کۆمیسیۆنی عێراقی بریتانیا و شاییدی دانی پرۆفسۆر برێندان ئۆلیری له 15ی ژووه‌نی 2007
پرۆفسۆر برێندان ئۆلیری
کۆمیسیۆنی عێراق
بۆ پێداچوونه‌وه به سیاسه‌تی بریتانیا سه‌باره‌ت به عێراق و بۆچوونێکی نوێ،له‌لایه‌ن "فارین پالیسی سێنتر" کۆمیسیۆنێکی سه‌ربه‌خۆ که نوێنه‌رانی هه‌موو پارتییه سیاسییه دامه‌زراوه‌کانی بریتانیا وه‌به‌ر ده‌گرێ دامه‌زراوه.ئه‌رکی ئه‌و کۆمیسیۆنه ئه‌وه‌یه دوای ڕاوێژ و دیالۆگ له گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆر له پسپۆڕانی بواره جیاوازه‌کاندا، له‌وباره‌یه‌وه ئامۆژگاری بدا به حکوومه‌تی گۆردن بڕاون بۆ وه‌به‌ر گرتنی سیاسه‌تێکی نوێ له مه‌ڕ عێراق. له مانگی ژووه‌ن دا ئه‌و کۆبوونه‌وانه (هیرینگس) به‌رێوه‌چوون و به پێچه‌وانه‌ی کۆمیسیۆنی به‌یکر – هامیلتن ئه‌و جار له گه‌ڵ دوو نوێنه‌ری حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش چاوپێکه‌وتن کراوه.
نێوه‌ندی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ( فارین پالیسی سێنتر)، به یارمه‌تی کاناڵی 4 هاسانکاری کردووه بۆ کاری ئه‌و کۆمیسیۆنه و گشت ئه‌و دیالۆگانه‌ی ئاسته کردووه‌و ڤیدێئۆی ئه‌و کۆبوونه‌وانه ده‌کرێ له سه‌ر تۆڕی ئینترنێت ببیندرێن. له‌مانگی ژووییه دا کاناڵی 4 ی بریتانیا ئه‌و هیرینگانه بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌رکی كۆمیسیۆنی عێراق له بریتانیا وه‌کوو ئه‌رکی گرووپی لێکۆڵینه‌وه‌ی عێراقی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ( کۆمیسیۆنی به‌یکر- هامیلتن) وایه.
ئه‌م ده‌قه‌ی له خواره‌وه ده‌یخوێننه‌وه ئه‌وپرسیارانه‌یه که چه‌ندێک له ئه‌ندامانی کۆمیسیۆن له پرۆفسۆر برێندان ئۆلییری یان کردووه له 15ی ژووه‌نی 2007. ئۆلییری که به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئیرله‌ندی یه یه‌ک له پسپۆڕه‌ناسراوه‌کانی بارودۆخی عێراق و به‌تایبه‌تی ئاگادار له دۆزی کورده.
ئاماده کردن و وه‌رگێڕان له ئینگلیسییه‌وه: حه‌سه‌نی قازی
بارۆنێس مارگارێت جه‌ی ( سه‌رۆکی کۆبوونه‌وه)
زۆر سپاستان ده‌که‌م بۆ هاتنتان، به‌یانیتان باش. ئه‌من مارگارێت جه‌ی م و کۆبوونه‌وه‌ی سه‌رله‌به‌یانی کۆمیسیۆنی عێراق به‌ڕێوه ده‌به‌م،ئه‌گه‌ر رێگه‌م بده‌ی به کورتی هێندێک له ئه‌ندامانی کۆمیسیۆنی عێراق که ئێستا لێره‌ن به ئێوه بناسێنم. له‌وپه‌ڕی لای چه‌پمه‌وه ستێفان تویگ دانیشتووه که به‌ڕێوه‌به‌ری فارین پالیسی سێنتر ( نێوه‌ندی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه) یه، له‌ته‌نیشتی لای چه‌په‌م پرۆفسۆر برایان بریڤاتی یه له مامۆستایانی زانکۆی کینگستن، له لای ڕاستمه‌وه لۆرد هانی یه ، که پێشتر ده‌یڤید هانی و باڵوێزی ئێمه بوو له کۆڕی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان و له‌و په‌ڕی لای ڕاستیشم سێر پاتریک واکر ڕۆنیشتووه که به‌ڕیوه‌به‌ری پێشووی ده‌زگای ئێم ئای فایڤه و ئێمه زۆر به‌پێزانییه‌وه سپاستان ده‌که‌ین بۆ هاتنتان و بۆ ئه‌و یادداشته سرنجڕاکێشه‌ی پێشکێشتان کردووین و نێوتان لێناوه به‌دژی قانوونی بنچینه‌یی عێراق کار نه‌کرێ.له ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و شاییدی دانانه‌ی که له کۆبوونه‌وه‌کانی پێشوو دا دراوه به ئێمه پێشنیار کراوه ئه‌وه به‌که‌لک و باش ده‌بێ ئه‌وقانوونه بنچینه‌ییه‌ی له ساڵی 2005 دا په‌سند کراوه ئاڵوگۆڕی تێدابکرێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێ بۆ قه‌ره‌بووکردنه‌وه و ساخکردنه‌وه‌ی هێندێک له‌و گیروگرفتانه وێده‌چی ڕاسته‌وڕاست له ئاکامی په‌سندکرانی ئه‌و قانوونه هاتبنه ئاراوه. هۆی چییه که ئێوه ده‌ڵێن به‌تایبه‌تی حکوومه‌تی بریتانیا ده‌بێ لایه‌نگروپشتیوانێکی به‌گوڕی ئه‌و قانوونه بنچینه‌ییه بێ که هه‌نووکه له گۆرێدایه؟
برێندان ئۆلیری
ئه‌من پێم وایه حکوومه‌تی بریتانیا ده‌بێ لایه‌نگر و پشتیوانێکی به گوڕی ئه‌م قانوونه بنچینه‌ییه‌ی بێ که هه‌نووکه هه‌یه چونکوو ئه‌وه ئیراده‌ی چوار له پێنجی ده‌نگده‌رانی عێراقی ده‌درکێنێ و ده‌بێ حکوومه‌تی بریتانیا پشتیوانی بکا له‌و هه‌موار کردنانه‌ی له چوارچێوه‌ی پێڤاژۆی په‌سند کردنی قانوونه‌که دا رێکه‌وتنی له سه‌ر کراوه.موشکیله ئه‌وه‌یه که له واشنگتن و پێم وایه به نابه‌دڵی له نێو هێندێک به‌شی ده‌زگای دیپڵۆماتیکی بریتانیاش دا ویستێکی ئه‌وتۆ هه‌یه بۆ پێشێلکردنی به‌شێکی به‌رچاوی نێوه‌رۆکی ئه‌و قانوونه که له کرده‌وه دا مانای پێشێلکردنی ئه‌و به‌رنامه فێدێرالیستییه‌یه که ڕێکه‌وتنی له سه‌ر کراوه.به بۆچوونی من هیچ دژوارییه‌ک له ئارا دا نییه بۆ کارکردن له سه‌ر ئه‌و به‌شانه‌ی قانوونه‌که که حه‌وجێی به هه‌موارکردن هه‌یه، وه‌کوو مه‌جلیسی دووه‌م؛ کارکردن له سه‌ر ئه‌رکی دادگه‌ی به‌رز، هه‌ر وه‌ها به دڵنیاییه‌وه ئه‌و نه‌رمییه هه‌یه بۆ چاوپێداخشانده‌نه‌وه به بابه‌ته‌کانی سه‌باره‌ت به به‌عس پاککردنه‌وه. به باوه‌ڕی من، ته‌نانه‌ت ده‌رفه‌ت و جێگه‌ش هه‌یه بۆهه‌بوونی سه‌رۆکایه‌تی به‌کۆمه‌ڵی کۆمار له دابێ دا له بری ئه‌وه‌ی که سه‌رۆککۆمارێکی تاقانه هه‌بێ، ئه‌وانه هه‌مووی له روح و کری قانوونه بنچینه‌ییه‌که دا به گشتی هه‌ن به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌من پێم وایه جێی وتووێژ و ده‌ست لێدان نییه، ئه‌و پاکه‌ته بنه‌ڕه‌تییه‌یه‌ی فێدێرالیستییه که نه‌ک هه‌ر پێکهاتنی هه‌رێمه‌کانی له به‌ر چاو گرتووه به‌ڵکوو پێشبینیشی تێدایه سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌کانی خۆڕسکی و نه‌زم و به‌رنامه‌ی هێمنی و ئاسایشت له داهاتوو دا. به باوه‌ڕی من ئه‌و سێ بابه‌ته سه‌ره‌کییانه که مۆره‌غه‌ی ئه‌و قانوونه‌ن نابێ ده‌ستیان تێوه‌ربدرێ و ئاڵ‌وگۆڕیان به‌سه‌ردابێ.
مارگارێت جه‌ی
و ئه‌توو پێت وایه که قانوونی بنچینه‌یی هه‌نووکه‌یی ئه‌و نه‌رمییه‌ی به ڕاده‌ی پێویست هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رێگه بدا به جۆره‌یه‌ک ئاشتبوونه‌وه‌ی سیاسی له نێوان گرووپه تائیفییه جۆراوجۆره‌کاندا که ئه‌وه‌ش هه‌نووکه یه‌کێک له کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان بووه له هه‌مبه‌ر سه‌قامگیربوونی حکوومه‌تێکی به سبات دا.
برێندان ئۆلیری
ئه‌رێ! ئه‌م قانوونه بنچینه‌ییه شتێکی به‌ده‌ست خستووه که به‌گرد بڕی چاوڕاکێشه به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی ده‌بێ پێی نه‌زاندراوه، ئه‌و قانوونه مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی نێوان کورد و عه‌ڕه‌ب بۆ یه‌که‌م جار له مێژووی عێراق دا چاره‌سه‌ر ده‌کا و چ گۆڕانێک له قانوونی بنچینه‌یی دا نابێ ئه‌و ڕێکه‌وتنه سه‌قامگیر و بنه‌ڕه‌تییه بئاڵۆزێنێ. پرسی دوویه‌می که ئێوه به سه‌رداگیراوی هێناتانه گۆڕێ شه‌ڕی نێوخۆیی عه‌ڕه‌بانه و کێشه‌یه‌کی تائیفییه. کورده‌کان هیچ ده‌ورێکیان له‌و کێشه‌یه‌دا نییه وله ڕاستیدا ده‌ورێکی خولقێنه‌رانه ده‌گێڕن بۆ حه‌ولدان بۆ ئه‌وه‌ی بژیوانیان له ناو دا بکه‌ن.به باوه‌ڕی من قانوونی بنچینه‌یی لانی زۆری ده‌ره‌تانی بۆ عه‌ڕه‌بی سوننی له به‌ر چاو گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی حکوومه‌تی خۆییان هه‌بێ له‌وناوچانه‌ی که تێیاندا زۆربه‌ی دانیشتوان پێک ده‌هێنن. قانوونی بنچینه‌یی رێگه‌یان پێده‌دا له دامه‌زراوی فێدێرال دا به‌شێکی ته‌واو ڕێژه‌ییان هه‌بێ بێتوو بیانه‌وێ له‌و ده‌رفه‌تانه که‌لک وه‌ربگرن. قانوونی بنچینه‌یی فه‌رق و جیاوازی دینییان له گه‌ڵ ناکا، نایه‌وێ هیچ جۆره حکوومه‌تی ئیسلامی یان تێخوێندنه‌وه‌یه‌کی تایبه‌تی له ئیسلام ده‌سته‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێ، ئه‌ندامه‌تی عێراق له‌کۆمکاری عه‌ره‌ب دا به‌ڕه‌سمی ده‌ناسێ که ئه‌وه‌ش گرینگه بۆ تێگه‌یشتنی سونییان سه‌باره‌ت به فۆرماسیۆنی مێژوویی عێراق.جا بۆیه ئه‌وه به ته‌واوی هه‌ڵه و نادروسته وا بیر بکرێته‌وه که قانوونی بنچینه‌یی ده‌گاته به‌رنامه‌یه‌ک به دژی عه‌ره‌بی سوننی. ئه‌فسانه و قسه‌ڵۆکی دیکه‌ش هه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌من ئه‌مڕۆ یه‌کێک له‌و ئه‌فسانانه‌م بیست که ده‌ڵێ قانوونی بنچینه‌یی له بناوانه‌وه عه‌ڕه‌به سوننی یه‌کان بێ به‌ش ده‌کا له ده‌ست وێڕاگه‌یشتن به سه‌رچاوه خۆڕسكییه‌کان چونکوو ئه‌وان له هه‌رێمه‌کانی خۆیاندا له نه‌وت بێ به‌شن. ئه‌وه ڕاست نییه، له‌هه‌رێمی ئه‌نبار سه‌رچاوه‌ی نه‌وت هه‌یه، به ئاسۆی باشه‌وه بۆ ده‌رهێنانی و قانوونی بنچینه‌یی ڕاده‌سپێرێ داهاتی نه‌وت به گشتی به سه‌ر هه‌موو وڵات دا دابه‌ش بکرێ به پێی بناوانی سه‌رانه له‌و چاڵه نه‌وتییانه‌ی که هه‌نووکه هه‌ن و هه‌موو لایه‌نه‌کان تابڵێی له سه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێکن داهاتی چاڵه نه‌وتی تازه ده‌بێ به سه‌ر هه‌موو عێراق دا دابه‌ش بکرێ. جابۆیه ئه‌من له‌و باوه‌ره دام ئه‌گه‌ر شته‌کان به وردی له‌به‌رچاوبگیرێن قانوونی بنچینه‌یی عێراق هیچ دژایه‌تی نییه له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌نده سه‌ره‌کی و په‌سنده‌کانی عه‌ره‌به سونییه ژیر و به‌ئاوه‌زه‌کاندا.
مارگارێت جه‌ی
برایان بریڤاتی فه‌رموو.
ئێمه گوێمان له‌شاییدیدانی نێگاتیڤ بوو سه‌باره‌ت به قانوونی بنچینه‌یی و هێندێک بۆچوونی پۆزیتیڤ، به‌ڵام هه‌ردووکیان ئه‌وه ده‌گه‌یێنن که ئێستا بنبه‌ستێکی سیاسی هاتووه‌ته گۆرێ و دوێنێ عه‌لی عه‌لاوی ڕێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی پێشنیار کردبه پێی وی ئێمه ده‌توانین له‌و بنبه‌سته بێینه ده‌رێ و ئه‌ویش به‌سترانی کۆنگره‌یه‌که له گوێن کۆنگره‌ی سه‌ده‌ی 19که تێیدا گشت لایه‌نه‌کان له ده‌وری یه‌ک کۆبکرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م قانوونی بنچینه‌ییه‌ی بکرێ هه‌ڵسوورێ، کار کردن بۆ ئه‌وه‌ی که پڕۆژه‌ی فێدێرالی بهێندرێته‌وه چه‌قی کارپێکردن و به‌پێی وی هه‌رێمه‌کان هه‌بن و چلۆنایه‌تی کارکردن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ماده‌یه‌ی ئێستا له‌وباره‌یه‌وه له قانوونی بنچینه‌یی دا هه‌یه ئه‌وه بڕه‌خسێنێ،واته ئه‌و مادانه‌ی له قانوونی بنچینه‌یی داهه‌ن ئه‌وه بکه‌ن و جه‌خت بکرێته‌وه له سه‌ر ئه‌و جۆره چاره‌سه‌رییه به هێنانی هه‌موو ئه‌و ده‌سته‌ڵاته هه‌ریمیانه‌ی که پشتیوانی له گرووپه جیاوازه ئێتنیکییه‌کان ده‌که‌ن. ئێستا وه‌ک ئه‌وه‌ی ئێوه‌ش به سه‌رداگیراوی گوتتان له واشنگتن گۆڕانێکی گه‌وره له سیاسه‌ت دا ده‌کرێ و گۆڕان له له‌نده‌نیش، ئه‌رکی ئێمه ئه‌وه‌یه ئامۆژگاری بده‌ین به حکوومه‌تی بریتانیا؛ ئه‌گه‌ر ئێمه له پشت ئه‌و جۆره پڕۆژه‌یه بین به بۆچوونی ئێوه ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی ئاوا چه‌نده ده‌بێ؟ یان به بۆچوونی ئێوه ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی دیکه هه‌یه که ئه‌و پڕۆژه‌ی فێدێراڵییه بهێنێته‌وه چه‌قی سیاسه‌تی عێراق؟
برێندان ئۆلیری
ئه‌من پێم وایه ئاسۆگی قه‌بووڵ کردنی پێشنیارێکی ئه‌وتۆ له لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌ڵبژێردراوی عێراق، حکوومه‌تی فێدێراڵی له سفر نزیکه. ئه‌وه‌ی ده‌گوترێ وه‌ک حه‌ولێک داده‌ندرێ له لایه‌ن بێگانه و که‌سی ده‌ره‌وه‌وه بۆ دیکته کردنی قانوونی بنچینه‌یی عێراق؛ قانوونی بنچینه‌یی عێراق به نه‌غده‌ن قسه‌ی لێوه کراوه. ئه‌و لایه‌نانه‌ی له حکوومه‌تی فێدێراڵ دان هه‌موویان پیانخۆشه و ده‌یانه‌وێ ده‌ورێک بگێڕن له کۆنفرانسه نێونه‌ته‌وه‌ییه خولقێنه‌ره‌کاندا سه‌باره‌ت به پرس و کاروباری له مه‌ڕ په‌نابه‌ران که تێیدا به‌لێبڕاوی هه‌موو ده‌وڵه‌ته دراوسێکان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی به‌ته‌واوی مه‌شرووعیان له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه. به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌وان نایانه‌وێ قانوونی بنچینه‌یی په‌سندکراو له لایه‌ن بێگانه و خه‌ڵکی ده‌ره‌وه‌ی خۆیان بخرێته‌وه به‌رباس ، خستنه‌وه به‌رباسێکی که ئه‌وان وای داده‌نێن به‌پێی به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی واشنگتن و له بریتانیا بێ. که وابوو مۆدێلێکی سه‌ده‌ی نۆزده‌یه‌می شێواز ئیمپریالیستی ئه‌من پێم وایه زۆر زۆر خراپ وه‌رده‌گیرێ، ئه‌وه به واتای ئه‌وه نییه بگوترێ که چ ده‌ورێک بۆ کۆنفرانسێکی نێونه‌ته‌وه‌یی نییه، به‌ڵام کۆنفرانسێکی دایتۆن ئامال ( ئه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ بۆسنییا به‌سترا – وه‌رگێر) یان هه‌ر گردبوونه‌وه‌یه‌کی دیکه، که تێیدا بێگانه و ده‌ره‌وه‌ییان قانوونی بنچینه‌یی عێراقێ دیکته بکه‌ن به دیتنی من هه‌ڵناسووڕێ.
برایان بریڤاتی
باشه! که‌وا بێ ئێمه چۆن ده‌کرێ کۆنفرانسێکی نێونه‌ته‌وه‌یی به ڕۆژه‌وێکی به‌رته‌نگه‌وه رێکبخه‌ین ، و دوایه چون ده‌کرێ پڕۆژه‌ی فێدێڕاڵی جارێکی دیکه بهێنینه پێشه‌وه؟
برێندان ئۆلیری
ئه‌من له‌و باوه‌ره دام زۆر یارمه‌تی ده‌کا ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی بریتانیا و حکوومه‌تی ئه‌مێریکا ده‌راوی ده‌میان بگۆڕن به‌و نیشانانه‌ی که ئێستا له خۆیانیه‌وه نیشان ده‌ده‌ن و واوێده‌چێ پشتیوانیکردن بێ له پێداچوونه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌کی به قانوونی بنچینه‌یی دا که ئه‌من به ڕاشکاوی پێم وایه که کاری کرانێ نییه و ئه‌گه‌ر بریتانیا هاوشانی ده‌وڵه‌ته‌یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مێریکا ، به‌ڵام ڕه‌نگه په‌سندتر بێ بریتانیا له پێشدا به ته‌نێ ئه‌وه بکا، ئاراسته‌یان بگۆڕن به‌ره‌و سه‌نگ و گرانایی قانوونی بنچینه‌یی ئێستا که به هه‌رێمیکردنی پاراستنی هێمنی و ئاسایشت وه‌به‌ر ده‌گرێ به دووی ئه‌وه دا ده‌کرێ زنجیره‌یه‌ک ئامۆژگاری کرده‌یی ده‌جێی خۆیدا بێ. هه‌ر که مرۆ بیری له به‌هه‌رێمیکردنی پاراستنی هێمنی و ئاسایشت کرده‌وه که ڕێگه خۆش ده‌کا بۆ پاشه‌کشه‌ی هێزه‌کانی هاوبه‌ند (کۆوالیسیۆن) له زۆرێک له‌وناوچانه‌ی عێراق که چه‌رخی کاریان ده‌گه‌ڕێ، نه‌ک ئه‌و شیوه هه‌ڵسووڕانه‌ی که‌له‌وانه‌یه من یا ئێوه پێمان خۆش بێ له دێمۆکراسییه‌کی لیبێراڵ دا، به‌ڵام هه‌رچۆنێک بێ هه‌ڵده‌سووڕێ و هێزه‌کانی هاوبه‌ند ده‌کرێ له جێی ئاوا مۆڵ بدرێن که پشتیوانی بکه‌ن له هێمنی ناوچه‌یی له‌و جیگه‌یه‌ی که پێویسته. ئاسایشت و هێمنی هه‌رێمی کوردستان به نه‌غده‌ن دامه‌زراوه و سه‌قامگیر بووه.، به‌شی گه‌وره له باشووری عێراق به سه‌باتن و هه‌ڵده‌سووڕێن. ده‌کرێ جه‌خت له سه‌ر ئه‌وه بکرێ له جیاتی ئه‌وه‌ی که ستراتێژییه‌کی به‌ربڵاوی گشتی هه‌بێ که هه‌موو عێراق بگرێته‌وه و بێگانه و که‌سانی ده‌ره‌وه‌یی دایان ڕشتبێ. له جیاتیان مرۆ ده‌بێ له دووی سیاسه‌تی پاراستنی هێمنی و ئاسایشتی حکوومه‌تی فێدێراڵ و ئه‌و دا‌و و ده‌زگایانه بدا که به‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه داندراون.
برایان بریڤاتی
که‌وابێ ئێوه پێتان وایه یارمه‌تی ده‌کا ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی بریتانیا خۆی بگۆڕێ ، و سه‌رۆکوه‌زیری تازه به ئاشکرا هه‌ڵوێستی خۆی بگوڕێ و ڕابگه‌یێنێ ...
برێندان ئۆلیری
ئه‌وه ده‌بێ ...
برایان بریڤاتی
پشتیوانی ده‌کا له قانوونی بنچینه‌یی هه‌نووکه‌یی و ددانی پێدا ده‌هێنێ...
برێندان ئۆلیری
ئه‌وه کارێکی زۆر گه‌وره ده‌بێ ئه‌گه‌ر له زمان سه‌رۆکوه‌زیر بڕاونه‌وه ببیسترێ که ئه‌و ڕێز له قانوونی بنچینه‌یی په‌سندکراوی ساڵی 2005 ده‌گرێ، بیری لێده‌کاته‌وه و ددانی پێداده‌هێنێ. ئه‌و پێویست ناکا بڵێ ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کی بێگه‌رد و ته‌واوه،که‌س ناڵێ ئه‌وه به‌ڵگه‌یه‌کی ته‌واوه، به‌ڵام قانوونی بنچینه‌یی خۆی يێگه‌ی داناوه بۆ چاوپێداخشاندنه‌وه‌ی خۆی که ئه‌مه ده‌بێ له دووی بدرێ و ڕه‌چاو بکرێ.
مارگارێت جه‌ی
ده‌یڤید هانی فه‌رموو!
ده‌یڤید هانی
ئه‌و گیروگرفته‌ی له ڕوانگه‌ی منه‌وه سه‌باره‌ت به ڕێنوێنییه‌که‌ی ئێوه هه‌یه ئه‌وه‌یه که پێشنیار ده‌که‌ن سیاسه‌تی پاراستنی هێمنی وئاسایشت به هه‌رێمی بکرێ. ئه‌من ده‌توانم ببینم که ئه‌وه بۆ کورده‌کان زۆر به‌دڵ ده‌بێ ، ده‌توانم ببینم ئه‌وه بۆ شێعه‌کانیش زۆر به‌دڵ ده‌بێ و ئه‌من ئه‌وه‌ش ده‌توانم ببینم که ئه‌وه هه‌تا بڵێی بۆ سونییه‌کان نابه‌دڵ ده‌بێ که هه‌رچۆنێک بێ به هیچجۆر ناکرێ به هه‌رێمی بکرێن چونکوو سه‌رهه‌ڵدان و ملبادان له‌وێ هه‌یه،که وابوو واوێده‌چێ شته‌کان بۆ ئه‌وان خراپتری لێ بێ. ئێستا ئه‌من پێم خۆشه لێتان پرسم گه‌لۆ...
برێندان ئۆلیری
به پێچه‌وانه...
ده‌یڤید هانی
نا! نا! ڕاوه‌سته...
برێندان ئۆلیری
نا! نا! ئه‌من ناتوانم ئه‌و گریمانه‌یه قه‌بووڵ بکه‌م...
ده‌یڤید هانی
باشه! ده‌کرێ رێگه‌م بده‌ی پرسیاره‌که‌م ته‌واو که‌م؟
برێندان ئۆلیری
به دڵنیاییه‌وه.
ده‌یڤید هانی
باوای دابنێن سوننییه‌کان ئه‌و جۆره بۆچوونه‌یان هه‌بێ که ئه‌و عونسورانه‌ی ئێوه ناسادنتان له چوار چێوه‌ی قانوونی بنچینه‌یی فێدێڕاڵی دا پێشکه‌ون، و پێشکه‌وتنی ئۆرگانیکی قانوونی بنچینه‌یی ده‌کرێ بهێنرێته گۆڕێ که به ڕاستیش وڵامی هێندێک له نیگه‌رانییه‌کانی سوننییه‌کان بداته‌وه.هه‌رچه‌ند ئه‌و نیگه‌رانییانه هه‌رچێکیش بن با ببن گه‌وره کرابێتنه‌وه؟
برێندان ئۆلیری
باشه! به‌رله‌هه‌موو شت با بێمه سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ی که له پرسیاره‌که‌ی ئێوه دا هه‌بوو. ئه‌وه‌بۆ من شتێکی ڕوون و ئاشکرا نییه که سونیییه‌کان بۆچوونێکی دوژمنانه‌یان هه‌بێ له ئاست به‌هه‌ڕێمیکردنی پاراستنی هێمنی و ئاسایشت، له‌و ئه‌ستانانه‌دا که ئه‌وان زۆربه‌نه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێ که‌لک له‌و مادانه وه‌ربگرن که له قانوونی بنچینه‌یی دا ڕه‌چاو کراون ده‌توانن ئه‌و ئه‌ستاندارییانه‌بکه‌ن به هه‌رێمی تاک یان به‌شێوازی هه‌رێمێکی له‌مه‌ڕ خۆیان ڕێکیان بخه‌نه‌وه،دوایه ئه‌وان مه‌شرووعییه‌تی ئه‌وه‌یان ده‌بێ پاراستنی هێمنی و ئاسایشتی خۆیان به ده‌ست خۆیانه‌وه بگرن. له‌و ناوه دا هه‌ڵبه‌ت حکوومه‌تی فێدێڕاڵ چاوه‌دێری ده‌کا به سه‌ر پرسی هێمنی له‌و ناوچانه دا، جا بۆیه ئه‌من له‌و باوه‌ڕه دام ئه‌گه‌ر فێدێڕالێزم به باشی ده‌رببڕدرێ و به باشی بۆ عه‌ڕه‌به سوننییه‌کان شی بکرێته‌وه ئه‌وان ده‌ره‌تانیان ده‌بێ خۆیان بپارێزن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان هه‌راس و ترسی به جێیان هه‌یه‌له‌و ئاگاداری لێکردنی تاییفی و ئاکاری نیزامی تاییفی یه به‌دژی خۆیان، ئه‌وان به گشتی ئاوا سه‌باره‌ت به کورده‌کان نادوێن ،به‌ڵام ئه‌و ترسانه‌یان له عه‌ڕه‌به شێعه‌کان هه‌یه، جا بۆیه به هه‌رێمیکردنی پاراستنی هێمنی و ئاسایشت له ناوچه‌کانیاندا له درێژخایه‌ندا له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندایه. باشه! ئێوه له‌منتان پرسی چۆن ده‌کرێ عه‌ڕه‌به سوننییه‌کان پێمل بکرێن که قانوونی بنچینه‌یی ئاوا ببینن که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان تێیدا ڕه‌نگ ده‌داته‌وه؟ ئه‌وان ده‌بێ شتێک فێر بن ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که چ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک به‌ره‌و نه‌زمی پێشوو مه‌یسه‌ر نابێ، ئه‌و سیستمه‌ی که ئه‌وان تێیدا کۆمه‌ڵگه‌ی زاڵ بوون سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌مایه‌تی بوون ته‌واو بووه و ناگه‌ڕێته‌وه. ته‌نیا ڕێگه‌یه‌کی که ده‌توانن سیستمێکی ئه‌وتۆ دابمه‌رزرێننه‌وه ، یان کۆده‌تایه یان سه‌رهه‌ڵدان وسه‌ربزێوییه‌کی سه‌رکه‌وتووانه که حه‌وجێی به ئێلیتێکی نوێی شۆڕشگێڕ هه‌یه، دیاره ئه‌وه‌ش ده‌ست نادا. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌و هه‌ڵوێسته بپه‌ژرێنن ده‌توانن زنجیره‌یه‌کی به‌ربڵاوی ده‌ره‌تان و ده‌رفه‌تان له که‌شوهه‌وای دامه‌زراوه‌یی ئێستا دا ببینن. بۆ وێنه ئێستا به به‌رده‌وامی باسی ئه‌وه ده‌کرێ ئه‌وان لایه‌نگری زیاد بوون و به‌رفره‌وانتر بوونی ده‌سته‌ڵاتی سه‌رۆککۆمارن چونکوو وا پێشبینی کراوه سه‌رۆککۆماری داهاتوو له عه‌ڕه‌بی سوننی بێ. ئه‌من پێم وایه کارێکی ژێرانه‌ده‌بێ ئه‌گه‌ر لایه‌نه‌کانی دی له عێراق بیر له‌و پێشنیاره بکه‌نه‌وه و له‌ڕاستیدا بیر بکه‌نه‌وه له به قانوونیکردنی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری به کۆمه‌ڵ که له رێکه‌وتن و به‌رنامه‌ی سه‌ره‌تاییدا ئاوا بوو، ئه‌وه ڕێیه‌که بۆ ده‌سته‌به‌ر کردنی داوخوازی هه‌ر سێک کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌کی به بێ دانی ده‌سته‌به‌ری ئه‌وه‌ی که سه‌رۆک کۆمار ده‌بێ یه‌کێک له‌وان بێ، به‌و شێوه‌یه هه‌ر کامیان به‌شێکیان ده‌بێ له سه‌رۆکایه‌تی کۆماری به کۆمه‌ڵ دا و ئه‌مه‌ش ده‌سته‌ڵاتێکی توانایه‌کی وێتۆ کردنه به دژی پێشوه‌چوونی نامه‌نتقی و ناژیرانه. عه‌ڕه‌به سوننییه‌کان به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی زۆر گه‌وره‌یان هه‌یه له داوخواز و دان وستاندن سه‌باره‌ت به دامه‌زرانی پارلمانێکی دوویه‌م، ئه‌گه‌ر ئه‌و پارلمانه مافی ئه‌ستانه‌کان و هه‌ڕێمه‌کان و که‌مایه‌تییه‌کان بپارێزێ، له‌وانه که‌مایه‌تییه ئایینییه‌کان له چوارچێوه‌ی ئیسلام دا. ئیسلامی سوننی له چوارچێوه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی عێراق دا که‌مایه‌تییه‌که، ئه‌وه مێکانیزمێکی دامه‌زراوییه که گشت به‌رژه‌وه‌ندییه به‌کۆمه‌ڵه‌کان ده‌کرێ له وێدا بپارێزدرێ. ڕێکخستنی دادگه‌ی به‌رزی فێدێڕاڵی پێویستی به دوو له سێی ده‌نگی زۆربه هه‌یه له پێکهاته‌ی خۆیدا. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دادگه‌یه کاره‌کانی کاریگه‌رانه هه‌ڵبسووڕێ پێویستی به ڕه‌زایه‌ت و په‌ژراندنی هه‌م کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی عێراق هه‌یه بۆ کارکردی ڕێساکانی و هه‌م دۆخی کوردستان و عه‌ڕه‌به سوننییه‌کان. جا بۆیه ئه‌وانه ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ن که ده‌بێ به هێند بگیرێن ئه‌گه‌ر قانوونی بنچینه‌یی عێراق بپشکوێ به‌و جۆره‌ی که ده‌توانێ و ئه‌وانه ده‌ره‌تانی دامه‌زراوه‌یین بۆ عه‌ڕه‌به سوننییه‌کان ده‌ورێکی خولقێنه‌رانه‌ی تێدا بگێڕن . مرۆ ده‌کرێ هیوادار بێ که ئه‌وان که‌لک له‌و ده‌رفه‌تانه وه‌ربگرن.
ده‌یڤید هانی
ئا!
مارگارێت جه‌ی
پاتریک واکر فه‌رموو!
پاتریک واکر
ئێوه وڵامی یه‌ک له پرسیاره‌کانی منتان دایه‌وه. به‌ڵام پرسیارێکی دیکه‌ش هه‌یه، ئێمه له لایه‌ن هێندێکانه‌وه پێمان گوتراوه، ئه‌و قانوونه بنچینه‌ییه نوێیه به سه‌ره‌تایه‌ک ده‌زانن بۆ دامه‌زرانی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی و ناتوانێ ئامانجی ئه‌و خه‌ڵکانه‌پێک بهێنێ که ده‌وڵه‌تێکی لاییکیان ده‌وێ. گه‌لۆ ئێوه پێتان وایه ئه‌وه لێکدانه‌وه‌یه‌کی ژیرانه‌یه یان پێتان وایه ئه‌وه له ڕاستیدا ده‌ره‌جه‌یه‌کی باڵاتره له کارتێکه‌ری ئێسلامی له قانوونی بنچینه‌یی دا له چاو ئه‌وه‌ی له ڕابردوو دا هه‌بووه؟
برێندان ئۆلیری
پادشایی یه‌کگرتوو [ بریتانیا] پادشایه‌کی هه‌یه که سه‌رۆکی کلیسا دامه‌زراوه‌کانه، ئه‌و ده‌روون تێکچوویه‌کی ئیلاهییه،هه‌م سه‌رۆکی کلیسای سکاتله‌نده و هه‌م سه‌رۆکی کلیسای ئینگلیستان.له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سکولاریزمێکی به‌ربڵاو له ژیانی سیاسی پادشایی یه‌کگرتوو(بریتانیا) دا هه‌یه. له قانوونی بنچینه‌یی عێراق دا ئیسلام وه‌کوو دینی فه‌رمی هه‌موو عێراقییه‌کان ناسراوه، به‌ڵام هیچ تێخوێندنه‌وه یان شێوازێکی ئیسلام دانه‌مه‌زراوه. قانوونی بنچینه‌یی زانستی حقووقی به پێویست داده‌نێ وده‌ڵێ عێراق نابێ به‌دژی فێرکرده‌کانی جیهانگره‌وه‌ی ئیسلام بجووڵێته‌وه. ئه‌و جۆره ده‌ربڕینانه له‌ئاست ئه‌و ماده به‌ربڵاو و زۆروزه‌وه‌ندانه‌ی که پێش له‌هه‌ر جۆره تێخوێندنه‌وه‌یه‌کی ئیسلام ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی به دژی ئه‌وانیتر به‌کار بهێندرێ زۆر که‌من.له‌وه‌ش زیاتر قانوونی بنچینه‌یی پاراستنی مافی مرۆ و مافی که‌مایه‌تییه‌کان ده‌کاته فێدێراڵی چونکوو ماده‌کانی سه‌باره‌ت به مافی مرۆ و له ڕاستیدا ماده‌کانی سه‌باره‌ت به دین ته‌نێ نه‌خراونه به‌ر سه‌ڵاحییه‌ته‌کانی حکوومه‌تی فێدێڕاڵ،چونکوو به پێی قانوونی بنچینه‌ی عێراق ئه‌وان له ژێر سه‌ڵاحییه‌ت و چاوه‌دێری قانوونی هه‌رێمی دان ئه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه که کوردستانی لاییک ده‌توانێ په‌سندکراوه‌کانی لاییکی خۆی بپارێزێ و کاری پێ بکا.، به پێچه‌وانه ئه‌گه‌ر ناوچه‌کانی دیکه‌ش مه‌سه‌له‌ی هه‌رێمایه‌تی وه‌به‌ربگرن ده‌توانن رێگه بده‌ن به دین که ده‌سته‌ڵاتێکی زیاتری هه‌بێ به سه‌ر قانوونی گشتی و به‌رنامه‌کانی گشتی دا. من و ئێوه وه‌کوو خه‌ڵکی لیبێراڵ یان که‌سی لاییک ڕه‌نگه ئه‌وه‌مان پێ خۆش نه‌بێ، به‌ڵام ئه‌و وه‌پێشخستنانه په‌سندی زۆربه‌ی ناوچه‌یی ده‌درکێنن. ئه‌وه‌ی که سه‌باره‌ت به عێراق چاوڕاکێشه رێکه‌وتنه له سه‌ر پێشخستنه‌کانی هه‌رێمی به سه‌ر دین دا و وا وه‌به‌رچاوی من دێ که ئه‌وه ڕیگه‌یه‌کی دۆستانه و ناسک بێ بۆ پێشوه‌چوون. سه‌باره‌ت به مافی ژنان،ئه‌و مافانه به فه‌رمی له قانوونی بنچینه‌یی فێدێڕاڵی دا پارێزراون. ئه‌و هه‌رێمانه‌ی ڕێز له پێکهاته‌ی فێدێڕاڵی ده‌گرن له هه‌رێمه‌کانی خۆیاندا ده‌سته‌به‌ر ده‌بن مافی ژنان به ئاوایه‌کی مه‌نتقی بپارێزدرێن. ئه‌من پێم وایه پارتییه عه‌ڕه‌به لێبێراڵه‌کان که ئێوه گوێتان له بۆچوونه‌کانیان گرتووه نیگه‌رانییه‌کی مه‌شرووعیان هه‌یه و ڕێبازی هه‌ره له‌بار بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه که داوخوازه سیاسییه‌کانیان بۆ هه‌ڵوێسته‌کانی خۆیان له عێراقدا بهێننه گۆڕێ.
پاتریک واکر
ئه‌ی سه‌باره‌ت به گرووپه که‌مایه‌تییه ئایینییه‌کان؟ ئه‌وان چۆن پارێزگاری‌یان لێده‌کرێ؟
برێندان ئۆلیری
گرووپه‌کانی که‌مایه‌تی دینی له کوردستان زۆر چاک پارێزگاری‌یان لێده‌کرێ. من به‌ڵگه‌م به ده‌سته‌وه‌یه ئه‌وه بزانم چونکوو ڕه‌شنووسی قانوونی بنچینه‌یی هه‌رێمی کوردستانم دیوه و له‌وێدا مافی که‌مایه‌تییه‌کان زۆر چاک پارێزراوه. له سه‌ری زه‌وی واقیعدا ئێمه ده‌زانین که کۆمه‌ڵگه مه‌سیحییه‌کان به تایبه‌تی له به‌غدا تووشی ڕه‌فتاری زۆر خراپ هاتوون، به‌ڵام به فه‌رمی و له سه‌ر کاغه‌ز له قانوونی بنچینه‌یی دا مافی غه‌یره- موسوڵمانه‌کان به ته‌واوی پارێزراوه. ئه‌وان خاوه‌نی ئازادیی ته‌واون بۆ کۆمه‌ڵگه تایبه‌تییه‌کانی خۆیان، له‌وه‌ش زیاترله عێراق وه‌کوو پراتیکێکی به‌رده‌وام ڕێزگرتن هه‌م له مافی زه‌واجی غه‌یره موسوڵمانه‌کان و کلیساکانیان و دامه‌زراوه‌کانی خوێندیان له به‌رچاوگیراوه. له جیهانێکی به‌پارێزی مه‌عقوول دا ئه‌من هیچ هۆیه‌ک نابینم که بۆچی ده‌بێ ئه‌وه به‌ره‌و پێش نه‌چێ.
پاتریک واکر
ته‌نانه‌ت له خوارووی [عێراقیش]؟
برێندان ئۆلیری
ته‌نانه‌ت له خوارووش
مارگارێت جه‌ی
ستێفان تویگ فه‌رموو!
ستێفان تویگ
پێم وایه به سه‌رداگیراوی ئێوه وڵامی پرسیاره‌که‌تان داوه‌ته‌وه،به‌ڵام بهه‌ر بۆ ئاسته کردن، شاییدێکی پێشوو به ئێمه‌ی گوت ئه‌و قانوونه بنچینه‌ییه‌ی هه‌رێمی کوردی ده‌رده‌که‌وێ، قانوونی شه‌ریعه‌ت له کوردستان داده‌مه‌زرێنێ. ده‌کرێ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بکه‌نه‌وه؟
برێندان ئۆلیری
ئه‌وه به‌ته‌واوی بێ مانا و قسه‌یه‌کی هه‌ڵبه‌ستراوه. ئه‌من ڕه‌شنووسێکی ئه‌وتۆم نه‌دیوه، ڕه‌شنووسی قانوونی بنچینه‌یی کوردستان به‌هیچ جۆر هیچکام له بۆچوونه‌کانی شه‌ریعه‌ت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ناکاته شتێکی نیهادی. هه‌ڵبه‌ت ڕه‌شنووسی قانوونی بنچینه‌یی عێراق له به‌ر ئه‌وه‌ی کوردستان ڕێک که‌وتووه به‌شێک له عێراق بێ قانوونی بنچینه‌یی عێراق به ڕه‌سمی ده‌ناسێ که تێیدا ئیسلام وه‌کوو دینی ڕه‌سمی عێراق ناسراوه. به‌ڵام ڕه‌شنووسی قانوونی بنچینه‌یی کوردستان به هیچ جۆرێکی دیکه هیچ وه‌یه‌کچوونێکی نییه له گه‌ڵ قانوونی شه‌ریعه‌ت و خه‌ڵکی لاییک مافی خۆیان له کوردستان له هه‌مووجێیه‌کی دیکه‌ی عێراق به پارێزراوتر ده‌بینن.
ستێفان تویگ
سپاستان ده‌که‌م.
مارگارێت جه‌ی
زۆر سپاس ، پێم وایه به‌وه ئه‌و پرسیارانه ته‌واو بوو که کۆمیسیۆن پێی خۆش‌بوو له ئێوه‌ی بپرسێ، به‌ڵام ئێوه پێشتر ڕاتان گه‌یاندبوو له کۆتایی دا ده‌تانه‌وێ هێندێک شت بڵێن.
برێندان ئۆلیری
به‌ڵێ، یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌ی له یادداشته‌که‌ی مندا بۆ ئێوه هاتبوو، به‌ڵام لێره پرسیارم لێ نه‌کرا مه‌سه‌له‌ی که‌رکووکه. که‌رکووک به شێوه‌یه‌کی بنه‌ڕه‌تی مه‌سه‌له‌یه‌کی گرینگه و به‌شێکه له ڕێکه‌وتنێک که له سه‌ر قانوونی بنچینه‌یی کراوه و به باوه‌ڕی من کێشه‌ی نێوان ناسیونالیزمی عه‌ڕه‌ب و ناسیۆنالیزمی کوردی به‌لادا ده‌خا. ڕێکه‌وتن له سه‌ر که‌رکووک گرینگییه‌کی تایبه‌تی هه‌یه چونکوو زۆر هاسانه ورده ریشاڵی ئه‌و سازانه‌ی له سه‌ری کراوه به هه‌ڵه وه‌ربگیرێ.له به‌رئه‌وه‌ی چاڵه نه‌وتی که‌رکووک به‌شێکه له‌و چاڵه‌نه‌وتییانه‌ی که تا هه‌نووکه دۆزراونه‌ته‌وه و که‌لکیان لێوه‌رگیراوه به پێی قانوونی بنچینه‌یی عێراق ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌ستانی که‌رکووک ده‌نگیش نه‌دا به‌وه‌ی که‌ببێ به به‌شێک له کوردستان، داهاتی نه‌وتی ئه‌ستانی که‌رکووک ده‌چێ بۆ هه‌موو عێراق به گشتی، جا بۆیه ئه‌وه هه‌ڵه‌یه بگوترێ کورده‌کان ته‌نێ ده‌یانه‌وێ ئه‌و داهاته‌ی له چاڵه نه‌وتییه‌کانی که‌رکووک وه‌ده‌ست دێ بۆخۆیان به‌رن. له‌و وتووێژ و ڕاوێژانه‌ی دا وا سه‌باره‌ت به نووسینی قانوونی بنچینه‌یی کران مه‌سه‌له‌ی داهاتی نه‌وت له هه‌ڵکه‌وت و پله‌ی جوگرافیایی و خاکی ئه‌ستانه‌که جوێ کرایه‌وه. پنکتی دووه‌م ئه‌وه‌یه،که قانوونی بنچینه‌یی به‌رعۆده‌ییه‌کی ئاشکرا و بێ ئه‌ملاوئه‌ولای خستووه‌ته سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی که تا دوایی ساڵی 2007 مه‌سه‌له‌ی ستاتوسی که‌رکووک چاره‌سه‌ر بکا. له قانوونی بنچینه‌یی دا هیچ تێبینییه‌ک نه‌کراوه بۆ وه‌ده‌رنگ خستنی رێفراندۆم. من پێم وایه زۆر کارێکی عاقڵانه ده‌بێ ئه‌گه‌ر داوخواز بکرێ رێفراندۆمه‌که به‌ڕێوه بچێ و ڕێگه‌یه‌کی خولقێنه‌رانه بۆ ئه‌م کۆمیسیۆنه ئه‌وه‌یه وڵامی ئه‌و دژواری و نیگه‌رانیانه بداته‌وه که به ڕێفراندۆم ده‌به‌سترێنه‌وه ئه‌ویش ده‌ربڕێنی مشوور خواردن بێ له مافی که‌مایه‌تییه‌کان له ئه‌ستانی که‌رکووک دا، به باوه‌ڕی من باشترین رێگه بۆ به ده‌نگه‌وه هاتنی ئه‌و پرسیارانه ئه‌وه‌یه حکوومه‌تی کوردستان دڵگه‌رم بکرێ له قانوونی بنچینه‌یی خۆیدا به‌رنامه‌یه‌کی ده‌سته‌ڵات به‌ش کردنی هه‌بێ و هه‌روه‌ها پاراستنی مافی ئه‌و که‌مایه‌تییانه‌ی وا له چوارچێوه‌ی ئه‌ستانی که‌رکووک دا ده‌ژین وئه‌وه له قانوونی بنچینه‌یی خۆیدا بگونجێنێ بۆ داهاتوو.ئه‌من پێم وایه زۆر گرینگه ئه‌م کۆمیسیۆنه زۆر به وردی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئیدیعایی و ڕاسته‌قینه‌ی ترکییه له هه‌رێمه‌که دا له‌یه‌کتری جیابکاته‌وه. ترکییه به‌رژه‌وه‌ندی مه‌شرووعی هه‌یه له‌و بێ سه‌باتییه‌ی که له عێراقه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، به‌رژه‌وه‌ندی مه‌شرووعی هه‌یه سه‌باره‌ت به چاره‌نووس و بارودۆخی تورکومانان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی مه‌شرووعی نییه بۆ ئه‌وه‌ی بڕیار بدا له سه‌ر سنووری حوکمرانی ناوخۆیی هه‌رێمی له عێراق دا. نیگه‌رانییه‌کانی ترکییه ده‌کرێ به‌و رێگه‌یه‌دا بڕه‌ونه‌وه که ئه‌من پێشنیارم کرد و نیگه‌رانییه‌کانیشی سه‌باره‌ت به پ.ک.ک. ده‌کرێ به شێوه‌یه‌کی ڕاشکاو و ده‌ربڕینی له‌باری هه‌لومه‌رجی ناوچه‌یی وڵام بدرێنه‌وه. ئه‌وه ڕاست نییه‌ده‌گوترێ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان پشتیوانی ده‌کا له پلاتفۆرمی پ.ک.ک. ئه‌و حکوومه‌ته قه‌ت پشتیوانی نه‌کردووه له تێرۆریزم و هێرشی به ئانقه‌ست بۆ سه‌ر خه‌ڵکی مه‌ده‌نی به مه‌به‌ستی سیاسی و ده‌ڵێ ترکییه ده‌بێ ڕیگه‌یه‌کی ئاشتییانه و چاره سه‌رییه‌کی دێمۆکراتیک بدۆزێته‌وه بۆ دۆز و گیروگرفته‌کانی کورده‌کانی ناو خۆی. ئه‌من پێم وایه، زۆر زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێ ئه‌گه‌ر واشنگتن یان له‌نده‌ن سیگناڵی ئه‌وه بده‌ن به ترکییه که کارێکی به‌جێ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ریکه به‌شه‌یان له ناتۆ و ئه‌ندامێکی گۆیا داهاتووی یه‌کێتی ئوڕووپا هێرش بکاته سه‌ر خاکی دێمۆکراسییه‌کی که تازه دامه‌زراوه.
ده‌یڤید هانی
ده‌کرێ له سه‌ر پاشماوه‌ی ئه‌و باسه بدوێین.ئه‌من به هیچ جۆر به دژی بۆچوونی ئێوه نیم که ئه‌وه زۆر جێگه‌ی داخ دابێ، ئه‌گه‌ر به نه‌رمی بگوترێ، کاره‌سات ده‌بێ ئه‌گه‌ر ترکییه خۆی له کێشه‌ی خاکییه‌وه بگلێنێ له عێراق و ئه‌من به شه‌خسی خۆم وا بیر ده‌که‌مه‌وه ئه‌وه هه‌تا بڵێی نامومکینه که چ حکوومه‌تی بریتانیا یان حکوومه‌تی ئه‌مێریکا هێچجۆره پشتگیری و دڵگه‌رمییه‌ک له‌وباره‌یه‌وه بده‌ن به ترکییه، ته‌واو به پێچه‌وانه گشت به‌ڵگه به دژی ئه‌وه‌نه. به‌ڵام نیگه‌رانییه‌کی مه‌شرووعی ترکییه له‌ئارا دایه ئه‌ویش کرده‌وه‌کانی پ.ک.ک. یه له هه‌رێمه سنوورییه‌کان و پێم خۆش بوو ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون بکه‌یه‌وه بۆچی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردی...
برێندان ئۆلیری
حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.
ده‌یڤید هانی
کوردی و حکوومه‌تی هه‌رێمی ناتوانێ گارانتییه‌کی پته‌و و زۆر جێگه‌ی باوه‌ڕتر بدا به من سه‌باره‌ت به خاکی خۆیان که ده‌کار ناهێندرێ بۆ هیچ یه‌ک له چالاکییه‌کانی پ.ک.ک. ئه‌وه‌ی که تا ئێستا کردوویانه.
برێندان ئۆلیری
ئه‌من پێم وایه ئه‌وان گارانتییان داوه. ئه‌وان به هیچ جۆر پشتی هێرشه‌کانی پ.ك.ک. بۆ سه‌ر ترکییه به ده‌کارهێنانی خاکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان وه‌کوو پێگه ناگرن. پ .ک.ک. له هه‌رێمی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له قووڵایی ناوچه‌ی چیایی ده‌ست وێڕانه‌گه‌یشتوو دایه،هیچ حکوومه‌تێکی نیزامی له سه‌ر کوره‌ی زه‌وی تا ئێستا پێی نه‌کراوه هێزێکی پارتیزانی ئاوا له جێی خۆی ده‌رپه‌ڕێنێ، ئه‌وه کاری کرانێ نییه، به گوتنێکی دی هێرشێکی سه‌رکه‌وتووانه بۆ سه‌ر ئه‌و حه‌شارگه گریلاییانه هه‌ڵناسوورێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌ڕته‌شی ترکییه له ئۆپێراسیۆنێکی به‌ربڵاوی گه‌وره دا هه‌موو باکووری کوردستان گه‌مارۆ بدا و ئه‌وه‌ش کاری کرانێ نییه، و ده‌بێ به ده‌ستێوه‌ردانێکی رووت و ئاشکرا له کاروباره‌کانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دا، ئه‌وه‌ی که حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌یه‌وێ بیهێنێته گۆڕێ و ئه‌منیش پێم وایه که حکوومه‌تی بریتانیا ده‌بێ بیهێنێته گۆرێ چاره‌سه‌رییه‌کی مه‌عقووله بۆ دۆزی کورد له ناو ترکییه خۆیدا، ئاشکرایه که ئه‌وه حه‌وجێی به بیرکردنه‌وه هه‌یه به‌وجۆره‌ی که بریتانیا به‌شێوه‌یه‌کی خولقێنه‌رانه کردوویه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که چۆن ڕێکخراوه گریلاییه‌کان ده‌کرێ پێمل بکرێن به‌وشتانه‌ی که‌متر بووه له‌و ئاواتانه‌ی که بوویانه. بریتانیا به شیوه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووانه له گه‌ڵ ڕێبه‌ڕانی ئای ئار ئه‌ی وتوووێژی کرد، به باوه‌ڕی من، هیچ له‌مپه‌رێکی بنه‌ڕه‌تی له گۆرێ‌دا نییه‌پێش به وتووێژێکی سه‌رکه‌وتوانه‌ی ئه‌وتۆ له نێوان ترکییه و ڕیبه‌رانی پ.ک.ک. دا بگرێ بێتوو پ.ک.ک. ئاماده‌بێ به ته‌واوی ده‌ست له توند‌و تیژی هه‌ڵگرێ که‌ئه‌ویش ئاماده‌ییه‌کی ئه‌وتۆی له بۆنه‌کانی پێشووتر دا نیشان داوه.
ده‌یڤید هانی
باشه ئه‌گه‌ر ڕێگه‌م بده‌ی باسی حکوومه‌تی ئێستای ترکییه بکه‌م که‌ژماره‌یه‌کی زۆر ڕێفۆرمی کردووه و له ڕاستیدا به‌و مه‌به‌سته کراون داوخوازه مه‌شرووعه‌کانی ئه‌و دانێشتوانه‌ی ترکییه که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک ئێتنیکی کوردیان هه‌یه وه‌دی بێ. به‌ڵام ئه‌و رێفۆرمانه له‌لایه‌ن پ.ک.ک. وه قه‌بووڵ نه‌کروان و دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌کی درێژ له ئاگر به‌س دابوو دیسان ده‌ستی کردووه‌ته‌وه به چالاکی نیزامی، که هێندێکیان ئێوه‌ش ده‌زانن بێ هیچ گومانێک له دالده‌گه‌یه‌کانی ( سه‌یڤ هێڤنس) کوردستانه‌وه کراون...
برێندان ئۆلیری
سه‌یڤ هێڤن؟!
ده‌یڤید هانی
... ئێستا له‌وێ هه‌یه ...
برێندان ئۆلیری
نا نییه!
ده‌یڤید هانی
به‌ڕاستیش ئه‌گه‌ر ڕێگه‌م بده‌ی ...
برێندان ئۆلیری
لۆرد هانی ، سه‌یف هێڤنس زاراوه‌یه‌ک نییه که من هه‌ر وا رێگه بده‌م ده‌رباز بێ
ده‌یڤید هانی
نا نا باشه به‌ڵام ئێوه ...
بڕێندان ئۆلیری
چونکوو به سه‌رداگیراوی ده‌ڵێ که....
ده‌یڤید هانی
... ئێوه ده‌توانن ڕێگه بده‌ن به هه‌رچییه‌کی که پێتان خۆشه به‌ڵام ئه‌من ئه‌و زاراوه‌یه ده‌کار ده‌که‌م، گشت ئه‌وه‌ی من ده‌یڵێم ئه‌وه‌یه وا وێده‌چێ ئێوه له‌و ڕاستییه ئاگادار نین که پ.ک.ك. نوێنه‌رایه‌تی زۆربه‌ی به‌ربڵاوی کورده‌کان له ترکییه ناکا و ئه‌وه‌ی که حکوومه‌تی ترک، حکوومه‌تی هه‌نووکه‌یی ترک کارێکی یه‌کجار زۆری کردووه بۆ وه‌دیهێنانی داوخوازه‌کان و ڕه‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌کانی گرووپه ئێتنیکییه کورده‌کانی خۆی و ئه‌وه‌ش له ڕاستیدا یه‌کجار زۆر گرینگه، له‌وه‌دا ئه‌من له گه‌ڵت هاڕام که خۆ له بارودۆخێکی ئه‌وتۆ بپارێزدرێ که ترکییه هه‌ست بکا هیچ به‌دیلێکی دیکه‌ی نییه جگه له ده‌ستێوه‌ردان نه‌بێ و ئه‌وه زۆر گرینگه که کورده‌کانی عێراق یارمه‌تی بکه‌ن به حکوومه‌تی ترک که بگا به ئاکامێکی دروست.
برێندان ئۆلیری
لۆرد هانی به پێی قانوونی بنچینه‌یی ترکییه، هیچ پارتییه‌ک بۆی نییه به به‌کارهێنانی ناوی کوردستان یان کورد له هه‌ڵبژاردن دا به‌شداری بکا. بۆیه نه ئێوه و نه ئه‌من ده‌توانین بزانین که ئاستی ڕاسته‌قینه‌ی پشتیوانی کردنی دانیشتوانی کورد له باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ترکییه به‌تایبه‌تی، له پارتییه ناسیۆنالیسته کوردییه‌کان چه‌نده‌یه، به‌ڵام ئه‌من وای بۆده‌چم بێتوو له ترکییه هه‌ڵبژاردنی ئازاد بکرێ که تێیدا پارتییه‌ک له ژێر هه‌ر ناوێک دا ده‌بێ با ببێ به‌شداری بکا پشتیوانییه‌کی گرینگ له هێندێک به‌شی پ.ک.ک. ده‌کا،ئه‌وه به‌دڵی من نییه به‌ڵام هیچ گومانم نییه که ده‌ره‌تانێکی ئه‌وتۆ له ڕاستیدا ڕووده‌دا. حکوومه‌تی ترکییه له هه‌ڵوێسته‌کانی پێشووی خۆی پاشگه‌ز بووه‌ته‌وه، ئه‌و له سه‌ر کاغه‌ز مافی کورده‌کانی باشتر کردووه،هێندێک ڕێی هه‌یه پێیدا بڕوا. له گه‌ڵ گوتنی ئه‌وانه‌ش به دیتنی من هیچ قسه‌ی تێدانییه‌حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان هیچ به‌رژه‌وه‌ندی له بێ سبات کردنی ترکییه دا نییه، به گردبڕی هیچ له به‌رژه‌وه‌ندی دانییه ده‌ستێوه‌ردان و هێرشی دراوسێیه‌کی که له باری نیزامییه‌وه زۆر له خۆی باڵاده‌ستتره بۆ سه‌ر خاکی خۆی بورووژێنێ، له لایه‌کی دیکه‌وه مافی له مه‌ڕ خۆی هه‌یه که بیانپارێزێ و پێداگری ده‌کا له سه‌ر پاراستنی ئه‌و مافانه‌و به‌هیچ جۆر له‌وه‌وه ناگلێ پشتیوانی له تێرۆریزم بکا له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی خۆی.
ده‌یڤید هانی
سپاست ده‌که‌م
مارگارێت جه‌ی
زۆر سپاستان ده‌که‌م و رێگه‌م بده بڵێم ئێمه زۆر پێناوداری ئێوه‌ین بۆ یادداشته‌که‌تان چونکوو هه‌لی بۆ ڕه‌خساندین جه‌خت بکه‌ینه‌وه له سه‌ر وتووێژه‌کان و ئاگادارییه‌کی زۆرمان له به‌ر ده‌ست ده‌نێ سه‌باره‌ت به پاشخانی باسه‌که، بۆیه زۆر سپاستان ده‌که‌م ...
برێندان ئۆلیری
زۆر سپاستان ده‌که‌م.
مارگارێت جه‌ی
... پرۆفێسۆر ئۆلیری.
برێندان ئۆلیری
سپاستان ده‌که‌م
سه‌رچاوه:
http://www.channel4.com/news/microsites/l/the_iraq_commission/video.html
No comments:
Post a Comment