Tuesday, March 3, 2015

هاوپرسەکی لەگەڵ دوکتور وێندلمووەت هامێلینک سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی لە سەر دەنگبێژان لە باکووری کوردستان

 هاوپرسەکی لەگەڵ دوکتور وێندلمووەت هامێلینک سەبارەت بە لێکۆڵینەوەی لە سەر دەنگبێژان لە باکووری کوردستان
حەسەن قازی
بینەرانی بەڕێز بەخێر بێنەوە بۆ بەرنامەی " ڕاوێژ". لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانداری دەکەین لە دوکتور وێنذێلمووەت هامێلینک کە بۆخۆی مامۆستایەکی خەڵکی هۆلەندە. ئەگەر ئیجازەم هەبێ با لە سەرەتاوە هێندێک جەنابت بناسێنم دوایە دەست دەکەین بە قسەکانمان:
یای وێندێلمووەت هامێلینک لە ئێدێ لە هۆلەند چاوی بە دنیا هەڵێناوە. لە نێوان ساڵانی ١٩٨٧ و ١٩٩٣ دا لە شاری ڕۆتێردام  خوێندوویە و دواتر لە نێوان ساڵانی ١٩٩٤ – ١٩٩٦ دا لە زانکۆی لایدن لە دیپارتمانی لێکۆڵینەوەی تورکی دا خوێندوویە. دوای ناوبڕێک لە پێواژۆی خوێندن دا هامێلینک  دەستی کرد بە خوێندنی مەردمناسی لە دیپارتمانی مەردمناسی کولتووری و کۆمەڵناسیی بەرەوپێشچوون  لە ساڵی ٢٠٠٠ دا. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٥ پلەی ماستری وەرگرت لە مەردمناسیی کولتووری دا لەگەڵ هێندێک ڵێهاتوویی زێدە لە بواری لێکۆڵینوەی تورکی و ئەفریکایی و زمانناسیی گشتی. تێزی ماسترەکەی سەبارەت بە  ئاشقانی تورک لە سەر بنەمای  پڕۆژەی لێکۆڵینەوەی فەردی بوون  کە ئەوەش  پێنج مانگ ڕاهاتنی چڕوپڕ لە زمانی لە گەڵ دا بوو ، و هەر وەها  ٤ مانگ کاری مەیدانی لە تورکییە. لە ساڵی ٢٠٠٦ دا دەستی کرد بە کار کردن وەک کاندیدایەکی دوکتورا لە پێشدا لە
Research School of Asian, African, and American Studies
 و دواتر لەInternational Institute for Asian Studies / لە ساڵی ٢٠٠٩ ئەو گواستییەوە بۆ ئەنیستیووتی مەردمناسیی کولتووری  و کۆمەڵناسی بەرەوپێشچوون کە لەوێ تێزەکەی تەواو کرد. ئەو  لە ساڵی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ لە باکووری کوردستان و لە ئەستەنبووڵ  کاری مەیدانی کرد، و لە ئەڵمان، بێلژیک و فەڕانسەش بە دەم سەردانی کورت لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠١٣ کاری مەیدانی ئەنجام داوە.  لە نێوان مانگی ئاوریل و ژووییەی ٢٠١٤ دا لە سەر پڕۆژەیەکی لێکۆڵینەوە کاری کرد لەمەڕ بیرەوەرییەکانی مووسیقایی ئەرمەنییەکانی ساسون و ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ئەنیستیتووی ڕۆژهەڵاتی لە بەیڕووت و ئەستەنبووڵ بەڕێوە چوو، هەر وەها لە فۆڕوومی ئەڵمانی بۆ کاری هونەری لە پاریس. بنیاتی ماکس وێبێر تێچووی ئەو لێکۆڵینەوەیەی  وەئەستۆ گرتبوو.
هامێلینک لە ٩ مانگی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٤ بە سەرکەوتوویی پلەی دوکتورای وەرگرت لە زانکۆی لایدن و عینوانی لێکۆڵینەوەکەی ئاوایە:

The Sung Home

 Narrative, morality, and the Kurdish nation
گۆرانی وەکوو ماڵ ، ڕیوایەت ، ئەخلاق و نەتەوەی کورد
ئەوە سەرەتایەک بوو من باسم کرد دەتانەوێ شتێکی لێ زیاد بکەن؟
هامێلینک: زۆر سپاس مامۆستا! بەڵێ ئێستا ئەمن بەردەوامم لە سەر لێنکۆڵینەوەی خۆم،لەو دواییانە دا لێکۆڵینەوەیەکم کرد لە سەر ئەرمەنییەکانی ساسون لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە. کاتێک کە قەتڵی عامی ساڵی ١٩١٥ ڕووی دا خەڵکیكی زۆر کووژران، بەشێک توانیان  هەڵێن و خۆیان ڕزگار کەن و هێندێکیش لە تورکییە مانەوە.ئێستا ئەمن لە سەر مێژوو و کولتووری ئەوان کار دەکەم. لە سەرەتای بەرنامەش دا پێم خۆشە سڵاوی خۆم بنێرم بۆ هەموو دەنگبێژ و خەڵکی دیکەی کە لەکاتی لێکۆڵینەوەکانم دا یەکتریمان ناسی و دەمەوێ سپاسی هەموو ئەو کەسانە بکەم کە منیان کردە میوانی ماڵەکانیان . بە ڕاستی بە بێ یارمەتی ئێوە مومکین نەبوو  بتوانم لێکۆڵینەوەی خۆم ئەنجام بدەم  و کتێبی خۆم بنووسم. لە جێگای وەک مووش، ئەستەنبووڵ، ئەلبستان، دێرسیم ، ئامەد، وان ، سەمسوور ، ئیغدر و زۆر جێگای دیکەش ئەمن میوانداری ئێوە لە بیر ناکەم.
قازی: ئێستا دەمەوێ، لەوەڕا دەستتپێکەم و بپرسم، مرخی ئێوە چۆن پەیدا بوو بۆ ئەوەی لە سەر کولتوور و ژیانی کوردان لیکۆڵینەوە بکەن؟
هامێلینک: بەڵێ، ئەو کاتەی کە ئەمن لە زانکۆی لایدن خوێندکار بووم، لە سەر تۆرکۆلۆژی و ئانترۆپۆلۆژی کارم دەکرد و دەمەویست لێکۆڵینەوەی خۆم بۆ وەرگرتنی پلەی ماستر لە تورکییە ئەنجام بدەم. بەر لە دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکە بۆ فێر بوونی زمانی تورکی چوومە تورکییە  و دواتر بۆ لێکۆڵینەوە لە سەر تێزی ماسترەکەم ئەمن دیسان چوومەوە تورکییە و لەوێ چوار مانگ مامەوە و لێکۆڵینەوەی خۆم لە سەر " ئاشق" ی تورک ئەنجام دا. تورکییە بۆ من تەواو دنیاییەکی نوێ بوو و لێکۆلینەوەی منیش لە سەر جیهان و ژیانی نوێ بوو و من گەلێک شتم لەو بارەیەوە نەدەزانی. ئەو دەمی چەند کۆمەڵەی جۆر بەجۆرم ناسی و پێوەندیم لەگەڵ کردن، لە نێو ئەو گرووپانە دا "عەلەوی" هەبوون و ڕەگەزپەرستی تورکیش هەبوون. زۆر لە گۆرانییەکانی ئاشقە عەلەوییەکان و ئاشقە ڕەگەزپەرستەکان دیارە بە تەواوی لێک جیا بوون..

قازی: ئەوانە بە تورکی بوون؟
هامێلینک: بەڵێ، بە تورکی بوون. ئەو دەمی ئەمن لە ئەستەنبووڵ، ئانکارا و هێندێک دێی دەوروبەری قرشەهیر لێکۆڵینەوەم دەکرد . ئەو دێیانە دێی کوردان بوون و خەڵکی پیر و بەساڵداچوو لەگەڵ یەکتری بە کوردی قسەیان دەکرد و جەوانانیش لەگەڵ یەکدی بە تورکی قسەیان دەکرد.ئەو وەزعە سەرنجی منی زۆ ڕاکێشا. دوو ئاشقی کە من هاوپرسەکیم لەگەڵ کردن کورد بوون بەڵام گۆرانییەکانی خۆیان بە تورکی دەگوت. ڕۆژێکی یەک لەو ئاشقانە گۆرانییەکی بە کوردی گوت و ئەمن ئەو گۆرانییەی ئەوم زۆر پێخۆش بوو چونکە شێوازەکەی و ئەو جۆرەی کە گۆرانی دەگوت زۆر جیاواز بوو و کاردانەوەیەکی زۆری لە سەر هەستی من هەبوو و لەوەی دواوە عەلاقەی من بۆ کولتوور و هونەری کوردی دەستی پێکرد. ئاوا بوو.
قازی: وەک باست کرد ماوەیەک لە تورکییە ماویتەوە و زەحمەتێکی زۆرت داوەتە بەرخۆ بۆ ئەوەی ئەو تێزە ئامادە بکەی. من دەمەوێ بزانم ئەگەر بکرێ باس بکەی مێتۆدۆلۆژی ڵێکۆڵینەوەکەت چۆن بوو ؟ و بەڕێزت لێکۆڵینەوە و توێژینەوەکەت لە چوارچێوەی کامە تیوری دا بەڕێوە برد؟
هامێلینک: بۆ لێکۆڵینەوە پێویستە مرۆڤ لە سەر مژارێک قووڵ بێتەوە و لە لایەکی دیکەشەوە ویست و داوخوازی مرۆڤ هەیە و ئەوانە هەر دووک بەیەکەوە لێکۆڵینەوەکە دەخاتە چوارچێوەیەکەوە و شکڵی پێ دەدا. جا بۆیە کاتێک من دەستم بە لێکۆڵینەوەکەم کرد ویستی من ئەوە بوو بزانم ئینسانەکان چۆن بوون و چلۆن  بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە، ئەوە گرینگ بوو بۆ من. لە جێدا ئەو کاتەی ئەمن لەگەڵ ئاشقەکان هاوپرسەکیم دەکرد ئەوان هێندێک "کلام" یان دەگوت کە سەبارەت بە ژیان و بەسەرهاتی خۆیان بوو.ئەویش بۆمن شتێکی زۆر سەرنجڕاکێش بوو. جا بۆیە من ویستم هەم گوێ لە گۆرانی و کلام ی دەنگبێژەکان بگرم و هونەری ئەوان بناسم و هەمیش ویستم گوێ لە ژیان و بەسەرهاتی ئەوان بگرم. ئەوان خۆیان لە نێو کۆمەڵ دا چۆن دەبینن؟  و بە چ شێوەیەک بەسەرهاتی خۆیان بۆ کۆمەڵ باس دەکەن؟ ئەمن لە چوارچێوەی ئەو ڕوانگەیە دا تەماشای مژارەکەم کرد و مێتۆدۆلۆژی من بریتی بوو لە سێ ڕێ و ڕێبازان: ١-من ویستم گوێ لە "کلام" ەکانیان بگرم و ئەوان بە کامێرا ئاستە (زەبت) بکەم.٢- من ویستم گوێ بدەمە بەسەرهاتی شەخسی و گۆتن و بۆچوونەکانیان بۆیەش من هاوپرسەکیم لەگەڵ کردن و ئەو هاوپرسەکیانەشم لە سەر کامێرا ئاستە کرد.
قازی: ببوورە ئەتۆ زمانی کورمانجیت بەکار دەهێنا یان بە تورکی ئەو هاوپرسەکیانەت دەکرد؟
هامێلینک: ئەمن بە تورکی دەستم پێکرد و دوایە بە کوردی درێژەم پێ دا و ٣-من ویستم لەگەڵ خەڵکی کە دەنگبێژ نەبوون قسە بکەم و لێیان بپرسم کە ئەوان "دەنگبێژان" لە نێو کۆمەڵ دا چلۆن دەبینن؟  ڕۆڵ و جێگای دەنگبێژان لە کۆمەڵ دا چۆن دەبیندرێ؟ بەڵێ خاڵێکی زۆر گرینگ ئەوەیە کە هێندێک کەس با بڵێین لێکۆلەرەوە و یان شیکەرەوە و ئانالیست بە چاوێکی 'ئۆریانتالیستی" تەماشای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن و ئەوەش پێرسپێکتیڤێکی تیوری یە . ئەمنیش ویستم بە لێکۆڵینەوەی خۆم  لە بەرانبەر ئەو بۆچوونە " ئۆریانتالیستیانە" دا ڕاوەستم، هەر بۆیەش ویستم کە پێوەندی و تێکەڵاوی خۆم لەگەڵ ئینسانەکان بەهێز بکەم بۆیە  کاتێک ئەوان چیرۆک و بەسەرهاتی خۆیان دەگێڕنەوە پەنجەرەیەکی نوێ لە پێش چاوی ئێمە دا دەکەنەوە و ئێمە بە چاوی خۆمان تەماشای ئەوان ناکەین ، بەڵکوو ئەوان بە چاوی خۆیان تەماشای خۆیان دەکەن و بەسەرهات و چیرۆکی خۆیان دەگێڕنەوە. نموونەیەکی باش و گرینگ کە لە بەر دەست من دا بوو بۆ ئەوەی بە دووی دا بچم " لەیلا نەیزی " بوو. لەیلا نەیزی بۆ خۆی تورکە و لە تورکییە دەژی و لە نووسینەکانی دا دەبینین کە ئەو زۆر نزیکە لەو کەسانەی کە بەسەرهات و چیرۆکیان نانووسرێ!
قازی: لەیلا نەیزی لە چ بوارێک دا لێکۆڵینەوە دەکا؟
هامێلینک: لەیلا نەیزی لە سەر مێژووی زارەکی کار دەکا لە تورکییە. پێم وایە لە زانکۆی سابانجی کار دەکا.لە نووسینەکانی وی دا  باسی بەسەرهات و چیرۆکی ئەو کەسانە وەبەرچاو دەکەوێ کە نکووڵییان لێ کراوەو ئەوە بۆ من سەرنجڕاکێش بوو و بۆیە منیش ویستم هەمان شت بکەم.

قازی: وا بزانم تۆ لە کتێبەکەت دا لە جێیەک باسی نووسەرێکی ئەمێریکایی بە ناوی سکات دەکەی و هێندێک دیتنی ویشت ڕەچاو کردووە وانییە؟
هامێلینک: بەڵێ، ڕاستە دیتنی ویشم لە بەر چاو بووە!
قازی: ئەتۆ لە کانکلووژن، لە ئەنجامگیری کتێبەکەت دا دەنووسی: بزووتنەوەی کورد بۆ جارێکی دی " کورد بوون" ی وەکوو ناسنامەیەکی پۆزیتیڤ ناساندووەتەوە، واتە کورد بوون وەک دیاردەیەکی پۆزیتیڤ، بەڵام هێندێک لە نێوەرۆکی "کلامان" یانی هێندێک شتی کە لە کلامی دەنگبێژان دا هەیە ڕەد دەکاتەوە، یان دایاندەپۆشێ و نایەوێ قسەیان لە سەر بکا و سەرەتیش بەوە دەدا کە  ڕابردووی عەشیرەتیی کوردانیش نەبینێ ئەو جۆری کە بووە. بۆ نموونە لە کلامان دا زۆر جار باسی شەڕی دوو عەشیرەتان لە بەرانبەر یەکدی دا دەکرێ.ئەمن دەمەوێ پرسیار بکەم ئەو تۆوانەی، ئەو عونسورانەی کە بزووتنەوەی کوردی و ئەوەی کە ئێوە پێی دەڵێن ناسیۆنالیسمی کوردی لەو کلامانە دا بەرپەرچیان دەداتەوە کامانەن؟

هامێلینک: ئەمن لە تێزی خۆم دا دەڵێم کە چەند سەبەب هەن  کە دەنگبێژانیان خستە بێدەنگی  و دەنگبێژەکان بۆخۆیان بە منیان گوت کە لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ و ٢٠٠٠ دا ئەوان زۆر چالاک نەبوون و نەدەهاتنە سەر شانۆ و لە کۆمەڵە دا هونەری خۆیان هێندە ئیجرا نەدەکرد. یەک لە هۆیەکان ئەوە بوو کە کێشەی نێوان کوردەکان و دەوڵەتی تورک دەنگبێژەکانی ناچار بە بێدەنگی دەکرد.چونکە دوای کودەتای عەسکەری ساڵی ١٩٨٠ حکوومەتی تورک گەلێک زۆڵم و زۆردەستی لە کوردان کرد و تەئسیری چالاکی تێکۆشەرانی کوردی شکاند.سەبەبێکی دیکەش ئەوە بوو لە بەر شەڕ لە نێوان دەوڵەتی تورک و کوردان دا زۆر دێی کورد چۆل کران، سووتێندران و وێران کران و ئەوەش ژیانی کۆمەڵایەتی کوردستانی، ژیان لە گوندانی تێک دا و دەرەتانی ئەو ژیانەش بۆ دەنگبێژان سەردەمایەک هەبوو و نەبوو. سەبەبی سێیەمیش ئەوە بوو کە لە کوردستان حەڕەکەتی سیاسی پ.ک.ک. زۆر بەهێز بوو و حەڕەکەتی هەرە بەقەوەت ئی پ.ک.ک. بوو  و پ.ک.ک.ش بە چاوێکی نەریتی، و وەک دیاردەیەکی پاشکەوتووانە چاوی لە دەنگبێژان و کولتووریی دەنگبێژی دەکرد.

قازی: یانی بە شتێکی ترادیسیۆنێلی دەزانی؟
هامێلینک: بەڵێ!ئەوانیش ویستیان کە کوردان مۆدێرنیزە بکەن و لە پێناو ئەو مۆدێرنیزاسیۆنە دا ویستیان نەریت و دابوشوێنی کوردان لە گۆڕێ نەهێڵن و هونەر و کولتووری مۆدێڕن بە کوردان بناسێنن. دوای ساڵی ٢٠٠٠ ئەو زۆردەستییەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە دەکرا هێندێک سست بوو و ئەو سست بوونەش هێنذێک ڕێ و ڕێپێڵگەی لە بەر دەم کوردان کردەوە. ئەگەر ئێوە بتانەوێ بپرسن کە دەنگبێژان جارێکی دیکە چۆن هاتنەوە سەر شانۆ  و هونەری وان جارێکی دی بە حورمەتەوە پێشوازی لێ کرا؟  ئەمن دەتوانم بڵێم کە سەبەبی هەرە گرینگ ئەوەیە ئەوکاتەی کە دوای ساڵانی ٢٠٠٠ زوڵم و زۆرداری سست بوو یان کەم بووەوە کۆمەڵ ئازادیی ناسی و دەنگبێژانیش لەو سیستمە نوێیە دا جێی خۆیان دیتەوە کە بێنە پێشەوە و هونەری خۆیان ئیجرا بکەن. هەر وەها ئاکتۆری سیاسی کوردیش جارێکی دیکە بەهێز بوو بۆ ئەوەی فەرهەنگ و هونەری کوردی ئۆریژیناڵ و ڕەسەن بناسرێ و ڕێزی لێ بگیرێ.



قازی: باشە، ئەتۆ لە تێزەکەت دا دیسان دەڵێی کە چالاکی کولتووری، فەعالییەتی کولتووری بۆ خۆی ئامرازێکی گرینگە بۆ ئەوەی کە بەرەوڕووی ناسیۆنالیسمی سەردەست، ناسیۆنالیسمی تورک ببێ لە ژیانی گشتی دا ، لە پابلیک لایف دا. ئەمن دەمەوێ لەو چوارچێوەیە دا بزانم تێلێڤیزیۆن، تێلێڤیزۆنی ساتڵایت و بە تایبەتی " تێلێڤیزۆنی مەد" وەکوو یەکەم تێلێڤیزیۆنی ساتڵایتی کوردی لەو بارەیەوە دەورێکی سەرەکی گێڕا یان نا، یانی لە بواری کولتووری دا؟
هامێلینک: هەر وەک ئەوەی من لە تێزەکەم دا باسم کردووە چالاکی کولتووری و بەتایبەتی تێلێڤیزۆنی ساتڵایت جێیەکی گرینگی هەیە  لە سازکردنی ناسنامەی کوردی دا...
قازی: و دە نێو ئەو تێلێڤیزۆنانەش دا " مەد تیڤی " یەکەم تێلێڤیزیۆنی کوردی بوو کە دەستی بە کار کرد.
هامێلینک: بەڵێ ڕاستە! تیلێڤیزیۆن بۆ دەنگبێژان دەورێکی گرینگی گێڕا. تێلێڤیزۆنی کوردی شانۆیەکی نوێی بۆ دەنگبێژان ساز کرد بۆ ئەوەی بێنە پێشەوە  و هونەری خۆیان ئیجرا بکەن و بگەنە گەل. تێلێڤیزۆن پلاتفۆرمێکی تازەی  لە بەر دەست دەنگبێژان نا. دەنگبێژانیش پلاتفۆرمی خۆیان یان دەرفەتی خۆیان دەست کەوت بۆ ئەوەی هونەری خۆیان ئیجرا بکەن  و بگەنە گەل و ئەو لە کیس دانەی بەر لە ساڵانی ٢٠٠٠ یان تێهەڵێناوە. تێلێڤیزیۆن دەرفەتێکی نوێی دا بە دەنگبێژان و پەنجەرەیەکی نوێی بەڕوودا کردنەوە و لەسایەی تێلێڤیزیۆن دا توانییان جارێکی دیکە دەنگی خۆیان بگەیێننە گەل. لە هەمان کاتدا، تێلێڤیزیۆنی کوردی هەر تەنێ رێ و پڵاتفۆڕم و شانۆی نەدا  بە دەنگبێژان بەڵکوو شکڵێکی نوێ، فٶرمێکی نوێشی دا بە  هونەری دەنگبێژان. بو وێنە ئەگەر ئەمن بە کورتی بڵێم: دە بەرنامەی تێلێڤیزۆنێ دا دەنگبێژان کلامیان کورتتر دەگوت و گەلێک دەنگبێژ بەیەکەوە هونەری خۆیان پێشکێش دەکرد و بەیەکەوە کلامیان دەگوت نەک وەک پێشوو کە دەنگبێژێک بە تەنێ کلامی دەگوت. نموونەیەکی دیکەش ئەوەیە دەنگبێژان ئەو کلامانەی کە دەیان گوت سەبارەت بە عەشیرەتان نەبوو. دیارە نەک هەر بە تەنێ " مەد تێڤی" کاناڵی لۆکالیش بۆ نموونە " گوین تیڤی" لە ئامەدێ ش گرینگ بوو، بەڵام " مەد تیڤی" وەک دەستپێکەر وا بوو.
قازی: باشە ئەگەر دەکرێ هێندێکیش باسی دەوری ژنان بکەن لە دەنگبێژی دا. ئەتۆ لە تێزەکەت دا باسی چەند ژنی دەنگبێژ دەکەی و بە تایبەتی لە ناوچەیەک  بە دوورو درێژی باسی  ژنێک دەکەی کە لە نێو چەند دەنگبێژی دیکە دا بووە. ئەوان حیسابێکی وایان بۆ نەدەکرد بەڵام مەجبوور بوون قەبووڵی بکەن.لە بەرنامەی تێلێڤیزیۆنیش دا کە دەنگبێژان کلامان دەڵێن زۆر ژنیش بەشداری دەکەن. بە پێی دیتنی تۆ بەشداریی ژنان لەو هونەرە دا تا چ ئاستێک توانیویە زەخت و فشار لە سەر ژنان کەم بکا؟

هامێلینک: ئەو کاتەی کە من لیکۆلینەوەکەم دەکرد دەنگبێژی ژن وەک ئێستا چالاک نەبوون. دواتر چالاکتر بوون. ئەو دەمی هێندێک وەدوا دەدران. بۆ من دەستڕاگەیشتن بە دەنگبێژی ژن هاسان نەبوو، چونکە ئەو دەمی دەنگبێژی پیاو لە بەرچاوان بوون و چالاکتر بوون.ژنیش هێندێک لە دوایە مابوونەوە و ئەوە شتێکی گشتی بوو ، نەک ئەوەی من ژن هەڵنبژێرم بۆ لێکۆڵینەوەی تێزەکەی خۆم. لە تورکییە دەنگبێژی ژن وەک " گازن " و " فەلەکناس " ئەو دەمی دەنگبێژی هەرە مەشهوور بوون ، بەڵام لە وەشانی ئەو تێلێڤیزۆنانەی کە لە ئوڕووپاوە بڵاو دەبوونەوە  دەنگبێژی ژن زیاتر جێیان دەگرت لە بەرنامەی کولتووری دا.



قازی: بە تایبەتی لە پڕۆگڕامی هونەرمەند شەمدین دا.
هامێلینک: بەڵێ ڕاستە، ئەو دەستی پێکرد. لە بەشی دوایی تێزەکەم دا ئەمن باسی دوو  دەنگبێژی ژن دەکەم کە لە ئەڵمان بوون  و لە بەرنامەی تێلێڤیزۆنی دا زۆر بەر بەچاو و چالاک بوون. بنەماڵەکانی ئەوان گەلێک  زۆر و زەحمەتییان کێشا بوو . بنەماڵەکەیان پێشتر لە گوندێک لە سەر سنووری عێڕاق ژیابوون ، بەڵام لە بەر زوڵم و زۆرداری ناچار مابوون هەڵێن بچنە عێڕاقێ و دوایە بۆ ئێرانێ و جارێکی دی بگەڕێنەوە عێڕاقێ و دوایە هاتنە ئوڕووپایە.یانی لە پازدە ساڵی ڕابردوو دا ژیانی ئەو بنەماڵەیە بە زۆر زوڵم و ناحەقی دا تێپەڕی و ناچار مان زۆر جێگا بگۆڕن  هەتا بگەنە ئەڵمان. و لە بەر ئەوەی ئەمن چوومە سەردانی وان و زۆر جار میوانی ماڵیان بووم ئێمە بووینە هاوڕێی نزیکی یەکتری و ئەمن سەبارەت بە ژیانی ئەوان و چالاکی ئەوان لە تێلێڤیزۆن دا زۆرم قسە لەگەڵ کردوون. ئەوان بە منیان گوت لە سەرەتا دا کاتێک دەستیان کرد بە گۆرانی گوتن لە تێلێڤیزۆن دا شەرمیان دەکرد و هێندێک بۆیان زەحمەت بوو بێنە بەرچاوان لە بەر ئەوەی کە ژن بوون بەڵام ئیدی کەم کەم ئەوانیش هەستیان پێ کرد کە کارێکی گرینگ دەکەن و بەو شێوەیە هەم  شەرمیان دەشکا و هەمیش تێ دەگەیشتن کە خزمەتێکی باش، خزمەتێکی بەڕێز  بە کولتووری کوردی دەکەن کاتێک کە لە تێلێڤیزۆنەوە پیشان دەدرێن. ئەوانیش بەوە شاد بوون و کەیفخۆش بوون کە خزمەت دەکەن بە کولتووری کوردی.
قازی: باشە. لە کتێبەکەت دا، لە تێزەکەت دا زۆر بە ووردە ڕیشاڵ باسی یەک یەکی ئەو دەنگبێژانەت کردووە کە هاوپرسەکیت لەگەڵ کردوون- و ئەوە هەژمارێکیان لێرە لەو ڤیدێئۆیە دا دەبینین -  ئەمن دەمەوێ ئەگەر دەکرێ باسی هێندێک لە دەنگبێژەکان بکەی دیارە کات نابێ کە یەک یەک باسی هەموویان بکەی. بە تایبەتی ئەتۆ هیچ دەنگبێژت دی کە بە دملکی بە زازایی کلامان بڵێ؟ ئەگەر دەکرێ لە سەر کەسایەتی دەنگبێژەکان هێندێک بدوێی!
هامێلینک: ئەو کاتە کە ئەمن لێکۆڵینەوەی خۆم ئەنجام دەدا، ویستم ئەوە بوو دەنگبێژێکی زۆر ببینم و دەمەویست گوێیان لێ ڕادێرم ، بۆیە ئەمن زۆر لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە ، لە کوردستانی باکوور زۆر گەڕام و چوومە زۆر شار و گوندان. لە تێزەکەشم دا بەسەرهاتی زۆر دەنگبێژان دەگێڕمەوە وەک ئەوەی تۆش ئاماژەت پێ کرد. باسی ئەوە دەکەم چۆن دەژین، یان چۆن درێژە بە ژیانی خۆیان دەدەن؟ و تا ئێستا گۆرانییەکانیان چۆن دەڵێن؟ و لە ژیانی خۆیان دا چییان بە سەر هاتووە؟ هەر وەها من لە هەرێمی عەلەوی نشینی کوردستانیش لێکۆڵینەوەم کرد . ئەمن چوومە هێندێک دێی زازا ئاخێوی نزیک ئامەدێ و هەر وەها چوومە هێندێک دێی دەورو بەری دێرسیمێ، بەڵام من لە لێکۆڵینەوەکەم دا جێیەکی زۆرم نەدا بە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە عەلەوییە کوردەکان و دەنگبێژی زازا چونکە ئەگەر ئاوام کردبا تێزەکەم بەر درێژ دەبوو و مومکین نەدەبوو ئەمن لە سەر هەموو شت کار بکەم بۆیە، دەرفەتێکی ئەوەندەم نەبوو کە لە سەر دەنگبێژی زازا و عەلەویش بنووسم بەداخەوە. بەڵام ئەمن جێم تەرخان کرد بۆ شتێکی دیکە ئەویش باسی ژیانی دەنگبێژێکی کوردە کە باب و باپیرانی ئەرمەنین ، ژیانی وی و هونەری وی پێشکێش دەکەم ، ئەوەش گەلێک گرینگە لە بەر ئەوەی من بۆم دەرکەوت کە لە کوردستانێ هەر کورد بە تەنێ ناژین بەڵکوو گەلێک گەلی دیکەش لەوێ هەن و لە بەر ئەوەی ئەرمەنی بێدەنگ کراون و ئەوان ناچار کراون کە خۆیان لە کوردستان و لە تورکییە بشارنەوە بە فکرم دا هات ئەوە زۆر گرینگە کە بەسەرهاتی ئەوانیش باس بکەم. بۆ ئەوەی هێندێک دەنگبێژی ئەرمەنی لەو شاراوە بوونە دەرخەم و بیانخەمە پێش چاو.
قازی: وا بزانم " ماڵی دەنگبێژان" لە ساڵی ٢٠٠٧ بەملایەوە ساز بوون. ئەتۆ لە تێزەکەی خۆت دا بە تایبەتی باسی  " ماڵی دەنگبێژان"  دەکەی لە وانێ، و دوایە لە ئامەدێ لە دیاربەکرێ ، دوایە هێندێک باسی فەرقی ئەوانیش دەکەی. دیارە ڕەنگە بینەرانی تێلێڤیزۆن  و بینەرانی بەرنامەی " ڕاوێژ" هێندێک ئاگادارییان هەبێ  کە لە سایەی پێشکەوتنی بزووتنەوەی سیاسی لە باکووری کوردستانێ، لایەنی کولتووریش لە ماوەیەکی زۆر کورت دا زۆر پێش کەوتووە و بە تایبەتی ساز بوونی " ماڵی دەنگبێژان" نیشانەیەکی ئەوەیە.ئەمن دەمەوێ ئەگەر بکرێ هێندێک " ماڵی دەنگبێژان" بناسێنی!
هامێلینک: کاتێک کە ئەمن لێکۆڵینەوەی خۆم دەست پێکرد واتە لە ساڵانی ٢٠٠٧ و ٢٠٠٨ دا ئەو دەمی لە سێ شاران " ماڵی دەنگبێژان" هەبوو.  لە جزیرێ ، لە ئامەدێ و لە وانێ. بەداخەوە  بۆم هەڵنەکەوت  " ماڵی دەنگبێژان " لە جزیرێ ببینم و لە شارەکانی دیکە، مەبەستم وان و دیاربەکر نییە دەنگبێژان دەچوونە ناوەندی کولتووری و لەوێدا گۆڕانیان دەگوت و لەو شارانە بە تایبەتی " ماڵی دەنگبێژان" نەبوو. جا بۆیە ساز کردنی ماڵی دەنگبێژان لە دیار بەکر و وانێ کارێکی سەرنجڕاکێش و گرینگیش بوو.هەر وەکوو ئەمن لە تێزەکەشمدا دەڵێم ئەوە ڕێ و ڕێبازێکی گرینگە بۆ تێکۆشەرانی کورد ، بۆ ئاکتۆری کورد کە دە نێو کولتووری سەرتاسەری دا لە تورکییە دەرکەون و کولتووری خۆیان بناسێنن. " ماڵی دەنگبێژان" بۆ چالاکە کوردەکان گرینگ بوون چونکە لەوێدا ئەوان دەیانتوانی چالاکییەکانی خۆیان بهێننە بەرچاوی گەل . بۆ " ماڵی دەنگبێژان" لە ئامەدێ خانووبەرەیەکی کۆن تازە و ئاوەدان کراوە. خانووبەرەیەکی زۆر خۆشە وەک ئێستا لێرە لەم ڤیدێئۆیە دا دەیبینین.

قازی: ئەوە " ماڵی دەنگبێژان " ە لە ئامەدێ؟

هامێلینک: بەڵێ! ئەمن زۆر خۆشحاڵم کە لێرە دەیبینمەوە و ئەم دەنگبێژانەش دەناسم. ئەو ماڵانە بوونە هۆی ناساندنی چاند و کولتووری کوردی لە تورکییە . بە ڕێگای " ماڵی دەنگبێژان" ڕا کولتووری کوردی جێیەکی گرینگتر و بەربڵاوتری پەیدا کرد دە نێو کولتووری گشتی دا لە تورکییە. پێشتر کولتووری کوردی هیچ پڵاتفۆرمێکی لە مەڕ خۆی نەبوو کە لە تورکییە خۆی بخاتە بەر چاو و ئەوە مومکین نەبوو لە تورکییە جێیەکی خۆی تایبەتی هەبێ لە نێو کولتووری گشتی دا. " ماڵی دەنگبێژان" یەک لەو ئامرازە نوێیانە بوون بۆ ئەوەی کولتووری کوردی بتوانێ بێتە سەر شانۆ. کەسانێک کە ویستبایان کولتووری کوردی ببینن  دەیانتوانی بچنە " ماڵی دەنگبێژان" و بەر لەوە شوێنێکی بەو شێوەیە لە تورکییە دا نەبوو.شوێنێکی کولتووری کوردی.  " ماڵی دەنگبێژان" دەرفەت و ئیمکانی ئەوەیان ساز کرد کولتووری کوردی جێی خۆی لە کولتووری گشتی لە تورکییە دا بکاتەوە.
قازی: با ئێستا بەیەکەوە گوێ لە " کلام" ێک بگرین! ئەوەی  " کلام" ەی کە بیستمان دەقەکەی لە کتێبەکەت دا هەیە؟
هامێلینک:  نازانم!
قازی: وەبیرت نایە؟
هامێلینک: نا! چونکە بۆ من هەتا ئێستاش زۆر دژوارە  لە " کلامان" حاڵی بم.
قازی: باشە ئەی چۆن سەرەدەریان لێ دەکەی؟ کەسی دیکە گوێیان لێ دەگرێ و بۆت باس دەکا یان چلۆن؟
هامێلینک: بەڵێ من بە تایبەتی لەگەڵ هاوڕێیەکی خۆم لە سەر  " کلامان" کارم کردووە ، ناوی حەنەفی بارش ە، ئێمە بەیەکەوە کارمان لە سەر کردوون  و وەرمان دەگێڕانە سەر زمانی ئینگلیسی ش. ئەمن هەموو " کلام" یكی کە دەمبیست نەمدەنووسییەوە لەبەر ئەوەی ئەوە گەلێک کارێکی درێژە و لە بەر ئەوەش کە کوردی من زۆر باش نییە..
قازی: نا زۆر باشە، لەوە باشتر چۆن دەبێ؟
هامێلینک: ئەستەخفوروڵا، یانی ئەوە مومکین نەبوو ئەمن هەموان بنووسمەوە  بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیە. هیوادارم خەڵکی دیکە درێژە بەو کارە بدەن، کەسی ئاوای کە کوردی باش دەزانن . وەک باسم کرد من لەگەڵ حەنەفی بارش کارم لە سەر کلامەکان کرد و ئەوەش هاوکارییەکی زۆر باش بوو.
قازی: باشە! ئەتۆ ئەو مادە و کەرەستەی کە کۆت کردووەتەوە ، ئەو دەنگ و شتانەی کە ڕێکۆردت کردوون ئەوانە لە دامەزراوەیەک ، لە زانکۆیەک جێیەک دادەنێی؟ یان ئێستا لە زانکۆی لایدنن یان لە کوێن؟
هامێلینک: ئێستا ئارشیڤەکە لە نایمێخن لە ئەنیستیتووی ماکس پلانکە. بەڵام هەتا ئێستا هێندەم کات نەبووە بۆ کار کردن لە سەر ئەو ئاڕشیڤە . ئەمن دەمەوێ بەردەوام بم و کاری لە سەر بکەم.
قازی: یانی ئیمکانی ئەوە هەیە کە خەڵکی دیکەش بتوانن ئەو ئاڕشیڤە بەکار بهێنن و کەلکی لێ وەربگرن؟
هامێلینک: بەڵێ! ئەو دەرفەتە هەیە.
قازی: گەلێک سپاس دوکتور هامێلینک، زۆر خوشحاڵ بووم بۆ بەشداری کردنت کرد لەم پڕۆگرامە دا. بینەرانی خۆشەویست دەمەویست شتێک بڵێم ئەویش ناوی کتێبەکە بوو کە لە بیرمان چوو بە تەواوی باسی بکەین.
The Sung Home  Narrative, morality, and the Kurdish nation
واتە: گۆرانی وەکوو ماڵ، ڕیوایەت، ئەخلاق و نەتەوەی کورد. چونکە بەڕێز هامێلینک لە کتێبەکەی دا دەنووسێ: تێیدا چوار بابەت بەیەکەوە گرێ دەدرێن. یەکیان مەبەست لە ماڵی دەنگبێژانە، یانی ماڵێک بۆ دەنگبێژان، دووەم گرینگی زمان و نەریت دەردەخا وەکوو فەزایەک بۆ ئەوەی خەڵک خۆی پێ ببەستنەوە و هەر وەها ئامانجی درێژخایەنی سیاسی زۆر لە کوردەکان پەیدا کردنی ماڵێکە بۆ خۆیان و قەبووڵ کردنیان، هەر وەها ئەوەش نیشان دەدا کە بارو دۆخی کێشەی بە زەبر وزەنگ و لێکدابڕاو دەتوانێ ببێ بە ئەوەی کە ماڵێک بۆ کەسێک، بۆ شوێنێک، جێگایەک  بتوانێ ئەو ئەزموونە لێکدابڕاوانە بەیەکەوە گرێ بدا و مانایان پێ ببەخشێ، جا بۆیە نێوی کتێبەکەی ناوە " دی سانگ هۆم". تاکوو  " ڕاوێژ" ێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.


   تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە بە کوردیی کورمانجی کراوە و لە ئێوارەی یەکشەمە ١ی مارس لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزیۆنی ستێرک دا بڵاو کراوەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی بەرنامەکە دەکرێ سەر لە حیسابی "ڕاوێژ" لە تٶری کۆمەڵی یووتووب هەڵێنن




No comments: