Wednesday, November 20, 2024

چەند تێ بینییەک لە سەر بیرەوەرییەکانی نووری شاوەیس. دوکتور ڕەحیمی قازی

پێشەنگ ، ژمارە ١١، ساڵی ٤  ئازاری ١٩٨٦

چەند تێ بینییەک لە سەر بیرەوەرییەکانی نووری شاوەیس

د. ڕەحیمی قازی

   بەر لە هەموو شتێک بە پێویستی دەزانم پێ تان ڕابگەیەنم کە بە ووردی و قووڵی نووسراوەکانی ناو گۆڤارەکەتانم موتاڵا کرد و بە تەواوی هاتمە سەر ئەو باوەڕەی کە " پێشەنگ" لە هەل و مەرجی ئێستا دا  هەڵویستێکی دروست و باشی ڕەچاو کردووە، زۆر بە نرخ و باڵایە، لە ناحیەی سیاسی و ئیدلۆژی و پەیڕەو و باوەڕەوە زۆر پێشکەوتووە لە حاست زمان و ئەدەبەوە سەر ڕاست و تێگەیەنەر و ساکار و پۆختە و هەر وەها جێگەی شانازییە کە بەشێکی نووسراوەکانی
بە تیپی لاتینی چاپ دەکرێن و لەو ڕووەوە لە تەواوی بەشەکانی کوردستان خوێندەوارانی کورد ئەتوانن سوودی لێ وەربگرن....
  لە یەکەمین جارا هاتمە سەر ئەو بڕوایە کە بە نووسینی ئەو چەند دێڕەی سەرەوە کۆتایی بە نامەکەم بهێنم.. بەڵام بیرم کردەوە کە ئەگەر لەو نامەیە دا بیروڕای خۆم لە سەر ڕێزە مەسەلەیەکی مێژوویی
کە پەیوەندییان هەیە بە بیرەوەرییەکانی مامۆستا نووری شاوەیسەوە دەرنەبڕم نامەکەم کەم و کووڕی دەبێ. سەرباقی ئەوەش لە مەڕ ئەو سەردەمەی خەباتی گەلەکەمان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی نەتەوایەتی نێزیکەی ٣٠ سی ساڵە لێکۆڵینەوەی زانستیم بەڕێوە بردووە و چەند کتێب و نووسراوەیەکی زۆری زانستیم لە چاپ داوە و سەرچاوەی تەواوی نووسراوەکانیشم بەڵگە و سەنەدی ئارشیڤن.
١- مامۆستا ئەنووسێ کە بارزانییەکان کە چوونە یەکێتیی سۆڤێت (٣٠٠) کەس بوون. لە ڕاستی دا ژمارەی  بارزانییەکان ٤٩٩ کەس بوون پیرە مێردێکی کوردی تورکیەشیان لەگەڵ خۆ هێنابوو  کە وەک بەڵەدچی لە چۆمی (ئاراز) بیانپەڕێنێتەوە و بە وییەوە ببوونە ٥٠٠ کەس. [ لە دوای پیاچوونەوە بۆمان دەرکەوت  کە نووسینی "٣٠٠" لە بری " ٥٠٠ " هەڵەی چاپخانە بووە و هەر کاتی خۆی لە بەشە عەرەبییەکە دا کە ڕۆژنامەی گەل بڵاوی  دەکردەوە و هەر وەها لە کاتی چاپکردنی بیرەوەرییەکان لە ش
ێوەی کتێب بە زمانی عەڕەبی چارەسەری ئەو هەڵەیە کراوە.
-پێشەنگ-]
٢- مامۆستا ئەنووسێ
کە " مەلا مستەفا ناڕەزایی دەر دەبڕی بەرامبەر بە پارتی کۆمۆنیستی ئازەربێجان بە تایبەتی بەرامبەر سکرتێرەکەی بابرۆف بوو ( دروستەکەی باغراوفە) هەر وەها ئەنووسێ کە مەلا مستەفا باغراوف و بێریای تاوانبار ئەکرد بەوەی کە بە کرێ گیراوی عێراقن.. و یا ئەڵێ کە باغراوف ئەیویست کوردستان ببێتەپارچەیەک لە ئازەربایجانی ئێران. هەر لە پاش ئەمانە ئەنووسێ" بەڵام مەلا مستەفا کەوتبووە نێوان باغراوف و قازی محەمەد و ئەم دەیەویست مەسەلەکە هێمن بکاتەوە (لاپەڕەی ١٠ ژمارە ٥)
   بەر لە هەموو شتێ ئەوانەی کە ناشارەزان لە بەسەرهاتەکانی ئەو سەردەمە بە خوێندنەوەی ئەم قسانە ڕەنگە وایان بۆ دەرکەوێت کە لە یەکیەتی سۆڤییەەت پێشوازێکی باشیان  لە پەناهێنەرەکانی بارزانی نەکردووە. ئەوە لە ئینساف و ڕاستەقینە بە دوورە. من خۆم یەکێک بووم لە وانە کە لە پێشواز و جێ بە جێ کردن و دابین کرانی بارزانییەکان دا بەشداریم کردووە. بارزانییەکان پاش قەدەرێک مانەوە لە چەند قەزایەکی ئازەربایجانی، لە قەراغ شاری باکۆ  لە ویلایەکی تایبەتی گەورە لە یەک جێ نیشتەجێ کران. مامۆستا و دوکتۆر و دەرمان خانە و کتێب خانە و سینەما و ... خزمەتیان دەکردن. لە حاست خواردن و پۆشاکەوە ئەوی پێویست بێ لە ئیختیاریان دا دانابوون و پتر لە بیست مامۆستا دەرسیان پێ دەگوتن.
   بەڵام مەلا مستەفا داوای لە بەرپرسانی سۆڤیەت دەکرد کە چەک و ئەسلەحەی قورسی بخەنە ئیختیاری یەوە کە بچێ بە گژ هۆردووی ئێران و عێڕاق دا.... تەبیعی یە کە ئەمە داوخوازێکی وا نەبوو کە لەو سەردەمە دا بە جێ بگەیەندرێ. جا مەلا مستەفاش خۆی تووڕە دەکرد و ناڕەزایی دەردەبڕی. نووسینی ئەوەش کە باغراوف  و بیریا، بە قسەی مەلا مستەفا، بەکرێ گیراوی عێڕاقن، بەر لە هەموو شتێک شەخسیەتی مەلا مستەفا ئەهێنێتە خوارێ و نەدەبوو قسەی وا لە چاپ بدرێ.
   ئەوەش کە گۆیا باغراوف دەیەویست کوردستان ببێتە پارچەیەک لە ئازەربایجانی ئێران  بە تەواوی لە ڕاستە قینە بە دوورە. هەر بێ ئەوەش بە گوێرەی دابەشکرانی جوغرافیایی ئێران بەشێکی گەورەی کوردستان خراوەتە سەر ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (ئەیالەتی چوار) کە ناوەندەکەی شاری ورمێ یە. جیا لەوانە مەسەلەیەک لە گۆڕێدا نەبوو کە مەلا مستەفا ئەهوەنی بکاتەوە و بکرێ بە وەکیل. یەکیەتی سۆڤیەت ئەو کاتەش و لە هەموو کاتێکی تریش دا پشتیوانی لە بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوایەتی گەلی کورد کردووە و دەیکات.
٣- مامۆستا دەنووسێ (ئەو ماوەیەش) "لێرە دا کاتی  پەنابردنی بارزانییەکان بۆ یەکیەتی سۆڤیەتە" ژ.ک ئێران نیازیان هەبوو پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دابمەزرێنن. مەلا مستەفاش داوا کرابوو کە لەوێدا بەشدار بێ" ، بەڵام مەلا مستەفا دژی ڕەحیمی قازی بوو لە بەر ئەوە نەچوو). ( لاپەڕەی ١٠ ژمارەی ٥) . مەعلووم نیە ئامانج لە ژ.ک ی ئێران چی یە؟  پاش دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران لە ساڵی ١٩٤٥ دا ئیتر کۆمەڵەی  ژ.ک نەما و تەواوی ئەندامەکانی بوون بە ئەندامی حیزبی دێمۆکڕات.
    لێرە دا مەسەلەکە بەم جۆرەیە: کاتێک بارزانیەکان لە قەراغ شاری باکۆ لە یەک جێ وەخڕ هاتن و کاروباری ژیانیان  لە هەموو ڕوویەکەوە بە ڕێک و پێکی بوو، لەگەڵ مەلا مستەفا هاتینە سەر ئەم بڕیارە  کە بە ئامانجی بەڕێوە بردنی  کاروباری تەشکیلاتی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و سەرۆکایەتی  کردنی بە ڕێ و جێ بە سەر پڕۆپاگاندا کە بریتی بوو لە ڕۆژنامە و ووتار نووسین و شارەزا کردنی بارزانییەکان لە چلۆنایەتی جیهانی و هتد، ئۆرگانێکی سەرۆکایەتی سیاسی پێک بێنین. ئەوە بوو کە کۆمیتەی ناوەندی
دەرەوەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی  ئێران مان پێک هێنا. مەلا مستەفا  بە سەرۆکی کۆمیتەی ناوەندی و ئەمنیش بە یاریدەدەری سەرۆک و بەرپرسی پڕۆپاگندە دیاری کرام. میرحاج و شێخ سولەیمانی برازای مەلا مستەفاش لە ڕێزەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بوون. هەتا ئەو کاتەی کە بارزانییەکان ڕانەگوێزرابوون  بۆ کۆماری ئۆزبەکستان بە یەکەوە تێدەکۆشاین، ڕۆژنامەمان دەردەچوواند و وتارمان دەدا و هەموو حەفتەیەک جارێک  بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا کۆبوونەوەمان دەبوو. ئیتر نازانم مامۆستا شاوەیس لە سەر چ ئەساسێکی نووسیویە مەلا مستەفا ئامادە نەبوو؟ هیچ ئەساس و بناوانێکی نەبووە کە مەلا مستەفا لە دژی من بێت. ڕاستە  لە ساڵەکانی دوایی کاتێک مەلا مستەفا  لە مۆسکۆ نیشتەجێ بوو، چەند کەسێکی لەو کوردانەی کە دەرحەق بە یەکێتی سۆڤیەت نەمەک بە حەرام  دەرچوون و ئێمە ناچار بووین لە ڕێزەی خۆمان یان وەدەرخەین کەوتنە حەول و تەقەلا بۆ پێک هێنانی  ناکۆکی و ناتەبایی لە نێوان مەلا مستەفا و ئەمن دا و دەنگ و باس و شاپەی جیاواز جیاوازی دوور لە ڕاستەقینەیان بڵاو دەکردەوە. بەو بۆنەیەوە چەند دانیشتنمان پێک هێنا و بۆمان ڕوون بۆوە  کە بۆ ناتەبایی و ناکۆکی  نێوانمان هیچ ئەساسێک نیە. چەند نامەیەکی مەلا مستەفام لە لایە کە لە مەسکەو ڕا بۆی ناردووم و بە خەتی خۆی نووسیویە و لە هەمووی ئەو نامانە دا بە ئاشکرایی وەدەر دەکەوێ کە مەلا مستەفا تا چ ڕادەیەک ڕێزی بۆ داناوم و ڕازی بوونی خۆی لە کاروباری ئەمن دەربڕیوە. ( لە کاتی خۆی دا ئەو نامانە لە کتێبێکی جیاواز دا وەڕوو ئەخەین).
٤- مامۆستا دەنووسێ " لە ساڵی ١٩٤٧ دا کۆنفڕانسی دامەزراندنی پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بەسترا ... و ئەو کاتە مەلا مستەفا و میرحاج و دکتۆر مراد هەموو لە مەهاباد بوون" ( ژمارەی ٥ لاپەڕە ١٠).
لەو ساڵە دا هیچ کۆنفڕانسێکی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران نەبەستراوە و ئەوەی کە لە سەرەوە باس کرا بە نێوی کۆنفڕانس نەبوو.
   مەلا مستەفا و میرحاج هەتا مانگی ژوئییەی ساڵی ١٩٤٧ لە شەڕی دا بوون لە دژی هۆردووی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ئێران و عێڕاق و تورکیە و لەو ڕۆژە دا پەنایان برد بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ئیتر لە مەهاباد نەبوون.  بەڵام  دوکتور مراد ( مرادی ڕەزم ئاوەر) کە لێرە دا ناوی بردراوە، پێوەندییەکی بە مەلا مستەفاوە نەبووە. ناوبراو ئەفسەری حکوومەتی نەتەوایەتی ئازەربایجان بوو، نەک هی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ...
٥-  مامۆستا شاوەیس لە بیرەوەرییەکەی دا ڕیزە مەبەستێکی باس کردووە کە بە داخەوە پێ ی پێشەوای نەمری گەلی کورد قازی محەمەد ئەگرێتەوە و بوختانی پێ کراوە و جێگەی گلەییە کە گۆڤاری ( پێشەنگ) بە بێ لێکۆڵینەوە و بە بێ بەڵگە و سەنەدێک  ئەوانەی لە چاپ داوە. ئەویش لەو کاتە دا کە تەواوی هێزە نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕەکانی گەلی کورد  و ئادەمیزادی پێشکەوتووی جیهان خۆیان  ئامادە دەکەن چل ساڵەی کۆماری مەهاباد وەک جێژن و سەرکەوتنی مێژوویی بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوایەتی گەلی کورد بە یاد بکەن.
   مامۆستا دەنووسێ: " ئەو کوردانەی پەنایان بردبووە بەر ئێران باری کۆمەڵایەتی و ئابوورییان زۆر خراپ بوو... ئێرانییەکان بایەخیان پێ نەدەدان و قازی محەمەد خۆشی یارمەتی کەم دەدان.. من خۆم یەکێک بووم لە وانە کە خۆم ئامادە کرد بوو عێڕاق بە جێ بهێڵم و بڕۆم بۆ مەهاباد تا لە کۆماری مەهاباد خزمەت بکەین، بەڵام هەواڵمان بۆ هاتەوە کە قازی محەمەد حەزی بەو کارە نەدەکرد. لەوە دەچوو لە ئێمە بترسێ کە بکەوێتە ژێر دەستەڵاتی ئێمە " ( ژمارەی ٥ لا ٨).
  بارزانییەکان لە ساڵی ١٩٤٥ بەنایان بۆ ئێران هێنا. ژمارەی چەکداریان چوار هەزار کەس و ژمارەی ژن و منداڵیش نیزیکەی هەزار کەس بوو. بە گوێرەی ئەسپاردەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێمۆکڕات ژن و منداڵی بارزانییەکان لە گوندەکانی  دەورو بەری میاندوئاو و مەهاباد و بۆکان و نەغەدە و شنۆ نیشتەجێکران. خانوو و سووتەمەنی و جل و بەرگیان بۆ دابین کرا و هەر خێزانەی چەند سەرێ بزن و مەڕی پێ درا. بە پێ ی ئەسپاردەی قازی محەمەد لە تەواوی شارەکانی کوردستان کە لە ژێر دەسەڵاتی  کۆمیتەی ناوەندی حیزب دا بوون حەفتەی ڕۆژێک بە ڕۆژی یارمەتی  بە هاونیشتمانانی بارزانی دیاری کرا و لە چەند جێگەی دیاری کراوی شار نوێنەرانی حیزب ڕادەوەستان و خەڵکی شار بە گەورە و چکۆڵەوە دەهاتن و ئەوەندەی پێ یان کرا با یارمەتییان دەدا. بە ڕاستی ئەو ڕۆژە وەک جێژنێکی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی و هاودەردی لێ هاتبوو. بە چاوی خۆم دەمدی منداڵی بچووک پێڵاو و جل و بەرگیان دەهێنا یان پارەیان دەدا. ژنان بازنە و گوارە و یەخەبەرۆکی زێڕیان دەهێنا کە بۆ بارزانییەکان خەرج بکرێن. لە لایەکی تریشەوە هێزی چەکداری بارزانییەکان هەموو کران بە پێشمەرگە و تێکەڵاوی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان کران. مەلا مستەفا کرا بە یاریدەدەری سەرۆکی هێزی پێشمەرگە و بۆ ژیان و بەڕێ چوونی خۆی و نیزیکەکانی هەل و مەرجێکی زۆر باش لە مەهاباد بۆ پێک هێنرا.
   بێ جێ نیە لێرە دا ووتارێکی قازی محەمەد وەبیر بخەینەوە لە بابەت بارزانییەکانەوە. قازی محەمەد بە ڕێزی یەکی زۆر گەورەی بۆ بارزانییە قارەمانەکان دا دەنا و لەخۆ بوردن و خەباتی نیشتمان پەروەرانەی بارزانیەکانی هەمیشە وەک نموونەیەک نیشان ئەدا. قازی لە ووتارێکی خۆیدا دەڵێ:
   " کورد نەتەوەیەکە کە هیچ کاتێک لە خەباتی دژی ئیستیعمار و فاشیستەکان دەستی نەگێڕاوەتەوە. تەواوی جیهان دەزانێ کە لە عێڕاق چییان بەسەر کوردان هێناوە و هەر چەند تۆپ و تانک یان بۆ سەر کوردان هان دا نەیانتوانی  هەستی ڕزگاریخوازی ئەم گەلە بکوژێننەوە. شاهیدی زیندووی ئەم ڕاستەقینەیە جەنابی مەلا مستەفای بارزانی و عەشیرەتی قارەمانی بارزانە کە لە سەر بیری پاک و خاوێنی ڕزگاری خوازی  وازیان لە ماڵ و منداڵ و نیشتمانی  خۆیان هێناوە. لە نێو گەلی کورد دا زۆر کەس و کوڕی وا هەن  کە نیشانیانداوە بۆ فیداکاری  لە پێناوی ئازادی لە خۆ بوردوو و نەترسن و لە ڕێگەی دێمۆکڕاسی دا، ماڵ و منداڵیان نایەتە بەرچاو ئەوانە بە نەتەوەی ئێمە و بە هەموو جیهانیان نیشان دا  کە بۆ لەباوەش کردنی یاری خۆشەویست کە ڕزگاری و دێمۆکڕاسی یە باکیان لە هیچ شتێک نیە.ئەو کوردانە پاکی و فیداکاری و پیاوەتی خۆیان بە جیهان نیشان دا. پێشڕەوی ئەوانەش برایانی بارزانین..." ڕۆژنامەی " کوردستان" بەرواری ٣٠ ژوئیەی ساڵی ١٩٤٦.  جیا لە بارزانییەکان لە کوردستانی عێڕاقەوە  نیزیکەی ١٥ کەسی تریش هاتبوونە مەهاباد و ئەوانەش کە هەموویان  ڕووناک بیر و خوێندەوار و دڵسۆز بوون بە نیشتمان، لە کاروباری فەرهەنگی و ئەدەب و ڕۆژنامەنووسی و گوتنی دەرس بە زمانی کوردی بە تەواوی هێزی خۆیانەوە  تێدەکۆشان و دەورێکی باڵایان هەبوو لە پەرەپێدان و بەرەوپێش بردنی  زمان و ئەدەبی کوردی.شەخسی قازی محەمەد بەڕێزییەکی زۆری بۆ ئەو نیشتمان پەروەرانە دادەنا و تەنانەت کاک عوسمان دانش  کە مامۆستا شاوەیس لە چەند جێگەی بیرەوەرییەکەی دا باسی دەکات خۆشەویستی پێشەوا بوو، ئەو لە ماڵی پێشەوایی دەماوە و ببووە یەکێک لە هاوپرسەکانی پێشەوا. ئیتر باسی ئەفسەرە قارەمان و کارزان و و وێچوو و نیشتمان پەروەرەکانی وەک عێزەت عەبدول عەزیز، خیراللە، مستەفا خۆشناو، محەمەد قودسی، نووری ئەحمەد تەها و ... هتد ناکەم کە ببوونە خۆشەویستی هەموو لایەک و هێندەیان بڕوا پێ هەبوو کە لە لایەن حیزب و کۆمارەوە پۆستی هەرە گرینگی هێزی پێشمەرگە  خرابووە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە.
   مامۆستا شاوەیس دەڵێ: " خۆمان ئامادە کرد بڕۆین بۆ مەهاباد و لە کۆماری مەهاباد خزمەت بکەین، بەڵام هەواڵمان بۆ هاتەوە کە قازی محەمەد حەزی بەو کارە نەدەکرد."
   لە سەرەوە بۆ ڕەددی ئەو بیرە کە بە مانای باوەڕ نەکردنی قازی محەمەد بە کوردەکانی عێڕاقە، چەند نموونەیەکمان نیشان دا. لێرە دا مەسەلەیەکی تر لە گۆڕێ دایە کە کاک شاوەیس بە هیچ چەشنێکی بە لایدا نەچووە.
   بۆ ڕوون کردنەوەی مەسەلەکە و شارەزا کردنی نەوەی ئەوڕۆی گەلەکەمان لەگەڵ بەسەرهاتەکانی ئەو سەردەمە بە پێویستی دەزانم هێندێک بە کورتی لە سەر ئەو مەسەلەیە بدوێم.
   لەو سەردەمە دا، یانی کاتی دامەزرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران و ڕاگەیەندرانی کۆماری نەتەوایەتی و دێمۆکڕاتیکی کوردستان، عێڕاق بە تەواوی کوردستانی داگیر کراوی عێڕاق بە تایبەتی  لە ژێر حوکمات و دەسەڵاتی ئینگلیسیەکان دا بووە. یەکەمین ئەرکی سەرشانی نوێنەرایەتی ئیستیعماری  ئینگلیس لە کوردستانی عێڕاق بریتی بوو لەوەی کە نەهێڵن  بەرەوپێش چوون و سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی کورد  لە کوردستانی داگیرکراوی ئێران کار بکاتە سەر کوردستانی عێڕاق و بە هۆی ناردنی خوفیە و دەست پەروەردەکانی  خۆیان بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی  کوردستانی ئێران لە ڕێگەی ڕاست هەڵە بکەن و بیخەنە ژێر کارتێکردن و دەسەڵاتی خۆیانەوە. خوفییەکانی بەناوبانگی ئینگلیس لە کوردستانی عێڕاق لە وێنەی لاین، ئەدمۆندس ، کۆر، کارۆنیل شمید. دیولی، ستاپینگ، میریس و هتد بۆ ئەرکە کە حەول و تەقەلایەکی هەموو لایەکیان لە قەڵادزە و هەولێر و ڕەواندز و کەرکووک و مووسڵ و سولەیمانی دەست پێ کرد بوو، بۆ یەکەمین جار سەید محەمەد سیدیقی کوڕی سەید تەهایان نارد بۆ مەهاباد، ناوبراو بە سوود وەرگرتن لە نفوزی شێخەکانی نەهری دەیەویست  خۆی بخزێنێتە ناو شۆڕش و بزووتنەوەی گەلی کورد بخاتە ژێر کارتێکەری سیاسەتی ئیستیعماری ئینگلیس، بەڵام کارێکی پێ نەکرا، دیوی ئاوەژووی خۆی وە ڕووخست و لە مەهابادیان وەدەر نا، هەر ئەو پوشووە (مەبەست سیدیقی سەید تەهایە) لە پاشان  لە لایەن نووری سەعیدەوە کرا بە نوێنەری پارلمان لە بەغدا.
   یەکێکی تر لەو خوفیانە کە ئینگلیس ناردبوویانە مەهاباد کابرایەک بوو بە نێوی ڕەسووڵ ناجی هەر بە یارمەتی ئەو هاونیشتمانە  کوردانەی کە لە عێڕاقەوە هاتبوون و لە قووڵای دڵەوە بۆ کۆماری مەهاباد تێدەکۆشان، بە زووترین کات وەڕوو کەوت کە ڕەسووڵ ناجی خوفیەی ئینگلیسە ڕەسووڵ ناجی گیرا و کاتی لێپرسینەوە پێ ی لە زۆر شتان نا کە گرینگییەکی زۆری هەبوو بۆ کۆماری مەهاباد و تێکۆشانی حیزبی دێمۆکڕات. بۆ نموونە  ناوبراو گوتبووی کاربەدەستانی ئینگلیس لە کوردستانی عێڕاق لە وێنەی ستاپینگ، ئێدمۆندس، و لاین پێیان ئەسپاردووە  کە لەگەڵ کاک مامەندی کولیج، گوڵزار خانم، شێخ عەبدوڵای گەیلانی، ڕەشید بەگی حاجی ئاغا و تەها تەبر پێوەند ڕابگرێ و پێیان بڵێت هەتا پێیان دەکرێ خۆیان  لە قازی محەمەد و سەرۆکایەتی شۆڕش نیزیک بکەنەوە. (چەند کەسێک لەمانە تەنانەت بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبیش هەڵبژێردرابوون، بەڵام پاش گیرانی ڕەسووڵ ناجی و وەدەست کەوتنی ڕێزە بەڵگەیەک لە مەڕ خۆفرۆشییان بەشی زۆریان تەنبێ کران و دوورخرانەوە.
  جیا لەمانە ڕێزەیەکیش لە ئەندامانی کۆمەڵی " هیوا"  لە عێڕاق کە کەوتبوونە ژێر کارتێکەری ئیستیعماری ئینگلیس دەهاتنە مەهاباد و حەولیان دەدا جێ پێی خۆیان خۆش کەن و بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیکی  گەلی کورد لە ڕێگەی ڕاست هەڵە بکەن.
.. بێ شک لە هەل و مەرجێکی بەو چەشنەدا قازی محەمەد و سەرۆکایەتی حیزب نەیاندەتوانی ووریا بوونی شۆڕشگێڕانەی خۆیان لە دەست بدەن، خۆیان بخەنە نێو گۆمی ئێحساساتی نەتەوایەتییەوە و دەرگای حیزب و شۆرش بە ڕووی هەموو کەسێک دا واڵا بکەنەوە...
   مامۆستا شاوەیس هەر لەو بەشە دا دەنووسێ: " لەوە دەچوو لە ئێمە بترسێ (قازی محەمەد) کە بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ئێمەوە". بەر لە هەموو شتێک مەعلووم نیە ئامانج لەو  " ئێمەیە" چ بێت و کێ بێت؟ لەو سەردەمە دا  لە کوردستانی عێڕاق هیچ ڕێکخراوە و کۆمەڵە و هێز و پارت و حیزبێکی سیاسی ئەوتۆ نەبوو کە لە ناحیەی ئیدیۆلۆژی و بیر و باوەڕەوە یا لە ناحیەی چەک و هێزەوە بتوانێت بزووتنەوەی مەهاباد و شەخسی قازی محەمەد بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. ئەو سەردەمە لە کوردستانی عێڕاق لقی حیزبی شیوعی تێدەکۆشی و بێ شک ئامانجی مامۆستا شاوەیس ئەوە نییە. هێزی چەکداری بارزانییەکانیش ئەو سەردەمە تێکەڵاوی هێزی پێشمەرگەی مەهاباد بوون. مەترسییەکی بۆ قازی محەمەد نەبوو.
     لێرە دا ئەو پرسیارەش دێتە گۆڕێ کە ئەگەر بیروڕا و تێکۆشینی مامۆستا شاوەیس و هاوڕێکانی ( یانی ئێمە بە قەولی خۆی) بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بو، بۆچ دەبا قازی محەمەد  لەوە بترسێت؟ مەگەر قازی محەمەد  بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان حەول و تەقەلای نەدەدا؟!
    لەو سەردەمە دا هێشتا پارتی دێمۆکڕاتی کوردستانی عێڕاقیش وەک ڕێکخراوەیەکی سیاسی نەهاتبووە گۆڕێ – پارت بۆ خۆی – لە ژێر کارتێکەری مەهاباد دا دامەزرا. مامۆستا شاوەیس پێ ی لەوە ناوە و دەنووسێ: " ئەو کاتە  ئێمە لە ژێر کارتێکردنی بزووتنەوەی کوردستانی ئێران دا بووین". ( ژمارەی شەش، لاپەڕەی ١٠).
هەر وەها مامۆستا شاوەیس باسی ئەو چاپخانەیە دەکات کە هەمزە عەبدوڵا لە مەهابادەوە بردی بۆ سولەیمانی. بەڵام بە داخەوە نانووسێت کە ئەو چاپخانەیە دیاری قازی محەمەد بوو بۆ هێزە نیشتمانپەروەر و دێمۆکڕاتیکەکانی  کوردستانی عێڕاق ئەوە بۆ خۆی نموونەیەک لە بڕوا و بەڕێزی پێشەوا لە هێزە نیشتمانپەروەرەکانی عێڕاق بوو.
٦- دەربارەی ڕۆژەکانی دوایی کۆماری مەهاباد  و تێکۆشین و خەباتی پێشەوا و پێوەند لەگەڵ بارزانییەکان  کاک کەریمی حیسامی لە وەڵامی بیرەوەرییەکانی مامۆستا شاوەیس دا بۆ ڕوونکردنەوەی چەند مەسەلەیەکی باس کردووە کە نامەوێ لێرە دا دووپاتەیان بکەمەوە. بەڵام لەو بەشەشدا هێندێک مەبەست هەن کە پێویستە پتر ڕوونبکرێنەوە.
   بەر لە هەموو شتێک پێویستە ئەوەی بڵێم کە، مەلا مستەفا لەو سەردەمە دا جارێک نا، بەڵکوو دوو جار سەفەری کرد بۆ تاران. جاری یەکەم پاش شەڕەکەی  لای (ساڵح ئاوا)ی نزیک بە سەقز بوو. ئەو دەم سەرۆکی ستادی هۆردووی ئێران  ڕەزم ئارا  لە مەلا مستەفای گێڕابۆوە وەک میوانی ستادی هۆردو بچێت بۆ تارانێ. ئەو سەفەرە بە نهێنی پێک هات و مەلا مستەفا لەو بابەتەوە پرسی بە قازی محەمەد و سەرۆکەکانی تری حیزب نەکرد بوو. جاری دووهەمیش  ئەو کاتە بوو کە کاک کەریم [حیسامی] باسی کردووە یانی هێشتا پێشەوا و سەرۆکەکانی تری کۆماری مەهاباد نەگیرابوون کە مەلا مستەفا چوو بۆ تارانی.....
  لە بیرەوەرییەکانی مامۆستا شاوەیسەوە وا دیار دەکات کە پاش داگیرکرانی سەرلەنوێی مەهاباد و تێکچوونی  کۆماری دێمۆکڕاتیکی  کوردستان  بە تەنیا بارزانییەکان بە چەکداری مانەوە و هێزی پێشمەرگە بە تەواوی تێدا چو، بەڵام ئەوە وا نییە. ڕۆژێک پێش ئەوەی کە هۆردوی ئێران مەهاباد داگیر بکا، یانی لە ڕۆژی ٢٠- ی دیسامبری ١٩٤٦ دا بە گوێرەی پێشنیاری قازی محەمەد  هەرچی چەک و قۆرخانە لە عەمبارەکان دا هەبوو هەموویان لە نێو پێشمەرگەکانی مەهابادی و دێ یەکانی دەورو بەری دا دابەش کرد و (١١٥٠) پێشمەرگە  بە فەرماندەیی  کاک حەمەدی مەولوود لە مەهاباد وەدەرکەوتن و چەند مانگ لەگەڵ بەشە هۆردووەکانی ئێران و سوارەی سەرۆک عەشیرەتە خۆفرۆشەکان لە شەڕ دا بوون. لە لای تەرگەوەڕ و مەرگەوەڕ و مەڵبەندی دەورو بەری ماکۆ  نیزیکەی ١٥٠٠ پێشمەرگەی  کۆماری مەهاباد بە سەرۆکایەتی  کاک زێڕۆی بەهادوڕی چەند مانگ خۆڕاگرییان نیشان دا لە بەرامبەر هۆردووی ئێران دا. لە سەر یەک خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کۆماری مەهاباد پتر لە حەوت مانگی خایاند و ئەوە لاپەڕەیەکی زێڕینە  لە مێژووی خەباتی قارەمانانەی گەلەکەمان بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی و ئەو وێژراوەیەی نوری شاوەیس کە دەڵێت بە تەنیا بارزانییەکان چەکیان ڕاگرت و شەڕیان کرد ( ژمارەی ٥ لاپەڕەی ٩) بە تەواوی لە ڕاستەقینە بە دوورە.
٧- مامۆستا شاوەیس دەنووسێ: " وەک لە مەلا مستەفام بیست ئەمریکاییەکان پەیمانیان بە قازی محەمەد دابوو ئەگەر شەڕ نەکات و خۆی تەسلیم بکات هیچی لێ ناکەن و لە سێدارەی نادەن. بەڵام ئێمە لەو ماوەیەدا ئەو شتانەمان کپ دەکرد بۆ ئەوەی قازی محەمەد وەک شەخسییەتێکی ئایینی و پێشەوایەکی کورد ڕێزی لێبگیرێت و بمێنێتەوە". ( ژمارە ٥ لا ٩). بەر لە هەموو شتێک دەبێ بڵێم کە تەنیا قسە ناتوانێ ببێتە بەڵگە، جیا لەوە لێرە دا، یانی لەو قسانە دا، لە دژی قازی محەمەد شتێکی وا نییە کە لە لایەن مامۆستا شاوەیس و هاوڕێکانییەوە (دیسان ئێمە) کپ بکرێت  و یا بە قەولی مامۆستا شاوەیس و ەک " سەلبییەتێکی " قازی محەمەد وەبەر چاو بکەوێت.
   سەربەرزی و شانازی بزووتنەوەی دێمۆکڕاتیک و نەتەوایەتی کوردستانی ئێران لە ساڵەکانی ٤٥- ١٩٤٦ – دا ئەوە بوو کە ئەو بزووتنەوەیە بە دژی ئیستیعماری و بە تایبەت  دژی ئیستیعماری ئەمریکی بوو. دروشمی دژی ئیستیعمار لە ژوورووی هەموو مەسەلەیەک داندرابوو. جا لەبەر ئەوە ئەمریکاییەکان بە تەواوی هێزی خۆیانەوە تێدەکۆشین  ئەو بزووتنەوەیە و بە تایبەتی سەرۆکی بزووتنەوە قازی محەمەد بخەنە ژێر کارتێکردنی خۆیانەوە. بۆ ئەوە بەڵگە و سەنەدێکی یەکجار زۆر بە دەستەوە هەن کە بە داخەوە لە تاقە نووسراوەیەک دا ناگونجێ. بەڵام بۆ نموونە چەند بەسەرهاتێکی دەخەینە بەرچاو...
   بەر لە هەموو شتێک فەڕز بکەین قازی محەمەد بە قسەی ئەمریکاییەکان شەڕی نەکرد و بە فێل و فریو دان خستیانە نێو گرتووخانە و لە پاشانیش کەچی لە سێدارەیان دا. ئەی بەڵێن و پەیمانی ئەمریکاییەکان چی لێهات؟ ئەوە لەگەڵ ئەو قسانە کە گۆیا مەلا مستەفا بۆ کاک شاوەیسی گێڕاوەتەوە یەک ناگرن و لە چوارچێوەی مەنتیق دا ناگونجێت...
   بەڵێ ڕووخانی کۆماری مەهاباد و لە نێو بردنی تەواوی شوێنەکانی دێمۆکڕاسی و لە سێدارە دانی سەرۆکەکانی بزووتنەوە هەمووی و هەمووی بە گوێرەی پیلانی ئیستیعماری ئەمریکا نەک هەر جارێک، بەڵکوو گەلێک جار پێشنیاریان بە قازی محەمەد کرد بوو  کە ئەگەر بێتوو
لەسەر مەسەلەی کورد بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەوڵەتی ئەمریکا بگرێتە ئەستۆ ئامادەن هەموو چەشنە یارمەتییەکی بکەن.
ئەمریکاییەکان  بە باشی هەستیان بەوە کرد بوو کە قازی محەمەد تا چ ڕادەیەک خۆشەویستی گەلی کوردە و بەڕێزی و نفووزی لە نێو کۆمەڵانی گەل دا لە ڕادە بەدەرە، ئەوان نەک هەر کاتی بوونی قازییەکان لە گرتووخانە دا، بەڵکوو چەند جارێکیش پێش ویش کاتی دیتنی قازی ئەو پێشنیارەیان هێنابووە گۆڕێ.
  تەنانەت لە هاوێنی ساڵی ١٩٤٥- دا کاتێک کە تازە حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران دامەزرابوو کونسولی ئەمریکی لە تەورێز چوو بووە دیتنی قازی محەمەد و لە ڕێڕەوی قسە و باس دا گوتبووی دەوڵەتی ئەمریکا ئامادەیە ماشێنێکی زۆرتان بداتێ. قازی نەمر لە وڵام دا گوتبووی " ئەمن کەری کوردەواری بە ماشینی ئەمریکا ناگۆڕمەوە". ( ئەو قسە کورت و پڕ مانایەی پێشەوا لە گەلێک چاپەمەنی کوردی دا، بە تایبەتی  لە ڕۆژنامەی (ژین) کە لە سولەیمانی دەردەچوو بە درێژی چاپکراوە).
  هەوڵ و تەقەلای ئەمریکاییەکان بۆ کارتێکردن لە قازی محەمەد بە تایبەتی کاتی بوونی قازییەکان لە گرتووخانە دا بە تەواوی وەڕوو کەوت. وەکی مەعلوومە هەر چەند ڕۆژێک پاش گیرانی قازییەکان لە لایەن مەحکەمەی عەسکەری یەوە حوکمی خنکانیان درا، بەڵام لە نهێنی دا ڕاگیرا و پتر لە ٣ سێ مانگ ئەو حوکمە بەجێ نەگەیەندرا. لەو ماوەیە دا چەند جار قازییەکان لە مەهابادەوە بۆ تاران برد و چەند کاربەدەستی ئەمریکی، لەو ڕیزە سەفیری ئەمریکا لە تاران جۆرج ئالەن چاویان بە قازییەکان کەوتبوو و ووت و وێژیان لەگەڵ کرد بوون. ڕۆژنامەی ( آذربایجان) بەو بۆنەیەوە نووسیبووی " گیان لەبەری و ئیرادەی  دانەنواوی قازی محەمەد لە گرتووخانەی تاریکی دوژمن دا گەلێک پتەوتر و قایمتر بوو. قازی بە جۆرج ئالەنی ووتبوو کە گەلی کورد چاوەڕێی هیچ خێرو چاکەیەکی لە دەوڵەتە ئیستیعمارییەکان نیە و بە تەنیا بە پشت ئەستووری بە خەبات ڕزگاری و سەربەخۆیی خۆی بە دەست دەهێنێت".
    کاتێک قازییەکان لە گرتووخانە بوون فەرماندەی هووردوی ئێران لە کوردستان جەنەڕاڵ هومایوونی نزیکەی ٥٠ پەنجا هەزار تمەنی بەرتیل لە کەس و کاری قازییەکان ئەستاندبوو کە، حەول بدات قازییەکان لە مەترسی خنکاندن نەجات بدات.  پاش قەدەرێک پارەکەی گێڕابۆوە و گوتبووی " چارەنووسی قازییەکان بە دەس ئەمریکاییەکانەوەیە. بچنە لای وان و ئەوان دەتوانن حوکمی خنکاندنیان بگۆڕن یا ئازادیان بکەن ... ".
   کاتی مەحاکەمەی قازییەکان کە بەڵگەکانی لە پاشان وەدەس کەوت، سەرۆکی مەحکەمەی عەسکەری مەهاباد بە قازی دەڵێ دوو کەس لە ئەفسەرەکانی ئامادە لە مەهاباد بە وەکیلی خۆی دیاری بکات. قازی محەمەدیش نێوی دوو ئەفسەری دیکە دەبا کە لە تارانێ نیشتەجێ بوون. سەرۆکی مەحکەمە تووڕە دەبێ و دەڵێ: " ئەتۆ بە ئانقەست دەتەوێ ڕێڕەوی مەحکەمە وەدرەنگێ بخەی، بەڵکوو بتەوێ  لە لەندەنەوە وەکیلت بۆ بێت؟ " قازی محەمەدی نەمر لە وەڵاما دەڵێ: " ئەگەر پێوەندێکم  بە لەندەنەوە هەبایە کارم بەو ڕۆژە نەدەگەیشت ..." ئەو قسانە کورت بەڵام زۆر بە مانان. ئەوانە و گەلێک بەڵگە و فاکتی لەو چەشنە  تەنانەت لە نووسراوە و کتێبەکانی  ئەو کۆنەپەرستانەش کە لەمەڕ مێژووی کۆماری مەهاباد نووسیویانە وەبەر چاو دەکەوێت. بە تایبەتی لە کتێبەکەی نەجەف قوڵی پێسیان، سولەیمانی ح، ئیگلتون، ئارچی ڕۆزڤێلت، دێرک کێنان و هتد.
   لە کۆتاییدا دەمەوێ ئەو قسانەی قازی محەمەد بخەمە بەرچاو کە لە وەڵامی نوێنەرانی ئەمریکی لە قوژبنی زیندان گوتبووی: : من دوو ڕوو نیم و چاویشم چاک دەبینێ، ئەمن دەزانم ئێوە چتان لە من دەوێ، بەڵام من بیروباوەڕ و مەسلەکی خۆم ناگۆڕم. من ناتوانم خەیانەت لە نەتەوەکەم بکەم. من و نەتەوەکەم  دەستی برایەتی و دۆستایەتی یەکیەتی سٶڤیەت مان گرتووە. ئەوە وەزیفەی موقەدەسی ئێمەیە...".
بمبورن نامەکەم درێژەی کێشا. بەڵام بەهەویام نرخێکی بچووکی هەبێت بۆ ڕوونکردنەوەی ڕێزە مەبەستێکی مێژووی ڕزگاری نەتەوایەتی گەلی کورد.

 
باکۆ – ١٩٨٥




تێبینی:
ئەم بابەتە بە قەڵەمی دوکتور ڕەحیم  قازی لە ژمارەی ١١-ی گۆڤاری پێشەنگ (گۆڤاری ڕامیاری و ڕۆشنبیری ڕاگەیاندنی ناوەندی پارتی دێمۆکڕاتی گەلی کوردستان)، ئازاری ١٩٨٦دا بڵاو کراوەتەوە. گرینگی ئەم نووسراوەیە ڕوونکردنەوەیەکی هەرچەند کەمیش بێ سەبارەت بەو حەولەیە کە دەوڵەتی سۆڤیەت دوای تێکچوونی جمهووری کوردستان داویە بۆ یارمەتیکردن بە ساز کردنی " ئۆرگانێکی سەرۆکایەتی سیاسی" لە تاراوگە بە بەشداری مەلا مستەفا و چەندێک لەو کەسانەی لەگەڵی چوون بۆ شووڕەوی و ژمارەیەک لەو کوردانەی ڕۆژهەڵاتی کە جمهووری کوردستان بۆ پەروەردەی نیزامی ناردبوونی بۆ باکۆ. قازی لەم نووسینە دا  لە ڕوانگەی خۆیەوە ئاماژەیەکی کورت دەکا بە کورت خایەن بوونی ئەو حەولە. لەو بارەیەوە نەمر زرار دەرگەڵەییش لە بیرەوەرییەکانی دا باسی لەبارچوونی ئەو دەستپێشخەرییە دەکا.
ڕەحیمی قازی
لێرە دا باسی چەند ڕووداوێک دەکا بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ سەرچاوەیەک بکا، لەوانە دیداری ئەمریکاییەکان لە پێشەوا قازیی محەمەد و یارانی ئەو کاتەی کە لە زیندان دا بوون.
حەسەن قازی
نۆڤامبری ٢٠٢٤ 

 


No comments: