هاوپرسه‌کی له‌گه‌ڵ پرۆفسۆر رۆبێرت فیلیپسۆن
هاوپرسه‌کی له گه‌ڵ پرۆفسۆر ڕۆبێرت فیلیپسۆن
An Interview with Professor Robert Phillipson on State of Languages
Within The European Union.
هاوپرسه‌کییه‌ک له گه‌ڵ پرۆفسۆر رۆبێرت فیلیپسۆن مامۆستای زانکۆی کۆپێنهاگ – دانمارک سه‌باره‌ت به
بارودۆخی زمانان ده یه‌کییه‌تی ئورووپا دا.
ئاماده‌کار : حه‌سه‌نی قازی
قازی: پرۆفێسۆر رۆبێرت فیلیپسۆن له سکاتله‌ند له دایک بووه ،به‌ڵام له ئینگلیستان گه‌وره بووه و خوێندوویه. فیلیپسۆن زانایه‌کی ناسراوی بواری زمان‌ناسی و مافی مرۆیی زمانه ،یه‌ک له کتێبه تازه‌کانی
Europe , Only English , Language Imperialism
له‌و دواییانه دا بڵاو بووه‌ته‌وه .
قازی :مامۆستا تکایه ئه‌گه‌ر ده‌کرێ له سه‌ره‌تاوه به گشتی باسی پێشینه‌ی پێوه‌ندی زمان و ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه له چوارچێوه‌ی ئورووپا دا بکه‌ن ؟
فیلیپسۆن : زۆر سپاستان ده‌که‌م بۆ ڕه‌خساندنی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌بۆ ئه‌وه‌ی دیتنه‌کانی خۆم بهێنمه گۆڕێ. ده‌وڵه‌ته‌کانی ئورووپا له سه‌د ساڵ له‌مه‌وپێشه‌وه و له هێندێک نموونه دا 200 ساڵ لهمهوپێش مه‌یلیان ئه‌وه بووه له ژێر بیری یه‌ک ده‌وڵه‌ت ، یه‌ک خاک ، یه‌ک نه‌ته‌وه و یه‌ک زمان دا کاره‌کانیان هه‌ڵسووڕێنن. هه‌ڵبه‌ت ڕاستی زۆر له‌وه پێچهڵپچ و ئاڵۆزتره. وه‌ک ده‌زانین زمانی دیکه هه‌ن ، ژماره‌یه‌کی زۆر چه‌شناوچه‌شنی زاراوایی هه‌نه له زمانه‌کان دا و ئه‌و جۆره زمان وزاراوانه له‌و ماوه مێژووییه دا که‌متر خه‌مییان له گه‌ڵ کراوه و ده‌وڵه‌ته‌کان نکووڵییان لێ کردوون. جگه له‌و وڵاتانه‌ی نه‌بێ که ده‌بوو له سه‌ر بنه‌مای جیاوازی و فره چه‌شنی دابمه‌زرێندرێن. بۆیه له‌و قاعیده‌یه دا ڕێزپه‌ڕ هه‌یه. بۆ وێنه وڵاتی وه‌ک فه‌نلاند که تێیدا ئاخێوه‌رانی زمانی سوێدی باوه‌کوو ته‌نێ 6% دانێشتوان پێک ده‌هێنن به ته‌واوی هه‌مان مافیان هه‌یه که فه‌نلاندییه‌کان هه‌یانه.ئه‌مه له قانوونی بنچینه‌یی دا جێگیر کراوه، ئێستا زمانی دیکه‌ش زیاد کراون وه‌کوو سامی ، که‌زمانی خۆجێییه ، و هێندێک ماف بۆ زمانی هێمایی سه‌لماوه و به فه‌رمی ناسینی زمانه‌کانی دیکه‌ی که‌مایه‌تی. بێلژیک نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی سرنج ڕاکێشه، چونکوو خه‌ڵکی وای لێیه که زمانی زگماکییان فرانسه‌یی یه ، خه‌ڵکی ئه‌وتۆی که زمانی زگماکییان فلامانی ( هوله‌ندی) یه، و گرووپی پچووکی ئاڵمانی زمانیشی هه‌یه. ئه‌و زمانانه له قانوونی بنچینه‌یی دا به فه‌رمی ددانیان پێداهاتووه ، به‌ڵام وه‌ک باسم کرد له مێژووی ڕابردوو دا مرخ ئه‌وه بووه که چه‌شناوچه‌شنی کپ بکرێ! به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌یه ئه‌و زمانانه نه‌مردوون و هه‌تا دێ مافی زیاتریان بۆ ده‌سه‌لمێندرێ. چونکوو ئه‌وان وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌ک چاو لێده‌کرێن ، وه‌کوو بایه‌خێکی گرینگی کولتووری و ئه‌وه به‌م مانایه‌یه بۆ وێنه له بریتانیا زمانی وێلزی ئێستا له بارودۆخێکی به‌هێزتر دایه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ بیست سی ساڵی ڕابردوو به‌راورد بکرێ ، و ئێستا به ته‌واوی له سیستمی په‌روه‌رده ، له به‌ڕێوه‌به‌ریی گشتی ، له بواری قانوونی و له بواری بازرگانی دا به کار ده‌هێندرێ. هه‌مان شت له سکاتله‌ند وایه.
ئێستا له‌وێ گه‌یلیک خه‌ریکه به به‌ربڵاوی ده‌بووژێته‌وه. ئه‌و پێشوه‌چوونه ئه‌وه ده‌گه‌یێنێ که ئێستا زۆرێک له وڵاتانی ئورووپایی ده چوار چێوه‌ی سنووره‌کانیان دا به شێوه‌یه‌کی ئه‌رێیی ددان به فره زمانی و چه‌شناوچه‌شنی دا ده‌هێنن . ئه‌و بارودۆخه ئه‌وه ناگه‌یێنێ بۆ وێنه له بریتانیا هه‌ڕه‌شه له زاڵبوونی زمانی ئینگلیزی بکرێ. جا بۆیه به فه‌رمی ناسینی ئه‌و چه‌شناوچه‌شنی یه هه‌تا بڵێی بۆ ڕه‌چاو کردنی مافی مرۆ ، حه‌ولدان بۆ سازکردنی کۆمه‌ڵگه‌ی هێور که له سه‌ر بنه‌مای فره چه‌شنی داده‌مه‌زرێندرێ ، نه‌ک کپ کردنی، باشه. بێلژیک ڕه‌نگه وێنه‌یه‌ک بێ که تێیدا جه‌مسه‌ربه‌ندی له نێوان گرووپه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی دڵ پێی ڕازی بێ چاره‌سه‌ر نه‌کراوه و به‌ره‌و ئه‌وه‌چووه ببێ به ناسیۆنالیزمی سیاسی که ڕه‌نگه خولقێنه‌ر نه‌بێ . به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ڕیشه‌ی ئه‌مه ڕه‌نگه له بوونی ناعه‌داڵه‌تییه‌وه ئاو بخواته‌وه، بۆیه لێره دا ده‌بێ ددان به هه‌بوونی ناعه‌داڵه‌تی دا بهێندرێ. له لایه‌کی دیکه‌وه فه‌نلاند به شێوه‌یه‌کی زۆر خولقێنهرانهتر خۆی له سه‌ر بنه‌مای چه‌شناوچه‌شنی دامه‌زراندووه، هه‌ر بۆیه‌ش هه‌ڵکه‌وتێکی زۆر هێورتری هه‌یه .
قازی: مامۆستا با بێینه سه‌ر وه‌زعی زمانه‌کان ده چوارچێوه‌ی یه‌که‌تی ئورووپا دا !
فیلیپسۆن :هه‌ڵبه‌ت یه‌کێتی ئوڕووپا پڕۆژه‌یه‌کی مه‌زنه و له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه له لایه‌ن دوورخهیاڵانهوه پلانی پێکهێنانی داڕێژراوه و له لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داران هه‌م له ئوڕووپا و هه‌م له ده‌وڵه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا زۆر چالاکانه بانگه‌شه‌ی بۆ کراوه له وه‌تا سالی 1945 - ئه‌گه‌ر چی له ساڵی 1958وه ته‌نێ یه‌کێتییه‌کی ئابووری بووه له نێوان چه‌ند وڵاتی که‌م دا – و هه‌تا هاتووه ژماره‌ی ئه‌و وڵاتانه‌ی له گه‌ڵی که‌وتوون زیادیان کردووه. ئه‌و یه‌کێتییه تا ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر (2004) ، 15 ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامی هه‌بوو ، ئێستا 25 وڵات تێیدا ئه‌ندامن.ئه‌و یه‌کێتییه به 4 زمان وه‌کوو زمانی فه‌رمی و زمانی ڕاپه‌ڕاندنی دامه‌زراوه‌کانی یه‌کێتی ئوڕووپا ده‌ستیپێکرد. له سه‌ره‌تاوه ئینگلیزی نه‌بوو. ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی له سه‌ره‌تاوه بوونه ئه‌ندام فرانسه‌یی ، ئاڵمانی ، ئیتالیایی و هوله‌ندییان هه‌بوو وه‌ک زمانانی زاڵ و ئه‌و ده‌می زمانه که‌مایه‌تییه‌کان به هیچجور به هێند نه‌ده‌گیران. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ئه‌توو بێلژیکی بای له کاتی سه‌روکارهه‌بوون له گه‌ڵ یه‌کێتی ئورووپا دا پشکت هه‌بوو ، ده‌تتوانی فرانسه‌یی، ئاڵمانی یان هوله‌ندی به کار بهێنی. به‌ڵام که‌مایه‌تییه‌کانی دیکه چ مافیان نه‌بوو بۆ به کارهێنانی زمانی خۆیان .
به‌ڵام له ناو دا‌و و ده‌زگاو دامه‌زراوه‌کانی یه‌کێتی ئوڕووپا دا بارودۆخێکی زۆر ئاڵۆز له ئارا دایه. ئێستا له پارلمان – له به‌ر ئه‌و به‌رفراوان بوونانه‌ی دوایی – دا 20 زمان ده‌کار ده‌کرێن که له پرێنسیپ دا مافی یه‌کسانیان هه‌یه. بۆیه ئه‌ندامێکی پارلمانی ئوڕووپا ده‌توانێ به ئیگلیزی ، سپانیایی ، ئیتالیایی ، لاتڤییایی یان سڵوڤاکی قسه بکا و مافی ئه‌وه‌ی بۆ له به‌ر چاو گیراوه که قسه‌کانی وه‌ربگێڕدرێ بۆ سه‌ر زمانه‌کانی دی. بۆیه ڕێک خستنی هاوکاریی سیاسی زۆر ئاڵۆز و پێچه‌ڵپێچه . به‌ڵام له پێناو ته‌فاهومی ئورووپایی دا ، بۆ
پڕۆژه‌ی ئوڕووپایی ئه‌و نرخه ده‌بێ بدرێ.
دیاره ئه‌وه‌ی له پارلمانی ئوڕووپا ڕوو ده‌دا زۆر جیاوازه له‌وه‌ی له بنکه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌ری دا ده‌قه‌ومێ. بۆ نموونه کۆمیسیۆنی ئوڕووپا له برووکسێل ، ئه‌مه‌ش دامه‌زراوه‌یه‌کی زۆر پێچه‌ڵپێچه . حه‌ول ده‌دا بۆ داهێنانی قانوونی تازه و رێسای تازه له هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندام دا ، جا گشت ئه‌مانه له لایه‌ن بورۆکراتانهوه - ئۆرۆکراتانهوه ، له دامه‌زراوه‌کان دا ههڵدهسوورێندرێن. ئه‌و جۆره که‌سانه به شێوه‌ی هه‌میشه‌یی له لایه‌ن یه‌کێتی ئوڕووپاوه له به‌ر کار نراون و نه‌ک له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندامه‌وه. ئه‌و جۆره که‌سانه ژماره‌یه‌کی سنووردار له زمانان به کار ده‌هێنن. به شێوه‌یه‌کی نه‌ریتی ئه‌وان له کاروباری ناوخۆیی دا وه‌کوو زمانی ڕاپه‌ڕاندن فرانسه یان به کار ده‌هێنا. ڕه‌شنووسی سه‌نه‌د و به‌ڵگه‌کان به فرانسه‌یی ئاماده ده‌کران ، له کۆبوونه‌وه‌کان دا فرانسه به کار ده‌هات. ئاڵمانیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له ساڵانی سه‌ره‌تایی دا بره‌وی هه‌بوو، به‌ڵام کاتێک له ساڵی 1973 دا بریتانیاییه‌کان و ئایرله‌ندییه‌کان و دانمارکییه‌کان له گه‌ڵ یه‌کێتی ئوڕووپا که‌وتن واتای ئه‌وه‌بوو که ئینگلیزیش له سه‌ره‌تاوه تا ئاستێکی به‌رته‌نگ هاته ناوه‌وه. به‌ڵام به به‌رفراوان بوونه‌کانی دیکه، وه‌کوو له‌گه‌ڵ که‌وتنی فه‌نلاند، سوێد و ئێستا به هاتنی ده‌وڵه‌تانی ئوڕووپایی دوای کۆمۆنیزم گوشار له سه‌ر فرانسه و مه‌یلی زیاتر به‌ر به ئینگلیزی ساڵ به ساڵ زیادی کردووه. واته ئینگلیزی به‌ره به‌ره ده‌بێ به پهپووسڵهمانکهیهک که ئه‌و مه‌لانه‌ی دیکه‌ی وا له دامه‌زراوه‌کانی یه‌کێتی ئوڕووپا دا هیڵانهیان کردووه كش ده‌کا.
ئه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک مانای په‌شێو بوونی زۆری فرانسهییهکانه، چونکوو زمانه‌که‌یان ئه‌و پرێستیژ ،ده‌سته‌ڵات و نفووزه‌ی نییه که پێشتر هه‌یبووه. له کاتێکدا ئینگلیزی هه‌یه‌تی و ئه‌وه‌ی له ناوه‌وه ده‌قه‌ومێ ئاکامی پراکتیکی هه‌یه بۆ هه‌ڵسووڕانی کاره‌کان ، به‌ڵام ئه‌وه ئاکامی سیاسیشی لێده‌که‌وێته‌وه له مه‌ڕ تێگه‌یشتن له زمانه‌کان، واته ئه‌وه‌ی که تا چ ڕاده‌یه‌ک به‌کارهێنانیان پێوه‌ندی هه‌یه به ناسیۆنالیزمی کولتوورییه‌وه. له نموونه‌ی بریتانیاییه‌کان یان ئیرله‌ندییه‌کان دا ، یان زیاتر له باری پراگماتیکییه‌وه ئه‌گه‌ر ئاڵمانییه‌کان یان سوێدییه‌کان هه‌ست بکه‌ن به‌وه‌ی که ده‌توانن ئینگلیزی باش به کار بهێنن. ئه‌وه کارتێکه‌ری له سه‌ر سیستمی په‌روه‌رده‌ش ده‌بێ . گه‌لۆ کامه له زمانه‌کان فێربوونیان گرینگه ؟ ئه‌وه هه‌ر وه‌ها مانای وایه بۆ ئه‌و کارانه‌ی دامه‌زراوه‌کان و کۆمیسیۆنی ئوڕووپا ڕووبه‌ڕووی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندامی ده‌کاته‌وه؛ له گه‌ڵ کارگێڕی و وه‌زاره‌تخانه‌کانی وزه ، کشتووکاڵ یان په‌روه‌رده‌ی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام دا گه‌لۆ ئه‌وان هه‌ر 20 زمانه‌کان به کار ده‌هێنن یان هه‌ر 2 زمان به کار ده‌هێنن ؟ ئه‌وه زۆر ناڕوونه .
له تێئۆری دا چاوه‌ڕوانییان لێ ده‌کرێ که هه‌موو 20 زمانه‌کان به کار بهێنن ، به‌ڵام ئه‌وه له زۆر بوار دا هه‌ڵناسووڕێ. له مه‌ش ده‌رچێ ئه‌گه‌ر وا داده‌ندرێ که پڕۆژه‌ی ئوڕووپایی به شێوه‌یه‌ک له شێوان نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵکی ئاسایی بکا ، ئه‌وان له پرێنسیپ دا مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌و زمانه بنووسن که خۆیان هه‌ڵیده‌بژێرن، به زمانی ده‌وڵه‌تی خۆیان ، مافیانه به‌و زمانه‌ش و‌ڵامیان بدرێته‌وه. جا بۆیه کاتێک باسی سیاسه‌تی زمانی له یه‌کێتی ئوڕووپا دا ده‌کرێ زۆر گرینگه که باسی زمان له پارلمان ، له چالاکییه‌کانی ناوخۆیی کۆمیسیۆن و چالاکییه‌کانی ده‌ره‌وه‌یی کۆمیسیۆن له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام که به‌یه‌که‌وه سیاسه‌ته‌کانی ئێمه داده‌ڕێژن ، له یه‌کتر جوێ بکرێنه‌وه.
هه‌ر وه‌ها ئه‌و چالاکییانه‌ی که پای هاووڵاتییانی ئوڕووپا ده‌گرێته‌وه ، وه‌ک له‌و ریزه ڕاپرسیانه‌ی دواییدا دیتمان که فرانسه‌ییه‌کان و هوله‌ندییه‌کان به دژی سیایی قانوونی بنچینه‌یی ئوڕووپا ده‌نگیان دا . زۆر له هاووڵاتییانی ئاسایی ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئوڕووپا خۆیان له یه‌کێتی ئوڕووپا یان دا‌و و ده‌زگاکانی دا نابیننه‌وه، بۆیه گوتیان نا ! و ئه‌وه به‌و مانایه‌یه که‌مایه‌سی دێمۆکراتیک وه‌کوو ناوزه‌د ده‌کرێ به‌تاڵایی قه‌ڵشتی نێوان دا‌و و ده‌زگاکان و خه‌ڵکی ئاسایی نیشان ده‌دا و ئه‌وه زۆر زۆر گرینگه و سیاسه‌تمه‌داران ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ن. ئه‌و ئێلیته‌ی یه‌کێتی ئوڕووپا به‌ڕێوه ده‌به‌ن ده‌بێ له‌وه تێبگه‌ن و سیاسه‌تی زمانی به‌شێکی جوێ نه‌کراوه‌یه له‌و پێڤاژۆ پێچه‌ڵپێچه ، واته گۆڕان له ده‌وڵه‌ت – نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه به‌ره‌و چه‌شنێکی نوێ له فێدراسیۆنێک ؛ ئه‌گه‌ر بڕوات بێ که ئه‌وه فێدراسیۆنێکه ، جۆره به‌دیلێک له نێوان ده‌وڵه‌ت و فێدراسیۆن . واته هاوپه‌یمانییه‌کی شل و شه‌وێق له ناو ده‌وڵه‌تان . گشت ئه‌وانه مه‌سه‌له‌ی زۆر پێچه‌ڵپێچی سیاسین و ئێستا قاچیان له هه‌وا دایه و ده‌کرێ به‌ر به هه‌موو جۆره ئاراسته‌یه‌که‌وه بچن .
قازی : هێندێک له زمانه ئوڕووپاییه‌کان وه‌کوو کاتاڵانی و وێڵزی زمانی فه‌رمی یه‌كێتی ئوڕووپا نین ، ئه‌گه‌رچی ژماره‌ی ئاخێوه‌رانیان له وانه‌یه زۆر له هێندێک له ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام زیاتر بێ ، ئه‌گه‌ر کاتاڵانی له به‌رچاو بگرین ئه‌و نایه‌کسانییه چون ڕاست ده‌کرێته‌وه ؟
فیلیپسۆن : ئه‌وه‌ش ، گیروگرفتێکی دیکه‌یه که من ته‌نانه‌ت پێشتر هێماشم پێ نه‌کرد.
چونکوو کاتاڵانه‌کان له‌و ده‌مییه‌وه که سپانیا له گه‌ڵ یه‌کێتی ئوڕووپا که‌وتووه هه‌ستیان کردووه که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان نوێنه‌رایه‌تی نییه. ئه‌گه‌ر هه‌موو شت به ڕێگه‌ی مادرید دا ، به ڕێگه‌ی حکوومه‌تی گشت وڵاته‌وه بڕوا ، به هۆی زمانی سپانیاییه‌وه ده‌بێ. له به‌ر ئه‌وه‌ی زمانی کاتاڵانی له چوار چێوه‌ی هه‌رێمی خۆی دا مافی سه‌ره‌کی هه‌یه ، هه‌ر وه‌ک ئه‌و مافه‌ی که زمانی باسک هه‌یه‌تی، گالێنسیایی هه‌یه‌تی و زمانی ڤالێنسیایی هه‌یه‌تی که له ڕاستیدا زۆر له کاتاڵانی نزیکه. ئه‌وه به‌و واتایه‌یه ئه‌و زمانانه له هه‌رێمێکی وڵات دا هه‌ڵکه‌وتی فه‌رمییان هه‌یه - و ئه‌وه به وردی شتێکه که بۆ کورده‌کان له ترکییه گرینگه - ، ئه‌گه‌ر زمانێک هه‌ڵکه‌وتی فه‌رمی هه‌رێمی هه‌بێ و له هه‌مبه‌ر زمانی سه‌رتاسه‌ری ، زمانی یه‌کگرتووی ده‌وڵه‌تێک دا مافی هه‌بێ، که ده‌کرێ فرانسه‌یی ، ئیتالیایی ، سپانیایی یان ترکی بێ ، ئه‌گه‌ر زمانه فه‌رمییه‌کانی هه‌رێمی پێیان خۆش بێ له هه‌مبه‌ر پارلمانی ئوڕووپا دا نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بکه‌ن یان له هه‌مبه‌ر کۆمیسیۆنی ئوڕووپا کاتێک بۆ وێنه باسی سیاسه‌تی پێشکه‌وتنی هه‌رێمی ده‌که‌ن یان سه‌باره‌ت به کشتووکاڵ یان مه‌سه‌له گه‌وره‌کانی دیکه‌ی به‌رده‌م یه‌کێتی ئوڕووپا ده‌دوێن ، ئاشکرایه ئه‌وان ده‌یانه‌وێ زمانه‌کانیان به کار بهێندرێ.
ئه‌گه‌ر مرۆ بگه‌ڕێته‌وه یه‌ک دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وه هه‌ر به زه‌ینیش دا ڕانه‌ده‌برد. کاتاڵانه‌کان به ساڵانی دوورودرێژ داوخوازی مافیان له یه‌کێتی ئوڕووپا کردووه و ده‌ورێکی سه‌ره‌کییان هه‌بووه بۆئه‌وه‌ی باقی یه‌کێتی ئوڕووپا ناچار بکه‌ن باسی چه‌شناوچه‌شنی زمانی بهێنێته گۆڕێ له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانی ناو یه‌كێتی ئوڕووپا دا . به‌ڵام له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو دا ، شوورای وه‌زیران که له کرده‌وه دا ئه‌و سازییهیه که ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندام له ده‌وری یه‌ک کۆ ده‌کاته‌وه، حکوومه‌ته‌کانیان و کۆمیسیۆنی ئوڕووپاش ، ئه‌وان ڕێك که‌وتوون که هێندێک ماف بده‌ن به کاتاڵانه‌کان ، باسکه‌کان و ڤالێنسیاییهکان. هه‌ر وه‌ها هێندێک ماف به ئایرلهندییهکانیش، که به پێی قانوونی بنچینه‌یی ئایرله‌ند ، ئایرله‌ندی مافی یه‌کسانی له گه‌ڵ ئینگلیزی بۆ ڕه‌چاو کراوه. ئه‌و بار‌و دۆخه‌ی که ئێستا له گۆڕێ دایه بریتی یه له‌وه‌ی که ئه‌و زمانانه له لایه‌ن دا‌و و ده‌زگاکانی یه‌کێتی ئوڕووپاوه وه‌خۆ کراون ، نه‌ک ئه‌وه‌ی که مافی یه‌کسانیان له گه‌ڵ ئه‌و 20 زمانه فه‌رمییانه‌ی که له گۆڕێ دان هه‌بێ . دیاره لێره دا خه‌رج و تێچووش ده‌بێ له به‌ر چاو بگیرێ ، چونکوو ئه‌و جۆره کارانه بوودجه‌ی ده‌وێ. مه‌سره‌ف بۆ ئه‌و زمانه لێزیادکراوانه له به‌رچاو گیراوه و حیسابه‌که‌ی بۆ حکوومه‌تی ئایرله‌ند یان سپانیا ده‌نێردرێ.
ئه‌وه‌ش ڕێگه‌یه‌که پێیدا یه‌کێتی ئوڕووپا حه‌ول ده‌دا به شێوه‌یه‌ک گیروگرفتی ئه‌و هه‌ڵسووڕانه به‌رته‌نگ بکا. به‌ڵام ئێستا ئه‌و پرێنسیپه دامه‌زراوه ، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێک بییه‌وێ ده چوارچێوه‌ی سنووره‌کانی خۆیدا یه‌کێتی پێک بهێنێ و چه‌شناوچه‌شنی بپه‌ژرێنێ، که سپانیا له دوای نه‌مانی فاشیزم کردوویه‌تی، ئه‌و ده‌می یه‌کێتی ئوڕووپاش ده‌بێ ده چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌کانی خۆی دا رێز له‌و هه‌نگاوانه بنێ و ڕه‌چاوی کا. بۆیه ئه‌وه ههنگاوێکی زۆر گه‌وره‌یه به‌ره‌و پێشه‌وه. شتێکی دیکه‌ی که ده‌و چوارچێوه‌یه دا گرینگه زنجیره‌یه‌ک ته‌گبیر و هه‌نگاون که به تایبه‌تی له لایه‌ن پارلمانی ئوڕووپاوه په‌سند کراون، هه‌ر وه‌ها له لایه‌ن شووڕای ئوڕووپا له شتراسبورگ که به ته‌واوی دامه‌زراوه‌یه‌کی جیاوازه له یه‌کێتی ئوڕووپا و دوو هێنده‌ی یه‌كێتی ئوڕووپا ده‌وڵه‌تی ئه‌ندامی هه‌یه - ده‌وڵه‌ته کۆمۆنیسته‌کان به ده‌یان ساڵ ئه‌ندامی بوون - ، هه‌ڵبه‌ت ترکییه‌ش ئه‌ندامێکی دیکه‌ی ئه‌و شووڕایه‌یه، ئه‌گه‌رچی له تێئۆری دا واداده‌ندرێ هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی که ئه‌ندامی شووڕای ئوڕووپا بێ ڕێز له مافی مرۆ بگرێ ، هه‌ڵبه‌ت له لایه‌ن شووڕای ئوڕووپاوه ڕه‌خنه له‌وه‌ی له کوردستان و چه‌چه‌نستان ده‌قه‌ومێ گیراوه . ئه‌و ڕێکخراوانه حه‌ول ده‌ده‌ن گوشاری دیپڵۆماتیک به کار بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی ڕێزگرتن له مافی مرۆ له‌و به‌ستێنانه دا تاو بده‌ن و پشتی بگرن. شووڕای ئوڕووپا زنجیره‌یه‌ک رێسای گرینگی سه‌باره‌ت به زمانه که‌مایه‌تییه‌کان هه‌بووه وه‌کوو " رێسای ئوڕووپایی بۆ زمانانی هه‌رێمی یان که‌مایه‌تی"،
له‌و زه‌مینه‌یه دا ڕه‌نگه ڕێسای هه‌ره گرینگ بێ. شووڕای ئوڕووپا هه‌ر وه‌ها له گه‌ڵ هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌ندام به جوێ حه‌ول ده‌دا که ئه‌و ده‌وڵه‌ته ده‌رفه‌ت بدا به چه‌شناوچه‌شنی.
ئه‌وه سیستمێکی پێچه‌ڵپێچ و ئاڵۆزه. مرۆ ده‌توانێ ئه‌و په‌ڕی ماف یان لانی که‌می ماف بسه‌لمێنێ و بیدا ، له هه‌مان کات دا ئه‌وه هه‌مووی به‌شێکه له پێڤاژۆیه‌ک که حه‌ول ده‌دا ئه‌و جۆره ده‌وڵه‌تانه پێمل بکا، که ددان به چه‌شناوچه‌شنی دا ناهێنن. به‌و واتایه‌ی ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که پێیان خۆش نه‌بووه له چوارچێوه‌ی سنووره‌کانیان دا ددان به چه‌شناوچه‌شنی زمانی دا بهێنن ، به تایبه‌تی فرانسه و یۆنان که له ڕێزه‌ی ده‌وله‌تانی هه‌نووکه‌یی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئوڕووپا دان – ڕه‌نگه ئه‌وانه‌ی بن که که‌متر له هه‌موان گوێ ده‌ده‌نه چه‌شناوچه‌شنی و رێزی لێ ده‌گرن – ئه‌وانه گشتیان ئێستا له ژێر گوشار دان بۆ په‌ژراندن و ددان پێداهێنانی چه‌شناوچه‌شنی و بۆ په‌سند کردنی ئه‌و ڕێسایه‌ی باسم کرد.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕێسایه په‌سند بکرێ ، ئه‌و ده‌می ئه‌و لایه‌نه‌ی په‌سندی کردووه ده‌که‌وێته پێڤاژۆی چاو به‌سه‌ره‌وه بوونێک، بۆ ئه‌وه‌ی بزاندرێ چه‌نده ڕێزی له‌و مافانه گرتووه. وڵاتانی دی ، ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی ئه‌ندام دێنه مه‌یدانێ. له باری ناوخۆییه‌وه ، له هه‌ر ده‌وڵه‌تێکی ئه‌ندام دا چاو له‌وه ده‌کرێ گه‌لۆ له په‌روه‌رده دا ، له سیستمی قانوونی دا ، له سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ری دا ، ئه‌و مافه زمانییانه‌ی ددانیان پێدا هاتووه ڕه‌چاوکراون و ده‌کار کراون یان نا ؟
که وابوو به‌م شێوه‌یه مافی زمانی ده‌بێته به‌شێک له خه‌بات بۆ ئازادیی به‌یان ، ئازادیی ده‌ست وێڕاگه‌یشتن به زانیاری ، ئازادیی به‌کار هێنانی ئه‌و زمانانه‌ی که به‌شێکن له که‌له‌پووری کولتووری .
قازی : ئه‌و هۆکارانه‌ی که ده‌بنه هۆی چه‌ت و به‌ربه‌ست له هه‌مبه‌ر خۆگرتنی داڕشتنی سیاسه‌تی زمانی له ئوڕووپا کامانه‌ن ؟
فیلیپسۆن : ئه‌وه‌ش دیسان به‌ستراوه‌ته‌وه به‌وه‌ی که ڕاده‌ی کراوه‌یی سه‌باره‌ت به ناوه‌رۆکی پڕۆژه‌ی ئوڕووپایی چه‌نده‌یه ؟ چونکوو له تێئۆری دا پرسه‌کانی له مه‌ڕ کو‌لتوور ، زمان و په‌روه‌رده هیچ پێوه‌ندییه‌کیان به یه‌کێتی ئوڕووپاوه نییه ، به‌ڵکوو به‌شێکن له به‌رپرسیاریی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ر وڵاتێک، به‌و واتایه که له پرێنسیپ دا سیاسه‌تی زمانی شتێکه که پروکسێل [یه‌ک له ناوه‌نده‌کانی یه‌کێتی ئوڕووپا] هیچ ده‌خڵی پێوه نییه. به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت له سه‌رده‌می به جیهانی بوون دا ، ئه‌وه ئیتر هه‌ڵناسووڕێ. ئینگلیزی له هه‌ر کام له وڵاته‌کانی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئوڕووپا دا زۆر زیاتر له پێنج ساڵ یان ده ساڵ ،چ ده‌گا به بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ، به به‌ربڵاوتر به کار ده‌هێندرێ. ئینگلیزی له بواری بازرگانی ، ڕاگه‌یاندن ، خوێندنی به‌رز ، له بواری ئه‌و ئه‌ده‌به‌ی خوێندکاران له وڵاته‌کانی سکاندیناڤی داوایان لێده‌کرێ بیان خوێننه‌وه و تا ڕاده‌یه‌کیش له ده‌رس پێگوتن دا وه‌کوو که‌ره‌سته‌ی خۆێندن ده‌کار ده‌کرێ، له فه‌نلاند ، له دانمارک ، ته‌نانه‌ت له فرانسه‌ش له لێکۆڵینه‌وه و خوێندنی بازرگانی دا. بۆیه ده‌وری زمانی ئینگلیزی بووه به هۆکارێکی سه‌ره‌کی و کاری له داڕشتنی سیاسه‌تی زمانی کردووه. یه‌کێتی ئوڕووپاش له‌و بابه‌ته‌وه گلاوه، چونکوو زۆرێک له سیاسه‌ته‌کانی سنووران ده‌به‌زێنێ. زمان ڕێز له سنووره نه‌ته‌وه‌ییه‌کان ناگرێ و ئه‌و سنوورانه پێکهاته‌ی فه‌رمی ناسیۆنالیزم نین ، جا بۆیه بێتوو یه‌کێتی ئوڕووپا بڵێ ئه‌وه له ئاست به‌رپرسیاریی وی‌دا نییه له چوارچێوه‌ی یه‌کێتی ئوڕووپا دا ، ئیتر ڕاست نییه و له ساڵی 1992 وه وه له وه‌تا ئیمزا کرانی په‌یماننامه‌ی ماستریخت ڕێگه بۆ یه‌کێتی ئوڕووپا کراوه‌ته‌وه له بواری په‌روه‌رده دا ئه‌وه‌ی له ئاستی نه‌ته‌وه‌یی دا ده‌کرێ لێی زیاد کا و ته‌کمیلی کا. بۆ نموونه حه‌ول ده‌دا بۆ هاندانی گشت ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام که دوو زمانی بێگانه به ده‌رس بڵێنه‌وه، به‌و مانایه‌ی که سیاسه‌تی په‌روه‌رده ، سیاسه‌تی زمانی هه‌نووکه به‌شێکه له پێڤاژۆی یه‌کێتی ئوڕووپا و ئێستا له راستیدا چالاکییه‌ک له گۆڕێ دایه . بۆ وێنه ئه‌گه‌ر مرۆ له تۆڕی ئینترنێت دا سه‌ر له ماڵپه‌ڕ و زێدی یه‌کێتی ئوڕووپا بدا له واته به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده و کو‌لتوور دا ،پلانێکی چالاکیD. Gژێر سه‌ردێڕی
ده‌بینێ بۆ ساڵی 2004 تا 2007 سه‌باره‌ت به به‌هێز کردنی چه‌شناوچه‌شنی زمانی و فێر بوونی زمان . واته هه‌موو ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ندام دنهدهدرێن بۆ پشتگیری زمانانی که‌مایه‌تی.
هه‌م زمانانی خۆجێی و هه‌م زمانانی هه‌رێمی، زمانانی نه‌ریتی و زمانانی موهاجیران و ڕاهێزاندنی فێربوونی دوو زمانی بێگانه.
هه‌ر سێ مانگه‌ی جارێک له برووکسێل کۆبوونه‌وه ده‌کرێ. له‌و کۆبوونه‌وانه دا گشت ده‌وڵه‌تان ده‌بێ گوزارشتی کاری خۆیان بده‌ن و ڕا گه‌یێنن له‌و بواره دا چی‌یان کردووه ؟
ئێستا به‌تاڵاییه‌کی گه‌وره هه‌یه له نێوان ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌تی ئه‌ندام ده‌بێ بیکا و ئه‌وه‌ی له‌ڕاستیدا له چوارچێوه‌ی دا‌و و ده‌زگاکانی یه‌کێتی ئوڕووپا دا ڕوو ده‌دا. به‌و واتایه‌ی ، گه‌لۆ یه‌کێتی ئوڕووپا ئه‌و بابه‌ته به بابه‌تێکی شیاوی ته‌قینه‌وه و کێشه هه‌ڵائیسێن داده‌نێ؟ ئه‌گه‌ر مرۆ بچێته پارلمان کاتێک ئه‌ندامانی فرانسه‌یی پارلمان سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی زمانی ده‌دوێن ، نه‌ک هه‌ر له دامه‌زراوه‌کان دا به‌ڵکوو به گشتی ، ده‌ڵێن : بابه‌ته‌که شیاوی ته‌قینه‌وه‌یه. ئه‌گه‌ر مرۆ گوێ له ئه‌ندامانی ئاڵمانی کۆمیسیۆن ڕادێرێ، له‌و دواییانه‌دا سه‌رۆکی میسیۆنی ئاڵمان گوتی سیاسه‌تی زمانی بۆ ئه‌وان له یه‌کێتی ئوڕووپا دا بابه‌تی هه‌ره سۆزاوییه. هه‌ر له ئێستاوه بێمه‌یلییه‌کی زۆر ده‌بیندرێ بۆ پێوه چاران به‌و بابه‌ته‌وه. بۆیه له به‌ست چوونێک هه‌یه له ئاستی سیاسی دا ، ڕاپه‌ڕاندنی بابه‌ته‌که زۆر ناسکه . به‌ڵام ڕاستی ئه‌وه‌یه مرۆ خۆشی بێ و ترشی بێ شت ڕووده‌ده‌ن و ئێستا بابه‌تی له مه‌ڕ زمان جێیه‌کی سه‌ره‌کی داگیر کردووه.
قازی : گه‌لۆ مافی په‌روه‌رده به ڕێگه‌ی ئه‌و زمانانه‌ی له ئوڕووپا به کارناهێندرێن به پێی چ په‌یماننامه‌یه‌ک پشتیوانی لێده‌کرێ ؟
فیلیپسۆن : ئه‌من پێم وایه ئه‌وه زۆر گرینگه ، چونکوو خه‌ڵکی وه‌ک هاوسه‌ره‌که‌ی من تووڤێ سکووتناب – کانگاس له‌و باره‌یه‌وه زۆریان حه‌ول داوه. ئه‌من به بۆنه‌ی شێست ساڵه‌ی له دایکبوونی ئه‌م کتێبه‌م ئێدیت کردووه ( کتێبه‌که نیشان ده‌دا ) ، تووڤێ بۆ ماوه‌ی بیست ساڵان له گه‌ڵ پارێزه‌رانی نێونه‌ته‌وه‌یی دا کاری کردووه بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ول بدا پرێنسیپی په‌روه‌رده به زمانی زگماکی وه‌خۆ بکرێ و بپه‌ژرێندرێ. له‌م کتێبه دا فێرناند دۆڤارین پارێزه‌رێکی ناسراوی نێونه‌ته‌وه‌یی که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک کانادایی یه وتارێکی نووسیوه، ئه‌و ده‌نووسێ : " ئه‌وه‌ی دوکتور سکووتناب- کانگاس یه‌که‌م جار له سه‌ره‌تای ساڵانی 1980 کاندا پێشنیاری کرد وێده‌چێ هه‌تا دێ زیاتر له ناو کۆڕ‌و کۆمه‌ڵی حقووقی دا بسه‌لمێندرێ.... پرێنسیپه‌کان و بانگه‌وازی " مافه زمانییه‌کان " که له لایه‌ن دوکتور سکووتناب- کانگاسهوه پشتیوانی و لایه‌نگرییان لێ کراوه و ئه‌و مافانه‌ی له قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی دا به تاکان دراون له بواری به کارهێنانی زمان و وهپێشخستنهکانهوه له زۆر ڕووه‌وه وه‌یه‌ک ده‌چن ئه‌گه‌رچی به ته‌واویش نه‌بووبن به یه‌ک ... له هه‌ڵوێستێکی ئه‌خلاقی و قانوونییه‌وه دوکتور سکووتناب- کانگاس له بناوانه‌وه قسه‌که‌ی ڕاست ده‌رچووه."
ئه‌وه نیشان ده‌دا که تێکۆشه‌رێک ، زمانناسێکی کۆمه‌ڵناس ده‌توانێ له گه‌ڵ مافناسان هاوکاری بکا و ئه‌وه ده‌توانێ بگاته ڕاهێزانی قانوونی نێونه‌ته‌وه‌یی ، و ئه‌وه بۆ په‌روه‌رده به دوو زمانان و بۆ مافی په‌روه‌رده به ڕێگه‌ی زمانی زگماکی دا زۆر گرینگه .
قازی : گه‌لۆ ده‌کرێ سیاسه‌تی زمانیی فه‌نلاند وه‌کوو سه‌رمه‌شقێک دابندرێ بۆ پرسی یه‌کسانی زمان ؟
فیلیپسۆن : یه‌کێک له شته جێی سرنجه‌کان له ڕوانگه‌ی کوردانه‌وه ده‌بێ ئه‌وه بێ که فه‌نلاند بۆ ماوه‌ی 650 ساڵ له لایه‌ن سوێده‌وه کۆلۆنی کرابوو و بۆ ماوه‌ی 100 ساڵیش له لایه‌ن ڕووسیاوه داگیرکرابوو. ته‌نێ له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا بوو که بوو به ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ. ئه‌وان ده‌ستپێشخه‌رن ، هه‌ر وه‌ک ده‌کرێ به دیتنی نۆکیا را بزانین . ئه‌وان شتێک ده‌که‌ن که دنه‌ده‌ری یه‌کێتی ئوڕووپا ، واته کۆمه‌ڵگه‌ی زانست هانی خه‌ڵک ده‌دا بیکه‌ن ، ئه‌ویش به به‌کارهێنانی مێشکیان بۆ ئه‌وه‌ی له ئابووری به جیهانی کراو دا سه‌رکه‌وتوو بن. فه‌نلاندییه‌کان ئه‌وه‌یان به ڕێگه‌ی ڕێزلێنان له چه‌شناوچه‌شنی زمانی و دانی هه‌مان ماف به دوو گرووپ، فه‌نلاندی ئاخێوه‌ر و سوێدی ئاخێوه‌ران کردووه و دواتر له بهرگوشار له خواره‌وه ڕا ئه‌و مافه‌یان داوه به گرووپی ره‌سه‌ن و خۆجێی سامی و هه‌ر وه‌ها ڕۆمه‌کان واته قه‌ره‌چییه‌کان . ئه‌وانیش هێندێک مافیان هه‌یه بۆ به‌کارهێنانی زمانی خۆیان له په‌روه‌رده دا و هه‌روه‌ها ده‌ره‌تان پێک هێنان بۆ زمانانی هێمایی. بۆیه له زۆر ڕووه‌وه ئه‌وه‌ی فه‌نلاند کردوویه نموونه‌ی ساز کردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی به هارمۆنی یه به ڕێگه‌ی رێزگرتن له چه‌شناوچه‌شنی زمانی و به به‌کارهێنانی هێزی ئافراندنی خه‌ڵک. چونکوو دوو زمانه‌کی سه‌روه‌تێک و خاوهیهکه له سیستمی په‌روه‌رده دا.
فه‌نلاند و ده‌کرێ سوێدیشی بخه‌ینه سه‌ری ، ئه‌وان له هه‌موو وڵاته‌کانی دیکه‌ی یه‌کێتی ئوڕووپا زیاتر دراویان بۆ خوێندنی به‌رز و لێکۆڵینه‌وه، له‌وانه له بواری زانسته مرۆییه‌کان دا ته‌رخان کردووه و ئه‌م کاره ئه‌وانی خستووه‌ته هه‌ڵوێستێکی زۆر به هێز و پته‌وه‌وه بۆ گونجاندنی ئابووری خۆیان له گه‌ڵ جیهانێک دا که له حاڵی گۆڕان دایه و بۆ که‌لک وه‌رگرتن له تواناکانیان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان که‌متر خه‌مییان نه‌کردووه له به کار هێنانی زمانی ئینگلیزی و زمانه‌کانی دیکه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی.
له باری نه‌ریتی یه‌وه هه‌ڵکه‌وتی زمانی ئاڵمانی له فه‌نلاند زۆر به‌هێز بوو، بۆ پێوه‌ندییه‌کانی جۆر به جۆری نێونه‌ته‌وه‌یی و وه‌ک پێشتر هێمام پێ‌کرد ، له به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌نووکه تا دێ ده‌وری زمانی ئینگلیزی زیاتر ده‌بێ ، ئه‌و بابه‌ته ئێستا بووه به بابه‌تێکی ناوخۆیی زۆرێک له وڵاتانی ئوڕووپایی به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی که له باری دێمۆگرافی یه‌وه چکۆڵه‌ن وه‌کوو وڵاتانی سکاندیناڤی ، فه‌نلاند و هوله‌ند که تێیاندا ئینگلیزی له پاڵ زمانانی نه‌ته‌وه‌یی دا به کار ده‌هێندرێ.
پێتوو ئه‌و پارسه‌نگه ، ئه‌و باڵانسه ، باڵانسێکی ساغله‌م بێ ، واته زمانی ئینگلیزی زمانه‌کانی دی ڕه‌پاڵ نه‌نێ و له سه‌ر حیسابی زمانه‌کانی دیکه به کارنههێندرێ ، ئه‌و ده‌می ئه‌و هیوایه هه‌یه مرۆ کولتووری خۆی بپارێزێ ، شانازی زمانی خۆی بپارێزێ و ڕای هێزێنێ و هه‌ر وه‌ها خۆی له گه‌ڵ داوخوازی ئابووری به جیهانیکراو دا بگونجێنێ.
بۆیه له ڕاستیدا فه‌نلاند نمۆۆنهیهکی باشه ، که ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه ده‌کرێ بیکه‌ن به مۆدێلی سیستمی په‌روه‌رده‌ی خۆیان و ڕێز له مافی مرۆ بگرن .
قازی : به‌له به‌ر چاو گرتنی ئه‌وه‌ی که ترکییه ده‌یه‌وێ ببێ به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئوڕووپا ، به بۆچوونی ئێوه له چوارچێوه‌ی مافی مرۆ دا یه‌کێتی ئوڕووپا له دان و ستاندنه‌کانی خۆی له گه‌ڵ ترکییه سه‌باره‌ت به بارودۆخی زمانی کوردی چ ئه‌رکێکی ده‌که‌وێته سه‌ر شان ؟
فیلیپسۆن : ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام یه‌كێتی ئوڕووپا ده‌بێ بێ یهملاوئهولا ڕێزگرتن له مافی مرۆ بکا به شه‌رتومه‌رجی موتڵه‌ق بۆ ئه‌ندامه‌تی ترکییه. ئه‌من ئه‌و به‌هاره سه‌رم له ئامه‌د (دیاربه‌کر) دا . هێشتا ئه‌وه وه‌دی نه‌هاتووه، وه‌ک هه‌موو که‌س ده‌زانێ. به‌ڵام مرۆ ده‌کرێ له‌و ئه‌زموونانه‌ی گوشاربۆهێنان که یه‌کێتی ئوڕووپا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ته‌کانی دیکه‌ی داواکاری ئه‌ندامه‌تی کردی ، ده‌رس وه‌ربگرێ . وه‌کوو وڵاتانی باڵتیک ، ئێستۆنییا ، لاتڤییا و لیتڤانییا.
ژماره‌یه‌کی زۆر هه‌یئه‌تی لێکۆڵینه‌وه ناردرانه ئه‌و وڵاتانه ، هه‌م له لایه‌ن یه‌کێتی ئوڕووپا و هه‌م له لایه‌ن شووڕای ئوڕووپاوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێزگرتن له مافی که‌مایه‌تییه‌کان ده‌سته‌به‌ر بکرێ. بۆ وێنه حکوومه‌تی ئێستۆنیا ده‌بوو بیسه‌لمێنێ که ڕێز له مافی گرووپی جۆربه‌جۆری که‌مایه‌تی ده‌گرێ ، به تایبه‌تی گرووپی که‌مایه‌تی ڕووسی ئاخێوه‌ر. دیالۆگێکی زۆر له نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی داواکاری ئه‌ندامه‌تی و یه‌کێتی ئوڕووپا دا هه‌بوو سه‌باره‌ت به شه‌رتومه‌رجی ئه‌ندامه‌تی. ئاشکرایه ده‌بێ هه‌مان شت و زیاتریش له گه‌ڵ ترکییه بکرێ. ڕووسی ئاخێوه‌ران له ئێستۆنیا و لاتڤییا له ڕاستیدا په‌روه‌رده‌یان به ڕیگه‌ی ئه‌و زمانه دا بوو، چونکوو له‌وێ ڕووسی زمانی ده‌سته‌ڵات بوو. دیاره ئه‌وه بارودۆخێکی زۆر جیاوازه له گشت به‌شه‌کانی کوردستان. ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام پرێنسیپه‌کانی بنه‌ڕه‌تی وه‌کوو ئازادیی به‌یان ، ئازادیی دووچاوکی له گه‌ڵ نه‌کران که مافی مرۆیی زمانیان تێدا ده‌خوێندرێته‌وه ، ئه‌وانه ده‌بێ له په‌روه‌رده دا و له دان و ستاندن له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ترکییه دا چالاک بکرێن. یه‌كێتی ئوڕووپا ده‌بێ ده‌وری خۆی له‌و باره‌یه‌وه بگێڕێ.
ئه‌من پێم وایه ئه‌و ڕێگه‌یه‌ی که هێندێک له لێکۆله‌ره‌وانی کورد وه‌به‌ریان گرتووه وه‌کوو ئه‌میر حه‌سه‌نپوور بۆ ئاماژه کردن و هه‌ڵچنینی بۆچوون له سه‌ر ئه‌زموونی گرووپی دیکه به‌شێکه له‌وه و ئه‌من ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر ئه‌م کتێبه ( کتێبه‌که نیشان ده‌دا )
" مافی زمانی " چونکوو نووسراوه‌یه‌کی تێدایه باسی ئه‌زموونی خۆی ده‌کا .
قازی : ده‌کرێ هێندێک زیاتر کتێبه‌که بناسێنن ؟
فیلیپسۆن : باشه ! ئه‌مه کتێبێکی ڕێزلێنانه له ژنێک که له رێبازی عه‌داڵه‌ت ، چه‌شناوچه‌شنی و مافی زمانی ، په‌روه‌رده‌ی دووزمانه‌کی و سیاسه‌ته‌کانی فره زمانی بۆ ماوه‌ی 30 – 40 ساڵان به شێوه‌یه‌کی پرۆفێسیۆناڵ کاری کردووه و ئه‌زموونی وه سه‌ر یه‌ک ناوه واته تووڤێ سکووتناب – کانگاس . من هێندێک دڵه‌ڕاوکێم هه‌یه ، چونکوو ئه‌و هاوسه‌ری منه ، به‌ڵام من له گه‌ڵ ئیده‌ئاله‌کانی دام. ئێدیت کردنی ئه‌م کتێبه ئه‌زموونێکی خۆش بوو بۆ من . په‌نجا که‌س له هه‌موو جیهانه‌وه ، نووسراوه‌ی کورتیان تێدا نووسیوه سه‌باره‌ت به گرینگی ئه‌و کارانه‌ی تووڤێ کردوویه‌تی و ئه‌و که‌لکه‌ی ئه‌وان له لێکۆڵینه‌وه و خه‌باتی وییان وه‌رگرتووه. ئه‌وه‌ی لێره دا ئه‌میر حه‌سه‌نپوور نووسیویه به‌لای منه‌وه زۆر سرنجڕاکێشه . چونکوو کاتێک سه‌رقاڵی شیکردنه‌وه‌ی مێژووی زمانی کوردی بووه کاره‌کانی تووڤێی به سه‌رچاوه‌ی ئیلهام داناوه . ئه‌میر حه‌سه‌نپوور له مه‌ڕ کتێبه‌که‌ی تووڤێ " دوو زمانه بوون " ده‌نووسێ : " تووڤێ له کتێبه‌که‌ی خۆی دا به کورتی باسی ئه‌وه ده‌کا که چۆن سه‌فاره‌تخانه‌ی ترکییه له کۆپێنهاگ حه‌ولی داوه بۆ پێش‌گرتن له گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی کوردی به موهاجیرانی کورد له دانمارک . ئه‌و وه‌کوو زمانێکی سه‌رکوتکراو و قه‌ده‌غه باسی زمانی کوردی ده‌کا و به شێوه‌یه‌کی به‌که‌لک "توند‌و تیژی فیزیکی " و " توندوتیژی سه‌مبۆلیک و بناخه‌یی" به دژی زمانان و ئه‌وانه‌ی قسه‌یان پێ ده‌که‌ن له یه‌کتری جوێ ده‌کاته‌وه. کاری تووڤێ منی هان دا بۆ قووڵبوونه‌وه‌ی زیاتر سه‌باره‌ت به هه‌موو شێوه‌کانی توندوتیژی که له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێکه‌وه به دژی زمانێک و ئاخێوه‌رانی ، نووسه‌رانی ، خوێنه‌وه‌رانی و لێکۆله‌ره‌وانی ده‌کرێ . ئه‌من له هه‌مان کات دا توانیم به‌ڵگه‌یه‌کی زۆر کۆ که‌مه‌وه سه‌باره‌ت به خۆڕاگری هه‌موولایه‌نه به دژی توندوتیژی فیزیکی و سه‌مبۆلیک و جۆره‌کانی بناخه‌یی توندوتیژی له هه‌موو بواره‌کانی به‌کارهێنانی زمان دا. "
به ئاشکرایی ئه‌وه‌ی له سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی به دژی زمانی کوردی که‌وتووه‌ته‌وه و خۆڕاگری ئاخێوه‌رانی زمانی کوردی به دژی زۆرداری ده‌وڵه‌ت شتێکه که له ئاستی جیهانی دا ته‌جروبه کراوه ، جا ئه‌وه چ له وڵاتی سامییان یان له ئا‌فریکای باشووری دا کرابێ زۆر گرینگه. بۆیه ئێمه حه‌وجێمان به گه‌لی کورد هه‌یه که به‌و وره‌یه‌وه کار بکه‌ن و له سه‌ر ئه‌و جۆره ئه‌زموونانه بۆچوونی خۆیان هه‌ڵبچنن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و شتانه‌ی ڕوو ده‌ده‌ن ئاسته بکه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تی بکه‌ن به شکڵ گرتنی سیاسه‌تی زمانی له به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان دا.
قازی : ئێوه له باسه‌که‌تان له ئامه‌د قسه‌یه‌کی شێکسپییرتان به شاهید هێناوه‌ته‌وه که ده‌ڵێ : " وشه ،کردار نییه " . به بۆچوونی ئێوه کرداری کوردان خۆیان له‌وباره‌یه‌وه ده‌بێ چ بێ ؟
فیلیپسۆن : دیاره شێکسپییر تواناییه‌کی به‌رزی هه‌بووه بۆ جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر پرێنسیپێکی گرینگ . ئاشکرایه کاتێک ده‌ڵێ وشه کردار نین ده‌کرێ ئه‌وه‌ی تێ بخوێندرێته‌وه : قانوونی بنچینه‌یی ڕه‌نگه وشه و گه‌ڵاڵه‌ی زۆر جوانیان تێدابێ سه‌باره‌ت به ڕێزگرتن له چه‌شناوچه‌شنی و مافی مرۆ ، به‌ڵام ڕاستی ده‌کرێ له‌وه زۆر جیاواز بێ.
هه‌ر وه‌ها ئاکادێمیکان که وشان ده‌نووسن له‌وانه‌یه شتی زۆر به که‌لک بکه‌ن که ئه‌وه گرینگه ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له جیهانی ڕاسته‌قینه دا به کرده‌وه ڕوو ده‌دا شتێکی دیکه‌یه . کاتێک من و تووڤێ بۆ به‌شداری له کۆنفڕانسێ پێن دا چووینه ئامه‌دێ ، له به‌ر ئه‌و عه‌لاقه‌یه‌ی بوو که بوومان سه‌باره‌ت به‌و شتانه‌ی که به‌ساڵانه له‌و ناوچه‌یه دا ده‌قه‌ومێن و هه‌ر وه‌ها له به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و کۆنفڕانسه خه‌ڵکی له به‌شه جیاوازه‌کانی کوردستان و له پێنی ترک و ڕێکخراوی پێنی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه له ده‌وری یه‌کتر کۆ ده‌کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی حه‌ول بده‌ن یارمه‌تی بکه‌ن به کردار ، به هه‌ڵسووڕان و به ڕاهێزاندنی مافی کوردان له‌و به‌شه‌ی کوردستان.
ئه‌وه خه‌باتێکی درێژخایه‌نه. زۆرێک له‌و باسه ئاکادێمییانه‌ی که پێشکێش کران ، زۆرێک له‌و وشانه له ماڵپه‌ڕی ڕێکخراوی پێنی کورد دا هه‌ن له ئاڵمان. ئه‌وه ماڵپه‌ڕێکی زۆر باشه و زانیاری زۆر به که‌لکی تێدایه ، مرۆ ده‌کرێ سه‌ر له‌و ماڵپه‌ره بدا و بیان خوێنێته‌وه ، به‌ڵام کردار ئه‌وه‌یه که پێویسته بۆ به‌هێزکردنی ماف و بۆ خه‌بات له پێناو دۆزی مافی مرۆ دا بکرێ
ئه‌من پێم وایه ، له‌و ڕیبازه دا پێداویستیمان به تێئۆری باش هه‌یه. که‌سێکی دیکه‌ی که ئه‌من ده‌مه‌وێ لێره دا قسه‌یه‌کی لێ بگێرمه‌وه پیاوه‌پیره‌ی بواری کۆمه‌ڵناسی زمان و لێکۆڵینه‌وه‌کانی دوو زمانه‌کی جاشووا فیشمه‌ن ه که لێره دا ده‌نووسێ:
" تووڤێ سکووتناب- کانگاس به بێ گومان یه‌ک له پسپۆره هه‌ره هه‌ڵکه‌وتووه‌کانی بواری "کۆمه‌ڵناسی به‌راوردی زمان " ی نه‌سله ئێمه‌یه. مرخی وی بۆ بره‌وپێدانی زیاتری ڕه‌زایه‌تی هاوبه‌ش و مۆدێله‌کانی به‌هێزتری په‌روه‌رده‌ی دوو زمانه‌کی و به‌رگری کردن له‌و زمانانه‌ی له هه‌ڵکه‌وتی هه‌ره لاواز دا ڕاگیراون به ئاشکرا یارمه‌تی ده‌کا به بنه‌ماکانی حه‌ولی ئاگادارانه بۆ پاراستنی زمان له ڕوانگه‌ی تێئۆرییه‌وه ."
ئێمه پێداویستیمان به تێئۆری باش هه‌یه ، حه‌وجێمان به شیکردنه‌وه‌ی باش هه‌یه. هه‌ر وه‌ک کرده‌وه‌ی باش له مه‌یدانی کرداری دا به مه‌به‌ستی گۆڕینی ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دا، به گوتنێکی دی بۆ ئه‌وه‌ی قسه بکه‌ین به کردار.
ئێمه حه‌وجێمان به که‌سانی ئه‌وتۆ هه‌یه که له باری تێئۆرییه‌وه له کۆمه‌ڵناسی زمان ئاگاداربن و لێی بزانن. که‌سانی ئه‌وتۆی که پڵان دانانی زمانی بزانن و که‌سانی ئه‌وتۆی که ده‌زانن سیاسه‌تی زمانی چییه . ئاشکرایه له پێوه‌ندی له گه‌ڵ خه‌باتی کوردان دا ، ئێمه حه‌وجێمان به که‌سانی ئه‌وتۆ له نێو کوردان دا هه‌یه که فێری ئه‌و جۆره تێئۆریانه و ئه‌و جۆره لێکۆڵینه‌وه ئاکادێمیکانه بن بۆ یارمه‌تیدان به‌و خه‌باته‌ی که له هه‌ر کام له به‌شه‌کانی کوردستان دا به‌ڕیوه‌یه.
ئه‌من پێم وایه تێلێڤیزیۆنی ڕۆژیش کارێکی گه‌وره ده‌کا بۆ به جه‌ماوه‌ریکردنی زۆرێک له‌و بیرانه . به‌و هیوایه‌ی ئه‌وانه بگاته بینه‌ری هه‌ره زۆر. ماڵپه‌ڕی ئه‌و تێلێڤیزیۆنهش له تۆڕی ئینترنێت دا ئامرازێکی باشه بۆ ئه‌وه‌ی بکرێ مرۆ له ئه‌زموونی خه‌ڵکی دیکه فێر بێ و بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونانه ببنه کردار، بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه نه‌زمێکی زۆر ئینسانیتری جیهانی له‌وه‌ی که هه‌نووکه له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست دا هه‌یه.
قازی: مامۆستا فیلیپسۆن ، زۆر سپاس بۆ به‌شداریتان له‌م هاوپرسه‌کییه دا.
فیلیپسۆن : سپاس بۆ ئێوه و بۆ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆتان ڕه‌خساندم
No comments:
Post a Comment