Sunday, December 30, 2018

دوکتور کامران مەتین بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا لە بەرنامەی ' چشم انداز ' دا تا و توێ دەکا. شەمە ٢٩ی دیسامبری ٢٠١٨


بۆچوون  و قسەکانی دوکتور کامڕان مەتین مامۆستای پێوەندییە نێونەتەوەییەکان لە زانکۆی ساسێکسی بریتانیا لە بەرنامەی ' چشم انداز' ی  تێلێڤیزیۆنی مانگیلەی ئیران ئینترنەشناڵ شەمە ٢٩ی  دیسامبری ٢٠١٨  بۆ  "لێکدانەوەی هەڵوێستە سیاسی و نیزامییەکانی هێزەکانی ناوچە لە پێوەندیی لەگەڵ دوایین پێشوەچوونەکان لە باکوورری سووریا. پێشکێشکاری بەرنامە: عەلی خێرەد پیر
عەلی خێرەد پیر : ئاغای مەتین وەکوو یەکەم پرسیاری ئەم بەشە لە بەرنامە  چۆن دەکرێ هەڵگەڕانەوەی هێزەکانی نێوە نیزامی کورد، یەکینەکانی پاراستنی گەل بەرەو دەوڵەتی ناوەندی لە سووریا لێک بدرێتەوە ؟ ئێمە دەزانین ئەو داوخوازەی کە ئەوانە کردوویانە  بۆ ئامادەیی ئەڕتەشی سووریا  لە بەر چ هۆیەک بووە بەڵام  ئەو هەڵگەڕانەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە  مانای چییە ؟
دوکتور کامڕان مەتین: بە باوەڕی من ئەو هەڵگەڕانەوەیە بە تەواوی هەم شیاوی شیکردنەوە و هەم پاساو دانە. کوردەکانی سووریا هیچ کات پێوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بە تەواوی نەپساندووە. و تەنانەت بەشێک لە داییرەکانی دەوڵەتی ناوەندی هێشتا لە شوێنێکی وەک قامیشلۆ و چەند جێگای دیکە  لە کوردستانی سووریا بە شێوەیەکی بەرتەنگ هەن. چونکە لە ڕاستی دا ئەو پڕۆژە سیاسییەی کە کوردەکانی سووریا وە دوای کەوتوون بە جۆڕێک لە ناوەند کردنەوەی دەوڵەتی ناوەندی یە  لە چوارچێوەی سنوورە سیاسییەکانی هەنووکەیی سووریا دا . لەو ڕووەوە ئەوان هەمیشە ئەوەیان زانیوە کە دواجار دەبێ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی بگەنە ڕێکەوتنێک چونکە  پڕۆژەی سیاسی ئەوان سەربەخۆیی یان جوێبوونەوە لە سووریا نییە و نەبووە. لە ئاکام دا ئەوان کاناڵە پێوەندییەکانیان هەم لەگەڵ سووریا و هەم لەگەڵ ڕووسیا لە هەموو ئەو ساڵانە دا کە شەڕی ناوخۆیی قەوماوە  پاراستووە و لە برگەی جۆر بەر جۆر دا هەم وتووێژیان کردووە و تەنانەت هاوکاری نیزامی تاکتیکیشیان  هەبووە بە دژی داعش. لە ئاکام دا ئەوەی کە ئەو وتووێژانە دەستی پێکردووە  لە پێوەندیی لەگەڵ پێشگرتن لە پەلاماری دەوڵەتی تورکیا و داگیر کردنی  ناوچەکانی کوردستانی سووریا لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی  هێندێک موزاکەرە کراوە بە باوەڕی من  هیچ جێگای واق ووڕمان نییە ، بە لام لە میدیاکان  دا ، بەڵانی کەمەوە لە هێندێکیان دا  لە سەر ڕەهەندی ئەو رێکەوتنانە زۆر زیادەگۆیی کراوە بۆ وێنە شاری منبیج کە هێندێک لە میدیاکان ڕایانگەیاندبوو دەوڵەتی سووریا چووەتە ناوی ، هیچ بوونی ئەڕتەشی سووریا لە ناو شارەکەدا نییە و هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی تەنێ لە خەتی تەماس لە نێوان هێزەکانی قەسەدە و ئەڕتەشی تورکیا لە دەرەوەی  لە ڕاستیدا شاری منبیج ن و لە ڕۆژهەڵاتی چۆمی فرات جارێ هیچ پێشوەچوونێک ڕووی نەداوە .
 هەر چۆنێک بێ کوردەکانی سووریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا خەریکی ڕاوێژ کردن بوون لەگەڵ ڕووسیا  لە مەسکەو و ئەمڕۆش  نوێنەرانی تورکیا دیداریان هەبوو لەگەڵ مەسکەو . بەگشتی ئاوا وەبەرچاو نایە کە تورکیا هەر وا بە هاسانی ئەو جۆرەی کە  پێشتر تەسەوری دەکرد بتوانێ  لە ڕەهەندی گەورە دا بچیتە ناو خاکی  کوردستانی سووریا و سووریا بە گشتی  و دەوڵەتی مەسکەو وا وەبەرچاو دێ لە ڕاستیدا پەیامگەلی زۆر کۆنکرێتی لەو بارەیەوە بە تورکیا دابێ و تەنانەت ڕاپۆرتی ئەوە هاتووە کە لە موزاکەرەکانی ئەمڕۆ دا مەسەلەی عەفرین یش هاتووەتە گۆڕێ و دەوڵەتی ڕووسیا داوای کردووە تورکیا تەنانەت لە عەفرینیش دەرکەوێ  کە پێشتر لە بەر نزیکی زۆری کوردەکانی سووریا – دیارە لە ڕوانگەی ڕووسیاوە – لەگەڵ ئەمریکا، دەوڵەتی ڕووسیا ئیزنی دا دەوڵەتی تورکیا ئەو ناوچەیە داگیر بکا و هێزی هەوایی تورکیا لە ڕاستی دا چرای کەسکی بۆ هەڵکرا لە لایەن دەوڵەتی ڕووسیاوە. بەڵام لە حاڵی حازر دا بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە هەڵوێستی سەرەکی ڕووسیا ئەوەیە  کە دەبێ یەکپارچەیی سووریا بپارێزرێ  و کۆنتڕۆڵی دەوڵەتی ناوەندی بە سەر خاکی سووریا دا بە تەواوی  دابمەزرێتەوە، ئەوە دوور لە زەینە ئەوان بتوانن ڕەزایەت  بدەن بە داگیر کردنی بەشێکی گرینگ لە خاکی سووریا بە دەست دەوڵەتی تورکیا  و بە باوەڕی من هێور بوونەوەی عەمەلیاتە نیزامییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە بەرئەو پارسەنگە تازەیەی هێزەکانە کە ڕووی داوە .

پرسیار لە لایەن بەردیا گەرشاسبی هاوکاری بەرنامەی  ' چشم انداز' : ئاغای مەتین ، ئەوەی کە باکووری سووریا ئێستا بە دەست کوردەکانەوەیە ، زیاتر لە بەر ڕێکەوتێک نەبووە، لە بەڕ ڕووداوێک  و لە بەڕ هەلومەرجی جیاواز، ئەو هەلومەرجەی کە پێک هات و ئەڕتەشی دەوڵەتی ناوەندیی سووریا لە  باکووری سووریا دەرچوو بۆ ئەوەی بتوانێ لە شوێنی دیکە نەبەرد بکا ، دوایە داعش هات و دوایە لە ژێر چەتری پشتیوانی قورس و قایمی هەوایی ئەمریکا دا کوردەکان بە خێرایی و بە تواناییەوە توانیویانە  ئەو  هەڵکەوتانە لە دەست داعش دەربهێنن و بە ڕێکەوت شوێنەکە بووە بە ناوچەیەک  کە ئێستا هیوایانە ببێتە ناوچەیەکی خۆموختار. ئەو هیوایە چەند لە گەڵ ڕاستی دەخوێنێتەوە یان ڕێشەی مێژوویی هەیە و چەندە دەتوانێ ئیمکانی [ پێک هاتنی ] هەبێ و ئایا ڕووسیا دەتوانێ ببێ بە ڕزگارکەری کوردەکان کارێکی کە ئەمریکا نەیتوانی بیکا ؟

کامڕان مەتین: بەڵێ ئەمن لە سەرەتاوە بلێم ئەو عیبارەتانەی کە ئاغای عەلیزادە  [ یەکی دیکە لە میوانەکانی بەرنامە. وەرگێڕ]  لە ڕاستیدا  پارسەنگی هێزەکان و ڕاستییەکان دەردەبرێ. کوردەکان هیچ جێگایەک نادەنەوە بە دەوڵەتی بەشار ئەسەد، دەوڵەتی بەشار ئەسەد ئەگەر هێزی هەبووبا کە یەک لە سێی خاکی سووریا کە ئێستا لە ژێر کۆنتڕۆڵی قەسەدە دایە ، ئەوێ ئیدارە بکا و کۆنتڕۆڵی بکا لە جێدا لەوێ دەر نەدەچوو. لە ڕووی هەژمارەوە ئەڕتەشی سووریا لە دۆخێکی ئاوا دا نییە  کەبتوانێ ئەوەندە بە خاکی سووریا دا بڵاو بێتەوە  و بەشێوەیەکی چالاکانە و کاریگەر  ئەوێ ئیدارە بکا. قەسەدە ئێستا نزیکەی ١٠٠٠٠٠  ( سەت هەزار) شەڕڤانی هەیە و ئەوە هێزێکە کە لە هەر بارودۆخێک دا ڕەوایە دەوڵەتی ناوەندی لە هەڵوێستی بەرابەر ڕا لەگەڵیان  دەست بکا بە وتوێژ لەگەڵ کردنیان و ئەوان لە ڕاستیدا ببن بە بەشێک لە هێزە بەرگرییەکان  و ئەمنییەتییەکانی گشت سووریا و نەک وەک ژێردەستەی دەوڵەتی ناوەندی هەر بەو شێوەیەی  کە لە ساڵی ٢٠١١ دەوڵەتی سووریا هەموو سووریای ئیدارە دەکرد. بە باوەڕی من ئەوە وێناچێ بقەومێ لە بەر ئەو هۆیەی کە  هێشتا جەریانی ئۆپۆزیسیۆن درێژەی هەیە لە ئدلیب ، مەسەلەی ئیسراییل لە باشووری سووریا لە گۆڕێ دایە و هەمووی ئەوانە دەبێتە هۆی ئەوە کە دەوڵەتی سووریا ئەگەر هەر لە سۆنگەی نیزامیشەوە بێ  ئەگەر بیشهەوێ ئەو ئیمکاناتەی نییە کە لە ڕۆژهەڵاتی فرات بە تەواوی بەشێوەی ناوەندی و ڕاستەوخۆ  حکوومەت بکا. سەبارەت بە

عەلی خێرەد پیر: داوای لێبوردن دەکەم ئاغای مەتین ئێوە بۆچی لەو باوەڕە دان کە پەلاماری نیزامی تورکیا لە ڕاستی دا ئیحتیمالی کەم بووەتەوە یان لانی کەم وەدوایە کەوتووە ، ئەگەر ئەڕتەشی سووریا ناتوانێ چەتڕێکی  پشتیوانی ساز کا ، دەبێ هیوای چی پێی هەبێ ؟

کامڕان مەتین: بڕاونە ، لە جێدا چەتری پشتیوانی زیاتر سەمبۆلیکە. لە بەر ئەوەیکە دەوڵەتی سووریا سەرەڕای ئەو هەموو جینایەتەی کە کردوویەتی و ئاغای عەلیزادەش ئاماژەی پێ کرد، لە ڕوی قانوونییەوە هێشتا لە ئاستی نێونەتەوەیی دا بە دەوڵەتێکی مەشڕووع دادەندرێ. لەئاکام دا ئەگەر هێزەکانی سووریا لە سنووری سووریا – تورکیا دابمەزرێن لە ڕاستید دەوڵەتی  تورکیا بە کردەوە خۆی لە بەرانبەر دەوڵەتێک دا دەبینێتەوە کە لە ئاستی نێونەتەوەیی دا مەشڕووعە . لە ئاکام دا ئەو جۆرە داگیرکاری یان پەڕینەوە لە سنوور  زۆر جیاوازە لە دۆخێک کە دەستەیەکی نیزامی  کە دەوڵەتی نییە وەک یەکینەکانی پاراستنی گەل لەوێ  ئامادەیی هەبێ. لە ئاکام دا لە ڕووی حقووقیشەوە بیانوو لە دەست دەوڵەتی تورکیا دەردەهێندرێ و لە ئاکامدا پێکێشی هێزەکانی پاراستنی گەل یش لە وتووێژەکانیان دا لە گەڵ ڕووسیا و سووریا بە ووردی ئەوەیەکە پاسەوانە سنوورییەکانی دەوڵەتی سووریا  لەوێ ئامادەیی سەمبۆلیکیان هەبێ و لە ڕووی ناوەرۆکەوە و لە بناوانەوە کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە و ئیدارە کردنیان هەر وا  لە دەست قەسەدە دا دەمێنێتەوە و لە جێدا قسە لە سەر ئەوەیە کە چەندوچۆنی ئەو ئیدارەیە چۆن ببێ. لەمەڕ ئەوەی کە وەزعییەتێکی کۆنکرێت و ژێئۆپۆلیتیک ئەو ئیجازەی داوە بە کوردەکان ، ئەو هەلەی پێک هێناوە، دیارە لەوە دا گۆمانێک نییە. لە ڕووی پارسەنگی هێزەکانەوە لە نێوان کوردەکان و دەوڵەتە ناوەندییەکاندا ، ئەوان بە تەنێ و دەستبەجێ دەرەتانی ئەوەیان نییە لە شەڕێکی ڕووبەڕوو لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی دا بتوانن هەرێمێک وەدەست بخەن و دەرەتانێکی ئاوا زۆر کەمە . لە ئاکام دا ئەوە بەهاری عەڕەبی و لاواز بوونی دەوڵەتی سووریا و دواتر سەرهەڵێنانی داعش بوو کە ئەو دەرفەتەی پێک هێنا هێزە کوردەکان دوای ڕۆیشتنی هێزەکانی  بەشار ئەسەد  لە کوردستان بتوانن ئەوێ  کۆنتڕۆڵ بکەن و لە شەڕی بە دژی داعش دا هەم مەشڕووعییەت و هەم  خۆشەویستیی نێونەتەوەیی پەیدا کەن.
 بەڵام ئەوەی کە ئەو سەرکەوتنانە تەنێ لە بەر پشتیوانی ئەمریکا بوو بێ من زۆر لەگەڵ ئارگومێنتێکی ئەوتۆ دا نیم چونکە  لە کاتی گەمارۆ درانی کۆبانێ دا ئەوە لە بەر گوشاری نێونەتەوەیی بوو کە دەوڵەتی ئەمریکا  هاتە مەیدانێ دەنا لەوێ خۆڕاگری بەردەوام بوو ، بەڵام  لەوەدا هیچ گومان نییە کە لە چەند ساڵی ڕابردوو دا کوردەکان بە باشی  کەلکیان وەرگرتووە لەو قەڵشتە ژێئۆپۆلیتیکانە و توانیویانە هەم  بۆ ڕووبە ڕوو بوونەوە لەگەڵ داعش پشتیوانیی هەوایی دەوڵەتی ئەمریکایان هەبێ و هەم  پێوەندی خۆیان لە ڕووی سیاسی و نیزامییەوە لەگەڵ دەوڵەتی ڕووسیا نەپچڕاندووە  و بە باوەڕی من  لەو ڕووەوە کوردەکانی سووریا ،بۆ وێنە لە بەراوەرد کردن لە گەڵ کوردەکانی عێڕاق، کە گشت بارە هێلکەی خۆیان لە سەوتەی ئەمریکا ناوە دیپڵۆماسی سیاسی خۆیان باشتر هەڵسووڕاندووە. بەڵام بە گشتی هەر وەک گوتم ئەوان زۆر باش دەزانن و بە ڕاشکاوی گوتوویانە کە دواجار ئەو لایەنەی موزاکەرەی لەگەڵ بکەن دەوڵەتی سووریایە چونکە ئەوان داوای سەربەخۆیی ناکەن ، جا چ بە ڕاست یان بە هەڵە، ئەمن کارم بەو لایەنەی نییە. بەڵام ئەو پڕۆژە سیاسییەی کە ئەوان دەیانەوێ وەدی بێنن لە جێدا بریتی یە لە شلکردنەوەی دەستەڵاتی ناوەند ، بریتی یە لە جۆرەیەک لە ئیدارەی خۆسەری ناوچەیی و لە ڕاستیدا شێویەکی کۆنکرێتە لە دیاریی کردنی چارەنووسی خۆ  کە ئەوان داوای دەکەن و دەوڵەتی ڕووسیاش لە بەر ئەوەی بە شێوەی فێدراتیڤ بەڕێوە دەچێ بە تەواوی لەگەڵ ئەو مەسەلەیە جۆر دەردێتەوە بەڵام جیاوازییەکە لە سەر ئاستی ئەو فێدڕالیسمەیە کە دەوڵەتی ڕووسیا و کوردەکان و دەوڵەتی سووریا لە لایەکی دیکەوە داوای دەکەن . بەڵام دواجار  بە باوەڕی من دەرچوونی هێزەکانی ئەمریکا سەرەرای ئەو شۆکەی سەرەتا کە لە هەموو گەمەکارەکان خست و لەوانە کوردەکان  لە ڕوویەکەوە دەکرێ وەکوو شتێکی پۆزیتیڤ لێک بدرێتەوە ؛ دیارە لە ڕوانگەی کوردانەوە ، چونکە ئامادەیی ئەمریکاییەکان لەوێ تەنیا ئاڵقەی پێوەندی و تێک هاڵاندنی ڕووسیا، سووریا و ئێران بووە لە ڕاستی دا و تا ڕادەیەکیش تورکیا. بە باوەڕی من لە نەبوونی هێزەکانی ئەمریکا دا قەڵشتەکان و جیاوازییەکانی زۆر قووڵی  کە لە نێوان بەرژەوەندییەکانی  ئەو دەوڵەتانە لە ناوچە دا هەیە  لە خۆوە دێتە ڕوو و  هەر ئێستاش ئێمە دەبینین بۆ وێنە هەڵوێستی دەوڵەتی ڕووسیا لەمەڕ پەلامارە زۆر و زەوەندەکانی دەوڵەتی ئیسراییل بۆ سەر هەڵوێست و سەنگەرەکانی ئێران لە سووریا زۆر جیاوازە لە دەوڵەتی سووریا خۆی یان ئێران ، یان لە درێژ خایەن دا ئەو شتەی کە ئیران لە سووریا بە دواوەیەتی شتێک نییە کە لە ڕاستیدا ڕووسیا بییەوێ بەڵام ئەوان بە هەبوونی دوژمنێکی هاوبەش لە یەک نزیک بوون بەڵام ئێستا ئەو دوژمنە هاوبەشە خەریکە  لە شانۆ دەچێتە دەرێ و تەبیعی یە ئەو رێئاڵ پۆلیتیکەی کە پێشتر ئەوانی لە یەک نزیک کردبووەوە ئەلئان بە پێچەوانە خەریکە جیاوازییەکانیان زیاتر و زیاتر پڕڕەنگتر دەکا و ئەگەر کوردەکان بتوانن دیپلۆماسییەکی باش بەرەو پێش بەرن بە باوەڕی من  دەتوانن لەو قەڵشت و دەرزانەی کە خەریکن پەیدا دەبن کەلک وەربگرن و بگەن بە دەرجەیەکی بەرز لە خۆسەری ناوچەیی .

عەلی خێرەد پیر:  ئاغای مەتین دوایین پرسیار لەو بەشەی بەرنامە دا لەگەڵ ئێوە دەهێنمە گۆڕێ سپاستان دەکەم ئەگەر بە کورتی ووڵام بدەنەوە . ئاغای عەلیزادە لە قسەکانی دا ئاماژەی کرد بە هۆی ئەوەی کە بۆچی تڕامپ ئەو بڕیارەی دا بۆ دەرچوونی هێزەکانی خۆی لە سووریا. ئاغای عەلیزادە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەوە نەتیجە یان بەردەوامی موزاکەرەکانی هێلسینکی یە ، بەڵام ڕوانگەیەکی دیکەش هەیە و ئەویش ئەوەیە کە بڕیارێکی ئەوتۆ لە بەر نەبوونی هاوئاهەنگی یان دژبەری نێوان پێنتاگۆن و وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی ئەمریکایە و لە ڕاستیدا تڕامپ بڕیارێکی فەردی و شەخسی داوە ، ئەگەر دەکرێ بە کورتی با دیتنی ئێوە بزانین لەو بارەیەوە؟

کامڕان مەتین: بە باوەڕی من مەنتیقی بڕیاری ئاغای تڕامپ بە تەواوی لە گەڵ دروشمەکانی سەر دەمی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری جۆر دەر دێتەوە کە دەیگوت ' ئەمریکا یەکەم' و لە ڕاستیدا جۆرەیەک دوورەپەرێزی  کە بە ئینگلیسی پێی دەڵێن isolation لە سیاسەتی دەرەوەیی دا کە لەو ڕووەوە لە ڕاستیدا دژلەهەڤییەکی جیدی نابیندرێ. مەسەلەیەکی کە واقی هەموانی وور ماند و لەوانە پێنتاگۆن زەمانی ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە بوو. لە نەتیجە دا ئەوە دروستە کە لە نێوان پێنتاگۆن و هێزە نیزامییەکانی ئەمریکا  کە لە سەر زەوی هاوکارییان کردووە لەگەڵ کوردەکان و ئەو پێوەندییانە لە ماوەی ئەو ساڵانە دا تەنەنات جۆرەیەک پێوەندیی عاتیفیشی لە نێو ئەواندا ساز کردووە کە شانبەشانی یەک شەڕیان کردووە و لێیان کووژراوە و هەر وەها جیاوازی نێوان ئاغای تڕامپ و دەوڵەتەکەی  کە دەغدەغەی سەڕەکی بارودۆخی ناوخۆیی ئەمریکایە ، بۆ نموونە مەسەلەی لە مەڕ دەستێوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دا ، مەسەلەی شەخسی و مەسەلەی گەندەڵی ئیداری و ئەوانە و گرینگتر لەوە ئەو بەڵێنانەی کە داویە بە لایەنگرە ئەمریکاییەکانی کە ئەوان زیاتر لەگەڵ سەرنجدان و پێوەچارانی مەسەلە ناوخۆییەکانی ئەمریکان تا سیاسەتی دەرەوەیی .
بەڵام پێنتاگۆن و ئەفسەرە پایە بەرزەکانی ئەڕتەشی ئەمریکا هەر وەک جاران لە چوارچێوەی سەردەمی شەڕی سارد دا بیر دەکەنەوە و ئەوان دەوڵەتی ڕووسیا بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئەمنییەتی نەتەوەیی ئەمریکا وەحیساب دێنن جا لەو ڕووەوە ئیمتیاز دان بە ڕووسیا لە سووریا لە ژێر هەر بیانوویەک دا بێ بە هاسانی قەبووڵ ناکەن.

وەرگێڕان لە فارسییەوە: حەسەن قازی
ڕاگواستنی ئەو بابەتە بە ئاماژە بە سەرچاوە  ' وێبنووسی ڕوانگە'  رەوایە.
      

  

No comments: