Thursday, March 6, 2014

کۆنفڕانسی ساڵانەی " دیداری سلیمانی"


لە کۆنفڕانسی ساڵانەی " دیداری سلیمانی"  ئەحمەد داودئۆغلوو چەند ڕستەیەکی بە کوردیی سۆرانی دەربڕێ،بەڵام کۆنفڕانسەکە بە لای ئێراندا شکایەوە.
دوەمین کۆنفڕانسی " دیداری سلێمانی" بەناوی " لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە دوای چالنجەکاندا گەڕان"  بە دەستپێشخەری زانکۆی ئەمەریکایی عێڕاق –سلێمانی  لە ڕۆژانی سێشەمە و چوارشەمە، ٤و٥ی مارس لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو. لەو کۆنفڕانسەدا ژمارەیەکی زۆر لەسیاسەتمەدار، کۆنە سیاسەتمەدار، ئاکادێمیسیەن و ڕۆژنامەنووس بەشدار بوون.
لە کۆنفڕانسەکە دا ئەحمەد داود ئۆغڵوو وەزیری کار و باری دەرەوەی تورکییە بەر لە خوێندنەوەی پەیامەکەی کە کورتەیەک بوو لە تێزی "عوسمانی نوێ" کە لە کتێبەکەی دا گەڵاڵەی کردووە، چەند ڕستەیەکی بە کوردیی سۆرانی دەربڕێ کە بەو قسانە هێندێک کەس لە توڕی کۆمەڵی فەیس بووک دا شاگەشکە بوون و پێیان وا بوو ئاکەپە کێشەی کوردی بەلا دا خستووە.
بەڵام، ئەگەر لەو قسە و پرسیارانەی کە لە دوو دانیشتنی لە مەڕ " ئێران" و " تورکییە" کران وورد بینەوە بە جوانی دەردەکەوێ کە ئەو دیدارە نەک هەر بەلای ئێران دا شکایەوە، بەڵکوو هەڵگری ڕەخنەی توند لە تورکییە بوو و ڕەنگە ئەگەر داوود ئۆغلو بەوە بزانێ لە بە کوردیی دوانەکەی پاشگەز بێتەوە.
پانێلی سەبارەت بە ئێران کە ڕۆژی سێشەمە بەڕێوەچوو  پوونەی قودووسی ڕۆژنامەنووسی بی بی سی جیهانی/فارسی بەڕێوەی دەبرد و بەشدارانی بریتی بوون لە: ڕابین ڕایت ژنە ڕۆژنامەنووسی بەنێوبانگی ئەمەریکایی  کە بە ساڵان لەپێوەندی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی کۆڵیوەتەوە و ماوەیەک لەمەو بەر سەری ئێرانی داوە و هەمیشە لایەنگری دیالۆگ و کەم بوونەوەی گرژی لە ئاست ئێران بووە کە لە قسەکانیدا زۆری جەخت لە سەر  ئەو بابەتە کردەوە.ووتاردەرێکی دیکەی ئەو پانێلە کێنێت پۆڵات یەک لە کارمەندانی ئیدارەی کڵینتۆن وپسپۆڕێکی دامەزراوەی برووکلین بوو ، کە ئەویش بە ئەڕێنی لە سەر پێواژۆی پێکهاتنی ئەو دواییانەی ئەمەریکا وئێران دوا. دوکتور ئەحمەد سادقی نوێنەری وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێڕان بە ووردی سەبارەت بە سیاسەتی ڕووحانی و ووتووێژ لە گەڵ ئەمەریکا قسەی کرد و لە ووڵامی پرسیارێک دا لە مەڕ مافی مرۆڤ گوتی : " لە زەمانی کورشەوە لە ئێران باسی مافی مرۆڤ" کراوە. ووتاردەرێکی دی ئەو پانێلە عادل عەبدولمەهدی جێگری پێشووی سەرۆک کۆماری عێڕاق بوو کە ئەویش زۆری بە شان و باڵی دەوری هەرێمی ئێرانی دا هەڵگوت و لە سەر سازبوونی باوەڕیی دوولایەنە جەختی کردەوە.ووتاردەرێکی دی ئەو پانێلە دوکتور کەریم سەجادپوور بە ڕەچەڵەک ئێرانی و پسپۆڕی ئەڕشەدی دامەزراوەی کارنێگی بوو  کە دەکرێ بگوترێ تەنیا کەسێک بوو لە پانێلەکە دا کە لە ڕوانگەی دەوڵەتی ئێرانەوە بارودۆخەکەی هەلنەدەسەنگاند، لە گەڵ ئەوەش، ڕەخنەکانی نەرم بوو ، بۆ وێنە گوتی ئەگەرکۆنفڕانسێکی ئاوا لە زانکۆیەکی ئێران دا پێک بێ ئەو دەمی دەکرێ بڵێین بە هاتنی ڕووحانی گۆڕان ڕوویداوە. لە بەشی لێکدانەوە و پرسیار دا هوشیار زێباری وەزیری کاروباری دەرەوەی عێڕاق قسەی کرد و لەگەڵ لە دوودانی قسەی پانێلیستەکان گوتی:نیزیک بوونەوە و هاوکاری ئەمەریکا و ئێران بۆ ئێمەش وەک عێڕاقییەکان هەتابڵێی گرینگە و هیوادارم هەر دووک لا لە تێکۆشانیان دا بۆ ئاشتی و بەیەک گەیشتنی تەواو سەر بکەون.
نە لە قسەی ووتاردەران ونە لە لەسەردوان و پرسیاران دا کەمتا زۆر لە سەر سیاسەتی نێوخۆیی ئێران، ئێعدامی جوێبیران و چ لایەنی دیکەی سیاسەتە زاڵمانەکانی دی کۆماری ئیسلامی لا و نەعەم هیچ نەگوترا.
پانێلی سەبارەت بە تورکییە کە ڕۆژی چوارشەمە بەڕێوە چوو بڕیار بوو کەریم سەجاد پوور بەڕێوەی بەرێ بەڵام لە بەر ئامادە نەبوونی کەسێکی دی جێی ئەوی گرتەوە. بەشدارانی ئەم پانێلە بریتی بوون لە هێنری بارکی مامۆستای  زانکۆی لای و نووسەری چەندین کتێب لە سەرتورکییە، خانمی ئیپەک جەم – تەها ، لەناوەندی گلۆبالی کۆلۆمبیا، نوورای مەرت مامۆستای زانکۆ و گۆشەنووسی ڕۆژنامەی حوڕییەت و بێجان ماتور، نووسەر، شاعیر وڕۆژنامەنووسی کورد. ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، بە پێچەوانەی پانێلی لە مەڕ ئێران هیچکام لە بەشداران لایەنگرییان لە هەڵوێستی ئاکەپە و حکوومەتی تورکییە نەدەکرد ولە ئاستی جۆر بە جۆر دا ڕەخنەیان لێ دەگرت. ئیپەک جەم- تەها لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستی نیزیکبوونەوەی تورکییە لە یەکێتیی ئوڕووپا، سستی پێواژۆی ئەندامێتی تورکییەی بە سیاسەتی حکوومەتی تورکییە دەبەستەوە. نوورای مەرت لە قسەکانی دا باسی سوخت بوونی سیاسەتی دەرەوەی تورکییەی کرد وڕایگەیاند بە داخەوە دەڵێ بەڵام زۆر جارپێشبینییەکانی لە سەر ئەوە  وەڕاست گەڕاوە.بێجان ماتور باسی پێواژۆی ئاشتی کرد و گوتی کورد هەموو حەولی خۆیان لەو پێناوە داوە بەڵام  حکوومەت هەر قسەی هەیە و هیچ ناکا بۆ جێبەجێ کردنی ڕاستەقینەی دواخوازییەکانی کوردان. گوتی ئەو سیاسەتەی ئاکەپەسەرناکەوێ چونکە کورد ئیدی کوردی پێشوو نین و دەرفەت و توانایی لە مەر خۆیان هەیەکە ئەوانیدی ناکرێ حیسابیان بۆ نەکەن. هێنری بارکی بە توندی ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەردۆغان و ئاکەپە گرت و گوتی ئەو قەیرانەی ئێستا هەر قەیرانی دزێتی و بەرتیلخواردن نییە بەڵکوو زۆر لەوە قووڵترە و هۆی نێوانناخۆشی ئیدارەی ئۆباما و حکوومەتیتورکییەی بەستەوە بە سیاسەت و ڕەفتاری ناشایستی ئەردۆغان و حکوومەتەکەی. لە ووڵامی پرسیارێک دا کە بۆچی دەوڵەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە ڕەسمی لە گەڵ پەیەدە دانانیشێ؟ بارکی گوتی؛ لە بەر ئەوەی کە نێوی پ.ک.ک هێشتا لە لیستی " ڕێکخراوی تێرۆریست " دایە و ئەوە پێواژۆیەکی پێچەڵپێچ و ئاڵۆزە و لە بەر ئەوەی پەیەدەلکێکە لە پ.ک.ک. ئەمەریکا لە گەڵی دانانیشێ و مەگەر ئەوەی لە لایەن دۆستانی ئەمەرێکا لەوانە تورکییەوە داوخوازییەکی ئاوا بەرز بکرێتەوە.
لە پانێلی لەمەر تورکییە بە پێچەوانەی پانێلی لە مەر ئێران کەس ددانی خێری بە سەرسیاسەتی ئەردۆغان و حکوومەتی تورکییە دا نەهێنا.
لەو کۆنفڕانسە دوو ڕۆژە دا باسی سوورییە و ڕۆژاواش کرابوو کە بە داخەوە دەرفەتم نەبوو بیبینم .
حەسەن قازی

                                   2014.03.05 

No comments: