هارۆڵد پینتر- دۆستی کوردان، شارۆمه‌ندی جیهان
هارۆڵد پینتر – دۆستی کوردان، شارۆمه‌ندی جیهان
نووسینی: ئه‌میری حه‌سه‌نپوور
وه‌رگێڕان له‌ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
ئه‌و سه‌رنجه‌ی که دراوه‌ته سه‌ر هارۆڵد پینتر، شانۆنووسی هه‌ڵکه‌وتووی بریتانیایی شادیهێنه‌ره،ئینسانێک که بۆ دنیایه‌کی باشترخهباتی ده‌کرد و له سه‌روبه‌ندێک دا ئێمه‌ی به‌جێهێشت که کاره‌ساتی ئابووری و سیاسی بۆن و به‌رامه‌ی ساڵانی 1930 یه‌کانی لێدێ. ئه‌من له‌م نووسینه‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه له سیڵاوی ئه‌و مهرگنامانهی له مه‌ڕ پینتر که مێدیای له سه‌رتاسه‌ری دنیا وه‌به‌رگرتووه شتێک زیاد که‌م. له جیاتیان، ده‌مه‌وێ له ده‌زگا سه‌ره‌کییه‌کانی مێدیا وردبمه وه که به چ شێوه‌یه‌ک سیاسه‌ته‌کانی پینتر نیشان ده‌ده‌ن. زۆر شت هه‌یه سه‌باره‌ت به ژیانی دره‌وشاوه‌ی پینتر بنووسرێ و بگوترێ. ئه‌من له‌م نووسراوه‌یه دا له‌سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ کوردان ڕاده‌وه‌ستم. ماڵپه‌ڕێکی کوردی نووسیویه: " کوردستان دۆستێکی له ده‌ست دا."
زۆر له‌و یادنامانهی له‌مه‌ڕ پینتر نووسراون ئاماژه به سیاسه‌ته چهپییهکانی و باسی ئه‌و شانۆنامه کورته‌ی ئه‌و ده‌که‌ن که له ساڵی 1988 به ناوی "زمانی شاخ" پێشکێشی کرد و ئه‌وه به به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ سیاسه‌تی "جه‌نجاڵی" وی داده‌نێن. ئیلهامی نووسینی ئه‌و شانۆنامه‌یه سه‌فه‌رێک بۆ که پینتر کردی بۆ ترکییه، و له رووداوه کانی سه‌رکوتکردنی نووسه‌ران، ڕۆژنامه‌نووسان،و خه‌ڵکی دیکه، له وانه گه‌لی کورد دوا،که له مافی سه‌ره‌تایی وه‌کوو قسه کردن به زمانی خۆیان بێ به‌ش کرابوون. ئه‌گه‌رچی ئه‌و شانۆنامه‌یه ڕاسته‌وڕاست باسی هیچ شوێنێکی جوگرافیایی یان زمانی کوردی ناکا، به‌ڵام گاردی زیندانان نیشان ده‌دا که له زیندانییه‌کان قه‌ده‌غه ده‌که‌ن به زمانی خۆجێیی خۆیان قسه بکه‌ن. ئه‌وه له ڕاستیدا، شتێک بوو له ترکییه ڕوویده‌دا له‌وکاته‌ی دا که پینتر له ساڵی 1985 سه‌ری له ترکییه ده‌دا، به دوای کوده‌تای عه‌سکه‌ری ساڵی 1980 دا، زیندانییه سیاسییه کورده‌کان ڕێگه‌یان پێ نه‌ده‌درا له گه‌ڵ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌کانیان که ده‌چوونه سه‌ردانیان به زمانی زگماکی خۆیان بدوێن، به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی به ساڵداچوو، و خه‌ڵکی گونده‌کان زمانی ڕه‌سمیی ده‌وڵه‌ت واته، ترکییان نه‌ده‌زانی. دواتر پینتر باسی کرد که ئیلهامی ئه‌و شانۆنامه‌یه ئه‌زموونی کوردییه به‌ڵام سه‌باره‌ت به به‌ستێنێکی تایبه‌تی نییه. ئه‌و کوتی سه‌رکوتکردنی مافی زمانی دیارده‌یه‌کی جیهانییه. ده ڕاستی دا ئه‌و سه‌روبه‌نده‌ی که پینتر بڕیاری دا نووسینی "زمانی شاخ" له ساڵی 1988 ته‌واوبکا، حکوومه‌تی مارگارێت تاچر تازه بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگی جێری ئادامس، ڕێبه‌ری شین فه‌ین ی له ڕادیۆ و تێلێڤیزیۆنه‌وه قه‌ده‌غه کردبوو.
ڕووناکبیرانی کورد پێشوازییان له ' زمانی شاخ' کرد و وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک به‌کاریان هێنا بۆ خستنه به ر چاوی سیاسه‌ته زمانکوژییه کانی ترکییه. هه‌ر بۆیه، تێگه‌یشتن له‌وه‌ی که ده‌زگا مێدیا سه‌ره‌کییه‌کان ئه‌و شانۆنامه‌یه به نموونه‌یه‌ک له سیاسه‌تی چه‌پی داده‌نێن دژوار نییه. ئه‌و شانۆنامه چه‌پییه تا راده یێک له به ر ئه وه ی که زۆر له سیاسه‌تمه‌داره خۆپارێزو لیبێراڵه‌کان له ڕۆژئاوا به‌رگرییان له سیاسه‌ته‌کانی دژی کوردی ترکییه ده‌کرد له کاتێکدا چه‌په‌کان به دژی ئه‌و سیاسه‌تانه خۆڕاگرییان ده‌کرد. زۆربه‌ی کۆڕ وکۆمه‌ڵی ئاکادێمیک، له‌وانه زۆربه‌ی ئه‌و زمانناسانه‌ی له سه‌ر زمانی کوردی کاریان ده‌کرد، هیچ ده‌نگ و نووزه‌یه‌کیان لێوه نه‌ده‌بیسترا به دژی کوشتنی ئه‌و بابه‌ته‌ی کاریان له سه‌ر ده‌کرد.
ده‌زگا مێدیا سه‌ره‌کییه‌کان پێکێشی ده‌که‌ن له سه‌ر ئه‌وه‌ی که شه‌قڵی "جه‌نجاڵی" بوون له سیاسه‌ته‌کانی پینتر بده‌ن. ئه‌وه نه‌ک وشه‌یه‌کی بێلایه‌ن نییه، به‌ڵکوو له‌م چوارچێوه‌یه دا، بارێکی قورسی ئیدێئۆلۆژی لێ شه‌ته‌ک دراوه. کاتێک بیرێک وه‌کوو "جه‌نجاڵی" لێک ده‌درێته‌وه، ئه‌وه زیاتر سیاسه‌تی ئه‌و لایه‌نه‌ی ئه‌مه ده‌ڵێ ده‌رده‌بڕێ تا ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌و بیره‌ی بێ که قسه‌ی لێوه ده‌کرێ. مه‌به‌ست له‌وکاره سووک کردنی بیره‌که وسه‌لماندنی ئه‌وه‌یه که له لایه‌ن زۆربه‌وه ناپه‌ژرێندرێ. به‌ڵام باشه بۆ ده‌بێ دژایه‌تیکردن به کارێکی "جه‌نجاڵی" دابندرێ وه‌ک ئه‌وه‌ی که پینتر به دژی سیاسه تی زمانکوژیی ترکییه، سه‌رکوتکردنی گه‌لی فه‌له‌ستین له لایه‌ن ئیسرائیله‌وه، یان جینایه‌ته‌کانی ئه‌مریکا و بریتانیا له ڤییێتنام، عێراق، و ئه‌فغانستان کردی؟
ئه‌و مه‌رگنامه و وهبیرهێنانهوانهی له‌مه‌ر پینتر نووسراون، به نابه‌دڵی جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن که ئه‌و هه‌تا پیرتر ده‌بوو له جیات ئه‌وه‌ی له بۆچوونه‌کانیدا نه‌رمتر و له سه‌ره‌خۆتر بێ، هه‌ر ڕادیکاڵتر ده‌بوو. به ڵام ئه‌وان له‌وه بێده‌نگن که له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ده ساڵی دوایی ژیانی پینتر دا زۆرداری، هه‌ژاری و شه‌ڕ زیادی کردووه و ئه‌و به دژیان هه‌ڵوێستی ده‌رده‌بڕی و خه‌باتی ده‌کرد. وتاری پینتر له ڕێوڕه‌سمی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێل دا توانایی ئینسانێکی سه‌لماند که ڕاست له چه‌قی ڕووناکبیریهتی ده‌سته‌مۆ دا به دژی ناعه‌داڵه‌تی ڕاده‌په‌ڕی و ملی لێ ده‌سوو. پینتر له سه‌ر کورسییه چهرخدارهکهی له نه‌خۆشخانه‌وه شه‌ڕی ساڵی 2003ی ئه‌مریکا و بریتانیای به دژی عێراق به زمانێکی ڕوون شه‌رمه‌زار کرد: "ئێمه ئه‌شکه‌نجه، بۆمبی هێشوویی، یۆرانیۆمی دا‌غ، کرده‌وه‌ی بێ ئه‌ژماری کوشتنی ڕه‌مه‌کی، بێچاره‌یی، کۆڵه‌واری و مه‌رگمان بۆ خه‌ڵکی عێراقێ به دیاری هێناوه و نێومان لێناوه 'هێنانی ئازادی و دێمۆکراسی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست' ". ئه‌و هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌شی جه‌خت کرده‌وه که ئه‌مریکا پشتی "هه‌موو دیکتاتۆرییه‌کی عه‌سکه‌ری ڕاست ئاژۆی له جیهاندا..." گرتووه و جینایه‌ته‌کانی "به‌ته‌کووز، به‌رده‌وام، نگریس، و بێ به‌زییانه..." بوون.
پینتر خۆی به "شارۆمه‌ندێکی جیهان" ده‌زانی. ئه‌وه‌ش هۆیه‌کی دیکه‌یه که ده‌زگا مێدیا سه‌ره‌کییه‌کان سیاسه‌ته‌کانی به چه‌پ ده‌ناسێنن. کۆنزێرڤاتیزم و لیبێرالیزم پێڕۆیی له به جیهانیبوونی بازاری سه‌رمایه‌داری ده‌که‌ن به‌ڵام له گه‌ڵ بیر و کرده‌وه‌ی شارۆمه‌ندێتی جیهانی نین، ته‌نانه‌ت به مانای یه‌کسانی گشت دانیشتوانی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ش. به پێچه‌وانه‌ی مهرگنامهکان، له‌و ڕێبازه دا پینتر به ته‌نێ نه‌بوو و به هیچ کلۆجێ دوایین ئه‌ندامی ئه‌و وه‌جه له ڕووناکبیران نه‌بوو که دژی شه‌ڕ، هه‌ژاری و ماڵوێرانی ڕاپه‌ڕین و ڕاوه‌ستاون. ته‌نانه‌ت له ماوه‌ی ژیانیشی دا، لیستێکی درێژ له‌و ڕووناکبیرانه هه‌بوون و هه‌ن له ژان پۆل سارتره‌وه تا ده‌گا به نۆئام چامسکی. هێشتا ئه‌م پرسیاره بێ وڵام ده‌مێنێته‌وه: بۆچی زۆربه‌ی ڕووناکبیره ترکه‌کان ڕچه‌ی هاو شارۆمه‌نده‌کانیان وه‌کوو ئیسماعیل بێشکچی، ئورهان پامووک یان یاشار که‌ماڵ هه‌ڵناگرن که نایانه‌وێ سه‌یرکه‌رێک بن و به دژی سه‌رکوتکردنی گه‌لی کورد ڕاده‌وه‌ستن؟ بۆچی ناسیۆنالیسته کورده‌کان چه‌پڵه بۆ "زمانی شاخ" لێده‌ده‌ن به‌ڵام شه‌رمه‌زار کردنی شه‌ڕی ئه‌مریکا له عێراق و پاشماوه‌ی جیهان له لایه‌ن پینتره‌وه به‌رز نانرخێنن و پێی نازانن؟ بۆچی پینتر به دژی شه‌ڕه‌کانی ئیمپریالیستیی ئه‌مریکا و بریتانیا بوو و ناسیۆنالیسته کورده‌کان به‌رده‌وامن له سه‌ر پشتیوانی لێکردنیان؟
بۆمن دژوار نییه له‌و ناکۆکییانه تێبگه‌م. خه‌بات و تێکۆشانه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بۆ ساز کردنی جیهانێکی به‌دیلی سیستمی سه‌رمایه‌داری، سه‌ره‌ڕای سه‌رکه‌وتنه به‌راییه‌کانیان، تێک شکان . ئه‌و تێک شکانانه نه‌ک ئه‌وه‌ی به مانای کۆتایی مێژوو بن به‌ڵکوو بانگه‌وازێکن بۆ سه‌رده‌مێکی نۆێی مێژوو، خه‌بات و تێکۆشانی نوێ، و حه‌ول و مله‌ی نوێ بۆ سازکردنی دنیایه‌کی نوێ. دنیا له سی ساڵی ڕابردوو دا، به ده‌ست ناسیۆنالیزم ودینه‌وه گیری خواردووه. فاشیزم و نازیسمی نوێ، که له‌سه‌ر وبه‌ندی قه‌یرانی ئابووریدا ئاهێکیان به به‌ر داهاتووهتهوه، له گۆشهوکهناران خۆیان مات داوه. ئه‌گه‌ر، له ساڵانی 1930 یه‌کاندا، زۆر بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بوون له‌وانه بزووتنه‌وه‌یه‌کی کۆمۆنیستیی نێونه‌ته‌وه‌یی که خه‌باتی ده‌کرد بۆ پێکهێنانی به‌ره‌یه‌کی یه‌کگرتوو به دژی فاشیزم، له‌م ڕۆژگاره دا، ته‌نێ لێروله‌وێ پڕۆتێستی تاک که‌وتوو، ناوچه‌یی و خۆجۆش به دی ده‌کرێن، دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که چبڕ ئیدی خه‌ونێک یان تواناییه‌ک بۆ سیاسه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی له ئارا دا نه‌بێ. خه‌ڵکی جیهان خه‌ون و ئیراده‌ی خۆیان له 15ی فێورییه‌ی 2003 دا نیشان دا کاتێک که به میلیۆنان ڕژانه سه‌ر کۆڵان و شه‌قامان بۆ دژایه‌تیکردن له گه‌ڵ شه‌ڕی ئه‌مریکا-بریتانیا له عێراق. بووش و بلێر بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی خۆیان ڕابگه‌یێنن ناچار بوون داڵده به‌رنه به‌ر دوڕگه‌کانی ئازۆرێس.
ئێمه به دوای کۆتایی هاتنی شه‌ڕی سارد دا شاهیدی شه‌ڕ و هه‌رای نهپساوهین. ئه‌مڕۆ، سه‌رباقی ده‌وڵه‌ته‌کان وه‌کوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی زه‌بروزه‌نگی ڕێکخراو، ده‌سته بنچینه‌گره ئێتنیکی و دینییه‌کانیش، چ ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌تان پشتیان ده‌گرن و چ ئه‌وانه‌ی به ده‌وڵه‌تانه‌وه نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه، شه‌ڕو کێشه‌ی ناوچه‌یی، هه‌رێمی و نێونه‌ته‌وه‌یی ساز ده‌که‌ن. ئیمپریالیزم و بنچینه‌گره‌کان ژیانی خه‌ڵک له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا تێک و مه‌کان ده‌ده‌ن. ئه‌من که له‌وه‌تا ساڵانی 1960 کانه‌وه له سێ ویشکاڕۆی جیهاندا له ده‌وروبه‌ری ئاکادێمیک دا ژیاوم، به قووڵی نیگه‌رانم له‌و که‌شوهه‌وایه‌ی که له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا باڵی به‌سه‌ر بابه‌تی تێئۆریک دا کێشاوه. شێوه‌ی بیرکردنه‌وه ی دوا بناخه‌گری (پۆست ستراکچرالیسم)، که جێهانگهرێتی و ته‌واو خۆازی به‌یه‌ک داده‌نێ به زوڕنای تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی بابمهزنایهتی، خێڵه‌کایه‌تی،دینی و ناسیۆنالیستی هه‌ڵده‌په‌ڕێ. ڕێژه‌یه‌تی کولتووری، که ڕێبازێک بوو بۆ خه‌بات له دژی یووجێنیکس (سازکردنی ره گه زی پاڵاوته) و فاشیزم له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، له کۆتاییه‌کانی ئه‌و سه‌ده‌یه دا بوو به چه‌کێک به دژی مافه جیهانییه‌کان و ئهنترناسیۆنالیزم. ئه‌و جۆره سیاسه‌تانه به‌لای پینتره‌وه باش نه‌بوون و هانده‌ری وی نه‌بوون. وتاره‌که‌ی له بۆنه‌ی وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی نۆبێل له ساڵی 2005 دا وه‌کوو دادگه‌کانی بێرتراندڕاسڵ وابوون له ساڵانی 1960 کاندا، که ئه‌مریکای دادگایی کرد له به‌ر ئه‌و جینایه‌ت و جێنۆسایده‌ی له ڤییێتنام کردبوونی، ئێستا تێچووی ساڵانه‌ی عه‌سکه‌ریی دنیا زیاتر له یه‌ک تریلیۆن دۆڵاڕه، و بلۆکه‌کانی کۆن و نوێی عه‌سکه‌ری – ناتۆ، ڕووسییه، چین، و هیندووستان – خه‌ریکن شکڵ ده‌گرن و شه‌ری زۆرماڵوێرانکهرتر له دوو شه‌ڕه جیهان گره‌وه‌کان هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌که‌ن. هه‌ڵگه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه ده‌رده‌داره‌ی ئێمه‌ی تێداده‌ژین کاتێک ده‌ست ده‌دا ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌کانی پینتر ببنه سه‌ره‌کی و ئه‌و کاته‌ی که سیاسه‌ته خۆپارێز/لیبێراڵه کان له چاوی زۆربه‌ی شارۆمه‌ندان دا به جهنجاڵیانه ببیندرێن.
________________________________________
ئه‌میری حه‌سه‌نپوور پرۆفێسۆری جێگره له دیپارتمانی شارستانییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نزیک و نێوه‌ڕاست، له زانکۆی تۆرانتۆ، و له‌وێ ده‌وره‌ی ناسیۆنالیزم له رؤژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست، مێدیای گشتی، بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و تێئۆری و مێتۆد له لێکۆڵینه‌وه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا به ده‌رس ده‌ڵێته‌وه. حه‌سه‌نپوور له زانکۆی تاران ئه‌ده‌بییات و زمان‌ناسی خوێند، و دوایه له زانکۆی ئیلینۆی له ئووربانا-شه‌مپه‌ین له بواری کامیونیکه‌یشنز دا درێژه‌ی به خوێندنی خۆی دا. ئه‌و له زانکۆی ویندسۆر و کۆنکۆردیاش له بواری لێکۆڵینه‌وه‌ی مێدیا دا ده‌رسی گوتووه. کتێبی حه‌سه‌نپوور "ناسیۆنالیزم و زمان له کوردستان، 1985-1918" له ساڵی 1992 له سانفرانسیسکۆ بڵاو بووه‌ته‌وه. حه‌سه‌نپوور له گۆڤاران و ئێنسیکلۆپێدیای تێلێڤیزیۆن، ئێنسیکلۆپێدیای ئیرانیکا، ئینسیکلۆپێدیای ئاسیای مۆدێڕن، قامووسی نوێی گرۆڤ سه‌باره‌ت به مووزیک و مووزیکزانان،ئێنسیکلۆپێدیای ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی مۆدێڕن، ئێنسیکلۆپێدیای جێنۆساید و جینایه‌ت به دژی ئینسانییه‌ت، ئینسیکلۆپێدیای ژنان و فه‌رهه‌نگه ئیسلامییه‌کان، و ئێنسێکلۆپێدیای تاراوگه‌کان ده‌نووسێ و تا ئێستا زۆر وتاری تێدا بڵاوکردوونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌ی ئه‌م وه‌رگێڕانه:
Monthly Review Zine
http://mrzine.monthlyreview.org/hassanpour291208.html
2008-12-29