تیۆری سیاسی و مافی زمانی، هاوپرسەکی لەگەڵ
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی
قازی: بینەرانی بەڕێز ئەم کاتەتان باش، بەخێر بێنەوە بۆ
بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ.لە بەرنامەی ئەمجارەی ڕاوێژ دا لە سەر بابەتێکی زۆر گرینگ
ئەویش " بابەتی تێۆری سیاسی و زمان یان مافی زمان" ی قسە دەکەین لە گەڵ
بەڕێز پرۆفێسۆر عەبباسی وەلی، پرۆفێسۆر لە زانکۆی بۆغازئیچی، دیپارتمانی
کۆمەڵناسی.گەلێک بەخێر بێی مامۆستا!
وەلی: زۆر سپاستان دەکەم.
قازی: دیارە لەو بابەتانەی کە پێوەندی هەیە بە تیۆری
سیاسییەوە لە زەمینەی فەرهەنگ و لە زەمینەی ناسیۆنالیزم و لە زەمینەی ئێنیسیتی و
ئەوانە زۆرشت نووسراوە، بەڵام لە زەمینەی زمان یان مافی زمانی لە تیۆری سیاسی دا
کەمتر شت نووسراوە، جگە لەو کتێبەی کە ویم کیمیلکا وەختی خۆی بڵاوی کردوەتەوە
" تیۆری سیاسی و مافی زمانی". پێم خۆش بوو بپرسم کە ئێوە لە ڕوانگەی
تیۆری سیاسییەوە زمان چۆن دەبینن؟
وەلی: ئەوەی کە زمان لە تیۆری سیاسی دا زۆر کەمتر لە سەری
نووسراوە لە بەر ئەوەیە کە زمان زۆربەی جاران دە چوارچێوەی بەحسەکانی ناسیۆنالیزم
دا دیتراوە بە عینوانی یەکێک لە مەسائیلی ئەساسی وە سەرەکی بەحسەکانی
ناسیۆنالیزمی. دە وەیدا دیتراوە وەلی خودی مەسەلەی زمانی ئەو جۆرەی کە بۆی دەچن
پسپۆڕانی تێۆری سیاسی و فەلسەفەی سیاسی ئەوە بەشێوەیەکی گشتی لە دوو ڕێگایان ڕا،
دەگەڵ تیۆری سیاسەت پێوەندی دەبێ. یەکیان،جێگای زمانە دە هووییە و پێناسەی
نەتەوەیی گەلێکی یا نەتەوەیەکی دا،دووەمیان نەخش و ڕۆڵی زمانە دە بەیانی پڕۆسەی
سیاسی دا، بەتایبەتی پڕۆسەی دەستەڵاتی سیاسی و پێوەندیی دەستەڵاتی سیاسی دەگەڵ ئەو
گەلانەی کە هووییەیان دەگەڵ هووییەی دەستەڵاتی سیاسی یەک نییە. جا بۆیە، دەستەڵاتی
سیاسی ئەو جوورەی کە بۆی دەچن و شی دەکەنەوە لە دوو جێگایان خۆی دادەمەزرێنێ ؛
یەکیان لە تەریقی پڕۆسەی سیاسەت، کە لێرەدا مەعموولەن ئەو زەختەی کە سوڵتەی سیاسی
دای دەمەزرێنێ زەختێکی فیزیکی- نیزامی یە ، وەلی لە لایەکی دیکەشەوە لە عەرسە و
مەیدانی گوتاری یا گوفتمانی یا دیسکۆرسی پێ دەڵێن لەوێشدا زمان بە شێوەیەکی زۆر
ڕاستەوخۆ دەگەڵ ئەو کارە و ئەو پڕۆسەیەی کە دامەزراندنی دەستەڵاتی سیاسییە لە
پڕۆسەی سیاسی دا یەک دەگرێتەوە، بەو مەعنایەی ...
قازی: زۆر باشە، ئەگەر دەکرێ لێرە ڕابوەستین. دیارە بەشێک
لەوانەی کە بەهەرحال، دەزانین کە چەمکێک هەیە بە ناوی زمانی دایکی یا مادر لەنگوێج
و تەبیعەتەن ئەوەش هەمیشە لەگەڵ زمانێکی دیکە دێتە مەیدانێ کە یا زمانی ووڵاتێک بێ یا زمانی سەرانسەری بێ یا بە
هەرحاڵ زمانی نەتەوەیی بێ یا هەر چۆنێک. لەو پێوەندییە دا هێندێک دیتن هەیە؛ ئەو
دیتنانەش ئەوەن کە دەڵێن ئەو مەسئەلەیە یانی زمانی دایکی یا زگماکی نابێ بکرێتە
مەسەلەیەکی سیاسی ، بەڵکوو دەکرێ ئەوە لە چوارچێوەی کولتووری دا، لە چوارچێوەی ئەو
نیزامەی دا کە هەیە جێ بە جێ بکرێ. بەڵام ئێوە وەکوو تیۆریستێکی سیاسی ئەو
مەسەلەیە چۆن دەبینن؟ یانی پێتان وا هەیە مەسەلەی زمانی بوومی یان زمانێک کە
سەرانسەری نییە بەهەرحاڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی نەتەوەیی دا، ئایا ئەوە بۆخۆی
چەمکێکی سیاسی یە یان فەرهەنگی یان چۆنە؟
وەلی: نەخێر ئەوە ئەساسەن فەرهەنگی نییە. ئەگەر فەرهەنگ بی،
لەبەر وەی فەرهەنگی یە چون سیاسییە.ئەگەر سیاسی نەبێ ناتوانێ فەرهەنگی بێ.ئەوانەی
کە باسی زمانی دایکی لەو ڕوانگەیەوە دەکەن، ئەوانە بە باوەڕی من – و ئەوەندەی کە
ئەمن لە سەر لینگویستیکس ، زمانشناسی دەزانم، ئەوە حەوزەی کاری من نییە وەلی
ئەوەندەی من لێی دەزانم- ئەوەیە کە ئەو بۆچوونە بۆچوونێکی زۆر کۆن و تا حەدێکی
پاشکەوتوو لە زمانییە کە زمانی تەنێ وەک ئامرازی پێوەندی دەبینێ. زمان ئەوە نییە،
ئەگەر بچینە سەر ئەوەی کە پێی دەڵێن " ستراکچڕاڵ لینگویستیکس" یانی
زمانناسیی بناغەیی دەوێدا مەسەلەی زمانی
بە جوورێکی دی تەعریف دەکرێ. لەوێدا لە بەشی ئەوەڵ دا کە ئەوەی عەرزم کردی
زمانی وەک ئامرازی پەیوەندی دەبینێ ، دە وێدا مەعنایەکی کە دە زمان دا دروست
دەبێ رەبتی هەیە بە خودی سابجێکتەکە و
تاکەکە و ئیندڤیجواڵەکە دە سووڕەتێک دا زمانناسیی بنەمایی ئەوەی ڕەد دەکا، مەسەلەی
مەعنا ڕەبتێکی بە سابجێکتی نییە،مەعنا لە تەفاوت، فەرق و دیفرنس ئیجاد دەبێ بۆیە دە
زمان دا ئەگەر مەعنا پەیدا دەبێ ئەوەیە ، جا بۆیە زمان بە بێ کۆنسێپتی دیفرنس بێ
مەعنایە و زمانی دایکی لەو بابەتەیەوە موهیمە . لە بەر ئەوەی نییە کە ئامرازێکە و دەنگێکی
دیکەیە هەیە، شتێکی دیکە هەیە ئەوە لەبەر
وەی نییە ، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە کە ئامرازی بەیانی جیاوازییەکانە کە دە زمانی
ئەسڵی یان غەیری دایکی دا یا نەگونجاوە یا
ئەوە ئینکار کراوە.جا عەرزی بە خزمەتت دەکەم لێرە مەسەلەکە دێتە سەر ئەو شتەی کە
من دە پێشدا باسم دەکرد کوتم دوو پڕۆسە هەیە یەکیان ئەوەیە کە دەستەڵاتەکە لە
نەزەر سیاسی و فیزیکی دادەمەزرێنێ یەکی
دیکە لە نەزەر گوتاری و ئەوەی کە پێی دەڵێن گوفتمانی یان دیسکۆرس. دە دیسکۆرسیش دا
ئەوەیە کە ئەو جیاوازییەی کە ئەلئان باسم کرد کە مەعنای دەدا بەزمانی ، ئەو
جیاوازییە وەکوو مەحسوور دە دیوارێکی دا حیساب دەکرێ، ئەو جیاوازییە دەبەسترێ بە
سووڕەتی سکووتێکی، سایلنسێک دەردێ، جا بۆیە ئەگەر ئێمە ئەو پڕۆسەی دەگەڵ پڕۆسەی
دامەزراندنی دەستەڵاتی بە زەختی نیزامی و فیزیکی موقایەسە بکەین، دەوێدا ئەو
جیاوازییە بە زەخت و دەستەڵاتی فیزیکی و نیزامی ئینکار دەکرێ لێرە دا بە سکووت
ئینکار دەکرێ. ئەگەر لە پڕۆسەی دامەزراندنی دەستەڵاتی سیاسی ، سوڵتەی سیاسی لە سەر
نەتەوەیەکی یا لە سەر گەلێکی دە وێدا ئەو
زەختە نیزامییە بەشێک لە پڕۆسەی سیاسی یە،
دێرەشدا دە عەرسەی گوفتمانی یا دە عەرسەی گوتاری دا، لێرەشدا ئەو سکووتەی کە هەیە –
ئەوە زۆر موهیمە – ئەو سکوتەی کە هەیە ئەوە بەشێک لە بنەمای زمانی موسەلەتە ، جا
بۆیە ئەگەر زمانی دایکی ئیجازەی پێ بدرێ کە دەکار بکردرێ ئەو سکووتەی کە لە بنەمای
زمانی موسەلەت دایە ، ئەو سکووتە دەشکێ، ئەو دیوارە دەشکێ و دێتە دەرێ، جا بۆیە لە
سەرڕا ئەو هوویەتەی غاڵب و ئی سوڵتەی کە ئەو زمانە بەشێک لەوە ئەو هووییەتە دەبێ
لە سەرڕا دابمەزرێتەوە.
قازی: زۆر باشە، ئێستا لێرە مەسەلەیەکی دیکەش تەرح دەکرێ. دە
ڕاستیدا هێندێک نەزەراتی دیکەش هەیە کە دەڵێن بۆ وێنە لە چوارچێوەی جوغڕافیای
ئێران دا دەکرێ بە زمانی دایکی چەند دەرسێک هەبێ، کوردی، تورکی ئازەربایجانی،
بەلووچی ، عەڕەبی ، تورکەمەنی یان زمانی دیکە، بەڵام، ئەوە نابێ ببەسترێتەوە لە
مەسەلەی ناسنامە یان هووییەت یان ناسێنە. چونکە ئەوە ئەگەر ببەسترێتەوە بەوە
دەگاتە ئەوەی کە هووییەتی سیاسی جۆر بە جۆر پێک دێ و وەختێک هووییەتی سیاسی جۆر بە
جۆر پێک هات ، دەگاتە جودایی و دەبێ بە نیسبەت هەر زمانەی کە هەیە ووڵاتێک دروست
بێ. جوابی بەڕێزت بۆ ئارگومێنتێکی ئاوا چییە؟
وەلی: بە باوەڕی من ئەو ئیستیدلالە دە ئەسڵدا غەڵەتە، لە بەر
ئەوەی کە پەیوەندی زمان و ناسنامەی یان هووییەی
پێوەندییەکی ئینتیخابی نییە کە ئێمە بمانەوێ یان نەمانەوێ. زمان بەشێک
لەوهوویەیەیە، بەتایبەتی لە دنیای مۆدێڕن دا، ئەگەر پێش دەوڵەتی میللی و پێش مۆدێرنیتە
بایە پێش ئەو پڕۆسە سیاسییە، ئەو قسە مومکین بوو دروست بایە. لە ئیمپڕاتووری
عوسمانی یان لە ئێرانی قەدیم، لە چینێ یان حەتا ئوڕووپای پێش ١٧٨٩ ی شۆڕشی گەورەی فەڕانسە. ئەو بەحسە مومکین بوو ئەو دەمی
جێگایەکی هەبایە. وەلی وەختێکی ئێمە دێین دە چوارچێوەیەکی سیاسی دا قسە دەکەین کە
یەکێک لە شەرتەکانی ئەسڵی ئەو چوارچێوەی حەتا دە "تیۆری دێمۆکڕاتیک " دا
ئەوەی کە پێی دەڵێن " تیۆری ئیمێنێنس" ئەوەیە کە ئەو کەسەی کە حکوومەتێ
دەکا دەبێ زمان و هووییەی وی لەگەڵ ئەوکەسەی حکوومەتی لە سەر دەکرێ یەک بێ. جا
ئەوە حەتا لە تیۆری دێمۆکڕاتیک دا کە زۆر بەحسی لە سەر دەکەن لە مەر دێمۆکڕاسی و
ئەوانە ئەو مەسەلەی ئێمینێنس هەیە، جا
بۆیە دە سیاسەتی ئەوڕۆ دا ئەو بەحسە، بەحسێکی زۆر پاشکەوتوو ە، دەحەقیقەت
دا ئاگای لە وەزعی گۆڕانکاریی سیاسی و فەلسەفی دنیای ئەوڕۆ نەبووە بەو شێوەی. ئەوە
بەحسێکە کە مومکینە زمانشناسێکی زۆر زۆر سونەتی، مومکینە شاعیرێکی گەورەش بێ،
نووسەرێکی گەورەش بێ، وەلی ئاگای لە سیاسەت و مەبانی فەلسەفی سیاسی نەبێ ئەو
بەحسەی بکا. ئەو بەحسە نازانێ ئەساسەن ئەو
هێزەی کە فەرهەنگی دادەمەزرێنێ سیاسەتە. فەرهەنگ بە بێ سیاسەت لە دەرەوەی خۆیەتی.
ئەوە سیاسەتە کە ناوەرۆکی فەرهەنگی دەبا دە فەرهەنگییەوە، دینامیزمی دەداتێ.
قازی: زۆر باشە، بە داخەوە چونکوو وەخت زۆر نییە تکایە دەکرێ
هێندێک کورتتر ووڵام بدەیەوە! وەک ئاگاداری پێش ئەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی لە
ئێران بکرێ وەختێک کە ئاغای ڕووحانی بەرنامەی هەڵبژاردنی خۆی پێشکێش کرد، دە
مادەیەکی تەرح کرد کە لە وێدا باسی کردووە وەختێک بێتە سەر کار ئەو مادانەی کە لە
قانونی بنەڕەتی ئێران دا هەن کە جێ بەجێ نەکراون- دیارە لەوێدا ئێشاڕەیەک هەیە بە
زمانی بوومی،مەنتەقەیی یان قەبیلەیی یان هەر چۆنێک – و هەروەها بەڵێنی دا کە
کەسێکی تایبەتی دا دەنێ بۆ کاروباری کە ئەوان پێی دەڵێن "ئەقوام" و کەمایەتییان.
بەڵام دوای ئەوەی کە ماوەیەکیش گوزەراوە لە دانی ئەو بەڵێنانە ئەو مەسەلەیە هەتا
ئێستا جێ بەجێ نەکراوە، جگە لەوەی نەبێ کە کەسێک داندراوە وەکوو بەرپرسی مەسەلەی
ئەقوام و کەمایەتییان. و لەو دواییانە دا لە " فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی
فارسی" لە کۆبوونەوەیەک دا کە وەزیری ئامووزش و پەروەرشی ئێران لە گەڵیانی
هەبوو ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو فەرهەنگستانە دژی ئەو تەرحەی دەوڵەت قسەیان
کرد و بە گشتی ئەگەر قسەکانیان کۆکەینەوە سەر یەک ئەو ئەندامانی پەیوەستە یانی
ئەندامانی داییمی باسی ئەوەیان کرد کە ئەگەر بێتوو ئیجازە بدرێ بە جێ بە جێ کردنی
ئەو چەند مادەیەی کە پێشبینی کراوە لە قانوونی ئەساسی ئێراندا ئەوە دەگاتە کز بوون
و لاواز بوونی زمانی فارسی و دیارە لە هەمبەر ئەوەش کاردانەوەی زۆر هەبوو لە لایەن
تێکۆشەرانی مافی زمانی و بەڕێزیشت لە بەرنامەیەکی ڕادیۆیی و لە بەرنامەیەکی
تێلێڤیزیۆنی دا ئەوەندەی من ئاگادار بم لەو زەمینەیە دا باست کرد و قسەت کرد.
پرسیارەکەی من لێرەدا ئەوەیە چەندێک لە ئەندامانی کە موخالەفەتیان کردووە لە گەڵ
ئەو فکرە بۆخۆیان لە باری ئێتنیکییەوە خەڵکی ئازەربایجانن، زمانی دایکییان تورکی
ئازەربایجانی یە ، ڕەنگە ئەگەر بیانەوێ بە زمانی فارسی قسە بکەن، مومکینە بە
نووسین بەڵام بە قسە کردن ڕەنگە بە زمانی فارسی
بە باشی قسە نەکەن. پاشان ئەگەر ئێمە تاریخی مۆدێڕنی ئێران بەلانی کەمەوە لە
مەشڕووتییەتەوە هەتا ئێستا تەماشا بکەین
دەبینین زۆرێک لە دامەزرێنەران و بیرەوەران و پێکهێنەرانی فکری ناسیۆنالیزمی ئێرانی دە ڕاستیدا بۆخۆیان
فارس نەبوون. بە تایبەتی ئەگەر تەماشای ئازەربایجان بکەین زۆربەیان ئازەربایجانی
بوون و ئێستا بە پێچەوانەی مەسەلەی کوردان موناقەشەیەکیش هەیە لە نێو ئازەربایجان هێندێک کێشەی ناسنامەیی
زیاترە دە بەرانبەر یەکتری دان. کابرا دەڵێ ئێمە ئێرانین، ئەویدی دەڵێ نەخێر ئێمە تورکین
. جەنابت ئەو مەسەلەیە چۆن دەبینی؟ ئەتۆ ئەوەی لە ئێتنیک دەکەیەوە یان نا یان چۆنی
دەبینی لە ڕوانگەی تیۆری سیاسییەوە؟
وەلی: لە تیۆری سیاسی دا ئەوەیە کە ، ئەساسی قەزییەکە ئەوەیە
کە ئێتنیسیتە شتێکی تەبیعی نییە ، ئەساسەکە
ئەوەیە کە کەس بە ئێتنیسیتە لە دایک نابێ. کەس وەختێکی کە لە دایک بوو پێناسەی
کوردی و فارسی و نازانم تورکی و ئینگلیسی
و ئەڵمانی لێ نادەن.
قازی : لە ڕوانگەی تیۆری سیاسییەوە.
وەلی: بەڵێ! ئێتنیسیتە شتێکی دروست کراوە، ئەوەش سیاسەت دروستی
دەکا جا بۆیە ئەوانەی کە تۆ فەرمووت ئەوانە ئازەرین. بەڵێ لە لایەکەوە ئەوە مۆمکینە
کە ئەو خەڵکی ئازەربایجان بێ و بە تورکی ئازەریش قسان بکا بەڵام، هووییەی سەرەکی و
غاڵبی فارسی قەبووڵ کردووە دە ژێر وەیدا کارێ دەکا، ئەوە مەسەلێکە تایبەتی ئێرانێ
نییە. لە تورکیەش دەبینین کە یەکێک لە تیۆریسیەنەکانی گەورەی ناسیۆنالیزمی تورکی زیا گوێکئاڵپە کە
خەڵکی دیاربەکری بووە، کورد بووە و ماڵیشی ئەلئان لەوێ ماوە و مووزەیە و ...
قازی: یان لە ئێران ڕەشید یاسمی کە ئەندامی فەرهەنگستانی یەکەم
بووە.
وەلی: بەڵێ، ئەوە شتێکی هێندە سەیر و عەجایب نییە، نموونەی
ئاوا بووە بەو شێوەی. یەک ئەوەی دەگەیێنێ کە یەک خودی هووییە بۆ خۆی کانستراکتێکی
سیاسییە ...
قازی: یانی بە سیاسەت دروست دەکری!
وەلی: بەڵێ بە سیاسەت دروست دەکرێ، دووەمیش ئەوەیە کە وەختێکی
دەڵێن بە سیاسەت دروست دەکرێ ئەوە بەو مەعنایەیە کە پێوەندییەکی زۆر ڕاستەوخۆی
هەیە لەگەڵ دەستەڵاتی سیاسی. ئەگەر تەماشای وەزعی کەسانی وەک ڕەشید یاسەمی یا
ئەحمەد کەسڕەوی یا ڕەزازادەی شەفەق یا
تەقی زادە لە ئێرانێ بکەی ئەوانە هەمیشە بەشێک لە ستروکتووری سیاسی ئێرانێ بوون،
مەسەلەن سەتار خان نەبووە، باقر خان نەبووە، ئەوەش بۆ ئەوان مەسەلە نەبووە، ئەوان
جوورێکی دیکە لەگەڵ سیاسەتی ئێرانێ پێوەندییان هەبووە.پێوەندی وانە جوورێکی
دیکەیە. ئەوانە ئینتێلێجێنسیایەک بوون کە دە زەمانێک دا دەستیان بە کار کردووە کە
پڕۆژەی دەوڵەتی میللی پڕۆژەیەکی تازە بووە. ئەوانە هەموو بەرەو ئەوە چوون ئەو
پڕۆژەیەیان قەبووڵ کردووە و ویستوویانە ئەو پڕۆژەیەی لە ئێرانێ دامەزرێنن.
قازی: لێرەدا ئیستێک بگرێن. هێندێکان کە باسی ئێرانیگەری زۆر دەکەن بۆ وێنە
دەڵێن کەسێکی وەکوو تالبۆف یان کەسێکی دیکە کە مەشهوورە ئاخوند زادە لە قەفقاز
ژیاوە بەڵام باسی زمانی فارسی کردووە باسی
ناسیۆنالیزمی ئێرانی کردووە. ئەوە دەبەسترێتەوە بە ئەوەی کە بیرۆکەی، هەستی
ووشیاری ناسیۆنالیستی لە ئازەربایجان تاریخێکی دوور و درێژی نییە؟ یا بە چی دەبەسترێتەوە؟
وەلی: مەسەلەکە ئەوەیە کە بە باوەڕی من دەبێ ئاوای بۆ بچی کە
تێکەڵبوونی ئازەرییەکان دەگەڵ سیاسەتی مۆدێڕنیتە چ بووە. بەشی زۆری وەی لە
ڕووسییەی تێزاری سەری هەڵداوە. ڕووسییەی تێزاریش ئەگەر تەماشای بکەین لە بەشی
ئازەربایجان و بەشی گورجستان و یانی
ئاسیای ناوەندی و ئەوانە ئی خوارەوە و ناوەندی و ئەوانە ئینتێلێنجێنسیای ڕادیکاڵ و
دێمۆکڕات و سۆسیالیستی وانە دە فەرهەنگی ڕوسی دا گەورە ببوون و فەرهەنگی ڕووسیشیان
پێ فەرهەنگی موسەلەت بوو. فەرهەنگی ڕووسیش ڕابیتەی ئەوانە لە گەڵ فەرهەنگی
باڵادەستتری ئوڕووپایی بوو.فەڕز کە بەشی زۆری حەتا بۆلشۆڤیکەکان بە ئەڵمانی
مارکسیزمی فێر دەبوون. ئەوە شتێکە هەبووە. جا بۆیە لە ئێرانێش بە باوەڕی من وەختێک
پڕۆژەی حکوومەتی میللی هاتە گۆڕێ مەسەلەی زمانی هاتە پێشێ. زمان دیارە، زمانی
فارسی لە نەزەر تاریخی یەوە زمانێکی دوور و درێژترە و لە نەزەر تاریخییەوە ئەوە
تەڕدیدێکی تێدا نییە کە زۆرتر ڕوشد و گەشەی پەیدا کردووە و حەتا دیسان ئەوەش غەیری
عادی نەبووە کە تورکەکان لە ئێران حکوومەتیان کردووە لە زەمانی مەغوولی بەولاتر
حەتا پێشتر
قازی: بەڵام بە هووییەتی تورکی نەیان کردووە.
وەلی: بە هوویەتی زمانی تورکی نەیان کردووە وەلی ئەو دەمی ئەو
هووییەتەش مەتڕەح نەبووە، کەما ئینکی مەسەلەن
لە ئیمپڕاتۆری عوسمانیشدا سێ زمان هەمیشە هەبووە فارسی زمانی ئەدەبییات بووە،
عەڕەبی زمانی تێکنیکی و قەزایی و حقووقی و مەزهەبی بووە، تورکی زمانی دیوان بووە.
قازی: ئەگەر جەخت بکەینەوە لە سەر ئێران. چونکە لە پێوەندی
لەگەڵ ئێراندا مەسەلەی ئازەربایجان گرینگە. یانی ئەگەر جەختی بکەینەوە لە سەر
ئازەربایجان وەک دەزانی کە لەوێ بزووتنەوەیەکی زۆر گەورە هەبووە. بزووتنەوەی
مەشرووتییەتی ئێران لە ئازەربایجانەوە دەستی پێکردووە، بەڵام ئەگەر هێندێک تەماشای
تاریخی تازەی ئێران و ئازەربایجان و کوردستان بکەین ئەوەی کە تەبەلوری داوا و
خواستی نەتەوەیی بێ تەنێ لە حەڕەکەتی پیشەوەری، تەنێ لە زەمانی حکوومەتی میللی
ئازەربایجان خۆی نیشان دەدا. پێشتر نابینین وایە یا وا نییە؟
وەلی: بڕێک لە حەڕەکەتی خیابانی ش دا بەو شێوەی هەبووە. وەلی
مەسەلەکە ئەوەیە کە ئازەرییان وەزعێکی تایبەتییان لە ئێرانێ هەبووە. ئەوەی کە
ئازەرییان تا بەشێکی زۆر بەشدار بوون لە بنەمای قودرەت لە ئێرانێ لە نەزەر
سیاسییەوە
قازی: بەڵام بە نێوی ئازەربایجان؟
وەلی: ئاخر ئەو دەمی ئازەربایجان بەو شێوەیە مەعنای نەبووە،
یەعنی ئازەربایجان بە شێوەیەکی هووییەیی مەعنای نەبووە، ئەوانە بەشدار بوون،
ئەوانە حەتا ئەوەی کە دەڵێن ئەوانە گرووپی سەرەکی ئێتنیکی لە ئێرانێ بوون و لە
نەزەر ئابووری و ئیقتیسادی ئەو وەزعەیان ماوە، ئەلئان ئەگەر تەماشای بکەی لە ڕووی
سیاسیشەوە وایە، مەسەلەن خودی ئایەتوڵا خامەنەیی بۆخۆی ڕەگەزی ئازەری هەیە، وایە؟
قازی: بەڵێ چەند نەسل پێشتر
وەلی: یان سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆن بەویش مووسەوی کە تەورێزی یە و
دەبەینی وانە دا زۆرە ئەو مەسەلە. بەڵام لەوێ بە باوەڕی من ئێتنیسیتە لە بنەمایەکی
تازەی دەستەڵاتی دا هەیە.
قازی: بەڵام ئەوە گرینگە ، لە سەروبەندی تازە دا، ئێوە میسالی
مووسەوی تان هێناوە. میسالی زۆر ڕووناکبیری کە زمانی دایکییان ئازەربایجانییە
بەڵام خۆیان بە ئێرانی دادەنێن و ئەو هووییەتەیان پێ سەرەکەیە. دەکرێ ئەوانە بە
تەواوی لێک جیا بکەینەوە؟ یانی موهیم نییە کابرا لە ڕووی ئێتنیسیتەوە چییە، موهیم
ئەوەیە کە لە باری سیاسییەوە بەرنامەی چییە؟ یان باسی چ هووییەتێک دەکا. وایە؟
وەلی: دروستە. ئێتنیسیتە بەو بۆچوونەی فەرهەنگی، یان بەو
بۆچوونەی کە هەر کەسە وەختێکی لە دایک دەبێ ئێتنیسیتەیەکی دەبێ، بە باوەڕی من لە
نەزەر سیاسییەوە شتێکی بێ مەعنایە. کامیلەن بێ مەعنایە. دەبەینی خودی ئێمە دا، ئی
ئازەریانیشدا هەر واتر مەسەلەی پێناسە یان هووییەی کوردی شتێکە کە کەسێک لە نەزەر
سیاسییەوە بۆی دەچێ و قەبووڵی دەکا یان دەچوارچێوەی سیاسەتێکی دا ئەوە بێ ئەوەی کە
بۆخۆی بزانێ ڕوشدێ دەکا.
قازی: یانی لەو ڕوانگەیەی ساز دان، کانستڕاکشن ە دا، گورجییەک
دەتوانێ کورد بێ ، بەڵام کوردێک دەتوانێ کورد نەبێ.
وەلی: دەقیقەن وایە. بە باوەڕی من هیچ کەس بە هووییەیەکی ئێتنیکی یان میللی لە دایک نابێ.
قازی: زۆر باشە! لە پێوەندی ئەو باسەی دا کە پێشتریش ئاماژەم
پێ کرد یانی ئەو تەرحەی کە ئاغای ڕووحانی باسی کرد بوو ، لە ٢١ی مانگی فێورییە (
دووی ڕەشەمە) ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بوو و
موناقەشە زۆر لەوە زیاتر بوو کە چاوەڕێ دەکرا چ بە لایەنگری و چ بە دژ، بە
تایبەتی مەسەلەیەکی کە زەق دەکرێتەوە ئەوەیە کە هێندێکان دەڵێن ئیمکان بۆ خوێندنی
زمانی دایکی با، بەڵام، خوێندن بە زمانی دایکی نا. چونکە خوێندن بە زمانی دایکی
دەگاتە ساز کردنی هووییەتێکی دیکە. بەڵام شتێکی کە چاوڕاكێشە لەو موناقەشانە دا
کەسێک بە ناوی ئاغای بەقایی ماکان کە پسپۆڕی ئەدەبییاتی فارسی یە و ماوەیەک لە
ئەمەریکا بووە و دوایە لە سەر ئیقباڵی لاهووری کاری کردووە، باسی شتێکی کردووە کە
لە ئەدەبییاتی هاوچەرخی فارسی یا ئێرانی
دا نموونەی نەبووە تا ئێستا، ئەویش ئەوەیە کە ئەو دەڵێ لە ئێران هەموو کەس فارسە.
تەقریبەن عەینی ئەو ئیحتیجاج و قسەیەی کە پێشتر لە تورکییە دەکردرا. ئێوە ئەوە بە
چی دەبەستنەوە؟ یانی گوتوویە لە ئێران فەرق ناکا، هەر کەس لە ئێرانە حەتا خاک و
خۆڵەکەش هەمووی هەر فارسە و ئەویش یانی ئێران. ئەوە چۆنە کە ئێستا تەبەلوری پەیدا
کردووە؟
وەلی: وەڵا ئەوە بە داخەوە، مخابن بە تەئەسوفەوە دەبێ بڵێی کە
ئەوە بەحسی زمانی ، بەحسی پێناسە و هووییەتی لە ئێرانێ زۆر دەباتەوە پشتەوە، یانی
ئەوە بۆچوونێکی زۆر پاشکەوتووە بە نەزەری
من، حەتا بەشێکی زۆری ئینتێلێجێنسیای
فارسیش ئەوەیان قەبووڵ نەبووە و لە ئێرانێ بە شێوەیەکی سوننەتی ئەوەندەی ئەمن
ئاگام لێیە هیچوەختێکی ئەوانە نەهاتوون ئەوەی بڵێن....
قازی: لە تورکییەی گوتراوە،
وەلی: لە ئێرانێ کەس نەیگوتوە ، ئەمن ئەوەم بیستووە، یانی
نەمبیستووە ئەمن ئەوەم خوێندووەتەوە کە جارێکی شاعیرێکی ئێرانی ئاغای سپانلوو
کوتبووی کە زمانی فارسی و مەزهەبی شیعە دوو ستوونی ئەسڵی هووییەی ئێرانین.ئەمن
بۆخۆشم ئەو دەمی لە بەحسێکی دا شتێکم لە سەر ئەوەی گوت کە ئەگەر وابێ دەبێ تەکلیفی
ئەوانەی کە نە مەزهەبیان شیعەیە و نە زمانی دایکییان فارسی مەعلووم کەن بزانن کە
ئایا ئەوانە ئێرانین یا ئێرانی نین؟ بە باوەڕی من هەر خودی ئاغای سپانلووش ئاگادار
نییە لە کاسیکوێنسی سیاسی ئەو بەحسەی کە دەیکا. وە زۆر عاتیفی ئەو قسەی کردووە.
مومکینە کوردێکیش یا تورکێکیش ئەو بەرخوردە عاتیفییەی دەگەڵ شێعر و ئەدەبی فارسی
هەبێ وەلی ئەو بەحسە جێگای دە سیاسەت دا بەو شێوەیەی نییە و ئەگەر بە شێوەیەکی
نائاگاهانە یانی بێ ئەوەی کە ئاگای لێ بێ ئەو بەحسەی بکا و ئاگای لە
کانسیکوێنسەکانی نەبێ ئەو دەمی موشکیلەی
ئەساسی دێنێتە پێشێ. لەدوایە لە نەزەر تێکنیکیشەوە، ئەو ئاغای ماکان کە
کوتت بە باوەڕی من کەم سەوادە کە ئەمن ئەلئانەکە پێی دەڵێم ئەوە ئینسانێکی کەم
سەوادە، ئێستاش وەدەزانێ کە زمان ئامرازێکی ئینتیخابی یە کە بۆ خۆت ئینتیخابی دەکەی وەکوو ئامرازێکی
وەکوو مەسەلەن ئەمن دەڵێم ئەمن دەمەوێ ئەوڕۆ ئەو لیباسەی دەبەر کەم، سبحەینێ
لیباسێکی دی دەبەر کەم. یا ئەوڕۆ ئەو خۆراکەی بخۆم ڕۆژێکی دی یەکی دیکە، یا ئەوڕۆ
ئەو کتێبەی بخوێنمەوە و ڕۆژێکی دی کتێبێکی دی. ئەوە نییە. ئەو ئەسڵەن پێوەندی
زمانی دەگەڵ مەسائیلی جیاوازی کە ڕەبتی هەیە بە بنەمای دەستەڵاتی سیاسی ئاگای
لەوەی نییە. ئەمن بە ئینسانێکی کەم سەوادی بێ فەرهەنگی دەزانم و بە باوەڕی من پێش
ئەوەی قسەی ئاوا بکا، لە باتی وەی زۆرتر ئیقباڵی لاهووری بخوێنێتەوە باشترە بچێ بڕێک
تیۆری مۆدێڕن بخوێنێتەوە خۆی ئاگادار بکا، بۆخۆشی باشترە. دنیای باشتر دەبینێ،
دەتوانێ بە ئیستیلاح دەگەڵ خۆشی چاکتر ڕەفتارێ بکا، چونکە ئەلئانەکە خۆی دە
جەعبێکی سیاسی زۆر زۆر، دیوێکی سیاسی زۆر زۆر تەنگ ناوە نێوی ناوە زمان و فەرهەنگی
فارسی. ئەوە یەک قەدەم دوو قەدەم لەوێ هەڵگرێ دە دنیای واقیع دا سەری وە دیواری
دەکەوێ. ئەمن جا بۆیە کەسی ئاوا نە بە جیدی دەگرم ، ئەمن نەسیحەتی دەکەم کە بچێ کتێبی بخوێنێتەوە. ئەگەر ئەوانەی کە
بەحسی وا دەکەن لە سەر زمانی دایکی کە ئایا زمانی دایکی دەبێ فێری بی یا پێی بخوێنی
و ئەوانە؛ ئەوە بەحسێکی سیاسییە، ئەگەر
بنەمای ئەو بەحسەی بە شێوەیەکی سیاسی
دابمەزرێنن ئەوە بەحسێکی زۆر باشە. ئەو
بەحسە نە فەقەت بۆ ئێمە باشە، ئەو بەحسە
بۆ بۆچوونی وان بۆ زمانی فارسی، بۆ وان باشتریشە، یانی ئەوانیش دەتوانن بۆچوونێک و
دیدێکی ئی تازەتر و باشتریان لە پێناسەی سیاسی و فەرهەنگی و زمانی خۆیان هەبێ چون
زۆر خراپە ئینسان دە دنیای تەنگی خۆیدا بژی وەکوو ئاغای ماکان.
قازی: دیارە ئەمن پرسیاری دیش دەکەم بەڵام، پێم خۆش بوو
پرسیاری بینەرێکیش لێرە باس بکەم باسی
ئەوەی کردووە کە " تێڕوانینێک لە سەر
مێژووی ئێران هەیە کە پێی وایە ئەم وڵاتە لە دەسپێکی میژووە وە وەک جەستەیک
بەردەوامی هەبووە و...(ئەمە گێڕانەوەیەکی ئایدۆلۆژیکە لە لایەن پان
ئێرانیەکانەوە)ئەم تێڕوانینە چەندە ڕاستە و چەندە ئایدۆلۆژیکە؟بە تایبەت گەر ئەم
تێڕوانینە لە گەل ئەمری واقیعی میژووی ئێران لێک بدەینەوە کە وا نەبووە و ئێرانیش
نەتەوە دەولەتێکی مۆدێڕنە.جا مەبەستی من بە تیۆر کردنی ئەو دوو ڕوانگەیە بووە لە
دەلاقەی گێڕانەوەی مێژوو." ئێوە ئەوە چۆن دەبینن؟
وەلی:
ئەو بەحسە دە بەینی ناسیۆنالیستاندا زۆرە. ناسیۆنالیستان
بە داخەوە بەشی زۆریان ئەوەی کە دە فەلسەفەی دا پێی دەڵێن هیستۆریسیست ن،
تاریخگەران. ئەوانە ڕیشە و بنەمایەکی بۆ تاریخی خۆیان دەبیننەوە، لە دوایە تاریخی
خۆیان بەر ئەساسی تەکامولێکی فەڕزی ئەو
ڕیشە و بنەمایەی شی دەکەنەوە. لە پڕۆسەیەک دا کە قەت قەتع نابێ ، ئەو هەموو
بەسەرهاتە لە تاریخی ئێرانێ دا بووە، ئەو پڕۆسەیە لە نەزەر وانەوە هەر وا هاتووە و
دەڕوا و دەڕوا و گەیشتووەتە ئەوڕۆ و ئەلئانەکە بەو شێوەیەیە خۆی دەردەخا باشە. یەكێک لە موشکیلاتی
ئەساسی تاریخگەری یا تاریخگەرایی ئەوەیە کە بەحسەکە هەمیشە مێتافیزیکی یە. هەر
بەحسێکی کە لە سەر بنەما و ڕیشەیەکی فەڕزی یەکگرتوو کە دە تاریخێ دا موتەحەویل
دەبێ و تاریخی بەوجوود دێنێ بەو شێوەی ئەو بەحسە
مێتا فیزیکی یە، بەحسێکە ئەساسەن
ناتوانێ دە چوارچێوەی تاریخێکی واقعی و ئێفێکتیڤ دا تەبیین بکرێ، بەیان بکرێ. جا بۆیە ئەوەی کە
ئێران لە بیدایەتی دامەزراندنێ، کە ئەساسەن مەعلووم نییە ئەو دەمی ئێرانێکی ئاوا
هەبووە، سنوورەکانی چ بووە، چ نەبووە، وەزعی سیاسی چ بووە. چونکە ئەوەی کە هووییەی
ووڵاتێکی تەعیین دەکا دە حەقیقەت دا فەرهەنگی ئەو ووڵاتەی نییە، سیاسەتی ئەو
ووڵاتەیە. زەمانێک بووە کە مەسەلەن ئەتۆ نەت توانیوە کە بڵێی ئێران کولییەتێکی
یەکگرتوو بووە. هەر ئەو نا چینیش وا بووە، فەڕانسەش وا بووە. یەکگرتوویی ووڵاتێکی
دە ژێر سوڵتەیەکی واحید دا، ئەوەی پێی دەڵێن حاکمییەتی میللی ئەوە شتێکی زۆر
تازەیە. ئەوە بە دەستەڵاتیش ئەو دەمی ڕانەدەگیرا، ئەلئانەکە موەریخینی نیزامی بە
ئێمە دەڵێن هەتا سەدەی ١٨ لە ئوڕووپایە هیچ ووڵاتێک نەبووە کە بتوانێ لە نەزەر نیزامییەوە لەشکرێکی
دە هەزار نەفەری سەد کیلۆمێتران بجووڵێنێتەوە بە بێ ئیحتیاج بە هێزی محەلی. ئەگەر
ئاوا بووبێ ووڵاتێکی وەکوو ئێرانێ کە بە قسەی ئەوانە دوو سێ هەزار کیلۆمیتر بووە.
ئەوە لە مەرکەزێ ڕا چۆن ئیدارە کراوە؟ عەینی ئەو مەسەلە لە مەوریدی زمانی فارسی
وایە وەکوو زمانی نویشتاری خەڵکی ئێرانێ.
ئەمن ئەو بەحسەی دەکەم باشە ئەگەر ئەتۆ دەڵێی
ئەوە زمانی نویشتاری خەڵکی ئێرانێ بووە لە بیدایەتی قەڕنی بیستوم لە
ئێرانێ سەدی چەندی خەڵکی ئێرانێ سەوادی
نویشتارییان هەبووە بە نەزەری من حەدی ئەکسەری سێ دەرسەد چوار دەر سەد باشە لە
جەماوەرێکی نیزیکەی هەشت نۆ میلیۆن. ئەگەر
زمانی فارسی زمانی نویشتاری وانە بووە لە کوێ ئەوە میللی بووە؟ میللی بوونی لە کوێ
ڕا هاتووە؟ ئەوە فەڕزییاتێکە، کە ئەدیبان ئەو فەڕزییاتەی دەکەن کە لە تیۆری سیاسەت
دا ئەوە نە جێگای هەیە و نە بە مەنتیقی وەی دەخوێنێتەوە و نە بە مەنتیقی بەحسی
تاریخی. شتی وا نەبووە.
قازی:
بەڵام ئەو بەڵگە و وەقفنامە و ئەو جۆرە شتانەی
کە بۆ وێنە لە ناوچەی کوردستان هەیە زۆربەیان بە فارسی یە ئەوە چۆن پاساو دەدرێ؟
وەلی:
خۆ ناڵێم زمانی ئیداری نەبووە، بووە، وەلی
نابێ بڵێن کە پێش وەی کە دەستەڵاتی دەوڵەتی میللی پەهلەوی پشتیوانی لە زمانی فارسی
بکا، ئیمکانی نییە ئەتۆ بەحسی ئەوەی بکەی بڵێی زمانی نویشتاری میللی بووە، زمانی
نویشتاری میللی نەبووە.
قازی:
زۆر باشە! ئێمە دەزانین لە داوخوازەکانی سیاسی
بزووتنەوەی سیاسی کوردان لە هەر بەشی کوردستانێ کە بوو بێ و لە هەر بڕگەیەکی
مێژوویی دا بووبێ، دە ڕاستیدا مەسەلەی داوخوازی زمان هەمیشە لە پێشەوە بووە و
ئێستاش بە ئەو گوڕ و تینەی کە ئەو داوخوازە لە ئێران بەخۆیەوە گرتووە پێتان وایە
کە ئەوە دەتوانێ ببێتە پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە بەینی ئاخێوەرانی زمانی کوردی، زمانی
تورکیی ئازەربایجانی، بەلووچی، عەڕەبی لە پلاتفۆڕمێکی هاوبەش دا کاربکەن بۆ
وەدیهێنانی ئەو داوخوازانە؟
وەلی:
هاوبەشی دێمۆکڕاتیک بەڵێ! مەسەلەیەک لێرە هەیە
کە کوردەکان و ئازەرییەکانیش نابێ هەڵەی فارسەکانی ئیفڕاتی تیکرار بکەنەوە یانی
ئەوەی دووپاتە بکەنەوە بەو مەعنایەی کە وەختێکی ئەتۆ حەقی خۆت دەوێ ئەوە نابێ بە
مەعنای تەختەئە کردن و ئینکار کردن بێ. بەحسی موستەدەلی سیاسی تێۆریک شتێکی
دیکەیە.وەلی پڕۆپاگاندای سیاسی،فەرهەنگی شتێکی دیکەیە. ئەمن پێم وایە کە ئەگەر
کوردەکان و ئازەرییەکان و عەڕەبەکان و بەلووچەکان بتوانن پلاتفۆڕمێکی دێمۆکڕاتیک
دابنێن و لەو پلاتفۆڕمەی دا جەماعەتێکی پسپۆڕ لە هەر بەشەی دا بەشدار بێ ئەوانە
بتوانن لە دیالۆگێکی باش دەگەڵ ئینتێلێجێنسیای فەرهەنگی شتێکی هاوبەش بەوجوود بێنن
، وەختێک ئەوەیان بەوجوود هێنا بتوانن دەگەڵ ئەو کەسانەی کە دە بنەمای دەستەڵاتی
ئێرانێ دا ئەوەی ئینکار دەکەن و پۆزیسیۆنی زۆر ئیفڕاتییان هەیە، دەگەڵ وانە
دەتوانن بەحس و دیالۆگیان هەبێ، دەتوانن بنووسن. ئەمن پێم وایە هەم ئازەرییەکان،
هەم کوردەکان، هەم عەڕەبەکان و بەلووچەکان دەبێ بزانن کە دێرە دا ئیحتیاجیان بە
هاوکاری ئینتێلێجێنسیای دێمۆکڕاتیکی فارس هەیە، ئەوان دەبێ بێنە ژوورێ، ئەوان
قسەکانیان موهیمە جێگای خۆی دەگرێ دەتوانێ قسەکان و بەحسەکانی ئێمە دەوڵەمەند بکا.
ئی ئێمەش دەتوانێ دە موقابیل دا قسەی ئەوان دەوڵەمەند بکا. دیواری ئێتنیکی کێشان
دەو بەینەی دا بە باوەڕی من زۆر خراپە. نە دیوارێکی وا هەیە، کە دیارە ئەوە
دیوارێکی سیاسییە دەیکێشن نێوی ئێتنیکی لە سەر دادەنێن . لێرە دا دەبێ مەیدانێک
بکرێتەوە. مەیدانەکە دیوارەکەی دەبێ زۆر فلێکسبڵ
و نەرم بێ کە جەماعەتێکی کە دەیانەوێ بێن دێرەوە و قسەکانی خۆیان دەچوارچێوەی ئەو فەرهەنگە
دێمۆکڕاتیکەی دا بکەن. ئێستا وەختی ئەوەی هاتووە کە بەحسێکی ئاوا ببێتە بەحسێک بۆ پڵاتفۆڕمێکی هاوباش. زۆر زۆر گرینگە بە شەرتێکی
کە بە دەوری وەی دا دیوارێکی بڵیندی ئێتنیکی نەکێشرێ.
قازی:
بەڕێز وەلی، ئێمە دەزانین کە بەو زووانە یانی
لە ٣٠ی مانگی مارس هەڵبژاردنی ناوچەیی دەبێ لە تورکییە و بە تایبەتی لە ناوچەی
کوردستانیش ، لە مەڵبەندی کوردستان بەحسی خۆسەری دێمۆکڕاتیک هاتووەتە مەیدانێ و تا
ڕادەیەکیش ئەگەر بە نیسبەت ساڵی ١٩٩١ بەملایەوە تەماشا بکەین بۆچوونی ڕەسمی بە
نیسبەت زمانی کوردی هێندێک ئاڵوگۆڕی بەسەر
داهاتووە بەڵام هیچ زەمینەی قانوونی بۆ زمانی کوردی نەهاتووەتە مەیدانێ. یانی
لەگەڵ ئەوەشدا کە تێلێڤیزۆنێکی ٢٤ سەعاتە هەیە بەڵام هیچ ڕەسمییەتی قانوونی نییە.
پێت وا هەیە لە پێوەندی لە گەڵ ئەو هەڵبژاردنەدا کوردان بۆ خۆیان لە چوارچێوەی
خۆسەریی دێمۆکڕاتیک دا چۆن دەتوانن مەسەلەی زمانی کوردی بەرەو پێشەوە بەرن لە
باکووری کوردستان دا؟
وەلی:
بەحسی زمانی کوردی لە چەند مەیدانی جیاواز دا
مەتڕەحە لە تورکییەی. بەحسی قانوونی بنەڕەتی، ئی کانستیتوشن ی تورکییەیە، کە دەوێدا
ئەو بەحسە دەبێ بە شێوەیەکی قانوونی بگونجێندرێ، کە زمانی کوردی زمانێکی
قەبووڵکراوە و هەم سەنگ و هەم تەرازی زمانی تورکی یە. مونتەها لێرە دا دەڵێم چون
زمانی تورکی لە نەزەر تاریخییەوە زمانی ئیداری ئێرە بووە و لەو بارەیەوە کوردان
نایانەوێ ئەو وەزعەی تێک بدەن، زمانی تورکی وەکوو زمانی ئیداری دەمێنێتەوە، وەکوو
زمانی ئامووزشی دەمێنێتەوە وەلی کوردیش وەک زمانی ئامووزشی دەبێ قەبووڵ بکرێ و
ئەوەی کە تەواوی ئەو حقووقە سیاسی و فەرهەنگیانەی کە بە زمانی تورکی دەدرێ دەبێ بە زمانی کوردیش بدرێ وەلی دە چوارچێوەی دەوڵەتی
تورکییەی دا کوردەکان ئەوەی بە سووڕەتی داوتەڵەبانە قەبووڵ دەکەن کە زمانی تورکی
لە نەزەری تاریخی ڕا ئەو وەزعەی هەبووە، جا ئەوەی بۆچی ئەمن لێرە تەئکید لە سەر
مەسەلەی تاریخی دەکەم لە بەر ئەوەیە نابێ بەحسێک بکرێ کە ئەو زمانە روجحان و
بەرتەری لەزمانەکەی دیکە هەبووە.ئەوە شتێکی غەڵەتە موشکیلی ئەساسی دێنێتە پێشێ و
یەکێکیش ئەوەیە بە باوەڕی من کوردەکان هەڵەیەکیان کردووە، حەتا من ئەو بەحسەم
لەوێش کردووە، ئەوە دە دەستووری بەدەپەش دا هەیە. ئەوان دە شەڕاییتی فێعلی دا مەسەلەی زمانی ڕەسمییان
قەبووڵ کردووە. یانی قەبووڵیان کردووە دە قانوونی ئەساسی تورکییەی دا کە قەرار بوو
لە سەر ڕا دابندرێتەوە.
قازی:
یانی قانوونێکی تازە؟
وەلی:
بەڵێ قانوونی تازە.قانونی ئەساسی تازە دە وێدا بڵێن زمانی تورکی زمانی ڕەسمیی
تورکییەیە،.ئەمن دەگەڵ ئەوەی موخالیفم. لەو بابەتەیەوە کە مەسەلەی زمانی ڕەسمی بەو
مەعنایەیە کە ئەوە زمانی دەستەڵاتە. ئەوە موشکیلاتێکی زۆر هەم بۆ کوردان...
قازی:
لە زۆر ووڵاتی جیهان زمانی ڕسمی نییە بۆ وێنە لە قانوونی ئەساسی ئەمەریکا دا، لە
سوێد نییە.
وەلی:لە
ئینگلیستانیش نییە. بە باوەڕی من ئەوە بگوترێ هەر ئەو جۆرەی کە لە ئینگلیستان هەیە،
لە فەڕانسە بە تەرتیبێکی دیکە، لە ئەڵمان . ئەوە تەکامولی ئەو زمانانە لە نەزەر
تاریخی یەوە ئاوا بووە ؛ پێوەندییان لەگەڵ ئیدارە و دەستەڵاتی جۆرێک بووە ئەلئان
تێکدانی وەی مشکیلەی گەورە دێنێتە پێشی وەلی دە عەینی حاڵ دا دەبێ تەواوی ئەو
حقووق و ئیمتیازاتەی کە بەو زمانەی دراوە بە زمانەکانی دیش بدرێ و لەفزی ڕەسمی
وەکوو مەزهەبی ڕەسمی، وەکوو زمانی ڕەسمی ئەوە یانی ئێمە باسی ئەو عەناسور و
ئێلێمێنتەکان و ئەجزای هووییەی دەستەڵاتی دەکەین.ئەوە لە نەزەر تیۆریکەوە موشکیلەی
دێنێتە پێشێ ، ئەمن ئەو بەحسەم لەگەڵ جەماعەتێکی بەدەپەی لەوێ کرد ئەوان دیارە
قەبووڵیان نەکرد. وەلی ئەمن فکر دەکەم کە ئەگەر بێتوو و قانوونی بنەڕەتی
دابندرێتەوە حەتا زمانی کوردیش قەبووڵ بکرێ دەوێدا، وەلی بڵێن زمانی تورکی زمانی
ڕەسمی ووڵاتەکەیە دیسان موشکیلەکە بەشێکی زۆری حەل دەبێ وەلی ئیمکانات بۆ موشکیلاتی
کە پاشان بێتە پێشێ دیسان هەر دەمێنێتەوە.
قازی:
ئاخر پرسیار! ڕەنگە پرسیاری دیکەشی بەدوو دا
بێ، بەڵام وەختمان کەم ماوە، ئەویش پێوەندی هەیە بە شێوەزارە کوردییەکانەوە بۆ
وێنە ئێستا لە باکووری کوردستان شێوەزاری کورمانجی هەیە کە زۆربە قسەی پێ دەکەن،
شێوەزاری دملکی هەیە کە لە نووسینیش دا بەرەو پێش دەبردرێ و ئاخێوەرانی هەر دووک
لا و نووسەرانی هەر دووک لا یەکتری تەحەمول دەکەن و حورمەتی دوولایەنەیان هەیە
.دیارە لە باشووری کوردستان ئەو بابەتە موناقەشەیەکی زۆری لە سەر ساز بووە کە
لەوێش وەک دەزانین شێوەزارێک بە سەرشێوەزارێکی دیکە دا بە ڕەسمی دانەسەپاوە و لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئەو باسە جارێ ئاکتوێل نەبووە. ئێوە ئەو مەسەلەی بەیەکەوە
چارانی شێوەزارەکان چۆن دەبینن؟ پێتان وایە شێوەزارێک دەبێ بکرێتە ڕەسمی، پڕاتیک
شتێکی دیکەیە بەڵام لە ڕەسمییەت دا!
وەلی:
نا! بە باوەڕی من وەختێکی دوو شێوەزار بەو
شێوەیەی هەیە، دو شێوەی وتووێژ کردن و نووسین هەیە. دە چوار چێوەی سیاسەتێکی
دێمۆکڕاتیک دە وەزعی فێعلی دا لازم نییە یەکیان بە سەر ئەویدیکە دا بسەپێنی.
بنەمای تیۆریکی قسەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ و دەڵێن سۆرانی دەبێ ببێتە زمانی
سەرەکی بنەمای وەی دەگەڕێتەوە سەر بۆچوونێکی ڕیپابلیکەن بۆ دەوڵەتی میللی وەکوو لە
فەڕانسە و تورکییە و ئەو جۆرە جێیانە بووە. ئەو بۆچوونە ئی زەمانێکی تایبەتی بوو.
ئەو بۆچوونە ئەلئان بنەمای نەماوە. ئێمە ئەمەریکامان لە بەرچاوە، ئینگلیسمان لە
بەرچاوە. لەوێدا ئەو جۆرە مەسائیلە بە سەپاندن نەبووە، پاشان موشکیلەکە لە بەین
ناچێ. بە باوەڕی من ئەوە نەزەرێکی کۆنە، نەزەرێکی پاشکەتووە و مۆدێلی وەی مۆدێلێکی
دەوڵەتی میللی یە کە هەم لە فەڕانسەی و هەم بە تەقلیدی وی لە تورکییەی موشکیلاتی
گەورەی هێناوەتە پێشێ وە هیچ لازم نییە بە
باوەڕی من ئەو مۆدێلەی بێنین لە جێگایەکی دیکە پیادە بکەین. ئەگەر ئەوان باسی
ئەوەی دەکەن و دەڵێن زاراوەی سۆرانی پێشکەوتووە نەت دەتوانی ئەو بەحسەی لە ئەواخری
قەڕنی نۆزدە کردبایە وا نەبووە! وەختێکی کە ئەستەنبووڵ مەرکەزی فەعالییەتی
فەرهەنگی و سیاسی کوردی بووە، هەولێر و سڵیمانی هیچ نەبوون.
قازی:
زۆر زۆر سپاس بەڕێز پرۆفێسۆر وەلی بۆ بەشداریتان لە بەرنامەی ڕاوێژ دا، داوای
سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
وەلی:
زۆر سپاس، و سپاسم بۆ بینەرانتان
قازی:
بینەرانی خۆشەویست بەم شێوەیە گەیشتینە کۆتایی
بەرنامەی ئەمجارەی : ڕاوێژ" یش. تا ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
تێبینی: ئەمە دەقی نووسراوەی هاوپرسەکییەکی تێلێڤیزیۆنی یە لەگەڵ
پرۆفێسۆر عەبباس وەلی کە ڕۆژی هەینی ٢٨ی فێڤرییەی ٢٠١٤ ئاستە کراوە و ئێوارەی
یەکشەمە ١٦ی مارس لەبەرنامەی "ڕاوێژ"ی تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ستێرک دا
بڵاو کراوەتەوە.