Wednesday, August 29, 2012

چارەنووسی بیری گۆڕینی ڕێنووسی فارسی





                                                                                 


میرزا فه‌تح عه‌لی ئاخوندزاده‌

   چارەنووسی بیری گۆڕینی ڕێنووسی فارسی

یه‌حیا ئاریه‌ن پوور ( گۆواری "روشنفکر" ژماره‌ی ٦٣٠ ، ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٤٤/ ٤-ی نۆڤامبری ١٩٦٥)

وەرگێڕان لە فارسییەوە : حەسەنی قازی

[ تێبینی وەرگێڕانی ئەم بابەتە بە مانای لە دوودانی هەموو بۆچوونەکانی نووسەر نییە، بەڵکوو بە مەبەستی ئاگاداری زیاترە لە سەر بار ودۆخی گەنگەشە لە مەڕ ئەلفوبێی زمانێکی دراوسێ، کە لەوانەیە هیچ " گرۆ" یەکی تێدا پەیدا نەبووبێ بۆ دانانی هێڵی سوور تەنانەت بۆ بیرکردنەوە ش]
دەبێ یەکەم کەسی لە کەمایەسییەکانی ئەلفوبیی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات گەیشتبێ و لە سەر ئەو بابەتە هێندێک شتی نووسیبێ و نموونەی خەتی نوێی هێنابێتە گۆڕێ و لە پێناو بەرەو پێشچوونی دا حەوڵی زۆری دابێ، میرزا فەتح عەلی ئاخوند زادە نووسەری بەنێوبانگی ئازەربایجان بێ .
ئاخوند زادە کە ئاشنایی لە گەڵ زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان هەبوو و زۆر لە کولتووری دنیا شارەزا بوو، بە جیدی باوەڕی وا بوو ئەو ئەلفوىێیە عەڕەبییەی کە برەوی هەیە و دەکار دەکرێ، لە بەر دژواری، کەمایەسی و خەوشەکانی ، یەكێک لە گەورەترین هۆیەکانی نەزانی و وەدواکەوتوویی نەتەوە موسوڵمانەکانە و، بە پێی ئەو باوەرییە توند و پتەوە بوو تەمای گرت چاکسازی و ئاڵوگۆڕ لە ئەلفوبێی عەڕەبی دا بکا و بۆ پێداویسیتتەکانی خەڵکی تورکی زمان و فارسی زمان هەمواری بکا.
ئاخوندزادە لە ساڵی ١٢٣٦ هەتاوی ( ١٨٥٧ی زایینی) گەڵاڵە ی یەکەم ئەلفوبێی خۆی کە دایهێنابوو تەواو کرد و ئەوە بریتی بوو لە ئەلفوبێیەکی بێ نوختە (خاڵ) کە تیپەکەکانی بەیەکەوە دەنووسان و ریسالەیەکێشی بۆ پێشنیاز کردنی ئەو ئەلفوبێیە لە جیات ئەلفوبێی عەڕەبی ئامادە کرد.
لەو ڕیساڵەیەدا کە بە زمانی فارسی نووسرابوو ، نووسەر دوای باسی دەوری گرینگی ئەلفوبێ لە پێشەکەوتن و بەرەوپێشچوونی کولتوور و ژیاری نەتەوە و قەومان دا، بە دوور و درێژی باسی خەتەکان و خەوشەکانی نەتەوە موسوڵمانەکان و پێداویستی گۆڕینی خەتی عەڕەبی و قازانجەکانی ئەلفوبێی پێشنیازکراوی خۆی ‌هێنا گٶڕێ و ڕێگای ڕەواندنەوەی ئەو خەوشانەشی نیشان دا بوو.
ئاخوند زادە لە ساڵی ١٢٤٢ی هەتاوی (١٨٦٤ی زایینی) لە سەر ئیزن و بە یارمەتیی ماڵی شازادە میخاییل نیکاڵایۆویچ، کوڕی ئیمپڕاتۆری ڕووس کە ئەو دەمی لە قەوقاس حکوومەتی دەکرد ، بۆ پێشکێش کردنی گەڵاڵەی ئەلفوبێی تازە و بەرگری لە ڕیسالەکەی خۆی چووە ئەستەنبووڵ. ئەو گەڵاڵەکەی خۆی کە لە ٢٠ لاپەڕە دا ئامادەی کرد بوو ، بەڕێگای وەرگێرێ سەفاڕەتی ڕووس دا ناردی بۆ سەدری ئەعزەمی عوسمانی، فوئاد پاشا، سەدری ئەعزەمی عوسمانی ش شەخسی خۆی ئەوی بە ئەنجومەنی زانست یان " کۆمەڵەی عیلمییەی عوسمانییە" ناساند و ئاخوند زادە گەڵاڵەی ئەلفوبێیەکەی خۆی پێشکێشی ئەو ئەنجومەنە کرد، بەڵام میوانداری پاشاکان و پیاوە ئایینییە تورکەکان کەلەو کۆمەڵەیە دا کۆ ببوونەوە لە ڕادەی ڕێوڕەسمی بەخێر هێنانی تێ نەپەڕاند و ئەگەرچی ئەوان هەموو ئەو گەڵاڵەیان لا پەسند بوو ، بەڵام بە ڕواڵەت لە بەر ئەوەی ڕێنووسی نێوبراویش هەر وەک پێشوو لە تیپی بەیەکەوە نووساو و تێکئاڵاو پێک هاتبوو و ئەوە دەبووە هۆی چەت تێخستن لە ڕیزی ووشان دا ئەو گەڵاڵەیەیان وەدوایە داوە و لە جیاتیان بە دانی نیشانی مەجیدییە و فەرمانی سوڵتان دڵنەواییان لێ کرد.
لە ئاست ڕەخنەی پلەداران و زانایانی تورک، ووڵامی ئاخوندزادە ئەوە بوو ئەگەر وابێ ئەو ئەلفوبێیەی هەیە دەبێ لە ڕەگ وڕیشەوە دەربهاوێژرێ و لە جیاتیان بنچینەکانی خەتی لاتین وەخۆ بکرێ. واتە لە چەپەوە بۆ لای ڕاست بنووسرێ و ڤاڤێل بە تەنیشت کۆنسۆنانتەوە بنووسرێ و نوختە (خاڵ) ش بە تەواوی فت بکرێ.
ئاشکرایە پێشنیازی شۆڕشێکی بنەڕەتی لە مەڕ خەتی نەتەوە ئیسلامییەکان لەو ڕۆژگاری دا بە هاسانی نەدەسەلمێندرا. بۆیە ئاخوندزادە بە بێ ئەوەی بە ئاکامێک بگا لە ئەستەنبووڵەوە گەڕاوە قەفقاز و هێندەی پێ نەچوو دیسان دەست بەکار بووە و هێندێک گەڵاڵەی تازەی ئامادە کرد. ئەو ئەوجارەیان ئەو ڕێنووسەی دای هێنابوو لە گەڵ دوو رێسالەی دیکە بە دەستخەت و ئیمزای خۆی لە ساڵی ١٢٤٧ ی هەتاوی دا (١٨٦٩ی زایینی) نارد بۆ وەزیری زانستی ناسرەدین شا. ( ڕۆژنامەی کشکول، ژمارەی ٤٣ تا ٤٥ باکۆ ١٩٦٣) ووڵامی کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران بۆ ئاخوندزادە ئاوا بوو:
" پەسند و باش ئەوەیە کە میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە سەبارەت بە گۆڕینی ئەلفوبێی ئیسلام خەیاڵاتی خۆی پێشکێشی کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانییە بکا، چونکە لە سەرەتاوە خەیاڵێکی ئاوا لە سەلتەنەتی وێندەرێ لەبەرچاو گیراوە.
ئێمە نەتەوەی ئێران لە جێدا پێداویستیمان بە گۆڕینی ئەلفوبێی خۆمان نییە، لە بەر ئەوەی ئێمە سێ شێواز خەتمان هەیە : نەستەعلیق، شکستە و نوسەخ کە لە جوانی و قنجی دا باڵاترن لە خەتی گشت نەتەوەکانی رووی زەوی و ئێمە قەت دەست لە خەتی خۆمان هەڵناگرین و خەتی نوێی میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە و یان مەلکولم خان وەباو ناخەین و قەت کاری ئاوا ناکەین".
ئاخوندزادە لە دوای ئەوەی دیسان دەستی بە سینگییەوە نرا و نامرادی دی بەڵام کۆڵی نەدا و ناهومید نەبوو و ڕیسالەی سێهەمی خۆی نووسی و ناردی بۆ عالی پاشا سەدری ئەعزەمی دەوڵەتی عوسمانی و وتارێکیشی کردە پەیوەستی ریسالەکەی خۆی کە " سەعاوی پاشا"ی عوسمانی سەبارەت بە ڕەخنە لە ئەلفوبێی عەڕەبی نووسیبووی. بەڵام دیسان ئەوجاریش تێکۆشانەکانی هیچی لێ شین نەبوو.
ئاخوند زاده‌ له‌ دوای ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ و شکانانه‌ی په‌یتا په‌یتا، دوا جار ده‌ستی له‌ چاکسازی له‌ ئه‌لفوبێی عه‌ڕه‌بی هه‌ڵگرت و چواره‌مین خه‌تی نه‌ته‌وه‌ ئیسلامییه‌کانی گه‌ڵاڵه‌ کرد. ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌لفوبێی ڕووسی هه‌ڵنرابوو و له‌ ٢٤ کۆنسۆنانت و ١٠ ڤاڤێل پێک هاتبوو و ٨ تیپێش بۆ دەربڕینی دەنگ و مەخرەجی تایبەتی عەڕەبی لە بەرچاو گیرا بوو کە بەو ٤٢ تیپە هەموو نەتەوەی ئیسلامی لە عەڕەب و عەجەم و تورک و تاجیک بتوانن بێ زەحمەت و دژواری مەبەستگەلی خۆیان دەرببڕن. (گۆواری کولتوور و خەتی شەر‌ق، دەفتەری دووەم، بەرگی ٥٩، بە ڕووسی، باکۆ ١٩٢٨)
ئاخوندزادە ئیمانی بە دروستی ئەو ڕێبازە هەبوو کە وەبەری گرتبوو ولەو ڕێگایە دا تووشی سەختی و دژواری زۆر هات، بەڵام قەت هەدای نەدا، ئەو لە سەدان نامە و ڕیسالەی دا کە بۆ کاربەدەستانی دەوڵەتانی ئێران و عوسمانی و ڕووس و بۆ دۆستانی خۆی نارد ( وەک میرزا مەلکوم خان، عەلی خان، ئێعتیزادوسەلتەنە، جەلالەدین میرزا، مانکجی نووسەری هیندی و پرۆفێسۆر کازم بەگ)، باسی خەوشی ئەلفوبێی عەڕەبی بۆ کردن و ئەو چەتانەی ئەو خەتە لە دەرس دادان و خوێندنی زانستەکانی دەخا و بە هینانەوەی میناک و شاهیدی پێداویستی گۆڕینی ئەو خەتەی دەربڕی.
ئەو لە نامەیەک دا لە ساڵی ١٢٥٣ی هەتاوی ( ١٨٧٥ی زایینی) بۆ شازادە ئیعتیزادوسەلتەنە وەزیری زانستەکانی نووسی:
" دیسان دەنووسم و هەتا زیندوو بم هەر دەنووسم بۆ ئەوەی فکری تازەکردنەوەی ئەلفوبێ لە نێو هەموو میللەت دا بڵاو بێتەوە. هەر وەک چۆن ئەوە نیزیک پازدە ساڵە تۆوی ئەو خەیاڵە لە خاکی ئێران و ڕۆم دا دەوەشێنم، بێ گومان ئەو تۆوە لە سەردەمی ئەوانەی بە دووی ئێمە دا دێن شین دەبێ" ( کۆ کراوەی ئەلفوبێی نوێ و مەکتووبات، بەرگی ٣١٧، باکۆ ١٩٦٣)
گرینگی کاری ئاخوندزادە ( و بە دوای ئەوە دا مەلکولم خان) لەوە دا بوو کە بۆ جاری یەکەم زانستکارانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی سەرنجیان ڕاکێشرا بۆ سەر ئەو کارە گرینگە و گشت ئەو کەسانەی کە دواتر سەبارەت بە ئەلفوبێی ئێستا و خەوشەکانی قسەیان کردووە لە بیر وبۆچوونی ئەو دوانە کەلکیان وەرگرتووە.

میرزا مەلکوم خانی نازمودەولە

لە دوای ئاخوندزادە، دەستەیەک لە ڕۆژهەڵاتییەکان لەو پێناوە دا تێکۆشان و لەمەڕ کەمایەسی خەتی ئێستای نەتەوەی ئیسلامی هێندێک شتیان گوت و ووتاریان نووسی و هێندێکانیش ئەلفوبێی لەمەر خۆیان داهێنا.
بەلام نە دەوروبەری ئەو ڕۆژگارە بۆ پەژراندنی ئەو جۆرە بیر وبۆچوونانە ئامادەیی هەبوو و نە ئەو ڕێنووسانەی پێشنیاز دەکران دەیانتوانی خەوشەکانی خەتی هەنووکەیی وەلابەرن. لەوەش زیاتر، هیچ کام لەو خەتانە لە گەڵ دژوارییەکانی فێرکردن و بار هێنان و سەنعەتی چاپی ئەو سەروبەندی نە دەگونجان. بەنێوبانگترینی ئەو کەسانەی لەو ڕێگایە دا کاریان کرد میرازا مەلکوم خانی نازمودەولە بوو.
مەلکوم خانیش وەکوو ئاخوند زادە باوەری وا بوو کە " وەزعی خەتەکانی نەتەوەکانی ئیسلامی زیاتر لەوەی کە دەبێ خەوشدارە و بە ڕێنووسێکی ئاوا محاڵە نەتەوەی ئیسلام بتوانن تا پلەی هەنووکەیی فەڕەنگستان پێش کەون". ( لە سەرەتای کتێبی روشنایی ، لەندەن ١٣٠٣ مانگی)
مەلکوم پێشنیازی گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی و وەرگرتنی ئەلفوبێی ئوڕووپایی نەدەکرد، بەڵکوو لە ئاوێتە کردنی تیپەکانی فارسی، خەتێکی دیکەی دروست کرد بوو کە پێی وا بوو هاسانتر و بەکەلکتر دەبێ.
ئەو شەرحی خەتی داهێندراوی خۆی لە ڕیسالەیەک دا بە نێوی " نموونەی خەتی ئادەمییەت" لە ساڵی ١٣٠٣ی مانگی بە پەیوەستی کتێبی روشنایی، لە لەندەن بڵاو کردەوە و لە سەر ئەو بابەتە دوو شتی دیکەشی نووسی بە نێوی " سەرچاوەی پێشکەوتن" و " شێخ و وەزیر" و بە هاوکاری میرزا محەمەد عەلی خانی فەریدولمولکی هەمەدانی ، مونشی سەفاڕەتی ئێران لە لەندەن، چەند حیکایەتی لە گولستانی سەعدی و هەر وەها قسە کورتەکانی حەزرەتی عەلی ئەمیرولموئمینینی بە ڕێنووسی مەشهوور بە " مەلکومی" نووسییەوە و لە ساڵی ١٣٠٢ی مانگی لە لەندەن چاپی کرد.
مەلکولم هەر بەو جۆرەی خۆی لە سەرەتای گولستان دا ئاماژەی پێ کردووە، بیست و پێنج ساڵ لەو ڕێگایە دا زەحمەتی کێشا ، بەڵام ئەلفوبێیە نوێیەکەی ویش هەر لە بەر هەمان چەت و بەرهەڵستی کە دەهاتنە سەر ڕێی ئاخوندزادە و هەر وەها لە بەر ئەو کەمایەسییانەی تێیدا بوو ، برەوی پەیدا نەکرد و نەشی دەتوانی برەو پەیدا کا.

میرزا یۆسف خانی موستەشارودەولە

میرزا یۆسف خانی موسته‌شاروده‌وله‌ی ته‌ورێزیش له‌ پێڕۆیانی جیدی گۆڕێنی خه‌ت بوو و له‌و ڕێبازه‌ دا زۆری زه‌حمه‌ت کێشا. له‌و کارانه‌ی که‌ کردی ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی ١٢٩٧ی مانگی که‌ له‌ مه‌شه‌د ده‌ژیا، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی ئه‌لفوبێ پرسی به‌ موجته‌هیده‌ به‌نێوبانگه‌کانی ئه‌و شاره‌ کرد و ئه‌و فه‌توایه‌ی له‌ میرزا نه‌سروڵای موجته‌هید وه‌رگرت:
" گۆڕینی خه‌تی کتێبان یان داهێنانی خه‌تی تازه‌ لێبڕاوانه‌ ڕه‌وایه‌ و هیچ قۆرتێک نییه‌، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر ببێته‌ هۆی هاسانکاری فێر کردن و فیر بوون و دروست خوێندنه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی باشیشه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک پێی وا بێ‌ ئه‌و گۆڕانه‌ لاسا کردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی بێگانه‌یه‌ و ڕه‌وا نییه‌. ئه‌وه‌ نیگه‌رانییه‌کی لاوازه‌ چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ وه‌یه‌کچوونانه‌ حه‌رام نییه‌ ئه‌گه‌ر وا با ده‌بوو به‌کارهێنانی سه‌ماوه‌ریش ڕه‌وا نه‌بووبا" ( شه‌رحی ئه‌و قسانه‌ و بۆچوونی عالمه‌کان له‌ ژماره‌ی ٢٢ی ڕۆژنامه‌ی ئه‌خته‌ر، له‌ ساڵی ١٢٩٧ ی مانگی دا هاتووه‌). موسته‌شاروده‌وله‌ له‌ ساڵی ١٣٠٣ی مانگی ش ریساله‌یه‌کی زۆر به‌که‌لکی به‌ نێوی " چاککردنی ڕێنووسی ئیسلام" نووسی و له‌ تاران چاپی کرد."
ئەوە دروستە کە گشت ئەو خەتانە کەمتا زۆر کەمایەسییان هەبوو و هیچیان نەدەکرا بخرێنە بواری جێ بە جێ کردنەوە، بەڵام قسە لە سەر ئەوەیە بەرپرسانی دەوڵەتەکان هیچ لایان لێ نەدەکردنەوە و هەموویان تووڕ هەڵدەدان.
جگە لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ و بە تێرو تەسەلی سەبارەت بە ئەلفوبێ بیروڕایان دەربڕیوە، زیاتر ئەو زانا و نووسەرانەی کە نووسینەکانیان لە پەیدا بوونی بیری ئازادی و بزووتنەوەی مەشڕووتییەت ( دەستووری) دا کاریگەر بووە ئاماژەیان بە خەوشییەکان و خراپەی خەتی فارسی کردووە و پشتیوانیان کردووە لە فکری چاک کردنی.
لەوانە عەبدولڕەحیم تالبۆف نووسەری بەنێوبانگی ئەو سەروبەندی لە نووسینەکانی خۆی دا لە چەند جێگا باسی تووش بوونی میللەتی ئێرانی بە دەست " ئەو ئەلفوبێیە کۆن و بێ کەلکە"ی کردووە و هیوای دەربڕیوە " خەوشییەکانی دیکەی دەرس گوتنەوە بە منداڵان لەوانەیە کاتێک کە ئەلفوبێی ئێمەیان گۆڕی، چاک بن". ( کتێبی ئەحمەد، بەرگی ١٠، ١١ و ٣٢ و مسالک المحسنین، بەرگی ٢٤٨)
لە دوای شەڕی نێوەنەتەوەیی یەکەم و شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر، مەسەلەی گۆڕینی ئەلفوبێ و ساز کردنی ڕێنووسێک کە بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی زانست و زانیاری لە نێو کۆمەڵانی هەراوی خەڵک دا هاسان بکا، لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵات ( واتە لەو ووڵاتانەی کە لە ژێر ئاڵا ی کولتوور و خەتی ئیسلامی دا بوون) هاتە گۆڕێ و لە زۆربەی ئەو ووڵاتانە بەوە زاندرا کە ئەلفوبێی عەڕەبی یەکێک لە گرینگرینی ئەو هۆکارانەیە کە پێشی بڵاو بوونەوە و پەرەسەندنی زانست و کولتوور دەگرێ.

حەولی دیکە سەبارەت بە گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی

لە دوای شەڕی جیهانی هەوڵێ، دیسان لە ئێران هێندێک کەس تێکۆشان و هێندێک ووتاریان نووسی کە لە نێو ئەوانە دا دەکرێ نێوی میرزا عەلی ئەسغەرخانی تالەقانی
( باوکی موهەندیس خەلیلی تالەقانی، کە لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات بوو و لە ڕۆژنامەی " زبان آزاد " ئۆرگانی ئەو حیزبە دا ووتاری دەنووسی)، سەعیدی نەفیسی، ڕەشیدی یاسەمی، سەید حەسەنی تەقی زادە و میرزا ئەبولقاسمی ئازادی مەراغەیی بهێندرێ.

گشت ئەو کەسانە و کەسانی دوای ئەوان کە سەبارەت بەو بابەتە دواون، جگە لە ژمارەیەکی کەم نەبێ وەکوو کازمی ئیرانشەهر و ئەحمەدی کەسڕەوی، چاک کردنی خەتی هەنووکەییان بە حەولێکی بێ فایدە و نادروست دەزانی و هەموویان باوەڕیان وا بوو ئەلفوبێی داهاتووی زمانی فارسی جگە لە ئەلفوبێی لاتینی ناتوانێ ئەلفوبێیەکی دیکە بێ، چونکە حەڕفە لاتینییەکان کە ئێستا لە زمانە ئوڕووپاییەکان دا دەکار دەکرێن جوانترین و لەبارترین شێوەی ڕێنووسە. لە ڕووی خوێندنەوە و نووسین خەتی هەرە تەواو و هەرە دەوڵەمەندە. ئەو ئەلفوبێیە کە لە تیپی نەلکاو پێک هاتووە و زۆربەی خەڵکی خوێندەواری دنیا دەیزانن و ، هەر ئەو ڕێنووسەیە کە لە نێوەندەکانی دنیای ژیاری دا برەوی هەیە.
دوکتور سەعیدی نەفیسی لە لایەنگرانی بە باوەڕ و سەرسەختی گۆڕینی ئەلفوبێ بوو. ئەو زۆر زوو لە خەوشییەکانی خەتی هەنووکەیی تێ گەیشت و تا کۆتایی تەمەنی بە بۆچوونی خۆی وەفادار بوو. پرۆفێسۆر ژیرکۆف ی ڕووسی کە لە ساڵی ١٩٢٨ی زایینی لە تاران چاوی بە نەفیسی کەوت ، لە ووتارێک دا بە نێوی "ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی فارسی" لە گۆواری : کولتوور و خەتی ڕۆژهەڵاتی" ( ژمارەی ١، مەسکەو ١٩٢٨) نووسیویە دەڵێ:
" نەفیسی لە دوای قسە کردن لە گەڵ من و زانینی ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە بۆ ئەلفوبێی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان لە یەکێتیی شووڕەوی هەڵمانهێناونەوە، تەمای گرت ئەلفوبێیەکی کردەیی لە سەر بنەمای حەڕفە لاتینییەکان ساز بکا. ئەو دەیزانی گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی و کردنی بە لاتین بەو زووانە مەیسەر نابێ و تێكۆشانەکانی لەو بوارە دا ئاکامی دەستبەجێی نابێ و باوەڕی وا بوو جارێ دەبێ ڕێنوێنێک بۆ فێر کردنی لەهجە محەلییەکانی ئێرانی بە بێگانان ئامادە بکرێ. نەفیسی ئەوەی دەزانی ئەو حەڕفانەی کە بۆ ئەلفوبێی فارسی وەخۆ دەکرێن دەبێ لە نێو ئەو حەرفە لاتینیانەی وا لە چاپخانەکانی دنیا دا هەن و برەویان هەیە هەڵبژێردرێ و حەڕفی لێکدراو و نیشانەدار، تا ئەوجێیەی بکرێ تێیدا نەبێ و هەر وەها گشت ئەو حەڕفانەی کە دەنگیان وەک یەک وایە تەنیا بە حەڕفێک نیشان بدرێن".
ڕەشیدی یاسەمی، شاعیر، ئەدیب، لێکۆلەرەوە و ئەندامی فەرهەنگستانی ئێران، جگە لە لایەنگریی جیدی لە باوەڕی گۆڕینی خەت ، هێندێک شێعری هەیە کە تێیاندا یەک بە یەک خەوشییەکانی خەتی فارسی دەستنیشان کردووە.
ئەبولقاسمی ئازاد لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ( ١٩٤٥ی زایینی) بیری لە ئاڵوگۆرکردنی ئەلفوبێ کردەوە و لە مانگی ڕەزبەر (ئۆکتۆبر) ی ئەو ساڵە دا " الفبای آسان" ی چاپ کرد و هەر ئەوی ساڵێ ئەنجومەنێکی بە نێوی " گرۆی لایەنگرانی ئەلفوبێی هاسان" دامەزراند و خۆی بوو بە سکرتێری ئەو کۆمەڵەیە و تەمای گرت بە پێشکێش کردنی گەڵاڵەیەکی قانوونی بە مەخلیسی شووڕای میللی لە خولی پازدەهەم دا شێوەیەکی ڕەسمی پێ بدا و ئەوە لە سەرانسەری وولات دا برەو پەیدا کا، بەڵام تەمەنی وەفای نەکرد و بەر لەوەی خولی تازەی مەجلیس بکرێتەوە لە بەرواری پێنجەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٢٥ی هەتاوی (٢٦ی مەی ١٩٤٦) کۆچی دوایی کرد.
بەڵام ئەحمەدی کەسڕەوی، ئەگەرچی گۆڕینی ئەلفوبێی بە پێویست دەزانی، بەڵام وا وێدەچێ بۆچوونی ئەوە نەبووە ئەلفوبێی نوێ لە نێو حەڕفە لاتینییەکان دا هەڵبژێردرێ، بەڵکوو بە تەما بووە ئەلفوبێیەک ساز بکا کە بە قسەی خۆی دروست و دەربڕ بێ و لە جێگای ئەلفوبێی هەنووکەیی دانێ.
لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی ( ١٩٥٩ی زایینی) ئەنجومەنێک بە نێوی " ئەنجومەنی چاکسازی خەت" کە لە کۆمەڵێک لە زانستکاران ( لەوانە دوکتور نەسروڵای شیفتە، مەسعوودی ڕەجەب نیا، ئیبراهیمی گرانفەر، مەنووچێهری ئەمیری، یەدوڵای ڕۆئیایی، یەحیا زەکا، سوهەیلی ئازەری و چەند کەسی دیکە ) بە سەرۆکایەتی مامۆستا سەعیدی نەفیسی لە تاران پێک هات و ئەلفوبێیەکی پێشنیاز کرد و لە ڕۆژنامەکان و لە ڕادیۆ دا هێندێک شیکردنەوەی کرد سەبارەت بە نوقوستانی ئەلفوبێی هەنووکەیی فارسی و پێدوایستی گۆرێنی. ئەو ئەنجومەنە چاکسازی خەتی فارسی بە گرینگترین چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە ئێران دا دەزانی، بەڵام لەو باوەڕە دا بوو ئەو جۆرە چاکسازییە گرینگ و هەتاهەتاییانە نابێ بە داری زۆرێ و بە تۆبزی بکرێ، چونکە ئەگەر وا بێ ئەو دەمی کاردانەوەی خەڵک توندتر دەبێ و ئەو ئاکامەی دڵ دەیەوێ وەدەست نایە، بەڵکوو دەبێ فکری خەڵک بە مەنتیقی بەهێز و هۆی پتەو ئامادە بکرێ و هەموو ڕۆژێ لە ژمارەی لایەنگرانی زیاد بکرێ تا ئەوەی کە هەموو تاک و تەرای میللەت ببنە پشتیوانی.
لە ساڵی ١٣٤٣ش (١٩٦٤) ئەنجومەنێک بە نێوی : ئەنجومەنی برەوپێدانی زمانی فارسی" لە تاران دامەزرا و گۆوارێکی بە نێوی " بنیاد فرهنگ" بڵاو کردەوە و ئەلفوبێیەکی بە نێوی " ئەلفوبێی فارسی بە خەتی جیهانی" پێشنیاز کرد و داوای لە خوێنەرەوان کرد هەر جۆرە بۆچوونێکیان لە سەر ئەو ئەلفوبێیە هەیە بۆ ئەنجومەنی بنووسن.
لە ساڵی ١٣٤٤ ( ١٩٦٥) بابەتی گۆڕینی خەتی فارسی لە دوو گۆواری پێتەخت دا ، واتە " روشنفکر" و " سپید و سیاە" هاتە گۆڕێ و کێشایە گۆوارەکانی دیکەش و هەموو کەس لە دەگەڵ و دژ قسەیان لێوە کرد. لەو بارەیەوە ووتارەکانی دوکتور ڕەحمەتی موستەفەوی، بەڕێوەبەری گۆواری روشنفکر، بە تایبەتی چاوڕاکێش بوون. ئەو نێوی ئەلفوبێی هەنووکەیی نا " مندارەوەبوو" و گوتی:
" ئەو خەتە وەک مۆتە کەوتووەتە سەر زمانی ئێمە، روح و فکری قوتابیانی ئێمە و ڕوح و فکری گشت ئەو کەسانەی کە پیشەیان نووسەرێتی یان ئەدەبییات نییە و خەتیان بۆ ڕاپەڕاندنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە و پیشەیی دەوێ" و لە کۆتایی ووتارەکەی دا لێی زیاد کرد کە:
" ئەگەر عەڕەب زمانەکەی بەشێوەیەکی تایبەتی لە زاری دا دەسووڕێنێ و دەنگێک وەک ص یا ض دەردەدا و ئێمە ناتوانین ئەو دەنگە دەرببڕین، نابێ پێ بچەقێنن و ئەو حەرفەی کە نیشانەی ئەو دەنگەیە لە ڕێنووسی خۆمان دا بپارێزین. ئەو داوەرییە وەک شێتێتی وایە.( ڕوشنفکر، ژمارەکانی ٦٢٨ و ٦٢٩ لە ٢٩ی ڕەزبەر و ٦ی خەزەڵوەری ١٣٤٤ /١٩٦٥)
ئەو لە ژمارەی دواتری ئەو گۆوارە دا درێژەی پێدا و نووسێ:
" لە تورکییە، تیراژی ڕۆژنامەکانی دەرەجە یەک لە ٢٠٠ هەزار زیاترە. لە ئێران تیراژی گەورەترین ڕۆژنامەکان ناگاتە یەک لەسێی ئەو ڕەقەمەش، بۆچی؟ لە بەر ئەوەی تورکێک بە خوێندەواریی ئاسایی، لە پلەی پۆلی شەشی بنەڕەتی ئێمە دا، کە ڕۆژنامەی تورکی بە دەستەوە دەگرێ، ڕاڕایی لەوە نییە کە دەتوانێ ڕۆژنامەکە بخوێنێتەوە، ناوی نائاشنا، چ ئی نێو خۆ بن و چ بێگانە، دەتوانێ بە دروستی تەلەفوز بکا و دەتوانێ بە دەنگی بڵیند بۆ خەڵکی دیکەی بخووێنێتەوە. لە سەدا چەندی خوێندەواری ئێرانی دەتوانن ڕۆژنامەیەک بە دەنگی بڵیند بخوێننەوە و دە جار و بیست جار لە سەر تەلەفوز کردنی ووشەیەک، چ ئێرانی و چ بێگانە، گیر نەکەن؟ "
( روشنفکر، ژمارەی ٦٣٠، ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٤٤ /١٩٦٥)

No comments: