وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی؛ به‌ندی 12. وێنه‌ی به‌ڵگه‌یی
وێنه‌کانی گه‌مه‌ی دوایی
ئێران به چاوی دووربینێکی ڕووسییه‌وه 1901- 1914
نووسینی : جان. چالێنکۆ
وه‌رگێڕ : حه‌سه‌نی قازی
به‌ندی 12. وێنه‌ی به‌ڵگه‌یی
ئووت – سێپتامبری 1913
ڕچه‌ی وردی سنووری ئێران له گه‌ڵ ترکییه به ده‌یان ساڵ بابه‌تێکی چاره‌سه‌رنه‌کراو و یه‌کلانه‌کراوه بووه. نه‌خشه‌یه‌کی گه‌وره ، که وه‌کوو کارت ئایدێنتیک باس ده‌کرێ له ساڵی 1869 له لایه‌ن ئێران، ترکییه،ڕووسییه و بریتانیاوه کێشرابووه‌وه، به‌ڵام ئه‌و نه‌خشه‌یه ئه‌وه‌نده نادروست بوو که ئاکامی ئه‌وه بوو ڕووبه‌رێک به پانایی 40 کیلۆمیتر وه‌کوو خاکێکی بڕیار له‌سه‌ر نه‌دراو بمێنێته‌وه. ده‌ستدرێژی جار جاره و پێکدادان له سه‌ر ئه‌و شوێنه گۆیا سنوورییه تا ساڵی 1905 هه‌ر به‌رده‌وام بوو ، کاتێک که ترکییه ده‌ستی به سه‌ر ناوچه‌که دا گرت و به‌شێکی گه‌وره له خاک و که‌وشه‌نی ئێرانی داگیرکرد.دوای په‌یمانی 1907 ی نێوان بریتانیا- ڕووسییه که باکووری ئێران کرا به مه‌ڵبه‌ندی ژێرده‌سته‌ڵاتی رووسییه، ئیدی ئه‌و جۆره سنووربه‌زاندنانه ڕاسته‌وڕاست بووه هۆی جێی سرنجی ڕووسییه‌ش. له ساڵی 1913 دواجار له قوسته‌نته‌نییه رێکهوتنیك کرا بۆ [دامه‌زراندنی] کۆمیسیۆنێکی دیاریکردنی سنووری ترکییه- ئێران، به پشتیوانی ده‌سته‌ی بهریوانیکاری بریتانیایی و ڕووسییهیی، بۆ ئه‌وه‌ی به درێژایی ئه‌و ناوچانه‌دا بگه‌ڕێن که قڕه‌یان له سه‌ر بوو، له که‌نداوی فارسه‌وه تا سنووری رووسییه له نزیک چیای ئاگری، و به ده‌م گه‌شته‌که‌یانه‌وه هه‌موو بابه‌ته کێشاوییهکان به لا دا بخه‌ن.ئه‌و کاره له مانگی دیسامبری ساڵی 1913 دا ده‌ستیپێکرد ، و له‌ماوه‌یه‌کی درێژی ده‌مانگی دا ، شوێنپێی درێژایی گشت سنووره‌که هه‌ڵگیرا و به ئه‌ستوونی کۆنکرێت نیشانه کرا.
نوێنه‌ری ڕووسییه له کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور دا ڤلادیمیر مینۆرسکی بوو که له کاره‌که‌ی خۆی وه‌ک کۆنسوولی گشتی له قوسته‌نته‌نییه مۆڵه‌تی وه‌رگرتبوو. هاوکاره بریتانیاییه‌که‌ی ، کاپیتان ئه‌ی.تی.ویلسۆن بوو ، که ئاوای باس ده‌کا:
" هه‌ر له سه‌ره‌تای کاره‌که‌مانه‌وه ، هۆی سه‌ره‌کی جیاوازی ڕوون کرایه‌وه. ئامانجی ئێمه، به تایبه‌تی ئامانجی من ئه‌وه بوو که ئه‌رکه‌که‌مان زوو ڕاپه‌ڕێنین و ته‌نانه‌ت ڕۆژێکیش بۆ ته‌واوکردنی له کیس نه‌ده‌ین... ئاغای مینۆرسکی په‌له‌ی نه‌بوو. ئه‌و دیپڵۆماتێک بوو ، به‌ڵام زانایه‌کی به‌نێوبانگ و لێکۆله‌ره‌وه‌یه‌کی بهمرخ و دڵگه‌رمی زمانه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌کان و مهردمناسیش بوو.له [دوڕگه‌ی] فاوه‌وه بگره تا [چیای] ئاگری ، بۆ ئه‌و، به‌هه‌شتێکی خاکێکی دهستلێنهدراو بوو. ئه‌و ئێره‌یی به گه‌شته‌کانی پێشووی من ده‌برد و ئه‌منیش ئێره‌ییم ده‌برد به زانایی و تێگه‌یشتنی وی؛ ئه‌و پێی خۆش بوو زانیاری هه‌ره ته‌واو سه‌باره‌ت به ژماره‌یه‌کی زۆر له بابه‌تان وه‌ده‌ست بهێنێ؛ هاوکاره‌کانیشی ( که له‌نێویاندا ئاژهڵناسێکیش هه‌بوو) هه‌ر کامیان ده‌یانه‌ویست له مژاری له‌مه‌ڕ خۆیان بکۆڵنه‌وه. "
ڕه‌نگه هه‌ر به هه‌مان رووحییه‌ی لێکبه‌ستنی ئه‌رکه‌کانی کۆنسوولی و لێکۆڵینه‌وه‌ی مه‌ردمناسی بووبێ کهئیاس گه‌شتێکی یه‌ک مانگه‌ی کرد به درێژایی سنووری ترکییه- ئێران دا که له ئه‌ستانی سابڵا‌غ هه‌ڵکه‌وتبوو. ئامانجی سه‌ره‌کی وی ڕێخۆشکردن و هاسانکاری بوو بۆ کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور ، که چه‌ند مانگ دواتر به دووی وی‌دا ده‌چوون. ئیاس نه‌خشه‌ی گه‌وه‌ی ئه‌و شاخانه‌ی ده‌کێشاوه که ئه‌و دوو وڵاته‌ی به به‌کتری ده‌به‌سته‌وه ، له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ده‌کۆڵییه‌وه که ئه‌ندامانی کۆمیسیۆن به‌ره‌وڕووی ده‌بن و زانیاری کۆ ده‌کرده‌وه سه‌باره‌ت به عه‌شیره‌ته جۆر به جۆره‌کان که له سنووری خۆڕسکی نێوان ئه‌و دووڵاته دا جێگیر ببوون.له هه‌مان کاتدا ئه‌و گه‌شته ده‌رفه‌تێکیش ده‌بوو بۆی بۆ درێژه‌دان به‌و دیالۆگه‌ی له گه‌ڵ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی هه‌رێمه‌که دا دایمه‌زراندبوو.ئیاس ده‌یزانی که ئه‌گه‌ر ترکییه بییه‌وێ خاکه‌که داگیربکاته‌وه، کهبهنابهدڵی دابوویه‌وه ده‌ست ئێران ، ده‌بێ به‌وردی داگیرکردنه‌وه له‌و هه‌رێمه شاخاوییانهوه ده‌ست پێبکاته‌وه که له‌وێ پشتیوانی هه‌ره چالاکی کوردی له گه‌ڵ بوو.
ئه‌و گێڕانه‌وه به وردهڕیشاڵهی ئیاس سه‌باره‌ت به‌و گه‌شته‌ی نووسیوه به قووڵی جیاوازه له گوزاریشته مانگانه‌کانی بۆ سه‌نت پێترزبورگ. گوزاریشته‌کانی بریتین له هه‌ڵسانگاندنی شه‌خسی نهێنی له‌مه‌ڕ خه‌ڵک و ڕووداوه‌کان. ئه‌م گوزاریشته‌ی ئێستا بۆ کۆمیسیۆنی سنوور نووسراوه بۆیه ده‌کرا له لایه‌ن هه‌رکه‌س که بییه‌وێ بخوێندرێته‌وه.ئه‌و گوزاریشته به شێوازی "مارشێ ڕووت " [ گوزاریشتی رێگه - وه‌رگێڕ ] نووسراوه و لانی زۆری زانیاری جوگرافیایی تێدایه و له سه‌ر پێوه‌ندییه‌کانی شه‌خسی ئیاس له گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له ڕێگه تووشیان هاتووه به ته‌واوی بێده‌نگه ، به تایبه‌تی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی مه‌نگوڕ، مامه‌ش و پیران .
له ساڵی 1915 دا گۆڤاری نیوه ڕه‌سمی وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه دوای مه‌رگی ئیاس ئه‌و گوزاریشته‌ی بڵاو کرده‌وه ( بڕوانه په‌یوه‌سی 111 ). له سه‌ره‌تای بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م گوزاریشته دا مهرگنامهیهک به په‌راوێزه‌وه له لایه‌ن مینۆرسکی یه‌وه نووسراوه ، که ده‌یسلمێنێ کۆمیسیۆنی دیاریکردنی سنوور که‌لکی له‌و گوزاریشته وه‌رگرتووه؛ ئه‌و گوزاریشته‌ی ئیاس گه‌ڵاڵه‌ی نه‌خشه‌یه‌کی ئه‌و شوێنانه‌ی پێیاندا تێپه‌ڕیوه و 27 وێنه‌ی ژێر نووسراوی له‌گه‌ڵه. وه‌کوو گوزاریشتی نووسراو ، وێنه‌کانیش به مه‌به‌ستی دانی زانیاری کێشراون: دێیه‌که دیمه‌نی ئاوایه ، ئه‌وه ئه‌و خه‌ڵکانه‌ن تووشیان هاتین ، گه‌وه‌ی چیاکانی نێوان ئێران و ترکییه ، ئۆردووگه‌که‌مان ، قازاخهکانم، و هتد.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، که ئه‌و وێنانه له جێ‌دا بۆ یارمه‌تیدانی ڕێبواری دابێ بوون ، له به‌ر ئه‌وه‌ی که وێنهكێشهکه حه‌ساسییه‌تێکی زۆری نیشان داوه بۆ چۆنیه‌تی ئه‌و بابه‌تانه‌ی وێنه‌ی کێشاون ، زۆربه‌یان وێنه‌ی جوانیی زۆر گه‌وره‌شن .
سه‌فه‌ر بۆ ڕۆژئاوای کوردستانی ئێران 2ی ئووت – 2ی سێپتامبری 1913
[ 13ی ئووت – 15ی سێپتامبری 1913 ]
کۆلۆنیڵ ئالێکساندر ئای. ئیاس ( کۆنسوولی پێشوو له ساوجبوڵاغ).
له 13ی ژووییه ، ئه‌من ڕاسپێردرام و ناردرام بۆ سنووری ترکییه- ئێران بۆ لێکۆڵینه‌وه، که به‌شێکی له چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی من دایه. له‌و گه‌شته دا پۆلێکی چه‌کداری سه‌ر به هه‌نگی سونجێنسکۆی – ڤلادی قه‌وقازم له گه‌ڵ بووکه له 50 که‌س پێک هاتبوو، له‌وانه 30 قازاخ له ژێر سه‌رۆکایه‌تی خورونجی[ئه‌فسه‌ر ] زۆڵۆتاریێڤ. ستوونهکهمان 16 وڵاغی پێ بوو ، له‌وانه 5یان گوله ، نان و شتوومه‌کی ستوونه‌که‌یان لێ بار کرابوو .11که‌ی دیکه‌ش چادر،خواردن و که‌لوپه‌لی پێویستی ئه‌و ڕاسپاردهیهیان هه‌ڵگرتبوو.
بۆ داڕشتنی گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌و گه‌شته ، من له پێشدا، حه‌ولم دا تا ئه‌وجێیه‌ی نه‌بوونی ڕێ و ڕێپێڵگه له هه‌رێمی سنوور ڕێگه‌ی پێده‌دام، خۆم له چوونی ئه‌و ناوچانه بپارێزم که ئه‌وه‌نده‌ی پێویسته پێیان زاندراوه و پێشتر لێکۆله‌ره‌وه‌ی دیکه سه‌ریان لێداون؛ و خاڵی دووه‌م ئه‌وه بوو رێگه‌ی خۆم بخه‌مه گه‌وه‌کانی شاخی سنوور که له‌وێ ترکییهله گه‌ڵ خاکی ئێران تێکه‌ڵ ده‌بێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ کۆچه‌ره‌کان قسه بکه‌م له نێو خه‌ڵکی ڕه‌سه‌نی ئێران و ترکییه بۆ ئه‌وه‌ی لێیان پرسم ئه‌وان سنوور به کوێ داده‌نێن.
*****
هه‌ڵێنجاوه‌ی 1. رێگه‌مان به‌ره‌و سنووری ترکییه .
ده‌سته‌که له 2ی ئووت وه‌ڕێ که‌وت و له باکووری ڕۆژهه‌ڵاته‌وه به ڕێگه‌ی شێخ مارف و ناوچه‌ی سندووس دا که زۆربه قه‌ره‌په‌پاغی لێ نیشته‌جێن به‌ره‌و سنووری ترکییه چوو. له 3ی ئووت ئه‌وان گه‌یشتنه چیانه.
له نیوه‌ی ڕێیه له نێوان نه‌غه‌ده و چیانه دا ، له‌لایه‌ن سه‌رۆکی چیانه ،ئه‌میر توومان [ سه‌رله‌شکر ] نه‌جه‌فقوڵی خانه‌وه پێشوازی کراین ، که 15 سواری له‌گه‌ڵ بوو، و که گه‌یشتینه شاردێیهکه، عیساییه‌کانی خۆجێیی بۆ به‌خێرهێنانمان له درێژایی رێگه دا ریزیان به‌ستبوو، و گا پیره‌یه‌کیان کردبووه گاوگه‌ردوون. ئه‌میرتوومان ، که لایه‌نگرێکی ترکانه ، ده‌رکه‌وت ئێنسانێکی زۆر مێهره‌وانه و شوێنێکی زۆر باشی له سه‌ر ئێمه دانا. ئێمه له مێشه‌ی به‌ر ماڵه‌کانی چیانه خێوه‌تمان هه‌ڵدا. ئه‌و شیوێکی زۆر چاکی دا به ئێمه و گشت کاروانه‌که.
****
5ی ئووت . ڕۆژێک له شێخان حه‌ساینه‌وه، له‌وێ زانیاریمان سه‌باره‌ت به سنوور و رێگه‌کان به‌ر به کێله‌شین کۆ کرده‌وه. به له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که دوو ڕۆژ پێشتر له دێی دزه‌ی حاجی خان ( له ناوچه‌ی دۆڵ له قه‌راغه‌کانی ده‌ریای ورمێ) تێکهه‌ڵچوونێک له نێوان کۆچه‌ره‌کانی سورچی ، که چووبوون بۆ ده‌ریا بۆ هێنانی خوێ، و دانیشتوانی ئه‌و دێیه ڕوویدابوو، ئه‌من له‌وباوه‌ڕه دابووم پێویست ده‌کا یه‌كێک له کورده خۆجێییه‌کان بنێرمه لای سه‌رۆکی ئه‌و عه‌شیره‌ته ، که‌ریم خان ، بۆ ئاگادار کردنی له‌گه‌یشتنی خۆمان بۆ کێله‌شین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ته‌که‌ی نه‌ترسن و وانه‌زانن که گه‌شته‌که‌ی ئێمه بۆ سزا دانیانه.
6 ی ئووت . له سه‌عات 6:40 ده‌قیقه به‌ره‌و کێله شین وه‌ڕێ که‌وتین. کاروانه‌که به‌ره‌و باشوور، واته گۆرانگێ چوو که وامان دانابوو شه‌وێ له‌وێ بمێنینه‌وه. ڕێگه‌که بهربهژوور هاوته‌ریبی خوشینی چۆمی ئالهکانه، که لکێکه له چۆمی گاده‌ر، و سه‌رکه‌وتن له دۆڵه‌که به ڕێژه هاسان بوو به‌ڵام هه‌تا پێشتر ده‌چووین رێگه‌که ده‌بووه به‌رده‌ڵان و بڕکردنی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ی دژوار ده‌کرد.
دوای پێنج ڤێرست ڕۆیشتن ، گه‌یشتینه دێی پچووکی دوو ڕوو له پنکتی تێکه‌ڵ بوونه‌وه‌ی روودبارێ سێفید [' چۆمه سپی ' ئه‌وه سه‌یره له وه‌رگێڕان له ڕووسییه‌وه بۆ ئینگلیسی ئه‌و نێوه به فارسی نووسراوه- وه‌رگێڕ ] و چۆمی ئاله‌کان، دوای ئه‌وه ده‌ستمان کرد به وه‌سه‌رکه‌وتن له شاخی. به وه‌سه‌رکه‌وتن و گه‌یشتنی دونده‌که‌ی ، پێشتر چووین، به‌لای کۆچه‌رانی سورچی دا تێپه‌ڕین که له ده‌ریاچه‌ی ورمێ ڕا ده‌هاتنه‌وه و خوێیان له وڵاغه‌کانیان بار کردبوو. دوایه چووین و له ئۆردووگه‌ی کۆچه‌ره‌کان ، کاروانی –مه‌رگه دابه‌زین ، و له‌وێ چاومان به که‌ریم خان ، سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی سورچی که‌وت. بوونی ئێمه له‌وێ به‌پرسیارییه‌کی زۆری له نێو کۆچه‌ره‌کاندا ورووژاند که له ده‌ورمان کۆببوونه‌وه و به دووغ "دۆ " که تێکه‌ڵاوێکه له شێری ترش و ئاو میواندارییان لێ‌کردین. که‌ریم خان له ئۆردووگه‌ی کۆچه‌ره‌کانه‌وه له گه‌ڵمان هات بۆ تێپه‌ڕگه‌ی چیای کێله‌شین. له ئۆردووگهوه به‌ره‌و دۆڵێکی قووڵ هاتینه خۆاره‌وه و دوایه به‌زه‌حمه‌ت له چیاکه سه‌رکه‌وتین. دوای تێپه‌ڕبوون به چه‌ند تیغه‌ره‌ی چیا دا گه‌یشتینه ده‌شتاییه‌ک که گیا دای پۆشیبوو، مه‌لا شینه، سه‌عات 10 له‌شوێنی کانی جوانی کانی سه‌ید بۆ حه‌سانه‌وه‌یه‌کی کورت ڕاوه‌ستاین.له مه‌لا شینه‌وه ، رێگه به‌ره به‌ره به‌ره‌وژوور ده‌چوو ڕووه‌و گه‌وه‌ی شاخی، که ئێمه له سه‌عات 11.20 ده‌قیقه گه‌یشتینه ئه‌وێ. له‌وێ ئه‌و شوێنه‌واره کهونارایهمان دی که به خه‌تی بزماری نووسراوه. ئه‌و زانیارییانه‌ی که سه‌باره‌ت به‌و شوێنه‌واره له بیره‌وه‌رییه‌کانی چیریکۆڤ دا هاتووه وه‌نه‌بێ هه‌مووی ڕاست بن. ئه‌و شوێنه‌واره له کێلێکی به‌ردین پێک هاتووه که 2.5 ئارشین [یه‌ک میتر و هه‌شت میلیمێتر ] به‌رزه و
13 ڤه‌رشۆک [ 60 سانتی میتر ] پانه و 6 ڤه‌رشۆک [ 30 سانتی میتر ] ئه‌ستووره، لای تیژایی کێله به‌رده‌که به‌ره‌و خواره‌وه کشاوه‌ته نێو کونێکه‌وه له سه‌ر به‌ردیك که ته‌خت داندراوه ، و ئه‌ندازه‌ی 10 ڤه‌رشۆک [45 سانتی میتر ] له 1 ئارشین [ 0.7 میلی میتر ] له 13 ڤه‌رشۆک [ 60 سانتی میتر ] دایه. هه‌ڵکه‌ندراوه‌کان له سه‌ر هه‌ر دوو به‌ری کێله‌که [ به هالدیکی و ئاسۆری ، سه‌ده‌ی 9ی به‌ر له عیسا] خوێندنه‌وه‌یان دژوار بوو.
له گه‌وه‌ی چیاکه‌وه دیمه‌نێک به‌ره‌و باشوور به‌ره‌و چیای سیاکێو ده‌رده‌که‌وێ و به‌ره‌و باشووری ڕۆژهه‌ڵات دونده‌کانی درێژ و به‌رزی ڕشته کێوی سپی ڕێز وه‌به‌رچاو دێن که له زۆر جێگه دا به‌فر دایپۆشیون. به‌ره‌ولای ڕۆژاوا پانورامای چیای ئامێدی خۆی ده‌نوێنێ.
که‌ریم خان دوای ئه‌وه‌ی نانی به‌یانی له گه‌ڵ خواردین ، گه‌ڕاوه چادره‌که‌ی خۆی. له سه‌عات 1:30 به‌ره‌و گۆرانگێ وه‌ڕێ که‌وتین. ئه‌من پێشنیارم کرد ده‌بێ به پێچکردنه‌وه به ده‌وری چیاکانی سپی ڕێز و سوڵتانی دا له ڕۆژاوا و باشووره‌وه بڕۆین ، به‌لام شاره‌زاکه‌مان ، کوێخای دێی شێخان ، ئه‌حمه‌د مامه‌ش ، دڵنیای کردم که به‌ره‌و ئه‌و ئاراسته‌یه‌ی من ده‌یڵێم چ ڕێگا نینه‌و به ڕێپێڵگه‌یه‌کی ته‌واو جیاواز به نێو شاخی دا ڕێنوێنی کردین ، که له شێخان نزیکتر بوو. ڕێگه‌که هه‌تا بڵێی ناخۆش بوو. نه‌جه‌ف قوڵی خان و کورده‌کان ، که به ئاسایی قه‌ت له ئه‌سپه‌کانیان دانابه‌زن، ناچار بوون چه‌ندین جار بێنه خواره‌وه و دابه‌زن. له سه‌عات 2:40 له کانی ژن بۆ جاری دووه‌م له‌و ڕۆژه دا له ڕوودبارێ سێفید !!! [ مه‌به‌ست چۆمه سپی یه - وه‌رگێڕ ] په‌ڕینه‌وه، که ئاوه‌که‌ی سه‌ربه‌ره‌وژێر له بافلانهوه شۆڕ ده‌بێته‌وه و ده‌خوشێ. له سه‌عات 5له چۆمی مند په‌ڕینه‌وه که لکێکه له چۆمی لاوێن و دواجار له سه‌عات 6 گه‌ێشتینه ئۆردووگه له دێی گۆرانگێ ( 2020 میتر به‌رزه) و له‌وێ چاومان که‌وت به سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی مامه‌ش ، قه‌ره‌نیاغای مامه‌ش، که
پێی ڕاگه‌یاندم له ڕاستیدا رێیه‌کی جیاوازی دیکه له کێله‌شینه‌وه به‌ره‌و گورانگه هه‌یه، که ئه‌وه بووه هۆی تووڕه‌یی من : له سپی ڕێزه‌وه به‌ره‌و سامه و دوایه به گرده پسکان ، چۆمی گهردئاشهوان ، بهردهنهری، قه‌بری مار و باییزبهگ دا. له‌و ڕۆژه دا ، ئێمه له شێخانه‌وه ته‌نێ 46 ڤێرست ڕیگه‌ن بڕێ.
7ی ئووت . ئێمه له وارگه‌ی گورانگێ له دۆڵی ئهوچیایهی که چۆمی مندی پێدا دێ و له بناره‌کانی کێوی سوڵتانی لامان دا و حه‌ساینه‌وه.نزیکه‌ی سه‌عات 12 بۆ ماوه‌ی سه‌عاتێک باران باری و بایه‌کی توند هه‌ڵی کرد و چادرکانی له جێ هه‌ڵکه‌ند. من چوومه دیداری قه‌ره‌نیاغا له چادره‌که‌ی که له‌وێ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی عه‌شیره‌تی مامه‌ش به‌ڕێوه بوو. له‌وێ چاوم به سه‌رۆکی خێڵی خه‌یلانی ،حاجیاغاش که‌وت که له ترکییه‌وه هاتبوو [مه‌به‌ست له باشووری کوردستانه که ئه‌و ده‌مه له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئیمپراتۆری عوسمانی دا بووه - وه‌رگێڕ ]
ئه‌و ئاگاداری کردم که ئه‌م عه‌شیره‌تانه‌ی خواره‌وه‌ی ترکییه [باشووری کوردستان – وه‌رگێڕ ] هاوێنانه دێنه داوێنه به‌رزه‌کانی چۆمی لاوێن :
1- خه‌یلانی ، به سه‌رۆکایه‌تی حاجیاغا به 300 تاوڵه‌وه؛ 2- باڵه‌کی – به‌رازان به سه‌رۆکایه‌تی بابه‌کراغا به 60 تاوڵه‌وه ؛ 3- باڵه‌کی – سهرهشمهیی به سه‌رۆکایه‌تی برایماغا به 35 تاوڵه‌وه ؛ 4- شێخ مه‌مه‌د، به سه‌رۆکایه‌تی هه‌مزاغای مامه‌ش به 60 تاوڵه‌وه ؛ و 5- مه‌نتک، به سه‌رۆکایه‌تی فه‌قێ مسته‌فا به 30 تاوڵه‌وه . گشت ئه‌وانه بۆ به‌کارهێنانی له‌وه‌ڕ دراو ده‌ده‌ن به سه‌رۆك عه‌شیره‌تی مامه‌ش، 5 یا 6 قران (یه‌که‌ی دراوی)یان به دانی مه‌ڕێک بۆ هه‌ر تاوڵێک یان ده‌و و دووی حاسڵاتیان ،ئه‌گه‌ر له ماوه‌ی به‌هارێ دا داچێندرابن. به بۆچوونی ئه‌وان ، سه‌رچاوه و به‌رزاییه‌کانی لاوێن له ژێر کۆنترۆڵی ئێران دایه و موڵکی عه‌شیره‌تی مامه‌شن. تا ئه‌وجێیه‌ی ئه‌وان وه‌بیریان دێ ، سنووری نێوان ترکییه و ئێران هه‌میشه بریتی بووه له ئه‌م چیا و ته‌شک و داوێنانهی خواره‌وه:
کێله‌شێن ، سامه ، سیا کێو ، گهروهماوه ، گڵه‌زه‌رد ، چیهیدهره، جوناڵ، میلان ، به‌رزین و تێغه‌ی کێوی کۆنهبهران : کێوی له‌ندی شێخان، کووچهکهڵان هه‌تا شاخه‌کانی قه‌بری ههندوو.
ڕۆژی دواتر من بڕیارم دا بچمه گه‌وه‌ی کێوی گڵه‌زه‌رد، که له نه‌خشه دا به هه‌ڵه به زه‌رده‌گه‌ل نێوزه‌د کرابوو. ئه‌من ده‌بێ بڵێم کاتێک له کورده‌کانم پرسی کێوی زه‌رده‌گه‌ل له کوێ یه، ئه‌وان پێیان سه‌یر بوو و دڵنیایان کردم کێوێکی ئاوا نییه، دواجار ، ده‌رکه‌وت ئه‌وه هه‌ڵه‌ی نهخشهگرهکه بووه و ئه‌و کێوه‌ی باسی کردووه گڵه‌زه‌رد ه . قه‌ره‌نیاغا ئاماده‌یی خۆی نیشان دا له‌گه‌ڵمان بێ بۆ گڵه‌زه‌رد ، و حاجیاغای عه‌شیره‌تی خهیڵانیش به‌ڵێنی داینێ له نێو ده‌ستوپێوه‌ندی خۆی دا شاره‌زای جێی باوه‌رمان له‌گه‌ڵ خا.
هه‌ڵێنجاوه‌ی 2 . دیدار له گه‌ڵ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی مامه‌ش ،
پیران و مه‌نگوڕ
له مانگه‌کانی وه‌رزی هاوین دا عه‌شیره‌ته کورده‌کان دهچنهکوێستانان ، و ئێستا ئیاس چاوی به هه‌مان ئه‌و سه‌رۆکانه ده‌که‌وێته‌وه که له‌وه‌تا هاتنی بۆ سابڵا‌غ سه‌روکاری له‌گه‌ڵیان بووه: ئامۆزا مامه‌شه‌کان هه‌مزاغا و قه‌ره‌نیاغا، که ئه‌و له مانگی دیسامبری ساڵی 1912 دا حه‌ولی دا ئاشتیان کاته‌وه، سه‌رۆک عه‌شیره‌تی پیران ، حه‌مه‌ده‌مین ئاغا ، که له مانگی ئاوریلی 1913 دا بڕیاری دابوو له گه‌ڵ باپیراغای مه‌نگوڕ بکه‌وێ به دژی ئامۆزاکه‌ی باییزپاشای مه‌نگوڕ، و باییز پاشا خۆی ، که له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌يشدا لایه‌نگری ترکان بوو، ئێستا له‌ژێر پارێزگاری کۆنسوولخانه‌ی ڕووسییه دا بوو. هیچکام له‌و سهرلهپێناویانه، یان ئه‌و ڕاستییه‌ی که ئیاس خۆی له نزیکه‌وه قاره‌مانانی چیرۆکه‌که‌ی ده‌ناسی له‌و ریوایه‌ته‌ی ئێستا دا ده‌رناکه‌ون ، ئه‌گه‌رچی هێندێک له وێنه‌کان چیرۆکی خۆیان ده‌گێڕنه‌وه.
9ی ئووت . له سه‌عات 11:50 ده‌قیقه مشکان مان به‌جێ هێشت و له چۆمی کونه گورگ په‌ڕینه‌وه که سه‌رچاوه‌ی له کێوی کۆنهبهرانهوهیه، داكشاین بۆ دۆڵی لاوێن، که ئه‌وه‌ش ده‌گاته ئه‌وجێیه‌ی که رێگه‌ی به‌ره‌و خانێ لێ ده‌بێته‌وه، که وامان دانابوو شه‌وی دواتر له‌وێ دابه‌زین. به فه‌رمانی قه‌ره‌نیاغای مامه‌ش ، که‌له‌گه‌ڵمان هات بۆ خانێ، سواره‌ی عه‌شیره‌تی مامه‌ش له سه‌فه‌ره‌که‌مان دا له‌گه‌ڵمان که‌وتن. له سه‌عات 4 گه‌یشتینه زه‌رگه‌ته‌ن و له‌وێ چاومان به سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی پیران ، حه‌مه‌ده‌میناغا که‌وت ،که له دڵه‌وه بانگهێشتنی کردین له شیناوێ لاده‌ین . من ئه‌و بانگهێشتنهم وه‌دوایه داوه به‌ڵام داوام لێکرد له جیاتیان خۆراکمان بۆ بێنێ بۆ
ئه‌و شوێنه‌ی که ڕێگه‌ی به‌ره‌و خانێ لێده‌بێته‌وه. ئێمه سه‌عات 5 گه‌یشتینه خانێ . به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی وام پلان کردبوو بۆ به‌یانی سه‌ری تێپه‌ڕگه‌ی کێوی زینوی شێخی بده‌م ، داوام له حه‌مه‌ده‌میناغا کرد بۆ به‌یانی بێ بۆ ئۆردووگه‌که‌مان و له‌و سه‌ردانه دا شاره‌زامان بێ. ئه‌و به‌دڵه‌وه ئه‌و داوایه‌ی په‌ژراند . مه‌ودای نێوان مشکان و خانێ 22 ڤێرست بوو .
11ی ئووت. به‌یانی زوو هه‌مزاغای مامه‌ش هات بۆ ئۆردووگه‌که‌مان . ئه‌و به بێ سه‌رپه‌نا له کێوه‌کانی کۆدۆ و کازهنان له ده‌وری گومبه‌زی شێخی باڵه‌ک به جێ مابوو. له مانگی مارسی 1913 دا ، قه‌ره‌نیاغای ئامۆزای له وارگه‌ی گردک سپیان ده‌ری په‌ڕاندبوو ، و له گه‌ڵ شوێن و وارگه‌ی دیکه‌ی هه‌مزاغا ، که ئی بابی و براکانی بوون ، ئێستا ده بن کۆنترۆڵی قه‌ره‌نیاغا دا بوون. هه‌مزاغا حه‌وت برای خۆی له‌گه‌ڵ بوون . هه‌موویان داوایان لێکردم یارمه‌تییان بده‌م بۆ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ماڵ و موڵکیان له قه‌ره‌نیاغای مامه‌ش. پێشتر بابیان ، کاک سوله‌یمان ئاغا ، به داوخوازێکی ئه‌وتۆ وه هاتبووه لام له شێخان. له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، ئه‌من وام لێک داوه له به‌رژه‌وه‌ندیم دانییه له‌و کێشه‌یه‌وه بگلێم.هه‌مزاغا و براکانی سه‌رنه‌که‌وتن پێملم که‌ن ، به‌و هیوایه‌ی پێکێشییان دواجار ئه‌من دێنێته ڕه‌دایێ، بڕیاریان دا له گه‌ڵمان بکه‌ون و له ژماره‌ی کاروانه‌که‌مان زیاد که‌ن که ئێستا زۆر گه‌وره ببووه‌وه، و ته‌نانه‌ت ئه‌منیش وه‌کوو " غه‌ریبه‌ی جێی ڕێز " سه‌ره‌رای هه‌موو حهولهکانم ، نه‌متوانی پێشیان پێبگرم بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵمان نه‌یێن.
له سه‌عات 9 به‌ره‌و ترکه‌ش ، شوێنی مانه‌وه‌ی باییزپاشا وه‌ڕێ که‌وتین، که به بیستنی خه‌به‌ری هاتنی ئێمه بۆ خانێ، دوو له‌کوڕه‌کان و برازایه‌کی خۆی ناردبوو بۆ دیتنمان. حه‌مه‌ده‌میناغای پیران بڕیاری دا له گه‌ڵمان بێ بۆ سه‌ر چۆمی بادیناوێ که خاکی پیران له که‌وشه‌نی مه‌نگوڕان جوێ ده‌کاته‌وه. ئه‌و زۆری پێخۆش بوو له گه‌ڵ باییزپاشای مه‌نگوڕ ئاشت بێته‌وه ، که له مانگی ئاوریلی ڕابردوو دا ماڵ وموڵکی لێ تاڵان کردبوو و ئاوری تێبه‌ردابوو، به پێی فه‌رمانی ته‌ورێز و له ترسی ئه‌وه‌ی که شوجاعوده‌وله لێی تووڕه بێ بێتوو گوێڕایه‌ڵی نه‌کا و قه‌ره‌نیاغای مامه‌ش به دوژمنی خۆی دابنێ. من نسحه‌تم کرد گشت ئه‌وانه بخاته سه‌ر ئه‌ستۆی من و له که‌س نه‌ترسێ ، و له گه‌ڵمان بێ بۆ ترکه‌ش ، وله‌وێ له گه‌ڵ باییزپاشای مه‌نگوڕ ئاشتیان ده‌که‌مه‌وه.
***
له سه‌عات 2 ئێمه پێشتر چووین و له چۆمی بادیناوێ په‌ڕینه‌وه ، که سه‌رچاوی له قه‌ندیلی گه‌وره‌وه لووزه‌و ده‌به‌ستێ و درژێته نێو چۆمی لاوێن، که دوای تێکهڵبوونهویان پێی ده‌گوترێ زێ یان چۆمی که‌ڵوێ. له به‌ری ڕاستی چۆمی بادیناوێ، سه‌د سواره‌ی مه‌نگوڕ به سه‌رۆکایه‌تی باییزپاشا چاوه‌ڕێیان ده‌کردین . دوای سڵاو و چاکووخۆشی له سه‌ر گه‌شته‌که‌مان به‌رده‌وام بووین. له سه‌عات 2:45 گه‌یشتینه وارگه‌ی بێکۆس و ڕووبارێک هه‌ر به هه‌مان نێو که ده‌ڕژێته نێو زێ. له‌وێ بۆ نێوسهعاتێک له تاوڵی قادری باپیراغای مه‌نگوڕ مامی باییزپاشا لامان دا و چامان خوارده‌وه. له سه‌عات 3:45 له چۆمی ئاوههوار په‌ڕینه‌وه ، که لکێکه له زێ ، و له سه‌عات 5 ، له چۆمی ترکه‌ش په‌ڕێنه‌وه که ئه‌ویش ده‌ڕژێته نێو زێ. له سه‌عات 5:20 گه‌یشتینه ئۆردووگه‌ی باییزپاشای مه‌نگوڕ (1،440 میتر ) ، و له خانێ وه تا ئه‌وێ 24 ڤێرستمان بڕیبوو.
12ی ئووت . ئێمه ڕۆژێک له ترکه‌ش حه‌ساینه‌وه، و له‌وێ چاومان به ده‌سته‌یه‌کی گه‌وره له مه‌نگوڕان و تیره‌ی کاده‌روێشان که‌وت له‌وانه خزم و پشتیوانانی باییز پاشا که له ترکه‌ش کۆ ببوونه‌وه به بۆنه‌ی هاتنی ئێمه. حه‌مه‌ده‌میناغای پیران دوای ئاشت بوونه‌وه له گه‌ڵ باییز پاشا ، پاش خواردنی نانی نیوه‌ڕۆ ماڵاوایی لێ‌کردین و گه‌ڕاوه بۆ کۆنه لاجان.
ڕۆژی دواتر بڕیارمان دا هه‌رێمی وه‌زنێ به‌سه‌ر بکه‌ینه‌وه ، ئه‌گه‌رچی هیوامان بۆ ئه‌وه زۆر گه‌وره نه‌بوو چونکوو ترکه‌کان له 2ی ژووه‌نی ساڵی 1913 وه ده‌ستیان به سه‌ر ئه‌و هه‌رێمه دا گرتبوو. ده‌نگۆی ئه‌وه بڵاو ببووه‌وه که ئه‌وان به‌ره‌و پێشتر هاتوون و دێ و وارگه‌ی ئاڵوه‌تان یان داگیر کردووه که ئی باییزپاشای مه‌نگوڕه . له به‌ر ئه‌وه‌ی که دنه‌ی من بۆ ئه‌و گه‌شته به ته‌واوی هێمنانه بوو ، بڕیارم دا حه‌ول بده‌م بۆ پێوه‌ندی کردن به پۆستی ترکه‌وه به بێ ئه‌وه‌ی هیچ جۆره قڕه و کێشه‌یه‌ک بورووژێنم.
13ی ئووت . به‌ر له‌وه‌ی وه‌ڕێ که‌وین ، هه‌مزاغای مامه‌ش و براکانی دیسان ده‌ستیان کرده‌وه به تکاو ره‌جا له‌من بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ماڵ و موڵکیان . سه‌ره‌ڕای گه‌وره‌یی نواندن و میوانداری باییزپاشا و کاده‌روێشه‌کانی دیکه، ئه‌من گوێم به قسه‌یان نه‌بزووت و داوام لێکردن ئیدی له پاشماوه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌مان دا زه‌حمه‌تی له‌گه‌ڵ بوونمان به خۆیان نه‌ده‌ن ، چونکوو ئه‌و کاره‌یان له ڕێز و حورمه‌تیان له چاوی پشتیوانه ترکه‌کانیان دا که‌م ده‌کاته‌وه . و پێم گوتن جێبه‌جێکردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به دانی پێشکێشی و دیاری که شێوه‌ی جووڵانه‌وه‌ی ئاسایی ئێرانییه زۆر کاریگه‌رتر ده‌بێ، و دوای ئه‌وه بێ شک و گومان قه‌ره‌نیاغا ماڵ و موڵکه‌کانیان ده‌داته‌وه.
هه‌ڵێنجاوه‌ی 3 . ده‌ستگێڕانه‌وه له ڕووداوه‌کانی سه‌ر سنوور له گه‌ڵ ترکان
له ماوه‌ی گه‌شته‌که‌ی دا ، ئیاس به شێوه‌یه‌کی ڕێک وپێک هه‌ڵکه‌وتی وردی پنکتهکانی سنووری نێوان ئێران وترکییهی به سهردهکردهوه ، ولهڕاپهڕاندنی ئه‌و کاره دا له چه‌ندین بۆنه دا تووشی یه‌که‌کانی نیزامی ترک هات،که هێزی خۆیان هێنابووه پێشه‌وه و که‌وتبوونه نێو ئه‌و خاک و که‌وشه‌نه‌ی که به ئاسایی به خاکی ئێران ده‌زاندرا.
13ی ئووت. له سه‌عات 10:45 ئێمه به‌ره‌و چۆمی زێ داکشاین له خواره‌وه‌ی شوێنی تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ ڕووباری چاکه و بۆ ماوه‌یه‌کی کورت له قه‌راغ چۆمه‌که پشوومان دا. له ماوه‌ی 40 ده‌قیقان دا گه‌یشتینه چۆمی حه‌یده‌راوا و لێی په‌ڕینه‌وه، دوای ئه‌وه به کێوێک دا هه‌ڵکشاین و سه‌عات 12 به‌ره‌و دۆڵی گۆرهومهڕ داکشاین ، و له‌وێ دوو کوردمان دی که پێیان ڕاگه‌یاندین ترکه‌کان پۆسته‌کانی خۆیان هێناوه‌ته پێشه‌وه بۆ دووبڕه بۆ ئه‌وه‌ی پێش به ئێمه بگرن و نه‌یه‌ڵن بگه‌ینه ئاڵوه‌تان و وه‌زنێ. باییزپاشای مه‌نگوڕ و تاجر باشی، ناجی ئاغا کازمۆڤ ، که له‌گه‌ڵ کاروانه‌که‌ی ئێمه بوون ، بۆ تاقیکردنه‌وه رێگه وه‌پێش که‌وتن ، دوای ئیستێکی کورت ، ڕچه‌ی ئه‌وانمان گرت . دوای ههڵكشانێکی دوورودڕیژ و داکشانێکی هاسان ، گه‌یشتینه دووبڕه
، و له‌وێ پاشماوه‌ی گه‌شته‌که‌مان پێشی پێ‌گیرا له لایه‌ن چوار قه‌ره‌وڵی ترکه‌وه که خۆیان له نێو داره‌کانی بناری کێوی تاقه‌ت کردبوو و هه‌رکامیان 10 هه‌نگاو دوورتر له‌وی دیکه‌یان دامه‌زرابوو. باییز پاشا و تاجرباشی له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رێکی ترک که سواری ئه‌سپێک ببوو ، شه‌یپوورژه‌نێک و پێنج عه‌سکه‌ری پیاده هاتنه‌وه لامان.
ئه‌فسه‌ره‌که له ئه‌سپه‌که‌ی دابه‌زی و خۆی ناساند؛ یووزباشی [کاپیتان]
ڕه‌شید ئه‌فه‌ندی ، سه‌رۆکی پۆستی سنوور له وه‌زنێ. کاتێک ئه‌من لێم پرسی بۆچی قه‌ره‌وڵه‌کانی ترک لێره دامه‌زراون ، یووزباشی پێی گوتین ئێره سنووره و ئه‌و فه‌رمانی پێدراوه نه‌هێڵێ ئێمه بچینه نێو خاکی ترکه‌وه. ڕه‌شید ئه‌فه‌ندی لێی زیاد کرد وه‌کوو مایه بۆ دانانێک ، ده‌توانێ به ته‌نێ ڕێگه بدا به من به هاورێیه‌تی سێ یان چوار که‌س تێپه‌ڕم ، به‌ڵام کاروانه‌که و قازاخه‌کان ده‌بێ یان له پۆستی سنووری بمێننه‌وه یان بگه‌ڕێنه‌وه دوایه. له وڵام دا ، ئه‌من به ڕهشیدئهفهندیم گوت ته‌نێ له‌گه‌ڵ گشت ئه‌وانه‌ی له گه‌ڵمن ده‌چمه نێو خاکی ترکه‌وه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باییز پاشای مه‌نگوڕ پێی وابوو که له‌قه‌بی پاشا زۆر گرینگه ، ده‌ستی کرد به شه‌ڕه‌چه‌قه له گه‌ڵ یووزباشی. ئه‌من ڕه‌شید ئه‌فه‌ندیم کێشایه لایه‌ک و له سه‌ر به‌رزاییه‌کی داوێنی چیا له ته‌نیشتی دانیشتم ، پێم گوت بۆم شی بکاته‌وه ئه‌وه گشتی مانای چییه. ڕه‌شیدئه‌فه‌ندی گوتی ته‌نێ ڕۆژی پێنجهمێتی له‌م پۆسته دا و ئه‌و ته‌نێ ئه‌و فه‌رمانانه‌ی له ئه‌فسه‌ری فه‌رمانده‌ری یه‌وه بۆی دێ به‌ڕێوه ده‌با . له‌و کاته دا کاروانه‌که‌ی ئێمه گه‌یشته جێ ، یه‌ک به دوای یه‌ک دا ،قازاخه‌کان ڕشته‌ی کێوه‌که‌یان داپۆشی و زوو یووزباشی و عه‌سکه‌ره‌کانیان له هه‌موو لایه‌که‌وه گه‌مارۆ دا . له ئه‌فسه‌ره‌که‌م پرسی ئه‌و چ ده‌کا ئه‌گه‌ر ئه‌من، بێ له‌به‌رچاوگرتنی قه‌ره‌وڵه‌کان و فه‌رمانه‌کان ، به‌ره‌و وه‌زنێ بچم. ڕه‌شید ئه‌فه‌ندی گوتی ، ئه‌گه‌ر وابێ ، هه‌ر ئه‌وه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه ئه‌و کاره وه‌کوو ڕاستییه‌ک دابنێ ، به‌لام باوه‌ڕی ڕێبه‌رایه‌تی خۆی له کیس ده‌دا جا بۆیه تکای لێکردم به‌ره‌وپێشه‌وه نه‌چم. له به‌ر ئه‌وه‌ی که پاککردنه‌وه‌ی خاکی ئێران له هێزه‌کانی ترک و ورووژاندنی ڕووداوێکی سه‌ر سنوور به‌شێک نه‌بووله ڕاسپارده‌یی من ، بڕیارم دا پله‌و پایه‌ی دابێی ڕه‌شیدئه‌فه‌ندی تێک نهڕووخێنم . پێم گوت به رێگه‌یه‌کی دیکه دا ده‌ڕۆم ته‌نێ به‌و مه‌رجه‌ی به نووسراو به‌ڵگه‌یه‌کم بداتێ که رێی له ئێمه‌ی گرتووه به‌ره‌و دووبه‌ره بچین، ئه‌و به پێی ئامۆژگارییه‌کانی رێبه‌رایه‌تی خۆی ده‌جووڵاوه . دوای که‌مێک تێڕامان، ڕه‌شیدئه‌فه‌ندی په‌ژراندی و ئێمه‌ی به‌جێ هێشت.
دوای به جێهێشتنی یووزباشی ، ئێمه به‌ره‌و دوڵی شاخاوی گۆڕه‌ومه‌ڕ داکشاین ، له‌وێ نان و چای به‌یانیمان خوارد ، به‌ڵام کاروانه‌که‌مان له پێشه‌وه نارد ، به تێپه‌ڕین به مووساڵان ، میراوێ و که‌ڵه‌کاوێ به‌ره‌و شێواوکان
چوون و ئێمه‌ش سه‌عات 6 ی سه‌رله‌نگۆرێ گه‌ێشتینه ئه‌وێ دوای تێپه‌ڕین به ڕێگه‌یه‌کی نارێک ، ئاسته‌م و نه زۆر دیمه‌ناوی دا. ئێمه به‌گشتی 39 ڤێرست رێگه‌مان بڕی.
24ی ئووت. له‌پڕ له سه‌عات 11:30 له پشته‌وه‌ی ڕه‌وه‌ز به‌ردێکه‌وه ، عه‌سکه‌ران به‌دی که‌وتن که سێرهی تفه‌نگه‌کانیان له ئێمه گرتبوو و هاواریان ده‌کرد " دوڕ" [ ڕاوه‌سته ] ، بێ ئه‌وه‌ی گوێیان بده‌ینێ دڕێژه‌مان دا به چوونه پێشه‌وه و عه‌سکه‌رێکی زیاتر له سه‌ر ڕێگه قوت بوونه‌وه. ده‌نێویان دا ئه‌فسه‌رێک هه‌بوو که ده‌ره‌جه‌ی " مولازمی سانی " [ لویتانتی دووه‌م ] بوو، که لێمان هاته پێشه‌وه و خۆی وه‌کوو سه‌رۆکی پۆستی سوورکێو ناساند . ئه‌و لێی پرسین به‌ره‌و کوێ ده‌چین و گه‌لۆ له لایه‌ن حکوومه‌ته‌وه مۆڵه‌تمان دراوه‌تێ که به‌ره‌وپێشتر سه‌فه‌ر بکه‌ین. ئه‌من پێم گوت ئێمه ته‌نێ به‌ره‌و سنوور ده‌چین و ده‌گه‌ڕێینه‌وه ، پێشنیارم پێ‌کرد رێنوێنیمان بکابۆ پۆستی سنووری خۆی. ئه‌فسه‌ره‌که حه‌ولی دا شتێک له مه‌ڕ سنوور بڵێ ، به‌ڵام له‌و ده‌مه دا کاپیتان کارائولۆڤ نه‌خشه‌یه‌کی پێ نیشان دا . ئه‌فسه‌ره‌که داوای لێبوردنی کرد و دڵپاکانه ڕایگه‌یاند ئه‌و ته‌نێ ئالائیلی [ ده‌ره‌جه‌ی خواره‌وه] یه وبۆیه زۆر که‌م سه‌ری له نه‌خشه ده‌رده‌چێ. ئه‌و سواری ئه‌سپه‌که‌ی بوو، و وه‌پێشمان که‌وت، و عهسکهرهکانیشی له ماوه‌ی 20 ده‌قیقه دا کۆ بوونه‌وه و له‌گه‌ڵمان هاتن ، ئێمه به گه‌وه‌ی شاخێکی (2080 میتر ) دا سه‌رکه‌وتین که له‌وێ لویتانتی دووه‌م توانیبووی پاشماوه‌ی هه‌موو عه‌سکه‌ره‌کانی خۆی کۆ بکاته‌وه. به پێی فه‌رمانی وی ، عه‌سکه‌ری زرێڤان چه‌ستی بۆ لێداین و هه‌موو عه‌سکه‌ره‌کان سڵاوی نیزامیان کرد. له گه‌وه‌ی شاخییه‌وه ، که ده‌گاته شیوه‌سه‌ڵ و له‌وێوه به‌ره‌و سلێمانی ده‌چێ ، ئێمه به‌ره‌و دوندی کێوه‌که هه‌ڵكشاین ، له‌وێ سێ چادر هه‌ڵدرابوون ، یه‌ک بۆ ئه‌فسه‌ره‌که و ده‌ره‌جه‌داره‌کانی ، دوویه‌که‌ی دیکه‌ش بۆ عه‌سکه‌ره‌کان. ترکه‌کان خانه‌خوێی زۆر به ئه‌ده‌ب بوون و به چایی میواندارییان لێ‌کردین. دوای ئیستێکی کورت له پۆسته‌که ، گه‌ڕاینه‌وه و له سه‌عات 2 هاتینه‌وه نێو دۆڵی قووڵ و باریکی شێواشه [!!] ، له‌وێ به‌رچاییمان خوارد ، و له‌وێوه له سه‌ر سه‌فه‌ره‌که‌مان به‌رده‌وام بووین به‌ره‌و بانه، که له سه‌عات 7:45 گه‌یشتینه ئه‌وێ ، له سوورکێوهوه و گه‌ڕانه‌وه له‌وێڕا 56 ڤێرست له رێگه دابووین.
***
28ی ئووت. ئێمه بانه‌مان به‌جێ هێشت و به میره‌دێ ، سه‌قز ، بۆکان و وه‌ته‌میش دا به‌ره‌و سابڵا‌غ چووین که ڕۆژی 2ی سێپتا‌مبر دوای ڕۆژێک حه‌سانه‌وه له بۆکان گه‌یشتینه‌وه ئه‌وێ. له لایه‌ن سه‌رداری موکری و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له کورده‌کانی موکری، به‌گزاده و دێبۆکرییهوه پێشوازیمان لێ‌کرا که پیرۆزباییان لێ‌کردین بۆ ئه‌و سه‌فه‌ره سه‌رکه‌وتووانه‌یه.
No comments:
Post a Comment