دێمۆکڕاسی لە گەڵ هەموو ئاکامەکانی ، ڕەخنەیەک لە دژبەرانی مافی دیاریکردنی چارەنووس
دێمۆکڕاسی لە گەڵ هەموو ئاکامەکانی ، ڕەخنەیەک لە دژبەرانی مافی دیاریکردنی چارەنووس
شادیی سەدر
وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەنی قازی
چ خۆشمان بێ و چ ترشمان بێ، ئەگەر بە دوای وەدیهێنانی دێمۆکڕاسی و مافی مڕۆڤ لە ئێران دا دەگەڕێین، ناتوانین چاو لە مافی دیاریکردنی چارەنووس هەڵبوێرین. وەدیهاتنی دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ ژانی هەیە، وەکوو نەشتەرگەرییەکی سەخت دەچێ کە لەوانەیە جێ برینەکەی بۆ هەمیشە بمێنێتەوە بەڵام خۆی لێ نابوێردرێ. لە ڕاستییدا هەتا چەند لووی پێگەیشتوو لە کۆمەڵی ئێران دا تیمار نەکرێن. باس کردن لە دێمۆکڕاسی لە دادێی ئێران دا نالوێ، یەکێک لەو لووانە، مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووسە و ئەویدی، مەسەلەی ڕزگاریی ژنانە.
لەو دواییانە دا ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ( ئەمنستی ئەنترناسیۆناڵ) لە ئوسترالیا بەرنامەیەکی تێلێڤیزیۆنی بە ناوی " بگەڕێوە ئەو جێگایەی لێوەی هاتووی" ئامادە کردووە کە تێیدا، شەش کەسی ئوسترالیایی، بۆ ماوەی مانگێک دەنێردرێنە ئەو جۆرە ووڵاتانەی کە پەنابەران لەوانەوە دێن و ژیانی ڕاستەقینە و ڕەنج و ئازاری پرزەبڕی پەنابەرێک لە شەڕ،قاتوقڕی، سەرکوتی سیاسی، و وەچەکوژی و بە دوای ئەودا،هەڵاتن بۆ ئوستڕالیا تەجرەبە دەکەن (١) و دەیخەنە بەرچاو ئەو بینەرانەی کە زۆربەیان وا بیر دەکەنەوە پەنابەران قانوونشکێن و تاوانکارن و بوونە هۆی بەزایەچوونی بوودجەکانی دەوڵەتی. کاتێک بەیاننامەی " کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی"م سەبارەت بە ڕێکەوتننامەی ئەو دواییانەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان و حیزبی کۆمەڵە (٢) خوێندەوە، دەستبەجێ بە بیرم دا ڕابرد تاک تاکی ئەو کەسانەی ئەو بەیاننامەیان ئیمزا کردووە دەبێ ناچار بکرێن مانگێک، بەڵێ تەنێ مانگێک وەکوو کوردێک یان عەڕەبێک یان بەلووچ لە ئێران دا بژین و پاشان پرسیاریان لێ بکرێ ئایا دیسان بنی بەیاننامەیەکی ئاوا ئیمزا دەکەنەوە!؟
چێرۆکەکە ئەوەیە: دوو حیزبی دێمۆکڕات و کۆمەڵە کە بە ساڵان پێشینەی ڕووبەڕووبوونەوەی خوێناوییان بە یەکەوە هەبووە، رێکەوتنامەیەکیان واژۆ کردووە کە تێیدا، بەرگرییان کردووە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی میللەتی کورد و " فێدێڕالیزمی نەتەوەیی – جوگرافیایی" یان وەکوو ڕێگە چارەی خۆیان بۆ دۆزی کوردستان پێشنیاز کردووە. بێ لەبەرچاو گرتنی سیاسەتەکانی ئەو دوو حیزبە کە لێرە دا بابەتی لێدوانی من نییە و ئەوەی کە ئەوان چەندە بەرعۆدە دەبن لە ئاست نێوەرۆکی رێکەوتننامەکەیان بە تایبەتی لە مەڕ پرسی یەکسانی تەواوی جینسییەتی (٣)، لە دژایەتی لە گەڵ ئەو ڕێکەوتننامەیە دا جگە لە چەندین و چەند ووتاری کە نێوەرۆکیان وەک یەک وایە و دووپاتەن(٤)، کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی، بەیاننامەیەکیان نووسیوە و بڵاو کردووەتەوە کە کاکڵی قسەکە ئەوەیە: " جەخت کردن لەسەر " مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆ" دواجار دەگاتە ناسین و پەژراندنی " مافی جوێبوونەوەی یەکەی نەتەوەیی" تا دامەزراندنی " دەوڵەت" ی ساختەیی."
ئەوە لە هەلومەرجێک دایە کە مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوان، یەکێک لە بنچینە بنەڕەتییەکانی مافی مرۆڤە کە لە مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەر وەها پەیماننامەی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی – سیاسییەکان دا بە ڕەسمییەت ناسراوە و لە سەروبەندی دوای کۆلۆنیالیزمیش دا هەر دەبێ بەڕێوە بچێ. بە باوەڕی مافزانی نێونەتەوەیی، ئەو بنچینەیە بووە بە ڕێوشوێنێکی تۆبزی (jus cogens) کە مانای ئەوەیە گشت ئەندامانی کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی ئەرکی سەر شانیانە ڕێزی لێ بگرن و بێ ئەملاو ئەولا بەڕێوەی بەرن. بەم پێیە، بنچینەی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوان، بنچینەیەکە بۆ دمبەدمە کردن ناشێ. تەنیا بابەتێک کە دەکرێ دمەقڕەی لە سەر بکرێ ئەمەیە کە داخودا کوردەکان و عەڕەبەکان (٥) یان هەر کام لەو ئێتنیسیتییانەی کە لە چوارچێوەی سنوورە داندراوەکانی ئێران دا هاتوونە دنیاوە، دەکرێ بە میللەت وەئەژمار بێن یان نا.
لە ناساندنەکانی حقووقی نێونەتەوەیی لەمەڕ " میللەت "، تەنانەت بەر لە هاوبەشی لە زمان و مێژوو و کولتوور دا، باس لە هەستی سەربەیەک بوونی تێگڕایی و پێوەند و هاوپشتی دەستەیی کراوە و هەر وەها ناساندنێکی کە ئەوان لە مەڕ ناسێنەی ئەسڵیی خۆیان دەیکەن، جەخت کراوەتەوە.بەم پێیە، ئەم ڕاستییە کە ئەگەر نەڵێین هەموو، بەلانی کەمەوە بەشێکی مەزن لە کوردەکان، یان عەڕەبەکان لە ئێران، بە شێوەیەکی ئاوا هەست بە نەستی تێگڕایی و پێوەندی هاوبەش دەکەن کە خۆیان وەک " میللەتی کورد" یان " میللەتی عەڕەب" دەناسێنن و، ئەوە دەتوانێ بە هاسانی و بە بێ هیچ دمەقڕەیەک، لەوان، " میللەت" ێک ساز بکا؛ هەرچەند ئەوە بە پێویستی ، ناگاتە پێکهاتنی دەوڵەت- نەتەوەیەک.
لە لایەکی دیکەوە، ڕاستی ئەوەیە کە ئەو چەمکانەی کە زۆربەی ئێمە، بە چەمکی پۆزیتیڤیان دادەنێین و لەمەڕ وان هەست بە بەسترانەوەیەکی توندی خۆمان بە ئەوانەوە دەکەین، بۆ زۆر لە دانیشتووانی ناو سنوورە داندراوەکانی ئێران مانای نێگاتیڤیان لێ دەخووێندرێتەوە. چەمکی وەکوو " ئێران" ، " ئێرانی"، " فارسی"، " میللەتی ئێران"، " شارستانییەتی ئێران" و ...کە لەوانەیە ، لە نێو زۆر لە ئێمە دا هەستی پێ بەسترانەوە بورووژێنن، لە لای ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ئێران، بیرهێنەرەوەی ڕەنج، دووچاوکی لە گەڵ کران، بێ بەشی و تەنانەت نەفرت لێ کردنن. تەنێ دوای چەند سەعات دانیشتن و قسە کردن لە گەڵ زیندانی سیاسی پێشوو و بنەماڵەی ئێعدام کراوانی عەڕەب و کورد و خوێندنەوەی نووسراوەکانیان و لەوەش زیاتر، ئەو هەستەی کە لە نێوان قسەکان و نووسراوەکانیان دایە دەکرێ مڕۆڤ لەو دووفاقێتییە توندە تێبگا کە لە ناو ئەو حەشیمەتە دا هەیە کە بە گشتی و بە شێوەی یەکپارچە بە " میللەتی ئێران" بانگ دەکرێن و دوایە مڕۆڤ دڵپاکانە دەبێ لە خۆی بپرسێ: سنوورەکان و پەڵەی خاک و زەوی، چ بایەخێکیان هەیە کاتێک ئینسانەکان تێیاندا هەست بە خۆشبەختی نەکەن!؟ کاتێک ئینسانەکان هەستی بەسترانەوە بە وانیان تێدا نەبێ!؟ کاتێک ئینسانەکان نەفرەت لەو ناو و چەمکە پێوەندیدارەکانی بکەن!؟
ئەوەی کە بۆچی ئەمڕۆ تووشی ئەو ڕاستییە هاتووین، ڕیشەی هەر تەنیا ناگەڕێتەوە سەر سیاسەتەکانی سەرکوتکەری دەوڵەتە نێوەندییەکان لە ئێران، بەڵکوو زۆر لەوە بەو لاترەوە دەچێ و و ڕیشەی لە کردەوەی تاک تاک ئێمە دا بووە و دەبێ؛چ ئەو کاتەی وەکوو خەڵکی نێو کۆڵان، ڕەگەز پەرستی خۆمان بە گوتنی " عەڕەبی کوللە خۆر" و " ئەو کوردەی سەر دەبڕێ" ئاشکرا دەکەین و چ کاتێک وەک ڕووناکبیر، بەیاننامەی سیاسی دەنووسین و لە ڕاستیدا ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی خۆمان بە ووشەی ڕەنگین دەشارینەوە.
ڕاستتان بوێ من پێم وایە ئەگەر من عەڕەب یان کورد بووبایەم و تاکوو ئێستا و، سەرەڕای ئەو هەموو بەڵایانەی کە نەک هەر لە زەمانی کۆماری ئیسلامی دا بەڵکو لە دەستپێکی ساز بوونی پڕۆژەی دەوڵەت – نەتەوە بە زۆری سەرنێزەی ڕەزا شای پەهلەوی، بە سەر خۆم و بنەماڵەم هاتووە ، نەبووبام بە " جیاوازیخواز"، بەخوێندنەوەی ئەو بەیاننامەیە ببڕ ببڕ دەچوومە ڕێزی لایەنگرانی جوێبوونەوە لە ئێران بە تایبەتی کاتێک ڕستەیەکی ئەوتۆم خوێندبایەوە:
" لە ئێران سەرەڕای هەبوونی کەموکووڕی زۆر لە ئاکاری ئەوانەی دا کە حاکمییەتیان کردووە قەت دەوڵەتێک کە لە دەستەیەکی ئێتنیکی کەوتبێتەوە نەبیندراوە کە بووبێتە سەرۆکی " میللەت یان میللەتانی ژێر چەپۆکە."
لە ڕاستیدا ئەو ڕستەیە و ڕستەی دیکەی وەکوو ئەمە، کە پێشێلکردنی ڕێکخراوی (systematic) سەرەتاییترین مافە کانی میللەتانی عەڕەب، کورد، بەلووچ و ... تا " کەمووکووڕی ئاکاری حاکمییەتان" دا دەکشێنێ، جەوازی سەرکوت کردنی هەرجۆرە گۆت و بێژێک سەبارەت بە مافی دیاریکردنی چارەنووس دەدا بەو حاکمییەتانە بۆ ئەوەی شەقڵی " جیاوازیخوازی" یان " بەڕێوەبەری سیاسەتە ئەمپریالیستییەکان" یان لێ بدەن. ئەو ئەفسانەیەی کە میللەتی شەریفی ئێران هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی بە مەترسی بێگانان دایە، لێرەش دا وەکوو هەمیشە بۆ پاساو دانی ئەو سەرکوت و سانسۆرە بەکار دەهێندرێ. دەستەیەک کە باسی دامەزرانی دەوڵەتی فێدراڵیان لە دادێی ئێران دا کردووە و دەستەیەکی دیکەی کە تا ئەو جێیەی من بزانم خاڵی هاوبەشی هەموویان " فارس" بوونیانە و، هەموویان ئەزموونی ژیان لە ووڵاتانی فێدێڕالی وەک ئەمەریکا، ئەڵمان و سویس یان هەیە کە نەک هەر لەبەر یەک بڵاو نەبوون بەڵکوو لە بەتواناترین دەوڵەت – نەتەوەکانی دنیان، ئەئاوا تووڕە بوونە؛ وای لەو ڕۆژەی کە دەستەیەک بیانەوێ لەو خاکەی دا کە خۆیان و ئەژدادیان تێیدا هاتوونەتە سەر دنیایێ، دەوڵەت- نەتەوەی خۆیان دامەزرێنن. بەو مانایە، ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی هێندە سەیر نییە کاتێک چالاکانی سیاسی و مەدەنی کورد و عەڕەب بە بیانووی جیاوازیخوازی ئێعدام دەکا و کاتێک لە سێ ساڵی ڕابردوو دا ، سەڕەرای کەمتر بوونی ئاماری ئێعدامی سیاسی لە چاو دە ساڵەی ١٣٦٠کانی هەتاوی، زۆربەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی کە ئێعدام کراون یان کورد بوون یان عەڕەب.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە باڵادەستی وێژمانی پەهلەوی، سەبارەت بە " دەوڵەت – نەتەوە" و " یەکپارچەیی خاک" نەک هەر لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی دا بەڵکوو لە سیاسەت کردنی دژبەرانیش دا بە ڕوونی بەدەرەوەیە. هەر دووی ئەو وێژمانانە سەرچاوەیان یەکێکە: ئەو سنوورە داندراوانە بە هەر قیمەتێک کە تەواو بێ دەبێ بپارێزدرێن تەنانەت ئەگەر بەشێک لە دانیشتووانی لە چوارچێوەی ئەو سنوورانە دا ، نە هەستی بەسترانەوەیی و نە هەستی خۆشبەختی یان هەبێ. لە ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ ئەو ڕاستییە، ئەو پرسیارە خۆی لێ نادزرێتەوە: لە جێدا بۆچی نابێ کوردەکان، عەڕەبەکان و بەلووچەکان بەرگری لە جوێبوونەوە لە ئێران و هەبوونی دەوڵەت – نەتەوەی لەمەڕ خۆیان نەکەن ؟ لە ڕاستیدا چ مزگێنییەک یان بەدیلێکی باشتر لە لایەنەکەی دیکەوە بەوان دراوە و دەدرێ؟ جگەلەوەی کە ئێستاش کە ئێستایە، کوشتاری دێی قاڕنێ و کۆچ پێدانی زۆرەملێی دانیشتووانی چەندین لادێی کوردستان کە دەتوانێ بەڵگەی تاوانکاری بە دژی ئینسانییەت بێ وەکوو " کەموکووڕی" بە نێو دەکەن! جگە لەوەی کە لە بەر گۆڕانی نێوی کەنداوی فارس بە " کەنداو"، هێندەی نەمابوو دەرگای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕیسمە بەرن و بە کورتی ئەوەندە هاوارەی هەیان بوو قێراندیان بەڵام سەبارەت بە نێوگۆڕینی هەموو شارەکانی هەرێمە عەڕەب نشینەکان بۆ فارسی بی مانای وەکوو"سووسەنگێرد" ، تەنێ چەند نوکتەیەکیان ساز کرد و پێ کەنین! جارێک لە خۆمانتان پرسیوە لە ڕاستیدا عەڕەبەکان دەبێ بە چی دڵی خۆیان خۆش کەن کاتێک هەڵامەتی زیندانییە سیاسییەکانی مەرکەز نشین دەکەینە خەبەر تا ئاستی کۆڕوکۆمەڵی نێونەتەوەیی بەڵام باسی " فەهیمەی بەدوی" (٦)، زیندانی سیاسی عەڕەب کە لە سیلولی تاکە کەسی و لە بەر چاوی دوو بازجووی پیاوی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەهواز دا منداڵی دەبێ و ئێمە نە دەبینین، نە دەبیسین و نە تەنانەت کاتێک کە دەیبیسین ، ئەو ژانە گەورەیە بە ڕەسمییەت دەناسین. لە ڕاستیدا لەو بارەیەوە جیاوازی نێوان کۆماری ئیسلامی و " ئێمە"ی دژبەری کۆماری ئیسلامی چییە کە چاوەڕوانی هاوڕێیەتی و هاوڕایی مان هەیە لە کوردەکان و عەڕەبەکان و ...؟ بۆچی عەڕەبەکان یان کوردەکان، نابێ داوای مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بکەن کاتێک مزگێنییەکی کە نەک هەر کۆماری ئیسلامی یان خەڵکی ئاسایی کووچە و کۆڵانان ، بەڵکوو ڕووناکبیران و سیاسەتکارانی ئەو کۆمەلەیەش دەیاندەنێ ئەوەیە: جارێکی دیکە. ئەم ئێمەیە، ئێمەی "فارس" کە قەت بە پێڵاوی ئێوە بە ڕێگا دا نەڕۆیشتووە و ئەو ڕەنج و دووچاوکییەی کە ئێوە هەموو ڕۆژێ هەستتان پێ کردووە ، تێ نەگەیشتووە، بۆتان دیاری دەکا : "مەسەلەی سەرەکی" چییە؟ کام بابەت دەبێ وەپێش بخرێ و لە چ ڕوانگەیەکەوە دەبێ بەرەو کام بابەتەوە بچین؟ " ئێمە" کە ناساندنەکەی بریتییە لە ڕێکەوتنی " هەموان لە گەڵ من"، ئەو دێمۆکراسییەش کە لە بەرچاوێتی واتە منم تەوەرەی مەرکەز، لە هەموان باشتر دەزانم و بە نوێنەرایەتی هەموان بڕیار دەدەم و دەڵێم کە جوێبوونەوە لە ئێران لە بەرژەوەندی " قەومییەتەکان" دا نییە و دەبێتە هۆی ساز بوونی دەوڵەتی لاواز و دواجار " ئێرانی بەتوانا" لە نێودەبا. لەو تێڕوانیینە دا، توانایی و دەستەڵاتی ئێران گرینگترە لە چارەنووس، ژیان و داوخوازی بە میلیۆنان ئینسان کە لە چوارچێوەی ئەو توانایی و دەستەڵاتە دا ، باشترین لاوانی خۆیان بە سەر سێدارەوە دیتووە و ئێستاش هەر دەبینن. لە کاتی هێنانە گۆڕی ڕێگا چارە بۆ لە نێو بردنی ئەو ڕەنج و ژان و دوو چاوکییەش دا، ئەو ئێمەی تاقە وێژەری زانای گشت (٧) ە کە دەڵێ دەبێ ئەنجومەنی ئەیالەتی و ویلایەتی هەبێ و فێدرالیسم نەبێ. تەنانەت زەحمەتی ئەوەش بە خۆی نادا بۆ پاراستنی ڕواڵەتی دێمۆکڕاتیکیش بێ بڵێ: ئەمە پێشنیازی ئێمەیە بۆ قەوارەی سیستمی سیاسی دادێ. بە پێچەوانە، بە دەبێ و نابێ دووپاتە کراوەکانی خۆی دەرەتانی هەڵبژاردن و سەرپشک بوون لە خەڵک دەستێنێ..
جان ستوارت میل لە کتێبی گرینگی خۆی دا، " ژێر چەپۆکە کردنی ژنان" دا، بە دروستی سیستمی کۆیلەداری لەگەڵ سیستمی پیاو مەزنی بەراورد دەکا و بەو کەسانەی پێیان وایە ژنان، وەکوو کۆیلەکان لە بەر جیاوازی زاتی خۆیان توانایی پێویستی ڕاپەڕاندنی هێندێک کارو باریان نییە، دەڵێ کە قەت،هەلومەرجێکی ئاوا لە گۆڕێ دا نەبووە کە ژنان بە ئازادی ئەو کارو باری گۆیا پیاوانەیانە تاقی کەنەوە. ئەو دەنووسێ : ئەگەر ئیدیعای ئێوە ڕاستە، بهێڵن با ژنان ئازادانە ئەو جۆرە پیشانەیان هەبێ و ئەگەر ئەوە بە پێچەوانەی زاتیان بێ ، تێک دەشکێن و خۆیان وەلا دەچن. وا وەبەرچاو دێ لێکدانەوەکانی فێمێنیستی کلاسیکی ستوارت میل ، هێشتاش لە ووڵامی ئەو کەسانەی دا کە دەڵێن فێدێرالیسم ، یان بە پێی لێک دانەوەی ئەوان، " پارچە پارچە بوونی ئێران" لە بەرژەوەندی کوردەکان و میللەتەکانی دیکە دا نییە کەلکی لێ وەربگیردرێ چونکە هەلومەرجێکی ئەوتۆ، قەت تاقی نەکراوەتەوە تا هەڵە بوون یان دروستی ئەو وەدیار کەوێ. بەیاننامەی " کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی" نیشان دەدا تەنانەت لە نەبوونی کۆماری ئیسلامیش دا کوردەکان، عەڕەبەکان، و میللەتەکانی دیکەی ئێران، دیساننیش بێ کۆسپ و تەگەرە ئەو ئازادییەیان نابێ هەلومەرجێکی ئەوتۆ تاقی کەنەوە. لە ڕاستیدا پێیان دەگوترێ : فێدرالیسم بە قازانجتان نییە، چونکە ئەوە " ئێمە" ین کە دەزانین چ شتێک لە بەرژەوەندی ئێوە دایە. بە تەواوی هەر وەک ژنان کە پێیان دەڵێن یەکسانی ماف بە قازانجتان نییە چونکە ئەگەر وابێ ئیدی پیاوان ئەرکی نان پەیدا کردنیان نامێنێ و سەربەخۆیی بە مانای هەژار بوون و لە کیس دانی میچی بان سەرتانە.
چ خۆشمان بێ و چ ترشمان بێ، ئەگەر بە دوای وەدیهێنانی دێمۆکڕاسی و مافی مڕۆڤ لە ئێران دا دەگەڕێین، ناتوانین چاو لە مافی دیاریکردنی چارەنووس هەڵبوێرین. وەدیهاتنی دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ ژانی هەیە، وەکوو نەشتەرگەرییەکی سەخت دەچێ کە لەوانەیە جێ برینەکەی بۆ هەمیشە بمێنێتەوە بەڵام خۆی لێ نابوێردرێ. لە ڕاستییدا هەتا چەند لووی پێگەیشتوو لە کۆمەڵی ئێران دا تیمار نەکرێن. باس کردن لە دێمۆکڕاسی لە دادێی ئێران دا نالوێ، یەکێک لەو لووانە، مەسەلەی مافی دیاریکردنی چارەنووسە و ئەویدی، مەسەلەی ڕزگاریی ژنانە. تەنیا بە پەژراندنی دێمۆکڕاسی بە هەموو ئاکامەکانیەوەیەتی کە دەبێ هیوامان بەوە بێ قەقنەز لە ئاگر بە وەلەد بێ.
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
۱- http://www.amnesty.org.au/refugees/comments/25954/
۲- http://news.gooya.com/politics/archives/2012/09/146663.php
٣- باس سەبارەت بە خاڵی ٤ی ئەو ڕێکەوتننامەیە و ئەو ڕەخنە جیدییانەی لە سەرێتی دەرفەت و ووتارێکی دیکەی پێ دەوێ. لەو خاڵە دا هاتووە: " هەر دوو لا جەخت دەکەنەوە لە سەر یەکسانیی تەواوی مافی ژنان لە گەڵ پیاوان لە هەموو بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی ، ئابووری ، کولتوری ، خێزانی و ... دا و لەو بارەیەوە خۆیان بە پارێزەری قانوونی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و ئینسانی دەزانن و بۆ پەسند کردنی حەول دەدەن". ئەوەش دەرفەت و وتارێکی دیکەی پێ دەوێ.
۴- لەوانە دەکرێ هێما بکرێ بەم بابەتەی خوارەوە:
http://www.roozonline.com/persian/opinion/opinion-article/archive/2012/september/06/article/-7dc956d6b1.html
http://news.gooya.com/politics/archives/2012/09/146673.php
٥- جەخت کردنەوەی من لەم بابەتە دا لە سەر عەڕەبەکان و کوردەکان، لە بەر ئاشنایی زیاتر و لە نیزیکترەوەیە لە گەڵ نموونەی پێشێلکاری توندی مافی ئەوان.
۶- بۆ ئاگاداری زیاتر سەبارەت بە " فەهیمەی بەدوی" چاو لەم سەرچاوانە بکەن:
http://www.amnesty.org/en/library/asset/MDE13/059/2006/en/f179e22f-d428-11dd-8743-d305bea2b2c7/mde130592006en.html
http://www.amnesty.org/en/library/asset/MDE13/127/2006/en/91baca29-d3d7-11dd-8743-d305bea2b2c7/mde131272006en.html
http://www.amnesty.org/en/library/asset/MDE13/143/2006/en/e78633e6-d34c-11dd-a329-2f46302a8cc6/mde131432006en.html
http://shadisadr.wordpress.com/2012/05/02/fahi e/
٧- ئەوە ڕاستە کە " ئێمە" ناتوانێ جێناوی تاقە بێژەر بێ بەڵام لێرە دا بە ئانقەست کەلکم لە فڕەیزی تاقە بێژەر وەرگرتووە چونکە بوێژان و و وەشێنانی وێژمانی " پاراستنی یەکپارچەیی خاک بە هەموو قیمەتێک" سەرەڕای جوورە جوورەیی و چەشناوچەشن بوونیان، بە " یەکە" یەکی سیاسی دەزانم. هێنانەوەی قسەکان بە پێی نێوەڕۆک.
سەرچاوە: خبرنامە گویا
No comments:
Post a Comment