Thursday, May 25, 2023

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣ پانێلی چوارەم, قسەکانی ڕؤژنامەنووس عەممار گوڵی

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣
پانێلی چوارەم
قسەکانی ڕؤژنامەنووس عەممار گوڵی
و پرسیاری ئامادەبوویەکی کۆنفڕانس

دوکتور سوهەیلا قادری بەڕێوەبەری پانیڵ: ئێستا داوا دەکەم لە کاک عەممار گوڵی بابەتەکەی پێشکێش بکا، دوایە سێ پرسیار  وەردەگرین هەر یەکەی بۆ یەکێک لە پانێلیستەکان. بە داخەوە لە پرسیارێک زیاتر نابێ چونکە
کاتمان نامێنێ بۆ جواب دانەوە، فەرموو کاکە گیان.
عەممار گوڵی: ئەم کاتەتان باش هاوڕێیان، سەرەتا ڕەخنەیەک لە بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە. لە بەر ئەوەی کە من دوو ڕۆژ لە پێش ئەوەی بێم بۆ ستۆکهۆڵم تێگەیشتم کە پانێلەکەی من گۆڕاوە و بابەتەکەشم گۆڕاوە و ئەگەر ئێستا زۆر ئامادە نیم هۆکارەکەی ئەوەیە. بەڵام با بگەڕێمەوە سەر ئەو مەوزووعەی خۆم .
من حەز ئەکەم بە فاکتەوە دەست پێ بکەم. مەوزووعی من فاکتە، ئەو شتەی کە ڕوودەدات و لە بەر دەستمانە نە ئەو خولیا و حەزەی کە هەمانە. ئەگەر بە ئامارەوە دەست پێ بکەین، ستاتستیکێکمان هەبێ لە بەر دەستدا  لە سەدا ٥٤-ی کووژراوەکانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خەڵکی بەلووچستان و کوردستانن. لە سەدا ٦١-ی گیراوەکان کورد و بەلووچن. لە سەدا ٦٣-ی ئەو ناوچانەی کە شۆڕشی ژن
. ژیان, ئازادی تێدا بووە کوردستانە و بەلووچستانە و هەر بەو ڕێژەیە لە سەدا ٦٠-ی ئەو ڕۆژانە کە خۆپیشاندانی تێدا کراوە بە بەربڵاوی کوردستانە، بە دەرەجەی دووەم بەلووچستانە.
تەنانەی ئەگەر بێینە ناوەندیش باسی ناوەند بکەین  کە بەشی هەرە زۆری شۆڕشی ژن
, ژیان, ئازادی لە ناوەند کرا لە شارێکی وەکوو کەرەجە، ئیسلام شەهرە، تا ئاستێک قەزوێن.
لە سەدا ٨-ی دانیشتووانی شاری تاران و دەور و بەری  کوردن، ڕێژەیەکی زۆر نییە بەڵام لە سەدا ٢٤-ی  ئەو کەسانەی کە گیراون لە تاران و کەرەج کوردن.
ئەم ئامارە شتێکی زۆر ڕووتین، شتێکی زۆر ئاشکرامان پێ ئەڵێ کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەگەر وەکوو کانتێکست کوردستانی لە پشت نەبێ وەکوو خەڵک، خەڵکی کوردستانی لەگەڵ نەبێ  وەکوو سەرچاوەیەکی سیاسی، وەکوو بڕبڕەپشتێکی سیاسی ئەگەر کوردستانی لەگەڵ نەبێ پووچە، هیچ شتێکمان نییە. یانی لە تاران هیچ شتێکمان نییە .
نموونەیەکی تر ڕۆژی ١٦-ی سێپتامبر [ ٢٠٢٣] ژینا ئەمینی گیان لە دەست دەدا، ڕۆژی ١٧-ی سێپتامبر کوڕی حەمە ڕەزای پەهلەوی بەیانێک دەر ئەکات، داوای چی ئەکات؛ بەیانێک دەر ئەکات ئەڵێ با سێ ڕۆژ عەزای عموومی ڕابگەیێنین، ماتەمینی گشتی، خەڵک بە کڕاواتی ڕەشەوە بڕۆنە دەرەوە، بە پاپیۆنی ڕەشەوە گوڵ لەگەڵ خۆیان بەرن بۆ سەر قەبران. ئەمە تەبعەن ڕەنگە لە تاران وڵام بداتەوە بەڵام ڕێک ڕۆژی ١٧-ی سێپتامبر لە سەقز، ١٨-ی سێپتامبر لە سنە خەڵک دێتە سەر شەقام بە بێ ئەوەی کە حیزبەکان هێشتا ئاگاداری وەزعەکە بن، یانی حیزبەکانی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆچی ئەم ئامارانە باس ئەکەم  لەبەر ئەوەی کە ئێمە بزانین ڕووبەڕووین لەگەڵ چیدا؟ ڕووبەڕووین لەگەڵ دابڕانێکی سیاسی، دابڕانێکی کۆمەڵایەتی و تەنانەت دابڕانێکی ئابووری لە نێوان جیلی سیاسی دەرەوەی وڵات بە سەرکێشیی حیزبەکان  و ئەو جیلەی کە لە ناوخۆیە من ناوی ئەنێم جیلی
Z. بۆچی ئەم دابڕانە ڕووی داوە؟ لەبەر ئەوەی کە – ئێستا سەرانی حیزبەکانیش لێرەکانەن کاک حەسەنی ڕەحمان پەنا  کە پێشتریش هەر قسەمان کرد لە سەر ئەو بابەتە بە شەخسی، هۆکارەکەی چییە، هۆکارەکەی ئەوەیە میانگینی تەمەنی سەرانی ئەحزابی خۆمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرین سەرووی ٦٧ ساڵە، ئەوانەی کە لە سەر شەقامن کێن  خوارووی ٢١ ساڵ، ئەوانەی کە مۆتۆڕی شۆڕشن کێن جیلی  Z  ە، جیلی Z کێیە؟ جیلی ئینترنێتە. جیلی ئینترنێت کێیە؟ جیلی ئینترنێت ئەوەیە کە تاقەتی خوێندنەوەی تێکست و تاقەتی فەرامینی ملووکانەی نەماوە، نییەتی. یانی ئێستا پژاک، حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە، یا کۆمەڵەی کاک عەبدوڵای موهتەدی ئەگەر بەیان دەر بکەن کەس نایخوێنێتەوە بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم، چون نییە، ئەو جیلە جیلێکی زۆر جودایە.  بیر کردنەوەکەی جیایە، نەوعی ڕێکخستنی خۆی جیایە، ئەسڵەن شتێکی مۆدێڕنی زۆر پێشکەوتووە کە ئێمە هێشتا لێی تێ نەگەیشتووین و ئەوەی کە ئەیبینم هێشتاش نامانەوێ لێی تێ بگەین وەکوو سەرکردایەتی سیاسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
کە شۆڕشی ٥٧ دەستی پێ کرد کاک فوئاد [مستەفا سوڵتانی] ئەڵێ بە هاوڕێیانی وەرن با خۆر بجووڵێنین ئەمە  ڕادیکاڵیزمێکی زۆر قووڵی لەگەڵە. کە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان لە حیزبی توودە جیا ئەبێتەوە، سەرکردایەتی شۆڕش دروست ئەبێت و حیزبی دێمۆکڕات و دواتر کۆنگرەی ٢ دەبەسترێت، کارم بە عەبدوڵای ئیسحاقییەوە نییە، لەوێ یەکێک لە بڕیارەکانی کۆنگرەی ٢-ی حیزبی دێمۆکڕات گەڵاڵە کردنی شەڕی چەکداری یە. ٦ ساڵ پێش سیاهکەل وە ٦ ساڵ پێش ئەوانیش کۆمیتەی شۆڕشگێڕ دەست پێ دەکا. مەوزووعەکە چییە؟ مەوزووعەکە ئەوەیە کە ئێمە لەو کاتانە بەرەوڕووین لەگەڵ جیلێکی نوێی ڕادیکاڵ لە نێو حیزبەکان کە ئەتوانن بڕیار بدەن. ئێستا بەرەوڕووین لەگەڵ چی؟ بەرەو ڕووین لەگەڵ پیرسالارییەکی لە ڕادەبەدەر موحافەزەکار کە پێش لە بڕیاردان دەگرێت تەنانەت  نە تەنیا پێش لە بڕیاردانی خودی حیزبەکانیش دەگرێت جەماوەری سەرشەقام سارد دەکاتەوە. ئەبێت بە تورموزێک کە شەقام نەتوانێت بە بەردەوامی بجووڵێتەوە. ئەمانە هەموو هۆکارن کە ئەبێ ئێمە ڕاستییەکەی، هاوڕێیان زۆر قسەیان کرد زۆر گەشبینیش بوون، من لەو بڕوایە دام تا ئێمە ڕەشبین نەبین نەکەوینە سەر ساجی عەلی ناتوانین بڕیار بدەین. تەبعەن کەوتووینەتە سەر ساجی عەلی بەڵام بە خۆمان نەزانیوە، ئەڵێی هێشتا لەشمان گەرمە.
دێمە سەر بابەتێکی تر، کە دیسان هەر پێوەندی هەیە بەو شتەی  کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوزەرێ. ئیحتیمالەن من لێرە بتوانم بە پەنجەی دەست بیژمێرم ئەو کەسانەی کە ئەزانن " بالوو " لە کوێیە. یا " موور مووری" لە کوێیە. ئیحتیمالەن کاک عەبدوڵای حیجاب ئەزانێ بالوو لە کوێیە بەڵام باقی هاوڕێیان کەس نازانێ لە کوێیە. [ چەند کەس دەست بەرز دەکەنەوە] ئەوە پێنج کەس نەهایەتەن. بالوو شارۆجکەیەکی زۆر پچووکە لە باکووری شاری ورمێ. شارۆچکەش نییە گوندێکە. لەم شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە دا، ٣ کەسی لێ کووژراوە، ٥٢٠ کەسی لی دەستبەسەر کراوە. لە شاری ورمێ نزیک ٨ کەس شەهید بوونە، سەد دەر سەد کوردن. ١٢٣٣ کەس گیراون ٩٥ دەر سەدیان کوردن. کەس ئاگادارە لێرە؟ زۆر کەم ، لەبەر چی؟ لەبەر ئەمە ئێمە ئەڵێین پاوانخوازی ڕاگەیاندنی ئێرانی بەڵام لە ناو خۆشمان پاوانخوازی ڕاگەیاندنی کوردیمان هەیە. ئێمە نازانین موور مووری لە کوێیە لە پارێزگای ئیلام کە کەمتر لەوەی لە جوانڕۆ ڕووی دا لەوێ ڕووی نەدا. سپای پاسداران، تەنانەت یەکانی ئەڕتەش لەگەڵ نیڕووی ئینتیزامی هێرشیان کردووەتە سەر شارۆچکەیەکی ٥٠٠٠ کەسی. وە نزیک ١٠٠ کەسیان گرتووە کاردانەوەی خەڵکەکە چی بووە؟ کۆ بوونەوە تەواوی ئەو هێزەیان دەرپەڕاندووە لە شارەکە. ئێمە لێی ئاگادارین؟ نا! ١٦ ڕۆژی بە بەردەوام شارەکانی وەکوو دەڕەشەهر، ئاودانان، موور مووری لە سەر شەقام بوون تەنانەت پێنج جار شاری دەڕەشەهر و ئاودانان بە تەواوەتی کەوتۆتە دەستی خەڵک، ئەڵێم بە تەواوەتی، هێزی تێدا نەماوە. ئاگادارین لێی؟ نا! بۆ، لەبەر ئەوەی کە پاوانخوازی ڕاگەیاندنیمان هەیە. ناڵێم ئەو شتەی کە لە مەهاباد، لە سنە، بۆکان ڕووی دا شتێکی ئاسایی بوو یا شتێک بوو کە نابێ باسی بکەین بەڵام هاوکات ئێمە ئەبێ باسی شوێنێکی تریش بکەین. بۆ یەکەم جارە ئێمە لە شاری ئیلام گوێمان لە دروشمێک ئەبێ ئەڵێن:
" کوردستان، گۆڕستانی فاشیستان" ئەمە زۆر موهیممە ئەمە لە جنووبی ترین نوختەی کوردستانەوە ئەو دروشمەمان هەیە، لە باکووری ترین شوێنی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش عەینی درووشممان هەیە.

ئەمانە مانیفێستن. وەختێ کوڕی غەفووری مەولوودی لەسەر قەبری باوکی ئەڵێ: " ڕێژیمی جمهووری ئیسلامی  ئێران لە تاران فاشیستە لە کوردستان فاشیستێکی داگیرکەرە". جا ئەگەر ئێمە سەیری ئەو مانیفێستانە بکەین خەڵک هێنایە گۆڕێ بە هەموو شێوازێک و سەیری هەڵسوکەوتی حیزبەکان بکەین ئەو دابڕانە کۆمەڵایەتی، سیاسی تەنانەت ئابووریشە ئەبینین  کە حیزبی سیاسی ئێمە نەیتوانی ببێت بە نوێنەری ئەو خەڵکە و ئەو داوخوازە ڕادیکاڵانە نوێنەرایەتی بکا. ئەبێت کێ ببێت بە نوێنەری ئەوان نازەنینی بونیادی کە نازانێ فارسیش قسە بکا کوردیش هیچ، فارسیش نازانێ. ئەمە کێشە سەرەکییەکانی ئێمەیە کە ڕاستییەکەی  من پێم وایە ئێمە پێویستیمان بە سەڕاحەتێکی سارد و سەڕاحەتێکی لە ڕادەبەدەرە بۆ ڕەخنەگرتنێکی بنەڕەتی بە قەولی هاوڕێیانی باشووری بە چەکوش هەیە تا بتوانین ئەو دۆخە تێپەڕێنین و بچینە دۆخێکی ترەوە. زۆر سپاستان دەکەم.
[ چەپڵەی ئامادە بووان]
سوهەیلا قادری بەڕێوەبەری پانێل: زۆر سپاس کاک عەممار، فەرموون ئەگەر پرسیارێک هەیە
بێژەن قارەمانی: سڵاو وڕێز بۆ گشتی بەشداران  و بۆ بەڕێوەبەارنی ئەو پانێلە ئەو بەڕێزانەی کە  بابەت و وتاریان پێشکێش کرد، زۆر بە کورتی لە سەر قسەکانی ئەو خاتوونە بەڕێزە
سوهەیلا قادری: سوهەیلا شەهریاری
بێژەن قارەمانی: سوهەیلا شەهریاری و کاک عەممار گوڵی  کە باس لە ڕەخنە دەکەن. بەڵێ ڕەخنە  ڕەوایە بەڵام ئەمن هیوادارم قەت ڕەخنەی کوردی ڕۆژهەڵات نەچێتە قۆناغی ڕەخنەی کوردی باشوور. لە سەر مەوزووعی حیزبەکان ئەمن بۆخۆم یەکێک لەو کەسانەم کە مونتەقیدی ئەسڵی حیزبەکانم بە حیزبەکەی خۆشمەوە  وە دۆستانی حیزبی ئەمن باش دەناسن لەو ڕوانگەوە نووسراوەکانم گەواهی ئەو شتەی دەدەن بەڵام  ئەوەی کە بمانەوێ هەموو شتێک زەریبی سیفر کەین و حیزبەکان تا حەدی ڕووخاندن ئەمن پێم وایە ئەوە بە شتێکی  دروست نازانم چون ئێمەش تەعقیبی جەرەیاناتەکەمان  کردووە بە شێوەی عەمەلی لە کوردستان حەدی ئەقەل  بیست ساڵم کار کردووە و پازدە ساڵیشە ئەگەر بڵێم بە تەواو وەخت لە حیزب دا نەبووم بەڵام  چاوەدێری حیزبەکان هەم و ڕووداوەکان. ئەمن پێم وایە بۆ نموونە مەسەلەن حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە تایبەت پێش شۆڕشی ژینا یەکی گرتەوە، ئەو یەکگرتنەوە زۆر تەئسیرێکی ئەساسی بنەڕەتی هەبوو دەو شۆڕشە دا. ئەوەمان لە بیر نەچێ و حیزبی دێمۆکڕات هیچی کەم دانەنا، ئیمکاناتەکەی ئەوە بوو، دەبێ حیزبەکەش بناسین، ئیمکاناتەکەش بناسین، سیستمەکەش بناسین لە باری مەعنەوی. لە باری مادی، لە باری ئینسانی، لە باری ڕاگەیاندن کەمووکووڕیشی هەبوو
سوهەیلا قادری: تکایە پرسیارەکەتان مەتڕەح کەن!
بێژەن قارەمانی: تکایە خلاس بوو. ئەوانەی هەبوو بەڵام قەرار نییە بەو شێوەیە یەک لایەنە بیان کوتین، پێم وایە دەبێ یارمەتیدەریان بین، هەر ئەوەی کە ئەوڕۆ کۆمەڵێک ئەندامی هەموو حیزبەکان لە کادری باش و ڕێبەرایەتی لێرەن ئەور نیشانەی  ئەو یەکگرتوویی یە. سپاستان دەکەم دووبارە.
سوهەیلا قادری: سوهەیلا گیان وڵامێکت هەیە؟
سوهەیلا شەهریاری: من دەتوانم جواب بدەمەوە هەر ئێستا؟
سوهەیلا قادری: بەڵێ فەموو.
[ وتار و وڵامی سوهەیلا شەهریاری دواتر دادەبەزێندرێ ح.ق]

وڵامی عەممار گوڵی: هاوڕێ گیان زۆر سپاس بۆ ڕوانگەی خۆت من بە سینگی فراوان وەری دەگرم بەڵام  بەشداری نابم چون من کەسێکی حیزبی نیم ڕاستییەکەی، ڕەنگە ڕوانگەیەکی نزیک لە حیزبەکانیشم بێت، بەشێکی لەو قسانەی کە ئەمویست بیکەم هەر مەبەستم ئەوەیە ئێمە پێویستمان بە ڕەخنەگری سەریحە، ڕەخنەگری سەریح ڕۆژنامە نووسە. ڕۆژنامەنووس کاری چییە کاری ئەوەیە من بۆ خۆم وام پێناسە کردووە. من کارم ئەوەیە کە ئەو شتەی کە ڕای گشتی ئەبێ بیزانێ پێێ ڕابگەیێنم. بۆشم گرینگ نییە حیزبی دێمۆکڕاتە، پژاکە، پارتیی کرێکارانی کوردستانە یا کۆمەڵەیە چی لە سەر من ئەڵێن. کە وترا بەیانیان لە سەر من دەر کرد لە سەر شتێکی عەینی حەقیقی کە ڕووی دابوو، دواتریش دەر کەوت. بۆ من موهیممە ڕای گشتی لە ڕێزەکاری ئەو سیاسەتە ئاگادار بێ لێی نەشاردرێتەوە. ڕەوابتی ئەرباب – ڕەعییەتی  لە نێوان حیزب و خەڵک نەمێنێت. لە نێوان ڕەخنەگر و حیزب نەمێنێت کە ئێستاش هەر هەیە باڵی کێشاوەتە بە سەریا و ئێمە بەو ڕاحەتییە ناتوانین تەنانەت ڕەخنەیەکی زۆر ئاساییش  بگرین بە تەواوەتی پەلامار دەدرێین و هێرش دەکرێتە سەرمان. زۆر سپاس
سوهەیلا قادری: ئەمنیش بە نورەی خۆم پێم خۆشە نوختەیەکی چکۆلە باس بکەم ئەویش ئەوەیە  کە لە ڕوانگەی منەوە حیزبە سیاسییە کوردییەکان مەشخەڵداری خەباتی کوردی بوون هیچ کاتێک نەبووە کە ئەمن بە بەشی خۆم لە جێگای خۆی چ بۆنەیەکی ئاکادێمێک بووبێ، چ کۆمەڵایەتی بووبێ، چ کۆمەڵگەی مەدەنی بووبێ  باسی ئەو ڕاستییەم نەکرد بێ. یانێ جێگای ئەو حیزبانە، خەباتیان، حزووریان بۆ ئێمە جێگای ڕێزە، جێگای ئیحترامە بەڵام پێم وایە ڕەخنە تاکە کەس گەورە دەکا،  پێم وایە یارمەتی گرووپیش دەدا کە ڕەخنە لە خۆی بگرێ، ببینێ، باشتر بێ هەموومان لە دەوری ئامانجێک کۆبووینەوە ئەویش یەکەم لە بەین چوون و وەلانانی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانە بۆ ئەوانەی کە کوردی ڕۆژهەڵاتن و گەیشتن بە ئازادی بە مانای واقعی و گەیشتن بە دێمۆکڕاسی. ئەو ڕەخنانە با بە چاوێکی بەرئاواڵا وەربگرین. من بەشەخسە وا فکر دەکەمەوە کە زۆری لێ فێر دەبین  و کۆمەگمان دەکا کە بەرەو پێش بچین. بۆ ئێمە جێی ڕێز و ئیحتیڕامن حیزبە سیاسییەکان  لەوەیدا هیچ تەردیدێک نییە. فکر دەکەم بۆ نەسلی جەوانتر لە منیش کە بەجێی منداڵەکانی منن  لێرە دانیشتوون هەر ئەوە بێ، ڕەخنەگرتن بە مانای ڕەد کردنەوە نییە. زۆر سپاستان دەکەم. [ چەپلەی ئامادە بووان] 





 

No comments: