ئالێکساندر ئیاس و ڤڵادیمیر مینۆرسکی له کوردستانی ئێران
ئالێکساندر ئیاس و ڤلادیمیر مینۆرسکی له کوردستانی ئێران 1912 – 1914
نووسینی جان چالێنکۆ
دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و دواییانه‌ی کۆلێکسیۆنی وێنه‌کانی ئالێکساندر ئێاس که له نێوان ساڵانی 1901-1914 له ئێران هه‌لیگرتوون دێمه‌نی زۆر چاوڕاکێش ده‌خه‌نه به‌ر ده‌ست ئێمه و به شێوه‌یه‌کی جێی سه‌رسوڕمان بۆچوونێکی مودێرن سه‌باره‌ت به رێپۆرتاژی وێنه‌یی ئاشکرا ده‌که‌ن.
هاوکات، کاری سه‌ره‌تایی ئارشیوی که له‌مه‌ر ئه‌و کۆلێکسیۆنه له ئارشیوه‌کانی کتێبخانه‌کانی دیپڵۆماتیک و عه‌سکه‌ری ڕووسیه کراون ئاسۆیه‌کی نوێ سه‌باره‌ت به بابه‌به‌تی ئه‌وتۆی که تاکوو ئێستا به ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م به ڕێگه‌ی سه‌رچاوه‌کانی بریتانیاییه‌وه پێیان زاندراوه ده‌رده‌خه‌ن .
دوو بابه‌ت به تایبه‌تی ڕوون کراونه‌ته‌وه: پێگه‌ی قه‌ره‌نتینه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران، که ئیاس له سالێ 1901 تا 1911 سه‌رۆکی بوو ، و داگیرکردن و زاڵبوونی ڕووسیه به سه‌ر ئازه‌ربایجانی ئێران دا له ساڵی 1912 تا 1914 ، زاڵبوون به ڕێگه‌ی مێتۆدی ئه‌وتۆ وه که ئیاس به‌ڕاشکاوی سه‌رکۆنه‌ی ده‌کرد.
سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ی دوایی ، ئیاس له لایه‌ن ڤلادیمیر مینۆرسکی یه‌وه پشتیوانی لێده‌کرا، ئه‌و دیپلۆماتێکی ڕووسی بوو که دواتر بوو به ده‌سته‌ڵاتێکی به‌نێوبانگ له بواری مێژوو و ئه‌ده‌بییاتی ئێران‌دا. گۆنجانی بیروڕامان له نێوان ئیاس و مینۆرسکی و هاوکاری مه‌یدانییان له نێوان ساڵانی 1912 و 1914 دا بابه‌تی ئه‌م نووسراوه‌یه یه. به خۆشییه‌وه زۆر له‌و وێنانه‌ی له‌و سه‌روبه‌نده دا له لایه‌ن ئیاس را گیراون ماونه‌ته‌وه، و به‌وپێیه ریوایه‌تێکی وێنه‌یی ڕوونمان له به‌ر ده‌ست ده‌نێن سه‌باره‌ت به ڕووداوه به گێره‌وكێشه‌کان به‌ر له شه‌ڕی جیهانی یه‌که‌م له‌و به‌شی باکوورییه‌ی به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا.
ئیاس و مینۆرسکی له ئێران
ئالێکساندر ئیاس ی ، به ڕه‌چه‌ڵه‌ک فه‌نلاندی ، له ساڵی 1891 له ته‌مه‌نی 22 ساڵی دا وه‌کوو ساب لوتێننت چووه نێو هه‌نگی لیتوانییای ئه‌رته‌شی قه‌یسه‌ری . دوای مه‌ئموورییه‌تێکی کورت له تورکستان ، له ساڵی 1901 دا وه‌کوو سه‌رۆکی یه‌که‌ی خۆپاراستنی ڕووسی به دژی تاعوون( قوتک) ناردرا توربه‌ت حه‌یده‌رییه له ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران. له ساڵی 1912 ئه‌و ڕاگوێزرا بۆ ته‌ورێز ، پێته‌ختی ئازه‌ربایجانی ئێران، و دواجار بۆ شوێنی مه‌ئموورییه‌تی تازه‌ی خۆی وه‌کوو کۆنسوولی ڕووسییه له ساوجبولاغ (سابلاغ) ، له باشووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ. له لایه‌کی دیکه‌وه ، ڤلادیمیر مینۆرسکی ڕیبازی دیپڵۆماتیکی وه‌به‌ر گرت و له ساڵی 1903 له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه دامه‌زرا. له ساڵی 1905 بوو به وه‌رگێڕی یه‌که‌م له کۆنسوولخانه‌ی گشتی ڕووسییه له ته‌ورێز به ئه‌رکی دیلمانجی و کاری سێکرێتێرییه‌وه،به دوای ئه‌مه دا بۆ ماوه‌یه‌ک له ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕووسییه له تاران کاری کرد و له ساڵی 1908 گه‌ڕایه‌وه بۆ وه‌زاره‌تخانه له سه‌نت پێترزبورگ . له ساڵی 1912 مینورسکی له سه‌فاره‌تخانه‌ی ڕووسییه له قوسته‌نته‌نییه ( ئه‌سته‌مبوڵ) کاری پێ ئه‌سپێردرا و له‌وێوه ناردرا بۆ سه‌ر سنووری ترکییه - ئێران وه‌کوو سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕووسییه له کۆمێسیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی دیاریکردنی سنووردا. له‌و سه‌رده‌مه ڕا بوو که هه‌ردووکیان ده‌ستیان کرد به پێوه‌ندی چڕ له گه‌ڵ یه‌کدی . له ڕاپۆرته‌کانی مینورسکی دا بۆ سه‌نت پێترزبورگ ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌و جگه له ئه‌رکی خۆی له کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور وه‌کوو ڕاوێژکاری کارای وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له بواری سیاسی و ستراتێژی دا کاری کردووه. له ڕاستیدا ئه‌وه به پێی ڕاوێژ‌و ڕاسپارده‌ی مینۆرسکی بوو که ڕووسییه له‌ساوجبولاغ کۆنسوولخانه‌ی دانا و ئالێکساندر ئیاس ی وه‌کوو یه‌که‌م کۆنسوول دیاری کرد
ئیاس و مینۆرسکی هه‌ر دووکیان زۆر زمانی خۆجێی یان ده‌زانی که ئه‌وان له سه‌ره‌تاوه له ڕووسییه ده‌ستیان به فێربوونیان کردبوو به‌ر له‌وه‌ی که سه‌فه‌ر بکه‌ن بۆ ئێران، ئیاس به تایبه‌تی ، توانایه‌کی به‌رچاو و سرنج‌ڕاکێشی زمانی هه‌بوو: ئه‌وبه ڕه‌وانی ڕووسی ، سوێدی ، فه‌نلاندی ، فرانسه‌یی ، ئینگلیسی ، و فارسی ده‌زانی وله وه‌تا هاتنی بۆ ئێران فێری ئۆردوو، په‌شتوو، ترکی و کوردی (کرمانجی) ش ببوو.
هه‌ر دووکیان مه‌یل و عه‌لاقه‌یه‌کی زۆریان سه‌باره‌ت به ئێتنۆگرافی و کولتووری هه‌رێمه‌که تێدا بوو و له سه‌ریان ده‌نووسی. بێگومان ئه‌و نووسینانه فۆرمی داوه به بیروڕایان له مه‌ڕ ده‌ور و ستراتێژی ڕووسییه له ئازه‌ربایجانی ئێران.
کۆنسوولخانه‌ی ڕووسییه له ساوجبولاغ (سابڵا‌غ)
مینۆرسکی ده‌نووسێ : " له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی دا ، بارودۆخ له سه‌ر سنووری ترکییه و ئێران هه‌تا ده‌هات ده‌بوو به هۆی په‌شێوی جیدی بۆ حکوومه‌تی ئێمه جا بۆیه بڕیار درا بوونی خۆمان له ئازه‌ربایجانی ئێران په‌ره پێبده‌ین به دامه‌زراندنی کۆنسوولخانه‌یه‌ک له ساوجبولاغ ، له کوردستانی ئێران. چاوبه سه‌ره‌وه بوونی عه‌شیره‌ته نائارامه کورده‌کان که تا ئه‌و دواییانه له ژێر حوکمی ترک دابوون (1905-1912) پێداویستی به که‌سێکی به ئه‌زموون و خۆڕاگری مه‌ند هه‌بوو ، جا بۆیه بۆچوون یه‌کده‌نگ ئاوا بوو که ئالێکساندر ئیاس کاندیدای هه‌ره به‌دڵ بێ بۆ ئه‌و پله‌یه"
له بیرخه‌ره‌وه‌یه‌کدا که مینۆرسکی بۆ گشت کۆنسوولخانه‌کانی رووسییه‌ی ناردووه بیروڕای خۆی زۆر به ڕوونی و به پێشبینییه‌وه پوخته کردووه: " دوای حه‌وت ساڵ داگیر کردن ، حکوومه‌تی ترکییه قه‌بووڵی کردووه که هه‌رێمی سنوور چۆل بکا، قه‌بووڵی کردووه که ئێران ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وێ به ده‌ست بگرێته‌وه و دڵنیایی بدا سوننی یه‌کان نه‌که‌ونه به‌ر ڕاوه‌دوونان و ئازاردانی شیعه‌کان. له ماوه‌ی داگیرکاری خۆیاندا ترکه‌کان ئیداره‌یه‌کی مه‌ده‌نییان دامه‌زراندبوو که ئه‌من له گوزاریشتی خۆم بۆ شیپلی دا باسم لێوه کردبوو. ئه‌وان سیستمێکی باش و ڕێکوپێکیان دامه‌زراندبوو. ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئێستا بگۆڕدرێ سه‌ده‌مه به دانیشتوانی خۆجێی ده‌گه‌یێنێ. ئه‌گه‌ر نائارامی و تیکه‌ولێکه‌یی به‌رده‌وام بێ ، ترکه‌کان ئه‌وه ده‌که‌نه بیانوویه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دی ده‌ست له کاره‌کان وه‌رده‌ن، به تایبه‌تی له به‌ر ئه‌وه‌ی که زۆر لایه‌نگری خۆجێی یان هه‌یه."
ئه‌و ئاماژه به‌رایییانه ئامۆژگاری کرده‌وه‌ییان به دوا داهات له مه‌ڕ ده‌سته‌به‌ر کردنی گواستنه‌وه‌ی هێز بۆ ئیداره‌یه‌کی ئێرانی له‌ژێر پاراستن و له بن باڵی ڕووسییه دا. له‌کرده‌وه دا ئامۆژگارییه‌کانی مینۆرسکی له لایه‌ن کۆنسووله خۆجێییه‌کانه‌وه لێكده‌درانه‌وه و جێبه‌جێ ده‌کران به‌و شیوه‌ی ئه‌وان به له‌باریان زانیبا، به له‌به‌رچاو گرتنی کونترۆڵێکی نێوه‌ندی بێکه‌لک له لایه‌ن ئاستی سه‌ره‌وه‌ی دیپلۆماتیک له تاران یان سه‌نت پێترزبورگه‌وه. جگه له ئالێکساندر ئیاس نه‌بێ، ئه‌ونوێنه‌ره خۆجێییانه دروستکه‌رانی شه‌ڕخواز و نه‌حاواوه‌ی ئیمپراتۆری بوون ورێز و حورمه‌تێکی زۆر که‌میان هه‌بوو بۆ ئه‌و وڵاته‌ی داگیریان کردبوو.
سه‌رکوتی توندوتێژی پیاوانی ئایینی
ئه‌وان له لایه‌ن ئه‌ی.وای میلره‌وه تیز ده‌دران که تا مارسی 1912 کۆنسوولی گشتی ڕووسییه بوو له ته‌ورێز و ئێستا گوێزرابووه‌وه بۆ مێزی ئاسیای نێوه‌ندی له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له سه‌نت پێترزبوورگ. له سه‌ره‌تای ئه‌وی ساڵێ دا میلر فه‌رمانی له‌دار دانی مه‌شرووته‌خوازن و پیاوانی ئایینی زیندانی له ته‌ورێز دابوو و ده‌رگه‌ی شاره‌که‌ی به‌ڕووی شوجاعوده‌وله ، حاکمی مه‌راغه و لایه‌نگری شای پاتراو دا کرده‌وه و ئه‌و کاره کوشتاری بێ به‌زه‌ییانه‌ی دوژمنه‌کانی وی به‌دوو دا هات .
ژماره‌یه‌ک له عه‌شیره‌ته کورده نیشته‌جێیه‌کان له‌و هه‌رێمه دا ده‌ژیان که له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئیاس دابوو و شارۆچکه‌کانی ساوجبولاغ ، میاندواو و بۆکانی ده‌گرته‌وه . ساوجبولاغ (سابڵا‌غ) ، که ئێستا نێوی کراوه به مهاباد ، شارۆچکه‌یه‌ک بوو به 9،000
دانیشتووه‌وه که به شێوه‌ی سه‌ره‌کی کوردی موکری بوون. مه‌زه‌بی سه‌ره‌کی له مه‌ڵبه‌نده‌که دا ئیسلامی سوننی بوو. له ڕۆژئاوا ، زنجیره +کێوی زاگڕۆس که ئێرانی له ترکییه جوێ ده‌کرده‌وه زێد و مه‌سکه‌نی عه‌شیره‌ته نیوه‌کۆچه‌ره‌کان بوو که ساڵانه هاوینان مه‌ڕوئاژه‌ڵه‌کانیان بۆ له‌وه‌ڕ ده‌برده چیا به‌رزه‌کان و زستانانیش له دییه‌کانیان دا داده‌مه‌زران که له دۆڵ و ده‌ره‌کانی به‌ره‌وه دا هه‌ڵکه‌وتبوون . عه‌شیره‌ته سه‌ره‌کییه‌کان بریتی بوون له مه‌نگوڕ، مامه‌ش و پیران . ئیاس هه‌ر که گه‌یشته ساوجبوڵاغ ئه‌و کارانه‌ی که ده‌بێ کونسولخانه وه‌پێشیان خا ئاوا پوخته کرده‌وه.
1." ده‌سته‌به‌ر کردنی ئه‌وه‌ی که سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان هه‌میشه ئه‌و مافانه‌یان هه‌بێ که له‌گه‌ڵ مه‌زنایه‌تیان له‌نێو عه‌شیره‌ته‌کدا ده‌گونجێ و پێداگرتن له سه‌ر دانانه‌وه‌ی سه‌رۆکی حه‌قدار بێتوو حکوومه‌تی شا ئاڵوگۆڕێکی پێک هێنابێ و بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی ، ئه‌و پله‌یه‌ی دابێ به ئه‌ندامانی جه‌وانتری عه‌شیره‌ته‌که ؛
2. ناچار کردنی کاربه‌ده‌ستانی ناوچه‌یی بۆ ده‌ست گێڕانه‌وه له بێعه‌داڵه‌تی ، سمیتانی ،
ناقانوونی جۆۆڵانه‌وه و ڕاوه‌دوونان چ له ئاست تاکوته‌رایان وهه‌موو هۆز و عه‌شیره‌تان به گشتی؛
3.له دمبه‌دمه‌ی بێ پسانه‌وه‌ی کورده‌کان له مه‌ڕ کاروباری بنه‌ماڵه‌یی و موڵک و ماڵ
دا ده‌وری ناوبژیکردن گێڕان و به‌و پێیه هاندانیان بۆ ئه‌وه‌ی گێره‌و كێشه و دمبه‌دمه ،
ناکۆکی و گیروگرفته‌کانیان بۆ ڕاپه‌ڕاندن بهێننه کونسوولخانه."
دژی سیاسه‌ته ڕه‌سمییه‌کانی ڕووسییه بوو
له ماوه‌ی دووساڵی دابێ دا ئیاس بێ پسانه‌وه کاری ده‌کرد بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و کارانه‌ی وه‌پێشخستنیانی ڕاگه‌یاندبوو که زۆر جار ڕاسته‌وڕاست به پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی ڕه‌سمی ڕووسییه بوو. ئه‌و دانانی شوجاعوده‌وله‌ی وه‌کوو حاکمی گشتی ئازه‌ربایجان ، که له لایه‌ن میلره‌وه ڕێێ بۆ خۆش کرابوو به پێچه‌وانه‌ی ویست و خواستی حکوومه‌ته‌کانی بریتانیا و ئێران ده‌زانی ، و به‌پشکی هه‌ره خراپی ده‌زانی بۆ ئه‌و پله‌یه . ئیاس شوجاعوده‌له‌ی وه‌کووکه‌سێکی " به ته‌ماع ، تێکده‌ر و بێ ڕه‌وشت "
شه‌رمه‌زار کرد که ده‌ستی به سه‌ر زه‌وی و ماڵ و موڵکی خاوه‌نموڵکان و بازرگانانی ئه‌ستان دا ده‌گرت و لێی زه‌وت ده‌کردن ، و کاتێک شوجاع خۆی تێهه‌ڵقورتاند بۆ لادانی سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی مه‌نگوڕ ، بایز پاشا ، و دانانی باپیری ئامۆزای به جێگه‌ی ئه‌و ، ئیاس به نێوی کونسوولخانه پشتیوانی له بایز کرد ، له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا که ئه‌و سه‌ر به ترکان بوو.دوایه شوجاعوده‌وله فه‌رمانی دا به ئیاس که خاوه و قه‌ره‌بوو له بایز بستێنێ . ئیاس له تێلێگرافێک دا بۆ شوجاعوده‌وله نووسی : " ئه‌من هێشتا خه‌به‌ری داوخوازی بژاردنه‌وه و قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌سارانه‌م نه‌بیستووه که کرده‌وه تاوانکارییه‌کانی شوجاع بۆ خۆی و لایه‌نگرانی له ماوه و دوای ئاڵۆزییه‌کانی ته‌ورێز کردوویانه ؛ جا بۆیه به زه‌ینیشم دانه‌هاتووه داوای تیهه‌ڵینانه‌وه‌ی ئه‌و خه‌سار و له کیس دانانه‌ی بکه‌م که به هه‌مان شیوه ... له لایه‌ن بایز پاشای مه‌نگوڕڕا هاتوونه ئاراوه." له‌و سه‌روبه‌ندی دا شوجاعوده‌وله که له‌بن باڵی ڕووسییه دا بوو ، ته‌سلیم بوو و چۆکی دادا .
له ترسی ئه‌وه‌ی که نه‌کا کێشه عه‌شیره‌تییه‌کان بته‌نێته‌وه و بگاته ڕوودواو و تێکهه‌ڵچوونی سه‌ر سنوور و سه‌ربازانی ترک دنه بدا که جارێکی دیکه بێنه‌وه، ئیاس به ئه‌رکی خۆی زانی له گه‌ڵ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان بدوێ و ته‌می هه‌موو جۆره بارودۆخێکی توانایه‌کی به مه‌ترسی بڕه‌وێنێته‌وه. له ڕاپۆرتێکی دا سه‌باره‌ت به گه‌شتێک بۆ چیاکانی زاگرۆس له مانگی ئووتی ساڵی 1913 دا ، ئه‌و باسی چاوپێکه‌وتنێک ده‌کا له نێوان بابمه‌زنه‌کانی عه‌شیره‌تی پیران و مه‌نگوڕ
"محه‌مه‌دئه‌مین ئاغای پیران بڕیاری دا له گه‌ڵمان بێ بۆ سه‌ر چۆمی بادیناوێ که که‌وشه‌نی پیران له مه‌نگوڕان جوێ ده‌کاته‌وه. ئه‌و زۆری پێخۆشه له گه‌ڵ بایزپاشای مه‌نگوڕ ئاشت بێته‌وه ، که له مانگی ئاوریلی ساڵی ڕابردوو دا به فه‌رمانی ته‌ورێز ماڵ و موڵکی لێ تاڵان کردووه و ئاوری تێبه‌رداوه ، و له ترسی شوجاعوده‌وله که ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌وه نه‌کا لێی تووڕه ده‌بێ، و قه‌ره‌نی ئاغای مامه‌شیش ئه‌و به دوژمنی خۆی ده‌زانێ. من پێم گوت هه‌موو شته‌که به ئه‌ستۆی مندا بهێنێ و پێویست ناکا له هیچکه‌س بترسێ ، له گه‌ڵمان بێ بۆ ترکه‌ش و له‌وێ له گه‌ڵ بایزپاشا ئاشتیان ده‌که‌مه‌وه... له سه‌عات 2 ئێمه زیاتر چووین و زوو له چۆمی بادیناوێ په‌ڕینه‌وه که سه‌رچاوه‌ی له قه‌ندیلی گه‌وره ڕا هه‌ڵده‌قوڵێ و ده‌ڕژێته نێو چۆمی لاوێن . ... له قه‌راغی ڕاستی چۆمه‌که 100 [سواره‌ی] مه‌نگوڕ به سه‌رۆکایه‌تی بایزپاشا چاوه‌ڕوانمان بوون..."
به‌ڵگه‌ی وێنه‌یی
ئیاس ئاکامی ئه‌و وتووێژه سه‌رکه‌وتووانه‌ی به چه‌ندین وێنه سه‌لماندووه ، که له‌یه‌کێکیاندا محه‌مه‌دئه‌مین ئاغای پیران که نیگه‌ران وه‌به‌رچاو دێ له پێش دیوارێک له جه‌نگاوه‌رانی تووڕه‌وتۆسنی مه‌نگوڕ دانیشتووه.
له گشت ماوه‌ی ساڵانی 1912 تا 1914 پشتیوانی ڕه‌سمی مینۆرسکی له کاره‌کانی ئیاس شێلگیرانه به‌رده‌وام بوو. به‌ره‌و کۆتایی ئه‌و سه‌روبه‌نده ، له کاتی ته‌داره‌کی میلیتاری ڕووسییه له کوردستان له پاییزی ساڵی 1914 دا ، ئه‌و تێلگرافێکی بۆ سه‌نت پێتێرزبورگ نارد و تێیدا ده‌ڵێ : " ئه‌من به ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم که بۆچوونی خۆم ده‌رببڕم سه‌باره‌ت به‌و هه‌نگاوانه‌ی ئێستا پلانیان بۆ داده‌نێین [ واته پلانه‌کانی فه‌رمانده‌یی میلیتاری ، تێبینی نووسه‌ر] به هێچ جۆر هیچ ده‌ستکه‌وت و قازانجێکی له‌شکری بۆ ئێمه تێدا نابێ... ئه‌من گرینگی ئیاس بۆ خۆ خه‌رێک کردن و دامه‌زراندنی پێوه‌ندی له گه‌ڵ کورده‌کان گه‌وره ناکه‌مه‌وه له مه‌ڵبه‌ندی سه‌رسنوور ؛[ هه‌بوونی] ئه‌و له به‌ر عه‌قڵ و ژیرایه‌تی خۆی پێداویستییه‌کی سه‌روماڵه. هه‌نووکه هه‌ر کونسوولخانه‌یه‌ک سیاسه‌تی خۆی به‌ڕێوه‌ده‌با. له‌وانه‌یه بارودۆخێکی سیاسی هه‌راوتر حه‌وجێی به هه‌ڵئایساندنی شه‌ڕ هه‌بێ ، به‌ڵام ئه‌وه به قووڵی جێی داخ و که‌سه‌ر وپه‌شیوانی ده‌بێ له به‌ر گیروگرفته‌کانی ناپێویستی خۆجێی که ده‌کرێ به ته‌واوی خۆیان لێ ببوێردرێ به گوێستنه‌وه‌ی پۆسته‌کانی خۆمان له ناوچه سنوورییه‌کان وده‌ستگێڕانه‌وه له ده‌ستتێوه‌ردان له کاروباری نێوخۆیی دا، ڕێگه بدرێ شه‌ڕ بقه‌ومێ
."
جووڵانه‌وه‌ی کونسووله‌کانی ڕووسییه له باکووری ئێران له ئارشیوه‌کانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا دا باش ئاسته کراوه . به‌گشتی ده‌کرێ وه‌ک ناکۆکی و تێکهه‌ڵچوونی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه له سه‌نت پێترزبورگ و وه‌زیری ڕووسی له تاران له لایه‌که‌وه لێک بدرێته‌وه که لایه‌نگری نه‌رمونیانی بوون ، و له لایه‌کی دیکه‌وه ، کۆنسووله بووده‌ڵه وسه‌ره‌رۆیه مه‌یدانییه‌کان ، که له لایه‌ن تاکوته‌رای تیژپه‌ڕ له نێو کۆڕی دیپڵۆماتی دا پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرا ، و وه‌کوو ده‌سته‌ڵاتێکی داگیر که‌ر ده‌جووڵانه‌وه و به کرده‌وه ئه‌رکی حکوومه‌تی خۆجێییان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو.
به‌ڵام بۆ ئالێکساندر ئیاس له‌ساوجبولاغ مه‌سه‌له‌که زیاتر تێگه‌یشتن له ئاوات و داخوازییه‌کانی خۆجێی بوو بۆ ئه‌وه‌ی پێشی گه‌ڕانه‌وه‌ی ترکه‌کان و لایه‌نگره کورده‌کانیان بگیرێ. له مه‌ڕ ڤلادیمیرمینۆرسکی ش ، بوونی له هه‌رێم دا و ده‌وری وه‌کوو ڕاوێژکاری سیاسه‌تداڕشتن تا ئێستا به‌به‌ڵگه‌وه نه‌سه‌لماوه. هه‌ردووکیان له مه‌یل و عه‌لاقه‌یه‌کی زۆر به وڵاته‌که و خه‌ڵکه‌که‌یدا هاوبه‌ش بوون ، ئه‌گه‌رچی دواجار، بیروڕای ئه‌وان سه‌رنه‌که‌وت.
کووژرانی ئالێکساندر ئیاس
له دیسامبری 1913 وه تا ئۆکتۆبری 1914 کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنووری ترکییه – ئێران ، که له لایه‌ن ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی حه‌که‌مییه‌تی بریتانییایی و ڕووسییه وه پشتیوانی‌یان لێ ده‌کرا، له‌سه‌ر کاره‌کانی خۆی به‌رده‌وام بوو له‌مه‌ڕ ئه‌و شوینانه‌ی سنوور که کێشه‌یان له سه‌ر بوو ، له که‌نداوی فارسه‌وه بگره تا سنووری ڕووسییه له
نزیک چیای ئاگری. له نێوان شارۆچکه‌کانی بانه و شنۆ نزیکه‌ی 200 کیلۆمیتری سنوور له مه‌ڵبه‌ندی ساوجبولاغ دا هه‌ڵکه‌وتبوو. نۆێنه‌ری ڕووسییه له کۆمیسیۆنه‌که دا ڤلادیمیر مینۆرسکی بوو. ئیاس که کاروباری دۆزینه‌وه ، پشییوانی ته‌داره‌کاتی و دابین کردنی ئازووقه‌ی بۆ کۆمێسیۆنه‌که دابین ده‌کرد ، زۆر جار ده‌ره‌تانی چاوپێکه‌وتنی دۆست و هاوکاره‌که‌ی خۆی بۆ هه‌ڵده‌که‌وت.
له یه‌کی ئووتی 1914 دا ئیاس چوو بۆ شنۆ که له‌وێ کۆمیسیۆنی سنوور چادری هه‌ڵدابوو. ئه‌وچه‌ندین وێنه‌ی بۆ بیره‌وه‌ری ئه‌و بۆنه‌یه کێشا ، له‌وانه دیمه‌نێک که تێیدا گرووپێکی پچووک ده جلوبه‌رگی میلیتاری دا له به‌ر هێندێک چادران ڕاوه‌ستاون ، و ئیاس چاوی له‌وکه‌سه بڕیوه که دووربینه‌که ی داوه‌تێ وێنه‌یان بگرێ. له نێوه‌ڕاست وێنه‌که دا و نێوهه‌نگاوێک پێشتر له ئه‌وانی دیکه ڤلادیمیر مینۆرسکی ڕاوه‌ستاوه که ژنه‌که‌ی له لای چه‌پ و ئیاس له لای ڕاستی ئه‌ون. له لای چه‌پی وێنه‌که‌دا دووئه‌فسه‌ر
هه‌ن که جارێ ده‌کرێ بڵێین کاپیتان ئه‌ی.تی ویلسۆن و سه‌رهه‌نگ ئار.ئی.ڕایدری سه‌ر به ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی بریتانیان و چه‌ند هه‌نگاو دوورتر له خانمی مینۆرسکی ، به‌رده‌ستێکی ڕووسی به هێندێک به‌ڵگه له بن هه‌نگڵی دا ڕاوه‌ستاون. مینۆرسکی دواتر له نووسینێکدا که بۆ بیره‌وه‌ری مه‌رگی ئالێکساندر ئیاس ی نووسیوه باسی ئه‌و بۆنه‌یه ده‌کا. " له 19ی ژووییه [ له یه‌کی ئووت به پێی ساڵنامه‌ی ئێستای گریگوری، تێبینی نووسه‌ر] ئالێکساندر ئیاس هات بۆ دیده‌نی ئێمه له شنۆ و ده‌نگوباسی هه‌ڵئایسانی شه‌ڕی ئوتریش و سڕبیای پێراگه‌یاندین. ئێمه هه‌ستمان کرد ده‌بێ چاوه‌ڕێی زۆر ڕووداوی به‌مه‌ترسیتر بکرێ . سێبه‌ری مه‌رگ به سه‌ر یه‌كێکمانه‌وه ده‌گه‌ڕا." ئاڵمان به‌دژی ڕووسییه شه‌ڕی ڕاگه‌یاندبوو . ڕۆژێک دواتر ترکییه هاوپه‌یمانییه‌کی شاراوه‌ی له گه‌ڵ ئاڵمان مۆر کرد وده‌ستی کرد به کۆکردنه‌وه و وه‌گه‌ڕخستنی سه‌ربازه‌کانی.
ئه‌و ڕووداوه به کاره‌ساتانه‌ی که به‌دوویدا هاتن له لایه‌ن مینۆرسکی ڕا باس کراون :
" کاتێک له 16ی ئۆکتۆبری 1914 [ 29ی ئۆکتۆبری 1914 ] شه‌ڕ له گه‌ڵ ترکییه ده‌ستی پێ‌کرد ، ئیاس فه‌رمانی درایه ساوجبولاغ چۆل بکا. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، ئه‌و له 21ی ئۆکتوبر دا ،وڵامی تێلێگرافه‌که‌ی دایه‌وه و ڕایگه‌یاند ئه‌وه جارێ زوویه چونکوو
بوونی ئه‌و له‌وێ ده‌بێته هۆی کۆنترۆڵ کردن و قه‌مته‌رکردنی کورده‌کانی خۆجێی.
.... له 17ی نۆڤامبر ، هێزه‌کانی دوژمن ناوچه‌ی لاجانی ئێرانیان له نزیک ساوجبولاغ داگیر کرد و دوا جار ، له 19ی نۆڤامبر، " له به‌ر ڕووناکایی ئه‌و مه‌ترسییه‌ی که هه‌ڕه‌شه‌ی له شارۆچکه‌که ده‌کرد ،" ئالێکساندر ئیاس کونسوولخانه‌ی داخست و به‌ره‌و مه‌راغه وه‌ڕێکه‌وت.
ئه‌و له نیوه‌ی ڕێیێ له شارۆچکه‌ی پچووکی میاندواو که هێزه‌کانی ئێرانی به‌ره‌و ئه‌وێ پاشه‌کشیان کردبوو و له‌وێ کۆببوونه‌وه لایدا. له 29ی دیسامبر کاتێک سه‌ربازانی ترک و پێڕۆیه کورده‌کانیان گه‌یشتنه ده‌روازه‌ی شاری ، ئیاس بۆ دواجار جارێکی دیکه گه‌ڕایه‌وه شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی بۆ ئه‌وه‌ی هێندێک له شتوومه‌کانی له‌گه‌ڵ خۆی بهێنێ،ئه‌و له‌وێ کووژرا، سه‌ریان بڕی و به دارێکیانه‌وه کرد و له پێشه‌وه‌ی رێزی سه‌ربازانی هێرشکه‌ر که به‌ره ته‌ورێز ده‌چوون بۆ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی له ڕووسه‌کان ،نمایشتیان دا.
له 2ی فێڤرییه‌ی 1915 ڕووسه‌کان دیسان ته‌ورێزیان گرته‌وه ، و له شه‌ڕی سۆفیان دا، هێندێک له شتوومه‌که کانی ئیاس یان ده جلوبه‌رگی ئه‌فسه‌رێکی کووژراوی ترک دا دۆزییه‌وه، له وانه مۆره‌که‌ی ، تیمسالی له گوێستنه‌وه شیاوی و هێندێک نێگاتیڤی وێنه‌کانی. مینۆرسکی شه‌رحی مردنی وی نووسی ، بۆ ڕێزلێنان له بیره‌وه‌ری وی ، نوێنه‌گه‌یکی له وێنه‌کانی له وه‌زاره‌تخانه له سه نت پێترزبورگ ساز کرد. ئاخره‌که‌ی مینۆرسکی کرا به سه‌رۆکی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕووسییه له تاران وتا ساڵی 1919 و چوونی بۆ فرانسه له‌وێ مایه‌وه‌و دواتر ، چووه بریتانیا.
جه‌نده‌کی ئیاس قه‌ت نه‌دۆزرایه‌وه، نیگاتیڤه‌کان ووێنه شۆراوه‌کانی له خوارزاکانییه‌وه (پووره‌کانی من ) له فه‌نلاند بۆ من ماوه‌ته‌وه و له مووزه‌خانه‌ی فه‌نلاندی وێنه ، له هێلسینکی پارێزراون.
سپاس و پێ‌زانین
ئه‌من پێم خۆشه سپاسی مووزه‌خانه‌ی فه‌نلاندی وێنه له هێلسینکی ، ئاکادێمی بریتانییا، کۆلێجی هونه‌ره‌کانی کامبێروێل ، ئارشیوی نێوه‌ندی لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆلێجی پێوه‌ندییه‌کانی له‌نده‌ن و بنیاتی میراتی ئێران بکه‌م بۆ پشتیوانیان له ماوه‌ی گشت پله‌کانی پڕۆژه‌ی ئیاس
جان. چالێنکۆ
جان چالێنکۆ بۆ یه‌کمجار کاتێک به ئالێکساندر ئیاس ی زانی که له ئێران وه‌کوو زه‌ویناسێکی پسپۆڕی بووله‌رزه کاری ده‌کرد. ئه‌و به پشکنین و لێکۆڵینه‌وه‌ی ئارشیوه‌کانی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی بریتانیا بۆی ده‌رکه‌وت ئیاس خاڵه‌گه‌وره‌یه‌تی و دوا جار ڕاپۆرته‌کانی ئیاس ی له سه‌نت پێترزبورگ و گشت وێنه ناسراوه‌کانی دۆزییه‌وه. جان چالێنکۆ ئێستا له زانکۆی هونه‌ره‌کان ، له له‌نده‌ن ماموستای کێشانه‌وه و ناسینه‌وه یه.
تێبینی وه‌رگێڕ: ئه‌و نووسراوه‌یه ئاماژه به 14 سه‌رچاوه ده‌کا که لێره دا وه‌رنه‌گێڕدراون
No comments:
Post a Comment