Saturday, March 4, 2023

دوو پرسیار و وڵامی پرۆفێسۆر جەعفەر شێخەلئیسلامی


دوو پرسیار و وڵامی پرۆفێسۆر جەعفەر شێخەلئیسلامی
ڕۆژی ٢١-ی فێڤرییە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی لە سەر بانگەوازی  بەڕێز ڕەحمان جەوانمەردی
بەرپرسی دیوی کوردیش لایڤز مەتر/ کورد  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی کلاب هاوس سێمینارێک سەبارەت بە زمان و ئیدێئۆلۆژی بۆ پرۆفێسۆر شێخەلئیسلامی ڕێک خرا کە کە بە گشتی نزیک ٩ سەعاتی خایاند. دیارە لە بەر ئەوەی هەر ئەو ڕۆژە بەڕێز شێخەلئسلامی لە چەندین کۆبوونەوە و کۆنفڕانسی دیکەش دا هەر بەو بۆنەیەوە بەشداری کرد بوو هەموو ئەو ماوە درێژە نەمایەوە بەڵام قسەکانی و وڵامی بە پرسیاری ئامادەبوان لە زۆر ڕووەوە گربوونەوەیەکی زۆر بەپیت و بە ناوەرۆک بوو . من لێرە دا پرسیارێکی خۆم و مامۆستا عەبدولحەمید حوسێنی و وڵامی پرۆفسۆر شێخەلئسلامی م دابەزاندووە. هیوادارم بۆ هەموو هۆگرانی بابەتی زمان بەکەلک بێ.
حەسەن قازی
شەمە ٤-ی مارسی ٢٠٢٣

حەسەن قازی: دیارە پرسیارێک مامۆستا عەبدولحەمید حوسێنی کردوویەتی و لە بەر ئەوەی بۆخۆی لە کلابهاوس دا نییە داوای لێ کردووم ئەو پرسیارە لەگەڵ مامۆستا جەعفەر بهێنمە گۆڕێ. حەول دەدەم پرسیارە نووسراوەکە بدۆزمەوە و بیخوێنمەوە. بەڵام خۆشم پرسیارێکم هەیە.
 لە باسێکدا کە بەڕێز پرۆفسۆر شێخەلئیسلامی پێشکێشی کرد هەر ئەمڕۆ لە پلاتفۆرمێکی دیکە دا، باسی ئەوەت هێنا گۆڕێ کە
ڕەحمان جەوانمەری: سەعاتێک لەوە پێش لە زووم
حەسەن قازی: بەڵێ  کە زمان بێ لایەن نییە، وات کوت، فەرمووت  the language is not neutralڕستەیەکی ئاوا جا پرسیارەکەی من ئەوەیە گەلۆ ئەو کەسەی کە زمان بەکار دێنێ بێ لایەن نییە یان زمانەکە خۆی؟ بۆ وێنە ئەگەر زمانی فارسی لەبەر چاو بگرین ئەتۆ دەتوانی بە زمانی فارسی بڵێی کورد هەر بوونی نییە، بە هەمان زمان  دەتوانی بڵێی بەڵێ کورد هەیە و دەتوانێ دەوڵەتی خۆی دروست کا دەتوانێ زمانی خۆی هەبێ و مەدرەسەی خۆی هەبێ. پێم خۆشە لەو بارەیەوە ئەگەر بکرێ زیاتر شی بکەیەوە چونکە ئاماژەت کرد بە گوتنی مامۆستایەک. پرسیارەکەی مامۆستا عەبدولحەمیدیش دەبینمەوە ئەتۆ فەرموو قسە بکە ئەگەر کاک ڕەحمان ئیزن بدا دوایە ئەویش دەخوێنمەوە چونکە داوای لێ کردووم کە بە گوێی جەنابت بگا.
ڕەحمان جەوانمەردی: تکایە. کاک جەعفەر گیان  دانە بە دانە پێیان دا بڕۆین بە پرسیارەکاندا چۆن پێت باشە؟
شێخەلئیسلامی: ئەگەر ڕێگام بدەی وڵامی کاک حەسەن لەویێش، دانیشتنێکی دیکە بوو ئەم بەیانییە دەرفەت نەبوو پرسیار بکا زۆر قەرەباڵغ بوو..
ڕەحمان جەوانمەردی: لای تۆ بەیانییە کاک جەعفەر
شێخەلئیسلامی: زۆر ئیشکالی تێکنیکیمان هەبوو.  وەدوا کەوتین. بەڵێ
ڕەحمان جەوانمەردی: لای جەنابت بەیانی بوو
شێخەلئسلامی: کاک حەسەن تەشریفی لەوێ بوو بەڵام نەیتوانی پرسیار بکا
ڕەحمان جەوانمەردی: عەرز دەکەم لای تۆ بەیانی بوو، هەر ئێستا سەعاتێک، دوو سەعات پێش ئێستا.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ بەڵێ، ببوورە، بەیانی بە موکریانی، مەهابادی یانی ئەو مۆڕنینگە، این صبح. لای ئێوە وا بزانم بەیانی دەبێتە سبحەینێ، بەهەر حاڵ.  عەرز بێ کاک حەسەن ڕاست دەفەرمووی لە تەعریفی زماندا هەر لەوێ من باسی ئەوەم کرد کوتم زمان بۆ من چییە ؟ زمان بۆ من بریتییە لە  سیستمێکی دەنگ یان ئیشارە  کە ڕێزمانی هەیە، قاعیدەی هەیە و ئەوە بەڵام بۆ سێ مەبەست بە کار دێ یەکیان مەبەستی پێوەندی گرتن، یەکیان خەزێنە کردن و پاراستن و پێداهاتنەوەی کولتوور یەکیشیان بۆ  خوێندنەوەی دنیا و ساز کردنی ناسنامە.
بەڵام، لەوێ بەڵامێک هەبوو جا ئەوە لە تووڤێ سکووتناب کانگاس و یەکی ترم وەرگرتبوو کە بۆ خۆت دەیانناسی بەڵام کە باسی زمان دەکەین ناتوانین باسی ئاخێوەرەکانی نەکەین لەبەر ئەوەی زمان ئەوان دروستیان کردووە و هەر بەوانیشەوە دەمێنێتەوە دەنا دوای ئەوان نامێنێتەوە، ڕەنگە لە کتێباندا بمێنێتەوە بەڵام دوای ئەوان نامێنێتەوە وەکوو زمانێکی زیندوو. دێرە دا  جەنابت تەواو ڕاست دەفەرمووی کە زمان واتە ئاخێوەرەکانی. واتە لە دەقێکدا ئەتۆ ئایدێئۆلۆژی دەبینی ئەمە ئایدێئۆلۆژی ئەو کەسەیە کە بەرهەمی هێناوە  کە لە زمانەکە دا ڕەنگ دەداتەوە بەڵام، لێرە بەڵامێکی  دیکە هەیە، بەڵامەکەش ئەوەیە  دەقێک کە تۆ چ ئەو کەسە بناسی و چ ئەو کەسە نەناسی دەتوانێ بۆ خۆی سەربەخۆ مەعنای خۆی هەبێ ئایدێئۆلۆژیش بڵاو بکاتەوە. جا بۆیە هێندێک جار ئێستا  لە بوارەکەی من دا شیکاری ڕەخنەگرانەی دەق هێندێک جار ئێمە تووشی ئەو ڕەخنانە دەبینەوە. بۆ وێنە  لە کۆنفڕانسی زۆر بە نێوبانگی جیهانیدا بۆ وێنە شتێکم پێشکێش کردووە دوایە یەکێک هەستاوە کوتوویە باشە ئەو زمانەی کە تۆ نیشانت دا ئەو کەسە ئەو وشانە لەو وتارە دا کەلکی لێ وەرگرتووە بۆ وێنە لە دەنگوباسی ئەو مێدیایە دا ئەو ڕێزمانە ئایا  کرداری تێپەڕی بەکار هێناوە، تێنەپەڕی بە کار هێناوە، هەموو ئەو شتانەی کە باست کرد مێتافۆر، فڵان گریمانە کردن ئەوەی پێی دەڵێن  
 presupposition, assumptionهەمووی تەواو دەتوانی دڵنیا بی کە نووسەرەکە مەبەستی ئەو شتانە بووە؟ لێرە دایە کە دەق و نووسەر لێک جودا دەبنەوە یان قسەکەر و نووسەرەکە لێک جودا دەبنەوە زمان بۆ خۆی دەبێ بە شتێک . لە زۆر کاتان دا وڵامی وەک من یانی ئەوانەی لە بواری شیکاری ڕەخنەگرانەی دەق دا کار دەکەن وڵامیان ئەمەیە دەڵێن ڕاست دەکەی ئەمن نازانم لەوانەیە ئەو کەسەی ئەوەی نووسیبێ بەڕاستی مەبەستی شتێکی تر بووبێ  بەڵام ئەو دەنگوباسە وەکوو دەق بڵاو بووەتەوە خۆ ئەوەی دە ڕۆژنامەدا چاپ بووە کەسەکە لەگەڵی ناگەڕێ  ئەو ڕۆژنامە چووەتە ئەو سەری دنیایێ لەوێ لە وانەیە هەر نەزانن ئەو نووسەرە کێیە. بەڵام دەقەکە دەخوێننەوە. کە وابوو دەقەکە بۆ خۆی بە بێ ئەوەی کە نووسەرەکە لەوێ بێ تەئسیری خۆی دەکا و کاری خۆی دەکا و ئیدێئۆلۆژی خۆی بڵاو دەکاتەوە. دێرە دایە کە زمان بۆ خۆی دەکرێ ئایدێئۆلۆژی بێ. نەک ئەوەی کە زمان پەیدا دەبێ بۆخۆی یەکسەر ئایدێئۆلۆژیاوییە، نا لە کردن دایە، لە بە کار هێنان دایە ئایدێئۆلۆژی دروست دەکا و بڵاوی دەکاتەوە.  لێرە دا  تەواو ڕاست دەفەرمووی.
حەسەن قازی: بۆم هەیە پرسیارەکەی کاک عەبدولحەمید بخوێنمەوە؟
شێخەلئیسلامی: فەرموو کاک حەسەن گیان.
حەسەن قازی:  مامۆستا عەبدولحەمید حوسێنی دەنووسێ: کاکە گیان سڵاو، لەگەڵ سڵاو بۆ پرۆفسۆر شێخەلئیسلامیش . ئەگەر توانیت، لە کڵاپهاوس ئەو شتانەی خوارەوەی لەگەڵ باس بکە ، وەک پێناسەیەکی نەتەوەیی و زمانیی نێو لێنان بە زمانی دایک چەند گرینگە، کورد لە سەدەکانی سێزدە و چاردەی زایینی بەدواوە لە ژێر کارتێکەریی دینی، نێوی عەرەبییان لە منداڵەکانی خۆیان ناوە، ذهبی نووسەری تاریخ الاسلام کاتێک لە بارەی شێرکۆ باوکی سەلاحەدین دەنووسێ، نانووسێ شێرکۆ، دەیکاتە اسد الجبل، ئەوە بەڵگەیەکی مێژووییە، کە کورد دوای هاتنی ئیسلام بە زۆربەیی نێوی کوردییان لە منداڵەکانی خۆیان ناوە، به دەگمەن نێوی عەرەبییان لێناون. نێوی دێ و شارەکانیش زۆر درەنگتر گۆڕانیان بەسەرداهاتووە. پێم خۆش بوو بۆچوونی بەڕێزیان لەو بارەیەوە بزانم.
ڕەحمان جەوانمەردی: ئەو هێندێکێشن بەکار ‌هێنانی ناوی ژینا و مەهساش دەگرێتەوە.
حەسەن قازی: بەڵێ ئەوەش دەگرێتەوە
شێخەلئیسلامی: چەند شت دەگرێتەوە. منیش بڕوام بەوە هەیە. ئینسان کە گوێ دەداتە بەیتە کوردییەکان، بە هەر حاڵ ئەو بەیتانە لە کوێوە دێن. ئەو بەیتانە ئەگەر نەڵێین هەزاران، سەدان ساڵ لە گٶڕێ دا بوون دەم بە دەم گەڕاون: لاس،خەزاڵ، مەم، زین، بەردەوان،نێچیرەوان،شاخەوان، سەیدەوان، ئەمانە هەموو کوردین کە وابوو منیش هیچ لەوە دا شکم نییە کورد ناوی خۆی هەبووە بەر لەوەی کە ئیسلام و عەڕەبی بێتە ئەو مەنتیقە یە بەڵام ناوەکان گۆڕاون. جا لێرە باسێکی زۆر گرینگ دێتە گۆڕێ بە ڕاستی باسەکەش ئەمەیە جا ئەوە دێتەوە سەر ئایدێئۆلۆژی ناسیۆنالیستی بەرچاوتەنگی ئێرانی کە هێندێک جار، نەمدەویست ئەوەیان باس بکەم چونکە زۆرە چەند لاپەڕەیە لیستەکە. ئێستا کە وای لێهات با بیڵێم. یەکێک لە باسەکانیان ئەوەیە کە فارسی هیچکات خۆی تەحمیل نەکردووە. ئەوە عەڕەبیش دەگرێتەوە لەوانەیە یەکێک بڵێ خۆی تەحمیل نەکردووە. لە وانەیە کەس لە سەر ناوی کورد هەبوون هەڵیان نەئاوەسیبێ.
ڕەحمان جەوانمەردی: پێم وایە جامی وتارێکی هەیە لە سەر ئەمە ئەوە کە هیچ وەخت خۆی تەحمیل نەکردووە جامی هەیە کە پێشتر مودیری ڕادیۆ زەمانە بوو کاک جەعفەر.
شێخەلئیسلامی: بەڵێ بەڵێ. ئەوانە زۆرن. ئەو ئاغای ئەمینی کە ماوەیەک لەمەوپێش کۆچی دوایی کرد. لەگەڵ کاک حەسەن ئەز قەزا لە بیرمە باسێکی گەرم و گوڕیان هەبوو لە سەر بی بی سی پێرژن بوو کە زۆر پێ دا دەگرێ کە دەڵێ فارسی هیچ کات خۆی تەحمیل نەکردووە  بەسەر خەڵکانی گەلانی ئێراندا، ئەو دەڵێ قەومهای ئێراندا، بەڵکوو هەمیشە بە باوەشی ئاواڵاوە وەرگیراوە. ئەوەڵەن ئەو ئیدیعایە هیچ ئەساسی زانستی نییە چونکە هیچ کەس سورڤەی نەکردووە هیچکەس ڕاپرسی نەکردووە سەد ساڵ لەوە پێش چۆن بووە ئێمە ئەوەی نازانین بەڵام ئەوەی کە خەڵک بۆچی زمانێکی دیکە هەڵدەبژێرێ یان ناوەکان دەگۆڕێ ئەگەر زۆری لە سەر نەکراوە. لەبەر ئەوەی کە خۆ پێویست ناکا تەنیا زۆری بە قەولی ئانتۆنیۆ گڕامشی دەڵێ فیزیکی بێ. زۆری، هێژمۆنی دەکرێ لە ڕێگای مووافەقەتەوە، لە ڕێگای دوو لایەنەوە ساز بێ. چۆن؟ کاتێک خەڵکێک دەزانێ مەسڵەحەتی لەمە دایە، مەسڵەحەتی منداڵەکەی لەمە دایە کە ناوی کوردی نەبێ دەیکا بۆ؟ چونکە پێمان خۆش بێ و پێمان ناخۆش بێ زۆربەی، نەک هەر کورد، زۆربەی هەرە زۆری دایکوباوکانی دنیا منداڵەکەیان خۆشتر دەوێ لە زمانەکەیان. ئەمە عیلمێکی سەیر نییە ئەمە دایکوبابی یە. هەستی دایکوبابی یە، ئەمن بۆخۆم بابم. ئەمە شتێکی زۆر غەریب نییە بە ڕاستی. کە وابوو چی خەتەرە بۆ منداڵەکەیان نایانهەوێ.  چی خەتەرە بۆ منداڵەکەیان نایانهەوێ. من باوکی خۆم  ئامۆزای مامۆستا هێمن موکریانی بوو، من باوکی خۆم بە هەزاران شێعری لەبەر بوو، بە سەری دا چووم کە دەرگای لە خۆی پێوە داوە کە وەژوور کەوتووم گوێم لێ بوو ئەوەڵێ جارێک لە بیرمە لە سەفەر دەهاتمەوە کە دەرگام کردەوە سەید عەلی ئەسغەر دەنگی دەهات، ئەگەر دەرگام کردەوە باوکم وەک منداڵ دەگریا. گوێی دەدا سەید عەلی عەسکەر. دەی ئەو باوکە بە منی ئەوت بە براکانی دیکەشم ڕۆڵە چتان لەو بەزمەی داوە! کوڕە ڕۆڵە لێ گەڕێن تووشی کێشە دەبن. کوڕە ڕۆڵە خۆتان تووشی ئەوەی مەکەن بۆ؟ چونکە باوک بوو. بۆخۆی خەریک بوو لە پشتەوە بە سەید عەلی ئەسغەر دەگریا، شێعری کوردی پێ خۆش بوو بە دزی دەچوو گوێی دەدا ڕادیۆی بەغدا ئەگەر کاکە فەلاح شێعری مامۆستا هێمنی دەخوێنێتەوە بەڵام بە منی دەکوت لێی گەڕێ کارت بەو شتانە نەبێ چونکە  دەیزانی خۆم فێر کردووە بە دزی. چونکە دایکوباوک ئاوایە. سیتڤن مەی کە پرۆفسۆری سۆسیۆلینگویستیک و پاشان ناسیۆنالیزم و ناسنامەیە لە نیوزیلەند تەواوی تەمەنی لە سەر ئەوە داناوە کە کاری کردووە لەگەڵ خەڵکی مواری ئەو خەڵکانی خۆجێیی نیوزیلەند. شتێکی هەیە ئەمن زۆر جار لێی دەگێڕمەوە، عەزیمە بە ڕاستی دەڵێ: ئەوەی کە دەڵێن هێندێک لە گەلان، نەتەوەکان، لە خەڵکەکان بۆخۆیان زمانی خۆیان وەلا دەنێن درۆ ناکەن، ڕاست دەکەن هێندێک خەڵک بە ڕاستی بیلفیعل، عەمەلەن زمانی خۆی وەلا دەنێ بۆ؟ چونکە بە قازانجی نییە ڕای بگرێ. چونکە زیانی لێ دەکا، زیانی ئابووری لێ دەکا، زیانی کۆمەڵایەتی لێ دەکا، زیانی پرێستیژی لێ دەکا، زیانی مەقامی لێ دەکا، زیانی هەموو شتی لێ دەکا. دەمێنێتەوە لایەنی ناسنامە و ڕووحییەکە، ددان بە جەرگی دا دەگرێ ژیان دەڕوا و دەڵێ قەی ناکا با ئەوەم هەبێ. مەبەست چییە. دەڵێ زمانێک لە منداڵێک بە تایبەت گەنج، بە تایبەت گەنجی دوازدە و سیزدە و چاردە و پازدە کە ئیتر ناسنامەکە تەواو جێی خۆی دەگرێ و تەواو خۆت دەناسێ و ئەوە کە دیتی زمانی دایک و بابی زمانی ئەکتەرە بەناوبانگەکە نییە،کە دیتی زمانی دایک و بابی لە سەردێڕی ڕۆژنامەکانی کە هەموو ڕۆژێ بە پەنایان دا دەڕوا نانووسرێ، کە زانی لە ئوتۆبووس کە دانیشتووە دەنگی گۆرانیبێژەکە زمانی دایک و بابی نییە، کە چووە سەر پۆلی فێرگە دانیشت ئەو کەسەی ڕێزی بۆی هەیە واتە مامۆستا یان سەرۆکی فێرگە بە زمانی دایک و باوکی قسە ناکا، کە ئێوارێ هاتەوە یا لە شوێنێک دیتی سەرۆک کۆمار بە زمانی دایک و باوکی قسە ناکا مەگەر بێ عەقڵ بێ دەنا بۆ زمانەکەی وەلا نانێ. جێ تێدا بۆ ئەو ئەو زمانە ڕابگرێ جگە لە چەرمەسەری وەکی باوکی من هەمیشە بە منی دەگوت ئامۆزای هێمن موکریانی. جا بۆیە لێرە ئەمە هەیە بگەڕێینەوە سەر ئەو پرسیارەی ئەو دۆستە بەڕێزەمان.
زۆرجاران خەڵک ناوی خۆی دەگۆڕێ لەوانەیە بە دڵی خۆی، تفەنگی لە سەر نییە. دایک و باوکی ژینا دەیتوانی هەرچەند من لە وتارێکی ٢٠١٩ دا کە لەو گۆڤاری ئەنیستیتووی کورد چاپ کرا، ئەو کاتی زۆر، ٢٠١٩ ئیتر، سێ ساڵ لانی کەم بەر لە ڕاپەڕینی ژینا من لەوێ باسی هێندێک داکیومێنت دەکەم کە چۆن هەیاران زمانی کوردی مەحدوود کراوە، بەربەست کراوە یەکێک لەو بەڵگەنامانە کە لەو وتارە دا نیشانی دەدەم لە سەر ئاکادێمیاش هەیە یا یەکێک لەوانە. بە هەر حاڵ لەوێدا نیشان دەدەم کە چۆن بازرگانێکی کورد لە پارێزگای فارس نازانم لەوێ چی کردووە، بەڵام لەوێ داوای کردووە کە گەلۆ من دەتوانم ناوی بەرهەمەکەم بنێم ژینا؟ وڵامی بۆ هاتۆتەوە نا، ناتوانی ناوی بەرهەمەکەت بنێی ژینا لەبەر ئەوەی کە ژینا کوردییە و ئێرانی نییە. جا ئەم خاڵە ی زۆر بە قووەتە چونکە ئەوان هەمیشە کە فشاریان بۆ دێ و زەختیان دەکەوێتە سەر دەڵێن نا نا کورد ئەسیلترین ئێرانی یە. لەوێ کوتوویانە کوردیە و ئێرانی نییە. بەڵام  ژینا ئەمن دۆستی زۆر خۆشەویستم هەیە سەقزی کە کچەکەی ئیستا نزیکەی بتست و پێنج ساڵی تەمەنە بەڵام ناوی ژینایە  یەعنی دیارە تۆمار کراوە لە کۆماری ئیسلامی دا. مەبەست چییە؟ مەبەست ئەوەیە کەس تفەنگی ڕا نەگرتووە ناتوانی ناوی ژینای لێ بنێی بەڵام ئەو خەڵکە خۆ بێ عەقڵ نییە، ئەو خەڵکە دەزانێ ڕەنگە ئەو ناوە بە قازانجی نەبێ [ چەندین ڕستە ئاستە نەکراوە. ح.ق] با نەزانن ئەمە خەڵکی هەر ئەو ناوچەیەیە کە گۆیا سەر دەبڕن.
لێرە مامۆستامان هەیە یەکێک لە مامۆستا بەناوبانگەکانی باکووری ئەمریکایە، پرۆفسۆرێکی بەنێوبانگ لە باکووری ئەمریکا دەڵێ یەکەم جار کە پرۆفسۆرەکەم لە شوێنێکی وەکوو شەریف، زانکۆی شەریف زۆر کەوتە ژێر تەئسیری پڕۆژەیەکم وا بوو بانگی کردم و زۆر خۆشی لێم هاتبوو قسەمان کرد و زانی کوردم. کوتی ئەو ساتەی کە زانی ئەمن کوردم قسەی دووەمی ئەوە بوو کوتی تۆش سەری کەست بڕیوە؟ جا لە کۆـەلگەیەکی ئاوا دا دایک و باوک بەڕاستی، بەڕاستی دەبێ کورد بێ، بەڕاستی دەبێ ناسنامەکەی خۆی یەکجار بۆ گرینگ بێ کە ناوی منداڵەکەی کوردی بێ. کە هەشبوون، کە هەشبوون بە دەیان من بۆخۆم کە ئێستا باسی خۆم کرد من مامم سەردەمی شا ناوی مناڵی ناوە شلێر، گەلاوێژ، هەڵاڵە. خوشکێکم زەمانی شا ناوی کچی نا کوردستان، گوڵستان، نیشتمان. ئەمانە بن ئامۆزای هێمن بوون. یانی هێندێکیش هەبوون ئاوا بە لەخۆ بردوویی بەڵام بە ڕای من ئەوانە ئەوپەڕی لەخۆ بڕدووییان کردووە. ببوورن زۆر درێژ دادڕ بووم.

No comments: