Saturday, April 30, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ٢٥ ، سێشەمە ٢٦ ، پێنجشەمە ٢٨ و جومعە ٢٩-ی ئاوریلی ٢٠١٦


وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ٢٥ ، سێشەمە  ٢٦ ، پێنجشەمە ٢٨ و جومعە ٢٩-ی ئاوریلی ٢٠١٦


دووشەمە ٢٥-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسەوێژی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریی دانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی


 پرسیار: لە سەر تورکییە ؟
 ئاغای کیربی: فەرموو، لە سەر تورکییە بپرسە
پرسیار: سپاست دەکەم. ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبووڵ ڕێگا نەدرا بە ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی بێتە ناو تورکییە و گێڕایانەوە.  ئەوە چوارەمین ڕۆژنامەنووسی بێگانەیە کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو دا ڕێگا نادرێ
 ئاغای کیربی : ئێ پرسیار: جگە لەوە ڕۆژنامەنووسێکی هولەندی – تورکیش  کە سەری لە تورکییە دابوو، لە تورکییە پاسپۆرتەکەی لی زەوت کراوە ، بۆیە ناتوانی لەوێ دەرکەوێ. ئەوە وێدەچێ سیاسەتێکی تازە بێ. داخودا هیچ شتێکی تایبەتیت هەیە بیڵێی لە سەر ڕۆژنامەنووسە ئەمریکاییەکە
 ئاغای کیربی: دەزانی ، دیسان ، با بڵێم بە بێ ئەوەی یەک بە یەک لە کەیسەکان بدوێم. ئێمە ڕاپۆرتی چاپەمەنیمان لەو بارەیەوە دیتووە و ئەتۆ دەزانی ئێمە هەڵوێستمان چییە سەبارەت بە ئازادییەکانی میدیا و جووڵانەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، نەک هەر لە تورکییە بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان.هیچ شتێک سەبارەت بەوە لە ڕوانگەی ئێمە دا نەگۆڕاوە.ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر هێنانە گۆڕی بابەتی ئازادیی میدیا لە تورکییە و لە داهاتووش دا ئەوە دەکەین.  بەڵام ئەمن هیچی تایبەتیم نییە لە سەر یەک یەکی ئەو کەیسانەی کە تۆ باست کردن. ئاشکرایە، ئەتۆ ئەو ڕاپۆرتانە دەبینی، ئەوان سەرنجی ئێمەش ڕادەکێشن، وەک ئەوەی لە هەر جێیەک ڕووبدا. و دیسان بڵێم ، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لە تورکییە دا بیبینین ئەوەیە کە تورکییە ئەو پرێنسیپانەی کە لە قانوونی بنچینەیی خۆی دا هەن لە بەر چاو بگرێ، ئەو مافەی لە قانوونە بنچینەییەکەی دا جێی کراوەتەوە، لەوانە ئازادیی بیروڕا دەربڕین بە ڕێگای میدیا دا
باشە؟
  پرسیار: دەتوانم بە خێرایی بگەڕێمە سەر بابەبەتی هێزە تایبەتییەکانی ئێوە لە سوورییە؟ مەبەستم ئەوەیە پرسم، ئایا ئێمە دەتوانین ئەو هێزە تایبەتییە زیاد کراوە وەکوو یارمەتییەکی زیادکراو بۆ پشتیوانی لە یەکینەکانی یەپەگە لەبەر چاو بگرین ؟
 ئاغای کیربی: ئەوان لە وێ لە سەر زەوین بۆ ئەوەی پشتیوانی بکەن و یارمەتی بکەن و ڕاوێژ بدەن بە شەڕڤان بە دژی داعش. زۆر گرووپ هەن کە شەڕی داعش دەکەن و ئەوانە گشتیان کورد نین. شەڕڤانانی کورد ئازا و بە زیپک و زاکوون بوون، ئەوان سەرکەوتوو بوون. ئامانجی ئێمە دانی ئامۆژگاری و یارمەتییە بە گشت ئەوانەی کە دەتوانن کاریگەرانە داعش
ڕاوبنێن . باشە
تێبینی : پرسیاری لە مەڕ تورکییە پەیامنێەری ڕۆژنامەی جمهوورییەت لە واشنگتن ئیلهان تانیر  هێنایە گۆڕ
  

سێشەمە ٢٦-ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسە وێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: هێندێک پێکهەڵپڕژان ڕوویدا لە نێوان میلیشیای شیعە و هێزە ئەمنییەتەکانی عێڕاق و هێزی پێشمەرگە لە دیالە. هیچت هەیە لەو بارەیەوە بیڵێی؟
ئاغای تۆنر: نا نیمە – باشە، مەبەستم ئەوەیە، زۆر کەم. ئێمە زۆر ووردە ڕیشاڵمان لە بەر دەست دا نییە. ئاشکرایە لە نزیکەوە شۆپاندوومانە. ئەو تێکهەڵچوونانە هەبوون، وا بزانم، پێکدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە کوردەکان و ئەوانە ، وەک تۆ گوتت هێزگەلی حەشدی شەعبی لە شاری – ببوورە ئەگەر ناوەکە بەتەواوی بەڵێو ناکەم – تووز خورماتوو. هەر دووک ئەو هێزانە ، بە ڕەپ و ڕوو بڵێم، دەوری گرینگیان گێڕاوە لە شەڕ بە دژی داعش دا. کاتێک ئێمە چاو لەو جۆرە شەڕە ناوخۆییانە دەکەین، ئەگەر ئاوای باس بکەین ، ئێمە بە نیگەرانییەوە لێیان دەڕوانین چونکە ئاشکرایە ئێمە دەمانەوێ ئەو هێزانە  لە عێڕاق ئاوا ببینین کە  ڕوو بەڕووی دوژمنی ڕاستەقینە بوونەتەوە، کە ئەویش داعشە. و هێزە عێڕاقییەکان ، چ
پێشمەرگە بن و چ هێزی حەشدی شەعبی ، پێویستە بە یەکگرتوویی بمێننەوە
تێبینی : ئەم پرسیارە پەیامنێری 'ڕوداو' نامۆ عەبدوڵا کردی




 پێنخشەمە ٢٨-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
 ئاغای کیربی: دوا نیوەڕۆتان بەخێر
پرسیار: بەخێرێیەوە
 ئاغای کیربی: سپاس. زۆر سپاس . بەر لەوەی دەست بە پرسیار و ووڵام بکەین بۆ دەسپێک چەند شتێک دەڵێم. .. وەک ئێوە دەزانن ئەم حەوتوویە کەمپینی چاپەمەنی ئازاد بەڕێوە دەبەین. بۆ کەیسی ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی ئازادیی چاپەمەنی دا ئێمە جەخت دەکەین لە سەر محەمەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەرێکی مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە لە زیندانی ئەوین گیراوە. ئەو ئەشکەنجەی لە زیندانەکانی ئێران دا لە قاو دەدا ، لە سەر بابەتگەلی لە مەڕ مافی ژنان دەینووسی، باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی  کەمایەتییە ئێتنیکییەکانی ئێرانی دەکرد
  لە مانگی ژووییەی ساڵی ٢٠٠٧ کەبوودوەند گێرا و تاوانبارکرا بە جووڵانەوە بە دژی هێدیایەتی نەتەوەیی و پڕۆپاگاندە کردن بە دژی دەوڵەت. دوا جار " دادگایەکی ئینقیلاب" حوکمی ١١ ساڵ زیندانی بۆ بڕییەوە. خەبەری ئەوە لە زیندانەوە هاتووە کە هەتا کوو ئێستا کەبوودوەند لەوەتا گیراوە چەند جار تووشی سەکتەی دڵ هاتووە و نەخۆشی زۆر جیدی گورچیلە و ئازاری ڕیخۆڵەی هەیە. کاربەدەستانی زیندان ڕێگایان نەداوە بگوێزرێتەوە  نەخۆشخانە بۆ  ئەوەی عیلاجی نەخۆشییەکانی بکرێ
کەبوودوەند ئێستا نیزیکەی ٩ ساڵ لە حوکمەکەی کێشاوە . قانوونی سزای ئێران کاتێک کەسێک بە سەرەوەی دەساڵ حوکم درابێ و نیوەی حوکمەکەی دەرباز کرد بێ ڕێگا دەدا حوکم بە سەر دادراو زووتر ئازاد بکرێ.  تەنانەت باسی ئەوە دەکرێ سەرۆکی زیندانی ئەوینیش داوای ئازاد کردنی وی کرد بێ. ئێمە بانگەوازی دەوڵەتی ئێران دەکەین  محەمەدسەدیق و گشت ڕۆژنامەنووسەکانی دیکەی ئیران و هەموو ڕۆژنامە نووسەهاووڵاتییەکان ئازاد بکا کە تەنێ لە بەر بەکار هێنانی مافی خۆیان واتە  ئازادیی ڕادەربڕین گیراون 
 پرسیار: ئەمن پرسیارێکم هەیە بە دوای پرسیارەکەی سەعید دا لەمەڕ ئەو هێزە تایبەتییانەی کە [ ناردووتانەتە  سوورییە].بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی سوورییە، ئایا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵێی ڕادەی  ئەو پشتیوانی یەی خۆی کە لە شەڕڤانانی کوردیی سوورییەی کردووە زیاتر بکا چونکە ئەوان زۆر کاریگەر بوون لە هێندێک هەرێمان؟

 ئاغای کیربی: با وەزاڕەتی کاروباری بەرگری لەوبارەیەوە قسە بکا. و وا بزانم وەزیری بەرگری کارتر لەو دواییانە دا هێندێک لەو بارەیەوە قسەی کردووە، سەبارەت بە گوڕتر کردنی تێکۆشانی خۆمان بە دژی داعش. ئەمن ئاگام لە هیچ پێشنیازێکی تایبەتی زیادکراو نییە، بەڵام لە ڕاستییدا ئەوە بواری کاری عەسکەرییە شی بکاتەوە، نەک ئێمە
 پرسیار: وا دەردەکەوێ ئەمڕۆ وەزیری بەرگری کارتر گوتبێتی کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان هێزەکانی یەپەگە لە سوورییە و پ.ک.ک . کە ئێوە  بە گرووپێکی تێڕۆریستتان ناوزەد کردووە. کارتر ئەوەی لە ووڵامی پرسیارێکی سەناتۆر لیندسی گراهام دا گوت لە دانیشتنی سەنا دا. ئەو کاتێک ئەو قسەیەی کرد  کە گراهام لێی پرسی داخودا پێوەندییەکی ئاوا هەیە یان نا. جا بۆیە ئەوە وا دەکا مرۆڤ لەم بینایە و لە پێنتاگۆن [ وەزاڕەتی دەرەوە و وەزاڕەتی بەرگری ] پەیامی جیاواز ببیستێ سەبارەت بە  تەبیعەتی یەپەگە ، داخودا -
 ئاغای کیربی: مەبەستت – ئەتۆ باسی یاریدەدری وەزیری دەرەوە بلینکن دەکەی؟
پرسیار: نا، نا، ئەمڕۆ – وەزیری بەرگری کارتر
 ئاغای کیربی: ئەها، کارتر ، ئەمن وەم زانی ئەتۆ گوتت کێری
 پرسیار: نا، کارتر، ئەو لە دانیشتنی ئەمڕۆ لە سەنا گوتی. لە ووڵامی گڕاهام دا ، سەناتۆر گڕاهام
 ئاغای کیربی : ئێ !
 پرسیار: پڕسیارەکە ئەوە بوو داخودا پێوەندییەک هەیە لە نێوان یەپەگە و پ .ک.ک دا؟ ئەو گوتی ئەرێ هەیە. بۆم بووە بە پرسیار چونکە ئێوە  لە ڕابردوو دا  یەپەگەتان بە گرووپێکی سەربەخۆ لە  پ.ک.ک. پێناسە دەکرد. هەر لە بەر ئەوەشە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە ئێوە لە ڕووی  عەسکەری و سیاسییەوە پشتیوانیتان لێ دەکردن. جا پرسیار ئەوەیە ئایا لەم بینایە و لە پێنتاگۆنەوە پەیامی جیاواز سەبارەت بە یەپەگە دەدرێ؟
  ئاغای کیربی: دەزانی ، ئەمن گوێم لە قسەکانی وەزیری بەرگری کارتر نەبووە.  ئەو با بۆخۆی، با وەزاڕەتی کاروباری بەرگری خۆیان سەبارەت بە بۆچوونەکانی پێنتاگۆن بدوێن و هەڵوێست بگرن. بۆچوونی ئێمە هیچ گۆڕانی بە سەر دا نەهاتووە. پ.ک.ک ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانەیە، ئەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە نەگۆڕدراوە. و ئەمن لە ڕابردووش دا ئەوەم گوتووە، ئەو شەرڤانە کوردانەی کە کاریگەرن لە شەڕ بە دژی داعش دا لە سوورییە - لە کاتێکدا ئێمە ڕاستەوڕاست چەکیان نادەینێ – وەک گوتوومە – دیسان دەیڵێم . ئەمن پێم وایە پرسیارەکەی تۆ بە سەرداگیراوی دەیەوێ بڵێ ئەوە وا نییە و ئێمە چەکمان داونێ – ئەوە  ئەو شتە نییە کە ڕوو دەدا، بەڵام -
 پرسیار: بۆ نموونە، لە کۆبانێ -

ئاغای کیربی بەڵام -
  پرسیار: -- ئێوە لە هەواوە چەک و چۆڵتان بۆ بەردانەوە، بە ڕوونی،بە کراوەیی ، بە ئاشکرایی
 ئاغای کیربی: ئەوان کەلک وەردەگرن – کاتێک شەڕڤانان بە دژی داعش کاریگەر بن ئەوان لە هێزی هەوایی کەلک وەردەگرن ، و هەر وەک من لە ڕابردووش دا گوتوومە، ئەو پشتیوانییە بەردەوام دەبێ، بەڵام ئەوە پشتیوانییەک نییە هەر لە کوردان. و ئەمن دەزانم ئەتۆ شەیدای ئەوەی هەموو شتێک بهێنییەوە سەر باسی ئەو گرووپە، باشە؟ بەڵام شەڕڤانی کاریگەری دژی داعشی دیکەش هەن لە سوورییە کە لە هێزی هەوایی ئیتیلاف کەلک وەردەگرن، و ئەو پشتیوانی لێکردنەیان بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی کاریگە بن [ بە دژی داعش ] .  و هەر بۆیەشە سەرۆک کۆمار ناردنی لێ زێدەکراوی هێزی تایبەتی پەسند کرد بۆ ئەوەی بچنە ناو سوورییە بۆ ئامۆژگاری پێدان و یارمەتی کردن ، بۆ یارمەتی کردنی ئەو هێزانەی کە بە دژی داعش کاریگەر بوون و بۆ ئەوەی زۆر کاریگەرتر بن
 پرسیار: جا کە وابێ ئەتۆ دیسان دەڵێی یەپەگە پێوەندیی بە پ.ک.ک وە نییە؟
 ئاغای کیربی: نا وا ناڵێم – ئەمن بە ڕوونی بە تۆ دەڵێم ، هەر وەک لە ڕابردووش دا گوتوومە ، هەڵوێستی ئێمە لە سەر پ.ک.ک و یەپەگە نەگٶڕدراوە
 پرسیار:  ئەوە چییە
 پرسیار:  ئایا ئەتۆ دەتوانی ، دیسان بڵێی ، ئەو پێوەندیی بە پ.ک.ک. وە نییە – و ئێوە پشتیوانی لێ دەکەن ، و ئەگەر ئەو پێوەندیی لە گەڵ گرووپێکی تێڕۆریستی هەبایە ، ئێوە پشتیوانیتان لێ نە دەکرد؟
 ئاغای کیربی: ئێمە نایکەین – یەپەگە وەکوو ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانە ناوزەد نەکراوە. پ.ک.ک. کراوە. هەڵوێستی ئێمە لەو بارەیەوە هیچ نەگۆڕاوە.
 پرسیار: سەبارەت بە تورکییە؟
 ئاغای کیربی: بە ڕاستی؟ سەیرە ، ئەتۆ لە سەر تورکییە پرسی ( پێ دەکەنی)! [ کیربی ئەو قسە ڕووەو ئیلهان تانیر پەیامنێری ڕۆژنامەی جمهوورییەت دەکا و بە تەوسەوە مەبەستێتی بڵێ هەمیشە هەر لە سەر تورکییە پرسیار دەکەی. وەرگێڕ]
 پرسیار: جان، ئەتۆ ئەمڕۆ لە دەسپێکی قسەکانت دا باسی ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانیت کرد. ئەمن نازانم داخودا ئێوە هیچ داخویانییەکتان سەبارەت بەو ڕۆژنامە نووسە تورکانە هەیە کە بە دوو ساڵ زیندان حوکم دراون لە بەر بڵاو کردنەوەی کاریکاتۆرەکانی شارلی – ئەبدۆ . ئەو حوکمە ئەمڕۆ دراوە.
 ئاغای کیربی: با تەماشا بکەم، ئەمن پێم وایە لە کاغەزەکانم دا شتێک لە سەر ئەوە هەبێ. جا لە کاتێکدا لێی دەگەڕێم
 پرسیار: ئەمن کۆڵێک پرسیاری کورتم هەیە
 ئاغای کیربی: باشە. کە وا بوو ، با چاوە ڕێ بکەین
 پرسیار: پڕسیارێکی دیکە لە سەر تورکییە

ئاغای کیربی: پرسیارێکی دی؟ جارێ خۆ من ووڵامی پرسیاری یەکەمم نەداوەتەوە لە سەر تورکییە ( پێکەنین )
  دەتەوێ چ پرسی بە دوای پرسیاری یەکەم دا ؟ واقم ووڕما ( پێکەنین).  لە ووڵامی پرسیاری یەکەم دا. و وەک دەزانی ، ئێمە درێژە دەدەین بە بەرگری کردن لە ئازادیی بەیان ، و ئازادیی ڕا دەربڕین لە تورکییە و لە سەرتاسەری جیهان. ئێمە هەر وەها لەوە تێدەگەین کە بەشێک لە خەڵک هەستی زۆر بەهێزیان هەیە لە ئاست ئەوەی کە کاریکاتۆری کەسایەتییە دینییەکان بکێشرێتەوە و ئێمە حورمەتمان هەیە بۆ ئەو هەستەیان . ئێمە ئەوەشمان لە ڕابردوو دا گوتووە. لەبەر ئەوەی تورکییە دۆستێک و هاوپەیمانێکە لە ناتۆ دا ئێمە پێداگری دەکەین لەگەڵ حکوومەتی تورکییە کە دەستە بەر بێ کە دەستگا ڕەسمییەکان ، هێزە ئەمنییەکان و دەستەڵاتدارانی دادوەری، ئاوا بەکار نەهێندرێن کە دێمۆکڕاسی تورکییە پێشێل بکەن.
 ڕێکخستنە مێدیاییەکان دەبێ ئازادیی ئەوەیان هەبێ داوەریی پیشەیی خۆیان بەکار بهێنن کاتێک بڕیار دەدەن چ بڵاو بکەنەوە. ئەوانە بابەتگەلی ئاڵۆزن – هەڵبەت ئێمە ئەوە دەزانین – بەڵام دواجار ڕۆژنامە نووسان  مافیان هەیە خۆیان بڕیار بدەن . و بە ڕاشکاوی ئەوە شتێکە کە ئێمە لێرە هەموو حەوتوویەک دەیکەین ئەویش جورەیەک وەبیرهێنانەوەی هەموو لایەکە – نەک ئەوەی ئێوە پێویستیتان بە وەبیر هێنانەوە هەبێ ، بەڵام وەبیر هەموان دەهێنینەوە لە جیهان کە ئێمە لە سەر ئەو پرێنسیپە دەکەینەوە.
 پرسیار: بۆم پرسیارە داخودا ئێوە هێشتا پێتان وایە دێمۆکڕاسیی تورکییە – هێشتا پێتان وایە کە دێمۆکڕاسیی تورکییە دێمۆکڕاسییەکی بەناوەرۆکە؟
  ئاغای کیربی: ئێمە هێشتا پێمان وایە دەتوانێ ناوەرۆکی ئەوەی لە قانوونی بنچینەییەکەیدا هەیە و ئاواتەکانی نەتەوەی تورک وەدی بێنێ و ئێمە دەمانەوێ سەرکەوتنی ئەوە ببینین. ئێمە دەمانەوێ ببینین کە تورکییە سەر کەوتووە . و هۆی ئەوەی کە ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە بابەتگەلی لەمەڕ ئازادیی بەیان و ئازادیی چاپەمەنی  هەر لە بەر ئەوەیە ئێمە لەو باوەڕە دانین کە پێش بە ئازادیی ڕۆژنامە نووسان گرتن بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن باشترین ڕێگا بێ بۆ سەرکەوتن

 پرسیار: داخودا ئێوە بە دووی ڕێگای تازە دا دەگەڕێن بۆ ئەوەی حکوومەتی تورکییە پێمل بکەن کە دەست لەو ڕێبازەی پێی دا دەڕوا بەر دا چونکە وا وەبەرچاو دێ زۆر خراپ ناسەرکەوتوو بێ؟
 ئاغای کیربی: ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو دەرفەتێکی بە جێ دا ئەوە بهێنینە گۆڕێ، وەک من لە ڕابردووشدا گوتم ، ئەوە ڕەوتێکی جێی نیگەرانییە کە ئێمە لەوێ دەیبینین ، جا ئەوەش هۆی زۆر زیاترە بۆ ئەوەی ئێمە درێژە بدەین بە قسە کردن لەو بارەیەوە
تێبینی: ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە جان کیربی خۆی لەوە دزییەوە بڵێ محەمەد سدیق کەبوودوەند کوردە پرسیارەکانی لەمەڕ هەپەگە و پ.ک.ک.  نامۆعەبدوڵا و پرسیاری لە مەڕ تورکییە ئیلهان تانیر کردی



جومعە ٢٩ – ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی . تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: مارک، دوێنێ لە ئینترنێت دا ڤیدێئۆیەک بڵاو کرایەوە هێزەکانی یەپەگەی نیشان دەدا کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیان لێ دەکا، لەکاتێکدا تەرمی کووژراوانیان دەگوێستەوە لە عەفرێن لە ترێلییەک دا کە تەرمەکان لەتەنیشت یەک ڕیز کرابوون و ئەوانە لە تێکهەڵچوون لە گەڵ دژبەران کووژرابوون، هێندێک لە تەرمەکان تەنانەت سەریان پێوە نەمابوو. بۆم پرسیارە داخودا ئێوە ئەو کەیسە دەشوێپێنن و هیچت لە سەری هەیە بیڵێێ
ئاغای تۆنر: ئەتۆ باسی ئەو ڤیدێئۆیە دەکەی کە ئیدیعا دەکرێ لە لایەن کوردەکانی عەفرینەوە [ بڵاو کرابێتەوە] –
 پرسیار: ئەرێ
 ئاغای تۆنر: -- هێزەکان، هێزە کوردەکان . نا، ئێمە ڤیدێئۆیەکەمان نەدیتووە، ئاشکرایە ، و لە کاتێکدا ئێمە ناتوانین لە سەدی سەد رەسەن بوونی ئەو ڤیدێئۆیە دابگرینەوە، ئێمە، بە بێ دوودڵی، بە توندی ئەو جۆرە ئاکارە و ئەو نیشاندانە مەحکووم دەکەین، و لەو باوەڕە داین کارێکی ئەوتۆ تەنێ دەبێتە هۆی بارگرژی زیاتر لە نێوان گرووپەکان لە ڕۆژئاوای سوورییە. و ئێمە – لە کاتێک دا هیچ جۆرە پشتیوانییەکمان لە کوردەکانی عەفرین نەکردووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەوەی کە هەم بە ئاشکرا و هەم لە دیداری تایبەتی دا نیگەرانییەی جیدییەکانی خۆمان دەرببڕین کاتێک یەپەگە و هێزەکانی سوورییە – هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕۆژئاوای فرات کێشەیان لە نێو دا ساز دەبێ. ئەو شەڕە دەبێ ڕاوەستێ، ئەوە بارودۆخەکە ئاڵۆزە دەکا، ئەگەر بە شێوەی هەرە نەرم بیڵێین؛ ئەوە کاردانەوەی پێچەوانەی هەیە و وا بزانم هەر ئەوەندە بەس بێ
 پرسیار: و ساڵی ڕابردوو، ئەمنستی نێونەتەوەیی و هیومەن ڕایتس واچ یش هەمان نیگەرانی و دلمژوولییان لە مەڕ یەپەگە هێنا گۆڕێ و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەوان لە بابەتەکە دەکۆڵنەوە.بۆم پرسیارە ئایا ئێوە سەبارەت بەوە گەیشتنە چ ئەنجامێک؟
 ئاغای تۆنر: ئەمن هیچی تازەم نییە لە سەر ئەوە بیڵێم. داوای لێ بوردن دەکەم. هەر – ئێستا لە بەر دەستم نییە. بەڵام ئەمن  دەزانم کە ئێمە هەموو جۆرە ئیدیعایەکی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ – ئیدیعای جیدی وئیدیعای بە ئعتبار -  زۆر بە جیدی وەردەگرین، و ئێمە هەر هەمان جۆرە نیگەرانیانەمان لەگەڵ یەپەگەش هێناوەتە گۆڕێ

                                                                                                       
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی















Saturday, April 23, 2016

بەرگرینامەی مەراڵ جامجی ، کڤانج ئەرسۆی، ئەسرا مونگان و موزەفەر کایا لە دادگەی ئەستەنبووڵ

کورتەیەک لە بەرگرینامەی چوار ئاکادێمیسیەنان لە دادگەی ئەستەنبووڵ
جومعە ٢٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦
دۆزگەر ناوەرۆکی ئیدیعانامەکەی وەرگرتەوە و ڕایگەیاند ئیزن لە وەزاڕەتی داد وەردەگرێ بە پێی مادەیەکی دیکە داوای سزادانی تاوانبارکراوان بکا، دادگە بڕیاری بەردرانی ئاکادێمیسیەنانی دا و دانیشتنی دادگەی دواتر بە پێی مادەی ٣٠١ ی قانوونی سزای تورکییە بەندی ٢  کە بریتییە لە ' سووکایەتی کردن بە تورک بوون '  لە مانگی سێپتامبر دا بەڕێوە دەچێ.

ماڵپەڕی شرۆڤەیی و دەنگوباسی دیکەن
وەرگێڕان لە تورکی یەوە : حەسەن قازی
 
بە دەم ئەو '‌ هەڕەشە و گوڕەشە و هێرشەی" کرایە سەر ئەو ئاکادێمیسیەنانەی کە بانگەوازی " ئێمە نابینە شەریکی ئەو تاوانکاریانە یان" ئیمزا کردبوو، ئەو چوار ئاکادێمیسیەنانەی کە دوای ڕاگەیاندنی داخویانییەک لە مەڕ سوور بوونیان لە سەر ئەو ئیمزایانەی کردوویانە خرانە زیندانەوە و لە یەکەم دانیشتنی کۆبوونەوەکانی دادگە بڕیاری بەر درانیان درا   مونگان، دۆسێنت دوکتور کڤانج ئەرسۆی، دۆسێنتی یاریدەدەر دوکتور مەراڵ جامجی و دۆسێنتی یاریدەدەر  دوکتور موزەفەر کایا، لە کۆنفڕانسێکی چاپەمەنی دا  کە  ئەندامانی ئەستەنبووڵی "ئاکادێمیسیەنان لە پێناو ئاشتی دا " ڕێکیان خستبوو داخویانییەکیان خوێندەوە  بە ناوی " سەرەڕای هەموو هەڕەشەیەک هەنگاو بەرەو دواوە نانێین" و هەر لە بەر ئەوە بوونە سێرەی ئامانجی ' ‌هەڕەشە و هێرش " و گیران
دۆزگەر ناوەرۆکی ئیدیعانامەکەی خۆی گۆڕی
لە مەحکەمەی ژمارە ١٣-ی  سزای گرانی ئەستەنبووڵ لە یەکەم دانیشتنی محاکەمە کردنی چوار ئاکادێمیستەکان  بە تاوانی " پڕۆپاگاندە کردن بۆ ڕیکخستنی تێڕۆریستی "  دۆزگەر دوای بیستنی دەربڕینەکانی ئاکادێمیسیەنەکان لە پێشدا داوای لە مەحکەمە کرد لە بەر گومانی ئەوەی کە لەوانەیە تاونبارکراوکان هەڵێن و خۆبدزنەوە دادگە بڕیاری دە زیندان مانەوەیان دا پەسند بکا.
لەگەڵ ئەوەشدا بە دوای پشوویەک لە دانیشتنەکە دا دۆزگەر ناوەرۆکی ئیدیعانامەکەی خۆی گوڕی و گوتی دەبێ بەندی ٢-ی مادەی ٣٠١ بەکار بهێندرێ و بۆ ئەوە دەبێ ئیزن لە وەزاڕەتی داد وەربگرێ و تا کاتی محاکمە دەبێ ئاکادێمیسیەنەکان بەر بدرێن. پارێزەرانی ئاکادێمیسیەنەکانیش داوایان کرد پێویستە مەحکەمە بڕیار بەڕائەتی تەواوی موەکیلەکانیان بدا نەک هەر بەردرانیان تا داگەیەکی دیکە.
هەیئەتی مەحکەمەش ، بە پێی داوخوازی دۆزگەری، بڕیاری  ڕاگرتنی محاکەمە و بەر درانی دەر کرد. هەر وەها بڕیاری دا داوای ئیزن بکرێ لە وەزاڕەتی دا بۆ ئەوەی کە مادەی ٣٠١ی قانوونی سزای تورکییە دەکار بکرێ.
ئەو بڕیاری بەردرانە ، بە جۆش و خرۆشێکی گەورە لە لایەن ئەو کەسانەی لە بەر دەم عەدلییە کۆ ببوونەوە پێشوازی لێ ک

ئەمن قەرزداری ئەو زەحمەتەم کە ئەمنی گەیاندووەتە ئەم نوختەیە '
بەر لەوەی کە دۆزگەر گۆڕینی ناوەرۆکی ئیدیعانامەکەی ڕابگەیێنێ، بە پێی ئەو کەسانەی لە دادگە دا ئامادە بوون ئاکادێمیسیەنەکان  " بەشێوەی دەرس دادان" بەرگری یان لە خۆیان کرد
دۆسێنتی یاریدەدەر دوکتور مەڕاڵ جامجی  ئەو قسانەی کرد : " ئیسماعیل بەشیکچی گوتبووی ' ئیدیعانامەکەتان، بەرگرینامەی منە ' ، ئەمنیش دەڵێم دەقی ئەو دوو بانگەوازەی بڵاومان کردەوە بەرگرینامەی منە.  بۆ ئینسانی زانستکار شتی ئەسڵی ساز کردنی تێگەیشتنە. لەبەرانبەر دەرد و کولی ئەویدی دا بێدەنگ بوون لەگەڵ مەزاج و عەقڵی زانستی من ناگونجێ. ئامۆژگاری وەرناگرم، تەنیا دەستپێشخەرییەکی کە پێی بزانم دەستپێشخەری خۆمە. لە ڕەنج و تێکۆشان و یەکسان بوون ئیلهام وەردەگرم.
تەعلیماتم لە هیچ کەس و لە هیچ سازییەک وەرنەگرت ، وەرناگرم. بیرورای دژ و جیاواز بە ڕیگای چاپەمەنی دا ڕوون کردنەوە سووچ نییە ، و نابێ بە سووچ. فەردی ڕووناکبیر لە ئاست ئەو کۆمەلەی تێێدا دەژی بەرپرسیارە. ئەمن قەرزداری ئەو ڕەنج و زەحمەتەم کە ئەمنی گەیاندووەتە ئەو نوختەیە. داوخوازی ئاشتی، بیرو ڕای دژ  هەر وەک ئەوەی لە داوخوازینامەی ڕووناکبیران دا هاتووە دەوڵەت بە ناخۆشی وەرگرتووە. ئاکادێمیسیەن ناتوانێ بەیعەت بە کەس بکا، نابێ بیکا، چونکە زانکۆ ووڵاتە. . خوێندکارە زۆر خۆشەویستەکانمان هەڵبڕێندراین . بەڵام کەس ناتوانێ مافی دەرس پێگوتنمان بە کۆمەڵ لێ بستێنێ."
' هیچ سووچێک نییە بە ناوی چالنج کردنی دەوڵەت '
دۆسێنتی یاریدەدەر دوکتور کڤانج ئەرسۆی بە جەختکردنەوە لە سەر ئەوەی کە لە ئیمزا کردنی بانگەوازەکە  پەشیمان نین ئاوای دەست بە قسە کرد: " لە بەرانبەر مەحکەمە دا بەرگری کردن لە قانوونی بنچینەییش کەوتووەتە سەر ئەستۆی ئێمە. بەرگری کردن لە ئاشتی مافێکە بە پێی قانوونی بنچینەیی و وەکوو ڕۆناکبیر ئەوە ئەرکی ئێمەیە. ئیدیعای ئەوەمان نییە ببینە ژان پۆل سارتر بەڵام ئێمە تورکییەیین. پەشیمان نین، ئەگەر دیسان داوخوازینامەیەکی ئاوا هەبێ دیسان ئیمزای دەکەینەوە. بە بەرپرسیارەتی ڕووناکبیرەوە ئەو دەقەمان نووسی و خوێندمانەوە."
ئەرسۆی لە بەرگرینامەکەی دا بە سەرداگیراوی ووڵامی ئەو  'پێشنیاز'ەی سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەییپ ئەردۆغانیشی دایەوە کە گوتبووی ئەگەر ئاکادێمیسیەنەکان سووچدار بن محاکەمە کردنیان بە گیراوی پێویستە:
" لە ئیدیعانامەکە دا بە ئێمە گوتراوە ' ڕووناکبیر'. با ئەوە وەکوو هۆیەکی بە قازانج وەربگرین . بەڵام لە ئیدیعانامەکە دا بێ ئەوەی بە تەواوی لە ماناکەی تێ گەیشترابێ بەکار هێندراوە." گوتنی ئەوەی کە"  ' سووچدار تەبیعییە کە دەبێ بە گیراوی موحاکەمە بکرێ' وەک ئەوە وایە بگوترێ  ' ئەگەر مردووە بۆن و بەرامەیەکی خۆشی لێوە دێ، ' ئەگەر ڕەنگی شین بێ تەبیعییە کە دەبێتە سوور ' ئەوە هیچ مەنتقی تێدا نییە . ئەوانەی دەڵێن ' بە خوێنیان حەمام دەکەین ' لە دەرەوەن و ئێمە گیراین. دەگوترێ ئێمە چەتمان دەکاری هێزە ئەمنییەتییەکان خستووە، بە ڵام لە ڕاستی دا چەت دەکاری هێزەکانی زانست خرا."
ئەرسۆی، بەو شێوەیە درێژەی دا بە قسەکانی: " چاوەرێی من لە ئێوە ئەوەیە نەبنە شەریکی ئەو تاوانکارییە. ئەو دۆزگەرەی ئەو ئیدیعانامەیەی ئامادە کردووە بەو شتانە لەوێدا ریزی کرددون ئعتیباری ووڵاتی سەروبن کردووە و تووشی سووچ بووە. ئەو ئیدیعانامەیە لە ئاکادێمیسیەنی وەک ئێمە کە سەرمان بەکاری خۆمانەوە بەند بوو قارەمانی ساز کرد . هەموو کەس دەڵێ ' دەبێ مامۆستا کڤانج بکەینە سەرمەشق '  پێم وا نییە کەس هەبێ بڵێ لە دووی قسەکانی عیرفان فیدان دەدەم.  ' لە جێدا سووچێک بە ناوی چالنج کردنی دەوڵەت هەر بوونی نییە. ئیدیعانامە مافی هاووڵاتێتی ناناسێ. ئاکادێمیسیەنان فەردی سەربەخۆن کەس ناتوانێ گوشاریان بۆ بهێنێ بۆ ئیمزا کردن، یان ئیمزا وەرگرتنەوە. ئەو ئیدیعایەی حاکمیش کە دەڵێ
گومانی هەڵاتن لە ئارا دایە بە سووکایەتی دەزانم. منداڵە  پێنج ساڵانەکەم پێی وایە ئێستا لە دەرەوەی ووڵاتم."





' وەک کەسێکی کە دەخوێنمەوە مافی ئەوەم هەیە دەوڵەت بە بەرپرسیار بزانم '

دۆسێنتی یاریدەدەر دوکتور ئەسرا مونگان بە ئەوە ڕا دەستی پێکرد کە سەرەڕای ئەوەی بەویستی خۆیان چوون بۆ لێپرسینەوە گیراون  و گوتی : " ئەو شتەی ئامانجی ئیدیعانامە بووە بێدەنگ کردنی دەورو بەر بووە بەڵام تەواو بە پێچەوانەی ئەوە ڕوویداوە. پشتیوانی لە ئێمە زیادی کردووە. ئەمن مافی ئەوەم هەیە بە ئیسرارەوە بانگەوازی لە دەوڵەت بکەم بۆ ئاشتی. بە حەفتانە بە ناحەق گیراوین. ئەمن داخوازی ئاشتییەکی ڕاستەقینە و مانا دەکەم. ئێمە کۆیلەی دەوڵەت نین بەڵکوو هاووڵاتی دەوڵەتین. داوای ئەو شتانە لە دەوڵەت دەکەم کە هاووڵاتییان دەتوانن لە دەوڵەتی داوا بکەن."   مونگان بە ووڵام دانەوەی ئەو قسەیەی سەرۆک کۆمار تەییپ ئەردۆغان کە گوتبووی ئاکادێمیسیەنەکان پارەی دەوڵەت وەردەگرن و ' پڕۆپاگاندە دەکەن بۆ ڕێکخستنی تێڕۆریستی ' ئاوا درێژەی دا بە قسەکانی: " ئەوانەی کە دەڵێن ئێمە پارەی دەوڵەت دەخۆین پێم وایە بە تەواوی نازانن ئێمە چ دەکەین. وەکوو ئاکادێمیسیەنێک ئینسانێکم کە  لە حەوتوو دا ٥٥ سەعات و جار جار ٦٠ سەعات  لە زانکۆ کار دەکەم. کەسێکم بە مەبەستی پێگەیاندنی زانستکارانی توانایەکی داهاتوو و ئافرێنەر حەول دەدەم. ئێمە ڕووی قسەمان لە دەوڵەت بوو چونکە ئێمە تاقە بەردەنگێکی قانوونیمان هەیە. داوامان لە دەوڵەت کرد بگەڕێتەوە دەوری ئەو مێزەی  بە شەقێک سەرەونخوون کرا. ئەو دەقەی نووسیومانە دەقی ئەو ئینسان و شارانەیە کە لە ناوچە دا لە ناوچوون. ئەو دەقە بۆ پەسنی ڕێکخستن نەنووسراوە، بەڵکوو ڕووەوە دەوڵەت بانگەوازییەکە بۆ ئاشتی. تەنانەت تێگەیاندنی ئەوەش بە ئەشکەنجە دەزانم. "  مونگان بە ووڵامدانەوەی ئەوەی کە گۆیا بە پێی تەعلیمات بانگەوازەکەیان نووسیوە ، ئەوانەی گوت: " دەگوترێ بە پێی تەعلیمات بەیاننامەکەمان نووسیوە. ئێمەی ئاکادێمیسیەن تەعلیمات وەرناگرین. کەسێک کە بتوانێ بخوێنێتەوە و تێ بگا مافی ئەوەی هەیە دەوڵەت بە بەرپرسیار بزانێ  و ڕەخنەی لێ بگرێ، دەمەوێ دەست بەجێ بەرائەت بکرێم. ئەگەر مەحکەمە بە پێچەوانە بڕیار بدا قەت گەردنیان ئازاد ناکەم"  "

' بە بێدنگ مانەوە لەگەڵ حەسییەتمان نەگونجا '
کایا بە جەخت کردنەوە لە سەر ئەوەی ' کە ئەمن مامۆستایەکی ویشک نیم بەڵام ئیدیعانامەکە ئەوەندە خراپ نووسراوە کە لە ١٠ نمرەیان تەنانەت نمرەی ٢ شی بۆ دانانێم گوتی :  " ئەمڕۆ بە ڕێگای ئێمەوە ئازادیی بیر و ڕا و ئازادیی بەیان محاکەمە دەکرێ. لە ئیدیعانامەکە دا ئەو شتەی سەبارەت بە پێواژۆی چارەسەری گوتراوە ناتوانێ بیبەستێتەوە بە سووچ و تاوانێک. دۆزگەریی بە کەلک وەرگرتن لە زانیارییە هەڵەکانی ناو سەرچاوەی ڤیکی پیدیا لە ئینترنێت دا ئیدیعانامەکەی  ئامادە کردووە. لە دوای دیداری دۆڵمە باغچە تەییپ ئەردۆغان  ڕایگەیاندووە ئەوە هەڵە بووە و دۆزی کورد بوونی نییە. نیشانەکانی ئەو بارو دۆخەی کە ووڵاتی تێی کەوتووە بەر لە ٧-ی حوزەیران بینیمان بەو بۆمبەی لە میتنگی دیاربەکر دا تەقییەوە. بە دوای ئەوە  لە تەقینەوەکانی سورووچ و ئانکارا دا بە سەدان هاووڵاتیمان ژیانی خۆیان لە کیس دا. ووڵاتەکەمان بوو بە سووتمانگە. لەو ڕۆژانە دا کە بانگەوازییەکە دەنووسرا حکوومەت گەڕابووەوە سەر کۆنسێپتی ساڵانی ٩٠ کان.  لە ئۆپێڕاسیۆنەکاندا بە سەدان خەڵکی مەدەنی کووژران. ئێمە وەکوو ئاکادێمیسیەنی ووڵاتەکە بە هەست پێکردنی ئەو هەموو ڕووداوە گەورانە نەمانتوانی بێدەنگ مانەوە لەگەڵ حەیسییەتمان بگونجێنین.  ناوەرۆکی بانگەوازەکەمان داوخوازی لە حکوومەت تێدایە و ووشداری پێ دەدا. داوامان کرد پێشێلکردنی توند و گرانی مافی مرۆڤ ڕابگیرێ. دەکرێ لە بەر ناوەرۆکی ئەو بانگەوازە لە ئێمە تووڕە بن، دەکرێ ئێمەتان خۆش نەوێ بەڵام لە بانگەوازەکەمان بە هیچ جۆر  جێگە نەدراوە بە پەسن و پڕۆپاگاندەی تێڕۆر. ئیدیعانامە نەک لە بەر ئەو قسانەی کردوومانە بەڵکوو لەبەر ئەو شتانەی نەمانگوتووە داوای محاکەمە کردنمان دەکا. ئەو حقووقە نالوێ نوختە. ئێمە لە بانگەوازەکەمان دا خۆمان لە خۆسەری نەکردووە بە ساحێب بەڵکوو باسی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤمان کردووە. تەنانەت دەستەواژەی خۆسەری جارێکیش لە بانگەوازەکە دا نەهاتووە. گوتنی زەمینە ئامادە کردن بۆ ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەدێر بنێرێ نابێ بە سووچ. ئەردۆغانیش لەو قسانەی دا کە سووکایەتی بە ئێمە کرد  گوتی با چامسکی ' بێ ببینێ ' . ئەگەر ئەو بانگ بکا سووچ نییە، ئەگەر ئێمە بیکەین سووچە؟ "
' کێ زیاتر پێش گێڕەوەیە ، ئەمن یان ئەردۆغان'
لە ووڵامی ئەو ئیدیعایەی دا کە دووەمین ڕوونکردنەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاکادێمیسیەنەکان ئیمزاکانیان وەرنەگرنەوە کایا ئاوا درێژەی دا بە قسەکانی: " بە دووەمین ڕوون کردنەوەمان دەگوترێ ئێمە حەولمان داوە بۆ ئەوەیەوەی ئاکادێمیسیەنەکان ئیمزاکانیان وەرنەگرنەوە. بە دوای ئەو قسانەی کە تێیدا ئەردۆغان هەڕەشەی لە ئێمە کرد ، ژمارەی ئیمزاکاران دوو هێندە زیاد بوو. ئەگەر ئەوان لە ئەردۆغان نەترسابن ، بڵێی لە من ترسا بن؟ ئەمن لێتان دەپرسم کامەمان توانای پێش گێڕەوەییمان زیاترە؟ ئەمن لە بەر ئیمزا کەم لە کارەکەم دەر کرام،لە بەر ڕوون کردنەوەی ئەوەی کە بۆچی ئیمزام کردووە ، خرامە زیندانەوە. ئیدیعا دەکرێ ویستوومانە دەوڵەت چالنج بکەین. داخودا ئەوە سووچە؟ ئێمە ڕەعییەتی چ خانەدانێک نیین بەڵکوو هاووڵاتی جمهوورییەکی دێمۆکڕاتیکین. ئیدی کاتی ئەوە هاتووە بڕیار بدەن . داخودا ئێرە کورەی باکووری یە یان نا کایا بە داوخوازی بەڕائەت یان محاکەمە کردن بە نەگیراوی کۆتایی بە قسەکانی هێنا 









وەزاڕەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا ، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی دووشەمە ١٨، سێشەمە ١٩ ، پێنجشەمە ٢١ و جومعە ٢٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦

  
دووشەمە ١٨-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسە کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: سپاس. ئەمڕۆ وەزیری بەرگری کارتر لە بەغدا بوو و لەوێ گوتی بڕیاری داوە ٤١٥ میلیۆن دۆڵار بدرێ بە کوردەکان بۆ پێشمەرگە. ئایا وەزاڕەتی کاروباری دەرەوە لە پێواژۆی ئەو بڕیاردانە دا بەشدار بووە؟
ئاغای کیربی: بە دڵنیاییەوە بەشداریمان بووە – بۆ بەڕێوەبردنی ئەوە هەتا بڵێی هاوئاهەنگی لە نێوان دەستگاکان دا هەبووە- لە سەر ئەو بڕیار . و هەڵبەت ئێمە بە تەواوی پشتیوانی لێ دەکەین.
پرسیار: باشە. و پرسیارێکی دیکە. و وەزاڕەتی بەرگری دەڵێ ئەو یارمەتییە دراوییە بەڕێگای حکوومەتی عێڕاق دا دەکرێ. ئەوە دراوە ، خۆ چەک نییە. ئەمن تەنێ لە ڕووی ڕاستییەوە دەمەوێ بزانم ئایا ئەو دراوە بە ڕێگای ژمارەیەکی حیسابی بانکی لە بەغدا دەنێردرێ و لەوێوە دەگوێزرێتەوە بۆ هەولێر ، یان ئەوە چۆن هەڵدەسووڕێ؟
ئاغای کیربی: ئەمن نازانم ئەو یارمەتییە دراوییە چۆن و بە چ شێوەیەک دەگوێرێتەوە، ئەتۆ بە جۆرێک باسی ئەوە دەکەی وەک ئەوەی کە ئەوە شتێکی ڕێزپەڕ بێ. گشت ئەو یارمەتییانەی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە حکوومەتی عێڕاقی دەکا لە کاتێکدا ئەوان نەخشەی بەربەرەکانی خۆیان بە دژی داعش لە نێو ووڵاتەکەیان دا بەڕێوە دەبەن. و وەک ئەوەی ئێمە لە ڕابردووشدا گوتوومانە ، هەمووشتێک، هەموو یارمەتی و دەستگرتنەکانمان بەردەوام دەبێ بە ڕێگای حکوومەت دا، واتە حکوومەتی ناوەندی لە بەغدا.ئەوەی کە بە ووردی ئەو یارمەتییانە دەگوێزرێنەوە و بە دۆڵار چەندن ، ئەمن بە ووردی لێی ئاگادار نیم ، و ڕاستت بوێ ، [ ئەو قسەیە] هێندەش لە جێ دا نییە. هەموو شتێک بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکوومەتی سەرۆکوەزیر عەبادی کراوە.
پرسیار: بۆیە پرسیم، چونکە دەکرێ چەک بەڕێگای بەغداوە بنێردرێن بۆ پشکنین ، بەڵام ئەمن هەر دەمەوێ بزانم دراوەکە دەکرێ بچێ بۆ بەغدا و دوایە _
ئاغای کیربی: باشە – ئەگەر پێت خۆشە لەو ڕووەوە زانیاری تایبەتی وەر بگری ، ئەمن داوات لێ دەکەم لە وەزاڕەتی بەرگری بپرسی. ئەمن ئەو ئاستە لە زانیاریم نییە.
پرسیار: ببوورە ئەو دراوە، پرسیارێکی دی.
ئاغای کیربی: هەڵبەت
پرسیار: هەر تەنێ پرسیارێکی فاکتی. ئایا ئێوە دراوەکە بە نەغد دەنێرن وەک ئەوەی دوای ساڵی ٢٠٠٣ کردتتان؟ چونکە ئەو دەمی پارەی نەغدتان نارد.
ئاغای کیربی: بەڕاستیش پێویستە ئەتۆ لەگەڵ وەزاڕەتی بەرگری قسە بکەی . ئەمن بە ووڕدەڕیشاڵی ئەوە نازانم. ئەوە ڕاگەیاندنێک بووە لە لایەن وەزاڕەتی بەرگری یەوە و ئەمن داوات لێ دەکەم بۆ زانیاریی زیاتر لەو بارەیەوە لەوان بپرسی.
پرسیار: لە ڕاستییدا، ئەوە گرینگە. بێتوو پارەکە بە نەغدی بنێردرێ دەکرێ بگاتە شوێنی ئاوای کە مەبەستی ئێوە نەبووە.
ئاغای کیربی: دڵپاکانە بڵێم ووڵامی پرسیارەکەی تۆ لای من نییە. ئەتۆ بەڕاستی دەبێ بچییە لای وەزاڕەتی بەرگری بۆ وەرگرتنی زانیاریی ووردە ڕیشاڵ لە سەر ئەو بابەتە.
پرسیار: باشە.
تێبینی: ئەو پرسیارانە پەیامنێر نامۆ عەبدوڵا لە جان کیربی کرد.

سێشەمە ١٩- ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن دی سی
پرسیار: ئەگەر بگەڕێینەوە سەر یارمەتییە نیزامییەکانی ئەو دواییانە ، پێنتاگۆن ( وەزاڕەتی بەرگری ئەمریکا) دەڵێ ئەوان چاوەڕوان دەکەن پێشمەرگە "دەورێکی گرینگ " بگێڕن. ئایا ئێوە لێرە لە وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئەو بۆچوونە ڕێکن کە کوردەکان عونسورێکی گرینگن لە گرتنەوەی شارێکی عەڕەب دا؟ چونکە هێندێک دوژمنایەتی مێژوویی لە ئارا دا هەبووە. و ئێوە پێتان وایە بڵێی عەڕەبە مەدەنییەکانی خەڵکی ئەوێ پێشوازی لە پێشمەرگە بکەن؟
ئاغای کیربی: ناتوانم- بڕاونە ، ئەتۆ دیسان لە من دەپرسی کە من داهاتوویەک پێشبینی بکەم. پێشمەرگە تا ئێستا دەورێکی هەتا بڵێی گرینگیان گێڕاوە لە شەڕ بە دژی داعش دا.بەرعۆدەیی ئێمە لە ئاست ئەوان ماوەتەوە. ئەمن لەو بارەیەوە قسەم کردووە. ئێمە دوێنیش باسی ئەوەمان کرد. هیچ شتێک بەرعۆدەیی ئێمە ناگۆڕێ بۆ یارمەتیکردنیان لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق لە بەغدا . بەڵام سەبارەت بە پێشبینی کردنی سەرکەوتن لە مەیدانی نەبەرد دا یان ئەو ئاستەی کە خەڵک پێشوازییان لێ دەکەن ، ئەمن هیچ ناڵێم – ئەمن ئەوە ناکەم ، و ئەمن بە دڵنیاییەوە ناکەمەوە ناو باسێک بۆ قسە کردن لە سەر ئۆپێڕاسیۆنە نیزامییەکان.
پرسیار: چونکە ئەوان [ خەڵکی مووسڵ] بە دڵنیاییەوە پێشوازی ناکەن لە میلیشیا شیعەکان و بەرەو پیلیان ناچن. ئەمن تەنێ پێم خۆش بوو بزانم داخودا بەبۆچوونی ئێوە لەگەڵ کوردەکانیش هەر ئاوا [ دەجووڵێنەوە ] -
ئاغای کیربی: ئەمن هەر ئەوەندە بڵێم کە من چ پێشبینییەک ناکەم سەبارەت بە ئاستی پێشوازی کردن و بەخێرهێنان یان نەهێنانی دانیشتوان. هێزگەلی پێشمەرگە لە شەر دا ئازا و وێرەک بوون. ئێمە، بە ڕێگای حکوومەتی عێڕاق دا، پشتیوانیمان لێ کردوون. ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەو پشتیوانییە.بۆ وەدەستهێنانی زانیاری بە ووردە ڕیشاڵ لەو باەرەیەوە داوات لێ دەکەم بگەڕێیەوە سەر ڕاگەیاندنەکانی دوێنێ وەزاڕەتی بەرگری. هیچ شتێک بەرعۆدەیی ئێمە ناگۆڕێ بۆ یارمەتیدانی هێزە ئەمنییەتییەکانی عێڕاق و هێزگەلی پێشمەرگە بۆ تێکشکاندنی داعش.

پێنجشەمە ٢١-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسە وێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: سێ [ چوار، وەرگێڕ] ئاکادێمیک – ئاکادێمیکی تورک ئێستا لە زیندان دان هەر لە بەر ئیمزا کردنی داخواینامەیەکی ئاشتی و داوای ئەوەی کە تورکییە و پ.ک.ک. بگەڕێنەوە سەر موزاکەرەی ئاشتی. بە سەدان ئاکادێمیسیەنی دیکە لە تورکییە ئێستا کەتوونەتە بەر لێپرسینەوە و ڕاوەدوونان. ئێوە لەو ڕووەوە لە پێشوو دا کاردانەوەتان هەبوو، بەڵام سبەینێ (جومعە) دادگایەک پێک دێ. پرسیار ئەوەیە: یەکەم بۆچوونی ئێوە لە سەر ئەو محاکەمەیە چییە؟ دووهەم داخودا هیچ دیپڵۆماتی ئەمریکایی بۆ چاوەدێری دادگەی سبەینێ لەوێ ئامادە دەبێ؟
ئاغای کیربی: باشە. بەر لەهەموو شت بڵێم ، ئێمە زۆر لە نزیکەوە بە دووی ئەو کەیسە دا دەچین . و هەر وەک پێشتر گوتوومانە ئێمە بەردەوامین لە سەر پێداگری لای حکوومەتی تورک کە بەرعۆدەیی خۆی لە ئاست پڕێنسیپە بنەڕەتییەکانی دێمۆکڕاسی ڕەچاو بکا، کە ئەوە بریتییە لە پێواژۆی محاکەمە و سەربەخۆیی دادوەری، گشت ئەوانە، وەک ئێمە گوتوومانە، لە قانوونی بنچینەیی تورکییە دا هەن. جا بۆیە ئێمە شێلگیرانە لە نزیکەوە چاومان بە سەر ئەو کەیسەوە بووە و لەسەر چاوەدێری کردنی بەردەوام دەبین.

لەمەڕ ئەوەی داخوادا بە تایبەتی لەوێ ئامادە دەبین یان نا، ئێستا ئەمن هیچم پێ نییە ڕایبگەیێنم. وەک تۆ دەزانی، ئەوە پڕاتیکێکی باوە کە دیپڵۆماتەکانی ئێمە لە دادگەی ئەوتۆ دا ئامادە بن. بەڵام ئەمن هیچ شتێکی تایبەتیم لا نییە ڕایبگەیێنم سەبارەت بەو دادگەیە.
پرسیار: پرسیارێکی دی لە پێوەندیی لەگەڵ تورکییە دا – ٢٤ی ئاوریل نزیکە ، ئەوە ساڵوەگەڕیی بیرەوەری کوشتاری ئەرمەنییەکانە، واتە ڕووداوە ناخۆشەکانی ساڵی ١٩١٥. ئایا ئیدارەی ئێوە ئەمساڵ – بە بۆچوونی تۆ ئیدارەی ئەمریکا ئەمساڵ ئەو ڕووداوانە چۆن پێناسە دەکا؟ هیچ گۆڕانێک بووە؟
ئاغای کیربی: لەو بارەیەوە ئەمن هیچی تازەم پێ نییە بیڵێم . نیمە.
پرسیار: دەکرێ لە تورکییە بمێنینەوە، پرسیارێکی کورت لە سەر تورکییە؟
ئاغای کیربی: بە دڵنیاییەوە.
پرسیار: ئەمن نازانم ئەتۆ چ ووڵامێک یان کاردانەوەیەکت لە ئاست ئەمە هەیە یان نا – ئەمڕۆ دادگەی پێداهاتنەوەی تورکییە حوکم بۆ بڕانەوەی چەند سەد کەسێکی پووچەڵ کردەوە – کە بەتاوانی کودەتا – حەولدان بۆ کودەتا کردن – حوکمیان بۆ بڕابووەوە. داخودا ئێوە مانان هیچ ئاگاتان لەوە هەیە؟

ئاغای کیربی: بەڵێ. ئەمن ڕاپۆرتی سەر ئەو بابەتەم دیتوون. دەمەوێ بڵێم ئەوە کەیسێکی محاکەمەیە کە جارێ بەر دەوامە ، بۆیە ئەمن دەگەڕێمەوە سەر ئەوەی پێشتر گوتوومانە، ئەویش پێداگرییە لای حکوومەتی تورک دەستەبەر بێ بۆ ڕێز گرتنی تەواو لە پێواژۆی دادگە و جووڵانەوەی یەکسان بە پێی قانوون. بەڵام ئەوە جارێ هەر بەردەوامە، ئەمن پێم وایە جاری هەر ئەوەندە بڵێم بەس بێ.


جومعە ٢٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦
ئێلیزابێت تروودۆ
بەڕێوەبەری ، ئیدارەی چاپەمەنی لە وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی

پرسیار: سپاس. گرژی لە نێوان هێزە کوردەکان و ڕێژیمی ئەسەد لەو دواییانە دا زۆر زیادی کردووە. و لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو دا ، تێکهەڵچوون لە نێوانیان دا قەوماوە و ئەوە بووەتە هۆی مردن و بریندار بوونی ژمارەیەک خەلک. داخودا دەوڵەتە  یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەڵوێستێکی هەیە لەو بارەیەوە. واتە سەبارەت بە ئەو بارگرژییە نوێیە لە نێوان ئەسەد و کوردەکان دا، کە [ لە کێشەی سوورییە دا ] کەمتا زۆر لە بەرامبەر یەکتری دا بێ لایەن ماونەتەوە؟

خانمی تروودۆ : باشە، بە دڵنیاییەوە ئێمە دەڵێین پێشمەرگە – کوردەکان هێندێک لە شەرڤانە هەرەکاریگەرەکان بوون لە سەر زەوی بە دژی داعش ، و ئەوە شتێکە ئێمە پێشوازی لێ دەکەین و ئێمە پشتیوانیمان لێ کردووە و بەردەوام زەقمان کردووەتەوە. سەبارەت بەو بارگرژییە هەرەتازانە ، ئەمن ناتوانم بە تایبەتی بدوێم ، بەڵام ئەمن بە دڵنیاییەوە دەڵێم کە  پێشمەرگە زۆر باش جەختیان کردووەتەوە لەو جێیەی ئێمە حەوجێمان پێیان بووە بیکەن .

پرسیار: ئەمن باسی کوردەکانی سوورییە دەکەم، نەک پێشمەرگە لە عێڕاق.

خانمی تروودۆ : چاکە

پرسیار: کوردەکانی سوورییە کە -

خانمی تروودۆ: شەری نێوان -

پرسیار: شەڕی نێوان هێزەکانی ئەسەد و کوردەکانی سوورییە . ئەوە لە سوورییە دەقەومێ
خانمی تروو دۆ : ئەها . باشە. لەو بارەیەوە، ئەمن ئاگاداری ڕاپۆرتی ئەو [تێکهەڵچوونانە ] هەم. لە ڕاستیدا ئەمن هیچم نییە لێی زیاد کەم . ئەوە نیگەرانییەکی دیکەیە کاتێک ئێمە تەماشای ڕاگرتنی دوژمنکارییەکان دەکەین . باشە .
پرسیار: سپاس

تێبینی: ئەو پرسیارە پەیامنێر نامۆ عەبدوڵا کردی. بەڕاستی جێگای سەرنجە کە کاربەدەستێکی پایەبەرزی وەزاڕەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەندە بێ ئاگایە کە فەرق بە جیاوازی نێوان پێشمەرگە لە باشووری کوردستان و شەڕڤانان لە ڕۆژئاوای کوردستان ناکا و ووڵام دەداتەوە بە پرسیارێک کە لێی نەکرا




Monday, April 18, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی . پێنجشەمە ٧- ئاوریل ، دووشەمە ١١-ی ئاوریل، سێشەمە ١٢ ئاوریل و پێنجشەمە ١٤-ی ئاوریلی ٢٠١٦


وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی .  پێنجشەمە ٧- ئاوریل ،   دووشەمە  ١١-ی ئاوریل، سێشەمە  ١٢ ئاوریل و  پێنجشەمە  ١٤-ی ئاوریلی ٢٠١٦

پێنجشەمە ٧-ی ئاوریلی ٢٠١٦
 مارک سی. تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: ئایا ئاغای کێری کە لە بەحرەینەوە دەچێتە بەغدا، سەری هەولێریش دەدا؟
ئاغای تۆنر: نازانم
پرسیار: باشە، و پرسیارێکی دیکە سەبارەت بە سەرۆک کۆمار ئەردۆغان. ئەمن دە ڕاستییدا  نازانم ئەتۆ چ ووڵامێکت بۆ ئەو پرسیارەش هەیە یان نا. سەرۆک کۆمار ئەردۆغان گوتی کە کوردەکان – نە کوردەکان – پشتیوانانی  گۆیا " تێڕۆریستەکان" – تێرۆریستەکانی پ.ک.ک. – دەبێ لە هاووڵاتێتی دابماڵدرێن. ئایا ئەتۆ چ لێکدانەوەیەکت لە سەر ئەو قسانە هەیە؟
ئاغای تۆنر: دەزانی، پێم وایە ئەمن دەبێ داوات لێ بکەم بۆ شیکردنەوەی قسە و دەربڕینەکانی سەرۆک کۆمار ئەردۆغان پرسیار لە حکوومەتی تورکییە بکەی . ئەمن هەر ئەوەندە دەڵێم لە دێمۆکڕاسییەک دا کە لە سەر بنەمای قانوون دامەزرا بێ، ئەوە زۆر گرینگە کە پرسگەلی سەبارەت بە هاووڵاتییەتی لە چوارچێوەیەکی قانوونی دا لە بەرچاو بگیرین  ، بە شێوەیەک کە سەردەستی قانوون بپارێزدرێ و هەڵسوکەوت بەو پێیە دەستەبەر بکرێ
پرسیار: سپاس
تێبینی: ئەو پرسیارانە نامۆ عەبدوڵا ڕۆژنامەنووسی کورد هێنایە گۆڕێ.


دووشەمە ١١-ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی . تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروبارەی دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
 پرسیار:  نوێنەری سەرۆک کۆمار ئۆباما بۆ شەڕ بە دژی داعش لە چوارچێوەی ئیتیلافی دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام، بڕێت مەکگرک چاوپێکەوتنی هەبووە لەگەڵ پڕێزیدێنت بارزانی – پرێزیدێنت بارزانی کوردستان. هیچ زانیارییەکی نووسراوت هەیە لە سەر ئەو دیدارە؟
 ئاغای تۆنر: ئەمن نازانم ئەو لە عێڕاق ماوەتەوە – یا لەوێ مایەوە. ئاشکرایە ئەو لەکاتی سەردانی وەزیری کاروباری دەرەوە کێری لەوێ بوو.دیدارەکانی بریتی بوو لە چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی بەرزی حکوومەت و کاربەدەستانی ئەمنییەتی هەم ئی حکوومەتی عێڕاق و هەم ئی هەرێمی کوردستانی عێڕاق بوون. ئەو سەبارەت بە قسە دەکا – ئەمن هیچ زانییارییەکی تایبەتی نووسراوم لە بەر دەست دا نییە [ بتدەمێ ].
 پرسیار: ئەی سەبارەت بە دیداری ئەمڕۆ چی ؟
ئاغای تۆنر: - سەبارەت بە دیدارەکەی ئەمڕۆی ، ئەمن بزانم تەماشا دەکەم . بە گشتی بڵێم – ئەو سەبارەت بە درێژە دان بە پشتیوانی کردن لە حەولەکانی عێڕاق بۆ تێکشکاندی داعش قسە دەکا، لە وانە بۆ وێنە، تاک هێشتنەوەی مووسڵ و دوایە حەولەکانی دیش بۆ پێوەچارانی قەیرانی ئێستای ئابووری عێڕاق
 پرسیار: ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان زانیارییەکی بڵاو کردووەتەوە سەبارەت [ بەو دیدارە ]
 ئاغای تۆنر: ئێ.
  پرسیار: و بەشێک لەو زانیارییە ئاوایە .دەڵێ " هەر دووک لا " – مەبەستی برێت مەکگرک و سەرۆک بارزانی یە -  لە سەر ئەوە ڕێکن درێژە بدەن بە وتووێژ بۆ دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەرباز بوون لە قەیرانی سیاسی". و ئەوێ ڕۆژێ وەزیری کارو باری دەرەوە کێری گوتی، " ئێمە ناوبژیوانێک نین لەو قەیرانییە سیاسییەی نێوان هەولێر و بەغدا دا " ئەمن نازانم بۆچی – بۆچی ئەو ئەوەی گوت . و هەر وەها، ئەو دەورەی کە ئێستا بێرت مەکگرک دەیگێڕێ لەو دیدارانەی دا دەیکا لە نێوان کاربەدستانی هەولێر و بەغدا دا؟
 ئاغای تۆنر: دەزانی ، ئەگەر بە  گشتی بڵێم، بڕوانە ،  مەبەستم ئەوەیە بڵێم  دیداری وەزیری کارو باری دەرەوە لەوێ بە مەبەستی بەهێزکردنی چەندین شت بوو. یەک لەوانە سەردەمێکی گرینگە بۆ عێڕاق، بۆ گشت عێڕاق ، کە دەیەوێ بە سەر داعش دا سەرکەوێ لە سەر زەوی ، بەڵام لە هەمان کات دا کاتی سەرهەڵدانی سیاسیشە لەنێوخۆی ووڵات دا. ئەو دەیەویست پشتیوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان دەرببڕێ بۆ عەبادی لەو قۆناغە دژوارە دا ، و ئەوەش ئەمن پێم وایە دەیەویست جەخت بکاتەوە  لە سەر گرینگی یەکێتی و ‌‌هێز چڕکردنەوەی هەموو عێڕاقییەکان لە شەڕی بە دژی داعش دا.
ئەمن هەر وەها لەو باوەڕە دام کە ئێمە – بە ڕوونی نرخ دادەنێین بۆ شەریکایەتی خۆمان لەگەڵ عێڕاق. ئێمە ڕێز دەگرین لە سەروەری یەکتری. و ئەوەی وەزیری کارو باری دەرەوە حەولی دا بینوێنێ ئەوە بوو کە ئێمە پشتیوانی دەکەین لە سەرۆکوەزیر عەبادی و حکوومەتەکەی لە پێوەچارانیان بە چالنجە گرینگەکانی ئەمنییەتی دا و هەر وەها چالنجە ئابووری و سیاسییەکان و ئێمە  درێژە دەدەین بەو پشتیوانییە. بەڵام دواجار ، ئەوانە بڕیاری ئەوتۆن کە عێڕاقییەکان خۆیان دەبێ بیاندەن.
 پرسیار: لە بەر ئەوەیە ئێوە نێوی نانێن ناوبژیوانی چونکوو  ڕێز دەگرن لە سەروەریی عێڕاق، وایە؟
 ئاغای تۆنر: ڕاستە.
 پرسیار: بەڵام -
ئاغای تۆنر: ئەوانە بڕیاری سیاسیی ناوخۆیین بۆ حکوومەتی عێڕاق کە بیاندا. لە گەڵ ئەوەشدا ، ئێستا عێڕاق لە دۆخێکی حەساس دایە. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە سەرۆکوەزیر. ئێمە پشتیوانی دەکەین لە حەولەکانی  بۆ پەرەپێدانی شەڕ بەدژی – یان شەڕ دژی داعش و هەر وەها بۆ بریاری سەخت گرتن سەبارەت بە ئابووری و  ستروکتووری سیاسی.

پرسیار:  باشە ئێوە ، چ نێوێک دەنێن لە ئەو هاتوچوو و دیدارە پەیتا پەیتایانەی نێوان ئاغای مەککرگ و بارزانی ، ئاغای مەککرگ و عەبادی؟ و تەنانەت ئێمە لە زمان ئاغای مەککرگ خۆیەوە بیستوومانە کە گوتوویە هێندێک شتی کە بەغدا دەیکا بە دژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەکوو بڕینی بوودجە ئەوە جێی قەبووڵ نییە. ئەتۆ نێوی ئەو بەیاناتە و ئەو دیدارانە دەنێی چی، ئەوانە ئەگەر ناوبژی کردن نەبن چن؟
 ئاغای تۆنر: باشە، بڕوانە ، مەبەستم ئەوەیە بڵێم .ئەو وەکوو نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئیتیلافی جیهانی بە دژی دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شام دا ، بەشێک لە کارەکەی ئەوەیە کە زۆر زۆر لە نزیکەوە کار بکا لەگەڵ حکوومەتی عێڕاق. و ئەوە هەرێمی کوردستانی عێڕاقیش دەگرێتەوە کە چلۆن بە باشترین شێوە پشتیوانی بکرێ لە حەولەکانیان بە دژی داعش لە سەر زەوی. ئەوە بە پێویستی بە مانای ئەوە نییە کە بڕیاری سیاسی بدرێ یان شوێن لە سەر ئەو بریارە سیاسییانە بکرێ کە ئەوان دەیاندەن ، بەڵام ئەوە – بەڵام  بەشێکی گرینگ لەو پێواژۆیە  دەستەبەر کردنی ئەوپشتیوانییەیە کە ئەوان پێداویستییان پێی هەیە و لە بەردەست نانی هەموو جۆرە ئامۆژگاری و ڕاوێژێکە کە ئێمە بتوانین پێیان بکەین بۆ ئەوەی ئەوە شەڕە بکەن و ووڵاتەکەیان وەدەست خەنەوە.
 پرسیار: دوایین پرسیاری من
 ئاغای تۆنر: فەرموو، تکایە
پرسیار:  شاندێکی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنگتن ە، لە وانە جێگری سەرۆکوەزیری هەرێمەکە.
 داخودا ئەوان لەم بینایەیە دا دیداریان لەگەڵ هیچ کەس دەبێ؟
 ئاغای تۆنر: دەبێ تەماشا بکەم بزانم . ئەمن ئاگادار نەبووم کە شاندێک لێرەیە. داوای لێبوەردن دەکەم.
پرسیار: سپاس
 پرسیار: کاربەدەستی هەرە بەرزی کاروباری دەرەوەیان دیدارێکی هەبوو ئەو دوای نیوەڕۆیە پووچەلی کردەوە چونکە ئەو لە جێیەکی دی قەرار و بڕیەی هەبوو. ئایا لەگەڵ ئێوە بوو ؟
 ئاغای تۆنر : ( پێدەکەنێ ) باشە، ڕەنگە ئەو پلانی باشتری هەبوو بێ – ئەمن نازانم – پێشنیازی باشتر. ئەمن نازانم.  باوەرکە نازانم ، دەیڤید. ئەمن تەماشای دەکەم و دوایە ووڵامت دەدەمەوە.
تێبینی: ئەو پرسیارانە ڕۆژنامەنووسی کورد نامۆ عەبدوڵا کردی

سێشەمە ١٢-ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسەبێژی وەزاڕەتی کاروباری ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن دی سی
 پرسیار: ئەمن هەر دەمەوێ لە سەر عێڕاق قسە بکەم
 ئاغای تۆنر: باشە ، پێم خۆشە باسی عێڕاق بکەین.
 پرسیار: ئێستا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێرە لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانە. بەر لەوەی بگەنە ئێرە، قسەوێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی ئەوان بە پێی داوخوازی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لێرەنە. ئەمن پێم خۆشە بزانم داخودا لە ڕاستیدا دەوڵەتە یەکگرتووەکان بانگی کردوون بێنە ئێرە. و ئێستا کە لێرەن، ئاشکرایە، بە پێی ئەوەی کە دەیڵێن داوای یارمەتی ماڵیی زیاتر دەکەن بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە پێوەندی لەگەڵ ئازاد کردنی مووسڵ دا، ئەوە پرسیاری یەکەمی من بوو.
 پرسیاری دووەم: ئەمن پێم وایە ئەوە جومعەی ڕابردوو بوو کە وەزیری کاروباری دەرەوە کێری لە بەغدا بوو، و ئەوەی سەرنجڕاکێش بوو – ئەو نەچوو بۆ هەولێر.ئایا ئەو بڕیارە لە لایەن وەزیری کارو باری دەرەوە کێری بۆ ئەوەی نەچێ بۆ هەولێر – ئەو بڕیارە چەندە لەبەر ئەوە بوو کە سەرۆک بارزانی ئامادە نییە لە کورسی سەرۆکایەتی بێتە خوارێ؟
 ئاغای تۆنر:  باشە، چەند شت. بەر لە هەموان سەبارەت بە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیر قوباد تاڵەبانی ، بڕیارە لە واشنگتن بێ. ئەمن پێم وایە ئەوان دوێنێ گەیشتوونە جێ. بڕیار وایە تا ١٥ی ئەم مانگە لێرە بن.ئەوان لێرە چاویان بە کاربەدەستانی ئیدارەی ئەمریکا دەکەوێ بۆ باسی ئەو قەیرانییە ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستانی عێڕاق لەگەڵی ڕووبەڕوو بووە و هەر وەها بۆ دوان لە سەر یارمەتی ئینسانی و هەڵبەت ، پشتیوانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان لە شەڕ بە دژی داعش دا.
 سەبارەت بە ئەوەی کە کێ کێی بانگ کردووە، ئەمن ئەوە نازانم، بەڵام ئەوە دەزانم کە وا پلان داندراوە ئەوان چاویان بە چەندین کەس لە کاربەدەستانی  وەزاڕەتی کار و باری دەرەوە بکەوێ، لەوانە جێگری وەزیری وەزاڕەتی کارو باری دەرەوە تۆنی بلینکن، جێگری یاریدەدەری وەزیر بۆ کاروباری لە مەڕ عێڕاق جۆزێف پێنینینگتن ، نوێنەری تایبەتی و ڕێکخەری کاروباری نێونەتەوەیی ووزە ئامۆس هۆخستاین. و جێگری وەزیر بۆ کارو باری ئەمنییەتی مەدەنی، دێمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ سارا سێوال.
 لە ووڵامی پرسیاری دووەمی تۆ دا کە بۆچی وەزیری کاروباری دەرەوە نەچوو بۆ هەولێر، گشت ئەوەی من دەتوانم بیڵێم ئەوەیە ئەو بۆ ماوەی ڕۆژێک لە سەر زەوی لە بەغدا بوو ، ئاشکرایە ، هەمیشە نیگەرانی ئەمنییەتی لە گۆڕێ دایە کاتێک ئەو سەفەری عێڕاق دەکا. ئەمن پێم وا نییە [ نەچوونی بۆ هەولێر ] بە مانای ناردنی هیچ  پەیامێک بووبێ بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان ، ڕاستتر، هەرێمی کوردستانی عێڕاق.ئێمە زۆرمان پشتیوانی کردووە لە حەولەکانی ئەوان بۆ نەبەرد بە دژی داعش. ئەوان بە گردبڕی دەورێکی گرینگیان گێڕاوە ، لە ڕاستیدا لە چوارچێوەی فەرماندەیی گشتی عێڕاق و قەوارەی کۆنتڕۆڵ دا بۆ ڕەتاندنی داعش لە بەشە کلیلییەکانی ووڵات.
و – ببوورە – نوێنەری تایبەتی سەرۆک کۆمار بڕێت مەکگرک لە عێڕاق مایەوە ، و ئەویش ، پێم وایە، چاوی بە  کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێڕاق کەوت لە ماوەی چەندین ڕۆژی ڕابردوو دا. جا بۆیە ئێمە بە تەواوی هەرێمی کوردستان بە هێند دەگرین. ئێمە بەرعۆدەین بۆ یارمەتی کردنیان ئەوەندەی پێمان بکرێ و بە هەر جۆرە یارمەتییەکی لە دەستمان بێ.
پرسیار:  کە وابوو ئەتۆ دەڵێی ئەو مەسەلەیە هیچ پێوەندیی بە بابەتی سەرۆکایەتییەوە نییە لە هەرێمی کوردستان ؟
ئاغای تۆنر: نا نییەتی
 پرسیار: دەزانی چونکە جاری پێشوو ئەو چوو بۆ هەولێرێ.
ئاغای تۆنر: ئەمن ئەوە دەزانم. ئەو جارەیان ئەمن پێم وایە لە بەر سەرەتی دان بە پلانی سەفەر یان پێداویستی ئەو پلانە بووە.
 پرسیار: تەنێ هەر پرسیارێکی دیکە -
ئاغای تۆنر: فەرموو ، ئاغا.
 پرسیار: دوایین پرسیار لە سەر -
 ئاغای تۆنر: بەڵێ، ئاغا.
 پرسیار: - لە سەر شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
ئاغای تۆنر: بەڵێ.
 پرسیار: هیچ خەبەرت هەیە – سەبارەت بە پشتیوانی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان یان – ئەمن مەبەستم ئەوەیە بڵێم ئەوان لە بەغدا چاویان بە وەزیری کاروباری دەرەوە کەوت و ئێستا ئەوە لێرەن و داوایان یارمەتی زیاتری داراییە لە لایەن دەوڵەتە یەکگرتووەکانەوە. هیچ یارمەتییەکی تازەی ئینسانی یان عەسکەری یان دارایی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن؟ -
 ئاغای تۆنر: مەبەستمە بڵێم، ئەمن هیچم نییە ڕایگەیێنم جگە لەو ١٥٥ میلیۆنەی نەبێ کە وەزیری کاروباری دەرەوە کێری ڕایگەیاند کاتێک ئەو بۆ خۆی لە بەغدا بوو، کە دیارە ئەوەش بە مەبەستی یارمەتی ئینسانییە بۆ ئەو ناوچانەی کە تێیاندا خەڵک لە جێی خۆیان هەڵکەندراون، پێم وایە ، وەک بزانم ، ئەو بڕە  دەچێتە سەر نزیکەی ئەو ٨٠٠ میلیۆنە پشتیوانییەی کە لە دەسپێکی ساڵی ماڵی ٢٠١٤وە کراوە. بەڵام هەڵبەت ئێمە هەمیشە  لە  ڕێگای ئاوا دەگەڕێین بۆ ئەوەی بتوانین پشتیوانیی زیاتر بکەین.
 پرسیار: سپاست دەکەم.
تێبینی : ئەو پرسیارانە لە لایەن  پەیامنێری تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ئێن ئار تی لە مارک تۆنر کران




پێنجشەمە ١٤ی ئاوریلی ٢٠١٦
 جان کیربی
یاریدەر و قسەبێژی وەزارەتی کارو باری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

جان کیربی : لە سەرەتاوە چەند شتێک بوو بیڵێم:

.... لە عێڕاق ئەمڕۆ ئێمە بە پەژارەیەکی گەورەوە یادی قوربانییەکانی سەدام حوسێن دەکەینەوە لە کەمپەینی بابڕیانەی ئەنفال دا نزیکی ٢٨ ساڵ لەمەو پێش بە دژی کوردەکان، ئاسۆرییەکان، شەبەکەکان، تورکومانەکان، یەزیدییەکان و مەنداییەکانی عێڕاق و کەمایەتییە ئێتنیکییەکانی دیکە. لە ئاکامی کەمپەینی ترسێنەری عێڕاق دا بە هەزاران پیاو، ژن و منداڵی عێڕاقی – دە ڕاستییدا نیزیکەی ٥٠٠٠ کەس کووژران *– و زۆر خەڵکی دیکەش بریندار و سەقەت بوون. دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بیرەوەری ئەو قوربانیانە دا دەنگی خۆی دەخاتە پاڵ دەنگ خەڵکی دی لە عێڕاق و لە سەرانسەی جیهان بۆ یاد کردنەوەی قوربانییەکانی ئەو کەمپەینە بێ بەزەییەی توند و تیژی.  هەڵبەت، ئێمە جەخت دەکەینەوە لە سەر بەرعۆدەیی خۆمان بۆ ڕاوەستان شانبەشانی هەموو عێڕاقییەکان، لەوانە ئەوانەی هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئێستا کار دەکەن بۆ تێکشکاندنی داعش و دەستەبەر کردنی داهاتوویەکی  هێمن، دێمۆکڕاتیک و لەڕووی ئابوورییەوە بە ئێروو بۆ عێڕاق
 پرسیار: - سەبارەت بە جێنۆسایدی ئەنفال . و لەم ڕۆژە دا ، جێگری سەرۆکوەزیری کوردستان تاڵەبانی لێرە لە ویلسۆن سێنتری واشنگتن ، گوتی ئەو  بە هەڵپەوە داوا لە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دەکا قەرز لە سەر کوردستان سووک کەن. چونکە ئەو گوتی هەڕەشەی هەرە گەورە کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە ئێستا ئەو هەڕەشانە نین لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی عێڕاق و شامەوە. ئەو هەڕەشەیە بارودۆخی ئێستای ئەوانە. ئایا  ئێوەش هەر ئەوەندە هەست بە نیگەرانی ئەوان دەکەن؟

ئاغای کیربی: ئێمە بە دڵنییایەوە دەیکەین –  نیگەرانییەکی کوتوپر بە مانای بوونی داعش لە عێڕاق . و هەر وەک ئەتۆ دەزانی ، وەزیری کاروباری دەرەوە هێندە لە مێژ نییە لە عێڕاق بوو و لەوێ چاوی بە ڕێبەرانی کورد کەوت. تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر بابەتە ئابوورییەکان ، ئێمە هەتا بڵێی بیر لە نیگەرانییە ئابوورییەکان لەوێ لە عێڕاق دەکەینەوە و سەرنجیان دەدەینێ ، تەنێ نەک هەر لە هەرێمی کوردستان. و ئێمە درێژە دەدەین بە نرخاندنی ئەو ڕێگایانەی کە پێیاندا بتوانین ئەو یارمەتییە بەرەو ژوور بەرین.  ئەمن هیچی تایبەتیم نییە ئەمڕۆ ڕایگەیێنم یان ووڵامی ئەو بانگەوازە بدەمەوە ، بەڵام ئێمە چالنجە ئابوورییەکان لە عێڕاق وە پشت گوێ ناخەین ، و هەر وەک وەزیری کار و باری دەرەوە لە گشت دیدارەکانی دا لەوێ لە بەغدا ڕایگەیاند ئێمە درێژە دەدەین بە دۆزینەوەی ڕێگای ئاوای بۆ ئەوەی حەول بدەین بۆ یارمەتی. باشە؟

پرسیار: ئەمن پێم وایە  ئەوان لێرە لەم بینایە چاویان بە هێندێک لە کاربەدەستان کەوتووە، بە پێی قسەی میدیاکانیان – و جریوەکانیان لە میدیاکان دا ، مێدیای جێیی. جاری پێشوو کە ئەوان لێرە بوون ، ئەتۆ هەمان شتت گوت. ئەتۆ گوتت ئێوە خەرێکی هەڵسەنگاندی – ئەو ڕێگایانەن کە بتوانن یارمەتی بکەن. ئایا دەکرێ ئەو جار زۆر خۆشبینانەتر لە جاری پێشوو بگەڕێنەوە؟
ئاغای کیربی: ئەوان بە دڵنیاییەوە دەتوانن – بە دڵنیاییەوە، ئەوە هیوای ئێمەیە کە ئەوان بە تێگەیشتێنی  قووڵ و باشەوە  بچنەوە ، هەر وەک وەزیری کارو باری دەرەوەش ئەو کاتەی لە بەغدا بوو بە ئاشکرایی ڕایگەیاند ، بەرعۆدەیی دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانیان بەردەوامە لەکاتێکدا ئەوان  درێژە دەدەن بە گوشار  هێنان بۆ سەر داعش و شەڕ بەدژی و لە کاتێکدا ئەوان بەرەوڕووی چالنجی زۆر جیدی ئابووری هاتوون. ئێمە جگە لە شێلگیر بوون سەبارەت بە مەیلی خۆمان بۆ درێژە دان بە یارمەتی و پشتیوانی  چیدیکە نەبووین. بەڵام ئێستا ئەمن هیچ شتێکی تایبەتیم سەبارەت بە بابەتگەلی ئابووری لا نییە کە ئەمڕۆ باسیان لێوە بکەم.
 پرسیار: دوایین پرسیار – ئەمن پێشتریش ئەم پرسیارەم لێ کرد بووی – سەبارەت بە کاردانەوەی -
 ئاغای کیربی: کە وابێ ئەتۆ هەمان ووڵام وەردەگرییەوە. ( پێکەنین )
 پرسیار: ئەدی بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو وا وێدەچێ بڵێ کە لێرە هێندێک کاردانەوە هەبووە سەبارەت بە بارودۆخی ئابووری لەو دواییانە دا سەبارەت بە بەرەکانی شەڕ دژی داعش لە لایەن پێشمەرگەوە. و وەزیری کاروباری ناوخۆ ، کە لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیر هاتووە ڕایگەیاند کە نزیکەی یەک لەسەد ڕیزەکانی پێشمەرگەیان بەجێ هێشتووە ، کە ڕەنگە ئێستا ژمارەیەکی گەورە نەبێ بەڵام دەتوانی زیاد بکا ئەگەر تا چەند مانگی دی مووچەکانیان نەدرێ.
 ئاغای کیربی: باشە، ئەمن ئەو ڕاپۆرتە تایبەتییەم سەبارەت بە ڕێژەی یەک لە سەد ڕیز بەجێهێشتن نەدیتووە و ناتوانم بڵێم ڕاستە – ئەتۆ دەبێ  پرسیار بکەی  لە  – ئەتۆ دەبێ ڕوو لە ڕایەدارانی کورد کەی و لەوان پرسی، ئەمن هەر دەگەڕێمەوە سەر ئەوە کە پێشتر گوتم، ئێمە بیر لە  چالنجە ئابوورییەکان دەکەینەوە و سەرنجیان دەدەینێ  و ئێمە لێرە دا بەردەوام دەبین لە سەر باشترین ڕێ بەرەو پێشەوە.

زۆر گشتی تر، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن لە هێزە ئەمنییەتیەکانی عێڕاق و پێشمەرگەی کورد لە کاتێکدا ئەوان گوشار دەهێننە سەر داعش و شەڕی دەکەن، و ئەو پشتیوانییە خەسار نابێ. مەبەستم ئەوەیە ، ئەمن لیستێکی درێژم لە بەر دەست دایە لەو شتانەی کە ئێمە داومانە بە حکوومەتی عێڕاق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان . ئەمن بۆت ناخووێنمەوە . بەڵام ئاشکرایە ئەوە لیستێکی درێژی یارمەتی عەسکەری و یارمەتی دیکەیە ، لەوانە لە بەردەست نانی ڕاوێژکار بۆ یارمەتی دان بۆ شەڕی داعش. و ئەو یارمەتییە ڕاناگیرێ. باشە؟
 پرسیار: سپاست دەکەم.
تێبینی وەرگێڕ : جان کیربی ژمارەی قوربانیانی هەڵەبجە ( سەرووی ٥٠٠٠ کەس)ی لەگەڵ قوربانیانی ئەنفال کە دەگوترێ ژمارەیان ١٨٠٠٠٠ کەس بووە لێ تاق و جووت بووە.  ئەو پرسیارانە ڕۆژنامەوان نامۆ عەبدوڵا لە کیربی کرد