وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی ؛ به‌ندی 6 . ڕێگه به‌ره‌و سابڵا‌غ ئۆکتۆبری 1912
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دووایی ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901- 1914
نووسینی : دوکتور جان چالێنکۆ
وه‌رگێڕ: حه‌سه‌نی قازی
به‌ندی شه‌ش. ڕێگه به‌ره‌و سابڵا‌غ ، ئۆکتۆبری 1912
له مانگی مارسی 2003 ، له کاتی پشوودان بۆ نانی نیوه‌ڕۆ له ئارشیوی کتێبخانه‌ی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له مۆسکۆ، یه‌ک له کارمه‌ندان به شه‌رمه‌وه هاته لام بۆ ئه‌وه‌ی په‌ژاره‌ی خۆی سه‌باره‌ت به [چاره‌نووسی] خاڵه گه‌وره‌م ، ئالێکساندر ئیاس ، و مه‌رگی بێبه‌زه‌ییانه‌ی ده‌رببڕێ. من زۆرم پێ سه‌یر بوو ئه‌و نێوی ئیاسی ده‌زانی ، و له‌وه‌ش زیاتر ئاگاداربوونی له‌مه‌ڕ چلۆنایه‌تی مردنی. ده‌ستبه‌جێ وام دانا ئه‌و خانمه‌ش ده‌بێ خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه بێ سه‌باره‌ت به ئیاس و ده‌بێ لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی به‌ر له من ده‌ست پێکردبێ. ته‌نیا دوای گۆڕینه‌وه‌ی چه‌ندین ڕسته به ڕێگه‌ی دیلمانجهکهمهوه بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌و خانمه ئه‌رکی ئه‌وه‌بووه گشت ئهونووسراو و شتانه‌ی وا من له کتێبخانه داوایان ده‌که‌م کۆنترۆڵ بکا- باشه کۆنترۆلی چی ؟ ، ته‌نێ هه‌ر کۆنترۆڵ کردن... کتێبخانه ئه‌و نه‌ریته‌ی له ڕۆژگاری سۆڤییه‌ته‌وه پاراستبوو ، ئه‌ویش چاوه‌دێری به سه‌ر ئه‌وه‌ی دا که خوێنه‌وه‌ران چ ده‌خوێننه‌وه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و خانمهقهت باسی ئه‌وه‌ی بۆ من نه‌کرد ، به‌ڵام کاتێک گه‌ڕامه‌وه ده‌وری مێزه‌که‌م له دیوی خوێندنه‌وه‌دا ، دوو دۆسییه‌م دی، که له کاتالۆگه‌کاندا پێم نه‌زانیبوون ، و به شێوه‌ی ئاسایی په‌یدا کردنیان هه‌شت ڕۆژی پێده‌چوو! ئه‌و دوو دۆسییه‌یه ده‌ستخه‌تی ئیاس– جگه له نووسراوه تایپ کراوه‌کان- ، نامه‌کان و گوزاریشته‌کانی وی تێدابوو. تا ئه‌و ده‌می ئیاس بۆ من خه‌یاڵێکی موجه‌ره‌د بوو، به‌ڵام ئیدی ئێستا بیرم لێده‌کرده‌وه ئه‌وه له‌وانه‌یه بگۆڕدرێ.تا ئه‌و ده‌می هه‌ر شتێکی که من دیتبوومه‌وه له لایه‌ن ئیاسه‌وه نووسرابێ له شکڵی په‌یامی کورتی فاکتی دا بوون : داوخواز له پێگه‌ی سه‌ره‌کی بۆ ناردنی کارمه‌ند، فه‌رمان بۆ به‌رده‌سته‌کانی له پۆسته‌کانی قه‌ره‌نتینه، هه‌ژمار سه‌باره‌ت به کاروانان و وه‌کی دیکه. نه‌ده‌کرا به‌وانه ڕا هه‌ست بکرێ چ جۆره که‌سێک ئه‌و په‌یامانه‌ی نووسیوه ، سڵاو و پیرۆزبایی کورتی که ئه‌و له پشته‌وه‌ی کارتی پۆستی دا نووسیبوونی وبۆ فه‌نلاندی ناردوون له‌و باره‌یه‌وه یارمه‌تیده‌رێکی ئه‌وتۆ نه‌بوون بۆ [ئه‌وه‌ی به چاکی بناسرێ]. به‌ڵام ئێستا ، که ئه‌و ته‌ورێزی به‌جێده‌هێشت بۆ ئه‌وه‌ی ببێ به یه‌که‌م کۆنسوولی ڕووسییه له ساوجبولاغ [ سابڵا‌غ] ، ده‌ستی کرد به ناردنی یه‌که‌م گوزاریشتی به ورده‌ڕیشاڵی مانگانه‌ی خۆی ، که تێیدا باسی هه‌موو شتێکی ده‌کرد که به ده‌م گه‌شتی خۆی دا به‌و خاکه ( نه‌ناسراوه بۆ ئه‌و دا)ته‌جره‌به‌ی ده‌کرد. ئه‌و پێوه‌ندییه نامه‌ییه نهێنییانه له گه‌ڵ وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له سه‌نت پیترزبورگ زۆر جار وه‌ک خوێندنه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری که‌سی وان. شتێک گۆڕابوو: به شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕواننه‌کراو ئیاس ببووه خاوه‌نی ده‌نگێک ، که ڕووسه‌کان پێیانگوتبووم ، هه‌م ده‌نگێگی زیندوو و هه‌م به‌رز و ورد بووه! له هه‌ر جێیه‌ک دا بکرێ ، ئه‌من لێره به دواوه گێڕانه‌وه‌ی ههقایهتهکه به ئیاس ده‌سپێرم.گوزاریشتی هه‌ره به‌رایی که من دۆزیمه‌وه ، ژماره 2 یه به تاریخی 28ی ئۆکتۆبری 1912[10ی نۆڤامبری 1912] ، به شێوازی 'مارشێ رووت ' نووسراوه که ئه‌و ده‌می له ئه‌ده‌بییاتی جوگرافییایی ڕووسی دا باو بوو. ڕێبواران که به سه‌رزه‌وی نه‌دۆزراوه دا تێده‌په‌ڕین تا ئه‌وجێیه‌ی لوابا به‌وردی به‌سه‌رهاتی گه‌شته‌کانی خۆیان ئاسته ده‌کردبۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بکه‌ن به‌و ڕێبوارانه‌ی که به دوای ئه‌واندا دێن بۆ هه‌رێمه‌که.به‌دوای ئه‌و گوزاریشته یه‌که‌مه دا ، شێوازی نووسینی ئیاس هه‌تا دێ شێوه‌ی که‌سی به‌خۆیه‌وه ده‌گرێ به ده‌م تێوه‌گلانی له ڕووداوه به هه‌یه‌جانه‌کانی که له ده‌ورو به‌ری وی دا ده‌قه‌ومان.کۆسوولخانهی شایانه‌ی ڕووسییه له ساوجبولاغ (سابڵا‌غ)بۆ دیپارتمانی یه‌که‌م له وه‌زاره‌تی کاروباری دهرهوهگوزاریشتی ژماره 2 ، 28ی ئۆکتۆبری 1912 . نهێنی 1دوای ئه‌وه‌ی له 11 ی مانگی مه‌ی ئه‌مساڵ دا گه‌یشتمه ته‌ورێز خۆم به کۆنسوولخانه‌ی گشتی شایانه له ئازه‌ربایجان ناساند. ئه‌من له‌و شاره‌ی باسم کرد له به‌ر هۆی که له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی من دا بوون وه‌دره‌نگی که‌وتم له کاتێکدا که هێندیک کاروباری له مه‌ڕ لایه‌نی ماڵی له سه‌ر کاردانانم له سابڵا‌غ چاره سه‌ر کرا. جا بۆیه تا 7ی ئۆکتۆبری کێشا تا من توانیم به‌ره‌و شوێنی تازه‌ی ئه‌رکی خۆم وه‌ڕێ بکه‌وم.که‌لوپه‌لی شه‌خسی خۆم دوومانگ پێشتر بۆ سابڵا‌غ به‌ڕێ کرابوو ، ئه‌وه پێویست بوو بکرێ، ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، به کرێ گرتنی گارییهک بۆ گوێستنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی شه‌خسی ئێسکورت و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانم ، که بریتی بوو له ده‌ره‌جه‌دارێک و 19 قازاخی ئاتامان سیدۆربێلی سه‌ر به هه‌نگی یه‌که‌می پۆڵتاڤا . ئه‌و گارییه ، له گه‌ڵ ده‌ره‌جه‌داره‌که و 11 قازاخ ، له پێشدا ناردران بۆ دێی سهردهرۆ به‌رله‌وه‌ی خۆم وه‌ڕێ که‌وم . من ، و قازاخه‌کانی دی و خزمه‌تکاره‌کانم له ڕۆژی 7ی ئۆکتۆبر له سه‌عات 10ی به‌یانی رێگه‌مان داگرت و دوای سه‌عاتێک پشوودان بۆ خواردنی نانی به‌یانی له دێی ئیلخچی ، له سه‌عات 6ی ئێوارێ گه‌یشتینه گه‌وگان [ له نه‌خشه‌کان دا به هه‌ڵه نووسراوه 'گه‌وگان' : ئه‌و نێوه له وشه‌ی فارسی 'گا‌و' ڕا داکه‌وتووه] . له‌به‌ر بارانی بهغورزهم له ڕۆژانی به‌ر له وه‌ڕێکه‌وتنی من له ته‌ورێزه‌وه ، وه‌زعی ڕێگه زۆر شپرزه بوو ، و له هێندێک شوێن ئێمه به دژوارییه‌کی زۆره‌وه رێگه‌مان ده‌رده‌کرد.له سه‌عات 7ی به‌یانی گهوگانمان به‌جێ هێشت . هه‌تا زیاتر ده‌چووین ، ئه‌وه‌نده‌ش ڕێگه‌که خراپتر ده‌بوو. له زۆر جێگه ئاو به‌ته‌واوی رێگه‌ی داگرتبوو. له پێنج ڤێرستی [ ڤێرست وشه‌یه‌کی ڕووسی یه و پێوانه‌ی درێژاییه،نزیک کیلۆمیترێکه- تێبنی نووسه‌ر ] گه‌وگان گارییه‌که و گارییهکی زیادی که گارییهوانهکه به‌کرێی گرتبوو بۆ ئه‌وه‌ی بارسووکتر بێ له قوڕچهقین له‌وکاته‌ی دا که له چۆمی باریکی دێهخارگان ده‌په‌ڕینه‌وه. ئه‌وه زۆر وه‌دره‌نگی خستین . ئاخره‌که‌ی به یارمه‌تی هه‌ره‌وه‌زی قازاخه‌کان ئه‌وانمان ره‌ها کرد، به‌ڵام هێشتا سێ ڤێرستی دیکه‌مان ڕێ نهبڕییوو که هه‌مان به‌زممان به‌سه‌ر هاته‌وه، ئه‌و جار ناچار بووین باری گارییه‌کان به‌ته‌واوی دابگرین بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ ده‌ربازیان که‌ین. دوای تێپه‌ڕین به کارگا بازار دا ژماره‌یه‌ک سوار هاتبوون به بهرهوپیرمهوه و له‌لایه‌ن ئاغاکه‌یان جبراییل بوداگیانتسهوه ( که خاوه‌ی که‌شتی ئاژوانی له ده‌ریاچه‌ی ورمێ دا هه‌بوو) به خێرهاتنیان کردم و ئاماده‌یی خۆیان بۆ هه‌موو کاروخزمهتێک نیشان دا . دوو ڤێرست پێشتر موباشیر و چوار سوار له لایه‌ن بهسیروسهلتهنه ، که خۆشه‌ویستی پێشووی موزه‌فه‌ره‌دین شا و هه‌روه‌ها سه‌رۆکی پێشووی ئه‌نجومه‌نی شۆڕشگێڕانه‌ی ته‌ورێز [ کۆمیته‌ی ناوچه‌یی پشتیوانی مه‌شرووتییه‌ت] بوو و له لایه‌ن حکوومه‌تی شایانه‌ی ڕووسییه‌وه پارێزگاری لێده‌کرێ هاتبوونه پێشوازی من. موباشیر نامه‌یه‌کی به‌سیری دامێ که بهفرانسه نووسرابوو و تێیدا داوای لێبوردنی کردبوو له به‌ر کارێکی که له دێهخارگان بۆی هاتووته پێشێ ناتوانێ به شه‌خسه له عه‌جه‌ب شێر چاوی پێم بکه‌وێ ؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پیاوه‌کانی له خزمه‌تم دان بۆ ئه‌وه‌ی میوانداریم لێ بکه‌ن وئه‌گه‌ر هه‌ڵسوورێ پێی خۆشه چوارڕۆژان له عه‌جه‌ب شێر میوانی ماڵی ئه‌و بم.ئه‌گه‌رچی من به‌ته‌واوی له‌وه ئاگادار بووم که ئه‌و دڵدانه‌وه‌یه له لایه‌ن به‌سیره‌وه ته‌نێ حه‌ولێکی حیسابکراوه بۆ ئه‌وه‌ی سرنجی من به‌ره‌ولای خۆی ڕاكێشێ و له به‌رژه‌وه‌ندی وی‌دا بجووڵێمه‌وه سه‌باره‌ت به گازنده‌ی ڕه‌سمی خۆی به دژی حاکمی ساوجبوڵاغ [سابڵا‌غ]، سه‌رداری موکری له سه‌ر دێیه‌کانی ده‌لمه و گوێگجه‌لی [ دوو دێن له ده‌وروبه‌ری میاندواو – وه‌رگێڕ ] ، که زه‌مانێک به‌سیر داگیری کردبوون و له لایه‌ن موکری یه‌وه به زۆری لێی ئهستێندرابووهوه. من چ پشکم نه‌بوو جگه له گه‌ڵ که‌وتنی پیاوه‌کانی به‌سیر نه‌بێ که به نێو باغ و باغات و ڕێگه‌ی ته‌نگ و باریکدا بردیانم و له‌به‌رده‌رگای خانوویه‌کی نیوه‌ڕووخاوی دێیه‌که ڕاوه‌ستاین . یه‌ک له دیوه‌کانی خانووه‌که یان به فه‌ڕش و مافووره بۆ من ڕازاندبووه‌وه. دوای دووسه‌عات شازده ئیمام قوڵی [ خه‌زووری شه‌هید محه‌مه‌دحوسێنی سه‌یفی قازی – وه‌رگێڕ ] ، به بیستنی گه‌یشتنی من بۆ عه‌جه‌ب شێر، به تایبه‌تی له دێیه‌که‌ی خۆی ، شووشهوانهوه ، هات بۆ دیده‌نی من. ئیمام قوڵی داخ و جه‌خاری خۆی ده‌ربڕی له وه‌زعی شپرزه و تێکه‌ولێکه‌یی ئێران ، و پێی گوتم پێشنیاری وه‌رگرتنی پۆستی حاکمیی ورمێی وهدواداوهتهوه و پێی باشتره به هێوری له گۆشه‌یه‌کی ته‌ریکی وڵات دانیشێ و بێ ئه‌وه‌ی خۆی تێوه‌ردا چاوی له ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان بێ تا ئه‌وه‌ی که ده‌ورێکی چالاکانه‌یان تێدا بگێڕێ. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، ئه‌و حه‌ولی ده‌دا له زمان منه‌وه ببیسێ گه‌لۆ ده‌کرێ محه‌مه‌د عه‌لیشا بگه‌ڕێته‌وه ئێران ؛ به‌ڵام من له هه‌ڵکه‌وتێکی ئه‌وتۆ دا نه‌بووم که کوڵی به‌پرسیاریی وی دامرکێنم.سه‌رله به‌یانی 9 ی ئۆکتۆبر دوای دانی ئه‌نعام به پیاوه‌کانی به‌سیر که ڕێوره‌سمێکی باوه خه‌ریک بووم سواری کهژاوهکهم بم و گه‌شته‌که‌مان به‌ره‌و مه‌راغه درێژه پێبده‌ین ، که له پڕ کابرایه‌ک له بهردهممقوت بووه‌وه و داوای پاره‌ی کرد بۆ ستار بوونی شه‌وێمان .واق وڕمانی من زوو ڕه‌وییه‌وه، به‌وه‌ی ڕا که بۆم ده‌رکه‌وت بهسیروسهلتهنه چ خانوویه‌کی له عه‌جه‌ب شێر دا نییه ، و پیاوه‌کانی هه‌ر وا له گۆتره بۆ من دانیشتووانی ماڵێکیان له خانووی خۆیان به تۆبزی ده‌رپه‌ڕاندووه. دوای بژاردنی خه‌رجی خاوه‌نماڵه‌کان ، ده‌ستوپێوه‌نده‌کانم و من عه‌جه‌ب شێرمان به جێ هێشت.دیاره ده‌بوو ئێمه گه‌وج وه‌به‌ر چاو بیێن له به‌رئه‌وه‌ی که نامه فرانسهییهشهق و شڕه‌که‌ی بهسیرم به جیدی وه‌رگرتبوو و دڵم به میواندارییه سه‌یره‌که‌ی بۆ ماوه‌یه‌کی درێژتر خۆش کردبوو.رێگه له عه‌جه‌ب شێره‌وه تابلێی دیمهناوییه و له هێندێک جێیان له پێشدا به باغات و ڕه‌زان دا تێده‌په‌ڕێ تا ئه‌وه‌ی که ده‌گاته ده‌شتێکی ته‌خت. به شانی ڕاسته‌وه جارجار مرۆ پانایی شینکی ده‌ریاچه‌ی ورمێی به‌رچاو ده‌که‌وێ و له لای ڕاسته‌وه ته‌پۆڵکه‌کانی به‌ر ڕشته کێوی به‌شکۆی سه‌هه‌ندی لێوه دیاره. تا گه‌یشتینه 15 ڤێرستی ئێمه ڕێمان گوڕی و به‌ره به‌ره ئیدی ده‌ریاچه‌که‌مان به ته‌واوی له‌به‌رچاو بزر بوو. له دێی ڕۆوش (نازانم بۆچی له نه‌خشه‌ی پێنج ڤێرستی دا وه‌کوو 'ئهرڤوش' ئاسته کراوه ) به ته‌نێشت سۆفی چای ( چومی سۆفی) یه‌وه چه‌ند سوارێک وه‌دیار که‌وتن . که زۆر نزیکتربوونه‌وه ئه‌من یه‌کێک له‌وانم ناسییه‌وه ، ئه‌ویش به‌ڕێز مه‌لیک ئازاریانتس ، مه‌ئمووری مه‌راغه‌ی کۆنسوولخانه‌ی گشتی شایانه‌ی ڕووسییه له ئازه‌ربایجان بوو که له گه‌ڵ بازرگانه خۆجێیه‌کانی شاروومه‌ندی ڕووسییه به‌ره‌وپیری من هاتبوو. ئه‌وان 30 سواری دیکه‌شیان له‌گه‌ڵ بوو که له لایه‌ن حاکمی مه‌راغه ناسرودهوله(برازای شوجاعوده‌وله ) ناردرابوون له ژێر ڕێبه‌رایه‌تی سه‌رهه‌نگ په‌رویزخان دا (.... [وشه‌یه‌کی نهزندراو بۆ من- وه‌رگێڕ ] ئه‌رمه‌نیان ) ، که له لایه‌ن ناسرودهوله ڕا بانگهێشتنی کردم له کاتی مانه‌وه‌م له مه‌راغه دا میوانی وی بم. من سپاسی مێهره‌وانی ویم کرد و گوتم پێویست به زه‌حمه‌تی ناکا، له لای مه‌ئمووری خۆمان ده‌مێنمه‌وه که له ماڵه‌که‌ی دا دیوێک بۆ من ئاماده کراوه. دوای دووسه‌عات له گه‌یشتنم بۆ مه‌راغه ، ناسرودهوله ، کارگوزاری ناوچه‌یی [ ئه‌و کاربه‌ده‌سته‌ی له لایه‌ن وه‌زاره‌تخانه‌ی کاروباری ده‌ره‌وه له به‌ر کار نراوه ] ، روکنولویزاره ، ژماره‌یه‌کی زۆر تاجر (هه‌م تاجری ئێرانی و هه‌م ئه‌وانه‌ی که خاوه‌نی هاووڵاتێتی ڕووسییه بوون هاتنه سه‌ردانم ) . ڕۆژی دواتر، پاش ئه‌وه‌ی چوومه‌وه دیده‌نی حاکم ، خۆم به کاپیتان ساکۆلیس ، فه‌رمانده‌ری گرووپی مه‌راغه ناساند ، و له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره‌کانی دیکه‌ی ئه‌و گرووپه ناسیاویم په‌یدا کرد ، که له بیروونی دیوی پیاوانی ماڵی شوجاعوده‌وله ماڵیان داناوه. ئه‌من به خۆشییه‌وه بۆم ده‌رکه‌وت که ناسرودهوله و خه‌ڵکی خۆجێی له‌ئاست فه‌رمانده‌ره‌کانی گرووپی سه‌ربازی ئێمه له‌وێ هه‌تابڵێی مێهره‌وانن. ئه‌فسه‌ره‌کانمان زۆرجار له ماڵی حاکم میوان ده‌بن ، سه‌رله ئێواره‌ی 10ی ئۆکتۆبر ، ئه‌فسه‌ره‌کانمان و من له لایه‌ن ناسرودهوله ڕا بانگهێشتن کراین بۆ شیوی ئێوارێ که تێیدا به مجوعمهیهکی گه‌وره له خۆراکی جۆربه‌جۆری ئێرانی و گۆرانی کوردی به هاورێیه‌تی که‌مانچه (شێوازی ناوچه‌یی ڤیۆلین )و ده‌فه میوانداریی لێ‌کردین.له کاتی گه‌یشتن به مه‌راغه ئه‌و گارییهی که که‌لوپه‌لی قازاخه‌کانی بارکردبوو له به‌ر خه‌مساری گارییهوانهکه وه‌رگه‌ڕابوو و په‌کی که‌وتبوو. بۆیه ئێمه ناچار بووین 11ی ئۆکتۆبر له مه‌راغه بمێنینه‌وه بۆ په‌یدا کردنی وشتر بۆ ئه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی قازاخه‌کان به‌ره‌و سابڵاخ بگوێزنه‌وه. ناسرودهوله ئه‌و وه‌دره‌نگ که‌وتنه‌ی قۆسته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له من و ئه‌فسه‌ره‌کانی گرووپی سه‌ربازیمان له‌وێ بگێڕێته‌وه بۆ سه‌ردانی کانییه‌کی کۆگرد، که ئاوه‌که‌ی تامی ئاوی نارزان ی خۆمان یان ئهسهنتوکی ژماره 20 ده‌دا ، و له نزیک خانووی هاوینی حاکم ، له چیاباغ هه‌ڵکه‌وتووه .به هه‌موو شتێکی که ده‌رده‌که‌وت ، ئه‌و بانگهێشتنه له لایه‌ن ناسرودهولهوه، حه‌ولێکی حیسابکراو بوو ، بۆ موڵکێکی ، فهرهجاغا ( که هاووڵاتێتی ڕووسییه‌ی بوو ) ، که له نزیک کانییه‌که هه‌ڵکه‌وتووه. ڕێی تێده‌چێ فهرهجاغا به‌کاتی خۆی ده‌ست وه‌به‌ر ناسرودهوله بهێنێ له سه‌ر ئهوکانییه، به تایبه‌تی له به‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که چیاباغ ساڵێک لهمهوپێش دروست کراوه له جێیه‌کی ئاوا نزیک له کانییه‌که و ئه‌وه ده‌کرێ به توندی ئه‌و مه‌به‌سته داگرێته‌وه له لایه‌ن ناسره‌وه که به ئی خۆی دابنێ. ئه‌من پێم وایه له‌وه‌دا هه‌ڵه نیم ئه‌گه‌ر بڵێم کاتێک له دابێ دا ناسرودهوله په‌نامان بۆده‌هێنێ تا شاییدی بۆ بده‌ین که کانییه‌که هه‌میشه موڵکی وی بووه.من پاشماوه‌ی مانه‌وه‌ی خۆم له مه‌راغه ته‌رخان کرد بۆ کۆکردنه‌وه‌ی زانیاری جۆربه‌جۆر و گه‌ڕان به شاره‌که‌دا ، که هه‌نووکه چ شوێنێکی ئه‌وتۆی نییه له باری مێژووییه‌وه سرنجڕاکێش بێ جگه له خانووی هولاکۆ خان ( نه‌وه‌ی چه‌نگیز خان) نه‌بێ له نێوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی سێزده‌یه‌م دا .له 12ی ئۆکتۆبر له سه‌عات 7ی سه‌رله‌به‌یانی به‌ره‌و میاندواو وه‌ڕێکه‌وتم.ئاغای مه‌لیک ئازاریانتس به مێهره‌وانییه‌وه تا حه‌نییه له گه‌ڵم هات و به‌ڕێی کردم . تا سه‌عات 10:45 گه‌یشتبوومه قهلاجوغ و له چۆمی قه‌ره‌چای په‌ڕیبوومه‌وه. له سه‌عات 11:10 گه‌یشتمه دێی ئاریخ ، که موڵکی عه‌بباس میرزا ، کوڕی فهرمانفهرمایه ، و تا سه‌عات 12:45 ده‌قیقه له‌وێ پشووماندا به‌رله‌وه‌ی پێشتر بچین. دوای قهرهچاڵ پۆله سوارێکی 60 که‌سی کوردی به‌گزاده به دیمه‌ن بهرهوپێرمان هاتن له ژێر سه‌رۆکایه‌تی میرزا خونان خان (تێر ئۆگانێسێڤ ی خه‌ڵکی کهلبێ ڕه‌زاخان [که‌ربه‌لایی ڕه‌زاخان]) ، که به سه‌ر موڵکی برایانی نهزهربهگۆڤ له میاندواو ڕاده‌گا. میرزا خونان خان که دواتر هه‌تا گه‌یشتینه ساوجبولاغ [سابڵا‌غ] له گه‌ڵم هات ، به ڕواڵه‌ت له لایه‌ن ئاغاکانییه‌وه پێی ئه‌سپێردرابوو ڕاوێژکاری من بێ و ئاگای به سه‌ر یه‌که‌م هه‌نگاوه به په‌له‌کانی منه‌وه هه‌بێ له سابڵا‌غ. هه‌رکه زیاتر ده‌چووینه پێشێ و به نابه‌دڵی تۆز وخۆڵی سواره کورده‌کانی خونان خانمان قووت ده‌دا که شێلگیرانه هه‌راوزه‌نایه‌کی زۆریان به ده‌وری که‌ژاوه‌که‌ی مندا نابووه‌وه، هێنده‌ی پێنه‌چوو دیسان ، پۆلێک سواره‌ی دیکه هاتن به پیرمه‌وه که له لایه‌ن حاکمی ساوجبولاغ [ سابڵا‌غ ] ، سه‌رداری موکری یه‌وه ناردرابوون. ئه‌وان مه‌ئمووری ئێمه له سابڵاغیشیان له گه‌ڵ بوو، پیاوی هه‌تا بڵێی به‌وه‌ج و تاجرباشی ( سه‌ر تاجر) به‌کار ناجی کازمۆڤ. که‌مێکی دیکه که به‌ره‌و پێش چووین ، شارداری میاندواو، عه‌لی ئاغا ، به خۆی و کوڕانی بێ‌ژماری به پیرمه‌وه هاتن ، دوای ئه‌وه له قه‌راغی چه‌پی چۆمی جه‌غه‌توو ڕاپه‌ڕینه‌وه و دیمه‌نی ئه‌رمه‌نییه‌کانی دێی تهغیابادم چاوپێکه‌وت ، که به ته‌نیشت جاده‌وه ڕێزه‌یان به‌ستبوو ، و له گه‌ڵ که‌شیشێک ، به خێرهاتنیان کردم و داوخوازی ده‌رفه‌تی باش و سه‌رکه‌وتنیان بۆ کردم له سابڵا‌غ. له سه‌عات 4:30 ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له گه‌ڵم بوون و من گه‌یشتنه میاندواو.دوای ئه‌وه‌ی له ماڵێک که ناجی کازمۆڤ بۆی ئاماده کردبووم شه‌وم کرده‌وه و حه‌سامه‌وه، سه‌رله به‌یانی 13 ی ئۆکتۆبر له سه‌عات 8 میاندواوم به‌جێ هێشت ، له چۆمی ته‌ته‌هوو په‌ڕیمه‌وه و دووسه‌عات و نێو دواتر گه‌یشتینه ئه‌میراباد. له‌وێ ، به پێی فه‌رمانی ناجی ، چادرێک هه‌ڵدرابوو و نانی به‌یانی له ئه‌میراباد ئاماده کرابوو.ئێمه ته‌واو له جه‌نگه‌ی نیوه‌ڕۆ دا ئهمیرابادمان به‌جێ هێشت. دوای ئه‌وه‌ی له تێپه‌ڕگه‌ی به‌رزی خاتوون باغ وه‌سه‌رکه‌وتین و له‌وێوه داکشاینه نێو ته‌نگێک ، دوایه به نێو چه‌ند ته‌پۆڵکه‌ی نزم دا ده‌رباز بووین و ئه‌وجار ده‌ستمان کرد به وه‌سه‌رکه‌وتنی زینوێک که هێنده‌ش به‌رزنه‌بوو به نێوی که‌ڵکی به‌گزادان . له دوندی کهڵکهکهوه دێمه‌نێکی چاوڕاکێشی دۆڵی سابڵاغێ دیاریی ده‌دا ، که چۆمێک پێیدا دهخووشی و به‌ره‌و دوور ده‌چوو وه‌کوو باریکه‌یه‌کی شینی به شه‌پۆل ده‌نێو مێشه‌یه‌کی که‌سکی داره بی دا که هێشتا پاییز خۆی تێ نه‌گه‌یاندبوو. دوورتر به‌ره‌و باشوور هێڵه‌گشتییه‌کانی مه‌قسه‌دی سه‌فه‌ری ئێمه - شاری ساوجبولاغ (سابڵا‌غ) به جوانی به دیاره‌وه بوو که به لای ڕاستی چۆمی سابڵاغ‌دا هه‌ڵکشابوو.له خواره‌وه‌ی تێپه‌ڕگه‌که که‌ژاوه‌ی حاکم و ژماره‌یه‌کی زۆر سواره‌ی کورد چاوه‌ڕێیان ده‌کردم که له‌لایه‌ن سه‌رداری موکری یه‌وه بۆ ئیستیقبالی ڕه‌سمی هاتبوون. من چ پشکی دیکه‌م نه‌بوو جگه له سواربوونی که‌ژاوه‌که نه‌بێ بۆئه‌وه‌ی درێژه به سه‌فه‌ره‌که بده‌م. گارده‌کانی سه‌ردار به گورزه زێوینهکانیانهوه له پێشه‌وه ده‌ڕۆێشتن و کورده‌کان به سواری ماینه حدوودهکانیان ئێسکۆرتیان ده‌کردن. دوای ئه‌وه‌ی نزیکه‌ی سێ ڤێرست به‌و شێوه‌یه ڕێگه‌مان بڕێ، ده‌بوو له چادرێک لاده‌م که له‌قه‌راغ چۆمی له لایه‌ن کارگوزار، موئه‌یید حوزوورهوه هه‌ڵدرابوو ، و ناچار بووم به پیاڵه‌یه‌ک چاو فینجانێک قاوه 'ماندوویی ڕێگه له خۆم ده‌ر که‌م' . دوای ئه‌و ڕێوره‌سمه، که ماقووڵانی ناوچه‌یی گرینگییه‌کی زۆری پێده‌ده‌ن، توانیم درێژه به سه‌فه‌ره‌که‌م بده‌م ، له نێو ڕێزی سه‌ربازانی سه‌ربازگه‌ی ناوچه‌یی و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی شاریدا ، که به‌و بۆنه‌یه‌وه دوکان و بازاریان داخستبوو و ڕژابوونه سه‌ر کۆڵانه‌کان بۆ دیتنی دیمه‌نێک که تائێستا له سابڵا‌غ نه‌بیندرابوو. ده‌بێ پێی لێ بنێم ئه‌و پێشوازییه له من زۆر گه‌وره و به‌ربڵاو بوو و زۆر له‌وه زیاتر بوو که به بیری منش دا ڕاببرێ؛ دیاره ئه‌و ساویلکه‌یی ده‌بێ ، ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشوازییه به ئاکامی کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌خۆوه و جۆششی بێ ڕیا دابندرێ به بۆنه‌ی هاتنی نوێنه‌ری حکوومه‌تی شایانه‌ی ڕووسییه بۆ سابڵا‌غ . نا ، ئه‌وه نزیکتر له ڕاستی ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌خێرهێنانه به ته‌واوی به ویستی ماقووڵانی ناوچه‌یی دابندرێ به مه‌به‌ستی تیزدانی ترکه‌کان و ههتادهکرێ زیاتر جاڕزکردنی شابه‌نده‌ری ترکان ، ئه‌حمه‌د ڕه‌زا به‌گ ، و له ڕاستییدا ئه‌وان له‌وکاره‌یان دا زۆر چاک سه‌رکه‌وتن.دووحه‌وتووی یه‌که‌می مانه‌وه‌م له سابڵا‌غ ته‌رخان کرد بۆ چاوپێکه‌وتن و سه‌رلێدانی ماقووڵانی ناوچه‌یی ، که‌شیشان و تاجران و حه‌ولێکی زۆر بۆ په‌یدا کردنی خانوویه‌کی له‌بار بۆ تێداژیان. ئاخره‌که‌ی ، له‌به‌ر نه‌بوونی هیچ پشکێکی له‌بارتر ، ناچار بووم له خانوویه‌کی کۆنی نیوه‌ڕووخاوی ، سه‌رۆکی کۆچکردووی عه‌شیره‌تی دێبۆکری ، قادرئاغا ، دامه‌زرێم ، که له لایه‌ن برایانی نهزهربێگۆڤ له‌بری قه‌رز و قۆڵه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرابوو ، و هه‌نووکه خه‌ریکم چاوه‌دێری به سهردادهکهم بۆ ئه‌وه‌ی زۆر تا که‌م بکرێ به شوێنێکی ئه‌وتۆی ژیانی تێدا بکرێ تا ئه‌وجێیه‌ی هه‌وای باراناوی ڕێگه بدا.به گوزاریشت کردنی ئه‌و شتانه‌ی سه‌ره‌وه ، به شانازی ده‌زانم لێی زیاد که‌م هاوکات گوزاریشتێکم هه‌ر به‌م نێوه‌رۆکه‌وه بۆ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی شایانه‌ی ڕووسییه له ئێران ناردووه .کۆنسوولی نیشتمانی شایانه کاپیتانی گاردانئهی. ئیاس
No comments:
Post a Comment