ی سێپتامبری ٢٠١٦
مارک سی . تونر
جێگری ووتە بێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژنامە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار :  نوێنەرایەتی کوردان  [ لە ژێنێڤ ] لانی هەرە کەمە، ئەگەر مرۆڤ بە زمانێکی نەرم باسی بکا، لەگەڵ ئەوەشدا کوردەکان دەوری گەورە دەگێڕن لە شەڕ لە سوورییە بە دژی ئایسیس.

ئاغای تۆبر: ڕاست دەکەی وایە.

پرسیار : ئایا لێرە دا هێندێک ناکۆکی نابینی ؟ مەبەستمە بڵێم  ئەوان ئەو هەموو شەڕە دەکەن – بەڵام  وا وەبەر چاو دێ  پێشنیازی دانی چ شتێکی ئەتۆیان پێ ناکرێ.
ئاغای  تونر:  هەر وەک دەزانی ، ئەوان گرووپێکن لە ناو چەندین گرووپان دا – عەڕەبەکانی سوورییە ، تورکەکان و ئەوانیدی  - تورکومانەکان و نەک تورکەکان – کە بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر بەشداریان هەیە لە لێدان و ڕاونانی ئایسیل ، یان داعش لە باکووری سوورییە، و ئەویان  لە زۆر شوێن و پێگەی سەرەکی دەرپەڕاندووە و لە سەر ئەو کارەیان بەردەوامن.  ئەمن دەزانم ئێمە پێشتر لەو بارەیەوە قسەمان کردووە، لە کاتێک دا ئەوان بە پتەوی لە ئێچ ئێن سی  [ هەیئەتی بەرزی موفاوەزات ]  نوێنەرایەتی ناکرێن ئێمە ئێچ ئێن سی تەشویق دەکەین  لە نزیکەوە پرس وڕا بەکوردەکان بکەن بەدەم بەرەو پێش چوونمان لەو پێواژۆیە دا

پرسیار: ئایا ئێوە چ ووڵامێکی پۆزیتیڤتان لەو بارەیەوە لە  هەیئەتی بەرزی موفاوەزات پێ گەیشتووە؟

ئاغای تۆنر: ئەمن نامەوێ لێرە دا باسی ناوەرۆکی ووڵامی ئەوان بکەم. بەڵام ئەوە شتێکە لەگەڵ ئەوانمان هێناوتە گۆڕێ.
پرسیار: مارک

ئاغای تۆبر: تکایە ، فەرموو

پرسیار: پرسیارێکی خێرا بە دوای ئەمە دا، ڕووسەکان گلەیی و گازندی ئەوە دەکەن ئۆپێڕاسیۆنی تورکەکان ، ئەمن پێم وایە ناویان ناوە قەڵغانی فرات  لە جەرابلوس و شوێنی دی، سەروەری سوورییە پێشێل دەکا . جا ئەوان ئاماژەیان بە هێندێ مژاری قانوونی و شتی وا کردووە لەو بارەیەوە، و لەوانەیە ئەو بابەتە بخەنە بەر دەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان . ئایا ئێوە ئاگاتان لەوە هەیە؟  ئایا سەبارەت بەو بابەتە قسەتان لەگەڵ کردوون، یان ئێوە دەزانن تورکییە چەندی خاک لە سوورییە وەدست خستووە و لەوانە؟

ئاغای تونر: مەبەستمە بڵێم ، بە پێویستی ئاوا نییە کە ئەمن لێرە لە جیات حکوومەتی تورک قسە بکەم سەبارەت بە قانوونی بوونی کردەوەکانی  هەر ئەوەندە نەبێ کە – هەر وەک ئەوەی ئێمە پێشتریش  گوتوومانە، ئەو کردەوانەی ئێمە بە دژی داعش یان ئایسیل لە سوورییە دەیانکەین ، ئێمە پێمان وایە ، لە بەرژەوەندی ئەمنییەتی نەتەوەیی  دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دایە و لە بەرژەوەندی هاو پەیمانەکان و شەریکەکانمان دایە. ئەمن پێم وایە تورکییەش ئەوە دەکا. ئەمن وای بۆ دەچم ئەوە لە بەرژەوەندی ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەوانیش دایە کە خۆیان لە ئاست ئایسیل بپارێزین و لە سنووری خۆیان دەری پەڕێنن.

پرسیار: ئایا ئێوە هێشتا سەروەریی سوورییە بە ڕەسمییەت  دەناسن  بە سەر ئەو خاک و کەوشەنەی دا کە هەیەتی، بڵێین هەر وەک ئەو دەمەی ئێوە لە ساڵی ٢٠١١ لەوێ سەفیرتان هەبوو؟

ئاغای تونر:  ئێمە – و  گرووپی ناونەتەوەیی پشتیوانی سوورییە واتە ئای ئێس ئێس جی ش هەمیشە گوتوومانە پشتیوانی دەکەین لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی سوورییە

پێنجشەمە  ٨-ی سێپتامبری ٢٠١٦
مارک سی. تونر
جێگری ووتەبێژی وەاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: مارک ، پێم خۆش بوو سەبارەت بە قسەی وەزیری کارو باری بەرگری تورکییە فەخری ئیشک  پرسیارت لێ بکەم ؟
ئاغای تونر:  ئەها، سەبارەت بە ڕەقە ؟
پرسیار: ئەدی ، بەدی

ئاغای تونر: مەبەستم ئەوەیە -

پرسیار: ئەوان [ تورکەکان ] دەیانەوێ کارتان لەگەڵ بکەن بۆ ڕزگار کردنی ڕەقە ، بەڵام دەڵێن بە هێچجۆر  قەبووڵ ناکەن  یەپەگە ، واتە هێزی کوردی بەشداری بکەن. هەڵوێستی ئێوە چییە لەو بارەیەوە؟
ئاغای تونر: ئەمن  ڕاپۆرتی ئەو قسانەم نەدیتووە. ئێمە پشتوانیمان کردووە لەو گرووپە کوردانە لە باکووری سوورییە  کە بەڕاستی کاریگەر بوون لە شەڕ بە دژی داعش دا. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانی لێکردنیان . بەڵام ئەو قسانەی تۆ باست کرد من ئاگام لێیان نییە!
پرسیار: بەڵام ئێوە لە جێدا هەموو جۆرە ڤێتۆ لە سەردانانێک بۆ ڕزگار کردنی ڕەقە لە لایەن تورکەکانەوە بەرپەرچ دەدەنەوە؟
ئاغای تونر: بڕوانە، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر قسە لەگەڵ کردنیان ، لە سەر دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ تورکییە. ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین لەگەڵ تورکییە ، و لە ڕاستیدا ئێمە پشتیوانی دەکەین  لەو هێڕشەی ئەو دواییان بۆ ئەوەی سنووری خۆیان لەگەڵ سوورییە بپارێزن . ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر قسە کردن لەگەڵیان.

پرسیار:  عێڕاق ؟

ئاغای تونر: فەرموو

پرسیار:  سەرۆکوەزیری حکوومەتی هەرێمی کوردستان حەتووی ڕابردوو بە سەرۆکایەتی شاندێک چووە بەغدا. و لە ناو ئەو بابەتانەی وا لەگەڵ سەرۆکوەزیری عێڕاق قسەیان لێوە کرد تەمای حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەنجامدانی ڕێفراندۆمێک لە سەر سەربەخۆیی، و خەبەر ئەوەیە  سەرۆکوەزیری عێڕاق دژایەتی نەکردووە لەگەڵ ئەوە. جا ئەگەر حکوومەتی عێڕاق  قەبووڵ بکا حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێفراندۆمێک ئەنجام بدا سەبارەت بە سەربەخۆیی ، ئایا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ش لەگەڵ ئەو دیتنەیە کە ئەوە پێشنیازێکی جێی پەسندە؟
ئاغای تونر: ئەمن ڕاپۆرتی ئەو دەربڕینانەم نەدیتووە. ئەمن ئاگام لەو چاوپێکەوتنە نییە. بە دڵنییایەوە ئەو مژارو قسەلێ کردنانە پێویستە لە ناو دەستەڵاتدارانی هەرێمیی کوردستان و حکوومەتی عێڕاق دا بکرێن، بەڵام هەڵوێستی ئێمە نەگۆڕدراوە.

پرسیار: ئایا هەڵوێستی ئێوە ئەوەیە کە ئەگەڕ حکوومەتی عێڕاق ڕێفڕاندۆمێکی کوردی قەبووڵ بکا  سەبارەت بە سەربەخۆیی کوردستان ، ئەوە دیسان کاتێک جێی قەبووڵ دەبێ بۆ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە بەغداش پەسندی بکا؟

ئاغای تونر: دیسان دەیڵێمەوە، ئەمن پێم وایە ئەوانە – واتە ئەوەی ئێمە جەختی لە سەر دەکەین  سەروەری، یەکپارچەیی خاکی عێڕاقە. ئەوانە ئەو جۆرە قسەلەسەر کردن و بیروڕا گۆڕینەوانەن کە ئێستا دەکرێن، ئێمە هیچ لێکدانەوەیکمان لەسەریان نییە.

No comments: