Friday, May 26, 2023

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣ پانێلی چوارەم قسەکانی سوهەیلا شەهریاری، خوێندکاری پێ ئێج دی لە مەدرەسەی بەرزی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی فەڕانسە – پاریس، وتاری بەڕێوەبەری پانێل، پرسیار و تێچنی یەک لە ئامادە بووان و وتەی کۆتایی بەڕێوەبەری گشتی کۆنفڕانسی کۆمیتەی دیالۆگی ک.ن.ک

کۆنفڕانسی شۆڕشی ژن، ژیان ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات، شەمە ١٣-ی مەی ٢٠٢٣
پانێلی چوارەم
قسەکانی سوهەیلا شەهریاری، خوێندکاری پێ ئێج دی لە مەدرەسەی بەرزی زانستە کۆمەڵایەتییەکانی فەڕانسە – پاریس، وتاری بەڕێوەبەری پانێل، پرسیار و تێچنی یەک لە ئامادە بووان  و وتەی کۆتایی بەڕێوەبەری گشتی کۆنفڕانسی  کۆمیتەی دیالۆگی  ک.ن.ک


دوکتور سوهەیلا قادری بەڕێوەبەری پانێل:
سڵاوتان لێ بێ، زۆر سپاستان دەکەم کە هەتا ئێستا دانیشتوون. لەگەڵ سوهەیلا [شەهریاری]  باسی ئەوەمان دەکرد کە ئێمە تووشی نایەکسانی بووین چونکە کەوتووینە پانێلی ئاخری لەوانەیە  کەممان گوێگر هەبێ بەڵام هیوادارین بابەتەکان وا بێ کە وەختەکەتان بە خۆشی و بە سەرفە بێ لەو کۆنفڕانسە. وەک کاک هێمن [سەیدی] کوتی هەوا زۆر خۆشە، زۆر سپاستان دەکەین بەو هەوا خۆشە هاتوون لێرە دانیشتوون. ئەمن سوهەیلا قادری م بەشانازییەوە مۆدێراسیۆنی ئەو پانێلەیان داوە بە من، نەک لە بەر ئەوەی کە هاوسەرەکەم  ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کۆنفڕانس بووە بەڵکوو لەبەر ئەوەی هاوڕێیانی کۆمیتەی دیالۆگ پێیان وابووە ئەمن دەتوانم ئەو مودێراسیۆنە بەڕێوەبەرم. هەر چۆنێک بێ سپاسیان دەکەم. لە پانێلی ئەمڕۆمان دا بەڕێز سوهەیلا شەهریاری بەشداری دەکا کە خوێندکاری ساڵی ئاخری تێزی دوکتورایە  لە مەدرەسەی بەرزی زانستە کۆمەڵایەتییەکان  لە فەڕانسە، خەریکە تێزێک تەواو دەکا لە سەر شۆڕشی جێندری لە ڕۆژئاوا. سوهەیلا لە ساڵی ٢٠١٥ کتێبێکی لە سەر بابەتی ژنان دەر کردووە، ریسالەی ماسترەکەشی هەر لە سەر بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم بابەتەی کە ئەمڕۆ سوهەیلا پێشکێشی دەکا لە سەر سروشتی ئینترسێکشناڵی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی یە و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە حەول دەدا تێگەیشتنێک لەم دروشمە بەدەستەوە بدا لە ئێران و لە ڕۆژهەڵات. دوایە لە دەستی ڕاستی من کاک عەممار گوڵی دانێشتووە کە ڕۆژنامەوانە، لێم پرسی چۆنت بناسێنم، کوتی هەر بڵێ ڕۆژنامەوان جا لێێ دەگەڕێم بۆ خۆی خۆی بە جۆرێکی دیەوێ بناسێنێ کاتی دەدەینێ. کاک عەممار باسی پێکهاتەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حیزبەکان و کەسایەتییەکان دەکا. بەڕێز شیوا عامیلی ڕادمان لە گەڵە بە ڕێگای زوومەوە لە کاناداوە، کە بەڕێزیان دەناسن، شیوا ئەندامی ئەنجومەنی سینفی فەرهەنگیان و موعەلیمانی ئێرانە، لە ساڵی ١٣٦٦-ی هەتاوییەوە ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بووە و کە لە ئێران هاتووەتە دەرێ نوێنەرایەتی نێونەتەوەیی شووڕای هەم ئاهەنگی ڕێکخراوە سینفییەکانی فەرهەنگیان و موعەلیمانی بە ئەستۆوەیە. شیوا بۆ خۆی دوکتورای دەروونناسی هەیە و لە بواری ژنانەوە کاری کردووە و لە خەباتی کرێکاریش نزیک بووە. من داوام لێ کردوون باسەکانیان کورت بکەنەوە چونکە هەر ئەو جۆرەی دەزانن دەبێ ساڵۆنەکە تەحویل بدەینەوە و کاتەکەمان کورتە بۆیە ئەمن قسەکانم تەواو دەکەم. سوهەیلا گیان فەرموو وەخت بۆ ئێوە.

سوهەیلا شەهریاری: زۆر سپاس، لە سەرەتا ڕێز و سڵاوم هەیە بۆ هەموو لایەک و سپاسی ئەو کەسانە دەکەم کە ئەم کۆنفڕانسەیان ڕێک خستووە، سەعی دەکەم قسەکانم حەتمەن لە ١٥ دەقیقە دا کۆ بکەمەوە باسەکەی من هەر وەک سوهەیلا خان باسی کرد بریتی یە لە: " سروشتی ئینترسێکشناڵی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی "  و دەمەوێ لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە لە سەر تێگەیشتنی  ئەم دروشمە لە ڕۆژهەڵات و لە ئێران بدوێم . بە هێندێک شت دەست پێ دەکەم کە ڕەنگە کامن سێنس common sense بێ، لە ناو کوردستاندا. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی هەر وا کە باشتر لە من دەزانن لانی کەم لە بزووتنەوەی چل ساڵەی باکووری کوردستان سەری هەڵداوە و بە بێ ڕەچاوگرتنی ڕوانگەیەیەکی ئینترسێکشناڵ ناکرێ بە دیقەتەوە  پێناسە بکرێ.
لەمەڕ ڕوانگەی  ئینترسێکشناڵ، بۆچوونی ئینترشێکشناڵ ڕوویکەردێکە ئەشکالی جۆراوجۆری ستەم لەبەر چاو دەگرێ. ئەشکالی جۆراجۆری فەرق و جیاوازی لەگەڵ کردن و دووچاوکی یا ستەمی چەند لایەنە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بەستێنە کە ئەم دروشمە لێوەی سەرچاوەی گرتووە یانی باکووری کوردستان، ئەتوانین تیشک بخەینە سەر لایەنی، دووبارە تەئکید دەکەم لانی کەم سێ جۆرە فەرق و جیاوازی دانانی ستەم کە بریتییە لە ستەمی نەتەوایەتی، ستەمی چینایەتی و ستەمی جێندری. ستەمی جێندریش بە واتای هەموو گرەوە بەکاری دەبەم بەو مانایە هەر وەک دۆستان باسیان کرد تەنیا باسی ژنان نییە  بە تایبەت، باسی کۆمەڵگەی ئێل جی کیو ئای پڵاسە کە من بۆچوونم تۆزێ جیاوازە لەگەڵ هاوڕێ کاوە کرماشانی کە کوتی ئیل جی کیو پڵاس هەمووگرەوە نییە بەڵێ ئەو پڵاسەی ئەیکاتە هەمووگرەوە. لە بەر ئەوە ئەو وشەیە، ئەو زاراوەیە بەکار ئەبەم، کە ئەو ئاماژەی پێدا. وەختێک ئەڵێن ستەمکاریی جێندری ئەبێ بزانین کە بەحسی ژنان لانی کەم تا ڕادەیەک تا و توێ کراوە، تا ڕادەیەک بووە بە مەسەلە، بەڵام باسی لەمەر کۆمەڵگەی کۆلکە زێڕینە هەتا ئێستاش  زۆر زۆر لە دۆخی بڤە دا ماوەتەوە لەبەر ئەوە دای دەگرمەوە وەختێ ئەڵێین فەرق و جیاوازی لەگەڵ دانانی جێندری بەشێکی زۆر زۆر گرینگی باسی کۆمەڵگەی پەلکە زێڕینەکانە.
جا بێمەوە سەر ڕاگوێزرانی ئەم دروشمە کە ڕاگوێزرانی یەکەمی لە باکووری کوردستانەوەیە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، و ڕاگوێزرانی دووەمی لە ڕۆژئاوای کوردستان و دواتر لە ڕۆژهەڵاتەوە ڕادەگوێزرێ بۆ ئێران. ئەتوانم بە شێوازێکی گشتی بڵێم کە ڕاگوێزرانەکانی ئەو دروشمە لە نێوخۆی کوردستاندا، ئەوانە ڕاگوێزرانی سەلامەت بوونە  وە نەک هەر سەلامەت بوونە – جا ئێستا باسی ئەکەم مەبەستم چییە –هەرجارەی  کە ڕاگوێزراوە ئەم دروشمە  دەوڵەمەندتر بووە، یانی ئێمە وەختێ ئەبینین کە لە باکوورەوە دێت بۆ  ڕۆژئاوای کوردستان و شەڕڤانانی یەپەژە و یەپەگە لەم دروشمە کەلک وەردەگرن هێندێک پەترن/ ئۆلگووی بەرخوەدان، بەرگری، هونەری بەرگری، شێوازی جۆراوجۆری بەرگرییەکان زیاد ئەکەن، دروشمەکە دەوڵەمەندتر ئەکەنەوە. هەر وا لە ڕۆژهەڵاتیش وایە یانی کاتێک دێتە ڕۆژهەڵات هاوڕێیەک باسی کرد کە لە بواری هونەرەوە کەسمان دەعوەت نەکردووە و ئەوانە، زۆر زۆر گرینگە لە باری هونەری موقاوەمەت، یا هونەری بەرخوەدان ئەمە زۆر زۆر لە ڕۆژهەڵات ئەسڵەن بۆ خۆی چەندین کۆنفڕانسی دەوێ کە باسی لە سەر بکرێ کە چۆن هونەری بەرگری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەشەی سەندووە لە واقعدا لە بەر ئەم دروشمە و ئەو ئۆلگوانەی خۆڕاگری و بەرخوەدان دروست بووە.
ئەمە لە ئاستی کۆمەڵگەی مەدەنییە ئەم باسە. جا من لێرەوە ڕەخنەکەم، ڕەخنەکانم کەم کەم دەست پێ ئەکا. ڕاگوێستنەکان لە ئاستی کۆمەڵگە مەدنی دا سڵامەت بوونە
تا  ئەگاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کاتێک دەگاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  وەختێ باسی دەرەوەی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەکەین وەختێ باسی حیزبە کوردییەکان ئەکەین زۆر بە جوانی مامۆستا عەبباسی وەلی ئاماژەی پێدا کە بۆ یەکەم جار ئەو وێژمانی ئەوپەڕ کوردستانی دروست بوو بەڵام من تۆزێک ڕادیکاڵتر لە  مامۆستا ئەمەوێ قسە بکەم بڵێم نە تەنیا حیزبە کوردییەکان جموجووڵێکی زۆر زۆر لاوازیان بوو، ئەوە نەبوو کە ڕێبەرایەتی شۆڕشەکە دوای ماوەیەک لە دەست بدەن بەڵکوو ئەوان دژایەتییان لەگەڵ کرد. یانی هەر لە هەنگاوی ئەوەڵەوە ئێمە دژایەتی ئەبینین. من دژایەتییەکان ئەکەمە دوو بەش. یەکەم بەشی دژایەتییەکەیان ئەوە بوو کە یەکێک لە حیزبە کوردییەکان  لە جێدا نکووڵی کرد لەوەی کە  دروشمەکە لە کوێوە هاتووە. یانی چی؟ یانی ئەیهەویست ئەو دروشمە داگیر بکا، دەستی بەسەر دابگرێ. ئەمە یەک. حیزبێکی تریشمان نزیکبوونەوەی لەو جەرەیانە  بەو شێوە بوو کە من زۆر زۆر بە ڕاشکاوی نێوی دەنێم خودکوشی سیاسی. بەو مانایە تۆ دەتوانی لەگەڵ دوژمنەکەشت دانیشی و گفتوگۆ و دیالۆگ بکەی بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە هەدەفی ستراتێژیکی خۆت لەبەر چاو بێ. نابێ هەدەفی ستراتێژیکی خۆت پاک بکەیتەوە، نابێ بیستڕیەوە، یانی یەکێک لە حیزبەکانی ترمان جموجووڵی ئەوە بوو لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە ڕووی تاکتیکییەوە گەمە بکا، لە واقعدا، جۆرێک لە خودکوشی سیاسی کرد. ستراتێژی نەتەوەیی گەلی کوردی کە نزیکەی سەد ساڵە کورد خەریکە بۆی موبارەزە دەکا سڕیەوە ، کورد بۆ چی موبارە دەکا؟ کورد بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆی خەریکە موبارەزە ئەکا. وە تۆ وەختێ ئەو ستڕاتێژییە ئەسڕیتەوە یانی تۆ خودکوشی سیاسیت کردووە، چون زۆر باس ئەکرا ئەیان گوت کە  کۆمەڵگەی کوردستانی ڕۆژهەڵات کۆمەڵگەیەکە کە حیزبایەتی لە نێوی دا بەهێزە،  بەڵام باقی ئیران حیزبی نییە، سیاسی نین ئێمە تەشکیلاتمان هەیە بەڵام خوب دروشمەکەش لەوێ هات، شۆڕشەکەش لەوێ هات، دروشمەکەش کوردی بوو، خەڵکی کوردستان زۆر زۆر تێوەگلا بوون لە چاو خەڵکانی تر لە ئێرانا. بەڵام لە ئاخری دا ئێمە دەبینین کورد نەیتوانی خانەخوێی ئەو شتە بێ. یانی کورد هەر دوو دەقیقە و ٤٦ سانییە دەرفەتی پێ درا لە جۆرج تاون قسە بکا. یانی ئەوەندە جموجووڵی لاواز بوو کورد، زۆر زۆر موافیقم لەگەڵ قسەکەی مامۆستا عەبباسی وەلی کە کوتی کورد لە لە دوای شۆڕشی ژینا پاشەکشەی کردووە له باری دەسکەوتەوە.  ئێمە پێش شۆڕشی ژینا بە لانی کەمەوە  پرێستیژێکی سیاسیمان بوو وەکوو کورد ئەلئان ئەو پرێستیژە سیاسییەشمان لە دەست داوە لەبەر جموجووڵی زۆر لاوازی بە تایبەت یەکێک لە حیزبەکان. ئەمە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی من بوو لە سەر ئەوە کە حیزبەکانی ئێمە بە داخەوە، بە داخەوە زۆر زۆر جمووجووڵیان کز بووە و ئەگەر  هێندێک باسی هۆکاری ئەوە بکەم  کە بۆچی ئەو جمووجۆڵە ئەوەندە لاواز بووە زۆر بە کورتی ئەتوانم بڵێم کە رقەبەرایەتی سیاسی ناسالم و نا یەکگرتوویی.
نایەکگرتوویی کورد بۆتە هۆی ئەوە کە بۆ وێنە بتوانێ لەگەڵ کەسێکی ڕاستی ئیفڕاتی دانیشێ  موزاکەرە و دیالۆگ بکا بەڵام  مەسەلەن نەتوانێ  هەر نەبێ لەگەڵ حیزبێکی کوردی تر دانیشێ دیالۆگ بکا. یانی دیالۆگەکە دەست پێ بکا. ئەوە زۆر زۆر کێشەیەکی گەورەیە. لێرە هاوڕێم لەگەڵ پێشنیهادەکەی کاک هێمن سەییدی. نازانم کام دووربین خەریکە ئەمان گرێ، پێم وایە ئانلاینە ئەم بەرنامەیە. من زۆر لەگەڵ جەوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێوەندیم هەیە و ئەزانم بە ڕاستی ئەم داوایە لە نێو قووڵایی کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەیە، جەوانەکان ئەیانهەوێ حیزبە کوردییەکان یەکگرتوو بن، یەکگرتوو بن. یانی بە ڕاستی تووڕەییەکی زۆر و فل بوونێکی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە کە ئەمانە دەیانهەوێ  بزاڤی کوردی هەموویان، هەموویان بە هەر ئیدێئۆلۆژییەکەوە کە هەیانە یەکگرتوو بن. بە ڕاستی زۆر زۆر ئێستەیش درەنگە بۆ ئەم یەکگرتووییە بەڵام هەر باشە ئەم کۆنفڕانسە ببێتە دەسپێکی ئەوەی کە لە کۆنفڕانسی داهاتوو دا تەواوی حیزبە کوردییەکان  بتوانن باسی ئەوە بکەن کە چۆن یەکگرتوو بن و ئەوە یەکگرتووییە دروست بکەن لە ناو حیزبەکاندا.
[ لە بەڕێوەبەری پانێل پرسیار دەکا چەند دەقیقە کاتم ماوە؟]
سوهەیلا قادری: سێ چواردەقیقە
سوهەیلا شەهریاری: جا باسی ڕاگوێزرانی ئاخر بکەم و لە دوو دەقیقە دا کۆتایی دێنم بە قسەکانم. ڕاگوێزرانی ئاخر هەر ئەو ڕاگوێزرانە بوو کە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە چوو بۆ ئێران. ئەمە دیسان ڕەبتی هەیە بە جمووجووڵی حیزبە کوردییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە کە بە ڕاستی زۆر بەهێز دەرنەکەوتن چونکە ئەو بزووتنەوەیەی ژن، ژیان، ئازادی هەر وەک کە کوتم بزووتنەوەیەکی ئینترسێکشناڵە  وە بزووتنەوەیەکی هەموو کوردستان گرەوەیە بەو مانایە کە کورد چوار پارچە کراوە وە لەم چوار پارچەیە لەگەڵ دەوڵەتی دیکتاتۆری، ڕۆژهەڵاتیی ناوینی سەروکاری هەیە کە لە واقعدا بۆتە هۆی ئەوە کە ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی زۆر زۆر دەوڵەمەند بێ و ئەگەر فاکتۆری دیاسپۆرای کوردیشی لێ زیاد بکەین  زۆر زۆر دەوڵەمەندتر بووە یانی هەم لە ڕووی تێئۆریک و ئێپێستێمۆلۆژیکەوە  وە هەم لە باری  پراکتیکەوە زۆر زۆر بزووتنەوەیەکی فێمێنیستی دەوڵەمەندە لەبەر چی ئاماژەم دا بە ئەمە، ئەمەوێ بڵێم کە ئەم بزووتنەوە فێمێنیستییە دەوڵەمەندە ئاڵۆزە نیازی هەیە بەوە کە ئەکتەری کورد، حیزبە سیاسییە کوردییەکان  زۆر زۆر بەهێز هاتبانە نێو گۆڕەپانی سیاسی ئێران بە گشتی بۆ ئەوەی بتوانن هەڵگری دەوڵەمەندی و ئاڵۆزێتی ئەم بزووتنەوە فێمێنیستییە بن  و ڕێبەرایەتی بکەن کە بە داخەوە نەیان کرد و ئەمە بووە  هۆی ئەوە کە ڕاگوێزرانی ئاخر  کە لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ئێران بوو کە شوعاری " زن، زندگی، آزادی " ببێتە شتێکی زۆر زۆر جودا لە ژن، ژیان، ئازادی. یانی بەو مانایە کە ئەو هەڵە سیاسییەی کە  کرا و " تمامیت ارضی" تەرجوومە کراوە بە " یکپارچگی سرزمینی"  بە ڕاستی هەر وەک کە کوتم ئەوە سڕینەوەی ستڕاتێژییەکان بوو. لەبەر ئەوە ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ئەو تەعریفە ئینتر سێکشناڵەی  ژن، ژیان، ئازادی ئەتوانین بڵێین  بەشی ستەمی ژنانە تەوەجوهی پێ کراوە تاڕادەیەکی لاواز، بەشی ستەمی چینایەتیش تەوەجوهی پێ کراوە بەڵام بەشی ستەمی نەتەوایەتی، وەکوو بڤە ماوەتەوە. کێشەکە ئە لێرەیە . ئەکتەری کورد ئەوەندە کز جووڵاوەتەوە نەیتوانیوە ئەسڵەن بو ستەمی نەتەوایەتی تەعریفی مەسەلە بکا. یانی لە جیاتی تەعریفی مەسەلەی ستەمی نەتەوایەتی، تابووی  " تمامیت ارضی" تەرجوومە کراوە بە " یکپارچگی سرزمینی". یانی ستەمی نەتەوایەتی له ژێر ناوی " یکپارچگی سرزمینی"  لە ئاستی وێژمانی دیسان بەرهەم هێندراوەتەوە.  
هەر لە ئەوەڵەوە ستەمی نەتەوایەتی وەکوو تابوویەک، بڤەیەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە و ستەمی نەتەوایەتی بۆتە هەمان تەجزییە تەڵەبی و ئێمە وەکوو بزووتنەوەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوێکش  نەچووینەتە بەرەوە. باسەکەم بەمه کۆتایی دێنم کە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەیتوانیوە زمانێکی سیاسی هاوبەش لەگەڵ ئێرانییەکان دروست بکا،  ئەمە دوو هۆی هەیە، یەک ئەوەی کە کوردەکان بۆخۆیان جموجووڵیان زۆر زۆر لاواز بووە لەبەر نایەکگرتووییان، دووش ئەوەی کە ئەو ناسیۆنالیزمە تیژپەڕە ، ئەو پان ئیرانیزمە کە لە ناو ئێرانا هەیە  ئاستەنگ بووە بەڵام ئێمە  لانی کەم وەکوو کورد ئەتوانین بەشی یەکەمەکەی عامیلییەتی سیاسیمان ببێ، بەشە دووەمینەکەی ئەوە ئیدی لە دەستی ئێمە دا نییە بەڵام  بەشە یەکەمینەکەی لە دەستی ئێمە دایە  و ئێمە نەمانتوانیوە بە ڕاستی خاوەندارێتی لەو شۆڕشە بکەین. زۆر سپاستان ئەکەم.

[ چەپڵەی ئامادە بووانی کۆنفڕانس]
سوهەیلا قادری: زۆر سپاس سوهەیلا گیان من هەر دەمەوێ نەتیجەگیرییەکی چکۆڵە بکەم. ئەویش ئەوەیە کە ژنانی کورد فێر بوون لە دەرەوەی سنوورەکان بیر بکەنەوە جووڵانەوەی ژنانی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بێ لە جووڵانەوەی ژنانی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان موتەئەسیرە. باش دەبوو ئەگەر حیزبە سیاسییەکانیشمان لەوەی دەرسێکیان وەرگرتبایە هیوادارم .
[چەپڵەی ئامادە بووان]
دەتوانین سێ پرسیار وەرگرین بۆ هەر پانێلیستەی پرسیارێک، فەرموون ئەگەر پرسیارێک هەیە!

بێژەن قارەمانی: سڵاو و ڕێز بۆ گشتی بەشداران  و بۆ بەڕێوەبەرانی ئەو پانێلە و ئەو بەڕێزانەی کە  بابەت و وتاریان پێشکێش کرد، زۆر بە کورتی لە سەر قسەکانی ئەو خاتوونە بەڕێزە
سوهەیلا قادری: سوهەیلا شەهریاری
بێژەن قارەمانی: سوهەیلا شەهریاری و کاک عەممار گوڵی کە باس لە ڕەخنە دەکەن. بەڵێ ڕەخنە  ڕەوایە بەڵام ئەمن هیوادارم قەت ڕەخنەی کوردی ڕۆژهەڵات نەچێتە قۆناغی ڕەخنەی کوردی باشوور. لە سەر مەوزووعی حیزبەکان ئەمن بۆخۆم یەکێک لەو کەسانەم کە مونتەقیدی ئەسڵی حیزبەکانم بە حیزبەکەی خۆشمەوە  وە دۆستانی حیزبی ئەمن باش دەناسن لەو ڕوانگەوە نووسراوەکانم گەواهی ئەو شتەی دەدەن بەڵام  ئەوەی کە بمانەوێ هەموو شتێک زەریبی سیفر کەین و حیزبەکان تا حەدی ڕووخاندن ئەمن پێم وایە ئەوە بە شتێکی  دروست نازانم چون ئێمەش تەعقیبی جەرەیاناتەکەمان  کردووە بە شێوەی عەمەلی لە کوردستان حەدی ئەقەل  بیست ساڵم کار کردووە و پازدە ساڵیشە ئەگەر بڵێم بە تەواو وەخت لە حیزب دا نەبووم بەڵام چاوەدێری حیزبەکان هەم و ڕووداوەکان. ئەمن پێم وایە بۆ نموونە مەسەلەن حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بە تایبەت پێش شۆڕشی ژینا یەکی گرتەوە، ئەو یەکگرتنەوە زۆر تەئسیرێکی ئەساسی بنەڕەتی هەبوو دەو شۆڕشە دا. ئەوەمان لە بیر نەچێ و حیزبی دێمۆکڕات هیچی کەم دانەنا، ئیمکاناتەکەی ئەوە بوو، دەبێ حیزبەکەش بناسین، ئیمکاناتەکەش بناسین، سیستمەکەش بناسین لە باری مەعنەوی. لە باری مادی، لە باری ئینسانی، لە باری ڕاگەیاندن کەمووکووڕیشی هەبوو
سوهەیلا قادری: تکایە پرسیارەکەتان مەتڕەح کەن!
بێژەن قارەمانی: تکایە خلاس بوو. ئەوانەی هەبوو بەڵام قەرار نییە بەو شێوەیە یەک لایەنە بیان کوتین، پێم وایە دەبێ یارمەتیدەریان بین، هەر ئەوەی کە ئەوڕۆ کۆمەڵێک ئەندامی هەموو حیزبەکان لە کادری باش و ڕێبەرایەتی لێرەن ئەوە نیشانەی  ئەو یەکگرتوویی یە. سپاستان دەکەم دووبارە.
سوهەیلا قادری: سوهەیلا گیان وڵامێکت هەیە؟
سوهەیلا شەهریاری: من دەتوانم جواب بدەمەوە هەر ئێستا؟
سوهەیلا قادری: بەڵێ فەموو.


سوهەیلا شەهریاری: ئەوەی کە من وەکوو کەسێک خوێندکاری زانستی سیاسیم  بۆ خۆم هەست بەو بەرپرسیارییەتی دەکەم  وەکوو کوردێک، وەکوو ژنێکی کورد وەکوو خوێندکارێکی  زانستی سیاسی زۆر زۆر جەخت ئەخەمە سەر ئەوەی کە ئێمە ئەبێ ڕوانگەی ڕەخنەگرانەمان ببێ یانی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە نەبێ ئێمە لە جێی خۆمان ئەمێنینەوە. یانی مەبەستی من ئەوەش نییە کە ڕەخنەکانم ڕووخێنەر بن. هەست دەکەم ڕەخنەکانی من ئافرێنەرن. یانی ئەوەی کە من باسی کۆمەڵە ئەکەم کە باسی " یکپارچگی سرزمینی " ئەکا  ڕەخنەیەکی واریدە یانی ئێمە ئەتوانین تا بەیانی  ئیستیدلال بکەین لە سەر ئەوەی کە " یکپارچگی سرزمینی" سڕینەوەی ستراتێژی کوردە، سڕینەوەی ستڕاتێژی سەد ساڵەی کوردە. ئەوە ڕەخنەیەکی ئافرێنەرانەیە.[ چەپلەێ ئامادە بووان]، زۆر سپاس. ئەوە پێم وا نییە ڕەخنەیەک بێ کە پێشینەی خەباتگێڕانەی کۆمەڵە بەرێتە ژێر پرسیار. نا هەموومان قبووڵمانە کۆمەڵە بەشداری ژنانی تێدا بووە زۆر زۆر پڕۆگرێسیست بووە بەڵام لە زەمانی خۆیدا نەک ئێستا. ئێستا ڕاکیدە. ئەبێ ئەوە ببینین. ئەوەندە من ڕادیکاڵ بیر دەکەمەوە تەنانەت بۆچوونم جیاوازە لەگەڵ ئەفسانە خانم [بە ئەنگوست ئاماژەی پێ دەکا] کە کوتی بەشداری ژنانی کۆماری مەهاباد بەشدارییەکی پچووک بووە، هێندێک کەس بوون، بەڵێ بەشدارییەکی پچووک بووە بەڵام یانی من مەبەستم ئەوەیە ئەو دیدە ئەنباشتییەشم هەیە. مەسەلەن بۆ ژنانی مەهاباد ئێمە هێشتا ئەدەبیاتمان بەرهەم نەهێناوە. یانی من بە زمانی ئینگلیسی و فەڕانسەیی ئەگەڕێم کە مەسەلەم بەشداری ژنان لە کۆماری مەهاباد
یەک لە بەشدار بووان: کۆماری کوردستان
سوهەیلا شەهریاری: بەڵێ کۆماری کوردستان، کۆماری کوردستان ببینم هێشتا ئێمە ئەدەبیاتمان نییە  کە تۆ ڕێفرێنسی پێ بدەی کە ئێمە بێین ڕەخنەی ئاوا زۆر توندی لێ بکەین. بەشدارییەک بووە ڕەخنەی لە سەرە بەڵام دەبێ ئەوەڵ لیترچێرمان هەبێ دواتر ڕەخنە بگرین.  مەبەستم ئەوەیە کە من دیدی ئەکیومۆلێتیڤ یا دیدی ئەنباشتیشم هەیە من ڕێز ئەگرم بۆ تەواوی ئەو خەباتەی کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، لە کۆماری مەهابادە هەتا هەر موبارەزەیەکی تر بەڵام  ئەبێ دیدی ڕەخنەگرانەشمان ببێ دەنا نەمان بێ ناتوانین پێش بکەوین. زۆر سپاس.
سوهەیلا قادری: زۆر سپاس.  ئەمنیش بە نورەی خۆم پێم خۆشە نوختەیەکی چکۆلە باس بکەم ئەویش ئەوەیە  کە لە ڕوانگەی منەوە حیزبە سیاسییە کوردییەکان مەشخەڵداری خەباتی کوردی بوون هیچ کاتێک نەبووە کە ئەمن بە بەشی خۆم لە جێگای خۆی چ بۆنەیەکی ئاکادێمێک بووبێ، چ کۆمەڵایەتی بووبێ، چ کۆمەڵگەی مەدەنی بووبێ باسی ئەو ڕاستییەم نەکرد بێ. یانێ جێگای ئەو حیزبانە، خەباتیان، حزووریان بۆ ئێمە جێگای ڕێزە، جێگای ئیحترامە بەڵام پێم وایە ڕەخنە تاکە کەس گەورە دەکا،  پێم وایە یارمەتی گرووپیش دەدا کە ڕەخنە لە خۆی بگرێ، ببینێ، باشتر بێ هەموومان لە دەوری ئامانجێک کۆبووینەوە ئەویش یەکەم لە بەین چوون و وەلانانی کۆماری ئیسلامی لە ئێرانە بۆ ئەوانەی کە کوردی ڕۆژهەڵاتن و گەیشتن بە ئازادی بە مانای واقعی و گەیشتن بە دێمۆکڕاسی. ئەو ڕەخنانە با بە چاوێکی بەرئاواڵا وەربگرین. من بەشەخسە وا فکر دەکەمەوە کە زۆری لێ فێر دەبین  و کۆمەگمان دەکا کە بەرەو پێش بچین. بۆ ئێمە جێی ڕێز و ئیحتیڕامن حیزبە سیاسییەکان  لەوەیدا هیچ تەردیدێک نییە. فکر دەکەم بۆ نەسلی جەوانتر لە منیش کە بەجێی منداڵەکانی منن  لێرە دانیشتوون هەر ئەوە بێ، ڕەخنەگرتن بە مانای ڕەد کردنەوە نییە. زۆر سپاستان دەکەم. [چەپلەی ئامادە بووان]
دەنگێک: کات تەواو بوو.
سوهەیلا قادری: شەوێکی خۆشتان بۆ ئارەزوو دەکەم

عەزیز ماملێ بەڕێوەبەری گشتی کۆنفڕانسی ژن، ژیان ، ئازادی و داهاتووی ڕۆژهەڵات ( کۆمیتەی دیالۆگی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان): ئامادەبووانی بەڕێز، پانێلیستەبەڕێزەکان گەلێک سپاس بۆ بەشداریتان. باس و خواسێکی زۆر چڕوپڕ و بە ناوەرۆک بوو، ڕاستەوخۆ و ڕاشکاو بوو. پێم وایە بزووتنەوە و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەبێ زۆر خۆشحاڵ بێ لەوەی کە گەنجی ئاوامان پێ گەیشتوون، ژنانی ئاوامان هاتوونە سەر شانۆی کۆمەڵایەتی. من تەنیا یەک شت باس بکەم ئەویش ئەوەیە کە بابەتەکان زۆر بابەتی سەرنجڕاکێش بوون، زۆر باش بوون بەڵام جێگای دووبابەت دیار بوو، چۆل بوو ئەویش یەکیان بابەتی هونەری بوو و لەو چوارچێوە دا ئەمن جوانترین سپاس و پێزانینی کۆمیتەی دیالۆگی کۆنگرەی نەتەوەیی ئاڕاستەی ڕووناک خانمی ڕەسووڵپوور دەکەم بۆ ئەوەی ئەو ئافیشە جوانانەی ئێرەی بە لەخۆ بوردوویی بەکات دانانێکی زۆر بۆ ئێمەی ئامادە کرد یەک ئەو پرسە بوو کە کەمایەسی بوو و دەبوو لێرە هەبێ . هونەر بۆ داهاتوو، بۆ کۆنفڕانسێکی داهاتوو حەتمەن دەبێ هەبێ لە پێناو و لە پێوەندی لەگەڵ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هەر وەها پرسی حقووقی کە لێرە دا جێگای بەتاڵ بوو کە بە باوەڕی من پرسێکی گرینگە و حەتمەن دەبێ پێوەی بچارێن  لە کۆمەڵگەی کوردستان بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ مەجلیسی موئەسیسانی داهاتوو، لە پێوەندی لەگەڵ دەستووری ئێران، قانوونی ئەساسی داهاتووی ئێران دەبێ لێکدانەوەیەکی حقووقی هەر لە ئێستاوە بێتە ئاراوە و ئامادەکاری بۆ بکرێ.

[بە گوتنەوەی دروشمی ژن. ژیان، ئازادی کۆنفڕانس دوایی دێ]











 



No comments: