Saturday, September 3, 2016

زانیاریدانی ژەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی ستادی ناوەندی ئەمریکا بە چاپەمەنی، سێشەمە ٣٠ی ئووت ٢٠١


  زانیاریدانی ژەنەڕاڵ جۆزێف ل. ڤۆتێل ، فەرماندەی ستادی ناوەندیی ئەمریکا بە چاپەمەنی
 سەر لەبەیانی سێشەمە ٣٠ – ی ئووتی ٢٠١٦ ، پێنتاگۆن

  پرسیار: جەنەڕاڵ ڤۆتێڵ ئەم پرسیارە بۆ بەڕێزت لە سەر سوورییەیە. ئەمڕۆ قسەبێژی سەرۆک کۆماری تورکییە ڕایگەیاند دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێ کۆتایی بدا بە سیاسەتی پشتیوانی کردن لە هێزە کوردەکان وەک ئەو گوتی بە هەر قیمەتێک بێ. پێم خۆشە بزانم ووڵامت بۆ ئەو قسەیە چییە و هەر لەو پێوەندییە دا داخودا دەرفەتی ئەوە هەیە نوێنەرایەتی عەڕەبەکان زیاتر بکرێ لە چوار چێوەی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ] دا کە ئێوە پێشی دەخەن؟

 ‌ڤۆتێل: ئەمن ئەوە دەهێڵمەوە بۆ وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە کە ووڵام بداتەوە بەڵام من هەر ئەوە دەڵێم ئێمە هەم پشت بە هاوکاری تورکییە و هەم بە ئی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە دەبەستین بۆ ئەوەی یارمەتیمان  بدەنن بۆ شەڕ بە دژی داعش. هەر دووکیان گرینگن . بە دڵنیاییەوە تورکییە هەتا بڵیی دەورێکی ئەو پەڕی ئاسایی دەگێڕێ، بە دانی دەرفەتی کەلک وەرگرتن لە پێگەی هەوایی و زۆر شێوەی دیکە. ئۆپێڕاسیۆنەکانیان بە دژی داعش لە سەر خەتی سنوور زۆر گرینگ و پیرۆزە. لە هەمان کاتدا ئێمە هاوکاری هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە زۆر بەرز دەنرخێنین کە شەریکێکی باشی ئێمە بوون و یارمەتییان کردووین بۆ  بە گژ داهاتنی داعش لە ناوچەکەدا. ئێمە پێداویستی دەبینین کە لەگەڵ هەر دووی ئەو ڕێکخستنانە کاربکەین بە دەم بەرەو پێشەوە چوونمان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هەڕەشەیە کە بریتی یە لە دەوڵەتی ئیسلامی. ببوورە دەتوانی پرسیاری دووەمت دووپاتە کەیەوە باب!

پرسیار: پرسیارەکە ئەوە بوو ئایا دەلوێ یان ئێوە حەول دەدەن ژمارەی شەڕکەرانی عەڕەب لە ژێر چەتری  هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی عەڕەب [ ئێس دی ئێف ] دا زیاتر بکەن؟

ڤۆتێڵ: بە دڵنیاییەوە ئێمە ئەوە دەکەین. بە دڵنیاییەوە ئەوە دەکەین. هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە کە کوردەکان، سوورییەیەکان ، تورکومانەکان و ئەندامی جۆر بە جۆر وەبەر دەگرێ بە ڕاستی سەلماندوویانە کە هێزێکی بە توانا و بە بڕشتن لە هەمبەر داعش دا لەو بەشە لە مەیدانەکە دا. جا ئەگەر لایەنی دیکەش هەبن کە بێنە ناو ئەو هاوپەیمانییە بە دەم حەول دانمانەوە بۆ ئازاد کردنی ناوچەی دیکە ، ئێمە کارێکی ئاوا تەشویق دەکەین و بە دڵنیاییەوە پێداویستی ئەوە دەبینین کە هێزی زیاتر لەگەڵ ئەوان بکەوێ.

پرسیار: لەسەر هەمان مژار، لە حەوتووی ڕابردوو دا مێدیای کوردی بە ڕاستی وورووژاوە و نیگەرانی دەردەبڕێ سەبارەت بە کاردانەوەی لەسەرەخۆیانەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرانبەر ئەوەی دا کە لە تورکییە دەقەومێ و هەستیان ئەوەیە کە خەنجەریان لە پشتی دراوە و بەجۆرێک لەلایەن هێزە ئەمریکاییەکانەوە پشتیان بەر دراوە و خەیانەتیان پێ کراوە.ئایا ئێوە گٶڕانێک لەو بارەیەوە لە مەیدانی شەڕ دا دەبینن یان ئەوان دەستیان شل بووەتەوە لە نەبەرد دا یان مەیلیان بۆ کار کردن لەگەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کەم نەبووەتەوە لە میسیۆنی خەبات بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دا؟

 ڤۆتێل: نا. لە ڕاستیدا ئەوە کەم نەبووەتەوە. ئێمە پشتیوانی زۆر پتەومان لێدەکرێ لەو پێگەیەی دا کە لەوێ بۆ فڕۆکەکانی ئیتیلاف هەمانە و لەوێوە عەمەلیات دەکەین لە تورکییەوە و ئەوان دڕێژە دەدەن بەوە بەدەم بەرەوپێشچوونمان. هێندێک لە ئۆپێڕاسیۆنەکانیان بەدژی داعش، لە هێندێک لە شارە سنوورییەکان هەتابڵیی پیرۆزە.
 جا بۆیە ئەمن هیچ کەمبوونەوەیەک لەو پشتیوانییە دا نابینم کە ئێستا ئێمە هەمانە لە بەربەرەکانییەکەمان دا.
 [ وا دیارە ژەنەڕاڵ لە پرسیارەکە باش تێ نەگەیشتووە و جێی تورکییە و کوردستان ی لێ گۆڕاوە – وەرگێڕ ]

پرسیار: ئایا ئێوە لەوە نیگەران نیین کە نەکرێ ئەو گرووپە جۆر بەجۆرانە بۆ وێنە بۆ گرتنەوی ڕەقە هاوکاری بکەن، وەک ئەوەی ئێوە دەڵێن پێویستە بیکەن؟

 ڤۆتێل: دەزانی ئەمن لەو باوەڕە دام لەکاتێکدا کە ئێمە خەریکی پێشبردنی پلانی بەربەرەکانییەکەمانین هەم لە عێڕاق و هەم لە سوورییە، وهەر کە بەرەو ئەو دەچین دەوڵەتی ئیسلامی هەڵوەشێنین و دواجار تێکی بشکێنین ، ئێمە هێندێک ڕوداو و بابەتی ئاواش دەبینین کە وەڕوو کەون  و ئەوەش تەبیعی یە. ئەوەی کە ئێمە لە سەر چڕ بووینەتەوە ئەوەیە کارێکی ئاوا بکەین هەر دوو شەریکەکانمان، هەموو شەریکەکانمان لە حاڵی حازر دا هێزی خۆیان لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام کۆ بکەنەوە

پرسیار: ژەنەڕاڵ ئەمن دەمەوێ ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی قۆناغی داهاتووی نەبەرد بە دژی داعش بکەی. تورکەکان لە ناو خاکی سوورییە دان ئێوە دەتانەوێ ئەوان بەرەو غەرب [ ڕۆژئاوا] بچن، ئێستا وێدەچێ ئەوان بیانەوێ بەرەو مەنبج واتە بەرەو باشوور بچن. هەر وەک جێگری سەرۆک کۆمار گوتی کە ئەمریکا دەیەوێ کوردەکان بەرەو بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات بکشێنەوە. دەکرێ لە ڕوانگەی عەسکەرییەوە  پێمان بڵێی ئەو جووڵەیە چۆنە ؟

ڤۆتێل: تام،دەزانی ئەوەی کە لە ئۆپێڕاسیۆنەکانی تورکییە بە هاوتەریبی سنوور بینیومانە هەتا بڵێی یارمەتیدەرە بۆ ئێمە و ئەوە بە تەواوی ئەو شتانەیە کە ئیتلاف پێویستیی پێیان هەیە بۆ شەر بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام. ئەوەی ئەمن دەیبینم بەرەو پێش دەچێ ئەوەیە  دەستەبەر بین کە هەموو شەریکەکانمان و هەموو هێزی خۆمان لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام کۆ کەینەوە و لە سەر ئەو خاڵە تایبەتییە کار بکەین. ئەمن لەو باوەڕە دام جووڵە و تەکانێکی باش بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام هەیە و ئێمە درێژە دەدەین بە ئەو ڕەهەندە. ئێمە زۆر لەگەڵ ئەوەین کە تورکەکان دەیکەن لە ناوچە سنوورییەکان بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام 

پرسیار: دیسان با بپرسمەوە، ئێوە دەتانەوێ ئەوان هێزەکانیان بەرەو غەڕب [ڕۆژئاوا] بجووڵێنن یان چۆن، چونکە ئەگەر ئەوان بەرەو باشوور و مەنبج بچن ئەوە کوردەکان لەوێن. ئایا ئەتۆ ئەوە بە دڕکاوی دەبینی؟ ئەگەگەر کوردەکان بەرەو بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات نەکشێنەوە وەک جێگری سەرۆک کۆمار بایدەن گوتی هەموو پشتیوانییەکی ئەمریکا لە کیس دەدەن؟

ڤۆتێل: ئێمە بە ڕوونی ئەوەمان ڕاگەیاندووە کە پشتیوانی ئێمە بۆ هەموو لایەنەکان بەستراوەتەوە بە کۆکردنەوەی هێز لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام. و ئێمە لە سەر ئەوە بەردەوام دەبین. جا ئەوەی ئێمە حەول دەدەین بیکەین ئەوەیە دەستەبەر بین کە سەرنجی هەموو شەریکەکانمان لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام کۆ بکەینەوە. ئەوە یارمەتیدەر نابێ ئەوان لەگەڵ یەکتری دا شەڕ بکەن. ئێمە ئەوەمان ناوێ، کاری لە سەر دەکەین کە پێش بەوە بگرین . بەڵام ئەوەی هەرە گرینگ بێ بۆ ئێمە ئەوەیە کە هەم ئێس دی ئێف و هەم شەریکە تورکەکەمان و شەریکەکانمان لە ئیتلاف دا سەرنجیان لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام کۆ بکەنەوە

  پرسیار: باشە، کوردەکان دەبێ بپەڕنەوە بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات؟

ڤۆتێڵ : کوردەکان زوربەیان، ئەو پۆرشنە کوردەی کە بەشێکن لە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ] حاڵی حازر لە بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات ن. ئەوان ئەو بەڵێن و بەرعۆدەییانەی کە بە ئێمەیان دابوو بە جێ ‌هێن

پرسیار: ئەی مەنبج؟

ڤۆتێل: مەنبج ! ئەمن پێم وایە ئەوە گرینگە لێی تێنگەیشترێ ئەگەر مرۆڤ تەماشای پێکهاتەی ' ئێس دی ئێف ' بکا ئەو هێزە هەر کورد نین، ڕاستە بەشێکی کوردە ، بەڵام عەڕەبی سوورییەیی ، تورکومانی سوورییەیی و سوورییەیی دیکەشی تێدایە و ئەوەی لە ناوچەی ' مەنبج ' دەیبینین ئەوەیە ئەو هێزانەی کە لەوێن بۆ دامەزراندن و پاراستنی هێمنی ، زۆربەیان لەو هێزانە پێک هاتوون کە خەڵکی ئەو ناوچە تایبەتییەن و ئەمن لەو باوەڕە دام دەبوو چاوەروان باین کە ئەوە بووبا و ئەوەی کە ئێمە دیتوومانە پۆڕشنی کوردی هێزەکە زۆربەیان کشاونەتەوە ئەو ناوچەیەی کە ئەوان لە  لەگەڵ ئێمە لە سەری ڕێک کەوتبوون کە بۆی بچنەوە

پرسیار: ئایا ئێوە دەتوانن پلانی بەربەرەکانییەکەتان جێ بە جێ بکەن ئەگەر کوردەکان بۆ ماوەی نادیار هەر لە بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات بمێننەوە؟ و ئایا تورکەکان ڕێکن لە سەر پێکهاتەی ' ئێس دی ئێف ' یان پێیان وایە ئەوە دێوجامەیەکە بۆ هێزی یەپەگە؟

ڤۆتێل: ئەمن پێم وایە ڕەنگە باشتر بێ  ئەو پرسیارە لە تورکەکانی پرسی کە ووڵام بدەنەوە. ئەمن پێم وایە بەرپرسیارەتی ئێمە ئەوەیە بە دەم کار کردن لەگەڵ شەریکەکانمان بزانین کێ کێ یە و لەگەڵ کێ کار دەکەین. و هەر وەک هەر ئێستا ووڵام دایەوە بە دڵنیاییەوە لە چوارچێوە بەربڵاوتری ئێس دی ئێف دا هەم عەڕەب و هەم تورکومان و خەڵکی دیکەش هەن، بەڵام لە ووڵامی پرسیارە سەرەکییەکەت دا. بەڵێ! ئەمن لەو بڕوایە دام  ئەگەر کوردەکان لەو ناوچەیە دا بمێننەوە کە ئێمە داوامان لێکردوون بۆی بچنەوە و ئەوان كشاونەتەوە ئەوێ ئەوە یارمەتی دەکا بە جووڵە و تەکانی ئێمە بەرەو پێشەوە بۆ جێ بەجێ کردنی پلانی بەربەرەکانییەکەمان.

پرسیار: یانی ئێوە دەکڕێ بەو ئامانجەی لە بەر خۆتان ڕۆناوە بگەن تەنانەت ئەگەر کوردەکان قەت بەرەو ڕۆژئاوا نەجووڵێن؟
ڤۆتێل: بەڵێ! لەو باوەڕە دام دەتوانین

 پرسیار: ئەمن پێم خۆشە سەبارەت بە مووسڵ و ئەوەی لە حەسەکە رووی دا پرسیار بکەم . پێت وا هەیە ئێستا هێزە عێڕاقییەکان ئەو ئامادەییەیان هەیە کە تا کۆتایی ئەمساڵ مووسڵ بگرنەوە یان زووتر لەوە ؟ و ئەو ڕووداوەی لە حەسەکە قەوما کە ئێوە فڕۆکەی شەڕیی پاراستنیتان ناردە ئەوێ. پێتان وایە ئەنگێزەی سوورییەیەکان چ بوو لەوەی کردیان و ئەوان چەند نزیک بوون لە هێزە ئەمریکاییەکان لە سەر زەوی؟

ڤۆتێل: بەر لە هەموو شت سەبارەت بە مووسڵ. ئەمن پێم وایە سەرۆکوزیر [ ی عێڕاق] ڕایگەیاندووە پێوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ بگاتە مووسڵ. نرخاندنی من ئەوەیە بە دەم سەردانی وێندەرێ ئەوان خەریکی ئامادەکارین بۆ گەیشتن بەو ئامانجە. و ئێمە بەردەوامین کە زۆر زۆر لە نزیکەوە کاریان لەگەڵ بکەین و بە دڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانی دەکەین لە ئۆپێڕاسیۆنەکەیان ئەو کاتەی ئەوان ئامادە دەبن بیکەن. ئێمە هیوا دارین ئەوە بە کاتی خۆی بکرێ. لەمەڕ ئەوەی کە ئەنگێزەی ڕێژیمی سوورییە دەکرێ چ بووبێ لە حەسەکە ، ئەمن ناتوانم زۆر بە ووردی بڵێم چ بووە و چ نەبووە ، داخودا ئەوە بووە کە جۆرەیەک خەتی پێوەندیی بۆ هاتوچوو لەوێ بپارێزن ئەمن دڵنیا نیم لەوەی ئەنگێزەکەیان چ بووە؟

 پرسیار: ئەوان چەند نزیک بوون لەو هێزە ئەمریکاییانەی وا لەوێ لەگەڵ شەریکەکانیان کار دەکەن؟

ڤۆتێل: ئەمن پێم وایە ئەوان چەند سەد میترێک دوور بوون لەو شوێنەی ئەوانی لێ بوون. ئەوەندە نزیک بوون کە جێی نیگەرانی بێ ، بەڵام لە ژێر هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دا نەبوون

 پرسیار: لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو دا تەسەوری ئەوە هەبووە کە بەشێک لە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوان هێزە تورکەکان و هێزە کوردەکان لە سوورییە دا لە بەر ئەوە بووە کە تورکییە جوولەی خۆی لەگەڵ دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاو ئاهەنگ نەکردووە. ئەو ئۆپێڕاسیۆنە پێرۆز بووە، بەڵام زۆر پیرۆزتر دەبوو ئەگەر دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرابا هێندێک لە تاکوتەرا کوردەکان لە سەر ڕێگایان لابەرێ. ئایا تورکییە  لە کاتێکی نالەبار دا ئەوەی کرد؟

ڤۆتێل: نا ئەمن ناڵێم لەکاتێکی نالەبار دا ئەوەیان کرد. ئەوان کە بەرەو جەرابلوس جووڵان، ئەمن باسی ئەوەم کرد  ئێمە پشتیوانیمان لەو ئۆپێڕاسیۆنە کرد بە جەختکردنەوە لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام. و بە دڵنیاییەوە شتێکی کە هەموو ڕێبەرانی عەسکەری دەیکەن بریتی لە حەول دان بۆ دۆزینەوەی دەرفەت و بەکار هێنانی ئەو دەرفەتانە زۆر بە خێرایی . ئەمن پێم وایە ئەوان دەرفەتیان بەدی کرد، ئێمە، ئەوان بە خێرایی جووڵانەوە بۆ بەکار هێنانی ئەو دەرفەتە و ئێمە حەولمان دا بۆ پشتیوانی لێکردنیان و پشتیوانیمان لێ کردن. کاتێک ئەوان دەستیان بەوە کرد جەختیان لە سەر شتێکی دیکە کۆ بکەنەوە ئێمە دەبوو پشتیوانی خۆمان بکێشینەوە و ئێستا ئێمە حەول دەدەین تاکوتەراکان لەیەکتری جوێ بکەینەوە و جەخت و سەرنج کۆ بکەینەوە سەر شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و 

پرسیار: ئایا ئێوە هیچ ئامراز و کەرەستەتان دانێ؟

ڤۆتێل: نا بە تایبەتی، ئەمن پێم وایە ئێمە هێندێک نیشانەمان دی کە ئەوان ئەو ئۆپێڕاسیۆنە دەکەن و ئەوە دەرفەتێک بوو. ئێمەش لە دەرفەت دەگەڕێین کە بتوانین بە خێرایی بجووڵێین. و ئەوە لە سەرەتاوە جەختی لە سەر دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام بوو و ئەمن خۆشحاڵم ئەوان وەجووڵە کەوتن ئەوکاتەی دەرفەتێکیان بەدی کرد بەدژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕآق و شام

پرسیار: ئەگەر بێینەوە سەر تورکییە و سوورییە. لێکدەرەوان بیری لێ دەکەنەوە و نیگەرانن و پرس دەکەن داخودا تورکییە درێژە دەدا بە پێشەوەچوون بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام یان دەکشێتەوە ناو سنوورەکانی خۆی و هەر کێشەکە بەرتەنگ دەکا هەتا ئەوەی کە کار بکا بۆ چارەسەر کردن و تێکشکاندنی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و  شام ؟
 ئایا ئێوە هیچ دەستەبەرییەکتان دراوەتێ لە لایەن تورکییەوە بۆ ئەوەی دریژە بە شەڕ بدەن لە ناوخۆی سوورییە دا؟ 

ڤۆتێل: ئەمن چ دەستەبەرییەکی تایبەتیم لە لایەن ئەوانەوە پێ نەدراوە بەڵام پێم وایە ئەوەی ئێمە دیتوومانە  ئەوەمان دیتووە بەرەو جەرابلوس بجووڵێن، بەرەو ڕۆژئاوا هاوتەریبی سنوور و ئەمن پێم وابێ ئەوە هەتا بڵێی خەبەرێکی خۆشە. ئەوە زۆر یارمەتی بە ئێمە دەکا و بە حەولەکانی شەریکەکانی ئێمە لەناوچەی خەتی مارا، ئێمە دیتوومانە ئەوان درێژەیان داوە بە پشتیوانی لەو ئۆپێڕاسیۆنانە. ئەمن پێم وایە ئەوانە هەتا بڵێی پۆزیتیڤ بوون.
 جا لێرە دا کردەوە گرینگە و ئەوەی من لە سەر زەوی دەیبینم ئەوەیە کە ئەوان زۆر بەرعۆدەنە بۆ درێژەدان بە شەڕ بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام.ئەوان ئەوەیان گوتووە و ئێمە  باوەر بە قسەکەیان دەکەین.

پرسیار: ڕەحیم ڕەشیدی لە کوردستان تیڤی یەوە. دەوری پێشمەرگە لە ئۆپێڕاسیۆنی مووسڵ دا چ دەبێ؟

ڤۆتێڵ: دیسان بڵێم، ئەمن لێرە دا ناچمە ناو  ووردەکاری تایبەتی کە هەرکام لە لایەنەکان دەیکەن وەک بەشێک لە ئۆپێڕاسیۆنی مووسڵ.  بەڵام ئەمن ئەوەت پێ دەڵێم ، وەک پێشتریش ئاماژەم پێ کرد ، ئێمە هەر ئێستا پلانێکی زۆر بە زەبرو زەنگمان بە دەستەوەیە کە هەمووان دەگرێتەوە ، کە پێشمەرگەی تێدا بەشدارە ، هێزە ئەمنییەتەکانی عێڕاقی تیدایە و هەر وەها لایەنەکانی دیکەی عێڕاق بۆ ئەوەی دەستەبەر بین کە تێکەڵاوییەکی باش و دروستمان  لە هێزەکان هەبێ بۆ ئەوەی ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنین.
 لە قسەکردنەکانی ئەو دواییانەم دا لە گەڵ پرێزیدێنت بارزانی ، کە نزیکەی حەوتوویەک لەمەو بەر بوو، ئەو بەڵێنی خۆی دووبارە کردەوە بەردەوام دەبێ لە سەر کارکردن لە گەڵ عێڕاق، لە گەڵ حکوومەتی عێڕاق  لە گەڵ هێزە ئەمنییەکانی عێڕاق بۆ یارمەتی دانمان.
 جا  بۆیە ئێمە چاوەڕوان دەکەین هەمووان دەورێکی گرینگ بگێڕن لە ئۆپێڕاسیۆنی مووسڵ دا و تا ئێستا ئەمن پێم وایە ئێمە ئەوە دەبینین.  و ئێمە ئێستا پێوەندییەکی باش دەبینین لە نێوان لایەنی عەسکەری و سیاسی دا بۆ پێوەچاران و جێ بە جێ کردنی گشت ئەو مژارە ئاڵۆزانەی کە لە شوێنێکی گەورەی شاریی وەکوو مووسڵ دەبێ ڕابپەڕێندرێن.

 پرسیار: سپاس، ژەنەراڵ. ئەمن سێ پرسیاری خێرام هەیە سەبارەت بەو ئۆپێڕاسیۆنانە لە سوورییە . یەکەم،  دەکرێ باسی ئەو عەمەلیاتە هەواییانە بکەن کە ئێوە کردتان بۆ یارمەتی تورکەکان لە ئۆپێڕاسیۆنی جەرابلوس دا؟ ئێوە بەشداریتان هەبوو لە ئۆپێڕاسیۆنی جەرابلوس دا ؟ و ئایا تورکەکان پێشوەخت ئێوەیان لە ئەنجامدانی ئەو ئۆپێڕاسیۆنە ئاگادار کرد بوو؟
 پرسیاری دوەم ، ئایا ئێوە هیچ کاناڵێکی تێکەڵیتان هەیە لەگەڵ ئەو یەکەیانەی ئەڕتەشی ئازادی سوورییە [ ئێف ئێس ئەی ] کە لە جەرابلوسەوە بەرەو مەنبج دەچن ؟ ئایا ئێوە لە ڕووی قانوونییەوە ئیزنتان هەیە بە هێرشی هەوایی پشتیوانی لە عە مەلییاتی ئەو گرووپانە بکەن کە سی ئای ئێی  پشتیوانییان لێ دەکا لە ناوچەی مەنبج؟
 و پرسیاری سێیەم: ئایا ئێوە هیچ زانیاریتان هەیە چ بەسەر ئەو داعشیانە هات کە ناوچەی سنووریان بەجێ هێشت؟ ئایا هیچ ئەوە بە هێند دەگرن کە ئەوان  دەکرێ  لە ژێر چەتری ( نابیسترێ) هەڵسووڕێن و درێژە بدەن بە چالاکییەکانیان ؟

 ڤۆتێڵ: باشە،  ئەمن پێم وایە ئەو ڕاستییەی کە ئێمە هێندێک پشتیوانی هەواییمان لێ کردن بۆ ئۆپێڕاسیۆنەکانی جەرابلوس ئەوە دەسەلمێنی کە هێندێک هاوئاهەنگی پێشوەخت هەبووبێ. دەمێکی درێژ بۆ پلان دانانی ئەوە نەبووە. ئێمە کەلکمان لە دەرفەتێک وەرگرت بە دەست کەوت، دەرفەتێک کە شەریکە تورکەکانمان قۆستییانەوە. جا بۆیە بە پێی ئەو زانیارییانەی کە تورکەکان پێیان داین فڕۆکەکانی ئیتیلاف و ئێمە توانیمان زۆر زۆرخێرا ووڵامی بار و دۆخەکە بدەینەوە.
  بەڵێ ئێمە توانیمان بە وەخت ووڵام بدەینەوە و ئەوەش بە وەختی خۆی بوو بۆ ئۆپێڕاسیۆنە تایبەتییەکانی ئەوان.
  لەمەڕ پرسیارەکەی دیکەت وا نییە کە ئێمە ڕاستەوخۆ لەگەڵ گشت شەریکەکان قسە بکەین. ئێمە بە ڕێگای شەریکە تورکەکانمانەوە پێوەندی بەوانەوە دەکەین و  دەزانین کە چ دەقەومێ. جا بۆیە ئێمە حەول دەدەین هەموو مێکانیزمەکانی پێوەندی و تێکەڵاوی دەکار کەین و بەو شێوەیە لەگەڵ شەریکە جۆر بەجۆرەکان دەدوێین
 سەبارەت بە پرسیاری دواییت پێم وایە ئەوە بوو کە ئەندامانی دەوڵەتی ئیسلامی لە جەرابلوسەوە بەرەو کوێ چوون. ئەمن پێم وایە چەندین جێی جۆر بە جۆر هەن کە دەکرێ ئەوان چووبنەتە وێندەرێ. بە دڵنیاییەوە دەکرێ ئەوان بەرەو ڕۆژئاوا ، بەرەوە باشووری ڕۆژئاوا ، یان بەرەو خواروو بۆ ناوچەی ئەلباب چووبێتن. ئەوان دەکرێ بەڕەو خۆراوو بەرەو ڕەقە جووڵابن. ئەوە ئەو ناوچانەن کە  هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی حزوورێکیان تێدا هەیە .
 جا من وا گومان دەکەم ئەوان چووبنە ئەو ناوچانەی کە دەکرێ لەلایەن تاکوتەرای دەوڵەتی ئیسلامییەوە پشتیوانییان لێ بکرێ، کە دەکرێ لە ئەو شوێنانە بن
 پرسیار : پرسیاری دوایی . نیگەرانی ئەوەتان هەیە کە ئەوان لە  ژێر چەتری ئەڕتەشی ئازادی سوورییە ( ئێف ئێس ئەی ) دا هێرش بکەن ؟
 ڤۆتێل: ، نا ، ئەمن پێم وا نییە ، نا ئەمن پێم وانییە ، دەزانی ئەوە شتێکە کە ئێمە لێرە دا سەرنجی دەدەینێ. بەڵام ئێمە حاڵی حازر بە پێویستی چ نیشانەیەکی ئەوەمان نەدیتووە

پرسیار: گەلێک مەمنوون بەڕێز ژەنەڕاڵ ، ئایا ئێوە چ نیگەرانییەکتان هەیە – ئایا نیگەرانی خۆتان دەر دەبڕن لای تورکەکان سەبارەت بە وەزعی ئەو ڕاوێژکارە ئەمریکاییانەی کە لای هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییەن. لە بەر ئەوەی تورکییە لەو تێکهەڵچوونانە دا هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییەی کردووەەتە ئامانج – باشە ئێوە چارەنووسی ئەو ڕاوێژکارە ئەمریکاییانەی کە لەگەڵ  ' ئێس دی ئێف' ن  بە هێند دەگرن و  چ نیگەرانیان هەن؟

ڤۆتێل: ئێمە لە گەڵ تورکەکان بۆ ماوەی درێژ لە جێی هاوبەش بووین ، کە وا بوو – ئەوان زۆر باش دەزانن کە ئێمە لە کوێین.
 جا بۆیە دەکرێ جار جار وەبیریان بخەینەوە ئێمە لە کوێین ، بەڵام ، بە ڕاشکاوی بڵێم ، ئەمن لەو باوەڕە دام هاوئاهەنگی ئێمە و ووشیاری ئێمە سەبارەت بە بارو دۆخەکە لە گەڵ هێزە تورکەکان ، لەگەڵ ئەو هێزانەی تورکەکان سەرۆکایەتییان دەکەن باشە. و ئەوە جێی نیگەرانی دەستەبەجێ نییە بۆ من. ئەمن پێم وایە تورکەکان باش دەزانن ئێمە لەکوێین و ئێمەش بە
جێی وان دەزانین

ژەنەڕاڵ جۆزێف ل. ڤ ڤۆتێل لە ووڵامی پرسیارێک دا ئاوا باس لە فەرماندەیی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە لە مەنبج دەکا  

 ئێمە ئەگەر تەماشای نەبەردی مەنبج بکەین ئەوە لە ماوەی ٧٤، ٧٥ ڕۆژ دا بەڕێوە چوو. شەڕێکی زۆر دژوار بوو زۆر چ بوو ، شاری ناوشاری بوو، تونێل بە کار دەهات ، ئێمە لە ناو خانووەکان دا شەڕمان دەکرد و دەبێ ئەوەش دابگرمەوە بە باوەڕی من فەرماندەیی و سەرۆکایەتی هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ( ئێس دی ئێف ) مەهارت و لێزانییەکی گەورەیان لە خۆیانەوە نیشان دا بۆ پاراستنی ژیانی خەڵکی مەدەنی و بەشێوەیەکی زۆر تایبەتی جووڵانەوە



سەرچاوە: ماڵپەڕی وەزاڕەتی کاروباری بەرگری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا     

No comments: