Tuesday, March 25, 2014

ڕیوایەتی سەرهەنگ عیسا پەژمان کاربەدەستێکی پێشووی ساواک ( سازمان اطلاعات و امنیت کشور) سەبارەت بە مەرگی ئێحسان نووری پاشا

ڕیوایەتی سەرهەنگ عیسا پەژمان کاربەدەستێکی پێشووی ساواک ( سازمان اطلاعات و امنیت کشور) سەبارەت بە مەرگی ئێحسان نووری پاشا
ئێحسان نووری و یاشار لە گەڵ کچە وەخۆکردووەکەیان ژیانێکی ئاسوودە و ئارامیان هەبوو. کوردەکان بە خاو وخێزانەوە دەچوونە دیدەنییان.لە چاوپێکەوتن و هەستان و دانیشتن لەگەڵیان زۆر شاد و کەیف خۆش بوون. ئێمە هیچ بەربەستێکمان بۆ دانەنابوون. تەنانەت هاوسەرەکەی لەگەڵ خزمەکانی لە تورکییە دەپێوەندی دا بوو و نامەی بۆ دەنووسین و ئاگایان لە حاڵ و ئەحواڵی یەکتری بوو.ئەوەندەمان باوەر پێیان بوو کە تەنانەت جارێکیش نامەکانی وی کۆنتڕۆڵ نەکران.دڵپاکی و سەفا و گەورەیی و تەبع بەرزی ئەوان لەو هۆکارە پێشگێرەوانە بوون بۆ هەرکەسێک کە ویستبای ئەلقەلە و چەتێکیان بۆ ساز کا. هەرچۆنێک بێ، کاتێک کە لە ئەڕتەش و بەڕێگای ساواک ڕا لە ئیدارەی پۆلیس کارم پێ ئەسپێردرابوو و سەرۆکی ئیدارەی گشتی ئیتیلاعاتی پۆلیس بووم، درەنگی ئێوارەی ڕۆژی بیست و نۆهەمی ڕەشەمەی ١٣٥٥ هێشتا لە ئۆفیسەکەم خەریکی کار بووم. هەموو ئاری ڕەگەزێک لە هەر کوێیەکی جیهان بایە لە  تەدارەک و ئامادە کردنی بەڕێوەبردنی جێژنی نەورۆز دابوو. کوردەکان کە ڕەسەنترین قەومی ئارین ، ئەو جێژنە نەتەوەیی یە لەهەموو شوێنێکی جیهان لەو پەڕی هۆگریی دا و بەشێوەیەکی بەشکۆ بەڕێوە دەبەن. جگە لەکوردەکانی بەندکراو و ژێر ستەمی تورکەکان و عەڕەبەکان نەبێ کە لە پیرۆز کردنی ئەوڕێوڕەسمە کۆنینەیە بێ بەشن. لە عێڕاق تەنانەت لە زەمانی ڕێژیمی پاشایەتی و لەسووریە لە چەند مانگ پێشترەوە فەرمانی پتەو بە بەرپرسە خۆجێییەکان و ناڕاستەوخۆ بەکوردەکان دەدرێ کە نەورۆز نەکەن. بەڵام بڵێی کەس گوێی بە فەرمانی ئاوا ببزوێ؟ هەرچۆنێک بوو با و ئێستاش هەر ئاوایە کە تەنانەت بە هەڵکردنی چەند چرایەک لە ژوورێکدا ڕێوڕەسم و نەریتی خۆیان بە جێ دەهێنن. تەنێ دانیشتووانی کوردستان لە تورکییە لەو نێعمەتە بێ بەشن و کاربەدەستان بەو پەڕی توند و تیژییەوە پێش بە بەڕێوەچوونی ڕیۆڕەسمی نەورۆزی دەگرن.دوژمنایەتی و چاوهەڵنایی،ئێرەیی پێ بردن و قین لە دڵی تورکەکان لە ئاست هەموو ئێرانییەکان بە تایبەتی کوردەکان شتێکی تازە نییە. بەسەدانە کە بووەتە خووی دووهەمی ئەوان. هەرچۆنێک بێ ئێحسان نووری و یاشاریش زیاترلە ئاستی هێز و توانایی خۆیان بۆ تەدارەک و دواجار ڕێزلێنان لەو جێژنە نەتەوەییە تێدەکۆشان. یاشار کابانێکی تەواو بوو. دورمان،گوڵ دروون، ئاشپەزی،شیرینی دروستکردن لە گوێن هونەرەکانی ئەو خانمە دڵگەورەیە بوون. بە قەولی ئێحسان نووری حەیف کەئەو تورک بوو. نیزیکەی حەوتوویەک خەریکی میوانداری لە کورد و فارس و تورک و عەڕەبی تازی بوون. ئەوی ڕۆژێ خەریک بووم کە کارەکانم تەواو کەم و بچمەوە ماڵێ. دەبووئێمەش ئاور بکەینەوە و بەسەری دا باز دەین. داوای سوورایی وشادابی خۆمانی لێبکەین و زەردی و داهێزاوی خۆمانی پێ ببخشین!! لەپڕ تەلەفون زەنگی لێ دا، دەسکی تەلەفۆنەکەم هەڵگرت ،دەنگی یاشار بوو، بەزمانی فارسی لەهجەداری شیرینی وبەگریانەوە گوتی: " دوکتور گیان ( ئەگەرچی بیست ساڵ لە دۆستایەتی و هات وچووی ئێمە تێدەپەڕی و دواجار خۆ لێک پاراستنمان لە نێو دا نەما بوو و نێو و شۆرەت،پیشە و کار و هەموو تایبەتمەندییەکانی دەزانیم دیسانیش هەر بە ناوی دوکتور قاوی لێدەکردم. ببووە عادەت، جار جار کە داوام لێ دەکردن بە نێوی خۆم بانگم کەن دەیان گوت: بۆیان هەڵناسووڕێ). ئیحسان تەسادوف (دەعم)ی کردووە، بردوویانەتە نەخۆشخانەی سینا، دوکتور گیان بە قوربانت بم، دەستم بە ئاتەگت دەگرم، زوو خۆت بگەیێنە! باشتێک بە سەر ئێحسانی من نەیە".
لێم پرسی: تەسادوف بە چی، چۆن و لە کوێ؟ ووڵامی داوە هەرلێرە لە نیزیک ماڵەکەمان، هەر ڕاست لە سێ ڕێیانی بەر نەخۆشخانە، ویستوویە لەلایەکی خەیابانەوە بچێتە ئەو بەری کە مۆتۆر سیکلێتێک لێ داوە و مۆتۆرسیکلێت سوارەکە هەڵاتووە. گوتم: بۆ خۆت بۆ نەچووی بۆ نەخۆشخانە؟ ووڵامی داوە: چووم، ڕێگایان نەدام. دڵنیام کرد کە دەستبەجێ دەچمە نەخۆشخانە و ماشێنەکەی خۆشمی بۆ دەنێرمە ماڵێ کە پێی بێ بۆ نەخۆشخانە، کاتێک گەیشتمە سەر ئێحسان، دەبینم دە کۆما دایە و سیمی جۆر بەجۆر بە بەدەنییەوە هەڵاوەسراون. لە یەک دوو دوکتوری کە لە دەوری بوون ،حاڵیم پرسی. ئەو دوکتورەی کە سەرۆکی بەشەکە بوو و بە هەڵکەوت بۆ پشکنین هاتبوو و لەوێبوو لە گەڵ دوکتوری خەفەر هەر دووکیان ووڵامیان داوە: ئەوەی لە دەست ئێمە بێ دەیکەین ، ئەویدی بە دەست پەروەردەکارە، سەر و شانی ڕاستی سەدەمەی وێ کەوتبوو. لەپڕ چاوم بەو ئەنگوستیلەیەی زەواجی کەوت کە لە دەستی دابوو و دەستی بێ هەست و بێ گیانی لە تەنیشتی شۆر ببووەوە . هەم لە ووڵامی دوکتورەکان و هەم لە بابەت ئەنگوستیلەکە و تێپەڕینی برووسەکەئاسای گشت بیرەوەرییەکانی بیست ساڵە بە زەینم دا و لەوانە بابەتی ئەنگوستیلەکە کە جارێک قسەمان لێوە کردبوو ، وە گریان کەوتم. سەردارێکی ڕەشیدی بەناو ودەنگ، پیاوێکی بوێر و دلێر و دواجار ئێنسانێکی پڕ لە مێهر و خۆشەویستی کەنێوی لە سەر زاری هەموان بوو، وەک مردوویەکی بێ جووڵە لە درێژایی قەرەوێڵەکە دا ئارامی گرتبوو. ڕام ئەسپاردبوو هەر کاتێک کە یاشار هات ، بۆ ژووری ئێحسان، نێوێک کە ڕۆژێ هەزار جار لە سەر زاری بوو و ئاشقی نێوەکە و خاوەن نێوەکە بوو. ئەوینێکی پاک و قووڵ و بێ گەردی کە تا دەمی گەیشتنی مەرگ لە چیاکانی ئاگری لە مەعشووقەکەی دوور نەکەوتەوە و دووتای جەستەیی و ڕووحی ئاوری تێبەردەدا: یەکیان نەخۆش بوونی و ئەوی دیکەش تای ئەو ئەوینەی کەبەئیحسانیەوە دەبەست و گڕی تێبەردەدا. تکام لە دوکتورەکان کرد ئەگەر یاشار گەیشتێ دڵخۆشی بدەنەوە و پێی بڵێن ئەو سەدەمەیەی وە ئێحسان کەوتووە هێندە سەخت نییە و لەپەنای خودای گەورە دا چارەسەر دەکرێ. لەگەڵ سەرۆکی بەشەکە لە گەرمەی قسان دا بووم لە سەر ئێحسان کە یاشار لەگەڵ شۆفیرەکەم و کارمەندێکی نەخۆشخانە هاتنە ژوورەکە،یاشار هەر کە چاوی بە ئێحسان کەوت ، کەوتە سەر زەوی. لە بەر ئەوەی دەمزانی وەزعی چونە ، پێم وابوو تووشی سەکتەی دڵ بووە. بە یارمەتی هەمووان ئەویان لە سەرقەرەوێڵەیەکی دیکەی کە چۆل بوو درێژ کرد و دوکتورەکان خەرێکی چاولێکردنی بوون ،چەند دڵۆپ دەرمانیان دایە و دوایە دەرزییەکیان لێ دا، پێنج دەقیقەیەک تێنەپەڕیبووکە هۆشی هاتەوە بەرخۆی، دەستی کرد بە گریان. دڵخۆشیم داوە و دەستم بە سەری داهێنا.دوکتورەکان لەو پەڕی ئارامی و لەسەرەخۆیی تێیان گەیاند کە وەزعی ئێحسان جێی نیگەرانی نییە و حەوجێی بە حەسانەوەیە کە کەم کەم وەهۆش بێتەوە و بۆ بەیانی بەدڵنیاییەوە حاڵی باشتر دەبێ و جێگای نیگەرانی نییە.یاشار بە یارمەتی من  لە سەر قەرەوێڵەکەی هەستا چووە لای قەرەوێڵەی ئێحسان. دەستی هەڵێنا و ماچی کرد . تەوێڵی ماچ کرد: " ئێحسان گیان، ئێحسان گیان ، بە قوربانت بم، بریا لە جیات تۆ من تەسادوفم کرد با، ملم بشکێ، بۆچی تۆم بۆکڕینی شتێکی پچووک ناردە دەرەوە؟ خودا مەرگم بدا،،،"
ژمارە تەلەفۆنی نەخۆشخانە، ژوری دوکتوری خەفەر وئاگاداری پێویستی دیکەم نووسی . هەر چی ووشە و ڕستەی وەک ئیلتیجا، ئیلتیماس،خواهیش، تەمەنا، ئیستیدعا و دواجار ئەوەی کە ئەمە کەسایەتییەکی هەڵکەوتووە کەمیوانی دەوڵەتی ئێمەیە، میوانی میلەتی گەورەی ئێمەیە، لە چەنتەم دا بوو . بەدوکتورەکانم کوت و لەگەڵ یاشار چوومە ماڵی. ڕووداوەکەم لێ پرسی. گوتی: ئێوارە بوو،شتێکی گوت کە ئێستا ئەمن نێوەکەیم لە بیر چووەتەوە، و من فڵان شتم لە بیر چوو بوو. لە بەر ئەوەی زارا کچێکی گەنجە، نەمەویست بە تاریکی ئەو بنێرم لە سەر سێ ڕێیانکە دووسەد میتر لە ماڵەکەمانەوە دوور نییە. بە ئێحسانم گوت بچێ ، هەم چەندهەنگاوێک هەڵدێنێ و لاقی دەکرێتەوە و هەم ئەوەی پێویستمە دەی کڕێ. چوون و هاتنەوەی نەدەبوو زیاتر لە پێنج تا شەش دەقیقە بکێشێ. دەبێنم نەهاتەوە. لە زارام پرسی ئەرێ ئەوە بۆ ئێحسان وەدرەنگی کەوتووە و هەر نەهاتەوە. گوتی خانم گیان ئێستا دێتەوە،ناڕەحەت مەبە.چەند دەقیقەی دیش تێپەڕی هەر خەبەری نەبوو. چوومە بەربێڵایە کەلەوێوە بە باشی دەمتوانی سێ ڕێیانەکە ببینم. بەڵام سێ ڕێیانەکە قەرەباڵغ بوو وهێندێک خەڵک لەوێ ڕاوەستابوون.دیسان هاتمەوە نێو ژورەکە. زەنگی دەرگای ماڵێ لێی دا. کوڕی دووکاندارێک بوو کە ئێحسان شتی لێ کڕی بوو. عادەتی زارا ئاوایە کە بەرلەوەی دەرگا بکاتەوە لە بەر بێڵایە را تەماشا دەکا بزانێ کێیە و جا دوایە دەرگادەکاتەوە. کوڕی دووکاندارەکە هەر لە خوارێ بە زارا دەڵێ: ئێحسان بەگ لە گەڵ مۆتۆڕێک تەسادوفی کردووە، ئامبوڵانسی نەخۆشخانەمان هێنا وناردمانە نەخۆشخانەی سینا. خۆتان ناڕەحەت مەکەن هیچ نەبووە هەر ویستم ئاگادارتان کەم. ئێمە هەر دووکمان دەستمان کرد بە چەپۆک بە سەری خۆ دادان و گریان. بە زارام گوت ئاگات لە ماڵێ بێ با بچم ڕووداوەکە لە دووکاندارەکە بپرسم. دووکاندار و چەند کەسێکی دی هێشتا لەوێ ڕاوەستابوون، گوتیان: شتێکی گرینگ نەبوو، ئیحسان بەگ دەیەویست لەو بەری خەیابانەوە بێتە ئەمبەری و لەپڕ مۆتۆر سوارێک تەسادوفی لەگەڵ کرد. ئێحسان بەگ وە عەرزی کەوت،پشت سەری بڕێک بریندار ببوو تەلەفوونمان کرد دەستبەجێ ئامبووڵانس هات بۆخۆی سواربوو و بردیان بۆ نەخۆشخانەی سینا بۆ پێچانی برینەکانی. گەڕامەوە ماڵێ، ڕووداوەکەم بۆ زارا گێڕاوە و ڕام ئەسپارد کە لە ماڵێ بمێنێتەوە و دەرگا لە هیچ کەس نەکاتەوە تا بچمە نەخۆشخانە. هەر کە لە ماڵێ وەدەر کەوتم بە تاکسی چوومە نەخۆشخانە. بەڵام هەرچەندی کردم و کراندم نەیانهێشت بیبینم. لە بەر ئەوەی نەمدەزانی ڕێ و ڕێسا چۆنە، بە ناچار گەڕامەوە ماڵێ و دەستبەجێ تەلەفۆنم بۆ ئێوە کرد . لەگەڵ دیسان دڵخۆشیدانەوەی و دانی هیوای زۆر پێی بەڵێم پێ دا تا نیوەشەو چەندین جار لە نەخۆشخانەحاڵی ئێحسان بپرسم و خەبەری بدەمێ. ماڵاواییم لە یاشار کرد و بەرەو ماڵێ چووم.لەگەڵ ئەوەش دا کە یەک دوو جار ئاوروازی کرا بوو، بەشی منیشیان ڕاگرتبوو، بە سەرئاور دا بازم دا و لە بەر ئاور کە لە تۆوەکانی پیرۆز و لە لای خوداوەند خاوەن قەدرو پایەیە پاڕامەوە کە داوای شیفای زوو بە زوو بکا بۆ ئیحسان لای خودای گەورە.
هەرچۆنێک بێ دەمزانی ئیدی ئەو ئێحسانە نابێتەوە ئێحسانی جاران، بەڵام بۆ دڵخۆشی دانەوەی خۆم و دڵخۆشی دانەوەی یاشار، یەک دوو جار تەلەفۆنم کردەوە بۆ نەخۆشخانە. ووڵام هەر ئەوە بوو کە لە ژوور سەری دابوویانەوە بە من ،بەڵام من یاشارم زیاتر بە هیوا کرد. لە نیوەشەو کە تێپەڕی ئیتر تەلەفۆنم نەکرد نەبۆ نەخۆشخانە و نە بۆ یاشار. بەڵام تکام کرد لە دوکتورە خەفەرەکە لە هەر سەعاتێکی شەو دا ئەگەر حەوجێی بە من بوو یان هەر ڕووداوێکی باش یان خراپ قەوما خەبەرم بداتێ. دوکتوری بە ویژدانی کاری و وەخەبەری خەفەر، سەعات چواری بەیانی بوو زەنگی بۆ لێ دام. دەمزانی دەیەوێ چم پێ بڵێ. ئەو هەر ئەوەی پێ گوتم کە من پێشتردەمزانی.دوکتور جەخاری خۆی دەربڕی. ئەمن سپاسم لێ کرد و دەسکی تەلەفۆنەکەم داناوە سەر جێی خۆی.لە سەر قەرەوێڵەکەم دانیشتم و دە فکرەوە چووم. دیسان لەپڕ بیرەوەری ناسیاوی و دۆستایەتی بیست ساڵە بە زەینم دا تێپەڕی. وەبیر ئەنگوستیلەی زەواجەکەش کەوتمەوە.ڕۆژێک بۆ نەهار میوانی ماڵی ئێحسان بووم. دوو کەس لەدۆستانی دیکەش لەوێبوون. باسی ئەنگوستیلە و عەقیق و ئەوانە بوو. ئێحسان گوتی کە ئەوە پەنجا ساڵە ئەوئەنگوستیلەیەم لە ئەنگوستی دایە، جارێکیشم دەر نەهێناوە. ئەوەندە ماوەتەوە کە لەگۆشتی ئەنگوستم ڕۆ چووە و بە هیچ جۆر دەر نایە. یان دەبێ ئەنگوستم ببڕنەوە یان خەنجەرێک لە دڵم دەن بۆ ئەوەی ئەنگوستیلەکە دەر بهێنن.
ئەنگوستیلەیەکی عەقیقی پڕ ڕەنگیش لە ئاڵقەیەکی زێوین  دا لە دەستەکەی دیکەی دا بوو. دەیگوت ئەوەشم لە مەئموورییەتی یەمەن و لە سەردەمی دەستەڵاتی عوسمانییەکان بە سەر یەمەن دا، کڕیوە. زیاتر لە مانگێک نەبوو کە لەگەڵ یاشار زەواجم کرد بوو. مەئموورییەتەکەم بۆ ماوەی مانگێک بوو و دەرجەم سیتوان یەک بوو. هێشتاش هەر پاراستوومە. چونکە عەقیقەکەی زۆر ڕەسەنە و خۆشم گەرەکە.ئێحسان نووری تەواو هێزی بە زمانی فارسی دا دەشکا و کتێب و ووتارەکانی خۆی بە فارسی دەنووسی. زۆری حەز لە شێعری حافز و سەعدی بەتایبەتی نیزامی گەنجەیی بوو کە دایکی کورد بووە. لە پەسنی عەقیق و هۆگری خۆی بە ژنی قارەمانی دا گوتێ: بۆ ئەم شێعرەتان نەبیستووە و یان نەخوێندووەتەوە:
گوویەند کەز عەقیق شەوەد ڕەفعێ تێشنێگی/ حاشا بێ من ، کەمۆعتەقێدێ ئین خەبەر شەوەم
زیرا عەقیقێ لەبێ یارێ خیش را / هەر چەند کێ میمەکەم بێ خۆدا تێشنێتەر شەوەم
سەرلەبەیانی یەکەمی خاکەلێوەی ١٣٥٥ ی هەتاوی ( پێنجی خاکەلێوەی ١٣٥٥ هەتاوی بەرانبەری ٢٥ی مارسی ١٩٧٦ دروستە) تەلەفۆنم کرد بۆ جەمشیدئەمانی کە لە سەرەتای دامەزران لەساواک لە هاوکارانی دڵپاک و لە زومڕەی دۆستانی باش و بێ گەردی من بوو و لەگەڵ پیرۆزبایی نەورۆزی، خەبەری مەرگی سەرداری کوردم پێدا. چوومە ماڵی خودالێ خۆشبوو ئێحسان نووری پاشا. نوێ بوونەوەی ساڵ سەعات یەک ونیوی دوای نیوەشەو بوو. لە یاشارم پرسی داخودا لە نوێ بوونەوەی ساڵ دا وەخەبەربووە و لە دەوری سفرەی حەوت سین کە ئاوا جوانی ڕازاندووەتەوە، دانیشتووە یان نا؟ووڵامی داوە: " خۆڵ وەسەرم ئەگەر بتوانم بە بێ ئێحسان کارێکی ئاوا بکەم. بەبیانووی خەو چووم دە جێوە، بەڵام هەتا بەیانی خەوم لێ نەکەوت. دەستم کرد بە شێر وڕێوی هێنانەوە ، و دواجار ئەوەی کە نەدەبوو بیڵێم گوتم. پێشتر خەبەرم دا بوو بەچەند دۆستان هاوکات لەگەڵ ئەو سەعاتەی من دەگەمە ماڵی یاشار ئەوانیش لەگەڵ هاوسەرەکانیان بێن.ووردە ووردە پەیدا بوون . ژنەکانمان بە تەنێ هێشتەوە بۆ ئەوەی تا دەتوانن بە چەپۆک بە سەر سەری خۆیان دا دەن و بە چنگ ڕووی خۆیان بڕنن. بڕیارماندا کە ڕۆژی سێیەمی خاکەلێوە (لێڕەش دا پەژمان هەڵەی کردووە) ڕێوڕەسمی بە خاک ئەسپاردنی بەجێ بگەیێنین. بڕیار ئەوە بوو کە ئارامگەیەکی بنەماڵەیی بکڕدرێ،بەداخەوە ئی ئامادەیان نەبوو. بەرپرسی بەهەشتی زەهرا  شوێنێکی زۆر لەباری بۆ ناشتنی کاتی لە بەر دەست نا کە هەر هاتوو چەند دەستگای خانووی ئارامگە ئامادە بوو، دەستبەجێ دەستگایەمان بداتێ و تەرمی ئێحسان بگوێزینەوە ئارامگەی ئەبەدی خۆی. تەرمەکەیان پێشترڕاگوێستبوو بۆ ساردخانەی بەهەشتی زەهرا. ژمارەیەکی زۆر لە کوردەکانی ناوچەی جۆربەجۆری کوردستان و هەروەها پەنابەرانی کوردی عێڕاقی و ژمارەیەکی دیکەش لە ئێرانی دۆست و ئەحبابی خاوەن تازیە بە ڕێوڕەسمی تایبەتی و قسەکردنی چەند کەس لە یاران ودۆستان ، سەرداری گەورە و پیاوی بەنێوبانگ و ناسراو بە ئازایەتی و سەفا و دڵپاکی وسەداقەت و یەکڕەنگی و عاشقی کورد و کوردستان و هاوسەرە قارەمانەکەی کە بەدڕێژایی ساڵان لە هەموو سەختی و لێقەومان و دەربەدەری و سەرگەردانی دا هاوسەر و هاو باڵنج و یار و یاوەری بوو بە خاکی سارد و تاریک ئەسپیردرا.خاکێک کە هەر ئەندازەش ساردبوو لە چیاکانی ناهەمواری تژی بەفر ساردتر نەبوو و لە سیما و چارەی غەزەباوی وترسێنەری تورکەکان تیرە و تاریکتر نەبوو.
ئەمن بۆ درێژەدان بە خوێندنی حقووق چوومە یەنگی دنیایێ،کە شۆڕشی ئێران وەبەر هات. لە بەر خوێندن و کارو باری دیکەی کە لە کتێبەکانی دیکەدا بە دوورو درێژی شیم کردووەتەوە ، نەمتوانی بگەڕێمەوە ئێران. یەک دوو جارتەلەفۆنم کرد بۆ یاشار. لە حاڵ و وەزعیم پرسی، باش بوو و شوکرانە بژێر بوو. لەمنیش زۆر ڕازی بوو. لە سەفەرێک دا کە چووم بۆ تورکییە، لەوێ دەرفەتی چاوپێکەوتنی دۆستێکی هاوزمان و مێهرەوان و سەمیمی و وەفادار هاتە گۆڕێ. لە حاڵ و ئەحواڵی یاشارم پرسی، خەبەری مەرگی وی پێدام. زۆرم پێ ناخۆش بوو و دڵم وەژان هات، هێندێک دە فکرەوە چووم. بە دۆستەکەمم گوت: دنیا دەبینی چۆنە، ئەو بەو هەموو دەرد و بێبەشی و ڕەنج و ئازارەوە لە توربەتی پاکی نیشتمانی من ئێران دا بە خاک ئەسپێردراوە کە جگە لە فکری ئێحسان، قەتیش ووڵات و شوێنی لە دایکبوونی خۆی ئەستەنبووڵی لە بیرنە دەکرد و ئەمنیش لە خاکی خۆشەویستی ئەو دا بە دنیایەک ناڕەحەتی بەتایبەتی گرفتاری هاووڵاتیانی قارەمانم لە شەڕی داسەپاوی عەڕەبی قالاوخۆری سەدە دا، ئەژنۆی خەمم دە باوەش وەرهێناوە و نازانم کەنگێ و لە کوێ و چ خاکێک دواجار من دەگرێتەباوەشی. ڕەوانی شاد بێ کە لە  پاک توربەتی ئێران زەمین دا سەری ناوەتەوە،"

تێ بینی: ئەم بابەتەی عێسا پەژمان بەشێکە لەکتێبێکی ئەم زاتە ، کە بەڕێز رەحیم شنۆیی مەحموود زادە لە کتێبەکەی : "ژنرال احسان نوری پاشا، تهران ١٣٨٦" دا لە ژێر سەردێڕی " خاطرات سرهنگ عیسی پژمان، در مورد احسان نوری پاشا"  بڵاوی کردووەتەوە، ئێمە لێرە دا بەشی لەمەرمردنی ئێحسان نووری مان وەرگێڕاوە (لاپەڕەی ٢٠٠ تا ٢٠٦ی کتێبی سەرەوە). لەگەڵ ئەوەشدا کە پەژمان بە ئاشکرا هەستی ڕەگەزپەرستانەی لە دژی تورک وعەڕەب و ڕوانگەی پاشکەوتووانەی خۆی سەبارەت بە ژنان ناشارێتەوە و سەڕەڕای پێبەندی خۆی بە ساواک ونیزامی پەهلەوی و " ڕەگەزی قێزەوەنی ئاری" ، لە پەسن دانی ئێحسان و یاشار دا هەست بەجۆرێک ڕاستی لە قسەکانی دادەکرێ. سەرذێڕی کوردی بابەتەکە ئی وەرگێڕە.
حەسەن قازی



No comments: