Saturday, April 30, 2016

وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ٢٥ ، سێشەمە ٢٦ ، پێنجشەمە ٢٨ و جومعە ٢٩-ی ئاوریلی ٢٠١٦


وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی، دووشەمە ٢٥ ، سێشەمە  ٢٦ ، پێنجشەمە ٢٨ و جومعە ٢٩-ی ئاوریلی ٢٠١٦


دووشەمە ٢٥-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسەوێژی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
 زانیاریی دانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی


 پرسیار: لە سەر تورکییە ؟
 ئاغای کیربی: فەرموو، لە سەر تورکییە بپرسە
پرسیار: سپاست دەکەم. ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبووڵ ڕێگا نەدرا بە ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکایی بێتە ناو تورکییە و گێڕایانەوە.  ئەوە چوارەمین ڕۆژنامەنووسی بێگانەیە کە لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو دا ڕێگا نادرێ
 ئاغای کیربی : ئێ پرسیار: جگە لەوە ڕۆژنامەنووسێکی هولەندی – تورکیش  کە سەری لە تورکییە دابوو، لە تورکییە پاسپۆرتەکەی لی زەوت کراوە ، بۆیە ناتوانی لەوێ دەرکەوێ. ئەوە وێدەچێ سیاسەتێکی تازە بێ. داخودا هیچ شتێکی تایبەتیت هەیە بیڵێی لە سەر ڕۆژنامەنووسە ئەمریکاییەکە
 ئاغای کیربی: دەزانی ، دیسان ، با بڵێم بە بێ ئەوەی یەک بە یەک لە کەیسەکان بدوێم. ئێمە ڕاپۆرتی چاپەمەنیمان لەو بارەیەوە دیتووە و ئەتۆ دەزانی ئێمە هەڵوێستمان چییە سەبارەت بە ئازادییەکانی میدیا و جووڵانەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، نەک هەر لە تورکییە بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان.هیچ شتێک سەبارەت بەوە لە ڕوانگەی ئێمە دا نەگۆڕاوە.ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر هێنانە گۆڕی بابەتی ئازادیی میدیا لە تورکییە و لە داهاتووش دا ئەوە دەکەین.  بەڵام ئەمن هیچی تایبەتیم نییە لە سەر یەک یەکی ئەو کەیسانەی کە تۆ باست کردن. ئاشکرایە، ئەتۆ ئەو ڕاپۆرتانە دەبینی، ئەوان سەرنجی ئێمەش ڕادەکێشن، وەک ئەوەی لە هەر جێیەک ڕووبدا. و دیسان بڵێم ، ئەوەی ئێمە دەمانەوێ لە تورکییە دا بیبینین ئەوەیە کە تورکییە ئەو پرێنسیپانەی کە لە قانوونی بنچینەیی خۆی دا هەن لە بەر چاو بگرێ، ئەو مافەی لە قانوونە بنچینەییەکەی دا جێی کراوەتەوە، لەوانە ئازادیی بیروڕا دەربڕین بە ڕێگای میدیا دا
باشە؟
  پرسیار: دەتوانم بە خێرایی بگەڕێمە سەر بابەبەتی هێزە تایبەتییەکانی ئێوە لە سوورییە؟ مەبەستم ئەوەیە پرسم، ئایا ئێمە دەتوانین ئەو هێزە تایبەتییە زیاد کراوە وەکوو یارمەتییەکی زیادکراو بۆ پشتیوانی لە یەکینەکانی یەپەگە لەبەر چاو بگرین ؟
 ئاغای کیربی: ئەوان لە وێ لە سەر زەوین بۆ ئەوەی پشتیوانی بکەن و یارمەتی بکەن و ڕاوێژ بدەن بە شەڕڤان بە دژی داعش. زۆر گرووپ هەن کە شەڕی داعش دەکەن و ئەوانە گشتیان کورد نین. شەڕڤانانی کورد ئازا و بە زیپک و زاکوون بوون، ئەوان سەرکەوتوو بوون. ئامانجی ئێمە دانی ئامۆژگاری و یارمەتییە بە گشت ئەوانەی کە دەتوانن کاریگەرانە داعش
ڕاوبنێن . باشە
تێبینی : پرسیاری لە مەڕ تورکییە پەیامنێەری ڕۆژنامەی جمهوورییەت لە واشنگتن ئیلهان تانیر  هێنایە گۆڕ
  

سێشەمە ٢٦-ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی. تۆنر
جێگری قسە وێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی
پرسیار: هێندێک پێکهەڵپڕژان ڕوویدا لە نێوان میلیشیای شیعە و هێزە ئەمنییەتەکانی عێڕاق و هێزی پێشمەرگە لە دیالە. هیچت هەیە لەو بارەیەوە بیڵێی؟
ئاغای تۆنر: نا نیمە – باشە، مەبەستم ئەوەیە، زۆر کەم. ئێمە زۆر ووردە ڕیشاڵمان لە بەر دەست دا نییە. ئاشکرایە لە نزیکەوە شۆپاندوومانە. ئەو تێکهەڵچوونانە هەبوون، وا بزانم، پێکدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگە کوردەکان و ئەوانە ، وەک تۆ گوتت هێزگەلی حەشدی شەعبی لە شاری – ببوورە ئەگەر ناوەکە بەتەواوی بەڵێو ناکەم – تووز خورماتوو. هەر دووک ئەو هێزانە ، بە ڕەپ و ڕوو بڵێم، دەوری گرینگیان گێڕاوە لە شەڕ بە دژی داعش دا. کاتێک ئێمە چاو لەو جۆرە شەڕە ناوخۆییانە دەکەین، ئەگەر ئاوای باس بکەین ، ئێمە بە نیگەرانییەوە لێیان دەڕوانین چونکە ئاشکرایە ئێمە دەمانەوێ ئەو هێزانە  لە عێڕاق ئاوا ببینین کە  ڕوو بەڕووی دوژمنی ڕاستەقینە بوونەتەوە، کە ئەویش داعشە. و هێزە عێڕاقییەکان ، چ
پێشمەرگە بن و چ هێزی حەشدی شەعبی ، پێویستە بە یەکگرتوویی بمێننەوە
تێبینی : ئەم پرسیارە پەیامنێری 'ڕوداو' نامۆ عەبدوڵا کردی




 پێنخشەمە ٢٨-ی ئاوریلی ٢٠١٦
جان کیربی
قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن ، دی سی
 ئاغای کیربی: دوا نیوەڕۆتان بەخێر
پرسیار: بەخێرێیەوە
 ئاغای کیربی: سپاس. زۆر سپاس . بەر لەوەی دەست بە پرسیار و ووڵام بکەین بۆ دەسپێک چەند شتێک دەڵێم. .. وەک ئێوە دەزانن ئەم حەوتوویە کەمپینی چاپەمەنی ئازاد بەڕێوە دەبەین. بۆ کەیسی ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی ئازادیی چاپەمەنی دا ئێمە جەخت دەکەین لە سەر محەمەد سدیق کەبوودوەند، ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەرێکی مافی مرۆڤی خەڵکی ئێران کە لە ساڵی ٢٠٠٧ وە لە زیندانی ئەوین گیراوە. ئەو ئەشکەنجەی لە زیندانەکانی ئێران دا لە قاو دەدا ، لە سەر بابەتگەلی لە مەڕ مافی ژنان دەینووسی، باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی  کەمایەتییە ئێتنیکییەکانی ئێرانی دەکرد
  لە مانگی ژووییەی ساڵی ٢٠٠٧ کەبوودوەند گێرا و تاوانبارکرا بە جووڵانەوە بە دژی هێدیایەتی نەتەوەیی و پڕۆپاگاندە کردن بە دژی دەوڵەت. دوا جار " دادگایەکی ئینقیلاب" حوکمی ١١ ساڵ زیندانی بۆ بڕییەوە. خەبەری ئەوە لە زیندانەوە هاتووە کە هەتا کوو ئێستا کەبوودوەند لەوەتا گیراوە چەند جار تووشی سەکتەی دڵ هاتووە و نەخۆشی زۆر جیدی گورچیلە و ئازاری ڕیخۆڵەی هەیە. کاربەدەستانی زیندان ڕێگایان نەداوە بگوێزرێتەوە  نەخۆشخانە بۆ  ئەوەی عیلاجی نەخۆشییەکانی بکرێ
کەبوودوەند ئێستا نیزیکەی ٩ ساڵ لە حوکمەکەی کێشاوە . قانوونی سزای ئێران کاتێک کەسێک بە سەرەوەی دەساڵ حوکم درابێ و نیوەی حوکمەکەی دەرباز کرد بێ ڕێگا دەدا حوکم بە سەر دادراو زووتر ئازاد بکرێ.  تەنانەت باسی ئەوە دەکرێ سەرۆکی زیندانی ئەوینیش داوای ئازاد کردنی وی کرد بێ. ئێمە بانگەوازی دەوڵەتی ئێران دەکەین  محەمەدسەدیق و گشت ڕۆژنامەنووسەکانی دیکەی ئیران و هەموو ڕۆژنامە نووسەهاووڵاتییەکان ئازاد بکا کە تەنێ لە بەر بەکار هێنانی مافی خۆیان واتە  ئازادیی ڕادەربڕین گیراون 
 پرسیار: ئەمن پرسیارێکم هەیە بە دوای پرسیارەکەی سەعید دا لەمەڕ ئەو هێزە تایبەتییانەی کە [ ناردووتانەتە  سوورییە].بە لەبەرچاو گرتنی بارودۆخی سوورییە، ئایا دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڵێی ڕادەی  ئەو پشتیوانی یەی خۆی کە لە شەڕڤانانی کوردیی سوورییەی کردووە زیاتر بکا چونکە ئەوان زۆر کاریگەر بوون لە هێندێک هەرێمان؟

 ئاغای کیربی: با وەزاڕەتی کاروباری بەرگری لەوبارەیەوە قسە بکا. و وا بزانم وەزیری بەرگری کارتر لەو دواییانە دا هێندێک لەو بارەیەوە قسەی کردووە، سەبارەت بە گوڕتر کردنی تێکۆشانی خۆمان بە دژی داعش. ئەمن ئاگام لە هیچ پێشنیازێکی تایبەتی زیادکراو نییە، بەڵام لە ڕاستییدا ئەوە بواری کاری عەسکەرییە شی بکاتەوە، نەک ئێمە
 پرسیار: وا دەردەکەوێ ئەمڕۆ وەزیری بەرگری کارتر گوتبێتی کە پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ هەیە لە نێوان هێزەکانی یەپەگە لە سوورییە و پ.ک.ک . کە ئێوە  بە گرووپێکی تێڕۆریستتان ناوزەد کردووە. کارتر ئەوەی لە ووڵامی پرسیارێکی سەناتۆر لیندسی گراهام دا گوت لە دانیشتنی سەنا دا. ئەو کاتێک ئەو قسەیەی کرد  کە گراهام لێی پرسی داخودا پێوەندییەکی ئاوا هەیە یان نا. جا بۆیە ئەوە وا دەکا مرۆڤ لەم بینایە و لە پێنتاگۆن [ وەزاڕەتی دەرەوە و وەزاڕەتی بەرگری ] پەیامی جیاواز ببیستێ سەبارەت بە  تەبیعەتی یەپەگە ، داخودا -
 ئاغای کیربی: مەبەستت – ئەتۆ باسی یاریدەدری وەزیری دەرەوە بلینکن دەکەی؟
پرسیار: نا، نا، ئەمڕۆ – وەزیری بەرگری کارتر
 ئاغای کیربی: ئەها، کارتر ، ئەمن وەم زانی ئەتۆ گوتت کێری
 پرسیار: نا، کارتر، ئەو لە دانیشتنی ئەمڕۆ لە سەنا گوتی. لە ووڵامی گڕاهام دا ، سەناتۆر گڕاهام
 ئاغای کیربی : ئێ !
 پرسیار: پڕسیارەکە ئەوە بوو داخودا پێوەندییەک هەیە لە نێوان یەپەگە و پ .ک.ک دا؟ ئەو گوتی ئەرێ هەیە. بۆم بووە بە پرسیار چونکە ئێوە  لە ڕابردوو دا  یەپەگەتان بە گرووپێکی سەربەخۆ لە  پ.ک.ک. پێناسە دەکرد. هەر لە بەر ئەوەشە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە ئێوە لە ڕووی  عەسکەری و سیاسییەوە پشتیوانیتان لێ دەکردن. جا پرسیار ئەوەیە ئایا لەم بینایە و لە پێنتاگۆنەوە پەیامی جیاواز سەبارەت بە یەپەگە دەدرێ؟
  ئاغای کیربی: دەزانی ، ئەمن گوێم لە قسەکانی وەزیری بەرگری کارتر نەبووە.  ئەو با بۆخۆی، با وەزاڕەتی کاروباری بەرگری خۆیان سەبارەت بە بۆچوونەکانی پێنتاگۆن بدوێن و هەڵوێست بگرن. بۆچوونی ئێمە هیچ گۆڕانی بە سەر دا نەهاتووە. پ.ک.ک ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانەیە، ئەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە نەگۆڕدراوە. و ئەمن لە ڕابردووش دا ئەوەم گوتووە، ئەو شەرڤانە کوردانەی کە کاریگەرن لە شەڕ بە دژی داعش دا لە سوورییە - لە کاتێکدا ئێمە ڕاستەوڕاست چەکیان نادەینێ – وەک گوتوومە – دیسان دەیڵێم . ئەمن پێم وایە پرسیارەکەی تۆ بە سەرداگیراوی دەیەوێ بڵێ ئەوە وا نییە و ئێمە چەکمان داونێ – ئەوە  ئەو شتە نییە کە ڕوو دەدا، بەڵام -
 پرسیار: بۆ نموونە، لە کۆبانێ -

ئاغای کیربی بەڵام -
  پرسیار: -- ئێوە لە هەواوە چەک و چۆڵتان بۆ بەردانەوە، بە ڕوونی،بە کراوەیی ، بە ئاشکرایی
 ئاغای کیربی: ئەوان کەلک وەردەگرن – کاتێک شەڕڤانان بە دژی داعش کاریگەر بن ئەوان لە هێزی هەوایی کەلک وەردەگرن ، و هەر وەک من لە ڕابردووش دا گوتوومە، ئەو پشتیوانییە بەردەوام دەبێ، بەڵام ئەوە پشتیوانییەک نییە هەر لە کوردان. و ئەمن دەزانم ئەتۆ شەیدای ئەوەی هەموو شتێک بهێنییەوە سەر باسی ئەو گرووپە، باشە؟ بەڵام شەڕڤانی کاریگەری دژی داعشی دیکەش هەن لە سوورییە کە لە هێزی هەوایی ئیتیلاف کەلک وەردەگرن، و ئەو پشتیوانی لێکردنەیان بەردەوام دەبێ تا ئەو کاتەی کاریگە بن [ بە دژی داعش ] .  و هەر بۆیەشە سەرۆک کۆمار ناردنی لێ زێدەکراوی هێزی تایبەتی پەسند کرد بۆ ئەوەی بچنە ناو سوورییە بۆ ئامۆژگاری پێدان و یارمەتی کردن ، بۆ یارمەتی کردنی ئەو هێزانەی کە بە دژی داعش کاریگەر بوون و بۆ ئەوەی زۆر کاریگەرتر بن
 پرسیار: جا کە وابێ ئەتۆ دیسان دەڵێی یەپەگە پێوەندیی بە پ.ک.ک وە نییە؟
 ئاغای کیربی: نا وا ناڵێم – ئەمن بە ڕوونی بە تۆ دەڵێم ، هەر وەک لە ڕابردووش دا گوتوومە ، هەڵوێستی ئێمە لە سەر پ.ک.ک و یەپەگە نەگٶڕدراوە
 پرسیار:  ئەوە چییە
 پرسیار:  ئایا ئەتۆ دەتوانی ، دیسان بڵێی ، ئەو پێوەندیی بە پ.ک.ک. وە نییە – و ئێوە پشتیوانی لێ دەکەن ، و ئەگەر ئەو پێوەندیی لە گەڵ گرووپێکی تێڕۆریستی هەبایە ، ئێوە پشتیوانیتان لێ نە دەکرد؟
 ئاغای کیربی: ئێمە نایکەین – یەپەگە وەکوو ڕێکخستنێکی تێڕۆریستی بێگانە ناوزەد نەکراوە. پ.ک.ک. کراوە. هەڵوێستی ئێمە لەو بارەیەوە هیچ نەگۆڕاوە.
 پرسیار: سەبارەت بە تورکییە؟
 ئاغای کیربی: بە ڕاستی؟ سەیرە ، ئەتۆ لە سەر تورکییە پرسی ( پێ دەکەنی)! [ کیربی ئەو قسە ڕووەو ئیلهان تانیر پەیامنێری ڕۆژنامەی جمهوورییەت دەکا و بە تەوسەوە مەبەستێتی بڵێ هەمیشە هەر لە سەر تورکییە پرسیار دەکەی. وەرگێڕ]
 پرسیار: جان، ئەتۆ ئەمڕۆ لە دەسپێکی قسەکانت دا باسی ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانیت کرد. ئەمن نازانم داخودا ئێوە هیچ داخویانییەکتان سەبارەت بەو ڕۆژنامە نووسە تورکانە هەیە کە بە دوو ساڵ زیندان حوکم دراون لە بەر بڵاو کردنەوەی کاریکاتۆرەکانی شارلی – ئەبدۆ . ئەو حوکمە ئەمڕۆ دراوە.
 ئاغای کیربی: با تەماشا بکەم، ئەمن پێم وایە لە کاغەزەکانم دا شتێک لە سەر ئەوە هەبێ. جا لە کاتێکدا لێی دەگەڕێم
 پرسیار: ئەمن کۆڵێک پرسیاری کورتم هەیە
 ئاغای کیربی: باشە. کە وا بوو ، با چاوە ڕێ بکەین
 پرسیار: پڕسیارێکی دیکە لە سەر تورکییە

ئاغای کیربی: پرسیارێکی دی؟ جارێ خۆ من ووڵامی پرسیاری یەکەمم نەداوەتەوە لە سەر تورکییە ( پێکەنین )
  دەتەوێ چ پرسی بە دوای پرسیاری یەکەم دا ؟ واقم ووڕما ( پێکەنین).  لە ووڵامی پرسیاری یەکەم دا. و وەک دەزانی ، ئێمە درێژە دەدەین بە بەرگری کردن لە ئازادیی بەیان ، و ئازادیی ڕا دەربڕین لە تورکییە و لە سەرتاسەری جیهان. ئێمە هەر وەها لەوە تێدەگەین کە بەشێک لە خەڵک هەستی زۆر بەهێزیان هەیە لە ئاست ئەوەی کە کاریکاتۆری کەسایەتییە دینییەکان بکێشرێتەوە و ئێمە حورمەتمان هەیە بۆ ئەو هەستەیان . ئێمە ئەوەشمان لە ڕابردوو دا گوتووە. لەبەر ئەوەی تورکییە دۆستێک و هاوپەیمانێکە لە ناتۆ دا ئێمە پێداگری دەکەین لەگەڵ حکوومەتی تورکییە کە دەستە بەر بێ کە دەستگا ڕەسمییەکان ، هێزە ئەمنییەکان و دەستەڵاتدارانی دادوەری، ئاوا بەکار نەهێندرێن کە دێمۆکڕاسی تورکییە پێشێل بکەن.
 ڕێکخستنە مێدیاییەکان دەبێ ئازادیی ئەوەیان هەبێ داوەریی پیشەیی خۆیان بەکار بهێنن کاتێک بڕیار دەدەن چ بڵاو بکەنەوە. ئەوانە بابەتگەلی ئاڵۆزن – هەڵبەت ئێمە ئەوە دەزانین – بەڵام دواجار ڕۆژنامە نووسان  مافیان هەیە خۆیان بڕیار بدەن . و بە ڕاشکاوی ئەوە شتێکە کە ئێمە لێرە هەموو حەوتوویەک دەیکەین ئەویش جورەیەک وەبیرهێنانەوەی هەموو لایەکە – نەک ئەوەی ئێوە پێویستیتان بە وەبیر هێنانەوە هەبێ ، بەڵام وەبیر هەموان دەهێنینەوە لە جیهان کە ئێمە لە سەر ئەو پرێنسیپە دەکەینەوە.
 پرسیار: بۆم پرسیارە داخودا ئێوە هێشتا پێتان وایە دێمۆکڕاسیی تورکییە – هێشتا پێتان وایە کە دێمۆکڕاسیی تورکییە دێمۆکڕاسییەکی بەناوەرۆکە؟
  ئاغای کیربی: ئێمە هێشتا پێمان وایە دەتوانێ ناوەرۆکی ئەوەی لە قانوونی بنچینەییەکەیدا هەیە و ئاواتەکانی نەتەوەی تورک وەدی بێنێ و ئێمە دەمانەوێ سەرکەوتنی ئەوە ببینین. ئێمە دەمانەوێ ببینین کە تورکییە سەر کەوتووە . و هۆی ئەوەی کە ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە بابەتگەلی لەمەڕ ئازادیی بەیان و ئازادیی چاپەمەنی  هەر لە بەر ئەوەیە ئێمە لەو باوەڕە دانین کە پێش بە ئازادیی ڕۆژنامە نووسان گرتن بۆ ئەوەی کاری خۆیان بکەن باشترین ڕێگا بێ بۆ سەرکەوتن

 پرسیار: داخودا ئێوە بە دووی ڕێگای تازە دا دەگەڕێن بۆ ئەوەی حکوومەتی تورکییە پێمل بکەن کە دەست لەو ڕێبازەی پێی دا دەڕوا بەر دا چونکە وا وەبەرچاو دێ زۆر خراپ ناسەرکەوتوو بێ؟
 ئاغای کیربی: ئێمە بەردەوام دەبین لە هەموو دەرفەتێکی بە جێ دا ئەوە بهێنینە گۆڕێ، وەک من لە ڕابردووشدا گوتم ، ئەوە ڕەوتێکی جێی نیگەرانییە کە ئێمە لەوێ دەیبینین ، جا ئەوەش هۆی زۆر زیاترە بۆ ئەوەی ئێمە درێژە بدەین بە قسە کردن لەو بارەیەوە
تێبینی: ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە جان کیربی خۆی لەوە دزییەوە بڵێ محەمەد سدیق کەبوودوەند کوردە پرسیارەکانی لەمەڕ هەپەگە و پ.ک.ک.  نامۆعەبدوڵا و پرسیاری لە مەڕ تورکییە ئیلهان تانیر کردی



جومعە ٢٩ – ی ئاوریلی ٢٠١٦
مارک سی . تۆنر
جێگری قسەوێژی وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا
زانیاریدانی ڕۆژانە بە چاپەمەنی
واشنگتن، دی سی

پرسیار: مارک، دوێنێ لە ئینترنێت دا ڤیدێئۆیەک بڵاو کرایەوە هێزەکانی یەپەگەی نیشان دەدا کە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانیان لێ دەکا، لەکاتێکدا تەرمی کووژراوانیان دەگوێستەوە لە عەفرێن لە ترێلییەک دا کە تەرمەکان لەتەنیشت یەک ڕیز کرابوون و ئەوانە لە تێکهەڵچوون لە گەڵ دژبەران کووژرابوون، هێندێک لە تەرمەکان تەنانەت سەریان پێوە نەمابوو. بۆم پرسیارە داخودا ئێوە ئەو کەیسە دەشوێپێنن و هیچت لە سەری هەیە بیڵێێ
ئاغای تۆنر: ئەتۆ باسی ئەو ڤیدێئۆیە دەکەی کە ئیدیعا دەکرێ لە لایەن کوردەکانی عەفرینەوە [ بڵاو کرابێتەوە] –
 پرسیار: ئەرێ
 ئاغای تۆنر: -- هێزەکان، هێزە کوردەکان . نا، ئێمە ڤیدێئۆیەکەمان نەدیتووە، ئاشکرایە ، و لە کاتێکدا ئێمە ناتوانین لە سەدی سەد رەسەن بوونی ئەو ڤیدێئۆیە دابگرینەوە، ئێمە، بە بێ دوودڵی، بە توندی ئەو جۆرە ئاکارە و ئەو نیشاندانە مەحکووم دەکەین، و لەو باوەڕە داین کارێکی ئەوتۆ تەنێ دەبێتە هۆی بارگرژی زیاتر لە نێوان گرووپەکان لە ڕۆژئاوای سوورییە. و ئێمە – لە کاتێک دا هیچ جۆرە پشتیوانییەکمان لە کوردەکانی عەفرین نەکردووە، ئێمە بەردەوام دەبین لە سەر ئەوەی کە هەم بە ئاشکرا و هەم لە دیداری تایبەتی دا نیگەرانییەی جیدییەکانی خۆمان دەرببڕین کاتێک یەپەگە و هێزەکانی سوورییە – هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە ڕۆژئاوای فرات کێشەیان لە نێو دا ساز دەبێ. ئەو شەڕە دەبێ ڕاوەستێ، ئەوە بارودۆخەکە ئاڵۆزە دەکا، ئەگەر بە شێوەی هەرە نەرم بیڵێین؛ ئەوە کاردانەوەی پێچەوانەی هەیە و وا بزانم هەر ئەوەندە بەس بێ
 پرسیار: و ساڵی ڕابردوو، ئەمنستی نێونەتەوەیی و هیومەن ڕایتس واچ یش هەمان نیگەرانی و دلمژوولییان لە مەڕ یەپەگە هێنا گۆڕێ و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند ئەوان لە بابەتەکە دەکۆڵنەوە.بۆم پرسیارە ئایا ئێوە سەبارەت بەوە گەیشتنە چ ئەنجامێک؟
 ئاغای تۆنر: ئەمن هیچی تازەم نییە لە سەر ئەوە بیڵێم. داوای لێ بوردن دەکەم. هەر – ئێستا لە بەر دەستم نییە. بەڵام ئەمن  دەزانم کە ئێمە هەموو جۆرە ئیدیعایەکی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ – ئیدیعای جیدی وئیدیعای بە ئعتبار -  زۆر بە جیدی وەردەگرین، و ئێمە هەر هەمان جۆرە نیگەرانیانەمان لەگەڵ یەپەگەش هێناوەتە گۆڕێ

                                                                                                       
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی















No comments: