وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی ؛ به‌ندی 7. ئاواته‌کانی حکوومه‌ت کردن
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی
ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901- 1914
نووسینی: جان چالێنکۆ
وه‌رگێڕ: حه‌سه‌نی قازی
به‌ندی 7. ئاواته‌کانی حکوومه‌ت کردن
1912-1913
ڤلادیمیر مینۆرسکی له ساڵی 1903 له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه ده‌ستی به‌کار کرد. ئه‌و له ساڵی 1905 تا 1906 له کۆنسوولخانه‌ی گشتی ڕووسیا وه‌کوو دیلمانج و سکرتێری یه‌که‌م کاری ده‌کرد، پاشان ناردرا بۆتاران و تا ساڵی 1908 له‌وێ له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی ڕووسییه بوو. پاشان دوای کارکردن له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له سه‌نت پێترزبورگ له نێوان سالانی 1908 تا 1912 ، چوو بۆ سه‌فاره‌تخانه‌ی ڕووسییه له قوسته‌نته‌نییه تا ساڵی 1914، له‌وێوه چووه تاران ، و بوو به سکرێتێری یه‌که‌می سه‌فاره‌تی رووسییه تا ساڵی 1919. یه‌ک له‌ئه‌رکه سه‌ره‌کییه‌کانی مینۆرسکی ئه‌وه بوو سه‌باره‌ت به ستراتێژی سیاسی ئامۆژگاری بدا به
کۆنسوولخانه‌کانی ڕووسییه له ئازه‌ربایجانی ئێران و کاروباره‌کانیان رێک بخا. ئه‌و له گه‌ڵ ئیاس له پێوه‌ندی به‌رده‌وام دابوو ، و وه‌کوو ئیاس زانایه‌کی زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان بوو، که له ئه‌نیستیتووی لازارێڤ له مۆسکۆ خوێندبوونی. مینۆرسکی له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له ئێران و ترکییه دا گوزاریشتی زۆر وردی به‌ڵگه‌یی سه‌باره‌ت به‌وێ ئاماده کرد و زانستێکی ده‌گمه‌نی له‌خۆیه‌وه نیشان دا له بواری جوگرافیای ئینسانی و مێژوو دا. له ساڵی 1911 ، له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری بریتانیا ئێچ. سی . شیپلی به وههرێمهی دا گه‌ڕا که له لایه‌ن ترکییه‌وه داگیرکرابوو، به سابڵا‌غ و ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی دا که ده‌که‌وته به‌ر به‌رپرسیاره‌تی دابێی کاری کونسوولی ئیاس تێپه‌ڕێ. له گوزاریشتێکی زۆر به ورده‌ڕیشاڵی خۆی دا له‌مه‌ر ئه‌و گه‌شته‌ی ، له نه‌خشه‌یه‌ک دا شوێنی کۆبوونه‌وه و مۆڵ خواردنی ئۆردووی ترک ده‌ستنیشان ده‌کا و هه‌روه‌ها شهجرهنامهیهکی عه‌شیره‌ته کورده سه‌ره‌کییه‌کانی ناوچه ده‌کێشێته‌وه.(1) هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده دا ، ئه‌و کاری کۆنینه‌ناسی و لێکۆڵینه‌وه‌ی زمانی خۆی ده‌ستپێکردبوو ، که دوایه بواری سه‌ره‌کی وی پێک هێنا بۆ یارمه‌تیکردنی به‌رچاو و هێژای خۆی به مێژوو و ئه‌ده‌بییاتی ئێران. (2)
مینۆرسکی زۆر به‌ر له‌وه‌ی که ترکه‌کان مه‌ڵبه‌ندی سنوور چۆل بکه‌ن ئامۆژگاری کردبوو بۆ دانانی کۆنسوولخانه‌یه‌کی ڕووسییه له سابڵا‌غ. شاره‌که هه‌ڵکه‌وتێکی ستراتێژیکی هه‌بوو، ئه‌و ڕێگه‌یانه‌ی له مێزۆپۆتامیاو کوردستانی خوارووه‌وه ده‌هاتن له‌وێ تێکه‌ڵ ده‌بوونه‌وه و به‌ره‌و باکوور ده‌چوون به‌ره‌و ده‌ریاچه‌ی ورمێ – به‌ره‌و ته‌ورێز له شانی ڕۆژهه‌ڵات و به‌ره‌و جوڵفا و سنووری ڕووسییه له شانی ڕۆژئاوادا. له گوزاریشتێکی نهێنی دا به نێوی " نوێنه‌رایه‌تی ڕووسییه له باکووری کوردستانی ئێران " مینۆرسکی ده‌ڵێ ، تا ڕاده‌یه‌ک له به‌ر نه‌بوونی کۆنسوولخانه‌ی ڕووسییه له ساوجبولاغه که ترکه‌کان له ساڵی 1905 دا له خۆیان ڕادی کۆنتڕۆڵی هه‌رێمه‌که بخه‌نه ژێر ده‌ستی خۆیان.(3) ئێستا که ترکه‌کان ئه‌وێیان به‌جێ هێشتووه ، " بوونی نوێبه‌رایه‌تی ڕووسییه له‌وێ ده‌بێته ڕووداوێکی غافڵگیرانه بۆ نه‌خشه‌ی ترکه‌کان که ده‌یانه‌وێ دیسان ده‌ست به سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا بگرنه‌وه". له به‌ر ئه‌وه‌ی شارۆچکه‌که له نێو خاکی ئێران‌دا هه‌ڵکه‌وتووه و ته‌واو له نزیک هێڵی سنوور نییه ، بوونی ڕووسه‌کان له‌وێ ناکرێ وه‌کوو[هه‌وڵێک] بۆ تیزدان و ورووژاندن لێک بدرێته‌وه.
کاتێک ئیاس بوو به کۆنسوول له سابڵا‌غ ، به‌رپرسیاره‌تییه‌که‌ی ناوچه‌یه‌کی سه‌د کیلۆمیتر به‌ره‌و ڕۆژهه‌ڵات – ڕۆژئاوا له سنوورهوو تا بۆکانی ده‌گرته‌وه ، و نزیکه‌ی 150 کیلۆمیتر به‌ره‌و باکوور- باشوور ، له شنۆوه تا بانه . ئه‌و ده‌می و ئێستاش ، ئه‌و ناوچه‌یه وه‌کوو به‌شێک له کوردستانی ئێران ئاماژه‌ی پێده‌کرێ ، ئه‌گه‌رچی مه‌به‌ست له‌و زاراوه‌یه هێما کردن به دانیشتوانه تا ئه‌وه‌ی که به‌و نێوه خاکێکی به فه‌رمی ناسراو بێ.
ژماره‌یه‌ک له عه‌شیره‌ته کورده‌کان له‌و هه‌رێمه دا ده‌ژیان : جووتێرانی نیشته‌جێی موکری ، عه‌شیره‌ته‌کانی به‌گزاده و دێبۆکری له به‌ری ڕۆژهه‌ڵات ، له وانه نێوه‌نده‌کانی ساوجبولاغ ، میاندواو و بۆکان. ساوجبولاغ ( که ئه‌مرۆ نێوی گۆڕدراوه و کراوه به مهاباد ) شارێک بوو به 9000 حه‌شیمه‌ته‌وه که زۆربه‌یان دانیشتووی موکری بوون. دینی سه‌ره‌کی ئه‌و شوێنه ئیسلامی سوننی بوو ، جگه له ناوچه‌ی به‌ر به میاندواو نه‌بێ ، که شیعه بوون .که‌مایه‌تییه‌کی ناکوردیش له هه‌رێمه‌که دا ده‌ژیان : قهرهپاپهغهکانی ترکومان ، که به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵکی ده‌ور و به‌ری ئیره‌وان بوون ، له ناوچه‌ی سندووس دامه‌زراون له ملی باکوور و باکووری ڕۆژئاوای ساوجبولاغ ، و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پچووکی هه‌رمه‌نی عیسایی و ئاسۆری له ساوجبولاغ و چه‌ند لادێیه‌کی باکووری ڕۆژئاوای شاره که دا ده‌ژیان. له به‌شی ڕۆژئاوای هه‌رێمه‌که دا ، زنجیره چیای زاگرۆس هه‌ڵکه‌وتووه ، که ئێران له ترکییه ده‌کاته‌وه، و ئه‌وێ زێدی خه‌ڵکی نیوه کۆچه‌ر بوو که ئیاس وه‌کوو عه‌شیره‌تی کورد باسیان ده‌کا – مه‌نگوڕ ، مامه‌ش ، پیران ، گه‌ورک و زۆر عه‌شیره‌تی پچووکتر. ئهوعهشیرهتانه هه‌موو ساڵێ ده‌چوونه له‌وه‌ڕگه‌ی چیابهرزهکان وزستانان دادهگهڕانهوه ئارانێ بۆ نێو گونده‌کانیان که له نێو دۆڵ و ده‌ره‌ی شاخان دا هه‌ڵکه‌وتوون. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه دا زاراوه‌ی "عه‌شیره‌ت " که له‌لایه‌ن ئیاس ڕا ده‌کار کراوه وه‌خۆ کراوه.
له بیرخه‌ره‌وه‌یه‌ک دا که بۆگشت کۆنسوولخانه‌کانی ڕووسییه ناردراوه ، مینورسکی زۆر به ڕوونی و به پێشبینییه‌وه پوخته‌ی بۆچوونه‌کانی خۆی سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئامانجه‌کانی ڕووسییه له کوردستانی ئێران ده‌بێ چ بن ده‌ربڕیوه.
دوای حه‌وت ساڵ داگیر کردن ، حکوومه‌تی ترکییه قه‌بووڵی کردووه که هه‌رێمی سهرسنوورچۆل بکا، قه‌بووڵی کردووه که ئێران ده‌سته‌ڵاتی ئه‌وێ به ده‌ست بگرێته‌وه به وه‌رگرتنی ئه‌و دڵنیاییه‌ی که سوننییه‌کان له لایه‌ن شیعه‌کانه‌وه نه‌که‌ونه به‌ر گوشار و ڕاوهدوونهنرێن. ترکه‌کان له ماوه‌ی داگیرکردنی خۆیاندا ئیداره‌یه‌کی مه‌ده‌نییان دامه‌زراندبوو که ئه‌من له گوزاریشتی خۆم بۆ شیپلی دا باسم کردبوو. ئه‌وان سیستمێکی وایان دانابوو که به باشی هه‌ڵده‌سووڕا. ئه‌گه‌ر ئه‌وه ئێستا بگۆڕدرێ زه‌ره‌ر به دانیشتوانی خۆجێی ده‌گه‌یێنێ. ئه‌گه‌ر ئاڵۆزی و تێکه‌و لێکه‌یی به‌رده‌وام بێ ، ترکه‌کان ده‌یکه‌نه بیانوو بۆ ئه‌وه‌ی دیسان خۆیان له کاره‌کان وه‌رده‌ن ، به تایبه‌تی له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان زۆر لایه‌نگری خۆجێییان هه‌یه.
ئه‌و سه‌ره‌تایه سیاییهکی به دوو دا دێ سه‌باره‌ت به‌و رێفۆرمانه‌ی که ترکه‌کان به سه‌رکه‌وتووییه‌وه له بواری چاک کردنی زه‌ویوزار، کۆنترۆڵی عه‌شیره‌ته کورده‌کان و دێمۆکراتیک کردنی حکوومه‌تی ناوچه‌یی کردوویانه. بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سته‌ڵاتی مه‌ده‌نی به باشی وه‌ده‌ست بخرێته‌وه مینۆرسکی پێشنیار ده‌کا لێخۆشبوونێکی گشتی ده‌ربکرێ بۆ ئه‌و مه‌ئمووره مه‌ده‌نییانه‌ی که‌ڕاسته‌وخۆ ده‌ستیان له کرده‌وه‌ی تاوانکارانه دا نه‌بووه به دژی دانیشتوان.
کشانه‌وه و ڕۆیشتنی سه‌ربازانی ترک ئاکامی کرده‌وه و هه‌ڵسووڕانی رووسییه‌یه نه‌ک ئێران . جا بۆیه به‌رپرسیاره‌تی هه‌رجۆره نائارامی و چه‌تێک بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵات بۆئێران وه‌پاڵ ڕووسییه ده‌درێ .ناکرێ ڕووسییه له ترکان بهکهمترئینسانی چاو لێبکرێ ، بۆیه ڕووسییه ده‌بێ کۆنترۆڵی کرده‌وه‌ی
ئێرانییه‌کان به ده‌سته‌وه بگرێ. .... ئێران به سه‌ری خۆی ناتوانێ گێڕانه‌وه‌ی وڵاتانی سنووری جێبه جێ بکا جا بۆیه ده‌بێ قه‌بووڵی کا که ته‌نێ ڕووسییه ده‌توانێ پێش به داگیرکردنه‌وه‌ی ترکه‌کان بگرێ. ئه‌گه‌ر هاتوو گیر و گرفتێک هاته پێشه‌وه ، ده‌بێ وه‌بیر ئێرانییه‌کان بخرێته‌وه که ئه‌وان ناوچه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ڕووسییه‌یان به فه‌رمی ناسیوه و ددانیان پێداهێناوه. سه‌ربازان له ورمێ و له خۆی ده‌کرێ له ژێر چاوه‌دیڕی کۆنسوولخانه‌ی ئێمه دابن ، به‌ڵام به له‌به‌ر چاوگرتنی خاکی ساوجبولاغ له شنۆ وه بگره تا بانه ، باشتر وایه کاپیتان ئیاس زیاتر به‌ره‌و ڕۆژئاوا، واته شنۆ بچێ. ئه‌وه به تایبه‌تی گرینگه بۆ چاوه‌دێری به سه‌ر ئه‌وه‌ی دا که جووتیران نه‌که‌ونه به‌ر توقاندن و زه‌بروزه‌نگی خاوه‌نموڵکان [ له ئاکامی ئه‌و ئیداره‌یه ئێرانییه‌ی که تازه داندراوه ]. ئێمه ده‌بێ یارمه‌تیده‌رێکیش بۆ ئیاس دابنێین ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌رێک بێ له هه‌رێمی میلیتاری قه‌وقازه‌وه. ئه‌و یارمه‌تیده‌ره ده‌کرێ به شێوه‌یه‌کی کاتی له سه‌رده‌شت دابمه‌زرێ ، که له ساوجبولاغ زۆر دووره. ئه‌و کاره یارمه‌تی ده‌کا به جه‌ختکردنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی دابێمان له ناوچه‌ی سنووری ، هه‌ر وا به هاسانی ڕاگواستن و دانی ئه‌و بهرعۆدهییانه به ئێران ناتوانێ گشت ئه‌و گێره‌وکێشانه چاره‌سه‌ر بکا که له ماوه‌ی داگیرکردنی ترک دا کۆبوونه‌ته‌وه سه‌ر یه‌ک . (4)
له کرده‌وه دا ، ئامۆژگارییه‌کانی مینۆرسکی به‌و جۆره‌ی که به له‌باریان زانیبا له لایه‌ن کۆنسووله‌کانی خۆجێی و کۆنسوولی گشتی له ته‌ورێز لێک ده‌درایه‌وه و جێ به جێ ده‌کرا ،بهکۆنترۆڵێکی زۆر که‌مه‌وه له لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی به‌رزی دیپڵۆماتیک له‌تاران یان سه‌نت پێترزبورگه‌وه. به گشتی ئه‌و نوێنه‌ره خۆجێیانه دامه‌زرێنه‌رانی شه‌رخواز و موونهقهڵێشی ئیمپراتۆری بوون و حورمه‌تێکی زۆر که‌می ئه‌و وڵاته‌یان له به‌ر بوو که داگیریان کردبوو. ئه‌وان له ژێر کارتێکه‌ری و له بن جڵه‌وی میلر دابوون که پاش کوشتاری مه‌شرووته خوازه‌کان له ته‌ورێز که به فیتی وی کرابوو ، گه‌ڕایه‌وه وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه له سه‌نت پێترزبورگ و بوو به به‌رپرسیاری مێزی ئاسیای نێوه‌ندی له وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه. ئیاس [ له نێو ئه‌وانه دا] ڕێزپه‌ڕێکی هه‌ڵکه‌وتوو بوو: ئه‌و ڕێزێکی زۆری له مینۆرسکی ده‌گرت ، له گه‌ڵ ڕوانگه‌ی سیاسی وی هاوڕا بوو وهه‌ردووکیان به کرمانجی قسه‌یان ده‌کرد ، هه‌رچی ئیاس بێ ته‌واو به ڕه‌وانی ، به پێی ئه‌و دوامهرگنامهیه ی بۆ بیره‌وه‌ری وی نووسراوه: " بۆ بیره‌وه‌ری کۆلۆنێل ئالێکساندر ئیاس ، له به‌ر تواناییه دیپلۆماتیکه‌کانی ، وره و روحی قاره‌مانانه‌ی ، مرخ و مه‌یلی سه‌باره‌ت به گه‌لی کورد و زمانه‌که‌یان " (5). به‌ڵگه‌یه‌کی که ئیاس ماوه‌یه‌کی کورت له دوای هاتنی بۆ [ساوجبولاغ] له سه‌ره‌تای ڕاسپارده‌ی کونسوولی خۆیدا نووسیویه‌تی پوخته‌ی بۆچوونه‌کانی ده‌رده‌خا :
بۆ دێپارتمانی یه‌که‌م له وه‌زاره‌تخانه‌ی کاروباری ده‌ره‌وه
19ی نۆڤامبری 1912 [ 2ی دیسامبری 1912] نهێنی . (6)
له وڵامی تێلگرامی نهێنی ژماره 2728 له مه‌ڕ داوخوازی که‌لکوه‌رگرتن له بارودۆخی ئێستای سیاسی بۆ زیادکردنی نفووزی خۆمان له نێو کوردان دا و سرنجی ئه‌وان له سه‌ر ترکان لادان و به‌ره‌و لای خۆمان ڕاکێشانیان ، به شانازی ده‌زانم که ئه‌م گوزاریشته‌ی خواره‌وه پێشکێش بکه‌م:
دوای دانی دڵنیایی و ده‌سته‌به‌ری په‌یتا په‌یتا له لایه‌ن قایمقام و ئه‌فسه‌ره ترکه‌کانه‌وه که له ناوچه‌ی داگیر کراو مۆڵ درابوون سه‌باره‌ت به ئه‌وه‌ی که ئه‌و خاکه‌ی له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه داگیرکراوه قه‌ت جارێکی دیکه نابێته‌وه به ئی ئێران ، و هه‌روه‌ها دوای ئه‌و شکانه په‌یتاپه‌یتایانه‌ی که ترکه‌کان تووشی هاتن به ده‌ست ئه‌رته‌شی یه‌که‌تی باڵکان ، ناوچه‌ی داگیرکراو پڕه له ده‌نگۆ و بۆچوونی دووایی نه‌هاتوو سه‌باره‌ت به ئه‌وه ، پاشه‌کشه‌ی خێرا و چاوه‌ڕواننه‌کراوی ترکه‌کان ئه‌وه‌نده بووه‌ته هۆی واق وڕمانی کورده‌کانی کوردستانی موکری که ئه‌وان هه‌موو جۆره باوه‌ڕییه‌کیان به پشتیوانانی پێشووی خۆیان له کیس داوه و به پهلههاتن بۆ ساوجبولاغ بۆ ئه‌وه‌ی له یه‌که‌م چاوپێکه‌وتنی خۆیان له گه‌ڵ نیوه ده‌سته‌ڵاتدارانی خۆجێی دا وه‌فاداری خۆیان له ئاست حکوومه‌تی شا دا ڕابگه‌ێینن.
ده‌بێ ئه‌مه وهبیربخهمهوه که ئه‌و عه‌شیره‌ته کوردانه‌ی له چوارچێوه‌ی مه‌ڵبه‌ندی ئه‌و کۆنسوولخانه‌یه دا ده‌ژین ، ته‌نێ مه‌نگوڕ ، مامه‌ش و پیران ( هه‌موویان لکێک له [کۆنفێدراسیۆنی بڵباس ن ) پشتیوانی ترکه‌کان بوون – ئه‌وانه‌ش نه‌ک هه‌موویان به ته‌واوی . عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه، واته دێبۆکری ، به‌گزاده و گه‌ورک ، جگه له چه‌ند تاکووته‌را نه‌بێ ، به‌رده‌وام بوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی ، هه‌ر نه‌بێ به ڕه‌سمی ، خۆیان به گوێڕایه‌ڵی حوکمی ئێرانی بزانن. له هاتنی ئه‌و دواییانهیاندا بۆ سابڵا‌غ ، سه‌رۆکی ئه‌م عه‌شیره‌تانه چه‌ند جار سه‌ری کۆنسوولخانه‌یان دا به مه‌به‌ستی زۆر ئاشکرا و به‌ده‌ره‌وه‌ی ڕاكێشانی سرنجی من به‌ره‌و خۆیان و دابین کردنی پشتیوانی من بێتوو له لایه‌ن ده‌سته‌ڵاتدارانی ئێرانییه‌وه ئه‌زییه‌ت بکرێن و ڕاوه‌دوو بنرێن ، ئه‌و ده‌سته‌ڵاتدارانه‌ی که ئه‌وان باوه‌ریان پێ ناکه‌ن . له‌و باره‌یه‌وه ئه‌وان به ته‌واوی چاویان له شابه‌نده‌ری ترک ئه‌حمه‌د ڕه‌زا به‌گ هه‌ڵبوارد و به هێندیان نه‌گرت – هه‌ر هه‌مان ئه‌وانه‌ی که ماوه‌یه‌کی کورت به‌ر له ئێستا واته هاوینی ڕابردوو جامهلۆسکهیان له به‌ر ده‌کرد و به خۆ فشینهوه دڵنییاییان ده‌دایه که قه‌ت ڕێگه ناده‌ن نوێنه‌رێکی ڕووسییه پێ له سابڵا‌غ بنێ.
له‌وه‌ی سه‌ره‌وه ڕا به ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ که پرێستیژی ترکه‌کان له نێو کورده‌کانی خۆجێی دا زه‌ربێکی ته‌واو کاریگه‌ری وێکه‌وتووه ، و ئه‌وان بیانه‌وێ و نه‌یانه‌وێ ، سه‌رۆکانی ئه‌وانه‌ی باس کران به دووی پشتیوانی لێکران و که‌وتنه بن باڵی ئێمه دا ده‌گه‌ڕێن و به‌و شیوه‌یه ده‌رفه‌تمان بۆدهرهخسێنن که نفووزی خۆمان له نێو ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ی که له ناوچه‌ی ده‌وروبه‌ری ساوجبولاغ دا ده‌ژین په‌ره‌پێبدین . بۆپتهوترکردنی ئه‌م ئامانجه وا وێده‌چێ که چالاکییه‌کانی کۆنسوولخانه ده‌بێ به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه بێ :
1- هه‌میشه ده‌سته‌به‌ربکرێ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان ئه‌و مافانه‌یان هه‌بێ که له گه‌ڵ مه‌زنایه‌تی ئه‌وان له نێو عه‌شیره‌ته‌که دا ده‌گونجێ و پێداگرتن له سه‌ر دانانه‌وه سه‌رۆکی حه‌قدار له سه‌ر پله‌ی خۆی بێتوو حکوومه‌تی شا به مه‌به‌ستی ده‌ستخستنی ده‌ستکه‌وت ئاڵوگۆڕێکی پێک هێنابێ ، وئه‌و پله‌یه‌ی دابێ به ئه‌ندامه جهوانترهکانی عه‌شیره‌ت؛
2- ناچار کردنی دستهڵاتدارانی خۆجێی بۆ ده‌ست هه‌ڵگرتن له بێعه‌داڵه‌تی ، سمیتانی،بێ قانوونی و ڕاوه‌دوونان ی هه‌م تاکووته‌را و هه‌موو هۆز و عه‌شیره‌ته‌کان به گشتی؛
3- له کاتی کێشه و قڕه‌ی بێ پسانه‌وه‌ی کورده‌کان له سه‌ر گیروگرفتی بنه‌ماڵه‌یی و موڵک وماڵ ده‌وری ناوبژیوان گێران و به‌م پێیه دنه‌دانیان بۆ ئه‌وه‌ی گێره‌وکێشه ، ناکۆکی و گرفته‌کانی دیکه‌یان [ بۆ یه‌کلا کردنه‌وه] بهێننه کۆنسوولخانه.
به به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تێکی ئه‌وتۆ به شێوه‌یه‌کی شێلگیرانه وبڕیاردهرانه، ئێمه بۆ کورده‌کان ده‌بین به [لایه‌نێکی]پێویست و خۆلێنهبوێر، که ده‌ست ده‌که‌ن به‌وه‌ی ئێمه نه‌ک ته‌نێ وه‌کوو پشتیوانی خۆڕسکی خۆیان چاو لێبکه‌ن به‌ڵکوو به ڕێبه‌ری خۆشیانمان دابنێن ، که به بێ یارمه‌تی و ئامۆژگارییه‌کانی وی ، کورده‌کان له به‌ر نه‌زانی و ئاستی که‌می وشیاری خۆیان ، له وزه‌یان دانابێ شان بده‌نه به‌ر تاکه کرده‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆش .
تا ئه‌وجێیه‌ی که‌ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر ده‌رفه‌تی یه‌که‌تی له نێو خه‌ڵکی کوردی ناوچه دا ، ده‌بێ ئه‌وه‌مان له بیر بێ که هه‌تاکوو ئێستا نه نیشانه‌ی ههرهدووری یه‌که‌تی عه‌شیره‌تی وهبهرچاودهکهوێ، و نهتهنانهت بڕووسکه‌یه‌ک له وشیارییه‌کی سه‌ره‌تایی نه‌ته‌وه‌یی. عه‌شیره‌ته‌کان نه‌ک ئه‌وه‌ی به شیوه‌یه‌کی به‌رده‌وام دژایه‌تی یه‌کتری ده‌که‌ن ، به‌ڵکوو تایفه‌ی دوور له نێوعهینی عه‌شیره‌تیش دا به خوێنی سه‌ری یه‌کتری توونین . له‌وه‌ش ده‌رچێ ئێستا له نێو سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی خۆجێی دا ته‌نانه‌ت تاکه که‌سێکی ئه‌وتۆش نییه ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سته‌ڵات و خۆشه‌ویستی هه‌بێ که وه‌کوو نێوه‌ندێک ببزوێته‌وه و بکرێ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه له ده‌وری کۆ بنه‌وه و یه‌ک بگرن. ڕێبه‌رانی دینی ناوچه‌ش ، هیچیان گراناییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه ئه‌وه‌ش له به‌ر خه‌مساری ته‌واوی کورده‌کان له ئاست دین. ڕێبه‌رێکی به نێوبانگ له نێو ئه‌واندا ، شێخی زه‌نبیله ، که ئێستا چووه‌ته حه‌جێ بۆ زیاره‌تی مه‌ککه. یه‌کی دیکه‌یان شێخی بورهان یان شێخ یۆسفه ، که به‌هاری ڕابردوو ئه‌مری خودای کرد ، و مهنگوڕتهنانهت به‌ر له ئه‌وه‌ی که بنێژرێ ماڵ و موڵکیان تاڵان کرد و ئه‌وه بووه هۆی ئه‌وه‌ی شێخ عه‌بدولره‌حمانی کوڕی چه‌ندین جار داوای داڵده دان و پشتیوانی لێکردن له من بکا له‌و ده‌مه‌ی دا که ئه‌من هێشتا له ته‌ورێز بووم. شێخی سێیه‌م ، شێخی به‌ساڵداچوو شێخ بابای سیادهته [ شێخ بابای غه‌وساباد ، تێبینی وه‌رگێڕی کوردی] ، که سه‌رۆکی فیرقه‌ی ئیلاهی ده‌روێشانه وهیچ نفووز و ده‌سته‌ڵاتێکی ئه‌وتۆی نییه.
له‌م هه‌لومه‌رجانه دا ئاسۆی یه‌کگرتنه‌وه و یه‌که‌تی عه‌شیره‌ته کورده خۆجێیه‌کان ، که پێوه‌ندییه‌کان و نێوانیان هه‌م له نێو ترکییه و هه‌م له نێو ئێران‌دا خۆی - له سنه و کرماشان –به وردی چ گه‌رمی و گوڕێکی پێوه دیار نییه ، بابه‌تێکه بۆ داهاتوویه‌کی زۆر دوور؛ له حاڵی حازر دا چاره‌سه‌ر کردنی ئه‌وه به هێچ جۆر هه‌ڵناسوڕێ. نوسخه‌یه‌ک له‌م گوزاریشته هاوکات بۆ ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی سه‌لته‌نه‌تی [ڕووسییه] له ئێران ناردراوه .
کۆنسوولی کاتی
کاپیتانی گاردان
ئیاس
ئیاس له‌وه دا ڕاست بوو بیر بکاته‌وه که ئه‌و پێشوازییه له بیرنه‌کراوه‌ی له کاتی هاتنی بۆ ساوجبولاغ لێی کرابوو،به‌تایبه‌تی له لایه‌ن حاکمی ئه‌ستانه‌که ، سه‌رداری موکری یه‌وه ، نیشانه‌یه‌ک نه‌بووه بۆ په‌سندکردنی له خۆ وه‌ی حوکمی ڕووسییه. سه‌رداری موکری ، که له‌لایه‌ن حکوومه‌تی ئێرانه‌وه له سه‌ر کار داندرابوو ، زۆر که‌م ده‌ستی به سه‌ر عه‌شیره‌ته‌کورده‌کان دا ده‌ڕۆیی ، له وانه موکرییه‌کانی خۆشی، و ده‌کرا چاوه‌ڕیی خۆڕاگری بکرێ له هه‌مبه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتی ئێرانی هه‌م له لایه‌ن کوردانی نیشته‌جێ له نێو ساوجبولاغ و له ده‌وروبه‌ری دا و هه‌ر وه‌ها له لایه‌ن عه‌شیره‌ته‌کورده‌کان له چیاکانی زاگرۆس دا .
له‌و دواییانه‌دا له نێو دانیشتوانی خۆجێی ساوجبولاغ دا بانگه‌شه و دنه‌دان کراوه به قازانجی ناردنی دڵخوازان بۆ یارمه‌تیکردن به ترکییه. برازای قازی فه‌تتاح ، قازی عه‌لی ( له لایه‌نگرانی سه‌رداری موکری ) ئه‌و بانگه‌شه و دنه دانه‌ی ڕێک خست. .... ژماره‌یه‌کی زۆر له دڵخوازانی لادێیه‌که‌ی له گه‌ڵ ترکییه که‌وتن .... ئه‌وان هه‌ژار و برسینه و چاوه‌ڕێی تێههڵینانهوهی خێرا ده‌که‌ن به ڕێگه‌ی تاڵان دا. ئێمه نازانین گه‌لۆ سه‌رداری موکری وشداری پێ داون یان نا. بۆچوونی حاکم هه‌رچۆنێک بێ ، ئه‌من پێم وانییه ئه‌و هێزه چ ده‌سکه‌وتێکی هه‌بێ ، وسه‌رچاوه‌ی گشت ئه‌و بانگه‌شه و دنه‌دانانه له تێکشکانی ئیداریی حاکم دایه.
بانگه‌شه ودنه‌دان له نێو عه‌شیره‌ت دا به ته‌واوی جیاوازه له‌وه‌ی سه‌ره‌وه. ڕیشه‌ی له ترس له زۆرداری و سه‌رکوت کردن له لایه‌ن شاوه دایه‌له ئاکامی کرده‌وه‌ی کۆچه‌ره‌کان له ماوه‌ی داگیرکردنی ترکییه دا ؛ و هه‌ر ئاواش له ترسی به‌خێوکردنی 2000 سه‌ربازی سه‌رداره ، که له خوت و خۆڕایی له سه‌ر سنوورله سندووس ، لاجان ، سه‌رده‌شت و بانه ڕای گرتوون.
له به‌ر تێلگرامێکی نهێنی که له 20ی نۆڤامبر به ده‌ستم گه‌یشت ، له لایه‌ن مه‌ئمووری مه‌راغه‌وه ئاگادار کراوم که چوار بانگهشهدهرکار ده‌که‌ن بۆ کۆنسوولی ترک له کوردستان بۆ هاندانی خه‌ڵکی خۆجێی بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ شه‌ڕی کافران ( جیهاد) بکه‌ون.
ئیاس به هه‌ڵسه‌نگاندنی بارودۆخه‌که له پێگه‌ی سه‌ره‌کی خۆی له ساوجبولاغه‌وه ، ئێستا خۆی له ههوڵیکهوه ده‌گلاند بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ستانه‌که زیاتر شیاوی به‌ڕێوه‌بردن بێ دوای ده‌رچوون و ڕۆیشتنی ترکه‌کان.
No comments:
Post a Comment