هاوپرسه‌کی یه‌کی دیکه له گه‌ڵ دوکتور سکووتناب کانگاس سه‌باره‌ت به دووزمانه‌کی
An Interview with Dr. Tove Skutnabb-Kangas on
Bilingualism, Linguistic Genocide and Linguistic Human Rights
هاوپرسه‌کییه‌ک له گه‌ڵ دوکتور تووڤێ سکووتناب-کانگاس سه‌باره‌ت به دووزمانه‌کی ، ژینۆ سیدی زمانی و مافی مرۆیی زمان
ئه‌و چاوپێکه‌وتنه بۆ تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ کراوه و له مانگی ئووتی ساڵی 2005 دا چه‌ند جار
دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.
حه‌سه‌نی قازی : ڕێزدار دوکتور تووڤێ سکووتناب – کانگاس جارێکی دیکه به خێر بێنه‌وه بۆ به‌رنامه‌ی ڕوانگه. ئێوه له دنیا دا پسپۆڕێکی سه‌ره‌کی بواری دووزمانه‌کی ن . ده‌کرێ ئه‌م بابه‌ته هێندێک زیاتر شی بکه‌نه‌وه ؟
تووڤێ سکووتناب- کانگاس : ده‌مه‌وێ به سپاس کردن له تووه ده‌ست پێبکه‌م که جارێکی دیکه بانگت کردوومه‌ته‌وه بۆ به‌شداری له‌م به‌رنامه‌یه دا. ده‌مه‌وێ سه‌باره‌ت به قازانجی هه‌ره زۆری دوو زمانه بوون هێندێک بدوێم. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر منداڵێکی کورد له ئاستێکی به‌رز دا دوو زمانه بێ واته : کوردی باش بزانێ ، ترکی باش بزانێ ، یان کوردی و فارسی ، یان هه‌ر شتێکی دیکه ، یان ئه‌گه‌ر منداڵێکی فه‌نلاندی ، فه‌نلاندی و سوێدی بزانێ ، با بزانین که‌لک و فایده‌کانی چییه ؟ ئه‌گه‌ر ئێمه گرووپێک له به‌ر چاو بگرین که تا ئاستێکی به‌رز دوو زمانه‌ن و گرووپێک که ته‌ک زمانه‌ن واته گرووپێکی که هه‌ر زمانێک ده‌زانن و تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی زۆریان له سه‌ر بکه‌ین دووزمانییه‌کان وه‌کوو گرووپ له تهکزمانهکان باشتر وڵامی تاقیکردنه‌وه‌کان ده‌ده‌نه‌وه. له زۆرێک له‌و تاقیکردنه‌وانه‌ی دا که لایه‌نی به‌هۆشی ده‌پێون ، ده‌رده‌که‌وێ ئێمه‌ی که زۆر زمانان ده‌زانین زۆر ژیرترین له ته‌ک زمانه‌کان وه‌کوو گرووپ. دوو زمانییه‌کان له بواری خولقێنه‌ر بوونه‌وه زۆر باشترن ، ئه‌وان زۆر ئافرێنه‌رترن و ئه‌وه شتێک بوو که ڕۆبێرت فیلیپسۆن [ له به‌رنامه‌که‌ی تۆ دا ] له مه‌ڕ نۆکیا و فه‌نلاند باسی کرد.
دوو زمان زانه‌کان زۆر ئافرێنه‌رترن له ته‌ک زمانان . له به‌ر یه‌ک ڕانان و به‌راورد کردن شتی وات پیشان ده‌دا که له وانه‌یه وه‌کی دی نه‌یبینی. دوو زمانزانه‌کان له تاقیکردنه‌وه‌ی بیر کردنه‌وه‌ی جۆر به جۆر دا باشتر ده‌رده‌چن. ئه‌ویش ئاوایه که ئه‌توو هه‌ر ئاوا ڕاسته‌وڕاست بیر ناکه‌یه‌وه ، به‌ڵکوو شتی جیاواز ده‌بینی، کاتێک که ته‌ماشای هه‌مان شت ده‌که‌ی. نه‌رمی لێتێگه‌یشتن که هه‌مان مانای هه‌یه . واته ئه‌توو له ڕوانگه‌ی جۆر به جۆره‌وه ته‌ماشای شته‌کان ده‌که‌ی و له ڕوانگه‌ی خه‌ڵکی دیکه‌شه‌وه ده‌توانی له شته‌کان بڕوانی.
ئه‌وانه گشتیان ئه‌و بوارانه‌ن که دووزمانییه‌کان تێیاندا باشترن له ته‌ک زمانییه‌کان.
دووزمانزانان له ته‌ک زمانان باشتر فێری زمانی دیکه‌ش ده‌بن . ئه‌وانه هه‌موویان هه‌تا بڵێی باشن، جا بۆیه مرۆ ده‌کرێ بپرسێ بۆچی وڵاتان و خوێندنگه‌یان منداڵان ناگه‌یێننه ئاستی به‌رزی دوو زمانزانی ؟ ئه‌گه‌ر وایان کردبا ، ئه‌گه‌ر بۆ وێنه ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بڕیاری دابا که هه‌موو منداڵان بگه‌یێنێته ئاستی به‌رزی دوو زمانزانی ، ده‌ره‌جه‌ی ژیری له وڵاته‌که دا ده‌چووه سه‌رێ ، هه‌مان جۆر له ترکییه. شتێکی گرینگ له مه‌ڕ دوو زمانه‌کی ئه‌وه‌یه که باشه ، باشه ، باشه !! و هه‌موو که‌س ده‌بێ لانی هه‌ره‌که‌می دوو زمان بزانێ! پرسیاری ئه‌وه دێته گۆڕێ بۆچی ده‌وڵه‌تان ئه‌مه نابینن ؟ بۆ چی ئه‌وان ئه‌و مافه مرۆییه زمانییانه ناده‌ن که ده‌ره‌تانی ئه‌وه ده‌دا به هه‌موو منداڵێک که ببێ به دوو زمان‌زان له ئاستی به‌رز دا یان فره زمان‌زان له خوێندنگه دا ؟
قازی : ناوی یه‌ک له کتێبه‌کانی ئێوه " ژێنۆسیدی زمانی له په‌روه‌رده دا " یه. ده‌کرێ بڵێن زمانان چۆن ده‌بڕدرێن ! و ناهێڵدرێن ؟
سکووتناب – کانگاس : ئه‌من له پێشدا پێم خۆشه بڵێم دوو ڕێگه هه‌یه بۆ ڕوانین له وه‌ی که زمانان چۆن بزر ده‌بن! هێندێک که‌س له‌وانه‌یه پێیان وابێ زمانان له خۆوه نامێنن و ده‌مرن و ڕه‌نگه هه‌ر وه‌ک گوڵ بیر له زمانان بکه‌نه‌وه. گوڵ ده‌پشکوێن ، ده‌گه‌شێنه‌وه و دوایه به شێوه‌یه‌کی خۆڕسکی ده‌مرن . پێیان وایه زمانانیش هه‌ر ئاوان. ماوه‌یه‌کی دیاریی ژیانیان هه‌یه و دوایه ده‌ژاکێن و ده‌مرن . لایه‌نێکی دیکه له بزربوونی زمانان ، به نێوکردنی به ژێنۆسیدی زمانی یه، کوشتنه ، شتێکی که ئه‌من پێم وایه ده‌کرێ ! زمان هه‌ر له به‌ر ئه‌وه نامرێ که ئاخیوهری بڵێ بۆ من زۆر به که‌لکتره که هۆو زمانه گه‌وره‌تره فێر بم و زمانی خۆم به ته‌واوی له بیر به‌رمه‌وه. هێندێک خه‌ڵک له‌و باوه‌ڕه‌دان که ئاوا ده‌بێ ، به‌ڵام ئه‌من ئیدیعا ده‌که‌م زۆرێک له زمانان له به‌ر ژینۆسیدی زمانی نامێنن و داده‌مرکێن. بکوژێکی زمانی هه‌یه که ده‌یانکوژێ. با بزانین بکوژێکی زمانی چییه ؟ فێر بوونی زمانه گه‌وره‌کان له سه‌ر حیسابی زمانه زگماکییه‌کان زمانه گه‌وره‌تره‌کان ده‌کا به زمانکوژ و بۆ وێنه ده‌کرێ بڵێم زمانی ترکی له هه‌مبه‌ر زمانی کوردی له زۆر ڕووه‌وه وه‌کوو زمانکوژێک جووڵاوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌توو بچی بۆ کۆلوو یان قۆنیا ، ئه‌سته‌مبووڵ یان ئانکارا که تێیاندا ژماره‌یه‌کی زۆری کورد ده‌ژین که خۆیان خۆ به کورد ده‌زانن به‌ڵام چیتر به کوردی قسه ناکه‌ن. له‌و ڕوانگه‌یه‌وه ترکی وه‌کوو زمانکوژێک جووڵاوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی ڕووی داوه بریتی یه تواندنه‌وه‌ی زمانی و ژێنۆسیدی زمانی . با بزانین ژێنۆسیدی زمانی چییه ؟ کاتێک مرۆ باسی ژێنۆسید ده‌بیستن ده‌ڵێن ئه‌وه زاراوه‌یه‌کی زۆر توند و گرانه .ژێنۆسید به‌و مانایه‌یه که ئه‌توو له باری فیزیکی یه‌وه خه‌ڵک ده‌کووژی. هه‌ڵبه‌ت ڕاسته ئه‌وه ژینۆسیده ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه بمانه‌وێ ژێنۆسیدی زمانی پێناسه بکه‌ین ده‌بێ بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر په‌یماننامه‌ی کۆنی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان سه‌باره‌ت به ژێنۆسید که له ساڵی 1948 دا له لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی وا ئه‌ندامی کۆڕی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بوون په‌سند کراوه. چونکوو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ئه‌وده‌می گوتیان ئه‌وه‌ی به سه‌ر جووله‌که‌کان ، ڕۆمه‌کان (قه‌ره‌چییه‌کان) هات
له که‌مپه‌کانی کاری به تۆبزی دا ، نابێ ڕێگه بدرێ جارێکی دیکه دووپاته ببێته‌وه.
هه‌ر بۆیه بوو ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام په‌یماننامه‌ی له مه‌ڕ ژێنۆسیدیان په‌ژراند. ئه‌گه‌ر مرۆ ته‌ماشای ئه‌و په‌یماننامه‌یه بکا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ژێنۆسید چون پێناسه کراوه ، پێنج پێناسه ده‌بینێ که سیانیان سه‌باره‌ت به کوشتنی فیزیکی خه‌ڵکه و ئاشکرایه ئه‌وه شتێکه له ترکییه‌ش له هه‌مبه‌ر کوردان ڕوو ده‌دا، به‌ڵام دوو له‌و پێناسانه‌ی ژێنۆسید به وردی له گه‌ڵ ناوه‌رۆکی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ی ده‌گونجێ که له ئاست زۆرێک له منداڵانی که‌مایه‌تییه‌کان به‌ڕێوه ده‌چێ ، له ئاست زۆرێک له منداڵانی خه‌ڵکی ڕه‌سه‌ن و خۆجێیی. پێناسه‌کان ئاوان :ماده‌ی 3/ئی ده‌ڵێ : ژێنۆسید بریتییه له‌وه‌ی گرووپێک له منداڵان به زۆره‌ملی بگوێزرێنه‌وه بۆ ناو گرووپێکی دیکه ، ئه‌وه ژێنۆسیده و ماده‌ی 2 / بێ ده‌ڵێ : ژێنۆسید بریتییه له زه‌ره‌ر پێگه‌یاندنی جیدی فیزیکی یان ده‌روونی به ئه‌ندامانی گرووپه‌که .
با بڕوانین بزانین سیستمی په‌روه‌رده چ ده‌کا له گه‌ڵ منداڵانی سه‌ر به که‌مایه‌تی که به ڕێگه‌ی زمانێکی زاڵ ڕا ده‌رسیان پێ ده‌گوترێ که زۆر جار زمانی زۆربه‌یه. بۆ وێنه کاتێک منداڵانی کورد به ڕێگه‌ی زمانی ترکی یه‌وه پێیان ده‌خوێندرێ . هه‌تا بڵێی له دنیا دا وێنه‌مان زۆره بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بدا که چ ده‌قه‌ومێ . بۆ وێنه با باسی لێکۆڵینه‌وه‌ی پیرۆ یانۆلفس له سوێد بکه‌م له ستۆکهۆڵم. ئه‌و له‌وێ له بارودۆخی ئه‌و منداڵه فه‌نلاندییانه‌ی کۆڵیوه‌ته‌وه که به ڕێگه‌ی زمانی سوێدی دا پێیان خوێندراوه . دوای تێپه‌ڕینی 15 ساڵ چووه‌ته‌وه لایان ، بۆی ده‌رکه‌وتووه ئیدی هیچکام له‌وان چیتر به فه‌نلاندی له گه‌ڵ منداڵه‌کانی خۆیان قسه ناکه‌ن. ئه‌وه مانای ئه‌وه‌یه له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و دایکووباوکانه خۆیان هه‌ر به ڕێگه‌ی زمانی سوێدییه‌وه خوێندوویانه و چ پۆلێک نه‌بووه که به فه‌نلاندی تێیدا بخوێنن ، منداڵه‌کانیان به زۆره ملی ڕاگوێزراون بۆ ناو گرووپی سوێدی له باری زمانی یه‌وه.
به پێی پێناسه‌ی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ئه‌وه ژێنۆسیده .
ئێمه ده‌کرێ ته‌ماشای لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێدوارد ویلیامز له مالاوی و زامبیا له ئه‌فریکا بکه‌ین.
له زامبیا زیادتر له 1500 شاگرد له هه‌موو ماوه‌ی خوێندن دا ، به ڕێگه‌ی زمانی ئینگلیزی دا ، زمانێکی زاڵ، پێیان خوێندراوه. له مالاوی جۆرێکی دیکه بووه ، له پێشدا ، له چوار ساڵه‌ی سه‌ره‌تایی خوێندن دا منداڵان به ڕێگه‌ی زمانی زگماکی پێیان خوێندراوه و وه‌کوو بابه‌تێک ئینگلیزیشتان خوێندووه و دوای ئه‌و چوار ساڵه په‌روه‌رده به ڕێگه‌ی زمانی ئینگلیزی دا بووه. ئه‌و خوێندکارانه‌ی مالاوییای که ته‌نێ له پۆلی پێنجه‌م ڕا پێ خوێندنیان به ئینگلیزی بووه ئاکامی خوێندنیان زۆر باشتر بووه له خوێندکارانی زامبیایی ته‌نانه‌ت له زمانی ئینگلیزیش دا ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئه‌وانیتر هه‌موو شتێکیان به ئینگلیزی بووه .
ئێدوارد ویلیامز هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێ هه‌بوونی ئینگلیزی وه‌کوو ئامرازی په‌روه‌رده، زمانێکی بێگانه وه‌کوو ئامرازی په‌روه‌رده به کار هێنان ، هۆشی منداڵه‌کانی له به‌ست خستبوو، له جیاتی ئه‌وه‌ی یارمه‌تییان پێ بکا، له باری ده‌روونییه‌وه سه‌ده‌مه‌ی پێ ده‌گه‌یاندن. ئێمه زۆر لێکۆڵینه‌وه‌مان له زۆر شوێنی جیهانه‌وه له به‌ر ده‌ست دایه ؛ له ئوسترالیا، کانادا ، ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، نۆروێژ ، فه‌نلاند ، ته‌نانه‌ت سامه‌کان کاتێک په‌روه‌رده‌یان به زمانی خۆیان نه‌بوو، گشتیان ده‌یسه‌لمێنن ئه‌و منداڵانه‌ی که سه‌ر به که‌مایه‌تی خوار پله‌ن ، که ڕێگه‌یان پێنادرێ له خوێندنگه دا به زمانی خۆیان قسه بکه‌ن ، که به ڕێگه‌ی زمانی خۆیانه‌وه پێیان ناخوێندرێ ، له باری ده‌روونییه‌وه به جیدی سه‌ده‌مه‌یان پێ ده‌گه‌یێندرێ .
ئه‌وه‌ش ژینۆسیدی زمانی یه .
قازی :ئێوه که‌نگێ بۆ یه‌که‌م جار باسی زمانی کوردیتان بیست و هه‌ستتان به دۆخی
له ژێر مه‌ترسی بوونی دا کرد ؟
سکووتناب – کانگاس : وا بزانم یه‌که‌م پێوه‌ندی راسته قینه‌ی من له گه‌ڵ کاروباری له مه‌ڕ کوردان کاتێک بوو که " مهم و زین " م خوێنده‌وه که له لایه‌ن یووهان بارگۆ وه له سه‌ره‌تای ساڵانی 1970 کاندا وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی سوێدی ، نزیکه‌ی 35 ساڵ له مه‌وبه‌ر. پاشان دوای ئه‌وه‌ی ماڵم گوێسته‌وه بۆ دانمارک ، له گه‌ڵ زۆر کورد و هاوکارانی دیکه‌ی سه‌ر به گرووپه که‌مایه‌تییه‌کان ده‌ستم به کار کرد . له گه‌ڵ مه‌حموود ئه‌رده‌م شتێکم نووسی سه‌باره‌ت به کوردان له مه‌ڕ بێ مافیان له په‌روه‌رده دا . پێم وایه ئه‌وه له ساڵی 1981 دا بوو. له‌و ده‌مییه‌وه ژماره‌یه‌کی زۆر هاوکار و دۆستی کوردم په‌یدا کردووه.
چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ر بۆ یه‌که‌م جار چوومه کوردستان ، به داخه‌وه پێشتر نه‌مده‌توانی بچم.ئێستا ناسیاوه کورده‌کانم پێم ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئه‌و قسانه‌ی من کردوومن ، ئه‌وان له کوردستان کردبایان ، ئێستا له به‌ندیخانه دا ده‌بوون. ئاشکرایه هه‌بوونی دۆست و هاوکاری کورد کارێکی زۆری له سه‌ر من کردووه . ئه‌من هه‌م به داخه‌وه‌م و هه‌م بێزارم له وه‌ی که به سه‌ر کوردان هاتووه و دێ !
قازی : ئێوه له نووسینه‌کانتان دا ،له زۆر جێگه‌دا کاتێک باسی ئه‌و زمانانه‌ی ده‌که‌ن وا له مه‌ترسی له ناوچوون دان ، هێما به زمانی کوردی ده‌که‌ن ! بۆچی ؟
سکووتناب – کانگاس : مرۆ ده‌شکرێ بڵێ زمانی وای که خه‌ڵکێکی زۆر قسه‌ی پێده‌که‌ن؛ وه‌کوو کوردی به هیچ جۆر له مه‌ترسی دا نین ، به‌ڵام ئه‌مه ڕاست نییه. له زۆر وڵاتان خه‌ڵک ده‌ڵێن به درێژایی ته‌مه‌نی سێ وه‌جان ، خوێندنگه ده‌توانێ به ڕێگه‌ی ده‌رس دادان به زمانی بێگانه ، زمانێک بکووژێ. زمانێکی که به هه‌زاران ساڵ ، به سه‌دان ساڵ ماوه و زمانێکی زیندوو بووه، ئه‌گه‌ر خوێندنگه به زمانی خۆیان نه‌بێ و ئه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی به‌و زمانه قسه ده‌که‌ن بچنه مه‌دره‌سه، ئه‌و ده‌می خوێندنگه ده‌توانێ له ماوه‌ی ژیانی سێ وه‌جان دا زمانه‌که به ته‌واوی بکووژێ. ئاشکرایه ئه‌مه هه‌تا بڵێی هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیدی یه، هه‌تا بڵێی به مه‌ترسی یه بۆ منداڵانی کورد. ئه‌گه‌ر ئه‌وان له مه‌دره‌سه دا به زمانی خۆیان نه‌خوێنن و زمانه‌که‌یان هیچ پله و پایه‌یه‌کی نه‌بێ و نه‌کرێ دایکووباوکان به‌و زمانه له گه‌ڵ منداڵه‌کانی خۆیان قسه بکه‌ن ، یان زۆر که‌م به‌و زمانه له گه‌ڵیان بدوێن – له به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌زانن که له بواری ڕووناک‌بیری دا له مه‌دره‌سه هه‌موو شت به ڕێگه‌ی زمانی زاڵه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ – که‌وابێ ده‌کرێ ئه‌وان به درێژایی ته‌مه‌نی سێ وه‌جان له‌باری زمانییه‌وه به ته‌واوی بتوێنه‌وه. ده‌کرێ ئایرله‌ندییه‌کان وه‌ک نموونه له به‌رچاو بگرین . زۆربه‌ی ئایرله‌ندییه‌کان که ده‌ڵێن ئه‌من ئایرلهندیمه ، ئاشکرایه که ناسنامه‌یه‌کی ئایرله‌ندی یان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌وان چبڕ به زمانی ئایرله‌ندی قسه ناکه‌ن. زمانی ئایرله‌ندی ته‌نێ سه‌مبۆلێکه وه‌کوو جلوبه‌رگێکی که‌شخه‌ی که‌ونارا با بڵێین وه‌ک ئه‌و جلوبه‌رگه‌ی مرۆ له ڕێوڕه‌سمی پیرۆزبایی نه‌ورۆز دا ده‌به‌ری ده‌کا. به‌ڵام وه‌کی دی زمانی ئایرله‌ندی له ژیانی ئاسایی ڕۆژانه‌یان دا نه‌ماوه و دامرکاوه. ئه‌وه مه‌ترسی و ریسکێکه بۆ کوردانیش ، بۆیه هه‌موو کوردێک ده‌بێ به قووڵی له‌و مه‌ترسییه ئاگادار بێ .
قازی: ئێوه له‌و دواییانه دا چووبوونه باکووری کوردستان بۆ به‌شداری له کۆنفرانسێک که له لایه‌ن پێنی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕا ڕێک خرا بوو . سه‌فه‌ره‌که‌تان چۆن بوو ؟
سکووتناب – کانگاس : ئه‌من ده‌بێ بڵێم که زۆر په‌رۆش بووم ، چونکوو هێشتاش ترکییه ده‌وڵه‌تێکی به ته‌واوی پۆلیسییه و تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی له هه‌مبه‌ر کوردان ده‌کار ده‌کرێ و ته‌نانه‌ت ده‌رحه‌ق به که مایهتییهکانی دیکه‌ش . له هه‌مان کاتدا ئه‌من هه‌ستم به هیوایه‌کی زور و وره و تواناییه‌کی زۆریش کرد. ئه‌و وره و تواناییه‌ی خه‌ڵک زۆری کار لێکردم.
بۆ وێنه دیتنی زیاتر له میلیۆنێک خه‌ڵک له پیرۆزبایی نه‌ورۆز له ئامه‌دێ.
ئه‌وه هه‌تا بڵێی مه‌زن و دڵخۆشکه‌ر بوو، شتێکی که مرۆ ئاسته‌مه بڕوا بکا ده‌یبینێ. من هه‌ر وه‌ها توانیم زۆر شت ببینم که سه‌باره‌ت به وان شتم خوێندبووه‌وه. ئه‌وانه‌م به زیندوویی بینی، بۆ وێنه کاتێک به ماشێن له ئامه‌ده‌وه چووین بۆ حه‌سکێف ، دیمه‌نی ئه‌و گوندانه‌م دی که تێک درابوون ، به درێژایی سه‌فه‌ره‌که کوڵی گریانم له ئهوکێ دابوو، زۆر دڵتاوێن بوو؛ به تایبه‌تی بۆ که‌سێکی وه‌ک من که‌له وڵاتێکه‌وه هاتبووم که تێیدا دارستان و جه‌نگه‌ڵ شوێنی هێمن و پارێزراون. دیمه‌نێکی ته‌خت و قاقڕ ده‌هاته به‌رچاو که جێ نه‌بوو خۆی تێدا وه‌شێری. به ته‌واوی دڵتاوێن بوو ، هیچ هه‌ستت به ژیان نه‌ده‌کرد. بۆیه خوێندنه‌وه سه‌باره‌ت به‌و 3000 گوندانه‌ی که تێک و مه‌کان دراون ، به زیندوویی له به‌ر چاوم بوون. دوو ساڵ له‌وه پێش ئه‌من مامۆستای چاوه‌دێری تێزی دوکتورای خانمێک بووم به ناوی کریستینا کۆیڤونێن که ناوی تێزه‌که‌ی " کوردستان و شه‌ڕی به‌رته‌سکه " .
یه‌ک له‌وشتانه‌ی ئه‌و تێزه باسی ده‌کا کێشه‌ی ته‌ندروستی یه و ده‌ڵێ باری له‌شساخی له کوردستانی ترکییه له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌فریکایی خراپتره. ئێمه‌ش به به‌ده‌نی خومان ئه‌و بارودۆخه‌مان ته‌جروبه کرد. پارازیتمان هات ده له‌شه‌وه به خواردنه‌وه‌ی ئاو له‌وێ. جۆره‌یه‌ک میکرۆب که ده‌بێ ساڵه‌های ساڵ بێ له ڕیشه دهرهاوێژرابێ و چیتر له به‌شی ترکی ترکییه دا نه‌ماوه. من له‌و سه‌فه‌ره‌م دا هه‌م په‌رۆش بووم و هه‌م هیوام به دی کرد.
قازی : مامۆستا ، ئێوه له‌و بابه‌ته‌ی له‌و کۆنفرانسه‌ی پێن دا پێشکێشتان کردووه شتێکی زۆر جێی سرنج باس ده‌که‌ن. ئێمه ده‌زانین بارێکی ئاسایی بۆ پێشکه‌وتنی زمانی کوردی نییه، ئێوه له‌وێ گوتووتانه ده‌کرێ هه‌ر نه‌بێ به ڕێگه‌ی زمانی کوردییه‌وه ، منداڵی کورد فێری زمانی ترکی بکرێ !! ئه‌وه چۆن ڕێک ده‌خرێ . له پراتیک دا ئه‌وان به ترکی فێری ترکی کراون، زمانی خۆیان له بیر کراوه .
سکووتناب- کانگاس :ئه‌وه به‌شێکه له پرسیارێکی گه‌وره که چۆن ده‌کرێ منداڵان بگه‌یێندرێنه ئاستێکی به‌رز له دوو زمانه بوون و چون ده‌کرێ مه‌دره‌سه ئه‌وه ڕێک خا ؟
مه‌دره‌سه ده‌بێ چ بکا؟ من و زۆر که‌سی دیکه له زۆر نموونانمان کۆڵیوه‌ته‌وه. چاومان له‌و خوێندنگه‌یانه کردووه که منداڵان تێیاندا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. هیچ زمانێک به باشی فێر نه‌بوون و ده‌ستکه‌وتی خوێندنیان زۆر له خواره‌وه بووه به به‌راورد له گه‌ڵ خوێندنگه‌ی دیکه و وه‌کی دی. ئێمه له‌و مهدرهسانهشمان ڕوانیوه که سه‌رکه‌وتنیان تێدا به ده‌ست هاتووه. مه‌دره‌سه‌ی ئه‌وتۆی که منداڵان تێیاندا به ته‌واوی بوون به دووزمانه، ده‌ستکه‌وتیان هه‌بووه و له ئاستی به‌رزتر دا درێژه‌یان به خوێندن داوه ، و بوون به هه‌ڵگری ناسنامه‌یه‌کی پته‌وی دووزمانه‌کی و دوو کولتووری.
به چاولێکردن له‌و دوو نموونه‌ی مه‌دره‌سان ده‌توانین ئاکامێکی زۆریان لێ ده‌رخه‌ین و بیانکه‌ینه پرێنسیپی کار. ئه‌و پرێنسیپانه ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ شاگرد له مه‌دره‌سه دا سه‌رکه‌وێ ده‌بێ ئه‌م کارانه بکا و یه‌ک له‌و پرێنسیپه زۆرانه بۆ وێنه ئه‌وه‌یه که وانه‌بێژان (مامۆستایان) ده‌بێ خۆیان دوو زمانه بن. بۆ وێنه مرۆ ئه‌گه‌ر مامۆستایه‌کی ته‌ک زمانه‌ی ترک له به‌رچاو بگرێ که ده‌رس به منداڵێکی کورد ده‌ڵێ که وای دانێین بیه‌وێ ببێته دووزمانه له ترکی و کوردی دا، مامۆستایه‌کی ئه‌وتۆ به پێی پێوانه‌که‌مان لێوه‌شاوه نییه بۆ ده‌رس پێگوتنه‌وه به‌و منداڵه. هه‌موو مامۆستایان ده‌بێ دوو زمان‌زان بن. ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ منداڵێکی کورد ، ترکی باش فێر بێ ، ئاشکرایه له دۆخێکی ئه‌وتۆ دا مامۆستاکه ده‌بێ بتوانێ ئه‌وشتانه‌ی که له ترکی و کوردی دا وه‌ک یه‌کن یان ئه‌و شتانه‌ی له یه‌ک جیاوازن بۆ ئه‌و منداڵه شی کاته‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌که بۆ خۆی بتوانێ به‌راورد بکا و بزانێ که چۆن ده‌کرێ چه‌مکێک له زمانێکه‌وه بگوێزێته‌وه بۆ زمانێکی دیکه. و چ جۆره زانیارییه‌کی دیکه‌ی له سه‌ر زمانه‌که‌ی دیکه هه‌یه و جیاوازی چییه ؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر مرۆ ته‌نێ به ڕێگه‌ی زمانی ترکی یه‌وه منداڵه‌که فێری زمانی ترکی کا، ئه‌توو مامۆستایه‌کی ترکی ، ته‌ک زمانه‌ت له به‌رچاوه که به ترکی ، ترکی فێری منداڵێکی کورد ده‌کا. مامۆستایه‌کی ئاوا ناتوانێ کارێکی ئه‌وتۆ بکا که مامۆستایه‌کی باش ده‌یکا واته به‌راورد کردن . ئه‌وه به‌راورد کردن له نێوان دوو زمانان دایه که هۆشی منداڵه‌که به‌ره‌وپێش ده‌با و هێزی ئافراندنی تێدا زیاد ده‌کا، به چاولێکردنی شتان له ره‌هه‌ند و لایه‌نی جۆربه‌جۆره‌وه.
هه‌ر به ئه‌وه‌نده‌ش ته‌واو نابێ. کاتێک ده‌وڵه‌تان و خوێندنگه‌یان و پشکێنه‌ری خۆێندنگه‌یان ، به‌ڕێوه‌به‌ر و فێرکاران ده‌یانه‌وێ کاره‌کانیان ڕێک خه‌ن ، زۆر جار عه‌قڵی سه‌لیم به کار ده‌هێنن، و زۆر جار و له سه‌ر زۆر شت عه‌قڵی سه‌لیم به کارهێنان زۆر باشه. به‌ڵام په‌روه‌رده‌ی دوو زمانه شتێکی ئاڵۆزه ، تا ڕاده‌یه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی هێندێک له‌و پرێنسیپانه‌ی ئه‌من هێمام پێکردن به پێچه‌وانه‌ی عه‌قڵی سه‌لیمن ، به‌راوه‌ژووی حه‌دس و گومانن . گومان پێمان ده‌ڵێ ئه‌وه بکه . ئه‌گه‌ر بته‌وێ که‌سێک زمانێک چاک فێر بێ ئه‌و که‌سه ، ئه‌و منداڵه تا ئه‌و جێگه‌یه‌ی ده‌کرێ ده‌بێ بکه‌وێته به‌ر لێشاوی ئه‌و زمانه. منداڵه‌که هه‌تا زووه ده‌بێ ده‌ست بکا به فێر بوونی ئه‌و زمانه،ئه‌وه ته‌واو عه‌قڵی سه‌لیم ده‌رده‌خا. له بواری حه‌دس و گومانه‌وه ئێمه ده‌ڵێین باشه بامنداڵهکه تا ئه‌و جێیه‌ی ده‌کرێ ئه‌و کاره بکا، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر بته‌وێ منداڵێک فێری مه‌له که‌ی ده ئاوی داوێژی ، ئه‌گه‌ر بته‌وێ فێری دووچه‌رخه ئاژۆتنی بکه‌ی ، دووچه‌رخه‌یه‌کی ده‌ده‌یه‌ی و ده‌بێ ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی ده‌توانێ خۆی ڕابهێنێ.
به‌ڵام ئه‌مه له دۆخی دووزمانه بوون دا وا نییه .له دوو زمانه بوون دا هه‌م هه‌ڵه و سه‌فسه‌ته‌ی ده‌ستپێکردنی زوو و هه‌م هه‌ڵه و سه‌فسه‌ته‌ی لانی زۆری پێوه خه‌ریک کردن وتێوهگلاندنمان له به‌ر ده‌م دایه .
ئه‌وه باش نییه که به ڕێگه‌ی زمانی ترکی ڕا زۆر زوو ده‌ست به په‌روه‌رده‌ی منداڵێکی کورد بکرێ. بۆ منداڵه‌که باش نییه که بکه‌وێته به‌ر کارتێکه‌ری زۆری زمانی ترکی ، ئه‌گه‌ر ئه‌مه له سه‌ر حیسابی باش فێربوونی کوردی و له سه‌ر حیسابی فێربوونی منداڵه‌که به ڕێگه‌ی زمانی کوردی دا بکرێ.
بۆ سه‌لماندنی ئه‌مه من به کورتی باسی دوو لێکۆڵینهوانت بۆ ده‌که‌م. له ڕاستیدا لێکۆڵینه‌وه‌ی هه‌ره گه‌وره‌ن له دنیا دا سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی دوو زمانزانی.
هه‌ر دووکی ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کراون. له هیچ جێیه‌کی دیکه ده‌ره‌تانی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئاوا گه‌وره نییه. یه‌کیان کاری ده‌یڤید ڕامیرێز ه . ئه‌و له 3 گرووپی سپانیایی ئاخێوه‌ری کۆڵیوه‌ته‌وه. یه‌ک له‌و گرووپانه به ته‌واوی به ڕێگه‌ی زمانی ئینگلیزی یه‌وه پێیان خوێندراوه . هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ، واته له منداڵییه‌وه ده‌ستیان به خوێندنی ئینگلیزی کردووه و له ژێر کارتێکه‌ری هه‌ره زۆری زمانی ئینگلیزی دا بوون.
ده‌سته‌ی دووه‌م ، دووساڵی یه‌که‌می خوێندنیان به ڕێگه‌ی زمانی سپانیایی دابووه و دواتر هه‌موو شتیان به ئینگلیزی خوێندووه، که ئه‌وانیش زوویان ده‌ست پێکردووه و له ژێر کارتێکه‌ری هه‌ر زۆری ئینگلیزی دابوون. ده‌سته‌ی سێهه‌م له نێوان 4 تا 6 ساڵ په‌روه‌رده‌ی سه‌ره‌تاییان به سپانیایی بووه به‌ر له‌وه‌ی به رێگه‌ی زمانی ئینگلیزی دا پێیان بخوێندرێ.
هه‌ڵبه‌ت بۆچوونی عه‌قڵی سه‌لیم پێمان ده‌ڵێ ئه‌و ده‌سته‌یه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به ڕێگه‌ی زمانی ئینگلیزی ڕا پێیان خوێندراوه له ئینگلیزی دا ده‌ستکه‌وتی هه‌ره باشیان هه‌بووه و ده‌ستکه‌وتیان له خوێندن دا هه‌ره زۆر بووه و له بابه‌تی ماتێماتیک دا و وه‌کی دی.
به‌ڵام ئه‌وه به هیچ جۆر وا نییه .ئه‌وانه له هه‌ر دوو گرووپه‌که‌ی دیکه خراپتر بوون. ئه‌وانه‌ی هه‌م له زمانی ئینگلیزی و هه‌م له ماتێماتیک و هه‌م له ده‌ستکه‌وتی خوێندن دا به گشتی له هه‌موان باشتر بوون ، ئه‌و ده‌سته‌یه بوون که دره‌نگتر ده‌ستیان کردووه به خوێندن به ڕێگه‌ی زمانی ئینگلیزی دا، چونکوو ئه‌وان به ڕێگه‌ی زمانی زگماکی خۆیان شتی زۆر سه‌باره‌ت به جیهان فێر ببوون ، له تێکنیکی چلۆنایه‌تی خوێندنه‌وه ڕاهاتبوون که دواتر هاسانتره بگوێزرێته‌وه بۆ فێربوونی زمانێکی دیکه ، ئه‌وانه‌ش به زمانێک که ده‌یانزانی واته سپانیایی. که وابوو ده‌ستپێکردنی زوو و لانی زۆری تێوه‌گلاندن هه‌ڵه‌یه. عه‌قڵی سه‌لیم له‌و بواره دا که‌لکی نییه . لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی دیکه که زۆر زۆر گه‌وره‌یه له چلۆنایه‌تی 200000
منداڵی کۆڵیوه‌ته‌وه ، که ئه‌وانیش هه‌ر سپانیایی ئاخێوه‌ر بوون و ئه‌وه‌ش له ئه‌مریکا کراوه.
ئه‌ویش نیشان ده‌دا ئه‌و منداڵانه‌ی له خوێندن دا ده‌ستکه‌وتی هه‌ره باشیان هه‌بووه ، ئه‌و
منداڵانه‌ی بوون که له په‌روه‌رده دا که‌وتوونه‌ته به‌ر لانی زۆری خه‌ریکبوون به زمانی زگماکی خۆیانه‌وه. هه‌تا ساڵانێکی درێژتر به زمانی خۆیان پێیان خوێندرابێ ، ئه‌وه‌نده‌ش نه‌ک هه‌ر له زمانی ئینگلیزی دا ، به‌ڵکوو له هه‌موو بابه‌ته‌کانی دیکه‌ی خوێندن له مه‌دره‌سه دا باشتر بوون. ئه‌وه‌ی که ئه‌و لێکۆڵه‌ره‌وانه ده‌ڵێن ئه‌وه‌یه: " هه‌تا زیاتر و درێژتر به زمانی زگماکی خوێندرابێ ، ئه‌وه‌نده‌ش تێگه‌یشتن و فێربوونی ئینگلیزی و ده‌ستکه‌وته‌کانی مه‌دره‌سه زیاتر بووه".
توێژه‌رانی هه‌ر دوو لێکۆڵینه‌وه‌که هه‌ر وه‌ها ده‌ڵێن : " درێژایی په‌روه‌رده به زمانی زگماکی بۆ منداڵه‌کان له هه‌موو هۆکاره‌کانی دیکه‌ی پێشکه‌وتن له خوێندن دا ، گرینگتر بووه ، به بێ له به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که مامۆستاکان چاک ڕاهێندرابێتن یان نا، یان ئه‌وه‌ی مه‌دره‌سه دراوی زۆر بووبێ یان که‌م ، به بێ له به‌رچاوگرتنی ئاستی خوێنده‌واری دایکووباوکان. هۆکاری هه‌ره گرینگ ئه‌وه بووه که منداڵه‌کان چ ماوه‌یه‌ک ده‌ره‌تانی په‌روه‌رده‌یان به زمانی زگماکی خۆیان هه‌بووه ، و ئاکامی هه‌ره خراپ ئی گشت ئه‌و پۆلانه بووه که سیستمی خوێندن به ڕێگه‌ی زمانی زاڵ را به‌ڕیوه چووه ، و به زمانی زگماکی هیچ نه‌بووه یان ته‌نێ وه‌کوو بابه‌تێک به ده‌رس دادراوه .
قازی :مامۆستا ده‌کرێ هێندێک به گشتی باسی زمان و مافی مرۆ بکه‌ن و پێوه‌ندی ئه‌و
دوو چه‌مکه ! ڕه‌نگه باستان کردبێ ، به‌ڵام زیاتری شی بکه‌نه‌وه .
سکووتناب – کانگاس : ئه‌مه پرسێکی زۆر ساده‌یه . هه‌موو منداڵێک و له‌وانه هه‌ڵبه‌ت منداڵانی کورد ده‌بێ خاوه‌نی مافه سه‌ره‌تاییه ئاساییه‌کانی مرۆیی زمان بن. ئه‌و که‌سانه‌ی که سه‌ر به گرووپی زاڵن ، سه‌ر به گرووپی زۆربه‌ن ، ئه‌و مافانه بۆ خۆیان به ئاسایی ده‌زانن. واته مافی قسه کردن به زمانی خۆیی له سه‌ر شه‌قامان و له هه‌موو هه‌لومه‌رجێک دا ، له پێوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌سته‌ڵاتداران دا و ده‌ره‌تانی خوێندن به زمانی خۆیی، هه‌بوونی میدیا به زمانی خۆیی و وه‌کی دی، به بێ ئه‌وه‌ی بیری لێ بکه‌نه‌وه که ئه‌و مافانه مافی سه‌ره‌تایی مرۆیی زمانن و هه‌موو که‌س ده‌بێ بیبێ. کورده‌کان ده‌بێ مافی سه‌ره‌تایی مرۆیی زمانیان هه‌بێ ! نوخته ! هه‌ر ئه‌وه‌نده .
قازی : مه‌به‌ستم به گشتی پێوه‌ندی نێوان زمان و مافی مرۆ له ڕوانگه‌ی تێئۆرییه‌وه بوو!
سکووتناب – کانگاس :له زۆر نموونان دا که‌مایه‌تییه‌کان و خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی و زۆر جار نه‌ته‌وه پچووکه‌کان مافیان نییه و ئاشکرایه ئه‌مه له به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌ته. ئه‌من قسه‌یه‌کی پرۆفسۆر رۆدۆڵفۆ ستاڤنهاگن به شاهید ده‌گرم – ئه‌و چاوه دێری تایبه‌تی کۆڕی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانه له مه‌ڕ مافی خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی- ئه‌و ده‌ڵێ : له بار و دۆخی هه‌نووکه‌یی دا به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وڵه‌تان زۆر له مافی مرۆ گرینگ‌ترن. دیاره ئه‌وه هه‌ر ته‌نێ مافی مرۆیی زمان ناگرێته‌وه ، به‌ڵکوو زۆر مافی دیکه‌ش وه‌به‌ر ده‌گرێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ئێمه ته‌ماشای سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا بکه‌ین له ساڵی 1948 دا که ئه‌و ده‌می له سه‌ر دامه‌زراندنی رێکخراوه‌یه‌ک ده‌دوان که ئێستا به ڕێکخراوی جیهانیی بازرگانی به نێوبانگه ، و قسه‌ی هێندێکان به شاهید بێنینه‌وه، ئه‌و ده‌می که سه‌باره‌ت به بانکی جیهانی و سندووقی جیهانی دراو گوتووبێژیان ده‌کرد ، جۆرج کێنان که گوتووبێژکاری سه‌ره‌کی بوو گوتی: دانیشتوانی ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا 6% حه‌شیمه‌تی جیهانن و خاوه‌نی 50% سه‌روه‌تی دنیان. ئه‌رکی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌بێ به جۆرێک بێ که ئه‌و بارودۆخه درێژه بکێشێ. واته بارودۆخی به‌تاڵایی نێوان رێژه‌ی دانیشتوانی و قه‌درایی خاوه‌ندارێتی موڵک و سامانی.
و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه نابه‌رابه‌ره به‌رده‌وام بێ ئه‌و گوتی ، ئه‌وان واته ئه‌مریکا ده‌بێ دێمۆکراسی ، مافی مرۆ و ئاستی ژیانی خه‌ڵک له جیهان دا له بیر خۆی به‌رێته‌وه. ئه‌وه شتێکه که ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا کردوویه‌تی. ئه‌وه شتێکه که زۆرێک له ده‌وڵه‌تان به داخه‌وه هێشتا ده‌یکه‌ن. ئه‌وان گوێ ناده‌نه مافی مرۆ، دێمۆکراسی یان ئاستی ژیانی خه‌ڵک. ئه‌وان پێیان وایه به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان شتێکی دیکه‌یه و ئاماده‌ن هه‌موو شت بکه‌ن ، له‌وانه به کارهێنانی تێرۆریزمی ده‌وڵه‌تی و نکووڵی کردن له مافی مرۆ له وانه مافی مرۆیی زمان ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌و ئامانجه بگه‌ن.
مافی مرۆیی زمان شتێکه که ده‌وڵه‌تان به هه‌ڵه پێیان وایه ئه‌گه‌ر هاتوو بۆ گرووپێکیان سه‌لماند ، بۆ وێنه بۆ کوردان له ترکییه ، ئه‌وه ده‌گاته ئه‌وه‌ی که گرووپه‌که له پێشدا داوخوازی زیاتری کولتووری و زمانی بکا ، دوایه جۆره‌یه‌ک ئۆتۆنۆمی بوێ ، مافی ئابووری و مافی سیاسی زیاتر و دوا جار بییه‌وێ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واوی هه‌بێ. واته ئه‌وان پێیان وایه سه‌لماندنی مافی مرۆیی زمان ده‌گاته هه‌ڵوه‌شان و له به‌ر یه‌ک دابڕانی ده‌وڵه‌ت.
ڕه‌نگه له هێندێک نموونه دا بگاته ئه‌وه، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌ل خاوه‌نی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆیه‌تی ، ده‌وڵه‌تان نابێ مافی ئه‌وه‌یان هه‌بێ نکوولێ لێ بکه‌ن . له زۆر نموونه‌ی دیکه دا وه‌کوو نموونه‌ی فه‌نلاند که هاوسه‌رم له به‌رنامه‌ی پێشووی تۆ دا باسی کرد سه‌لماندنی مافی مرۆیی زمان و کولتووری ، بۆ گرووپێک ده‌گاته هارمۆنییه‌کی زیاتر، ده‌گاته هاوپێوه‌ندی و وه‌فاداری له ئاست ده‌وڵه‌ت . ئاکامی هه‌ڵوه‌شان و له یه‌ک دابڕان نابێ. بۆیه مافی مرۆیی زمان چاره‌سه‌رییه‌که بۆ زۆرێک له کێشه و گیروگرفتان، یان ده‌کرێ چاره‌سه‌رییه‌ک بێ بۆ زۆر گێره و كێشان. سه‌لماندنی مافی مرۆیی زمان کێشه و هه‌را نانێته‌وه.
قازی: باسی وڵاتی فهنلاندت کرد . پێت وایه له‌وێ یه‌کسانی نێوان زمانی فه‌نلاندی و زمانی سوێدی له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه جێ به جێ ده‌کرێ و له به‌رچاو ده‌گیرێ ؟
سکووتناب – کانگاس : له زۆر ڕووه‌وه له به‌رچاوده‌گیرێ و جێ به جێ ده‌کرێ. هه‌ڵبه‌ت ئاشکرایه له‌وانه‌یه له هێندێک هه‌لومه‌رج و نموونه‌ی پچووک دا ته‌واو یه‌کسان نه‌بن. بۆ نموونه زۆر زه‌حمه‌ته ئه‌گه‌ر خه‌ڵکێکی که‌م هه‌بن . ئه‌گه‌ر که‌متر له 8 منداڵی فه‌نلاندی ئاخێوه‌ر هه‌بن له کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک دا که وه‌کی دیکه سوێدی زمانه ؛ شارداری ئه‌رکی سه‌ر شانی نییه که مه‌دره‌سه‌یه‌کی تایبه‌تی بۆ ئه‌و منداڵانه دابنێ. به‌ڵام شارداری ئه‌رکی سه‌رشانێتی ئه‌وان بنێرێته مه‌دره‌سه‌ی هه‌ره نزیکی که به فه‌نلاندی ده‌رس ده‌ڵێته‌وه له شاردارییه‌کی دیکه.
به پێچه‌وانه‌ش هه‌ر وایه. ئاشکرایه که بارودۆخی ئه‌وتۆ هه‌یه که ماف بۆ هه‌ر دوو گرووپه‌که به ته‌واوی ته‌واو پێک نایه، به‌ڵام کاروباره‌کان له زۆر ڕووه‌وه به باشی هه‌ڵده‌سووڕێن. ئه‌وه به‌و مانایه نییه که فه‌نلاندییه‌کان له خه‌ڵکی دیکه باشترن، به‌شێکی له به‌ر نه‌ریتی مێژوویی یه ، چونکوو پێشتر فه‌نلاند له لایه‌ن سوێده‌وه به کۆلۆنی کرابوو. زۆر له سوێدی ئاخێوه‌ران سه‌ر به ئێ‌لیتی دانیشتووی فه‌نلاند بوون، به‌ڵام ئێستا سوێدی ئاخێوه‌ران وه‌کوو خه‌ڵکی ئاسایی فه‌نلاندی ئاخێوه‌رن. که‌م تا زۆر هیچ جیاوازییه‌ک نییه له بواری په‌روه‌رده‌ی فه‌رمی یان له کار و پیشه و ده‌سته‌ڵاتی سیاسی دا.هێشتا چه‌ند بنه‌ماڵه‌ی ئێلیت هه‌ن که سوێدی ئاخێوه‌رن و هێندێک له زۆربه‌ی بنه‌ماڵه فه‌نلاندییه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندترن. به‌ڵام به گشتی فه‌نلاندی ئاخێوه‌ر و سوێدی ئاخێوه‌ران هه‌نووکه پێشینه‌ی وه‌کوویه‌کیان هه‌یه. ئێمه دیومانه و ده‌بینین که کاره‌کان ئاوا باش هه‌ڵده‌سووڕێن .
قازی: مامۆستا تووڤێ ! ئێوه له گه‌ڵ خه‌ڵکی که‌ڕیش کارتان کردووه . ده‌کرێ هێندێکیش له مه‌ڕ زمانی هێمایی بدوێن !
سکووتناب- کانگاس : ده‌کرێ هێندێک سه‌باره‌ت به به‌شی په‌روه‌رده له‌م باره‌یه‌وه قسه بکه‌م. فیدراسیۆنی جیهانی که‌ڕان ئێستا نزیکه‌ی 30 ساڵه باسی مافی مرۆیی زمان ده‌کا. که‌ڕان به لێبڕاوی یه‌که‌م گرووپی که‌مایه‌تی بوون که ده‌ستیان کرد به داوخوازی مافی مرۆیی زمان. نیووزیلاند یه‌که‌م وڵاتی جیهانه که تێیدا زمانی هێمایی به ته‌نیشت دوو زمانی دیکه‌وه زمانی ڕه‌سمی یه. له ئاستی زمانی ماوری و زمانی ئینگلیزی دا.
له مهر ئه‌و بابه‌ته زۆر شت ده‌کرێ. له‌و بواره‌ش دا فه‌نلاند نموونه‌یه‌کی زۆر باشه. یووگاندا له ئه‌فریکا یه‌که‌م وڵاته له جیهان که له قانوونه بنچینه‌یییه‌که‌ی دا باسی زمانی هێمایی کراوه که خاوه‌نی مافه. فه‌نلاند وڵاتی دووه‌م بوو.
به‌ڵام فه‌نلاند ته‌نیا وڵاته له دنیا که بۆ په‌روه‌رده‌ی مامۆستایان بۆ زمانی هێمایی هه‌تا بڵێی باشه. ده‌وره‌یه‌کی پێنج ساڵه‌ی ڕاهێنانی مامۆستایان هه‌یه که مرۆ ده‌توانێ ماستری تێدا وه‌ربگرێ. به ڕێگه‌ی زمانی هێمایی دا منداڵانی که‌ڕ ده‌کرێ به ته‌واوی هه‌موو بابه‌تێک بخوێنن. واته منداڵی که‌ڕ به ڕێگه‌ی زمانی هێمایی ڕا هه‌موو شتێک فێر ده‌بن. ئه‌وان وه‌کوو زمانی دووه‌م فێری فه‌نلاندی نووسراو و وه‌کوو زمانی سێهه‌م فێری ئینگلیزی نووسراو ده‌کرێن.
ئه‌و ده‌وره‌یه‌ی پێنج ساڵه‌ی ڕاهێنانی مامۆستایان بۆ خۆی به ته‌واوی به ڕێگه‌ی زمانی هێمایی یه‌وه به‌ڕێوه ده‌چێ. کاتێک ئه‌من ده‌چم و سێمینارێک ده‌ده‌م بۆ ئه‌و گه‌نجانه‌ی که ده‌بن به مامۆستای زمانی هێمایی – من خۆم زمانی فه‌نلاندیی هێمایی نازانم- به فه‌نلاندی قسه ده‌که‌م و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ده‌یڵێم وه‌رده‌گێڕدرێته سه‌ر زمانی فه‌نلاندیی هێمایی. خۆێندکاره‌کان زۆربه‌یان ، نه‌ک هه‌موویان که‌ڕن و هه‌رچییه‌کی فێریان ده‌کرێ به ڕێگه‌ی زمانی هێمایی دایه. ئه‌وه سه‌لماندنی مافی مرۆیی زمانییه به ته‌واوی ، بۆ که‌مایه‌تییه‌ک له په‌روه‌رده دا. ئه‌م کاره هێشتا له زۆرێک له‌وڵاتانی دنیا دا نه‌کراوه. به‌ڵام کاری بۆ ده‌کرێ. ئاشکرایه له کوردستانیش خه‌ڵکی که‌ڕ زۆرن. له دنیا دا 70 میلیۆن خه‌ڵکی که‌ڕ هه‌ن ، به‌شێک له‌وان له کوردستانن. ئه‌و کوردانه‌ی که ده‌توانن ببیستن ده‌بێ بۆ مافی مرۆیی زمان بۆ هێماگران ، واته خه‌ڵکی که‌ڕیش خه‌بات بکه‌ن .
قازی : ئێوه وه‌کوو زانایه‌ک ئامۆژگاریتان چییه بۆ لایه‌نی ترک و لایه‌نی کورد ،بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌یه‌که‌وه بچارێن و بکرێ زمانی کوردی به شێوه‌یه‌کی ئاسایی پێش بکه‌وێ ؟!
سکووتناب – کانگاس : ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دانیم که ده‌بێ خه‌ڵک له ده‌ره‌وه ڕا ڕێنوێنی بکه‌ن. چونکوو ئێوه‌ی کورد و به تایبه‌تی ئه‌و کوردانه‌ی وا له کوردستان ده‌ژین ده‌زانن ئه‌وه‌ی هه‌ره باش چییه بیکه‌ن. ئێمه له ده‌ره‌وه ئه‌وه‌ی ده‌توانین بیکه‌ین بریتی یه له باسی ئه‌و ئه‌زموونانه که له گه‌ڵ خه‌ڵکی دیکه بوومانه. بۆ نمونه من ده‌توانم بۆت باس بکه‌م له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کان ، له کانادا ، له هیندووستان ،له فه‌نلاند، له سوێد و جێی دیکه له‌وباره‌یه‌وه چ کراوه و چ جۆره چاره‌سه‌رییه‌ک ههڵوسووڕاوه و وه‌دی هاتووه ، چ جۆره چاره‌سه‌رییه‌ک ده‌کرێ هه‌ڵبسووڕێ ؟
چونکوو ته‌نیا که‌سێکی که ده‌زانێ وه‌زع له کوردستان چونه که‌سێکه که بۆ خۆی له‌وێ ده‌ژی. کوردان ده‌بێ خۆیان ڕێگه‌ی چاره‌سه‌ری بدۆزنه‌وه. هیچ چاره‌سه‌رییه‌ک نییه که مرۆ بڵێ ئه‌مه تاکه چاره‌سه‌رییه بۆ هه‌موو که‌س گونجاوه. ده‌ره‌تانی فره چه‌شنه و جۆر به جۆر هه‌ن، هه‌ر کام له‌وانه ده‌بێ بخرێنه به‌ستێنێکه‌وه و له چوارچێوه‌یه‌کی تایبه‌تی دا بگونجێندرێن. ئه‌وه‌ی له ئامه‌د هه‌ڵده‌سووڕێ که ژماره‌یه‌کی هه‌ره زۆری گه‌لی کوردی تێدا ده‌ژی و ده‌رفه‌تیان هه‌یه به کوردی قسه بکه‌ن ، ته‌نانه‌ت له هێندێک بۆنه‌ی ڕه‌سمی یان نیوه ڕه‌سمی ، له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوو دا ، ئه‌و جۆره ڕێگه‌ی چاره‌سه‌رییه له وانه‌یه له گوندێکی پچووک که‌ڵکی نه‌بێ، که ڕه‌نگه جگه له چه‌ند که‌س زیاتر نه‌توانن کوردی بخوێننه‌وه. بۆیه ده‌بێ ڕێگه‌چاره‌سه‌ری جیاواز بۆ چوارچێوه و به‌ستێنی جیاواز هه‌بێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین بیکه‌ین ئه‌وه‌یه که له‌و پرێنسیپانه ورد بینه‌وه که وێده‌چێ له بارودۆخی تایبه‌تی دا هه‌ڵسووڕابن و ئاکامی باشیان لێ که‌وتبێته‌وه. ئه‌و پرێنسیپانهن که من حه‌ولم داوه له‌م کتێبه دا ( کتێبه‌که نیشان ده‌دا ) له گه‌ڵ خوێنه‌ره‌وانی به‌ش که‌م که تۆ هێمات پێ‌کرد. به گشتی بڵێم ئه‌گه‌ر ئێمه ڕێچکه‌ی ئه‌و پرێنسیپانه‌ی باسم کردن بگرین ، و ئه‌گه‌ر پێمان وابێ ئاستی به‌رزی فره زمانه بوون توانای ئافراندن به‌ره‌و ژوور ده‌با، هۆش
ڕادههێزێنێ، ئه‌و ده‌می ئاشکرایه ترکییه حه‌وجێی به خه‌ڵکی ئافرێنه‌ری ، فره زمانزانی ، به هۆش له دابێ دا هه‌یه. ئه‌گه‌ر پێمان وابێ هێزوتوانای ئافراندن پێویستی به سه‌رمایه‌دانانه. ئه‌گه‌ر بیری ئافرێنه‌ر له مه‌یدان دا بێ سه‌رمایه‌دانانێکی زۆر هه‌ڵده‌سووڕێ.و بیری ئافرێنه‌ر ده‌بێ بیری چهشناو چه‌شن و هه‌موو جۆره بن. ئه‌گه‌ر مرۆ بییه‌وێ هه‌موو وڵاتی ترکییه به ڕاستی بکا به وڵاتێکی ئافرێنه‌ر و به‌هۆش پێویست ناکا له شه‌ش ساڵه‌ی سه‌ره‌تای خۆێندن دا به ڕێگه‌ی زمانی ترکی ڕا به منداڵانی کورد بخوێنێ.
هیچ منداڵێکی کورد له ته‌مه‌نی پچووکایهتی خۆی دا حه‌وجێی به‌ترکی نییه وه‌کوو زمانی پێ خوێندن، چونکوو هه‌موو منداڵانی کورد له شه‌ش ساڵی هه‌وه‌ڵی خۆێندن دا ده‌بێ به ڕێگه‌ی زمانی کوردی دا پێیان بخوێندرێ. منداڵانی هه‌رمه‌نی ده‌بێ به ڕێگه‌ی زمانی هه‌رمه‌نی ڕا پێیان بخوێندرێ و وه‌کی دی. منداڵی ترکیش ده‌کرێ یه‌ک له‌و زمانه که‌مایه‌تییانه وه‌ک زمانی دووه‌م هه‌ڵبژێرێ. ئه‌گه‌ر هه‌موو منداڵانی کورد له ترکییه له شه‌ش ساڵه‌ی یه‌که‌می خوێندن به ڕێگه‌ی زمانی خۆیان دا پێیان بخوێندرێ ، دوای ئه‌و ماوه‌یه ده‌کرێ ئه‌وان زیاتر و زیاتر به ڕێگه‌ی زمانی ترکی دا بخوێنن و به‌م پێیه ده‌گه‌نه ئاستێکی به‌رز له فره زمانه بوون و ده‌کرێ ده‌ست بکه‌ن به فێر بوونی ئینگلیزی، ئاڵمانی، هه‌رمه‌نی وه‌کوو زمانی بێگانه ، یان زمانی سێهه‌م و چواره‌م. ئه‌وه ئاستی هۆش و ئافراندنی هه‌موو وڵات به‌ره‌وژوور ده‌با.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌من ده‌زانم ئه‌وه ناکه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئێمه به ڕێچکه‌ی ئاکامی لێکۆڵینه‌وان دا بچین، ئه‌مه سیناریۆیه‌کی ساغڵه‌م و ته‌واوه. مخابن ئاکامی لێکۆڵینه‌وان ده‌ورێکی زۆر که‌م ده‌گێرن له بڕیاردانی سیاسه‌تمه‌داران دا سه‌باره‌ت به په‌روه‌رده و هه‌ست پێناکه‌ن که نه‌بوونی مافی مرۆیی زمان کێشه و هه‌را ده‌نێته‌وه. ئه‌وه شتێکه که ئه‌وان ده‌یکه‌ن.
قازی :دوایین پرسیارم له مه‌ڕ پێوه‌ندی نێوان تاک و زمانه . بۆ نموونه منداڵێکی کورد له‌وانه‌یه کوردی نه‌زانێ و به زمانێکی دیکه گه‌وره کرابێ .
سکووتناب- کانگاس : پێم وایه زۆر له کوردان ده‌توانن له ئه‌زموونی خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی خۆجێیی شت فێر بن. که زۆریان ئه‌و زمانهنازانن که به زمانی خۆیانی ده‌زانن و چی دی ناتوانن قسه‌ی پێ بکه‌ن. یان له ئه‌زموونی خه‌ڵک له هیندووستان. بۆ وێنه له‌وێش زۆر نموونه‌ی هاوشێوه هه‌ن. ئه‌وان هێشتا ده‌ڵێن هۆ و زمانه هه‌ر زمانی زگماکی منه ئه‌گه‌رچی ئه‌من قسه‌شی پێ ناکه‌م. ئه‌وه بۆیه زمانی زگماکی منه چونکوو ئه‌من خۆمی پێوه و تێدا ده‌ناسمه‌وه.
ئه‌گه‌ر ئه‌توو خۆت له زمانێک دا وه‌کوو زمانی زگماکی خۆت بناسییه‌وه ، ئه‌گه‌ر قسه‌شی پێ نه‌که‌ی ده‌بێ مافی مرۆیی زمانیت هه‌بێ که به باشی فێری ببی. ئه‌گه‌ر خۆتی تێدا نه ناسیوه، هیچ که‌س نابێ به زۆری وات لێ بکا که فێری بی ئه‌گه‌ر خۆت نه‌ته‌وێ. ئه‌وه ده‌بێ پشکی تاکان خۆیان بێ، که خۆیان ده چ زمانێک دا ده‌ناسنه‌وه. به‌ڵام ئه‌توو ده‌کرێ له زمانێک دا خۆت بناسییه‌وه که نایزانی ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه که‌له‌پووری گه‌له‌که‌ت بێ و ئه‌گه‌ر بته‌وێ ده‌بێ مافی مرۆیی زمانیت بۆ فێربوونی بۆ بسه‌لمێندرێ.
قازی: زۆر سپاس ، به ڕاستی زۆرمان که‌لک وه‌رگرت له بۆچوونه‌کانتان.
سکووتناب – کانگا س : سپاس بۆ ئێوه‌ش و بۆ میوانداریتان
1 comment:
ده‌ست خۆش
Post a Comment