Monday, March 13, 2023

مەبەست لە مەنشووری مەهسا چییە؟ گفتوگۆی حەسەن ئێعتمادی لە تێلێڤیزیۆنی فارسی کاناڵ یەک بەرنامەی " رمز پیروزی " لەگەڵ مێهدی فتاپوور، پەرویز نەویدی و پرۆفێسۆر عەبباس وەلی، ئێوارەی شەمە ١١-ی مارسی ٢٠٢٣

هدف منشور مهسا چیست؟
ئەم بەرنامەیە ئێوارەی شەمە ١١-ی مارسی ٢٠٢٣ لە تێلێڤیزیۆنی فارسی کاناڵ یەک بە زمانی فارسی ومۆدێڕاتۆری بەڕێز حەسەن ئیعتمادی بڵاو کراوەتەوە. لەبەر گرینگی بابەتەکە قسەکانی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لیرە لە وێبنووسی ڕوانگە دا بە وەرگێڕانی کوردیی سۆرانی بڵاو دەکەینەوە.


مەبەست لە مەنشووری مەهسا چییە؟

حەسەن ئیعتمادی: لەم بەرنامەیە دا لە گفتوگۆ لەگەڵ عەباس وەلی، پەرویز نەویدی، و مێهدی فەتا بوور، ئەو هەلومەرجەی کە ئەو مەنشوورەی تێدا نووسراوە، ناوەرۆکە سەرەکییەکانی و هەروەها نەتیجەی بڵاو کردنەوەی  لە سەر مەیدانی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی حیزبەکان و ڕێکخراوە سیاسییە کوردەکان و سەلتەنەت تەڵەب لە ڕوانگەی جیاوازەوە لێک درایەوە. ئەندامانی پانێل جەختیان کرد لە سەر ڕادیکاڵیزە بوونی  کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران و پێویستی سەرەتی دان بە داوخواز و بۆچوونی هێز و ڕێکخراوەکانی مەدەنی و فەرهەنگی ناوخۆی وڵاتیان داگرتەوە بۆ گەڵاڵە کردنی مەنشوورەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات
حەسەن ئێعتمادی:  بەڕێز وەلی وەک دەزانن مەنشوورێک بڵاو بووەتەوە  کە یەکێک لە کەسایەتییە بە ناوبانگەکانی کورد بەڕێز عەبدوڵا موهتەدی لە زومڕەی ئەو شەش کەسانەیە کە مەنشوورەکەی واژۆ کردووە.  لەو یەک دوو ڕۆژی ڕابردوو دا زۆر باسی ئەو مەنشوورە کراوە، بیروڕای ئێوە دەپرسین بەڕێز عەبباس وەلی ئەو مەنشوورە بە باوەڕی ئێوە دەتوانێ تا چ ڕادەیەک ئامانجە بنەڕەتییەکانی ئەمڕۆی وڵاتی ئێمە، و لە هەمان کاتدا ڕەوتە سیاسییە جۆربەجۆرەکان کە دەکرێ بڵێ
ین سەر بە ڕێبازی جۆربەجۆرن ڕازی بکا؟

پرۆفێسۆر عەبباس وەلی:  بە باوەڕی من ئەو مەنشوورە لە دەرەجەی یەکەمدا ئاکامی موزاکەراتی دوور و درێژە  لە نێوان ئاغای موهتەدی لە لایەک و ئاغای پەهلەوی لە لایەکی دیکەوە. ئەوانیدی، چوارکەسەکەی دیکە لە گۆڕێ دا بوون، بەو جۆرەی کە ئەمن دەتوانم بۆی بچم و ئەگەر سەرنج بدەن ئاغای پەهلەوی لە لەندەن خۆی ڕایگەیاند مەنشوورەکە ئامادەیە و چاوەڕوانی ئەوە دەکەن دۆستانی کورد بیبینن و ئیمزای بکەن. لە دانیشتنێکدا، لە کۆنفڕانسێکدا کە لە ٢٤ و ٢٥ – می مانگی ڕابردوو لە بۆن پێک هات و ئەمنیش لەوێ ئامادە بووم  ئاغای موهتەدیش ئاماژەی بەوە کرد و لە قسەکانی ڕا دەخوێندراوە و دیار بوو ئەوانە خیلافی زۆریان هەیە  لە سەر دەقی ئامادەی مەنشوورەکە و دەبێ دابنیشن و قسەی لە سەر بکەن.
بە نەزەری من ئەو شتەی کە ئێمە ئێستا بەدەستمانەوەیە، ئەو مەنشوورە، ئاکامی موزاکەرات و بدە و بستێنە بووە لە نێوان باڵی ئاغای پەهلەوی و هەر وەها ئاغای موهتەدی. ئەوانیدی لەوناوە دا تا ئەو جێگای من دەزانم  وەکوو خانمی مەسیح عەلی نەژاد و بە تایبەتی ئاغای ئیسماعیلیوون ئەوانە لەو ناوە دا نییەتی خێریان هەبووە کە ئەو موزاکەراتە بگاتە ئەنجامێک و ئەوانیش یارمەتییان کردووە کە کارەکە بە ئەنجام بگا. بە باوەڕی من ئەگەر ئەو مەنشوورە وەکوو دەسکەوتێک دابندرێ دەبێ بگوترێ کە ئەوە لە ئاکامی گفتوگۆی زۆر لە نێوان ئەواندا بووە بەڵام تا ئەو جێگایەی کە من دەزانم نە لایەنگرانی ئاغای پەهلەوی و نە کۆمەڵگەی کورد و کوردستان لەو مەنشوورە ڕازین، یانی لە ڕاستیدا ڕازی نین. بە تەواوی جوان دیارە لایەنگرانی ئاغای پەهلەوێ پێیان وایە ئەوان هێندێک خاوەیان داوە بۆ وێنە بەسەر داگیراوی قبووڵیان کردووە کە ئێران فرە نەتەوەیییە، قبووڵیان کردووە کە لە ئێرانێدا جگە لە زمانی فارسی زمانی دیکەش هەن و دەبێ بەو زمانانە خوێندن هەبێ و هەر وەها قبووڵیان کردووە کە لە ئێران حکوومەت ناناوەندی لەباری ئیداری، ماڵی و ئابوورییەوە دابمەزرێندرێ. ئەمانە ئەو مەسەلانەن  کە لە ڕوانگەی لایەنگرانی تیژپەڕی ئاغای پەهلەوی شیاوی قبووڵ کردن نین  و بە کردەوە ئەوەی کە گوتوویانە و ئەوەی کە نووسیویانە نیشان دەدا ئەوان دڵیان پێی خۆش نییە. سەبارەت بە باڵی کوردەکانیش بە نەزەری من ڕەخنە توندترە و ئەویش ئەوەیە کە کوردەکان لە جێدا پێیان وایە ئەو مەنشوورە مومکینە بە هەنگاوێکی ئەرێنی دابندرێ بەڵام ئەوە بە شێوەیەکە کە داوخوازە مێژووییەکانی کوردەکانی  لەو سەد ساڵە دا، ئەو داوخوازانەی کە لە پێناوی دا خەباتیان کردووە لەوانە هەبوونی حکوومەتی خودموختار، لەوانە قەوارەی سیاسی فێدێڕاڵ و هەر واتر مەسەلەی لەمەڕ چییەتی ئەڕتەش و لێکدانەوەی مەسەلەی یەکپارچەیی خاکی، مافی دیاریکردنی چارەنووس ئەوانە ئەو مەسەلانەن کە کوردەکان پێداگریان لە سەر کردوون  و دەکەن و دەڵێن ئەوانە لەو مەنشوورە دا ڕەنگیان نەداوەتەوە. لە باڵی کوردەوە ئاغای موهتەدی دانەری ئەو مەسەلەیە بووە  تا ئەو جێگایەی کە ئەمن دەزانم تا ئەم لەحزەیە توانیویە حیزبەکەی خۆی بە دوای خۆیدا ڕابکێشێ، ئەگەرچی کاتێک کە گەڵاڵەی سەرەتایی مەنشوورەکە دزەی کردبوو یان دزە پێ کرد بوو حەدسییاتێک لە گۆڕێ دا بوو، کۆڕ و کۆمەڵێک هەر لە حیزبی خودی ئاغای موهتەدی گوتیان کە ئەو مەنشوورە ئیمزا ناکەن.
بەڵام لەسەر بنەمای ئەوەی ئەمن ئەمڕۆ دیتم  هەر ٣٦ کەس یان ٣٧ کەسی کۆمیتەی ناوەندی  حیزبی کۆمەڵە ئەو  مەنشوورەیان ئیمزا کردووە و موافەقەتیان لەگەڵ کردووە. بەڵام لە لایەکی دیکەوە ئاغای موهتەدی بەشێکە لە ناوەندێکی  هاوکاری، ئیتیلاف نا، ناوەندی هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و ئەو ناوەندی هاوکارییە ئێستا تووشی ئاڵۆزی بووە چونکە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان ئەو مەنشوورەی پەسند نەکردووە  و  لە واقیعدا لە پێشدا بە گشتی خودی مەسەلەی هەمووجوورە موزاکەرەیەکی لەگەڵ ئاغای پەهلەوی ڕەد کردبووەوە و دوایەش تا ئەوجێیەی کە من خەبەرم هەیە مەننشوورەکەیان بەر لە بڵاو بوونەوە ناردووە بۆ ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ئەوان ڕەدیان کردووەتەوە و گۆیا هێندێک ڕەخنەیان هەبووە، ئەو ڕەخنانەیان  هێناوەتە گۆڕێ و مەنشوورەکەیان ڕەد کردووەتەوە.  جا ئەمن دەتوانم وای بۆ بچم  و بڵێم  لە واقیعدا ئەو ناوەندی هاوکارییە ئێستا بووە بە ناوێکی نێوبەتاڵ و نازانم هۆی هەبوونی خۆی لە دەست داوە یان نا بەڵام هەر چۆنێک بێ ئەو مەسەلەیە هاتووەتە پێشێ. لە لایەکی دیکەوە ئەوەش دەبێ بگوترێ کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێرانیش هێشتا دیار نییە  لە واقیعدا بەدیلی چییە بۆ هاوکاری لەگەڵ حیزب و هێزە ناکوردەکان لە مەیدانی سیاسی دژی جمهووری ئیسلامی. هێندێک قسە دەبیسترێ کە دیارە ئەوە هەر لە ئاستی دەنگۆ دایە، بۆ وێنە دەگوترێ ئەو حیزبە لەگەڵ  هێندێک حیزبی تایبەتی خەریکی موزاکەرەیە. هێندێکان دەڵێن لەگەڵ موجاهیدنی خەلق خەریکی موزاکەرەن. موجاهیدینی خەلق تەنیا هێزی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنن کە  بە شێوەی کۆنکرێت مەسەلەی خودموختاری کوردەکانیان قبووڵ کردووە. هەڵبەت ئەمن تا ئێستا بەڵگەیەکی جێی باوەڕم بە دەستەوە نییە  لەوبارەیەوە و هێشتا نەم دیوە و ئیحتیمالی ئەوە کە حیزبی دێمۆکڕاتیش هەر لەم ڕۆژانەی داهاتوو دا بچێتە ناو ئیتیلافێکەوە و مەنشووری خۆیان بڵاو بکەنەوە زۆر وێدەچێ. بەڵام ئەوەی کە گرینگە ئەو بارودۆخەی کە هاتووەتە گۆڕێ بە باوەڕی من بە گشتی بۆ بەرەی دژبەرانی جمهووری ئیسلامی هەلومەرجێکی باش نییە و هەلومەرجێکە کە مەسەلەکەی لاواز کردووە.  واتە ئەوە ئۆپۆزیسیۆن لاواز دەکا. تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر هێزە کوردەکان  کە بە باوەڕی من بەو هەلومەرجەی کە بە شۆڕشی ژینا یان مەهسا لە ئێران هاتە پێشێ  وەکوو هێزی هەڵکەوتوو و چاوڕاکێش هاتنە مەیدانی کردەوەوە  و پۆتانسییلیان زۆر چووە سەرەوە و دەیانتوانی بە پێکهێنانی ستادێکی هاوبەش، یەکێک لە پێشنیارەکانی کە ئەمن لە بۆن پێم کردن ئەوە بوو گوتم سەروبەندی ئەو " ناوەندی هاوکاری حیزبەکان  " بە سەر چووە  و وەزعی سیاسی لە ئێران جۆریکە کە شیاوی پێکهاتنی ئیتیلافێکی کۆنکرێتە لە سەر بەرنامەیەکی لانی کەم لە نێوان هەموو حیزبە کوردەکاندا چونکە ئەو ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەر بریتیە لە حیزبی دێمۆکڕات وحیزبی کۆمەڵە،  کۆمەڵەی حیزبی کۆمۆنیست و پەژاک ( حزب حیات آزاد کردستان)، خبات  ئەوانە ولانندراون و ئەمە بە باوەڕی من هەڵەیەکی سەرەکی بوو و من لە کۆنفڕانسەکەدا پێشنیارم کرد  کە ستادێکی هەم ئاهەنگی، عەمەلییاتی و وێژمانیی هاوبەش لە نێو هەموو حیزبە کوردییەکان دا پێک بێ  لە سەر بنەمای بەرنامەیەکی لانی کەم  و ئەو کەسانەی  ئەو بەرنامەیە پەسند دەکەن سەرەڕای مەیلی ئیدێئۆلۆژیکییان دەتوانن لەگەڵ ئەو  ستادە بکەون، بەڵام ئەوە قەبووڵ نەکرا.
ئەگەر بگەڕێینەوە سەر مەنشوورەکە خۆی لە فەزای مەجازیدا ئەو شتانەی من دیتوومە و خوێندوومنەوە  و هەر وەها بە پێی بەتەلەفۆنی دۆستان، ئەم مەنشوورە لە ڕوانگەی زۆربەی کۆمەڵگەی سیاسی و  تەنانەت کۆمەڵگەی مەدەنی ئێرانەوە کەمایەسی یەکجار زۆری هەیە. هەم لە ڕوانگەی ئەو حکوومەتەی کە لە بەر چاوی گرتووە  و هەم ئەو مەسەلانەی کە بۆ کوردەکان هەمیشە گرینگ بوون وەکوو فرە نەتەوەیی بوونی ئێران، و هەر وەها مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووس، مەسەلەی چلۆنایەتی بەرپا کردنی ئەڕتەشێک،  چلۆنایەتی جێ بەجێ کردنی گرفتی دەزگای پاسداران کە زیاتر لە پەنجا لە سەدی ئابووری ئێرانیان بە دەستەوەیە و هەر وەها ئەو هێزە سەرکوتکەرانەی کە کە گرێدراوی سپای پاسدارانن. بۆ وێنە دۆستان دەڵێن لەم مەنشوورە دا هیچ باسی " بەسیج " نەکراوە و هەر وەها شازدە دەزگای زەبەلاحی ئەمنییەتی کە لە ئێران  هەن و  حەموویان سەر بە بەیتی ڕەهبەرین و لە هەموانیش گرینگتر ئەوەیە دەڵێن ئەو مەنشوورە وای دادەنێ  وەک هیچ نەبووبێ وایە و ئەوەی کەم بووبێ هەر ڕێبەرایەتی بووە. ئەمن بە شەخسە  لە وێش گوتم ئەگەر پەنجا مەنشووری ئاواش بنووسن و باشترین ئارگومێنتی سیاسی و مەنتقی بەهێزی تیۆرکیشی لێ شەتەک دەن ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە لە ئێران وەجووڵە نەکەوێتەوە و لەو وەزعە دا بمێنێتەوە بە باوەڕی من ئەو مەنشوورانە وەک با بەر بە هەوا دەچن. مەسەلەی ئەسڵی ئەوەیە و ئەم مەنشوورە و مەنشوورەکانی دیکە دڵیان نایە بۆی بچن کە بۆچی ئەو بزووتنەوەیە لە کورتێی داوە و چلۆن دەکرێ لە ناوخۆی ئێراندا  کە لە ڕێبەرایەتییەکی مەیدانییەوە نەیتوانی بەرەو ڕێبەرایەتییەکی سیاسی لە ناوخۆی ئێراندا تێپەڕێ ئەو گرفتە چۆن دەکرێ ڕەها بکرێ. ئەم مەنشوورە و ئەو مەنشوورانەی دیکەی کە من وا بزانم بە دوای ئەمە دا دێن  لە دەرەجەی یەکەمدا دەبێ باس لە گیروگرفتە سەرەکییەکانی ئێران بکەن. ئەگەر دینامیزمی ئەو بزووتنەوەیە لە ئێران لە کورتێی بدا بەو شێوەیەی کە داویە ئەو مەنشوورانە کەلکیان نابێ. ئێمە دەزانین دینامیزی ئەم حەڕەکەتە لە ناوخۆی ئێران دایە و لە هەمان کاتدا ئەگەر ئەو مەنشوورە بەراوەرد بکەین؛ ئەوانەی کە ئەم مەنشوورەیان نووسیوە دەڵێن ئێستا لە ئێران ئیختیناق و سەرکوتی توند لە ئارا دایە، ئەگەر هەرکەس ورتەی لێوە بێ زیندانی دەکرێ، ئەشکەنجە دەکرێ، من ئەوەم قبووڵە بەڵام لە هەمان کاتدا ئێمە دەبینین لە ناوخۆی ئێراندا مەنشووری ئەوتۆ دەنووسرێ  کە بە گشتی کە ئەمن خوێندوومنەوە و لەگەڵ ئەم مەنشوورە بەراوەردیان دەکەم ئەوانە نەک جارێک بەلکوو بە دەیان جار لەم مەنشوورە بەرزترن. ئەوانەی کە لە ئێران نووسراون مەنتقی و بەڵگەمەندن و تێگەیشتنێکی باشیان هەیە سەبارەت بە کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران، وەزعی ئابووری ئێران، وەزعی بێکاری ئێران، وەزعی ژنان، وەزعی مامۆستایان زانکۆکان و خوێندن و بارهێنان. ناوەرۆکی ئەو مەنشوورانە تێگەیشتنی زۆر قووڵ لەو بابەتانە نیشان دەدەن.  بەڵام ئەم مەنشوورە کە دەخوێنینەوە دەڵێی ئەوە کەسانێکن کە چاوەڕوانن بگەڕێنەوە و رێبەرایەتی بکەن. بە باوەڕی من ئەوە دروست نییە. بۆ وێنە ئەگەر مەنشوورەکەی ١٩ ڕێکخراوی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی ئێران لەبەرچاو بگرین یان ئەو مەنشوورە زۆر باشەی کە مامۆستاکانی زانکۆ نووسیویانە زانیارییەکی زۆر هەڵکەوتوو سەبارەت بە بارودۆخی ئێران و دینامیزمی  کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەوەی کە چ دەبێ بکرێ و گیروگرفتە سەرەکییەکان کامانەن نیشان دەدا. ئێمە لەم مەنشوورەی جۆرج تاون دا ئەوە نابینین و ئەمن پێم وایە ئەوانەی کە ئەم مەنشوورەیان  نووسیوە بە لانی کەمەوە ئەو شتانەی کە لە ئێران دەنووسرێن  یان هێندێک لەو کەسانەی کە لە ئێران ئەوانە دەنووسن و ئەو کەسانەی لە دەرەوەی ئێران چالاکن و پێوەندییان لەگەڵ ئەوانەی هەیە کە لە ناوخۆی ئێران دەژین  هێندێک لەوانە کەسانی ناسراون دەتوانن پێوەندییان پێوە بکەن ئەو مەسەلانە جێ بەجێ بکەن.
ئەگەر بمەوێ کورتی بکەمەوە ئەمن پێم وایە ئەم مەنشوورە لەوانەیە بۆ جاری یەکەم، چونکە ئاغای موهتەدی لەگەڵ هێزە چەپەکانی کۆمەڵگەی ئێران دانەنیشتووە. بەڕێزیان لەگەڵ ڕەزا پەهلەوی و دەستە و دایەرەکەی دانیشتووە و وەک وەبەرچاو دێ ئەو شتانەی پێ بەسند کردوون  ئەوە لە جێدا باشە بەڵام دەبێ بگوترێ کە ئاغای موهتەدی خۆی و لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئەو شتانەی  ئەمڕۆ و ئەمشەو دەمخوێندنەوە لەوانەیە پشتی  ئاغای پەهلەوی بەربدرێ چونکە ڕاست ئاژۆیەکان پێیان وایە ئاغای پەهلەوی ئیمتیازاتی بێخودی داوە بە کوردەکان،
" تەجزیە تەڵەبەکان"  و کوردەکانیش پێیان وایە ئاغای موهتەدی چووە بە ناوی ئەوان  هێندێک موزاکەرەی کردووە بەڵام داواکان و داوخوازە سیاسی و مێژووییەکانی ئەوانی لەبەرچاو نەگرتووە. ئەوە هەرچۆنێک بێ حاڵەتێکە کە من پێم وایە بۆ هەر دووک باڵ، بە تایبەتی بۆ باڵی کوردەکان کە چالاکتر و لەم بارەیەوە ڕوونتر و ئاشکراتر و ڕاشکاونر و قسەلەڕووتر دەدوێن گیرو گرفت دەهێنێتە گۆڕێ. و ئەمن نازانم کە خودی حیزبەکەی ئاغای موهتەدی تا چەندە دەتوانێ لەو فشارەی لە دەرەوە ڕا بۆ دێ دەرببا، واتە فشار لە کۆمەڵگەی کوردییەوە و نتوانێ لە ئاست وی خۆی ڕابگرێ وتەنانەت ئەمن پێم وایە لە ناو حیزبی دێمۆکڕاتیش دا دوور نییە هێندێک گیروگرفت ساز بێ چونکە دوا جار لەوێش هەڵوێست گرتن سەبارەت بەو گیروگرفتانەی بۆ ئاغای موهتەدی هاتوونە گۆڕێ  لەوێش بێتە گۆڕێ. ئەمن پێم وایە بۆ وێنە  ئیمکانی ئەوەی کە حیزبی دێمۆکڕات بتوانێ لەگەڵ کۆمەڵێک  کە " جەبهەی میللی " تێدایە ئیتیلاف بکا نییە، تا ئەو جێگایەی کە من جەبهەی میللی دەناسم. ڕەنگە
" جەبهەی میللی " گۆڕابێ بەڵام ئەوەی کە من دەیناسم  لە جێدا حیزبێکی ناسیۆنالیستی یە و باڵی زۆر تیژپەڕ
(ئیفراتی) یشی هەیە. بە باوەڕی من تەنانەت ئەگەر ئەوانە ئامادە بن لەگەڵ کوردەکان دانیشن و قسە بکەن  ڕێکەوتن زۆر دژوارە، وەکوو گوتم مەگەر ئەوەی جەبهەی میللی لەو چەند ساڵە دا ئاڵوگۆڕی قەوارەیی و فکری سەرەکی تێدا پێک هاتبێ. یان لە لایەکی دیکە ئەمن نازانم مەسەلەی ئیتیلاف لەگەڵ موجاهیدین چۆن دەبێ. ئەگەر موجاهیدین نەیانەوێ ئیدێئۆلۆژییە مەزهەبییەکەیان هەموار بکەن، نەیانەوێ ڕەفتار و بۆچوونیان بۆ دۆزی  ژنان، مافی ژنان  و پۆشاکی ژنان بگۆڕن  ئیمکاناتی ئیتیلاف جێ لێ دێتەوە. ئەمە کەڵافێکی ئاڵۆزە کە بەو مەنشوورە هاتووەتە گۆڕێ. ئەمن پێم وایە ئەگەر ئەو دۆستانە توانیبایان لە دەوری یەکتری دانیشیبان و گوتبایان یا چ ڕادەیەک دەتوانن یارمەتی بکەن بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو گیروگرفتانەی کە لە ناوخۆ هەیە لە هەندەرانەوە و پێوەندیان پێوە بکەن یا ئەوەی کە ئێستا ئە کەڵافە ئاڵۆزە هاتووتە پێشێ لە کاتێکدا مەسەلە مەیدانییەکان لە ئێران هەر وا زیندوون و هەر وا پێداویستیان بە ڕێگا چارە هەیە کارەکەیان زۆر کاریگەرتر دەبوو.
حەسەن ئێعتمادی: وردە ڕیشاڵی قسەکانی بەڕێز وەلی بە بۆچوونی من زۆرگرینگ بوون سەرەڕای ئەوەش کە زۆر درێژ بووەوە من پێم وایە بە لێبڕاوانە هەم ئاغای پەرویز نەویدی و هەم بەڕێز مێهدی فەتاپووریش بۆیان سەرنجڕاکێشە گوێیان لەو وردە رێشاڵانە بێ یانی گوزارشێک لە لایەن کەسێکی ئاگادار سەبارەت بە وردەڕیشاڵی لەمەر مەنشوورێک کە لە لایەن ٦ کەس لە کەسایەتی وڵاتمانەوە بڵاو کراوەتەوە و قسە و گەنگەشەیەکی زۆری ورووژاندووە و بەو شیکردنەوانەی ئاغای وەلیش ئەو بابەتە هەرای زیاتریشی لێ دەکەوێتەوە.  ئاغای نەویدی پێم خۆش بوو نەزەری ئێوەش بزانم، چونکە دڵنیام لە سەر ئەو نوختانەی ئاغای وەلی هێنایە گۆڕێ بۆچوونتان هەیە.
.......
حەسەن ئیعتمادی: ئاغای دوکتور وەلی بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خاڵانەی ئێوە ئاماژەتان پێ کرد پێش بینی ئێوە چییە پێتان وایە ئاغای عەبدوڵا موهتەدی بێ گوێدانە دژایەتی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران درێژە دەدا بەو هاوکارییە لەگەڵ ئاغای ڕەزا پەهلەوی و یان ئەوەی کە بڕیارێکی  دیکە دەدا. هەڵبەت ئێوە  ئاماژەتان کرد کە سی و چەند کەس لە ئەندامانی شووڕای ناوەندی حیزبی کۆمەڵە هەموویان پشتیوانیان کردووە لەو مەنشوورە. ئایا مومکینە
وەلی: من ئەوەم بیستووە، تەوەجوهێ دەکەی!
ئیعتمادی:  زۆر باشە، ئایا مومکینە ئەوە بگاتە دوورکەوتنەوەی کۆمەڵە و حیزبی دێمۆکرات لە یەکتری؟ و ئێستا پرسیاری سەرەکی من لە ئێوە ئەوەیە کە ئەگەر ئەوە ڕوو بدا ، چونکە لەو لاشەوە لایەنگرانی ئاغای ڕەزا پەهلەوی خۆی و لایەنگرانی نیزامی پاشایەیەتی بە توندی دژایەتی ئەو مەنشوورە دەکەن و ڕەنگە بەڕێزیشیان زەختی بۆ بێ و وای لێ بێ کە خۆی بکشێنێتەوە. بەڵام پرسیارەکەی من لە ئێوە ئەوەیە کە ئایا ئێوە بە سەڵاح دەزانن کە حیزبە سیاسییە کوردەکان لەو بلۆکبەندیانەی دا کە خەریکن دەمەیێن، دیارە هۆکاری جۆر بەجۆر بوونە سەبەب کە ئەو بلۆک بەندییە لە نێوان کۆماریخوازان و لایەنگران نیزامی پاشایەتیدا پێک بێ، بەداخەوە هەڵبەت.  بە بۆچوونی ئێوە حیزبە سیاسییە کوردەکان کامە بلۆک هەڵدەبژێرن بۆ هاوکاری و یان حەوڵ دەدەن هەر بە تەنێ هەمان " ناوەندی هاوکاری حیزبەسیاسییەکانی کوردستانی ئێران" بپارێزن کامەیان؟
وەلی: بڕاونە مەسەلەیەکی سەرەکی کە دەبێ سەبارەت بە حیزبە سیاسییە کوردەکان و هەر وەها لە دەرەجەی یەکەم دا گشت ئێران لەبەر چاو بگێرێ بەتایبەتی سەبارەت بە کوردستان ئەوەیە کە  کۆمەڵگەی مەدەنی کوردستان زۆر ڕادیکالیزە بووە، زۆر ڕادیکالیزە بووە، هەڵبەت دەکرێ بە گشتی ئەوە لە سەر ئێران بگوترێ، و ئەو ڕادیکالیزە بوونە هێندێک مەسەلەی هێناوەتە گۆڕێ کە حیزبەکان ناتوانن وا بە هاسانی لە سەر هێلەکانی  ڕابردووعەمەلێ بکەن و باژۆن. بۆ وێنە ئەلئان حیزبی دێمۆکڕات هەر هەڵوێستێک بگرێ دەبێ ئەوە لەبەر چاو بگرێ ئەگەر کۆمەڵگەی مەدەنی ئێران  ئاغای موهتەدی و تەوافوقەکەی بەرپەرچ داوەتەوە حیزبی دێمۆکڕات ناتوانێ چارەنووسێکی باشتری هەبێ ئەگەر ئالترناتیڤێکی باشتر لەبەر دەست وان نەنێ. ئەوە شتێکە کە ئەمن ڕۆژانە لەگەڵ ئەو جەوانانە لە کوردستان  پێوەندیم هەیە، کۆمەڵگە ڕادیکالیزە بووە، بڕوانە بە توندی بووەتە سیاسی وە دۆخی ماندوویی و فل بوون کە لە سەروبەندی ئیسلاح تەڵەبی دا هەبوو لە واقیعدا ئەوە نەماوە و لە بەین چووە. بەو پێیە حیزبە کوردەکان تەنیا موشکیلەیان ئەوە نییە موئتەلیفێکی ناکورد دە چوارچێوەی مەیدانی سیاسی ئێران دا پەیدا بکەن هاوکات دەبێ ئەوەشیان لەبەر چاو بێ کە ئەوانە بەرپرسیارەتییان هەیە و وڵامدەرەوەی کۆمەڵگەیەکی مەدەنین کە یەکجار زۆر ڕادیکاڵیزە بووە. و کاتێک ڕادیکاڵیزە بووە ئەو کۆمەڵگە مەدەنییە لە سەر بەرنامەی ئەوانە، لە سەر داوخوازەکانی ئەوانە شوێن دادەنێ. ئەمن دڵنیام  بەو شتانەی کە ئەمن لە سەر ئێرانی دەزانم، لە سەر کۆمەڵگەی کوردستانی دەزانم زۆربەی ئەوانەی ئەم مەنشوورەیان دیتووە بەرپەرچی دەدەنەوە. و بەدیلێکی کە حیزبی دێمۆکڕات لەگەڵ حیزبەکانی دیکە یان حیزبەکانی دیکە بە وەلانانی حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە بە دووی دا دەچن دەبێ ئەوەیان لەبەر چاو بێ. ئەمە مەسەلەیەکە، مەسەلەی دووەم ئەوەیە کە هەموویان بەرنامەی جۆرێک خودموختارییان هەیە لە چوارچێوەی فێدڕالیزم یان هەر شتێکی دیکە بەڵام بەرنامە سیاسییەکەیان خودموختارییە واتە ئەوان بە دوای فۆڕمێکی سیاسی دا دەگەڕێن  لە  ژێر حاکمییەتی دەوڵەتی ئێراندا و ئەمەیان قبووڵە، بەڵام ئەوان دەزانن  کە خودموختاری لە ئێران هەلومەرج و ئیمکاناتی پێکهاتنی دوو مەسەلەی سەرەکی یە. یان دەبێ ئێمە لە ئێران حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیکی ئاوامان هەبێ کە ئەو خودموختارییە بێ ترس و تۆقین و هێنانە گۆڕی مەسەلەی تەجزیە تەڵەبی و فڵان و ئەوانە قبووڵ بکا لە سەر بنەمای جۆرێک باوەڕیی سیاسی، هاوکاری سیاسی کە ئەوە  تا ئەو جێگایەی کە عەقڵی من دەیبڕێ و چاو هەتەر دەکا شتێکی وا نییە یان دەبێ حیزبە کوردەکان لەگەڵ بەشی دێمۆکڕاتیکی ئۆپۆزیسیۆنی ناکورد کە داوخوازەکانی ئەوان دەپەژرێنێ  و ناسێنەی ئەوان بە ڕەسمییەت دەناسێ  ئیتیلاف بکەن جگە لەوە ڕێگای دیکە نییە. کاتێک ئێوە لە هەلومەرجێکی ئاوا دان  و کۆمەڵگەی مەدەنیش ڕادیکالیزە بووە و فشار بۆ ئێوە دێنێ کە ئەمن دەزانم دێنێ ئێوە دەبێ وەجووڵە کەون. ئێستا بەو وەزعەی کە ئاغای موهتەدی هێناویەتە پێشێ هەر موشکیلەی خۆی نییە ئێستا دەبێ حیزبی دێمۆکرات بەدیلێک بێنێتە گۆڕێ کە لە ڕوانگەی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە چاوڕاکێشتر بێ مەسەلە ئەوەیە.. ئێستا هەلومەرجەکە وەکوو ساڵی ١٣٥٧ نییە، وەکوو سەردەمی قاسملوو نییە وەزع گۆڕاوە، وەزع بە تەواوی گۆڕاوە.
حەسەن ئیعتمادی: ئاغای وەلی ئیزن بفەرموو بۆچوونی ئاغای نەویدی بپرسم.
...........
حەسەن ئێعتمادی: ئاغای وەلی ئەو دەمی کە " مەنشووری داوخوازەکانی لانی کەمی بیست ڕێکخراوی سەربەخۆی سینفی و مەدەنی ئێران" بڵاو بووەوە لە یەکێک لە بەرنامەکان دا بەشداریتان کرد و بە گشتی پشتیوانیتان کرد لەو مەنشوورە. لە سەر هێندێک خالی بۆچوونتان هەبوو بەڵام گوتتان مەنشوورێکی چاکە.لە دانیشتنی زانکۆی جۆرج تاون خانمی عەلی نەژاد ڕایگەیاند کە ئێمە مەنشوورێکمان هەیە کە دەقە سەرەتاییەکەی لە ناوخۆی وڵات  ئامادە کراوە و خەریکین کاری لە سەر دەکەین و بە زوویی بڵاوی دەکەینەوە و ئەوە هەر ئەو مەنشوورەیە کە ئێستا بڵاو بووەتەوە. بەڵام ئەو مەنشوورەی بیست ڕێکخراوە سینفییەکان ڕەوتی حەقیقی و واقعی بوون و ژمارەیەک لەو ڕێکخراوانە ئێمە هەموومان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو دا ناومان دەزانین و ئەو کەسانەش کە کاریان تێدا دەکردن دەناسران، دەچوونە زیندان دەهاتنە دەرێ خەباتیان دەکرد، مانیان دەگرت  بە شێوەی واقعی هەبوون لەگەڵ ئەوەش کە دەگوترێ ئەو مەنشوورە لە ئێرانەوە هاتووە، بەڵام ئێمە هەموومان کەم تا زۆر ڕێکخراوەکان دەناسین و دەزانین قورساییان چەندە. بۆچی ئەو مەنشوورەی بیست ڕێکخراوەکانی ناوخۆ لە بیر کرا و مەنشووەێکی دیکە جێی گرتەوە کە لە کردەوە دا هەر بە ناو ئەو شەش کەسە دەنووسرێ و ڕەنگە بەشێوەیەک، چونکە هەم ئێوە، هەم ئاغای نەویدی و هەم ئاغای فەتا پوور ئاماژەتان کرد کە ئەسڵی هەراکە  لەناوخۆی ئێرانە و ئەگەر وایە بۆچی مەنشوورێک کە بیست ڕێکخراوە ئامادەیان کردووە وەلا نرا و مەنشوورێکی دیکە هات کە بە نەغدەن بووەتە هۆی قەیرانییەکی تازە لە ناو ئۆپۆزیسیۆن دا.
وەلی: بە باوەڕی من ئەو مەنشوورەی بیست ڕێکخراوە سینفی و مەدەنییەکە و هەر وەها ئەو مەنشوورەی دیکە کە ئی مامۆستایان زانکۆیە ئاکامی تێگەیشتنێکی قووڵە کە کەسانێکی کە نووسیویانە، کەسانێکی کە ڕاوێژیان لەگەڵ کراوە تێگەیشتنێکی قووڵیان هەبووە سەبارەت بە وەزعی کۆنکریت و هەلومەرجی کۆنکرێت لە ژێر سولتەی ڕێژیمی جمهووری ئیسلامیدا بەر لە شۆڕشی ژینا و دوای شۆڕشی ژینا. و ئەوە هەر بەپێی ڕووداوەکانی ئەو شەش مانگە گەڵاڵە نەکراوە. بەڵام ئەو مەنشوورەی لە واشنگتن نووسراوە زیاتر بە پێی بدە و بستێنە یان موافەقەت لە سەر بدە و بستێنەیەک بووە بە پێی ناساندنی چڵونیوەچڵ لە مەر هێندێک پرێنسیپ. و ئەو دووانە لێک جیاوازن. ئەمن بە داخەوەم کە ئەو مەنشوورانەی وا لە ناوخۆی وڵات نووسراوە. لە ئێران گرووپی ئاوا هەن کە دادەنیشن قسە دەکەن، کاری لێکۆڵینەوە دەکەن و ئەوانە بیروڕای زۆر باشیان لە سەر بارودۆخ هەیە و کاتێک مرۆڤ قسەیان لەگەڵ دەکا بۆی دەردەکەوێ کە دوورکەوتنەوە  لە ڕووداوەکان چەندە دیارە. دەبوو هێندێک شت لەو مەنشوورە دا ڕەنگی داباوە بۆ وێنە ئەمن هەستم پێ کرد کە هێندێک چەمک کە لە ئەدەبیاتی چەپی نەریتی دا بۆ ماوەی چل ساڵ فت کرابوو لە هێندێک لەو مەنشوورانە دا دەبیندرێ دیارە ئەوە بە باوەڕی من زۆر جێگای ئومێدە. چونکە جمهووری ئیسلامی هەر گورزێکی کوژەری فیکری لە چەپ نەدا بەڵکوو بووە هۆی ئەوە کە بەشێک لە چەپی ئێران بەرەو ناسیونالیزم و تەنانەت ناسیۆنالیزمی تیژپەڕ ڕابکێشرێ. کەسانێکی کە من دەیانناسم و بە درێژایی تەمەنی خۆم دیتوومن لە زانکۆ و لە کۆنفێدراسیۆن قسەیان دەکرد و ئێستا چۆن قسە دەکەن بۆ من جێگای واق وڕمانە بەڵام ئەمن دەبینم لە ناوخۆی ئێران وەزع جۆرێکی دیکەیە و ئەوان وەزع جۆرێکی دیکە دەبینن. ئەوە بۆ من زۆر جێگای خۆشحاڵی بووە بۆ وێنە ئەو مەنشوورەی مامۆستایانی زانکۆ کە گۆیا بە دەسپێشخەری چەند مامۆستای کورد و هاوکاری مامۆستای دیکە گەڵاڵە کراوە و نووسراوە و پێشوازی لێ کراوە، کاتێک ئەوە دەخوێنییەوە بۆت دەردەکەوێ ئەوە لە وەزعی ئێران ئاگادارە و ئەو ئاگادارییە هەستی پێ دەکرێ، بەپێی ئەو لێکدانەوانەی دەیکە. بەڵام لە دەرەوە  ئەو هەموو هەرا و هوریایەت لە سەر " تەمامییەتی ئەرزی " گوێ لێ دەبێ. بە باوەڕی من ئەو مەسەلەی " تەمامییەتی ئەرزی" بە شتێکی تاکتیکی بوو کە هێزە ڕاست ئاژۆیەکان  هاوکات هێنایانە پێشێ بۆ ئەوەی وا نیشان دەن ئەوە هاوواتای " تەجزیە تەڵەبی " یە. ئەوەی کە هاتوون تەجزیە تەڵەبییان لا بردووە و ئەو تەئکیدەی کە لە سەر تەمانییەتی ئەرز یان کردووە بە باوەڕی من ئەوە نەدەبوو بکرێ بە گرفت. چونکە ئەوانە کاری خۆڕایی یە، کاتێک حیزبێک دێ دەڵێ ئەمن حاکمییەتی ئێرانم قبووڵە، حاکمییەتی تاقانەی ئێران  و هەموومان دەزانین کە حاکمییەت لە جوێ کردنەوە ناشێ. دەکرێ نەتەوەی جۆر بە جۆر لە ژێر حاکمییەتێک دا بن بەڵام ناکرێ حاکمییەت جوێ بکرێتەوە. و مەسەلەی تەمامییەتی ئەرزی ڕەنگدانەوەی جوغرافیایی ئەو حاکمییەتە تاقانەیە یە. ئەگەر ئەو تەفسیرە شیاوی پەژراندن بێ هێنانی تەمامییەتی ئەزری بۆ سەر مێزی گفتوگۆ تەنیا بۆ تێکدان و ئاژاوە نانەوەیە. و بە  داخەوە ئەو هێزانەی کەدەتوانن بە ڕا و تەگبیر، بە زانستی  سیاسی تیوری پێشی ئەو جۆرە شتانە بگرن  نایانەوێ لەو مەسەلەیە دا موداخەلە بکەن. ئەوە کە دەڵین تەئکید لە سەر کوردەکانە بەڵام ئەوە وا نییە، دەبی بەلووچستان یشمان لە  بەرچاو بێ کە تەواو ڕادیکالیزە بووە بە ئاڕاستەیەکی دیکە دا، مەسەلەی خووزستانمان هەیە، لە لورستان دیتمان چ بوو، لە تورکەمەن سەحرا و مازەندەران و بەشێک لە ئازەربایجان. ئێمە دەبێ ئەوەقبووڵ بکەین لە ڕوانگەی منەوە  یەکێک لە دەسکەوتە بنەڕەتییەکانی  شۆڕشی ژینا ئەوە بوو کە  پێوەندی نێوان ناوەندو پەراوێزی تێک دا. لەو ماوەیە دا پەراوێز بووە بە ناوەندی ڕادیکالیزە بوون و خەریکە ئەوە دەنێرێ بۆ مەرکەز بە پێچەوانەی ساڵی ١٣٥٧ کە شۆڕشی ئێران بە تەواوی دیاردەیەکی شاریانە و بە تەواوی لە شارە گەورەکان بوو. لە کوردستان حاڵەتێکی دیکەی پەیدا کرد و شۆڕش بەر لە تاران سەرکەوت.  لەوێ ئەڕتەشیان چەک کرد و تازە حەوتوویەک دواتر یان زیاتریش مەسەلە لە تارانێ جێ بەجێ بوو. بەڵام ئێستا وا نییە. بەڵام ئێستا ئەوە بەلووچستان هەیە کە پێشتر کەس لە ڕووی سیاسییەوە حیسابی لە سەر نەدەکرد. لە ڕووی ئابووری، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەوە یەکێک لە وەدواکەوتووترین ناوچەکان بوو ئێستا ئاوا ڕادیکالیزە بووە، مازەندەران هەر وا، لورستان هەر وا لە هێندێک بەشی لورستان ئێستا دەڵێن ئێمە ناسێنەی کوردیمان هەیە. ئەوە نیشان دەدا ئەم تەوەرە گۆڕاوە و گۆڕانی ئەو تەوەرە ئیدی قبووڵ ناکا ئەتۆ وەکوو تاکتیکێکی موزاکەرە بێی و مەسەلەی تەمامییەتی ئەرزی بێنییە سەر مێز و سوێندی دەی جا ئەو جار موزاکەرەت لەگەڵ دەکەین.
حەسەن ئێعتمادی: بەڕێز وەلی چون خەریکە کاتمان تەواو دەبێ با نەزەری ئاغای نەویدی و ئاغای فەتا پوورەیش ببیسین.

تێبینی : دەکرێ لەم لینکە لە تۆڕی کۆمەڵی یوتیوب ڤیدێئۆی ئەم بەرنامە
یە بە زمانی ماک ببینن.

https://www.youtube.com/watch?v=XdjkGR3IElE&t=3453s



No comments: