بۆ ڕێزلێنان له بێره‌وه‌ریی مامۆستای نه‌مر, زانا وزمانناسی ماندوویی نه‌ناس ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف
بۆ ڕێزلێنان له بیره‌وه‌ریی مامۆستای نه‌مر
ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف
له ساڵی 1993 کتێبی " نگاهی تازه به د‌ستور زبان" نووسینی دوکتور محه‌مه‌د ڕه‌زای باتێنی م له زمانی فارسییه‌وه وه‌رگێڕا و به نێوی "ئاوڕێکی تازه بۆ سه‌ر ڕێزمان" له سوێد چاپ و بڵاوه‌م کرده‌وه. نوسخه‌یه‌کی ئه‌و وه‌رگێڕانه‌م بۆ مامۆستا ئه‌وڕه‌حمان نارد و له‌نامه‌یه‌ک دا داوام لێکردبۆچوونی خۆی له سه‌ر وه‌رگێڕانه‌که و نێوه‌رۆکی کتێبه‌که بنووسێ. زۆری پێنه‌چوو وڵامی دایه‌وه.دیاره ئه‌من ئه‌م وه‌رگێڕانه به‌هیچ جۆر شیاوی ئه‌و نرخانده به‌رزه نابینم که مامۆستا ئه‌وڕه‌حمان کردوویه. ئێستا که زۆرێک له ڕێبوارانی بواری زمان‌ناسی و ڕووناکبیریی کورد به له‌ده‌ستدانی وی تاساون، بۆ ڕێزلێنان له بیره‌وه‌ی ئه‌و زمانناسه مانددویی نه‌ناسه، هه‌موو نامه‌که له ڕووی دهستخهتییهوه لێره‌دا بۆ ئاگاداری خوێنه‌وه‌رانی کورد به تایبه‌تی ڕێبوارانی بواری زمان‌ناسی بڵاو ده‌که‌مه‌وه.به‌داخه‌وه نه ئاواتی مامۆستا و نه ئی من هاته دی و ئێستا ده‌بێ هه‌ر له کاره‌کانی دا بیبینم.
حه‌سه‌نی قازی
12ی ژووییه‌ی 2007
برای به‌ڕێز و هێژا مامۆستا حه‌سه‌ن!
ڕۆژ باش!
ده‌سته‌کانت ده‌گوشم… هه‌واڵی به سۆزت ده‌پرسم…هیوامه له کاری زانستی دا سه‌رکه‌وتوو و له ژیاندا سه‌ربه‌رز بی. پێرێ دیاری یه به‌نرخه‌که‌تم پێگه‌یشت و له قووڵایی دڵمه‌وه سوپاست ده‌که‌م… تۆ که ده‌ست و قه‌ڵه‌مت ئاوا ڕه‌نگین بێ، چاوه‌ڕوانی پیت و به‌ره‌که‌تی به‌رهه‌می پترت لێ ده‌که‌ین… ته‌مه‌نی درێژ و به‌خته‌وه‌ریت به ئاوات ده‌خوازم و سه‌رکه‌وتنت له به جێ گه‌یاندنی ئه‌و ئه‌رکه پیرۆزه‌ی گرتووته‌ته ئه‌ستۆی خۆت ئاره‌زوو ده‌که‌م.
داوات کردبوو له سه‌ر وه‌رگێڕان و نێوه‌رۆکی دیاری یه‌که‌ت – کتێبی "ئاوڕێکی تازه بۆ سه‌ر ڕێزمان" له بیر وڕای خۆم ئاگادارت بکه‌م. داوات له سه‌ر هه‌ردوو چاوان.. چ بکه‌م؟ ده‌ستێکم که‌وتووه‌ته ئه‌ملا و ده‌ستێکیشم ئه‌ولا که‌وتووه. نه ده‌کرێ ڕێ به خۆم بده‌م داوای ئه‌تۆ به جێ نه‌هێنم و نه ده‌شێ ئه‌و کاره به نامه مه‌یسه‌ر بکرێ. جا لێم ببووره، به کوردی و به کورتی، چه‌ند دێڕێکت بۆ بنووسم:
کتێبه‌که لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی چاکه و به شێوازێکی ڕێک وپێک نووسراوه… له بواری زمانناسیدا که‌ڵکێکی زۆر به خوێنه‌ری فارس ده‌گه‌یه‌نێ و ده‌هێنێ بکرێته به‌رنامه‌ی وانه‌ی زانستی زمان له زانستگاکانی ئێران …
خه‌وشی گه‌وره و دیاری ئه‌و به‌رهه‌مه له‌وه‌دایه، که زوربه‌ی زۆری باس و لێدوان و بۆچوون و بیروڕا و ئه‌نجامه‌کانی، زاده و مایه‌ی بیری خودی نووسه‌ره‌که‌ی نین، به‌ڵکوو وه‌ری گرتوون و وه‌ری گێڕاونه‌ته سه‌ر فارسی.ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش تا ڕاده‌یێک شتێکی ئاسایی بێ، به‌ڵام ناونه‌بردنی خاوه‌نه‌کانیان له شوێنی خۆیاندا هه‌ڵوێستێکی نازانستانه‌یه. بۆ نموونه، ده‌بینین ڕه‌خنه و سه‌رنجی به‌جێ و زانستییانه‌ی سه‌باره‌ت قوتابخانه‌ی ( سوننه‌تی، بناخه‌گر) خستووه‌ته ڕوو… به‌ڵام هه‌ر زمانناسێک، ئه‌وه ده‌زانێ، که ده‌یان ساڵه به زمانه ئه‌وروپاییه‌کان، ئه‌و زانیاریانه بڵاو کراونه‌ته‌وه و خاوه‌نه‌کانیشیان ناسراون، که‌چی دوکتۆر محه‌مه‌د ڕه‌زای باتینی ناوی ئه‌و سه‌رچاوانه و نووسه‌ره‌کانیانی نه‌بردووه.
سه‌ر له به‌ری باسی قوتابخانه جۆربه‌جۆره‌کانی زمانناسیی کتێبی " ئاوڕێکی تازه بۆ سه‌ر ڕێزمان"، نه‌ک له مێژه له‌و کارانه‌ی به زمانه ڕۆژئاواییه‌کان، ده‌رباره‌ی زمان‌ناسی ده‌دوێن، باس کراون، ته‌نانه‌ت قووڵتر و فراوانتریش خۆیان ده‌نوێنن.. جا، ئه‌گه‌ر له باره‌ی ئه‌و باسانه هه‌رچی یێک بڵێم، ئه‌وه ده‌بێته ڕاده‌ربڕین به‌رانبه‌ر کاری زمانناسه ڕۆژئاواییه‌کان، نه‌ک کتێبی " ئاوڕێکی تازه بۆ سه‌ر رێزمان".
وه‌ک وتم، ئه‌مه کاری نامه نییه و ناتوانم درێژه‌ی پێ بده‌م… به‌ڵێ تێبینی زۆرم هه‌یه، به‌ڵام بۆ نموونه ته‌نیا سێ چوارێکیان باس ده‌که‌م:
1- نووسه‌ر ده‌رباره‌ی خه‌وش و که‌مایه‌سیی قوتابخانه‌ی ( سوننه‌تی و بناخه‌گر) دواوه، که‌چی خۆی له خه‌وش و که‌مایه‌سیی ڕێبازی چۆمسکی نه‌گه‌یاندووه… خۆ ئه‌و ڕێبازه‌ش بێ که‌م و کورتی نییه و زمانناسانیش که‌میان له‌باره‌یه‌وه نه‌نووسیوه…
خاسیه‌تی ڕووتی ژیربێژیی لێکۆڵینه‌وه‌ی بنیوی زانایانی وه‌ک ئێلمسلێڤ و چومسکی، له ساڵانی 60 دا نه‌ک هه‌ربووه مایه‌ی ڕه‌خنه له بیروڕایان، به‌ڵکوو بووه هۆی ده‌رگاکردنه‌وه‌ی بایه‌خ دان به کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تیی زمان و دهروونناسیی ئاخاوتن و ئه‌ندازیارێتیی زمان‌ناسی.
2- باشتر وابوو له سه‌ره‌تای لاپه‌ڕه(111) ئه‌م ڕاستی یه‌ی خوارهوهبڵێ:
کۆڕی کۆپپنهاگن له سه‌ره‌تای ساڵانی 30 دا په‌یدا بوو. ڕابه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌م قوتابخانه‌یه ل. ئێلمسلێڤ بوو، که تیۆری یه‌که‌ی خۆی ناونابوو گلۆسێمانتیک. گلۆسێمانتیک بریتی یه له هه‌وڵێک بۆ هێنانه ئه‌نجامی تیۆری یێکی به‌ڵگه‌نه‌ویستی زمان‌ناسی له جیاکردنه‌وه‌ی ته‌ن و ئه‌رکدا. ته‌ن – نیشانه‌ی دانه‌یه؛ ئه‌رک – پێوه‌ندیی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌رک گیره. به پێی بۆچوونی ئێلمسلێڤ تیۆریی زمان‌ناسی بریتی یه له شێواز و ڕێبازی زمان‌ناسی. شێواز و ڕێبازی ئێلمسلێڤ نموونه‌ی نه‌خشه کێشانی ژیربێژیی بیرکاری یه. وێنه‌یێکی دی ئه‌م جۆره لێکۆڵینه‌وه‌یه، شێواز و ڕێبازی بزوێن و بگۆڕی ن.چۆمسکی زانای ئه‌مه‌ریکایی یه.
3- وێڕای ئه‌و چه‌ند ڕێباز و کۆڕ و قوتابخانانه‌ی د.باتینی لێیان دواوه، هی به‌ناوبانگی دی ئه‌وتۆ هه‌ن، که ده‌بوو ئه‌وانیش پشت گوێ نه‌خات.
4- ئه‌گه‌رچی شێوازی نووسینی سه‌رله‌به‌ری کتێبه‌که ڕه‌وانه، به‌ڵام ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی لاپه‌ڕه‌ی(9)، که به نێوی " پێشگوتاره" ه‌وه‌یه، سه‌رنج ڕاده‌کێشێ. ئه‌وه‌ته له‌و ده دێڕه دا حه‌وت جار وشه‌ی (کتێب)ی وتووه‌ته‌وه و له دوو دێری سه‌ره‌تاشدا سێ جار: " ئه‌م کتێبه ڕێزمانی زمانی فارسی نییه؛ئه‌م کتێبه وته‌یه‌که له مه‌ڕ ڕیزمان. له‌م کتێبه‌دا …"
(ل 9دا – 3). پێم وایه، باشتر بوو بنووسێ: ئه‌م کتێبه ڕێزمانی فارسی نییه، به‌ڵکوو وتویهکه له‌مه‌ڕ ڕێزمان… له‌م به‌رهه‌مه دا …
له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا د.باتینی خۆیشی زانیاریی باشی تۆمار کردووه و هونه‌ری به‌رزی نواندووه و کارێکی گه‌وره‌ی به ئه‌نجام گه‌یاندووه.
هه‌رچی مامۆستا حه‌سه‌نی خۆمانه، به ئاشکرا دیاره بۆ به جێ هێنانی ئه‌و ئه‌رکه پیرۆزه ته‌قه‌لایێکی زۆری داوه… له‌و باوه‌ڕه دام گه‌لێک گیروگرفت و ته‌گه‌ره و کۆسپ هاتووه‌ته ڕێگه‌ی، که چاره‌سه‌رکردنیان ئاسان نه‌بووه، به‌ڵام له گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هونه‌ری به‌رزی خۆی نیشان داوه و له وه‌رگێڕانی کتێبه‌که دا ته‌واو سه‌رکه‌وتووه.
کوردییه پاراوه ڕهوانهکهت، ڕسته جوان و ساده‌کانت… خوێنه‌ر شه‌یدای زمانی کوردی ده‌که‌ن… له کاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ر په‌ڕه‌یێکم هه‌ڵده‌دایه‌وه، پتر هه‌ستم به به‌رهه‌می قه‌ڵه‌می مرۆڤێکی کوردی دڵسۆزی به‌هره‌دار ده‌کرد. ئه‌مه‌ش له دڵمدا ڕێز و ته‌قدیری به‌رانبه‌رت زیاتر په‌یدا کرد و بۆیه ئێستاکه به دڵ ئاره‌زوو ده‌که‌م ڕۆژێک به دیده‌نیت شادبم.
مامۆستا حه‌سه‌نی ئازیز! کاره‌که‌ت سه‌رکه‌وتووه، به‌ڵام به‌رهه‌می چاک مه‌رج نییه بێ که‌م و کورتی بێت. خه‌وش و ناته‌واویش نابێت به هۆی که‌م کردنه‌وه‌ی نرخی ئه‌و کاره و وه‌رگێڕی به‌ڕێزی. که‌م ڕێ ده‌که‌وێت، شتێک له زانست‌دا، له سروشتدا… خه‌وشی تێدا نه‌بێ. خۆ به نیسبه‌ت نووسینی کوردییه‌وه، نه‌بوونی که‌م و کورتی جێگای سه‌رسوڕمانه، نه‌ک بوونی.
لێم ببووره گه‌ر بێژم، خۆزیا هێنده ئامرازی (که) ت به کار نه‌ده‌هێنا. بۆ نموونه، با پێکه‌وه بڕوانینه لاپه‌ڕه (11):
دێری 9 : … لێ هه‌ڵکێشا که هه‌موو لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی زمانی که …
دێری 13: … که بیروڕاکانی چامسکی که …
… تاد.
چۆمسکی به کوردیش هه‌روه‌ک ئینگلیزی یه‌که‌ی به ( چۆمسکی) ڕۆیشتووه. وا پێ ده‌چێ فارسه‌کان ( چامسکی) پێ بڵێن و بۆیه‌ش تۆ ( چامسکی ) یت نووسیوه.
چاکتر وابوو فه‌رهه‌نگۆکی پاشکۆی کتێبه‌که‌ت ( کوردی – فارسی – ئینگلیزی ) بێت، نه‌ک ( فارسی – کوردی – ئینگلیزی ). ئاشکرایه، نووسینه‌که کراوه‌ته کوردی و خوێنه‌ر وشه و زاراوه‌ی کوردی دێته پێش چاو و مانای نازانێ و ده‌یه‌وێ لێی تێ بگا. به وێنه، گه‌ر یه‌كێک له زاراوه‌ی ( دۆخ) تێ نه‌گه‌یشت، چۆن به‌رانبه‌ره‌که‌ی به فارسی یان ئینگلیزی بدۆزێته‌وه.
ده‌مه‌وێ ئه‌وه‌ش بڵێم، که منیش و تۆیش و هه‌رکه‌سێکی دیش پێویستیمان به هاوکاری و یارمه‌تی و ڕێگانیشاندان هه‌یه و زۆر جاری واش هه‌ڵده‌که‌وێت شاگرد ڕه‌خنه‌ی ڕاست و ڕه‌وان له مامۆستای خۆی بگرێ.
هیوامه ئه‌و چه‌ند وشه‌یه‌م به چه‌پکه‌گوڵی وه‌فا و خۆشه‌ویستی له قه‌ڵه‌م بده‌یت و له هه‌موو هه‌ڵه‌یێکم ببووریت، که دیاره خۆم هه‌ستم پێیان نه‌کردووه، ئه‌گینا ببڕای ببڕ و هه‌رگیزاوهه‌رگیز مافی ژیانم نه‌ده‌دانێ.
به هیوای خۆشی و سهرفرازیتم
ئیمزا
ئه‌وڕه‌حمانی حاجی مارف
14 / 10 / 1994
No comments:
Post a Comment