Sunday, July 1, 2007

هێندێک تێبینی زمانی 5


هێندێک تێبینی زمانی 5
حه‌سه‌نی قازی
" گه‌را" و " گه‌رایی" نا، " گر" و "گری" با!

له‌ نووسراوی کوردی دا زۆر بێژه‌ و زاراوه‌ی ڕووتی فارسی ده‌کار ده‌کرێ که‌ ئه‌و کاره‌ خواستنه‌وه‌یه‌کی نه‌پیویسته‌،چونکوو ده‌ره‌تانی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌پێی توانایی وگونجانی زمانی کوردی ئه‌و واتایانه‌ دابتاشرێن.
یه‌ک له‌وانه‌ده‌کارهێنانی بنه‌ی چاوگی "گرائیدن"[گه‌رائیده‌ن]؛"گه‌را"ی فارسییه‌بۆ سازدانی ناو و "گه‌رایی" بۆسازدانی ناوی واتا.وه‌کوو:میللی گه‌را،میللی گه‌رایی،بۆنیادگه‌را، بونیادگه‌رایی و زۆر بێژه‌ی دیکه‌ی ئاوا.
وه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ دا باس کرا له‌ بنه‌ی چاوگی "گرائیدن" فارسی، "گه‌را" وشه‌ی لێکدراو ساز کراون وه‌کوو میللی گه‌را [ که‌سێک که‌ مه‌یل و مرخی میللی هه‌بێ]، بونیاد گه‌را،
[که‌سێک که‌ بنچینه‌گر] بێ . هه‌رله‌وه‌ "گێرایێش" داتاشراوه‌ به‌ مانای مه‌یل و ته‌ما و وه‌کوو هاوتایه‌ک بۆده‌ربڕینی واتای تێندێسی ئێنگلیسی یان تاندانسی فه‌رانسه‌یی.
ئه‌و نووسه‌رانه‌ی له‌ کوردی دا "گه‌را" و "گه‌رایی" به‌ واتا فارسییه‌که‌ی ده‌کار ده‌که‌ن له‌وه‌ ورد نه‌بوونه‌ته‌وه‌ که‌ "گه‌را" له‌ زمانی کوردی دا واتایه‌کی ته‌واو جیاوازی له‌ وشه‌ هاوشوباره‌که‌ی له‌ فارسی دا هه‌یه‌.
چه‌ند قامووسی کوردی مانای "گه‌را" و لێ پێکهاته‌کانی ئه‌و وشه‌یه‌یان ئاوا لێکداوه‌ته‌وه‌:
1- هه‌مبانه‌ بۆرینه‌، هه‌ژاری موکریانی: گه‌را: 1) تۆمی وردی هێشتا نه‌گووراوی بێ بزاوی
جانه‌وه‌ران؛ 2) به‌رز و ئه‌ستوور،بۆ زگی په‌نه‌ماوی ئێژن؛ 3) ڕاوکه‌ی مریشک.
گه‌را خستن: تۆم داخستنی جانه‌وه‌ران
گه‌رادان :1) جێگه‌ی گه‌راتێکردن؛ 2) جێگه‌ی خا له‌ زکی که‌ڕگی دا
گه‌را دانان: گه‌راخستن

2- کوردستان ، گیوی موکریانی: گه‌را: تۆدان _ ی ماسی و بۆق و ئیدی _، ئه‌سپێ،ڕشک

3-فه‌رهه‌نگی کوردی –فارسی ، بۆره‌که‌یی: گه‌را : تخم ماهی ، گه‌راخستن: تخم گذاشتن ماهی ، گه‌رادان: تخم دان مرغ، گه‌رادانان: تخم گذاشتن ماهی و برخی از حشرات

4- خوه‌رهه‌ڵات ، که‌ریمی که‌ریمپوور: گه‌را :بێ قه‌ول و قه‌رار له‌ کوردیی ئیلامی دا

که‌وابوو به‌ پاڵپشتی ئه‌و قامووسانه‌ ده‌رده‌که‌وێ که‌ "گه‌را" ی کوردی و " گه‌را"ی فارسی مانایان له‌ یه‌ک نزیک نییه‌،

بۆ هاوتای کوردی "گه‌را" ی فارسی ، ده‌کرێ "گر"ی کوردی له‌ بنه‌ی چاوگی "گرتن" ده‌کاربهێنین و هه‌مان مانای پێ ده‌رببڕین و له‌ جیات "میللی گه‌را" بنووسین "میللی گر"،
له‌ جیات "میللی گه‌رایی"، " میللی گری" ، له‌ جیات "بونیادگه‌را" "بنچینه‌گر" و له‌ جیات "بونیادگه‌رایی" "بنچینه‌گری" و له‌ خوت و خۆرایی له‌ زمانی به‌شه‌براوه‌ نه‌خوازینه‌وه‌.
ده‌ی ئێوه‌ ده‌ڵێن چێ؟ ده‌ شتێک بڵێن خۆ ئاسمان به‌ عه‌رزییه‌وه‌نانووسێ!

No comments: