Sunday, May 28, 2023

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣ پانێلی یەکەم قسەکانی پرؤفێسۆر عەبباس وەلی

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣
پانێلی یەکەم

قسەکانی پرؤفێسۆر عەبباس وەلی
گەلێک سپاس. ئەمن قەرارم دا باسێکی بکەم لە سەر ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و پارادۆکسی پێکهێنای ئیتیلاف دەگەڵ وان و هەر واتر ئەو دوو ڕێیانەی کە لە پێش هێزە کوردییەکانن لە ڕۆژهەڵات. بەڵام ئەو
   بەحسە بە شێوەیەکی گشتی دە چوارچێوەی شۆڕشی ژن، ژیان ، ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات دا  دەکرێ. وە باسی داهاتووی ڕۆژهەڵات بە باوەڕی من پێوەندییەکی ڕاستەوخۆی هەیە دەگەڵ خەسارناسی  ئەو وەزعەی ئێستا.
بۆچی دەڵێم خەسار ناسی لەبەر وەیە کە ئێمە هەموومان دەزانین کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەگەر وشەیەکی پەیدا بکەین کە وەزعی ئێستای وەی تەوزیح بدەین، تەبیین بکەین  دەبێ بڵێین ئەوە چەقیوە، گیری کردووە، ڕاوەستاوە. ئەوە بەو مەعنایەی نییە کە تەواو بووە، بەو مەعنایەش نییە کە ئێنێرژی حەڕەکەتی نەماوە، جموجۆڵی نەماوە. ئەوانە ماون بەڵام ئەو شۆڕشە  ئەلئانەکە ئێمە دەزانین چەقیوە. وە خەسارناسی ئەو چەقینە ئەمن زۆر باسم کردووە بەڵام بە شێوەیەکی زۆر کورت و خولاسە دەچمەوە سەری ئەوەیە کە ئەو شۆڕشە چەند تایبەتمەندی هەبوو کە لە تاریخی  ئێرانی مۆدێڕن بە شێوەیەکی گشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەت  زۆر دەگمەن بوو، نەبوو شتی وا نەبوو، بۆ جاری ئەوەڵ هاتە پێشێ بە نەزەری من.  ئەوە دیارە زۆر ئاماژە کراوە بە ڕۆلی سەرەکی رێبەرایەتی سیاسی گشتی بەڵام ئەوەی کە گرینگترە بێ تەردید لە هۆیەکانی ئەسڵی ئەو  چەقینەیە.  ئەو شۆڕشە هوویەت و یا پێناسە یا ناسنامەیەکی  هاوبەشی دێمۆکڕاتیکی پلورالیستی  چەند دەنگەی بە وجوود هێنا لە  ئێرانێ دا لە ژێر چەتری دروشمی ژن، ژیان، ئازادی. ئەوە گەورەترین شت بوو، موهیمترین شت بوو کە لە ئێرانێ هاتە پێشێ وە ئەهەمییەتی وەی بە داخەوە نەدیترا  ئەو کەسانەی کە لە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی دژی ڕێژیم دابوون بەو شێوەی ئەوەیان دەرک نەکرد بەڵام دوژمنانی وەی ئەهەمییەتی  ئەوەیان زۆر باش دەرک کرد. لە دوایە ئەو مەسەلە شی دەکەمەوە، ئەو قسەیەی هەر وا لە خؤڕا ناکەم.
مەسەلەی دووەم، تایبەیمەندی دووەم کە ئەو شۆڕشی ژن. ژیان، ئازادی هێنایە پێشێ ئەوە بوو کە بۆ جاری ئەوەڵ دینامیزمی پێوەندی بەینی مەرکەز و پەراوێزی لە ئێرانێ گۆڕی. ئەو جار دینامیزمی حەڕەکەتەکە، ئێنێرژی حەڕەکەتەکە لە پەراوێزی ڕا هات بۆ مەرکەزی. ئەوە شتێک بوو کە بە باوەڕی من ئەو کەسانەی کە دە وەیدا بەشدار بوون، ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی سوودی باش لەوەی وەربگرن ئەوە ڕێزیان لەوەی نەگرت بەڵام دوژمنان و نەیارانی ئەو حەڕەکەتەی ئەو ئەهەمییەتەیان مەوردی هەدەف قەرار دا.
ئەگەر ئەو دوو تایبەتمەندییەی کە من باسم کرد لێرە لێک ببەستینەوە ئەوە سەبەب بوو کە بۆ جاری ئەوەڵ دە تاریخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا پرسی کوردی، هەستان و ڕاپەڕینی کوردی هێزێک و ئەهەمییەتێکی دەرەوەی کوردستانی لە ئێرانێ پەیدا کرد و ئەو ئەهەمییەتە ئەو پەڕ کوردستانییە یەکێک لە خەتەرناکترین شتەکانی بوو کە  بۆ هێزە کۆنسێرڤاتیڤەکان لە ئێرانێ هاتە پێشێ بەڵام ئێستا کە ئەو شۆڕشە چەقیوە ئەگەر تەمەشای بکەین هەم ئەو شتانەی کە من باسم کرد، هەم ئەو پێناسەی کە هاتە پێشێ، ئەو پلورالیزمی دێمۆکڕاتیک کە پێناسەیەک بوو کە تایبەتمەندی جینسییەتی، چینایەتی، مەزهەبی و نەتەوەیی و ئێتنیکی ئەوانەی هەموو دە خۆیدا هەبوو لە ژێر چەترێک دا و دەیتوانی دە ژێر ئەو چەترەی دا ئەوانە ڕابگرێ بە بێ ئەوەی کە ئەو فەرقانەی کە ئەوانەی لێک جوێ دەکردەوە ئەوانە لە بەین بەرێ. وەزعێکمان بۆ هاتبووە پێشی کە لەگەڵ جەبهەی ١٣٥٧ زۆر فەرقی هەبوو. تایبەتمەندییەکی زۆر گەورە واقعەن لە ڕووی تێئۆریکەوە هاتە پێشێ کە زۆربەی ئەو چەمکانەی کە بۆ لێکدانەوەی تێئۆریکی ئەو وەزعەی کە پێویست بوون بە باوەڕی من بۆ خۆیان فەشەل بوون. و وەزعێکی تازە بۆ ئێمە هاتە پێشێ ئەویش ئەوە بوو کە ئێمە دەبوو باسی هووییەتێکی بکەین کە ئەو تەفاوەتانەی تێدایە، ڕێزیان لێ دەگرێ بەڵام دە عەینی حاڵ دا خەریکی بەربەرەکانی و خەباتە بە دژی سێ جوور ئاپارتاید دە ئێرانێ دا.
ئاپارتایدی جینسییەتی، ئاپارتایدی مەزهەبی  و ئاپارتایدی نەتەوەیی. مەبەستم لە ئاپارتاید لێرە  لە مەجمووعەیەکە، بنەمایەکە، ستروکتوورێکە لە گوتار و هەرواتر کرداری فەرق و جیاوازی لەگەڵ دانان و دووچاوکی و وەلانان و فت کردن کە بنەمای قانوونی دراوەتێ و ئەو بنەمای قانوونییە بە دەست دەسەڵاتییە و دەسەڵات ئەو فەرق و جیاوازی لەگەڵ کردنانە بەشێوەیەکی "قانوونی" دەباتە پێشێ.  ئەو وەزعە کە هاتە پێشێ بۆ دەسەڵاتی و هەر بۆ دەسەڵاتی نا بەڵکوو بۆ بەشەکانی کۆنسێرڤاتیڤی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانێش، هەر واتر ئەو تێکچوونی پێوەندییە، گۆڕانی پێوەندیی بەینی پەراوێز و مەرکەزێ. مەبەستم تاران و پەراوێزەکان، کۆمەڵگە  غەیرە مەرکەزییەکان  کە بە ئاسایی لە ڕووی نەتەوەییەوە، لە ڕووی زمانییەوە، لە ڕووی مەزهەبییەوە بەشی زۆریان  دەگەڵ تارانێ فەرقیان هەیە. ئەوە کە هاتە پێشی ئەو وەزعەی کە کوتم کە بۆ یەکەم جار  دە مێژووی ئێرانێ دا، دە مێژووی ڕۆژهەڵاتی دا پرسی کوردی حاڵەتێکی ئەوپەڕ کوردستانی پەیدا کرد ئێمە دە عەینی حاڵدا بۆ جاری یەکەم بوو کە  دەو چل و سێ ساڵە دا دیتمان  کە جمهووری ئیسلامی کۆنتڕۆڵ و سەروەری فەزای گوتاریی لە دەست دا. دەو مودەتەی دا ئەگەر تەمەشا بکەین کە ئەو شۆڕشە چەقیوە ئێمە تووشی موشکیلەیەکی، خەسارێکی گەورە بووین. ئێمە کوردەکان نەمانتوانی کۆنتڕۆڵی فەزای وێژمانی ڕابگرین، ئێمە لەوێدا تەقریبەن ئەوەندەی من دەزانم مومکینە بەعزە کەسێک دەگەڵ من موافیق نەبن  ئێمە ئەهەمییەتێکمان نییە لە فەزای وێژمانی دا. ئێمە تەقریبەن حەتتا لە وەزعی پێش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زۆرتر چووینەتە دواوە. ئەوەی ئەمن بە خەسارێکی گەورە دەزانم و لەو بارەیەوە دەتوانین ئاماژە بکەین بە حیزبە سیاسییەکان  کە کەمکارییەکی گەورەیان لەوبارەیەوە کردووە و فەزای وێژمانییان بەتەواوی فەرامۆش کردووە. کولەن بەڕەڵایان کرد. ئەو فەزای وێژمانییە بەشێکی ئێستا بە دەستی ڕاستی ئیفڕاتی گیراوە و بەشێکی ئەوەش دە دەستی ڕاستی مەرکەز یا چەپی مەرکەز دایە و ئێمە کوردەکان لێرە دا ئەوەندەی کە پێویستە نە حزوورمان هەیە، نە تەئسیرمان هەیە، نە دە دروستکردنی ئەو وێژمانانە دا هیچ نفووزێکمان هەبووە، نە تەئسیرێکمان هەبووە.  ئەوە مومکینە هێندێک کەس بڵێن ئەوە ئەلئان ئەوەندە گرینگ نییە بەڵام بە باوەڕی من مەسەلەی  وێژمان یا گوتار  تەنێ قسە نییە ئەوە بنەمای مادی هەیە، بنەمای سیاسی هەیە، تەئسیراتی مادی و تەئسیراتی سیاسی هەیە  کە ئێمە لە دەستمان داوە لەو بارەیەوە. هەر واتر ئەگەر دیقەتێ بکەین وەختێکی کە ئەو مەنشوورانە هاتنە پێش و ئەو وەزعە کە هاتە پێشێ هەر لە ئەوەڵەوە جمهووری ئیسلامی ئەگەر هەدەفەکەی ئەوە بوو کە  ئەو پێوەندییەی کە بەینی مەرکەز و پەراوێزێ گۆڕا بوو، ئەوە هەدەفی جمهووری ئیسلامی بوو بەڵام ئەوە وەختێکی مەنشوورەکان هاتنە پێشێ جمهووری ئیسلامی هاوپەیمانێکی ئەساسی هەم دە فەزای وێژمانی و هەم دە فەزای سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی دا پەیدا کرد ئەویش ڕاستی ئیفڕاتی بوو. ئەوان دەقیقەن ئەو نوقتەی تەلاقی ئەوەی کە عەرزم کردن بەینی پەراوێز و مەرکەز بوو سێرەیان لێ گرتووە. دەقیقەن ئەوەیە. ئەگەر دیقەتێ بکەین هەر واتر هەدەفی ئەسڵی هەم جمهووری ئیسلامی هەم ئۆپۆزیسیۆنی دەستی ڕاستی ئەوەیە کە زەرفییەتی ئەوپەڕ کوردستانی پرسی کوردی کە بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئێراندا هاتە گۆڕێ ئەو زەرفییەتەی وێران بکەن و تا حەدێکی زۆریش دە وێران کردنی ئەو زەرفییەتەی دا ئەوانە سەرکەوتوون. لەبەر ئەوەی کە ئێمە نە توانیومانە لە پێش ئەوانە ستراتێژی وێژمانی/گوتاریمان هەبێ، نە توانیومانە ستڕاتێژییەکی دروستی سیاسیمان هەبێ. ئەوەڵین مەسەلە دە ستڕاتێژی سیاسی دا ئیتیحاد و ئیتیفاقی کوردان بوو  کە وێرانە بە باوەڕی من. لە دەورەی پێش شۆڕشی ژینای خراپترە، باشتر نییە. 
هێزە کوردییەکان دەو مەسەلەی دا شکستێکی فاحیشیان خواردووە نەیان توانیوە ئیتیحادێکی دە بەرابەر ئەو هێزانەی کە دەیانەوێ ئەو دەسکەوتی ئەوپەڕ کوردستانی پرسی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کە هاتووەتە پێشی نەهێڵن نەیان توانیوە لەوەی بەرگری بکەن، نەیان توانی ئیتیحاد و ئیتیفاقێک بێننە پێشێ. ئەلئانەکە ئێمە دە هەلومەرجێکی داین کە شایەد بڵێم ئەگەر پێش شۆڕشی ژینای ئەگەر ئەو ناوەندی هاوکاری هەبوو نێوێکی هەبوو، کەسانێک باوەڕیان پێ دەکرد، بە باوەڕی من ئەلئانەکە شەرعییەت و ئەهەمییەتی خۆی بە دوای ئەو وەزعییەتەیدا کە دە فەزای سیاسی دا هاتووەتە پێشێ لە دەست داوە. با ئێشارە بکەم لێرە وەختێک دەڵێم هێزە کوردییەکان  هەر مەبەستم حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە نییە، ئەو حیزبانەی کە لە دەرەوەی ئەوانیش بوون دەو وەزعی شکەستەی دا کە هاتۆتە پێشێ سەهمی گەورەیان هەیە. ئەگەر تەمەشا بکەین ئەوانیش لە ئەوەڵەوە نە دینامیزمی  ئەو شۆڕشەیان بە شێوەیەکی دروست دەرک کرد، نەتوانیان بە شێوەیەکی دروست نیسبەت بەوەی ستڕاتێژی سیاسی دەقیق بێننە پێشێ.
ئەلئانەکە ئێمە دە وەزعێکی داین کە ئەمن  دەڵێم بۆ ئەوەی کە حەتتا بۆخۆمان دەمانەوێ تووشی پارادۆکسین دە سیاسەت دا. دە حەقیقەتدا  سیاسەتەکەی پارادۆکسی کوللی کوردییە لەو بارەیەوە. ئەگەر بڵێین ئەو هێزانەی کە من باسم کردن ئەوانە حەموویان بە تەرتیبێکی جوورێک خودموختارییان دەوێ وە بە تەرتیبێکی ئەوانە جوورێک فێدرالیزمیان لە ئێرانێ دەوێ بەڵام ئەگەر بێنین  ئەو بەحسە سیاسییەی بکەینەوە تەمەشای بنەماکەی بکەین ئەگەر تێزێکی دابنێین زۆر بە ڕاشکاوی تێزەکە ئەوەیە کە ئەمن ئەوەم دەوێ بەڵام بۆ خۆم پێم ناکرێ. حەقیقەتەکەی ئەوەیە ئەمن ئەوەم دەوێ لە ئێرانێ بەڵام بۆ خۆم پێم ناکرێ، لەبەر ئەوەی کە پێم ناکرێ دەبێ هاوپەیمانیم هەبێ. نە مەسەلەی فێدرالیزمەکە، نە مەسەلەی خودموختارییەکە  کە جوورێک ئۆتۆنۆمی یە، جا ئەو ئۆتۆنۆمییە هەر نێوێکی لێ بنێن، ئەو فێدرالیزمە هەر نێوێکی لێ بنێن  هەر جوورێک بێ سەرزەمینی بێ یا هەر جوورێکی دیکە بێ ئەساسی ئەو مەسەلەی ئەوەیە کە ئێمە بۆخۆمان بە تەنێ ئەوەمان پێ ناکرێ نیاز بە هاوپەیمانی یە. بۆ هاوپەیمانی کارێک نەکراوە هەر کەسە بە لای خۆیدا ڕۆیشتووە و بە جێگای خۆیدا ڕۆیشتووە و ئەلئانەکە بۆیە دەڵێم ئەمن وەزعەکە زۆر نالەبار دەبینم و زۆر بە جێی نائومێدی دەبینم.  هیوادارم ئەگەر ئێمە شەش مانگی دیکە  کۆبوونەوەیەکی ئاوامان هەبێ، ئەلئانەکە ئەمن دەڵێم شۆڕشێکە کە چەقیوە بەڵام هیوادارم شەش مانگی دیکە  ئەگەر ئێمە لێرە کۆ بووینەوە  و یا لە جێگایەکی دیکە کۆ بووینەوە  کە باسی ئەو شتەی بکەین نەڵێین شۆڕشێک بوو  کە خەیانەتی پێ کرا! دیارە ئەو قسانەی کردم هەمووی قسەی دێنێتە پێشی و هیوادارم لە پرسیار و وڵام دا ڕوون کردنەوەی زیاتر بدرێ. زۆر سپاستان دەکەم
[چەپڵەی بەشداران]

زێنەب بایەزیدی بەڕێوەبەری پانێل: زۆر سپاس بۆ بەڕێز عەبباس وەلی ئێستا دوو پرسیار وەردەگرین دواتر دەچینە سەر باسی دیکە. فەرموو!

تیشکە مەرەسەنە: زۆر سپاس کاک عەبباس : مەسەلەی مارگێنالیزە بوونی کوردەکان دە شۆڕشی ژن، ژیان ،ئازادی دا. ئەم مارگینالیزە بوونە کە کورد لە سەرەتاوە دێتە سێنتڕاڵەوە دەبینین نەتەنێ لە  پڕۆسەی سیاسی دا وەکوو حیزبی کوردی چ  پەرچەکردارێکیان هەبووە هەر لە ناو ئێلیتی کوردیش دا ئەم بە سێنترالیزە کردنە مارگێنالیزە کرایەوە ئەگەر لە حیزبی کوردی گەڕێین حیزبی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  کە نەیانتوانیوە وتارێکی هاوبەش دروست کەن بۆ ئەوەی کە ئەم بە سێنترالیزە کردنەی کورد کە بە مارگیناڵ بوو و هەیە ئێستاش، بەردەوام بێ و ببێتە خەتی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە ئێلیتی کوردی، ئاکادێمیای کوردی یا ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتی لانی کەم بزووتنەوەیەک دەکەن، بزووتنەوەی یەکسانی ئەمان چۆن دەتوانن ئێستا ئێمە دەزانین کە  ئەمە چەقی بەستووە ئەم شۆڕشە. ئێمە دەزانین کورد لە سێنتراڵەوە هەم سیاسییەن هەم  وەکوو بزووتنەوەیەکی خەڵکیش  مارگینالیزە کراوەتەوە جارێکی دیکە. ئاکادێمیا و ئێلیتی کوردی چۆن دەتوانێ دیکانستراکشنێک بکاتەوە بۆ ئەوەی پۆزیسیۆنی کوردی لە مارگیناڵەوە بێنێتەوە سێنتراڵ ئەگەر بێ هیوا بین لە حیزبی کوردی بە چەپ و ڕاستییەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
زێنەب بایەزیدی بەڕێوەبەری پانێل پرسیاری دووەم: دەکرێ ئەوە بەڕێزەی رێزی پێشترەوە بگرم، دواتریش دەرفەتمان دەبێت. فەرموون بەڕێز!

دوکتور محەمەد موڵا زادەگان: من پرسیارێکم هەیە کاتی  وەی نەهاتووە کە کوردانی دەرەوەی وڵات  پارڵمانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێک بێنن؟

عەبباس وەلی: پرسیاری یەکەم پرسیاری تیشکەی لە مەڕ  ئێلیت و مارجیناڵ بوون، نازانم مەبەستت لە ئێلیت، ئێلیتی فکری، ئێلیتی قەڵەم بە دەستە؟  بە باوەڕی من ئێلیتی کوردی نەک هەر لەو بابەتەوە کەمکاری کردووە بەڵکوو ئەو تەرکیزەش کە دەبێ لە سەر ئەوە مەسەلەی کرا بێ نەکراوە واقعیەن.  بەڵام لێرە دا دەمەوێ ئاماژە بە شتێکی بکەم  ئەویش ئەوەیە کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دە دەرەجەی ئەوەڵ دا  شۆڕشی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی بووە لە دوایە ئی ئێرانێ بوو. یانی هێزە سیاسییەکان، ڕێکخراوە سیاسییەکان دە پێکهێنانی ئەو وەزعەی دا ڕاستەوخۆ نەخشێکیان نەبووە و ئەوە کۆمەڵگەی مەدەنی بووە کە هەیبووە . وە ئەلئانیش مەسەلەی ئەساسی کە دەمەویست ئیشارەی پێ بکەم  ئەوەیە ئەو کەمکارییەی کە کراوە، نەبوونی یەکگرتوویی لە ناو هێزە کوردییەکاندا، ئەوەی کە هێزە کوردییەکان بە نەزەری من دەورێکی گەورەیان هەبووە دەوەیدا کە ئەو زەرفییەتە  ئەوپەڕ کوردستانییە، ئەوپەڕ ڕۆژهەڵاتییە، ئەو زەرفییەتە لە بەین بچێ.
ئەو ئیتیلافانەی کە کراوە، ئەو  مەنشوورانەی کە هاتوونە دەرێ دەقیقەن لێرە دا ئەو مەنشوورانە، ئەو ئیتیلافانەی کە کراون، حەتتا ئەوانەی کە نە کراون. مەسەلەن ئەو بێدەنگی، ئەو ئیبهامەی کە دە پۆزیشنی حیزبی دێمۆکڕات دا هەیە  بە باوەڕی من زەرەری وەی کەمتر نییە  لە ئیتیلافێکی کە شت بوو. زەرەری وەی ئێوە تەنێ دەتوانن وەختێکی دەرک بکەن کە دەگەڵ کەسانێک لە کۆمەڵگەی مەدەنی لە سنەی، لە مەهابادێ، لە مەریوانێ، لە جوانڕۆی قسان دەکەن. دەڵێن کوا؟ چییە؟، چ بوو؟ تەوەجوهێ دەکەی ئەوە مەسەلێکی ئەساسی یە لێرە. ئەوەی کە ئێشارەی پێ دەکەم لێرە فەقەت ئەوە نییە  کە ئەمن کوتم وەزعی ئێمە فەشەلتر و خراپترە لە پێش شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی ئەویش ئەوەیە کە ئەلئانەکە شقاقێک بەینی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی و حیزبە سیاسییەکان هاتۆتە پێشێ، چ پێیان خۆش بێ، چ پێیان خۆش نەبێ  ئەوە لەوێیە و ئەوە شتێکی ستراتێژیکە. بۆیە ئەمن چەندین جارانیش کە قسەم کردووە کوتوومە- دێمەوە سەر مەسەلەی ئێلیتی -  ئێلێت بە تەنێ لێرە دا نەخشی گەورەی دەتوانێ ببێ  لەوەی کە حەڕەکەتێکی، بزاڤێکی فەرهەنگی – سیاسی ئەو پەڕ حیزبی دروست بکا. حیزبەکانی ئێمە تەنبەڵ بوون لە نەزەر فکرییەوە، هەر دەنێو خۆیان دا دەگەڵ خۆیان قسان دەکەن شتی دە ساڵان دووپاتە دەکەنەوە یەک ئیدێئۆلۆژییان هەیە، ئێدێئۆلۆژییەک کە ڕاوەستاوە، ئەو ئیدێئۆلۆژییە دووپاتە دەبێتەوە. لە دەرەوە تەغزییە ناکەن و لە دەرەوەی خۆیان ئەگەر کەسێکیان لە نەزەر فکرییەوە قبووڵ نییە لێی ناترسێن. یانی ڕەقابەتێکی فکری دە مەیدانێ دا نییە. ئەگەر ئەو بزاڤە دروست بێ، بزاڤێکی کە دەوێدا ئینتێلێجینسیایەکی کە چاوی ڕەخنەگرە، عەقڵی ڕەخنەگرە و باوەڕی بەوەی هەیە کە خیرەدی سیاسی، عەقڵی سیاسی دەبێ ڕێنوێن بێ  نەک شتە ئیدێئۆلۆژیکەکان. ناڵێم ئیدێئۆلۆژی ڕەبتی بە خیرەدی سیاسی نییە بەڵام مەبەستم ئەوەیە ئەلئانەکە کە ئەو وەزعە هاتۆتە پێشێ ئێمە دەستمان لەوەی بەرداوە، ئەو زەرفییەتەی کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی هێنایە پێشێ ئەوە لە بەین چووە ئەلئان دە ئیتیلافەکان دا. ئیتیلاف دە ناوەرۆکی وەی دایە. هەم مەسەلەی ئۆتۆنۆمی هەر جوورێکی بێ، هەم مەسەلەی فێدرالیزم بە بێ ئیتیلاف ناکرێ ئەساسی ئەوەی ئەوەیە کە ئەمن ئەوەم دەوێ بەڵام بۆخۆم پێم ناکرێ. ئەمن بۆخۆم پێم ناکرێ دەبێ ئیتیلاف بکەم . ئەوان کوردێکیان ناوێ، نەیان دەویست ئەو زەرفییەتەی کە ئەو شۆڕشە بە کوردی دا بوو. ئەو زەرفییەتەیان سڕییەوە.  ئەوان کوردێکیان دەوێ تەقریبەن وەکوو بڵێی پیادە نیزامی ئەو شتەی بێ تەوەجوهێ دەکەی. ئەو کوردە لە نەزەر منەوە کەلکی نییە. ئەو کوردە ناتوانێ مۆری خۆی لەو ئیتیلافانە بدا. بزانە ستڕاتێژی گوفتمانییان بۆ هێناینە پێشێ مەسەلەی  تمامیت ارصی  ئەمە چمان کرد دە بەرابەر ئەوەی دا، لە جیاتی ئەوەی کە ئەو ستراتێژییە گوفتمانییەی بشکێنین، لەبەر یەکی هەڵوەشێنین  چووین چمان کرد باسی مافی چارەنووسمان کرد ئەوە موشکیلێک دە بەرانبەر موشکێلێکی دیکە دا بوو. ئەوان ئەوەیان زۆر بە دیقەت کرد مەسەلەی تمامیت ارصی یان لە مەسەلەی هووییەتی کوردی بەستەوە. ئەتۆ هەتا تمامیت ارضی قبووڵ نەکەی ئەمن هووییەتی تۆ قبووڵ ناکەم.  ئەوە ستڕاتێژییەکی گوفتمانییە بەڵام ئێمە  نووستووین، لە فەزای گوفتمانی وەکوو ئەهەمییەتی نییە، ئەرزشی نییە وەختێکی ئەتۆ ئەوەی دەبینی و جەماعەتێک هەن  لە نێوخۆی وڵاتی ئەوانە سەواد و دەرک و زانستیان بەوەی دەگا کە ئەو ستراتێژییە گوفیمانییەی ببینن. ئەوەی دەبینن بەڵام بەداخەوە ئێمە ئەو کارەی ناکەین. حیزبەکانی ئێمە تەنێ ئەو کاتە ئەتۆیان خۆش دەوێ کە بەرگرییان لێ بکەی، هەستی دیفاعیان لێ بکەی. ئەو دەمی باشی، ئەو دەمی خۆشیان دەوێی ئەگەر نا ئەو کارەی نەکەی بڵێی کە ئەوە غەڵەتە. تەنێ ئەمن ئەوەی دەڵێم بەو وەزعەی کە هاتۆتە پێشێ  لە ڕۆژهەڵاتی وەزعێکی خەتەرناکە بە نەزەری من. ئەو وەزعە بە هیچ شتێکی چارەسەر ناکرێ مەگەر ئەوەی کە بزاڤێکی فەرهەنگی – سیاسی سەربەخۆ  دروست بێ. ئەلئان هەر حیزبێک دروست بێ فەشەل دەبێ، هەر ڕێکخراوێک دروست بێ فەشەل دەبێ. ئەگەر ڕێکخراوێک سەر هەڵێنێ کە بە نەزەری من پێویستە سەر هەڵێنێ چونکە لە فەزای سیاسی دا ئەگەر ڕەقابەت نەبێ، ئەگەر مونافەسە نەبێ، ئەگەر مونافەسەی سیاسی نەبێ  ئەو فەزایە تێک دەچێ. ئەگەر شتێک بێتە دەرێ دەبێ لەو حەڕەکەتەی بێتە دەرێ. ئەو وەزعی پێشتر کە حیزبی پێشەنگ دەهات و دروست دەبوو، دەفتەری دەکردەوە و خەڵکی بانگ دەکرد ئەوە ئی پەنجا ساڵ لەوەی پێشە ئێستا وەختی وەی نییە.
زێنەب بایەزیدی بەڕێوەبەری پانێل: لەگەڵ ئەوە دەتوانین بچینە سەر پرسیاری دووەم یانی دەتوانین بەو شێوەیە نە تەنیا دامەزراندنی حیزب و لایەنی کوردی بەڵکوو بەو شێوەیەش ئەو هاوپەیمانییە ساز ناکرێ. کە وایە ئایا دەتوانین بڵێین بە پێی وەی کە پرسیاری دووەم بەو شێوەیە بوو ئایا کاتی نەهاتووە پارڵمانی کوردستان  لە دەرەوەی وڵات دروست بکرێت؟ ئایا ئەو پارڵمانە دەتوانێ لە چوارچێوەی ئەحزابی کوردستان دا ببەسترێ یا ئەوەی کە ئەسڵەن پێک نایە شتێکی وا ئەگەر پێکیش بێت سەقەت دەبێت.
دەنگێک: حیزب نابێ تێیدا بێ دەبێ گەلی کورد تێیدا بێ.

عەبباس وەلی: یانی بە نەفسی خۆی بە تەنێ ئەگەر ئەمن و ئێوە و ئیکس و هەموومان تێیدا بەشدار بین باوەڕیشمان پێی بێ بەو شێوەیە ئەگەر پێوەندی دەگەڵ بزاڤ و حەڕەکەتێکی نەبێ، ئەگەر لەوەی تەغزییە نەکا بە باوەڕی من وەکوو ڕێکخراوێکی بە جێگایەکی ناگا. حەقیقەتەکەی ئەوەیە.
زێنەب بایەزیدی: هەر تەئکید لە سەر هەبوونی ئەحزاب هەیە.
عەبباس وەلێ: نا ئەحزاب تێیدا بێ نەبێ ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە بەڵام  بیست کەس مەسەلەن بێن دانیشن لێرە پارڵمانێکی دروست کەن  ئەخر ئەو پارڵمانە دەبێ لە جێگایەکی تەغزییە بکا، دەگەڵ جێگایەکی دیالۆگی هەبێ.
زێنەب بایەزیدی: مەبەستتان لە تەغزییە تەغزییەی فکری و ئیدێئۆلۆژیک یا  مادی یە؟
عەبباس وەلی: مەسەلەی فکری، مەسەلەی، ئەلئانەکە عەرزم کرد ئەو ئینشیقاقە، ئەو شتەی کە هاتۆتە پێشێ، ئەوە پێش شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ئەو شقاقە بەو شکڵە نەبوو، بەو فۆڕمە نەبوو  بەڵام ئەلئان زۆر زۆر موشەخەسە. ئەلئانەکە زۆر کەس بەرەو ئەوە دەڕۆن کە ئەو شتانە ئەمن لە گرووپێکی واتس ئەپی جارێکی باسی وەم کرد هەمووشیان [ دست ڕادەدێڕی بەرەو تیشکە مەرەسەنە و سەرنجی ڕادەکێشێ] ئینتێلێجێنسییای فکری بوون یەک کەس بۆ دەرمان جوابی نەداوە، یەک کەس. تەوەجوهێ دەکەی من باسی وەم کرد کە ئەوە ئەساسییە ئەو ئەخبارەی کە لە ئێرانێ، لە ڕۆژهەڵاتی دێ ئەوە مەترسیدارە فکری وەی بکەنەوە. یەک کەس لەو گرووپی واتس ئەپییە وڵامی ئەو قسەی نەداوە پاشانیش وەختێکی بوو کە بێن شتێکی وا دروست کەن هەر کەسە بەهانێکی دێناوە، هەر کەسە شتێکی دەگوت. ئێمە ڕەوشەنبیرمان هەیە، ئینتێلیکچواڵ، ئێمە ئینتێلێجینسییامان نییە. ئینتێلێجینسییا ڕەوشنفکرێکە پڕۆژەیەکی سیاسی _ فەرهەنگی هەیە. ئەوە نییە کە فەقەت شێعر دەنووسێ، لێکۆڵینەوە دەکا، نا ئێمە ئەوەمان نییە. ئێمە ئینتێلینجیسییای سەدەی ١٩-ی ئاڵمان و ڕووسیامان نییە. ئەوانە موخالیفی دەسەڵات بوون، ئەوانە عەقڵی ڕەخنەگر بوون، لە وانە بوو یەکتریش نەناسن، بەڵام لە پێوەندی لەگەڵ پڕۆژەی دا کاریان دەکرد. ئەوە گرینگە.
زێنەب بایەزیدی: بێگومان دواتریش دەتوانین  لە سەر ئەوە مەسەلەی پارڵمان ئەوەی کە چۆن بتوانین  وڵامدەری شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بین زیاتر باس و گفتوگۆ دەکەین.

ئاگری شاهۆ: من لە سەر وتەکانی کاک عەبباس بە بۆچوونی من ئێمە لە دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان،  ئازادی  هەموو ڕۆشنبیری کورد، مێدیای کورد بۆچوونی گشتمان ئەوە بوو کە ڕێبەرییەتێکی سیاسی پارتییەک، سکرتێرێک  کەسێ پێشەنگی بکا نایەوێ. گەل بۆخۆی پێشەنگە پێویستە بۆخۆی پێشەنگایەتی بکا  کۆمەڵگا گشتی بچن پێشەنگی ئەم جەرەیاناتە  لە کووچە و کۆڵان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانا دروست ئەبێ کە بە بۆچوونی من تەسبیتێکی زۆر ڕاست بوو. وە مێدیای کوردی، ڕەوشەنبیری کوردی، ڕۆژنامەوانی کوردی حەوت هەشت مانگە خەباتێ ئەکەن کە یەک نابیندرێ دووەمەن کاک عەبباس خۆی لە هەرچێ سکرتێری پارتییە زۆرتر  دەرکەوتووە قسە ئەکا، ئێستە ڕۆشنبری کوردی، گەلێ ئینسان، لە بەر ئەوە ڕەوشەنبیری کوردی، میدیای کوردی، ئی تاکی کورد ئەگەر ڕۆڵی خۆی نەبینێ  دوای ئەوە هەر جارێکی دیکە ئێمە بێژن ڕۆشنبیر گشتی پیر و پاک بوو، تەسبیتەکانمان لە جێ دا بوو، مەدینە فازلەیە بوو، دیسان بیخەینەوە سەر ئەحزابی کوردی ئەمجارە خەتەرێ پێش دێ زیهنییەتێکی  ئیقتیدارگەرا و مەرکەز گەرا  دروست ئەبێ ڕۆشەنبیر نابینێ، ڕۆژنامەوان نابینێ. مەدیا نابینێ، جارێکی دیکە ئێمە ئادرێس ئەوە نیشان ئەدەینەوە.، ئێمە لە دەسپێکەوە وتمان چاوەڕوانی ئەحزابی کورد نابین کۆمەڵگای ئێمە کۆمەڵگایەکی شەبان – ڕەمەگی نییە  لە بەر ئەوە بە بۆچوونی من  تەسبیتی کاک عەبباس لە بەحسی یەکەما  لە سەر لایەنی کوردی تەئسیری هەیە، ئەحزابی کوردی تەئسیری هەیە، کەسی سیاسی تەئسیری هەیە بەڵام ئەگەر ئەو لایەنە نەبینرێت وەک کاک عەبباس بۆخۆی و وەک کاک عەبباسەکان بە بۆچوونی من شتێکی ناقس و سەقەت ئەبێ. زۆر سپاستان ئەکەم.

عەبباس وەلی: بەڕێز ئاگری ئەگەر ئەو قسانەی کە ئێوە دەیڵێن دروست بووبێ ئێمە نەدەبوو ئەو زەرفییەتەی ئەوپەڕ کوردستانییەی کە شۆڕش دروستی کرد و پێشکێشی ئێمەی کرد نەدەبوو ئەوەمان لە دەست دابایە.  ئەوەمان بە داخەوە لە دەست دا.
[ چەپڵەی بەشداران]
زێنەب بایەزیدی بەڕێوەبەری پانێل: زۆر سپاس بۆ ئامادە بوونتان و هیوادارم بە دڵی گەورە وەری بگرن  کە بە هۆی کەمی کات دەرفەتمان نەبوو لەوە زیاتر بەحس و گفتوگۆ بکەین. زۆر سپاس و پانێلی دواتر بەردەوام دەکات.















 

No comments: