چاوپێکه‌وتنێک له گه‌ڵ دوکتور یووست هیلترما ن
The following is an interview with Dr.Joost Hiltermann , The Middle East Project
Director of International Crisis Group.
The Interview was conducted on Tuesday, October 3, 2006 in Brussels.
It was broadcast on 28 and 30 October 2006 by ROJ TV , Within RUWANGE
Program.
چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ دوکتور یووست هیلترمان به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆژه‌ی ڕۆژهه‌لاتی نێوه‌ڕاستی ڕێکخراوی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی
قازی : زۆری پێخۆشحالین بۆ به‌شداریتان له به‌رنامه‌که‌ماندا. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ له سه‌ره‌تاوه بۆمان باس بکه‌ن ئه‌رک و کاری رێکخراوی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی چییه ؟
هیلترمان : ئینترناشناڵ کرایسیس گرووپ ، رێکخراوێکی نێونه‌ته‌وه‌یی ، سه‌ربه‌خۆی ، ناحکوومی یه که حه‌ول ده‌دا بۆ پێشگیری له کێشه‌ی چه‌کدارانه. ئێمه لێکۆڵینه‌وه ده‌که‌ین و بار‌و دۆخی بواره‌کانی کێشه‌ی چه‌کدارانه لێک ده‌ده‌ینه‌وه و له‌و باره‌یه‌وه حکوومه‌تان و ئاکتۆری دیکه‌ی سیاسی ئامۆژگاری ده‌که‌ین.یارمه‌تییان ده‌که‌ین بۆ بیر کردنه‌وه له چلۆنایه‌تی چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی توند و تیژ ، یان پێش لێ گرتنی ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی کێشه‌یه‌کی توند‌و تیژ له گۆرێ دا بێ .
قازی : ڕێکخراوه‌که‌تان ، رێکخراوه‌یه‌کی جیهانی یه ؟
هیلترمان : به‌ڵێ ! ئێمه له سه‌رتاسه‌ری جیهان له بواری
پێش‌گرتن له کێشه‌ی چه‌کدارانه کار ده‌که‌ین .
قازی : ئێوه له هه‌موو ناوچه‌یه‌ک کار ده‌که‌ن
له هه‌ر جێیه‌ک کێشه هه‌بێ له وێ کار ده‌که‌ن ؟
هیلترمان : نه‌ک هه‌موو جێیه‌ک ! ده‌بێ هه‌ڵبژێرین. چونکوو
ڕیکخراوه‌یه‌کی پچووکین . کارمه‌ندمان که‌مه و سه‌رچاوه‌مان به‌رته‌نگه. بۆیه ناتوانین له هه‌موو شوێنێک بین ، به‌ڵام حه‌ول ده‌ده‌ین له زۆربه‌ی ئه‌و جیگایانه‌ی وا کێشه‌ی چه‌کدارانه‌ی جیدییان تێدایه هه‌بین .
قازی : شێوه‌ی کارتان چۆنه ؟ ته‌نێ ڕاپۆرت ئاماده ده‌که‌ن ؟
لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیش ده‌که‌ن ؟
هیلترمان : ئێمه له مه‌یدانی کێشه‌که دا لێکۆڵینه‌وه ده‌که‌ین، له بواری کێشه‌ی چه‌کدارانه دا. ئێمه له گه‌ڵ ته‌یفێکی به‌ربڵاو له ئاکتۆران قسه ده‌که‌ن. حه‌ول ده‌ده‌ین له بۆچوونی هه‌موو لایه‌نه‌کان ئاگادار بین ، بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ڕیشه‌ی کێشه‌کان چنه ؟ و ته‌عبیر و بۆچۆنی هه‌ر لایه‌نێک ، هه‌ر گرووپێک چییه ؟ له شی کردنه‌وه‌یه‌ک دا ئه‌وانه به سه‌ریه‌که‌وه باس ده‌که‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نیشان بده‌ین هۆ و سه‌به‌بی ڕیشه‌یی کێشه‌یه‌کی تایبه‌تی چییه ؟ و بۆچوونه‌کان چۆن پێ ده‌گه‌ن و پێک دێن . دوایه له سه‌ر بنه‌مای ئه‌و شیکردنه‌وه‌یه ئامۆژگاری خۆمان ده‌هێنینه گۆڕێ و ده‌ڵێین بۆ ئه‌وه‌ی پێشی کێشه‌ی زیاتر بگیرێ ده‌بێ چ جۆره هه‌نگاوێک هه‌ڵبهێندرێته‌وه . هه‌نگاوی یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌م ، به‌م شێوه‌یه ڕه‌نگه به ئاکامێک بگه‌ین .
قازی : هه‌ڵبه‌ت ، دیاره ئه‌و ئه‌رکه‌ی ئێوه حه‌وجێی به زانستێکی قووڵ و به‌ربڵاو هه‌یه سه‌باره‌ت به‌و کێشانه‌ی لێیان ده‌کۆڵنه‌وه. کارمه‌نده‌کانتان ئه‌رکه‌کانیان چۆن ڕاده‌په‌ڕێنن ؟
هیلترمان : به‌ر له هه‌موو شت ئه‌و که‌سانه‌ی له‌و بواره دا کار ده‌که‌ن ده‌بێ پێشخانێکی تایبه‌تی یان هه‌بێ . ده‌بێ له سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه‌ی کار ده‌که‌ن پێشتر ماوه‌یه‌ک لێکۆڵینه‌وه‌یان کردبێ ، یان به ڕێگه‌ی خوێندن له زانکۆ ، یان مانه‌وه‌ی زۆر له‌وێ ، وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس و وه‌کی دی ، به خوێندنه‌وه و نووسین له‌و باره‌یه‌وه ،به لێکۆڵینه‌وه و ڕاپۆرت ئاماده کردن له سه‌ر هه‌رێمه‌که. ئێمه که‌سی ئه‌وتۆ له به‌ر کار نانێین که ته‌جروبه‌ی ئه‌وتۆیان نه‌بێ له به‌ر ئه‌وه‌ی پێداویستی به زانیاری هه‌یه. شتێکی دیکه‌ش هه‌یه کاتێک مرۆ شان ده‌داته به‌ر کارێکی ئه‌وتۆ به ده‌م کاره‌وه شت فێر ده‌بێ . هه‌میشه له کۆبوونه‌وه و میتینگان دایه، خه‌ریکی شیکردنه‌وه‌یه ، کاتێک مرۆ شتێک بڵاو ده‌کاته‌وه خه‌ڵک بۆچوونی خۆیانی له سه‌ر ده‌رده‌بڕن ، زانیاری تازه ده‌ست ده‌که‌وێ و ئه‌و کاره ده‌بێته پێڤاژۆیه‌کی دوولایه‌نه.
قازی : ئێوه ستافی خۆجێیش به‌کار ده‌هێنن ؟ بۆ وێنه ئێوه
که له ئۆردۆن کار ده‌که‌ن پێوه‌ندیتان له گه‌ڵ خه‌ڵک له‌وێ هه‌یه ؟
هیلترمان : هه‌ڵبه‌ت ، هه‌ڵبه‌ت پێوه‌ندیمان هه‌یه. به‌ڵام ئۆردۆن وڵاتێک نییه ئێمه کاری له سه‌ر بکه‌ین ، چونکوو کێشه‌ی چه‌کداری تێدا نییه . به‌ڵام با بڵێین عێراق ، له‌وێ له گه‌ڵ عێراقییه‌کان کار ده‌که‌ین بۆ لێکۆڵینه‌وه. به‌ڵام شیکردنه‌وه‌ی ڕاسته قینه و کۆتایی له لایه‌ن خۆمانه‌وه ده‌کرێ. دیاره ئێمه له زانیاری خه‌ڵک و ئه‌و ئاگادارییانه‌ی ده‌مانده‌نێ که‌لک وه‌ر ده‌گرین .
قازی : ئێوه ڕاپۆرت ئاماده ده‌که‌ن ، دوایه ئامۆژگاری لایه‌نه‌کان ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی چلۆن کێشه‌که‌یان به‌لادا بخه‌ن .
به‌ڵام گه‌ڵۆ ئێوه پێوه‌ندی شه‌خسیش له گه‌ڵ لایه‌نه‌کان داده‌مه‌زرێنن ؟ یان ئه‌و پێوه‌ندییانه ته‌نێ پێوه‌ندی ڕه‌سمینه ؟
هیلترمان : ڕه‌سمی یه . به‌ڵام ئێمه له گه‌ڵ خه‌ڵک ناسیاوی په‌یدا ده‌که‌ین و هێندێک جار ئه‌وه ده‌توانێ ببێ به پێوه‌ندییه‌کی زۆر دۆستانه. ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوه‌که‌مان ده‌سترۆیشتوون و نفووزیان زۆره. ده‌ناو ئه‌واندا ، سه‌رۆکی پێشووی ده‌وڵه‌تان ، وه‌زیرانی پێشووی کاروباری ده‌ره‌وه ، ئه‌مه‌ی پێشوو ، و ئه‌وه‌ی پێشوو هه‌ن . ئه‌وانه ده‌رگامان بۆ ده‌که‌نه‌وه ، بۆیه له ناو حکوومه‌ته‌کان و گرووپه سیاسییه‌کاندا به هاسانی ده‌ستمان به شوێنی به‌رز ڕاده‌گا. دیاره ئێمه قسه‌یه‌کی زۆر له گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ده‌که‌ین و به تێپه‌ڕینی زه‌مان مرۆ ده‌کرێ له گه‌ڵ هێندێکان پێوه‌ندی دۆستانه په‌یدا بکا. به‌ڵام حه‌ول ده‌ده‌ین دوورهپهڕێز بین ، چونکوو پێویستیمان به‌وه‌یه که سه‌ربه‌خۆ بین .
قازی :ئێوه خۆتان به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی چالاکی ڕێکخراوه‌که‌تانن . سنووری کاره‌کانتان کوێیه. وه‌ک بزانم ئێوه له عه‌مان پێته‌ختی ئۆردۆن ده‌ژین !
هیلترمان : له باری تێکنیکییه‌وه ئه‌من له ناوچه‌ی مه‌شریقی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌کۆڵمه‌وه، واته : ئێران ، عێراق ، وڵاتانی که‌نداو ، سوورییه ، لوبنان ، ئۆردۆن ، ئیسراییل – فه‌له‌ستین. ئه‌و ناوچانه . ئۆفیسێکی دیکه‌شمان له قاهیره هه‌یه که به میسر و باکووری ئه‌فریقاوه ده‌چارێ. له سه‌ره‌وه‌ی من به‌ڕێوه‌به‌رێک هه‌یه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکووری ئه‌فریقا. له ڕاستیدا من زیاتر له سه‌ر عێراق کار ده‌که‌م، چونکوو مێژوویه‌کی درێژم له گه‌ڵ ئه‌و وڵاته هه‌یه. به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی بنکه‌مان له ئۆردۆنه ته‌ماشای ئه‌وێش ده‌که‌ین ، به‌ڵام ئۆردۆن وڵاتێکی قه‌یراناوی نییه . له‌و دواییانه دا ئه‌من له ئیسراییل و لوبنان بووم بۆ لێکوڵینه‌وه له سه‌ر کێشه‌ی سنوور له هاوینی ڕابردوو دا.
گه‌لۆ ئه‌تۆ ده‌ته‌وێ له‌م ڕێکخراوه‌یه دا بمێنییه‌وه ؟ چونکوو پێشتر له بواری جۆر به جۆر دا کارت کردووه ؟
هیلترمان : ڕاسته ، ئه‌من پێشتر له بواری مافی مرۆ دا کارم ده‌کرد ، له چوارچێوه‌ی ڕێکخراوی هیوومه‌ن ڕایتس واچ و ڕێکخراوی دیکه دا. ئێستا زۆر خۆشحاڵم به کارکردن بۆ ڕێکخراوی جیهانی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی . جارێ هیچ پلانێکی ئه‌وتۆم نییه ده‌ست له‌و ڕێکخراوه‌یه به‌رده‌م
قازی : ئێستا ئه‌گه‌ر هێندێک بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر کاره‌کانی پێشووتان. وابزانم له چوارچێوه‌ی چالاکییه‌کانی هیومه‌ن ڕایتس واچ دا له مه‌سه‌له‌ی کوردتان کۆڵیوه‌ته‌وه. به تایبه‌تی له کوردستانی عێراق. له نێوان ساڵانی 1992 و 1994 له‌وێ هێندێک لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌یدانیتان کردووه.
به‌ر له‌وه‌ی بچی بۆ کوردستان ، هیچ ئاگادارییه‌کی پێشووت له سه‌ر وێ هه‌بوو ؟
هیلترمان : زۆر که‌م . ئه‌من بۆ یه‌که‌م جار له سه‌ره‌تای ساڵی 1991 چوومه عێراق و کوردستان وه‌ک به‌شێک له‌وێ،دوای ده‌رپه‌ڕاندنی هێزه‌کانی عیراقی له کووه‌یتێ.
چووم و به‌وێدا گه‌ڕام و سه‌رم له هه‌ولێر و سڵێمانیش دا.
ئاکامی ده‌ستبه‌جێی سه‌رکوتکرانی ڕاپه‌ڕینی کوردستانم له لایه‌ن ئه‌رته‌شی عێراقه‌وه به چاوی خۆم دیت . ئه‌وه یه‌که‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی من له گه‌ڵ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه له نزیکه‌وه بوو.
دوای ئه‌وه چه‌ندین ده‌رفه‌تی دیکه‌شم بۆ ڕه‌خسا بۆ ئه‌وه‌ی به ڕێگه‌ی ترکییه دا بچمه کوردستان بۆ لێکۆڵینه‌وه له مه‌سه‌له‌ی کورد‌و له‌و باره‌یه‌وه هه‌تا ده‌هات زیاتر و زیاتر مه‌یلم تێدا پێک ده‌هات . دوایه له هاوینی ساڵی 1992 دا هیومه‌ن ڕایتس واچ له به‌ر کاری نام بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک سه‌باره‌ت به که‌مپه‌ینی ئه‌نفال به‌ڕێوه به‌رم.
کاتێک ده‌ستمان به‌کار کرد هیچی وامان له سه‌ر نه‌ده‌زانی ، ته‌نێ هێندێک ده‌نگۆ نه‌بێ و شتێکی که‌می که خه‌ڵک بۆیان باس ده‌کردین ، به‌ڵام دیمه‌نێکی ڕوون و ته‌واومان له به‌ر چاو نه‌بوو که له ساڵی 1988 دا چ قه‌وماوه .
قازی : له مه‌ڕ که‌مپه‌ینی ئه‌نفال ئه‌و ڕاپۆرته‌ی که هیومه‌ن ڕایتس واچ بڵاوی کردووه‌ته‌وه ئێوه یه‌ک له نووسه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی بوون . ئه‌وه به ئینگلیسی بڵاو بووه‌ته‌وه ،دوایه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر کوردی و عه‌ڕه‌بیش . ده‌کرێ بۆمان باس بکه‌ی ئه‌و کتێبه‌تان چۆن ئاماده کرد ؟
هیلترمان : به‌ر له هه‌مووشت بڵێم ئه‌من یه‌که‌م که‌س نه‌بووم که له سه‌ر ئه‌نفال لێکۆڵینه‌وه‌م کرد. گرووپێک ئه‌و کاره‌یان ده‌کرد، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه وه‌ک گرووپ کارمان نه‌ده‌کرد، هه‌ر یه‌که‌ی له سه‌ر به‌شی جیاوازی ئه‌و بابه‌ته کارمان ده‌کرد. هاوکارێکم هه‌بوو ناوی جیمێرا ڕۆن بوو که له به‌هاری ساڵی 1992 دا سه‌ردانی کوردستانی کرد و 3 مانگ له‌وێ ماوه. ئه‌و سه‌ری له شوێنی جیاواز دا ، چووه هه‌ڵه‌بجه‌ش. کاتێک من ده‌ستم پێ‌کرد نه‌چووم بۆ هه‌ڵه‌بجه،
چونکوو ئه‌و خانمه‌ی هاوکارم چووبووه ئه‌وێ . پێویستی به‌وه هه‌بوو کاره‌که‌مان دابه‌ش بکه‌ین. جیمێرا چاوپێکه‌وتن و گوت‌وبێژی زۆری کردبوو ، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی کاری دیکه‌ی هه‌بوو ده‌بوو بیکا ئه‌من جێگه‌ی ویم گرته‌وه و چوومه شوێنی جۆر به جۆر ، له ناوچه‌ی سلێمانی ، هه‌ولێر، دهۆک و ڕه‌واندز ، زۆر جێیان گه‌ڕام ، حه‌ولم دا کوت کوتی ئه‌و پازڵه گه‌وره‌یه ببینمه‌وه که بریتی بوو له که‌مپه‌ینی ئه‌نفال .
ئه‌وه پازڵ و معه‌ممایه‌ک بوو، چونکوو زۆربه‌ی کورده‌کانی که دانیشتووی شاره‌کان بوون ، نه‌که‌وتبوونه به‌ر هێرشه‌کانی ئه‌نفال. ئه‌وان له سه‌ریان ده‌زانی به‌ڵام به وردی نه‌یان ده‌زانی چ کاره‌ساتێک قه‌وماوه!! و ئه‌و خه‌ڵکه‌ش که به ته‌واوی ده‌یان زانی چ قه‌وماوه - چونکوو بۆ خۆیان له‌وێبوون –
ته‌نیا ئه‌وه‌یان ده‌زانی که له ناوچه‌ی تایبه‌تی خۆیاندا ڕووی دابوو و له سه‌ر ناوچه‌کانی دیکه هیچیان نه‌ده‌زانی.
به ڕاستیش پازڵ و معه‌ممایه‌کی سه‌یر بوو و هیچ که‌س وه‌سه‌ر یه‌کی نه‌خستبووه‌وه. ئه‌من هه‌ست به شانازییه‌کی زۆر ده‌که‌م و زۆری پێ خۆشحاڵم توانیم کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌م ، چونکوو هه‌ست ده‌که‌م گه‌لی کورد که‌لکی له‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه وه‌رگرتووه.
قازی : ئاکامی ئه‌و لێکۆڵینه‌وه مه‌یدانییه ، چاپی کتێبێک بوو له لایه‌ن هیومه‌ن ڕایتس واچه‌وه.
ده‌زانین پاشان ڕێکخراوه کوردییه‌کان ده‌ستیان به سه‌ر به‌ڵگه و دۆکۆمێنتێکی زۆری ڕێژیم دا گرت و ئه‌وانه گۆێزرانه‌وه ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا. ئێوه له نزیکه‌وه به کار کردن له سه‌ر ئه‌و به‌ڵگانه‌وه خه‌ریک بوون. ده‌کرێ به ورده‌ڕیشال باس بکه‌ی چۆنتان کار له سه‌ر ئه‌و دۆکومێنتانه کرد ؟
هیلترمان : له ڕاستی دا ئه‌وه پڕۆژه‌یه‌ک بوو له ساڵی 1992 وه تا ساڵی 1994 ، چونکوو کاری مه‌یدانی زۆربه‌ی له ساڵی 1992 دا کرا له ماوه‌ی 3 مانگان دا ، و 3 حه‌وتووی دیکه‌ش له ساڵی 1993 . به‌ڵام کار له سه‌ر به‌ڵگه‌کان پڕۆژه‌یه‌کی زۆر گه‌وره بوو و دوو ساڵی ته‌واوی کێشا. له ئۆکتۆبری 1992 وه ده‌ستی پێ‌کرد. له لایه‌ن هیومه‌ن ڕایتس واچ ڕا ئه‌من به‌رپرسیاری ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌یه بووم ، لێکۆڵه‌ره‌وه‌ی زۆر به توانا‌مان له گه‌ڵ بوون. لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی کورد به ناوی شۆڕش حاجی ، و هێندێک خه‌ڵکی دیکه له به‌ر کار نرابوون بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ئه‌و دۆکومێنتانه له دوو وه‌جبه دا له لایه‌ن حکوومه‌تی ئه‌مریکاوه له باکووری عێراق ، له کوردستانه‌وه به ڕیگه‌ی ترکییه دا برانه ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا و له‌وێ له ئارشیوی نه‌ته‌وه‌یی دا به جێ کران. بۆ ماوه‌ی دوو ساڵان ئێمه هه‌موو ڕۆژێ ده‌چووینه ئه‌وێ و به ئاوایه‌کی سیستێماتیک ئه‌و به‌ڵگه و دۆکومێنتانه‌مان ده‌خوێنده‌وه. ئیندێکس واته ئاسته‌مان ده‌کردن و کاتێک شتێکمان دیباوه به تایبه‌تی سرنجڕاکێش بووبا، بۆ وێنه ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی به که‌مپه‌ینی ئه‌نفال ، به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیایی و خاپوورکردنی گونده‌کانه‌وه هه‌بایه ، یان تاوانکارییه‌کی جیدی دیکه‌ی دژی مافی مرۆ ، جودامان ده‌کرده‌وه و زانیارییه‌کانمان له سه‌ر یه‌ک کۆ ده‌کرده‌وه. ئه‌وه له‌و کتێبه‌ش دا وا له لایه‌ن هیومه‌ن ڕایتس واچ ڕا ده‌رچووه باس کراوه .
قازی : وا بزانم ئه‌و سه‌نه‌د و به‌ڵگانه هه‌ر له ئه‌مریکا ماونه‌ته‌وه ! وه‌ک ئێوه بزانن چ پلانێکی وا هه‌یه ئه‌وان ببردرێنه‌وه کوردستان ؟
هیلترمان : ئه‌من پێم وایه زۆر باش ده‌بێ ، ئه‌گه‌ر ئه‌و دۆکۆمێنتانه ببردرێنه‌وه بۆ کوردستان ، چونکوو گه‌لی کورد حه‌وجێی به‌و به‌ڵگانه هه‌یه . له لایه‌کی دیکه‌وه له چاخی مۆدێرن دا به‌و هه‌موو مێدیا ئێلێکترۆنییه‌وه ، ڕه‌نگه کۆپی ئێلێکترۆنی دۆکۆمێنته‌کان به‌س بێ.
هارد کۆپی دۆکومێنته‌کان له ئارشیوی زانکۆی کۆلۆرادۆ له بۆلدر پارێزراون و کۆپی ئێلێکترۆنی دۆکومێنته‌کان دراون به پارتی دێمۆکرات ، یه‌کێتی نیشتمانی ، هیومه‌ن ڕایتس واچ و لایه‌نی دیکه‌ش .ئه‌و دۆکومێنتانه به قسه له به‌رده‌ست دان ، به‌ڵام به کرده‌وه ئه‌من به هیچ جێیه‌ک نازانم که ده‌ستی به وان ڕابگا. ئه‌وه زۆر باش ده‌بێ ئه‌گه‌ر هاردکۆپی ئه‌وان ببردرێته‌وه بۆ کوردستان یان له ئه‌نیستیتوویه‌کی کولتووری کوردی له شوێنێکی دیکه‌ی جیهان دا بپارێزدرێن.
قازی : کاتێک هیومه‌ن ڕایتس واچ کتێبه‌که‌ی بڵاو کرده‌وه ، ئێوه چاوه‌ڕێتان ده‌کرد ده‌وڵه‌تێک له چوارچێوه‌ی کۆڕی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان دا گازه‌نده‌ی تاوانکاری جێنۆساید له لایه‌ن ڕێژیمی عێراقه‌وه به‌رز بکاته‌وه. وابزانم کاتی قه‌ومانی کاره‌ساتێکی ئه‌وتۆ ده‌وڵه‌تێک ده‌بێ شکایه‌ت بکا.
بۆچی له‌و سه‌روبه‌ندی دا ئه‌وه نه‌کرا ؟ واته به‌ر له ڕووخانی ڕێژیمی پێشوو له عێراق ؟
هیلترمان : ده‌زانی ! چه‌ند هۆ هه‌نه، هه‌م هۆی حقووقی و هه‌م هۆی سیاسی . لایه‌نی حقووقی ئه‌وه‌یه : ئه‌و ده‌می بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به جێنۆساید کردن شکایه‌ت بکرێ – دوای لێکۆڵینه‌وه ئێمه به‌و ئاکامه گه‌یشتین که ئه‌وه‌ی کراوه جێنۆسایده و بڕیارمان دا شکایه‌تێکی ئاوا پێویسته - ته‌نیا رێگه‌یه‌کی ئه‌وه کرابا ئه‌وه بوو یان دادگه‌یه‌کی تایبه‌تی دابمه‌زرێندرێ – به‌ڵام له لایه‌ن کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه چ ئیراده‌یه‌کی سیاسی له گۆڕێ دانه‌بوو که دادگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ دابمه‌زرێندرێ – یان شکایه‌ت ببرێته به‌ر دیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی داوه‌ری لاهه ، ئه‌وه دادگه‌یه‌کی له‌مێژینه‌یه و به کێشه و هه‌رای نێوان ده‌وڵه‌تان ڕاده‌گا. به‌ڵام هه‌ر وه‌ها به کێشه‌ی له مه‌ڕ جێنۆسایدیش ڕاده‌گا. بۆیه ئێمه ڕاوێژ‌مان به حقووقزانان کرد و بۆمان ده‌رکه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی که‌یسێکی ئه‌وتۆ بخرێته به‌رده‌م بڕیاری دادگه‌یه‌ک ، ئێمه خۆمان وه‌کوو ڕێکخراوه‌یه‌کی مافی مرۆ ، وه‌کوو هیومه‌ن ڕایتس واچ ، وه‌کوو ڕێکخراوه‌یه‌کی ناحکوومی ناتوانین داوای پێک هاتنی دادگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بکه‌ین ، ده‌بێ حکوومه‌تیك شکایه‌تێکی ئه‌وتۆ به‌رز کاته‌وه. لێره دابوو که لایه‌نی سیاسی ده‌هاته ناوه‌وه، وه‌کوو ڕێکخراوه‌یه‌ک ئێمه زۆرمان کار کرد و له گه‌ڵ زۆر حکوومه‌تان دوایین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین کامه‌یان ڕوو له دیوانی داوه‌ری لاهه ده‌نێن و شکایه‌تی له لا ده‌که‌ن . هه‌ر چۆنێک بوو دوو حکوومه‌تمان په‌یدا کرد که ئاماده بوون شکایه‌تێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن ، به‌ڵام هیچیان نه‌یانده‌ویست به سه‌ری خۆیان شانی وه‌به‌ر دهن ، به‌ڵکوو پێیان خۆش بوو به‌شێک بن له ئیئتیلافی چه‌ند حکوومه‌تان و هه‌ر نه‌بێ حکوومه‌تێکی ئورووپاییان له ناو دابێ. به داخه‌وه نه‌مانتوانی تاقه حکوومه‌تێکی ئورووپاییش پێمل بکه‌ین که ئه‌و که‌یسه به‌رز بکاته‌وه. ئه‌من پێم وایه ئه‌وه له به‌ر ئه‌وه بوو که سزای ئابووری له سه‌رعێراق هه‌بوو، وڵاته ئورووپاییه‌کان ده‌ستیان پێ‌کردبوو بڵێن عێراق سزای خۆی کێشاوه و ته‌مبێ کراوه و
پێیان وابوو له ژێر کۆنترۆڵ دایه و حه‌وجێ به هه‌نگاوی زیاتر ناکا. هه‌ر وه‌ها له به‌ر ترسی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و هێرشی تێرۆریستی ،ئه‌گه‌ر هاتبا و له که‌یسێکی ئه‌وتۆ وه گلابان .
هه‌ر وه‌ها مه‌سه‌له‌ی خه‌رج و تێچووش له گۆڕێ دابوو. ده‌بوو دوو سێ حقووقزان له به‌شی حقووقی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه یان وه‌زاره‌تی داد به تایبه‌تی بۆ کار کردن له سه‌ر ئه‌و دۆزه ته‌رخان بکرێن . و ئه‌مه بۆ زۆر وڵاتان خه‌رجێکی زیادی و تایبه‌تی بوو و له باری ماڵییه‌وه ئاماده نه‌بوون ئه‌رکێکی ئاوا بخه‌نه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان. که‌وا بوو تێکه‌ڵاوێک له چه‌ند هۆکاران نه‌یهێشت ئه‌و کاره سه‌ر بگرێ.
قازی: ئێستا دادگه‌ی سه‌دام حوسێن و هاوکارانی به‌ڕێوه‌یه.
دادگه‌ی به‌رزی سزایی عێراق له که‌یسی ئه‌نفال ده‌کۆڵێته‌وه. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و دادگه‌یه گه‌یشته ئه‌و بڕیاره که به دژی گه‌لی کورد جێنۆساید کراوه . به بۆچوونی ئێوه کاردانه‌وه‌ی بڕیارێکی ئه‌وتۆ له باری سیاسی یه‌وه له سه‌ر مه‌سه‌له کورد چ ده‌بێ ؟
هیلترمان :هه‌ڵبه‌ت وه‌ک ده‌زانی ئه‌وه دادگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی نییه و ده‌سته‌ڵاته حقووقییه‌که‌ی به‌رته‌نگه. ئه‌گه‌ر ئه‌و دادگه عێراقییه بڕیار بدا تاوانی جێنۆساید کراوه ، سه‌دام حوسێن و ئه‌وانی دیکه‌ی که ئه‌و تاوانه‌یان له سه‌ر سوور بووه‌ته‌وه به‌و پێیه سزا ده‌درێن ، به پێی پێوانه‌ی حقووقی دادگه‌که.
زۆر باش ده‌بوو ئه‌گه‌ر دادگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بووبا به ده‌سته‌ڵاتی حقووقی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه وگه‌یشتبا ئه‌و بڕیاره‌ی که جێنۆساید کراوه. ئه‌وه‌ش بڵێم ، نه‌ک دادگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ، به‌ڵکوو وه‌ک ده‌زانی ساڵی ڕابردوو له هوله‌ند دادگه‌یه‌ک به‌ڕێوه‌چوو که له‌که‌یسی بازرگانێکی هوله‌ندی
- فرانس ڤان ئانرات – ی کۆڵییه‌وه که له ساڵانی 1980 کاندا ماده‌ی کیمیایی ناردبوو بۆ عێراق. شتی چاوڕاکێش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌رچی ئه‌و وه‌کوو ده‌سکیسی جێنۆساید کردن حوکم نه‌درا ،چونکوو ئه‌وه ئاسته‌م بوو بسه‌لمێندرێ ، به‌ڵام که‌یسه‌که ده‌که‌وێته‌وه به‌ر پێداچوونه‌وه . له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا دادگه حوکمی دا که له عێراق جێنۆساید کراوه و ئه‌وه نموونه‌یه‌کی یه‌کجار زۆر گرینگی حقووقی یه که هیوادارم ئه‌و دادگه‌یه‌ی به‌غدا که‌لکی لێوه‌ربگرێ سه‌باره‌ت به‌و که‌یسه تایبه‌تییه .
قازی : گه‌لۆ ئه‌و بڕیاره‌ی دادگه‌ی هوله‌ند داویه‌تی ،وه‌ک
ئه‌وه‌ی ئێوه باستان کرد، حوکمی داوه که جێنۆساید کراوه ده‌توانێ ببێته زه‌مینه‌یه‌کی ڕه‌وا بۆ داوخوازی جیابوونه‌وه له ده‌وڵه‌تێک ؟
هیلترمان : ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسی یه. ئه‌گه‌ر جێنۆساید کرابێ مانای ئه‌وه نییه لایه‌نێک که ئه‌وه‌ی به سه‌ر هاتووه له ده‌وڵه‌تێک جیا بێته‌وه. به‌ڵام ئه‌من له‌وه تێده‌گه‌م که گه‌لی کورد له ڕوانگه‌ی خۆیانه‌وه ده‌کرێ بڵێن ئه‌وه‌ی به سه‌رمان هاتووه چی تێدانه‌هێشتووه‌ته‌وه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێکی ئاوا دا بژین .ئه‌وه وڵامێکی مه‌نتیقییه، به‌ڵام به پێی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی چ زه‌مینه‌یه‌کی حقووقی بۆ ئه‌و داوخوازه نییه.
قازی : پێتان وایه ، ئه‌گه‌ر هاتبا و ئه‌و دادگه‌یه له ده‌ره‌وه‌ی عێراق و له ده‌ره‌وه‌ی سیستمی حقووقی عێراق به‌ڕێوه‌چووبا ، بۆ وێنه دیوانی داوه‌ری لاهه یان دا‌و و ده‌زگایه‌کی دیکه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ، ئه‌و ده‌می مه‌سه‌له‌ی جێنۆساید ده‌کرا ڕوونتر ده‌رکه‌وێ و ده‌رببڕدرێ ؟
هیلترمان : به‌ڵێ! ئه‌من پێم وایه. ده‌زانی ئه‌من لایه‌نگری ئه‌وه بووم دادگه‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ڕێژیمه محاکه‌مه بکا؛ نه‌ک دادگه‌یه‌کی عێراقی. له‌وه تێده‌گه‌م بۆ عێراقییه‌کان زۆر گرینگه بتوانن ئه‌و پیاوه و هاوکاره‌کانی دادگه‌یی بکه‌ن . دادگه‌یه‌کی تێکه‌ڵ ، ده‌کرا چاره‌سه‌رییه‌ک بایه که گشت لا له سه‌ری ته‌با ده‌بوون .به داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه دادگهیهکه که گێره و کێشه‌یه‌کی زۆری هه‌یه ، بۆیه ئعتبار و بڕکردنی سسته. سه‌دام حوسێن توانیویه بۆ مه‌به‌ست و پلانه‌کانی خۆی به کاری بهێنێ و وه‌کوو سیرکی لێ هاتووه. ئه‌وه زۆر جێی داخه. ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست له‌و دادگه‌یه ئه‌وه‌یه عه‌ره‌بان پێمل بکرێن به‌وه‌ی که ئه‌وه‌ی سه‌دام حوسێن به دژی کوردانی کردووه به هیچ جۆر شیاوی پاساو دان و قه‌بووڵ کردن نییه ، ئه‌من پێم وانییه له‌وه دا سه‌رکه‌وین . چونکوو ئیدی که‌س باوه‌ری به‌و دادگه‌یه نه‌ماوه . و بۆ کورده‌کان ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دادگه بڕیارێکی پۆزیتیڤیش بدا و ئه‌و پیاوه حوکم بدرێ به‌وه‌ی که جێنۆسایدی کردووه ، ئه‌من پێم وانییه مرۆ له‌وه دا سه‌رکه‌وتبێ لایه‌نه‌که‌ی دیکه‌ی ڕازی کردبێ که ئه‌وه حوکمێکی عادڵانه‌یه . و ئه‌وه به ڕاستی تراژێدییه.
قازی: وه‌ک کوتتان ئه‌و دادگه‌یه که‌موکووڕی زۆره. له تێلێڤیزیۆنه‌وه بڵاو ده‌کرێته‌وه و هه‌مووکه‌س ده‌یبینێ. هێندێک جار له وه‌رگێڕان دا زۆر که‌مایه‌سی هه‌ست پێده‌کرێ. پێتان وایه هۆی به‌ڕێوه‌نه‌چوونی کاره‌کانی دادگه به شێوه‌یه‌کی رێک وپێک چییه ؟
هیلترمان : ئه‌من پێم وایه هۆی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه . ستافی عێراقی هه‌رچه‌ندی باشیش بن ، قه‌ت ته‌جروبه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی دادگه‌یه‌کی له‌و چه‌شنه‌یان نه‌بووه. دادگه‌یه‌کی ئه‌وتۆ قه‌ت له عێراق نه‌کراوه. له زه‌مانی سه‌دام حوسێن دا ئه‌و داوه‌رانه ڕه‌نگه حوکمی چه‌ند که‌یسی مه‌ده‌نی و چه‌ند که‌یسێکی پچووکی تاوانکارییان دابێ. به‌ڵام که‌یسێکی ئاوا ته‌واو بۆیان تازه‌یه. ته‌جروبه فێر ناکردرێ ، به‌ڵکوو به تێوه‌گلان و به خه‌ریک بوون به کارێکه‌وه وه‌ده‌ست دێ. مرۆ له گه‌ڵ حاکمانی به ته‌جروبه که به‌نه‌غده‌ن ئه‌زموونیان هه‌یه کار ده‌کا و شتیان لێ فێر ده‌بێ. به‌ڵام کاتێک مرۆ له سه‌ره‌تاوه ، له هیچه‌وه ده‌ست پێبکا، له که‌یسێکی ئاوا گران و پێچه‌ڵپێچ دا که حاکمه‌که به ته‌واوی بۆ شێوازێکی دیکه له دادگه‌یی کردن په‌روه‌رده کراوه کاره‌که زۆر ئاسته‌م ده‌بێ . ئه‌من پێم وایه گیروگرفت ئه‌وه‌یه. هه‌روه‌ها بارودۆخی توند‌و تیژی که له ده‌ره‌وه‌ی دادگه که‌دا هه‌یه. هه‌تا ئێستا 3 پارێزه‌ر کووژراون. ئه‌وه به ڕاستی ڕاتله‌کێنه‌ره.
ئێمه هه‌موومان ده‌مانه‌وێ سه‌دام حوسێن ئه‌گه‌ر به تاوانکار ناسرا سزای خۆی بدرێتێ. ئه‌وه هیچ قسه‌ی له سه‌ر نییه - چونکوو من به‌ڵگه‌م دیوه و ده‌زانم ئه‌و زه‌لامه تاوانکاره - به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مافی هه‌بوونی دادگه‌یه‌کی مونسیفانه‌ی هه‌یه. نه‌ک له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه باوه‌رمان به مافی مرۆ هه‌یه ، به‌ڵکوو له به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌مانه‌وێ هه‌موو که‌س ببینێ که ئه‌و تاوانکاره و پشتیوانی له حوکمێکی ئاوا بکا،و نه‌ک ئه‌وه‌ی له داهاتوو دا بگوترێ دادگه‌که مونسیفانه نه‌بوو و ئه‌وه‌ی تێیدا ڕابرد ڕاست نه‌بوو. قسه له سه‌ر پێمل کردنی خه‌ڵکه ، و ئه‌وه بۆ سه‌بات و هێوری درێژخایه‌نی وڵاتێکیش باشتره !
به‌ڵام هیچ کام له‌وانه ئێستا ناکرێ. گیر‌و گرفتی دیکه‌ش هه‌نه. وه‌کوو ده‌ست ڕاگه‌یشتن به سه‌نه‌د و به‌ڵگه و هه‌روه‌ها گیروگرفتی پروسدووری حقووقی که له‌و دادگه‌یه دا ڕوو ده‌ده‌ن. جا بۆیه رێکخراوه‌کانی مافی مرۆ ، وه‌کوو هیومه‌ن ڕایتس واچ شک و گومانێکی زۆریان سه‌باره‌ت به‌و دادگه‌یه ده‌ربڕیوه، هه‌ر وه‌ها له مه‌ڕ شێوه‌ی به‌ڕێوه‌چوونی دادگه جۆر به جۆره‌کان .
قازی : به ڕاشکاوی ئه‌وه‌یان ڕاگه‌یاندووه ؟
هیلترمان : به‌ڵێ ! له ماڵپه‌ڕه‌کانیان دا به درێژی له‌و باره‌یه‌وه دواون .
قازی : ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسی کوردستانی عێراق ، واته به‌شی باشووری کوردستان . وابزانم ئێوه باسێکتان نووسیوه سه‌باره‌ت به فه‌زای پۆزیتیڤ له ناو هێزه کوردییه‌کان و یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئیداره‌ی کوردی. ئه‌نگێزه‌ی ئێوه بۆ نووسینێکی ئاوا چ بوو ؟ گه‌لۆ ڕاسته‌وڕاست پێوه‌ندی به‌و بواره‌وه هه‌یه که ئێوه کاری تێدا ده‌که‌ن ؟ یان له به‌ر ناسیاویتانه له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورد ؟
هیلترمان : هه‌ڵبه‌ت ، له کاری ئێستام دا بۆ ڕێکخراوی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی پێوشوێنی ڕووداوه‌کان له عێراق ده‌گرم. له کۆنه‌وه زۆر چوومهتهئهوێ و به تایبه‌تی له ساڵی 2003 وه زۆر جار چووم و چاوم به ڕێبه‌رانی کورد که‌وتووه و قسه‌م له گه‌ڵ کردوون، هه‌روه‌ها له گه‌ڵ کوردی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌ندامانی رێکخراوه‌کانی ناحکوومی و مێدیا و وه‌کی دی. ئێمه تا ئێستا چه‌ند ڕاپۆرتمان سه‌باره‌ت به بارودۆخی کوردستان بڵاو کردووه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تی له مه‌ڕ پێوه‌ندی کوردستان له گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق.
ئه‌وه وه‌ک ده‌زانێن پێوه‌ندییه‌کی ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچه. کورده‌کان پێیان خۆشه سه‌ربه‌خۆ بن . له ڕوانگه‌ی ئێمه‌وه کورده‌کان به ته‌واوی لێیان ده‌وه‌شێته‌وه سه‌ربه‌خۆ بن هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌ی له ڕابردوو دا قه‌وماوه، به‌ڵام ئێمه وه‌کوو ڕێبه‌رایه‌تی کورد واقع بینیشین . ده‌زانین که بارودۆخی هه‌رێمی له‌م قۆناخه دا ڕێگه نادا کورده‌کان سه‌ربه‌خۆ بن. ئه‌وه جێگه‌ی داخه، به‌ڵام ڕاسته‌قینه‌یه‌کیشه. ئه‌من پێم وایه قسه له سه‌ر ئه‌وه‌یه که ئێمه چۆن ده‌توانین ده‌سته‌به‌ر ببین که له درێژخایه‌ن دا ئه‌وان به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی خۆیان کار بکه‌ن ، که ، حه‌قی خۆیانه . به‌ڵام ئه‌وه وتووێژێکی زه‌حمه‌ت و خه‌باتێکی سیاسی یه. ئێستا ئه‌وه شتێکه ئێمه ده ناوی داین و یه‌ک له‌وبابه‌تانه‌ی ده‌خرێته پێشه‌وه، هه‌ڵبه‌ت مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکه.
قازی : وابزانم ئێوه له مانگی ژووییه دا ڕاپۆرتێکتان له سه‌ر که‌رکووک بڵاوکردووته‌وه ئێوه مه‌سه‌له‌که وه‌ک هیچکام له‌و ئاکتۆرانه‌ی له‌وێ هه‌ن نابینن. ئه‌گه‌ر ده‌کرێ هێندێک به ورده ڕیشاڵ باسی ئه‌و ڕاپۆرته بکه‌ن که ئێوه وه‌ک پڕۆژه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی ڕێکخراوی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی ئاماده‌تان کردووه. !
هیلترمان : به‌ر له هه‌موو شت بڵێم هه‌موو ڕاپۆرته‌کانی ئێمه له ماڵپه‌ڕه‌که‌مان دا هه‌یه . ده‌بلیو ده‌بلیو ده‌بلیو خاڵ
کرایسیس گرووپ خاڵ ئۆئارجی . به ئینگلسی و بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به زمانی عه‌ره‌بیش . ئه‌و ڕاپۆرته‌ی له مه‌ڕ که‌رکووک ئاماده کراوه به زوویی به کوردیش ده‌رده‌که‌وێ . گه‌لی کوردیش ده‌کرێ بیخوێننه‌وه. وه‌کوو ڕێکخراوه‌یه‌کی پێشگیری له کێشه و یه‌کلا کردنه‌وه‌ی ،
له که‌رکووک ئێمه وه‌ک شوێنێک بیر ده‌که‌ینه‌وه که تێیدا پێش به ته‌قینه‌وه‌ی بارودۆخ و تێکهه‌ڵچوونی چه‌کدارانه بگیرێ و ئه‌و مه‌سه‌له ئاڵۆزه‌ی له‌وێ هه‌یه به شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه و هێمنانه چاره‌سه‌ر بکرێ. جا بۆیه له ڕاپۆرته‌که دا – به پاڵپشتی دوان و ڕاوێژێکی زۆر له گه‌ڵ ڕێبه‌رانی کورد، هه‌ر وه‌ها رێبه‌رانی کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه‌ش له که‌رکووک ، بۆ وێنه تورکومانه‌کان ، عه‌ره‌به‌کان، مه‌سیحییه‌کان و ڕێبه‌رانی عێراقی – گوتوومانه ته‌نیا ڕێگه‌یه‌ک بۆ جێ به جێ کردن و پێوه چارانی ئه‌و کێشه‌یه ئه‌وه‌یه که فکر و پلانی ده‌سه‌رخستنه‌وه‌ی که‌رکووک له هه‌رێمی کوردستان جارێ وه‌دوایه بخرێ و بۆ ماوه‌یه‌ک به هه‌ڵئاوه‌سراوی بمێنێته‌وه و له جیاتیان که‌رکووک ستاتوسێکی کاتی هه‌بێ، و دواتر له سه‌ر ستاتوسی هه‌میشه‌یی ئه‌وێ بڕیار بدرێ. ئه‌وه له وڵاتانی دیکه‌ی جیهانیش دا تاقی کراوه‌ته‌وه، بۆ وێنه له یوگسلاڤیا، سه‌باره‌ت به بۆرشکۆ – ئه‌و شاره‌ی که کێشه‌ی له سه‌ر بوو.له که‌رکووک ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌کی 10 ساڵه له‌به‌ر چاو بگیرێ و له‌و ماوه‌یه دا ده‌سته‌ڵات به هاوبه‌شی به‌ڕێوه‌بچێ و ئوستانی که‌رکووک ستاتوسیی هه‌رێمێکی فێدێرالی له‌مه‌ڕ خۆی هه‌بێ، به‌و شێوه‌یه ده‌کرێ پێش به قه‌یرانێکی زۆر گه‌وره که ئێستا خه‌ریکه تاو ده‌درێ له نێوان کۆمه‌ڵگه‌یه‌کانی ئه‌وێدا بگیرێ. چونکوو هیچکام له کۆمه‌ڵگه ناکوردییه‌کان نایانه‌وێ که‌رکووک بخرێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان و ئه‌وه ده‌کرێ ڕوو بدا ئه‌گه‌ر له نۆڤامبری 2007 دا رێفراندۆم بکرێ. جا بۆیه پێشنیاره‌که ئه‌وه‌یه ، جارێ با ئه‌و ڕاپرسییه نه‌کرێ ، به‌ڵام با ده‌ورانێکی کاتی هه‌بێ و دوایه ستاتوسی ئه‌وێ بڕیاری له سه‌ر بدرێ. له هه‌مان کات دا مرۆ ده‌توانێ له ناو کۆمه‌ڵگه‌کانی که‌رکووک دا باوه‌ڕی به یه‌کتری ساز بکا. باوه‌رییه‌کی که له ڕابردوو دا هه‌بووه ، به‌ڵام ئێستا نه‌ماوه.
ئه‌وه ده‌بێ جارێکی دیکه ڕابهێزێندرێ و چاره‌سه‌رییه‌کی باش بۆ ئه‌وێ بدۆزرێته‌وه.
قازی: له مه‌ڕ که‌رکووک ، سه‌ره‌ڕای پێشبینی و هاندانێکی زۆر چ کێشه‌و هه‌رایه‌کی گه‌وره له وێ نه‌قه‌وماوه.
پێتان وا نییه ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌وه‌یی ، یان پلانی ده‌ره‌وه‌یی بییه‌وێ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه وه‌کوو کێشه‌یه‌کی زۆر قووڵ نیشان بدا ؟ و بڵێ ده‌بێ جێ به جێ بکرێ !!
هیلترمان : نا ! ئه‌من به‌ر له هه‌موو شت پێم وایه ئه‌و کێشه که‌م که‌م هه‌ڵنراوه و وه‌ک ده‌زانین ئێستا توندوتیژییه‌کی زۆر له که‌رکووک هه‌یه و ده‌زانین ئه‌و توند و تیژییه له لایه‌ن گرووپی جیهادی / سه‌له‌فی هێنراوه‌ته ئه‌وێ. ئه‌وه گێره و کێشه‌یه‌که که ده‌بێ جێ به جێ بکرێ.
ئه‌و گرووپانه بۆیه دێنه ئه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گرژییه‌ی له‌وێ هه‌یه که‌لک وه‌ربگرن ، له‌و گرژیانه‌ی که به نه‌غده‌ن له نێوان کۆمه‌ڵگه‌کانی ئه‌وێ هه‌ن که‌لک وه‌رگرن. قووڵتریان که‌نه‌وه و خراپتریان که‌ن. و ئه‌من پێم وایه ئه‌وه زۆر به مه‌ترسییه. بۆیه ده‌بێ له‌و گرژییانه خورد بینه‌وه و به سه‌ریان دا زاڵ بین. ڕاسته له‌وانه‌یه هه‌تا ئێستا توندوتیژییه‌کی ناوخۆیی زۆر له نێوان کۆمه‌ڵگه‌کاندا نه‌قه‌ومابێ، ئه‌ویش له به‌ر ئه‌وه‌یه که ستاتوسی که‌رکووک هێشتا به ته‌واوی یه‌کلا نه‌کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێفراندۆم بکرێ ، یان حه‌وله‌کانی ئاماده‌کاری بۆ به‌ڕێوه‌بردنی رێفراندۆم ، بۆ رێکخستنی رێفراندۆم به‌ڕێوه بچێ ئه‌و ده‌می ئه‌و گرژییانه سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن و ده‌ته‌ننه‌وه، و ئه‌و ده‌می کێشه‌که ده‌بینین. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر کورده‌کان ڕێفراندۆم به‌ڕێوه به‌رن و بیبه‌نه‌وه، ئه‌و ده‌می ئێمه له گه‌ڵ وه‌زعێکی ئاوا به‌ره‌وروو ده‌بین که کۆمه‌ڵگه‌کانی دیکه ئاکامی ڕێفراندۆمه‌که ناپه‌ژرێنن و ملی بۆ ڕاناکێشن و ئه‌و ده‌می توند و تیژی ده‌بینین. شتێکی که ئێمه حه‌ول ده‌ده‌ین پێشی پێبگرین و چاره سه‌رییه‌کی هێمنانه‌ی بۆ بدۆزینه‌وه که هه‌م به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کوردان وه‌دی بهێنێ به‌ڵام له هه‌مان کاتدا چاره‌سه‌رییه‌ک بێ که لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش پێی ڕازی بن .
قازی : جگه له‌و شێوه‌یه‌ی که ئێوه بۆچوونه‌کانی خۆتان له‌و ڕاپۆرته دا گه‌ڵاڵه کردووه و ئامۆژگاری لایه‌نه جۆر به جۆره‌کانتان کردووه، چ مێکانیزمێکی دیکه‌تان له به‌ر ده‌ست دایه بۆ ئه‌وه‌ی بزانن که داوخوازی لایه‌نه‌کان به ڕاستی چییه ؟ وه‌ک ده‌زانن له ساڵی 2003 وه که‌رکووک له‌لایه‌ن که‌سانی ئه‌وتۆ وه که هه‌ڵبژێردراون ئیداره ده‌کرێ. له ماوه‌ی 3 ساڵی رابردوو دا هه‌ڵبژاردنی جۆر به جۆر کراوه.
ئێوه به چ ڕێگه‌یه‌کی دیکه دا حه‌ول ده‌ده‌ن لایه‌نه‌کان پێمل بکه‌ن که ده‌ست له توندوتیژی له ئاست یه‌کتری بپارێزن ؟
و خوێنڕێژی نه‌کرێ !!
هیلترمان : هه‌ڵبه‌ت ، ئێمه له گه‌ڵ ئاکتۆری جۆر به جۆری که لایه‌نی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ن ده‌دوێنین بۆ ئه‌وه‌ی پێملیان بکه‌ین قه‌بووڵ بکه‌ن ڕێگه‌ی جۆر به جۆر بۆ به‌لا داخستنی گێره و کێشه‌کان هه‌یه و وه‌ک گوتم ئه‌و گێره و کێشانه زۆر ئاڵۆزن و ڕێگه چاره‌سه‌ری هاسانیان نییه.
به ده‌ره‌جه‌ی دووه‌م ئێمه له گه‌ڵ ئاکتۆرانی نێونه‌ته‌وه‌یی ده‌دوێین. ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ، چونکوو له‌شکرێکی زۆری له عێراق دا هه‌یه و ده‌وڵه‌تێکی به‌هێزه و دۆستێکی کوردانه. ئێمه له گه‌ڵ حکوومه‌ته‌کانی دیکه‌ش قسه ده‌که‌ین بۆ پێوه‌چارانی ئه‌و کێشه‌یه، رێگه‌ی ئه‌وتۆ که یارمه‌تی بکا به جێ به جێ کردنی کێشه‌که و پێش به‌وه بگرێ که شه‌ڕێکی ناوخۆیی لێ بکه‌وێته‌وه.
قازی : به‌له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی که هێندێک ئاکتۆر له ده‌ره‌وه‌ی عێراقه‌وه گوێقوڵاغی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ن. بۆ وێنه
له 2ی ئۆکتۆبر سه‌رۆکوه‌زیری ترکییه، چاوی به سه‌رۆکی ئه‌مریکا که‌وت و له کۆنفرانسی چاپه‌مه‌نی دوای ئه‌و دیداره دا ڕای گه‌یاند له ئاخافتنه‌کانیاندا باسی كه‌رکووکیشیان کردووه. به پێی کام پێوانه‌ی حقووقی ده‌وڵه‌تێکی درواسێ بۆی هه‌یه خۆی له کاروباری ناوخۆیی ده‌وڵه‌تێکی دیکه هه‌ڵ بقورتێنێ ؟
هیلترمان : هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌کی به لایه‌نی حقووقی یه‌وه نییه. له هه‌موو جیهانێ دا ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌دراوسێی یه‌کترن سه‌باره‌ت به بارودۆخی یه‌کتری حه‌ساسن و تێوه‌ی ده‌گلێن. ئه‌تۆ ده‌بێ خۆت له جێی ترکان دابنێی بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌وه. ئه‌گه‌ر له باکووری عێراق بێ سباتی هه‌بێ ، ئه‌وه ده‌توانێ به هاسانی له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه ، له کوردستانی ترکییه بێ سباتی و ئاڵۆزی ساز کا. جا بۆیه حکوومه‌تی ترکییه به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی له‌وه‌دا هه‌یه ، مرۆ ناکرێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێ بکا ئه‌وه له به‌ر چاو نه‌گرن و گوێیان پێی نه‌بزوێ. ئێمه ده‌بێ وای چاو لێبکه‌ین که ئه‌وانیش به نۆره‌ی خۆیان حه‌ول بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رییه‌ک. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه به ته‌واوی ڕاسته. به‌ڵام ئێمه ناکرێ بڵێین حکوومه‌تی ترکییه هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی له‌و مه‌سه‌له‌یه دا نییه و نابێ له واشنگتن بۆچوونی خۆی له‌و باره‌یه‌وه
بهێنێته گۆڕێ. دیاره که ئه‌وه ده‌کا .
قازی :من بۆیه ئه‌و پرسیاره‌م کرد ، چونکوو وه‌زع و بارودۆخی کوردانیش له به‌رچاوده‌گرم. کورده‌کانیش به‌رژه‌وه‌ندییان له‌و مه‌سه‌له‌یه دا هه‌یه. کاتێک حکوومه‌تی ترکییه ، به‌رژه‌وه‌ندی له کوردستانی عێراق دا هه‌بێ ، کورده‌کانی ترکییه‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ئه‌وتۆیان له‌وێدا هه‌یه. به بۆچوونی ئێوه ئه‌وان به چ شێوه‌یه‌ک ده‌توانن ئه‌وه ده‌رببڕن که له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا جێگه‌ی قه‌بووڵ بێ ؟
هیلترمان ! بۆ نا ! هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان ده‌توانن باسی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بکه‌ن و ڕێگه‌ی ده‌ربڕینی ئه‌وه هه‌یه. بۆ نموونه ئه‌من وه‌بیرم دێ له ئه‌سته‌مبووڵ له هۆتێلێک دانیشتبووم و له‌وێ به‌ڕێز شارداری دیاربه‌کرم چاوپێکه‌وت که تازه له سه‌فه‌رێکی چینه‌وه گه‌ڕابووه‌وه !
قازی : مه‌به‌ستت ڕێزدار بای ده‌میره ؟
هیلترمان : به‌ڵێ ڕێزدار بای ده‌میر . دیپڵۆماسی به‌ڕێوه‌یه، دیاره لایه‌نی بازرگانی و سه‌رمایه‌دانانیش هه‌یه. به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ ئه‌وه زۆر گرینگه . ئه‌من پێم وایه یه‌ک له پێشوه‌چوونه پۆزیتیڤه‌کانه که دیتوومانه تێکه‌ڵاوی و دانوستاندنێکی زۆر باشی دوولایه‌نه‌یه له بواری بازرگانی دا ، له نێوان ترکییه - که بازرگانی کوردی خه‌ڵکی ترکییه شی تێدایه - له گه‌ڵ کورده‌کانی باکووری عێراق . ئه‌من پێم وایه ئه‌گه‌ر بویسترێ خۆ له کێشه بپارێزدرێ ، رێگه‌یه‌ک ئه‌وه‌یه رێگه بدرێ ژیان و پێوه‌ندی ئاسایی هه‌بێ و بازرگانی و سات و سه‌ودای دوولایه‌نه په‌ره پێبدرێ . ئه‌من هێندێک له‌و پێوه‌ندییانه‌م دیوه، له‌وانه‌یه به‌س نه‌بێ ، به‌ڵام جێی هیوایه .
قازی : زانایه‌کی ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌یی که به ساڵان کار‌و توانایی خۆی ته‌رخان کردووه بۆ نه‌هێشتنی کێشه و له پێناو ئاشتی کۆمه‌ڵایه‌تی دا – له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا که له زۆر جێ کێشه و قه‌یرانی هه‌ر ماوه- له پێوه‌ندی له گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی کورد دا مودێلێکی هه‌یه ، وه‌ک ده‌زانن مه‌سه‌له‌ی کورد خه‌سڵه‌ت و دینامیزمێکی سنوورتێپه‌ڕی هه‌یه- مه‌به‌ستم پرۆفێسۆر گالتونگه ، یووهان گالتونگ مۆدێلێکی هه‌یه بۆ جێ به جێ کردنی مه‌سه‌له‌ی کورد !
هیلترمان : ئه‌من نازانم ئه‌و مۆدێله چییه !
قازی : مۆدێله‌که ئه‌وه‌یه که ده‌کرێ کوردستانێکی ئازاد هه‌بێ به بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و سنوورانه‌ی که هه‌نووکه هه‌ن بگۆڕدرێن، به بێ ئه‌وه‌ی ده‌ست له سنووران بدرێ و ده‌ڵێ ئه‌وه ده‌کرێ به ڕێگه‌یه‌کی دێمۆکراتیک دا سه‌ر بگرێ.
حکوومه‌تی ترکییه، حکوومه‌تی ئێران ، حکوومه‌تی عێراق و حکوومه‌تی سوورییه هه‌بوون و ناسنامه‌ی کوردان قه‌بووڵ بکه‌ن ، وه‌ک ئێوه‌ش باستان کرد ده‌بێ پێوه‌ندییه‌کی ئازادانه‌ی بازرگانی له‌مبه‌ر ئه‌وبه‌ری سنووران هه‌بێ و به‌و شێوه‌یه خه‌ڵک ده‌توانن ئازادانه بێن و بچن و هاتووچوو بکه‌ن ، به‌ڵام به قه‌بووڵی ئه‌رک ومافی هاووڵاتێتی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که تێیاندا ده‌ژین . به پاسپۆرتێکه‌وه که هه‌م هاووڵاتێتی ئه‌وانی تێدا ده‌نووسرێ و هه‌م ئه‌وه‌ی که کوردن. جا به‌و شێوه‌یه کوردستانێکی ئازاد له ناو ده‌وڵه‌ته دێمۆکراتیکه‌کانی ناوچه دا پێک دێ .
بۆچوونتان سه‌باره‌ت به مۆدێلێکی ئاوا چییه ؟
هیلترمان : وابزانم ، ئه‌وه ڕه‌نگه سازشتێکی زۆر باش بێ بۆ کوردان ، به‌ڵام من له ورده ڕیشاڵی ئه‌و مۆدێله ئاگادار نیم و ناتوانم قسه‌ی له سه‌ر بکه‌م. به‌ڵام به‌و جۆره رێژیمانه‌ی که له ناوچه دا هه‌مانه ، بۆ وێنه ئێرانییه‌کان و سوورییه‌کان و به حکوومه‌تێکی لاواز له عێراق و ناسیۆنالیزمێکی به‌هێزی که له ترکییه دا هه‌یه، ئه‌من ئه‌وه نابینم که ئه‌و حکوومه‌تانه گه‌ڵاڵه‌یه‌کی ئه‌وتۆ قه‌بووڵ بکه‌ن ، چونکوو ئه‌وان له پێشوه‌چوونێکی ئاوا ده‌ترسن و ههنگاوێکی ئاوا نانه‌وه ده‌کرێ ببێ به به‌ردی بناخه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کورد و ئه‌وه ترسی سه‌ره‌کی ئه‌وانه . ئه‌وان نایانه‌وێ ڕێگه بده‌ن به دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی کوردی . ئه‌وه ده‌بێ به ده‌وڵه‌تێکی سه‌ره‌کی هه‌ر نه‌بێ به 30 میلیۆن نفووسه‌وه و ئه‌وه هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی گه‌وره ده‌بێ له سه‌ریان . بریا ئه‌وه کرابا ، به‌ڵام پێم وانییه ڕاستییه‌کانی ئێستا ڕیگه به پێشوه‌چوونێکی ئه‌تۆ بده‌ن .
قازی : دوایین پرسیاری من ئه‌وه‌یه ، کاتێک چاوم له لیسته‌ی ئه‌و وڵاتانه کرد که ئێوه وه‌کوو ڕێکخراوی گرووپی قه‌یرانی نێونه‌ته‌وه‌یی کاریان له سه‌ر ده‌که‌ن چاوم به ترکییه نه‌که‌وت ، ده‌زانین له‌وێش قه‌یرانی هه‌یه ، له‌وێش مه‌سه‌له‌ی کورد هه‌یه. بۆچی ڕێکخراوه‌که‌تان له‌وێ چ چالاکی نییه ؟
هیلترمان : ئێمه قه‌ت بڕیارێکی ئاوامان نه‌داوه که خۆمان له کاروباری ئه‌وێوه نه‌گلێنین. ئه‌گه‌ر له ڕوانگه‌ی مێژووییه‌وه لێی بڕوانین پرۆژه‌مان هه‌بووه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست . ترکییه به‌شێک نییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست . ڕه‌نگه سه‌یر وه به‌رچاو بێ به‌ڵام کوردی ترکییه ده‌که‌ونه ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی ئێمه، به‌ڵام کوردی ئێران و عێراق و سوورییه ده‌که‌ونه ئه‌و چوارچێوه‌یه‌وه، چونکوو ئه‌ووڵاتانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌ڵکه‌وتوون و ترکییه به‌شێکه له ئورووپا و له ئورووپاش تێکۆشانه‌کانی ئێمه هه‌میشه له سه‌ر یوگوسڵاڤیا و ئورووپای ڕۆژهه‌ڵات چه‌قی به‌ستووه و وڵاته‌کانی دیکه‌ی ئورووپای نه‌گرتووه‌ته‌وه. به‌ڵام پێم وایه ئه‌وه ده‌گۆڕدرێ. ئه‌وه‌ی ده‌توانم بڵێم ئه‌وه‌یه ئێمه هیچمان به دژی ئه‌وه نییه و ئه‌وه به زه‌مان به‌ستراوه‌ته‌وه. ڕێکخراوه‌که‌مان به‌رفره‌وانتر ده‌بێ و ئه‌گه‌ر کێشه‌کان گرژتر و جیدی تر بن ئه‌من هیچ سه‌به‌بێک نابینم که له‌و کێشه‌یه‌ش نه‌کۆڵێنه‌وه.
قازی : دوکتور هیلترمان زۆر سپاس بۆ ئه‌م چاوپێکه‌وتنه !
هیلترمان : زۆر سپاس له ئێوه‌ش
No comments:
Post a Comment