Saturday, September 3, 2016

پێتر کووک سکرتێری چاپەمەنی وەزاڕەتی کاروباری بەرگری ئەمریکا، زانیاریدان بە چاپەمەنی چوارشەمە ٣١-ی ٢٠١٦


 چوارشەمە ٣١ –ی  ئووتی ٢٠١٦
 زانیاریدا ن بە چاپەمەنی
 پێتر کووک سکرتێری چاپەمەنی
 وەزاڕەتی کاروباری بەرگری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

 پرسیار: ئەهەر بۆم هەبێ دەمەوێ بەخێرایی سەبارەت بە تورکییە و یەپەگە پرسیار بکەم. لەماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو دا ، ئێوە چ دوژمنکارییەکتان دیوە لە نێوان ئەو دوولایەنە دا؟

ئاغای کووک: لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو دا ، تێگەیشتنی من ئەوەیە ئەوەی  ئێمە دیتوومانە ئارامی لە باکووری سوورییە بەردەوام ە ، کە ئێمە پێمان وایە ئەوە شتێکی باشە. و با دیسان بیڵێمەوە ، ئێمە بەردەوام دەبین بۆ زۆر لە نزیکەوە کار کردن لەگەڵ شەریکی ناو ئیتیلاف و هاوپەیمانمان تورکییە ، بۆ لەبەرچاوگرتنی حەساسییەتەکانیان سەبارەت بە بارو دۆخەکە. هەر ئاواش ، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر کار کردن لەگەڵ شەریکەکانمان لە سوورییە بۆ حەول دان و کۆ کردنەوەی سەرنج لە سەر ئەو شوێنەی کە دەبێ ببێ، ئەوەش واتە کۆ کردنەوەی سەرنج و زەخت لە سەر دوژمنی هاوبەشی هەموومان ، و ئەوە ئایسل ە [ دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام ].

 پرسیار: دوێنێ ، پێنتاگۆن [ وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا ] ڕایگەیاند کە کاناڵێکی پێوەندی ساز دەکەن بۆ کێشە کەم کردنەوە. دەکرێ بۆمان شی کەیەوە کە ئەم کانالی پێوەندییە چییە؟ و فەرقی چییە لەگەڵ ئەو کاناڵانەی کە ئێستا هەتانە؟

ئاغای کووک : لە ڕاستییدا ئەمن ناچمە ناو ووردەکارییەکانی ئەوەی کە ئەوە چۆن بەڕێوە دەچێ. بەڵام ئەمن پێم وایە هەر وەکوو کە دەکرێ لە قسەکانی ژەنەڕاڵ ڤۆتێل وە هەست پێ بکرێ ، ئێمە لە پێوەندی بەردەوام داین لەگەڵ شەریکەکانمان ، لەگەڵ ئەندامانی ئیتیلافەکەمان. و لەو کەیسە تایبەتییە دا ، ئێمە ئەو پێوەندییە بە کار دەهێنن ، خەتی جۆربەجۆری پێوەندیی کە لە بەردەستمانە ئێمە بە ڕێگای ئەواندا ، بە بار و دۆخەکەوە دەچارێین، بە سەرنجەکانەوە دەچارێین – کە دیسان دەیڵێمەوە هێندێک لە شەریکەکان و هاوپەیمانەکانی ئێمە هەیانە .

پرسیار: ئەمن دەمەوێ بۆم ڕوون بێتەوە، داخودا ئەوە هێڵێکی پێوەندیی نوێی کە ئێوە دەیکەنەوە یان بەڕێگای ئەو کاناڵی پێوەندییانە دایە کە بە نەغدەن هەتانە و لە بەر دەستتان دایە؟

ئاغای کووک : ئەمن پێم وایە ئەوە لە جێی خۆی دایە بگوترێ ، و ئەمن پێم وایە ئەوە لە قسەکانی ژەنەڕاڵ ڤۆتێل یشەوە دەخوێندڕیتەوە کە ئێمە حەولەکانی خۆمان خێراتر کردووە بۆ ئەوەی دەستەبەر بین کە باری سەرنج و بە ‌هێند گرتنی بۆچوونی شەریکەکانمان و ئەندامانی ئیتیلاف ڕەچاو کەین ، و ئەوە زیاترە و لەوەی تێ دەپەڕێنێ کە ئێمە پێشتر کردوومانە، بە لەبەرچاو گرتنی حەساسییەتی ئەم بارو دۆخە ، و دیسان بیڵێمەوە، گرینگ ئەوەیە کە کارێکی ئەوتۆ بکەین هەموو لایەک سەرنج بدەنە سەر شتێک کە لە هەمووان گرینگترە و ئەویش گوشار هێنانە بۆ سەر ئایسیل ، لە ئەوەندە بەرەو جەبهەیەی دا کە دەگونجێ. و ئەوە ئەو کارەیە کە ئێمە دەیکەین.

 پرسیار: داخودا ئەوە بەشێکە لە حەولی هێزی ئامادەی هاوبەشی تێکەڵاوی ئۆپێڕاسیۆنی ئینهێنرنت ڕێزاڵف
  [ناوی شەڕی دژی داعش لە عێڕاق و سوورییە] ، یان جۆرەیەک لە پێوەندیی دوولایەنەیە لە نێوان تورکەکان و کوردەکان و ئێوە؟

 ئاغای کووک : ئەمن - ئەمن پێم وایە -
 ئاغای کووك: ئەمن دیسان بیڵێمەوە، ئەمن تەنێ ئەوە دەردبڕم کە لە قسەکانی ژەنەڕاڵ ڤۆتێل تێگەیشتم . ئەوە پێوەندی پەیدا دەکاتەوە بە حەولی ئیتیلاف لە سوورییە .

 پرسیار: سەبارەت بە تورکییە – ئێوە ڕووبەڕووی ئەو هەلومەرجە سەیرە بوونەتەوە کە تێیدا ئەو هێزانەی کە لە لایەن دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتیوانییان لێ دەکرێ لە حاڵی حازر دا لە بەرەی دژ بەیەک دان لە مەیدانی نەبەرد دا. لە دەرەوەی ئەو ئاگر بەسە کورتخایەنە ، ئەگەر مرۆڤ ئاوای نێو لێ بنێ ، نەخشەی درێژ خایەن چییە بۆ ڕەواندنەوەی تەمی ئەو سەرەگێژەیە لە مەیدانی نەبەرد دا ، بە تایبەتی وەک تورکییە ٠ بە تایبەتی لە مەڕ دەوری تورکییە؟

ئاغای کووک : جیم ، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر کار کردن لە گەڵ هاوپەیمانەکەمان و شەریکمان لە ئیتیلاف دا تورکییە. ژەنەڕاڵ ڤۆتێل دوێنێ باسی ئەوەی کرد. ئەوە – ئەوە ئەم شەریکەیە کە ئێمە لە نزیکەوە کاری لەگەڵ دەکەین لە زنجیرەیەک لە بەرەیان دا ، لەوانە ، بە تایبەتی لە شەڕی دژی ئایسیل دا.
 و ئەوە ناوچەیەکی گرینگە بۆ حەولی ئیتیلاف ، ئەو ناوچە سنووری یە، و ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر کار کردن لەگەڵ تورکییە و حەول دەدەین باری سەرنجیان بە هێند بگرین – نیگەرانییە مەشڕووعەکانیان سەبارەت بەو شتانەی لە سەر سنوور ڕوو دەدەن. لە هەمان کاتیش دا ، پاراستنی زەخت و زەین کۆ کردنەوە لە سەر ئایسیل ، و هەتەڵە نەبوون لەو ڕێبازە- ئەوە لە ڕاستیدا دەمێکی گرینگە لەو بەربەرەکانییە دا، و ئەوەش ئەمەیە، ئێمە دەمانەوێ هەمو لایەک چەقی سەرنجی لە سەر ئایسیل کۆبکاتەوە لەم کاتە دا تا ئەوەندی پێمان دەکرێ.
 و ئەمن پێم وایە ژەنەڕاڵ ڤۆتێل و فەرماندەیەکانی دیکەمان کە بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو شەریکانەمان لە ئیتیلاف دا قسە دەکەن ئەوکارە دەکەن و ئێمە هیوادارین کە ئەوان بەردەوام بن لە پێش کەوتن دا بۆ ئەوەی باری سەرنجی هەموان لە سەر ئایسیل ڕابگرن.

 پرسیار: ئایا تورکەکان بە ئێوەیان ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ئێوە کارێکی ئاوا بکەن کە کوردەکان لە بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات بمێننەوە و نەپەڕنەوە ، ئەوە بەسە بۆ ئەوەی ئەوان پێی ڕازی و خۆشحاڵ بن ؟

  ئاغای کووک: ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر قسە کردن لەگەڵ تورکەکان. ئەمن ئەوە بۆ حکوومەتی تورکییە بە جێ دەهێڵم کە ووڵام بداتەوە، بەڵام ئەوە بەڵێن و بەرعۆدەییەکە کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێس دی ئێف ] داویانە و ئێمە لەو باوەڕە داین ئەوە بەرعۆدەیی و بەڵێنێکە کە ئەوان ڕێزی لێ دەگرن و پێکی دەهێنن.

پرسیار: دوا پرسیارم ئەوەیە، ئەمن بۆم جێی پرسیارە کە ئەتۆ پێوەندی - ئەمن دەزانم ئێوە وەک هاوپەیمانانی ناتۆ قسەلەگەڵ یەکتری دەکەن وەک ئێمە دەزانین. بەڵام  زۆر دمەقاڵەی ئاشکرا لە نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکییە دا ڕوویداوە، وەک دەزانی ، لە مەڕ کودەتا، سەبارەت بە ستاتوسی پێگەی ئینجیرلیک و هەتا دوایی، و تا دەگاتە ئەو ناڕێکییەی هەرە دوایی . حاڵی حازر پێوەندی نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و عەسکەریی تورکیا چۆنە؟

 ئاغای کووک: ئەوە واتە تورکییە هاوپەیمانێکی پتەو و بەگوڕێ ناتۆیە. ئەندامێکی ناتۆیە. ئەوە ووڵاتێک و ئەڕتەشێکە کە ئێمە بە دەیان ساڵ هاوکاریمان لەگەڵ کردووە. و جێم لەم ناوە دا مێژوویەکی کۆن هەیە، مێژوویەکی باش لە نێوان دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و تورکییە دا ، لە نێوان ئەڕتەشەکانی ئێمە دا ، لە نێوان ئەم بینایە [ پێنتاگۆن ] و ئەڕتەشی تورک دا.
 و ئاشکرایە ئێمە حەول دەدەین – دەستە بەر بین کە ئەو لێک بەستوویی و پێوەندییانە هەر بەردەام بن هەر بەو پتەوی و گوڕەی کە لە ڕابردوو دا هەبووە. و هێندێک ئاڵنگاریی هەنە لەمەڕ ئەو حەساسییەتانە ، ئێمە لەوە تێ دەگەین. ئێمە لە نزیکەوە کار دەکەین لەگەڵ تورکییە و حەول دەدەین ئەوباری سەرەنجانەیان بە هێند بگرین ، بەڵام گرینگە، ئەندامێکی گرینگی ناتۆیە ، هەڵبەت ، و ئەندامێکی گرینگی ئیتیلافیشە بە دژی ئایسیل، و یارمەتی و پشتیوانی تورکییە گرینگییەکی یەکجار زۆری هەبووە
 هەر بۆیەشە ئێمە ئاوا لە نزیکەوە کار دەکەین لەگەڵ تورکییە بۆ ئەوەی دەستەبەر بین ئێمە دەتوانین ئەو باری سەرنجانەیان بە هێند بگرین و چەقی سەرنج لە سەر ئایسیل چر کەیەنەوە ، کە دیسان دەیڵێمەوە، دوژمنێکی هاوبەشی هەموومانە. و ئێمە ئێستا حاڵی حازر لە دەمێکی  باش داین کە نەک هەر لە سوورییە گوشاری بۆ بهێنین ، نەک هەر لە سەر خەتی سنوور لە وێندەرێ، بەڵکوو لە عێڕاق و جێگای دیکەش، لە لیبی ، ئەفغانستان ، وئەوە هەتا بڵێی گرینگە .

  پرسیار: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەوەی کە تۆ پێشتر باست لێوە کرد لەمەڕ ئارامی لە باکووری سوورییە کە ئێوە لەو سەعاتانەی دوایی دا، لەو ڕۆژانە دا  شاهیدی بوون. ئایا ئەتۆ ئەوە بە نیشانەی ئاگر بەس دادەنێی؟ یان ئەوە زیاتر دەرکەوتەی ئەو ڕاستییەیە  کە ئەو دوو هێزانە ڕەنگە هاوکات لەیەک شوێن نەبوو بن؟ چونکە ئەمڕۆ تورکییە زۆر بەتوندی ئەوەی بەرپەرچ دایەوە و نکۆڵی لێ کرد  کە چ ڕێککەوتنێک لە ئارا دا بێ. دوێنێ ، کۆلۆنێل توماس ڕایگەیاند ڕێککەوتنێکی سست لە نێوان گشت لایەنەکان لەم کێشەیە دا کراوە. جا ڕەنگە بەجێ بێ ئەگەڕ هێندێکمان بۆ ڕوون بکەیەوە کە ئێستا دۆخی هێزەکان لە وێندەرێ چۆنە و کاناڵی پێوەندی لە نێوانیان دا چییە؟

ئاغای کووک: ئەمن – ئەوە کاردانەوەی ئەوەیە کە ئێمە حالی حازر لەوێ لە سەر زەوی دەیبینین. و دیسان با بیڵێمەوە، ئێمە لەو باوەڕە داین ئەو ئارامی یە شتێکی باشە. و ئێمە هێوادارین ئەو دەرەتان بدا بە هەمووان بۆ ئەوەی کە دیسان ‌‌سەرنجی خۆیان لە سەر مژاری ناوەندی چڕ بکەنەوە ، و کە ئەویش ئایسیل ە. و جا بۆیە ئەوە کاردانەوەی ئەوەیە کە ئێمە حاڵی حازر لە سەر زەوی دەیبینین.

پرسیار: ئێ، بەڵام ئارامی – کاتێک کە ئەتۆ دەڵێی ئارامی شتێکی چاکە. بۆ وێنە ، چ شتێک ئەو ئارامییەی پێک هێناوە؟ ئایا ئەوە ڕێککەوتنێکە؟ یان ئەوە پێوەندییەکی باشترە؟ یان تەنێ هەر لەبەر ئەو ڕاستییەیە کە ئەوان ئیدی چبڕ لە یەک شوێن نین؟

ئاغای کووک: باشە، بە دڵنیاییەوە ، هەر وەک ئەوەی ئەتۆ لە زمان ژەنەڕاڵ ڤۆتێل ەوە بیستت پێوەندیی ئەوتوو هەبووە پێداگری لەگەڵ هەمووان کراوە - هەم تورکییە و هەم شەریکە خۆجێییەکان لە سەر زەوی بۆ حەول دان بۆ کەمکردنەوە و ڕەواندنەوەی تەمی هێندێک لە گرژییەکان و ئەو تێکهەڵچوونانەی وا ئێمە لە ماوەی دوایی حەوتوو دا شاهیدیان بووین .
 و ئێمە هیوادارین -  ئەمن پێم وایە ژەنەڕاڵ: ڤۆتێل ئەوەی دەربری - کە ئەو پێوەندییانە حەولیان داوە بۆ کەمکردنەوەی گرژی و دیسان دەیڵێمەوە خستنەوە و چرکردنەوەی باری سەرنج بۆ سەر ئایسیل. ئەمن ئەوە بۆ حکووتی تورکییە بە جێ دەهێڵم کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە باسی لێوە بکەن، بەڵام ئێمە لەو باوەرە داین ئەوە دەرەتانێکە بۆ هەموان کە سەرنجیان لە سەر ئایسیل چڕ بکەنەوە و – هەتا زیاتر ئێمە ئەوە بکەین ، ئەوەندەش باشترە بۆ هەموو لایەک ، بۆ ئەوەی تێکشکانی دوایی ئایسیل خێراتر بکرێ، شتێکی ئێمە گشتمان دەمانەوێ بیکەین .

پرسیار: ئەتۆ نێو لەوە نانێی ڕێککەوتن ... ئەتۆ ناڵێی ئەوە ڕێککەوتنێکە یان جۆرەیەکە لە ئاگر بەس؟

ئاغای کووک: ئەمن هەر دەڵێم – ئەوە شتێکە ڕوو یداوە لە سەر زەوی و بە ڕێژە ئارامە – ئەوە - ئێمە تێکهەڵچوونی ئاوا نابینین وەک ئەوەی لە کۆتایی حەوتوو دا دیتمان ، و ئێمە پێمان وایە ئەوە شتی چاکە.

 پرسیار: ڕاپۆرتی ئەوتۆ هاتووە کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا – جووڵەی بە هێزە تایبەتییەکانی کردووە لە نیوان بەرەکان دا – بەرەی تورکەکان و بەرەی ( نابیسترێ ). ئایا ئەتۆ لە دووی ئەو ڕاپۆرتانە دەدەی یان بەرپەرچیان دەدەیەوە؟.

ئاغای کووک: دەزانی چییە، ئەمن باسی شوێنی مانەوەی هێزە تایبەتییەکانمان ناکەم و ئەوە شی ناکەمەوە.

پرسیار: لەم سەکۆیەوە، ئەتۆ بۆخۆت زۆر جار گوتووتە ، و هەر وەها ‌قسەوێژانی دیکەی دەوڵەتە یەکگرتووەکان گوتوویانە کە یەپەگە لە ناو مەنبج و لە دەور وبەری دا دەوڕێکی پشتیوانی گێڕاوە ، و ئەوان دەکشێنەوە کاتێک کە ئۆپێڕاسیۆنی مەنبج تەواو دەبێ.  و دوایە تەنانەت حەوتووی ڕابردوو، ئێوە ڕاتان گەیاند کە هێندێک لە هێزەکان لە مەنبج ، لە ناو مەنبج و دەور و بەری دەستیان کردووە بە کشانەوە بەرەو بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات.
 بەڵام تورکییە دەزانی ، تورکییە دەڵێ کە هیچ کام لە تاکوتەرای عەسکەری یەپەگە لە مەنبج نەکشاونەتەوە بەرەو بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات. تەنانەت پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە) خۆشی ڕایگەیاندووە کە تەقویە دەنێرێ بۆ هێزەکانی لە ناو و لە دەورو بەری مەنبج بۆ ئاڵنگاری تورکان و چەق بەستنی جووڵەی ئەڕتەش. دەکرێ بۆچوونت لە سەر ئەوە بڵێی؟ دەزانی، چونکە ئەو ڕاستیانە ئەوەی ئێوە لە سەرەتاوە دەیلێن بەرپەرچ دەداتەوە؟

 ئاغای کووک: ئەمن دیسان دەتوانم پێت بڵێم کە بە ئەوەی ڕا کە ئێمە لە سەر زەوی دەیبینین ئەوەیە کە ئێس دی ئێف [ هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە ] ڕێزی لە بەڵێن و بەرعۆدەییەکانی خۆی گرتووە  بۆ کشانەوە بۆ بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات. هەر وەک ئەتۆش دەزانی ئێمە باسی ئەوەمان کردبوو کە لێرو لەوێ لە مەنبج هێشتا خوڕاگری ماوە، هێشتا ئۆپێڕاسیۆنی پاک کردنەوە لە مەنبج بەردەوامە. هێشتا ئەو مین و تەقەمەنیانەی کە چێندروان دەبێ هەڵبگیرێنەوە ، و هێشتا هێندێک لە هێزەکانی ئێس دی ئێف لەوێندەرێنە. و ئەوەندەی من بزانم ئەو هێزانەی کە لەوێ هەن هێزی خۆجێیی ئەو ناوچەین کە لەوێن و هێندێک لەو ئۆپێڕاسیۆنانە دەکەن – هێشتا ئەو ئۆپێڕاسیۆنانە دەکەن.  بەڵام – هێزەکانی ئێس دی ئیف زۆربەیان کشاونەتەوە بەری ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات و ئێمە لەو باوەرەداین ئەوان ڕێزیان  لەو بەرعۆدەییەی خۆیان گرتووە و پێکیان هێناوە.

 پرسیار: (نابیسترێ) – یەپەگەش كشاوەتەوە؟

 ئاغای کووک : ئەو جۆرە من بزانم بەڵێ .

  پرسیار: و هەر وەها – باشە ، هێندێک لە مەقەڕەکانی یەپەگە لە لایەن ئەڕتەشی ئازادی سوورییەوە [ ئێف ئێس ئەی ] دەستیان بە سەر دا گێراوە . و لەوانە دا هێندێک بەڵگە دۆزراونەتەوە کە پێوەندی نێوان یەپەگە و پ.ک.ک. دەسەلمێنێ. هەر وەها لەو مەقەڕانە دا هێندێک چەک و چۆڵ  دۆزراونەتەوە کە ئیدیعا دەکرێ دەردەکەوێ لەو جۆرە چەک و چۆلە ئەمریکاییانەن کە دراون بۆ شەر بە دژی ئایسیس. ئاغای کووک: ئەمن ئاگام لێ نییە – ئەمن ئاگام لەو ڕاپۆرتانە نییە. و دیسان بڵێمەوە، ئێمە لەو باوەڕە داین کە هێزە دێمۆکڕاتیکەکانی سوورییە [ ئێش دی ئێف ] ڕێزی گرتووە لەو بەڵێن و بەرعۆدەییانەی کە دا بووی بە ئێمە و ئەتۆش لە پشتیوانی ئێمە لە هێزە خۆجێییە شەریکەکانی ئێمە لە سەر زەوی ئاگاداری و ئەوە شتێکە کە ئێمە بە دوورودرێژی قسەمان لێوە کردووە. و دیسان بڵێمەوە، ئەوە بارودۆخێکە کە ئاڵۆز و پێچەڵپێچە و – بارودۆخێکە کە ئێمە ڕاستەخۆ قسەمان لە سەری کردووە لەگەڵ تورکییە کە چ ڕادەبرێ.
 ئێمە هەر وەها ڕاستەوخۆ لەگەڵ شەریکە خۆجێیەکانیشمان لە سەر زەوی قسەمان کردووە و حەولمان داوە بۆ دەربڕینی ڕوانگەی خۆمان سەبارەت بە سەرنجەکانی خۆمان لەمەڕ چالاکییەکانیان و بۆمان ڕوون کردوونەتەوە کە هەموو لایەنەکان دەبێ هێزی خۆیان چڕ بکەنەوە کە سەر ئامانجی ناوەندی لێرە دا ، و ئەو ئامانجەش دەبێ ئایسیل بێ. و دیسان بیڵێمەوە ئێمە بەردەوام دەبین بۆ تەشویق کردنی هەموو ئەندامان و شەریکەکانی ئیتلاف بۆ ئەوەی لە سەر ئەو چڕبوونەوەیە ڕاوەستن.

پرسیار: ئێوە هەر لە سەرەتاوە گوتووتانە کە ئێوە چەک وچۆڵ دەدەن بە ئیتلافی عەڕەبی سوورییەیی، ئێوە تا چ ڕادەیەک دڵنیان کە هێندێک لەو چەک و چۆڵانە بەجۆرێک نادرێ بە پەیەدە و یەپەگە؟ تەنانەت پ.ک. ک . ش ؟

ئاغای کووک: ئێمە چ نیشانەیەکمان بەدەستەوە نییە کە ئەوە ڕوویدابێ. ئەوە – وەک دەزانی ، ئێمە بەردەوام بووین بە دانی چەک وچۆڵ بەو گرووپانە، ئەوە مامڵەیەکە، ئێمە بە ووردی لێی دەڕوانین بزانین ئەو چەک و چۆڵانە دەچنە کوێ. و دیسان بیڵێمەوە، ئەگەر خەڵک ئەوە ڕەچاو نەکەن و نەیپارێزن کە لە ڕێککەوتنەکان دا لەگەڵ ئێمە پێی گەیشتوون ، ئیدی ئێمە چەك و چۆل و جبەخانەیان نادەینێ، و ئەوە شتێکە لە سەرەتاوە ئێمە بە ڕوونی گوتوومانە و ئەوە شتێکە ئێمە بەردەوامین لە سەری و داوای دەکەین لە شەریکەکانمان لەوێ لە سەر زەوی.

 پرسیار: و دوایین پرسیاری من ، ببوورە ( نابیسترێ) هێندێک ڕاپۆرتی دیکەش هەن باس لەوە دەکەن کە لە هێرشێک دا بۆ سەر هێزی تورک و هێندێک لە هێزەکانی ئەڕتەشی ئازادی سوورییە لە لایەن ئایسیل وە ، هێزی تورک و هێزی ئەڕتەشی ئازادی سوورییە داوای پشتیوانی هەوایی یان کردووە ، بەڵام ئیتلاف دەستی گێڕاوەتەوە لە دانی ئەو پشتیوانییە هەوایی یە چونکە پێی وابووە لە وانەیە هێندێک لە هێزەکانی پەیەدە و یەپەگەش تێوە گلابن لەو  کێشەیە دا.

 ئاغای کووک : ئەمن ئاگادار نیم لەو کەیسە. ئەمن هەر کاتم هەیە بۆ ووڵامدانەوە پرسیارێکی دی . ڕاستتان بوێ سەعات ١:١٥ دەقیقە دەبێ ئەمن لە شوێنێک بم.


سەرچاوە: ماڵپەڕی وەزاڕەتی کاروباری بەرگری دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا    

No comments: