Tuesday, June 13, 2017

داعش لە تاران بە دوای چیوە بوو؟

 داعش لە تاران بە دوای چیوە بوو؟

بەرنامەی ' سەفحەی دووی ئاخری حەوتوو' ی تێلێڤیزۆنی فارسی بی بی سی ، پێنخشەمە شەو ، ٨-ی ژووەنی ٢٠١٧
داعش لە تاران بە دوای چیوە بوو؟ دەستەی دەوڵەتی ئیسلامی یان داعش کە لە ساڵانی ڕابردوو دا جگە لە عێڕاق و سوورییە ، لە شوێنی دیکەی دنیاش لەوانە پاریس، لەندەن ، برووکسێل و شارەکانی دیکە دەستی دابووە زۆرعەمەلییات، ئەو جار چووە سەر تاران. کاربەدەستانی ئێران، هەمیشە وێڕای مەحکووم کردنی توندی عەمەلیاتی داعش لە ئوڕووپا و ئەمریکا ، بە بیریان دەهێنایەوە کە ڕۆژئاوا، تاوانی سیاسەتی دەرەوەیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبژێرێ. لەم بەرنامەیە دا دەپرسین  ئایا تاران کردنە سێرەی ئامانج ، چ پێوەندی هەیە بە سیاسەتەکانی ئێران لە سوورییە؟ ئەنجامدانی  دوو هێرشی هاوکات لە دوو مەکانی گرینگی تاران، لە ڕووی ئەمنییەتی و سیاسی واتای چییە؟ و بۆچی ئێرانی بوونی بکەرانی ئەو هێرشە ، گرینگە؟ ئەو پرسیارانە  لەگەڵ میوانانی بەرنامە دەهێنینە گۆڕێ:
کامڕان مەتین ، مامۆستای پێوەندییە ناونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکس،
فەروخ نێگەهدار، شرۆڤەکاری کاروباری سیاسیی ئێران
ماهان عابدین: شرۆڤەکاری  کاروباری ئەمنییەتی ئێران لە وێبنوسی  ' میدیل ئیست ئای ' دا.

مێهدی پەرپەنچێ


تێبینی: لێرە دا تەنێ چەند پرسیاری پێشکیشکاری بەرنامە مێهدی پەرپەنچی و ووڵامەکانی مامۆستا کامڕان مەتین بۆ ئاگاداریی خوێنەرەوەی کوردی وەرگێڕدراون.



مێهدی پەرپەنچی : ئەوەی کە ڕۆژی چوارشەمە لە تاران ڕوویدا مانای بۆ ئێوە چ بوو؟


کامڕان مەتین: هۆی سەرەکی ئاشکرایە داعش جمهووری ئیسلامی و شیعە بە دوژمن دادەنێ و پێشتریش ڕایگەیاند بوو هێرش دەکاتە سەر ئێران. لە هەمان کاتدا ئێران یەکێک لەو هێزانەیە کە لە ناوچە دا زۆر چالاکانە دژی داعش لە شەڕ دایە بە تایبەتی لە عێڕاق. لەو ڕووەوە دیارە ئەو هێرشە بە دوور لە چاوەڕوانی نییە. بەڵام ئەوەی کە بۆچی ئێستا ئەو هێرشە دەکرێ ئەگەر لە ڕوانگەی داعشەوە چاو لە بارو دۆخی ناوچە بکەین ئەو ڕێزبەندییەی کە لە ناوچەی کەندوای فارس بە سەفەری تڕامپ بۆ عەڕەبستان دەستی پێکرد و دەروای دمی توندی ئەمرێکا بە دژی ئێران و ڤیانی ئەوان بۆ پێداچوونەوە بە پەیمانی هێزی ناوکی و پشتیوانی لە وێژمانی زۆر شەڕەنگێزانەی عەڕەبستان ئەوە ئەو پەیامە دەدا بە داعش کە لە حاڵی حازر دا ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوڕاست لەگەڵ عەڕەبستان لە بەرژەوەندی ئەوان دایە چونکە گشت مێژووی داعش نیشان دەدا کە ئەوان لە ناوچەی قەیران داگرتوو و ئەو جێیانەی کە هێزیان  نییە دەتوانن پەرە بستێنن. لەو ڕووە دەردەکەوێ ئەوان ستراتێژییەکی تایبەتی یان هەیە و بۆچی ئێستا  ئەو کارەیان کردووە. بەڵام بە بیروڕای من پێهاتەکانی ئەو هێرشە بەتەواوی دەکرێ بە پێچەوانەی ئەو شتەی بێ کە ئەوان چاوەڕوانی دەکەن بەو مانایەی کە بە بۆچوونی من بەرەوەی سەرەکی لەو بارەیەوە جمهووری ئیسلامی ئێرانە چونکە بۆ دەوڵەتی ئەمریکا زۆر سەخت دەبێ پاساو بێنێتەوە یان تەنانەت گوشار بۆ سەر ئێران بێنێ لە کاتێکدا هەر دوو ووڵات بە دژی داعش لە شەڕ دان ، بەڵکوو قوربانی هێرشەکانی داعش ن. ئەوە دەکرێ لەو وەخرانەش دا ببیندرێ کە کۆشکی سپی تەرخانی کرد بۆ دانی داخویانییەکی چەند دێڕی لە پێوەندی لەگەڵ هێرشەکان دا. وەزاڕەتی دەرەوە دەستبەجێ هەڵوێستی گرت ، بەڵام هەتا کۆشکی سپی هەلوێست دەرببڕێ چەندین سەعاتی پێ چوو و دواجار ئەو ڕستەی تێدا هات ئەو دەوڵەتانەی کە پشتیوانی لە تێڕۆریسم دەکەن خۆیان لەوانەیە دواتر ببنە قوربانی تێرۆریسم. هەر لەو ڕۆژەی دا کە هێرشەکان کران، بڕیار بوو سەنای ئەمریکا بایکۆتی تازە بخاتە سەر ئێران لە بەر ئەو شتەی ئەوان بە پشتیوانی ئێرانی دادەنێن لە تێڕۆریسم. لە حاڵەتێکی ئاوا دا قوربانی بوونی شارومەندانی ئێرانی لە تاران بە دەستی داعش بە بۆچوونی من بارودۆخ بۆ سیاسەت داڕێژەرانی ئەمریکا زۆر دژوار دەکا کە پاساو بهێننەوە کە ئەوە لەبەر پشتیوانی ئێران لە تێرۆریسمە کە دەیانەوێ گوشاری بۆ بهێنن. 
جا لە ئاکام دا بێ لەبەر چاوگرتنی دینامیسمی ئەو هێرشە و ئەوەی کە لە کوێیەوە دەستی پێ کردووە و هۆی چ بووە دواجار بەشێکی سەرەکی لە بەرژەوەندیی سیاسی ئەوە و ژێئۆپۆلیتیکی ئەوە ئێران دەتوانێ بیباتەوە لەبەر ئەوەی بۆخۆی لە ڕاستییدا وەک قوربانی تێڕۆریسم دادەندرێ و ئەوە بیانوو فشار یان هێرشی موحتەمەل بۆ سەر ئێران لە سەر بنەمای پشتیوانی لە تێڕۆریسم زۆر کەمڕەنگتر دەکاتەوە.

مێهدی پەرپەنچی: ئایا ئەمن چاک حاڵی بووم ؟ ئێوە داعش بە بکەرێکی سەربەخۆ دادەنێن کە لە جێیەک فەرمان وەرناگرێ چونکە ئاماژەتان کرد بەوە ئەو کردەوەیە  بە ئیحتیمال بۆ توندو تێژ کردنی زیاتری کێشەی نێوان ئێران و عەڕەبستان کرابێ؟

کامڕان مەتین: بەڵێ ئەمن پێم وایە ئەو فکرەی کە گۆیا داعش ڕاستەو ڕاست لە عەڕەبستان یان قەتەر یان جێیەکی دیکەوە ڕێبەریی دەکرێ لەگەڵ ڕاستی یەک ناگرێتەوە . ئەوانە پشتیوانی ماڵییان لێ کردووە و سەنەد و بەڵگە بۆ ئەوە هەیە، بەڵام داعش هەڕەشەی لە عەريبستان کردووە و چەند نموونەیەک لە هێرش بۆ سەر عەڕەبستان لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ش هەیە. یانی داعش ئەوەندی کە دژی شیعەکانە لە ڕووی دینی، مەزهەبی و تێئۆلۆژییەوە ، لەگەڵ ئەو ووڵاتانەی ناوچەش کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە عەمیلی دەستی ڕۆژئاوان دوژمنایەتی دەکەن.

مێهدی پەرپەنچی : ئاغای مەتین مەتین ئێوە  ئاماژەتان کرد لەوانەیە ئێران لەو جەریانە کەلک وەربگرێ. لە ناوخۆ دا ئەوە چۆن دەبینن چونکە گێرەو کێشەی سیاسی لەناو هەموو ووڵاتێک دا هەیە. بە تایبەتی لەو هەڵبژاردنەی دا کە کرا ئەوە توند و تیژتریش بوو ، پێتان وایە ئەو ڕوداوە  ئالوگۆرێک لە موعادەلەکاندا پێک بهێنێ ؟

کامڕان مەتین: ئەمن پێم وایە ئەو هێرشە لە ڕووی سیاسەتی ناوخۆییشەوە بە قازانجی جمهووری ئیسلامی یە ، چونکە بەوە دەکرێ بۆ نموونە ئامادەیی بەربڵاوی ئێران لە شەڕی سوورییە دا پاساو بدرێ. دەوڵەت دەتوانێ بە خەڵکی ئێران بڵێ بڕوانن ئەگەر ئێمە لەوێ نەبین هێرشی ئاوا دەکرێ. بەڵام چاوڕاکێش بوونی ئەو ئیستیدلالە ئەوەیە کە نەبوونیشی بە قازانجی جمهووری ئیسلامی یە. چونکە ئەگەر هێرشێک نەکرێ هۆیەکەی ئێوەیە ئەوەتا ئەوە ئێمە لەوێ خەریکین شەڕیان لەگەڵ دەکەین. ئەو قسە مەشهوورەی کە ئەگەر ئێمە لە دیمشق  شەڕ نەکەین لە تارانێ شەڕ دەکەین. وە ئەوە بەشێوەیەک ئەو وێژمانەی کە بەر لە هەڵبژاردن زۆر توند و تیژ بوو کە ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێ یان خەڵک زۆر بەشداری نەکەن لەوانەیە ئێران تووشی وەزعێکی هاوشوباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ. ئەو هێرشە ئەو وێژمانە بە هێز دەکا کە گۆیا ئێران بە پێی دڵی خۆی نییە کە لە سووییە و عێڕاق و جێگای دیکە تێوە گلاوە ، ئەوە هەڕەشەیەکە ئێران چ بییەوێ و چ نەیەوە دەبێ و ئەگەر ئێمە ڕووبەڕووی نەبینەوە ئاکامەکەی ئەوە دەبێ. لەو بارەیەوە پێم وایە بۆ ئێران گرینگە. و لە ڕووی لاباڵاکانی حکوومەتی ئێرانیش لە جمهووری ئیسلامی دا وەکوو هەموو ئەو جۆرە پرسە ئەمنییەتییانە . هێرشی ئاوا دەستی ئەو باڵانە لە جمهووری ئیسلامی دا بە هێز دەکا کە بەئاسایی بە باڵی ئەمنییەتی یا موحافەزەکار و دەسەڵاتویست بەناوبانگن. و بەلە بەر چاو گرتنی شکانی کاندیدای ئەو باڵە لە هەڵبژاردن دا ، ئەو هێرشە دەتوانێ باڵانسی هێزی ناوخۆیی تا ڕادەیەک بە قازانجی ئەوان بگۆڕێ و تەبیعەتەن لە دۆخی ئاوا قەیراناوی دا کە کێشەی ئەمنییەتی دێتەگۆرێ دەکرێ دەنگی ئەوانە لە ستروکتووری جمهووری ئیسلامی دا بەرزتر بێ و دەستیان کراوەتر بێ.

مێهدی پەرپەنچی : چەندە دەکرێ تیوری پیلانگێڕی لەو ڕووەوە بە هێند بگیرێ ؟

کامڕان مەتین: بە باوەڕی من ئەوەی کە ئاغای عابدین گوتی سەبارەت بە قەڵشتی ئەمنییەتی مەسەلەیەکی چاوڕاکێشە چونکە لە خراپترین حاڵەت دا نیشانەی ناکارامە بوونی دەستگای ئەمنییەتی ئێرانە. و لە حاڵەتێکی بەدبینانەتر دا مرۆڤ دەتوانێ ئەو ئەگەرە لە بەر چاو بگرێ کە ئەوانە سەرەڕای زانیارییەکەیان ڕێگەیان داوە ئەو هێرشە بکرێ بە پێی تەسەوری ئەو قازانجەی کە دەتوانن لەو هێرشەی بکەن.

کامڕان مەتین: ئەمن موافیقم لەگەڵ ئەوەی کە تیوری پیلانگێڕی لە زۆربەی هەرە زۆری نموونەکاندا دروست نییە بەڵام، هەمیشە ڕەگێکی حەقیقەتی تێدایە کە لەبەر کۆبوونەوەی لەگەڵ ریزەیەک ناڕاستی دیکە لە ڕاستیدا نابیندرێ. هەموومان دەزانین هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێڕاق لە سەر بنەمای هێندێک زانیاری هەڵە بوو. ئەوان خۆشیان دەیانزانی هەڵەیە بەڵام سەرەڕای ئەوە دەستیان کرد بە زنجیرەیەک عەمەلیاتی نیزامی گەورە کە بەلانی کەمەوە ئاکامی بووە هۆی یەک میلیۆن کووژراو و لە جێدا بووە هۆی شکانی سیاسەتی ئەمریکا لە عێڕاق.

فەڕوخ نیگەهدار: پێوەندی بە تیوری پیلانگێڕی یەوە نییە.

کامڕان مەتین: بۆچی نا، چونکە هەموو حەولی دەوڵەتی بووش ئەوە بوو هێرش بکاتە سەرعێڕاق بێ لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە هۆیەکەی پتەو بوو یان نا. بە کردەوە ڕوون بووەوە کە ئەوە لە سەر بنەمای درۆ بووە ، لەوەش دەرچێ هەر ئەو دەمی هێندێک ڕاپۆرت لە گۆڕێ دا بوون کە هێندێک لەو زانیارییە درۆیانە لە لایەن کەسانێک وەک ئەحمەد چەڵەبی دەدرا بە ئەمریکا کە ئەو بۆ خۆی لە ڕێگای ئێرانەوە لە ڕووی ئیتیلاعاتییەوە نانی بەدەمەوە دەکرا، واتە لەو ڕووەوە شتێکی جێی سەرسووڕمان نییە کە هێندێک جار دەوڵەتەکان بیانەوێ  لە ڕاستی دوور بکەنەوە لە بەر ئەوە وا بیر دەکەنەوە بەرژوەندی ستڕاتێژیکییان لەوە دایە.

ئەمن بە هیچ جۆر ناڵێم کە لە مەڕ ئێران ئەوە ڕوویداوە. بەڵام بە ووردی بە پێی ئەو ئیستتیدلالەی کە بەڕێزیان کردیان ، ئەو دوو شوێنە ئامانجی زۆر سەخت بوون و چەند لێوارەی ئەمنییەتییان بە دەورەوە بووە ، باشە وەزاڕەتی ئیتیلاعاتی ئێران زۆر جار ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی داعش یان هێزەکانی تێڕۆریستی هەر کە لە سنوورەوە تێپەڕیون، گرتوویانن یان لە ناویان بردوون. جا بۆیە زۆر تەبیعییە کە خەڵک بپرسن ئەو هێزانە بۆ گەیشتوونەتە تاران؟

مێهدی پەرپەنچی: ئاغای مەتین ئێوە چۆن بیر دەکەنەوە؟ ئایا ئێرانی بوونی ئەوانە هیچ جیاوازییەک لە ئەسڵی شتەکە دا پێک دەهێنێ ؟ یا ئەگەر با بڵێین عێڕاقی بایەن یان سوورییەیی بایەن؟





کامڕان مەتین: بە بۆچوونی من لێبڕاوانە فەرقی هەیە چونکە زۆر بە هاسانی دەکرێ پرس بکرێ بۆچی ئەو کەسانەی کە کاری ئاوا دەکەن هەموویان سونین؟ لایەنی مەزهەبی لەو مەسەلەیەدا هەیە. پێڕەوانی مەزهەبی سوننی ئێستا زیاتر لە سی ساڵە دەیانەوێ مزگەوتێک لە تاران دروست کەن ڕێگەیان پێ نادەن. جا بۆیە ئەوە تەبیعییە کە حەشیمەتی سوننی کە جمهووری ئیسلامی بە شێوەیەکی سیستماتیک ئەوانەی لە زنجیرەیەک ماف و دەرەتان بێ بەش دەکا تێیاندا هێندێک ناڕەزایەتی هەبێ. ئەو ناڕەزایەتییە دەتوانێ بە شێوەی جۆر بەجۆر کانالیزە ببێ ، لەو ناوە دا کارنامەی جمهووری ئیسلامی ئاوا بووە کە ئەو کانالیزە بوونە نەک لە ڕێگای هێنمانەوە بەڵکوو بەشێوەیەکی لە زێدە بەرەو ڕەوتە ئیسلامییەکان چووە. لە سەرەتای شۆڕشەوە کە جمهووری ئیسلامی پشتیوانی کرد لە ' مەکتەوبی قورئان" ی ئاغای موفتی زادە دە بەرانبەر پارتییە کوردەکانی دیکە لە ئێران تا سەرەتای شەڕی عێڕاق کە بەڕەسمی پشتیوانی کرد لە ئەنسارولئیسلام ، و ئەندامانی ئەوانی لە ئەفغانستانەوە ئێسکۆرت دەکرد بۆ کوردستانی عێڕاق. هەر ئەو ئەنسارولئیسلامەی کە ڕێبەری هەنووکەی کەسێکە بە ناوی مەلاکرێکار کە ئێستا لە نۆڕوێژ لە زیندان دایە، ئەوانە جمهووری ئیسلامی هەم دژی یەکەتی نیشتمانی کوردستان بەر لە شەڕی عێڕاق کەلکی لێ وەرگرتن و پاشان بە دژی هێزە ئەمریکاییەکان ئەوە دەمەی کە هێزە سوننییە جیهادییەکان دژی ئەمریکا شەڕیان دەکرد ئێران نەک ڕێی دەدان تێپەڕن بەڵکوو یارمەتیشی دەدان چونکە ئەو دەمی بە قازانجی جمهووری ئیسلامی بوو لەبەر ئەوەی ئەمریکا هەرچەندی دەست و پێی تێوەچووبا ئیدەی ئەمریکا بۆ ئەوەی لەو تەوەرەی ئیبلیسیی ئێران - عێڕاق - کورەی باکووری کەلک وەربگرێ و هیڕش بکاتە سەر ئێران لەناو دەچوو. لە کردەوەش دا وای لێ هات . ئەمریکا لە عێڕاق گورزێکی ئەوتۆی وێکەوت کە لە جێدا مەسەلەی هێرش کردن بۆ سەر ئێران نەک هەر نەما بەڵکوو گشت پڕۆژەی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا گۆڕا ، ئێمە دەزانین کە لە سەردەمی ئۆباما دا سیاسەتی پارسەنگ کردنی هێزەکان لە قەراغەوە ( ئاف  شۆر بالانس) بەڕێوە دەچوو ، دەستێوەردان ڕاستەوخۆ ناکا، زیاتر لە ڕێگای هەواوە هێرش دەکا، یانی لەو دەمی دا لە ڕوانگە جمهووری ئیسلامییەوە بە هەڵکەوت پشتیوانی کردن لە دەستە تیژپەڕە سونییەکان و تەنانەت سەلەفی ، ڕێگایان دەدان کە هێز کۆ بکەنەوە . لەگەڵ هەر کەسێک لە کوردستانی ئێران قسە بکەن لەو بارەیەوە تەجروبەی زیندوویان هەیە. تەنانەت من خۆم لە ساڵی ٢٠٠٣ لە ئێران شاهید بووم کە ئەوانەیان دەهێنا بۆ سنووری حاجی ئۆمەران و پێیان دەگوتن بچن لە عێڕاق بە دژی ئەمریکا شەڕ بکەن. لە ئینگلیسی دا بێژەیەک هەیە: " بلۆ بەک" واتە پێهاتەکانی ناوخۆیی سیاسەتێکی دەرەوەیی . یانی ئێوە لە بەر ستڕاتێژییەکی تایبەتی سیاسەتێکی تایبەتیی دەرەوەیی وەبەر دەگرن ، بەڵام دواتر ئەو سیاسەتە دەرەوەییە تایبەتییە هەڵدەگەڕێتەوە و زەربەتان لێ دەدا . عەینی هەمان شتی کە ئەمرێکا لە دەیەی ١٩٨٠ ی زایینی دا لە ئەفغانستان کردی. پشتیوانی کرد لە موجاهیدە ئەفغانییەکان بەدژی یەکێتیی شووڕەوی و هێزی دەوڵەتی ئەفغانستان و هەر ئەو موجاهیدانە بوون کە بوون بە ناوکی ئەلقاعیدە و هاتن ١١-ی سێپتامبریان ساز کرد . لە مەڕ ئێرانیش ئەو مەسەلەیە حەتمەن لە ئاستێکی بەرتەنگتر دا هەبووە.

مێهدی پەرپەنچی: یانی چەقۆ بە مانایەک دەسکی خۆی بڕیوە

........
کامڕان مەتین : کەس نەیگوتووە هێزە ئیسلامییەکان لە کوردستان زۆربەنە.
هێزەکانی سونیی جیهادی لە کوردستان تەواو لە کەمایەتی دان.

کامڕان مەتین : ئەمن پێم وایە کە ئاغای نیگەهدار مەسەلەی لێکدانەوە و ڕاسپاردە تێکەڵ دەکا. مەسەلە ئەوە نییە کە بێ بەشی خەڵکی سوننی ئێران دەبێ بگاتە ئەو ئاکامە. باسی من ئەوە نییە. ئەمن دەڵێم ئەو ڕوداوە قەوماوە و ئەوەش کارنامەی مێژوویی جمهووری ئیسلامی یە. لە ناو ئەو دوانە دا پێوەندی هەیە یان نا؟ بە باوەڕی من هەیە. کەسانێک کە ئەو جۆرە کارانە دەکەن لە کەمایەتی تەواو دان؟ بەڵێ لە کەمایەتی تەواو دان. کەس لێرە ناڵێ ئەو سێ کەسەی کە هاتن لە لەندەن بریج خەڵکیان کوشت نوێنەرانی گشت موسوڵمانەکانی بریتانیان، بەڵام خەڵک دەڵێن ئەو کەسانەی کە ئەو کارەیان کرد لەگەڵ گرووپە جیهادییەکان لە لیبی بوون کە ئێم ئای سیکس و ئێم ئای فایڤ هێزەکانی ئیستیخباراتی بریتانیا بە ساڵانە کاریان لەگەڵ دەکەن. جا بۆیە ئەوە تەبیعی یە خەڵک بپرسن ئەو سیاسەتە دەرەوەییەی ئێوە ئاکامەکەی هەر نەبێ تاڕادەیەک ئەوە دەبێ. لە سەر ئێرانیش بە ووردی هەر ئاوایە . قانوونی بنچینەیی ئەو ووڵاتە مافی  بوون بە سەرۆکایەتی جمهوور نادا بە سونییەکان ، لە هیچ کام لە پلەوپایە بەرزەکانی ووڵات دا سوننییەکان نابیندرێن، ئوستانی کوردستان کە لە جێدا سوننی یە و کوردە لە نموونەیەکیش دا ئوستانداری سوننی نەبووە. جا بۆیە ئەگەر دەستەیەکی سوننی تیژپەڕ بییەوێ لەو ناوچەیە دا هێز کۆ بکاتەوە بە ئەندازەی کافی کەلوپەلی هەیە کە خەڵک کۆ بکاتەوە. ئەوە بەو مانایە نییە کە خەڵکی کورد لە بەر سوننی بوونیان بە شێوەی ئۆتۆماتیک جەزبی ئەوانە دەبن . یان خەڵکی سونیی کوردستان دەبێ بە شێوەی ئۆتۆماتیک جەزبی ئەوانە بن. ئەو لێکدانەوە و ڕاسپاردەیە بە تەواوی لەیەک جیاوازە. ئەمنیش لە سەر ئەو باوەڕەم کە بێ بەشی و ماف نەبوون دەبێ بە ڕێگای دیکە دا شوێنگێڕی بکرێن بەڵام لێرە دا مژاری ئێمە ئەوە نییە، مژاری ئێمە ئەوەیە کە بۆچی داعش دەتوانێ لە کوردستانی ئێران ئەو ژمارەیە هێز کۆ بکاتەوە کە بە پێی ڕاپۆرتەکەی وەزاڕەتی ناوخۆی ئێران ڕۆژێک نییە کە جەنازەی ئەوانە لە کوردستان نەنێژرێ، هەرچۆنێک بێ دەبێ خەسار ناسی بکرێ کە ئەوە لە کوێوە دێ؟ بەشێک لە هۆیەکەی هەر ئەوەیە ئیدی.

کامڕان مەتین : [ ڕووەو عابدین] کاری من دیسکۆرس ساز کردن نییە ئەمن ئەوە خەریکم شرۆڤە دەکەم ، دەکرێ ئێوە ئەو ئەرکە بۆ خۆتان بە ئەستۆوە بگرن ،بەڵام  ئەو قەڵشتە هەیە و خۆ بە سەرداپۆشانی جێ بەجێ ناکرێ. ئەو فەرق و جیاوازی لەگەڵ کردنە لە عێڕاق هەیە، لە ئێران هەیە، لە سوورییە هەیە . حەشیمەتێکی لە سەدا بیست و پێنج لە سوورییە بە کردەوە دەستەڵاتی فەرمانڕەوایە دیارە تەبیعییە لەوە ناڕەزایەتی ساز دەبێ. ئەو ناڕەزایەتییە دەتوانێ لەلایەن کەسانێکەوە کەلکی لێ وەربگیرێ کە لە ڕاستیدا هیچ لوتفێکیان نیسبەت نە بەوخەڵکە هەیە نە بە دەوڵەتەکەی، ئەوە زۆر تەبیعی یە.

کامڕان مەتین: لە سەر مژاری یەکەم ، باسی من ئەوە نییە کە ئەو ڕەوتە لە باری توانایەکییەوە بۆ وێنە دەتوانێ نوێنەری کۆمەڵگەی کورد بێ لە ئێران. بە هیچجور مەبەستم ئەوە نییە، تەواو بە پێچەوانە. قسەی من ئەوەیە کە ئەوانە لەم دۆخەش دا کەمایەتییەکی زۆر ناچیزەن و تەنانەت ئەو کەمایەتییە ناچیزە بوونەشیان لە کردەوە و ڕەفتاری جمهووری ئیسلامییەوە کەوتووەتەوە نەک بە پێچەوانە. یانی بە پێویستی خەڵک مەیلێکیان بەرەو ئەوانە تێدا نییە. بەڵام هێندێک هەلومەرج لەو ناوچانە پێک هاتووە کە ئەوانە بەرەو ئەو ڕەوتانە پاڵەپەستۆ دەدرێن. لە ئاکامدا خەسارناسی ئەو مەسەلەیە بە وورد بوونەوە لە رەقا و فڵان نادۆزرێتەوە ، بەڵکوو بە پێچەوانە . ئێوە دەبێ ووڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە کە بۆچی کاتێک مووسڵ دەکەوێتەوە دەست داعش کەسانێک لە سنەوە دەچن بۆ مووسڵ. دیارە ئەو کەسانە مەیلیان بزووتووە کە چوون ،لایەنێکی ناوخۆیی دە وەدا هەیە کە دەبێ لای لێ بکرێتەوە.

جا لێرەش دا قسە ئەوەیە سیاسەتی مولتی کالچڕالیسم لەم ووڵاتە دا تێک شکاوە و لە ئاکام دا کەسانێک هەن لەم کۆمەڵە دا ...

ئەمن خەریکی مودیرییەت کردنی هەڕەشە نیم ، ئێمە خەریکین شرۆڤە دەکەین. شرۆڤەش ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی بریتانیا لە لیبی و سوورییە کێشاویەتە ئەوەی کە کەسانێک لێرە – جا لە بەر هەر هۆیەک دەبێ با ببێ - ...

مێهدی پەرپەنچی: ئاغای مەتین پێتان وایە ئەو ڕووداوە ببێتە هۆی زیاد بوونی گرژی لەنێوان عەڕەبستان و ئێران دا ؟

کامڕان مەتین : بە بۆچوونی من زۆر دوورە عەڕەبستان کۆنتڕۆلێکی ئاوای بە سەر داعش دا هەبێ کە ڕابسپێرێ عەمەلییاتی ئاوا بکا یان رێکی خا. بەڵام ئەوەی کە دوای قەومانی ئەو ڕووداوە کەلکی لێ وەردەگرێ ، تا ئەو جێگایەی کە دەگەڕێتەوە سەر عەڕەبستان لەو ڕووەوە ، ئەوان کردنی کردەوەیەکی ئەتۆ کە ببێتە هۆی ووروژاندنی ئێران و توڵەسەندنەوەی ڕەنگە بە پۆزیتیڤ بزانن چونکە ئەمریکا لە بەر ئەو پەیمانە ئەمنییەتییانەی کە لەگەڵ عەڕەبستانی هەیە دێتە مەیدانێ و ئەوان ئەو شتەی بەدووی دا دەگەڕێن  وەدەست دەهێنن. واتە دە گژ یەک ڕۆ کردنی ئێران و ئەمریکا. بەڵام لە لایەکی دیکەوە هەر وەک لە ووڵامی پرسیاری یەکەمیشتاندا گوتم بە باوەڕی من  لە بەر ئەوەی ئەو هێرشە لە لایەن داعشەوە کراوە ، کاری دەوڵەتمەدارانی ئەمریکایی بۆ وەدیهێنانی بەڵێنییەکەیان بە عەڕەبستان دژوارتر دەکا چونکە پاساو دانی دژوارتر دەبێ. یانی ئێوە ناتوانن هاوکات لەگەڵ هاوپەیمانی ناڕەسمیتان دەست بەشەڕ بکەن، چونکە هەر دوو  لا لەگەڵ دەستەیەکی تایبەتییەوە تێوە گلاون. لەو ڕووەوە ئەمن پێم وایە مەسەلەکە تا ڕادەیەک بەستراوەتەوە بە کاردانەوەی ئێران . بەیاننامەی یەکەمی سپای پاسداران شتێک بوو کە عەڕەبستانی سعوودی دەیەویست ، تەنانەت بەر لەوەی کە هیچ لێکۆڵینەوەیەک کرا بێ، تەنانەت ناسێنەی ئەو تاکوتەرایانەش دیاریی نەکرا بوو، گوتیان ئەرێ ئێمە عەڕەبستان لە پشت ئەو ڕووداوە دەبینین. بە بۆچوونی من ئەوە شتێکە کە عەڕەبستان خۆی دەیەوێ ، بۆ ئەوەی خۆی لە هەڵوێستی غەدرلێکراو دابنێ.
.....
کامڕان مەتین : بەڵام سپا بەیانییەیەکی جیاوازی دا بوو.


کامڕان مەتین : بە باوەڕی من لایەنی وەهابییەت و لایەنی ئیدێئۆلۆژیک ڕێکەوتنی  لە سەرە کە ئەوە ڕیشەی لە عەڕەبستانەوە ساز بووە. بەڵام  هەبوونی پێوەندیی ڕێکخستنی لە ناو ئەو دووانە دا بە بۆچوونی من زۆر دژوارە  بەیەکەوە بلکێندرێن ، لە هەمان کاتدا لەگەڵ ئەوەشدا کە وەهابییەت و ئیدێئۆلۆژی گرێدراو لەو شتێکی تازە نییە ، بەلانی کەمەوە ٢٥٠ ساڵە هەیە بەڵام  تاریخی سی و چەند ساڵەی جمهووری ئیسلامی نیشان دەدا کە ئێمە سەروبەندی ئاوامان هەبووە لە زەمانی سەرۆکایەتی کۆماری ئاغای ڕەفسەنجانی و ئاغای خاتەمی دا کە پێوەندیی نێوان عەڕەبستان و ئێران زۆر باش بوو ، لە ئاکامدا پرسیار ئەوەیە کە چ شت ڕوویداوە کە لەو نێوانەدا ئەو پێوەندییانە لە ئاستی هەرێمی دا گرژییەکی ئاوای تێدا پێک هاتووە کە ئێمە هەر ئان چاوەڕی ئەوەین ڕووداوێک بقەومێ کە ئەوانە بە گژ یەکتریدا بکا. لەو لەحزەیە دا کە ئێمە لەگەڵ دیمەنێکی زۆر ئاڵۆز ڕووبەڕوین ، هێندێک لە کایەکاران هەن کە لە هەمان کاتدا دەکرێ بە پێویستیی دەستنێژی هیچ کام لەو هێزانە نەبن ، بەڵام بەجۆری کردەوەیان لەو پێوەندییانە دا گرژی و لێک ڕاسانی ئەوتۆ ساز دەکەن کە ئیحتیمالی تەقینەوەی پێک دێنێ و ئەو وەزعییەتە بۆخۆی توندو تیژتر دەبێ لە بەر سیاسەتی دەرەوەیی ووڵاتان کە بە بۆچوونی خۆیان خەریکن ووڵامی ئەو وەزعییەتە بدەنەوە. بۆ وێنە بوونی جمهووری ئیسلامی لە سوورییە یان عێڕاق، لە هەمان کاتدا کە دەکرێ هێندێک ئیستیدلال و پاساو هێنانەوە لەڕووی ئەمنییەتییەوە لەگۆڕێ دابێ بەڵام یەکێک لەو بەرتەکانەی کە ئەو دەستێوەردانە سازی دەکا ڕوانگەی لایەنەکەی دی - جا چ دروست بێ یان هەڵە  - دەکا بە ڕوانگەیەکی کە کەوتووتەوە بەر هەڕەشە. دەوڵەتی عەڕەبستانی سعوودی لەوانەیە کاری ئەوتۆ بکا بە پێویستی ڕەنگە پێی خۆش نەبێ بەڵام لەبەر ئەوە دەیکا  چونکە ئەو کردەوەیە بۆ وێنە لە پێناو پشتیوانی لە ئۆپۆزیسیۆنی سوورییە دیسان جووڵەی سەرەتایی ئێران توندوتیژتر دەکا. واتە دیالێکتیکێک لێرە دا هەیە. و بە تایبەتی ئەمریکا لە سەروبەندی هەشت ساڵ سەرۆک کۆمارێتی ئاغای ئۆباما دا  ئەو سیاسەتەی چاولێکردن لە دوورەوەی وەبەر گرت  و ئەو سیاسەتە بووە هۆی ئەوەی دەوڵەتە عەڕەبەکانی ناوچە کە بە شێوەی نەریتی ترسیان لە ئێران هەیە لەبەر ئەوەی کە پچووکتر و کەم دەسەڵاتترن. ئەوانە هەڕەشەی ئێران بۆ سەر خۆیان زۆر لەوەی کە هەیە گەورەتر دەکەنەوە . نەبوونی پشتیوانی ئەمریکا لە خۆیان کردووەتە بنەمایەک بۆ ئەوەی سیاسەتێکی دەرەوەیی زۆر چالاکتر وەبەر بگرن، بۆ وێنە لە مەڕ سوورییە ووڵاتێکی پچووکی وەکوو قەتەر لە ڕاستییدا هەزینەیەکی زۆر گەورەی لە سوورییە وەگەڕ خستووە بە دژی دەوڵەتی ئاغای ئەسەد و ئەلئان سەرەڕای ئەو مەسەلەیە لەگەڵ عەڕەبستان لێک ڕاساون لە تەوەری ڕووسییە –سوورییە – ئێران نزیکتر بووەتەوە.

.......
کامڕان مەتین : زۆر بە خێرایی بڵێم. بژاردەی دروست ئەوە دەبوو لە شەش مانگی یەکەمی بەهاری عەڕەبی لە سوورییە دا ئێران نەدەبوو دەست بە پشت دەوڵەتی ئەسەد دا بێنێ بۆ وەەبەرگوللە دانی خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک کە هەموو ڕۆژێ بە هەزاران کەس بکووژن و ئەو ڕەوتە دێمۆکڕاتیکە هێمنانە نا چەکدارەی جەماوەر بکەن بە شتێک کە ٦٠٠ هەزار کەسی تێدا کووژراوە.

وەرگێران لە فارسییەوە: حەسەن قازی 








Saturday, June 3, 2017




 


لی سکییاڤی – بێردت ئەو ژنە ڕۆژنامە نووسە ئیتالیاییەی لە بەردە ڕەشان بوو بە قوربانی شەڕی عەشیرەتی کوردی
پێشکێشە بە بیرەوەری زانای لە دەستچوو دوکتور میرێلا گالێتی

لێکۆڵینەوە و ئامادە کردنی: حەسەنی قازی

چەندین ساڵ لەمەو بەر بە پێداهاتنەوەی کتێبە بەنرخەکەی ویلیام ئیگلتنی کوڕ (کۆماری کوردی ساڵی ١٩٤٦) و خوێندنەوەی باسێکی کورت لە مەڕ کووژرانی لێ سکییاڤی لەو کتێبە دا هەستم کرد، لێکۆلەرەوەی ئیتالیایی دوکتور میرێلا گالێتی کە بە ووردە ڕیشاڵ باسی پێوەندی کوردان و ئیتالیایەکانی نووسیوە،هیچ ئاماژەیەکی بە  کووژرانی ئەو هاوڵاتییەی خۆی نەکردووە. بۆیە پێوەندیم پێوە کرد و بڕیارمان دا بە گەڕان بە سەرچاوەی ئیتالیایی، ئینگلیسی، کوردی و فارسی دا بە یەکەوە لە سەر ئەم ڕووداوە بابەتێک ئامادە بکەین. ئەو حەولی خۆی دا و چەند سەرچاوەیەکی دۆزیوە و پێی ڕاگەیاندم کتێبێک و چەند ووتار بە زمانی ئیتالیایی لە سەر ژیان و کووژرانی لی سکییاڤی نووسراون و تەنانەت پێوەندی کرد بوو بە نێوەندی ژنانی سەنت لازار لە پاریس بەڵام لەوێ چی دەست نەکەوتبوو. وا بوو ئەم نووسراوەیەی میمۆ فرانزینێلی کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە لە زمانی ئیتالیاییەوە کردە ئینگلیسی بۆی ناردم، منیش بە گەڕان بە ئینترنێت  دا زۆر شتم سەبارەت بە وینستن بێردت هاوسەری سکییاڤی دۆزییەوە، بەڵام هەستم کرد هەتا سەرچاوەی کوردی و فارسی دەست نەکەوێ زۆر لایەنی ئەو ڕووداوە دە تاریکی دا دەمێنێتەوە.


لی سکییاڤی لە ساڵی ١٩٣٢ لە ڕۆم
سەرچاوە: ئینترنێت

بەخۆشییەوە لەو دواییانە دا بەشێک لە بیرەوەرییەکانی نەمر سەیفەخانی میرموکری م دەست کەوت کە بە ووردە ڕیشاڵ باسی ناسیاوی خۆی لەگەڵ سکییاڤی و هاوڕێیەتی کردنی بۆ مەهاباد و کووژرانی دەکا و بە داخەوە ئەو بابەتەم لە دوای مەرگی نا وادەی گاڵێتی بە دست  گەیشت (لە سەرەتای مانگی سێپتامبری ٢٠١٢) و نەکرا ئەو لێکۆڵینەوەیەوە به‌ یەکەوە تەواو کەین.


سەرچاوەی وێنە: ئینترنێت

سەرنج ڕاکێش ئەوەیە نە سەرچاوەی ئیتالیایی  و نە ڕیوایەتی وینستن بێردت هاوسەری لی سکییاڤی هیچ بەلای ئەوە دا نەچوون هۆی ئەو کووژرانە بە دوژمنایەتی عەشیرەتی ئەو دەمی کوردییەوە ببەستنەوە کە خوێنی لی سکییاڤی بە ناحەق تێدا ڕژا. بەلکوو تاوانی ئەو کووژرانە وەپاڵ دەزگای هەواڵگریی ڕێژیمی فاشیستی ئیتالیا و شووڕەوی دەدەن، لە کاتێک دا لە ڕیوایەتی سەیفە خان و ڕووداوەکانی دواتر دا جوان دەر دەکەوێ ئەو کووژرانە تەواو بە هەڵکەوت بووە و لە جیات سەیفەخان، لی سکییاڤی- بێردت وەبەر کەوتووە.
بە خوێندنەوەی گشت ڕیوایەتەکان دیسان بۆمان ڕوون نابێتەوە مەبەستی سەرەکی لی سکییاڤی لەو سەفەرە کورتەی بۆ مەهاباد چ بووە؟ هەر وەها ئەوەش نازانین لەو ماوەیە دا کە لە تەورێز ژیاوە چی کردووە، هەر چۆنێک بێ ئەم بابەتانه‌ی لێره‌ دا گردوکۆ کراون دەتوانن تێشکێکی گشتی بخه‌نه‌ سەر ئەو ڕووداوە. 
میمۆ  فرانزینێلی  له‌ کتێبی " جاسووسه‌کانی شه‌ڕ، فاشیسته‌کانی سێرویسه‌ نهێنییه‌کان، نازییه‌کان و هاوپه‌یمانان ١٩٤٣-١٩٣٩ ، میلانۆ، وه‌شانخانه‌ی مۆندادۆری، ساڵی ٢٠٠٤ ، لاپه‌ڕه‌کانی ٦٩ – ٦٤ ، ١٨٩
Mimmo FRANZINELLI, Guerra di spie. I servizi segreti fascisti, nazisti e alleati 1939-1943, Milano, Mondadori, 2004, pp. 64-69, 189.
ئاوا باسی کووژرانی لی سکیاڤی دەکا:.
کووژرانی  لی سکیاڤی بێردت
لی سکییاڤی ( ٢ی مارسی ١٩٠٧ – ٢٤ی ئاوریلی ١٩٤٢کهسێکی ٣٥ ساڵهی خهڵکی ههرێمی پیێد مۆنت ی باکووری ئیتالیا له‌ ساڵی ١٩٣٩ دا وهک ههواڵنووسی دوو ڕۆژنامهی ئیتالیایی  لۆ ئامبرۆسیانو و  ئیل تێمپۆ چووه‌ باڵکان.
کاتێک لهوێ کاری دهکرد،له‌ چالاکییهکانی دژی فاشیستییهوه‌ گلا و ههموو پردهکانی ڕابردووی خۆی ههڵوهشاند.سکییاڤی که‌ به‌ ڕهچهڵهک جوولهکه‌ بوو، ئهو ڕاوهدوونانه‌ ڕهگهزیانهی‌ له‌ ئیتالیا دهقهومان زۆر کاری تێکرد و بڕیاری دا ئهوهی له‌ دهستی دێ بیکا بۆ دژایهتی له‌ گهڵ شهڕی ووڵاتانی میحوهرئهو له‌ بوخارێست له‌ گهڵ پیاوێکی ئهمهریکایی به‌ نێوی، وینستن بێردت (١٢ی دیسامبری ١٩١٣١٩ی مهی ١٩٩٣؛ که‌ ههواڵنوسی دامهزراوهی بڵاوکردنهوهی کۆلۆمبیا بوو ناسیاوی پهیدا کرد، لهوێ ئاڵقهی دهسگیرانیان گۆڕیوه‌ و لی دهستی کرد به‌ دانی زانیاری به‌ هێزی هاوپهیمانانله‌ مانگی فێڤرییهی ساڵی ١٩٤٠، دهزگای نهێنی ئهڵمان کارێکی وای کرد ‌ به‌ تاوانی چالاکی و کردهوهی نا قانوونی له‌ مهجارستان دهربکرێ،بێردت و سکییاڤی  لهوێوه‌ گواستیانهوه‌ بۆ بوڵغارستان، لهوێ به‌ یهکهوه‌ ژیانی هاوبهشیان پێک هێنا و زهواجیان کرد
له‌ ههمان کات دا، سهبارهت به‌ سکییاڤی ڕاپۆرت درا به‌ وهزاڕهرتی کولتووری ئیتالیا که‌ ئهو دژی فاشیستێکه‌ بۆیه‌ داوای لێ کرا بگهڕێتهوه‌ ئیتالیا.سکییاڤی ملی نهدا  بۆ ئهو داوایه‌ و چالاکی سیاسی و زانیاریی کۆ کردنهوهی خۆی زیاتر کرد، ئهوهش به‌ قیمهتی دهرکرانی له‌ بولغارستان و ههر وهها له‌ یوگوسڵاڤیا تهواو بووبێردتهکان گوێستیانەوە بۆ ڕۆژههڵاتی نێوهڕاست و له‌ ساڵانی ٤١ – ١٩٤٠ دا له‌ لوبنان، تورکییه، سوورییه‌ و ئێران دهژیان و، بهردهوام پێوهندی خۆیان لهگهڵ دهزگای ئینتێلیجێنس سرویس ی بریتانیا پاراست و سکییاڤی ئهو وێنانهی  بۆ دهناردن که‌ به‌ دووربینه‌ لیچاکهی هەڵی دەگرتنئهو بۆ چاپهمهنی ترانس ڕادیۆ کاری دەکرد، وهک تێکۆشهڕیكی دژی فاشیزمی نازیله‌ گهڵ بزووتنهوهی  مووڤیمێنتا لیبێرا ئیتالیا ( بزووتنهوی ئازادیی ئیتالیاکەوت و له‌ نێو کۆڕ و کۆمهڵی  موهاجیری ئیتالیایی دا بانگهشدهری ئهو بزووتنهوهیه بوو و کاری بۆ دهکرد. ئهو ڕێکخراوهیه‌ له‌ لایهن هێندێک لهو ئیتالیاییانهی ووڵاتیان بهجێ هێشتبوو له‌ ساڵی ١٩٤١ له‌ ژێر ڕێبهریی کالۆسۆ،ڕۆجێڕۆ، ئۆرلاندۆ وبرایان پاولۆ وپییێترۆ ترێڤیس له‌ لهندهن دامهزرا و دهستی به‌ ڕێکخستنی چالاکییهکان کردپارتی کرێکاری بریتانیا پشتیوانی لهو بزووتنهوهیه‌ دهکرد و هیو داڵتن ( وهزیری ئابووری شهڕ و بهڕێوهبهری بهرزی عهمهلیاته‌ تایبهتییهکانی بریتانیایارمهتی دارایی دهدانێ‌. ئهو خاڵانهی خوارهوه‌ هێڵه‌ سهرهکییهکانی بهرنامهی ئهو بزووتنهوهیه‌ بوون: " مۆڤیمێنتۆ لیبێرا ئیتالیا ڕێکخراوهیهکی ئیتالییاییانه‌‌ که‌ به‌ مهبهستی ڕزگاری ئیتالیا له‌ نیری دیکتاتۆری فاشیستی ونۆکهری ئهڵمان له‌ دهوری یهکتری کۆ بوونهتهوه‌ و هاوکاری یهکدی دهکهن".١
لهو سهروبهنده‌ دا، تاران ببوو به‌ چوارڕێیانێکی زۆر گرینگی کاروباری جاسووسیئهڵمانییهکان و ئیتالیاییهکان به‌ نهێنی حهولیان دا بۆ دامهزراندنی ڕایهلهی جاسووسی و چالاکی تێکدهرانه‌ به‌ کهلک وهرگرتن لهو دوژمنایهتییه‌ نهریتییهی  خهڵکی خۆجێی له‌ ئاست ئیمپریالیزمی بریتانیا ههستیان پێ دهکردله‌ ماوهی ساڵی ١٩٤١ دا، دهزگای سیم ( سێرڤیتزیۆ ئینفۆرماسیۆنی میلیتارێ – دهزگای زانیاریی نیزامی)  سهبارهت به‌ ستراتێژی بریتانیاشووڕهوی له‌ ئێران و ههر وهها لهمهڕ ئهگهری توانایهکی کردهوهی نیزامی هێزهکانی میحوهر له‌ ناوچه‌ شاخاوییهکان له‌ سهر سنووری یهکێیهتی دهوڵهته‌ جمهوورییهکانی شووڕهوی٢ ڕاپۆرتی ئاماده‌ دهکرد و دهی ناردن بۆ بهرزترین ئاستی ئهرتهشی ئیتالیا واته‌: [ Commando Supremo del Regio Esercito ]  




لی سکییاڤی لە توونس
سەرچاوە: ئینترنێت
لی سکییاڤی ههر به‌ گهیشتنی بۆ تاران له‌ مانگی نۆڤامبری ١٩٤١، دهستی کرد به‌ چالاکییهکی زۆر بۆ (بهرهی یهکگرتووی ئیتالیاییه‌ ئازادهکانله‌ نێو کۆمهڵگهی ئیتالیایی دانیشتووی تاران دا،که‌ به‌ ههموویانهوه‌ نیزیکهی‌ ٢٠٠ بنهماڵه‌ بوون.ئهو سهبارهت بهو ئیتالیاییانهی که‌ لایهنگریان له‌ فاشیستی نازی دهکرد و هێندێکێکیان کاریان دهکرد بۆ دهزگاکانی ووڵاتانی مێحوهر  ئاگاداری دهدا به‌ ئینتێلێجێنس سێرویس – که‌ له‌ نێو ستافی سهفارهتی بریتانیا دا جێی کرابووهوه‌‌. سکییاڤی نیزیکهی 30 کهسی بۆ چالاکییهکانی وهگهڕ خست و له‌ لایهن ئاخر مهئمووری که هێشتا‌ له‌ سهفاڕهتی ئیتالیا له‌ ئێران کاری دهکرد(سهفارهتخانهی ئیتالیا له‌ مانگی ژانڤییهی ١٩٤٢ له‌ لایهن کاربهدهستانی ئێرانییهوه‌ داخراوهک کهسێکی به‌ مهترسی وعونسورێکی دژی نیشتماننێو زهد کرائهو مهئمووره‌ به‌ ڕێگای سهفارهتخانهی ئیتالیا له‌ تورکییه‌ خهبهری لێ دهدا  به‌ دهزگای دژی جاسووسی ئیتالیا و وهک کهسێک باسی لێوه‌ دهکرد که‌ دهبێ بخرێته‌ ژێر چاوهدێرییهوه‌. ئیدی به‌ دوای ئهو ڕاپۆرته‌ دا بیڕدێتهکان به‌ بهردهوامی له‌ ژێر چاوهدێری دا بوونئهوهی خوارهوه‌ یهکهم ڕاپۆرته‌ له‌ مهڕ ئهوان.
جگه‌ له‌ سه‌رقاڵ بوون به‌ کاری ڕۆژنامه‌گه‌رییه‌وه‌، ئه‌و ژن و مێرده‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باس کران خه‌ریکی بانگه‌شه‌ن له‌و که‌مپانه‌ی یه‌خسیرانی شه‌ڕ دا که‌ ئیتالیاییان لێ ڕاگیراوه‌- کاربه‌ده‌ستان و مه‌ئموورانی نیزامی که‌ یه‌خسیریی شه‌ڕن و هه‌ر وه‌ها خه‌ڵکی مه‌ده‌نیش – و حه‌ول ده‌دن ئه‌وان پێمل بکه‌ن له‌ گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌یه‌ک بکه‌ون که‌ ئه‌وان ئێستا‌ خه‌ریکن به‌ نێوی ئیتالیای  ئازاد ڕێکی خه‌ن و ده‌یانه‌وێ ئه‌و باوه‌ڕه‌ له‌ به‌رده‌نگی قسه‌کانیان دا پێک بهێنن که‌ ئه‌و ڕێکخراوه‌یه‌ له‌ ژێر ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌و ژه‌نه‌ڕاڵه‌ ئیتالیاییانه‌ دا ده‌بێ که‌ ئێستا له‌ لایه‌ن ئینگلیسییه‌کانه‌وه‌ یه‌خسیر کراون، له‌وانه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ بێرگۆنزۆلی که‌ ئه‌وان زۆرتر نێوی ئه‌و ده‌به‌ن.
بهو شێوهی که‌ له‌ ڕاپۆرتهکاندا باسی ئهو ژن و مێرده‌ کراوە، ئێمه‌ دهتوانین به‌ دڵنیاییهوه‌ بڵێین ئهوان ههر ئهو ژن و مێرده‌ بوون که‌ پێشتر له‌ سوورییه‌ خهریکی چالاکی گوماناوی بوون، ژن و مێردێک که‌ بریتی بوون له‌ هاووڵاتیێکی ئهمهریکایی به‌ نێوی ویلیام باروش ‌[ساخ بووهتهوه‌ وینستن بێردت بووه‌] که‌ به‌ ڕواڵهت نوێنهرایهتی کۆمپانیای  گوودیێر بووه‌ و ژنه‌ ئیتالیاییهکهی، به‌ ڕهچهڵهک جوولهکه، له‌ دایکبووی تورین٣
 سیم (دهزگای زانیاری نیزامیتوانی هێندێک له‌ نامهکانی بێردت دهست بخا و بیانخوێنێتهوه‌ که‌ بۆ کهسێکی نووسیبوو‌ له‌ نیۆیۆرکئهو نامانه‌ بهڵگهن بۆ له‌ گۆڕێ دابوونی عهمهلییاتێکی بهربڵاوی جاسووسی و چاوهدێرییهکی ئهوتۆ که‌ ئاگاداریی و پێشبیینییهکی ههموولایهنه‌ دهردهخهن سهبارهت به‌ بهرتهنگ بوونی سیاسهتهکانی بریتانیا لهباڵکان و له‌ مهڕ ئهو دهورهی که‌ یهکێتی شووڕهوی خهریکه‌ لهو ناوچانه‌ بیگێڕێ.٤
له‌3 مانگی یهکهمی ساڵی 1942 دا، لی سکییاڤی ههتا بڵێی چالاکه‌: سهفهر دهکا بۆ هیندووستان ( که‌ لهو سهروبهنده‌ دا لهوێ گاندی خهریکی رێک خستنی بزووتنهوهیهکی دژی بریتانیای گهوره بووو بۆ سوورییه‌ ( که‌ له‌ لایهن بریتانیاوه‌ داگیر کراوه‌ دوای شهڕێکی قورس له‌ نێوان سهربازانی حکوومهتی ڤیشی و لایهنگرانی فهڕانسهی ئازاد).دوایه‌ دهگهڕێتهوه‌ بۆ ئێران،سهری له‌ چهندین ناوچهی ئێران ‌دا و تهنانهت توانی بچێته‌ ئهو ههرێمهش که‌ له‌ ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسهکان دابوو. ئهو نهخشهی ئهوه‌ بوو‌ چهندین مانگی دیکهش له‌ ئێران بمێنێتهوه‌ و دوایه‌ لهوێوه‌ بگوێزێتهوه‌ بۆ قاهیڕه‌.ئهو بۆ ڕچه‌ ههڵگرتنی مهئموورانی نازی فاشیست سهفهری کرد بۆ ئازهربایجان و کوردستان، بهو هیوایهی بتوانێ ئهو ڕێگهیه‌ بدۆزێتهوه‌ که‌ پێی دا چهک دهدرێ به‌ عهشیرهته‌ کوردهکانبۆ ئهو مهبهسته، له‌ مانگی ئاوریل دا، له‌ کاتێک دا هاوسهرهکهی له‌ نیو دێلهی بوو، له‌ گهڵ یارمهتیدهرێکی گهنجی ئێرانی خۆی بهرهو باکووری ئێران چوولهو ناوه‌ دا دهزگا نهێنییهکانی ئیتالیایی ئیدی بڕیاریان دابوو  دهبێ له‌ نێو بچێ و بۆ کوشتنی دهستهیهک له‌ ئهمنییهی کورد ( پاڕێزوانانی ڕێگاو بانیان به‌ کرێ گرت  و کارهکهیان پێ ئەسپاردنله‌ ٢٤ی ئاوریلی ١٩٢٤ دا، ئهو ئوتوموبیلهی‌ ئهو ڕۆژنامه‌ نووسه‌ و هاوکاره‌ ئێرانییهکهی  تێدا دهبێ له‌ نیزیک میاندواو به‌ زۆری ڕا گیراچهتهکان له‌ پێشدا داوایان  له‌ خانمی  " ئاغایانکرد ‌ خۆی بناسێنێ و دوای ئهوهی زانییان  ئهو کێیه‌ لێی گەڕان؛ ئهوجار له‌ خانمی بێردت یان پرسیئهوان هێندێک دوور دهکهونهوه‌ بۆ ئهوهی له‌ گهڵ کهسێک قسه‌ بکهن و، دیسان گەڕانەوە‌ لای ماشێنهکه‌ و پێنج گولله‌‌یان له‌ لی سکییاڤی دا.لی سکییاڤی سهعات و نیوێک دوای ئهوه‌ گیانی ئەسپاردههر وهها ئهوهش زاندراوه‌‌ چهتهکان هیچ شتێکیان لێ نەدزین٥
ههلومهرجی کوشتنهکه‌ هێما دهکا به‌ پێلان نانهوهیهکی نهێنی، پیلانێکی ئهوتۆی که‌ وینستن بێردت، ههر به‌ هاتنهوهی له‌ هێندووستانهوه‌ بۆ تاران، حهولێکی زۆری دا ئاشکرای کا و وهڕووی خائهو له‌ مانگی مهی-ژووهن ی ١٩٤٢ دا ههموو کوردستانی سهر و بن کرد:" ئهمن له‌ گهڵ ئهفسهرانی  پۆلیسی ئێران و ڕێبهرانی کورد قسهم کرد (لهوانه‌ سهرۆکی ئهمنییه‌) و گشت ئهو موسافیرانهی که‌ له‌ کاتی کوشتنی دا له‌ گهڵ ژنهکهم بوونگشت ئهوهی‌ له‌ ههلومهرجی مردنی ژنهکهم توانیم لێی بزانم دهمگهیێنێته‌‌ ئهو ئهنجامهی که‌ ئهو بووهته‌ قوربانی کوشتنێک که‌ پێشتر بڕیاری له‌ سهردراوه‌" 6 .سهرۆکی ئهو چهتانهی  ئهو کردهوهیهی ئهنجام دا سزا درا به‌ کردهوهی سهخت، له‌ کاتێکدا دهنگۆی بهربڵاو ههبوو کێ له‌ پشت ئهو کوشتنه‌ بووه، ههڵبهت دیاره‌ بۆ شوێنه‌ وونکه‌ قسهی دیکهش کراوه،
دهزگای زانیاریی نهێنی نیزامی ئیتالیا تاوانی ئهو کوشتنهی وهپاڵ ڕووسهکان دا و گوتی دهستی ئهوانی تێدا بووه‌ ، بهڵام کاربهدهستانی ڕووسی له‌ بناوانهوه‌ دهستێدابوونی خۆیان لهو کاره‌ دا وهدوایه‌ دایەوە ئهوهش ئهو بۆچوونه‌ بههێزتر دهکا که‌ ئهو کوشتنه‌ به‌ فهرمانی ئیتالیاییهکان کرابێ، واته‌ دهزگای دژه‌ جاسووسی ئیتالیا  به‌ هاو کاری کۆڕی دیپڵۆماتی ئیتالیا له‌ ئانکاراتۆمهتبارکراوی سهرهکی کۆلۆنێل ئووگۆ لووچا (١٩٦٧-١٨٩٢) "ئاتهشهی بازرگانیسهفاڕهتخانهی ئیتالیا بووە‌ له‌ تورکییه‌. له‌ 21ی ئاوریلی ساڵی ١٩٤٥ وینستن بێردت چوو بۆ ڕۆم و له‌ دادگهی وێندرێ شکایهتی له‌ ئووگۆ لووچا کرد ، به‌ ئاماده‌ بوونی لاورۆ لاورێنتی کاربهدهستێکی سهفاڕهتخانهی ئیتالیا له‌ ئانکارا، که‌ نووسیبووی " لووچا دووجار گوتوویهتی،  دوای ئهوهی له‌ ڕۆمهوه‌ ئامۆژگاری بۆ هات، بهرپرسیارهتی  گرته‌ ئهستۆ بۆ بهڕێوهبردنی کوشتنی لی سکییاڤی ، که‌ دژه‌ فاشیستێکی زۆر نهحاواوه‌ بووله‌ خوارهوه‌ کورتهی ئهو ئیدیعایانهی لاورێنتی دهخوێننهوه‌ کهبه‌ دڵنیاییهوه‌ بۆ ڕۆژنامهنووسی ئهمهریکایی وینستن بێردت ی باس کردووه‌.‌
له‌ ئانکارا، له‌ مانگی ژووهنی ساڵی ١٩٤٢، لاوڕێنتی چاوی به‌ ئهندامێکی کۆڕی دیپڵۆماتی واته‌ کۆلۆنێل ئووگۆ لووچا کهوت و دهرفهتی ئهوهی بۆ ڕهخسا چهندین جار قسهی لهگهڵ بکا.
به‌ پێی قسهی لاورێنتی، کۆلۆنێل لووچا بۆ ماوهی درێژ وهک کهسایهتییهکی زۆر گرینگی Carabinieri corps  (ده‌زگای پۆلیس)  بووه‌. ئه‌و زمانی عه‌ڕه‌بی به‌ ‌ڕه‌وانی ده‌زانی، ته‌جروبه‌یه‌کی دوورودرێژی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا هه‌بوو، زۆر نیزیک بووه‌ له‌ گه‌ڵ خه‌ڵکی پایه‌به‌رز له‌ حکوومه‌تی فاشیست دا و،زانیارییه‌کانی سه‌باره‌ت به‌ کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بایه‌خێکی گه‌وره‌ی بۆ ئه‌و حکوومه‌ته‌ هه‌بووه‌. ئه‌و به‌ ساڵان دۆستێکی نیزیکی شوکری سه‌راجوغلوو وه‌زیری کارو باری ده‌ره‌وه‌ی تورکییه‌ بووه‌... و، دواجار ئه‌فسه‌ر و کاربه‌ده‌ستێکی گرێنگ  بووه‌ له‌ مه‌ڕ کارو باری نێوخۆیی له‌ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئیتالیا له‌ تورکییه‌ دا، و‌ له‌ سه‌فاڕه‌تخانه‌ پایه‌ی ڕه‌سمی یاریده‌ده‌ری ئاته‌شه‌ی بازرگانی بووه‌.
لاوڕێنتی ده‌نووسێ،کاتێک ئه‌و له‌ ئانکارا بوو. کۆلۆنێل لووچا دوو جار بۆی باس کردووه‌ و به‌ ئاماده‌ بوونی شاهیدان، که‌ ئه‌و به‌ شه‌خسه‌ به‌رپرسی نه‌خشه‌ کێشانی کوشتنی لی سکییاڤی بووه‌. لووچا له‌ قسه‌کانی دا گوتوویه‌  دوای ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆمه‌وه‌ ئامۆژگاری کراوه‌ ئه‌و ئه‌رکه‌ی به‌ڕێوه‌ بردووه‌.
له‌ قسهکانی دا لهگهڵ لاورێنتی، کۆلۆنێل لووچا پێی گوتووه‌ ئهو بۆ خۆی له‌ ئاوریلی ١٩٤٢ دا له‌ کوردستان بووه‌ ٧.
بهڵگهی له‌ مهڕ پێوهندی و ههڵسوکهوتی لووچا له‌ گهڵ هێڕاڕشی فاشیستهکان له‌ یادداشتهکانی گالێتسۆ سیانۆ دا دهدۆزرێتهوه‌. له‌ ٢ی ژانڤییهی ١٩٤٣، وهزیری کارو باری دهرهوه‌ ئهو ئهفسهرهی Carabinieri corps (ده‌زگای پۆلیس) له‌ ته‌ک خۆیدا ده‌با بۆ لای موسۆلینی بۆ ئاڵوگۆڕی بیرو ڕا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست.٨ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سه‌باره‌ت به‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌‌ ڕاسته‌وخۆیه‌کانی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ - که‌ دواتر لاوڕێنتی بانگ کرا شاییدی له‌ سه‌ر بدا – لاوڕێنتی زمانی تێک ئاڵا و گوتی ، ئه‌وه‌ بۆ وی ئاشکرایه‌ بێردت  قسه‌کانی خراپ لێک داوه‌ته‌وه‌، چونکه‌ بێردت‌ به‌ خراپ له‌  هێندێک لهو ڕستانه‌ گهیشتووه‌ که‌ ئهو بهکاری هێناوه‌. کهسایهتی لاوڕێنتیش جێی مشتومڕێکی یهکجار زۆره‌. له‌ مانگی مهی ١٩٤٢ ئینگلیسییهکان گرتیان و له‌ بهندهری بهسره‌ ڕایان گرتبوو.لهوێش سهبارهت به‌ لی سکییاڤی و بێردت لێپرسینهوهی لهگهڵ دهکهنلهماوهی گیرانی دا ئهو بهڵێنی هاوکاری دا به‌ ئینتێلیجنس سێرویس و ئازاد کرا و داوای لێکرا ههر وهک لایهنگرێکی فاشیست خۆی نیشان بدا و ئهوهندهی پێی دهکرێ خهریکی کۆکردنهوهی زانیاری بێ سهبارهت به‌ چلۆنایهتی داو و دهزگای ئیتالیا له‌ دهرهوهی ووڵات.لاورێنتی ئێرانی بە جێهێشت و له‌ 21ی مانگی ژووهنی 1942 گەیشتە‌ ئانکارا و لهوێ به‌ پێی داوخوازی سهفارهتخانهی ئیتالیا ڕاپۆرتێکی به‌ وورده‌ ڕیشاڵی نووسی سهبارهت به‌ له‌ نێو چوونی ڕۆژنامه‌ نووسی خهڵکی پیێێدمۆنت واته‌ لی سکییاڤی، به‌ بێ ئهوهی هیچ شتێک له‌ مهر ئهوهی که‌ کێ له‌ پشت ئهو قهتڵهوه‌ بووه‌ بنووسێ.9 نهبوونی هیچ هێمایهک بهو کهسانهی‌ عهمهلییاتێکی ئاوایان بهڕێوهبرد – له‌ بهڵگهیهک دا که‌ تهنێ چهند مانگ دوای ڕووداوهکه‌ نووسراوه‌ - زۆر سهیر و جێی گومانه‌ و با ئهوهش بزانین که‌ دهستهڵادارانی ئیتالیایی به‌ تهواوی به‌ سهرچاوهی فهرمان دانی کوشتهنهکهیان زانیوه‌ و بۆیهش نهدهبوو هیچ شیکردنهوهیهکیان له‌ لاوڕێنتی بوێلاوڕێنتیش ، به‌ نۆرهی خۆی دهستی لهوه‌ گێڕاوە له‌ مهڕ‌ ڕاستییهکی قورس ونا پێویست " بنووسێ.


وێنەی لی سکییاڤی لە سەر بەرگی کتێبی 'لی سکییاڤی، ئەو ژنەی کە زۆری دەزانی" نووسینی ماسیمۆ نۆڤێللی

رچهی ههواڵگری – دیپڵۆماتیک له‌ مهڕ کوشتنی لی سکییاڤی،بابهتێکی شیاوی تهقینهوهیه، تا ئهو جێگایهی دهگهڕێتهوه‌ سهر محاکهمهی کۆلۆنێل ئووگۆ لووچا، دهکرێ ئهفسهرێکی دهزگای پۆلیس به‌ تۆمهتبار دابندرێ که‌ دهستی گهیشتووهته‌ کهسانێک که‌‌ له‌ بهرزترین پلهکانی دهزگای دژی جاسووسی ئیتالیا دا دهستڕۆیشتوو بوون.ئهو کهسایهتییهک نهبوو که‌ سهر به‌ ڕێژیمی تێک تهپیو بێ بهڵکوو ئهفسهرێکی ئاوا بوو که‌ له‌ سهروبهندی داگیرکاری نازی دا له‌ ڕۆم مایهوه‌ و له‌ nucleo Informativo  ( ده‌نکی زانیاری ) کولۆنێل جۆزێپێ کۆردێرۆ  واته‌ لانتسای مۆنتێزێمۆلۆ دا کاری ده‌کرد. جا بۆیه‌ کۆلۆنێل لووچا که‌سایه‌تییه‌کی زۆر گرینگ بوو‌ له‌ ده‌زگا جاسووسییه‌کانی ئیتالیای دێمۆکڕاتیک دا، به‌ هه‌بوونی پێوه‌ندی زۆرچاک له‌ نێو وه‌زاڕه‌تی کاروباری نێوخۆ دا.ستراتێژی خۆ پاراستنی کۆلۆنێل لووچا شاکارێکی زیره‌کی و ددان به‌ جه‌رگ داگرتن و شت نه‌درکاندنه‌، که‌ له‌ ڕاپۆرتێکی ١٢ لاپه‌ڕه‌یی دا خۆی دەرخست و به‌ شێوه‌یه‌کی ئاوا نووسراوه‌ ‌ نیشان بدا ئه‌و‌ ڕێز له‌ دامه‌زراوه‌ دێمۆکڕاتیکه‌کان ده‌گرێ نه‌ک ئه‌‌وانی فاشیستی. ئه‌وه‌ی به‌ دوو دا دێ ئه‌وه‌یه‌ ،که‌ به‌ تومه‌تبار دانانی وی، پای گشت ڕێبه‌رایه‌تی داو و ده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌کانیشی هێنا‌ نێو مه‌سه‌له‌که‌. داو و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کان دهستبهجێ پشتیوانیان لێ کرد به‌ ڕێگای سیم (دهزگای زانیاریی نیزامیو وهزاڕهتی ههوا پێوانهوه، که‌ هاو ڕا بوون بۆ وهدوا دانهوهی ئهگهری ئهوهی لووچا توانیبێتی له‌ ئاوریلی ١٩٤٢ دا له‌ ئێران بووبێلووچایهکی که‌ له‌ ساڵانی ١٩٤١-٤٢ دا قارهمانی ٤ مهئموورییهتی گهوره‌ بوو له‌ ڕۆژههڵاتی نێوهڕاستههرچۆنێک بێ، ئیدیعای وی که‌ پێی دهخاکی ئێران نهناوه‌ ، تۆمهتباری کوشتن له‌ سهر ئهو ئهفسهره‌ پله‌ بهرزهی سیمی (دهزگای زانیاریی نیزامی ) لا برددیاره‌ له‌ بهر دینامیزمی له‌ کهمین خستنهکه، ههرچۆنێک بێ ئامادهیی ئیتالیاییهکان له‌ شوێنی ڕووداوهکه‌ رێی تێناچێ)، بهڵام هیچیشی نەکرد سهبارهت به‌ مهسهلهی واقعی، واته، دامهزرانی زنجیرهی فهرماندهریی که‌ له‌ لووتکهی خۆی دا گەیشتە‌ فهرمانی کوشتنی لی سکییاڤیبه‌ تهواوی لهوانهیه‌ کۆلۆنێل لووچا به‌ ههزاران میل له‌ شانۆی کهمین دانانهکه‌ دوور بووبێ، بهڵام ئهوه‌ دهوری ئیتالیاییهکان ناشواتهوه‌ که‌ دهکرێ هاندهری کوشتنهکه بووبنئهو ڕاپۆرته‌ درێژ و دڵی خۆ پێ خۆشکهره‌ هیچ سهرهداوێکی بهدهستهوه‌ نەدا له‌ مهڕ ئهو ئهفسهرانهی دهزگای دژه‌ جاسووسی  که، له‌ ژێر فهرمانی لووچا دا، له‌ بههاری وهفاداری ساڵی ١٩٤٢ سهروکاریان له‌ گهڵ کاروباری له‌ مهڕ تورکییه‌ و ئێراندا ههبوو.لهڕاستیدا،ئهگهرچی ڕاپۆرتهکه‌ له‌ سهرتاوه‌ ئاوا گهڵاڵه‌ کرابوو که‌ نێوی خۆی پاك کاتهوه‌ له‌ وهی دهستیی بووبێ له‌ کوشتن دا، بهڵگهکان دهست لهوه‌ دهگێڕنهوه‌ به‌ هیچ جۆر هێما به‌ نێوی لی سکییاڤی بکهنشیکردنهوه‌ و ڕوونکردنهوهکانی  بهشی لێپێچینهوهی سهرهتایی (Sezione ibstruttoria ) دادگای ڕۆم و شێوهی جووڵانهوهکهی ئهویش هیچ یارمهتیدهر نەبوون‌ که‌ دوای ساڵێک به‌ پێی داوخوازی جێنیشنی دادئهستێنی ناوچهیی  تاوانهکه‌ ڕهد  کراوە‌ به‌ بێ ئهوهی زهحمهتی ئهوه‌ به‌ خۆی بدا هیچ پرسیارێک له‌ تۆمهتبارکراو بپرسێ  (تهنانهت لێی بپرسێ، به‌ له‌ بار چاوگرتنی دهوری وی وهک پسپۆڕێک و ئهفسهرێک له‌ داو و دهزگا ههواڵگرییهکانی که‌ له‌ ڕۆژههڵاتی نێوهڕاست ههڵسووڕانیان ههبوو داخودا ئهو هیچ زانیارییهکی ههیه‌ سهبارهت به‌ له‌ نێو چوونی ڕۆژنامهنووسهکه‌). دادگه‌ ڕاپۆرتهکهی " پێ پهسنده‌" ئهگهر چی به‌ ئاشکرایی دهکهوێته‌ دهرهوهی بابهتهکه‌. کوشتنی هاووڵاتییهکی ئیتالیایی تهنانهت ئهو دادگایهشی لێ ناوهشێتهوه‌ که‌ ئهو مێشکه‌ دیاری بکا که‌ به‌ نهێنێ له‌ پشت دهستی بکوژهکه‌ بوو.

١سهرووتاری یهکهم ژمارهی حهوتووانهی نۆتیزاریۆ ئیتالیانۆ (بولتهنی ئیتالیاکه‌ له‌ لهندهن بڵاو دهبووهوه، له‌ بڵاو کراوهکانی بزووتنهوهی ئازادیی ئیتالیا، ٦ی دیسامبری ١٩٤١..
٢بڕوانه‌:  see Antonello Biagini & Fernando Frattolillo (eds.), Diario storico del Comando supremo. Raccolta di documenti della seconda guerra mondiale (Historical log of the Chiefs of Staff)Roma, SME-Ufficio storico, 1986, I tome (text) , page 652 and tome II (enclosures) pages 264652 .
٣تێلگرامی کۆنسوولی ئیتالیا له‌ ئادانا بۆ وهزاڕهتی کاروباری دهرهوه‌ سهبارهت به‌ " بێردت ( ڕۆژنامه‌ نووسی ئهمهریکایی) – بانگهشهی لایهنگرانه، 8ی فێڤرییهی ١٩٤٢ (دۆسییهکانی دادگهی پێداچوونهوهی ڕۆم،تهسبیته‌ سهرهتاییهکان، بهشی ، ف١٢١)
٤. بڕوانه‌ نامهیهکی تایبهتی له‌ وینستن بێردت له‌ ٧ی ماڕسی ١٩٤١ له‌ ئانکاراوه‌ بۆ کارڵ ڕانداو ی ناردووهو له‌ ٢٠ی مارسی ١٩٤١ دهزگای دژی جاسووسی ئیتالیا دهستی خستووه‌ و وهریگێڕاوهته‌ سهر زمانی ئیتالیایی (ههر ههمان جێگای پێشوو)
٥.ڕاپۆرتێک که‌ لاورۆ لاورێنتی له‌ ٢٧ی ژووهنی ١٩٤٢‌ له‌ سهر داوای سهفاڕهتخانهی ئیتالیا له‌ ئانکارا سهبارهت به‌ کووژرانی لی سکییاڤی بێردت نووسیویه‌ ( ههر ههمان جێگای پێشوو)
٦ئهو تاوانهی وینستن بێردت وهپاڵ کۆلۆنێل لووچای دا، ڕۆم، 21ی ئاوریلی ١٩٤٥ ( ههمان جێگای پێشوو )
٧. [ ههر ههمان جێگای پێشوو ]
٨. یادداشته‌کانی  گالێتسیۆ سیانۆ، ١٩٤٣-١٩٣٧، ئێدیت کراو له‌ لایه‌ن ڕێنزۆ دێ فێلیچێ، میلانۆ، وه‌شانخانه‌ی ڕیزۆلی، لاپه‌ڕه‌ی  ٦٨٢ تا ٦٨٥
٩.ئهو ڕاپۆرتهی له‌ 27ی ژووهنی ١٩٤٢ له‌ ئهستهنبووڵ هاتووهته‌ سهر کاغهز و پێشترقسهمان لێوه‌ گێڕاوه‌.


کورتەیەک لە مەڕ چالاکی وینستن بێردت هاوسەری لی سکییاڤی

وینستن بێردت لە بەر دەم کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی نێوخۆیی سەنای ئەمەریکا
نۆڤامبری ١٩٥٥
وێنە: ئینترنێت

وینستن بێردت ( ١٢ی دیسامبری ١٩١٣ – ١٩ی مه‌ی ١٩٩٣) ڕۆژنامه‌نووسێکی  ئه‌مه‌ریکایی بوو و له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی دووه‌می دنیاگره‌وه‌ دا هه‌واڵنووسی  تۆڕی ڕادیۆیی سی بی ئێس و دواتر هه‌واڵده‌ری به‌شی ده‌نگوباسی تێلێڤیزیۆنی سی بی ئێس بوو. ئه‌و له‌ ناوچه‌ی بافالۆی نیۆیۆرک له‌ دایک بوو. له‌ ساڵی ١٩٤٢- ١٩٣٧ له‌ پارتیی کۆمۆنیستی ئه‌مه‌ریکا دا چالاک بوو، له‌ ساڵی 1955 له‌ به‌ر ده‌م  کۆمیسیۆنی ئه‌منییه‌تی نێوخۆیی سه‌نای ئه‌مه‌ریکا شاهیدی دا و به‌ وورده‌ ڕیشاڵ باسی کاری سیخوڕی خۆی کرد بۆ یه‌کێتێی شووڕه‌وی  له‌ ئوڕووپا و ناوی ده‌یان که‌سی دیکه‌ی ئه‌ندامانی پارتیی کۆمۆنیستیشی هه‌ڵدا.
شاهیدی دان
له‌ به‌رایی ساڵانی ١٩٥٠ دا ئه‌و به‌سه‌رهاتی کووژرانی ژنه‌که‌ی بۆ قازیی شاری نیۆیۆرک  رۆبێرت مۆری ئاشکرا کرد و له‌و باوه‌ڕه‌ دا بوو هاوسه‌ری له‌ به‌ر ئه‌وه‌ کووژراوه‌ چونکه‌ ئه‌و ده‌ستی له‌وه‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌‌ چیدیکه‌ جاسووسی بۆ شووره‌وی بکا.دوا جار مۆری هانی دا ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ گه‌ڵ کۆمیسیۆنی ئه‌منییه‌تی نێوخۆیی سه‌نای ئه‌مه‌ریکا بهێنێته‌ گۆڕێ، مۆری بۆ خۆی چه‌ند ساڵ پێشتر ڕاوێژکاری ئه‌و کۆمیسیۆنه‌ ببوو. شاهیدی دانی بێردت له‌ ٢٨ی ژووه‌نی ١٩٥٥ له‌ به‌ر ده‌م ئه‌و کۆمیسیۆنه‌ی سه‌نا هه‌رایه‌کی زۆری لێکه‌وته‌وه‌. ئه‌و لیسته‌یه‌کی درێژی له‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ ساڵانی ١٩٣٠ دا کۆمۆنیست بوون له‌ به‌ر ده‌ست کۆمیسیۆنه‌که‌ نا، به‌ ده‌یان که‌س له‌ به‌ر شاهیدی دانی بێردت نێویان هاته‌ گۆڕێ.
بێردت له‌ شاهیدی دانه‌که‌ی دا وورده‌ ڕیشالی چالاکی خۆی و ١٠ ئه‌ندامی دیکه‌ی ده‌سته‌ی کۆمۆنیستی برووکلین ئیگڵ ( هه‌ڵۆی برووکلین)ی ئاشکرا کرد، ئه‌و هه‌ر وه‌ها زۆر به‌ ووردی کاری سیخوڕی خۆی بۆ یه‌کێتی شووڕه‌وی درکاند. له‌ یه‌که‌م پێنج ڕۆژنامه‌نووسی که‌ دوای شاهیدی دانی بێردت له‌ به‌رده‌م کۆمیسیۆنی ئه‌منییه‌تی نێوخۆیی سه‌نا بانگ کران بۆ شاهیدی دان ته‌نیا یه‌کێکیان به‌ نێوی چارڵز کروتزنه‌ر، ڕۆژنامه‌ نووسی نیۆیۆرک تایمز  پێی لێ نا که‌ سه‌ر به‌ پارتیی کۆمۆنیست بووبێ.یه‌کێک له‌ ڕۆژنامه‌ نووسه‌کان له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی نه‌یتوانی ووڵامی پرسیاره‌کان بداته‌وه‌،کاری له‌ ده‌ست دا.
شاهیدی دانی بێردت له‌ به‌ر ده‌م کۆمیسیۆنی ئه‌منییه‌تی سه‌نای ئه‌مه‌ریکا، له‌ نۆڤامبری ١٩٥٥ دا به‌لانی که‌مه‌وه‌ بووه‌ هۆی بانگ کردنی ٣٥ که‌س بۆ ئه‌وه‌ی لێپێچینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ بکرێ. سه‌ناتۆر جه‌یمز.ۆ.ئیستله‌ند سه‌رۆکی کۆمیسیۆن بوو. له‌و که‌سانه‌ی لێیان پێچانه‌وه‌، 26 که‌سیان مووچه‌ خۆری ئێستا یان ڕابردووی ڕۆژنامه‌ی نیۆیۆرک تایمز بوون. ئه‌گه‌ر چی له‌ شه‌بکه‌ی سی بی ئێس دا زۆر که‌س دوای ئه‌و شاهیدی دانانه‌ وینستن بێردتیان به‌ خائین داده‌نا، به‌ڵام مۆراو، سه‌رۆکی ئه‌و ده‌زگایه‌ پشتیوانی لێ کرد و بێردت جارێکی دیکه‌ وه‌ک هه‌واڵنووسی سی بی ئێس ناردراوه‌ بۆ ڕۆم. ئه‌و بوو به‌ پسپۆڕێکی کارو باری ڤاتیکان و له‌ سه‌ر بانی بینای سی بی ئێس قسه‌ی بۆ ئه‌و خویندکارانه‌ ده‌کرد که‌ سه‌ریان له‌ ڕۆم ده‌دا و له‌مه‌ر ئیتالیا و ڤاتیکان زانیاری ده‌دانێ. له‌وه‌ به‌ولاوه‌، بێردت وه‌کوو ڕاپۆرتچییه‌کی ئێف بی ئای ش کاری ده‌کرد و زانیاری ده‌دانێ. ئێف بی ئای هێشتا ٩٠٠ لاپه‌ڕه‌ به‌ڵگه‌ی نهێنی سه‌باره‌ت به‌ وینستن بێردتی ڕاگرتووه‌.

ڕیوایه‌تی  وینستن بێردت سه‌باره‌ت به‌ کووژرانی هاوسه‌ری لی سکییاڤی

ده‌قی قسه‌کانی وینستن بێردت له‌ به‌رده‌م  کۆمیسیۆنی هێمنی نێوخۆیی سه‌نای ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا. چوارشه‌مۆ ٢٩ی ژووه‌نی ١٩٥٥

..... سه‌رۆکی کۆمیسیۆن: چ به‌ سه‌ر هاوسه‌ری یه‌که‌مت هات؟


وینستن بێردت: یه‌که‌م هاوسه‌ری من، وه‌ک بۆم باس کردن، ڕۆژنامه‌نووسێکی ئیتالیایی بوو. نێوی لی سکییاڤی بوو. لی سکییاڤی ڕۆژنامه‌نووسێکی قسه‌ له‌ ڕووی دژی فاشیست بوو،ئه‌و کاتەی‌ من ناسیاویم له‌ گه‌ڵ په‌یدا کرد، ئه‌و توانیبووی کاری خۆی بۆ دوو گۆواری ئیتالیایی، دوو گۆواری ئه‌ده‌بی و سیاسی بپارێزێ. ئه‌و بۆ ئه‌و
گۆوارانه‌ی ده‌نووسی و ئه‌وه‌ له‌ به‌رایی ١٩٤٠ دا بوو.پاش ژنوشووییمان، که‌ له‌ کۆتاییه‌کانی مانگی ژووییه‌ی ١٩٤٠ دا بوو، تا ئه‌و جێیه‌ی وه‌بیرم دێ ، ئیدی ئه‌و هیچ بابه‌تی بۆ ئەو دوو گۆوارانە  نه‌نارد، جێی گومان بوو ئه‌گه‌ر ناردباشی چاپیان کردبایه‌. لی زۆر ئازا و به‌ ئیراده‌ بوو. هه‌تا بڵێی قسه‌ له‌ ڕوو بوو و قسه‌ی خۆی نه‌ده‌خوارده‌وه‌،هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌وه‌ش کاربه‌ده‌ستانی ئیتالیا  بۆ هه‌ر ووڵاتێکی که‌ ئێمه‌ چووبایه‌ین، هه‌میشه‌ لێی جاڕز بوون. ئه‌وان پاسپۆرته‌که‌یان پووچه‌ڵ کردبووه‌وه‌، ئێستا باش وه‌بیرم نایه‌ گه‌لۆ پاسپۆرته‌که‌یان لێ ئه‌ستاندبووه‌وه‌ یان نا، یان ئعتیباریان درێژ نه‌ده‌کرده‌وه‌، به‌ڵام له‌ بیرمه‌ ئه‌و ده‌می که‌ له‌ بوخارێست – ڕۆمانی بووین، له‌ سه‌فاڕه‌تی خۆمان، له‌ سه‌فاڕه‌تی ئه‌مه‌ریکا، وه‌ره‌قه‌یه‌کی سه‌فه‌رم بۆ وه‌رگرت به‌ مۆری ده‌وڵه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا که‌ تێیدا نووسرابوو، لی سکییاڤی شارۆمه‌ندێکی ئیتالیایی به‌ڵام هاوسه‌ری شارۆمه‌ندێکی ئه‌مه‌ریکایی یه ‌و، داوا ده‌کرێ ڕێگای بدرێ ئازادانه‌ سه‌فه‌ر بکا و شتی ئاوا و، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ بوو که‌ ئه‌و تا کاتی مردنی سه‌فه‌ری پێ ده‌کرد. به‌ڕێزان، ئه‌من ده‌بێ بڵێم، بۆ هه‌ر کوێیه‌ک چووباین ئیتالیاییه‌کان ڕقیان لێ هه‌ڵده‌گرت، واته‌ کاربه‌ده‌ستانی حکوومه‌تی فاشیستی ئیتالیا.

سه‌رۆکی کۆمیسیۆن: ئه‌و کووژرا؟

وینستن بێردت : به‌ڵێ ئه‌و کووژرا!

سه‌رۆکی  کۆمیسیۆن: کێ کوشتی؟

وینستن بێردت: بۆم هه‌یه‌ باسی هه‌لومه‌رجی کووژرانی بکه‌م؟

سه‌رۆکی کۆمیسیۆن: به‌ڵێ ! فه‌رموو

وینستن بێردت: ئه‌من ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌و کاته‌ی بابڵێین ئه‌و جاره‌ی که‌ بۆ دوایین جار ئانکاڕام به‌جێ هێشت له‌ کۆتاییه‌کانی مانگی مارسی ١٩٤٢ دا. به‌ پێی ئامۆژگاری ئه‌و کۆمپانییه‌ هه‌واڵده‌رییه‌ی کارم  بۆ ده‌کرد ده‌بوو بچمه‌ هیندووستان و له‌وێ بۆنه‌یه‌کی تایبه‌تی سیاسی ڕووماڵ بکه‌م، بۆنه‌یه‌کی کورت. وه‌کوو پێم گوتن، من لی م له‌ تاران به‌ جێ هێشت، بڕیارمان دا ئه‌و له‌ تاران بمێنێته‌وه‌ و له‌ گه‌ڵ من نه‌یه‌ بۆ هیندووستانی بریتانیا؛ چونکه‌ بۆ وی زۆر زه‌حمه‌ت ده‌بوو  وه‌کوو هاووڵاتییه‌کی ئیتالیا بتوانێ ویزای سه‌فه‌ری هیندووستانی بریتانیا وه‌ربگرێ ئه‌و ده‌می له‌ جه‌نگه‌ی شه‌ڕ دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ ژنی شارۆمه‌ندێکی ئه‌مه‌ریکایی ش بوو. جا بۆیه‌ لی، له‌ تاران، له‌ ئێران مایه‌وه ‌ئه‌و ده‌می که‌ من له‌ هیندووستان بووم.
ئه‌و که‌سێک بوو که‌ به‌پرسیارییه‌کی زۆری ڕۆژنامه‌نووسانه‌ و شۆر و شه‌وقێکی مه‌زنی ڕووناکبیرانه‌ی هه‌بوو و کاتێک منی لێ دوور بووم – ئه‌و سه‌فه‌ری یه‌کجار زۆر پێ خۆش بوو – سه‌فه‌ری کرد بوو بۆ هه‌موو شوێنه‌کانی ئێران و، کاتێک من له‌ هیندووستان بووم بڕیار ده‌دا بچێته‌ سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ی ئێران که‌ شووڕه‌وی داگیری کرد بوون، واته‌ باکووری ئێران، بۆ ئه‌وه‌ی ببینێ وه‌زعی ڕووسه‌کان چۆنه‌ و خه‌ریکی چن، هه‌ر وه‌ها ئه‌و شوێنانه‌ش له‌و به‌شه‌ی ووڵاته‌که‌ دا ببینێ که‌ مه‌وته‌نی عه‌شیره‌تی چاوڕاکێش و سه‌رزیندووی خۆجێیی بوون.
لی ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی کرد، به‌ هیچ جۆر تاقه‌ ڕۆژنامه‌نووس نه‌بوو  که‌ چووبێته‌ باکووری ئێران. خه‌ڵکی دیکه‌ش پێش وی چوو بوون. ئه‌و له‌و سه‌فه‌ره‌ دا دۆستێکی گه‌نجی ئێرانی، واته‌ ژنێکی گه‌نجی له‌ گه‌ڵ بوو. ئەوان بە یەکەوە چوون . ماشێنێکیان بە کرێ گرت، بۆ ئەوەی شۆفێری خۆیان هەبێ، شۆفێری ئێرانی خۆیان و سەفەریان کرد بوو بۆ شاری تەورێز. تەورێز شاری هەرە گرینگە لە باکووری ئێران و، ئەوێ بنکەی سەرکردایەتی هێزە داگیرکەرەکانی شووڕەوی بوو لە باکووری ئێران،واتە ئەو بەشەی ئێران کە ئەو دەمی ڕووسەکان داگیریان کرد بوو.
کاتێک گەیشتبوونە  تەورێزێ – با، ئەوە بڵێم ئەو سەفەرە لە ئاخر و ئۆخری مانگی ئاوریلی ساڵی ١٩٤٢ دا بوو – لی پێی خۆش دەبێ و بڕیار دەدا سەری کوردەکان بدا، واتە عەشیرەتە کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاوای ئێران. کوردەکان عەشیرەتێکن  - کە مرۆ ناتوانێ بە عەشیرەتێکی وەحشی یان نێوزەد بکا – ئەوان هەتا بڵێی کولتوورێکی پێشکەوتووی لەمەڕ خۆیان هەیە- بە ڵام شەڕانین و شەریان زۆر پێ خۆشە و، لەو سەروبەندی دا ، جۆرەیەک لە ئۆتۆنۆمیان هەبوو، بە تایبەتی لە ڕووی ئیدارەی پۆلیسی خۆیانەوە، لە ئاست حکوومەتی ناوەندی، چ لە ئاست حکوومەتی ناوەندی لە ئێران و یان لە ئاست حکوومەتی ناوەندی لە عێڕاق ، چونکە هێندێک لە عەشیرەتە کوردەکان لە بەری سنووری عێڕاق دەژین.
لەم گۆشە تایبەتییەی دنیا دا، کوردەکان لە سێ ووڵات دا دەژین. جا، لی بڕیار دەدا ئەو کوردانە ببینێ بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ و ڕێوڕەسم و شێوەی ژیانیانەوە، بۆ ئەوەی بزانێ چۆن دەژین؟ ئیدی ئەو و دۆستە گەنجەکەی، شۆفێرەکەیان، ئەفسەرێکی ئەڕتەشی ئێران و کوڕێکی مێر منداڵی کورد کە دەبوو دیلمانجیان بۆ بکا بەو ماشێنە دەربەستە کرێیە لە تەورێزەوە وەڕێ دەکەون بەرەو شارێک کە ئەمن ئێستا نێوەکەیم لە بیر نییە ، بەڵام مەکۆی ئەو عەشیرەتە تایبەتییە کوردە بووە.
ئەوان بەرەو ئەو شارە وەڕێ کەوتبوون و سەر لە بەیانی گەیشتبوونە وێندەرێ و لەوێ لە لایەن کەسایەتی سەرەکی شارەکەوە میواندارییان لێ کرا بوو. ئەمن نازانم داخودا ئەو سەرۆکی گەورەی ئەو بەشەی جیهان بووە بۆ کوردەکان یان نا؟ ئه‌من نازانم ئه‌و وه‌ک سه‌رۆک عه‌شیره‌ت داندراوه‌ یان نا؟ ئه‌و ناوی ئه‌میر ئه‌سعه‌د بوو. ئه‌وان بۆ نانی نیوه‌ڕۆ زۆر به‌ گه‌رمی له‌ لایه‌ن وی ڕا میواندارییان لێ کرا بوو، دوایه‌ دوای نیوه‌ڕۆیه‌ به‌ مه‌قسه‌دی گه‌ڕانه‌وه‌ به‌ره‌و ته‌ورێز وه‌ڕێ کەوتبوون. ئه‌وان به‌ ڕێگایه‌کی چۆل له‌و به‌شه‌ که‌له‌لایه‌ی ووڵات دا ده‌یان ئاژۆت که‌ له‌ نوخته‌یه‌کی تایبه‌تی دا دوو ئه‌منییه‌ پێشیان پێ  گرتبوون- ئه‌وان به‌ شێوه‌ی ڕه‌سمی پێیان ده‌گوترا ئه‌منییه‌ و ئه‌وه‌ به‌ مانای پارێزوانی ڕێگا و بانه‌. ئه‌و پارێزوانانەی  ڕێگا و بان کورد بوون. جۆره‌یه‌کی تایبه‌تی له‌ پارێزوانانی ڕێگاو بان بوون و چەکداریش بوون.ده‌کرێ بڵێین ئه‌وان زیاتر چه‌کدار بوون تا پارێزوانی ڕێگاو بان یان پۆلیس. هه‌رچۆنێک بێ  ماشێنه‌که‌یان ڕاگرتبوون و زۆر پرسیاریان لێ کرد بوون که‌ دیلمانجه‌ کورده‌که‌ بۆی وەرگێڕابوون و، هه‌ر که‌ زانیبویان ئه‌وه‌ لی سکییاڤی ژنه‌ ڕۆژنامه‌ نووسی ئیتالیایی یه‌ و له‌و به‌شه‌ی ووڵات دا سه‌فه‌ر ده‌کا، ڕووی لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌ی تێده‌که‌ن و ته‌قه‌ ده‌که‌ن. – ژنه‌که‌ی من و شۆفێره‌که‌ هه‌ست ده‌که‌ن کێشەیەک له‌ گۆڕێ دایه‌ و، یه‌که‌م گوللە به‌ره‌و ئه‌ولایه‌ی ماشێنه‌که‌ ده‌ته‌قێندرێ که‌ ژنه‌که‌ی منی لێ دانیشتبوو گوللە‌ وه‌ مه‌مکی ده‌که‌وێ.
هەڵبەت ماشێنەکە دەستبەجێ وەڕێ دەکەوێ ، دوایین قسەی  ژنەکەی من ڕوو بە شۆفێرەکە ئەوە بووە:
" ئاساتۆر، دوکتور" ، " ئێمە دەبێ بگەینە دوکتور"!
ئەوان وەڕێ کەوتبوون. پارێزوانەکانی  ڕێگاو بان دوو گوللەی دیکەیان بە ماشێنەکەوە نابوو، نازانم پێکابوویان یان نا ؟ بەڵام کەسی دیکەیان بریندار نەکرد بوو. لەو ڕوداوە دا کەسی دی گوللەی بەر نەکەوتبوو یان بریندار نەببوو و لی بەر لەوەی ماشێنەکە بگاتە تەورێزێ . هەر ئەو شەوە لە ڕێیە مرد بوو.
ئەو تەقەیە لە چوارمیلی شاری دا ڕووی دا بوو. جائێستا بۆ ووڵامدانەوەی پرسیاری بەڕێزت کە کێ لی کوشت؟ هەڵبەت پرسیاری یەکەم ڕەنگە ئەوە بێ کە ئەو بە هاندانی کێ کووژرا.چونکە هەلومەرجی  مادی تاوانەکە نیشان دەدا ئەوە قەتڵێکی بە ئانقەستەی سیاسی بووە.
ئەو دەمی ئەمن لە هیندووستانەوە گەڕامەوە ئێران حەولم دا ئەوەندەی لە توانام دا هەیە لەو ڕووداوە بکۆڵمەوە. کاربەدەستانی سەفاڕەتخانەی ئەمەریکا لە تاران و کاربەدەستانی کۆنسوولخانەی ئەمەریکا لە تەورێز ئەوەی لە دەستیان دەهات یارمەتییان دام، ئەمن چووم سەری شوێنی ڕووداوەکەشم دا و لەگەڵ ئەمیر ئەسعەد و لە گەڵ خەڵکی دیکەش قسەم کرد.
پۆلیسی ئێران لە بەر هێندێک هۆی ئاڵۆز هیچ یارمەتییەکیان نەکردم چونکە، من  پێم وایە ، ئێرانییەکان هەستیان دەکرد ئەو تاوانکارییە هان دراوە، بی ئەملاو ئەو لا لە لایەن هێزێکی گەورەی بێگانەوە کراوە  جا ئەو هێزە هەر لایەنێک دەبێ با ببێ، بۆیە ئێرانییەکان پێیان خۆش نەبوو هەتا ئاخرەکەی بە دووی ڕووداوەکەدا بچن و لێی بکۆڵنەوە.
ئەو پارێزوانەی ڕێگاوبان کە تەقەکەی کرد بوو گیرا، محاکەمە کرا و حوکمی هەتاهەتایی و کاری زەحمەتی بۆ بڕدراوە. لی دەکرێ لە لایەن ڕووسەکانەوە کووژرابێ، دەشکرێ لە لایەن ئیتالیاییەکانەوە کووژرابێ – بە دەست ڕووسەکان، چونکە ڕووسەکان دەستیان بە سەر هەموو ناوچەکە دا دەڕۆیشت. ئەوان ئەوێیان داگیر کرد بوو، هەرچەند لە ڕووی نیزامییەوە ئامادەییەکی زۆریان لەوێ نەبوو، بەڵام مەئموورەکانیان لە گشت ناوچەکە دا دەستیان ئاواڵە بوو. دەکرێ وا بە بیر دابێ  ئەو قەتڵە بە دەستی ئیتالییایەکان، بە هاندانی ئەوانیش بووبێ، یان تەنانەت مەئموورانی ئەڵمانیش. چونکە لەو بەشە وەحشی و بێ پۆلیسەی جیهان دا ئەوە زاندراوە کە مەئموورانی ئەڵمانی و ئیتالیایی لە تورکییەوە لە سنووران پەڕیبێتنەوە ولە ناوچەکە دا هەڵسووڕانیان هەبوو بێ.

سەرۆکی کۆمیسیۆن: پێت وایە ئەو کێ کوشتی؟ پێت وایە چ ووڵاتێک پلانی کوشتنی ژنی تۆی داڕشت؟

وینستن بێردت: بەڵێ، گەورەم، لە پێشدا، ئەو دەمی هەستم دەکرد ئەو کارە دەبێ بە دەست ئیتالیاییە فاشیستەکان بووبێ، بەڵام بەڕێز، جارێ چیرۆکەکە زۆری ماوە تەواو بێ.


وینستن بێردت لە کاتی شاییدی دان لە سەنای ئەمەریکا
نۆڤامبری ١٩٥٥

ئەمن  ئەو دەمی هەستم دەکرد ئەوە دەبێ ئیتالیاییە فاشیستەکان کردبێتیان. لی لە تارانێ دەستەیەکی پچووکی ڕێک خستبوو کە نێوی نابوو کۆمیتەی دژی فاشیستی ئیتالیاییەکان لە تاران، بە گوتنێکی دی ئەو کلووبێکی دژی فاشیستی وەگەڕ خستبوو، زۆر ئیتالیایی لە ئێران دەژیان و لەوێ کاریان دەکرد؛ لە زووەوە لەوێ ببوون. کۆلۆنییەکی پچووکی ئیتالیایی تەواو لە تاران هەبوو، ئەوانە موهەندیس و کرێکاری پسپۆڕ و لەوانە بوون و بەساڵان بوو لەوێ دەژیان.جا، لی لە نێو ئەواندا کلووبێکی ساز کرد و وەک لە بیرمە، نێوی نا بوو  کلووبی دژی فاشیستی تاران. ئەمن بە تەواوی هەستم دەکرد ئەوە تۆڵە ئەستاندنەوەیەک بێ لە لایەن ئیتالیاییەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دواتر زانیم  ئەوە وا نییە، بۆ ئەوەی چیرۆکەکە لە کورتی ببڕمەوە گەورەم، ئەمن پاشان ئەو باسەم لە ئەفسەرێک پرسی –  کە لە سەروبەندی دواتری گەرمەی شەڕ سی ئای سی ( دەزگای جۆخەکانی دژی هەواڵگری ئەمەریکا) پێی ناساندم. ئەمن لێم پرسی دەکرێ بۆ زانیاری خۆم پێم بڵێی ئاکامی ئەو زانیارییانەی وا سی ئای سی لە سەر ئەو ڕووداوەی کۆ کردوونەتەوە چنە، ئەو ئاکامانەی ئێوە سەبارەت بە کوشتنی لی سکییاڤی پێی گەیشتوون چ نیشان دەدەن؟ بە گوتنێکی دی داخودا سی ئای سی توانیوە هیچ سەرەداوێک بدۆزێتەوە ، ئەگەر ووڵامەکە ئەڕێ یە ئەوانە چن؟  داوام لێکرد ئەگەر شتێکتان بۆ دەرکەوت دەکرێ بە منیشی بڵێن؟ ماوەیەکی زۆر درێژی پێ چوو تا ئەمن چاوم بەو ئەفسەرە کەوتەوە. شەڕ تەواو ببوو و من ئاخرەکەی دیسان چاوم بەو ئەفسەرە کەوتەوە. ڕاستترەکەی ئەوەیە ئەو بە دووی مندا گەڕابوو بۆ ئەوەی ئاگادارم کا لەو شتەی کە بۆیان دەرکەوتبوو. ئەو گوتی، ئەو ڕاپۆرت و زانیارییانەی سی ئای سی بۆ ماویەکی دیاری بە دەستی گەیشتوون دەیسەلمێنن هیچ گومانی تێدا نییە لی بە هاندانی ڕووسەکان کووژراوە. ئەوان بەو ئاکامە گەیشتبوون  لی لە ماوەی سەفەرەکەی دا بۆ باکووری ئێران هێندێک زانیاری کەشف کرد بوو ٠ زانیاری ئەوتۆی کە ئەو دەمی واتە بەهاری ١٩٤٢ – ڕووسه‌کان له‌ باکووری ئێران، خه‌ریکی په‌روه‌رده‌ کردنی ڕێکخه‌رانی پارتیزانیی یوگوسڵاوی، ڕێکخه‌رانی نیزامی بوون، که‌ ده‌بوو به‌ کاتی خۆی بنێردرێنه‌وه‌ بۆ نێوخۆی یوگوسڵاوی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕیزی پارتیزانه‌ کۆمه‌نیسته‌کان دا له‌ یوگۆسڵاوی له‌ ژێر ڕێبه‌ری تیتۆ دا  شه‌ڕ بکه‌ن.
جا، ئه‌وه‌ ساڵی ١٩٤٢ یه‌ و چیرۆکی شه‌ڕی نێوخۆیی له‌ یوگوسڵاوی ئێستا کۆن بووه‌، به‌ڵام له‌و سه‌روبه‌ندی شه‌ڕ دا ئه‌وه‌ شتێک بوو که‌ ڕووسه‌کان نه‌یانده‌ویست که‌س پێی بزانێ که‌ بۆچوونی عه‌‌سکه‌ری و سیاسی ئه‌وان له‌ مه‌ڕ کێشه‌ی یوگوسڵاوی چییه‌؟ ئه‌وان نه‌یانده‌ویست که‌س ئه‌وه‌ بزانێ، به‌ر له‌ هه‌موانیش نه‌یانده‌ویست هاوپه‌یمانه‌کانیان ئه‌وه‌ بزانن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان زۆر چاک ده‌یان زانی لی سکییاڤی به‌ هاسانی و به‌ به‌ربڵاوی ده‌ستی به‌ سه‌فاڕه‌تخانه‌ ڕۆژئاواییه‌کان و ڕۆژنامه‌ نووسه‌ ڕۆژئاواییه‌کان ڕاده‌گا و ئه‌وانه‌. گه‌وره‌م، ئه‌نجامگیری ده‌زگای سی ئای سی، تا ئه‌و جێیه‌ی که‌ من توانیم ده‌ستی بخه‌م ئه‌وه‌ بوو. لی سکییاڤی بۆیه‌ کووژرا چونکه‌ زۆر شتی ده‌زانی...
سەرنچ ڕاكێشە وینستن بێردت لەبەر باوەڕی زۆر بە ئەوەی کە ڕووسەکان لە پشت کوشتنی هاوسەری بوون تەنانەت ناوی " مەهاباد"یشی لە بیر کردووە. ئەو ئەفسەرە ئێرانییە کە ئەو باسی دەکا لە گەڵ هاوسەری لە تەورێزەوە چوو بێ بۆ کوردستان دەبێ مەبەست لە " مەجید خانی میر موکردی" بێ. بە پێچەوانەی قسەی وینستن بێردت هەم لە ڕیوایەتی سەیفەخان و هەم لە کورتە ئاماژەکەی ئیگلتن دا هاتووە کە ئەوان بۆ نانی نیوەڕۆ میوانی ماڵی قازیی محەمەد بوون لە مەهاباد.

ئیگلتن سه‌باره‌ت به‌ کووژرانی لی سکییاڤی

هێمنایه‌تی له‌ نێو خۆی شاری مه‌هاباد دا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سێ ڕێبه‌ری جێی ڕێزی دینی و کۆمه‌ڵایه‌تی له‌وێ ده‌ژیان  و شاره‌که‌یان له‌ ئاست په‌لاماری عه‌شیره‌تان ده‌پاراست، ده‌سته‌به‌ر کرا بوو. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نا ئه‌من بوونی جاده‌ی نێوان مه‌هاباد – میاندواو  به‌ شێوه‌یه‌کی زۆر ناخۆش خۆی نیشان دا کاتێک له‌ ٢٤ی ئاوریلی ١٩٤٢ خانمی لی بێردت، ژنی ڕۆژنامه‌ نووسی ئه‌مه‌ریکایی وینستن بێردت، که‌ بۆ خۆشی ڕۆژنامه‌ نووس بوو کوژرا. لی بێردت له‌ مه‌هاباده‌وه‌ ده‌گه‌ڕاوه‌ بۆ ته‌ورێز و کاتێک له‌ نیزیک میاندواو ماشێنه‌که‌یان له‌ به‌ر ده‌م چایخانه‌یه‌ک ڕایگرتبوو ته‌قه‌ی لێ کرا له‌و شوێنی جاده‌که‌ له‌ پانایی ده‌شته‌وه‌ تێده‌په‌ڕێ که‌ به‌ ته‌نیشت ده‌ریاچه‌وه‌ هه‌ڵکه‌وتووه‌ و دانیشتووانی تورکن و ده‌گاته‌ ته‌پۆڵکه‌کانی کوردی.له‌ ڕۆژی ئه‌و کووژرانه‌ دا خانمی  بێردت بۆ نانی نیوه‌ڕۆ له‌ مه‌هاباد له‌ ماڵی قازیی محه‌مه‌د میوان ببوو، که‌ که‌سایه‌تییه‌کی به‌ ده‌سته‌ڵاتی ناوچه‌یی بوو و، زۆر به‌ بیستنی خه‌به‌ری ئه‌و کوشتنه‌ بێمانایه‌ تێک چوو. ئه‌گه‌رچی وورده‌ ڕیشاڵی ئه‌و ڕووداوه‌ روون نییه‌، به‌ڵام وا وه‌به‌رچاو دێ ئه‌و هێڕشه‌ به‌ده‌ست دوژمنێکی مه‌جید خانی میاندواو به‌ڕێوه‌چووبێ، که‌ کوڕه‌که‌ی له‌ گه‌ڵ خانمی بێردت له‌و ماشێنه‌ دا سه‌فه‌ری ده‌کرد.قاتڵه‌کان گیران و له‌ ته‌ورێز محاکه‌مه‌ کران، به‌ڵام به‌ سزای کرده‌وه‌ی خۆیان نه‌گه‌یشتن.
 (ویلیام ئیگلتن، کۆماری کوردی ساڵی ١٩٤٦،چاپی ١٩٦٣. لاپه‌ڕه‌ی ١٥ )

ڕیوایەتی سەیفەخانی میرموکری سەبارەت بە کووژرانی لی سکییاڤی – بێردت


ئەو سەروبەندی کە فەهیمولموک ئوستانداری ئازەربایجان بوو، ڕۆژێک لە گەڵ بابم مەجید خانی میرموکری  لە تەورێز بووین و لە گڕاند هۆتێل وەتاغی ژمارە ٦ دابەزیبووین. بابم هەموو ڕۆژێ دەچووە ئوستانداری و خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەو کارانە بوو کە ئوستاندا پێی دەئەسپارد. ئەوێ ڕۆژێ لە ساڵۆنی هۆتێلێ بە دەوری مێزێکەوە دانیشتبووم. لە دەوری مێزەکەی ڕووبەڕووی من دوو خانم دانیشتبوون. لە سەرەتاوە دیارە بوو یەکێک لەوان کە خانمێک بوو لە تەمەنی ٣٠ تا ٣٥ ساڵان، بڕێک قەڵەو و زۆریش جوان نەبوو، زۆر ووشیار و چوست  و چالاک وەبەرچاو  دەهات  ئەمەریکایی بوو و ئەوی دیکە کورتە باڵا، خوێن شیرین و لاواز بوو ،جلوبەرگێکی جوانی دەبەر کرد بوو، چاو و برۆ ڕەش بوو و خاڵێکی پچووکی ڕەشی لە سەر گۆشەی لێوی بوو و ئارام و لە سەرەخۆ وەبەرچاو دەهات.


مەجید خانی میرموکری لە بەرگی ئەفسەری ئیفتیخاری ژاندارمەری دا.
ئەم وێنەیە بە سپاسەوە ئومێدی میر موکری نەتیجەی مەجید خان لە بەر دەستی ناوین
 
ئەمن سەیفەدینی میرموکری کوڕی گەورەی مەجید خانی میرموکری لە تەمەنی تەقریبی شازدەساڵان دا، بە جلوبەرگی تەواوی کوردییەوە و پڕچەک بە دەمانچە و خەنجەر و قەتاری فیشەک و چەکمەی بەرقی دە پێدا،تەسبێحکی جوانیشم لە دەوری کالانی خەنجەرەکەوە هاڵاند بوو و تیغەڵەیەکی پچووکی باریکیشم بە دەستەی خەنجەرەکەوە هەڵئاوەسیبوو و قۆڵی کراسەکەشم تا ئانیشک هەڵکردبوو و دەملم کرد بوو، تفەنگێکی سێ تیری ئێرانی جوانیشم بە دەستەوە گرتبوو، لە دەوری مێزێکی دیکە ڕووبەڕووی دو خانمەکە دانیشتبووم و خەریکی خواردنەوەی ساردی بووم. هێشتا بابم لە ئوستاندارییەوە نەگەڕابووەوە، دوای چەند لەحزەیەک خانمە کورتە باڵاکە کە دوایە دەرکەوت هەرمەنی و کچی فلیکس ئاغایان ی سەناتۆرە لە مەجلیسی ئێران هاتە پێشێ، دوای سڵاو ڕوی تێکردم گوتی ئایا من دەچمە لایان و یان ڕێگا دەدەم ئەوان بێنە مێزی من و لام دانیشن؟ نایشارمەوە ئەو پێشنیارەم زۆر پێ خۆش بوو، ووڵامم دانەوە چۆنی پێتان خۆشە وا بکەن. دەستبەجێ لە مێزەکەی من نیزیک بوونەوە و خۆیان پێ ناساندم. خانمە ڕۆژنامە نووسە ئەمەریکاییەکە گوتی مێردەکەی ژەنەڕاڵە و ئێستا لە هیندوستان خەریکی خزمەتە. ناوی خانمە ئەمەریکاییەکە ( یای لی بێردت) بوو  و نێوی خانمە هەرمەنییەکە کە کچ بوو ( زینا ئاغایان بوو)، هەر وەک پێشتر باسم کرد کچی ئاغایان بوو کە دوایە بوو بە سەناتۆر و ئێرانی بوو و لە دۆستانی خانمە ڕۆژنامە نووسە ئەمەریکاییەکە بوو. دوای چەند لەحزە قسە کردن دەرکەوت ئەو خانمە مەئموورییەتی هەیە بچێتە ناوچەی موکری بە تایبەتی شاری مەهاباد .
لە بەر ئەوەی ئەودەمی هێزی هاوپەیمانەکان هاتبوون دە نێو ئێرانەوە، ناوچەکە زۆر قەرەباڵغ و بشێوێنی و مولووکوتەوائیفییەکی سەیر بە سەری دا حاکم بوو. هەموو کەس چەکدار بوو و ناوچە ناهێمن بوو. قەتڵ و تاڵان و دزی و شەڕەنگێزی لە هەموو جێیەک بەردەوام بوو. مەئموورینی دەوڵەتی ئێران لە هیچ ناوچەیەک دا نەبوون، بە تایبەتی لە کوردستانی موکری دا حوزوور و ئامادەییان نەبوو. فەرمانی ئوستاندار و کەسی دی نەدەخوێندراوە و هەرکەس هەرکەس و تێکەو لێکەییەکی سەیر هەبوو.


دانیشتوو: سەیفەخانی میرموکری کوڕی گەورەی مەجید خان. منداڵەکە
بێژەن خانی میر موکری. ڕاوەستاوان یەکەم کەس لە ڕاستەوە حەسەن خانی
میرموکری.
وێنە: ئومێدی میر موکری

دوای ئەوەی زانیم ئەوان خەیاڵی سەفەریان هەیە بۆ کوردستانی موکری. ئامادەیی خۆم نیشان دا هاوکاریان بکەم، لەگەڵیان بم و ئاگادارییان لێ بکەم. بەڵام لە بەر ئەوەی خۆم سەر بە بنەماڵەیەکی لەمێژینەی کوردم، لە گەڵ تاییفەی دێبۆکرییان کە هەر لە وان ڕۆژاندا لە بەر کووژرانی چەند کەسێک دۆژمنایەتی خوێنی لە نێو ئێمە دا ساز ببوو، عاقڵانە نەبوو ئەمن بچمە نێو ئەو ناوچەیەی کە سەراوەردی نێوان ئێمە و ئەوان بوو. بەڵام چارەنووس هیچی لە گەڵ ناکرێ. بێ سەرنجدان بەو دژوارییانەی کە بۆنی خوێنیان لێوە دەهات پێم گوتن کاتێک بابم لە ئوستاندارییەوە هاتەوە و گەیشتەوە وەتاغی هۆتێلەکەمان، ئێوە دوای ماوەیەک وەرن لە دەرگا دەن، داوای خۆتان بهێننە گۆڕێ و ڕەنگە بابم موافەقەت بکا، ئەو دەمی ئەمن بە چەکەوە هاوڕێییتان دەکەم.
کاتێک چاویان بە بابم کەوت، بابم لە ووڵامی داواکەیاندا پێی گوتن ناوچەکە زۆر شێواو و ناهێمنە و چوونی ئێوە بۆ ئەو شوێنانە مەترسی گیانیی لە گەڵە. خانمە ئەمەریکاییەکە بە ڕێگای خانمە هەرمەنییەکە دا کە دیلمانجی بۆ دەکرد ووڵامی داوە هەر پێشهاتێک ڕووبدا بەرپرسیارییەکەی لە ئەستۆی خۆمە و هیچ بەرپرسیارییەک بۆ ئێوە  ساز نابێ.
دوا جار ئەوەندەیان پێکێشی کرد کە بابم ڕازی بوو بۆ چوونی ئەوان بۆ مەهاباد موافەقەت بکا، بەو شەرتەی ئاغای فەهیمولمولک ئوستانداری ئازەربایجان  بە نووسراوە ئەو دەستوورە بۆ بابم بنووسێ، ئەوان هەر وەها بە بابمیان گوت ، ئێوە خۆت نا، بەڵام موافەقەت بکە و ئێجازە بدە با کوڕەکەت کە ئێستا لێرەیە لەگەڵمان بێ گەیشتە ئەوەی خانمەکان  بچنە ئوستانداری و تەرتیبی کارەکە بدەن. خانمەکان لە دیوەکە دەرکەوتن، نازانم پێم وا بێ  بە ڕێگای کۆنسولخانەی ئەمەریکاوە قسەیان لە گەڵ ئوستانداری کرد بوو.
ئوستاندار لە دووی بابمی نارد و سێ نامەی سەرداخراوی دا بە بابم و پێی گوت ئەو نامانە یەکیان بۆ خۆتە و دوونامەکەی دیکەش یەکیان بۆ عەلی ئاغای ئەمیر ئەسعەد فەرمانداری مەهاباد و ئەویدیان بۆ  مستەفا خانی شێخ ئاغایی نووسرا بوو  کە ئەوی یەکەمیان لە مەهاباد کرابوو بە فەرماندار و ئەوی دووەمیان لە میاندواو بەخشدار بوو و ئەو نامانە بۆ یارمەتیدانی ئەو خانمانە نووسرا بوون.

هەر چۆنێک بوو بۆ بەیانیی ئەوی ڕۆژێ بەر لە نیوەڕۆ بە ماشێنی خانمەکان کە ماشێنێکی جێدار و مۆدێڕن و تازە بوو و شۆفێرەکەشی کەسێکی هەرمەنی بوو بە نێوی ئاساتۆر، ئەمن و بابم لە گەڵیان چووین بەرەو میاندواو بۆ ماڵی ئێمە. فەرسەخێکی بمێنێ بۆ میاندواو  لە هەر دوو بەری ڕێگایە، چل و پێنج یان پەنجا سواری چەکداری کورد ڕاوەستابوون کە من یەکێکیانم لە دوورەوە ناسیوە و بە بابم گوت ئەو کەسە سەعیدئاغای قۆپی لە تاییفەی سڵەمانی دێبۆکری یە. بابم پیاوێکی عاقڵ و بیر تیژ بوو دەستبەجێ هەستی کرد ئەو سوارانە خیاڵێکی خراپیان هەیە، لە وانەیە ڕێگایان لێ گرتبێ و مەترسی زۆر نیزیک بوو، لە بەر ئەوەی ،من و بابم چەکدار بووین و دووکەس بووین و ئەوان زۆرتر بوون. کاتێک سەعید ئاغا و دوو کەسی دیکە هاتنە پێشەوەتر بابم بێ ئەوەی خۆی شلوێ کا، لە کاتێکدا دەستی لە سەر پەلەپیتکەی تفەنگەکەی بوو و ئەمنیش ئامادەی تەقە کردن بووم بە سەعید ئاغای گوت  کارێکی زۆر باشتان کرد ئێستا لێرەن دەستبەجێ ڕیزەکەتان ڕاست و پاست کەن و بە ئەدەب و حورمەتەوە ڕاوەستن چونکە هەر ئێستا وەزیری شەڕ و ئوستاندار و کاربەدەستە پایە بەرزەکانی دیکەی دەوڵەتی ئێران دەگەنێ و سی چل ماشێن دەبن  و دێنە ماڵی من لە دێی قەرەوێران و ئەمن ئەوە پێشتر دەچم و بە تەلەفون دەستوورم داوە لە ماڵێ ئامادە بن بۆ میوانداری. ئێوەش کاتێک ئەوان گەیشتنێ بچنە پێشێ خۆتان بناسێنن  و پێیان بڵێن مەجید خان ئاگاداری کردووین بۆ پێشوازی هاتووین و ئامادەی جێ بە جێ کردنی فەرمانین و لە خزمەت داین، دوای ئەوە شەوێ بە دووی ئەواندا وەرنە ماڵی من و لەوێ ئەمن ئێوەیان باشتر پێ دەناسێنم و دەکەونە بەر سەرنجیان و وێدەچێ ئەوە بۆ ئێوە باش بێ. دوای ئەو قسانە ئەوان فریویان خوارد و ڕیزی خۆیان ڕێک و پێک کرد و چاوەڕوانی هاتنی کاربەدەستان لەوێ مانەوە و دەستبەجێ بابم ئەمری کرد بە شۆفێرەکە لەوێ دوور کەوێتەوە و بە خواستی خودای لەو بەڵایە ڕزگاریمان بوو. با بە نەگوتراوی نەمێنێتەوە، یەکێک لە سوارەکان حاجی سەلیم کوڕی کوێخا ڕۆستەمی شین ئاوای دەورو بەری میاندواو بوو  و بە هێما و ئیشارە بابمی تێگەیاند جەرەیان چییە. ماشێنەکە بە خێرایی ئاژۆتی و گەیشتینەوە ماڵی خۆمان. سوارەکانیش تا درەنگانێک لەوێ ڕادەوەستن و هیچ خەبەرێک لە کاربەدەستان نابیسن و دوای ئەوەی تێدەگەن فێڵیان لێ کراوە، بەرەو شوێنی خۆیان دەچنەوە بە پەرۆش و ترس و نیگەرانی لەوەی نەکا سوارەی ئێمە بە دوویان دا بچن و کاربکێشێتە شەڕ و لە یەک دان، بۆی دەردەچن.

لە ڕاستەوە: عەلی حەبیبیان، برایمی شێخ ئاغایی (برایمە سوور)، فەتتاح خانی میر موکری،
حەسەنی عیرفانی. برایمی شێخ ئاغایی و فەتتاح خانی میرموکری کە دۆستی یەکتری بوون
بوونە قوربانی کێشەی عەشیرەتی و لە میاندواو یەکتریان کوشت.
وێنە: ئارشیوی ئومێدی میرموکری


خانمەکان سێ ڕۆژان میوانی ئێمە بوون. میواندارییەکی زۆر گەرممان لێکردن کە دیارە میوان بەخێرهێنان خەسڵەتی کوردییە و ئێمە هەموو ڕێ و ڕەسمی کوردیمان بە جێ هێنا، دوو دەست جلوبەرگی ژنانەی کوردیمان بە هەموو شتێکەوە وەکوو تاس کڵاو، گەردنبەند، گوارە،دەستبەندی زێڕ  و، کەوشی کاڵەی شەمامەبەندی و شتی دی بە دیاریی دانێ. بەڵام مامم فەتاح خان لە هێنانی ئەو دوو خانمانە زۆر تووڕە و ناڕەحەت بوو و ئەو کارەی بە کەسری شان و شەوکەتی ئێمە دەزانی و دەیگوت ئێستا کارمان گەیشتووەتە خانم گێڕان و لە نێو دۆست و دوژمن دا سەر نەوی بووین و بە تایبەتی لە کوردستان ووڵامی ئێمە چییە؟ ئەگەر ئەو خانمانە خۆیان هاتبان و میوانمان بووبان دیسان شتێکی دیکە بوو، بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەو خەبەرە دەبێتە هۆی ئابڕوو تکانی ئێمە.

هەرچۆنێک بوو دوای سێ ڕۆژان بڕیار درا بەرەو مەهاباد بچین و بابم دەستووری پێدام لە گەڵ خانمەکان بچم بۆ  مەهاباد و بڕێکی زۆر پارەشی دامێ کە ئەگەر میوانەکان لە مەهاباد شتێکیان کڕی ئەمن پارەکەی بدەم.

لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژە دا کە خانمەکان میوای ئێمە بوون ڕۆژانە چەند سەعاتێک لە قەراغ چۆمی جەغەتوو و باغ و بێستانی دێی قەرەوێران دەگەڕان و وێنەی هێندێک دیمەن و بەرجەوەندیان دەگرت. دوای سێ ڕۆژ، پاش خواردنی نانی بەیانی میوانەکان و من و خودالێخۆشبوو جانگیرخانی ئەمیری لە ووردە مالیکەکانی دێی دەوەشاری کە ئامۆزای دایکم بوو و پیرە پیاوێکی [ دیارە مەبەستی نووسەر ساڵانی دواترە، چونکە لە کاتی ئەو ڕوودانە جانگیر خان وەک لەم وێنە بەکۆمەڵە ڕا دەردەکەوێ لە تافی لاوێنی دا بووە. ح.ق.]

قسە خۆش و لە بەردڵان بوو و دەشی خواردەوە و بڕێکیش دەنگ خۆش بوو، بە دەستووری بابم وەڕێ کەوتین. میاندواو لە دوو کیلۆمیتری ماڵی ئێمە لەو بەری باشووری ڕۆژئاوای چۆمی جەغەتوو هەڵکەوتووە و ئەو دەمی حکوومەتی ئەو شارە و دەورو بەری بە دەست مستەفاخانی شێخ ئاغایی ئیدارە دەکرا. پێشتر هۆی دوژمنایەتی ئێمە لە گەڵ تاییفەی شێخ ئاغایی و عەشیرەتی دێبۆکری  باس کرا و ماوەیەک بەر لەو ڕۆژەی کە ئێمە دەچووین بۆ مەهاباد  کەسێک لە ئێمە و دوو کەس لە شێخ ئاغاییەکان کووژرابوون. عەداوەتی خوێنی دە نێو دابوو. کوردەکان لە دوژمنایەتی دا ر‌ق ئەستوورن و تۆڵە دەستێننەوە، ئەگەر لە جێیەک تووشی یەکتر بێن تەقە لە یەکتری دەکەن و ئەگەریش ئاشت ببنەوە ئەوە دڵپاکانەیە. بەڵام جاری وا هەیە دوای ئاشتیش، ڕق و کینەیان دە دڵی دا هەر دەمێنێ. هەر چۆنێک بێ نابێ بە تەواوی باوەڕ بە دوژمنان بکرێ.

ئێمە هاتینە نێو میاندواو، مستەفا خانی شێخ ئاغایی لە گەڵ پەنجا یان شێست سواری سەرتا پێ پڕچەک لە پیادەرۆی خیابانی سەرەکی میاندواو لە پێش ئیدارەی حکوومەتی خۆی ڕاوەستا بوو. من بڕێک نیگەران بووم، بەڵام هەوای جەوانی و ئەوەی دوو ژنم لەگەڵ بوو بێ باکی کرد بووم و ئەگەر ڕاستییەکەی بڵێم زۆرم لە قووڵایی ئەو شتانەی دەقەومان نەدەکۆڵییەوە و لە دنیای خۆم دا خەریکی وەدەست هێنانی نێو و نیشان بووم. کاتێک ماشێنەکەی ئێمە لە پێش دەرگای ئیدارەی ئەوان تورموزی کرد، مستەفا خان بۆ خۆی چەند هەنگاو هاتە پێشێ و ئەمن لەو وەختە دا بە بێ ئەوەی لە ماشێنەکە بێمە دەرێ نامەکەم دا دەستی. نامەکەی لێوەرگرتم سەری زەرفەکەی کردەوە  و دوای خوێندنەوەی بە زمانی کوردی بە منی گوت فەرموون بڕۆن  و ئەحواڵپرسی لە جانگیر خانیش کرد.

لە بەرهەڵستی یەکەم تێپەڕین و گەیشتینە پۆستی بەردە ڕەشان. ئەو پۆستە لە زەمانی دەوڵەتی ڕەزا خان  داندرا بوو و لە نیوەی ڕێگای میاندواو – مەهاباد هەڵکەوتووە و مەئمووری دەوڵەتی تێدا دەبوو، بەڵام ئەو دەمی مەئمووری کورد بۆ هێمنی ڕێگا و بان و سەلامەتی ڕێبواران لەو پۆستە دا بوون و ئەو ڕۆژە ١٠ کەس  لە خزمەکان و پیاوەکانی مستەفاخانی شێخ ئاغایی لەو پۆستە دا ئەرکی خۆیان بە جێ دەهێنا. لەو پۆستەش بێ کێشە تێپەڕین و لە بەرهەڵستی دووەم دەرباز بووین و دوای ماوەیەک گەیشتینە شاری مەهاباد و لە پێش خانووی ئێستای شارداری شاری کە ئەو دەمی فەرمانداری بوو ماشێنەکەمان ڕاگرت . لەو دەمە دا چەند کەس لە فەرمانداری هاتنە دەرێ و لەوانە یەکێکیان سڵەمان ئاغا کوڕی عەلی ئاغای  ئەمیر ئەسعەد، فەرمانداری ئەودەمی شاری مەهاباد بوو. سڵەمان ئاغا جلوبەرگی ئەفسەری ئێرانی دەبەر دابوو. ئەو دەمی  دەرەجەی ئەڕتەشی بە زۆر کەسان درابوو، لەوانە جەمشیدی ئیسفەندیاری [ جەمشید خانی ئیسفەندیاری تورکی ئازەربایجانی و خاوەنی مەلیک کەندی بوو . ح.ق] ، سڵەمان ئاغا کوڕی عەلییار، خودالێخۆشبوو محەمەد حوسێنی سەیفی قازی و کوڕی برایم ئاغای سالاری مەنگوڕ و دەرەجەی سەرهەنگی بە مام  عەزیزی  ئەمیر عەشاییری مامەشەکان و بە بابم  مەجید خانی میر موکری دەرەجەی ئەفسەری و فەرماندەیی گرووهانی ژاندارمەری مەهاباد درا بوو و معاشی پەنجا کەس لە پیاوەکانی کە یونیفۆرمی ژاندارمەرییان دەبەر دەکرد و پاسی ڕێگاو بان و ڕێبوارانیان دەدا  دەدرا بەڵام نەیاندەتوانی سەرەڕای ئەو پلەیەش کە هەیانبوو بچنە نێو مەهاباد.

هەر وەها برایم ئاغا کوڕی گەورەی عەلی ئاغای ئەمیر ئەسعەدیش هاتە بەردەرگای ماشێنەکە و من نامەی  دووەمی ئوستاندارم دا بە وان، نامەکەی هەڵگرت و بردیە لای بابی عەلی ئاغای ئەمیر ئەسعەد و پاشان ڕووی لە من کرد کە میوانیان بین، داوای لێ بوردنم کرد و چووینە ماڵی خودالێخۆشبوو قازیی محەمەد.قازیی محەمەد  بۆ خۆی لە سەفەر بوو و برایەکەی خودالێخۆشبوو سەدری قازی پێشوازی لێکردین و چووینە ماڵیان و زۆر دڵنزمانە و دڵپاکانە بۆ نانی نیوەڕۆ میواندارییان لێکردین، دوای نان خواردن  چووین بۆ گەڕان لە نێو شاری.

له‌ پێشدا چووینه‌ نێو بازاری و بۆ قه‌یسه‌ری. له‌ بازاڕی یه‌کێک له‌ تاجره‌کان که‌ دوایه‌ زانیم خودالێخۆشبوو میرزا ڕه‌حمان برای پچووکی میرزا ڕه‌حمه‌تی شافعی له‌ تاجره‌ موعته‌به‌ره‌کانی شارییه‌ له‌ گه‌ڵ جانگیرخانی خزمی من که‌ له‌گه‌ڵ من هاتبووه‌ بازاڕی شۆخییه‌کی پیسی کرد و گوتی: داداش ئه‌و خانمانه‌ خه‌رجی شه‌وێکیان چه‌نده‌؟ ئه‌و قسه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ دڵی من گران هات زوو ده‌ستم برد بۆ ده‌مانچه‌که‌م و زۆر توند به‌ گژی داهاتم، ئه‌ویش ترسا و گوتی داداش مه‌هێڵه‌، ئه‌و کوڕه‌ که‌ره‌ مه‌هێڵه‌ مه‌هێڵه‌ ده‌م کوژێ. له‌و وه‌خته‌ دا جانگیر خانی ئه‌میری پێشی منی گرت و گوتی: بابه‌ تووڕه‌ مه‌به‌، ئه‌و کابرایه‌ دۆستی منه‌ و گاڵته‌م له‌گه‌ڵ ده‌کا. بۆ ڕوون کردنه‌وه‌ی نێوه‌رۆکی ئه‌م شۆخییه‌ ده‌بێ بڵێم له‌ زه‌مانی  سه‌لته‌نه‌تی ڕه‌زا شا له‌و شاره‌ دا که‌سێک به‌ نێوی داداش ده‌ژیا که‌ قه‌حبه‌خانه‌ی هه‌بوو و میرزا ڕه‌حمانی خودالێخۆشبوو، جانگیر خانی وه‌ک داداش بانگ کرد بوو. با به‌رده‌وام بین.

خانمه‌ ئه‌مه‌ریکاییه‌ ڕۆژنامه‌ نووسه‌که‌ خه‌ریکی کاری خۆی بوو. جار جار به‌ ڕێگای ئه‌و خانمه‌ هه‌رمه‌نییه‌ی له‌ گه‌ڵی بوو هێندێک پرسیاری له‌ خه‌ڵک ده‌کرد و ده‌ینووسی و جار جاریش وێنه‌ی هه‌ڵده‌گرت.کاتێک گه‌یشتینه‌ جێیه‌ک که‌ گۆزه‌ ئاوی کڵیان لێ ده‌فرۆشت . گۆزه‌یه‌کی تازه‌ی هه‌ڵگرت و تاقی کرده‌وه‌ که‌ هیچ کوێی نه‌قه‌ڵه‌شا بێ و من پاره‌ی گۆزه‌که‌م دا. له‌ بازاڕ خشڵی کوردی ژنانه‌یان ده‌فرۆشت بڕێکی مووروو و خرخاڵ و شتی دی کڕی و پاره‌که‌ی درا. دوایه‌ به‌ ڕێگای دیلمانجه‌که‌وه‌ به‌ منی گوت لێره‌ له‌ ته‌نیشت سه‌ربازخانه‌ له‌ بن کێوی کانییه‌ک هه‌یه‌ ئه‌من ده‌مه‌وێ ئه‌و گۆزه‌یه‌ له‌وێ پڕ بکه‌م و بۆ تاقیکردنه‌وه‌  بیبه‌مه‌ ته‌ورێزێ [ بڵێی مه‌به‌ست له‌ گڕاوان نه‌بێ؟ ح.ق.] ئێمه‌ به‌ ماشێن چووینه‌ سه‌ر ئه‌و کانییه‌ . هێندێکی ئاو خوارده‌وه‌، گۆزه‌که‌ی پڕ کرد و زارکی گۆزه‌که‌ی توند به‌ست و وه‌ڕێ که‌وتین. کاتێک ته‌ماشای سه‌ربازخانه‌ی کرد، پرسیاری کرد ئێره‌ هه‌مان سه‌ربازخانه‌یه‌؟ منیش گوتم ئه‌دی و خه‌ڵک خراپیان کردووه‌. به‌ کچه‌ هه‌رمه‌نییه‌که‌ی گوت خه‌ڵکێک که‌ به‌ ده‌ستی خۆی ماڵی خۆی وێران ده‌کا مرۆڤ ده‌بێ چ چاوه‌ڕوانییه‌کی لێیان هه‌بێ؟ ئه‌من به‌ بیستی ئه‌و قسه‌یه‌ شه‌رم دایگرتم و ده‌مووچاوم بڕێک سوور هه‌ڵگه‌ڕا، به‌ڵام هیچم نه‌گوت. هه‌رچۆنێک بێ له‌ کانییه‌که‌ ڕا گه‌ڕاینه‌وه‌ و هێندێکی دیکه‌ش له‌ شاری دا گه‌ڕاین و نیزیکه‌ سەعات چوار و نیو لە مەهاباد وەدەر کەوتین و لە ڕێگا بە قسە کردن و بە پێکەنین بەڕەو پێش دەچووین.

 (مەترسی نیزیک بوو.)

کاتێک دەمانەویست بە بەر پۆستی بەردەڕەشان دا تێپەڕین، تەماشام کرد دوو کەس لە قەراغ جادە و دوو کەسیش لە نێوەڕاست جادەکە ڕاوەستاون ، چەکدار بوون و تفەنگیان بە دەستەوە بوو. هەستم بە مەترسی کرد. پێشی ماشێنەکەیان گرت و پیاوێکی قەڵەوی ناحەزی کورتە باڵا هاتە پێشێ. خانمە ئەمەریکاییەکە لە ڕەدیفی پشتەوەی ماشێنەکە لە لای دەرگا دانیشتبوو کە دەرگاکە دەبوو بەرەو ڕووی پۆستەکە بکرێتەوە، نووسەری ئەم بیرەوەرییانە لە نێوەڕاست و خانمە دیلمانجە هەرمەنییەکە لە لای چەپ دانیشتبوو. لە ڕەدیفی پێشەوەش لای شۆفێرەکە جانگیرخانی ئەمیری و کەسێک بە نێوی کەریم بارنجی کە لە خزمەتکارەکانی قازیی محەمەد بوو دانیشتبوون. لە چاوترووکاندنێک دا خانمی ئەمەریکایی دەرگای ماشێنەکەی کردەوە و بە ووشەی " سڵاو" کە فێری ببوو سڵاوی لە کابرا چەکدارەکە کرد. کابرای چەکدار بی ئەوەی ووڵامی سڵاوکە بداتەوە چاوێکی لە نێوخۆی ماشێنەکە  و لە من کرد و لە یەک ئان دا لوولەی تفەنگە بڕنووەکەی خۆی نیو میترێک هێنا نێو ماشێنەکە و بە کوردی جنێوی بەمن دا و سێ گوللەی دەنێو ماشێنەکە کرد. کاتێک جنیوی بە من دا زانیم لە دوژمنانی ئێمەیە. تا جووڵەیەکم کرد گوللەکان تەقا بوون هەستم بە سووتانەوەیەک کرد لە لای شانی ڕاست و سووتانەوەیەکی دی لە باسکی راستەم و بۆنی سووتانی پشتێندەکەم بە بەر کەپۆ دا هات. لە لای چەپەوە دەرگای ماشێنەکەم کردەوە خانمە هەرمەمنیەکەم لە ماشێنەکەوە پاڵەپەستۆی دەرێ دا و بۆخۆشم خۆم لە ماشێنەکە فڕێ دا دەرێ و تفەنگە سێ تیرەکەم دەرهێنا. ماشێنەکەی ئێمە دەستبەجێ وەک با و هەورە تریشقە لە شوێنەکە دوور کەوتەوە. ئەمن بێ ئەوەی بزانم لە ماشێنەکە دا چ ڕووی داوە لە گەڵ کچە هەرمەنییەکە  ماینەوە. کاتێک ماشێنەکە رۆیشت کە کەوتبووە نێوان من و پیاوە هێرشکارەکە، پیاوەکەم دی کە دیسان گوللە وەبەر تفەنگەکەی دەنێ  تەقەم لێ بکا بەڵام یەکێک لە هاوڕێ چەکدارەکانی لە پشتەوە توند ئامێزی پێ داگرت و بانگی منی کرد فڵانەکەس ئەمن مەحموودی کوڕی سولەیمان شەیتانم. بەری نادەم. ئێوە بەرەو میاندواو بڕۆن و ئیدی ئێستا ئەمن لوولەی تفەنگەکەمم لە سەر سینگی کابرای هێرشکار دانابوو دەمەویست تەقەی لێ بکەم، هەر هەمان کەس پێی گوتم، ئەوە مەکە. هەتا زووە بەرەو میاندواو بچن. لە لای چەپی پاسگەکە دیوارێک هەبوو کە شوورەی باغچەیەک بوو و تاق و لۆق چەند داری تێدا بوو. من خۆم و کچەکەم کشاندە پشت ئەو دیوارە، و لە پشت دیواری گێژ و وێژ سەنگەرم گرت. کچە هەرمەنییەکە گوللە وەباسکی کەوتبوو و خوین لە باسکی دەهات بەڵام هیچی نە دەگوت. لەو دەمە دا لە پاسگەکەوە گوللەیەکیان تێ تەقاندم، وەتەنیشت  دیوارەکە کەوت و سەرو چاوم دە خۆڵ گەوزا. دەبینم پیاوێک لە سەر بانی چاوە خانووەکەی نیزیک پاسگەکەوە تەقەی لێ کردووم ئەمنیش تەقەم لێکرد، پێچەکەی سەری کراوە و خۆی هاویشتە خوارەوە و لەو کاتە دا دیتم پیاوێکی دیکە کە نێوی عەبدوڵا شەریف لفتە بوو بانگی کردم و هاواری کرد ئەوە ئەلئان ئەتۆم ناسییەوە.مەترسێ! مەگەر ئەمن مردووم ئەتۆ بکووژن. ئەوە دووەم کەسی ئەوان بوو کە لای من بگرێ. یەکەم مەحموودە شەل و دووەم عەبدوڵا بوو و برای هێرشکاری یەکەم، لە تەنیشت برایەکەی  ڕاوەستا و هیچ کاردانەوەیەکی نیشان نەدا. تاک وتەرای دیکەی کە نۆکەری مستەفا خانی شێخ ئاغایی بوون بە بێ لایەن وەبەرچاو دەهاتن و لە گەڵ ئەو هێرشکارەی تەقەی لە ماشێنەکە کرد هاودەنگ نەبوون. هێشتا مەحموود باوەشی بە هێرشکارەکە دا گرتبوو و دەرەتانی هەموو جۆرە جووڵەیەکی لێ بڕیبوو. ئەمن لە بیری ڕزگار کردنی خۆم و خانمە هەرمەنییەکە دا بووم بەڵام تا میاندواو سێ فەرسەخ ڕێگا لە پێش دا بوو تا من بگەمەوە ماڵی خۆم.

عەبدوڵا شەریف لفتە  کە ساڵانی ڕابردوو چەند ساڵێک لای بابم نۆکەری کرد بوو و نان و نمەکی لە بیر نەکرد بوو وە فریای من کەوت. لە کاتێکدا زۆر تووڕە بوو بەرەو هێرشکارەکە هات و هەڕەشەی کوشتنی لێکرد و لەو وەختە دا مەحموودە شەل  هێرشکارەکەی بەر دا، هەر دووگیان لوولەی تفەنگیان تێ کرد و سوێندی کوردییان خوارد ئەگەر پەل ببزێوێ دەیکووژن. برای هێرشکارەکە بە نێوی خدرە کوێر لە کاتێک دا چەکی بەدەستەوە بوو بێدەنگ ڕاوەستا بوو، وەک ئەوەی لەو ڕووداوە ناڕازی بێ چونکە هاوسەری ئامۆزای دایکم بوو. هێرشکارەکە کە نێوی قەرەنی و کوڕی مەجید ئاغای کەرێزان لە تایفەی شێخ ئاغایی و عێلی دێبۆکری بوو و هۆی تەقە کردنی لە من کووژرانی برایەکەی بە نێوی پیرۆت و ئامۆزایەکی بوو بە نێوی عەبدوڵاغای شێرێن ئاوێ بە دەست خاڵی بابم و  کووژرانی خاڵی بابم و تاڵانی ماڵی وی.


کاتێک ئەو دوو کەسە وەفریای من کەوتن و پێشی هێرشکارەکەیان گرت و ئەوانی دیکەی لەوێ بوون موداخەلەیان نەکرد، ئەو جاە زانیم هێرشکارەکە ناتوانێ هیچ بکا. دیلمانجە بریندارە هەرمەنییەکە کە جێی برینەکەیم بە  کوتێک لە پشتێندەکەم بەستبوو  وەپێش خست و بەرەو میاندواو وەڕێ کەوتین. کیلۆمیترێک ڕۆیشتبووین  کە سێ چوار گوللەیان پێوەناین، گۆیا ئەوە هێرشکارەکە بووە بە سواری ئەسپەکەی ویستوویە لە شوێنەکە دوور کەوێتەوە. لەو کاتە دا دیتم جانگیر خانی ئەمیری ئامۆزای دایکم لە نێوەڕاست جادە دا کەوتووە و تفەنگە بڕنووە قوڵەکەی دوو لەت بووە، بۆ خۆشی بێ هۆش بوو و سەرو چاوی بریندار ببوو. ڕامتڵەکاند، بڕێک جووڵەی کرد، دەرکەوت کاتێک کەوتبووینە بەرهێرش و دەستبەجێ ماشێنەکەمان دەیەوێ دوور بکەوێتەوە ئەویش لە بەر ئەوەی من دە ماشێنەکە دا نابینێ لە ترسی بابم خۆی لە ماشێنەکە فڕێ دەدا و لە بەر ئەوەی بە سەر تەڕکی جادەکەدا کەوتبوو بێهۆش ببوو، دوایە زانیم شۆفێری ماشێنەکە ڕای نەگرتبوو دابەزێ و ئەویش بە ناچاری خۆی فڕێ دابووە دەرەوە. کاتێک وەهۆش خۆی هاتەوە و هەڵم ئەستاند و بەزەحمەت بە ڕێگا دا دەڕۆیشت و گوتی هەر کە تەقە لە ماشێنەکە کرا خانمی لی بێردت ڕۆژنامە نووسی ئەمەریکایی پێکرا و تا ئەو کاتەی جانگیر خان خۆی لە ماشێنەکە فڕێ دا بوو ئەو هەر زیندوو بووە. دەرکەوت  گوللەیەک وەپشتی کەوتبوو و سینگی کوناودیو دەکا. شۆفێری ماشێنەکە خێرا خانمە ئەمەریکاییەکە دەگەیێنەتە میاندواو و خەبەر بە بەخشداری میاندواو خودالێخۆشبوو مستەفا خانی شێخ ئاغایی دەدا و لەوێوە لە کارگەی قەندی میاندواو  کە نیزیک دەبنەوە بابم دەبینن کە چاوەڕوانی گەڕانەوەی میوانانە. کاتێک بابم ئەو خەبەرەی پێدەگا لەو کاتە دا پەنجا سوار  لە گۆرانەکانی ئەهلی حەق  کە خەبەرەی پێدەگا لەو کاتە دا پەنجا سوار  لە گۆرانەکانی ئەهلی حەق  کە خزمایەتیان لە گەڵ ئێمە هەیە لەوێ دەبن و بابم بە تەنێ سوار دەبێ بۆ ئەوەی خۆی بگەێێنێتە شوێنی ڕووداوەکە لە سێ فرسەخی میاندواو و بە پڕتاو داژوێ و پێی وا دەبێ پەنجا سوارە گۆرانەکانیش بە شوێنی دادێن. کاتێک لە شاری میاندواو تێدەپەڕێ و لە پردی  حاجی ڕەسووڵ دەپەڕێتەوە و چاو لە پشت سەری خۆی دەکا دەبینێ تەنیا تاقە سوارێکی گۆرانەکانی لە گەڵە و ئەوانی دی لە شاری میاندواو  بە کووچە و کۆڵانان دا فیزماڵکیان داوەتێ و بۆی دەرچوون و بە تەنێ بە جێیان هێشتووە.نێوی ئەو سوارە گۆرانەی لە گەڵ بابم هاتبوو بایرام بوو. بابم زۆر یارمەتی کرد بەو کەسە کە بە تەنێ بە جێی نەهێشتبوو. بابم کە وەزعەکە ئاوا دەبینێ، هیچ گرینگی پێ نادا و پە پێی قەراری پێشووی درێژە بە پێشڕەوی خۆی دەدا.

هه‌ر چۆنێک بێ گه‌یشتینه‌ ئه‌و جێیه‌ی که‌ گوتمان له‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌ دوور که‌وتبووینه‌وه‌ و جانگیرخانی ئه‌میری مان دیته‌وه‌ که‌ له‌ ماشێنه‌که‌وه‌ خۆی فڕێ دا بوو و به‌ره‌و شاری میاندواو درێژه‌مان به‌ڕێگا دا. هه‌ر له‌و ئانه‌ دا چه‌ند سوارمان له‌ پشت سه‌ری خۆمانه‌وه‌ دی، چه‌ند گولله‌یان پێوه‌ناین. ده‌رکه‌وت هێرشکاران ئه‌و جار سواری ئه‌سپ بوون و وه‌ دوامان که‌وتوون. ئه‌وان دووکه‌س بوون و هه‌ر دووکیان برا بوون.
له‌ پێشه‌وه‌ش ڕا سێ سوار په‌یدا بوون و گه‌یشتنه‌ ئێمه‌. ئه‌وان له‌ عه‌شیره‌تی دێبۆکری بوون و نێوی گه‌وره‌که‌یان حه‌سه‌ن ئاغای مه‌عڕووفی کوڕی مارف ئاغای کۆسه‌که‌رێزێ بوو. من ئه‌وم ناسییه‌وه‌ و ئه‌ویش منی ناسییه‌وه‌ چونکه‌ له‌ میاندواو  به‌ یه‌که‌وه‌ له‌ یه‌کێک له‌ مه‌دره‌سه‌کانی ئه‌وێ ده‌مانخوێند، دوای بیستنی به‌سه‌رهاته‌که‌ یه‌کێک له‌ نۆکه‌ره‌کانی وی که‌ نێوی (خدره‌ کوێر) بوو ڕووی له‌ من کرد و گوتی: هه‌تیوه‌ ئه‌و تفه‌نگه‌تم ده‌یه‌. هه‌تیوه‌ به‌ که‌سێک ده‌ڵێن که‌ بێ که‌س و کار بێ. کاتێک ئه‌و قسه‌یه‌م بیست زۆر تووڕه‌ بووم ڕووی لووله‌ی تفه‌نگه‌که‌م له‌وی کرد  و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی تفه‌نگه‌که‌م له‌ سه‌ر پێ بوو  بێ ئه‌وه‌ی خۆم بمه‌وێ گوللە تەقی و بە لای بناگوێی دا تێپەڕی . ئەو تەقەیە هەموو شتی تێکدا و سوارەکان بە هەڵەداوان  بەرو پۆستەکە تێیان قووچاند، نازانم بۆچی ئەوەندە ترسان و لە ئێمە دوور کەوتنەوە. لەو دەمە دا ماشێنێکی سواری لە لە لای میاندواوەوە دەهات نیزیک کەوتەوە. ئەمن پێشی ماشێنەکەم گرت و ئێشارەم کرد ڕای گرێ. بەڵام هەر کە زانیم ڕای ناگرێ  گوللەیەکم  بە شووشەی پێشەوەی ماشێنەکەوە نا، شووشەکەی شکا و ڕایگرت. شۆفێری ماشێنەکە کەسێک بوو بە نێوی مەشهەدی محەمەد و خەڵکی سەردەرۆی تەورێز بوو، دوو موسافیری مەهابادی  بە دوو تۆپ پارچەوە لە ماشێنەکە دا بوون. هەر دووکیان لە ماشێنەکە دابەزین و پارچەکانیان هەڵگرت. خۆم و جانگیر خان و خانمە هەرمەنییەکە سواری ماشێنەکە بووین و بە شۆفێرەکەم گوت بە خێرایی بەرەو میاندواو لێ خوڕێ.لە نیزیک دیی سمایلەکەند، قاوەخانەیەک لە قەراغ جادە هەبوو، لەوێش تێپەڕین، هێشتا کیلۆمیترێک لە قاوەخانەکە دوور نەکەوتبووینەوە دوو ماشێن یەکیان باری و دووەمی سواری گەیشتنەجێ. کاتێک نیزیک کەوتنەوە دیتمان هەر دووک ماشێن پیاوی چەکداریان تێدایە.ماشێنە بارییەکە پڕ بوو لە پیاوی چەکداری کورد و جێی خاڵی نەبوو. ماشێنە سەوارییەکە کە لە پێشەوە بوو ڕاوەستا و چەند کەسی لێ دابەزین کە یەکێکیان خودا لێخۆشبوو مستەفاخانی شێخ ئاغایی هەمان حکوومەتی میاندواو و سەرۆکی تایفەی شێخ ئاغایی و لە عەشیرەتی دێبۆکرییەکان بوو. ئەوانم ناسییەوە – چونکە ئەوانیش ئامۆزای هەمان هێرشکارانی پۆستی بەردەڕەشان بوون کە هێرشیان کردە سەر ماشێنەکەی ئێمە، خانمە ئەمەریکاییەکەیان کوشت و خانمە هەرمەنییەکە و منیان بریندار کرد.
لەبەر ئەوەی ماوەیەک لە ڕووداوەکەی تێپەڕیبوو هۆشم هاتبووەوە سەرخۆی. گوتم ئەگەریش دەبێ بمرم دەبێ پیاوانە خۆڕاگری بکەم و هەرچی دەبێ باببێ. لە ژیان دا دەمی وا دێتە پێشێ کە ئینسان یان تێک دەشکێ و ئیرادەی نامێنێ ، لە ترسان یان لە بەر هۆکاری دی – یان خۆی نادۆڕێنێ و بێ باک دەبێ و ناترسێ – هەرچۆنێک بێ دەرکەی ماشێنەکەم کردەوە دەرپەڕیمە دەرەوە و دەمەویست لە قووڵایی قەراغ جادەکە سەنگەر بگرم و ئامادەی بەرگری بم. هاوڕێیەکانم لە ماشێنەکەدا مانەوە و نەهاتنە دەرێ. لەو کاتە دا مستەفا خان بە دەنگی بڵیند هەرای لێکردم و گوتی: هۆی سەیفە سەیفە  ( ئەمن ناوم سەیفەدین ە) هەی بەڵا لێدراو ئەتۆ لێرە چ دەکەی بۆچی هاتووی ئەمن ووڵامی مەجید خانی بابت چ بدەمەوە؟ نیگەران مەبە، هەرچی زووتر خۆت بگەیێنە لای بابت دەزانم ئەلئان زۆرت نیگەرانە و ئەو خانمەش کووژراوە و ئەمنیش ئەو دەچم بکەرەکان بگرم و بە سەزای خۆیان دەگەیێنم و لە زمان منەوە بە بابت بڵێ فڵانەکەس تەڵاق دەخوا هیچ ئاگای لەو ڕووداوە نییە و چاوەڕوانی ئەوە ناکەم بابت کووژرانی ئەو خانمە ئەمەریکایی یە بە نێوی من  بنووسێ.
بە برایەکەی ( برایمە سوور)ی گوت هەتا میاندواو لە گەڵ فڵانەکەس بچوو و بە سڵامەت بیگەیێنە. برایمە سوور کە دواتر لە گەڵ فەتاح خانی میرموکری یەکتریان کوشت، کە ئەوە بەسەرهاتێکی دیکەیە و بە کاتی خۆی باسی دەکەم. ئەویش بەرەو ماشێنەکەی ئێمە هات و منیش تەعاروفم کرد لە پێشەوەی ماشێنەکە دانیشێ و بۆخۆشم لە ڕەدیفی پشتەوە دانیشتم، لەوە نیگەران بووم ئەگەر  لە پشتەوە دانیشێ لەوانەیە تەقەم لێ بکا. حورمەتم گرت و هەرچۆنێک بوو بەرەو میاندواو وەڕێ کەوتین. ئەمن بە شۆفێرەکەم گوت خێرا لێ بخوڕێ. ماشێنەکانی ئەو دەمی وەکوو ماشێنەکانی ئەم ڕۆژگارە نەبوون، ئەگەر زۆریش خێرا ئاژۆتبایان دیسان نەدەگەیشتنەوە قارەمانێکی غار دان. دو سوار بە پڕتاو بەرەو ئێمە دەهاتن، ئەمن زۆر زوو بابم ناسییەوە و بە شۆفێرەکەم گوت ماشێنەکە ڕاگرێ. ماشێنەکە ڕای گرت و من بە خۆشحاڵییەوە لە ماشێنەکە دابەزیم. بابم تووڕە بوو و حەواسی زۆر لە جێ دا نەبوو. پێچەکەی کرد بووەوە و دەبەر پشتێندی نا بوو و دەمانچەیەکی سەرتۆپی بڕنەوی بە دەستەوە بوو و هیچ چەکی دیکەی پێ نەبوو.بەوە ڕا زانیم سەرەڕای ئەو هەموو چەکدارەی هەمانبوو خەبەری نەداوە بە مامم و نۆکەرە چەکدارەکان و خزمەکانی دیکەمان و بە تاقی تەنێ هاتووەتە نێو سەراوەردی دوژمنەکانی خۆیەوە و دوو فرسەخیش هاتووەتە پێشێ، چونکە لە میاندواوەوە بەرەو مەهاباد هەموو موڵکەکان ئی تایفەی جۆر بەجۆری شێخ ئاغایی عەشیرەتی دێبۆکرین. بابم کاتێک منی بە ساغی دی ، پێکەنی، یەکەم پرسیاری ئەوە بوو کوانێ تفەنگەکەت؟ گوتم: لە ماشێنەکە دایە. لە گەڵ ئەوەشدا چەند قەتارە فیشەکم لە خۆم شەتەک دابوو، ئەو پێی وابوو ڕووت کراوم و چەکیان کردووم. تفەنگەکەم لە ماشێن هێنا دەرێ پێم نیشان دا. لە نێو کوردان دا ئەگەر کەسێک چەک بکرێ بە تایبەتی لە نێو گەوران و گەورە گەورەی عەشیرەتان سووکایەتی پێکردنێکی زۆرە و ئیتر ئەو کەسەی چەک کراوە لە نێو خەڵک دا چ ئابڕوو و کەسایەتی بۆ نامێنێتەوە. لەو وەختە دا برایم ئاغای برای مستەفا خان لە ماشێن دابەزی و سڵاوی لە بابم کرد و گوتی ئێمە هیچ ئاگامان لەو ڕووداوە نییە و منیش باسی قسەکانی مستەفا خانم کرد بۆ بابم.هێشتا ئێمە خەریکی قسە کردن بوون کە لە لای میاندواوەوە تەپ و تۆزێکی زۆر لە جادەوە هەڵستا و سوارەیەکی زۆر بەرەو ئێمە بە پڕتاو دەهاتن.

ئەو دەمی مامم لە دێی قەرەوێران میوانی ئێمە دەبێ و ئەو ڕۆژە بە بیستنی خەبەری ئەو ڕووداوە و بە تایبەتی بە بیستنی ئەوەی کە بابم بە تەنێ چووە دە کەوشەنی دوژمنانەوە، بە پەلە بەرەو شوێنی ڕووداوەکە دەهات و سوارەکان فەتاح خانی مامم و چەکدارەکانی بوون کە گەیشتنە جێ.

سەیر ئەوەیە تا ماوەیەکی کورت بەر لەو دەمی ئەمن تەنیا و بێ کەس بووم ، هێڕشم کرابووە سەری. ئێستا دووسەد سواری چەکداری لە مەڕ خۆم ئامادەنە و برایم ئاغا برای مستەفا خان بە تاقی تەنێ کەوتبووە نێو ئێمە.  دیتم نیگەران بووە و دەیەوێ لە ماشێنەکە دابەزێ و تفەنگە بڕنوو سەوارییەکەی دە نێو دەستی دا دەکوشی. نەیدەزانی ئەگەر هێرشی بکرێتە سەری چ بکا. دەمدی لە سەرەخۆیی خۆی نەپاراستووە و ئەویش وەک من چاوەڕوانی پێشهات بوو. فەتاح خانی مامم کەمێک بە توندی و تووڕەیی لە گەڵی ڕووبەڕوو بوو و پێی گوت: ئایا ڕێگا گرتن لە مێردمنداڵێکی کەم تەمەن و چەند ژن نیشانەی پیاوەتی یە، ئەوە چ شانازییەکە؟ برایمە سوور ووڵامی داوە مستەفا خان و من و ئەوانیدی هیچ ئاگامان لەو کردەوە نا عاقڵانەیە نییە. ئەو کارە دوو کەسی بێ عەقڵ کردوویانە و ئێمە هیچ چاوەڕێی ڕووداوێکی ئاوا نەبووین. برایم ئاغا لە ماشێن دابەزی، بەڵام بابم لە بەر ئەوەی لە گەڵ من هاتبوو سپاسی لێ کرد و سڵاوی نارد بۆ مستەفا خان برا گەورەی برایمە سوور و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی لەوەی ئەمن مەترسیم لە سەر نەماوە. سوارەکان لە دەوری ماشێنەکە هاڵان بە شادی و خۆشی و گۆرانی گوتن منیان گەیاندە میاندواو و لەوێوە بۆ شوێنی دانیشتمان لە قەرەوێران کە ئاوەدانییەکی گەورەیە و لە پشت کارگەی قەندی هەڵکەوتووە. شادی و خۆشحاڵی باب و مام و دایکم و کەسوکارم ئەوەندە زۆر بوو کە بە قسە ناگێڕدرێتەوە، دوای ماوەیەک حەسانەوە بابم بڕیاری دا بچێتە تەورێزێ و ئوستانداری تەورێز فەهیمولموک لە ڕووداوەکە ئاگادار بکا
) لە مەڕ خانمی بێردت)

ئەو دەمی جادەی [ میاندواو – تەورێز ] بە قوڵی کەندی دا رێدەپەڕی، لەوێ قاوەخانەیەک هەبوو. ماشێنەکەی هەڵگری خانمە ئەمەریکاییەکە کە دەگاتە ئەوێ ، ئەو خانمە ڕۆژنامە نووسە لەوێ گیان دەدا و شۆفێرەکە مەیتەکەی دەگەێێنێتە تەورێزی و دەیبەن بۆ نەخۆشخانەی " مەڵا باشی". ئێمەش هەر ئەو ڕۆژە گەیشتینە تەورێزێ و چووینە نەخۆشخانەکە – لەوێ تەرمی خانمە ئەمەریکاییەکەم دی لە سەر بڕانکاردێک دایان نابوو – هێشتا دەسبەندە موورووەکەی لە مەهاباد بۆم کڕیبوو لە دەستی دابوو.

(لێپرسینەوە)

مامی خودالێخۆشبوو هاشم خانی کەڵانتەری دیلمانجی دەکرد. بە ئامادەیی کۆنسوولی ئەمەریکا و دوکتوری سەرۆکی نەخۆشخانەی ئەمەریکایی تەورێز. بە داخەوە خانمی لی بێردت ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی لە کوردستانی موکری کووژرا و لە تەورێز نێژرا. پێم وایە لە نیزیک گۆڕی تێکۆشەری ئەمەریکایی باسکرویل نێژرا. دادسەرای تەورێز دۆسییەیەکی ئامادە کرد و کارەکە کەوتە بەر لێکۆڵینەوە و سەرئێشەیەکی زۆریش بۆ ئێمە ساز بوو.یەکێک لەوانەی لە قەتڵەکە دا بە تاوانبار دەزاندرا ، ئەمن بە پێی ئەرکی ئینسانی خۆم ، لە بەر ئەوەی ڕاستە و ڕاستە موداخەلەی نەکرد بوو، بە خەتابارم نە ناساند و هەر ساڵێک دە زیندان دا مایەوە. بەڵام بکوژی ئەسڵی خانمە ئەمەریکاییەکە واتە قەرەنی کوڕی مەجید ئاغای شێخ ئاغایی بە حەبسی ئەبەد مەحکووم کرا و ١٥ ساڵ دە زیندان دا مایەوە. بەڵام لە بەر ئەوەی لە زیندان دا زیندانییەکی دیکە بە خشت زەربەی لە تەپڵی سەری دا بوو ڵاڵ ببوو، ئەویش دواتر لە زیندان ئازاد بوو.پاش ١٥ ساڵ لە زیندان بەر بوو و ڕۆژێک کە بۆ دیداری یەکێک لە خزمەکانی هاتبووە زیندانی مەهاباد دووبارە ئەوم دی [ وا دیارە نەمر سەیفەخان ئەو دەمی خۆی لە زیندان دا بووە. ح.ق.] دوای ئەوەی ژنی هێنا پاش ماوەیەک ئەویش ئەو دنیایەی بەجێهێشت.



لە ڕاستەوە دانیشتووان : مەجید خانی میرموکری، زینا ئاغایان، کچێکی هەرمەنی کچی سەناتۆری دواتر فلیکس ئاغایان
کە کاتی سەفەری لی سکییاڤی بۆ مەهاباد لە گەڵی بوو. نە ناسراو، ڕیزی پشتەوە لە ڕاستەوە: سەیفەخانی میرموکری، ڕەزا ئەمیری
سەرچاوە: ئاڕشیوی ئومێدی میرموکری و شوێنی دیکە

کووژرانی ئەو خانمە ئەمەریکاییە ڕەنگی سیاسی بەخۆوە گرت و لە بەر ئەوەی ڕووسەکان لە ناوچە بوون  تەسەورێکی ئاوا هەبوو کە ڕووسەکان فەرمانیان بە عەلی ئاغای ئەمیر ئەسعەدی دێبۆکری فەرمانداری ساوجبولاغی موکرییان داوە بە نێوی ئەوەی کە ئەو خانمە جاسووس بووە بکووژرێ . مێردی ئەو خانمە ژەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی بوو کە لەو کاتە دا لە هیندووستان خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکی خۆی بوو. ئەو دوای شەش مانگ هات بۆ تەورێز . من و جانگیرخانی ئەمیری یان برد بۆ تەورێز. ٢٤ سەعات بە ووردی لێپرسینەوەیان لەگەڵ کردین و بە ووردی چۆنیەتی ڕووداوەکەیان لێ پرسین. دیلمانج مامی هاشم خانی کەڵانتەری بوو. ژەنەڕاڵەکەش لە ئێمەی پرسی بەر لەوەی [ لە گەڵ لی بێردت ] بچین بۆ مەهاباد ، پێوەندیمان لە گەڵ ڕووسان گرتبوو؟ گوتمان نا

 (گیرانی هێرشکاران)


دوای ئەوەی ئێمە لە شوێنی ڕووداوەکە دوور دەکەوینەوە، هێرشکاران سواری ئەسپەکانی خۆیان دەبن و پەنا دەبەن بۆ ماڵی ئامۆزای خۆیان سمایل ئاغای شێخ ئاغایی، هەر لەو دەمی دا سەرتیپ حوسێنی هاشمی سەرۆکی ژاندارمەری ورمێ لە ڕێگای مەهابادەوە دێتە شوێنی ڕوداوەکە [ پۆستی بەردەڕەشان] و نیزیکەی بیست ماشێن ژاندارمی لە گەڵ بووە. لە دوای ئەوە، سمایل ئاغای شێخ ئاغایی هەر دوو برای هێرشکار ڕادەستی وی دەکا. تەنانەت بەر لە گەیشتنی من و بابم بۆ تەورێز. ئەو دوو برایە دەبەنە تەورێزێ و لەوێ دە زیندان دا بوون.

( سەرچاوە. بیرەوەرییەکانی سەیفەدین خانی میر موکری بە زمانی فارسی بە دەستخەتی خۆی بە نێوی: "طوائف کرد" من زۆر سپاسی وەنەوشەی میر موکری دەکەم کە ئەو بەشە لە بیرەوەرییەکانی نەمر سەیفەخانی مامی لە بەر دەست من نا.)  



 

وێنەیەکی  ساڵانی دوایی ژیانی سەیفەخانی میر موکری  کە لە گۆواری سروە دا بڵاو کراوەتەوە


ڕەنگە چەند تێبینییەک لە سەر ئەو ڕیوایەتەی سەیفە خان پێویست بێ  یەکیان ئەوەی کە ئەو لی سکییاڤی بە ئەمەریکایی دادەنێ کە وێدەچێ سکییاڤی خۆی ئاوا ناساندبێ. لە مەڕ ژەنەڕال بوونی وینستن بێردت یش هەر وێدەچێ ئەو کاتەی بۆ لێکۆڵینەوە لە چلۆنایەتی کووژرانی هاوسەری چاوی بە سەیفە خان و کەسانی دی کەوتووە خۆی ئاوا ناساندبێ. لەو جێیەشدا کە ئەو خانمی زینا ئاغایان وەکوو کچی سەناتۆر فلیکس ئاغایان دەناسێنێ دەبێ تێکەڵ کردنی دوو مێژوو بێ. لەو سەروبەندی دا هێشتا مەجلیسی سەنا نەبووە و ئەوە زاندراوە کە فلیکس ئاغایان دواتر چەند دەورە سەناتۆری ئینتیسابی بووە لە مەجلیسی سەنای ئێران دا.


لەڕاستەوە: حەمەدەمین ئاغای پیرۆتی، قاسم ئاغای پیرۆتی و مستەفاخانی شێخ ئاغایی
ئەم وێنەیە بە سپاسەوە دوکتور کەریمی پیرۆتی بۆ ڕوانگەی ناردووە

بەو بیرەوەرییانەی سەیفەخان ڕا دەردەکەوێ کووژرانی، برایمە سووری شێخ ئاغایی، فەتتاح خانی میرموکری، قادر ئاغای پیرۆتی و مستەفا خانی شێخ ئاغایی که‌ هه‌موویان ماوەیەک لە دوای ئەو ڕووداوە قه‌ومان لە بەر دوژمنایەتی عەشێرەتی بوون و بۆچوونی سەیفەخان دادەگرنەوە کە ئامانج کوشتنی ئەو بوو و  کووژرانی لێ سکییاڤی بێردت بە هەڵکەوت ڕوویداوە.
ئار.و.ئورکوارت  کۆنسوولی بریتانیا له‌ ته‌ورێز له‌ ڕاپۆرتێکی دوور و درێژ دا که‌ له‌مه‌ڕ دیداری له‌ مه‌هاباد له‌ مانگی ئۆکتۆبری ١٩٤٢نووسیوه‌ ئاماژه‌ ده‌کا به‌ کووژرانی یای لی سکییاڤی بێردت و ئه‌وه‌ به‌ کارێکی نه‌خوازراو داده‌نێ و له‌  باسی سێ نموونه‌ی‌ سه‌رنه‌که‌وتنی حه‌وڵ و تێکۆشانی شووڕه‌وییه‌کان دا ده‌نووسێ: " سێ) نه‌هێشتنی خوێنخوازی و کێشه‌ی نێوان بنه‌ماڵه‌کانی مه‌جید خان [ی میر موکری] و مسته‌فا خان [ ی شێخ ئاغایی] له‌ ناوچه‌ی میاندواو، ئه‌و کێشه‌یه‌ی که‌ بووه‌ هۆی ته‌قه‌کردنی نه‌خۆازراو له‌ خانمی بێردت له‌ ٢٤ی ئاوریل[ی ١٩٤٢] و، کوژرانی چەند پیاوێک لەو دەمییەوە و، هەر وەها تەقە لێکردنی نەخوازراو لە قادری پیرۆتی برای فەرمانداری میاندواو لە سەرەتای سێپتامبریش [ ١٩٤٢]."


دانیشتووان لە ڕاستەوە: مستەفاخانی شێخ ئاغایی، قاسم ئاغای ئێلخانیزادە (موهتەدی)
سەرچاوە: ئەهوەن شێخ



ڕیوایەتی  کاک سیامەندی شێخ ئاغایی  سەبارەت بە بەسەرهاتی قەرەنی شێخ ئاغایی لە نامەیەک دا بۆ نووسەر

کاک قەرەنی مەجید ئاغای

دەگێڕنەوە عەلیاغای حاجی ئێلخانی کە سەرۆکی عەشیرەتی دێبۆکریان بووە، داوا لە کاک قەرەنی دەکا بچێ ئەحمەد بەگی بابامیری بۆ قۆلپێچ بکا. کاک قەرەنی لەسەر داوای سەرۆکی دێبۆکریان لەگەڵ سێ برای خۆی دەچن ئەحمەد بەگی دەسبەسەر بکەن. هەرکە لەگەڵ ئەحمەدبەگ رووبەڕوو دەبنەوە پاش هێندێک مقوومقوو تێکهەڵچوون پێکدی لە ئاکامدا دەستەویەخە ئەحمەد بەگ و برایەکی کاک قەرەنی بە ناوی پیرۆت بەخەنجەران یەکتر دەکوژن و ئەم شه‌ڕه‌  دەبێتە هۆی دوژمنایەتی و خوێن دەکەوێتە نێوان بنەمالەی ئێمەو میرموکری و نابڕێتەوەو دریژەی دەبێ...
کاک قەرەنی دەست هەڵناگرێ و دەبیسێ سەیفەخانی کوڕی مەجید خان لە ماشێنێک دایە و لە شاری دەگەڕێتەوە... دەچێ لە بەردەڕەشان بە قەستی کوشتن لە مەرحومی سه‌یفەخانی میرمۆکری کەمین دەگرێ هەر لەو ماشێنەدا خانمێکی ئەمریکی هاوڕێی خانم میزداڵ (حەبیبی) یش حزووری دەبێ. ماشێنەکە نزیک دەبێتەوەو کاک قەرەنی لوولەی تفەنگەکەی لە سه‌یفەخان دەکرێ. بەڵام گوللەکە لە جیات سه‌یفەخان ڕاست دەچێ وە خانمە ئەمریکییەکە دەکەوێ و دەی کوژێ. کاک قەرەنی بەبۆنەی ئەم قەتڵە ١٨ساڵ و ٧مانگ لەزیندان دا مایه‌وه‌  و تاکوو رۆژی لە دایک بوونی وەلیعەهدی واتە یەکەم کوڕی شای ئیران لە زیندان ئازاد کرا.
من بۆخۆم کاک قەرەنیم پاش بەربوون لە بەندیخانە لە ماڵی خۆمان دیبوو. پیاوێکی جوانچاک، دەستەپیاو سوورو سپی بوو. لە زیندان دا کەمێک کوردی لەبیرچوو بووەوە، لەکاتی قسە کردن دا زمانی دەگیرا و قسەکانی بە تەواویی زاراوەی تورکی پێوە دیار بوو... دوای بەربوون لە زیندان زۆری نەخایاند تەمەنی لەکورتێی دا و لە گوندی کەرێزان فەوتی کرد...



ئی مه‌یله‌کانی میرێلا گالێتی  سه‌باره‌ت به‌ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر لی سکییاڤی بێردت

٢-٣- ٢٠٠٨
حەسەنی خۆشەویست
زۆر سپاس بۆ ئاگادار کردنم سەبارەت بە لی سکییاڤی کە من هیچم لە سەر نەدەزانی. ئێستا بە پەلەم و بەرەو ڕۆم و ناپل دەچم. لە چەند ڕۆژی داهاتوو دا دیسان بۆت دەنووسم.
لەگەڵ باشترین هیوا، میرێلا

٦-٣-٢٠٠٨
حەسەنی خۆشەویست،
زۆر سپاس بۆ ئەو بیۆگرافییە چاوڕاکێشەی لی سکییاڤی کە بە زمانی ئیتالیایی بۆت ناردبووم. حەوتووی داهاتوو دەچم بۆ شاری تۆرینۆ  بۆ بەشداری لە کۆنفڕانسێکدا لە سەر دوایین کتێبەکەم سەبارەت بە چێشتی کوردی. لە بۆنەیەکی ئاوا دا دەرفەتم دەبێ نوسخەیەک له‌و کتێبەی لە مەڕ ژیانی سکییاڤی نووسراوه‌ بکڕم. ئەو وەشانخانەیەی  کتێبەکەی چاپ کردووە لە ناوچەیەکی زۆر کەلاکەوتووی ئاڵپە، جا لە بەر ئەوە ئەو کتێبە هەر دەکرێ لە ناوچەی تۆرینۆ وەگیر بخرێ. ئەمن تەماشای بەڵگەکانی وەزاڕەتی کارو باری دەروەی ئیتالیای ساڵانی ١٩٤٠-١٩٤٢م کرد لە سەر ئێران، بەڵام هیچم نەدیتەوە کە تێیدا ئاماژە بە لی سکییاڤی کرا بێ، لە ئاکامی لێکۆڵینەوەی زیاتری خۆم ئاگادارت دەکەمەوە، جارێکی دیکەش زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەو پێشنیازە بەکەلکەی کردووتە.
لەگەڵ باشترین هیوا، میرێلا

٢٩-٥- ٢٠٠٨
حەسەنی خۆشەویست،
ئەوە زۆر فکری چاکە ووتارێک سەبارەت بە لی سکییاڤی بنووسرێ. ئەمن هێشتا ئەو کتێبەم وەدەست نەکەوتووە  (Massimo Novelli, /Lea Schiavi: la donna che sapeva troppo/, Torino, 2006)کە لە سەر ژیانی  وی  نووسیویە (ماسیمۆ نۆڤێللی/ لی سکیاڤی: ئه‌و ژنه‌ی که‌ زۆری ده‌زانی /، تۆرینۆ، ٢٠٠٦)، بەڵام پێم وا نییە بەکەلک بی. لە جیاتیان چەند لاپەڕەیەکم لە کتێبی میمۆ فڕانزینێلی دا دۆزییەوە کە بە پێی بەڵگەی پتەو نووسراون                                     
Guerra di spie. I servizi segreti fascisti, nazisti e alleati 1939-1943/, Milano, Mondadori, 2004, at the
pages 64-68.
" جاسووسه‌کانی شه‌ڕ، فاشیسته‌کانی سێرویسه‌ نهێنییه‌کان، نازییه‌کان و هاوپه‌یمانان ١٩٤٣-١٩٣٩ ، میلانۆ، وه‌شانخانه‌ی مۆندادۆری، ساڵی ٢٠٠٤ ، لاپه‌ڕه‌کانی ٦٩ – ٦٤

ئەمن لە ڕابردوو دا ئاڕشیوی وەزارەتی کارو باری دەرەوەی ئیتالیا گەڕام ، بۆ بەڵگەی لە مەڕ ئێران ( بەڵام لە ساڵی ١٩٤٢ سەفاڕەتی ئیتالیا لە ئێران داخرا، لەمەڕ عێڕاق ( گەڕام) ، لە مەڕ تورکییە  ( بەڵگەی زۆر ساڵان هەبوون بەڵام نەک لە نێوان ساڵانی ١٩٤٢- ١٩٤٥ ، و لەو ساڵانە دا دیپڵۆماتەکانی ئیتالیایی لە تورکییە ڕووداوەکانی لە مەڕ ئێڕانیشیان  ڕووماڵ دەکرد). جا ئەوە دەری دەخا بۆچی ئەمن هیچم لە سەر ئەو ژنە نەکردووە. نیزیکەی زۆربەی ئەو ووتارانەی لە سەری نوسراون  لە شوێنی لە دایکبوونی بڵاو کراونەتەوە، واتە لە ناوچەی ئاڵپ، کە دنیایەکی داخراوە. لە ڕاستییدا ئەو ئاڕشیوانە هێشتا نەکراونەتەوە و تا پاییزی دادێش ناکرێنەوە. فرانزینێلی لێکۆلەرەوەیەکی باشە . ئەو لە نووسراوەکەی دا  ئاماژە بە هێندێک بەڵگە دەکا  لە مەڕ ئەو دادگەیەی هەبووە و ئەوانە لە پێتەختی ئیتالیا داندراون. ئەمن بە تەمام حەوتووی دیکە بچمە ڕۆمێ بۆ ئەوەی تەماشای ئەو بەڵگانە بکەم  و لەوە دڵنیا بم فرانزینێلی بە جیدی کاری کردووە، کە ئەمن پێم وایە کردوویە. ووتارەکان بە ئیتالیایی هەر هەمان شت دووپاتە دەکەنەوە.چونکە بابەتەکە لە مەڕ دنیای جاسووسی یە، ئەمن لە هەر ئیتالیاییەک دەپرسم دەڵێ ئەوە هەڵناسووڕێ مرۆڤ هێندێک بەڵگەی سەلمێنەر وەدەست بخا.
جا بۆیە ئەمن بیرم لێکردووەتەوە لە دادێ دا لە سەر لی بنووسم لە هێندێک کار دا کە پێوەندی پەیدا دەکەنەوە بە نێوان کوردستان و ئیتالیا و دیارە نووسراوەکەی تۆش یارمەتییەکی باش دەبێ.
بە هیوای ئەوەی بەو زووانە خەبەرت ببیسم.
لەگەڵ باشترین سڵاو، میرێلا.


٥ – ٦ – ٢٠٠٨
حەسەنی خۆشەویست

ئەمن چاوم لە ئاڕشیوی دەوڵەت کرد لە ڕۆم.ئەو کۆمەڵە بەڵگەیەم خوێندەوە  کە وینستن بێردت بە دژی کۆلۆنێل ئووگا لوچا ی پێشکێشی کرد بوو کە بە بەرپرسی کوشتنی لی سکییاڤی دادەندرا. بۆم دەرکەوت میمۆ فرانزینێلی بە دروستی لەو بەڵگەگانە دواوە کە ئاماژه‌ی پێ کردوون. دۆزەکە بە دژی کۆلۆنێل لووچا لە لایەن دادگەوە ڕەد کراوە، ئەو تاوانانەی بێردت وەپاڵی داوە کراونەتە ئیتالیایی و هیچ بەڵگەیەکی  ماکیان بە زمانی ئینگیسی تێدا نییە.
باشترین سڵاو، میرێلا


٢٧ – ٩ – ٢٠٠٩
حەسەنی خۆشەویست،

پێم وایە ئەوە دەستپێکێکی باش دەبێ ئەمن ئەو بەشەی کە میمۆ فرانزینێلی لە سەر لی سکییاڤی نووسیویە وەرگێرمە سەر ئینگلیسی و بۆت بنێرم. سەرچاوەکانی لە مەڕ دادگاییەکەم چاو لێکرد و بۆم دەرکەوت فرانزێنێلی بابەتەکەی بە ووردی و دروستی ڕاگوێستووە، هەر لەبەر ئەوەش ئامۆژگاریم ئەوەیە بۆ لێکۆڵینەوەکە بەکار بهێندرێ. بەو زووانە ئەو لاپەڕانەی باسم کرد بۆت دەنێرم.
باشترین سڵاو، میرێلا

٨ – ١٠ – ٢٠٠٩
حەسەنی خۆشەویست،
ئەمە لە هاوپێچ دا چەند لاپەڕەیەکت لە نووسینەکەی میمۆ فرانزێنێلی بۆ دەنێرم. ئەو مێژوونووسێکی ووردە، ئەمن
کۆمەڵە بەڵگەکانیم تاقی کردەوە و کارەکەییم پێ هەوە. ئەمن هەر وەها بابەتێکی دیکەشم خوێندەوە کە 
Arrigo Petacco, "La Mata Hari italiana. Il segreto di Lea Schiavi", published in the magazine "Segretissimo", No. 23, March 1963, pp. 146-152.
ئاریگۆ پێتاکۆ مێژوو نووسی ئیتالیایی نووسیویە :" مارتا هاری ئیتالیایی ، نهێنی ژیانی لی سکییاڤی" کە لە گۆواری " سێگریسمۆ" لە مانگی مارسی ١٩٦٣ دا بڵاو کراوەتەوە. بە پێی نووسینەکەی پێتاکۆ وینستن بێردت بە لێبڕاوی پێی وابووە دەبێ ڕووسەکان لی سکییاڤی یان کوشتبێ.
ڕۆژنامە نووسێکی ئیتالیایی بە نێوی ماسیمۆ  نۆڤێلی لە ساڵی ٢٠٠٦ لە تۆرینۆ کتێبێکی بڵاو کردەوە بە نێوی " لی سکییاڤی، ئەو ژنەی کە زۆری دەزانی". ئەو کتێبە نیوەی داستانی جاسووسی و نیوەی ڕۆمانە.
تکایە ووڵامی ئەو پرسیارەم بدەوە: داخودا تۆ هیچت بیستووە کە لە ساڵانی ١٩٥٠ کان یان لە ساڵانی ١٩٧٠ کاندا حیزبی کەران لە کوردستانی ئێران دامەزرابێ؟
باشترین سڵاو، میرێلا

٢٩ – ٩ – ٢٠١١
حەسەنی  خۆشەویست،
ئەو نووسینەی بۆم ناردی نوسخە ماکەکەی بە زمانی ئیتالیایی یە و ئەمن وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی ئینگلیسی.Mimmo FRANZINELLI, Guerra di spie. I servizi segreti fascisti, nazisti e alleati 1939-1943, Milano, Mondadori, 2004, pp. 64-69, 189. ئەمن حەولم دا بابەتی دیش پەیدا بکەم، بەڵام فرانزینێلی کارێکی باشی کردووە لە سەر ئاڕشیوەکانی وەزارەتی کارو باری دەروەی ئیتالیا و دادگای کۆلۆنێل لووچا.

ئاڕشیوەکانی ڤاتیکان  جاڕێ هەر تا مانگی فێڤرییەی ١٩٣٩ کراوەن . هیوا دارین لە ماوەی ٣ تا پێنج ساڵی دادێ دا تا ساڵی ١٩٤٥ بکرێنەوە. هەمووی بەستراوەتەوە بە بڕیاری پاپ. ئەمن لە ڕۆمێ چووم بۆ دیتنی ئاڕشیوی سەنت لازار. هیچم لەوێدا نەدۆزییەوە. نامەیەکەم بۆ  نێوەندەکەیان لە پاریس کە ڕاهیبەی ژن ئیدارەی دەکەن نووسیوە بەڵام هەتا ئێستا ووڵامیان نەداومەتەوە. وا بزانم بۆم نووسیبووی کە ئێستا ماڵم گوێستووەتەوە بۆ ڕۆم  و دەرفەتم زۆرترە بۆ سەردانی ئاڕشیوان.
لە گەڵ هیواکانم. میرێلا
٦ – ١٠  - ٢٠١١
حەسەنی خۆشەویست
ئەمن ووڵامی نەریێ م وەگرتەوە لە هەڵسووڕێنەرانی نێوەندی ئاڕشێوی ژنانی دینی سەنت لازار لە پاریس سەبارەت بە لی سکییاڤی.
باشترین سڵاو میرێلا


٧ – ١٠ – ٢٠١١
حەسەنی خۆشەویست،

ووڵامی ئەوان بۆیە نەرێنی بوو چونکە ڕاهیبەکانی سەنت لازار هیچ بەڵگەیەکیان سەبارەت بە لی سکییاڤی لە ئاڕشیوەکەیاندا نەدۆزیبووەوە. وەک دەزانی ئەوە ساڵانی شەر بووە و پێوەندی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە لە گەڵ ئوڕووپا هەتا بڵێی دژوار بووە. ئەمن لە بەر ئەوە پێوەندیم بەو تەریقەتی سەنت لازارەوە کرد چونکە مەیتی ئەو ژنە ئیتالیاییە برا بوو بۆ دەیرەکەی ئەوان لە تەورێز. جا بۆیە پێم وابوو ڕەنگ بێ لە سەر ئەو ڕووداوە شتێکیان بۆ نووسرابێ چونکە بە ئاسایی هەموو میسیۆنێکی کاتۆلیک دەبێ بە چەند مانگان جارێک یان ساڵێ جارێک سەبارەت بە کار و باری خۆی ڕاپۆرت بۆ نێوەندەکەیان بنێرن.
لە گەڵ باشترین هیوا، میرێلا


١٢ – ١٠ – ٢٠١١
حەسەنی خۆشەویست،
هەموو سەرچاوەکان لە سەر ئەو ڕاستییە یەک دەنگن کە مەیتی لی سکییاڤی لە گۆڕستانی مەسیحیان لە تەورێزێ نێژراوە و مێردەکەی بە زمانی ئیتالیایی ئەو  ڕستەیەی لە سەر کێلەکەی نووسیوە:
"Carissima Lea ti abbraccio teneramente"

هەرە خۆشەویستم لی ، بە گەرمی لە باوەشت دەگرم.
پیێڕا مازۆنێ ، لە نووسینەکەی دا لە ساڵی ٢٠٠٥  " لی سکییاڤی: ڕازێکی مەڵبەندی ڤالسێسیا" ش ئاماژەی بەو ڕستەیە کردووە.
باشترین ڕێز و سڵاو ، میرێلا