Saturday, February 20, 2010

جاڕنامەی جیهانیی مافی زمانی


Universal Declaration of Linguistic Rights

جاڕنامەی جیهانیی مافی زمانی
سەرەتاکان
ئەو دامەزراو و ڕێکخراوە نا- حکومییانەی،کە لە ٦ تا ٩ی مانگی ژوەنی ساڵی ١٩٩٦ لە بارثێلۆنا کۆبوونەوە، واژۆکارانی ئەم جاڕنامەیەی ئێستای مافی زمانین،
* بە لەبەرچاو گرتنی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆ کە لە ساڵی ١٩٤٨ دا پەسند کراوە و لە سەرەتاکەی دا دەڵێ " باوەڕی بە مافە بنەڕەتییەکانی مرۆ، بە کەڕامەت و بایەخی کەسایەتی ئینسانان و مافی یەکسانی پیاوان و ژنان" ؛ و لە مادەی دووهەمی دا دەڵێ کە "هەموو کەس هەموو ماف و ئازادییه‌کی لێدەوەشێتەوە" بە بێ لە بەرچاو گرتنی " ڕەگەز، ڕەنگی پێست، جینس، زمان، دین، باوەڕی سیاسی یان باوەڕی دی، ڕەچەڵەکی نەتەوەیی یان کۆمەڵایەتی،مڵک،شوێنی لە دایکبوون یان پلەی دیکە"؛
* بە لە بەرچاوگرتنی پەیماننامەی جیهانی مافی مەدەنی وسیاسی کە لە ١٦ی دیسامبری ١٩٦٦ دا پەسند کراوە ( مادەی ٢٧) ، هەر وەها پەیماننامەی جیهانی مافەکانی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری کە لە هەمان بەروار دا پەسند کراون و، لە سەرەتاکانیان دا ڕادەگەیێنن ئینسانەکان ناکرێ ئازاد بن هەتاوەکوو هەلومەرج پێک نەیە بۆ ئەوەی بتوانن لە مافی مەدەنی و سیاسی خۆیان و مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووری خۆیان کەلک وەربگرن ؛
*بە لەبەرچاوگرتنی بڕیارنامەی ١٣٥/ ٤٧ ی بەرواری ١٨ی دیسامبری ١٩٩٢ی ئەنجومەنی گشتی ڕێکخراوکانی نەتەوەیەکگرتووەکان کە جاڕنامەی جیهانیی مافی کەسانی سەر بە کەمایەتییە نەتەوەیی، ئێتنیکی، دینی و زمانییەکانی پەسند کرد؛
*بەلەبەرچاوگرتنی جاڕنامەکان و پەیماننامەکانی شووڕای ئوڕووپا، وەکوو پەیماننامەی ئوڕووپایی پاراستنی مافی مرۆ و ئازادییە بنەڕەتییەکان، کە لە ٤ی نۆڤامبری١٩٥٠پەسند کرا (مادەی ١٤) ؛ پەیماننامەی شووڕای وەزیرانی شووڕای ئوڕووپا، لە ٢٩ی ژوەنی ١٩٩٢، پەسند کردنی مەنشووری ئوڕووپایی سەبارەت بە زمانە هەرێمی یان کەمایەتییەکان ؛ جاڕنامە سەبارەت بە کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە لایەن کۆبوونەوەی لووتکەی شووڕای ئوڕووپا لە ٩ی ئۆکتۆبری ١٩٩٣ و، پێوانەی پەیماننامەی پاراستنی کەمایەتییە نەتەوەییەکان پەسند کراوی نۆڤامبری ١٩٩٤ ؛
* بە لەبەر چاوگرتنی جاڕنامەی کلووبی پێن لە سانتیاگۆ دوێ کۆمپۆستێلا و جاڕنامەی ١٥ی دیسامبری کۆمیتەی وەرگێڕان و مافی زمانی کلووبی پێنی نێونەتەوەیی سەبارەت بە پێشنیازی بەستنی کۆنفڕانسێکی جیهانی لە سەر مافە زمانییەکان؛
بە سەرنجدانە سەر جاڕنامەی ٩ی ئۆکتۆبری ١٩٨٧ ، لە ڕێسایف، لە برازیل، کە ١٢ هەمین سێمیناری کۆمەڵەی نێونەتەوەیی بەرەوپێشبردنی پێوەندی نێوکۆلتووری داوای لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ هەڵێنانەوەی هەنگاوی پێویست بۆ جێبەجێ کردنی جاڕنامەی جیهانی مافە زمانییەکان؛
* بەلەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی ١٦٩ی ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کار پەسند کراوی ٢٦ی ژوەنی ١٩٨٩ سەبارەت بە خەڵکی ڕەسەن و عەشیرەتی لە وڵاتانی سەربەخۆ ؛
* بە لەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی جیهانیی مافی بەکۆمەڵی گەلان، لە بارثێلۆنا، لە مانگی مەی ١٩٩٠، کە ڕایگەیاند هەموو گەلان مافی دەربڕین و بەرەپێشبردنی کولتوور، زمان و شێوەی ڕێکخستنیان هەیە و، بەو مەبەستە دەبێ پێوانەی سیاسی، پەروەردەیی، پێوەندی و ستروکتووری حکوومەتی خویان وەخۆ بکرێ لە چوارچێوەی قەوارەی سیاسی جیاواز دا؛
* بەلەبەرچاوگرتنی جاڕنامەی کۆتایی کۆبوونەوەی گشتی فێدراسیۆنی جیهانیی مامۆستایانی زمانانی مۆدێڕن کە لە ١٦ی ئووتی ١٩٩١، لە شاری پێکس ( لە مەجارستان) پیک هات و داوای کرد مافە زمانییەکان وەک مافە بنەڕەتییەکانی تاک لە بەرچاو بگیرێن ؛
*بە لەبەرچاوگرتنی ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی مافی مرۆی شووڕای ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ، لە٢٠ی ئاوریلی ١٩٩٤، سەبارەت بە ڕەشنووسی جاڕنامەی مافی گەلانی ڕەسەنی خۆجێیی، کە مافی تاک لە بەر ڕووناکایی مافی بەکۆمەڵ دا هەڵدەسەنگێنێ ؛
* بەلەبەرچاوگرتنی ڕەشنووسی جاڕنامەی کۆمیسیۆنی مافی مرۆی ناوکۆیی ئەمریکایی سەبارەت بەمافی گەلانی ڕەسەنی خۆجێیی، کە لە دانیشتنی ١٢٧٨ لە ١٨ی سێپتامبری ١٩٩٥ دا پەسند کرا ؛
* بە سەرنجدانە سەر ئەو ڕاستیەی زۆربەی زمانانی ژێر مەترسی دنیا ئی گەلانی نا-سەروەرن و ئەوەی کە هۆکارگەلی سەرەکی بۆ بەربەست کردنی بەرەوپێشجوونی ئەو زمانانە و خێراتر کردنی پێواژۆی جێگرتنەوەی زمانێک بە یەکی دی بریتییە لە نە بوونی مافی هەبوونی حکوومەتی خۆیی و سیاسەتی دەوڵەتان کە بە سەر قەوارە سیاسی و ئیدارییەکانی خۆیان و زمانەکانیان دا دەسەپێنن ؛
*به‌ سه‌رنجدانه‌ سه‌ر، هێرش، کۆلۆنی کردن، داگیرکاری و نموونه‌کانی دیکه‌ی ژێرده‌ست کردنی سیاسی، ئابووری یان کۆمه‌ڵایه‌تی که‌ زۆجار داسه‌پاندنی ڕاسته‌وڕاستی زمانێکی بێگانه‌ یان، به‌ لانی هه‌ره‌ که‌مه‌وه‌، تێکدانی واتای نرخی زمانانیشی له‌گه‌ڵ دایه‌ و ڕیگا له‌ به‌رده‌م هێندێک بۆچوونی زمانی هێڕارشییانه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ پێبه‌ندی و وه‌فاداریی زمانی ئاخێوان پێشێل ده‌کا و؛ به‌له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه‌ی که‌ جێگۆڕکێی زمانێک به‌ یه‌کی دیکه‌ له‌ ئاکامی سیاسه‌تێکدا که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی زمانێکی پێشووی کۆلونیال یان ده‌سته‌ڵاتێکی ئیمپێریال دا هه‌ڵده‌سووڕێ ؛
*به‌ سه‌رنجدانه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ یونیڤێرسالیزم ده‌بێ له‌ سه‌ر بنه‌مای بیری جۆراوجۆری کولتووری و زمانی دابندرێ که‌ باڵاده‌ستتره‌ له‌و ڕه‌وتانه‌ی به‌ره‌و یه‌کده‌ست کردن و تاک خستنه‌وه‌ی دە پەراوێز خستن ده‌چن ؛
* به‌ سه‌رنجدانه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی، بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی هاوژینی هێمنانه‌ له‌ نێوان کۆمه‌ڵگه‌ زمانییه‌کان دا، ده‌بێ زنجێره‌ پرێنسیپێکی گشتی ببنیدرێنه‌وه‌ بۆ گارانتی پێشخستن و ڕێز لێنان له‌ هه‌موو زمانان و به‌کار هێنانیان له‌ بواری کۆمه‌ڵایه‌تی له‌ ئاستی گشتی و تایبه‌تی دا؛
به‌ سه‌رنجدانه‌ سه‌ر هۆکارگه‌لی جۆربه‌جۆری ده‌ره‌وه‌ی زمانی ( وه‌ک هۆکارگه‌لێ مێژوویی، سیاسی، خاکی، دێمۆگڕافی، ئابووری، کولتووریی کۆمه‌ڵایه‌تی و زمانناسیی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌و هۆکار گه‌له‌ی که‌ پێوه‌ندییان‌ به‌بۆچوونی به‌ کۆمه‌ڵه‌وه‌ هه‌یه‌) که‌ گیرو گرفتی ئاوا ده‌خولقێنن که‌ ده‌گاته‌ خامۆش بوون، ده‌په‌راوێز که‌وتن و گنخانی زمانانی بێ ئه‌ژمار و، و ئه‌وه‌ی که‌ دواجار مافه‌ زمانییه‌کان ده‌بێ له‌ ڕوانگه‌یه‌کی گشتییه‌وه‌ لێیان بڕواندرێ، بۆ ئه‌وه‌ی‌ چاره‌ سه‌رییه‌کی له‌بار بۆ هه‌ر نموونه‌یه‌کی تایبه‌تی ببیندرێته‌وه‌؛
* به‌ باوه‌ڕی به‌وه‌ی که‌ جاڕنامه‌ی جیهانی مافی زمانی پێویستییه‌که‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ باری خواری ناڕێکییه‌ زمانییه‌کان ڕاست بکرێنه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ر کردنی ڕێز و پێشوه‌چوونی ته‌واوی هه‌موو زمانه‌کان و دامه‌زراندنی پرێنسیپ بۆ ئاشتییه‌کی زمانی عادڵانه‌ و یه‌کسان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان دا وه‌ک هۆکارێکی سەرەکی بۆ پاراستن و ڕاگرتنی پێوه‌ندییه‌کی به‌ ئاهه‌نگی کۆمه‌ڵایه‌تی؛
به‌م چه‌شنه‌ ڕاده‌گه‌یێنین که
سه‌ره‌تا
* بارو دۆخی هەر زمانێک، بە پێی ئەو سەرنجانەی باسیان لێوەکرا، ئاکامی کەوتنە سەر یەک و تەعامولی کۆمەڵێکی بەربڵاوی هۆکارگەلی سیاسی و قانوونی، ئیدێئۆلۆژی و مێژوویی، دێموگرافی وخاکی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، زمانی و کۆمەڵناسیی زمانییە و تەبیعەتێکی ناوکۆیی زمانی و زەینی هەیە.
*زۆر وردتر و تایبەتیتر، لە حاڵی حازر دا، ئەم هۆکار گەلە ئاوا دیاری دەکرێن:
• ڕەوتی لە مێژینەی زۆربەی دەوڵەتەکان بۆ یەکخستنەوە و کەمکردنەوەی جۆراوجۆری و چاندنی تۆوی بیرۆڕای دژ بە فرە کولتووری و پلورالیزمی زمانی

• ڕەوت بەرەو ئابوورییەکی سەرتاسەری جیهانی و لە ئاکامدا بەرەو بازاڕێکی سەرتاسەری جیهانی زانیاری، پێوەندی و کولتوور، کە چەت لە پانتایی پێوەندییە دوولایەنەکان و شێوەکانی تەعامول دەخا کە ئەمانەش دەستەبەری یەکپارچیی نێوکۆیی کۆمەڵگە زمانییەکانن.

• مۆدێلی هەڵدانی ئابووری کە لە لایەن دەستە ئابوورییەکانی سنوور بەزێنەوە پێش دەخرێ کە حەول دەدن لاچوونی بەربەست لە سەر ڕێگای ئابووریی ئازاد و پێشکەوتن و تاکایەتی ڕقەبەرانە و ئازادی بەیەک دابنێن و ئەوەش دەبێتە هۆی نایەکسانی جیدی هەڵدانی ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری و زمانی.

* کۆمەڵگە زمانییەکان ئێستا لە ژێر گوشاری مەترسی دان لە بەر نەبوونی حکوومەتی خۆیی، ژمارەی بەرتەنگی دانێشتوان یان لە بەر ئەوەی بەشێکیان یان بە تەواوی پەڕاگەندە بوون، لە بەر ئابوورییەکی لە شکانهاتوو، لە بەر زمانێکی کۆد بۆ دانەندراو، یان مودێلێکی کولتووری کە بە دژی مۆدێلی باڵادەستە، کە بەزۆر زمانان دەرفەت نادا بمێننەوە و پێش بکەون مەگەر ئەوەی کە ئەم ئامانجە سەرەتاییانەی خوارەوە لە بەر چاو بگیرێن و ڕەچاو بکرێن:
.
• لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە، ئامانج دەبێ دانانی ڕێگا یەک بێ بۆ ڕێکخستنی جۆراوجۆری زمانی بۆ ئەوەی بهێڵێ کۆمەڵگە زمانییەکان بە شێوەیەکی کاریگەر لە مۆدێلی نوێی گەشە کردنی خۆیان دا پێش بکەون.
• لە ڕوانگەیەکی کولتوورییەوە، پێوەندییەکانی سەرتاسەریی جیهانی بە شێوەیەکی ئەوتۆ هەموار بکرێن کە بۆ بەشداریی یەکسانی هەموو گەلان، گشت کۆمەڵگە زمانییەکان و تاکان لە پێواژۆی پێشوەچوونیان دا بگونجێن.
• لە ڕوانگەیەکی ئابوورییەوە، ئامانج دەبێ پێگەیاندنێکی خۆگری بەرەوپێشچوون بێ لە سەر بنەمای بەشداری هەموان و ڕێز گرتن لە بارتەقای ژێنگەیی کۆمەڵەکان و لە پێناو پێوەندی یەکسان لە نێوان گشت زمانان و کولتووران دا.
* لە بەر هەموو ئەو هۆیانە، ئەم جاڕنامەیە لە کۆمەڵگە زمانییەکانەوە دەست پێدەکا و نەک لە دەوڵەتەکانەوە و دەبێ لە چوار چێوەی ڕاهێزاندنی داوودەزگا نێونەتەوەییەکان دا لێی بڕواندرێ کە بتوانن دەستەبەری بەرەوپێشچوونێکی خۆڕاگر و یەکسانی هەموو مرۆڤایەتی بن. هەر لەبەر ئەو هۆیانەش ئەم جاڕنامەیە ئامانجی ئەوەیە پشتی سازکردن و دامەزراندنی نەزمێکی سیاسی ئەوتۆ بگرێ بۆ جۆراوجۆری زمانی لە سەربنەمای ڕێز، هاوژینی بەئاهەنگ و بەرژەوەندیی هاوبەش
سەرباسی سەرەتایی
چەمکەکان
مادەی ١

١. ئەم جاڕنامەیە کۆمەڵگەیەکی زمانی بە هەر کۆمەڵێکی مرۆیی دادەنێ کە لەڕووی مێژووییەوە لە شوێنێکی تایبەتی خاکی دا دامەزرابێ، چ ئەو شوێنە بە ڕەسمی ناسرابێ یان نەناسرابێ، کە خۆی بە گەلێک دادەنێ و زمانێکی هاوبەشی پێش خستووە وەکوو ئامرازێکی خۆڕسکی پێوەندی و یەکپارچەیی کولتووری لە نێوان ئەندامەکانی دا، زاراوەی زمانی بە تایبەتی لە مەڕ خاکێکی تایبەتی ئاماژەیە بە زمانی کۆمەڵگەیەک کە لە ڕووی مێژووییەوە لە شوێنێکی ئەوتۆ دامەزرابێ

٢. ئەم جاڕنامەیە لەم پنکتەوە دەست پێدەکا کە پرێنسیپی مافی زمانی هەم مافی تاک و هەم مافی بەکۆمەڵن لە عەینی کات و سات دا، بۆ دیاریکردنی گشت لایەنەکانی مافی زمانی، وەک مەرجەع نموونەی کۆمەڵگەیەکی زمانی مێژوویی لە بەرچاو دەگرێ لە چوار چێوەی شوێنە خاکییەکەی دا، تێگەیشتنی سەبارەت بەو شوێنە نەک هەر ناوچەیەکی جوگرافیایی ە کە کۆمەڵگەکەی تێدا دەژی، بەڵکوو ئەو شوێنە کۆمەڵایەتی و کردەییەش کە بۆ بەرەوپێشچوونی تەواوی زمانەکە گرینگن. تەنێ لە سەر ئەو بنەمایە دەکرێ مافی زمانی ئەو دەستانەی لە پنکتی ٥ ی ئەم مادەیە دا باسیان لێوەکراوە دیاری بکرێ و ئی ئەو تاکانەش کە لە دەرەوەی خاکی کۆمەڵگەکەیان دا دەژین، لە ڕووی دەرەجەبەندی یان دڕێژە بوونەوە و بەردەوامییەوە،
٣. بۆ ئەوەی ئەم جاڕنامەیە بیانگرێتەوە ، دەستە [ زمانییەکان] دەبێ لە سەر خاکی خۆیان بن و سەر بە کۆمەڵگەیەکی زمانی بن لە ژێر هەلومەرجی خوارەوە دا:
i: کاتێک ئەوان بە سنووری سیاسی یان ئیداری لە بەدەنەی سەرەکی کۆمەڵگەکەیان جوێ کراونەتەوە ؛
ii : کاتێک ئەوان لە ڕووی مێژووییەوە لە ناوچەیەکی پچووک دامەزرابن کە ئەندامانی کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە دەورەیان دابن ؛ یان
Iii: کاتێک ئەوان بەهاوبەشی لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە لە هەرێمێک دامەزرابن و پێشینەی مێژووییان وەیەکتر بچێ.

٤. ئەم جاڕنامەیە بارودۆخی گەلانی کۆچەریش لە بەر چاو دەگرێ لە چوارچێوەی ناوچە مێژووییەکانی ئاران و هەواریان داو ئەو گەلانەش کە لە ڕووی مێژووییەوە لە شوێنی لەیەک دابڕاوی جوگرافیایی وەک کۆمەڵگەی زمانی لە سەر خاکی خۆیان دەژین.
٥. ئەم جاڕنامەیە دەستەیەکی زمانی بە هەر دەستەیەک لە کەسان دەزانێ کە لە عەینی زمان دا هاوبەش بن کە لە شوێنی خاکی کۆمەڵگەیەکی زمانی دیکە دا دامەزراوە، بەڵام خاوەنی پێشینە مێژووییەکانی وەک ئەو کۆمەڵگەیە نییە. نموونەی ئەو جۆرە دەستانە بریتین لە موهاجیران، پەنابەران، خەڵکی دەرکراو و ئەندامانی دیاسپۆراکان.

*مادەی ٢
١. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە، هەرکاتێک کۆمەڵگەی زمانی جۆر بەجۆر و دەستەکان لە عەینی خاک دا هاوبەش بن، ئەو مافانەی لەم چارنامەیە دا گەڵاڵە کراون، دەبێ لە سەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە و بە شێوەیەکی ئەوتۆ جێبەجێ بکرێن کە بکرێ دێمۆکراسی لە ئاستی هەرە بەربڵاوی خۆی دا دەستەبەر بکرێ.
٢. بۆ دامەزراندنی زەمینەی گونجاوی دەربڕینی مافە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە زمانییەکان و ئەو دەستە و کەسانەی سەر بە ئەوانن بە شێوەی لەبار، ویستی هەبوونی لەنگەرێکی زمانناسیی کۆمەڵایەتی شیاو دەبێ هۆکارگەلی جۆر بە جۆر لە بەرچاو بگرێ، لە گەڵ پێشینەمێژووییەکانی هەرکامێکیان لە سەر خاکی خۆیان و ئەو ئیرادەیەی کە بە شێوەی دێمۆکڕاتیک دەریان بڕیوە. لە نێو ئەو هۆکارگەلانە دا،کە دەکرێ بە مەبەستی ڕاگرتن و ڕاستکردنەوەی ئەو لەنگەرە پێویست بن،دەکرێ ئاماژە بەوانەی خوارەوە بکرێ: تەبیعەتی زۆرەملی کۆچ کردن کە گەیشتبێتە هاوژینی کۆمەڵگە و دەستەی جیاواز و، دەرەجەی سەدەمە وێکەوتنی سیاسی، کۆمەڵایەتیی ئابووری و کولتووری ئەوان.
*مادەی ٣
ئەم جاڕنامەیە ئەم مافانەی خوارەوە بە مافی جیانەکراوەی تاکە کەسان دەزانێ کە دەکرێ لە هەموو بارودۆخێک دا جێبەجێ بکرین.
• مافی ناسران وەک ئەندامی کۆمەڵگەیەکی زمانی؛
• مافی بەکار هێنانی زمانی خۆ چ لە چوارچێوەی خسووسی و چ لە بواری گشتی دا؛
• مافی بەکار هێنانی نێوی خۆ؛
• مافی پێوەندی و هەستان ودانیشتن لە گەڵ ئەندامانی کۆمەڵگەی ماکی زمانی؛
• مافی پاراستن و بەرەوپێشبردنی کولتووری خۆ؛
و گشت مافەکانی دیکەی بە زمان بەستراونەتەوە و لە پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی پەسند کراوی ١٦ی دیسامبری ١٩٦٦ و پەیماننامەی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کە لە هەمان بەروار دا پەسند کراوە، بە ڕەسمی ناسراون.
٢. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە کە مافە بەکۆمەڵەکانی دەستە زمانییەکان، دەکرێ ئەمانەی خوارەوە بگرێتەوە ، لەگەڵ ئەو مافانە کە لە بڕگەی پێشوو دا بۆ ئەندامانی دەستە زمانییەکان لە بەر چاو گیرابوون و، بە پێی ئەو هەلومەرجانەی کە لە مادەی ٢.٢: دا داندراون.

* مافی فێربوونی زمان و کولتووری خۆیان'
* مافی دەستوێڕاگەیشتن بە خزمەتە کولتوورییەکان ؛
*مافی ئامادەیی یەکسانی زمان و کولتوورەکەیان لە مێدیای پێوەندی دا؛
*مافی ئەوەی کە زمانەکەی خۆیان لە لایەن داوودەزگا حکوومەتییەکان و لە پێوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری دا سەرنجی بدرێتێ.
ئەومافانەی کەسان و دەستە زمانییەکان کە لە سەرەوە دا ئاماژەیان پێکرا نابێ بەهیچجۆر بەربەسەتێک بن لە سەر ڕێی تێکەڵاوی و پێوەندی کەسان یان دەستەکان لە گەڵ کۆمەڵگەی خانەخوێی زمانی یان یەکانگیر بوونیان لە کۆمەڵگەکەدا، هەر وەها نابێ مافی کۆمەڵگەی خانە خوێ یان ئەندامەکانی بەرتەنگ بکا لە بەکارهێنانی تەواوی زمانی کۆمەڵگەی خۆی لە سەرتاسەری شوێنی خاکی خۆی دا.
*مادەی ٤
١. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە ئەو کەسانەی کە دەچن و لە خاکی کۆمەڵگەیەکی زمانی دیکە دا دەژین و دادەمەزرێن هەم مافیانە و هەم ئەرکیانە بۆچوونی یەکانگیری لەگەڵ ئەو کۆمەڵگەیە بپارێزن و ڕەچاوی کەن. ئەو زاراوەیە دەبێ وەک سوسیالیزە بوونێکی زیاتری ئەو کەسانە لێک بدرێتەوە بەشێوەیەکی ئەوتۆ کە ئەوان بکرێ خەسڵەتەکانی کولتووری ماکی خۆیان بپارێزن لەکاتێکدا خۆیان بە هاوبەشی بنەماکان، بایەخەکان و شێوەی هەڵس وکەوتی ئەو کۆمەلەیە دەزانن کە تێیدا دامەزراون بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەڵسووڕێن بە بێ دژوارییەکی گەورەتر لەو دژوارییانەی کە ئەندامانی کۆمەڵگەی خانەخوێ لەگەڵیان بەرەو ڕوو دەبن.
٢. ئەم جاڕنامەیە لە لایەکی دیکەوە، پێی وایە، تووانەوە، زاراوەیەک کە دەبێ بەمانای کولتوور گۆڕان لە کۆمەڵەی خانەخوێ دا لێک بدرێتەوە، بە شێوەیەکی ئاوا بنەماکان،بایەخەکان و شێوەی هەڵس وکەوتی کۆمەڵەی خانە خوێ جێگای خەسەڵەتەکانی کولتووری ماک بگرنەوە، نابێ بە هێچ کلوەجێ بە زۆری داسەپێندرێن یان فەرز بکرێن و تەنێ دەکرێ ئاکامی بڕیارێکی بە تەواوی ئازاد بن.
*مادەی ٥
ئەم جاڕنامەیە لە سەر ئەو پرێنسیپە داندراوە کە مافی گشت کۆمەڵگە زمانییەکان وەک یەک وایە و بە پلەی قانوونی ئەوان وەک زمانانی ڕەسمی، هەرێمی یان کەمایەتییەوە نەبەستراوەتەوە. زاراوەی وەک زمانانی هەرێمی یان زمانانی کەمایەتی لەم جاڕنامەیە دا دەکار نەکراون چونکە، ئەگەرچی لە هێندێک نموونە دا بە ڕەسمی ناسینی زمانانی هەرێمی یان کەمایەتی دەتوانن ڕێگا بۆ جێبەجێ کرانی هێندێک مافان خۆش کەن، بەڵام ئەو جۆرە پێناسە کردنانە و ئی دیکە زۆرجار بۆ ئەوە بەکار دەهێندرێن کە مافی کۆمەڵگە زمانییەکان بەرتەنگ بکەن.
*مادەی ٦
ئەم جاڕنامەیە پێی وایە زمانێک ناکرێ بە تایبەتی بە ئی خاكێک دابندرێ هەر لە بەر ئەوەی کە ئەوە زمانی ڕەسمی دەوڵەتە یان لە ڕووی نەریتییەوە لە چوارچێوەی خاکەکەدا بەکارهێندراوە بۆ کاروباری ئیداری یان بۆ هێندێک چالاکی کولتووری.
سەرباسی یەک
پرێنسیپە گشتییەکان

*مادەی ٧

١. هەموو زمانان دەربڕینی ناسێنەیەکی بەکۆمەڵ و ڕێگایەکی جوێن بۆ تێگەیشتن و باسی کردنی ڕاستی و بۆیە دەبێ بتوانن لەو هەلومەرجانەی بۆ بەرەوپێشچوونیان لە هەموو ئەرک و بوارێک دا پێویستن کەلک وەربگرن،
٢.هەموو زمانەکان بەکۆمەڵ دامەزراون و لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەک دا لەبەردەست دان بۆ بەکارهێنانی تاکە کەسی وەک ئامرازێکی یەکپارچەیی، خۆناساندن، پێوەندی و دەربڕینی خولقێنەرانە..
*مادەی ٨
١. گشت کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ڕێک خستن و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی خۆیان هەیە بۆ دەستەبەر کردنی بەکارهاتنی زمانەکەیان لە هەموو ئەرک و بوارەکان لە چوارچێوەی کۆمەڵ دا.
٢. گشت کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەر جۆرە ئامرازێکیان لەبەردەست دابێ کە پێویستن بۆ دەستەبەر کردنی گواستنەوە و بەردەوامی زمانەکەیان.
*مادەی ٩
گشت کۆمەڵگە زماییەکان مافی ئەوەیان هەیە کۆد بۆ سیستمی زمانی خۆیان دابنێن، ستانداردی بکەن، بی پارێزن، بەرەوپێشی بەرن و پێشی بخەن، بە بێ دەستێوەردانی زۆرەملیانە یان تۆبزییانە.
*مادەی ١٠
١.هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی یەکسانیان هەیە.
٢. ئەم جاڕنامەیە پێی وایە فەرق وجیاوازی دانان لە گەڵ کۆمەڵگە زمانییەکان شیاوی قەبووڵکردن نییە، جا ئەوە چ لەبەر ئاستی پلەی سەروەری سیاسییان بێ،یان لە بەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی، ئابووری یان هۆ و سۆنگەی دیکە، یان لە بەر چەندایەتی کۆدبۆ دانانی زمانەکانیان، چەندایەتی سەردەمی بوون و نوێباو بوونیان ، یان لە بەر هەر پێوەرێکی دیکە.
*مادەی ١١
هەموو کۆمەڵگەزمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەر ئامرازێکی پێویست دەکا لە بەر دەستیان دابێ بۆ وەرگێڕانی زمانەکەیان بە زمانانی دیکە یان وەرگێڕان لەو زمانانەوە بۆ دەستەبەر کردنی جێبەجێکرانی ئەو مافانەی لەم جاڕنامەیە دا هەن.
*مادەی١٢
١.هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە هەموو چالاکییەکان لە بواری گشتی دا بە زمانی خۆی ئەنجام بدا، بێتوو ئەو زمانە تایبەتی بێ بەو خاکەی کە ئەوی تێدا دەژی.
٢. هەمووکەس مافی بەکارهێنانی زمانی خۆی هەیە لە بواری ژیانی کەسی و لە خێزان دا.
*مادەی ١٣
١. هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە ئەو زمانەی کە تایبەتییە بەو خاکەی لە سەر دەژی بزانێ.
٢. هەمووکەس مافی هەیە فرە زمانە بێ و ئەو زمانە بزانێ و بەکاری بهێنێ کە هەرە لەبارە بۆ پێشوەچوونی شەخسیی خۆی یان بۆ وەگەڕکەوتنی کۆمەڵایەتی،بە بێ هیچ جۆرە پێشداوەرییەک لە ئاست ئەو دەستەبەرییانەی لەم جاڕنامەیە دا دامەزراون سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەو زمانەی کە تایبەتی یە بە خاکی جێی باس.
*مادەی ١٤
مادەکانی ناو ئەم جاڕنامەیە ناکرێ بە شێوەیە لێک بدرێنەوە یان بەکار بهێندرێن کە بە زەرەری هەرە جۆرە نۆڕم یان کردەوەی زمانێک بن لە بەر پلەی نەتەوەیی یان نێونەتەوەیی ئەو زمانە کە زۆر پەسندترە بۆ بەکارهێنانی لە چواچێوەی ئەو خاکەی دا کە زمانەکە تایبەتییە بەو.

سەرباسی دووهەم
ڕێژێمی گشتی زمانی
بەشی 1
ئێدارەی گشتی و داو و دەستگا ڕەسمییەکان

*مادەی ١٥

١.هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە زمانەکانی خۆیان بە ڕەسمی بەکاربهێنن لە چوارچێوەی خاکی خۆیان دا.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە سەنەد و بەڵگەی قانوونی و ئیداری، گشتی و خسووسییان لە بەڵگەخانەی گشتی دا ئاستە بکرێ کە بە زمانی خاکی لەبەرچاوگیراو گەڵاڵە کراون ودەبێ ئەوانە بڕ بکەن و بڕۆن و کەس بۆی نییە و ناتوانێ چاو لەو زمانە هەڵبوێرێ..
*مادەی ١٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بە زمانی خۆیان لە گەڵ داو ودەستگای دەستەڵاتدارێتی گشتی نێوەندی، خاکی، ناوچەیی یان دەرەوەی خاکی پێوەندی بگرن و لەگەڵ ئەو بەشانەی کەرتی بەڕێوەبەری کە ئەو خاکە دەگرێتەوە کە زمانەکە تایبەتییە بە ئەوێ.
*مادەی ١٧
١.هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە گشت سەنەد و بەڵگەی ڕەسمییان بە زمانی خۆیان لە بەردەست دابێ و بە دەستیان بهێنن سەبارەت بەو پێوەندییانەی ئەو خاکە دەگرێتەوە کە زمانەکە تایبەتییە بە ئەوێ، جا ئەو جۆرە بەڵگانە چ بە چاپکراوی بن یان بە ئامرازێک بخوێندرێنەوە یان لە هەر شێوەیەکی دیکە دا بن.
٢. داخوازینامە و سەندوبەڵگەی ئیداریی ستاندارد، چ بە چاپکراوی، یان خوێندنەوەی بەڕێگای ئامرازێک دا یان بە هەر شێوەیەکی دیکە، دەبێ بە هەموو زمانانی خاکەکە لە لایەن کاربەدەستانی گشتییەوە لە بەر دەست خەڵک دابن بە ڕێگای ئەو خزمەتانەی دا کە ئەو خاکانە دەگرێتەوە کە هەر زمانەی تایبەتی بە یەكێک لە وانن.
*مادەی ١٨
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە قانوونەکان و مادەکانی دیکەی حقووقی کە پای ئەوان دەگرێتەوە بەو زمانە بڵاو ببنەوە کە تایبەتین بە خاكەکەیان.
*مادەی ١٩
١.مەجلیسی نوێنەران دەبێ زمان (زمانانی) ڕەسمییان ئەو زمان (زمانانە) بن کە لە ڕووی مێژووییەوە لەو خاکە دا کە ئەوان نوێنەرایەتی دەکەن بەکار هێندرابێ (بن).
٢. ئەو مافە هەروەها زمانانی ئەو کۆمەڵگەیانەش دەگرێتەوە کە لەشوێنی پەڕاگەندەی جوگرافیایی دا دەژێن کە لەمادەی ١، تێبینی ٤ دا هێمای پێکرا.
*مادی ٢٠
١. هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە ئەو زمانە بەکاربهێنێ کە لە ڕووی مێژووییەوە لە خاکێکی لە بەرچاوگیراو دا بەکارهاتووە، چ بە قسە کردن و چ بە نووسین، لە دادگایەکانی نێو خاکەکە دا. دادوەران لە داوەری و کارەکانی خۆیاندا دەبێ ئەو زمانە بەکار بهێنن کە تایبەتە بە خاکەکە و، ئەگەر لەبەر ئەو سیستمە قانوونییەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکە دا بەڕێوە دەچێ، پێڕاگەیشتنەکانی دادگا دەبێ لە شوێنێکی دیکە بەردەوام بن، بەکارهێنانی زمانی ماک هەر دەبێ ڕەچاو بکرێ و بپارێزرێ.
*مادەی ٢١
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە سەنەد وبەڵگەکانیان لە بەڵگەخانەی گشتی دا بەو زمانە گەڵاڵە بکرین کە تایبەتی یە بە خاکەکە.
*مادەی ٢٢
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە ئەو سەنەد و بەڵگانەی لە لایەن دەفتەری بەڵگەی ڕەسمییەوە یان لە لایەن کاربەدەستانی دیکەی گشتییەوە ڕەسەنایەتییان تەئیید کراوە بەو زمانە گەڵاڵە کرابن کە تایبەتییە بەو خاکەی کە دەفتەری بەڵگەی ڕەسمی یان دەستەڵاتدارییەکی دیکەی ڕەسمی کاریان تێدا دەکەن.
بەشی II
پەروەردە
*مادەی ٢٣
١. پەروەردە دەبێ یارمەتی بکا بە پەروەراندنی توانایی خۆدەربڕینی زمانی و کولتووری کۆمەڵگەی زمانی لەو خاکەی دا کە دابین دەکرێ.
٢. پەروەردە دەبێ یارمەتی بکا بە پاراستن و بەرەوپێشبردنی ئەو زمانەی کۆمەڵگەی زمانی قسەی پێ دەکا لەوخاکەی دا کە دابین دەکرێ.
٣. پەروەردە دەبێ هەمیشە لە خزمەت جۆراجۆری زمانی و کولتووری دابێ و هەر وەها لە خزمەت پێوەندیی بە ئاهەنگ لە نێوان کۆمەڵگە زمانییە جیاوازەکان لە سەرتاسەری دنیا دا.
*مادەی ٢٤
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بڕیار بدەن کە زمانەکەیان تاچ ڕادەیەک ئامادەیی هەبێ، وەک زمانێکی ڕاگۆێزەر و وەک بابەتێکی لێکۆڵینەوە، لە هەموو ئاستەکانی پەروەردە لە چوارچێوەی خاکەکەیان دا: لە قۆناخی پۆلی ساوایان، سەرەتایی، ناوەندی، تێکنێکی و کارئەزموونی، زانکۆ و، خوێندنی گەورەساڵان دا.
*مادەی ٢٥
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی مرۆیی و مادییان لە بەر دەست دا بێ کە بۆ دەستەبەر کردنی ئامادەیی زمانەکەیان پێویستن، بەو ڕادەیەی کە ئەوان خۆیان پێیان خۆشە لە گشت ئاستە کانی پەروەردە لە چواچێوەی خاکەکە دا: مامۆستای باش پەروەردەکراو، مێتۆدی لەباری دەرس دادان، کەرەستە و کتێبی خوێندن، دەرفەتی دارایی، خانووبەرە و کەلوپەل، تێکنۆلۆژی نەریتی و تازەباو.
*مادەی ٢٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە پەروەردەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بدا بە ئەندامەکانیان بەتەواوی زمانی خۆیان فێر بن و لێی ڕابێن، لەوانە توانایی جۆربەجۆر لە هەموو بوارە ئاساییەکان دا، هەر وەها هەبوونی دەرفەتی هەرە گۆنجاو بۆ فێربوونی هەر زمانێکی دیکەی کە ئەوان پێیان خۆش بێ فێری بن.
*مادەی ٢٧
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی هەبوونی پەروەردەیەکیان هەیە کە دەرفەت بۆ ئەندامەکانیان بڕەخسێنێ بۆ زانیاری بە دەست هێنان سەبارەت بە هەر زمانێکی کە پێوەندی بە نەریتی کولتووریی ئەوانەوە هەبێ، وەک زمانە ئەدەبی و پیرۆزەکان کە پێشتر زمانانی عادەتی کۆمەڵگەکە بوون.
*مادەی ٢٨
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە پەروەرەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بۆ ئەندامەکانیان بڕەخسێنێ زانیارییەکی تەواو سەبارەت بە میراتی کولتووری خۆیان( مێژوو، جوگرافیا، ئەدەبییات و، هێماکانی دیکەی کولتووری خۆیان)وەدەست بهێنن ، هەر وەها هەبوونی دەرفەتی هەرە گونجاو بۆ ئاگادار بوون لە سەر هەر کولتوورێکی دیکەی کە پێیان خۆش بێ.
*مادەی ٢٩
١.هەموو کەس مافی هەیە بەو زمانە پەروەردە ببێنێ کە تایبەتییە بەو خاکەی تێیدا دەژی.
٢.ئەم مافە مافی فێربوونی زمانێکی دیکە چ بە قسە کردن و چ بە نووسین بەرپەرچ ناداتەوە کە دەکرێ وەک ئامرازی پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە بەکار بهێندرێ.
*مادەی ٣٠
زمان و فەرهەنگی هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ ببێ بە بابەتی لێکۆڵێنەوە و تۆێژینەوە لە ئاستی زانکۆ دا.
iii بەشی
ناوی تایبەتی
*مادەی ٣١

هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە سیستمی ناوی تایبەتی خۆیان بپارێزن و لە گشت بوارەکان و لە هەموو بۆنەیەک دا بە کاریان بهێنن.
*مادەی ٣٢
١.هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ناوی شوێنان بەو زمانە بەکاربهێنن کە تایبەتی خاکەکەیانە، هەم لەقسەکردن و هەم لە نووسین دا، و لە بواری خسووسی، گشتی و ڕەسمی دا
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ناو لە شوێنان بنێن، ناویان بپارێزن و یان ناوە ڕەسەنەکانیان بگۆڕن.ئەو جۆرە ناوانەی شوێنان ناکرێ بە زۆر ملی بگۆڕدرێن، تێک بدرێن یان دابندرێن و لە بەر گۆڕانی بارودۆخی سیاسی، یان هەر جۆرە گۆڕانێکی دیکە نابێ ناویان بگۆڕدرێ.
*مادەی ٣٣
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بەوجۆرە بانگی خۆیان بکەن کە لە زمانی خۆیان دا بەکار دەهێندرێ. هەموو جۆرە وەرگێڕانێک بە زمانەکانی دیکە دەبێ خۆی لە بەکارهێنانی ناولێنانی لێڵ یان ناشایست بپارێزێ.
*مادەی ٣٤
هەمووکەس بۆی هەیە کە ناوی خۆی بە زمانی خۆی لە هەموو بوارەکان دا بەکار بهێنێ، هەر وەها ئەو مافەشی هەیە، تەنێ ئەگەر پێویست بکا، ناوەکەی بە سیستمی رێنووسێکی دیکە بە شێوەیەکی هەرە دروستی گۆنجاوی فۆنێتیک بنووسرێ.
بەشی IV

میدیای پێوەندی و تێکنۆلۆژی نوێ
*مادەی ٣٥

هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافیان هەیە بڕیار بدەن زمانەکەیان تا چ ڕادەیەک ئامادەیی هەبێ لە گشت میدیاکانی پێوەندی لە خاکەکەیان دا، چ میدیای ناوچەیی بێ چ سەرتاسەری ، ئەو میدیایانەی بەربڵاوتر بڕ دەکەن، یان ئەوانەی کە تێکنۆلۆژی زۆر پێشکەوتووتر بە کار دەهێنن، بێ لەبەرچاوگرتنی ئەو مێتۆدەی بۆ ئاگاداری دان یان بڵاوکردنەوە بەکاری دەهێنن.
*مادەی ٣٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە هەموو جۆرە سەرچاوەیەکی مرۆیی و مادییان لە بەر دەست دابێ کە پێویستن بۆ دەستەبەرکردنی ئاستێکی دڵخواز لە ئامادەیی زمانەکەیان و ئاستێکی دڵخواز لە خۆدەربڕینی کولتووری لە میدیای پێوەندی لە خاکەکەیان دا:
*مادەی ٣٧
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە بە ڕێگای میدیای پێوەندی دا، زانیاری تەواو سەبارەت بە میراتی کولتووری خۆیان وەربگرن ( مێژوو، جوگرافیا، ئەدەبییات و هێماکانی دیکەی کولتووری خۆیان)، هەروەها زانیاری هەرە زۆری گونجاوی دیکە سەبارەت بە هەر کولتوورێکی دیکە کە ئەندامەکانیان پێیان خۆشە لە سەریان بزانن.
*مادەی ٣٨
زمان و کولتووری هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ لە لایەن میدیا پێوەندییەکانی سەرتاسەری جیهان دا وەکوو یەک و بەبێ هیچ جۆرە فەرق و جیاوازی لە گەڵ دانانێک چاو لێ بکرین.
*مادەی ٣٩
ئەو کۆمەڵگەیانەی لە مادەی ١، تێبینی ٣ و ٤ی ئەم چاڕنامەیە دا باسیان کراوە و، ئەو دەستانەی لە تێبینی ٥ی هەمان مادە دا ئاماژەیان پێکراوە، لێیان دەوەشێتەوە لە میدیای پێوەندی ئەو خاکەی کە تێیدا دامەزراون یان موهاجەرەتیان بۆ کردووە زمانەکەیان بە یەکسانی نوێنەرایەتی بکرێ. ئەومافە دەکرێ بە هەموار کردن لەگەڵ مافی دەستە زمانییەکان یان کۆمەڵگەکانی دیکەی کە لە خاکەکەدا دەژین جێبەجێ بکرێ.
*مادەی ٤٠
لە مەیدانی تێکنۆلۆژی زانیاری دا، هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە ئەوئامراز و کەرەستەیانەیان لە بەر دەست دابێ کە بۆ سیستمی زمانی ئەوان و ئامراز و بەرهەم بە زمانەکەیان، وەخۆ کراون، بۆ ئەوەی بکرێ کەلکی تەواو لەو جۆرە تواناییانە وەربگرن کە تێکنۆلۆژییەکی ئەوتۆ دەیڕەخسێنێ بۆ بڵاو کردنەوە، وەرگێڕان، پێوەچارانی زانیاری و بڵاوکردنەوەی کولتوور بە گشتی.
بەشی V
کولتوور

*مادەی ٤١

١.هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی بەکارهێنان، پاراستن و پەروەراندنی زمانی خۆیان هەیە لە هەموو شێوەکانی دەربڕینی کولتووری دا.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ بتوانن ئەو مافە بە تەواوی بەکاربهێنن بەبێ ئەوەی شوێنی کۆمەڵگەکە بکەوێتە بەر داگیرکاری باڵادەستانەی کولتوورێکی بیگانە.
*مادەی ٤٢
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی پێشوەچوونی تەواویان هەیە لە چوارچێوەی بواری کولتووری خۆیان دا.
*مادەی ٤٣
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە دەستیان بەوکارانە ڕابگا کە بە زمانی خۆیان بەرهەم هاتوون.
*مادەی ٤٤
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە دەستیان وە بەرنامەی نێوکولتووری ڕابگا بەڕێگای بڵاو کردنەوەی زانیاری ڕاست و، بۆ پشتیوانی لە چالاکی وەک فێرکردنی زمان بە بێگانان، وەرگێڕان، دووبلاژ،وێگراخوێندنەوە و ژێر نووسی
*مادەی ٤٥
هەموو کۆمەڵگەزمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ئەو زمانەی کە تایبەتی یە بە خاكێک جێگایەکی شیاوی هەبێ لە بۆنە و خزمەتە کولتوورییەکان دا ( کتێبخانە، پێشانگەی ڤیدێئۆ، سینەما، تیاتور، مووزەخانە، ئاڕشیو، فۆلکلۆر، سنعاتی کولتووری و هەموو هێماکانی دیکەی ژیانی کولتووری)
*مادەی ٤٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی پاراستنی میراتی زمانی و کولتووری خۆیان هەیە، بە هێما مادییەکانیشیەوە، وەکوو کۆلێکسیۆنی بەڵگان، کۆتەڵی مێژوویی و بەردنووس بە زمانی خۆیان
بەشی VI
بواری کۆمەڵایەتیی ئابووری
*مادەی ٤٧

١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی دامەزرانی بەکارهێنانی زمانی خۆیان هەیە لە هەموو چالاکییە کۆمەڵایەتیی ئابوورییەکان لە چوارچێوەی خاکەکەیان دا.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە بە زمانی خۆیان، هەموو جۆرە ئامرازێکی پێویستیان لە بەردەست دابێ بۆ ئەنجام دانی چالاکییە پیشەییەکانی خۆیان، وەکوو بەڵگە و سەنەد و سەرچاوە ، ڕێنوێنی، شێوە و کەلوپەلی کامپیوتێری، ئامراز و بەرهەم.
٣. بەکارهێنانی زمانانی دیکە لەو بوارەدا تەنێ ئەوکاتە پێویستی پێی هەیە کە تەبیعەتی چالاکییە پیشەییەکە پاساوی بدا. لە هیچ کەیسیدا زمانێکی کە زۆر تازەتر گەیشتووتە بۆی نییە بەکار هێنانی زمانێکی کە تایبەتییە بە خاکەکە کەم بکاتەوە یان جێی بگرێتەوە.
*مادەی ٤٨
١. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی بەکارهێنانی زمانی خۆیان هەیە لە هەموو جۆرە سەودایەکی ئابووری دا بە بایەخی تەواوی حقووقییەوە ،وەک فرۆشتن و کڕینی کالا و خزمەتان، بانک ، بیمە ، کۆنتراتی پێشە و شتی دیکە.
٢. هیچ تێبینی یان بڕگەیەک لە پەیمانێکی ئاوا تایبەتی دا بۆی نییە بەکارهێنانی زمانێک کە تایبەتییە بە خاکەکە دەربهاوێژێ یان بەرتەنگی کا.
٣. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە ئەو بەڵگە و سەنەدانەیان بە زمانی خۆیان لە بەر دەست دابێ کە بۆ ئەنجام دانی ئەو کارانە پێویستن کە لە سەرەوە دا باس کران. ئەو بەڵگانە بریتین لە فۆڕم، چەک، کۆنتڕات، سووڕەت حیساب، ڕەسید، یادداشتی وەرگرتن، فۆڕمی داوا کردن، و ئی دیکە.
*مادەی ٤٩
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافیان هەیە زمانی خۆیان لە هەموو جۆرە ڕێکخراوەیەکی کۆمەڵایەتیی ئابووری وەک ڕێکخراوەی کار و سێندیکاکان، کۆمەڵەکانی خاوەنکاران،پیشەکاران، بازرگانی و سنعاتی دەستی دا بەکاربهێنن.
*مادەی ٥٠
١.هەموو کۆمەڵەگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە زمانەکەیان جێیەکی شیاوی هەبێ لە ڕێکلام،لە سەر تابڵۆیان، تابڵوی ڕێنوێنی جادەکان و، گشت تۆوی دیکەی کە سیمای وڵات پێک دەهێنن.
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کەزانیاری تەواوی زارەکی و بە نووسراو بە زمانی خۆیان وەربگرن سەبارەت بەو بەرهەم و خزمەتانەی کە لایەن دامەزراوە بازرگانییەکانی خاکەکەوە پێشکێش دەکرێن، وەک ڕێنوێنی چلۆنایەتی بەکارهێنانی ئەو بەرهەمانە، بەرچەسپ، لێستی نێوەرۆکیان، ڕێکلام، گارانتی کردن وشتی دیکە.
٣. هەموو نیشانە و ئاگادارییە گشتییەکان کە کارلێکەرییان هەیە لەسەر ساغوسڵامەتی گشتی دەبێ بەلانی کەمەوە بە زمانی تایبەتی لە مەڕ خاکەکە بێ، بەو مەرجەی نەبێتە هۆی دەپەراوێز خستنی ئەوانەی کە بەزمانێکی دیکەن.
*مادەی ٥١
١. هەموو کەس مافی ئەوەی هەیە ئەو زمانە بەکار بێنێ کە تایبەتی خاکەکەیە لە پێوەندییەکانی دا لە گەڵ شیرکەتان، دامەزراوە بازرگانییەکان و داو ودەزگاکانی کەرتی تایبەتی و هەر بەو زمانە وڵام بدرێتەوە و خزمەتی پێ بکرێ کە پرسیاری پێ کردووە.
٢.هەمووکەس مافی ئەوەی هەیە، وەک موشتەری، کڕیار، مەسرەفکار یان بەکارهێنەر، زانیاری زارەکی و نووسراو وەربگرێ بەو زمانەی کە تایبەتییە بە خاکەکە لەلایەن ئەو داو و دەزگا و دامەزراوانەی کە دەرگایان بەرەوڕووی خەڵک کراوەیە.
*مادەی ٥٢
هەموو کەس بۆی هەیە کە چالاکییە پیشەییەکانی خۆی بە زمانی تایبەتی بە خاکەکە ئەنجام بدا مەگەر ئەوەی ئەو ئەرکانەی کە کارەکە پێی دەوێ پێداویستی بە بەکارهێنانی زمانێکی دیکە بێ، وەک لە مەڕ مامۆستایانی زمان، وەرگێڕان و ڕێنوێنی تووریستان.
ڕێککەوتنی لێ زیاد کراو

یەکەم

دەستەڵاتدارێتی گشتی دەبێ هەموو هەنگاوی بەجێ هەڵبهێننەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو مافانەی لەم جاڕنامەیەدا ڕاگەیێندراون لە چوارچێوەی ناوچەی دەستەڵاتی قانوونی خۆیان دا. زۆر ئاشکراتر، دەبێ لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بەهەرەوەزی دراو دیاری بکرێ بۆ جێبەجێ کردنی مافە زمانییەکان لەو کۆمەڵگەیانەی دا کە بەڕاشکاوی دەست تەنگن. دەستەڵاتدارێتی گشتی دەبێ پشتیوانی پێویست بڕەخسێنن بۆ ئەوەی زمانانی کۆمەڵگە جۆربەجۆرەکان بکرێ کۆدیان بۆ دابندرێ، بنووسرێنەوە، بە دەرس بگوترێنەوە و لە کاروباری ئیداری دا بەکاربهێندرێن.
دووهەم
دەستەڵاتدارێتی گشتی دەبێ دەستەبەر بن کە کاربەدەستان، ڕێکخراوەکان و کەسانی پێوەندیدار ئاگادار بکرێن لەو ماف وئەرکە پێوە گرێدراوانەی کە ئەم جاڕنامەیە بەرزی کردووەنەتەوە.
سێهەم
دەستەڵایدارێتی گشتی لە بەر ڕووناکایی ئەو قانوونانەی کە کاریان پێ دەکرێ، دەبێ سزا دابمەزرێنێن بۆ پێشێلکردنی ئەو مافە زمانیانەی کە لەم جاڕنامەیە دا گونجێندراون.
ڕێککەوتنەکانی کۆتایی

*یەکەم

ئەم جاڕنامەیە پێشنیاری دامەزراندنی شوڕایەکی زمانان دەکا لە چوارچێوەی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دا. کۆبوونەوەی گشتی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرپرسیاری سازکردنی شووڕایەکی ئەوتۆیە، ئەرکەکان و ئەندامەکانی دیاری دەکا و،لە قانوونی نێونەتەوەییش دا دەزگایەکی حقووقی پێک دەهێنێ بۆ پشتیوانی کۆمەڵگە زمانییەکان لە کاتی جێبەجێ کردنی ئەو مافانەی کە ئەم جاڕنامەیە بەڕەسمی ناسیون.
*دووهەم
ئەم جاڕنامەیە ڕاسپاردەی ئەوەیە و ئەو پێشنیارە پێش دەخا کە کۆمیسیۆنێکی جیهانی مافە زمانییەکان دابمەزرێندرێ. دەزگایەکی ناحکوومی، ڕاوێژکار و لە نوێنەرانی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ئەو ڕێکخراوانە پێک بێ کە لە بواری قانوونی زمانی دا کار دەکەن.
بارثێلۆنا، ژووەنی ١٩٩٦
________________________________________

ماڵپەڕی ڕێکخراوەی جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی (http://www.linguistic-declaration.org/index-gb.htm)
ئەم بەڵگەیە سەرەوە بەم شێوەیە شی دەکاتەوە:
"جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی بەڵگەیەکی درێژ و ئاڵۆزە. بەلەبەچاوگرتنی ئاڵۆزی و پێچەڵپێچی بابەتەکەخۆی و ئەو حەولانەی کە دران بۆ هێنانەناوی بیرو بوچوونی تاکەکەسان و ڕێکخراوەکان تائەو جێگای دەکرا بە شێوەی هەرە دێمۆکڕاتیک، هەر دەش بوو وابێ.
ئەم کورتەیەی خوارەوە حەولێکە بۆ ووڵامدانەوەی چەند پرسیارێکی سەرەتایی وەکوو:

• جاڕنامەکە چۆن گەڵاڵە کرا ؟
• کێ لە پێواژۆی داڕشتنی ڕەشنووسەکەی دا بەشداری کرد
• ئەو جاڕنامەیە ڕێژەی نوێنەرایەتیکردنی چەندەیە؟
• زەمینە سەرەتاییەکانی کامانەن؟
• لە خزمەت چ ئامانجێک دایە؟
• گەلۆ پێشنیاری چارەسەری سەقامگرتووی ئەوتۆ دەکاکە بکرێ لەهەموو هەلومەرجێکدا جێبەجێ بکرێن ؟
لە ئێستاوە چی لێ بەسەر دێ ؟

بەروبووی پێڤاژۆیەکی درێژی بیرلێکردنەوە و بیروڕا گۆڕینەوە

جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی بەروبووی پێواژۆیەکی درێژی بیرو ڕاگۆڕینەوەیە کە لە سێپتامبری ١٩٩٤دەستی پێکرد کاتێک ئەو داو ودەستگایانەی دەیانەویست ئامادەی کەن ( واتە کۆمیتەی وەرگێڕان و مافی زمانی کلووبی نێونەتەوەیی پێن و ئێسکارێ ناوەندی نێونەتەوەیی بۆ مافی کەمایەتییە ئێتنیکییەکان و نەتەوەکان) کۆمیتەیەکیان لە پسپۆڕان بە پاشخانی جیاواز ولە بواری جیاوازی چالاکی دا پێک هێنا و ئەرکی گەڵاڵە کردنی ئەم جاڕنامەیەیان پێ ئەسپارد. نزیکەی ٥٠ پسپۆڕ لە زۆر ووڵاتانی جیاوازەوە لە ئامادەکردنی ١٢ دەقی یەک بە دووی یەکی گەڵاڵەی ئەم جاڕنامەیە دا بەشدارییان کردووە.

گەنگەشەیەکی جیهانی لە دنیای مەجازی دا

کەلک لە تێکنۆلۆژی نوێی پێوەندی وەرگیراوە بۆ ئەوەی نێوەرۆکی جاڕنامەکە لە لایەن تاکەکەسان و ڕێکخراوانی هەر پێنج قاڕەی جیهان دا مشتومڕ و گەنگەشەی لە سەر بکرێ بەبێ خەرجی گران و نەپێویستی سەفەر و هاتووچوو.بەو شێوەیە دەرفەتی ئەوە ڕەخسا کە لە دەقی کۆتایی دا پێشنیاری ٣٢ ناوەندیی پێنی نێونەتەوەیی و ٦٤ ڕێکخراوە لە سەرتاسەری جیهانەوە جێیان بکرێتەوە. ئەو ڕێکخراوانەی کە بەکاری حقووقی،زمانناسی یان ڵێکۆڵینەوەی زمانناسیی کۆمەڵایەتییەوە خەریکن بۆ پشتیوانی لە مافی گەلان.

کۆبوونەوەی بەشداران لە ئاستێکی بەرفرەوانی نوێنەرایەتی کردن دا

٢٢٠ کەس لە نزیکەی ٩٠ دەوڵەتی جیاوازی کە سەر بە هەر پێنج قاڕەکان بوون ئامادە بوونی خۆیان بۆ بەشداری کردن لە کۆمفڕانسەکە دا ڕاگەیاند. نوێنەرەکان بریتی بوون لە نزیکەی ١٠٠ ڕێکخراوەی ناحکوومەتی و ناوەندەکانی کلووبی پێن. هەرجۆرە بەلاداشکاندنەوەیەکی ئوڕووپایی یان ڕۆژئاوایی بەسەرکەوتووییەوە پێشی گیرا لە بەر تەبیعەتی کۆبوونەوەکە، هاسانی پێوەندی کە بەڕێگای مشتومڕ لە دنیای مەجازی دا بەڕێوە چوو ، و پشتیوانییەکی هەراوی کە لە قاڕەکانی دیکەوە لەو کۆبوونەوەیەوە کرا.

حەولدانێک بۆ وەدەستخستنی کراوەیی و بالانس

لە سایەی یارمەتیدان و هاوکارییەکی بەربڵاو، و ئەو هەڵکەوتە زمانناسییە کۆمەڵایەتیانەی کە ئەوان دەریان دەبڕی و، ئەو تێکۆشانانەی کران بۆ ئەوەی لە نێوان بیرو ڕای جیاواز دا باڵانسێک پێک بهێندرێ. چاڕنامەکە سەر بە هیچ قوتابخانەیەکی تایبەتی فکری نییە بەڵام کراوەیە بۆ هەموو ڕێبازان و شیاوی دەکارهێنانە لە هەموو هەلومەرجێکدا.

یەکسانی هەموو زمانان لە سەرەوە پۆلێن کردنی زۆرەملیانە

ناساندنی مافی وەکوویەکی زمانی ناکرێ بە ستاتوسی سیاسی یان ئیداری زمانانەوە ببەسترێتەوە یان لە سەر
پێوەری عەینی نالەبار و ناکافی دابندرێ وەکوو ئاستی کود بۆ دانانی زمانەکان یان ژمارەی ئاخێوانیان. لە سۆنگەی ئەمە جارنامە یەکسانی مافی زمانی ڕادەگەیێنێ بە بێ ئەوەی جیاوازی زێدە بخاتە نێو زمانان وەک زمانی ڕەسمی/ ناڕەسمی، زمانی نەتەوەیی / هه‌رێمی / ناوچه‌یی ، زمانی زۆربە/کەمایەتی ، یان مۆدێڕن /باستانی.

تەبیعەتی دوولایەنەی مافی زمانی: مافی بەکۆمەڵ و تاکەکەس

جاڕنامە پێی وایە کە ڕەهەندە بەکۆمەڵەکان و تاکەکەسی مافی زمانی لە یەکتری جوێ ناکرێنەوە و بەکترییەوە گرێ دراون چونکە زمانان لە چوارچێوەی کۆمەڵگەیەک دا پێک هاتوون و هەر وەها لە نێو کۆمەڵگەکەش دایە کە کەسەکان بەشێوەی تاک بەکاریان دەهێنن. جا بۆیە جێبەجێ بوونی مافی زمانی تاکە کەسی تەنێ کاتێک دەتوانێ کاریگەر بێ کە ڕێزی یەکسان لە مافی بەکۆمەڵی هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان و دەستەکان بگیرێ و ئەو مافەیان بیاندرێتێ.

بنەمایەک بۆ پێوەندی کۆمەڵایەتی بەئاهەنگ

وەدەستهێنانی باڵانسێکی سەرکەوتوو لە نێوان مافی زمانی کۆمەڵگەکان،دەستەکان و تاکەکەسەکان کە لە شوێنێکی هاوبەش دا دەژین بۆ پێوەندی بەئاهەنگی کۆمەڵایەتی پێویستە بەڵام ئەوە بابەتێکی ئەو پەڕی ئاڵۆز و پێچەڵپێجێشە. لە ئاکام دا جاڕنامە لە سەر مافی ئەو کۆمەڵگە زمانییانە جەخت دەکاتەوە کە لە ڕووی مێژووییەوە لە سەر خاکی خۆیان دامەزراون بە ڕەچاوکردنی دەرەجەبەندیی کە بکرێ بۆ هەر کەیسێک بەکار بهێندرێ، لە مەر مافی دەستە زمانییەکان بە دەرەجەی جیاوازی مێژووییانەوە و خۆ ناساندن و ئەو تاکەکەسانەی کە لە دەرەوەی کۆمەڵگەی ماکی خۆیان دا دەژین.

زنجیرەیەک پێشنیازی بەرزەفڕانە کە هاوپێوەندی وەدییان دەهێنێ

ئەگەرچی لەبەردەست دابوونی سەرچاوە دەکرێ شەرتێک بێ بۆ جێبەجێکردنی مافی زمانی، ئەوە ناعادڵانەیە کە گرینگی مافی ئەوتۆ لە بەر نەبوونی سەرچاوەی کافی نکووڵی لێ بکرێ. دەبێ وەبیر بهێنینەوە کە جێ بەجێ کردنی هێندێک مافی کە لە ئاستی جیهانی دا بە ڕەسمی ناسراون وەکوو مافی ژیان،لەشساخی، کار یان پەروەردە ش پێداویستییان بە پاڵپشتیکی دارایی بەرچاو هەیە. جاڕنامە حەول دەدا بەرعۆدەییەکی جیهانی بۆ هاوپێوەندی لە بواری مافی زمانی دا بپەروەرێنێ بۆ ئەوەی کەمایەسییەکان تێ هەڵبهێنێتەوە و مافی هەرە پێشێککراوەکان وەدی بهێنێ.

گەڕان بە دووی چارەسەری لەبار لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی دێمۆکڕاتیک

ژمارەیەکی بەربڵاوی هۆکارگەلی کە کار لە سەر بارودۆخی زمانان دەکەن، دژواری بەدەستهێنانی لەیەک نزیک کردنەوەی بەرژەوەندی نێوان کۆمەڵگە، دەستە و تاکەکەسان، و هاودەوری پێویست لە نێوان مافی زمانی و مافە بنەڕەتییەکانی دیکە، دەیکاتە شتێکی نامومکین کە زنجیرەیەکی سادەی تەگبیر و هەنگاوان دابندرێن کە بکرێن لە هەموو شوێنێک شیاوی جێبەجێ کردن بن. لەسۆنگەی ئەمە جاڕنامە، لە کاتێکدا بەرپرسیارەتی خۆ لێ نەبوێری دەستەڵاتدارێتیە گشتییەکان دادەگرێتەوە، جەخت لە سەر مافان دەکاتەوە و نەک لە سەر ئەرک یان قەدەغەکارییەکان و بانگی چارەسەری لەبار بۆ هەر کەیسێک جاڕ دەدا لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی دێمۆکڕاتیک.

بیرو ڕای قۆناغێکی نوێ

ڕاگەیاندنی جاڕنامەی جیهانی مافی زمانی لە ٦ی ژووەنی ١٩٩٦ نێشانەی کۆتایی هاتنی پێواژۆیەک و دەستپێکردنی پێواژۆیەکی دیکەیە. لەو ڕۆژەوە قۆناغێکی نوێ دەست پێدەکا ئەویش پەیدا بوونی پەیماننامەیەکی نێونەتەوەیی نەتەوە یەکگرتووەکانە. ئەوە، بە ووردی مەبەستی کۆنفڕانسە : بە هێزکردنی قورسایی ئەخلاقی ئەو جاڕنامەیە بەڕێگای دەربڕینی پشتیوانی، کۆ کردنەوەی بیری نوێ و ئالیکاری و، لێک بەستنی حەولان بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کە ئێمە هەموومان بە ئاواتی دەخوازین واتە: ئاشتییەکی عادڵانە و خۆڕاگری زمانی لە سەر بنەمای ووشیاری و ددانپێداهێنانی زمان."


وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەنی قازی
بە بۆنەی یازدەهەمین ساڵی ڕۆژی نێونەتەوەیی زمانی دایکی

هەموو مافێکی ئەم وەرگێڕانە پارێزراوە بۆ وێبنووسی ڕوانگە
http://www.ruwange.blogspot.com

No comments: