چاوپێکه‌وتن له گه‌ڵ یوودیت نایا له ڕێکخراوه‌ی فهرن
چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ یوودیت نایا له ڕێکخراوی فهرن
ئه‌و چاوپێکه‌وتنه ڕۆژی سێشه‌مۆ 31ی ئۆکتۆبری2006 دا کراوه و دووجار له تێلێڤیزیۆنی ڕۆژ بڵاو کراوه‌ته‌وه.
قازی : به‌خێر بێی بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه. تکایه له سه‌ره‌تاوه هێندێک رێکخراوه‌که‌تان بناسێنه. فهرن مانای چییه ؟ ئه‌رکی ڕێکخراوه‌که‌تان و کاری خۆت له‌وێدا چییه ؟
یوودیت نایا : سپاستان ده‌که‌م بۆ بانگهێشتنم بۆ ئێره. فهرن واته
ڵێڕهوارهکان و تۆڕی سه‌رچاوه‌ی یه‌که‌تی ئورووپا. ئێمه زۆر که‌م ناوی
ته‌واو به کار ده‌هێنین چونکوو زۆر درێژه. ڕێکخراوه‌که ڕێکخراوه‌یه‌کی ژینگه‌پارێز و پارێزه‌ری مافی مرۆیه . له بروکسێل و بریتانیا ئۆفیسمان هه‌یه. فهرن خه‌بات ده‌کا بۆ وه‌ده‌ست هێنانی عه‌داڵه‌تی زیاتری کۆمه‌ڵایه‌تی و ژینگه‌یی، به جه‌خت کردنه‌وه‌ی تایبه‌تی له سه‌ر کرده‌وه و سیاسه‌ته‌کانی یه‌که‌تی ئورووپا. به دیاریکراوی ئێمه حه‌ول ده‌ده‌ین بۆ یارمه‌تیدانی رێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی که له وڵاتانی جۆر به جۆر بۆ وه‌دیهێنانی ئامانجی ژینگه پارێزی و مافی مرۆیی تێده‌کۆشن. یاریده‌یان ده‌ده‌ین بۆ به‌کارهێنانی په‌یماننامه و قانوونه‌کانی یه‌که‌تی ئورووپا بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان.
قازی : ئێوه چ جۆره پێوه‌ندییه‌کتان له گه‌ڵ یه‌که‌تی ئورووپا هه‌یه؟
نایا: ئۆفیسه‌که‌مان له بروکسێل له پێگه‌ی سه‌ره‌کی یه‌کێتی ئورووپا نزیکه. به پێی ئه‌و بابه‌تانه‌ی کاریان له سه‌ر ده‌که‌ین ، له گه‌ڵ کاربه‌ده‌ستانی کۆمیسیۆنی ئورووپا، ئه‌ندامانی پارلمان و ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندامی یه‌که‌تی ئورووپا پێوه‌ندی ده‌که‌ین و کاریان له گه‌ڵ ده‌که‌ین. زۆر جار له وڵاتانی جیاوازه‌وه خه‌ڵک بانگ ده‌که‌ین بۆ بروکسێل و یارمه‌تییان ده‌که‌ین بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که ده‌بێ قسه‌یان له گه‌ڵ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی داوای خۆیان له گه‌ڵیان بهێننه گۆڕێ !
قازی : باشه ! ستاتوسی قانوونی ڕێکخراوه‌که‌تان چییه ؟ گه‌لۆ دا‌و و ده‌زگا ئورووپاییه‌کان ئێوه وه‌ک ڕێکخراوه‌یه‌ک ده‌په‌ژرێنن ؟ یان ته‌نێ وه‌ک گرووپێکی گوشار کار چاوتان لێده‌که‌ن؟
نایا : ئێمه پێمان خۆش نییه وه‌کوو گرووپی گوشار نێوزه‌د بکرێین. ئێمه رێکخراوه‌یه‌کی ناحکوومین و هیچ جۆره گرێدراوێکی ڕه‌سمیمان به یه‌که‌تی ئورووپاوه نییه. به‌و داهاته‌ی کۆی ده‌که‌ینه‌وه ، وه‌کوو ڕێکخراوه‌کانی دیکه‌ی ناحکوومی ، کار ده‌که‌ین و هاوکاریمان هه‌یه له گه‌ڵ هاوتاکانمان له کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌کرێ بڵێم له سه‌رتاسه‌ری جیهان دا .
قازی: کاتێک ته‌ماشای ماڵپه‌ڕه‌که‌تانم کرد ، له نێوی ڕێکخراوه‌که‌شتان دا هه‌یه ، دیاره حه‌ولیش ده‌ده‌ن بۆ پاراستنی لێڕه‌واران ! ده‌کرێ ئه‌و لایه‌نه‌ش هێندێک ڕوون که‌یه‌وه ؟
نایا : حه‌ولدان بۆ پاراستنی لێڕه‌واران له سه‌ره‌تاوه چه‌قی ئامانجی کاره‌کانی فهرن بوو. واته، حه‌ول دان بۆ که‌مکردنه‌وه‌ی کاردانه‌وه‌ی نێگاتیڤی سیاسه‌تی بازرگانی و پێشوه‌چوونی یه‌که‌تی ئورووپا که زۆرجارله ئاستی جیهانی دا له سه‌ر لێڕهوارانی هه‌بووه. ئێستا ئێمه ئه‌و بۆچوونه‌مان هێندێک په‌ره پێداوه . ئیتر ته‌نێ خۆمان به حه‌ول دان بۆ پاراستنی لێڕه‌وارانه‌وه خه‌ریک ناکه‌ین. ئێستا له بواری پێشوه‌چوون ، هاوکاری و بابه‌تی بازرگانی و سه‌رمایه‌دانان کار ده‌که‌ین ، بابه‌تی ئه‌وتۆی که من پێیانه‌وه خه‌ریک ده‌بم. ڕوانین له گۆڕانی که‌شوهه‌وا ، چاوه‌دێری به سه‌ر داربڕینه‌وه‌ی ناقانوونی.
له سه‌ره‌تاوه فهرن وه‌کوو ڕێکخراوه‌یه‌ک دامه‌زرا بۆ هێنانه گۆڕی گیر و گرفتی له مه‌ڕ لێڕه‌واران له یه‌که‌تی ئورووپا دا ، به‌ڵام ئێستا بواری کاره‌کانی به‌ربڵاوتر بووه .
قازی : ئه‌تۆ بۆخۆت چه‌ند ساڵه له فهرن دا کار ده‌که‌ی ؟
نایا: زیاتر له دوو ساڵه له‌وێ کار ده‌که‌م ، به‌ڵام فهرن ده ساڵه هه‌یه و له‌و دوواییانه دا جێژنی ده‌ساڵه‌ی کارکردنیمان پیرۆز کرد. زۆر خۆش بوو !!
قازی : کاری تۆ له‌وێدا به وردی چییه ؟ گوتت زیاتر له بواری کۆمه‌ڵایه‌تی دا کار ده‌که‌ی !
نایا : ڕاسته ! ئه‌من بۆخۆم له سه‌ر سیاسه‌تی بازرگانی و سه‌رمایه‌دانانی یه‌که‌تی ئورووپا کار ده‌که‌م، کاردانه‌وه‌ی ئه‌وانه له سه‌ر پاراستنی مافی مرۆ و بابه‌تی له مه‌ڕ پاراستنی ژینگه. ئه‌من به تایبه‌تی له کاروباری ئاژانسه‌کانی که کرێدیت ده‌ده‌ن به وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان ده‌کۆڵمه‌وه و به هاوکاری گرووپی دیکه له هه‌موو ئورووپا و ده‌ره‌وه‌ی ئورووپاش حه‌ول ده‌ده‌ین جه‌خت بکه‌ینه‌وه له سه‌ر ئامۆژگارییه‌کانی قانوونی له مه‌ڕ مافی مرۆیی و ژینگه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تی که به‌تایبه‌تی ئه‌و جۆره دا‌و و ده‌زگایانه ده‌بێ ڕه‌چاویان که‌ن . له ئاستی سیاسه‌ت دارێژی دا ئێمه له گه‌ڵ یه‌که‌تی ئورووپا،ئۆ ئی سی دی و حکوومه‌تی جۆر به جۆر کار ده‌که‌ین. هه‌ر وه‌ها تێده‌کۆشین که‌یسی بڕیاری خراپ فینانسه کردنیش زه‌ق بکه‌ینه‌وه ، که زۆر جار پڕۆژه‌ی زۆر گه‌وره‌ی ژێرخانی وه‌به‌ر ده‌گرێ وه‌کوو سه‌دی گه‌وره ، بۆڕی ده‌رکردنی نه‌وت ، کانگا ، کاغه‌ز و هه‌ویر و که‌رتی لێڕه‌وار و وه‌کی دی . ئێمه له سه‌ر ئه‌و که‌یسانه کار ده‌که‌ین بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی پێداویستی ڕه‌چاوکردنی ئه‌و ئامۆژگاری و رێسایانه‌ی داندراون. به لێخوردبوونه‌وه ده‌مانه‌وێ نیشان بده‌ین که چۆن داووده‌زگای فینانسدهر زۆر جار به‌رعۆده‌ییه‌کانی حکوومه‌تان پێشێل ده‌که‌ن که هه‌یانه سه‌باره‌ت به مافی مرۆ و ژینگه . یه‌ک له‌و که‌یسانه پڕۆژه‌ی سه‌دی ئیله‌سوو یه له ترکییه .
قازی : باسی پڕۆژه‌ی سه‌دی ئیله‌سوو ده‌که‌ین ، به‌ڵام ئێستا پێم خۆش بوو بزانم چالاکی ئێوه ، لێکۆڵینه‌وه‌کانتان یانی لۆبی کردنتان تا چ ڕاده‌یه‌ک کار ده‌کاته سه‌ر بڕیاردانی بڕیارده‌ران و سیاسه‌ت داڕێژان ؟
نایا : له ڕاستیدا تا ڕاده‌یه‌کی زۆر ! دیاره ئه‌و کارتێکه‌رییه به بابه‌ت به‌ستراوه‌ته‌وه. هێندێک بوار هه‌یه که به‌رژه‌وه‌ندی زیاتری سیاسی تێدایه. یان به‌رژه‌وه‌ندی سه‌نعه‌تی تێدا زۆره و گۆڕان تێدا پێکهێنانی به زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌دا. به‌ڵام بۆچوونی ئێمه ، لێکۆڵینه‌وه‌کانی ئێمه و کاری خۆ پێوه خه‌ریک کردنمان ، له‌لایه‌ن سیاسه‌تداڕێژانی یه‌که‌تی ئورووپاوه سرنجی دراوه‌تێ. ئێمه توانیومانه هێندێک باس بورووژێنین که وه‌کی دی له‌وانه‌بوو بێده‌نگه‌ی لێ بکرێ. بۆ وێنه :
هێنانه گۆڕی بۆچوون و پێویستی به‌شداری خه‌ڵکی پێوه‌ندیدار له باشوور، بۆ وێنه سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی له مه‌ڕ لێڕه‌واران ، له مه‌ڕ بازرگانیی قاچاغی دار . هه‌نووکه یه‌که‌تی ئورووپا خه‌ریکی دامه‌زراندنی گوتووبێژه له گه‌ڵ به‌رگۆ پێوه‌ندیداره‌کان له وڵاتانی جیاواز بۆ پێشگیری له هاتنی داری قاچاغ بۆ نێو بازاڕه‌کانی یه‌که‌تی ئورووپا. فهرن ده‌ستێکی باڵای هه‌بووه بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی له‌و وڵاتانه له لێڕه‌واران و به لێڕه‌واران ده‌ژین و پێوه‌ندییان پێیانه‌وه هه‌یه ، له‌و گوتووبێژانه دا دیتنی خۆیان بهێننه گۆڕێ. بۆ ئه‌وه‌ی دواجار چاره‌سه‌رییه‌کی مانا بۆ ئه‌و گیروگرفتانه بدۆزرێته‌وه !
باشه ! ئه‌مه بڕێک پرسیارێکی شه‌خسییه ! چۆن بوو ڕیگه‌ت له فهرن که‌وت ؟
نایا : ئه‌وه به چه‌ند هه‌نگاو بوو. بۆ ماوه‌ی کورت له گه‌ڵ ڕێکخراوه‌ی ژێنگه‌پارێز و پارێزه‌ری مافی مرۆ کارم ده‌کرد. هه‌میشه مرخم ڵێبووه که گۆنجانێک هه‌بێ له نێوان سیاسه‌ت دانان و سه‌رمایه وه‌گه‌ڕخستن له لایه‌که‌وه ، و به‌رژه‌وه‌ندی بازرگانی ، ژینگه پارێزی و دۆزی مافی مرۆ له لایه‌کی دیکه‌وه. ئاوا به ڕێگه‌ی لێکۆڵینه‌وه و کار کردن له گه‌ڵ ڕێکخراوه‌ی جۆر به جۆر له‌وانه ڕێکخراوه‌ی ئاڵمانی و فرانسه‌یی ڕیگه‌م له فهرن که‌وت.
قازی : ئێستا با بێینه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی سه‌دی ئیله‌سوو ! ده‌زانین که ئه‌وه پڕۆژه‌یه‌کی
له مێژینه‌یه. بۆ ماوه‌یه‌ک بێده‌نگه‌ی لێ کرا چونکوو کۆمپانییه‌ک که کۆنتراتی ساز کردنی خستبووه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی 2-3 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پاشگه‌ز بووه‌وه. ده‌گوترێ ئه‌وه پڕۆژه‌یه‌کی یه‌ک بیلیۆن و نیوییه و ئاکامی جۆر به جۆری لێده‌که‌وێته‌وه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له ده‌ورو به‌ری ده‌ژین ، ته‌نانه‌ت کاردانه‌وه‌ی ده‌بێ له سه‌ر وڵاتانی دراوسێش. به‌ر له‌وه‌ی بچییه سه‌ر پڕۆژه‌که و ئاکامی جێبه‌جێکردنی ده‌کرێ بڵێی ئێستا پرۆژه‌که و پلانی جێبه‌جێکردنی له چ قۆناخێک دایه ؟
نایا : به‌رله هه‌موو شت پڕۆژه‌ی سه‌دی ئیله‌سوو پڕۆژه‌یه‌کی یه‌ک بیلیۆن و نیو یورۆییه ، بۆیه پڕۆژه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سه‌رمایه وه‌گه‌ڕخستنه. پڕۆژه‌که کۆنه ، له سه‌ره‌تای 1970 کان و وابزانم ته‌نانه‌ت 1950 کاندا له گۆڕێ دابووه . زۆر جار باسی لێوه کراوه به‌ڵام دروست کردنی تا ئێستا مه‌یسه‌ر نه‌بووه. به‌ر له هه‌موو شت ده‌بێ بڵێم له به‌ر که‌مایه‌سی زۆر جیدی له پلان دانان دا. هه‌نووکه بار و دۆخی ئاوایه : له‌و دواییانه دا له هه‌رێمی پڕۆژه‌که له قه‌راغ ئیله‌سوو رێوره‌سمێک به‌ڕێوه‌چوو بۆ ده‌ست به کار له سه‌رکردنی به شێوه‌یه‌کی ڕه‌سمی و سه‌رۆکوه‌زیر ئه‌ردۆغان تێیدا ئاماده بوو، به‌ڵام له هه‌مان کات دا هیچ گرێبه‌ستێکی نێونه‌ته‌وه‌یی له گۆڕێ دانییه بۆ ده‌سته به‌رکردنی فینانسه کردنی ئه‌و پڕۆژه‌یه.
ئێستا کۆنسۆرتیۆمێکی بازرگانی که له کۆمپانییه‌کانی ئوتریشی ، ئاڵمانی و سویسی پێک هاتووه ئاماده‌یی خۆیان ڕاگه‌یاندووه بۆ سازکردنی ئه‌و سه‌ده یان یارمه‌تیدان بۆ ساز کردنی، به‌ڵام له باری دارایییه‌وه تا ئێستا چ دراوێک له گۆرێ دانییه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان بچنه هه‌رێمه‌که و ده‌ست به سازکردنی سه‌ده‌که بکه‌ن .
قازی: به ئاسایی چ لایه‌نێک ده‌بێ باری دارایی پڕۆژه‌یه‌کی ئه‌وتۆ بخاته سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی ؟ دیاره ئه‌وه ده‌بێ حکوومه‌ت بێ ، ده‌نا نا ؟!
نایا : نا ! هه‌میشه حکوومه‌تان ئه‌وه ناکه‌ن ، به‌ستراوه‌ته‌وه به چه‌شنی پڕۆژه‌که. زۆر جار بۆ پڕۆژه‌ی ژێرخانی ، ئه‌وه به‌سه بانکێک بدۆزرێته‌وه که ئاماده بێ ئه‌و قه‌رزه‌ی پێویسته بیدا بۆ ئه‌وه‌ی پلانه‌که به‌ڕێوه‌بچێ !
قازی : به‌ڵام وابزانم بانکی جیهانی ده‌ستی له‌وه گێڕاوه قه‌رزێکی ئاوا بدا ! وا نه‌بوو ؟
نایا : له پێڤاژۆی ئه‌وتۆ دا پێداویستی به بانکان هه‌یه. به‌ڵام بۆ پڕۆژه‌یه‌کی ئاوا جه‌نجاڵی و ئاوا کارتێکه‌ر وه‌کوو سه‌دی ئیله‌سوو حه‌وجێ به خه‌ڵک و به حکوومه‌ت هه‌یه که ده‌سته‌به‌ر بن بۆ گرێبه‌ستێکی ئه‌وتۆ، ئه‌گه‌ر وانه‌بێ بۆ ئه‌وانه‌ی سازکردنی ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌ستۆی خۆیان و ئه‌وانه‌ی فینانسه‌ی ده‌که‌ن ، زۆر به مه‌ترسی ده‌بێ. سه‌دی ئیله‌سوو هه‌تا گارانتی حکوومه‌تانی له پشت نه‌بێ ناکرێ ساز بکرێ .
قازی : و ئه‌و کۆمپانییانه تا ئێستا ده‌سته به‌ری دارایی نه‌کراون ؟
نایا : هێشتا به‌ڵێنیان نه‌دراوه‌تێ . تا ئێستا ئه‌و گارانتییانهیان نه‌دراوه‌تێ. بڕیار بوو له ساڵی 2001 دا گارانتییان بدرێتێ . ئه‌و ده‌می کۆنسۆرتیۆمێکی دی بڕیاری دابوو سه‌ده‌که دروست بکا.
سه‌رۆکی کۆمپانییه‌کانی ئه‌و ده‌می بالفۆر بێتی بوو که کۆمپانییه‌کی ئاوه‌دانی بریتانیاییه. به‌ڵام ئه‌و کۆنسۆرتیۆمه هه‌ڵوه‌شا به‌ر له‌وه‌ی که کار بگاته قۆناخی وه‌رگرتنی گارانتی. له به‌ر نیگه‌رانی سه‌باره‌ت به لایه‌نی ژینگه‌پارێزی و مافی مرۆ سه‌ری نه‌گرت . پڕۆژه‌که بۆ 2-3 ساڵان بێده‌نگه‌ی لێکرابوو و له ساڵی 2005 دا جارێکی دیکه هاته‌وه گۆڕێ .
قازی : ببووره ، کاتێک ده‌ڵێی بێده‌نگه‌ی لێ‌کرا ، مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که چ کاری له سه‌ر نه‌ده‌کرا ! ؟ ساز کردنی ده‌ستی پێنه‌کردبوو ؟
نایا : به لێبڕاوی چ کار بۆ ساز کردنی نه‌کرا ! هیچ کۆمپانییه‌کی نێو نه‌ته‌وه‌یش له گۆڕێ دانه‌بوو بییه‌وێ شانی وه‌به‌ر دا و سازی کا. تا ساڵی 2004 که سێ کۆمپانی : ئالستۆمی سویسی ، ئاندریتزی ئوتریشی و زووبلینی ئاڵمانی له ده‌وری یه‌ک کۆبوونه‌وه و کۆنسۆرتیۆمێکی نوێیان پێکه‌وه‌نا و ده‌یانه‌وێ ده‌ست به کار بن. ، به‌ڵام تا ئه‌وکاته‌ی گارانتی حکوومه‌تییان نه‌بێ ناتوانن ده‌ست پێبکه‌ن و چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌که‌ن. خه‌ڵکی ناوچه‌که به ده‌یان ساڵه پێیان ڕاگه‌یێندراوه، به ده‌ستپێکردنی سازکردنی سه‌ده‌که ، له شوێنی خۆیان هه‌ڵده‌که‌ندرێن ، به‌ڵام ئه‌وه هێشتا نه‌کراوه و هێشتا چاوه‌ڕێن بزانن چی‌یان به سه‌ر دێ !!
قازی : ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆنسۆرتیۆمه نوێیه پشتیوانی دارایی و
گارانتی حکوومه‌تی وه‌ربگرێ چۆنه و چه‌نده‌یه ؟
نایا : ئه‌وه زۆر پرسیارێکی زه‌حمه‌ته. ده‌کرێ بڵێم وڵامدانه‌وه‌ی نالوێ. ئه‌من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئه‌و حکوومه‌تانه بییانه‌وێ قانوون و ستاندارده‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕه‌چاو بکه‌ن ناکرێ گارانتی حکوومه‌تی بدرێ. چونکوو هه‌نووکه به‌و شێوه‌یه‌ی پلانی پڕۆژه‌که داندراوه هه‌موو ستاندارده نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانی که داڕێژراون و ڕه‌چاوکراون بنکۆڵ ده‌کا: وه‌کوو ده‌سته‌به‌ر کردنی مافی مرۆ ، ده‌سته‌به‌ر کردنی پاراستنی ژینگه و ده‌ور و به‌ر و ده‌سته‌به‌رکردنی که‌له‌پووری کولتووری. ئه‌گه‌ر ئه‌و حکوومه‌تانه بڕیار بده‌ن کرێدیتی ده‌ره‌وه‌یی گارانتی بکه‌ن ده‌بێ گشت ئه‌و ڕێکه‌وتنه نێونه‌ته‌وه‌ییانه پێشێل بکه‌ن و ئه‌من هیوادارم ئاماده نه‌بن کارێکی ئه‌وتۆ بکه‌ن !
قازی : ئه‌گه‌ر وای دابنێین که پڕۆژه‌که به‌ڕێوه بچێ ؛ ئاکامه‌کانی چ ده‌بن ؟ ئه‌گه‌ر یه‌ک یه‌ک باسیان بکه‌ی ، وا بزانم له ڕوانگه‌ی ئینسانییه‌وه جێگۆڕکێ کردن به خه‌ڵک لایه‌نی هه‌ره گرینگ بێ !
سه‌دێک ههلدهبهسترێ ، شوێنێک ده‌که‌وێته ژێر ئاو ، و ئه‌وه کاردانه‌وه‌ی ده‌بێ له سه‌ر ژیان و به‌ڕێوه‌چوونی خه‌ڵک و ئاژه‌ڵه‌کانیان. با له جێگۆڕکێی دانیشتوانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین . ئه‌وانه‌ی که له حه‌سکیف و شوێنی دیکه ده‌ژین که به سازکردنی سه‌ده‌که زێدیان وه‌بن ئاو ده‌که‌وێ !!
نایا : به‌ڕاستی نیگه‌رانی یه‌که‌می ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه. ئه‌گه‌رچی سه‌دی ئیله‌سوو کاردانه‌وه‌ی دیکه‌شی لێ ده‌که‌وێته‌وه، که دواتر ده‌کرێ باسیان بکه‌ین، بۆ وێنه کاردانه‌وه له سه‌ر ژینگه ، له سه‌ر ئارکیۆلۆژی ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری کێشه له سه‌ر سه‌رچاوه‌ی خۆڕسکی له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست زیاد ده‌کا. به‌ڵام ڕاسته ، جێگۆڕکێ به خه‌ڵک ، نیگه‌رانییه‌کی سه‌ره‌کییه. ئه‌من پێم وایه هه‌نووکه ئه‌وه خاڵی هه‌ره ورووژێنه‌ره سه‌باره‌ت به‌م پڕۆژه تایبه‌تییه.
به سازکردنی سه‌دی ئیله‌سوو ده‌بێ له نێوان 50 تا 80 هه‌زار که‌س وه‌گوێزرێن و ئه‌وه هه‌ژمارێکی یه‌کجار زۆره .
قازی : و زۆربه‌ی ئه‌وان کوردن . وانییه ؟
نایا : به‌ڵێ ! زۆربه‌یان له باری ئێتنیکییه‌وه کوردن ، چونکوو هه‌رێمه‌که کوردییه. وا مه‌زه‌نده ده‌کرێ ته‌نێ ناوچه‌ی په‌نگاو خواردنه‌وه‌ی ئاوه‌که 300 کیلۆمیتری چوارگۆشه دابگرێ. بیری لێبکه‌وه ، ڕووبه‌رێکی مه‌زن وه‌به‌ر ده‌دا ، زۆر گوندی پچووک ، به‌ڵام شاری حهسکیفیش وه‌بن ده‌دا، بۆیه، جێگۆڕکێ و له جێی خۆ هه‌ڵکه‌ندران زۆر به‌ربڵاو ده‌بێ. بۆیه ئێمه زۆر نیگه‌رانین . چونکوو دامه‌زراندنه‌وه‌ی ئاوا گه‌وره خه‌ساری رووحی زۆر گه‌وره‌ی پێوه‌یه بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی ته‌جروبه‌ی ده‌که‌ن ، به تایبه‌تی جێکردنه‌وه‌ی زۆره‌ملی.
له هه‌رێمێک دا که زۆری کۆچپێدانی ناوخۆیی به‌خۆیه‌وه دیوه له ماوه‌ی ساڵانی نه‌وه‌ده‌کان دا له به‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌ی له هه‌رێمه‌که دا هه‌بووه. به بۆچوونی من کارێکی ئه‌وتۆ گه‌وجانه‌یه. ئێمه بۆیه نیگه‌رانین چونکوو ئه‌و پلانه‌ی حاواندنه‌وه و جێکردنهوهیهی وا له لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆژه‌که‌وه هاتووه‌ته گۆڕێ – که ئاسایی وایه ده‌سته‌به‌ر بێ گشت ئه‌و خه‌ساره‌ی وه ژیانی خه‌ڵک ده‌که‌وێ قه‌ره‌بوو بکرێته‌وه - به ڕاستیش ناته‌واوه و پره له که‌مایه‌سی. له پلانه‌که‌دا به ورده ڕیشاڵ باس ناکرێ چه‌ند که‌س وه‌به‌ر ده‌که‌ون ، چ بوودجه‌یه‌ک بۆ دامه‌زراندنه‌وه و به جێکردنی ته‌واو له گۆڕێ دا نییه بۆ تێهه‌ڵهێنانه‌وه‌ی داهاتی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی خه‌ساریان وێده‌که‌وێ. جابۆیه گشت ئه‌وه‌ی کراوه به شێوه‌یه‌کی زۆر خۆویستانه و که‌یفی بووه.
بۆیه ئێمه نیگه‌رانین که دامه‌زراندنه‌وه و جێکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ژاری و نه‌دارییان زیاتر ده‌کا و زۆر له‌و خه‌ڵکه‌ی که ده‌بێ جێ و ڕێیان بۆ بدۆزرێته‌وه له‌وانه‌یه رێ‌یان بکه‌وێته شاره‌گه‌وره‌کانی ناوچه وه‌کوو دیاربه‌کر و باتمان که به‌نه‌غده‌ن خه‌ڵکێکی زۆری که له ماوه‌ی شه‌ڕ دا ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێبێڵن، ڕوویان تێ کردوون. جابۆیه ژماره‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی بکرێ له‌و شارانه بحاوێندرێنه‌وه زۆر به‌رته‌نگ ده‌بێ. ئێمه له‌وه ده‌ترسێین ژماره‌یه‌کی زۆر له خه‌ڵکی که ده‌بێ جێ بۆ سه‌د چۆل که‌ن ، یان ده‌بێ له قه‌راغ ئه‌و شارانه ماڵ دانێن یان ئه‌وه‌ی که ده‌بێ سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرن و بچنه ئه‌و وڵاتانه‌ی که له وانه‌یه ئه‌و پڕۆژه‌یه فینانسه بکه‌ن.
قازی: باشه ! به پێی لێکدانه‌وه‌ی ئێوه کێ به‌رپرسی دامه‌زراندنه‌وه و جێکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌یه ؟ گه‌ڵۆ سازکه‌رانی سه‌ده‌که‌ن یان به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م حکوومه‌تی ترکییه ده‌بێ ئه‌و ئه‌رکه ڕاپه‌ڕێنێ ؟
نایا : ئه‌من پێم وایه یه‌که‌م به‌رپرسی ده‌سته‌ڵاتدار له‌و پێوه‌ندییه دا حکوومه‌تی ترکییه یه، له گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ترکی پڕۆژه‌که. به‌ڕێوه‌به‌ری ترکی پڕۆژه‌که ، له جێ‌دا ئه‌و لایه‌نه‌یه که بڕۆژه‌ی دامه‌زراندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی گه‌ڵاڵه کردووه ...
قازی : ئه‌و ده‌زگایه ڕاسته‌وڕاست به حکوومه‌ت نه‌به‌ستراوه‌ته‌وه ؟
نایا : ئه‌وه ده‌زگای کاروباری ده‌وڵه‌تی ئاوه . له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه ئه‌و ئه‌رکه‌ی پێ ئه‌سپێردراوه. ئه‌وان به‌رپرسن بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی دامه‌زراندنه‌وه و جێکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک به شێوه‌یه‌کی شیاو و له‌بار. به‌ڵام ، له به‌ر ئه‌وه‌ی که فینانسه کردنی نێونه‌ته‌وه‌یی ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌یه و ده‌توانێ ده‌رگه بکاته‌وه بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ، بۆیه پێم وایه کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌ییش به‌رپرسیاره‌تی هه‌یه بۆ ده‌سته‌به‌ر کردن و دڵنیایی دان بۆ دامه‌زراندنه‌وه‌ی خه‌ڵک. ئه‌گه‌ر ئه‌وان له سه‌ودای سه‌رمایه‌دانانێکی ئه‌وتۆ دا قازانج ده‌که‌ن ، و ئه‌گه‌ر یارمه‌تی ده‌ده‌ن بۆ ساز کردنی سه‌ده‌که ، ده‌بێ ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ش ببن دراوی گشتی _ که دراوی ماڵیاتده‌رانه _ نابێ له پڕۆژه‌یه‌ک دا ده‌کار بکرێ که مافی مرۆ پێشێل ده‌کا له پێوه‌ندی له گه‌ڵ دامه‌زراندنه‌وه و جێکردنه‌وه‌ی خه‌ڵک دا. جا بۆیه من ده‌ڵێم ئه‌وانیش هه‌ر هه‌مان به‌رپرسیاره‌تی به‌ڕێوه‌به‌رانی ترکی پڕۆژه‌که‌یان ده‌که‌وێته سه‌ر شان !
قازی : باشه ! ئێستا ئه‌گه‌ر بێینه سه‌ر خه‌سار و نه‌مانی شوێنه‌وار و که‌له‌پووری کولتووری . بۆ وێنه وه‌بن ئاو که‌وتنی حه‌سکیف ! ئه‌وه چۆن شی ده‌که‌یه‌وه ؟
نایا : نه‌مانی شوێنه‌وار و که‌له‌پووری کولتووری لایه‌نێکی جه‌نجاڵی ، و جێی سرنجدانێکی زۆر بووه له مه‌ڕ ئه‌و پڕوژه‌یه. ئه‌وه له ئاستی جیهانیش دا خاڵی ناره‌زایه‌تی بووه ، چونکوو له ڕاستی دا ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی ئاوی سه‌ده‌که‌ی تێدا په‌نگ ده‌خواته‌وه شوێنێکی هه‌راوی مێژوویی وه‌بن ده‌دا. شوێنه‌واری زۆر شارستانییه‌تی که‌ونارا ، نه‌ک هه‌ر کوردی ، به‌ڵکوو شارستانییه‌تی زۆر کۆنی ئاسۆری و سوریانی که ئه‌وانیش ئه‌و ناوچه‌یه به ئی خۆیان داده‌نێن. جابۆیه له به‌ستێنی چۆمه‌که دا مێژوویه‌کی زۆر هه‌یه . له‌و باره‌یه‌وه ئه‌و جێیه‌ی که سرنجێکی زۆری له سه‌ر کۆ بووه‌ته‌وه شاری که‌ونارای حه‌سکیفه ، که ئه‌گه‌ر سه‌ده‌که ساز بکرێ به ته‌واوی وه‌بن ئاو ده‌که‌وێ و نامێنێ. به‌م پێیه زۆر خه‌زێنه وکاری ده‌ستی بێ ئه‌ژماری ئارکیۆلۆژی له ناو ده‌چن. هه‌ر وه‌ها له‌ناوچوونی کولتووری تازه‌تری کورده‌کان که له‌و هه‌رێمه دا ده‌ژین، جا بۆیه به هه‌ڵبه‌ستنی ئه‌و سه‌ده ڕیشه‌ی مێژوویی و شوێنه‌واری ئه‌ژدادیان وه‌بن ئاو ده‌که‌وێ. خه‌ڵکی خۆجێیی له‌وێ زۆر به په‌رۆشن چونکوو شاره‌که گرینگییه‌کی گه‌وره‌ی بۆ خه‌ڵکی هه‌رێمه‌که هه‌یه . هه‌نووکه ته‌نانه‌ت وا وێده‌چێ ئه‌وه‌ش ڕوون نه‌بووبێته‌وه گه‌لۆ چه‌ند زێدی مێژوویی دیکه‌ش له‌و هه‌رێمه‌دا هه‌یه که تاکوو ئێستا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه. هێشتا زۆر لێکۆڵینه‌وه‌ی زیاتر پێویسته سه‌باره‌ت به ئه‌وێ ، چونکوو زێدێکی که‌ونارای شارستانییه‌ته .
قازی : له ڕوانگه‌ی تێکنیکییه‌وه ناکرێ شاری حه‌سکیف بپارێزدرێ و سه‌ده‌که‌ش دروست بکرێ ؟
نایا : ئێستا ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانێکی ئاوا نییه. بیر له‌وه کراوه‌ته‌وه بۆ پاراستن و ڕزگار کردنی حه‌سکیف دیزاینی سه‌ده‌که بگۆڕدرێ، به‌ڵام ئه‌وه به مانای وه‌بن ئاودانی ده‌وروبه‌ری ئه‌وێیه که هه‌مان گرینگی‌یان هه‌یه بۆ ئه‌و کۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی وه‌به‌ری ده‌که‌ون. به‌ڵام ئه‌و پلانانه جێبه‌جێ ناکرێن و ئه‌گه‌ر سه‌دی ئیله‌سوو هه‌ڵببه‌سترێ ، به‌گردبڕی حه‌سکیف له ناو ئاو دا قوم ده‌بێ .
قازی : که وابوو هیچ ده‌ره‌تانێک نییه بۆ پاراستن و ڕزگارکردنی هیچ شتێک ؟
نایا : با ! ده‌ره‌تانی ئه‌وه هه‌یه که هێندێک کاری ده‌ستی تایبه‌تی و هێندێک چاوه خانوو که زۆر به نێوبانگن بۆ وێنه ئه‌وانه‌ی که ئێستا تیمه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی ئارکیۆلۆژیستان کاریان له سه‌ر ده‌که‌ن ڕزگار بکرێن پلانێکی ئه‌وتۆ هه‌یه که هێندێک له کاره‌ده‌ستییه‌کان بگوێزرێنه‌وه و له پارکێکی ئارکیۆلۆژی دابندرێن وه‌کوو مووزه‌خانه‌یه‌ک که مرۆ بتوانێ بچێ و بیانبینێ، به‌ڵام وا وه‌به‌رچاودێ کاتی پێویست و سه‌رچاوه‌ی کافی له به‌رده‌ست ئارکیۆلۆژیسته‌کان دا نه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و کاره جێبه‌جێ بکه‌ن .
قازی: به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان سه‌رچاوه‌یان هه‌بێ ده‌توانن شتێک بکه‌ن؟
نایا: ڕه‌نگه هێندێک کاری ده‌ستی بکرێ ڕزگار بکرێن . به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌رده‌کان به‌ردی ڕمڵینه، مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه له کاتی گوێستنه‌وه‌دا ههڵپرووکێن و بشکێن. له ڕاستیدا ئه‌وه نیگه‌رانی و په‌شێوی سه‌ره‌کی نییه ، نیگه‌رانی سه‌ره‌کی ئه‌وه‌یه مرۆ چۆن ده‌کرێ به‌رگه‌ی له ده‌ستدانی ئه‌و شاهیدی دانه مێژووییانه بگرێ؟
هه‌ر وه‌ها چاره‌نووسی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که هێشتا له ئه‌شکه‌وت و ڕه‌هۆڵه که‌وناراکاندا ده‌ژین . ئه‌وانه ئه‌و که‌سانه‌ن مافی یه‌که‌میان به گشت ئه‌و مێژوو و ئه‌و که‌له‌پووره‌وه هه‌یه که له‌وێ هه‌یه .
قازی : مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که ڕاوێژیان پێ نه‌کراوه ؟
نایا: نا ! سه‌باره‌ت به پلانی پاراستن و ڕزگارکردن ڕاوێژیان پێ نه‌کراوه و ئه‌وه‌ش به ڕوونی به‌پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی بانکی جیهانی یه ، که شێوازێکی زۆر ئاشکرای گه‌ڵاڵه کردووه که چۆن به که‌له‌پووری کولتوورییه‌وه بچاردرێ ، هیچکام له ئامۆژگارییه‌کانی له به‌ر چاو نه‌گیراون .
قازی : گه‌لۆ حه‌سکیف بۆخۆی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی دا وه‌کوو شوێنێکی پارێزدراو ناسراوه ؟ وه‌کوو شوێنه‌وارێکی کولتووری ؟
نایا: پێشنیارکراوه بکه‌وێته لیستی زێدی که‌له‌پووری کولتووری یۆنسکۆ ، که ده‌بێ ئاگاداری لێبکرێ. به‌ڵام ده‌وڵه‌تی ترکییه ئه‌و داوایه‌ی وه‌دوا داوه‌ته‌وه. ئه‌من پێم وایه له‌کاتی هاتنه‌گۆڕی ئه‌وداوایه ئه‌وان پلانی هه‌ڵبه‌ستنی سه‌ده‌که‌یان بووبێ ، ڕه‌نگه بۆیه نه‌که‌وتبێته نێو لیسته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی شوێنی پارێزدراو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌تا ئه‌و دواییانه حه‌سکیف به پێی قانوونی ترکییه خاوه‌نی ستاتوسێکی تایبه‌تی بوو _
له مه‌ڕ پاراستنی که‌له‌پووری کولتووری - ، به‌ڵام هه‌رچه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و ستاتوسه تایبه‌تییه‌ی ئاگاداری لێکردنی له سه‌ر لابردراوه. جابۆیه ئێستا ده‌ره‌تانی له‌ناوبردنی حه‌سکیف هه‌یه به بێ ئه‌وه‌ی که قانوونی ترکییه پێشێل بکرێ .
قازی : ئه‌گه‌ر ئێستا بێینه سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئاوی و کێشه له سه‌ر ئاو. چونکوو باس له‌وه ده‌کرێ کێشه‌کانی داهاتوو زیاتر له سه‌ر ئاو ده‌بێ و چیدی له سه‌ر نه‌وت نابێ. واوێده‌چێ ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌که به‌ڕێوه‌بچێ گیروگرفت بۆ وڵاتانی دراوسێ ساز بێ وه‌کوو سوورییه و عێراق . ده‌کرێ ئه‌و لایه‌نه‌ش هێندێک شی که‌یه‌وه !؟
نایا: هه‌ڵبه‌ت ! له سه‌رده‌می گۆڕانی که‌شوهه‌وا دا ئاشکرایه ئاو ده‌بێته بابه‌تی کێشه‌یه‌کی گه‌وره هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێوه گوتتان. ئه‌وه به تایبه‌تی له مه‌ڕ پڕۆژوهی سه‌دی ئیله‌سوو وه‌ڕاست ده‌گه‌ڕێ. چونکوو له گه‌ڵ سه‌ده‌کانی پێشوو و به گشتی ده چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی گاپ دا ، که ئیله‌سوو به‌شێکێتی ، ترکییه ده‌توانێ تا ڕاده‌یه‌کی زۆر به‌ری چوونی ئاو به‌ره‌و وڵاتانی دراوسێ ؛ سوورییه و عێراق بگرێ. لێره دا عێراق گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه ، چونکوو زیاتر نیگه‌رانه.
له گه‌ڵ سه‌ده‌کانی دیکه ، بارودۆخێکی ئاوا دێته گۆڕێ که ده‌رچوونی ئاو بۆ ئه‌و وڵاتانه له باری مێژووییه‌وه ده‌گاته ئاستی هه‌ره نزم. و له‌کاتی که‌م ئاوی دا ،ده‌کرێ به ته‌واوی ویشک بێ.
ئه‌وه ئێستا زۆر جێگه‌ی نیگه‌رانییه وله باری توانایه‌کییه‌وه له سه‌ر سه‌رچاوه ئاوییه‌کان مه‌ترسی کێشه ساز کردن ده‌نێته‌وه.
به شێوه‌ی ئاسایی له چوارچێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی دا بۆ پێشاوبڕدانهوهی مه‌ترسی ئه‌وتۆ و هه‌بوونی رێکه‌وتنامه بۆ به‌شکردنی سه‌رچاوه‌ی ئاو که به به‌ستێنی نێونه‌ته‌وه‌یی دا ده‌خوشن ، ده‌بێ له‌نێوان گشت وڵاتانی پێوه‌ندیدا گوتووبێژ بکرێ و پێویسته رێک که‌ون سه‌رچاوه ئاوییه‌کان چۆن له نێو خۆیان دا به‌ش بکه‌ن ! به‌ڵام سه‌باره‌ت به سه‌دی ئیله‌سوو ئه‌وه نه‌کراوه. ترکییه به شێوه‌ی ڕه‌سمی ڕاوێژی به عێراق یان سوورییه نه‌کردووه سه‌باره‌ت به چلۆنایه‌تی چوونی ئاو بۆ ئه‌و وڵاتانه دوای دروست کردنی سه‌دی ئیله‌سوو. و ئه‌مه شتێکی جیدی یه ، پێشێل کردنی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی یه، له وانه دوو په‌یماننامه‌ی کۆڕی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان و هه‌ر وه‌ها په‌یمانی هاتنه ناو که ترکییه له‌گه‌ڵ یه‌که‌تی ئورووپای ئیمزا کردووه.
هه‌روه‌ها به پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌ته‌کانی بانکی جیهانیشه سه‌باره‌ت به پڕۆژه‌کانی مه‌زنی ژێرخانی و له‌و باره‌یه‌وه مه‌سه‌له‌ی دابه‌ش کردنی سه‌رچاوه‌ی ئاو. ئێمه له‌و باره‌یه‌وه نیگه‌رانین ، و هه‌ر ئێمه به ته‌نێ نین و ئه‌من ده‌زانم یه‌که‌تی ئورووپا ئه‌و بابه‌ته‌ی کردووه به خاڵێکی تایبه‌تی وتووێژه‌کانی کۆمیسیۆنی ئورووپا له گه‌ڵ ترکییه سه‌باره‌ت به ئه‌ندامه‌تی. سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له‌ی ئاو له‌گه‌ڵیان دواون ، به تایبه‌تی له چوارچێوه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ، له پێوه‌ندی له گه‌ڵ سه‌دی ئیله‌سوو دا. به‌ڵام عێراقیش نیگه‌رانه ،هه‌ر10 رۆژ له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری عێراقی فێدێرالی سه‌رچاوه ئاوییه‌کان نامه‌یه‌کی ناردووه بۆ ئه‌و سێ ئاژانسه‌ی که چاوه‌ڕێی دانی کرێدیتی ده‌ره‌وه‌یی یان لێده‌کرێ بۆ سازکردنی سه‌ده‌که و تێیدا ئه‌وپه‌ڕی نیگه‌رانی حکوومه‌تی عێراق ده‌رده‌بڕێ سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یه . جا بۆیه ئه‌وه بۆ ئێمه بۆمبیکی سه‌عاتی یه که پڕۆژه‌ی ئاوا جێبه‌جێ بکرێ که بتوانێ به‌شێوه‌یه‌کی ئاوا به‌ربڵاو سه‌رچاوه ئاوییه‌کان کونترۆڵ بکا. له هه‌ڕێمێکی ویشک ، له هه‌ڕێمێکی که له ڕوانگه‌ی سیاسییه‌وه به سبات نییه . ده‌بێ ڕێکه‌وتن هه‌بێ ، ده‌بێ گوتووبێژی بهرعودهبوون هه‌بێ له نێوان گشت وڵاتانی پێوه‌ندیدار.
قازێ: کاردانه‌وه‌ی سوورییه چ بووه ؟ ئه‌وان له‌وباره‌یه‌وه له سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌ڵێن چی ؟ چونکوو به ڕواڵه‌ت پێوه‌ندییان له گه‌ڵ ترکییه خۆشه !
نایا : ئه‌من پێم وایه ، مه‌سه‌له‌ی سوورییه له‌و پێوه‌ندییه دا که‌متر جیدی یه ، که‌متر جه‌نجاڵییه، چونکوو سه‌باره‌ت به‌و سه‌دانه‌ی دی که به نه‌غده‌ن دروست کراون له نێوان ترکییه و سوورییه دا ڕێککه‌وتن کراوه. جا بۆیه ئه‌وان مێژووی ڕاوێژکارییان به‌یه‌که‌وه هه‌یه سه‌باره‌ت به دابه‌شکردنی ئاو.ئێمه هیچ زانیارییه‌کمان نییه سه‌باره‌ت به سه‌دی ئیله‌سوو چون ڕێککه‌وتوون ؟ به‌ڵام به لێبڕاوی هیچ گرێبه‌ستێکی ڕه‌سمی له گۆڕێ دا نییه، له‌وانه‌یه ڕاوێژیان به یه‌کدی کردبێ . به‌ڵام ئه‌وه بۆ عێراق زۆر گرینگتره، چونکوو سه‌دی ئیله‌سوو زۆر زیاتر کاردانه‌وه‌ی له سه‌ر سه‌رچاوه‌ی ئاوی عێراق ده‌بێ تا سوورییه !
قازی : هێندێکمان باسی تێکه‌ڵاوی ده‌ره‌وه‌یی به‌و پڕۆژه‌یه‌وه کرد.
ئه‌و ئاژانسه کرێدیتدهره ئورووپاییانه ، وابزانم بڕیار بوو له مانگی ئۆکتۆبر دا بڕیاری دانی کرێدیت بده‌ن . ئه‌وه چی لێ به‌سه‌ر هات ؟
نایا: له ماوه‌ی ئه‌و یه‌ک دوو ساڵه‌ی دواییدا زۆر جار چاوه‌ڕێ بووین بڕیارێک بدرێ . به‌ڵام هه‌تا ئێستا په‌سندی دوایی نه‌کراوه و بڕیاری دوایی نه‌دراوه. ڕێگه‌م بده با ته‌نێ به ڕسته‌یه‌ک باسی ئه‌و ده‌وره بکه‌م که ئی سی ئه‌یه‌کان له‌و پڕۆژه‌یه دا ده‌یگێرن . چونکوو ئه‌وه گرینگه. ئه‌و ئاژانسانه‌ی کرێدیتی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ده‌ن له لایه‌ن حکوومه‌تانه‌وه کاریان پێ ئه‌سپێردراوه، ئه‌رکیان ئه‌وه‌یه یارمه‌تی بکه‌ن به بردهدهرانی نێوخۆیی له‌و بازاره‌ی دا که پێی ده‌ڵێن به مه‌ترسی سات و سه‌ودای تێدا بکه‌ن. بازاری ئه‌وتۆی که‌له به‌ر هۆی ئابووری یان سیاسی به مه‌ترسینه. زۆر جار پڕۆژه‌ی پڕ له‌کاردانه‌وه‌ی وه‌کوو سه‌دی ئیله‌سوو، یان ده‌رهێنانی نه‌وت ، یان کانگا ده‌بێ له لایه‌ن ئاژانسه‌کانی کرێدیتی ده‌ره‌وه‌یی ڕا ده‌سته‌به‌ر بکرێن . واته کۆمپانییه‌کی که‌رتی تایبه‌تی گرێبه‌ستێک ده‌کا بۆ جێبه‌جێ کردنی پڕۆژه‌یه‌ک ، بۆ وێنه وه‌کوو سه‌دی ئیله‌سوو، جا بۆیه بۆخۆی ناوێرێ شان وه‌به‌ر مه‌ترسی بدا و داوا له حکوومه‌ت یان ئاژانسی کرێدیتدهر ده‌کا دڵنیای که‌ن ئه‌گه‌رهاتوو پڕۆژه‌که تێک چوو ، حکوومه‌ت قه‌ره‌بووی کاته‌وه. شتێکی دیکه‌ش هه‌یه پێی ده‌ڵێن : ساڤرین کاونتر گارانتیینگ واته ده‌سته‌به‌ر بۆ کردنه‌وه ، له نێوان حکوومه‌تی برده ده‌ر و وڵاتی خانه خوێ ، بۆ وێنه ئاڵمان و ترکییه که وڵاتی خانه‌خوێ یه بۆ ئه‌و پڕۆژه تایبه‌تییه، بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌موو په‌یمانه‌که رووخا ، ئاڵمان ده‌بێ ئه‌و دراوه بۆ کۆمپانییه‌که ببژێرێ ، ترکییه ش ده‌بێ ئه‌و خه‌ساره بۆ ئاڵمان قه‌ره‌بوو کاته‌وه و بیبژێرێ. جا بۆیه هه‌م مه‌ترسی تایبه‌تی هه‌یه بۆ بردهدهرێکی تایبه‌تی . ئه‌گه‌ر هه‌موو شت باش هه‌ڵسووڕێ ، ئه‌وه قازانجی تایبه‌تی لێ ده‌که‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سه‌وداکه هه‌ڵوه‌شێ ئه‌وه به‌شی گشتی یه که ده‌بێ دراوه‌که ببژێرێ. بۆیه مه‌ترسی بازرگانی که‌رتی تایبه‌تی ده‌هێنرێته ئاستی مه‌ترسی گشتی. بۆیه گرینگه دڵنیا بین پڕۆژه‌که له گه‌ڵ ئامۆژگارییه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌یی دا بگونجێ له مه‌ڕ مافی مرۆ و پاراستنی ژینگه. چونکوو لێره دا ئه‌وه دراوی ماڵیاتده‌رانه که جێبه‌جێکرانی پڕۆژه‌یه‌کی ئاوا مه‌یسه‌ر ده‌کا. جا بۆیه هه‌نووکه ئاژانسه‌کانی کرێدیتده‌ری ده‌ره‌وه‌یی داوخوازنامهیان پێگه‌یشتووه بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌و پڕۆژه تایبه‌تی یه و بریتین له ئاژانسه‌کانی کرێدیتده‌ری ئوتریشی، ئاڵمانی و سویسی ، چونکوو 3 کۆمپانی ئاوه‌دانی ئه‌و وڵاتانه گرێبه‌ستیان کردووه و له کۆنسێرتیۆمی سازکردنی سه‌دی ئیله‌سوو دان. ئاندریتز ی ئوتریشی، زووبلینی ئاڵمانی و ئالستۆمی سویسی. ئی سی ئه‌ی ته‌ماشای پلانی ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی کردووه و حه‌ول ده‌دا بڕیار بدا گه‌لۆ پشتیوانی ده‌کا له‌و کاره یان نا ؟ ئێستا ئه‌وه دووساڵه ئه‌و داوایه‌یان له به‌ر ده‌ست دایه به‌ڵام هه‌تا ئێستا بڕیاریان نه‌داوه. وه‌ک ئێمه بیستوومانه ، ئوتریشییه‌کان خه‌ریکن به‌و زووانه بڕیار بده‌ن که له‌وانه‌یه 4-5 حه‌وتوو بخایێنێ ، به‌ڵام ئه‌وه زۆر جار وه‌دره‌نگی که‌وتووه، ده‌توانێ به مانگان بکێشێ ، یان زۆر زوو بڕیار بدرێ و له‌وانه‌یه قه‌تیش بڕیار نه‌ده‌ن.
قازی: هۆی ئه‌و بڕیار نه‌دان و ڕاڕاییه چییه ؟
نایا : ئه‌من پێم وایه ئی سی ئه‌ی یه‌کان واته ئاژانسه‌کانی کرێدیتده‌ری برده‌یی خۆیان زۆر نیگه‌رانن له‌و که‌مایه‌سییانه‌ی له پلانی پڕۆژه‌که دا هه‌یه. وه‌کوو پلانی له مه‌ڕ نرخاندنی بارودۆخی ژینگه‌یی ، مه‌سه‌له‌ی پلانی دامه‌زراندنه‌وه و جێکردنه‌وه که پێشتر باسمان کردن ، به ته‌واوی به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ستاندارد و پێوه‌رانه‌ن که بۆ پڕۆژه‌ی ئاوا گه‌وره ڕه‌چاو کراون. ئه‌و پڕۆژانه هه‌ڵه‌ن ، زۆر جار ناته‌واون ، زۆر جار ناکۆکن . بۆیه ئه‌و وڵاتانه نیگه‌رانن له فینانسه کردنی پڕۆژه‌یه‌کی ئاوا که له‌وانه‌یه بگاته پێشێلکاری گه‌وره‌ی مافی مرۆ و تێکدانی ژینگه .
قازی : ئه‌و پڕۆژه‌یه چ جێیه‌کی هه‌یه له وتووێژه‌کانی له‌مه‌ڕ هاتنی
ترکییه بۆ ناو یه‌که‌تی ئورووپا ؟
نایا : گشت جه‌نجاڵی له مه‌ڕ سه‌دی ئیله‌سوو ، بابه‌تێکی گه‌رمه له چوارچێوه‌ی وتووێژه‌کاندا . هه‌ڵبه‌ت له ماوه‌ی پێڤاژۆی وتووێژه‌کان دا ترکییه ده‌بێ و چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێ قانوونه‌کانی خۆی له گه‌ڵ قانوونه‌کانی یه‌که‌تی ئورووپا بگونجێنێ که به زمانی یه‌که‌تی پێی ده‌گوترێ [ ئۆکووی کۆمۆنیتێر ] ، واته ؛ ده‌بێ قانوونه‌کانی ژینگه‌یی خۆی باشتر بکا، ده‌بێ قانوونه‌کانی مافی مرۆی باشتر بکا ، ده‌بێ قانوونه‌کانی سه‌باره‌ت به که‌مایه‌تییه‌کان باشتر بکا ، که‌مایه‌تییه‌کانی دینی و کولتووری. ئه‌وانه گشت ئه‌و بوارانه‌ن که سه‌دی ئیله‌سوو کاردانه‌وه‌ی زۆری له سه‌ریان ده‌بێ. ئه‌وه‌ی که یه‌که‌تی ئورووپا و ئێمه لێی نیگه‌رانین ئه‌وه‌یه که یه‌که‌تی ئورووپا وه‌کوو کۆمه‌ڵێک له لایه‌که‌وه هێندێک ڕێسای په‌سند کردووه که ده‌یه‌وێ گشت ئه‌ندامانی یان هه‌ر وڵاتێکی که بییه‌وێ بێته ناو یه‌که‌تی ئورووپا به پێی ئه‌وان ببزوونه‌وه . له هه‌مان کات دا تاکه وڵاتی ئاوای ئه‌ندامی یه‌که‌تی ئورووپا هه‌ن که له ڕاستیدا ئه‌و پێڤاژۆیه پێشێل ده‌که‌ن به فینانسه کردنی سه‌دی ئیله‌سوو. ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌دی ئیله‌سوو فینانسه بکه‌ن ، له راستیدا ئه‌وان ترکییه له [ ئۆکووی کۆمۆنیتێر ] دوور ده‌خه‌نه‌وه ، هه‌روه‌ها هه‌موو شتی که یه‌که‌تی ئورووپا وه‌کوو کۆمه‌ڵێک په‌سندی کردووه به هێند ناگرن و پێشێلی ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و پلانانه بکه‌ین که بۆ سازکردنی سه‌دی ئیله‌سوو هاتوونه‌ته گۆڕێ ده‌بینین که به ته‌واوی دژی ستاندارده‌کانی یه‌که‌تی ئورووپان و له‌وانه ڕێکه‌وتن له سه‌ر وتووێژی ئه‌ندامه‌تی له نێوان ترکییه و یه‌که‌تی ئورووپا دا. واته ئه‌و پڕۆژه‌یه پێڤاژۆی له‌گه‌ڵ که‌وتن پێشێل ده‌کا ، و لێبڕاوانه وتووێژه‌کان زۆر زه‌حمه‌تتر ده‌کا و دواجار له‌وانه‌یه بگاته هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وتووێژ له مه‌ڕ ئه‌گه‌ری ئه‌ندامه‌تی ، بێتوو پڕۆژه‌که دڕێژه‌ی پێبدرێ .
قازی : له کاتێکدا ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ی ئێمه بڵاو ده‌کرێته‌وه ، ڕاپۆرتی ساڵانه‌ی کۆمێسیۆنی ئورووپا له‌مه‌ڕ ترکییه ده‌رکه‌وتووه. ئه‌گه‌ر ئێستا بێینه سه‌ر ئه‌و پرۆتێست یان چاوهدێریانهی له ئاستی جیهانی دا به سه‌ر ڕه‌وتی ئه‌و پڕۆژه‌یه دا ده‌کرێ . بۆ وێنه له لایه‌ن ڕێکخراوی ئێوه و کۆمه‌ڵه‌کانی ژینگه پارێز و لهسهرکهرهوهی مافی مرۆ. ده‌کرێ هێندێک باسی ئه‌وان بکه‌ی ؟
نایا: تۆڕێکی جیهانی له ڕێکخراو و کۆمه‌ڵه‌یان هه‌ن له وانه گرووپی ژینگه پارێز، گرووپی کرێکاری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، کولتووری له هه‌موو جیهان دا که دژی دروست کرانی ئه‌و سه‌ده‌ن و شێوه‌ی پلان کردنی له حاڵی حازر دا . پلاتفۆرمی جۆربه‌جۆری که‌مپه‌ین هه‌ن له‌و وڵاتانه‌ی که پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان به‌و پڕۆژه‌یه‌وه هه‌یه، وه‌کوو ئاڵمان ، ئوتریش و سویس که کۆمپانییه‌کانیان له‌و کاره‌وه گلاون. له ئاڵمان پلاتفۆرمێک و به ده‌رزه‌ن ڕێکخراوه هه‌ن که حه‌ول ده‌ده‌ن زانیاری بده‌ن به ڕای گشتی سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌یه. له گه‌ڵ حکوومه‌ت و مێدیاکان له‌پێوه‌ندی دان بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی وشیاری. له ئوتریش پلاتفۆرمێک هه‌یه که له 10 گرووپان پێک هاتووه و به دژی سازکردنی ئه‌و سه‌ده کار ده‌که‌ن. هه‌ر وه‌ها له سویس ، له بریتانیا گرووپ هه‌ن که به دووی ئه‌و پڕۆژه‌یه دا ده‌چن ، چونکوو کۆمپانی بالفۆر بێتی له ساڵی 2001 له‌و پڕۆژه‌یه‌وه گلابوو. به‌ڵام ئێمه له گه‌ڵ هێندێک گرووپان له ترکییه‌ش به شێوه‌ی کاتی کار ده‌که‌ین وه‌کوو کۆمه‌ڵه‌ی ته‌بیعه‌ت . له‌گه‌ڵ ئه‌وان به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م نیگه‌رانییه‌کانی له‌مه‌ڕ ژینگه ده‌هێندرێته گۆڕێ له چوارچێوه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌یه دا . ئه‌من پێم وایه لایه‌نی هه‌ره گرینگ کارکردنی ئێمه‌یه له گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و شوێنه‌ی که بڕیاره پڕۆژه‌که‌ی تێدا جێبه‌جێ بکرێ . دژایه‌تییه‌کی خۆجێیی زۆر چاوڕاکێش هه‌یه .
قازی : گه‌لۆ ئه‌و گرووپه جیاوازانه‌ی که دژایه‌تی ئه‌و پڕۆژه‌یه ده‌که‌ن پێوه‌ندییان له گه‌ڵ یه‌کتری هه‌یه ؟
نایا : به‌ڵێ ! ئه‌وان پێوه‌ندی زۆر نزیکیان له گه‌ڵ یه‌کتری هه‌یه ، به‌شێک له‌و گرووپانه له ئاستی جیهانی دا به‌یه‌که‌وه کار ده‌که‌ن ، سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی خۆگر و مانای سه‌رمایه‌دانان که ئه‌منیش کاری له سه‌ر ده‌که‌م . له‌و باره‌یه‌وه له چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی سه‌دی ئیله‌سوو دا تێکه‌ڵاوییان له گه‌ڵ یه‌کتری دا هه‌یه بۆ ده‌ربڕینی به‌رپرسیاری کۆمه‌ڵایه‌تی هاوکارانه و پاراستنی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌تری ژێرخانی . ئه‌و گرووپانه زۆر چالاکن ، به‌ڵام گرووپی دیکه‌ش هه‌ن که به‌تایبه‌تی دڵهراوکهیان هه‌ر له سه‌ر سازکرانی سه‌دی ئیله‌سوو یه. له وڵاتی خۆیان پلاتفۆرمی سه‌رتاسه‌ری ساز ده‌که‌ن و به‌دژی پڕۆژه‌که خه‌بات ده‌که‌ن .
قازی : کاتمان که‌م ماوه ، له کۆتایی دا ئه‌گه‌ر بکرێ سه‌باره‌ت به به‌دیله‌کان قسه بکه‌ین .ئه‌تۆ پێت وایه که هیچ وڵاتێک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر وڵاتێکی دێمۆکراتیکیش بێ نابێ سه‌د هه‌ڵبه‌ستێ ؟! ئالتێرناتیڤ چییه ؟
نایا : نا! ئه‌من پێم وایه بۆ ئه‌و هه‌رێمه تایبه‌تییه ، ئه‌گه‌ر ئاوا به گشتی لێم پرسی به‌دیل بۆ سه‌دی ئیله‌سوو چییه ؟ ده‌ڵێم بۆ ترکییه له بواری توانایه‌کی یه‌وه ، کاریگه‌رتر کردنی ئه‌نێرژی و به‌رهه‌م هێنانی ئه‌نێرژی به شیوه‌یه‌کی ناناوه‌ندی و له سه‌ر بنه‌مای سه‌رچاوه‌ی نوێ یه . چونکوو ئێمه پێمان وانییه که سه‌دی گه‌وره وزه‌به‌لاح ، سه‌رچاوه‌ی ئه‌نێرژی نوێ بن ، له به‌ر کاردانه‌وه‌ی نێگاتیڤیان له سه‌ر ژیانی خه‌ڵک. ئه‌وانه زۆر گه‌وره‌ترن له‌وه‌ی له‌و ناساندنه دا جێیان بکرێته‌وه. هه‌ر وه‌ها سه‌د و به‌نداوان ته‌نێ 50-60 ساڵان کارده‌که‌ن و دوایه که‌لکیان نامێنێ. دیاره ئێمه بیر له ئه‌نێرژی ڕۆژ ده‌که‌ینه‌وه. به تایبه‌تی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه ناوچه‌یه‌که که ڕۆژ و تاوی زۆر خۆشه، به لێبراوانه ئه‌وه توانایه‌که که ده‌بێ زیاتر به کار بهێندرێ. هه‌ر وه‌ها ئه‌نێرژی با و ئه‌نێرژی زه‌وی.
به‌ڵام ئه‌وه‌ش گرینگه که بیر له که‌مکردنه‌وه‌ی خه‌ساری گویستنه‌وه‌ی وزه‌ش بکرێته‌وه. هه‌نووکه ترکییه 21% ئێلێکتریسیته‌ی خۆی له کاتی گوێستنه‌وه دا له ده‌ست ده‌دا. هیچ وڵاتێکی دیکه‌ی ئه‌ندامی ڕێکخراوی هاوکاری ئابووری و گه‌شه‌سه‌ندن ئه‌وه‌نده ئه‌نێرژی به فیڕۆ نادا، ئه‌وه‌ش له به‌ر بارودۆخی تۆڕی بڵاوکردنه‌وه که که‌موکووڕی زۆره و پێی ڕاناگه‌ن. به‌ڕاستی ئێمه ده‌کرێ باسی قه‌یرانی ئه‌نێرژی بکه‌ین ، ئه‌گه‌ر شتێکی ئاوا له ترکییه هه‌بێ. ئه‌وه زیاتر گیروگرفتی به‌ڕیوه‌به‌رییه تا ئه‌وه‌ی که گیروگرفتی به‌رهه‌م هێنان بێ. به‌ر له‌هه‌موو شت ده‌بێ خه‌سار که‌م بکرێته‌وه ، دوایی ده‌کرێ باسی به‌دیلی ڕاسته‌قینه بکرێ. به‌رهه‌م هێنانی دیکه‌ی ئه‌گه‌ر پێویست بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ترکییه ته‌نێ خه‌ساره‌کانی تا نیوه تێ هه‌ڵبهێنێته‌وه واته تا 11% ، ئه‌وه ده‌کاته زیاتر له سێ هێنده‌ی سه‌دی ئیله‌سوو بۆ پاراستنی ئه‌نێرژی.
قازی : باشه ! ئه‌تۆ بۆخۆت چووی بۆ حه‌سکیف و ئیله‌سوو ؟
نایا : به‌ڵێ ! ئه‌من دووجار چوومه هه‌رێمه‌که . زۆر خۆش بوو . ناوچه‌یه‌کی جوانه. خه‌ڵکه‌که‌ی زۆر مێهره‌وان و میوان دۆستن. بانگیان کردین بۆ ماڵه‌کانیان ، به‌سه‌رهاتی خۆیان بۆ گێڕاینه‌وه.له ناوچه‌که دا هه‌ژاری زۆر دڵتاوێنه. ئێمه چووینه ماڵی قه‌راغ شاری دیاربه‌کریش . خه‌ڵکێکی زۆر له جێی خۆیان هه‌ڵکه‌ندراون . ئه‌وان باسی چۆل کردنی دێیه‌کانیان بۆ کردین ، ئه‌و شوێنانه‌ی بڕیاره دوای سازکرانی سه‌ده‌که ببنه ئه‌نباراو و ئاو تێیدا په‌نگ بخواته‌وه.
ئه‌وان ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه زێدی خۆیان ، به‌ڵام ڕه‌نگه نه‌توانن . کولتوورێکی زۆر زیندووی چاوڕاکێشه. زۆر ئیلهامده‌ر بوو.
قازی : باشه یوودیت نایا ، سپاس بۆ هاتنت بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه !
نایا ! سپاس ،زۆرم پێخۆش بوو هاتم !

No comments:
Post a Comment